• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 3, 2023

ئایندە؛ هەموو ئەو شتانەی گرنگن

ئامادەكردن: ئایندەناسی

كتێبی “ئایندە؛ هەموو ئەو شتانەی گرنگن” (FUTURE; ALL THAT MATTERS) لە لایەن “زیائودین سەردار” نووسراوە و ساڵی 2013 بڵاو کراوەتەوە. زیائودین سەردار، ساڵی 1951 لە وڵاتی پاكستان لەدایک بووە و دواتر لە شاری لەندەن درێژەی بە ژیانی داوە. سەردار زیاتر وەک زانا و فەیلەسووفێك ناوی دەهێنرێت و لە بوارەكانی ئیسلامناسی، سیاسەتڕێژی زانست، لێكۆڵینەوە كولتووری و هونەرییەكان كاری كردووە و لەم بوارانەدا بە میتۆدێكی ڕەخنەیی؛ خاوەن چەندین كتێب و توێژینەوەیە. ئایندەناسی یەكێكی ترە لەو بوارانەی كە سەردار كاری تێدا كردووە  و كتێبی “ئایندە؛ هەموو ئەو شتانەی گرنگن” بەناوبانگترین بەرهەمی نووسەر لەم بارەوەیە.

كتێبی “ئایندە؛ هەموو ئەو شتانەی گرنگن” لە 12 بەشی سەرەكی پێك هاتووە و نووسەر جیا لەوەی لە كتێبەكەیدا هەوڵی داوە دەروازەیەكی گشتی بۆ ناساندنی كایەی ئایندەناسی بكاتەوە و بنەما سەرەكییەكانی ئایندەناسی بۆ خوێنەری گشتی شی بكاتەوە، لە هەمان كاتدا دید و تێڕوانینە تایبەتییەكانی خۆی لە كتێبەكەیدا خستووەتە ڕوو. بە گشتی بابەتەكانی كتێبەكە بریتین لە: ئایندە چییە؟، كورتەمێژووی ئایندەناسی، چەمكناسی، سیناریۆكان، دیدگای ئایندەیی، یوتۆپیا، وێناكردنی ئایندە گشتییەكان و 100 بیرۆكە سەبارەت بە ئایندەناسی.

زیائودین سەردار لەم كتێبەدا ئەوەمان پیشان دەدات كە بیركردنەوە و تێڕامان سەبارەت بە ئایندە بەردەوام بەشێك لە مێژووی مرۆڤایەتی بووە، بەڵام گەڕان و لێكۆڵینەوە لە ئایندە بە شێوازێكی ڕێكخراو و زانستییانە دیاردەیەكی نوێیە. ئەوەی لە ئێستادا بە لێكۆڵینەوە لە ئایندە (futures studies)، ئایندەناسی (futurology) یان ئایندەبینی (foresight) ناسراوە، تەنیا لەم چەند دەیەی كۆتاییدا وەك ڕێچكە و بەشێكی زانستی کاری لە سەر كراوە.

لێكۆڵینەوە لە ئایندە تەنیا سەبارەت بە پێشبینیكردنی ئایندە نییە، بەڵكوو لێكۆڵینەوەشە سەبارەت بە توانا و ئەگەرە ڕێتێچووەكان، هەروەها ئەو مەترسی و هەڕەشە شاراوانەی كە لە ئاسۆی جیهاندا بوونیان هەیە. نووسەر هەوڵی داوە كە ئەو تێگەیشتنە بخاتە ڕوو كە “چۆن زانین سەبارەت بە ئایندە بەدەست دێت و لە كرداردا پشتی پێ دەبەسترێت”. ئامانج لەم هەوڵەش ئەوەیە بتوانین خۆمان لە مەترسییەكان بەدوور بگرین و ئایندەیەكی خۆڕاگرانە و گونجاو بهێنینە كایەوە.

نیگەرانیی سەرەكی ئەوەیە كە چۆن ئایندە واقیعیتر بكەین بە جۆرێك كە بەردەستتر بێت، لێرەوە پێویستە لە “ئێستا”وە دەست پێ بكرێت. سەردار ئاماژە بەوە دەكات كە دیاردەكان دەگۆڕدرێن، بەڵام ئایندە تەنیا كایەیەكە دەتوانین چالاكانە لە پێناو باشتركردنی؛ هەوڵی گۆڕینی بدەین و ئەم گۆڕانە ناچارە لە شوێنێكەوە دەست پێ بكات، ئەویش ئەو شوێنەیە كە ئەمڕۆ لەوێداین.

سەردار باس لەوە دەكات كە چەندین میتۆدی جیاواز بۆ لێكدانەوەی ئایندە هەیە، بەڵام بە جەختكردنەوە لە سەر ئەو خاڵەی كە ئەم لێكدانەوانە بۆ وێناكردنی ڕێگە جێگرەوەكانە بۆ ئایندە نەك پشتبەستنی تەواوەتی لە سەر پێشبینیكردنی ڕووداوە تایبەتەكان. ئێمە تەماشای هەندێك لە ئەو خوێندنەوە و لێكۆڵینەوە بابەتییانە دەكەین كە سوودیان لە “گەڕان لە ئایندە” وەرگرتووە و ئەمەش لە پێناو سیاسەتڕێژی و بەرنامەڕێژییە بۆ ئیشوكارەكان، ڕێكخڕاوە نێودەوڵەتییەكان، دامەزراوە هەرێمییەكان، گرووپ و لۆبییەكان.

لە كۆتاییدا ئەم كتێبە هەوڵێكە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت: چۆن لە جیهانی ئاڵۆز و نادڵنیاكەرەوەدا، ئایندەناسی دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەكارهێنانی تواناكانمانەوە هەوڵی دروستكردنی ئەو جیهانە بدەین كە دەمانەوێت تێیدا بژیین.

 

Send this to a friend