سیاسەتی ئەردۆغان لە سوریا؛ ئاساییکردنەوە یان مانۆڕی ستراتیژی؟
نوسینی: د. ئازاد باریش
وەرگێرانی: یاد نورسی
ناوەندی بیر و توێژینەوەکانی سپێکڕووم هاوس
SpectrumHouse Düşünce ve Araştırma Merkezi
سەرەتا
شەڕی ناوخۆی سوریا، کە زیاتر لە (١٣) ساڵە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی خۆی دەوەشێنێت، نەک تەنها لە سوریا، بەڵکو لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێو دەوروبەری، کاریگەرییەکانی بەردەوامە. ئەم شەڕە تێچوو و قوربانیی سیاسیو مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
جەنگی ناوخۆیی سوریا، کە بە “بەهاری عەرەبی” دەستیپێکردو لە ئەنجامدا گیانلەدەستدانو ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی لێکەوتەوە، کێشەیەکە کە هەتا ئەمڕۆش بە هۆی خواستی فراوانخوازیو ئامانجە هەژموونگەرییەکانی زلهێزە ناوچەییو جیهانییەکان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
دەروازەی پەیوەندییەکانی تورکیاو سوریا؛ لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەستیپێکرد، کاتێک سنوورە وشکانییەکەی سوریا (٩٠٠ کم) بە خستنەناو تورکیاوە دیاریکرا، سوریاش بۆ تورکیا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیو جیۆستراتیژییەوە دەروازەیەکی گرنگە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەفریقاو دەریای ناوەڕاستدا، بۆیە ئەو سیاسەتە ناوچەییانەی کە لە چوارچێوەی سوریادا پەیڕەودەکرێن، زەمینەیەکیان هەیە کە کاریگەرییەکەی هەموو داینامیکی تورکیا دەگرێتەوە.
ئەوەی کە سوریای ئەمڕۆ بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بووە، دیاردەیەکی سنووریی دینامیکی لە چوارچێوەی سوریادا لە کاتی دامەزراندنی تورکیای مۆدێرندا دروستکرد، بۆیە بە هۆی ئەم دیاردە سنوورییە دینامیکییەوە، جار جار کێشە لە نێوان ئەنقەرەو دیمەشقدا دروستبووە. هەرچەندە ئاڵۆزییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم بە هێنانەناوەوەی پارێزگای هاتای (Hatay) بۆ تورکیاو پێوەلکاندنی بەشێکی چارەسەربوون، بۆ نەمانی ئەم کێشانەو چارەسەرکردنی گرژییەکان دووبارە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریادا، کە لە ساڵی (٢٠١١) دەستیپێکرد، سیاسەتی عوسمانیی نوێو فراوانخوازیی تورکیا جارێکی دیکە پرسی سنوورو لکاندنیو دابەشکردنی سەروەریی لەگەڵ سوریادا هێنایەوەبەرباس.
سوریا، کە گرووپە نەتەوەییو ئایینییە جۆراوجۆرەکانی وەک عەرەب، کورد، تورکمان، ئەرمەنی، دروز، سوننە، عەلەوی، مەسیحیو ئێزیدی تێیدا دەژین، نەتوانراوە شوناسێکی هاوبەشو چەمکێکی هاوبەشی کۆمەڵگەی بۆ دروستبکرێت، کە جۆراوجۆری لەخۆبگرێت. لە دوای ئینتیدابی فەرەنسا هەتا ئەمڕۆ، سەرکوتکردنی شوناسە جیاوازەکانی ئیتنۆ-ئایینیو ئێتنۆ-سیاسییەکانو قبوڵنەکردنی بوونی دەستووری بۆ گرووپو نەتەوە ئایینیو مەزهەبییە جیاوازەکانو بونیادنانی ناسنامەیەکی یەکپارچەیی، کە چەقەکەی شیعە-عەرەبی بووە، هەم زەمینەی بۆ گێژاوی ناوخۆیی خۆشکردو هەم ناوچەکەی بە ڕووی دەستوەردانی دەرەکیدا زیاتر کردەوە.
ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان، کە لە ساڵی (٢٠١١) لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکووری ئەفریقا دەستیپێکرد، کاریگەرییەکانیان لە سوریاش نیشانداو شەپۆلێکی پشێویی لە ناوچەکەدا دروستکرد، کە زیاتر لە (١٣) ساڵە بەردەوامە.
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەو قۆناغەدا ستراتیژێکی فراوانبوونی نۆستالژیکی پەیڕەوکرد، کە لە سەر بنەمای خەیاڵی عوسمانی (نوێژکردن لە مزگەوتی ئومەوی) دامەزرا. ئەو گێژاوەی کە باسیلێوەدەکرێت، وەک بنەمایەک بۆ دەستوەردان لە ناوچەکەدا بەکاریهێنا.
ئەم ستراتیژە، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە خراوەتەڕوو و بە “قووڵایی ستراتیژی” ناودەبرێت، هاوکات هاوکاری ناوخۆییو ناوچەیی، پەیوەندیو مامەڵەکانی پاڵپشتیکردنو هاوبەشیی سەربازیی دیاریکردووە. لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژەدا حکومەتی ئێستا ستراتیژێک پەیڕەودەکات کە لە سەر بنەمای پەیوەندیی هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە بناژۆ_خوازو جیهادییەکاندا بۆ بونیادنانی هەژموون لە ناوچەکەدا بووە. تورکیا لەگەڵ ئەم گرووپە جیهادییانەدا، کە بە توخمەکانی “هێزى میللی”یش ناودەبرێن، هەژموونی لە ڕۆژئاواو باکووری سوریا، بە تایبەتی لە عەفرین، دامەزراندووە.
ئەم ستراتیژە لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای ستراتیژیەتی پەرتکردن بوو، هەم بۆ دروستکردنی ئەو بارودۆخەی کە لە ڕۆژئاواو باکووری سوریاوە فشاربخرێتەسەر ڕژێمی ئەسەدو هەم بۆ گەیشتن بە دیمەشق بە کراوەیی هێشتنەوەی ڕێگەکانی حەلەب، هەم بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو کانتۆنانەی کورد لە هەرێمی خۆسەریی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستیکردووە، ئەمەش دژی دەستدرێژیی جیهادی لەگەڵ گرووپە نەتەوەییو ئایینییەکانی دیکەی ناوچەکەدا.
لە چوارچێوەی هاوکێشە قووڵەکانی جیۆپۆلەتیکیو جیۆستراتیژیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیاو تیمی ستراتیژیی دەوروبەری، بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکەو گۆڕینی تورکیا بۆ بنکەیەکی لۆجیستی بۆ گواستنەوەی جیهادییەکان بۆ سوریا، زەمینەی دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی سوریادا ڕەخساند.
تورکیا هەتا ئێستا پێنج ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەی لە سوریا کردووە، بە مەبەستی گۆڕینی نەزمی هەبوو و بونیادنانی ئیدارەیەک لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیداو نەهێشتنی ئەو دەستکەوتانەی کە کورد بەدەستیهێناوە. ئەم بەرنامە سیاسییە کە لەگەڵ گرووپە جیهادییەکاندا پێکەوە جێبەجێکرا، ناسەقامگیریی ناوچەکەی زیاتر قووڵترکردەوەو دۆخی داینامیکیی کۆچو جووڵەی ئاوارەیی هێنایەکایەوە. ئەم دۆخە کە بە هۆی پاڵنەرە ئایدیۆلۆژییە ئیسلامیو تائیفییەکانەوە سووتەمەنیی پێدرابوو، بووە هۆی زیادبوونی کۆچی سوورییەکان بۆ تورکیا. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە، سیاسەتی دەرگای کراوەی گرووپەکانی دژەئەسەدو گوتاری ئەنسارو موهاجیر بنەمای ئەوەیان دروستکرد کە وەک پەنابەر سورییەکان بێنە تورکیا، بەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخساندن کە وەک توخمێکی فشار کەڵکیانلێوەربگیرێت لە هەردوو سیاسەتی ناوخۆییو نێودەوڵەتیدا.
سیاسەتی نوێی سوریاو ستراتیژیەتی ئەردۆغان لەو وڵاتە
لە ساڵی (٢٠١١)وە لە چوارچێوەی سوریای ئەسەد، ستراتیژێک کە هەتا ڕادەیەکی زۆر لە سەر جەمسەرگیری دامەزراوە، لە پشت پەردەوە لەلایەن تورکیاوە پەیڕەودەکرێت. دانوستانو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەددا پچڕاو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان بەستران. هەرچەندە ڕژێمی ئەسەد وەک ڕژێمێکی شەرعیو خاوەن_سەروەری سەیرناکرێت، بەڵام ئەوە دەزانرێت کە وەزارەتی دەرەوەو هەواڵگریی تورکیا کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەسەددا کردووەو ئەو دیدارانەش بە نێوەندگیریو ڕێنمایی ڕوسیا کراون. ئەو دانوستانانەی کە تورکیا، ئێران، عێراقو سوریا بە گرنتیی ڕوسیا لە سوچیو ئاستانە کردیو ئەو کۆدەنگییەی کە لە ژێر ناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریادا ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە بوو، لە نێوان تورکیاو ڕژێمی سوریادا لە چوارچێوەیەکی دیبلۆماسیی ناڕاستەوخۆی دەرگای پشتەوەدا. لە ڕاستیدا ئەوە زانراوە کە ئەردۆغانو ڕژێمی ئەسەد هەتا ئێستا ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە.
لەم چوارچێوەیەدا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، تێبینیی ئەوە کراوە کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە گوتاری سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرانبەر بە سوریا ڕویداوەو ئەو گوتارە سیاسییەى کە لە ساڵی (٢٠١١)وە کاری لە سەر دەکرێت، تەواو گۆڕاوە. ئەو پێشهاتانەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا دەیەوێت، لەگەڵ بەشار ئەسەد؛ سەرۆکی سوریادا کۆببێتەوە، وەک نیشانەی ئاساییبوونەوەو نەرمبوونو نیشانەی ئیرادەی باش سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی سوریا لێکدەدرێتەوە. جگە لەوەش، جێی سەرنجە کە پلانی سەردانەکەی ئۆزگور ئۆزێل (Özgür Özel)؛ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (Cumhuriyet Halk Partisi)(CHP)، کە بە دایکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دادەنرێت، بۆ سوریا لە مانگی تەمموزدا هاوکات بوو لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستەکانی ئەردۆغان.
دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە باری ئاساییبوونەوە لە نێوان ئەردۆغانو ئەسەددا، پەیوەندیی بە گۆڕانکارییە پێکهاتەییو خولگەییە گرنگەکانی ناوچەکەو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان کە پلانی بۆ دانراوەو دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی ئەو هەڵبژاردنەو شەپۆلی دژەکۆچبەرانەوە لە تورکیا هەیە. ئەم گۆڕانکارییە لە گوتاری ئەردۆغان سەبارەت بە بەشار ئەسەد، پرسیاری گرنگ لە بارەی ئامانجو ستراتیژییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا دەوروژێنێت، بە تایبەتی لە چوارچێوەی ململانێی بەردەوام لەگەڵ گرووپە کوردییەکاندا لە ڕۆژئاواو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراقو هەرێمی کوردستان.
سوریا بۆ تورکیا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیو جیۆستراتیژییەوە دەروازەیەکی گرنگە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەفریقاو دەریای ناوەڕاستدا، بۆیە ئەو سیاسەتە ناوچەییانەی کە لە چوارچێوەی سوریادا پەیڕەودەکرێن، زەمینەیەکیان هەیە، کە کاریگەرییەکەی هەموو داینامیکی تورکیا دەگرێتەوە.
سیاسەتی ئەردۆغان لە سوریا لەمێژە بە ستراتیژێکی پەرتکردن لەقاڵبدراوە، کە ئامانج لێی لاوازکردنی هێزە کوردییەکانە لە ناوچەکەدا. ئەم ستراتیژە کۆنتێکستێکی هەیە کە ڕەنگدانەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیاو داینامیکی سیاسەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە، نەک گەڕان بێت بە دوای چارەسەرێکی دیموکراسیو هەمیشەییدا، کە مافە بنەڕەتییەکانی هەموو ئەو کەسانەی لە سوریا دەژین، دابینبکات. کاتێک هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ دیدار لەگەڵ ئەسەددا لەم چوارچێوەیەدا هەڵدەسەنگێنرێت، زۆر ئەستەمە بتوانرێت هیچ نیشانەیەک بدۆزرێتەوە کە ئاماژە بە نیازی ڕاستەقینە بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. تێکەڵبوونی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا لەم سیاسەتەدا دەکرێت وەک بەشێک لە ستراتیژی ئەردۆغان بۆ هەڵمژینی شەپۆلی دژەکۆچبەران لە سیاسەتی ناوخۆو لادانی کاردانەوەکان بە ئاڕاستەکانی دیکەدا هەژماربکرێت.
یەکێک لە بەردی بناغەی سیاسەتی ئێستای حکومەتی سوریا، ستراتیژی پەرتکردنە لە دژی گرووپە کوردییەکان لە ڕۆژئاواو هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لەو گرووپانە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا. هەرچەندە بەڵگەی زۆر کەم هەیە کە تورکیا خوازیاری چارەسەری هەمیشەییو دەستووری بێت لە سوریا، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ستراتیژی نەهێشتنی دەستکەوتەکانی خەڵکی ناوچەکەو بە تایبەتی کورد، هەتا ئەمڕۆش ستراتیژێکی جێگیرە لەلایەن تورکیاوە.
ئەم ستراتیژە لەلایەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراقو حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە پاڵپشتیدەکرێت. تورکیا بەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵدەدات مەیدانی کرداری هێزە کوردییەکان بەرتەسکبکاتەوەو گوتاری ناسیۆنالیستی لە سیاسەتی ناوخۆدا بەهێزتربکات. لە ئەگەری هەڵبژاردنی گشتیو سەرۆکایەتیدا، ستراتیژێک پەیڕەودەکرێت کە لە ڕێگەی ئەم گوتارەوە ئەردۆغان هەوڵی بەهێزکردنی نفوزی سیاسیی خۆی دەدات.
لە چوارچێوەی هاوکێشە قووڵەکانی جیۆپۆلەتیکیو جیۆستراتیژیدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیاو تیمی ستراتیژیی دەوروبەری، بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکەو گۆڕینی تورکیا بۆ بنکەیەکی لۆجیستی بۆ گواستنەوەی جیهادییەکان بۆ سوریا، زەمینەی دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی سوریادا ڕەخساند.
بنەمای هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ دیدار لەگەڵ ئەسەددا، دووبارە دامەزراندنەوەی یەکڕیزیی هێزەکانە لە ناوچەکەو ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاواو کپکردنەوەی شەپۆلی دژەکۆچبەران لە تورکیا. بە تایبەتی هەڵوێستی ئەمریکاو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە ناوچەکەو ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکەدا، بە تایبەتی کورد، دایانمەزراندووە، بەرەی ڕوسیا بەهێزتردەکات، بۆئەوەی لە ڕێگەی تورکیاوە سیاسەتێکی پێشوەختە پەیڕەوبکات.
ڕوسیا بۆ ئەوەی ئامادەیی سەربازیو نفوزی خۆی لە سوریا زیادبکات، ستراتیژێک پەیڕەودەکات کە هەوڵدەدات کاریگەریی زلهێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکاو ئەکتەرە ناوچەیی-خۆجێییەکان، بە تایبەتی کورد، سنوورداربکات، کە پەیوەندیی هاوپەیمانیی ستراتیژیو ڕاستەقینەیان لەگەڵدا دامەزراندووە، بە هاندانی دامەزراندنی دیالۆگ لە نێوان تورکیاو سوریادا.
لەو چوارچێوەیەشدا دەکرێت خواستی ئەردۆغان بۆ دیدار لەگەڵ ئەسەددا وەک بەشێک لە هەوڵەکانی پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە دژی هێزە کوردییەکان لە سوریا تەماشابکرێت، هەروەها دەکرێت وەک یەکگرتنو گونجاندنی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) لێکبدرێتەوە، کە لە (٢٠١١)وە ڕەخنە لە سیاسەتی تورکیا–سوریا دەگرێت.
لە هەلومەرجی ئێستادا زۆر ئەستەمە باس لە گۆڕانکاریی سیاسەت بکرێت لە سەر بنەمای خواستی نەهێشتنی ململانێ سەربازییەکان بە بونیادنانی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، کە تێیدا هەموو خەڵکی دانیشتووی سوریا بە یەکسانی بناسرێن. جگە لەوەش، نەبوونی چارەسەری هەمیشەییو دەستووریی تورکیا لە سوریا، هەتا ڕادەیەکی زۆر لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ناوچەکەدا سەرچاوەدەگرێت. نیگەرانیی ئەوە هەیە کە پێکهێنانی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیی کوردی لە باکووری سوریا ڕەنگە کاریگەریی لە سەر کوردەکانی تورکیا بۆ داواکاریی سەربەخۆیی زیادبکاتو ئەم سیاسەتەش بنەمای هەنگاوەکانی تورکیا لە ڕۆژئاواو باشووری کوردستان پێکدەهێنێت. ئەم دۆخە ڕێبازێکی هەیە، نەک لە سەر گەڕان بە دوای ڕێگەچارەیەک لە سوریا، بەڵکو لە سەر نوێکردنەوەی سیاسەتەکانە هەتا ئێستا.
سەرەتای شەپۆلی ڕەگەزپەرستی لە قەیسەریو بڵاوبوونەوەی
ئەو هێرشە ڕەگەزپەرستییانەی دژی سورییەکان لە چەند مانگی ڕابردوو لە شاری قەیسەری دەستیپێکرد، شەپۆلێکی توندوتیژیی دروستکرد کە دواتر لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە سوریادا بڵاوبووەوە. ئەم پێشهاتانە دەتوانین هەم وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکانی دژی سورییەکان لە تورکیا لێکبدەینەوەو هەم وەک سیمبولیزمێکی دیار لە دژی ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئەسەددا؛ پۆتانسێلی گێژاوی سوریا ئاشکرادەکەن، کە کاریگەریی لە سەر داینامیکی ناوخۆی تورکیا هەبێت. ئەگەری زۆر هەیە کە ئەم پۆتانسێلە لە قۆناغی داهاتوودا ئاڵۆزترببێتو هێڵەکانی هەڵەی کۆمەڵایەتی درێژبکاتەوە.
هەرچەندە ئەو پێشهاتانەی کە لە قەیسەری دەستیپێکرد، تەشەنەیکرد بۆ سوریاو گرژیو ئاڵۆزی لەو ناوچانە دروستکرد کە سورییەکان بە چڕی دەژین، وەک: ئەدەنە، عوسمانیە، هاتای، ئەنتەپ، کۆنیاو بەشێکی ئەستەنبوڵ، بەڵام ئێستا لە شێوەی هێرشی تاکەکەسیدا بەردەوامەو بەشێکی کۆنترۆڵکراوە.
بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە بۆ سەر سوریا؛ ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی سوری وەک پەنابەر ڕوویانکردووەتە تورکیا، ئەنقەرەیش ئەمەی بەدەرفەتزانیوەو وەک کارتێکی فشار کەڵکیانلێوەردەگرێت لە هەردوو سیاسەتی ناوخۆییو نێودەوڵەتیدا.
هێرشەکانی قەیسەری ئەوە نیشاندەدات کە گوتارو کردارەکانی دژەپەنابەران لە تورکیادا گەیشتوونەتە ئاستێکی چەندە مەترسیدار. ئێستا هەڕەشەی کوشتنو هێرشی جەستەیی بۆ سەر سورییەکان بەردەوامە. ئەم هێرشانە دەریدەخەن کە شەپۆلی دژەکۆچبەران لە تورکیا چەند بەهێزەو لە هەمان کاتدا توانای دەسەڵاتی سیاسیمان نیشاندەدەن بۆ دەستکاریکردنی ئەو کاردانەوانە لە قۆناغی داهاتوودا.
ئەردۆغان ستراتیژێک پەیڕەودەکات کە هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان ئەو شەپۆلە دژەکۆچبەرانەدا دروستبکات کە لە نێوان کێشە ئابوورییەکانو قەیرانی ئیداریو شەپۆلی جەمسەرگیریو ئەم گرژییە لە سیاسەتی ناوخۆدا لەگەڵ هەنگاوەکانی سیاسەتی دەرەوەدا سەریهەڵدا. دەکرێت هێرشەکان بۆ سەر سورییەکان لە ئەنجامی پەرەسەندنی کاردانەوە بەرانبەر بە سیاسەتی پەنابەرانی حکومەت ببینرێت. لەم چوارچێوەیەدا دەستپێشخەریی ئەردۆغان بۆ دیدار لەگەڵ ئەسەددا وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی کاردانەوەکان لە سیاسەتی ناوخۆدا ڕاڤەدەکرێت، هەرچەندە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران لە تورکیا نییە.
هەرچەندە تەوەری سەرەکیی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن بۆ دیمەشق، گەڕانەوەی کۆچبەرانە، بەڵام هاوسەنگیو واقیعەکانی ئێستای مەیدان دەریدەخەن کە ئەستەمە بەبێ چارەسەری سیاسیو کۆمەڵایەتی، دانیشتوان بگوازرێتەوە بۆ زێدی خۆیان. بە ئەزموون هەتا ئێستا زانراوە، هەر کۆبوونەوەیەک کە هەموو کارەکتەرە هەرێمییەکان لەبەرچاونەگرێتو بە دوای دیالۆگو تەوافوق لەگەڵیاندا نەگەڕێت، ناتوانێت کێشەکە چارەسەربکات، بۆیە پێناچێت بتوانرێت ئەم دەستپێشخەرییە دانوستاندنانە لە ژێر ڕۆشنایی هاوسەنگییەکانی ئێستادا چارەسەرێکی هەمیشەییو دیموکراسیانە لە سوریادا بهێنێتەئاراوە. پێناچێت ئەگەری بەهێز بۆ سەرکەوتنی هەبێت، بە تایبەتی کە ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەکە پشتگوێیدەخەنو ڕەزامەندیی زلهێزە جیهانییەکان، بە تایبەتی ئەمریکا، وەرناگرن.
لە ڕاستیدا ئەوە زانراوە کە ئەردۆغانو ڕژێمی ئەسەد هەتا ئێستا ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، “یاسای قەیسەر”، کە لە ساڵی (٢٠٢٠) لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو سزای ئابووریی هەمەلایەنە دژ بە ڕژێمی سوریا لەخۆدەگرێت، توانای ئەوەی هەیە کە کاریگەریی لە سەر تورکیا هەبێت لە ئەگەری نزیکبوونەوەو هاوکاریی ئەنکەرە لەگەڵ دیمەشقدا. ئەم گەمارۆیانە کە ئامانجیان ناچارکردنی ڕژێمە بۆ چارەسەری سیاسی بە قبوڵکردنی بوونی ناوچەی عەرەبیو سوننە بە بڕینی سەرچاوە سەربازیو ئابوورییەکان، چوارچێوەی ئەو گەمارۆیە ئەو ئەگەرانە پێکدەهێنن کە تورکیا ڕووبەڕوویدەبێتەوە، ئەگەر هاوکاریی ئەسەد بکات. ئەو پەیوەندییەی کە بڕیارە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا دابمەزرێت، بە ڕێنمایی ڕوسیا لە پاشخاندا، ئەگەری گۆڕینی پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ ڕۆژئاوادا بە شێوەیەکی قووڵتر هەیە.
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق گرنگییەکی زۆری هەیە، بە تایبەتی لە ڕووی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. لە کاتێکدا تورکیا لەم دواییانەدا بەردەوامە لە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، هاوکات هەوڵدەدات پەیوەندییە ئابووریو سیاسییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوسەنگی بهێڵێتەوە. ئەم دۆخە بەشێکە لە ستراتیژی بەردەوامی تورکیا بۆ پەرتکردنی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەداو هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتەکانیدا لە سوریا. لە بنەڕەتدا دەتوانین بڵێین: ئەو سیاسەتانەی تورکیا لە عێراقو سوریا پەیڕەویاندەکات، پەیوەندییەکی زۆریان بەیەکەوە هەیەو تەنانەت جوڵەی ستراتیژیو تاکتیکی تەواوکەری تێدایە.
ئەنجام
هەموو ئەو شتانەی باسمانکرد، ئەگەر وەک پانۆرامایەک بیهێنینەوەبەردەمو لەو پانۆرامایەشدا سەرەتا فۆکسمان بۆ تورکیا بگەڕێنینەوە، تورکیا لە ساڵانی ڕابردووەوە هەوڵی بەڕێوەبردنی قەیرانی پەنابەرانو ئاسایشی سنوورەکان دەدات، کە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی سوریاوە هاتووەتەئاراوە، هاوکات بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا. حکومەتی ئێستای تورکیا بە جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرگا_کراوەیی بە ڕووی هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، جگە لە سوریاو کورد، دواتر بە دامەزراندنی پەیوەندیی لەگەڵ جیهادییە بناژۆ_خوازە توندڕەوەکان، ڕاستەوخۆ بەشداربوو لە گەشەسەندنی شەڕەکەدا. تورکیا لەگەڵ گرووپە جیهادییەکاندا هەتا ڕادەیەکی بەرچاو بە سەر ناوچەکەدا زاڵبوو.
کاتێک فۆکسەکە کەمێک زیاتر دەگوازینەوە، ڕوسیا دەبینینو لەو دۆخەشدا کە ڕوسیای تێدایە، هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی کاریگەرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پاڵپشتییە سەربازییەکەی بۆ حکومەتی سوریا دیارو ئاشکرایە. مۆسکۆ بە زیندووڕاگرتنی ڕژێمی ئەسەد هەم ئامادەیی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزدەکاتو هەم بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەپارێزێت. لە ڕاستیدا هەنگاوە جیۆستراتیژییەکانی ڕوسیا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکاو ناتۆدا هەیە. جگە لەوەش، هیچ دیدێک بۆ کورد لە دەرەوەی میحوەری ئەمنیی ستراتیژیی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو بە تایبەتی سوریادا نییە.
کاتێک کەمێک زیاتر پانۆراماکە فراواندەکەین، ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ڕوونی دیارە، بۆیە لە کاتێکدا ئەمریکا بە پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان لە سوریا شەڕی تیرۆر دەکات، هەوڵی هاوسەنگکردنی نفوزی ئێران لە ناوچەکەش دەدات. واشنتۆن هەوڵدەدات هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت لە ڕێگەی پێکەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، بەڵام ئەوەش دەزانین کە ئەم هەوڵانە هەندێک جار دەبێت بە هۆی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا.
لە کاتێکدا کە ئەردۆغانو ئەسەد دوای ساڵانێک بڕیارە کۆببنەوە، هاوکات سەردانەکەی ئۆزگیور ئۆزێل؛ سەرۆکی جەهەپە بۆ دیمەشقو زیادبوونی هێرشە ڕەگەزپەرستییەکان بۆ سەر سورییەکان لە تورکیاو چەندین ڕوداوی دیکە، کاتی ئەوە هاتووە ئەم پرسیارە بکەین:
ئایا حکومەتی ئێستای تورکیا بە ڕاستی سیاسەتو گوتاری خۆی دەگۆڕێت، ئایا لەگەڵ کۆتاییهێنانە بە شەڕی ناوخۆی سوریاو پاڵپشتە بۆ چارەسەری ئاشتیانەو هەمیشەیی پرسی سوریا؟ ئەگەر نا، لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئێستادا دەتوانین بڵێین: ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتدا گەڕان نییە بۆ چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسی سوریا، بەڵکو گەڕانە بە دوای مانۆڕێکی سیاسیی نوێدا. بەم ستراتیژە، هەوڵدەدرێت هاوسەنگییە سیاسییە ناوخۆییەکان بە تێکەڵکردنی ئۆپۆزسیۆن لە سیاسەتی سوریای حکومەتدا بەڕێوەبچێت. کاتێک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ناوچەکەو داینامیکی سیاسەتی ناوخۆ هەڵدەسەنگێنرێت، دوایین پێشهاتەکانی سیاسەتی سوریای ئەردۆغان دەتوانرێت وەک کۆمەڵێک مانۆڕی ستراتیژی سەیربکرێت نەک گەڕانێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەر. دەستپێشخەریی دیدار لەگەڵ ئەسەددا بڕیارێکە کە بە ڕێنمایی ڕوسیا دراوەو تێکەڵکردنی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا لەم سیاسەتەدا بەشێکە لە ستراتیژی ئەردۆغان بۆ لادانی کاردانەوەکان لە سیاسەتی ناوخۆدا.
سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستانو عێراقو هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکەن کە ستراتیژەکەی بۆ لاوازکردنی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەو پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی قووڵتردەبێتەوەو بەردەوامیشدەبێت، بەڵام پێناچێت ئەم ستراتیژانە ببێت بە هۆی ئاشتیو چارەسەری دیموکراسیی هەمیشەیی لە سوریاو ناوچەکەدا. پرسی سوریا لە چوارچێوەیەکدا چەسپاوە کە کاریگەریی لە سەر پەیوەندییە ناوخۆییو ناوچەییو نێودەوڵەتییەکانی تورکیا هەیە. دەتوانین بڵێین: ئەم دەستپێشخەرییانە، کە ئیرادەی چارەسەرکردنی پرسی کوردیان تێدا نییە، ناتوانرێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەریبکەنو ڕەنگە کێشەکان زیاتر قووڵتربکەنەوە.
_______________
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت
http://spectrumhouse.com.tr/erdoganin-suriye-politikasi-normallesme-mi-stratejik-manevra-mi/
file:///C:/Users/SABAT/Downloads/Documents/Erdoganin-Suriye-politikasi.pdf