• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 16, 2024

بەرەی خۆڕاگری؛ ئیسرائیل، ئێران و هاوپەیمانەکانی بە کەم سەیر دەکات

نووسینی: ڕێناد مانسۆر

وەرگێڕانی: ڕامیار مەحمود

وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، حکومەتی ئیسرائیل شەڕێکی ناوچەیی دەستپێکرد، کە مەبەست لێی دوبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئیسرائیل بە تایبەتی ئەو گرووپانەی کردە ئامانج کە ناو دەبرێن بە بەرەی بەرەنگاریی، کە تۆڕێکە لە گرووپەکانی هاوپەیمانی ئێران کە بریتین لە حەماس لە غەزە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن، ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق. ئیسرائیل بە کارکردن لەسەر پێوەری پێشووی لە هەوڵەکانی دژی بەرەکە، ساڵی ڕابردووی تەرخانکرد بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سیاسی، ئابووری، سەربازی، لۆجستی و پەیوەندییەکانی تۆڕەکە. هەروەها هەڵمەتێکی بێ وێنەی لە دژی سەرکردایەتی بەرەکە ئەنجامداوە و سەرکردەکانی حەماس و حزبولڵا و چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی کوشتووە.

هێرشی دڕندانەی ئیسرائیل پشتبەستوو بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و ستراتیجی شەڕی سەراپایی، کە گەڕەک و شارەکان تەخت و بێ دانیشتووان دەکات، بەهێزتر بووە و هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم باڵادەستییە سەربازییە حاشا هەڵنەگرەدا، باسی پشتیوانییەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو و ئەورووپا ناکەم بۆ ئیسرائیل، پێناچێت ئیسرائیل ئەو ڕێکخراو و ڕژێمانەی سەر بە بەرەکەن بەو شێوەیەی کە هیوای بۆ دەخوازێت، بتوانێت بنبڕی بکات. جار و بار بەرەکە توانای گونجاندن و خۆڕاگرییەکی نیشانداوە، کە نیشانەی ئەو پەیوەندییە قووڵانەیە کە ئەم گرووپانە و ئەندامەکانیان لەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەکانی خۆیاندا پاراستویانە. لەمەش زیاتر، ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتیانەی کە بەرەکە لە ناویدایە دەبێت تێگەیشتنمان بۆی بگۆڕێت، بەو مانایەیە کە نابێت حەماس و حزبوڵڵا و ڕێکخراو و ئەندامەکانی دیکەی تەنها وەک ئەکتەری نادەوڵەتی یان گرووپە چەکدارە یاخیبووەکان ببینین. بەڵکو وەک تۆڕێکی بەیەکەوە گرێدراوی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئایدیۆلۆژییە بەردەوام لێی تێبگەن.

ئەم تۆڕانە کە ناوچەیین و هەندێک جار تەنانەت جیهانیشن، توانای ئەوەیان بە ئەندامانی بەرەکە داوە کە بەرگەی شۆکی جۆراوجۆر بگرن، تەنانەت شکستی سەربازیش، وەک تیرۆرکردنی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەمریکاوە؛ هەروەها بەرگەی داڕمانی ئابووریش بگرن، وەک سزاو پەکخستنەکانی هەڵمەتی “زۆرترین فشار”ی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و داڕمانی بانکی لوبنان لە ساڵی ٢٠١٩، کە حیسابی دارایی زۆرێک لە گرووپ و ئەندامەکانی هەڵوەشاندەوە؛ هەروەها بەرگەی ڕاپەڕینی جەماوەری بگرن، وەک ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە کاتی جیاجیادا ڕووبەڕووی بەرەکە دەبویەوە لە ئێران، عێراق، لوبنان، سووریا و غەزە. سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییانە، ئەندامانی بەرەکەو بەرەکە بە گشتی بۆ مانەوەیان پشبەستوون بە هاوکاری دەوڵەتەکانیان و کۆمەڵگە لۆکاڵییەکانیان.

خۆڕاگریی مێژوویی بەرەی بەرەنگاریی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆ ئیسرائیل زەحمەتە گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا لەناو بەرێت. لە هەموو دۆخێکدا ستراتیجی ئیسرائیل بۆ شەڕی سەرتاسەری تەنها توانای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تاکتیکی کورتخایەنی هەیە لەگەڵ لاوازکردنی توانای گرووپ و لایەنە چەکدارەکان و بۆ ماوەیەک ناچاریان دەکات، بچنە ناو جۆرێک لە شێوازی مانەوە. بەڵام بەبێ چارەسەرێکی سیاسی پێدەچێت بەرەکە جارێکی دیکە سوود لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی وەربگرێت لەگەڵ پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا دوبارە بە کاریگەرتر بگەڕیتەوە مەیدانەکە و خۆی لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا ڕێکبخاتەوە. لەڕاستیدا لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، گرووپە بچووکەکانی ناو بەرەکە دەستیان بە فرسەتی بەهێز گەیشتووە بۆ هاوپەیمانییەکانیان. لە کاتێکدا حەماس و حزبوڵڵا و سوپای پاسداران بەرگەی سەختی هێرشەکانی ئیسرائیل دەگرن، گرووپەکانی وەک کەتایبی حزبوڵڵای عێراق و حوسییەکان لە یەمەن سەرمایەگوزارییان لەم قەیرانەدا کردووە بۆ ئەوەی وەک یاریزانێکی بەهێز و ناوچەیی دەربکەون.

هەستانەوە لە ڕێگەی خۆگونجاندنەوە

بەرەی بەرەنگاریی وەک ئەوەی ئەمڕۆ، جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەو تۆڕە کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دامەزرا هەیە. لەو کاتەدا کۆماری ئیسلامیی تازە دروستبووی ئێران حیزبوڵڵای دروستکرد وەک نیشاندانی هێز و ئامانجەکەی “هەناردەکردنی شۆڕش” و بەکارهێنانی “هێڵی بەرگری پێشەوە” بوو لە ڕێگەی خۆپارێزی ناهاوسەنگەوە لە بەرامبەر هەڕەشە هەستپێکراوەکان، واتە ئیسرائیل. ئێران بە شێوەیەکی ستراتیجی ئەم مۆدێلەی لە سەرانسەری وڵاتانی جۆراوجۆردا دوبارە کردەوە. لە دەوروبەری هەمانکاتدا کە حزبوڵڵای دامەزراند، بۆ نمونە، ئێران گرووپە شیعەکانی عێراقی وەک فەیلەقی بەدر دامەزراند، کە ڕۆڵیان هەبوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری عێراق و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە عێراقی دوای ٢٠٠٣. لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئێران لایەنە فەڵەستینییەکانی وەک جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی و حەماسی بەهێزتر کرد، بەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی کاریگەرییەکانیان. لە دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١، ئێران پشتیوانی خۆی بۆ ئەسەد فراوانکرد لە سووریا و هاوکات بۆ حوسییەکان لە یەمەن، بەمەش تۆڕی خۆی لە سەر ئاستی هەرێمایەتی پتەوکرد.

ئەوەی لە بنەڕەتدا بەردەوامیدا بەم گرووپانە، پشتبەستنێکی قووڵ بوو بە ڕژێمە حوکمڕانییە ناوخۆییەکانیان و بنکە کۆمەڵایەتییەکانیان. ئەوان پێکەوەیی خۆیان لە دەوڵەتەکانی خۆیاندا بە ئەندازەیەک چەسپاند، کە سەرۆکە فەرمییەکانی حکومەت لە ئێران، عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن و غەزە، هەموویان یان ئەندامی ئەو گرووپانەبوون کە سەر بە بەرەکەن یان بە پشتیوانی بەرەکە لە حکومدا بوون. جگە لەوەش، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان ئەم گرووپەکانە وەکو بیمەیەکی گرنگ لە ماوەی شۆکەکاندا کاری کردووە.

تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختەی بەرەکە لە ساڵی ١٩٩٢دا ڕوویدا، کاتێک ئیسرائیل عەباس ئەلموسەوی تیرۆر کرد کە ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا بوو. لەو کاتەدا ڕۆژنامەیەکی گەورەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە “سەردەمی ململانێ لەگەڵ حزبوڵڵا لە گۆڕەپانی یارییەکە بە ئاسوودەیی کۆتایی هات”. بەڵام سەرەڕای هێرشەکە، حیزبوڵڵا توانی خۆی پێکبهێنێتەوە. پارتەکە سوودی لە پشتیوانی لۆکاڵی و کۆمەڵگەی شیعەی لوبنان وەرگرت وەک بانقێکی مرۆیی و سەرباری، ئەمەش پشتیوانیکردنی لە لایەن ئێرانەوە گرنگ بوو، کە یارمەتی دارایی و مەشقی سەربازی و ڕێنمایی ستراتیجی پێشکەش دەکرد. ئەم تۆڕە پاڵپشتییە بەهێزە وایکرد حزبوڵڵا نەک هەر بتوانێت چاکببێتەوە بەڵکو کاریگەری خۆی فراوانتر کرد. لە ژێر ڕێنمایی ئەنجوومەنی شورا و حەسەن نەسروڵڵا، جێنشینی موسەوی، حزبوڵڵا لە کۆتاییدا ئەوەندە بەهێز بوو، کە توانی لە ساڵی ٢٠٠٠دا ئیسرائیل لە خاکی لوبنان ناچار بە دەرچوون بکات. ئەم سەرکەوتنە لە پاڵ شەڕی ٢٠٠٦ کە حیزبوڵڵا شەڕی ئیسرائیلی کرد تا لە لەشکرکێشی بوەستێت سەرکەوتنێکی بێوێنە بوو بۆ میلیشیا عەرەبییەکان ناوبانگێکی بەرز و بەهێزی بەرەکە بەخشی.

ئاڵنگارییەکی دیکەی بەرەکە لە ساڵی 2011 هاتە ئاراوە، کاتێک ڕژێمی ئەسەد لە سووریا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بووەوە لە شێوەی شەڕی ناوخۆدا. ناڕەزایەتییەکان دژ بە ڕژێم کە لە سەرەتادا داوای چاکسازییان دەکرد، دواتر بوو بە ڕاپەڕینێکی چەکداری کە لە لایەن گرووپەکانەوە – بە پشتیوانی تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو – داوای گۆڕینی ڕژێمیان کرد. بەڵام جارێکی دیکە بەرەکە توانی خۆی بە شێوەیەک بگونجێنێت کە ڕێگەی پێبدات ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت. ئەسەد ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە دەستەبەرکردنی پەیوەندی ئەم گرووپانە بە دەوڵەتانی دەوروبەرەوە، لە هەمووی گرنگتر، ڕووسیا هات بۆ ڕزگارکردنی ئەسەد و بوو بە هاوبەشێکی جیهانی کاریگەر بۆ تۆڕەکە. بەڵام ڕژێمی ئەسەد سوودی لە هاوکاری ئەندامانی دیکەی بەرەکەش وەرگرت. لە ژێر ڕابەرایەتی ستراتیجی قاسم سولەیمانی، سوپای قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق، دەستیان کرد بە دروستکردنی پردێکی وشکانی گرنگ بۆ گواستنەوەی پێداویستی و چەک و چەکداران لە ئێران و عێراقەوە بۆ سووریا. لە کۆتاییدا چەکدارانی حیزبوڵڵا ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی ناوخۆ کران و لەوێ ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو لە دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی چەکداری. (هەرچەندە لە سەرەتادا بەهۆی دژایەتی لایەنگرانی ناوخۆییەوە ئامادە نەبوو بچێتە ناو ململانێی سووریاوە، بەڵام حزبوڵڵا لەلایەن ئێرانەوە ناچار بوو دەستوەردان بکات.) لە کاتێکدا حکومەتی ئەسەد لە لێواری داڕماندا بوو، حزبوڵڵا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەنگاوی نا بۆ پاراستنی ڕژێمەکە و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ڕژێمێکی نوێ لە دیمەشق کە دوژمنایەتی بەرەکە بکات.

ئەو بەرە خۆڕاگرییەی ئەمڕۆ هەیە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەو تۆڕە هەیە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دامەزراوە.

ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠١١بووە هۆی تێکەڵبوونی فەرمی حوسییەکان بە بەرەی بەرەنگاڕییەوە. دوابەدوای ڕووخانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری یەمەن، پشتیوانی ئێران بووە ئامرازێک بۆ گۆڕینی حوسییەکان لە گرووپێکی چەکداری ناوخۆییەوە بۆ هێزێکی سەربازیی ترسناک و بێ شومار. ئێران بە پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی و چەکی پێشکەوتوو و مەشقی سەربازی وایکرد حوسییەکان بتوانن توانای ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرز بکەنەوە. ئەم هاوکارییەی ئێران لەپاڵ بنکەی کۆمەڵایەتی پاڵپشتیی ناوخۆیی، ڕێگەی بە حوسییەکان دا کە لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستبەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا بگرن و هەژموونی خۆیان دروستبکەن لە دژی ئەو هاوپەیمانییەی سعودییە سەرۆکایەتی دەکرد.

سەرباری هێرشە سەربازییەکان، بەرەی خۆڕاگریی ڕووبەڕووی هێرشی ئابووریش بووەتەوە لە شێوەی سزادان. لە ساڵانی سەرەتای ئەم سەدەیەدا، خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران و پەرەسەندنی نفوزەکەی بووە هۆی ئەوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا سزای نوێ لە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەناو بەرەکەدا دابنێت. سزاکان لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، کاتێک ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران پاشگەز بووەوە و هەڵمەتی زۆرترین فشاری خۆی دەستپێکرد. ئەم هەڵمەتە بەشێکی مەبەستی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بوو بۆ ئاستی سفر و بەمەش سەرچاوەیەکی داهاتی چارەنووسساز لە ڕژێم زەوت کرا. سزاکان ئابووری ئێرانی وێران کرد، بەڵام بازرگانی نەوتی ڕژێمیان ڕانەگرت. لەبری ئەوە تاران ڕێگەی نافەرمی بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی لە ڕێگەی دۆزیەوە. ئێران بە یارمەتی هاوپەیمانەکانی لە بەرەی بەرەنگاریدا، ئەم بازاڕە نافەرمییانەی بەکارهێنا بۆ بازرگانیکردن بە سەرچاوەکانی وزە و دابینکردنی بودجە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی. بۆ نمونە لە عێراقدا ئێران لەگەڵ باقی بەرەکە کاریان کرد بۆ تێکەڵکردنی سووتەمەنی ئێرانی و غەیرە ئێرانی پێش ئەوەی بیفرۆشێت بە وڵاتانی ئاسیا. داهاتی ئەم بازرگانییە ڕێگەی بە ئێران دا کە کەرەستەو پێکهاتەکانی چەک بکڕێت و بینێرێت بۆ هاوپەیمانەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. هەروەها پەیوەندی جیهانی زیاتری بە بەرەکە بەخشی لە شێوەی کڕیارانی نەوتی چینیدا.

دوا ئاڵنگاری گەورە کە بەرەی بەرەنگاریی پێش هێرشی ئیسرائیل لە دوای ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر حەماس و حزبوڵڵا ڕووبەڕووی بووەوە، تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی بوو لەلایەن ئەمریکاوە، لە کانونی دووەمی ٢٠٢٠ سولەیمانی ڕۆڵی سەرەکی لە دروستکردنی بەرەکەدا هەبوو، لە ڕاستیشدا وەک ڕابەری بەرەکە بوو، هەروەها خاوەنی شێوازی فەرماندەیی بوو لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەو مانایە مردنەکەی شکستێکی گەورە بوو بۆ ئێران و هاوپەیمانەکانی. بەڵام هەرچەندە هێرشەکە شەپۆلی شۆکی لە ناو تۆڕەکەدا دروستکرد- گرووپ و ئەندامی بەرەکە لە عێراق خۆیان شاردەوە- بەڵام لە کۆتاییدا، توانای خۆگونجاندنیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە جدییەکان نیشاندایەوە.

دوای مردنی سولەیمانی، بەرەکە بونیادی تۆڕەکەی گۆڕی کە سەرەوە بۆ خوارەوە لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرا، گۆڕا بۆ هاوپەیمانییەکی ئاسۆیی یەکگرتووتر. ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی لە دانانی ئاڕاستەی ستراتیجی بەرەکەدا پاراست. بەڵام پێکهاتە نوێیەکە ڕێگەی بە ئەندامانی دیکەدا ئۆتۆنۆمی زیاتر و کارلێکی سەربەخۆتر لەگەڵ تاران و یەکتردا بکەن، لەبەرە چاکسازیکراوەدا. نەسروڵڵای حزبوڵڵا بوو بە نێوەندگیرێکی کاریگەر: ڕێنمایی ستراتیجی و بەردەوامی پێشکەش بە ئیسماعیل قائانی جێنشینی سولەیمانی دەکرد. قائانی ئامانجی گۆڕینی بەرەکە بوو بۆ دامەزراوەیەکی فەرمی و یەکگرتووتر، بەهێزکردنی ئەندامەکانی بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی زیاتر و وەک یەکسان کاربکەن. (ئەم ئامانجە تاڕادەیەک بەبێ مەبەست بوو، بۆ خودی خۆشی یارمەتیدەر و کارئاسانکردن بوو، بەهۆی ئەوەی قائانی نە پەیوەندییە شەخسییە قووڵەکانی سولەیمانی هەبوو و نە شارەزایی لە زمانی عەرەبیدا هەبوو، ئەمەش ڕێنمایی نەسروڵڵای هێندەی تر چارەنووسسازکرد).

بۆ نموونە لە عێراق نەسروڵڵا و نوێنەرەکەی محەمەد ئەلکەوسەرانی وەک ڕاوێژکاری سەرەکی حکومەتی بەغدا دەرکەوتن. ئەوان یارمەتیدەر بوون لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی تیشرین، کە چەند مانگێک پێش تیرۆرکردنی سولەیمانی سەریهەڵدابوو، کە تیایدا خۆپیشاندەران داوای کۆتاییهێنانیان بە ڕژێمی حوکمڕانی دوای ٢٠٠٣ی هاوپەیمانی ئێران دەکرد. نەسروڵڵا و کەوسەرانی یارمەتی بەهێزکردنی ڕژێمیاندا لە دژی ناڕەزایەتی جەماوەری. لەم ماوەیەدا، کەوسەرانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی حیزبوڵڵای لە سەرانسەری عێراقیشدا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کرد، بەمەش ئەو بۆشاییە پڕکردەوە کە بەهۆی مردنی سولەیمانیەوە دروستبوو. ئەم گۆڕانکاریانە هەرچەندە بەهۆی شۆکێکی نەرێنیەوە بووە، بەڵام جارێکی دیکە گڕوینی بە بەرەکە بەخشییەوە.

وەڵامدانەوەی شەڕی سەرتاسەری ئیسرائیل

ئەو هەڕەشانەی پێشوو کە لەسەر بەرەی بەرەنگاریی بوون کەمترە بە بەراورد بەو شەڕە سەرتاسەرییەی کە ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد. بەڵام هەروەک پێشتر بەرەکە ناچار بوو خۆی لەگەڵ ئەم دۆخەشدا بگونجێنێت. بە تایبەتی بەردەوام بووە لە گواستنەوە بۆ پێکهاتەیەکی فەرماندەیی ئاسۆییتر و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زیاتر توندتر کردووە.

تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز لە ململانێکانی پێشوو، شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس و حزبوڵڵا وەڵامی توندی هاوپەیمانانی دیکەی ناو بەرەکەی دروستەکردووە، وەک حوسییەکان و کەتایبەکانی حیزبوڵڵا، کە ڕەگ و ڕیشەی لە فەیلەقی بەدری هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەیە و لە ئێستادا بە حەشدی شەعبی عێراقەوە. پێشتر ئەم گرووپانە لە پەراوێزدابوون و کەمتر گرنگ بوون و کەم پێگەبوون لەناو داینامیکی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەم ئۆتۆنۆمیەتی خۆیان و هەم کاریگەریی ناوچەیی خۆیان قووڵ و فراوان کردۆتەوە.

بۆ نمونە حوسییەکان بۆ یەکەمجار دەستیان کرد بە بەکارهێنانی موشەکی بالیستی دژە کەشتی بۆ تێکدانی ڕێگەکانی کەشتیوانی بازرگانی. ئەوان هێرشیان کردە سەر ئەو کەشتیانەی کە بە دەریای سووردا دەڕۆیشتن، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی باریان ناچار کرد ڕێگەکەیان بۆ دەوروبەری ئەفریقادا بگۆڕن، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی تێچوون و دواکەوتنی گەیاندنی وزە و خۆراک و کاڵای بەکارهێنراو لە سەرانسەری جیهاندا.

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ناو بەرەکە وەکو بیمەیەکی سیاسی گرنگ لە ماوەی شۆکەکاندا کاری کردووە.

لەکاتێکدا حەماس و حزبوڵڵا کەوتنە بەر هێرش، کەتایبی حزبوڵڵا هەوڵی بەشداریکردن و کاریگەری زیاتری لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا داوە،. لە هەنگاوێکدا کە ئاڵنگاری بوو بۆ ئەو تێگەیشتنە میللییەی کە ئەمانە تەنها بریکارێکی ئێرانین، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤دا سێ ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکایان لە سنووری ئوردن و سووریا لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا کوشت، کە بە تاوەری ٢٢ ناسراوە. ئەم چالاکییە دژی خواستی سوپای پاسداران بوو، کە دواتر داوای لە کەتایبی حیزبوڵڵا کرد هێرشکردن ڕابگرێت. سەرەڕای ئەوەش هێرشەکە پێکهاتەیەکی نوێی بەرەکەی ئاشکرا کرد، کە خۆی بینیەوە لە بڕیاردانی چالاکتر و سەربەخۆتری ئەندامەکانی بەرەکە.

هەروەها لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە پەیوەندییەکی نزیکتر لە نێوان هەندێک لە ئەندامانی بەرەی بەرگریدا پەرەپێداوە. بۆ ماوەی چەند ساڵێک حوسییەکان تەنیا بوونی ناوەکی لە عێراقدا هەبوو و یەک نوێنەریان لە بەغدا هەبوو. کارەکانی ئەو نێردەرە زیاتر هێمایی بوو نەک جەوهەری. بەڵام لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و حیزبوڵڵا حوسییەکان هاوکارییەکانیان لەگەڵ حەشدی شەعبی قووڵتر کردەوە. ئەم هاوکارییە چڕبوویەوە لە زیادبوونی ئاڵوگۆڕی چەک و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بەرزکردنەوەی توانای هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

هەروەها ئەندامانی بەرەکە لە دوای تیرۆرکردنی نەسروڵڵا لە مانگی ئەیلولدا بە شێوەیەکی یەکگرتووتر پێکەوە کاریان کردووە لە سنوورەکاندا. لە دوای مردنی نەسروڵڵا، دەیان نوخبەی ئابووری حزبوڵڵا و خێزانەکانیان ڕوویان لە باشووری عێراق کرد و بە هاوکاری ئەسەد لە ڕێگەی وشکانییەوە بە سووریادا گەشتیان کرد. ئەوان بە خێرایی شوێنی نیشتەجێبوونیان دۆزیەوە، چونکە حزبوڵڵا دوای مردنی سولەیمانی چالاکییە بازرگانییەکانی لە عێراق فروانکردبوو لەنێویاندا وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری و زەوی و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون. ئەم پەیوەندییە ئابوورییانە ڕێگەیان بە نوخبەکانی حزبوڵڵا دا لە هێڵی پێشەوەی ڕاستەوخۆی شەڕەکە لە لوبنان دەربچن و لە هەمانکاتدا بەردەوام بن لە بەدەستهێنانی داهات. جارێکی تریش، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرەکە دەرفەتێکی چارەنووسسازیان بۆ ژیانی ئەندامەکانیان دابینکرد لەو ماوە ئێجگار سەختەدا.

پێویستی بۆ لێپرسینەوە

 بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل لە سروشتی نێودەوڵەتی بەرەکە تێدەگات. هەر بەهۆی ئەم تێگەیشتنەوەیە کە حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامی ٧ی ئۆکتۆبەردا دەستی کرد بە ستراتیجی جەنگی سەرتاسەری، ستراتیجییەک کە هێرشەکانی بە چڕی و جیاواز نەک تەنها دژی حەماس بەڵکو دژی حیزبوڵڵا، ئێران، ڕژێمی ئەسەد و… ئەندامانی تری بەرەکە ئەنجامدا.

بەڵام کردارەکانی ئیسرائیل بە درێژایی ساڵی پار ئەوەمان پێدەڵێت کە ئیسرائیل لە ڕووی ستراتیجییەوە خۆڕاگری تۆڕەکەی بەکەم سەیرکردووە، هەروەها لە بابەتی چارەسەری سەربازیشدا لە حاڵێکدا ئەگەر کۆتوبەندی یاسای نێودەوڵەتیش نەیگرێتەوە، تا چەند دەتوانێت گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی دیکەدا بهێنێتە ئاراوە. ساڵی ڕابردوو بۆمانی سەلماند، کە تۆڕەکە تا ڕادەیەکی باش هێشتا توانای ئەوەی هەیە خۆی لەگەڵ ئاستەنگە سەربازی و ئابوورییەکان بگونجێنێت. لە کاتێکدا زۆرێک لە گرووپ و ئەندامەکانی لە ماوەی ئەم ململانێیە توندەدا لە ژێر زەوی یان لە نزیک ماڵەوە دەمێننەوە و خۆیان حەشار دەدەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەردەوام دەبن لە سوودوەرگرتن لە پشتیوانی ناوخۆیی، پشتیوانی ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە لە سەرانسەری ناوچەکە و لە هاوپەیمانە جیهانییەکانی وەک ڕووسیا و چین. بنبڕکردنی تۆڕەکە بە تەواوی کارێکی مەحاڵە و پێدەچێت لانیکەم پێویستی بە ڕووخاندن و داگیرکردن و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی نوێ هەبێت لە هەر شوێنێک کە گرووپەکان بەرەی بەرەنگاریی بونیان هەبێت. بۆ وڵاتێکی وەک ئیسرائیل کە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکرێت، ئەو جۆرە هەوڵانە دەبێتە هۆی لێدان و زیان گەیاندن بە هاوپەیمانە سەرەکییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

مێژوو پێمان دەڵێت کە کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەبێ چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر سەرکەوتوو نابێت، بە تایبەت کاتێک ئەو کردەوانە لە دەرەوەی خاکی خۆی ئەنجام بدرێت. بەڵکو پێدەچێت هەڵمەتی ئیسرائیل ببێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرتر بێت، کە تێیدا ئاشتی ڕاستەقینە تەنها ببێتە ئەگەرێکی دوور. کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی سڤیل کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە شەرمەزارکراون، دەبنە هۆی وێرانکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەبنە سەرچاوەیەکی باشی سوودلێوەرگرتنی گرووپەکانی بەرەنگاریی بۆ پەرەدان بە ئایدۆلۆژیای بەرەنگاریی. تا ڕادەیەک بۆتە بەڵگەنەویست، دانیشتوانی ئێران، عێراق، لوبنان و سووریا ئێستا ئەوە بۆیان ئاڵنگارییە بیر لە لێپرسینەوە لە گرووپەکانی بەرەنگاریی بکەنەوە کە ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێوەدەبەن و لە دەستی ئەواندایە، زۆر زەحمەتە بتوانن داوای چاکسازی بکەن، ئەمە بۆیان ئاڵنگارییە و دەزانن. چونکە لە شەڕی سەرتاسەری ئیسرائیل هاوڵاتییە مەدەنییەکان زیاتر بوونەتە قوربانی وەک لە ئەندامانی بەرەکە.

لایەنە کاراکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرلەوەی ئیسرائیل قودرەتمەند بکەن، پێویستیان بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی هەیە، کە بە ئاگربەستی شەڕە خوێناوییەکانی غەزە و لوبنان دەست پێبکات. هەنگاوی داهاتوو دەبێ بەشداری پێکردنی حکومەتەکانی پەیوەست بە بەرەکە بێت بۆ دانوستان لەسەر یەکلاکردنەوەی فراوانتر کە سروشتی ڕاستەقینەی داینامیکی دەسەڵات لە ناوچەکەدا لەبەرچاو بگرێت. بەبێ ڕێبازێکی وەها گشتگیر، ململانێی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر بەردەوام بێت و زیانەکەنی دەکەونە ئەستۆی نەوەکانی داهاتوو.

  • ڕێناد مانسۆر توێژەرێکی باڵا و بەڕێوەبەری پڕۆژەی دەستپێشخەری عێراقە لە چاتم هاوس.

سەرچاوە

١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە فۆرن ئەفێرز بڵاوکراوەتەوە.

https://www.foreignaffairs.com/israel/axis-resilience

[1] – RENAD MANSOUR, The Axis of Resilience; Israel Is Underestimating Iran and Its Allies https://www.foreignaffairs.com/israel/axis-resilience

Send this to a friend