ئامەدسپۆرو جیاکاریی نەتەوایەتی
کارزان دەلۆ
پوختەی توێژینەوە
کاری هاوبەشی ناوەندی توێژینەوە کوردییەکان (Kurdish Studies Center)و وەرزنامەی تورکیاناسی.
ئەم پوختەیە بریتییە لە کۆکراوەی لێکۆڵینەوەیەکی وردی ناوەندی توێژینەوە کوردییەکان (Kurdish Studies Center) لە ئامەد، تایبەت بە یانەی ئامەدسپۆر (AmedSpor)و جیاکاریی نەتەوایەتی.
ناوەندی توێژینەوە کوردییەکان (Kürt Çalışmaları Merkezi) ساڵی (٢٠١٩) بە هەوڵی کەسی لەلایەن ژمارەیەک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیو توێژەرەوە لە ئامەد دامەزراوە. ئەم ناوەندە کار لە سەر بابەتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو هەندەران دەکات. بە تایبەتی چەقی کارەکانی بریتییە لە لێکۆڵینەوەو ڕاڤەی ئەو گۆڕانکارییانەی بە سەر کۆمەڵگەی کوردیدا دێتو خستنەڕوویان بە شێوەیەکی بابەتی.
بەرایی
“کێشەی کورد” لە تورکیا کە خاوەنی مێژوویەکی سەدساڵەیە وەک بابەتێکی سیاسیو نەتەوەیی، پڕۆسەیەک بووە لەگەڵ هەڵکشانی پێکدادانە بەردەوامەکاندا چەندین هەوڵی چارەسەری مەدەنیانەی تێدا تاقیکراوەتەوە.
دواجار لە ساڵانی (٢٠١٣-٢٠١٥) لە ژێر ناوی “پڕۆسەی ئاشتی”دا هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێکاری مەدەنی بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئەزموونکرا. ئەم پڕۆسەیە لە تورکیا بوو بە هۆی باشبوونی دۆخی سیاسی، زمانی، کولتووریو کۆمەڵایەتی، بەڵام بە داخەوە، پڕۆسەکە لە ساڵی (٢٠١٥)دا کۆتاییهاتو دووبارە پێکدادانەکان دەستیانپێکردەوە، بە تایبەتی لە ناوچە کوردییەکاندا بوو بە هۆی جیاکاری، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤو سەختیی ژیان.
ئەم ڕاپۆرتەی بەردەستتان، تیشکدەخاتەسەر دۆخی یانەی ئامەدسپۆر لە ماوەی پڕۆسەی ئاشتیو دواتریشدا، دوای ئەوەی وەک بەناوبانگترین یانەی وەرزشیی کوردی ئەو ناوە لەخۆیدەنێت. لە ڕاپۆرتەکەدا پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان ساڵانی (٢٠١٣-٢٠١٥) وەک هەوڵێکی چارەسەری مەدەنیانە ڕاڤەکراوەو باس لەوە کراوە کە لەو ماوەیەدا لە تەواوی تورکیادا بە گشتی دۆخی گشتیی وڵات باشبووە. گۆڕینی ناوی یانەی وەرزشی دیاربەکر (DiyarbakırSpor)یش بۆ ناوە کوردییەکەی شارەکە بە ناوی ئامەدسپۆر لە چوارچێوەی ئەو دۆخە ئەرێنییەدا بوو، کە لە سایەی پڕۆسەی ئاشتیدا هاتبووەکایەوە.
لە کاتێکدا بە هۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە بواری چالاکیی مەدەنیی کورد لە تورکیا فراوانبووە، بە شێوەیەکی بەهێزتر گوزارشت لە ناسنامەو داواکارییەکان کراوە، یانەی ئامەدسپۆر لە دوای پڕۆسەی ئاشتییەوە ناسنامەیەکی نەتەوایەتی وەرگرتو بوو بە خاوەنی هاندەرێکی زۆر. سەرەڕای ئەوەش، ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بۆچوونی بەشداربوانی توێژینەوەکە گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە ئامەدسپۆر تەنها یانەیەکی وەرزشی نەبووە، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی مەدەنی پشتیوانیی لەوانە کردووە کە مافەکانیان لە تورکیادا پێشێلکراوە، وەک یانەکانی بەرشەلۆنە، ئەتلەتیکۆبلباو، سەلتیک، جەماوەرێکی زۆری بۆ پەیدابووەو هاوشێوەی “هەڵبژاردەی نیشتیمانی” لە ناو خەڵکیدا ناوی بڵاوبووەتەوە.
ئامانجی ڕاپۆرتەکە بریتییە لە شەنوکەوکردنی جیاکاریی نەتەوەیی لە بواری وەرزش لە تورکیاو خستنەڕووی سەرنجو پێشنیاری چارەسەری، ئەمەش لە ڕێگەی تیشکخستنەسەر ئەو گرفتو تەنگوچەڵەمەو جیاکارییانەی کە ڕووبەڕووی یانەی ئامەدسپۆر بووەتەوە، کە خاوەنی (٢٥٠) هەزار هاندەرە لە ئامەدو یەکملیۆن هاندەری لە سەر ئاستی تورکیا هەیە.
لەم توێژینەوەیەدا گفتوگۆکراوە دەربارەی کۆکردنەوەی مافە کولتووریو نەتەوەییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە ئازادیی ڕادەربڕینو شیکاری بۆ ئەو جیاکارییانە کراوە کە لە بواری وەرزشدا هاتوونەتەکایەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا بە پشتبەستن بە بنەماو پەیماننامەکانی وەک “ڕاگەیەنراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە لابردنی هەر جۆرە جیاکارییەکی نەتەوەییو ڕەگەزی، پەیماننامەی ئەوروپای مافەکانی مرۆڤ، بنەما سەرەکییەکانی ئۆڵۆمپیات”، هەوڵەکانی چاودێریکردن، قەدەغەکردنی جیاکاریو ئازادیی ڕادەربڕین ڕاڤەکراوە.
لە چوارچێوەی ئەم کارەدا ئەو هەواڵانەی پەیوەندییان بە یانەی ئامەدسپۆرەوە هەبووە، وەرگیراون، ئەو داوا یاسایانە شیکراوەتەوە کە لە سەر یانەکە تۆمارکراوەو چاوپێکەوتن لەگەڵ (١٠) کەس لە بەرپرسو هەوادارانی یانەکە بە قووڵی کراوە.
جیاکاری
جیاکاری دیاردەیەکی فرەڕەهەندەو پەیوەندیی بە بوارەکانی یاسا، دەرونناسی، کۆمەڵناسی، فەلسەفە، ئابووریو سیاسەتەوە هەیە. یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ بنەمایەکی گرنگە بۆ قەدەغەکردنی جیاکاریو جەختکراوەتەوە لە سەر فەرمانکردن بە قەدەغەکردنی جیاکاریی نەتەوەیی، ئەم قەدەغەی جیاکارییەش خراوەتە ئەستوی دەوڵەتانەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، بە درێژایی مێژووی پڕ لە هەورازو نشێوی، پرسی کورد کاریگەریی لە سەر بواری وەرزش هەبووەو گۆڕینی ناوی یانەکەش لە دیاربەکرەوە بۆ ئامەدسپۆر کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر زیادبوونی ناوبانگی یانەکە هەبووە، کە یەکێک بووە لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام لەگەڵ کۆتایهاتنی پڕۆسەی ئاشتیو دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکاندا یانەی ئامەدسپۆر یەکێک بووە لەو دەزگایانەی کە بە ئاڕاستەی خراپدا کاریگەریی لە سەر دروستبووە. لەو ماوەیەدا چەندین تۆمەتو تاوان ئاڕاستەی یانەکە کراوە، ڕووبەڕووی سزای دوورخستنەوە لە یاریگاو خولە وەرزشییەکان بووەتەوە، کراوەتە ئامانجی دروشمە فاشیستو نەتەوەپەرستییەکان. بەرپرسو هاندەرەکانی ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی بوونەتەوەو بە هۆکاری سیاسی یانەکە سزادراوە.
سزاو گرفتەکانی بەردەم یانەی ئامەدسپۆر
بە گشتی دەتوانرێت ئەو سزاو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی یانەی ئامەدسپۆر بوونەتەوە، لەم خاڵانەدا بخرێنەڕوو:
یەکەم: تۆمەتبارکردنی بە هۆی ناوی یانەکەوە بە “ئامەدسپۆر”: ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد. هەرچەندە بە هۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) هەڵوێستی ئەرێنیی بەرانبەر بە گۆڕێنی ناوی یانەکە نیشانداوە، بەڵام دواتر فشاری بۆ گۆڕینی ناوی ئامەدسپۆرو ڕەنگی جلەکانیان دروستکردووە. بە هۆی بوونی ناوی ئامەدسپۆر، کە بریتییە لە ناوە کوردییەکەی دیاربەکر، ڕووبەڕووی جیاکاری بووەتەوە.
دووەم: بەئامانجگرتنی لەلایەن سیاسییەکانەوە: ئەمانەش ڕۆڵێکی گرنگیان لە تۆمەتبارکردنی یانەی ئامەدسۆر بە هۆی ناوەکەیەوە گێڕاوە، بە تایبەتی لەو کاتانەی گرژیی سیاسی سەریهەڵداوە، ڕاگەیەنراوە نەرێنییەکانی سیاسییەکان هۆکار بووە بۆ دروستبوونی جیاکاریو پێشێلکردنی مافەکانی یانەی ئامەدسپۆر. لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتیدا کاردانەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا بەرانبەر بە یانەکە، توشی گرفتو ناڕەحەتیی کردوون. بە تایبەتییش لە کاتی هەڵکشانی تەوژمی نەتەوەپەرستی لە مەیدانی سیاسەتدا؛ دیسان یانەی ئامەدسپۆر بەئامانجگیراوە.
سێیەم: یاریی باشاکشەهیر: ئەم یارییە خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە مێژووی پێشێلکردنی مافەکانی یانەی ئامەدسپۆر. لە (٢٨)ی کانوونی دووەمی (٢٠١٦) لە یارییەکدا لە ئەستەنبوڵ سەرەڕای بوونی پۆلیس لە یاریگادا، هێرشی توند کرایەسەر هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر، هەرچەندە داوای یاسایی لە سەر هاندەرانی یانەی بەرانبەر تۆمارکرا، بەڵام دادگا بڕیاری بێتاوانیی دەستبەسەرکراوانی دەرکرد. لەمانەش سەیرتر، بە هۆی ڕوداوەکانی ناو ئەو یارییەوە سزای داراییو یاریکردن بەبێ هاندەر بە سەر یانەی ئامەدسپۆردا سەپێنرا. لەو یارییە بە دواوە یانەکە ڕووبەڕووی پڕۆسەیەکی ڕێکخراو لە پێشیلکردنی مافەکانی بووەوە.
چوارەم: ڕێگری لە هاندەران بۆ چوونەناو یاریگا: ئەم جۆرەیان بڵاوترین جۆری جیاکارییەکان بووە کە ڕووبەڕووی یانەی ئامەدسپۆر بووەتەوە. کاتێک پێش دەستپێکردنی یاریی نێوان یانەی ئامەدسپۆرو بورساسپۆر لە (٣١)ی کانوونی دووەمی (٢٠١٦) دەستەی ئەمنیی وەرزشیی بورسا بڕیاریدا ڕێگری لە هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر بکرێت لە چوونەژوورەوەیان بۆ ناو یاریگا. یانەی ئامەدسپۆر بەبێ هاندەرانی ئەو یارییەی کردو لەو ڕۆژەوە هەتا ساڵی (٢٠٢٤) بەردەوام بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو ڕێگرییە بەردەوامە. جگە لە چەند یارییەکی کەم نەبێت، یانەی ئامەدسپۆر ماوەی (٨) ساڵە بەبێ هاندەرانی بەشداریی یارییەکان دەکات. بە گشتی بڕیاری نەکردنەژوورەوەی هاندەرانی ئامەدسپۆر هەمان بەهانەیەو لە هەر یارییەکدا بە شێوازێکی جیاواز دادەڕێژرێتەوەو ڕۆژێک پێش یارییەکەیش یانەی ئامەدسپۆر ئاگاداردەکرێتەوە. لە سەر نوسراوی ئەم بڕیارە لەگەڵ نوێنەری یانەی ڕکابەری ئامەدسپۆر واژۆی بەرپرسانی دیکەی دەوڵەتو حکومەتیش هەیە، واتە بڕیارەکە بە ئاگاداریی بەرپرسانی یانەی بەرانبەرو لێپرسراوانی دەوڵەتو حکومەت دەردەکرێت.
پێنجەم: هێرشی جەستەیی: بە تایبەتی دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام لە هەڵکشاندایە. لە هێرشەکاندا هاندەران، یاریزانان، بەرپرسانی یانەکەو تەنانەت ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی یاریزانانیش بەئامانجدەگیرێن. نموونەی ئەو هێرشانەیش وەک: ڕێگریی پۆلیس لە ئاهەنگگێڕانی بەرپرسانی یانەکە بە هۆی بردنەوەیانەوە لە یانەی بورساسپۆر، سەرەڕای ئەوەی کە بەبێ هاندەر یانەی ئامەدسپۆر یاریی لەگەڵدا کردبوون، گاڵتەکردن بە بەرپرسانی یانەی ئامەدسپۆر لە یارییان لەگەڵ یانەی ئەنقەرەگیوجودا، هێرشکردنەسەر بەرپرسو یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر لەلایەن پۆلیسەوە دوای یارییان لەگەڵ یانەی فەنەرباخچەدا، هێرشکردنەسەر یاریزانی یانەی ئامەدسپۆر؛ دەنیز ناکی، لەلایەن هاندەرانی یانەی مێرسینەوە، کە ڕۆیشتبوونەناو یاریگاوە، لە هەموویان مەترسیدارتر، گاڵتەکردن بوو بە بەرپرسانی یانەی ئامەدسپۆر لە یارییەکەیاندا لەگەڵ یانەی ئەنقەرەگیوجودا.
شەشەم: سزای سیاسی: لەم سزایەدا بە گشتی یانە کوردییەکانو هاندەرانیانو بە تایبەتی یانەی ئامەدسپۆر بەئامانجدەگرێت، لەو سزایانەی بە سەر یانەکەدا سەپێنراون، دەردەکەوێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ یانەی ئامەدسپۆر هەیە. چەندین جار هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر یاخود یاریزانانی بە هۆی نیشاندانی هێمای سەرکەوتن لە ڕێگەی پەنجەکانی دەستەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو سزای دەستەی دیسیپلینی تۆپی پێی پیشەگەری بوونەتەوە، یاخود چەندین دروشمی جۆراوجۆری وەک “با منداڵان نەمرن، وەرن بۆ یاری” دژی یانەی ئامەدسپۆر بەرزکراوەتەوە. دیارترین نموونەی جیاکاری بەرانبەر بە یانەی ئامەدسپۆر بریتییە لە سزادانی یانەکە بە بەهانەی “پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژی”. لە ساڵی (٢٠١٤)وە هەتا ئێستا سزای لەم جۆرە تەنها بۆ یانە کوردییەکانو بە تایبەتییش بۆ یانەی ئامەدسپۆر بووە. یانەیەک لە یەک کاتدا زۆرترین کات ڕووبەڕووی پڕوپاگەندەی فاشیستی لەلایەن هاندەرانی یانەکانی بەرانبەریەوە دەبێتەوە، کەچی ئەم یانەیە زۆرترین جار بە تۆمەتی فاشیستیو “پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژی” سزادەدرێت. هەر ئەمەش پرسیاری گەورەی دەربارەی میکانیزمی لێپرسینەوەو سزای بانگەشەی ئایدۆلۆژیو فاشیستی لە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت دروستکردووە. بە هۆی سڕینەوەی (٣) خاڵی یانەی ئامەدسپۆرەوە لە ساڵی (٢٠١٦) لەلایەن دەستەی دیسیپلینی تۆپی پێی پیشەییەوە، یانەکە لە خولی نایابی تورکیا بێبەشکرا.
حەوتەم: ڕوداوی دەنیز ناکی (Deniz Naki): دوای ئەوەی ساڵی (٢٠١٣) ڕۆیشتە ڕیزەکانی یانەی ئەنقەرەگیوجەوە، بە ماوەیەکی کەم بە هۆی هێرشە فاشیستیو نەتەوەپەرستییەکانەوە تورکیای بەجێهێشت، دوای ساڵێک هاتە ڕیزی یانەی ئامەدسپۆرەوە. دەنیز ناکی بە هۆی ئەوەی خاوەنی ناسنامەی کورد/عەلەوییە، ڕووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆری فاشیستانە بووەتەوە. ئەم یاریزانە بەرگەی هێرشی بەردەوامی هاندەرانی یانەکانی دیکەو میدیای تورکیاو تەنانەت فشاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیشی گرت. دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتی، کاتێک دەنیز ناکی گرتەیەکی ڤیدیۆیی شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی یەکێک لە شارەکانی باکووری کوردستانی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە سزای ڕێگریکردن لە (١٢) یاریی لەگەڵ یانەکەی بە سەردا سەپێنرا. دەنیز ناکی لە ڕێگەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە هەوڵیدا ڕێگری لەو سزایە بکاتو پێیوابوو پێشێلکردنی مافەکانیەتی. دادگای ئەوروپای مافەکانی مرۆڤ لە (١٨)ی مایسی (٢٠٢١) ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا پێشێلکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕینی دەنیز ناکیو یانەی ئامەدسپۆرە. دەنیز ناکی لە ساڵی (٢٠١٨) لە ئەڵمانیا ڕەخنەی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین وەک شارێکی کوردی لە باکووری سوریا گرتو داوای لە هاوڵاتیانی شاری کۆڵن کرد بەشداریی خۆپیشاندان دژی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بکەن، لە بەرانبەردا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە سزای هەتا هەتایی ڕێگریکرن لە یاریکردن لە تورکیادا بە سەر دەنیز ناکیدا سەپێنرا. ئەو یاریزانەش بۆ تورکیا نەگەڕایەوەو لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوو.
هەشتەم: جیاکاریی دارایی: یەکێکە لەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی یانەی ئامەدسپۆر بووەتەوە، لەبەرئەوەی یانەکە لەلایەن سیاسییەکانو توێژی دەستڕۆشتووی بیرۆکراسییەوە کراوەتەئامانج، زۆر بە ناڕەحەتی سپۆنسەری دەستدەکەوێت، بە هۆی لابردنی سەرۆکی شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانەوە لە شارە کوردییەکانو دانانی پارێزگار یاخود قائیمقام یان قەییوم بە وەکالەت لە جێیان ، پشتگیرییەکان بۆ وەرزش بە گشتیو بۆ یانەی ئامەدسپۆر بە تایبەتی بڕاوە، بۆیە یانەکە بە پشتیوانیی داراییو سپۆنسەریی کەسو دامەزراوە خۆجێییەکان ماوەتەوە. هەرچەندە کۆکردنەوەی پشتیوانیی دارایی لە ڕێگەی نامەی تەلەفۆنییەوە یەکێکە لە ڕێگەپێدراوەکان بۆ یانە وەرزشییەکانی تورکیا، بەڵام ئەم مافەش لە یانەی ئامەدسپۆر زەوتکراوە.
نۆیەم: پێشێلکردنی چەند مافێکی دیکە: لەوانەش: ڕێگری لە هاندەرانی یانەکە بۆ چوونەناو یاریگاوە، داخستنی یاریگای یانەکە، سزای دارایی یانەکەو سزای جۆراوجۆریی یاریزانەکانی. بەشداربوانی ڕاپرسییەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە لە پشت ئەو سزایانەی سەر یانەکەو جیاکاریو ئەو سزایانەشەوە کە بە سەر یانەکەدا سەپێنراون، هۆکاری سیاسیو ئایدۆلۆژی هەیە.
جگە لەوەی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە لە بابەتی قەدەغەکردنی پڕوپاگەندەی سیاسیدا باس لە ناڕوونیی بڕیارەکان دەکەن، بە جۆرێک هەر وا بە هەوانتە دەرکراون. هەروەها ئەو پێشوازیو پشتیوانییەی لەلایەن بەرپرسانەوە لە یانە ڕکابەرەکانی ئامەدسپۆر دەکرێت، لە یانەکەی ئەوان ناکرێتو دیسان بە ئارەزووی خۆیان بەرپرسانی حکومەت بڕیار لە سەر دروشمو ئاماژە بەکارهێنراوەکانی یانەی ئامەدسپۆرو یانە ڕکابەرەکانی دەدەن. هەروەها بەشداربوان باس لە مامەڵەی نادروستی دەزگا ئەمنییەکان دەکەن، بە جۆرێک جیاکاری بەرانبەر بە یانەی ئامەدسپۆر دەکەن، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنیی توندەوە دژی یانەکەو ڕێگری لە گەڕانو هاتوچۆیان لەو شارانەی کە یاریی تێدا دەکەن، تەنانەت ڕێگری لە هاندەرانی یانەکە بۆ چوونەناو یاریگاوە. هەندێک جاریش کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان ڕەفتاری نەرێنیو نەشیاویان دژی یانەکە نواندووە.
کۆتایی
ئەم توێژینەوەیە کاریگەرییەکانی دۆزی کورد لە سەر یانەی ئامەدسپۆر دەخاتەڕوو، بە جۆرێک لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئاشتیدا یانەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک جیاکاریو زەوتکردنی مافەکانی بووەتەوە. ئەنجامەکانی توێژینەوەکەو چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربواندا پێماندەڵێت: یانەی ئامەدسپۆر ڕووبەڕووی مامەڵەی نایەکسانیی دارایی، یاساییو کۆمەڵایەتی بووەتەوە. جگە لەوەش، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاساو سزاکان لە جیاکاریی نەتەوەیی لە مەیداندا کراوەتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی بەکولتوورکردنی ڕووبەڕووبوونەوەو سزادانی جیاکارییە نەتەوەییەکان دێتەدی، نەک تەنها لە ناو یاساکاندا بێت بەبێ جێبەجێکردنی، هەروەها بەشداربوان بە بایەخەوە باسیان لە جێبەجێکردنی پڕۆسەی دیموکراسیو ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە بواری وەرزشدا کردووە.
زەوتکردنی مافەکانی یانەی ئامەدسپۆر، پێش هەموو شتێک دژی بنەمای “یەکسانییە”، کە لە دەستووری کۆماری تورکیادا جێگیرکراوە. ئەو جیاکارییە سیستەماتیکییەی دژی یانەکە پەیڕەوکراوە، بە واتای پێشێلکردنی پەیماننامەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی وەک “پەیماننامەی نێودەوڵەتیی لابردنی جیاکارییە ڕەگەزییەکانو پەیماننامەی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان” دێت، هەرچەندە لەو پەیماننامانەدا بە دەقی ڕوون جەخت لە ڕێگری لە هەر جۆرە جیاکاریو زەوتکردنی مافێک بە یاسا کراوەتەوە، لەبەرئەوە لە پێناوی نەهێشتنی جیاکارییە ڕەگەزییەکانو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانو گونجاودا بۆ یانەی ئامەدسپۆر لە پێشبڕکێی لەگەڵ یانە ڕکابەرەکانیدا، پێویست بە جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی گرنگ دەکات، کە بریتین لە:
١. کۆتاییهێنان بە ڕێگری لە هاندەرانی یانەکە بۆ چوونەناو یاریگاوە.
٢. ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ڕکابەرییەکانی یانەکە، ئەمەش لە پێناوی ڕێگری لە جیاکاریی بەرانبەر بە ناسنامەو بەرپرسو یاریزانو هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆردا.
٣. جێبەجێکردنی سزای توند بە سەر ئەو کەسانەی هێرشی جەستەیی دەکەنەسەر ئەندامو هاندەرانی یانەکە، گرنگییەکی ژیاریی هەیە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: وەرزش ئەو بوارەیە کە دەکرێت وەک “پردی پەیوەندی”و “ئامرازی بەستنەوە” بەکاربهێنرێت، ئەمەش بۆچوونی هاوبەشی بەشداربوانی توێژینەوەکەو تەنانەت ڕایگشتیی تورکیایە. ئەنجامدانی “یاریی دۆستانە” لە نێوان یانەی ئامەدسپۆرو یانەکانی دیکەدا بە بەشداریی بەرپرسانی دەوڵەتو کەسایەتییە سیاسییەکانو هونەرمەندان ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە کەمکردنەوەی جیاکاریدا، بەڵام لە پێش هەموو ئەمانەوە کۆتاییهێنان بە هەڵوێستی ئێستای دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرانبەر بە یانەی ئامەدسپۆرو دەستبەرداربوون لە جێبەجێکردنی یاساکان بە هەوانتەو ئارەزووبازی لە سەر یانەکە، سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ کۆتاییهاتنی جیاکاری بەرانبەر بە یانەی ئامەدسپۆر.
________________
لینکی ڕاپۆرتەکە لە ئینتەرنێت
https://kurdish-studies.org/yayinlar/amedspor/
https://kurdish-studies.org/inc/uploads/2024/03/KESKuSORuZER_Amedspor_Raporu.pdf