هەولێر لە لێکتێگەیشتنی بەغدادو ئەنقەرە
ئەحمەد سیروانی
پاش نزیکەی دوو دەیە لە ساردوسڕیی پەیوەندییەکانیان، دواجار ڕێککەوتنێکی ئەمنیو سەربازی لە نێوان تورکیاو عێراقدا واژۆکرا. ڕۆژی چوارشەممە؛ (١٤)ی ئابی (٢٠٢٤)، وەفدێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حسێن؛ جێگری سەرۆکوەزیرانو وەزیری دەرەوەو بە ئەندامیەتیی سابیت محەمەد سەعید ڕەزا؛ وەزیری بەرگری، فالح فەیاز؛ سەرۆکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبیو ڕێبەر ئەحمەد؛ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەنقەرەی کردو لەگەڵ هەریەک لە هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گیولەر؛ وەزیری بەرگریو ئیبراهیم کاڵن؛ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریدا (میت) کۆبوونەوە.
گرنگترین بابەتی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە ئاسانکاریو پشتیوانیی بەغداد بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیو ئەمنییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستانو عێراق دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و هاوپەیمانو دۆستەکانی. لە بەرانبەردا تورکیا بەخشینی بۆ هاوڵاتیانی خوار تەمەنی (١٥) ساڵو سەرووی تەمەنی (٥٠) ساڵی عێراق لە وەرگرتنی ڤیزە بۆ چوونەناو تورکیاوە دەرکردووە. ئەمە جگە لەوەی لە بەردانەوەی ئاوی ڕوبارەکانو ڕێگەی گەشەپێداندا ئەنقەرە پشتیوانیی بەغداد دەکات. هەرچەندە ئەم خاڵەیان زیاتر لە عێراق، بۆ تورکیا جگە لە ڕوانگەی ئابووری، لە ڕووی ئەمنییشەوە بەسوودە. لە هەمان کاتدا خاڵە جەوهەرییەکانی ڕێککەوتنەکەی (١٥)ی ئابی (٢٠٢٤)ی ئەنقەرە لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی تورکیاو عێراقدا کاریگەریی نزیکو دوورمەودای لە سەر ئایندەی هەرێمی کوردستانو بەرەی نەیاری بەغداد دەبێت.
سەردانەکەی وەفدی باڵای عێراق لە میانی پێکهێنانی چوارچێوەی باڵای ئەمنیی نێوان عێراقو تورکیا (Irak ve Türkiye Yüksek Düzeyli Güvenlik Mekanizması) بووە. ئەم چوارچێوەیە لە سەر داوای تورکیا لە ساڵی (٢٠١٩) پێکهێنراوەو بەشێکە لە ستراتیژو هەوڵە دیبلۆماسی، هەواڵگری، ئەمنیو سەربازییەکانی تورکیا لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا.
گرنگترینو هەستیارترین کۆبوونەوەی چوارچێوەکە لە ئەنقەرە لە (١٥)ی ئابی ئەمساڵدا کرا. بایەخی ئەو کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی (١٠) ماددەیی لە نێوان وەفدی هەردوو وڵاتدا، کە تێیدا چەندین دەستکەوت بۆ ئەنقەرەو بەغداد بەدەستهێنرا. ئەمە جگە لەوەی پێش چەند ڕۆژێک لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە، دادگای فیدراڵیی عێراق لە سەر داوای دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی، سێ پارتی سیاسیی نزیک لە پەکەکەی قەدەغەکردو بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵکەکانی ئەو سێ پارتەی دەرکرد.
مێژووی سەدساڵەی دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیاو دەوڵەتی عێراق پڕە لە هەورازو نشێو لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا. ئەگەر تورکیا گلدانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلەو فورات وەک چەکێک دژی عێراق بەکاربهێنێت، ئەوا بوونی چەکدارانی پەکەکەو هێزە کوردییەکانی دیکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەردوو وڵاتدا کارتێکی فشاری بەهێزی دەستی بەغدایە لە بەرانبەر ئەنقەرەدا.
سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پیشەسازیی بەرگریی تورکیاو تەنگپێهەڵچنینی پەکەکە تەنانەت لە سنوورەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەو دوورخستنەوەیان بە قوڵایی نزیکەی (٢٠) کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی عێراقو سوریا، بەڵام ئەنقەرە دەیەوێت بە یەکجاری کۆتایی بە دۆسیەی پەکەکەو هاوپەیمانەکانی بهێنێت، هەر بۆیە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشی ئاسمانیو درۆنو ئۆپەراسیۆنی زەمینیدا، ئەنقەرە لە هەوڵی بێوچاندایە بۆ پارێزگاری لە سەرکەوتنە سەربازیو ئەمنییەکانی لە مەیدانی جەنگو بەهێزکردنیان لە سەر مێزی گفتوگۆ. بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵی ڕیککەوتنی ئەمنیو سەربازیی فراوان لەگەڵ دراوسێکانیدا بە تایبەتی عێراقو سوریا دەدات، ئەمەش جگە لە لەناوبردنی پەکەکە، بە ئامانجی ڕێگرتنە لە گواستنەوەی ئەزموونی کوردی عێراقو سوریا بۆ تورکیا.
هەرچەندە هەتا ئێستا ئومێدێک بەدیناکرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئەنقەرەو دیمەشق، بەڵام هێڵی ئەنقەرە-هەولێر-بەغداد قەرەباڵغەو بەرپرسانی باڵای تورکیا ڕۆژو شەویان خستووەتەسەریەک بۆ ڕێککەوتنێکی ئەمنیو سەربازیی ستراتیژی لەگەڵ عێراقدا، بەغدادیش بە هۆی پێویستییەوە بە تورکیا بۆ دروستکردنی ڕێگەی گەشەپێدانو خستنەسەرپێی پڕۆژەکە، هەتا ڕادەیەکی باش خواستو نزیکبوونەوەی پێوەدیارە. هەریەک لە ئێرانو ڕوسیاو چینیش لە پێناوی دژایەتیی بەرەی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا ئەگەر پشتیوانیی ڕێککەوتنی ئەنقەرەو بەغدادیش نەکەن، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
لەگەڵ ئەوەی پێگەی هەولێر لە قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو بەغداددا بە ڕوونی دیارینەکراوە، بەڵام زۆرێک لە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە تەنها ڕۆڵی گوێگرو جێبەجێکاری فەرمانەکان بدرێت بە بەرپرسانی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەست بە لێکتیگەیشتنو ڕێککەوتنەکانی تورکیاو عێراقەوە، ئەمەش بە هۆی لێکنزیکبوونەوەی بەردەوامی ئەنقەرەو بەغدادو یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانو بچووکبوونەوەو لاوازبوونی بەردەوامی هێزی هەرێمی کوردستانو کەمبوونەوەی پاڵپشتیی دەرەکییەوە. لە هەمان کاتدا بەشێک لە ماددەو خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەنقەرەو بەغداد وەک بۆمبی چێنراو وایه بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی گرنگە، تواناو باڵادەستیی حکومەتی عێراقە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکەی (١٥)ی ئابی ئەمساڵ لە تەواوی خاکی عێراقدا، ئەمەش لە قۆناغی ئێستادا بە مەحاڵو خەیاڵپڵاوی دادەنرێت.