ھەولێر لە بەغدا و بەغداش لە کەنداو
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیھاندا نرخی نەوتی بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراو دابەزاند، ئەمەش بووە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی لەو وڵاتانەی داھاتەکەیان بە شێوەی سەرەکی پشت بە نەوت دەبەستێت.
عێراق و ھەرێمی کوردستان بە “قورسی” کەوتنە ژێر قەیرانی داراییەوە. ھەرێمی کوردستان کە لەنێو چەندین کێشە و ئاڵۆزی پەیوەندیدایە لەگەڵ بەغدا، قەیرانی دارایی ھێندەی دیکە کێشە و برینەکانی قوڵتر کردەوە.
دوای ئەوەی نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەغداش موچەی فەرمانبەرانی راگرت، ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی سەخت بووەوە.
عێراق لە کەنداوە
ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان چەند شاندێکی رەوانەی بەغدا کرد، بەڵام تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی.
ھەرێمی کوردستان بۆ موچە و بودجە رووی لە بەغدایەک کردووە کە خۆی لە لە قەیرانێکی سەختدایە، ھەولێر بۆ پارە رووی لە وەزیری دارایی عێراق کردووە و ئەویش بۆ پەیداکردنی موچەی فەرمانبەران رووی لە وڵاتانی کەنداو کردووە.
عەلی عەلاوی بە کەنداودا دەگەڕێت و ھەوڵی پەیداکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەدات، بەڵام پەیداکردنی ئەم پارەیە بێ مەرج نییە و بەغدا دەخاتە ئامێزی کەنداوەوە، بەغدایەک لە (٢٠٠٣)وە لە ئامێزی تاراندایە.
رۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی راپۆرتێکی دەربارەی ھەوڵەکانی عێراق بۆ پەیداکردنی مووچەی فەرمانبەران بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوە کردووە ھاوکارییەکانی وڵاتانی کەنداو لەنێویشیاندا سعودییە و ئیمارات بە مەرجێکە، عێراق لە تاران دووربکەوێتەوە و سنور بۆ دەسەڵاتەکانی ئێران لە بەغدا دابنێن.
داگیرکاری دوێنێ ئەمرۆ قەرزی دەوێت
یەکێک لەو وڵاتانەی عێراق رووی تێکردووە، کوەیتی داگیرکراو و بریندارە بەدەستی سوپای پێشووی عێراق، عێراقی ھێرشبەر لە ئێستادا چاوی لە دەستی قوربانییەکەی دەستی خۆیەتی.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بەرپرسانی دارایی کوەیت، داوای کردووە لە سێ ملیار دۆلار قەرەبووی جەنگی کەنداو لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩١ خۆش ببن یان دوای بخەن بۆ کاتێکی دیکە.
عەلاوی لەبارەی ھەوڵەکانیان دەڵێت، وڵاتانی کەنداو ھاوکاربن، یارمەتییەکی باشی عێراق دەبن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو دۆخە داراییە قورسەی تووشی بووە.
ئاژانسی ھەواڵی كوەیت لە ھەواڵێکدا ئاشکرایکردووە، عەلاوی نامەیەکی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە دەسەڵاتدارانی کویت گەیاندووە، کە تێیدا باس لە بەھێزکردن و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی کوەیت و بەغدا کراوە.
تاکو ئێستا روون نییە کوەیتی بریندار تا چەند ئامادەیە دوژمنە کۆنەکەی و دۆستەکەی ئەمڕۆی لەم قەیرانە رزگار بکات.
بەغدا لە ریاز بۆ پشتیوانیی دەگەڕێت
عێراق کە تاڕادەیەک لەژێر ھەژموون و سیاسەتەکانی ئێراندایە، لە کاتێکدا دەیان گروپی چەکداری نزیک و سەر بە ئێران لەسەر خاکی عێراق بە چەکەکنایان حوکم دەکەن و بەشێکی زۆری سیاسەتە ناوخۆی، ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانی بەغدا دادەڕێژن، رووی لە ماڵی دوژمنەکەی ئێران کردووە، بەغدای بێپارەی دۆستی ئێرانی بێپارە ئێستا لە ریازی دەوڵەمەندی دوژمنی ئێرانە.
ئێران کە خۆی لە دۆخێکی دارایی سەخت و لەژێر باری قورسی گەمارۆکانی رۆژئاوادایە، ناتوانێت ھاوکاری عێراق بێت، بۆیە پێناچێت سکی برسی بەغدا گوێ لە ئامۆژگاریی و چاوسورکردنەوەکانی تاران بگرێت.
بەرپرسانی نوێی عێراق کە چەند جارێک بەڵێنیان دابوو موچەی فەرمانبەران نافەوتێت و دواناکەوێت، ناچاربوون روو لە سعودییە بکەن و بە دوای ئەوەشدا وڵاتانی دیکەی کەنداو، ھەر بۆیە وەزیری دارایی عێراق و شاندی یاوەری لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزارەتەکانی وزە، دارایی و دەرەوەی سعودییە داوای ھاوکاری دارایی خێرایان کردووە تاکو پابەندی ئەو بەڵێنەیان بن بە گەلی عێراقیان داوە.
ئەم ھەنگاوەی عێراق و پەنابردن بۆ سعودییە ئێرانی نیگەران کردووە، بەڵام بەغدا پێش ئێران لەژێر ھەڕەشە و توڕەیی خەڵکدایە و دەبێت خۆی رزگار بکات، تەنانەت عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق روون و ئاشکرا بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڕانکاریی ئابووری، سیاسیی و دیپلۆماسیی روویداوە لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی وڵات و لایەنێکی دیاریکراوی ناوخۆیی و ھەرێمیی نەبووە و نابێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی “الشرق الأوسط” عەلاوی بە بەرپرسانی سعودیەی وتووە، بازاڕی عێراق بە ڕووی ھەمواندا و دوور لە زیانی لایەن و وڵاتێکی دیاریکراو کراوە دەبێت. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بەوەی بەغدا دەیەوێت زیاتر سەربەخۆ بێت و بە وڵاتێکی دیاریکراوەوە نەبەسترێتەوە، کە سعودییەکان بۆ ئەو وڵاتە یەکسەر ئێران بە مێشکیاندا دێت.
رۆژنامەی “الشرق الأوسط” لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا بڵاویکردەوە، عێراق لەسەر سێ ئاست ھەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە دەدات و لەکۆبوونەوەکانی وەزیری دارایی عێراق و سعودییەکانیشدا بە وردی باسیان لێوە کراوە.
ئاستی یەکەم بریتییە لەوەی سعودییە ھاوکاریی خێرای نەختینەیی عێراق بکات.
لە ئاستی دووەمدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی ئەوەی ھانی کۆمپانیا و دامەزراوە سعودییەکان بدرێت روو لە بازاڕی عێراق بکەن، ئەویش لە رێگەی بەشداریکردن لە وەبەرھێناندا.
ئامانجی سێیەمی سەردانی شاندی عێراق بۆ سعودیە، چالاککردنەوەی بواری ئابوریی و بازرگانییە، ئەمەش لەپێناو فرەلایەنیی بازرگانیی و دروستکردنی ھاوسەنگی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەرووی ئابووری و بازرگانییەوە.
پێش سەردانەکەی وەزیری دارایی بۆ سعودییە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە رۆژانی یەکەمی وەرگرتنی متمانەی پەرلەماندا و وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەم سەردانە و رێگەخۆشکردن، نامەیەکی بۆ محەمەمەد بین سەلمان ناردبوو کە باسی لە پتەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ریاز کردبوو.
وەزارەتی دارایی و بازرگانیی سعودیەش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکان دەربڕیوە.
تاکو ئێستا روون نییە سعودیە چۆن ھاوکاری عێراق دەکات و عەلی عەلاویش باسی لەوە کردووە، بە ھیچ جۆرێک پارەیان وەک قەرز لە سعودیە وەرنەگرتووە (باس لە وەرگرتنی سێ ملیار دۆلار دەکرێت).
ئەگەر ھەیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دەرئەنجامی باشی سەردانی وەزیری دارایی عێراق بۆ وڵاتانی کەنداو، کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێریش ببێت و گفتوگۆکان بە ئاراستەی رێککەوتن ببەن، بەڵام تاکو ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن و بەغداش سەرەڕای ئەوەی لە گفتوگۆکانی لە بەرامبەر ھەولێردا وەک بەھێز دەردەکەوێت، بەڵام خۆشی چاوی لەو پایتەختە دەوڵەمەندانەی کەنداوە کە چاویان بە ھەژموونی تاران لە عێراق ھەڵنایە.