هەڵکردن و لێبوردەیی لە عیرفانی ئیسلامیدا
کامەران مەلا ئەحمەد
پێشەكی
ڕەنگە هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئێستا موسڵمانان بە گشتی و موسڵمانانی کوردستان بە تایبەتی پێویستییان بە لێبوردن و هەڵکردن لەگەڵ یەکتر نەبووبێت. ئەگەرچی خودی ئەم داواکارییە بۆ خۆی جێگەی سەرنجە لە پەیڕەوکارانی ئایینێک بکرێت کە خاوەنی پەیامی (وَٱعْتَصِمُواْ بِحَبْلِ ٱللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُواْ ۚ)١ و (وَمَا ٱخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِن شَىْءٍۢ فَحُكْمُهُۥٓ إِلَى ٱللَّهِ ۚ)٢ بێت، بەڵام ئەوان هێندەی ناکۆکییەکانیان بە ئامانجی دەمکوت کردنی یەکتر قوڵ دەکەنەوە، ئەوەندە بە ئامانجی گەڕان بە دوای دۆزینەوەی چارەسەرە هەنووکەییەکانی مرۆڤایەتی و خودی ئومەتی ئیسلامی نین، کە بەرۆکی ئەم ئومەتەی گرتووە. ئەگەر ئامانجی مرۆڤ چارەسەرکردنی کێشەکان بێت و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان بێتەوە، ئەوا گومانی تێدا نییە لە توانایدایە ئەو کارە بکات.
ئەگەر ئامانجی مرۆڤ چارەسەرکردنی کێشەکان بێت و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان بێتەوە، ئەوا گومانی تێدا نییە لە توانایدایە ئەو کارە بکات. هەر بۆیە پێویستە نزیکترین ڕێگا و بەردەستترین کەرەستە بەکاربهێنێت، کە کارئاسانی بۆ دەکات لە بەدیهێنانی ئامانجەکەی، بۆیە بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک تا لە ڕێیەوە بتوانین یەکتر قبوڵ بکەین بە جیاوازییەکانەوە و ناکۆکییەکان تێپەڕێنین کە ڕێگە نەدەین ببێتە هۆکاری لێکترازانمان، ئەوا ئەو سامانە مەعنەوییەی کە عاریفەکانمان بەرهەمیان هێناوە، دەتوانێت کۆمەکمان بکات، چونکە عاریفەکان هێندەی دەیانەوێت لە ڕێگەی پەروەردەکردنی ڕۆح و عەقڵ و جڵەوکردنی دەرونەوە یەکڕیزی نێوان مرۆڤەکان بپارێزن، هێندە کار لە سەر تۆخکردنەوەی جیاوازییەکان ناکەنەوە بە ئامانجی لێکترازانی مرۆڤایەتی بە ئایینە جیاوازەکانیشەوە، چجای بگات بە خودی ئومەتی ئیسلامی.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی مرۆڤ چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بریتییە لە جیاوازی و جیاواز دەرکەوتن. قۆناغی ژیانی هەر مرۆڤێک/ تاکە کەسێک پڕیەتی لە جیاوازی و گۆڕانکاری بەرچاو. بەهەمان شێوە کۆمەڵگەکانیش بەردەوام لە گۆڕانکاریدان و ناتوانن تاسەر لەیەک قاڵب و ڕەنگدا بمێننەوە، چونکە سروشتی ژیانی مرۆڤ وایە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە پێداویستی و ئامانجەکانی دەگۆڕێن، بەمەش هۆکارەکان دەگۆڕێن، تەنانەت هەندێکجار خودی گۆڕانی هۆکارەکان سەرچاوەی گۆڕینی پێداویستی و ئامانجەکانی مرۆڤن لە ژیاندا. ئەمەش پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە کە گومانی تێدا نییە جیاوازییەکان زەقتر دەکاتەوە و ڕاجیاوازییەکان بەرجەستەتر دەکات، ئەمەش پێویستی بە هەڵکردن لەگەڵ یەکتر و لێبوردەیی زیاتر هەیە.
بۆچی عیرفان لە بارەی هەڵکردن و یەکتر قبوڵکردنەوەوە؟
عیرفان بریتییە لەو بەشەی ئایین کە سنوورەکەی تەواو بەرتەسکە و لە چوارچێوەی ئەزموونی تاکەکەسیدا قەتیس دەکات، بەڵام ئازادی ئەزموونکردنی تاکەکەسی پاراستووە. بەمەش پانتایی ئەزموونکردنی لەلایەن تاکە جیاوازەکانەوە پاراستووە و ڕێزی گرتووە و ڕووبەرێکی فراوانتر لە ئازادی دەداتە ئەوانی دیکە، چ لە بواری بیرکردنەوە و تێگەیشتن و ئەزموونکردندا. گومانیشی تێدا نییە ئەزموونی هەر تاکێک جیاوازە لە ئەزموونی تاکێکی دیکە، بەمەش جیاوازی دەردەکەوێت و فرەڕەنگی دەبێتە دیارترین جیاکاری نێوان تاکەکان، ئەمەش باشترین دەروازەیە بۆ قبوڵکردنی جیاوازییەکان و هەڵکردن لەگەڵ یەکتریدا. جگە لەوەی کە خودی عیرفان لە سەر ئەزموون جیاوازی دامەزراوە بە جۆرێک (بە ئەندازەیەک کە ڕێگاکانی گەیشتن بە خودای بە ئەندازەی ژمارەی مرۆڤەکان، یان هەناسەدانیانی فراوان کردووە)٣ تا ڕێگای گەیشتن بە خودا لە تاکە ڕێگایەکدا کورت و قەتیس نەکاتەوە.
مەعنەوییەت دوو بەشی سەرەکی هەیە. یەکەم: بریتییە لە کۆی ئەو ئەزموونە کەسییانەی لەسەر ئاستی تاک ئەنجام دەدرێت و کەس ناتوانێت بەشداری تێدا بکات. وەک بابەتە ڕۆحی و ئیمانییەکان. دووەم: ئەخلاقیاتی مەعنەوییە. واتە بە سەنتەرکردنی ئەخلاق وەک ئەرک و وەک بابەتێکی مەعنەوی قوڵ. ئەگەر ئەزموونکردنی ئیمان بابەتێکی کەسی بێت، هەروەها مەرجیش نەبێت مرۆڤەکان هەموویان لە ژیاندا کە بەشدارن ئیماندار بن، ئەوا گومانی تێدا نییە کە مرۆڤەکان هەم دەبێت و هەم دەتوانن ئەخلاقییانە مامەڵە بکەن. کەواتە خاڵی بە یەکگەیشتن و هاوبەشی مرۆڤەکان لە مامەڵە ئەخلاقییەکاندایە. هەر بۆیە پێویستە لەسەردەمی نوێدا ئەخلاق بکرێتە سەنتەری مەعنەوی ئایین و هەموو مرۆڤەکان بە دەوریدا کۆبکرێنەوە. ئەگەر ئەم بابەتە بۆ تەواوی مرۆڤەکان دروست بێت و ڕاست بێت، ئەوا بۆ شوێنکەوتوانی یەک ئایینی وەک ئیسلام تەواو دروستتر و پێویستترە.
ناکۆکییەکان چین و هۆکارەکانی چین؟
مەعریفەی کلاسیکی ئیسلامی لە سێ بازنەی حەقیقەت/ ئیمان و شەریعەت/ فیقهـ و تەریقەت/ مەعنەوییەت پێکهاتووە. هەرچی بابەتی ئیمانە لە زانستی کەلامدا گەنگەشە کراوە و قسەی لەبارەوە کراوە و بابەتێکی بنەڕەتیشە، چونکە باس لە ئیمانی ئیسلامی و تێڕوانینی موسڵمانە بۆ زاتی خودا و جیهانی نەبینراو و ڕۆژی دوایی و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە جیهانی نەبینراوەوە هەیە. ئەمەش بناغەی جیهانبینی موسڵمان ڕەنگڕێژ دەکات. سەرەتاییترین ناکۆکی نێوان موسڵمانان و دەرکەوتنی گرووپە جیاوازەکان لە دەرکەوتنی ڕاجیاوازی لەبارەی بابەتە کەلامییەکانەوە سەریانهەڵدا. ناکۆکییەکان بە ئەندازەیەک پەرەیانسەندووە، کە نەک گرووپەکان هەریەکەیان خۆی بە ڕاستترین و دروستترین گرووپ دەزانێت، بەڵکو مافی بە خۆی داوە کە ئەوانی دیکە ئەگەر تەکفیریشیان نەکات و لە بازنەی ئیمان نەشیانکاتە دەرەوە، ئەوا بێگومان بە لادەر گومڕا و سەرلێشیواو و شوێنکەوتوانی ئارەزوبازی ناوزەدی کردوون. ئەمەش وایکردووە لەجیاتی دەستەبەرکردنی فەزا و کەشێک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی جیدی لەبارەی پرسەکانەوە، سەنگەرییان لە یەکتر گرتووە و میتۆدی جەدەلییان بەکارهێناوە بە ئامانجی دەمکوتکردنی ئەوانی دیکە، نەک گەیشتن بە حەقیقەت. دەرخستنی ئەوەیە کە بەرامبەر نەزانە و خۆی خاوەن زانستە و پلەی لەو بەرزترە.٤ لە زانستی فیقهدا ناکۆکییەکان زیاتر لەبارەی پابەندبوون بە سوننەتی پێغەمبەر و داهێنانکاری و بیدعەتەوە قوڵکراونەتەوە، بە جۆرێک پەیڕەوکارانی پێڕۆیەک/ مەزهەبێک ئەنجامدانی بەشێک لە پەرستشەکان بە بیدعە و داهێنان ئەژماردەکەن لەکاتێکدا پێشەوای ئەو دەستەیە خوێندکار و مامۆستای یەکتربوون، وەک شافیعی و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل. هەردووکیشیان بۆ کارەکانیان بەڵگەی خۆیان هەیە، بەڵام هێشتا ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی پەیڕەوکارانی ئەم دوو پێڕۆیە ڕێز لە یەکتر بگرن و جیاوازییەکانی یەکتر قبوڵ بکەن.
دروستبوونی جیاوازییەکان لە هەربوارێکدا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، ئەوانیش:
یەکەم: تەئویلکردنی فەرمانێک بە گوێرەی ناوکۆی ئایەتەکە، یان فەرموودەکە، یان بە گوێرەی واتای ئەو چەمکەی حوکم و یاساکەی لەسەر دامەزراوە. بۆ نموونە، لای شافیعییەکان ئەگەر ژن و مێرد، یان هەر پیاو و ئافرەتێکی بێگانە بە یەکتر، واتە جگە لە دایک، نەنک، خوشک، پوور و خەسو، یان هەر دوانەیەک شیری یەک ئافرەتیان خواردبێت، ئەگەر جەستەیان بەریەک بکەوێت و لە نێوان ئەو دوو بەشە داپۆشراو نەبن ئەوا پێویستە هەردووکیان دەستنوێژ بگرنەوە، چونکە دەستنوێژەکەیان شکاوە و ناتوانن نوێژی پێوە بکەن، بەڵام لای ئەبوحەنیفە و پەیڕەوکارانی پێڕۆکەی تەنیا بە بەرکەوتن دەستنوێژ ناشکێت، بەڵکو بە سەرجێیی کردن دەشکێت. بەڵگەی شافیعییەکان و حەنەفییەکان یەک ئایەتە (أَوْ لاَمَسْتُمُ النِّسَاء)5، فەیلەسوف و شەرعزانی گەورەی قورتوبە، ئیبن ڕوشد (٥٩٥ کۆچی) دەڵێت: هۆکاری ئەم ڕاجیاوازییە ئەوەیە چەمکی (لمس) لە زمانی عەرەبیدا بە هەردوو واتای بەریەککەوتن و سەرجێییکردن هاتووە.٦ ئەمەش جیاوازی واتای زمانەوانی چەمکەکەیە نەک شتێکی دیکە.
دووەم: زۆرێک لە ڕاجیاوازەکان لەسەر ئەو فەرموودانە دروستبووە کە گرووپێک فەرموودەکەیان لا دروستە و ئەو ڕشتە و سەنەدی پێی گێڕدراوەتەوە بە ڕاستی دادەنێن و گرووپەکەی دیکە یان ئەو فەرموودەیەی پێنەگەیشتووە، یان ڕشتەکەی بۆ ساغ نەبووەتەوە، هەر بۆیە ئەو گرووپەی پێیوایە ڕشتەی فەرموودەکە ساغبووەتەوە و دروستە کاری پێدەکەن و ئەوی دیکە کاری پێناکەن، نموونەی ئەمەش ئەوەندە زۆرە خەریکە هیچ بابەتێکی فیقهی نەمێنێتەوە ڕاجیاوازی دروست نەکردبێت. لە دیارترین نموونەش خوێندنی دوعای قنوتە لە نوێژی بەیانیدا. بەلای مالکی و شافیعییەکان خوێندنی دوعای قنوت لە ڕکاتی دووەمی نوێژی بەیانیدا سوننەتە، بەڵام ئەبو حەنیفە لای وایە تەنیا لە نوێژی ویتردا دەخوێنرێت. چەند بۆچوونێکی جیاوازی دیکەش هەیە. ئیبن ڕوشد دەڵێت: هۆکاری ڕاجیاوازی زانایان بە هۆی بوونی جیاوازییە لەو فەرموودانەی لەبارەی قنوتەوە گێڕدراونەتەوە و هەندێکیش بە گوێرەی قیاسکردن لەسەر پەرستشەکان دروستبووە.٧
ئەگەرچی هەردوو هۆکارەکە زۆر ئاسایین، بەڵام هۆکاری دەمارگیری شوێنکەوتوانی پێڕۆ جیاوازەکان بۆ پێڕۆکەیان و پێشەواکەیان وای کردووە نەک ناتوانن یەکتر قبوڵ بکەن و شتەکە بە دۆخێکی ئاسایی دانانێن، بەڵکو شوێنکەوتەی پێڕۆیەکیان بە بیانوی ئەوەی ئەوانی دیکە دوای شتە داهێنراوەکان کەوتوون تەنانەت سڵاویان لێناکەن، کە یەکێک لە مافە سەرەکی و سەرەتاییەکانی نێوان هەر دوو موسڵمانێکە.
چۆن عیرفان ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات؟
بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە کایەی عیرفاندا سوودم لە دیدی هەردوو عاریفی گەورە ئەبو حامیدی غەزالی (٥٠٥ کۆچی) و موحییەدینی ئیبن عەرەبی (٦٩١ کۆچی) وەرگرتووە.
گومانی تێدا نییە ژیاری ئیسلامی پڕیەتی لە گرووپی جیاوازی کەلامی و فەلسەفی و فیقهی و عیرفانی. لە زۆربەی بارەکاندا ئەم گرووپانە، کە هەموویان موسڵمان بوون و لەسەر باوەڕبوون بە خودا و پێغەمبەرایەتی محەممەد و قورئان کە کەلام و قسەی خودایە، ناکۆکییان نەبووە وەک خاڵی بنەڕەتی، بەڵکو لە وردەکاری و ئەو میتۆدەدا جیاوازبوون کە بەکاریانهێناوە بۆ خوێندنەوەی دەقەکان و تێگەیشتن لێیان، بەڵام ئەم ڕا جیاوازی و ناکۆکییانەیان لە نێوان خۆیاندا بە ئەندازەیەک توندبووە لای بەشێکی زۆریان نەک هەر ڕەتکراوەتەوە، بەڵکو تا ئاستی بە کافرکردن و لە دین کردنە دەرەوەش گەیشتووە. کتێبەکان پڕن لە چەمکەکانی (گومڕا، لادەر، سەرلێشێواو و سەرلێتێکدەر، بیدعەچی، هەواپەرست، خورافی، ….هتد). دەبیندرێت هەندێجار هیچ هەناسەیەکیان بۆ یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە ژیان لە نێوان خۆیاندا نەهێشتووەتەوە. چ جا بگات بە ڕەخساندنی کەشێکی هێمن و ئازاد لە پێناو گفتوگۆکردن لەسەر خاڵە جیاوازەکان و قبوڵکردنی جیاوازییەکان. پاش ئەوەی فەلسەفە وەرگێڕدرایە سەر زمانی عەرەبی زۆر بە توندی ڕووبەڕووی بوونەوە و دژایەتیان کرد، بەڵام ئەم دژایەتیکردنە نەبووە ڕێگر لەبەردەم بڵاوبوونەوەی فەلسەفە، بە تایبەتی کاتێک دەوڵەت خۆی پشتگیری بزووتنەوەی وەرگێڕانی کرد٨. ئەوەی عیرفان و عاریفەکان تا ڕادەیەک لە گرووپەکانی تر جیادەکاتەوە ئەم خاڵە جەوهەرییەیە، کە ئەوان نەک هەر جیاوازییەکانی ناو مەعریفەی ئیسلامیان قبوڵ کردووە، بەڵکو جیاوازییەکانی ناو جیهان و ژیاری ئیسلامیشیان قبوڵ کردووە. مەبەستم لە جیاوازییەکانی ناو مەعریفەی ئیسلامی موتەکەلیم و فەیلەسوف و فەقیهە موسڵمانەکان و جیاوازییەکانی ناو جیهانی ئیسلامی موسڵمان و جولەکە و کریستیان و زەردەشتی و ئایینەکانی ترە کە پێش هاتنی ئیسلام بوونیان هەبووە و لە دوای فتوحات چەندین کۆمەڵگەی جیاواز و ئایینی جیاواز هاتنە ناو جیهانی ئیسلامی و لە سنووری دەسەڵاتی سیاسی خیلافەتی ئیسلامی دەژیان و بوونە بەشێک و پێکهێنەرێکی بنەڕەتی لە دروستکردن و سەرپێخستنی ئەو شتەی پێی دەوترێت (ژیاری ئیسلامی). عاریفەکان کۆی جیاوازییەکانیان قبوڵە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئومێدیان وایە هەر گرووپ و ئایین و ئایینزایەک لە دەرەوەی ئیسلامیش هۆکار و ڕێگەی ڕزگاربوون (نەجات) بێت و مرۆڤ بگەیەنێت بە خودا و لە دوارۆژدا مرۆڤ سەربەرز و ڕووسووری لای خودا بێت.
غەزالی
غەزالی لە کتێبی – فیصل التفرقة بین الاسلام و الزندقة- دەردەکەوێت کە بانگەشەکارێکی سەرسەختی ئایدیای ئاسانکاری ئایینییە٩. تەواو هەوڵدەدات ڕووبەری تەکفیرکردن بەرتەسک بکاتەوە، بەمەش ڕووبەرێکی زیاتر بە دەرکەوتنی جیاوازییەکان ببەخشێت. لە سەرتادا باس لە ڕاجیاوازی نێوان گرووپە کەلامییە ئیسلامییەکان و دواتر لەناو یەک پێڕۆدا دەکات و دەڵێت: (حەنبەلییەکان، ئەشعەرییەکان بە کافر دادەنێن، پێیان وایە پێغەمبەر بە درۆ دەخەنەوە لە هەندێک بابەتدا، ئەشعەرییەکان، موعتەزیلەکان بە کافر دادەنێن لەوەی پێغەمبەر بە درۆ دەخەنەوە لە هەندێک بابەتی تردا، موعتەزیلەکان، ئەشعەرییەکان بە کافر دادەنێن لە سەلماندنی هەبوونی سیفاتی دێرینی خودا پێشینان بە کافر دادەنێن و پێغەمبەر بە درۆ دەخەنەوە، هەربۆیە هەرگیز لەم تەکفیر و بە کافردانانە ڕزگارت نابێت هەتا نەزانی پێغەمبەر بەدرۆخستنەوە، یان بە ڕاست دانانی چییە؟ حەقیقەتی ئەو دوانە چییە؟)١٠. پێشتر ئاماژە بەوە دەکات کە (هەر کەس بانگەشەی ئەوە بکات، هەر کەس شتێک بڵێ پێچەوانەی ئەشعەرییەکان بێت، یان موعتەزیلەکان کافرە، دەستی لێ بشۆ و کاتی خۆتی لەگەڵ بەفیڕۆ مەدە، چونکە ئەو موقەلیدێکی چاوکوێرە، ڕەنگە هاوڕێبازەکەی زیاتر ئارەزووی بە لای ئەشعەرییەکاندا بێت وەک لە پێڕۆیەکی تر، ئیدی پێی وابێ هەر شتێک لەوەوە دەربچێت پێچەوانەی پێڕۆکەی خۆی بێت، کوفرە، پێویستە لێی بپرسرێت: لە کوێوە بۆی سەلمێنرا کە حەق و ڕاستی لەسەر ئەو تاپۆ کراوە؟ ناکرێت پێچەوانەی پێشینانمان بین تەنیا لەبەر ئەوەی لە ڕووی کات و سەردەمەوە لە پێش ئێمەوە بوون؟)١١. لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پێشەوا غەزالی خۆی کافر کراوە لەبەر ئەوەی لە چەند بابەتێک پێچەوانەی ئەشعەرییەکان بیری کردووەتەوە و زانایانی ئەو سەردەمە دیدی غەزالییان پێ قبوڵ نەکراوە. لە ڕێگەی ئەم دەقەوە غەزالی یەکێک لە بنەڕەتیترین کێشەکانی سەردەمی خۆیمان بۆ بەرجەستە دەکات، ئەویش ڕێگەنەدانە بە بیرکردنەوەی جیاواز چ لە سەر ئاستی یەک گرووپ بێت، یان لە دەرەوەی گرووپێکیش بێت، بەڵام بۆ بەرتەسک کردنەوەی ڕووبەری تەکفیر پەنا بۆ دیدێکی وجودی دەبات و میتۆدێک بۆ تەئویلی دەقە ئایینییەکان دادەنێت و پێی وایە هەر تەئویلێک لە چوارچێوەی ئەم میتۆدە ناکرێت هیچ کەس بە کافر دابنرێت، بۆیە دەڵێت: (بە ڕاستدانان سەردەکێشێت بۆ بە ڕاستدانانی هەواڵێک، یان ئەو کەسەی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و بانگەشەی بۆ دەکات و دانپێدانانی بوونی ئەو شتەیە کە پێغەمبەر ڕایگەیاندووە. خودی بوونیش خۆی پێنج پلەی هەیە کە بریتین لە: بوونی خودی، بوونی هەستی، بوونی خەیاڵی، بوونی عەقڵی، بوونی شوبهەیی، بۆیە هەرکەس پێغەمبەر بە یەکێک لەم پێنج ئاستە بە ڕاست دابنێت، ئەوا کافر نییە)١٢. واتە هەر شتێک بوونی هەیە و پێغەمبەر هەواڵی لەسەر داوە لە یەکێک لەم پێنج پلەیە بەدەر نییە. ئیدی بە هەر کام لەم پلانە تەئویلی هەواڵەکەی پێغەمبەر بکەی، پێغەمبەرت بە درۆ نەخستووەتەوە، کەواتە کافر نیت با لە ڕووکەشدا وادەربکەوێت پێچەوانەی پلەکانی تریش بن، گرنگ ئەوەیە دروست دێتەوە لەگەڵ یەکێک لەم پێنج پلە وجودییە بۆ هەرشتێک. ئەمە ڕوون دیارە کە دەیەوێت بازنەی جیاوازییەکان بەم میتۆدە فراوانتر بکات لە ناو بازنەی مەعریفەی ئیسلامیدا و ڕا جیاوازی و تێگەیشتن و تەئویلی جیاواز قبوڵ بکەین. هەرچی پەیوەندی بە ئایینەکانی ترەوەیە دەڵێت: (من دەڵێم: ڕەحمەتی خودا زۆرێک لە خەڵکانی پێش ئیمە دەگرێتەوە و لە ڕزگار بوانن ئەگەر چی ئەهلی دۆزەخیش بن، ڕەنگە بە شێوەیەکی ئاسان بخرێنە دۆزەخەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک، یان کەمتر، بەڵکو دەڵێم: ئومێدم وایە زۆرێک لە کریستیانەکانی تورک و ڕۆم بە ویستی خودا بەر ڕەحمی خودا بکەون و ڕزگاریان بێت لە دۆزەخ، مەبەستم ئەوانەیە کە دوورە دەستن و هیچ هەواڵێکیان لەسەر پێغەمبەر پێ نەگەیشتووە. ئەوان دەبن بە سێ بەشەوە: بەشێکیان ناوی پێغەمبەریان هەر نەبیستووە. بەشی دووەمیان ناو و ناوبانگ و سیفەت و موعجیزەکانیان بیستووە و تێکەڵاوی موسڵمانان بوون و دراوسێی دەوڵەتی ئیسلامین، بەڵام نکۆڵی دەکەن، ئەمانە مولحیدن. گرووپی سێیەم: ئەوانەن ناوی پێغەمبەریان بیستووە، بەڵام سیفەت و کەسایەتییەکەی ناناسن، بەڵکو وایان بیستووە کە محەممەد پیاوێکی درۆزنە لەسەر ئەمە پەروەردە کراون و ڕاهاتوون، ئەمانەش حوکمی گرووپی یەکەمیان هەیە وەک ئەوەی هیچیان نەبیستبێت)١٣. بیانوو هێنانەوە بۆ بە ڕزگاربوو دانانی کەسانێک کە موسڵمان نین هیچ نییە جگە لە هەوڵدانێکی جیدی بۆ کەم کردنەوەی بازنەی کردنە دەرەوەی ئەوانی دی لە ڕەحمەتی خودایی. بەمەش دەردەکەوێت ئەو هەنگاوەی پێشەوا غەزالی ناویەتی بەراورد بە سەردەم و دۆخی کولتووری، سیاسی، مەعریفی و ئابووری خۆی، هەنگاوێکی تەواو بوێرانە و نوێ بووە.
ئیبن عەرەبی
تەسەوف لە زوهد و سلوکەوە گەشەی سەند بۆ تەسەوفی عەشق و فەنا و توانەوە، پاشان گەیشتن بە قۆناغی تێڕامانی فەلسەفی. قۆناغی تەسەوفی فەلسەفی لەلایەن دوو تەوژمەوە نوێنەرایەتی دەکرێت ئەوانیش: ئیشراقییەکان بە ڕابەرایەتی سوهرەوەردی و وجودییەکان بە ڕابەرایەتی ئیبن عەرەبی.(١٤) ناکرێت باسی ئیبن عەرەبی بکرێت و وجود سەنتەر نەبێت. ئیبن عەرەبی وجودی کردە بابەتێکی سەنتەری لە تەسەوفدا و تەئویلی کردە میتۆد. وجود خۆی و قورئان دوو دیوی یەک حەقیقەتن. وجود ناکۆتایە لە دەرکەوتەکانیدا و قورئانیش دەقێکی واڵایە بۆ تەئویل کردن. وجود خودا خۆیەتی بە ڕەهایی. (هەندێک لە موحەقیقین/ ئەهلی دڵ دەڵێن: لا اله الا الله یەکتاپەرستی خەڵکییە بەگشتی – خەڵکی سادە و ڕەشۆک- لاهو الا هو یەکتاپەرستیی کەسە تایبەتەکانە، بەڵام لاهو الا هو باڵاترە، چونکە ئەوەی یەکەم پەرستراوێتی جگە لە خودا لە هەموو شتێک دادەماڵێت، بەڵام ئەوەی دووەم جگە لەو هیچی تر بوونی نییە، دەسەلمێنن).(١٥)
ئەگەر چی لە بنەڕەتدا ئەم تێڕوانینە وجودییە، غەزالی وروژاندی، بەڵام گواسترایەوە بۆ سوهرەوەردی. ئەوەی لای ئیبن عەرەبی بە ڕوونی دەردەکەوێت ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی لە پێناو تێپەڕاندنی هەرچی ناکۆکییەکانە بۆ داننان بە جیاوازییەکان. جیاوازییەکان وجودین، بەڵام ناکۆکییەکان مێژوویین. نەک هەر ئاساییە ئەگەر جیاواز بین، بەڵکو بێگومان جیاواز دەبین، چونکە ئەبوتالیبی مەککی وتەنی (هیچ کات خودای گەورە دوو جار لەسەر یەک وێنە و شێوە خۆی بۆ بەندەیەکی دەرناخات و تەجەللای بۆ ناکات!)(١٦)، چونکە خودا ناکۆتا دەرکەوتنی هەیە لە ڕێگەی وێنە ناکۆتاییەکانییەوە. ئەم وێنە ناکۆتایانە لەناو یەک ئاییندا دەبنە هۆی دەرکەوتنی گرووپگەلێکی جیاواز و لەسەرئاستی گەردونیش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئایینگەلێکی جیاواز بە پێی کات و سەردەمە جیاوازەکان. ئیدی فرەیی ڕوودەدات، بەڵام کامیان ڕێگە ڕاستەکەن؟ بە درێژایی مێژوو ئێمە ڕووبەڕووی جەنگی شوناس دەبینەوە. لەلایەک لەناو جیهانی ئیسلامیدا گرووپە کەلامییەکان جەنگێکی تولانی زارەکییان لەسەربنەمای بەرگریکردن لە خودا بەرپاکردووە و دنیایەک جیاوازی لە نێوانیاندا سەریهەڵداوە و لە زۆر باردا یەکتری تەکفیر دەکەن. ناتوانن پێکەوە کۆببنەوە، هەموو یەکتربینینێکیان لەپێناو سەرخستنی عەقیدەی خۆی و بەزاندنی ئەوی دیکەیە. لەلایەکی تریشەوە خودی ئیبن عەرەبی لە سەردەمێکدا دەژی شاهیدی جەنگێکی جیهانی خوێناوی وەک جەنگی خاچپەرستەکانە. موسڵمانەکان دەڵێن هەرکەس بکوژرێت پلەی بەرزە لای خودا، چونکە شەهیدە و کریستیانەکانیش پێیان وایە ئەوان لە پێناو خودادا دەجەنگن. ئیدی ئەمە بۆ ئیبن عەرەبی دەبێتە جێگەی پرسیار وەک ئەوەی بڵێ: ئایا جیاوازییەکان هەن تا هەرکەس خۆی بە خاوەنی حەقیقەت بزانێت و ئەوی دی تەکفیر بکات تا ئاستی حەڵاڵکردنی ڕشتنی خوێنی یەکتر، یان لەبنەڕەتدا حەقیقەت ناکۆتا دەرکەوتنی هەیە و هەر کەسە و بەپێی پلە وجودییەکەی بۆی دەردەکەوێت و حەقیقەتی لایە، ئیدی بەمەش جیاوازییەکان بابەتێکی وجودین، نەک مێژوویی کرد. (ما من دابة الا هو ءاخذ بناصيتها إن ربي على صراط مستقيم – هود 56) هیچ زیندەوەرێک نییە ئیللا نەوچەوانی – چارەنووسی – بە دەست خودایە، خودا بۆ کوێی بوێت دەیبات بۆ ئەو پنتە، پەروەردگاری من خۆی لەسەر ڕێگە ڕاستەکەیە. ئیدی خودا بە تەنیا لە سەر ڕێگە ڕاستەکەیە و هەرچی هەیە چارەنووسی لە دەست ئەودایە، ئەو بۆ کوێی بوێت بۆ ئەو شوێنەی دەنێرێت، ئەمە سیستمێکی تەکوینی/ بەدیهێنانکارانەیە، لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤە. ئیدی جیاوازییەکان بابەتێکی تەکوینی وجودین. (ئەوان لە هەوڵەکانیاندا لە ئەنجامدانی کارەکانیان لەسەر ڕێگە ڕاستەکەن، چونکە چارەنووسیان بە دەست ئەو کەسەیە، کە خۆی لەسەر ڕێگە ڕاستەکەیە)(١٧). لە ڕووی جودییەوە (کاتێک هەموو بوون لەناو خودادا هەیە و ئەویش بە نەفەسێک/ هەناسەیەکی وجودی هەناسەیەکی دا و ئەم هەناسەدانەشی دایە پاڵ سیفەتی ڕەحمانی خۆی، چونکە ڕەحمی بە بوون کرد، ئەم پاڵدانی نەفەسە بۆ لای ڕەحمانییەتی خۆی داخوازی دەرکەوتنی جیهانی کرد بە وێنە جیاوازەکانییەوە، کە وتمان بەشی دیاری حەزرەتی حەق خۆیەتی)(١٨).
بەم دەرکەوتە ناکۆتاییانەیەوە جیهانی پڕ کرد لە فرەیی، ئیدی (بە کورتی دەبێت هەر کەسێک عەقیدەیەکی هەبێت بەرامبەر بە پەروەردگارەکەی تا بتوانێت لە ڕێگەی ئەو عەقیدەیەوە داواکارییەکانی ئاڕاستەی خودا بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای)(١٩)، بەڵام ئەوەش دەزانین هەرکەس عەقیدەیەکی بەرامبەر خودا هەبێت ناکاتە ئەوەی ئەو خودایەی ئەو لە عەقیدەی خۆیدا بڕیاری لەسەر داوە، حەقیقەتی خودا خۆی بێت، نەخێر، بەڵکو وێنەیەکە لە وێنە ناکۆتاکانی خودا. ئیدی بە ئەندازەی ژمارەی مرۆڤ و ئایین و گرووپەکان عەقیدە و دەرکەوتەی خودامان دەبێت، کەواتە پێویست ناکات یەکتری لەم وجودە بەرینە بکەینە دەرەوە و هەر کەسە و حەقیقەت تەنیا بۆ خۆی قۆرخ بکات، چونکە ( هیچ کەس ئیعتیقاد و باوەڕێکی نابێت بەرامبەر بە خودا تەنیا ئەوە نەبێت کە لە ناخی خۆیدا هەڵیگرتووە، ئەو پەرستراوەی لە ئیعتیقادەکاندا هەیە پەرستراو و خودایەکی دروستکراوی باوەڕەکانە، نەک حەقیقەتی خودا خۆی! کەواتە لە قیامەتیشدا هەر ئەو خودایە دەبیننەوە کە لێرە باوەڕیان پێهێناوە بە پێی پلەبەندی مرۆڤەکان لە هەبوونی زانست و زانیارییان دەربارەی خودا)(٢٠)، هەر بۆیە لە پێناو هەڵتەکاندنی تەکفیر کردنی یەکتر و کردنە دەرەوەی یەکتر لە بازنەی یەکتر قبوڵکردندا دەڵێت: (نەکەی خۆت وابەستەی یەک عەقیدەی دیاریکراو بکەیت و ئەوانی دیکە تەکفیر بکەی، چونکە هەم چاکەیەکی زۆرت لەکیس دەچێت و تەنانەت زانستی ناسینی شتەکان وەک ئەوەی خۆیان لە ڕاستیدا چۆن هەن تا بیانناسی لەدەستی دەدەیت، کەواتە لە خودی خۆتدا ببە بە هیوا بۆ قبوڵکردنی کۆی وێنەکانی دەرکەوتنی خودا، چونکە خودا زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە لە یەک وێنەی بەرتەسکدا کۆی بکەیتەوە – فأينما تولوا فثم وجه الله – البقرە١١٥. چونکە ڕوو لە هەر شتێک دەکەی، لە هەر شوێنێک دەکەی خودا لەوێیە)(٢١)، لێرە تەواو بابەتەکە یەکلایی دەکاتەوە ئەوەی هەرچی هەمان بەرهەمی ئیعتیقاد و باوەڕی ناوەکی خۆمانە، ئەو خودایەش کە لە ناخماندایە خودایەکە خۆمان دروستمان کردووە، ئیدی چۆن لەسەر خودایەک لەگەڵ یەکتر بجەنگین و یەکتر تەکفیر بکەین کە کەسمان لامان ڕوون نییە ئیعتیقادی کاممان ڕاستتر و دروستترە؟ بەڵکو پێویستە خۆمان ببینە وەرگری هەموو وێنەکان. هەربۆیە دەڵێت: (ئیدی جگە لە ئیعتیقاد و باوەڕەکان هیچ شتێکی تر بوونی نییە، کەواتە هەموویان پێکاویانە و هەمووشیان لای خودا پاداشتی خۆیان هەیە، هەرکەسیش پاداشتی هەبوو بەختەوەرە)(٢٢)، لەوەی کە داوامان لێدەکات تا ئاستێک بەرزببینەوە بتوانین هەموو وێنەکان قبوڵ بکەین، خۆی ئەزموونی کردووە و پێی گەیشتووە:
وقــد كنت قبـل اليوم أنكر صاحبي
إذا لم يــكن ديني الـــى ديــــنه دان
وقد صار قلبي قابلا كـــــل صورة
فمرعى لغزلان، و دير لـــــرهبان
وبيت لوثان، و كـــــــــــعبة طائف
و الواح تورات، و مصـحف قرآن
أدين بــــــدين الحب، أنى توجهت
ركـــــــائبه، فالحب ديني وإيماني (٢٣).
تا دوێنێ ئەگەر هاوڕێکەم هەمان ئایینی من نەبوایە نکۆڵیم لێ دەکرد. بەڵام ئیدی دڵم وای لێهاتووە هەموو وێنەکان قبوڵ دەکات و وەریاندەگرێت. لەوەڕگەی ئاسکەکان و خەڵوەتگەی کەشیشەکانە، ماڵی بتپەرستی و کەعبەی تەوافکارانە، پارچەکانی تەورات و پەڕەکانی قورئانە، من مل دەدەم بە ئایینی خۆشەویستی ڕوو لە هەر شوێنیک بکات، خۆشەویستی ئایین و ئیمانی منە.
دەرەنجامەکان:
١- ڕاجیاوازی دیاردەیەکی سروشتییە، بەتایبەتی لە بواری ئاییندا کە دەق سەنتەرییە و دەقیش لە سروشتی خۆیدا چەندین ئاستی دەرکەوتنی هەیە و قبوڵی چەندین ڕاڤە و لێکدانەوەی جیاواز دەکات، بە مەرجێک ڕۆح و ئامانجە سەرەکییەکەی لە دەست نەدات.
٢- هەر یەک لە غەزالی و ئیبن عەرەبی نوێنەرایەتی عەقڵێکی کراوەتر دەکەن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی بە هۆی ڕاجیاوازی و تێگەیشتنی جیاوازەوە لە نێوان پەیڕەوکارانی ئایینەكاندا کە ئیسلام و موسڵمانان، و پەیڕەوی کارانی ئایینەکانی دیکە دروستبووە.
٣- لە ئێستادا کە دەرماگیری مەزهەبی و شوێنکەوتنی کوێرانەی گرووپەکان لە کوردستاندا بازاڕیان گەرمە، خەمخۆرانی پاراستنی بیرکردنەوەی ئازاد و ڕاجیاوازی لە هەموو کات زیاتر پێویستییان بە گەڕانەوە بۆ لای غەزالی و ئیبن عەرەبی و فەخرەدینی ڕازی و هاوشێوەکانیان هەیە، کە بەوپەڕی توانایانەوە هەوڵیان داوە ئەم کێشەیە بە سروشتی وەربگرن و چارەسەرێکی ئەپستمۆلۆژی و عەقڵانییانەی بۆ بدۆزنەوە.
پەراوێزەکان
١-سورەتی ئالی عیمران ئایەتی ١٠٣.
٢-سورەتی الشوری ئایەتی ١٠.
٣- الهيتمي المكي، أحمد شهاب الدين بن حجر. الفتاوى الحديثية. شركة مكتبة و مطبعة مصطفى البابي الحلبي وأولاده بمصر. الطبعة الثانية ١٩٧٠. ص ٧٧.
٤- الغزالي، أبو حاميد محمد بن محمد بن محمد الغزالي. إحياء علوم الدين. دار الكتاب العربي. بيروت – لبنان. ٢٠٠٨.ص ١٠٣٧.
٥- سورەتی نیساء ئایەتی ٤٣.
٦- ابن ڕشد، أبوالوليد محمد بن أحمد بن محمد بن ڕشد القرطبي. بداية المجتهد و نهاية المقتصد. دار ابن حزم. بيروت – لبنان. الطبعة الثانية ٢٠٠٦. ص ٣٦.
٧- سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١١٢.
٨- – معصوم، د.فؤاد. اخودان الصفاء فلسفتهم و غاياتهم. الناشر دار المدى. الطبعة الثالثة 2008. ص ١٢٢.
٩- د.سعيدييف و سلوم. أرثر و توفيق. الفلسفة العربية الأسلامية الكلام و المشائية و التصوف. دار الفارابي بيروت – لبنان. الطبعة الأولى 2000. ص ٢٩١- ٢٩٢.
١٠- الغزالي، أبوحاميد محمد بن محمد. مجموعة ڕسائل الغزالي – ڕسالة فصل التفرقة بين الأسلام و الزنديقة. دار الفكر للطباعة و النشر بيروت -لبنان. الطبعة الأولى 2003. ص ٢٣٩- ٢٤٠.
١١- هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە ٢٣٨.
١٢- هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا ٢٤٠.
١٣- هەمان سەرچاوە، لا ٢٥٢ – ٢٥٣.
١٤- د.سعيدييف و سلوم. أرثر و توفيق. الفلسفة العربية الأسلامية الكلام و المشائية و التصوف. دار الفارابي بيروت – لبنان. الطبعة الأولى 2000. ص ٢٧٥.
١٥- الغزالي، أبوحاميد محمد بن محمد. مجموعة ڕسائل الغزالي – ڕسالة مشكاة الأنوار. دار الفكر للطباعة و النشر بيروت -لبنان. الطبعة الأولى 2003. ص ٢٧٨. هەروها بڕوانە: إحياء علوم الدين. دار الكتاب العربي بيروت – لبنان. 2008. ص ١٦٨٦.
١٦- جامي، الملا عبدالرحمن بن أحمد بن محمد الملقب بنورالدين. شرح فصوص الحكم. دار الكتب العلمية بيروت – لبنان. الطبعة الثانية 2009. ص .٢١٦ .
١٧- ابن عربي، الشيخ الأكبر محي الدين محمد بن علي بن أحمد الحاتمي الطائي الأندلسي. فصوص الحكم/ فص حكمة أحدية في كلمة هودية بشرح جامي . دار الكتب العلمية بيروت – لبنان. الطبعة الثانية 2009. ص .٢٤٩ .
١٨- هەمان سەرچاوەی پێشوو لا ٢٥٩.
١٩- هەمان سەرچاوەی پێشوو لا ٢٦٤.
٢٠- هەمان سەرچاوە لا ٢٦٤- ٢٦٥
٢١- هەمان سەرچاوە لا ٢٦٥.
٢٢- هەمان سەرچاوەلا ٢٦٧.
٢٣- ابن عربي، الشيخ الأكبر محي الدين محمد بن علي بن أحمد الحاتمي الطائي الأندلسي. ديوان ترجمان الأشواق مع شرحه فتح الذخائر و الأغلاق شرح ترجمان الأشواق. دار المعرفة بيروت – لبنان. الطبعة الأولى 2005. ص ٦٢.
تێبینی: بەیتی یەکەمی شعرەکە لە دیوانەکەی بەردەستمدا نەبوو، بەڵام زۆرترین سەرچاوە ئاماژەیان پێداوە.