فهتوا له نێوان واقیع و زانستدا, گفتوگۆیهك لهبارهی دۆخی فهتوا له ههرێمی كوردستان
ئامادەكردنی: ئایینناسی
یەکێک لە بابەتە گرنگ و هەستیارەکان لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، مەسەلەی فەتوایە، واتە بڕیاردان لەسەر ئەو پرسانەی کە جێ مشتومڕن لە ڕوانگەی شەرعەوە، ئامانجی فەتوا ئاسانکارییە بۆ ڕێکردنی ژیان و لابردنی بەربەستەکان، هەڵبەت بەهۆی پەرەسەندنی کۆمەڵگە و زیادبوونی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە نوێیانەدا، لە ئێستادا پرسی فەتوا ڕەواجێکی زیاتری هەیە و بووەتە بابەتێکی گەرمی ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامی. لە هەرێمی کوردستانیش ئەم باسە تا دێت زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت و تەنانەت نیگەرانییەک لەبارەی ئەم بابەتەوە هەیە بەوەی لە کوردستان جۆرێک لە پشێوی لە فەتواداندا هەیە، کێ مافی فەتوادانی هەیە و چۆن و کەی فەتوا دەربکرێت؟ وەرزنامەی ئاییناسی بەباشی زانی بۆ ئەم ژمارەیە گفتگۆیەکی کراوە بکاتەوە لەسەر پرسی فەتوا بەگشتی و فەتوا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بە میوانداری د. محەممەد پێنجوێنی سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، د. عەبدولفەتاح پێنجوێنی مامۆستای کۆلێژی شەریعە لە زانکۆی سلێمانی.
سەرەتا د. محەممەد پێنجوێنی سەرۆکی لیژنەی فەتوا لە سێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە بابەتی فەتوا یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە لە شەریعەتی ئیسلامیدا کۆمەڵێک ڕێکخەر و مەرج و پێوەری تایبەتی خۆی هەیە. فەتوا کۆمەڵێک لە مانا هەڵدەگرێت، وشەی فەتوا، یان وشەی (إفتاء) لە فەرهەنگی زمانی عەرەبیدا و لە دۆزی فیکری فەتوا و فیقهی ئیسلامیدا بە واتای شتە نوێ و تازەکانە. ئەگەر لە کۆمەڵگەدا ڕووداوێک، پرسیارێک ڕوو دەدات، یان کێشەی دێتە پێشەوە، پێویست دەکات زاناکان وەکو عەقڵێکی نوێ و خەمخۆر، کە بەدەم کێشەی خەڵکەوەن، پەلە بکەن بۆ ئەوەی ڕایەکی نوێ، یان پێشنیارێکی تازە، یان چارەسەرێک بۆ ئەو کارە بدۆزنەوە، کە ببێتە قازانج. لە ڕاستیدا فەتوا ئامانجەکەی بۆ ئەوەیە کە ئەو کێشانەی ڕوو دەدەن، یان ئەو پرسیارەی کە خەڵک هەیەتی، ڕێ لە ژیانی نەگرێت، نەبێتە ئەرک بە سەرییەوە، بەڵکو کاری بۆ ئاسان بکات، ژیان پێش بخات، ئەو ئاستەنگانەی بەردەم ژیان کە دروست دەبن چارەسەری بکات، وەکو پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (إنما شفاء فتوا شفاء العی)، چونکە بە ڕاستی (إنما شفاء العی السؤال)، دەفەرموێت: چارەسەری کێشەکان و گرفتە دەروونییەکان پرسیارە، کەواتە موفتی وەڵامی دەداتەوە، چونکە چۆن پرسیار شیفایە، کەواتە فەتواش چارەسەرە بۆ ئەو گرفتانەی لە کۆمەڵگادا هەیە، بەڵام کاتێک فەتوا لەم ڕێگەی خۆیەوە گوزەری نەکرد، یا بڵێین هەر کاتێک فەتوا ئەو ئەهلەی خۆی کە پێویستە بیبێت و خاوەنی بێت، نەبوو بە خاوەنی، ئەو خەڵکانەی کە گرنگە لە بابەتی فەتوادا کار بکەن لە مەیداندا نەبوون، وەک عیزی کوڕی عەبدولسەلام، هەروەها ئیبنو دەقیقو عید قسەیەکی جوانی هەیە کە دەفەرموێت: ئێمە ئەگەر قسەیەکمان کردووە وتومانە پێویست دەکات موفتییەکانی سەردەمی ئێمە هەموویان موجتەهید بن، واتە پلەی زانایەتییان ئەوەندە قووڵ بێت لە پێشەنگی ئەوان لەو سەردەمەدا زاناتر نەبێت. دەفەرموێت: ئەمە خۆی بۆ خۆی هۆکارە بۆ ئەوەی کە فەتوا قورس بکەین، بۆیە ناچار بووین لەوە کەمێک ئاسانتری بکەین و بڵێین: هەر کەسێک شارەزا بوو لە مەزهەبی فیقهەکەی خۆیدا، دەتوانێت فەتوا بدات، دەڵێت ئێمە: (وأجمعنا علی هذا النوع من الإفتاء). لەم سەردەمەی خۆماندا لەسەر ئەمە کۆدەنگ بووین، خەڵکێکیش ئەگەر هەبێت، لە یەک مەزهەبی فیقهیدا شارەزا بێت و ئاشنای فیقهی هەبێت، دەتوانێت فەتوا بدات.
فەتوا تایبەتمەندییە
لێرەوە دێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکە، بۆچی لەم ڕۆژگارەدا دەبینیت فەتوا جۆرێک لە پشێوی تێدایە؟ لە ڕاستیدا یەکەم خاڵی سەرەکی ئەوەیە، کە ئەوانەی لە بابەتی فەتوا قسە دەکەن، خۆیان لە بنەڕەتدا ئەهلی فەتوا نین، خەڵکانێک نین کە ئاستی زانایەتیان لەو ئاستەدا بێت کە پێویست دەکات لە بواری فەتوادا کار بکات، هەر خۆی بۆ خۆی ئەمە دەردێکی گەورەیە، چونکە ئەگەر هەموو کەسێک ببێتە موفتی، ئەو کاتە کەس نامێنێت پرسیارکەر بێت، لەبەرئەوە ئێستا لەم سەردەمەدا زۆر کەس بوونەتە موفتی، ئەمەش بۆ خۆی گرفتێکە، فەتواش تایبەتمەندی خۆی هەیە، دەبێت ئەهلی فەتوا بێت فەتوا بدات، بۆیە ئەگەر سەرنجی مێژووی ئیسلامی بدەین لە هەموو سەردەمەکانی ئیسلامیدا، خۆ لە سەردەمی ئیمامی نەوەویدا لەوانەیە هەزار زانای خوێندەواری چاکە هەبووبێت، کەچی نەوەوی وەک زانایەک گەورە دەردەکەوێت، ئەی لە سەردەمی شافیعیدا کەس خوێندەوار نەبوو؟ لە سەردەمی ئەبو حەنیفە کەس خوێندەوار نەبوو؟ لە سەردەمی ئیمام مالیک و ئیمام ئەحمەددا کەس نەبوو خوێندەوار، زانا و فەقیهـ بێت؟ بەڵام بۆچی ئەوان دەردەکەون و دەبنە موفتی و زانایەکی گەورە و قسەکانیان ئێستاش لای ئێمە هەن؟! بەڵام خۆ سەدان زانای تریش لە پاڵ ئەواندا هەبوو، لەبەر ئەوەی ئەهلی پسپۆڕییە ئەم کەسە، ئەم بۆشاییەی پڕ کردووەتەوە، خەڵکی تر بۆشاییەکی تر پڕ دەکاتەوە، بۆ نموونە ئەوەی ئەبو حەنیفە لە هەندێک بابەتدا قسەی لێ دەکات، ئیمامی شافیعی لە هەندێکیان قسەی نەکردووە، هەندێک بابەتی تر هەیە فەقیهێکی تر دێت قسەی لێ دەکات، بۆ نموونە کەسێکی وەکو حەسەنی بەسری لە شام و بەسرە ژیاوە، کە سەرنج دەدەیت کۆمەڵێک بابەت لەوێ باس دەکات لە بنەڕەتدا لە عێراقدا بوونی نەبووە، ئەمانە وەک چۆن تایبەتمەندی شوێنەکان هەیە، کەواتە ئەهلی فەتوا کەسی تایبەتمەندە.
یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە، ئێمە لەم سەردەمەدا موفتیمان زۆرە و موفتی وەک خۆی بە ئاڕاستەی خۆیدا ناڕوات. کێشەیەکی تریش ئەوەیە کە دامەزراوەی ئایینی لە وڵاتی ئێمە، کە یەکێکە لە ڕێکخەرەکانی فەتوا، لاوازترین دامەزراوە و دەزگایە، لە ئەوقاف و زانایان، ڕەنگە هۆکاری ئەم لاوازییە بەشێکی بە مەبەست بێت، کە نەهێڵێت ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵی خۆی ببینێت، من گەیشتبمە ئەو قەناعەتە، بە حوکمی ئەوەی خۆم لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ نزیک بووم لە وەزیرەوە، نزیک بووم لە کاروباری ئەوقاف، دەیان پرۆژەی زۆر جوانمان دەدا بە وەزیر، یان دەمانویست جێبەجێی بکەین، دەچووە سەرەوە نەدەهاتەوە خوارەوە، زۆر جار گلەییمان دەکرد، دەچووینە لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش، هەر دەیوت جارێ پەلە مەکەن، ئێستاش هەر دەڵێت، جارێ پەلە مەکەن، هەر لەبەر ئەوەیە کە دەزگای ئایینییەکە بەهێز نییە، وا دەکات پرۆسەی دیندارییەکە و ئاڕاستە ئایینییەکەش لاواز بێت.
لەبارەی ئەوەی بۆچی لیژنەی فەتوا و فەتوای دەستە جەمعی نەیتوانیوە ئەو کاریگەرییە دروست بکات بەتایبەت، دکتۆر محەممەد پێنجوێنی دەڵێت: موفتی کێیە؟ موفتی لەخۆوە نابێت بە موفتی، من لە خۆمەوە ناتوانم ببم موفتی، ئیمام مالیک دەفەرموێت: “ئەگەر کەسێک خۆی بینی ئەهلە بۆ ئیفتا، ئەوە خۆی گومڕا کردووە”، دەبێت خەڵک شایەتی بۆ بدەن کە بە کەڵکی ئەوە دێت، بۆیە دەفەرموێت: (لابد للإمام أن ینصب المفتی)، پێویستە ئیمام، مامۆستاکە، سەرکردەکە، ئەو کەسەی کە سەرۆکی وڵاتە، ئەوەی کە دەزگا ئایینییەکە بەڕێوە دەبات، ئەو بێت موفتی دیاری بکات بۆ وڵاتەکەی، لە نێوان هەموو ئەوانەی کە ئەهلی پسپۆڕین، نەک هەموو کەسێک ببێتە موفتی، کە موفتیشت دیاری کرد، ئیتر تەنیا ئەو موفتییە، بۆیە ئەگەر فڵانی کوڕی فڵان لە هەر شوێنێکدا فەتوای دا، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەیت، بۆ ئەوەی ئاژاوە و بێسەروبەری دروست نەبێت، هۆکارێکی سەرەکی ئەم دۆخە لە ڕاستیدا پەیوەستە بە لاوازی ئەو دەزگا ئایینییانەی کە هەمانە.
هۆکارێکی تریشی بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و بە گشتی لە جیهانی ئیسلامیدا، ڕیتمە سیاسییەکە وای کردووە موسڵمانەکان دابەش بن بە سەر گرووپی جیاوازدا، ئەم دابەشبوونە بە سەر پارتی سیاسی و گرووپی جیاواز و جەماعەتی جیاوازدا، هەر کەسە شتی خۆی پێ چاک و ڕاستە، کەسمان ئەوی تر نابینین، هەموومان وای دەبینین تەنیا ئەوەی خۆم باشە، یەکێک لەو هەڵە گەورانەی کە کراوە، ئێمە ئێستا کردوومانە، پێویستە تەوبەی لێ بکەین، ئەوەیە کە ئیسلام دەئاڵێنین بە ئینتیمای سیاسیی، یان ئینتیمای گرووپگەرایی، یان ئینتیمای جەمعگەرایی، ئیسلام ئایینێکە گەورەترە لە هەموو ئینتیماکان، بەڵگەشم چییە؟ بەڵگەم، یەکەم: ئەسڵەکانی ئیمانن، کۆمەڵێک ئوسووڵی ئیمانمان هەن، کاتێک کە مرۆڤی موسڵمان بڕوای پێ دەبێت، بڕوات بە ئیمان هەیە، بڕوات بەو بنەما شەرعییانە هەیە، کە بڕوا بوون بە خوای گەورە و بە پێغەمبەری خوا و بە شەریعەتەکەی، دواتر لەوێوە قورئان دەفەرموێت: لە نێوانی هەموو ئیمانداراندا پلەی جیاواز هەیە، لە نێوان ئەوانیشدا ئەهلی عیلم، (یرفع اللە الذین آمنوا والذین أتوا العلم درجات)، کە وا بوو ئەهلی عیلم زیاتر لە ئەهلی ئیمان پلەیەک لەسەرترن، پلەکەی ئەمان پلەیەکە نابێتە ئەوەی پلەکەی ئەوان بچووک بکەیتەوە، چونکە پلەی ئەهلی عیلم نابێت بچووک بکاتەوە بۆ پلەی خەڵکی تر، دوایی دەفەرموێت: (فوق کل ذی علم علیم). هەموو زانایان قاعیدەیەکی بۆ دابنێ، لە سەروو هەموو زانایەکەوە زانایەکی تر هەیە، کەواتە هیچ زانایەک نابێت بزانێت سەقفێکی موتڵەقایە و بنمیچێک لە سەروو ئەوەوە نییە، ئەمە کاتێک ئەگەر هات و ئێمە ئەمەمان نەبوو، ئەو کاتە سەر دەکێشێت بۆ ئەو جۆرە حاڵەتەی کە ئێستا هەمانە، بۆیە بە قەناعەت و تێگەیشتنی من، ئەم ئینتیما جیاوازانە وای کردووە گرووپی جیاواز دروست بن، من فەتوای تۆ قبووڵ ناکەم، تۆ فەتوای منت قبووڵ نییە، چونکە گرووپی خۆت جیاوازە، مادام ئینتیمام بۆ تۆ نییە، تۆش ئینتیمات بۆ لای من نییە، کەسمان یەکتری ناخوێنینەوە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە کە وای کردووە فەتوا لە لای ئێمە کێشە دروست بکات.
دابەشبوونی سیاسی و ناکاریگەری فەتوا
دکتۆر محەممەد لەبارەی ناکارایی کاریگەری فەتوای دەستەجەمعی قسەی زیاتر دەکات و دەڵێت: دەستەجەمعییەکە، دەستەجەمعی ڕاستەقینە نییە، فەتوای دەستەجەمعی چۆن دەبێت، ئەوانەی کە دەکرێنە لیژنەی فەتوا و هەڵدەبژێردرێن دەبێت لەسەر بنەمای قەناعەت بێت و هەموومان قەناعەتمان پێیان هەبێت، بەڵام کاتێک ئەویش حزب، یان ئینتیمای سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە دیاری دەکات، ئەو دەستەجەمعییەی کە دروستکراوە دیسان بەپێی دابەشبوونی سیاسی دروست کراوە، خۆ ناکرێت هەرچی کۆمەڵگە دابەش بووەکە بە سەر ئینتیما سیاسییەکاندا هەمووی لە لیژنەکەدا هەبن، ئەو کاتە لیژنەیەکی حەفتا کەسی دروست دەبێت، کە وا بوو کاتێک کە دانان و هەڵبژاردنەکان لەسەر ئەو لایەنە شەرعییە نەبوو، ئەو کاتە ناتوانێت کۆدەنگی دروست بکات، ئەوانەی دادەنرێن لە لیژنە باڵاکاندا، هەمووی شوێنەواری سیاسییان پێوە دیارە، ئەمە یەکێکە لە گرفتەکان، بۆیە کە فەتوای دا، ناتوانێت کاریگەری هەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو لیژنە دەستە جەمعییانە، تا ئێستا نوێنەرایەتی هەموو کۆمەڵگەی ئیسلامی و ناوەندەکانی ئیسلام و هەموو تائیفەکان ناکات، چینێک هەن ئەسڵەن نوێنەریان هەر لەوێ نییە، بۆیە هەر متمانەیان بە لیژنەکە نییە، چونکە نوێنەری ئەوی تێدا نییە، ئەگەر لەسەر ئاستی نوێنەرایەتی دابمەزرێت، دەبێت نوێنەری هەموو گرووپەکانی تێدا بێت، بۆ نموونە ئێستا خودی خۆم لە لیژنەکەدا دەمەوێت سێ ئەندام زیاد بکەم، کەچی دەڵێن دەبێت بوەستیت تا هەڵبژاردن دەکرێت، لیژنەی فەتوا چ پەیوەندییەکی بە دەنگدانی فڵان و حزبی فڵانەوە هەیە، من دەمەوێت ئەهلی عیلم بهێنم، ئیشم بە ئەهلی عیلمە، ئیشم بە کەسێک نییە لە ڕێگەی دەنگدانەوە بێتە ئێرە، دەنگدان و هەڵبژاردنی جەماعەتێک بۆ گرووپێک وا ناکات لەوەی زانایەکم بۆ بهێنێتە ئێرە. خودی خۆم ئەم ئیشکالەم هەیە، کاتێک کە بە هەڵبژاردنی خۆم لیژنەکە تەشکیل بکەم، لیژنەیەکی زانستی و ئەکادیمی پڕ دەبێت لە ئەهلی پسپۆڕی، ئەو کاتە ئەو لیژنەیەی کە داماننا فەتواکانی لە سەدا هەشتا کاریگەری دروست دەکات، بەڵام کە دابەشمان کرد بەم شێوازە، هەر وا دەردەچێت کە ئێستا هەیە.
خاڵێکی تری کاریگەر ئەوەیە، کە ئەندامانی لیژنەکان ئەندامانێکی کارای ئەکادیمی زانستی نین، کە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێن، بەشێکیان نوێنەرایەتی ئەم سەردەمە ناکەن، تەنانەت بەشێکیان زمانی ئەم سەردەمەیان پێ نییە، بەشێکیشیان ئەسڵەن توانای خوێندنەوەی یەک لاپەڕەیان نییە، کاتێک کەسێکی وا دەکەیت بە ئەندام، فەتواکان و قسەکانیشی لەگەڵ ئەم واقیعەدا هەڵناکات. تەنها دوو شت دەزانێت، یجوز، یان لا یجوز، حەرام، یان حەڵاڵ، بۆ نموونە هەموو جارێک لە کێشەی تەڵاقدا، کە دێت بۆ لای ئێمە دەڵێت، سێ بە سێ تەڵاقم خواردووە، مامۆستا دەڵێت کەوتووە و کۆتایی هاتووە، دەڵێم مامۆستا کەمێک بوەستە با بزانین ئەو کەسە سوێندێک، ترسێک، خەیاڵێک، لەوانەیە ئاگای لە خۆی نەبووبێت، دەڵێت نا مامۆستا، شتی وا نییە. ئەمە چییە، ئەمە ئاگا نەبوونە لە واقیع، کاتێک کە سەرنج بدەم پێویستم بەوە هەیە موفتییەکە دەبێت کەسانێکی شارەزا بن، قسەیەکی چاکی ئیبنو قەیم بۆ ئەم سەردەمە زۆر گونجاوە، دەفەرموێت: وەزیفەی موفتی لە فەتواداندا دوو شتە: یەکەم: فەهمی واقیع، دووەم: (فهم الواجب فی الواقع)، قسەیەکی زۆر دروستە، بەس تا ئێستا کەمتر لە لای مامۆستایانی ئایینی سوودی لێ وەرگیراوە، ئەو مامۆستایەی کە لەو وڵاتەدا موفتییە، یەکەم دەبێت جارێ ئەو ڕووداوەی کە ڕووی داوە لێی حاڵی ببێت، چۆنە خۆی، بڕواتە ناوی، شافیعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت ساڵێک لە میسردا لەناو بازاڕ و خەڵکدا بەس دادەنیشێت، یەک وشە ناڵێت، خۆی دەڵێت: چوومە هوزێل، یەک ساڵ لە ناو هوزەیلەکاندا بەس زمان فێر بووم، هیچم نەکرد، فەهمی واقیع زۆر گرنگە. دووەم: دەفەرموێت جا دوایی کە لە واقیعەکە تێگەیشت، فەهمی ئەوە بکات چی لەوێ واجبە ئێستا بیڵێ، چونکە لەوێدا دەگونجێت سێ و چوار بژاردە هەبێت، کام بژاردەیان واجبە ئێستا بیڵێت، نابێت یەک بژاردە بزانێت، ئێمە ئەندامەکانمان ئەم ئاستەیان لاوازە، بۆیە ناتوانێت لە مەوقیعەکە باش حاڵی ببێت، نە فەهمی واجبیش لە مەوقیعەکە بکات، هەر یەک دوو شت دەزانێت، بۆیە لیژنەی فەتوا ناتوانێت کاریگەری دروست بکات. ئەمە خاڵی جەوهەری و سەرەکین.
خاڵێکی تریش پشتگیری لیژنەی فەتوا زۆر زۆر لاوازە، ئێمە ئێستا خۆمان بە حوکمی ئەوەی لەگەڵ دادگاکان و دادوەرەکاندا بە حوکمی لایەنە عیلمییەکە، کە بەشێکیان قوتابیمان بوون، لە خزمەت بەشێک لە حاکمەکان بووین و خولیان هەبووە و ئوسووڵی فیقهمان پێ وتوون، بە حوکمی ئەوە ڕێزێکمان لێ دەگرن، لە هەندێک کەیسدا پرسمان پێ دەکەن، بەڵام بە گشتی دەوڵەت و حکومەت پشتگیری ئەم لیژنانە بە شێوازێکی زۆر بەهێز ناکەن، بۆ نموونە لیژنەی فەتواکان پێشنیاریان کردووە ڕێگری بکەن لە کۆمەڵێک فەوزا، یەکێک لەوانە مەسەلەی مارەبڕین، قانوونێکمان دانا بە ناوی (قانوونی مارەبڕینی ڕێپێدانی شەرعی)، لە هەشت بۆ نۆ ماددە پێکهاتووە، دامانە پەرلەمان، دوای ئەوەی کۆمەڵێک ڕێچکەی بڕی، دوایی کۆمەڵێک ڕێکخراو ڕێگرییان لێ کرد، حکومەت بیر لەوە ناکاتەوە خۆ ئەمە ئەگەر بیکات چارەسەری کۆمەڵێک گرفتی گەورەی ناو کۆمەڵگا دەکات، ئەو هەموو فەوزای مارەبڕین و تەڵاق و شێوازە هیچی نامێنێتەوە و دەزگایەکی ڕەسمی دادەنێیت لە مزگەوتدا، مامۆستایەک هەڵدەبژێریت ئەو ئیشە بکات، یەک کەس لە گەڕەکێکدا، سەدان دەستبڕین کۆتایی پێ دێت، کە خەڵکێک کردوویەتی بە ناوی دینەوە، بیر لەوە ناکاتەوە، بەڵام ڕێکخراوێکی ژنان لەو لاوە دێ، داخوازییەکی هەیە، نابێت ڕۆڵ بدەن بە مەلا، ئیتر ئەوە ڕەت دەکاتەوە، لە کاتێکدا کە ئەمە مەنتیق نییە، کە وا بوو پێویست دەکات حکومەت و دەسەڵاتەکە پشتیوانی ئەم لیژنەیە بکات.
لەسەر مەسەلەی خێزان، ئێمە دەزانین هۆکاری جیابوونەوەکان بە لای ئێمەوە کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی هەن، ئەم هۆکارانە چارەسەرەکانیان بەشێکیان نەبوونی زانیاری تاکەکانی کۆمەڵگەیە بە بابەتی هاوسەرگیری و ژن و مێردایەتی، دەمانەوێت ئەو خەڵکە فێر بکەین، پێشنیارێکمان کرد کە پێش هاوسەرگیری خولێکی سێ مانگی بۆ هاوسەرەکان بکەینەوە، هیچ نەبێت دوو مانگی بۆ بکەینەوە، مامۆستایەک تەرخان بکرێت لە لیژنەی فەتوا، هەموو هەفتەیەک دوو وانە، یان خولێکی چڕ و پڕ و کچ و کوڕەکە بهێنین، ڕێکوپێک پێی بڵێن ژنێتی و مێردیی، پیاوەتی و ژنیەتی، دایکایەتی و باوکایەتی، خێزانداری چۆن دەکەن، هەرچی بنەماکانی مافە هاوبەشەکان و مافی تاک و یەکتریان پێ بناسێنین، پێیان بڵێیت مامەڵەی پیاو لەگەڵ ژن و ژن لەگەڵ پیاودا چۆنە، پێیان بڵێ کە جنێودان، لێدان و ئیهانە حەرامە، پێی بڵێ ئەمانە هێڵی سوورن، ئەمەمان کرد بە داخوازییەک دامانە سەروو خۆمان لە وەزارەتی داد، ڕەزامەندی لەسەر درا، بەڵام دیسان وتیان: نابێت زانایانی تێدا بێت، بۆیە کە تۆ پشتیوانیت نەبوو، بەردەوام ڕەت بکرێیتەوە دەبێت بزانیت کە کاریگەری ئەو دژ وەستانەوەیە چ جۆرە کاردانەوەیەکی هەیە.
فەتوای هاوردە
لەبارەی فەتوای هاوردە و کاریگەری لەسەر فەتوا لە هەرێمی کوردستان، دکتۆر محەممەد پێنجوێنی دەڵێت، دە ساڵ زیاتر لەگەڵ خودی وەزیری ئەوقاف و سەرۆکی حکومەت ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بووین لەسەر ئەم باسە، پێمان وتن کە وڵاتی دراوسێمان هەیە، دەیان کەسی هێناوەتە ئەم وڵاتە، قوتابخانە دەکاتەوە، بە پارەی خۆمان منداڵەکەی من فێری تورکی دەکات، فێری زمانێکی تری دەکات، کولتووری خۆشیت پێ دەڵێت، پەروەردەی دەکات، ئەی ئێمە ئەوەندە دواکەوتووین نەتوانین بچینە ئەو وڵاتانە زمانی خۆمان و کولتووری خۆمان فێری خەڵک بکەین؟ بۆ دەبێت هەر هی خەڵکی بهێنین، کۆمەڵێک کادیری وەها دروست بکەین، بتوانن ببنە مامۆستای سەدان خەڵکی تر لە سەدان وڵاتی تر. پێم وتن با ئێمە لە سەرەتاوە دەزگای ئایینییەکەمان، پەروەردەی خەڵک و مامۆستای ئایینی، قوتابخانەکانمان و دەزگا زانستییەکانمان بەهێز بکەین، تۆ دەزگای زانستییەکەت لە دوای دواوەیە، قوتابخانە ئایینییەکانی سەر بە ئەوقاف بێ خاوەنن، دەبێت سەرەتا دەستەکان و دەزگاکانی ئایینی بەهێز بکەین، کۆمەڵێک مەنهەجی باشی بۆ دابنێین، کۆمەڵێک خەڵکی زانای خوێندەواری ڕۆشنبیر پەروەردە بکەین، ئەو کاتە دەتوانین هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. کەواتە پێویستمان بە پەروەردەکردنی تاکە، دەبێت تاک بۆ ئەم وڵاتەی خۆمان دروست کەین. ئەوەندەی ئێمە موعجیبین بە دەرەوەی خۆمان، ئەوەندە موعجیب نین بە خودی خۆمان، ئەوەندەی گەنج و لاوی ئێمە موعجیبە بە قسەی کابرایەکی ئەمەریکی، ئەوەندە موعجیب نییە بە زاناکە و ئەکادیمییەکەی ناو وەزارەتەکەی، کە ئەمە بەڕاستی بەشێکی هەڵەی سیاسەتەکەیە، خۆم خەمی میللەت و نەتەوەکەی خۆم ناخۆم، لە بیری ئەوەدا نیم کۆمەڵگەی خۆم پێش بخەم، ئەمە خۆمان بە دەستی خۆمان وامان لێ کردووە، کەواتە پێش هەموو شتێک باشترین چارەسەر بەهێزکردنی دەزگاکانی پەروەردەکردنە.
خاڵێکی تریشم هەیە هەر بۆ چارەسەری ئەوە، هەموو نوێیەک مەرغووب و پەسەندە، دەبێت هەرچییەکمان کردووە چاودێری بەهێز بکەین و ئەو دەزگایانەی لە دەرەوە بۆمان دەهێنن چاودێری لەسەر دابنێین، ئەوانە بێتە ناو وڵاتی ئێمە بتوانیت بیخوێنێتەوە کە خزمەت بە وڵاتی خۆمان دەکات، تۆ کە هەموو شتێکت ئازاد کرد، دەرگات کردەوە، کەس نییە ڕێگەی لێ بگرێت، ئەو کاتە باش و خراپیش دێتە وڵاتەکەتەوە، وڵات هەیە بۆ نموونە کە دەگەڕێیت، کۆمەڵێک بابەت قەدەغەیە، نایکاتەوە، منیش دێم لەم وڵاتەدا کۆمەڵێک خەڵکی ڕۆشنبیر دادەنێم، ئەوەی کە دەزانن فەتوایەک کە زیان بەم وڵاتەی خۆمان دەگەیەنێت، با نەتوانێت بێتە ئەم وڵاتەوە، هیچ نەبێت لە سەدا پەنجا، یا لە سەدا شەستێکی ئێمە ڕێگری دەکەین، ئێمە ئەوەشمان نەکردووە، هەندێک دەزگا هەیە فەتواکانی بەکەڵک نایەن، هەر قوفڵی دەکەم با نەکرێتەوە.
گەڕانەوە بۆ دەق و فەرموودە
د. عەبدولفەتاح پێنجوێنی لەبارەی فەتوا و لێکەوتەکانی لەسەر گرووپە توندڕەوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرەتا ئێمە ئەم ئایینە، ئایینی ئیسلامی پیرۆزە و سەرچاوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە بریتییە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت)، پێغەمبەر خەڵکی بەجێنەهێشتووە بێ خاوەن، کە نەزانێت چی بکات بەپێی ڕۆژگار و ئەو شتانەی کە دێتە پێش، پێمان دەفەرموێت: (ترکت فیکم أمرین ما إن تمکستم بە لن تضلوا أبدا)، من شتێکم لە دوا بەجێ هێشتووە ئەگەر دەستی پێ بگرێت هەرگیز گومڕا و سەرگەردان نابن، کە ئەویش بریتییە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ)، کەواتە ئێمە یەکەم خاڵ دەبێت خەڵکی وا تێبگەیەنین کە سەرچاوەی ئەم دینە قسەی خوا و قەولی پێغەمبەرە (د.خ)، نەک قسەی زانایان، چونکە ئەمڕۆ هەر گرووپێک لە سەلەف و لە سۆفی و لە ئیسلامی و لە ئیخوان و لە هەموو جۆرەکان، کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەیت ئەو دیدگای خۆی دەڵێت، دەڵێت فڵان زانا وا دەڵێت، ئەم زانا وا دەڵێت، هەر یەکەیان موعجیبە بە کۆمەڵێک زانا، ئەوەی کە داعشییە و توندڕەو و تەکفیرییە موعجیبە بە کۆمەڵێک کە پێیان دەوترێت زانا و ئەوان ئیعتیمادیان لەسەریەتی، لەسەر بنەمای قسەکانی ئەوان ئیش دەکەن، لە ڕوانگەی قسەکانی ئەوانەوە لە ئایەتەکە تێ دەگەن، نەک بگەڕێنەوە بۆ ئەسڵی ئایەتەکە، بزانین واتای چییە، زانایانی تەفسیر هەر لە سەردەمی سەحابە و تابیعین و ئیمامە گەورەکان، ئەو هەموو موفەسیرە گەورەمان هەیە، بزانن لە بارەی ئەم ئایەتەوە چی دەڵێن، ئەوان ئەوە ناخوێننەوە، ئەوە دەخوێننەوە کە فڵان زانا وا دەڵێت.
بۆیە پێغەمبەر (د.خ) کە هۆشداریمان دەداتێ لەو جۆرە کەسانە، دەفەرموێت: (اتخذوا ڕؤساء جهالا فظلوا وأظلوا). کۆمەڵێک خەڵکی نەزان دەکەنە گەورەی خۆیان، پێشەوای خۆیان، (فظلوا وأظلوا)، خۆشیان گومڕا و خەڵکیش گومڕا دەکەن، ئەمڕۆ ئێمە کەوتووینەتە ئەم داوەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر بابەت زانا بێت، هەر کەسە و کۆمەڵێک زانا دەکات بە ڕێبەری خۆی، هەر کەسە و کۆمەڵێک شتی نامۆ دەهێنێت پەرتەوازەیی و دژ بە یەکی و ناڕێکی لە ناو یەکدا دروست دەبێت، توندڕەوی لە فیکر، سلوک، سیاسی و عەسکەری لە هەموو ئەمانەدا، ئێستا ئەمە جاری وا هەیە داعش نموونەیەکە بۆ توندڕەوی سەربازی و سیاسی، هەشمانە توندڕەوی لە ئەخلاق و هەڵسوکەوت و ڕەفتار و مامەڵەی کۆمەڵایەتیدا توندڕەوە، سەلامی هەموو کەس ناکات، ڕوو لە هەموو کەس ناکات، پەیوەندی لەگەڵ هەموو کەس ناکات، بۆ؟ چونکە بەپێی دینەکەی پێی وایە کە دروست نییە، هەموو ئەو فیکرە توندڕەوانە لەوەوە دروستبوون، ئەگەر ئێمە واز لە قسەی ئەم و ئەو بهێنین، نەهێڵین خەڵک بڵێت وەڵڵا فڵان زانا وایە و ئەوی دیکە وەها، بێین لە ڕەوشت و ژیانی پێغەمبەر کە پێشەنگە بۆ ئێمە و چۆن مامەڵە بکەین، لەگەڵ هەموو بیر و ئایینە جیاوازەکاندا، لەگەڵ یەهوود و بتپەرستان و مونافیقەکاندا مامەڵەی هەبووە، پێغەمبەر لەگەڵ جولەکە، کە لە شارەکەی خۆیدا بوون کەمینەیەکی موستەزعەفی بێ دەسەڵات، چۆن مامەڵەی لەگەڵ کردوون، کە ئەو پاشای وڵات و گەورە و دەسەڵاتداری وڵات بووە، سەردانی ماڵی کردوون، ڕێگەی داوە هاتوونەتە ماڵی، هەڵەشیان کردووە زۆر بە هێمنی، بە جوانی وەڵامی داونەتەوە، کێشەکانی بۆ چارەسەر کردوون، لەگەڵیان بووە بێ ئەوەی بڵێ ئەمە جولەکەیە، جا ئەمە چینە کەمینەیەکن هەر پەراوێزیان بکەن، هیچ کات قبووڵی نەبووە لە ڕووی ئابوورییەوە پەراوێز بخرێن، بۆ ئەوەی ناچار نەبن بە هۆی برسێتی و نەبوونی داراییەوە ناچاری موسڵمانبوون ببن، فەرموودەیەک هەیە، کە دەفەرموێت: (توفی ڕسول اللە صلی اللە علیە وسلم وکان درعە مرهونە عند یهودی)، پێغەمبەر (د.خ) کاتێک وەفاتی کرد درعەکەی ڕەهن بوو لای کابرایەکی یەهوودی، بۆچی؟ چوو بوو خواردن و شتی لا هێنابوو بە کڕین، پارەی پێ نەبووە، درعەکەی داناوە بە بارمتە، باشە لە ناو مەدینەدا هەر هەمووی موسڵمانە، چەندین سەحابەی وەکو عوسمانی کوڕی عەفانی تێدایە، کە هەموو مەدینە بەخێو دەکات، ئەم هەموو دەوڵەمەندەی تێدا بوو، پێغەمبەر چی پێویستییەکی بەوە هەبوو بچێت شتێک لای یەهوودییەک بکڕێت و درعەکشی دابنێت، ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو سەدەکانی ئوممەتی ئیسلامی کە ئێوە دەبێت مامەڵەتان لەگەڵ غەیری خۆتان، لەگەڵ بێ بڕوایان بەو شێوەیە بێت، ئیحراجیان نەکەن بەوەی کە نەتوانن لەناوتاندا بژین، ئەگینا ئەوان هەر دەیانتوانی، تەنیا مامەڵەیان لەگەڵ نەکەن. بۆیە ئێمە بەردەوام دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقەکان و لە ڕوانگەی قورئان و فەرموودەوە شتەکان وەربگرین، نەک لە ڕوانگەی تێگەیشتنی فڵان و فیسارەوە.
هەروەها دەسەڵاتیش دەورێکی باڵای هەیە لە یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتانەدا، چونکە ئەگەر بێت و دەسەڵات سەرپەرشتی بارودۆخی وڵاتەکە نەکات، سنوورێک دانەنێت، هەموو شت دێتە ناو وڵاتەوە، لە وڵاتانی دراوسێوە، لە نەیارەکانەوە هەموو فیکر و گرووپی دژ بە یەک و جیاوازت بۆ دەنێرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەت هەڵبوەشێنێت، بیانکات بە گرووپی دژ بە یەک، نەک یەکانگیر بن و یەک بن، ئەمە پێویستە خاوەن دەسەڵاتی وڵات هەست بەم مەترسییە بکات، بتوانێت دەزگایەکی فەتوا دروست بکات، بەڵام فەتوای مەزهەب و بیرێک زاڵ نەبێت بەسەر ئەوانی دیکەدا، چونکە ئەمە ئەوەندەی تر توندڕەوی لێ دەکەوێتەوە، با نموونەیەک باس بکەین، پێش سی چل ساڵێک لەمەوپێش، زۆر دوور نەڕۆین، هەموومان دەزانین لە ڕووی سیاسییەوە کورد لەگەڵ عەرەبدا لە عێراقدا بەردەوام لە ململانێدا بوون، بەتایبەت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا، کە سەردەمی حزبی بەعس بوو، بەڵام بە درێژایی چەندین ساڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی فەتوای عێراق، سەرۆکی دەستەی گەورە زانایانی عێراق پیاوێکی کورد بووە، کە مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بوو، هەموو عێراق بە کورد و بە عەرەبەوە، بە مەزهەبە جیاوازەکانەوە، هەموو پابەندبوون بە فەتواکانی، ئەوپەڕی ڕێز و قەدریان دانا بێ ئەوەی حکومەت کەس پابەند بکات و بڵێت خەڵکینە مەلا عەبدولکەریم هەرچی وت دەبێت هەر وا بێت و دەبێت بە قسەی بکەن، نەخێر، پابەندییەکی ئەخلاقییە، نەک پابەندییەکی سیاسی، ئەمە لەبەر چی، لەبەر ئەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس نەهاتووە تەبەنی مەزهەبێک، یان فیکرێکی دیاری کراو بکات، زاڵی بکات بەسەر ئەوانی تردا و ئەوانی تر لە خۆی بکات بە دوژمن، هەڵەی ئێمە لەوەدایە کە ئەمڕۆ ئەنجومەی فەتوای هەرێم، باسی ئەنجومەنەکەی سلێمانی ناکەم، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەم دوو ئەنجومەنە فەتوایەدا، بۆ نموونە ئەنجومەنی فەتوای هەولێرمان هەیە، کە بڵێین هی هەرێمە، باکگراوندێکی حزبی سیاسی دایناوە، واتە پێوەری زانستی لە دانانی سەرۆکی ئەنجومەنی فەتوا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکو بەپێی پێوەرێکی حزبی کراوە، ئەمە یەک، خۆزگە کە هەر وەک پێوەری حزبی بەکارهاتووە، پێوەرە زانیستییەکەشی تێدابوایە، واتە با حزبی بێت، بەڵام لایەنە زانستییەکەی لەبەرچاو بگیرێت، دەیان و چەندین کەسمان هەیە کە زۆر لەو خوێندەوارتر و شارەزاتر و واقیعبینترن، بەڵام ئەوانە نەکراون، بەڵکو ئەو لایەنەیان زاڵ کراوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی فەتوا بە هەر شێوەیەک بێت، ئاستی عیلمی هەر چۆنێک بێت، گرنگە بیر لە بەرژەوەندی خەڵک و وڵاتەکە بکاتەوە، ئەگەر دیراسەی واقیعی کوردستان بکەین، چەندین بیر و و مەزهەبی تێدایە، کە دەبێت ئەنجومەنی فەتوا، یان سەرۆکی فەتوا، کاتێک کە دەیەوێت فەتوایەک دەربکات، بە مەبەستێکی شەخسی، یان مەزهەبی بۆ دژایەتیکردنی ئەوانی تر نەبێت، چونکە ئەگەر ئەمە بکەیت ئەو کاتە هیچ حیساب بۆ فەتواکەی ناکرێت، کەواتە ئێمە هەست بەو بۆشاییە دەکەین، کە ئەنجومەنێکی فەتوا نییە لە هەرێمدا نوێنەرایەتی موسڵمانانی هەرێم بکات، مادام وایە من کە گرووپێکم، جیهادیم، ئیخوانیم، سەلەفیم، سۆفیم، دێم لە ناو خۆمان ئەنجومەنێکی فەتوا دروست دەکەم بۆ هاودیدەکانی خۆم، بۆ هەوادارانی بیروبۆچوونی خۆم، هەر کەسێک شتێکی هەبوو با بێت لە ئێمە بپرسێت، ئێمە دایدەنێین، دەبینین کۆمەڵێک ئەنجومەنی فەتوا لەناو هەرێمدا دروست بووە، هیچیان حیساب بۆ ئەوی تر ناکات، زۆربەی دژ بە یەکە، ئەو فەوزایە دروست بووە کە هەموومان دەیبینین، ئەمە هەم توندڕەوی لێ دەکەوێتەوە، هەم پەڕاگەندەیی، دواتر نەبوونی چاودێری وەک یەکەم خاڵ وتم سەرپەرشتیکردنی دەسەڵات، خراپترین ڕێگە بۆ دروستبوونی فەتوای زۆر، بۆ دروستبوونی چەندین فەتوای جیاواز و دژ بە یەک و توندڕەوی کەناڵە ئایینییەکانن، چونکە کەناڵە ئایینییەکان بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ پرسیار و وەڵام و ڕاستەوخۆش.
فەتوای ڕاستەوخۆی ناو کەناڵەکان
دکتۆر عەبدولفەتاح دەڵێت، ئیمام ئەبو حەنیفە چل و هەشت پرسیاری لێ کرا لە سی و دوویاندا وتی نازانم، هەموو ئەو زانایانەی کە ئەهلی زانست و فەتوا بوون، وەڵامی نیوە زیاتری پرسیارەکانیان نەداوەتەوە. ئیمامی شافیعی ئەگەر پرسیارێکی لێ بکرایە، جارێ بێدەنگ دەبوو، ئینجا یان وەڵامی دەدایەوە، یا نا. دەیانوت ئەوە بۆ بێدەنگی، دەیفەرموو بیر دەکەمەوە بزانم بێدەنگ بوونم باشترە لە وەڵامی ئەم پرسیارە، یان وەڵامدانەوە؟ جار وابوو دەفەرموێت پرسیاری وایان لێ کردووە و فەرموویەتی نازانم، شتێکی زۆر سادە بووە، وتوویانە ئەمە شتێکی سانایە؟ تووڕە دەبوو، دەیفەرموو: (لا یوجد فی العلم شئ خفیف) لە زانستدا ئاسان نییە، یان سووک نییە، هەموو شتێک قورسە، بەڵام لەم بەرنامە ڕاستەوخۆیانەی کەناڵەکانی خۆمان هەموو پرسیارێک دەکرێت و دەبێت مامۆستا وەڵامیش باتەوە، نازانم لە مەزهەبدا نییە، دەبێت بیڵێت، ئەگەر لە گیرفانی خۆشیدا دەریهێناوە، کەواتە ئەمە فەوزایە، سەیر دەکەیت ئەم کەناڵە جۆرێکە و ئەو کەناڵە بە جۆرێکی کە، هەر مەلایەکیش، بە خۆشمەوە با نەڵێین ئیتیهامی مەلا دەکەین، هیچمان ئەهلی ئەوە نین تەنانەت لە کاتی دیکەشدا وەڵامی پرسیار و فەتوا بدەینەوە، مەگەر ئەو شتە سادانەی کە پەیوەندی بە لایەنی پەرستن و نوێژ و ڕۆژوو و ئەمانەوە نەبێت، کە ئەویش بە گواستنەوەی قسەی زانایان دەتوانین، نەک وەکو ئێستا کە پرسیار و فەتوای سیاسیش لە ئارادایە، حوکم لەسەر وڵاتان دەدەین، نابینیت ئەم فەوزایە ئەمڕۆ لەسەر غەززە دروست بووە، هەریەکە و لە لایەکەوە فەتوا دەدات بێ ئەوەی ئاگای لە غەززە بێت، نازانێت غەززە چییە، نازانێت غەززە چۆنە، دۆخی سیاسی و ئابووری و دینی ئەو وڵاتە چییە، نازانن، یەکێک دەڵێت وەڵڵا دەستیان خۆش بێت و جیهادە دەبێت بیکەن، یەکێکیش دەڵێت، نەخێر جیهاد نییە و ئەمە هەڵەیە، ئەمە لە کاتێکدایە لەناو خۆشیاندا ناتوانن فەتوایەک بدەن و دەبێت گەورە زانایانی ئەو وڵاتە و بە ڕاوێژ لەگەڵ گەورە سیاسی و عەسکەرییەکانیان بتوانن بڕیار لە واقیعەکەی خۆیان بدەن، ئایا چی بکرێت باشە، جا وەرە ئەوان خۆیان نەتوانن ئەوە بکەن، ئێمە لێرەوە هەر یەکە و لە شوێنێکەوە خەریکی فەتواین.
لەبارەی چارەسەر ئەو دۆخە دکتۆر عەبدولفەتاح ئاماژە بەوە دەکات، کە پێش چارەسەر دەبێت ئێمە بڵێین کێشەکە چییە، بۆ وایە، گەورەترین کێشە ئەوەیە کە تەقوا نییە، ئەو کەسانە، بانگخوازەکان، مامۆستایانی ئایینی، ئەو کەسانەی کە بەم کارە هەڵدەستن، لایەنی تەقوایان زۆر زۆر کەمە، چونکە ئەگەر بێت و لایەنی تەقوا و دینداری و لەخوداترسان لەو کەساندا هەبوایە، تووشی ئەم فەوزایە نەدەبووین، ئەوەتا زانایانی پێشووتر ئەو لایەنەیان تێدا بووە، گوێیان بە کەسایەتی و پێگە زانستییەکەی خۆیان داوە، زۆر بە لایانەوە ئاسایی بووە کە دەستوەردان لە هەموو شتێک نەکەن، زۆر بەلایانەوە ئاسایی بووە لە وەڵامی پرسیارێک بڵێ نازانم، نە جارێک، نە دوو، ئەمە بۆچی، چونکە تەقوا زاڵ بووە، ئەم فەرموودەیەی کە پێغەمبەر دەفەرموێت: (أجرأکم علی الفتوی أجرأکم علی النار) بەجورئەتترینتان لەسەر فەتوادان ئەو کەسەیە کە بە جورئەتە بۆ ئاگری دۆزەخ، یانی بەرەو ئەوەت دەبات، ئەوان لەمانە ترساون، لەبەرئەوە پەنای نەبردووەتە بەر فەتوادان، وەڵامدانەوە، ئیحراج نەبوون و زۆر دڵنیا نەبووبن وەڵامی پرسیاریان نەداوەتەوە و وتویەتی نازانم، وتویەتی عاقیبەتی خۆم بپارێزم باشتر، بەڵام ئەمڕۆ ئەوانەی کە بانگخوازن، ئەوانە جارێ ئیشی خۆیان تێکەڵ کردووە، بانگخوازێکە کۆمەڵێک شێوازی جوانی هەیە لە قسەکردندا، کۆمەڵێک شتی مێژووی خوێندووەتەوە، کاتێک کە قسە دەکات خەڵک موعجیبە پێی، کە خەڵک موعجیب دەبێت، کاتێک دەزانێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵێک جەماوەری بۆ دروست بووە، خەڵکیش وا دەزانێت ئیتر ئەمە لەبەر ئەوەیە دەزانێت قسە بکات، یان زاناشە، لەوێوە دەچێت پرسیارە شەرعییەکانی لە ئەو دەکات، ئەویش پێی عەیبە بڵێت ئەوە ئیشی من نییە، چونکە دەترسێت جەماوەرەکەی کەم بێتەوە، ئیشەکەی خۆی لە بیر دەچێتەوە. چوونە ناو زانستە شەرعییەکان ئیشی ئەو نییە و لێی نازانێت، ئەوە دەبێت بە دەیان ساڵ لەبەردەمی زانادا بخوێنێت، ئەو ئەوە نازانێت، لە خوا ناترسێت بڵێت ئاخر من گوناهبار دەبم لەسەر ئەمە، لەبەر ئەوە دەست دەکات بە وەڵامدانەوە. هەموو بانگخوازێک لە بانگخوازەکان ئێستا بۆ خۆی موفتییەکە، بۆیە چەندین جار کە ئەسڵەن ئەوەی وتوویانە پێچەوانەی دەقی ڕوونی قورئانی پیرۆز بووە، بۆ؟ چونکە نازانن، نازانێت چوار ئایەت ڕاڤە بکات، لەبەرئەوە کێشەکانمان لەمەیە، تەقوا لەناو هەندێک مامۆستای ئایینی و بانگخوازدا نییە، پابەندبوونیان بە دینەکەیانەوە نییە، بووەتە کێبڕکێیەکی دونیایی و خستنەڕووی خۆیان، زیادکردنی لایک و کۆمێنت لە ناو فەیسبووک، ئەمە کێشەی ئەمڕۆی ئێمەیە.