• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 6, 2024

ئاگایی هەمیشەیی؛ دروستكارێكی نوێی ستراتیژی مۆدێرن لە سەردەمی دیجیتاڵیدا

ئامادەكردن: عەبدوڵا عيسا شەريف

وەرگێڕان: ئایندەناسی

سەرچاوە: ناوەندی “المستقبل للأبحاث و الدراسات المتقدمة”

ڕێكەوت: 30ی تشرینی یەكەمی 2023

لینک: https://futureuae.com/ar-AE/Mainpage/Item/8726

لە قووڵایی جەنگی جیهانیی دووەمدا، دانراوی «دروستکەرانی ستراتیژی مۆدێرن» لە ساڵی ١٩٤٣دا بڵاو بووەوە کە وەک پێڕەوێكی سیاسی و ستراتیژی و مێژوویی بیری سەربازی لە ماکیاڤێلییەوە تا هیتلەر  گێڕابووەیەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٨٦دا چاپی دووەمی ئەم دانراوە لە ناوەڕاستی شەڕی ساردی نێوان جەمسەرەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ڕكابەرییەكانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵاو كرایەوە، كە جەختی دەكردەوە لە دروستکەرانی ستراتیژی مۆدێرن لە ماکیاڤێلییەوە تا سەردەمی ململانێ ئەتۆمییەكان.

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو کارلێکە بێوێنەیانەی کە لە گۆڕەپانی جیهانی ئێستادا ڕسكاون، چاپخانەی زانکۆی پرینستۆن جارێكی تر چاپی سێیەمی ئەم دانراوەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڵاو کردەوە لە ژێر ناوی “دروستکەرانی نوێی ستراتیژی مۆدێرن: لە جیهانی کۆنەوە بۆ سەردەمی دیجیتاڵی”، کە لە لایەن «هال براندز»؛ پڕۆفیسۆری کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە قوتابخانەی توێژینەوەی نێودەوڵەتیی پێشکەوتوو، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسەتی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و هاوڕێی پەیمانگای ئەمەریکیی ئینتەرپڕایز بڵاو بووەوە.

ئاشكرایە ئەم زنجیرە دانراوانە بە “پاراستن”ی توێژینەوە ستراتیژییەکان دادەنرێت، وەک بوارێکی کارپێکراوی نێو زانستە سیاسییەكان کە تەواوی بابەتەکانی سەربازی و ناسەربازی لەخۆ دەگرێت، هەمان كات پەیوەندییان بە ئاسایشی جیهانی و سیستمەكانی بەرگری و شەڕەوە دەخاتە ڕوو. بەجۆرێك دروستکارانی نوێی ستراتیژی مۆدێرن، وەها بۆچوونیان روون دەكەنەوە كە هەوڵەكانیان ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنە ستراتیژییەكانە لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوو، ئەویش وەک ئاڵنگارییەكی نوێ و هاوچەرخ، بۆ ئەو بارە ستراتیژییە فرەییانەی کە جیهان لە سەدەی بیست و یەكدا پێیدا تێدەپەڕێت، لە سەر بنەمای ئەو ڕێبازە سیاسییانەدا کە چارەنووسی هەر وڵاتێک بەند دەكات بە باڵادەستی و هێز و توانایان لە شەڕەکاندا. لە دونیای ئەمڕۆشدا، ستراتیژی نوێ بریتییە لە هونەری کۆنترۆڵکردن و ئیستغلالکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەتێک لە ڕێگەی هێزە چەکدارەکانیەوە، ئەویش لە پێناو بەدەستهێنان و پێشخستنی بەرژەوەندییە گرنگ و كاریگەرەكان، بە تایبەت لە بارەی سەقامگیری و ئاسایش و وەستانەوە بە ڕووی دوژمندا، جا ئەو تەقەلایانە چ ڕاستەقینە بێت یان گریمانەیی.

 

یەكەم: جەوهەری ستراتیژییەکە

دانراوەكە جەوهەری ستراتیژییە نوێیەكە بە شێوەیەكی ڕوون و ڕاستەوخۆ دەبینێت، هونەری بانگهێشتکردنی هێز و بەکارهێنانی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناوەندییەکان لە نێوان کارلێکەکانی گۆڕەپانی جیهانی و بەرەنگاربوونەوەی ڕکابەر و دوژمنان دەخاتە ڕوو، بەم شێوەیە ستراتیژی نوێ پەیوەندییەکی نزیک و ڕاستەوخۆی بە بەکارهێنانی هێزەوە هەیە، چونکە ئەگەر جیهان هاوسەنگ بووایە و هەمووان بیانتوانیایە بە ئامانجەکانیان بگەن، پێویستمان بە سیستمێک نەدەبوو کە سەرنجمان لە سەر هەڵسووڕان و شارەزابوون لە هونەری ڕكابەری هەبێت، بە هەمان شێوە بواری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ڕەگوڕیشەی لەو باوەڕەدایە کە لۆژیکێکی بنەڕەتی بۆ ستراتیژی هەیە کە سنوورەكانی کات و شوێن تێدەپەڕێنێت.

هەر چەندە هەموو قۆناغێک تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، دەربارەی چەمکی ستراتیژی نوێ و مەرجەکانی ئەنجامدانی، بەڵام تێگەیشتنی قووڵ لە ئاڵنگاریی بنەڕەتیی ستراتیژی لە لایەن توسیدیدس، ماکیاڤێلی، یان کلۆزڤیتزەوە، وا دەکات بەرهەمەکانیان تا ئەمڕۆش لێكدانەوە پێویست بێت، بە تایبەت بۆ نوێکردنەوەی تێگەیشتنمان لە ستراتیژی نوێ و هەڵسووڕانی کێبەرکێی توند کە بە هەڕەشەی ململانێ کارەساتبارەکان پۆلێن دەکرێت و نیشانەی واقیعی جیهانی سەردەمی ئێستایە، بە تایبەت لەم قۆناغەدا ستراتیژی نوێ زۆرترین بەهای هەیە کاتێک مەترسییەکان زۆر بن و دەرئەنجامەکانی شکستیش ترسناکتر دەردەكەون.

لەم بارەدا دانراوەكە لە هەندێک دەرئەنجامی کلاسیکەوە دەست پێ دەکات و مێژووی ئەو شەڕانە دەگێڕێتەوە کە جیهانیان بەو ڕۆژگارەی ئەمڕۆ گەیاندووە و تەنانەت ئەو ڕكابەرییانەش كە تا ئێستا شوێنەواریان لە سەر كۆی هەلومەرجی سیاسیی جیهانی جێ هێشتووە. لە پێشەکییەکەیدا، هال براندز کۆتایی بەو مەترسییانە دەهێنێت کە تێیدا هاتووە، ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی ئێستای جیهانی کەوتووەتە ژێر ناکۆکییەکی توند و بەردەوامەوە کە ئەگەری شەڕ لە نێوان دەوڵەتە ئەتۆمییەکان بە شێوەیەکی ترسناک لەئارادایە، هەروەها هیچ گەرەنتییەک نییە کە پڕۆسەی دیموكراتی بە مانا هێمن و سەقامگیرییەكەی بەردەوام بێت، چ لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە یان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، هەر بۆیە لە کۆتاییەكانی سەدەی بیستەمدا زیادبوونی ئاڵۆزیی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و خێرابوونی گۆڕانکاری لە خۆیدا نوێنەرایەتیی کێشەیەکی ستراتیژیی نوێ دەکات كە كاریگەریی تا ئەمڕۆ جێ هێشتووە.

دانراوەكە لە (١١٨٥) لاپەڕەدا باس لەوە دەکات کە دروستکردنی ستراتیژی نوێ لە بۆشاییدا ڕوو نادات، بەڵكوو بە هۆی گۆڕانی تەکنەلۆژی، هێزە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوە فیکرییەکان، تێزە ئایدیۆلۆژییەکان، جۆرەکانی سیستمی سیاسی و جیاوازیی بیرکردنەوەی نەوەکان و گرووپە پیشەییەکان لە ئێستادا “لە قاڵب”دان، بوارگەلێکی نوێی شەڕ سەریان هەڵداوە لە کاتێکدا سەردەمی دیجیتاڵی گۆڕانکاریی لە بواری هەواڵگری و کردەی شاراوە و ئامرازە کۆنەکانی تری ستراتیژیدا کردووە. لیستی ئەو پرسانەی کە لە دەیەکانی داهاتوودا مێشکی بڕیاردەرانی سیاسی داگیر دەکەن، چیتر بەو شێوەیە نییە کە لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی هاتبووە ئاراوە، هەر بۆیە دیارترین ئەو پرسانەی کە لە کتێبەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، دەتوانرێت بەم شێوەیە باس بکرێن.

 

تەکنەلۆژیا و داهاتووی شەڕەکان

ئایا گۆڕانی تەکنەلۆژی ئامانجی ستراتیژی دەگۆڕێت؟ ئایا تەکنەلۆژیا نەک تەنها ئامرازەکانی شەڕ، بەڵکوو سروشتی شەڕ خۆی دەگۆڕێت؟ لە باسی چەکی ئەتۆمیدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن ئەو کێشانەی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە سەریان هەڵدا، تا ئەمڕۆش جیهان پێیانەوە سەرقاڵ بووە. بۆ وێناکردنی بنەڕەتیترین گۆڕانکاری لە سروشتی شەڕدا، تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئامانجی ستراتیژی لە چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوە و سەرکەوتن لە شەڕەکانەوە گۆڕیوە بۆ چۆنێتیی دوورکەوتنەوە و ڕێگریکردن لێیان.

بە هەمان شێوە، سەلمێنراوە کە دیکتاتۆرییە بنەڕەتییەکانی ستراتیژییەکە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و ئەوەی کەمتر ڕوونە؛ دۆخی گشتیی داهاتووی شەڕەکانە کە ئێستا لە ئۆکرانیا سەر هەڵدەدات، هەروەها لە شەڕی ئەلکترۆنییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لە جیۆپۆلەتیکەوە بۆ بۆشایی ئاسمان. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە داهێنانی تەکنەلۆژی؛ پەیوەندییە كلاسیكییەکانی نێوان ڕێکخراوەکانی ئاسایشی نیشتمانی و کەرتی تایبەت دەگۆڕێت و بە مانایەکی فراوانتر خودی شەڕ لەقاڵب دەداتەوە.

کتێبەکە باس لەوە دەکات کە باوەڕبوونی زۆر کەس بە چارەسەرە تەکنەلۆژییەکان وەک ڕێگای دڵنیا بۆ سەرکەوتن؛ گەڵاڵەیەکی ناهاوسنگ و جێی پرسیارە، چونکە فڕێدانی بۆمبی ئەتۆمی بۆ سەر هێرۆشیما، ژاپۆنی ناچار نەکرد لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لە ساڵی ١٩٤٥دا خۆی ڕادەست بکات، هەروەک چۆن “شۆڕش لە کاروباری سەربازیدا” کە لە لایەن دۆناڵد ڕامسفێڵدەوە داوای دەکرد و ڕاگەیەنرا، نەیکردە لوتکەی خێرا و تەواوەتیی شەڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دوای 11ی ئەیلوول. کتێبەکە لە سەر ئەو ڕاستییە دامەزراوە کە پۆتانسێلی مەترسیداری تەکنەلۆژیا پێش بڕیاردانی مرۆڤ نەبووە و نابێتەوە، چونکە ئامرازەکانی شەڕ وردتر و کوشندەتر بوون.

شەڕی ئاسایی بەرامبەر بە شەڕی ناڕێک

کتێبەکە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: ئایا شەڕی ناوچەی خۆڵەمێشی و شەڕی تێکەڵاو، نوێنەرایەتیی جیهانێکی نوێی ڕكابەرییەكان دەکەن کە پێویستی بە تیۆری ستراتیژی داهێنەرانە هەیە؟ یان تەنها ناوی نوێی “ناڕوون”ن کە جیاوازیی دووانەی نێوان ئاشتی و شەڕ کاڵ دەکەنەوە بە گۆڕینی سەرلێشێواوییەکە بە دیدێکی مێژوویی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ململانێ و ڕكابەرییەكی هاوسەنگ تا ئاستی شەڕ و پێكدادان؟

کتێبەکە پێی وایە کە حەزکردنی ئەمەریکا بۆ شەڕکردن بە شێوازی كلاسیكی وای کردووە ئاستی سەربازیی ئەمەریکا لە بەرەکانی شەڕدا خراپ بێت، کاتێک نەیتوانی واقیعە ئاڵۆز و ناهاوسەنگەکانی شەڕەکە بگۆڕێت لە ڤێتنامەوە بۆ عێراق و ئەفغانستان. هەر چەندە گرنگە لەبیرمان بێت کە لە سەردەمی جەنگی سارددا ئەمەریکا لە ناوچە خۆڵەمێشییەکانی وەک ئەنگۆلا و ئەمەریکای ناوەڕاست و ئەفغانستان شەڕی کراوە و ناڕاستەوخۆی ئەنجام دا. کتێبەکە بە ئاماژەدان بە ڕەگوڕیشەی قووڵتر لە مێژووی سەربازیی ئەمەریکادا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمەریکا بە شەڕێکی سەرکەوتووی تێکەڵاو بۆ سەربەخۆیی لە دژی بەریتانیا بووەتە نەتەوەیەک، بەم پێیەش  بۆ ئەوانەی دەیانەوێت جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا بکەن، ڕەنگە پێكهاتە نەتەوەییە فرە رەنگەكەی ئەمریكا بکەنە نموونە بۆ ئەوەی بزانین کە جەنگ و كاریگەرییەكانی لە شەڕی ناوچەیی تێکەڵ یاخود خۆڵەمێشی تاكو چ ئەندازەیەك بایەخیان لە دروستكردنی ستراتیژیی مۆدێرندا هەبووە، بە واتایەكی تر شەڕ و ناكۆكییەكان بە مانا هاوچەرخەكەی شێوازێكی نوێی ستراتیژیی لە خۆ گرتووە.

ئایدۆلۆژیای شەڕی لیبراڵ

کتێبەکە پرسی ئایدیاڵی لیبراڵی و پێوەرەکانی شەڕ بۆ ستراتیژی نوێ لە پراکتیکدا، ئایدۆلۆژیای شەڕی لیبراڵ و بەڵێنی بەرزکردنەوەی جیهانی و نیشتمانیی ئاسایشی مرۆیی دووپات دەکاتەوە، کە لە سەر بنەمای سەروەر و خۆپارێزی دامەزراوە کە لە لایەن یاسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە رێكخراوە و بە لە چوارچێوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا پارێزراوە. بەرهەمەکانی شەڕی لیبراڵ لە چوارچێوەی ئاڵنگاریی ئایدیۆلۆژی و جیۆپۆلەتیکیی بەردەم سەرکردایەتیی ئەمەریکا دەورە دراوە، وەك ئەوەی کە لە شەڕێکی ناڕاستەوخۆی سنووردار لە نموونەی جەنگی ئۆكرانیا روویدا، یاخود ئەو  ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی كە لەگەڵ ئێرانی «تیۆکراتی»دا، هەروەها ئەو ركابەرییەی لەگەڵ کۆریای باکوور بەهۆی چەكی ئەتۆمی كە بە شێوەیەكی سیستماتیك بدەستی پێكرد، لەوانەش گرنگتر کێبەرکێ مۆدێرنەكانی سەردەمی چینییە، كە بە شێوەیەكی فراوان باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە.

بەڵام لە رووە گشتییەكەیدا، کتێبەکە باس لەوە دەکات کە ئەو شەڕانەی ئەمڕۆ لە جیهاندا زۆرن، چەندین دژایەتیی چارەسەرنەکراوی نێوان شەڕی لیبراڵ لە چەمک و جێبەجێکردندا ئاشکرا دەکەن. جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا وەک بڕگەیەكی هاوبەش لە ئاستێكی كەمبایەخدا کار دەکات، کاتێک بەرژەوەندییە نیشتمانییە کێبەرکێکارەکان کەم بن یان نەبن. هەروەها هەندێک گۆڕانكاریی داینامیکی کاریگەرییان لە سەر دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکانی چارەسەرکردنی ململانێکان جێهێشتووەو  ئەرکەکانی ئاشتیپارێزی و یارمەتییە مرۆییەکان بوونەتە نموونە گەلێك، کە هەوڵێکی زۆر بچووک دەتوانێت ببێتە هۆی زیانێکی ئەرێنی یان بەبێ ئاگاداریی خۆی ئەو شەڕانە بەردەوام بکات کە هەوڵی کەمکردنەوە و کۆتاییهێنانیان قورس دەبێت، بە تایبەتیتر بۆ ئەمەریکا، دووڕیانەکانی ئەخلاقی و ستراتیژی شەڕی لیبراڵ تۆمارێکی کێشەداریان لە دەستتێوەردانەکان بەرهەم هێناوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئیسپانیا-ئەمەریک. لێرەدا ئەرکی بنچینەیی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی دیموکراتی لە ڕێگەی شەڕەوە مەیلی ئەوەی هەیە کە ئەنجامێکی كەموكورت بەرهەم بهێنێت، بە تایبەت کاتێک بە پەلە هەوڵی بۆ دەدرێت و کاتێک بە ناو “پرۆکسی” هەیە کە لەگەڵ پشتیوانییە ئەمەریکییەکانیاندا ناگونجێت، لێرەوە دانراوەكە دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی نەتەوەسازیی بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ ئاژاوە یان لە خراپترین حاڵەتدا دەبێتە گەمژەیی، ئەو شەڕە درێژخایەنانەی کە ئەمەریکا لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ بە تایبەتی لە ئەفغانستان و عێراق ئەنجامی دا؛ شکستی ستراتیژییان نیشان دا، ئەمەش بە هۆی دژایەتییەکی هەرە دیار لەگەڵ بنەما ڕاگەیەنراوەکانی شەڕی لیبراڵ. سەدان هەزار کەس لەو شەڕانەدا کوژران، لە ئەنجامی ئەو دوو هەزار و ٩٩٦ کەسەی کە لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوول لە نیویۆرک و واشنتن گیانیان لەدەست دا.

 

کۆتاییهێنان بە شەڕەکان

کتێبەکە باس لە پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگەکان دەکات. گرنگترین بابەت لە بارەی جەنگەوە ئەوەیە کە چۆن کۆتایی دێت. کەواتە بۆچی ئەمەریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگییە بووەتەوە لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکاندا بەرۆكی دەگرێت؟ لێرەدا کتێبەکە باس لەوە دەکات کە ئەو ئارگومێنتە ڕاست و دروستە کە کۆتاییهێنان بە شەڕێک زۆر قورسترە لە دەستپێکردنی، بە تەواوی گوزارشت لە کێشەیەکی ستراتیژیی بنەڕەتی لە بیری ئەمەریکیدا دەکات، چونکە ئەوە شێوازی کۆتاییهاتنی شەڕێکە کە یەکلاکەرەوەترین کاریگەریی هەیە لە ماوەیەكی درێژخایەندا. سەرکەوتنی ئەمەریکا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا کە بە رادەستبوونی بێمەرجی ئەڵمانیا و ژاپۆن گەیشتە لوتکە، هەمان كات هاوسەنگییەكی زێڕینی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی مۆدێرن دانا، زۆر جار ئەمەریکای کردە سپۆنسەرێکی باش بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی گەلانی دیکە، ئەمەش هێندەی تر پڕۆسەكە سەرلێشێواو دەکات، چونکە ئەمەریکا لە کۆتاییهێنان بە شەڕە مۆدێرنەکانیدا بە هەموو جۆرەکانیەوە بە خراپی کاری کردووە، سنووردار و بێسنوور، كلاسیک و ناڕێک، دەستتێوەردانی ناوخۆیی و کردەوەی شاراوە لە شکست و تەنانەت لە سەرکەوتنیشدا ڕەنگ دەداتەوە.

دانراوەكە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆتاییهێنان بە شەڕ تەنها بە مانای کۆتاییهاتنی یەكجاریی شەڕ نییە و دەرچوونیش لە شەڕ نابێت لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتیدا تێکەڵ بکرێت، کێشەکە لە ساڵی ١٩٥٠دا لە کۆریا دەستی پێ کرد، یەکەم جەنگی مۆدێرن بوو کە ئەمەریکا لە سەرکەوتنەکانیدا وەستا. دوای ئەوەی لە ساڵی یەکەمی شەڕەکەدا ئەمەریكا بە ترس و دڵەڕاوكێوە دەركەوت، گفتوگۆکان بۆ دوو ساڵی داهاتوو بەردەوام بوون بەبێ گۆڕانکاریی گەورە لە سەر زەوی تا لە مانگی ئابی ١٩٥٣دا ئاگربەستێک واژۆ کرا. سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتیی پاریس کە کۆتایی بە شەڕی ئەمەریکا لە ڤێتنام هێنا، ئەوەی شەرمەزارییە لەم شەڕانەدا شانۆی ئەو دوو شەڕە درێژخایەنەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوول لە ئەفغانستان و عێراق ئەنجامی دا.

لە عێراقدا شکستهێنان لە چەسپاندنی شکستی یەکلاکەرەوەی سەددام حسێن لە ساڵی ١٩٩١دا وەک پاشخانی لەشکرکێشی و ڕووخاندنی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا کاری کرد. ڕاگەیاندنی تاکلایەنەی جۆرج بوش سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریكا دەڵێت: “ئەرک بەئەنجام گەیشتووە”، ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی ئەفسووناوی بوو نەک تیۆرێكی کۆنکرێتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. لە بریی ئەوەی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنرێت، چاوەڕوان دەکرا پلانی ناشرین بۆ قۆناغی دوای ڕووخانی سەددام حسێن و خراپیی بڕیاردان ببێتە هۆی ورووژاندنی ئەو یاخیبوونەی کە لە عێراق دەستی پێ کرد و بڵاو بووەوە بۆ بەرهەمهێنانی شەڕێکی بەردەوامی دژەتیرۆر، پێشەنگایەتیکردن تا سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

هەروەها شێوازی کۆتاییهێنان بە یەکەمین شەڕی ئەفغانستان لە لایەن ئەمەریکاوە زۆر توندتر بوو، چونکە شکستهێنان لە سەقامگیرکردنی ئەفغانستان بە دروستکردنی هەلومەرج لە نێوان گرووپە موجاهیدییەکان لە دوای کشانەوەی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٩دا بووە هۆی ئاژاوەگێڕی و سەرهەڵدانی یەکەم دەسەڵاتی تاڵیبان و لە کۆتاییدا ڕێگەی خۆش کرد بۆ ١١ی سێپتەمبەر.

دوای ئەوەی بە خێرایی تاڵیبانیان لەکار خست و ئەلقاعیدەیان لەناو برد و حکومەتی نوێی ئەفغانستانیان دامەزراند، شێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا سەرکەوتنە بەدەستهاتووەكانی پووكانەوە، ئەویش بە بەردەوامبوون لە شەڕکردن بەبێ ئەوەی جێگرەوەی بۆ دابنرێت، ئەوەش هەرگیز دەستپێشخەرییەکەی نەپاراست لە کاتێکدا تاڵیبان دەستی دایەوە یاخیبوون. دوای دوو دەیە، ڕێککەوتنی ئاشتیی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢٠دا وەک بیانوویەکی دیکە بۆ دەرچوونی ئەمەریکا بوو لە دۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ ڤێتنام ڕووی دا، لە کاتێکدا جۆ بایدن دەیتوانی خۆڕاگری هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو ئاژاوەی کە لە ئەنجامی “یاریی کۆتایی” هاتە ئاراوە؛ گەڕانەوەی توندڕەوەکان بوو. دەركەوتنی تاڵیبان لە لوتكەی دەسەڵاتدا شکستی ستراتیژی بوو لە درێژخایەنترین شەڕی دەرەکیی ئەمەریکادا، بە قبووڵکردنی ئەو گریمانە لیبراڵەی کە دەڵێت “ئامانجی شەڕ دۆخێکی باشتری ئاشتییە”. ئەم شکستانە بەڵگەن لە سەر کەموکوڕییەکی جددی لە داڕشتن و ئەدای ستراتیژی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەمەریکادا، کە داوای یەکخستنی وردی جەنگ و لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی دەکات.

لە کۆتاییدا دروستکەرانی نوێی ستراتیژی مۆدێرن، لە جیهانی کۆنەوە تا سەردەمی دیجیتاڵی، جەخت لەوە دەکەنەوە کە وریایی هەمیشەیی باجی ئازادییە. کتێبەکە بانگەوازێکە بۆ کردەوەی ئاگایی کە ئاڕاستەی سەرکردەکان و هاوڵاتییان کراوە، وەک چۆن مێژوو سەركۆنەی ئەو کەسانە دەکات کە لەبیریان دەچێتەوە. لادان لە بنەما سەرەکییەکانی ستراتیژی بە دڵنیاییەوە تێچووی زۆری دەبێت، بە تایبەت کە دەتوانرێت کتێبەکە بە ڕێبەرێکی هەنووکەیی بۆ بیرکردنەوەی ستراتیژی مۆدێرن هەژمار بکرێت سەبارەت بەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ جیهان دەگۆڕن.

Send this to a friend