لێكۆڵینەوەی هۆكارەكانی پەرتەوازەیی و ڕووبەڕووبوونەوە لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودیە
نووسینی: جەعفەر پارسایی وەرگێڕانی: جەواد حەیدەری
پوختە
ئێران و سعودیە وەك دوو وڵاتی كاریگەر لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژووی هەڵسوكەوتی خۆیاندا پەیوەندییەكی هەوراز و نشێویان لە میتۆدی پێكەوەژیان و ململانێ و بەریەككەوتندا تێپەڕاندووە. هەروەك چۆن بەر لەشۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە پێناو پێویستیی سیاسی و ئاسایشی ناوچەكە، ناچار بە هاوكاری بوون بۆ لە ناوبردن هەڕەشەكان و گرەنتی مانەوەی سیستەمی پاشایەتیی خۆیان بوون، بەڵام سەرهەڵدانی شۆڕش و دەرچوونی ئێران لە پێكهاتەی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژئاواییەكان بووە هۆی ئەوەی كە پەیوەندییەكانی ئەوان لە بوارە جیاوازەكان لە كەنداو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهانی ئیسلام و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەریەك بكەونەوە، بە شێوەیەكی بەرچاو لە ساڵانی ڕابروودا بە تایبەتی لەدوای ڕووداوەكانی ٢٠١١ جیهانی عەرەبیی بە خراپترین شێوە بەرەنگاری یەكتر بوونەتەوە. لەمڕووەوە لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ لەسەر ئەوەیە كە بە ناساندنی وردی هۆكارەكانی پەرتەوازەیی لە سیاسەتی دەرەوەی تاران و ریاز، تێگەیشتنێكی دروست لە ڕیشە و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی قەیران و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی دۆخی هەنووكەیی و بەردەوامبوونی قەیران لە نێوان دوو وڵات وەك یەكێك لە ئاڵۆزترین قەیرانە ناوچەییەكان تێبگەین. دەستەكەوتەكانی ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات كە دەركەوتنی بەرەنگاربوونەوە و دووركەوتنەوەی ئێران و سعودیا هەمیشە هەڵقوڵای سێ هۆكاری ئایدیۆلۆژیا و جوگرافیای ئابووری و جوگرافیای سیاسی بووە و لە هەڵكشان و داكشاندا بووە و لە ڕەوتی پێشهاتەكانی وشیاری و بێداری ئیسلامیی و بە ناوچەییبوونی قەیرانە ناوخۆییەكانی ڕۆژئاوای ئاسیا، تێكهەڵچوون و لەیەك دوورکەوتنەوە لەنێوان ئێران و سعودیا ڕووی لە زیادبوون كردووە.
بەرایی:
تاوتوێكردنی مێژووی هەڵسوكەوتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و سعودیا دەرخەری ئەوەیە كە ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییەكی پڕ لە هەوراز و نشێویان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا هەبووە. ڕێژە و ئاستی ئەم پەیوەندییانە لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژوو جیاواز بووە و هەمیشە لەنێوان مۆدێلی پێكەوەژیان و ململانێ و بەرەنگاربوونەوە لە هەڵكشان و داكشاندا بووە. بەر لە شۆڕشی ئیسلامیی، هەردوو وڵاتی ئێران و سعودیا لەژێر ئاڵای سیاسەتی دوو ستوونی ” نیكسۆن-كیسنجەر” ناچار بە هاوكاریكردن بوون بۆ لەناوبردنی هەڕەشە هاوبەشەكان، بەڵام بە سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی و دەرچوونی ئێران لە پێكهاتەی جوگرافیای سیاسی ڕۆژئاواییەكان، بووە خۆی ئەوەی كە لەهاوكێشە ستراتیژییەكانی ناوچەكە بە تایبەتی پەیوەندی تاران و ریاز گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی دروست ببێت.
لەوەها فەزایەكدا ئایدیۆلۆژی سیاسی و شۆڕشگێڕی شیعە ڕووبەڕووی ئایدیۆلۆژی سوننە و وەهابی سعودیا بۆتەوە و زەمینەی بۆ تەكینەوە و دووركەوتنەوە لە پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و سعودیا ی فەراهەمكردووە. سەرەڕای ئەوەش لە هەندێك لە قۆناغەكان شاهیدی پەرەسەندنی پەیوەندییەكان و گرژی سڕینەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بووین، بەڵام هەمیشە ڕێژەیەك لە ململانێ و دوژمنایەتییەكی ئاشكرا لەنێوان هەردوو وڵات بووە كە هەڵقوڵاوی شوناسێكی جیاوازی” ئێرانی–عەرەبی” و ململانێی ئەوان لە ناوچەی كەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. ئەو ململانێ و پێشبڕكی لێكدژانە لەم ساڵانەی دواییدا و بە سەرهەڵدانی ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبیی لە ساڵی ٢٠١١ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا قاڵبێكی نوێ لەخۆ گرتووە و بۆتە هۆی مشتومڕ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەوان، بەشێوەیەك كە لە ڕەوتی ئەو گۆڕانكارییانە هەركامیان هەوڵدەدەن تا بەرژەوەندی خۆیان لەڕێگەی سنوورداركردنی بەرژەوەندی ئەوی تر دابین بكەن.
هۆكاری دروستبوونی قەیرانەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و سعودیا
چاوخشاندنێك بە ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و سعودیا ئەو بابەتەمان بۆ ڕووندەكاتەوە، ئەم دوو وڵاتە لەبواری تایبەتمەندییەكانی ئایدیۆلۆژی، جوگرافیای ئابووری و جوگرافیای سیاسی دوای شۆڕشی ئێران ناكۆكییەكی زۆریان هەبووە. ئەم ناكۆكیانە بەهۆی هەندێك ئاڕاستەی پەیوەندی دەرەوەی ئێران لە ئاستی ناوچە، بە تایبەتی بانگەشە بۆ ئیسلام لەسەر بنەمای شیعەگەرایی، بەرهەڵستكاریكردنی لەبەرامبەر بوونی ئەمریكا لە كەنداو، بەرفراوانبوونی دەستڕۆیشتی گروپە شیعەكانی بەرهەڵستكار لە وڵاتانی دراوسێ، هەروەها ڕكابەری لەگەڵ سعودیا لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە كەلێنەكانی ناوچەی كەنداو. لەبەرامبەردا هەنگاوەكانی سعودیا بۆ پەرەپێدان بە دەستەگەرایی لە جیهانی ئیسلامدا بە ئامانجی ترس لە ئێران و شیعە، هاوكاریكردنی ئەمریكا لە هێرشكردنە سەر تەبەس ( ناوچەیەكی ئێران) پشتیوانی دارایی و زانیاری لەسەدام حسێن لە شەڕی ئێراندا، كوشتنی حەجاجەكانی ئێران لە مەکكە لەساڵی ١٩٨٧، ئامادەیی و هەڵویستی لە ئەنجومەنی هاریكاری لە كەنداو لە دژی ئێران و هەندێك پرسی ورد و درشتی دیكە، دەرفەتیان بۆ پاشەكشەكردن لە پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ڕیاز ڕەخساند. هەرچەند دوای ئەم قوناغەی پاشەكشە لە ساڵەكانی ١٩٩٠ پەنایان بردە بەر سڕینەوەی ناكۆكییەكان، پێكەوەژیان و لە ئەنجامدا هاوكاری و ململانێ. بەڵام دوای ئەوە ئەم دوو دراوسێ گەورەیە هەمدیسان پەنایان بردە بەر ململانێی توند و پاشەكشەكردن لە پەیوەندییەكانیان لە ئاستی ناوچەكەدا كە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرفراوانتر بووە. هەمیشە ئەو ئاڕاستە پاشەكشەخوازانە لەسەر بنەمای ستراتیژییە درشتەكانی سیاسەتی دەرەوەیان بووە كە بە درێژایی چەندین دەیە فۆڕمی بە سنوور و چۆنێتی ڕەفتاری هەردوولایەن داوە. سیاسەتی دەرەوەی ئێران گرنگترین بازنەی نێوانگیری شۆڕشی ئیسلامیی لەگەڵ جیهانی دەوروبەریدا كە هەڵگری پرەنسیب گەلیكی وەكو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی و چوارچێوەی وڵات، هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ وڵاتان لەژێر ناوی دژی ستەم و چەوسانەوە، بەكارهێنانی ستراتیژی هاوسەنگی نەرێنی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ موحافزەكاری دەسەڵاتدارانی عەرەبی ناوچەكە. لەچوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا هەوڵدەدات لەڕێگەی تێكدانی ڕێوشوێنەكانی ناوچەكە، ڕێكارییەك كە فۆڕمی وەرگرتووە گۆڕیوە و بەپێناسەكردنی ڕۆڵێكی نوێی ناوچەیی و دیزاینكردنی چوارچێوەیەكی ئاسایشی نیشتمانیی و ناوچەیی و جیهانیی، لەناوچەكەدا ئایدیا و ئامانجە شۆڕشگێڕییەكانی دەستەبەر بكات.
لەلایەكی دیكەوە حكومەتی سعودیا كە لە دەوری بنەماڵەی ئالی سعود دروستبووە و بەردەوام بووە، خاوەنی ستراتیژی دیاریكردووە و ئەولەوییەت بە پێی گرنگی بریتیە لە: نیمچەدوورگە، جیهانی عەرەبیی، جیهانی ئیسلام و سیستەمی نێودەوڵەتی. ئەم وڵاتە لەپێناو پڕەنسیبی سیاسەتی دەرەوەی هاوكات لە سێ ئاستدا بەشێوەی چالاك كاردەكات، لە ئاستی نێودەوڵەتی كە لەژێر كاریگەری ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا بووە، ڕۆڵی سعودیا وەك هێزێكی گەورەی نەوتی گرنگە. لە ئاستی ناوچەییدا، سەرقاڵی یاری هاوسەنگی هێز لەناو دراوسێكان، بە تایبەت ململانێ لەگەڵ ئێراندا و لەئاستی نیمچەدوورگەش لەبەرامبەر شانشینە بچووكە عەرەبەكانی ناوچەكە ڕۆڵی برای گەورە و هێزی باڵادەست دەگێڕێت. سعودییەكان لەپێناو ئەم چوارچێوە و ڕەوتەكانی پێشوو هەمیشە هەوڵیانداوە لەڕێگەی پاراستنی دابەشكردنی هێز لەناوچەكەدا و هەروەها هاوپەیمانی لەگەڵ ئەكتەرە عەرەب و ناعەرەبەكان، سیاسەتە موحافزەكارەكانی خۆی بپارێزێت بە شێوەیەك كە بۆ دەستەبەركردنی ئەم ئامانجانە هەوڵیانداوە بەجێبەجێكردنی سیاسەتێكی دەرەوەی ئەمنی و بەرژەوەندیخوازانە نائەمنی لەو وڵاتانە دروستبكەن كە سیاسەت و ڕێبازیان لەپێناو سیاسەتەكانی ڕیازدا نییە. لەوەها دۆخێك- كەلەلایەك ئێران بە دوای گۆڕینی دۆخی ناوچەكە و لەلایەكی دیكەوە سعودیا لەهەوڵی پاراستنی دۆخەكەدایە – بۆتە هۆی ئەوەی كە ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەیان لەسێ بواری سیاسەتی دەرەوە ( ئایدیۆلۆژی، جوگرافیای ئابووری، جوگرافیای سیاسی) بەریەك بكەون و لە ئەنجامدا لە ناوچەكەدا بە دوای ستراتیژی ئەمنی جیاواز و دوولایەن بن. بە تاوتوێكردنی ئەم هۆكارانە هەوڵدەدرێت وێنەیەكی ڕوون لە بۆچێتی ئەم سیاسەتەی دەرەوە پێشكەش بكرێت.
قەیرانی ئایدیۆلۆژی
بە شیكاریكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و سعودیا لەم خاڵە تێدەگەین كە لەڕابردوودا پەیوەندی و هەڵسوكەوتی ئەوان لەژێر كاریگەریی ئاڕاستە ئەمنی و ئایدیۆلۆژیانە تووشی گۆڕانكاری زۆر بووە. ئەم ئاڕاستانە لەدروستكردنی ناكۆكی لەنێواندا ڕۆڵێكی تۆخی هەبووە و فۆڕمی بە ئاسۆیەكی گشتگیر بە سیاسەتە ناوچەییەكانی ئەوان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو داوە، بەشێوەیەك كە پەیوەندی ئەوان لەژێر كاریگەریی ئەم بنەمایانە لە قۆناغێكی زەمەنیدا بە تایبەت دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی و دوای ئەو دروستبوونی بەرەیەكی بەرگری” جەبهەی مقاوەمە” ( عەرەبی- ئێرانی) بەسەركردایەتی ئێران لەناوچەكەدا ناكۆكی و ململانێ سەختەكانی ئەوانی دەستنیشان كردووە.
لەچەند ڕەهەندەوە دروستبوونی ئەم میحوەرە بۆ سعودییەكان جێی نیگەرانی بووە. یەكەم ئەوەیە كە شۆڕشی ئێران ڕووخانی حكومەتێكی پاشایەتی لێكەوتەوە و ئەم بابەتە دەیتوانی نموونە و زەنگێكی مەترسی بۆ دەسەڵاتدارانی پاشایەتی ناوچەكە بە تایبەتی بۆ بنەماڵەی ئالی سعود بێت. دووەم هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی ئێران لەژێر ناوی هەناردەكردنی شۆڕش، سیرەی لەهەموو جیهانی ئیسلام بە شیعە و سوننەوە گرتبوو و ئەم ئاڕاستەیە مەترسی لەلای سعودییەكان لێكەوتەوە. سێهەم، خەونی ” ام القرا” بوونی ئێرانی شیعە بۆ سعودییەكان كە خۆیان بە ڕێبەری جیهانی ئیسلام لە قەڵەمدەدا، زۆر قورس بوو. چوارەم، شۆڕشی شیعەی ئێران بووە هۆی وشیاربوونەوەی شیعەكان لە جیهاندا، تەنانەت لە سعودیاش. لەبەرئەوەی سعودییەكان هاوبەشی ستراتیژی ئەمریكا لەناوچەكە بوون، بە ناچاری شۆڕشی دژە ئەمریكایی ئێران ڕووبەڕووی دوژمنایەتییەكی زۆر بۆتەوە. بەهۆی ترس لە هەناردەكردنی شۆڕش و دەرئەنجامە پێكهاتە شكێنەكان بۆ حكومەتە نەریتخوازەكان پەنایان بردە بەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەشێوەیەك كە بۆ كەمكردنەوەی ڕۆڵ و دەسەڵاتی ئێران كەڵكیان لە ئامرازگەلێكی وەكو یاری لەچوارچێوەی ڕێسای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەرگرت، ڕێكەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، هاندانی دراوسێكانی ئێران بۆ بانگەشە لە خاكی ئێران، بانگەشەكردن بۆ پرۆژەی ترس لە ئێران، پشتیوانی دارایی و سەربازیی لە تیرۆریزمی تەكفیری و، هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕاپەڕینی ئازادیخوازی لەوڵاتانی ناوچەكە بۆ شەڕی ئایدیۆلۆژی شیعە و سوننە.
هەرچەندە ناكۆكی ئایدیۆلۆژیایی دوو وڵات ڕیشەی لە ڕابردوودا هەیە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدان و دروستبوونی بزوتنەوەكانی ناسراوە بە” وشیاری ئیسلامیی” ئاستی بەریەككەوتنی تاران و ڕیاز لە هەموو بوارەكانی سیاسەتی دەرەوە بەرز بۆتەوە و ململانێی كۆنی ئەوان بۆتە جۆرێك شەڕی سارد لە ئاستی ناوچەكە و جیهاندا. هەر ئێستا سعودییەكان لە عێراق، لوبنان، بەحرەین، فەلەستین و بە تایبەتی لە سووریا و یەمەن لەڕێگەی پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژیاوە لەگەڵ ئێران تووشی ململانێ و شەڕی بریكارەكانیان بووە و هەوڵدەدەن بە پەرەپێدانی توخمە سەلەفی و وەهابییەكان و دروستكردنی ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە، لەئاستی ناوچەكەدا ڕێگری لەدەسەڵاتی زیاتری ئێران بگرن. بەمەشەوە گرنگترین هۆكارێك كە بۆتە هۆی نیگەرانی زۆرتری سعودیا، ترس لە دروستبوونی هیلالی شیعە بە ڕابەرایەتی ئێران لەناوچەكەدایە. بەشێوەیەك كە ئەوان لەپاساوهێنانەوە بۆ پشتیوانیكردنیان لە گروپە تیرۆریستی و توندڕەوەكان لەعێراق و سووریا و یەمەن، هەمیشە هیلالی شیعە دەكەنە دەسكەلایەك، بەم بانگەشەوە كە كۆماری ئیسلامیی لەهەوڵی دروستكردنی لەناوچەكەدایە و سعودیاش وەك لایەنگری موسڵمانە سوننییەكان، بەچەكداركردن و پشتیوانی دارایی گروپە دژە شیعەكان لەهەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی دروستبوونی ئەم هیلالەیە كە تەنها بەرهەمی زەینی خۆیانە. ڕیاز لەكاتێكدا ئەم بانگەشەیە دەكات كە خۆی بە پشتبەستن بە دوو هۆكاری سیاسی ( بەستراوەبوون بەجەمسەری خۆرئاوا) و ئابووری ( پشتبەستن بە پارەی نەوت)، هەوڵدەدات پانتایی پشتیوانی فیكری و سیاسی خۆی جیا لە وڵاتانی دراوسێ لە باشووری ئاسیا و دوورگەكانی زەریای هیند پەرەپێبدات و بە جۆرێك كەشێكی فیكری ڕادیكاڵ پێكهاتوو لە ئیسلامگەرا توندڕەوەكانی سوننە، لە چوارچێوەی گروپە تەكفیری و ئەلقاعیدە لە هەوڵی پێكهێنانی هیلالێكی سوننەیە لەبەرامبەر هیلالی شیعەدا.
قەیرانی جوگرافیای ئابووری:
ئێران و سعودیا بەدرێژایی پەیوەندی دراوسێیەتی خۆیان و تاڕادەیەك لەساڵانی ١٩٥٠، هەمیشە بە چاوی ڕكابەر سەیری یەكتریان كردووە. ڕكابەری دوو وڵات لە بوارە جیاوازەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پیشاندەری توانای كەمی ئەوانە لە پەرەپێدانی هاوكارییەكان، بەشێوەیەك كە بازرگانیی نێوان دوو وڵات ڕێژەیەكی كەم لەكۆی بازرگانیی دەرەوەیان پێكدەهێنێت و هاوكارییە سیاسی و ئابوورییەكانیان بەشێوەی كاتی ئەویش بە دەستێوەردانی ئەمریكا بووە و لە بنەڕەتدا لە بوارە جیاوازەكانی ئابووری بەشێوەی ڕكابەر لەدوو بەرەدا كەوتوونەتە دوو بەرەی بەرامبەر. هۆكاری ئەم بابەتەش ئەوەیە كە پرسە ئابووری و سیاسییەكان لە پەیوەندییەكانیان شتێكی نەپساوە بووە و زۆربەی كات لە پەیوەندی و هاوتەریبی یەكتر هەنگاویان ناوە.
دەتوانین بەریەككەوتنەكانی ئەم دوو وڵاتە لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها گۆڕانكاری ناوچەیی و سەروو ناوچەیی لە گۆشەنیگای ئابووریی تەوەرەوە شیكاری بۆ بكەین. یەكەمین ناكۆكی نێوان دوو وڵات لەڕێكخراوەكان بە تایبەتی ڕێكخراوی ئۆپیك، بزوتنەوەی وڵاتانی بێلایەن و ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامییە. لەم ڕێكخراوانەدا، ئێران و سعودیا لەسەر بنەمای توانایی و دەسەڵاتێك كە هەیانە، زۆربەی كات بە دوای ئەوەدان كە لەو ڕێكخراوانەدا ببنە ڕابەر و بۆ دەستەبەركردنی ئەو ئامانجە كەڵك لە ستراتیژی بەهێزكردنی خۆ و لاوازكردنی بەرامبەرەكەی وەردەگرن. دووەمین ناكۆكی پەیوەندی بە ململانێی ناوچەیی ئەوان لە وڵاتانی دراوسێ بە داهاتی تاكەكەسی كەمەوە بە تایبەت لە عێراق و یەمەن و سووریاوە هەیە. زۆربەی كات ئەم وڵاتانە خاوەنی ژێرخانی ئابووریی پێویست نین و لەنەبوونی توانای وەبەرهێنان و تەكنۆلۆژیای پێشكەوتوو ئازار دەچێژن، بەم بۆنەیەوە دەتوانن بازاڕێكی گەورەی بەرخۆری بۆ كاڵاكانی ئێران و سعودیا بن. بۆیە ئەوان هەوڵدەدەن لەم ناوچانە پەرە بە دەسەڵاتی ئابووری خۆیان بدەن. سێهەمین بواری بەریەككەوتنی ئەوان پەیوەندی بەپانتایی سەرووناوچەیی هەیە. لەم پانتاییەدا وڵاتانی پەرەسەندوو دەتوانن بە وەبەرهێنان و هێنانی تەكنۆلۆژیا بۆ ئێران و سعودیا ببنە هۆی ئەوەی پەرەسەندن و گەشەی ئابووریی و لەلایەكی دیكەوە ببنە بازاڕێك بۆ فرۆشتنی كاڵا و بەرهەمهێنانەكانی ئەوان. بۆیە هەردوو وڵات بە مەبەستی سوودوەرگرتن لەم بابەتە هەوڵدەدەن لایەنی بەرامبەری خۆی بە نائەمن پێشانبدەن، بۆ ئەوەی ڕێگە لە چوونی وەبەرهێنەران بۆ وڵاتی ڕكابەر بگرن.
لەم نێوەندەدا گرنگترین ناكۆكی جوگرافیای ئابووری نێوان دوو وڵات پەیوەندی بە پرسی وزەوە هەیە. بەسەرنجدان بە گرنگی و ڕۆڵی وزە لە ئابووری سیاسیی تاران و ڕیاز، ئەوان ئەو سەرچاوە سروشتییە وەك چەكێكی بەهێز بۆ لێدانی ئابووری لایەنی بەرامبەر بەكارهێناوە بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانن گوشار لەسەر یەكتر دروستبكەن و ئامانجەكانی خۆیان بەدیبهێنن كە بەرفراوانیكردنی دەسەڵاتیانە لەناوچەكەدا. ئەم لێكدژییە سەرچاوە لە ئاڕاستە هەمبەرییەكانی ئەوان لەپرسی وزە وەردەگرێت، لەبەرئەوەی سیاسەتی نەوتی ئێران لە قۆناغە جیاوازەكاندا لایەنگری كۆنترۆڵكردنی بەرهەمهێنان و بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بووە و ئەم ستراتیژییە نەوتییە لە بەریەككەوتنی لەگەڵ سیاسەتی نەوتی سعودیایە كە هەمیشە بە دوای جێگیربوونی نرخی نەوتەوە بووە.
لەم ساڵانەی دواییدا بە لەبەرچاوگرتنی گەمارۆكانی كۆماری ئیسلامیی ئەم دوو ستراتیژییە جیاوازە شێوەی بەریەككەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. توندتربوونی قەیرانی نێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا لەسەر چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران و قورستركردنی سزاكانی سەرئێران بە تایبەتی لە بواری نەوتدا بۆتە هۆی سوود وەگرتنی سعودیا و عەرەبەكان لەو بارودۆخەی كە هاتۆتە ئاراوە بۆ ئەوەی لەبەرامبەر ئێراندا ئامانجەكان پێشبخەن و بەرژەوەندییەكانیان پەرەپێبدەن. بەشێوەیەك كە سعودیا لەئاڕاستەی گوشاری زیاتر بۆسەر ئێران بە هەناردەكردنی زیاتری نەوت، نرخی نەوتی لە بازاڕەكان زۆر دابەزاند. هەروەها هاوتەریب لەگەڵ ئەم سیاسەتە دوژمنكارانەدا بە دوای ئەوەوەیە كە بۆشایی دروستبوونی وزە بە هۆی گەمارۆكانی سەر ئێران بە ئامانجی زیاتر گۆشەگیركردنی ئەو وڵاتە دەستەبەر بكات. لەچوارچێوەی ئەو ڕەوتەدا ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێگرەوەی نەوتی ئێران بۆ ئەو وڵاتانە ڕاگەیاند كە نەوتی ئێرانیان دەكڕی. لەم ئاڕاستەدا مەلیك سەلمانیش بۆ گۆشەگیركردن و گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران، بە كەڵك وەرگرتن لە(چەكی نەوت) و بە (دیبلۆماسی بەرتیل) هەوڵدەدات ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبیی لەدژی ئێران لەگەڵ خۆی ڕێكبخات. ئەم هەڵوێستە لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكان كە گوشارێكی زۆری لەسەر ئابووری ئێران دروستكردووە، ڕۆڵێكی تایبەتی لە زۆربوونی ناكۆكی و پاشەكشە لە نێوان دوو وڵات هەبووە.
قەیرانی جوگرافیای سیاسی :
زۆربەی ململانێ و بەریەككەوتنەكانی نێوان ئێران و سعودیا شووناسێكی مێژوویی و ستراتیژی هەیە، بەشێوەیەك كە هەمیشە نیشانەگەلێك لە ڕكابەری جوگرافیای سیاسی و ئەمنی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە. ئەم ڕكابەرییانە سەرچاوە لە بارودۆخی ستراتیژی باڵادەستی وەردەگرێت كە ئێران تێیكەوتووە. زۆربەی كات لە تیۆرییە نوێیەكانی جوگرافیای سیاسی گرنگی ئێران سەرچاوە لەم ڕاستییە وەردەگرێت، كە ئەم وڵاتە لەڕێگەی كەنداو و دەریای عوممان ڕێگەی بۆ دەریای ئازاد هەیە و خاوەنی ڕێڕەوی تایبەتە لە گەرووی هورموزدا. ئەم باردۆخە ستراتیژییە بۆتە هۆی ئەم وڵاتە لە بواری كۆی هۆكارەكانی هێزەوە خاوەنی تایبەتمەندییەكی دەگمەن بێت. لەبەرامبەردا، بوونی سعودیا لەنێوان دوو ڕێڕەوی گرنگی جیهان ( كەنداو و دەریای سوور) هەرچەندە دۆخێكی جێوپۆلەتیكی تایبەتی داوەتە ئەم وڵاتە، بەڵام كەڵك وەرگرتن لەو دوو ڕێڕەوە ئاماژە پێكراوە بەستراوەتەوە بە پەڕینەوە لە گەرووی هورموز و گەرووی باب المندب، كە یەكەمیان لەژێر دەسەڵاتی ئێران و ئەوی دیكەیان لەژێر چنگی كۆماری یەمەنە كە هاوپەیمانی ئێرانە. ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی ئەوەی كە سعودییەكان بە سەرنج پێدان بە گۆڕانكارییەكانی ئەم دوایانەی ناوچەكە، لە ئاڕاستەی بەرفراوانكردنی ڕكابەری لەگەڵ ئێران و دەرچوون لە بنبەستی جوگرافیای سیاسی چالاكانە كار دەكەن.
لە ڕەوتی ئەم گۆڕانكارییانەدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو بۆتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و سعودیا و ئەوان سنووری جوگرافیای سیاسی تایبەتیان بۆ خۆیان پێناسە و دیزاین كردووە كە نە تەنها بۆتە هۆی دروستبوونی بۆشایی هێز لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵكو بەستێنی گۆڕانكاری بنەڕەتی لە بواری ئاسایشی نێوانیان هێناوەتە ئاراوە و كاریگەریی زۆری لەسەر هاوكێشەی هێز و هاوسەنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە. بەشێوەیەك كە بە هۆی ئەو گۆڕانكاریانەی جوگرافیای سیاسی بە تایبەتی لە وڵاتانی عێراق، لوبنان، بەحرەین، فەلەستین، سووریا و یەمەن، دژایەتییەكانی نێوان ئێران و سعودیا توندتر بووە و لە دواییدا بۆتە هۆی دوژمنی سیاسی و سەربازیی بۆ شەڕە نیابەتییەكان ( شەڕی جێگرەوەكان).
ئەم ئاڕاستە هەمبەرانە لە ئەنجامی ڕووداو و گۆڕانكاری جوگرافیای سیاسی لەم دوایانەدا وشیاری ئیسلامی بووە، بۆتە هۆی فۆرم گرتنی هاوسەنگی هێزە ناوچەییەكان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەكانی ئێران و بە زیانی سعودیا ، بەشێوەیەك كە ئەنجامی ئەو هاوسەنگییە زۆربوونی ڕۆڵ و دەسەڵاتی ئێران لە گۆڕانكارییەكانی عێراق، لوبنان و سووریا و ئامادەبوونی ئێران لەیەمەن بۆتە هۆی زۆربوونی مانۆڕدانی ئێران لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا. لەم نێوەندەدا بەسەرنجدان بە كەشی ڕیالیستی زاڵ بەسەر ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سعودییەكان زۆربوونی دەسەڵاتی ئێران لەناوچەكەدا بە زیانی خۆیان دەزانن و لەچوارچێوەی “یاری بە كۆی سفر” هەوڵی بەرەنگاربوونەوەیان داوە. ئەم ئاڕاستە دوژمنكارانەی سعودییەكان سەرچاوە لە هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتدارانی ئالی سعود لەداڕمانی ڕێكاری ناوچەیی وەردەگرێت، كە ڕوانگەی خۆیانە و ئەو بە جووڵەیەك لەلایەن ئێرانەوە بۆ دروستكردنی قەیرانی ئاسایشی نیشتمانیی و شەرعییەتی نەریتی خۆیان دەزانن. لەم چوارچێوەیەدا بو سنوورداركردنی دەسەڵاتی ئێران و گۆڕانگاری لە هاوسەنگی هێز لەناوچەكەدا، بە كەڵك وەرگرتن لە گروپەكانی سەلەفی و داعش پشتیوانی لە نەیارانی ئەو سیستەمانە دەكەن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت. لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارانی ئالی سعود لەو باوەڕەدان كە یەكێك لە ڕێوشوێنەكانی سنوورداركردنی ئێران لەناو جیهانی عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانانی جیۆپۆلەتیكی ئێرانە. دەتوانین ئەو ڕێوشوێنانەی ئەوان بەكاری دەهێنن لەچوارچێوەی نیشانەگەلێك لە مشتومڕی ستراتیژی لە بەحرەین، ڕووبەڕووبوونەوەی توندی حكومەتی بەشار ئەسەد و هێرشی سەربازیی بۆ سەر یەمەن، نائەمن كردنی سیاسی لەڕێگەی تیرۆر لە لوبناندا، بۆمب دانانەوە و كردەوە خۆكوژییەكان و ئامادەبوونی گروپە سەلەفی و تەكفیرییەكان لە عێراق بزانین.
- ناوەندە گرنگەكانی ڕكابەری جوگرافیای سیاسی لە ئێران و سعودیا
گۆڕانكارییەكانی ٢٠١١ ناسراو بە هۆشیاری ئیسلامیی لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەكە بووە هۆی ئەوەی نموونەیەكی جیاواز لە قەیران لە گۆڕەپانی جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبووە. ئەم گۆڕانكارییە دۆمینەییەكان گۆڕانكاری و جێگوڕكێ سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ناو ئەكتەرە سەرەكی و ناسەرەكییەكانی ناوچەكە دروستكردووە و، بۆتە هۆی دروستبوونی بەرەی جیاواز لەناوچەكەدا. تاران و ڕیاز وەك ئەكتەرە گەورەكانی ئەم گۆڕانكارییانە، بەپێی ستراتیژی و بەرژەوەندییەكانی تایبەتی خۆیان لەو ناوچانەی كە ناكۆكییان لەسەرە، هەڵوێستی جۆراوجۆریان نمایش كردووە. بەشێوەیەك كە پشتیوانیكردنی ئێران لە بزوتنەوە جەماوەرییەكان و لەبەرامبەردا هەوڵی بەردەوامی سعودییەكان بۆ سەركوتكردنی ئەو بزوتنەوە جەماوەرییانە ئاڕاستەی بەریەككەوتووی لەبەرامبەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە گرتۆتەبەر، ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی ناكۆكی و توندتربوونی مشتومڕەكانی نێوانیان لەچوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و سەربازیی.
ڕەوتی گۆڕانكارییەكانی هۆشیاری ئیسلامیی بەشێوەیەك بووە كە زۆربوونی ڕۆڵ و كاریگەریی ناوچەیی ئێران میحوەری خۆڕاگری بەدواوە هەبووە. بەجۆرێك پشتیوانیكردنی ئێران لەم بزوتنەوانە، هاوسەنگی هێزی ناوچەیی لە زیانی سعودیا و وڵاتانی دیكە گۆڕیوە. لەم ئاڕاستەیەدا سەرانی سعودیا هەوڵیانداوە وەڵامبدەنەوە و ئەم هاوسەنگییە لە ئاڕاستەی زۆربوونی دەسەڵاتی ناوچەیی ئێران و لە بەریەككەوتن لەگەڵ ئاڕاستە و سیاسەتە ناوچەییەكانی خۆیان هەڵسەنگێنن. لەمڕووەوە ڕێگەچارە لە تێپەڕین لە سیاسەتی نەریتی خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ئامادەیی و چالاكانەتر بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە زانیوە. لەهەوڵی ئەوەدان بە سوودوەرگرتن لەم قەیرانانە هاوسەنگی هێز لەناوچەكە لەقازانجی خۆیان بگۆڕن. لەو چوارچێوەیەدا گوشاری سعودیا و هاوپەیمانەكانی لەسەر حكومەتی شیعەی عێراق، هەوڵدان بۆ لاوازكردنی گروپە خۆڕاگرییەكانی فەلەستین و ڕەوتەكانی شیعە و حزبوڵڵای لوبنان، پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی نەریتی بەحرەین و ڕێگریكردن لە جێگیربوونی دیموكراسی و بەهێزبوونی شیعەكان لە بەحرەین و دەرهێنانی سووریا لە ڕیزی هاوپەیمانانی ئێران لەڕێگەی گۆڕینی حكومەت و پشتیوانیكردن لە گروپە سەلەفی و جیهادییەكان، هەروەها هێرشی ئاشكرا بۆ سەر یەمەن ڕەنگدانەوەی بەریەككەوتنی ئەوان لەگەڵ ئێران و لە ئاڕاستەی سیاسەتەكانی سعودیا لەسەر بنەمای كۆنتڕۆڵكردنی كاریگەریی ئێران لەناوچەكە، شیاوی هەڵسەنگاندنە لەم بەشەدا دەمانەوێت باسی ئەو هەنگاوانە بكەین كە ئێران و سعودیا لە بڕشتی ئەرێنی بۆ زۆرتركردنی دەسەڵاتی ڕێژەیی خۆیان و لە بڕشتی نەرێنی بەمەبەستی كەمكردنەوەی هێزی ئەوی تر لە ناوچەكە جێبەجێان كردووە.
بەڵام لەبەرئەوەی ململانێی ئەم دوو وڵاتە لەناوچەكەدا تا ڕادەیەك هەموو بابەتەكانی جوگرافیای سیاسی، جوگرافیای ئابووری و ئایدیۆلۆژی لەخۆ دەگرێت، بەمەشەوە بۆ دووری گرتن لە پەرش و بڵاویی و پاراستنی یەكبوونی توێژینەوەكە زۆرتر لە ڕوانگەی جوگرافیای سیاسی و بە پێداگری لەسەر ململانێیە سیاسی و سەربازییەكانیان و لەپانتایی گۆڕانكاریی وڵاتانی عێراق، لوبنان، بەحرەین، فەلەستین، سووریا و یەمەن بە ئامانجی ناسینی ئاڕاستەكانی پاشەكشەكردنی سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵات باسدەكرێت.
گۆڕانكارییەكانی عێراق
بنەمای توێژنەوە و لێكۆڵینەوە جوگرافی سیاسیی ناوچەكە دەبێت لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریكا لە دژی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەست پێبكرێت. لە دوای ئەو هێرشە گۆڕانكارییەكی زۆر لە ئاسۆی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوە، بەشێوەیەك كە بە لەناوچوونی سەدام، هاوسەنگی باوی نێوان ئەكتەرەكانی ناوچەكە كە چەندین دەیە وەك خۆی بوو بە تەواوەتی سەرەونخوون بوو و گۆڕدرا. ئەم گۆڕینە لەلایەكەوە بەغدای لە سێگۆشەی ململانێ ناوچەییەكەی كەنداو دەركرد و لەلایەكی دیكەوە عێراق بوو بە گۆڕەپانێكی نوێ بۆ پێشبڕكی و ڕكابەری نێوان ئێران، ئەمریكا و سعودیا. ئەم پڕۆسە تازە لە عێراق دوای سەرهەڵدانی گروپی داعش قاڵبێكی ئاڵۆزی لەخۆی گرت كە بووە هۆی ئەوەی كە شێوازی نوێ لە هەڵسوكەوت كردن و ڕوانگە و لێڕوانین لە نێوان تاران و ڕیاز، هاوسەنگی هێز لە ڕۆژئاوای ئاسیا و بەگشتی وێنەیەكی نوێ لە ناوچەكە بێتە ئاراوە.
هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق، هەوڵی ئێران و سعودیا بۆ دروستكردنی هاوسەنگی هێز، یان تێكدانی هاوسەنگی هێزەكانی كە لە ئارادا بوون خستەژێر كاریگەریی خۆیەوە و بووە هۆی ئەوەی كە نفووز و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق و بگرە لەناوچەكەشدا پەرە بستێنێت، چونكە دەستكەوتی دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق، دروستبوونی حكومەتێكی تاڕادەیەك دیموكراتیك لەسەر دەستی شیعە لەو وڵاتە و ئەمە شتێك بوو كە ئێران لەدوای سەركەوتنی شۆڕش بۆ دەربازبوون لە كێشەی جوگرافیای سیاسی زۆری پێویست بەوەبوو. هەربۆیە بە سڕینەوەی ئەو دوژمنە، هێزی مانۆڕی ئێرانیی بەرزكردەوە و دەسەڵاتی چەندین ساڵەی سوننەكان بەسەر سیستەمی سیاسی عێراق كۆتاییهات و لەبەرامبەردا زەمینەی بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی شیعەكانی هاوئاڕاستەی ئێران خۆشكرد. ئەمەش بە واتای دەربازبوونی ئێران لە گۆشەگیری جوگرافیای سیاسی لە ئاستی ناوچەكە و دروستكردنی دەرفەتێكی بێ وێنە بۆ دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق لەقەڵەمدەدرا. دەرهاویشتەی ئەو دۆخە گەیشتە ئەوەی كە چالاكبوونی سیاسەتی یەكگرتووسازی ئێران و میحوەری” تاران-بەغدا” دروست بێت و لە كۆتاییدا كەڵەكەبوونی هێزێكی زیاد لەپێویست بوو كە ستراتیژییەكە لە ململانێی ناوچەیی لەگەڵ سعودیا بوو.
سعودیا ئەگەرچی سەرەتا بە كەوتنی سەدام و لەناوچوونی حزبی بەعس دڵخۆش بوو، بەڵام دوای گۆڕانكارییەكان لە دەسەڵاتدارێتی عێراق و هاوئاڕاستەبوونی شیعەكان و كوردەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لە (سیاسەتە بنچینییەكانی ئەو وڵاتە و، پەراوێزخستنی سوننەكان و نادیدەگرتنی سعودیا بەلەبەرچاوگرتنی ئەو پێگە و بەشەی كە سعودیا لە عێراق بۆ خۆی قائیل بوو، بووە هۆی ئەوەی كە ناڕەزایەتی سعودیا ی لێ بكەوێتەوە. ئەم ناڕەزایەتیشە لەوەوە سەرچاوەی دەگرێت كە حكومەتی عێراق بە درێژایی چەندین دەیە هەمیشە وەك هاوسەنگی و ڕێگر لەبەرامبەر ئێراندا هەڵسوكەوتی كردبوو، ئێستاش كە پێكهاتەی نوێی لەو وڵاتە بۆتە هۆی كەمكردنەوەی ڕۆڵی بەربەست و هاوسەنگی لەبەرامبەر ئێراندا و لە ئەنجامدا بەرزبوونەوەی هێزی نفووز و كاریگەریی تارانی لێكەوتۆتەوە. لەم هەلومەرجەدا و لەچوارچێوەی لۆژیكی هاوسەنگی هێز، سروشتییە كە سعودیا بەنیازی قەرەبووكردنەوەی ئەم بۆشاییە بێت و لە ڕاستیدا دروستبوونی هاوسەنگی هێز بە قازانجی ئێران دەبێت. هەربۆیە بە سەرنجدان بە هەڵوێستگیری گشتی سیاسەتی دەرەوەی سعودیا بنیاتنراو بۆ ڕێگری لە زۆربوونی نفووزی ئێران لەناوچەكەدا، عێراق دەكات بە گۆڕەپانێك بۆ ئاڕاستەی دژایەتی كردنی ئێران. بەشێوەیەك كە ئەو وڵاتە لەبەرامبەر سیاسەت و نفووزی نەرم بڕی ئێران لە عێراق تەنانەت لەبەكارهێنانی سیاسەتی توندیش هیچ باكێكی نییە. دەرهاویشتەی نالەباری بەكارهێنانی ئەو دوو ستراتیژییە جیاوازە لە بەستێنی پێكهاتەی نوێی عێراق، گۆشەگیری زیاتری سعودیا و یەكگرتوویی تاران–بەغدای لێدەكەوێتەوە و لە كۆتاییدا عێراق دەكات بە یەكێك لە جەمسەرەكانی بەهێزی جوگرافیای سیاسی شیعە لە ناوچەكەدا. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئێران و سعودیا نەتوانن بچنە ناو قۆناغێكی نوێی هاوكاری و ململانێ و ناكۆكی نێوان دوو وڵات بەردەوام دەبێت.
گۆڕانكارییەكانی لوبنان
لوبنان بەهۆی دراوسێیەتی لەگەڵ سووریا و فەلەستین وەك وڵاتێكی نا ئەكتیڤ و ناقایم لە قەڵەم دەدرێت و سەرچاوەی گۆڕانكاری هەمەڕەنگ لەوانە: تیرۆری ڕەفیق حەریری لە ساڵی ٢٠٠٥، دەستێوەردانەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، پەسەندكردنی بڕیاری ١٥٥٩، شەڕی ٣٣ ڕۆژەی ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە هاوینی ٢٠٠٦ بووە، كە بەرهەمی ئەم ڕووداوانە لەناو گۆڕەپانی سیاسی بۆتە هۆی پێكهێنانی دوو گروپی ١٤ و ٨ مارس كە ئەم دوانە لەدژی یەكتر وەستاونەتەوە.
ئەم وڵاتە بەهۆی ئەو پێگە ستراتیژی و هەستیارەی كە لەناوچەكەدا هەیەتی، بووە بە گۆڕەپانێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەكتەرە ناوچەیی و نا ناوچەییەكان بە شێوەیەك گۆڕانكاری و جموجۆڵ و كاروكردەوە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بۆتە هۆی تێكهەڵچوون و پێكدادنی دوو هێزی لێكدژ لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا. لەلایەكی ئەم گۆڕەپانە، گروپی موقاوەمە، حزبوڵڵا لەگەڵ پشتیوانە ناوخۆییەكانی لەلوبنان و سووریا و ئێران هەن و لە بەرامبەریشدا سعودیا و ئەمریكا و هاوپەیمانە عەرەبیی و ڕۆژئاواییەكان ڕاوەستاون، ئەم دیمەنە ئاشكرایەی ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێی جوگرافیای سیاسی ئەكتەرە دەستێوەردەرەكان، لەم وڵاتەدا یارییەكی بە كۆی سفر هێناوەتە ئاراوە.
بە چاوخشاندنێك بە گۆڕانكارییەكانی كە باسكرا دەتوانین سەرەداوێك لە ململانێی ئاشكرا یان نهێنی ئێران و سعودیا ببینین كە هەمیشە لوبنان وەك ناوچە بۆ جەنگێگی جێگرایەتی لەنێوان ئێران و سعودیا لە ئارادا بووە، ئەو دوو وڵاتە بەپێی ستراتیژی تایبەتی خۆیان لە بواری سیاسەتی دەرەوە، لوبنانیان وەك ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی خۆیان سەیركردووە، هەر بەم هۆیەشەوە كاریگەرییان لەسەر جووڵە سیاسییەكانی لوبنان داناوە. وەها دۆخێك سەرچاوەی لە ئامادەبوونی هێزەكان و گروپەكانی شیعە و سوننە لەلایەك و ڕۆڵی بەیروت لە كێشمەكێشی مێژوویی و ڕەوتی ئاشتی عەرەبەكان لە گەڵ ئیسرائیل لەلایەكی تر. ( ساعی و علیخانی، ١٣٩٢: ١١٩-١٢٠)
لە ئەنجامی گۆڕانكارییەكانی چەند ساڵی ڕابردوو لە لوبنان، حزبوڵڵا وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی ئێران بە پشتیوانی ئەو وڵاتە هێز و دەسەڵاتێكی زۆری بەدەستهێناوە و لەبەرامبەریشدا ئێرانیش بەهۆی حزبوڵڵاوە لەچاو ڕكابەرەكانی ڕۆڵێكی زۆری هەبووە لە گۆڕانكارییەكانی لوبنان. ئەو ڕۆڵەش لەڕاستیدا لە ڕێگەی حزبولڵاوە لە دوو قۆناغدا ڕوویدا. یەكەم بە پیشاندانی هێز لەبەرامبەر ئیسرائیلدا لە شەڕی ٣٣ ڕۆژە، دووەم سەركەوتنی حزبوڵڵا لە دەوری نوێی ململانێ ناوخۆییەكانی لوبنان و كاریگەریی ئەو گروپە لە گۆڕانكارییەكانی بێداری ئیسلامی و ڕۆڵی كاریگەریان لە دژی داعش لە لوبنان و سووریا و عێراق كە ئەمەش نیشانەی بەهێزبوونی ڕۆڵ و هێزی گروپی موقاوەمە كە هاوپەیمانی ئێرانن. گۆڕانكارییەك كە لە ڕوانگەی سعودییەكان وەكو زۆربوونی نفووزی ئێران لە لوبنان و دیاریكەرێكی باڵایە لە هاوكێشەو كێشەكانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەكان.
عەرەبەكان بە ڕێبەرایەتی سعودیا بە دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لە پێگە و جێگەی حزبوڵڵا و پەیوەندی ئێران بە كاروباری عێراق و سووریا و لوبنان، گەڵاڵەی چەمكی هیلالی شیعە بەرەنگاری بەرەی موقاوەمە (بەرەی بەرگری) دەبنەوە. لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی دارایی و سیاسی لە هاوپەیمانی ١٤ی مارس لە پێناو لاوازكردنی شیعەكان بەرەنگاربوونەوەی حزبوڵڵا وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی ئێران دەبێتەوە. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش لە لاوازی پێگەی جوگرافیای سیاسی ریاز لە گۆڕانكارییەكانی بێداری ئیسلامیی سەرچاوە دەگرێت. بە شێوەیەك كە سعودییەكان بە لەدەستدانی كۆنترۆڵی عێراق و لوبنان و سووریا و یەمەن بە قازانجی ئێران، هەنووكە بە دوای زیندووكردنەوەی دووبارەی نفووزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسەنگكردنی دووبارەی هێزن بۆ قازانجی خۆیان. لە ئەنجامدا ئەم ستراتیژە پەرتەوازەخوازی، لوبنانی كردووە بە گۆڕەپانێك بۆ دەست و پەنجە نەرمكردن لەنێوان ئێران و سعودیا .
گۆڕانكارییەكانی بەحرەین:
بەحرەین وەك شاكلیلی ململانێیە ناوچەییەكانی ئێران و سعودیا لە كەنداو لە قەڵەمدەدرێت. ئەو وڵاتە لەجوگرافیای سیاسیدا خاوەنی بەهرەیەكی تایبەتە، كە لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەهۆكاری مێژوویی و فیرقەیی هەمیشە سەرچاوەی سەرەكیی گرژی نێوان ئێران و سعودیا بووە. لەهۆكارە سەرەكی و گرنگەكانی ئەو گرژیانە ناكۆكی و ناتەبایی پەیوەندیدار بە باسی شیعە و سوننەیە. ئەم هۆكارە لە پاڵ بوونی کەشتی فڕۆكەهەڵگری پێنجەمی ئەمریكا لە “منامە” ئاڵۆزییەكی زیاتری لە پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات دروستكردووە. چونكە تاران ئال سعودی بە بەرپرسیار دەزانێت لە پێشوازیكردن لە هێزەكانی ئەمریكا لە كەنداو و لەسەر ئەو بڕوایەیە كە خەلیفەی بەحرەین بە نوێنەرایەتی سعودیا خانەخوێی هێزەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی كە دوای خۆپیشاندانەكانی جەماوەری لەو وڵاتەدا شاهیدی پەرچەكردارە جیاوازەكانی ئێران و سعودیا بووین لە بەرامبەر ئەو گۆڕانكارییانە. بە شێوەیەك كە لە ئەنجامدا پشتیوانی ئێران لە شیعەكانی بەحرەین، سعودیا دەستی بە دەستێوەردانی ئاشكرای سەربازی لەو وڵاتەدا كرد. ئەم دەستێوەردانە لەو ڕوانگەیەوە جێی سەرنجە كە سعودییەكان لە پێكهاتەی ئاسایشی نیشتمانی خۆیان بەحرەین وەك حەوشەی دواوەی خۆیان لە قەڵەم دەدەن. لەڕاستیدا یەكێك لە نیگەرانییەكانی سعودیا لە ئەگەری دروستبوونی بزوتنەوەیەكی خۆڕسكی بەرگری هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنان بوو لە بەحرەین. لەسەر ئەم بنەمایە سعودیا بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ بەحرەین و سەركوتكردنی شیعەكان، ئەو بابەتەی كرد بە بابەتێكی فیرقەیی.
ئەم ستراتیژی نەیارانەی سعودیا لە پەیوەندی خزمایەتی و قەبیلەیی خانەدانی دەسەڵاتداری سعودی و بەحرەینی لەلایەك و دراوسێیەتی جوگرافیایی و خزمایەتی هەندێك لە عەشایەر و قەبیلەكانی بەحرەین لەگەڵ دوو ناوچەی شیعە نشینی” ئەحسا و قەتیف” لە لایەكی ترەوە بوو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی كە ریاز ستراتیژییەكی تایبەت لەبەرامبەر گۆڕانكارییەكانی ئەو وڵاتە بگرێتەبەر، چونكە نائارامی و گرژییەكان لە بەحرەین بە ئاسانی دەتوانی دزە بكاتە ناو خاكی سعودیاوە. هەر بەم هۆیەوە بەمەبەستی ڕێگریكردنی سەرهەڵدانی وەها ڕووداوێك، بە تۆمەتباركردنی ئێران بەوەی كە دەست لەكاروباری ناوخۆیی بەحرەین لەڕێگەی هێز و نفووزی سیاسی و سەربازیی و ئەمنی و دارایی و تەنانەت ئایینیش هەوڵیدەدا تا بە ستراتیژی پاراستنی دۆخی مەوجود و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەر جۆرە گۆڕانێك لەو وڵاتە، ڕێبەرایەتی ئەمنی خۆی لەناوچەكە بسەلمێنێت. لەمڕووەوە لەو پێناوەدا بە دیسیپلینی ئاسایشی ناوچەیی خۆی لە هەنگاوێكی دەستپێشخەرانە و هاوكات بێدەنگی ئەنجومەنە نێودەوڵەتییەكان دەستیكرد بە دەستێوەردانی ئاشكرای سەربازیی لە بەحرەین و لەڕۆژی ١٤ مارسی ٢٠١١ دا ١٥٠٠ سەربازی سعودی لەژێر ناوی قەڵغانی جەزیزە چوونە ناو خاكی بەحرەینەوە. ئەم دۆخە نەك تەنها هەڵویستی گەلی ئێران بەڵكو پەرچەكرداری گەلانی شیعەی ناوچەكەشی لێكەوتەوە و بوو بە بابەتێكی فیرقەیی، كە یەكێكە لە ترسناكترین شێوازی تێكهەڵچوون و كێشمەكێش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێرانیش لەسەر بنەمای ڕوانینی ئایینی و بەها مرۆییەكانی خۆی پشتیوانی مەعنەوی خۆی لە خۆپیشاندەرانی بەحرەینی دەربڕی و تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە حكومەتی بەحرەین دەبێت گرنگی بە ماف و ویست و داخوازییەكانی گەلی بەحرەین بدات و هاوكات زۆر بەتوندی ناڕەزایەتی خۆی لەمەڕ هاتنەناوەی هێزەكانی سعودیا و ئیماراتی بۆ خاكی بەحرەین دەربڕی.
هەروەها كاتێك حكومەتی بەحرەین مافی هاووڵاتیبوونی لە یەكێك لە ڕابەرانی شیعی بە ناوی شێخ عیسا قاسم ڕابەری مەعنەوی شۆڕشی بەحرەین سەندەوە، حكومەتی بەحرەین بەرەوڕووی پەرچەكردارێكی جیاوازی ئێران بوویەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوپەڕی گرژییەكانی نێوان ئێران و سعودیا ئەو كاتە ڕوویدا كە سعودیا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ” شێخ نمر” مەلای شۆڕشگێڕی شیعری بەحرێنی دەركرد بە تۆمەتی كردەوەی تیرۆریستی لە ساڵی ٢٠١٦دا. ئەو هەنگاوەی سعودیا بەشێوەیەكی بەرچاو بووە هۆی توڕەبوونی گەلی ئێران بە شێوەیەك كە باڵوێزخانەی سعودیا لەتاران كەوتە بەر هێرش، دوای ئەو ڕووداوە سعودیا بە تەواوەتی پەیوەندی دیپلۆماتیك و ئابووری خۆی لەگەڵ تاران پچڕاند و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە گرژی لەنێوان ئێران و سعودیا زیاتر بێت و پەرتەوازەیی لەنێوان هەردوو وڵات ڕووی لە زیادبوون بێت.
گۆڕانكارییەكانی فەلەستین:
ئێران و سعودیا وەك دوو ڕكابەری ناوچەیی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لێكدژییەكیان لە بەرژەوەندی جوگرافیای سیاسی پەیداكردووە. لە گۆڕانكارییەكانی فەلەستینیش وەك یەكێك لە كۆنترین و گرنگترین مشتومڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەك باقی ناوچەكانی كێشە لەسەر، كەوتۆنەتە ڕووبەڕووبوونەوە بەرەنگاربوونەوەی یەكتر. بە شێوەیەك كە هەركام لەم دوو ئەكتەرە گونجاو لەگەڵ ڕەوتی ئەو گۆڕانكارییانە ئامانج و بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەپەیوەندی لەگەڵ گروپ و ڕەوتە جیاوازەكان پێناسە كردووە. لەم نێوەندەدا پشتیوانی سعودیا لە حكومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لەلایەك و پشتیوانی ئێران لە حەماس و باقی گروپە جیهادییەكان بەرهەڵستی و هەڵوێستگیری ئاشكرای ئێران و سعودیا سەبارەت بە دۆخی فەلەستین لە لایەکی تر دەردەخات.
كۆماری ئیسلامیی ئێران لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لەسەر بنەمای سیاسەتی دەرەوەی خۆی، پشتیوانی لە گروپە ڕزگاریخوازەكانی جیهان، هەمیشە لە گروپە بەرگریكارەكانی فەلەستینی لەبەرامبەر خەبات لەدژی ئیسرائیل پشتیوانی كردووە و بە گەڵاڵە و پلان و سیاسەتە جیاوازەكانی وەك پرۆژەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەڕەسمی ناساندن و قبوڵكردنی ئیسرائیل دژایەتی كردووە.
لەڕوانگەی بەرژەوەندی نیشتمانی كۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە ئامانجەكانی گەلی فەلەستین و سازش نەكردن لەبەرامبەر ئیسرائیل بۆتە فەرزێكی ئاشكرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا كە دوای تێپەڕبوونی دەیەی چوارەمی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەم فەرزە ئاشكرا و ئامانجەكانی شۆڕش هۆكاری ڕیالیستی و كردەوەییەكانی زۆر بوون.
لەبەرامبەردا ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی سعودیا لەم بوارەدا جیاوازە و بەگشتی پشتیوانییەكی زیاتر لە گروپەكانی ئاشتیخوازی وەك ڕێكخراوی فەتح دەكات. ڕاستییەكەی ئەوەیە كە گۆڕانگارییەكانی چەند ساڵەی دوایی لە سعودیا سەبارەت بە قەزیەی فەلەستین دەبێت لە جۆری ڕوانینی ستراتیژی سعودیا سەبارەت بە هاوسەنگی هەڕەشە و وێنایەكی كە لە ئێرانی هەیە وەك هەڕەشە لەپاش سەركەوتنی ڕێكخراوی حەماس بەسەر بزوتنەوەی فەتحدا كە كە ڕۆڵی كاریگەری ئەو گروپە بە تایبەتی لەبەرامبەر ئیسرائیل لە شەڕی ٢٢ ڕۆژە كە بووە هۆی زیادبوونی نفووز و دەستڕۆیشتوویی ئێران لەناو گروپەكانی موقاوەمەی فەلەستینی شرۆڤە بكەین. كە ئەمەش بە شێوازێك بوو، بووە هۆی نیگەرانی زیاتری سعودیا و زۆربوونی ڕۆڵ و نفووزی ئێران لە گۆڕانكارییەكانی فەلەستیندا.
لەم نێوەندەدا سعودیا، پشتیوانی ئێران لە گروپەكانی موقاوەمەی فەلەستینی بە دەستێوەردانی نامەشروع لە كاروباری وڵاتانی عەرەبیی دەزانێت، هەوڵ گەلێكی زۆری ئەنجامداوە تا بە جۆرێك بتوانێت لەبەرامبەر ئێراندا هاوسەنگی دروستبكات و لە پەرەسەندنی نفووز و كاریگەرییەكانی ئێران لەوبوارەدا كەم بكاتەوە. لەم پێناوەدا كۆمەكەكانی سعودیا بە مەحمود عەباس و حكومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لەبەرامبەر حەماس و جیهادی ئیسلامی، لە ئاڕاستەی لاوازكردن و كەمكردنەوەی هێز و دەسەڵاتی گروپەكانی سەر بە ئێرانە، ئەمەش دەرخەری دژایەتیكردنی سعودیا لەگەڵ هاوپەیمانانی ئێران لە كێشەی فەلەستین دا. هەروەها ئەوان لەبەرامبەر ئەو ڕەوتەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نفووز و دەستڕۆیشتوویی ئێران، بەرەو لای جۆرێك هاوسەنگی سازی دەرەكیخواز، لەوانە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و لە هەمووان گرنگتر هاوئاڕاستەیی بوون لەگەڵ ئیسرائیل لەدژی هەڕەشەكانی ئێران هەنگاویان ناوە. بەجۆرێك كە لەئێستادا دەتوانین باس لە جۆرێك دروستكردنی هاوپەیمانی ناڕەسمی و هاوئاڕاستە و هاوئامانج لەگەڵ هەڵویستی نێوان سعودیا و ئیسرائیل بكەین. لە هەلومەرجی ئێستا ڕوانگەی سعودیا سەبارەت بە كێشمەكێشی فەلەستین–ئیسرائیل زۆر لە ژێر كاریگەریی ڕوانگەی تۆڵەسەندنەوەی ئەو وڵاتە لە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا. لەدیدی سعودیاوە بابەتی ئێران گرنگترە لە دەستدرێژیكردنە سەر خاكی فەلەستین. لەڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ سعودیا بە هەڕەشە لەدژی خۆی دەزانێت نەك مشتومڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵكو بابەتی تێكچوونی هاوسەنگی هێز لەناوچەكە لە قازانجی ئێران دایە. لەبەرئەوەیە دەبینین سعودیا كێشمەكێشی فەلەستینی كردۆتە بنەمایەك بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامانجەكانی لەبەرامبەر ئێراندا. بەو هیوایەی كە بتوانێت بە گونجاندنی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر ڕووناكی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و لەچوارچێوەی دژایەتیكردنی ئێران، بەرەو لای ڕێكەوتنێكی ڕەسمی یان ناڕەسمی و ڕەخساندنی بارودۆخێك بۆ ڕێكەوتنی فەلەستین و ئیسرائیل بەمەبەستی زیاتر چڕبوونەوە بەسەر ئێراندا هەنگاو بنێت. بە باشی دەتوانین ڕەنگدانەوەی ئەو ڕوانگەیە لەجۆری پەرچەكردار و هەڵوێستەكانی لە ئاست پرسی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریكا بۆ شاری “بیت المقدس” و لەم دوایانەشدا لە پرۆژەی ئاڵوگۆڕی سەدەدا ببینینەوە. بەشێوەیەك بە پێچەوانەی هەندێك سیاسەتی ڕاگەیەنراوی سعودیا لەبارەی پرۆژەی ئاڵوگۆڕی سەدە و پێش ئەویش گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریكا بۆ بیت المقدس، ئەم وڵاتە بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی تۆڵەسەندەوەی خۆی لە بەرامبەر ڕۆڵی هێزی ناوچەیی ئێران، مەیلی بۆ ئەو ئاشتییە لە فەلەستین هەیە كە ئەمریكا و ئیسرائیل مەبەستیانە.
گۆڕانكارییەكانی سووریا:
سووریا بەهۆی بوونی لە ناوچەی ستراتیژیكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها بوونیشی لە کەناری دەریای ناوەڕاست و هاوسنووربوونی لەگەڵ عێراق و لوبنان و فەلەستین لە تیۆرییەكانی جوگرافیای سیاسیدا گرنگییەكی تایبەتی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێگە ستراتیژییە تایبەتە و بەدەستپێكردنی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا، ئێران و سعودیا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ چوونە ناو قەیرانی سووریاوە. زیاتر لە هەموو كاتێك ئەم قەیرانە دژیەكی ئاڕاستەكانی ئەوانی ئاشكرا كرد. لەبەرئەوەی ئەوان لەبارەی قەیرانی سووریاوە بە بەراورد لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە گرژتر و ئاڵۆزتر هەنگاویان ناوە. لە چوارچێوەی شەڕی جێگرەوە مشتومڕ و ملمانێیان دەستپێكرد. بەشێوەیەك كە پشتیوانی ئاشكرای سعودیا لە بەرهەڵستكارانی بەشار ئەسەد، ئەم وڵاتەی خستە بەرامبەر ئێرانەوە كە یەكێك لە هاوپەیمانان و لایەنگری ئەسەد بوو. ڕیاز هیوادارە كە بەڕووخانی حكومەتێك كە ئێران پشتیوانی دەكات بتوانێت كاریگەریی زۆرتری لەسەر ڕەوتە سیاسییەكانی عێراق و لوبنان هەبێت و لانیكەم هاوسەنگێكی نوێ لە هێزە سیاسی و ئایینیەكان لە ناوچەكەدا دروستبكات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەبەرامبەر میحوەری شیعە و دەسەڵاتی ئێران خۆڕاگر بێت، كە بە باوەڕی ئەوان دوای گۆڕانكارییەكانی هۆشیاری ئیسلامیی زۆر بەهێز بووە. بە لێڕوانینێكی وەهاوە، سعودیا جیا لەوەی كە ئەم گۆڕانكارییانەیان بە دەرفەتێك بۆ تاقیكردنەوەی سیاسەتی نوێی خۆیان بە شیاو زانی، دەیانەوێت بەئاڕاستەكردنی گۆڕانكارییەكانی سووریا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی و جۆرێك شەڕی ناوخۆیی و تەنانەت ناوچەیی، ڕەوتی شۆڕشە عەرەبییەكان تووشی قەیران بكەن. سعودیا بەپێچەوانەی دیدی موحافزەكارانەی چەندین دەیەی ڕابردووی خۆی هەنگاوی بۆ پشتگیری دارایی و سەربازیی لە هێزە شۆڕشگێڕەكانی سووریا، پشتیوانی لە گروپە سەلەفییەكان، ناردنی چەك و تەقەمەنی و دەستتێوەردان لەكاروباری ناوخۆ ناوە. ئەم ڕوانگە هێرشبەرانەی سعودیا لەپرۆژەی ڕووخاندن و گۆڕینی حكومەتی سووریا سەرچاوە لە دوو دیدی ئایدیۆلۆژیا و جیۆپۆلەتیك وەردەگرێت. لە ڕەهەندی ئایدیۆلۆژییەوە سعودییەكان هەمیشە سووریا بە تۆمەتی پشتیوانی لە گروپەكانی بەرەی بەرگریی تۆمەتبار دەكەن، كە بە باوەڕی ئەوان مەترسی لەسەر سیاسەتی پاراستنی دۆخی ئێستا دروستكردووە و پەرەی بە خۆڕاگری لە ناوچەكە داوە و ئەم وڵاتە بە مەترسی بۆ سەر داهاتوو پاشایەتی موحافیزەكارانەی خۆی دەبینێت.
لەڕەهەندی جیۆپۆلەتیكی ناوچەییەوە گرنگی گۆڕانكاری لە سووریا لەدوو گۆشەنیگاوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، هاوسەنگی ناوچەیی لەگەڵ ئێران و دەستێوەردانی سووریا لەبوارەكانی نفووزی سعودیا لە لوبنان و فەلەستین. لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەشار ئەسەد پەیوەندی سعودیا و سووریا لەبەرچەند هۆكارێك لەوانە پتەوبوون و بەرفراوانی پەیوەندی لەگەڵ پرسی فەلەستین، دەستێوەردان لە لوبنان و دوای ئەو تیرۆركردنی ڕەفیق حەریری سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لوبنان لەساڵی ٢٠٠٥، لێڵ بوو. هەرچەند لەنیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١١ باشبوونێك لە پەیوەندی هەردوولا هاتە ئاراوە، بە دەستپێكردنی قەیران لەو وڵاتە، سعودیا بڕیاریدا سیاسەتی لاوازكردنی سیستەمی سیاسی سووریا بخاتە بەرنامەی كاری خۆیەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە جیا لە ڕووخانی حكومەتی ئەسەد، هاوسەنگی ناوچەیی لەقازانجی خۆی بگۆڕێت.
لەبەرامبەردا بەدرێژایی مێژوو پەیوەندی تاران و دیمەشق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەش لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیاتنراوە. بەشێوەیەك كە هەردوو وڵات بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەبەرامبەر حكومەتە دژبەرەكانی عەرەب وەك سعودیا بەیەكتر بەستراونەتەوە. لە دیدی تارانەوە، سووریا وەك دەروازەیەكی ستراتیژی بەرەو جیهانی عەرەبیی، خۆدەرخستن لەبەرامبەر سعودیا، لەمپەرێك لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئەمریكا و ئیسرائیل، هەروەها وەك پردی پەیوەندی گرنگ بۆ دەستڕاگەیشتن بە حزبوڵڵای لوبنان كاردەكات. لەم ئاڕاستەیەدا و لە ڕەوتی قەیرانی سووریا، سیاسەتی دەرەوەی ئێران زۆرتر لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان و لەژێر كاریگەریی گرنكی ئەو وڵاتە لە هاوكێشە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە بە تایبەت لە بواری پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵڵا و لوبنان و حەماس و ڕەوتی ئاشتی ئیسرائیل و عەرەب بووە، كە ئێران ڕۆڵێكی هەستیار و گرنگی لەودا هەیە. بۆیە بە پێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی جیهانی عەرەبیی، ئێران بەشێوەیەكی جیاواز سەیری گۆڕانكارییەكانی سووریای كردووە. ئەم ئاڕاستە دژیەكانەی ئێران و سعودیا جیا لە توندكردن و بەرفراوانكردنی قەیرانی سووریا بۆتە هۆی دابەزینی ئاستی هاوكاری و بەرزبوونەوەی ئاستی بەریەككەوتن و پاشەكشە لەچوارچێوەی نموونەی یاری “بەكۆی سفر” لەسەر بنەمای شەڕە جێگرەوەكان.
گۆڕانكارییەكانی یەمەن
گۆڕانكاری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كە لەكۆتایی ساڵی٢٠١٠ لە تونسەوە دەستیپێكرد و شەپۆلێك لە ڕووخانی حكومەتە سەرەڕۆییەكانی ئەم وڵاتانەی بەدواوە هات، لە كۆتاییدا دزەی كردە ناو یەمەنیشەوە. بە درێژایی دەیەكانی ڕابردوو یەمەنییەكان لەبەرامبەر نەبوونی ڕیفۆڕمی دیموكراتێك و گەندەڵی بەرفراوان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ ئازاریان چەشتووە. لەمڕووەوە هۆشیاری ئیسلامیی بووە ئیلهامبەخشی یەمەنە ناڕازییەكان بۆ ئەوەی لەدژی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووتری یەمەن ڕاپەڕن كە زیاتر لە ٣٠ ساڵی حكومڕانی كردبوو. ئەم ناڕەزایەتیانە بووە هۆی دەست لەكاركێشانەوەی ساڵح و بەهێزبوونی حوسییەكان لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ . ئەم قەیرانە كە لە تەمموزی ٢٠١٤ وە دەستیپێكرد بە دوو قۆناغدا تێپەڕبوو. لە قۆناغی یەكەمدا بە گشتگیربوونی قەیران لە هاوینی ٢٠١٤ لە پارێزگا جیاوازەكانی یەمەندا و بەهێزبوونی ئەنساروڵڵا لە بەدەستهێنانی پێگەی كۆمەڵایەتی و ڕێكخستنی گشتی، حكومەتی كاتی مەنسور هادی ناچاربوو ڕێكەوتننامەی ٢١ ی سێپتەمبەر ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئەنساروڵڵا واژۆ بكات. لەقۆناغی دووەمدا حوسییەكان گەیشتنە دەسەڵات و دەرئەنجامی ئەو دەستێوەردانی سەربازیی سعودیا لە یەمەن لە ئاداری ٢٠١٥ بوو، دەستێوەردانێك كە بەناوی ئۆپەراسیۆنی “زەریانی شێلگیر” دەستیپێكرد و بەناوی ئۆپەراسیۆنی “زیندووكردنەوەی هیوا” درێژەی پەیدا كرد. سعودیا لەچوارچێوەی ڕكابەری لەگەڵ ئێران لەمەڕ باڵادەستی ناوچەیی بە تەواوی لەبەر فراوانبوونی نفووزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەناوچەكەدا نیگەران بووە و هەوڵیداوە ئەم نفووزە كۆنترۆڵ بكات. ئەم نیگەرانییە بە بەهێزبوونی ئەنساروڵڵا لە یەمەن زۆر بەرفراوان بوو، لەبەرئەوەی سعودییەكان بەهێزبوونی شیعە زەیدییەكان لەیەمەن وەك زۆربوونی دەسەڵاتی ئێران لەناوچەكە لێكیدەدەنەوە و خۆیان لەگەمارۆی دەسەڵاتی ناوچەیی شیعەكان دەبن. بەم بۆنەوە، ئەم وڵاتە بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی حوسییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لەناوچەكەدا هێرش و شەڕی دەستپێكردووە. ئەم نیگەرانییەی ڕیاز سەرچاوە لەم پێشكەوتنانەی ئەمدوایانەی حوسییەكان وەردەگرێت، كە بەسەرنجدان بە بارودۆخی جیۆستراتیژیكی یەمەن و زاڵبوونی تەواو بەسەر بەندەر ” الحدید” و گەرووی” باب المندب” دەبێتە هۆی بەهێزبوونی گروپەكانی شیعە تا دەریای سوور. لەلایەكی ترەوە لەبەرئەوەی ئێستا زۆربەی ناوچە سنوورییەكانی یەمەن لەگەڵ سعودیا لەژێر دەسەڵاتی ئەنساروڵڵا دایە، لەهەندێك لایەنەوە بۆتە هۆی نیگەرانی سعودیا، لەبەرئەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن شیعەی یەمەنی كە لە سعودیا نیشتەجێن بۆ هاتوچۆ كەڵك لە دەروازە سنوورییەكان وەردەگرن. بۆ سعودییەكان ئەم پرسە بەهەڕەشەیەكی جدی و پەنگخواردوو بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆیانی دەزانن. لەبەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنەبەری سیاسەتی پشتیوانیكردن لە حوسییەكان لەم وڵاتە بەدوای هەندێك ئامانجەوەیە، دەتوانین ئاماژە بە نفووز لە یەمەن و دەرهێنانی ئەو وڵاتە لە سنووری دەسەڵاتی ئەمریكا و هاوپەیمانە ناوچەییەكانی، بەرفراوانكردنی پانتایی خۆڕاگری لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریكا لەناوچەكەدا، یارمەتیدان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە سووریا و عێراق بە كردنەوەی بەرەیەكی دیكە لەدژی سعودیا و هاوپەیمانە ناوچەیی و سەروناوچەییەكانی ئەم وڵاتە كە پشتیوانێكی سەرەكی و جدی گروپە تیرۆریستییەكانن لەو دوو وڵاتەدا و لە دواییدا خێراكردنی ڕەوتی ئیسلامیی لەناوچەكەدا. ئەم بابەتە جیا لەوەی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قۆڵایی ستراتیژی ئێران لە ناوچەكە و گەمارۆدانی سعودیا لەلایەن شیعەكانەوە لەحاڵەتی سەركەوتنی تەواو و زاڵبوونی ئەنساروڵڵا بەسەر یەمەندا دەتوانێت گۆشەی چوارەمی بەرەی خۆڕاگری لەناوچەكەدا پێكبێت.
لەڕوانگەیەكی ترەوە ململانێیەكانیان لە یەمەن خاوەنی دوو لایەنی ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژییە، لەلایەكەوە بەریەككەوتن و ڕووبەڕووبوونەوە گوتاری شیعەی زەیدی و سوننەی وەهابی لە یەمەن قەیرانی ئەو وڵاتەی كردۆتە بەریەككەوتنی هزرەكانی زەیدی و وەهابی، كە لەلایەكەوە سعودیا پشتیوانی مادی و مەعنەوی لە وەهابییەكان دەكات و لەلایەكی دیكەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماسی لە گروپە سیاسی و ئایینزای شیعە و زەیدی دەكات. بەڵام لەدواییدا ئەم ڕەهەندەی ئایدیۆلۆژی دەبەسترێتەوە بە ڕەهەندی ستراتیژیكەوە. بەمشێوەیە كە سعودیا لەهەوڵی ڕێگریكردن لە ڕووخانی حكومەتی یەمەن و جێگیركردنی حكومەتێكی شیعە و دوژمنی جدی لە سنوورەكانی لەباشووردا. ئێرانیش بەجێگیركردنی حكومەتێكی شیعە و هاوپەیمان لەسنوورەكانی باشووری سعودیا و زاڵبوون بەسەر زەریای هیند و دەریای سوور و گەرووی “باب المندب” باشتر دەتوانێت بەرژەوەندییە نیشتمانیی و ئەمنییەكانی لەم ناوچەیەدا دەستەبەر بكات. بۆیە لایەنی ئایدیۆلۆژی ئەم قەیرانە و ململانێكانی سعودیا و ئێران لەیەمەن، كەوتۆتە ژێر كاریگەریی لایەنە ستراتیژییەكانی ئەم گۆڕانكاریانە و لەچوارچێوەی ئاڕاستە لێكدژەكان بۆ بەریەككەوتنی تاران و ڕیاز، شەڕە جێگرەوەكان.
ڕۆڵی ئەكتەرە سەروناوچەییەكان لە پاشەكشە و بەریەككەوتنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئێران و سعودیا
هەمیشە دەستێوەردانی وڵاتە سەروناوچەییەكان یەكێك لە هۆكارەكانی بەرفراوانبوونی قەیران لەناوچەی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. لەبەرئەوەی لە لایەكەوە نەزمی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی لەگەڵ ژینگەی ناوخۆیی ئەكتەرە ناوچەییەكاندا هەیە و لەلایەكی دیكەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری ژینگەی دەرەوە. بەشێوەیەك كە لەدوو ژینگەی ئاماژە پێكراوەوە (INPUT) ی قەیران خوڵقێن وەردەگرن. هەرچەندە (OUT PUT) جیۆپۆلەتیكەكان زۆرتر لەژێر كاریگەریی بەریەككەوتن، ململانێ و ڕوانگەی جیاوازی وڵاتانی بەهێزی ناوچەكەیە، بەڵام لەهەمان كاتدا ململانێیە جیهانییەكان و دەسەڵاتە سەروناوچەییەكان بۆ بەرفراوانكردنی پێگە و جێگەی خۆیان لەناوچەكەدا لەهۆكارە گرنگەكانی ناكۆكی و گرژی بوون. هەریەك لەم دەسەڵاتانە لە ئاستە جیاوازەكان هەوڵدەدەن ژینگە و یاسا و ڕێسای یاری بەشێوەیەك ڕێكبخەن كە زۆرترین بەرژەوەندی خۆیان دەستەبەر بكەن. لەبارەی هاتنی دەسەڵاتە سەروناوچەییەكان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە هەر وڵاتێكی دیكە ئەوە ناوی ئەمریكایە كە لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خۆی دەردەخات، بەشێوەیەك كە هەمیشە نموونە ڕەفتارییەكانی ئەو وڵاتە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەگۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا هەبووە. نموونەی ڕەفتاری ئەمریكاییەكان جۆری نیگای ستراتیژی ئەوان بۆ گۆڕانكارییە ناوچەییەكان نیشاندەری ئەوەیە كە ئەوان بە دوای بەڕێوەبردنی گۆڕەپانی ناكۆكییەكان لە ئاڕاستەی بەدیهێنانی بەرژەوەندی ستراتیژی خۆیان لە ناوچەی گرنگی خۆرئاوای ئاسیادا. چ ئەم بابەتە بە كۆنترۆڵكردنی ناكۆكی لەقۆناغێكی تایبەتدا جێبەجێ بكرێت و چ بە توندكردنی ناكۆكییەكان لە قۆناغێكی دیكەدا. گۆڕانكاری لە ستراتیژی ئەمریكا وەك بگۆڕێكی نێودەوڵەتی دەستێوەردەر لە ڕێككاری ئەمنی لەحاڵەتی گوزاری خۆرئاوای ئاسیادا، پەرە بە زۆربوونی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتی ئێران و سعودیا داوە. بەشێوەیەك كە هاوڕێیەتی ئەمریكا لەچوارچێوەی پەیوەندی نەریتی لەگەڵ سعودیا لە ئاڕاستەی سیاسەتی كۆنترۆڵكردنی ئێران، بەتەواوی ڕێسای یاری نێوان تاران و ڕیازی گۆڕیوە و بۆتە هۆی زۆربوونی ناكۆكی و دوژمنایەتی نێوانیان. لە بارودۆخی ئێستادا ئەمریكا هەوڵدەدات پێگەی نەریتی سعودیا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی وەك هاوپەیمانێكی ستراتیژی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە بەر باس و ڕۆڵی ئەو لە گۆڕەپانی سیاسەتی ناوچەكە نوێ بكاتەوە. لەلایەكی دیكەوە هەوڵدەدات متمانەی ڕیاز لە ئاست ڕۆڵی دەستێوەردەرانەی خۆی لەداهاتووی ئاسایشی ناوچەكە بەدەستبهێنێت. سعودییەكانیش بەهۆی ئەوەی لە هەوڵی نوێ كردنەوە و پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ ئەمریكا بە تایبەتی لە بواری ئەمنی و سەربازیی پێشوازی لەو سیاسەتەی ئەمریكا دەكەن. لەبەر ئەوەی كۆنترۆڵكردن و گۆشەگیركردنی ئێران لە ئاستە جیاوازەكاندا بۆ ڕیاز هەم بەهای ستراتیژیكی هەیە و هەمیش بەرژەوەندی ئابووری بەرچاوی بەدواوە هەیە. لەڕەهەندی ستراتیژیك گۆشەگیركردنی ئێران بەمانای لاوازكردنی گرنگترین ڕكابەری ناوچەیی بۆ سعودیا و توانایی كاریگەری دانانی ڕیاز لەسەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەیە. لە ڕەهەندی ئابووریش كەمكردنەوەی پشكی ئێران لە بازاڕی نەوتی جیهان لە لایەكەوە ئێرانی لە یەكێك لە گرنگترین بوارەكانی ڕكابەری لەگەڵ سعودیا دواخستووە و لە لایەكی دیكەوە پشكی داهاتە نەوتییەكانی سعودیای لە بازاڕی جیهانی بەرزكردۆتەوە.
ئەم سیاسەتە دوژمنكارانەی ئەمریكا لەبەرامبەر ئێران سەرچاوە لەو هۆكارە وەردەگرێت كە ئەم وڵاتە لە نفووزی سیاسی و ئەمنی و ئایدیۆلۆژی ئێران لەناو وڵاتانی ناوچەكەدا نیگەرانە و بە باشی لەو پرسە تێگەیشتووە كە ئەگەر كۆنترۆڵی نەكات خەڵكی ناوچەكە ئامادەی پەسەندكردنی ئایدۆلۆژی شۆڕشی ئیسلامین. لەبەر ئەم هۆیە ئەمریكا دەیەوێت سعودیا بخاتە بەرامبەر ئێرانەوە بە هەمان شێوە كە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئایدیۆلۆژیای شۆڕشگێڕی ئێران هانی سەدامی دا كە شەڕ لەدژی ئێران بكات. بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێوانی ئێران و سعودیا لەچوارچێوەی پێویستی ڕێككاری سیاسی نێودەوڵەتی چەند دەرفەتێكی گرنگی بۆ واشنتۆن هەبووە. یەكەم ، توانایی جیهانیی ئیسلام لەبەرامبەر خۆرئاوا لاواز دەكات، دووەم هەڕەشە لە ئیسرائیل دوور دەخاتەوە و یارمەتی بەهێزبوونی ئەو وڵاتە دەدات، سێیەم، بوار بۆ دەستێوەردانی ئەمریكا لە ناوچەكە خۆش دەكات.
دەرئەنجام:
لەم توێژینەوەیەدا بە تاوتوێكردنی هۆكارە كاریگەرەكانی چوارچێوە دانان بۆ سیاسەتی دەرەوەی بەریەككەوتنی ئێران و سعودیا، چوارچێوەیەكی گشتگیر لەسەر بنەمای توخمە پێكهێنەرەكانی لەسەر ئاستی شیكاریی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بە مەبەستی تێگەیشتنی وردتر لە ڕەوتی پەیوەندی پاشەكشەخوازی نێوان دوو وڵات لە قۆناغە جیاوازەكانی سیاسەتی دەرەوە بەكارهێنرا. ئەنجامێك كە لە ئاستی ناوخۆیی ئەم توێژنەوەیە دەستەبەر بوو، هەڵە تێگەیشتن و وێناگەلێك كە ئێران و سعودیا لە گرنگی و ڕۆڵی وڵاتی خۆیان، بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئەكتەرەكانی دیكە پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی هەیە، كاریگەریی لەسەر زۆربوونی ململانێ و بەریەككەوتنی ئەوان هەبوو. لەم چوارچێوەیەدا بە كردنەوەی سندووقە ڕەشەكەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ڕیاز هەوڵدرا تێگەیشتنێكی وردتر لە پرەنسیپ و هەڵوێستە ناوخۆییەكانی دوو لایەن وێنا بكرێت. گۆشەی دیكەی فۆڕمبەخشین بە بەریەككەوتنی دوو وڵات گۆڕانكارییە خێراكانی ئەم دوایانەی ناوچەكەیە. لەبەرئەوەی كە بەشی جیانەكراوە لە نفووزی مێژوویی ئەوان سەرتر لە سنوورەكانیانە و هەردوو ئەكتەر بەرژەوەندی جۆراوجۆریان لە ژینگەی دەوروبەریان بۆ خۆیان پێناسە كردووە، جۆری گۆڕانكاری ناوچەیی ڕۆڵێكی ڕاستەوخۆ لە هەڵكشان و داكشانی دەسەڵاتیان هەیە. بەشێوەیەك كە لە پراكتیدا لە دوای داگیركردنی ئەفغانستان، بە تایبەتی عێراق و دوای ئەو گۆڕانكارییەی هۆشیاری ئیسلامیی، گۆڕەپانی ناوچەكە گۆڕاوە و ڕێككاری (نەزم) پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ناڕێكوپێكی بوو. ئەم ڕێككارە نوێیە فۆڕم گرتووە زۆربوونی ڕۆڵ و دزەكردنی ئێران بۆ حەوشە بەتاڵەكانی سعودیای بە دواوە بوو. بەشێوەیەك كە تاران لە ئاستی ناوچەیی نەك تەنها لە عێراق و سووریا و لوبنان توانایی چالاكی هاوپەیمانەكانی خۆی گەیاندۆتەوە ئاستێكی بێ وێنە، بەڵكو لە دوو شوێنی ستراتیژی دیكە، واتە بەحرەین و یەمەن پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سعودیا بۆی دروستبووە و بە هێزەوە چۆتەناو یەكەمین میحوەری سیاسەتی دەرەوەی سعودیا. لەمڕوەوە بەشێك لە بیست ساڵی ڕابردوودا بەشێك لە هەڵسوكەوتی ناوچەیی سعودیا بۆ پوچەڵكردنەوەی نفووزی تاران و هاوسەنگی هەڕەشە لەبەرامبەر ئەودابووە كە لەم ساڵانەی دواییدا نمایشكردنی هێز ئەم ستراتیژییەی زیاد كردووە.
لەسەر بنەمای ئەم ئاڕاستەیە سعودییەكان هەوڵیان داوە لەڕێگەی ستراتیژی هێرشبەرانەوە و ڕەفتارە شەڕەنگێزییەكانەوە ڕووبەڕووی ئێران ببنەوە و كەڵك لە ڕێوشوێنی سەربازیی، بەرزكردنەوەی ئاستی قەیران و شەڕی جێگرەوەكان وەربگرن بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەبەرامبەر ئێراندا. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ستراتیژی ناوچەیی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێكی گرنگی لە پاشەكشەكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودیا هەبووە. سیاسەتی پشتیوانی لە سعودیا لە چوارچێوەی هاوسەنگی ئەوبەری كەنارەكان و گرنگتر لە ستراتیژی ئەمریكا لەبەرامبەر ئێران كە بەستراوەتەوە بە كۆنترۆڵكردنی تاران لە سیستەمی ناوچەیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، توخمێكی دەستنیشانكەر بووە لە ناوەڕۆكی بەر یەككەوتینی تاران و ڕیاز. لەسەردەمی دەسەڵاتداری سەرۆك ترەمپ ئەم بارودۆخە زۆر توندتر بوو، بە شێوەیەك كە لە هەندێك حاڵەت، تەنانەت ئەگەر هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریكا لە قازانجی سعودیا كراوەتە بەر باس. لەبارودۆخێكی وەهادا هاوكات لەگەڵ زۆربوونی بێ متمانەیی لە نێوان هەردوو لایەن، لە كرداردا تاران و ڕیاز تووشی بنبەستێكی ئاڵۆزی مێژوویی بوون و لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و سەروناوچەیی بە تەواوەتی لەبەرامبەر یەكتردا وەستاون.
بە شرۆڤەكردنی ئەو چوارچێوەیە دەردەكەوێت كە ئەگەری ئاشتی سیاسی و پەیوەندی دووبارەی نێوان ئێران و سعودیا بۆتە بابەتێكی دژوار و ئاڵۆز. بە تایبەتی لەم قۆناغەدا نەك تەنها ڕەوتی پاشەكشەی ئەوان زۆرتر بووە، بەڵكو دوو وڵات لە ئاستە جیاوازەكانی سیاسەتی دەرەوە بوونەتە دوژمنی ستراتیژیكی یەكتر. لەم ڕووەوە ئەم خاڵە بە تایبەت بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر گرنگە كە بەسەرنجدان بە پێگەی سیاسی و ئابووری سعودیا لەناوچەكەو لە دەرەوەی ناوچەكە، هەروەها بارودۆخی ستراتیژی ئەم وڵاتە لە جیهانی ئیسلامدا. بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتەی ململانێی ناوچەیی ئێران، بۆی دژوار و تێچوو هەڵگر دەبێ. بۆیە پێویستە سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەوڵبدات بۆ ئەوەی لە بواری دیپلۆماسی، لە هاوكێشە ناوچەییەكان سعودیا لە حاڵەتی دوژمنی ستراتیژییەوە بگۆڕێ بۆ ڕكابەری ستراتیژی. لە پێناو ئەم ئامانجەدا، شەفاف سازی لە سیاسەتە ناوچەییەكانی ئێران و دڵنیاكردنەوەی سعودییەكان بۆ ئەوەی كە ناوچەی دەسەڵاتی ئەوان لەلایەن تارانەوە بە ڕەسمییەت دەناسرێت، دەتوانێت سەرەتایەك بێت بۆ سیاسەتی هاوتەریبی دوو وڵات. بەڵام ئەو ڕەوتە ناتوانێت لە نوێكردنەوەی تەواوی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ڕیاز كاریگەرییەكی بنەڕەتی هەبێت، لەبەرئەوەی كە ڕۆڵی ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەت بگۆڕی ئەمریكای ترەمپ هەمدیسان لەمپەری زۆر لەبەردەم بڕیاری ئێران و سعودیا. بەشێوەیەك كە نموونەی ڕەفتاری ترەمپ لەبەرامبەر ئێراندا ئەم هاوكێشەیەی ئاڵۆزتر كردووە و زیاتر لە جاران بەو ڕەفتاری دەستێوەردانەی كە لە كردار و پەرچەكردار لەخۆی لەناوچەكەدا نیشانداوە، پاشەكشەكردنی نێوان ئێران و سعودیای زیاتر كردووە.
سەرچاوە:
فارسی
- اخوان کاظمی، بهرام(1373) مروری بر روابط ایران و عربستان در دو دهه اخیر، تهران: سازمان تبلیغات اسلامی.
آرم، آرمینا(1395) ” ایران و عربستان، رقابت بر سر نفوذ در خاورمیانه” فصلنامه سیاست، سال سوم، شماره 9 ص 81-73.
ازغندی، علیرضا و آقا علیخانی، مهدی(1392) ” بررسی عوامل منطقه ای واگرایی در روابگ ایران و عربستان (1390-1384) فصلنامه سیاست، دوره چهل و سوم، شماره 2 ص 245-243.
آقایی، سید داود(1394)، سیاست و حکومت در عربستان سعودی، تهران: نشر میزان.
آقایی، سیدداود و احمدیان حسن(1389)” روابگ جمهوری اسلامی ایران و عربستان سعودی، چالشهای بنیادین و امکانات پیش رو” ، فصلنامه سیاست، دوره چهل شماره 3ص 19-1.
برزگر، کیهان(1388)، ” سیاست خارجی ایران از منظر رئالیسم تهاجمی و تدافعی”، فصلنامه روابط خارجی، سال اول، شماره 1 ص 153-113.
جعفری ولدانی، اصغر و نجات، سید علی (1392)،« نقش قدرتهای منطقه ای در بحرین سوریه(1393-1390)»، فصلنامه مطالعات خاورمیانه، سال بیستم، شماره 4 ص176-141.
حق شناس و دیگران(1396)، «رقابت ژئوپلیتیک و روابگ ایران و عربستان: مکانیزمها و راهبردها». فصلنامه مطالعات سیاسی جهان اسلام، سال ششم شماره 22ص 32-1
درج حمید و امام جمعه زاده(1397)،« تجزیه و تحلیل رویکرد عربستان سعودی نسبت به تحولات سوریه»، فصلنامه رهیافتهای سیاسی بین المللی ، سال هشتم، شماره 4 ، پیایی 5.
دهشیری، محمدرچا و حسینی، سید محمد حسین(1395)، ژئوپلیتیک منطقه و روابگ ایران و عربستان»، فصلنامه روابط خارجی، سال هشتم، شماره 1 ص 143-111.
رستمی، فرزاد و دیگران(1397)، مناقشه ی ایران و عربستان در پرتو تحولات 2011 در منطقه: گذار از رویکردهای امنیتی هویت محور به رئالیسم کلاسیک»، فصلنامه رهیافت های سیاسی و بین المللی،دوره دهم، شماره 1ص 134-113.
ساعی، احمد و علیخانی، مهدی(1392)، «بررسی چرخه تقابل در روابگ جمهوری اسلامی ایران و عربستان سعودی با تاکید بر دوره 1392-1384»، فصلنامه تخصصی علوم سیاسی، سال نهم، شماره 22 ص 129-103.
سریع القلم، محمود(1396)، «نظام بین الملل و ژئوپلیتیک جدید خاورمیانه»، پژوهشنامه علوم سیاسی، سال دوازدهم، شماره 1ص 139-101.
شفیعی، نوذر و قنبری، فرهاد (1396)، «تبیین روابط ایران و عربستان در چارچوب مفهومی جنگ سرد»، فصلنامه تحقیقات سیاسی و بین المللی، شماره 31 ص 140-117.
صادقی، حسین و احمدیان، حسن(1389)، « عربستان سعودی، از هژمونی نفتی تا رهبری منطقه ای» فصلنامه بین المللی روابط خارجی، سال دوم شماره3 ص 170-137.
قامت، جعفر (1388) « کالبدشکافی بحران گرجستان ( براساس مدل مایکل برچر»، دانشنامه دانشگاه آزاد، شماره 73 ص 188-167.
گودرزی، طاهره(1387)،«صف آرایی کشورهای عربی در قبال جنگ 22 روزه غزه» ماهنامه اطلاعات راهبردی، اسفند شماره 7-69.
محمدی عزیزآبادی ، مهدیو دیگران(1396)،«منازعات قدرت و رقابتهای ژئوپلیتیک قدرتهای منطقه ای و فرامنطقه ای در کشور یمن»، فصلنامه پژوهشهای سیاسی و بین المللی ، سال هشتم، شماره 31 ص 45-1.
معنوی،احمد(1387) سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایرانی در بستر منافع ملی (با نگاهی بر روابط ایران و عربستان)، تهران: موسسه انتشاراتی کتاب دانشجو.
مهدیان، حسین و دیگران(1396) «تحلیل سیاست خارجی ستیزانه جویان عربستان سعودی در مقابل جمهوری اسلامی ایران درچارچوب نظریه واقع گرایی تهاجمی »فصلنامه راهبرد دفاعی، سال یازدهم شماره 57ص 211-171.
نادری نسب، پرویز (1389) «چالشهای روابط جمهوری اسلامی ایران و عربستان در منطقه» فصلنامه سیاست دوره چهل شماره 1 ص 336-315.
نجات، سید علی (1393) «راهبردهای جمهوری اسلامی ایران و عربستان سعودی در قبال بحران سووریا»فصلنامه سیاست خارجی، سال بیست و هشتم شماره 4ص 655-631.
نجات، سید علی (1393) «راهبردهای جمهوری اسلامی ایران و عربستان سعودی در قبال بحران یمن»فصلنامه مطالعات روابگ بین الملل، سال نهم، شماره 32ص 179-137.
نورعلی وند، یاسر (1396) « عربستان سعودی و تلاش برای موازنه سازی مجدد در برابر ایران» فصلنامه مطالعات راهبردی، سال بیستم شماره 1 شماره مسلسل 75.
واعظی، محمود(1390)، بحرانهای بین المللی، تحلیل نظری و مطالعه موردی، تهران: دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی.