• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 9, 2021

هەولێر و بەغدا؛ واقیعێکی تاڵ و ئایندەیەکی نادیار

د.عابد خالد رسول

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە  (5‌)ی کانوونی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

دۆخى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵیى عێراق، هەر لە ڕەوش و کەیسەکانى بەڕێوەچوونیەوە تا ئایندە و وێستەگەکانى بەئاکام گەیشتنى، هەمیشە ڕەنگدانەوەى ئەو بارودۆخ و مەرج و فاکتانەن کە دۆخى ناوخۆیى و دەرەوەى هەریەک لە هەرێم و عێراق دەئاژوێنن. لەسەر ئاستى ناوخۆییى هەردوو لا، بەڵام بە پلەى جیاجیا، گیرۆدەى قەیرانى ئابووریى قوڵ و گرفتى مۆدێلى حوکمڕانیى خراپ و وێڵگەکانى ململانێى حیزبى و بەرژەوەندیى بەرتەسکن، لەسەر ئاستى دەرەکییش هەردوو لا، بەڵام بە ڕۆڵى جیاجیا، گۆڕەپانى ململانێى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى بە وەکالەت و کارتى فشارى هێز و لایەنە دەرەکییەکانى ئەو ململانێیانەن.

هەر بۆیە لە بوارى کرداریشدا، سیماکانى ئەم پەیوەندییەى نێوان حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵیى عێراق، چەندێکى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بووە، دەیان ئەوەندەى یەکدى تۆمەتبارکردن بووە بە پابەندنەبوون بە بەندەکانى ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنانەى نێوانیان و بەیاننامەدەرکردن بووە لە دژى یەکدى، بەڵکوو تۆمەتبارکردنى یەکتر بە پێشێلکردنی دەستوور و جێبەجێنەکردنی ئەحکامەکانی و لەمەش زیاتر پەنابردن بۆ تۆمارکردنى سکاڵا لەسەر یەکترى. لەبەر ئەمەش جێکەوتەى ئەم پەیوەندییە ئاڵۆز و ناجێگیرە لە ناخى زۆربەى هاوڵاتیانى کوردستان و عێراقیشدا چەندێکى بێزارکەر و جێى نیگەرانى بووە، نیو هێندە قایلکەر و ئومێدبەخش نەبووە، گەرچى هەمیشە هاوڵاتیانى ئاسایى هەردوو لا، بەڵام بە ڕێژەى جیاجیا، باجى قورسى قەیران و گرفت و ململانێکانی ناوخۆى هەردوو لا و نێوانیشیان داوە، لە سایەشیاندا تا دێت ژیان و بژێویى خەڵک لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت.

هەڵبەت ناتوانین بڵێین خراپیى دۆخى ژیان و بژێویى خەڵک لە هەردوو لا سەرچاوەکەى خراپیى پەیوەندیى نێوان هەولێر و بەغدایە، چونکە لە بنەڕەتدا سەرچاوەکە بریتییە لەو قەیران و گرفتە ناوخۆیى و دەرەکییانەی کە ئەم پەیوەندییەش لە سایەیەیاندا گوزەر دەکات، بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئاکام و چۆنێتیى یەکلاکردنەوەى ئەو پەیوەندییە؛ کاریگەریى گەورەى لەسەر شەقامى جەماوەریى هەردوو لا دەبێت، خۆ ئەگەر لەبەر مەبناى بەرژەوەندیى بەرتەسکى هەڵسوڕێنەرانى سیاسەت و حوکمڕانیى هەردوو لا ئاسۆى بەخراپى مانەوەى ئەم پەیوەندییە تاکوو ماوەى دوور مەوداش بەرەو تەقینەوەى سەربازى لەنێوان هەردوو لا نەچێت، ئەوا ناتوانرێ لە ماوەى نزیک مەودادا ڕێ لە تەقینەوەى ڕقى جەماوەرى پەنگخواردوو لە شەقامى ناوخۆیى هەردوو لادا بگیرێت، بەڵگەش خۆپشاندانەکانى ئەم دواییەى چەند شار و شارۆچکەیەکى هەرێمى کوردستان بوو کە زوو ڕەنگدانەوەى لەسەر هەڵچوونەوەى شەقامى عێراقى هەبووە.

کەواتە وەک ناتوانین بەتەواوى گریمانەى ئەوە بکەین کە ئەنجامەکانى ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەى نێوان هەرێم و عێراق بۆ چ کارەساتگەلێک سەر دەکێشێت، هەر واش ناتوانین بەتەواوى کۆى ئەو هۆکارە ناوخۆیى و دەرەکییانە دەستنیشان بکەین کە بەردەوامى بەم بەگرێکوێرەبوونەى پەیوەندیى نێوانیان دەدات، بەڵام لەنێو هەموو ئەم تەمومژەى هۆکار و ئەنجامەکاندا، دەتوانین ڕاشکاوانە ئاماژە بۆ دوو هۆکارى سەرەکیى خراپبوونى ئەو پەیوندییە بکەین لە ئێستادا، یەکەمیان بریتییە لە لاوازیى پێگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکاندا بەرامبەر حکومەتى عێراق، ئەمەش ئاشکرایە کە بەرئەنجامى دەیان ساڵ حوکمڕانیى خراپى هەرێمە، دووەمیشیان بریتییە لە دڕدۆنگیى متمانەى لایەنە عێراقییەکان بەرامبەر حکومەتى هەرێم و نادیاریی ئەو لایەنەش کە دواجار بڕیار لەسەر پەسەندکردنى ئەنجامى وتوێژ و دانوستانەکان لەگەڵ هەرێم دەدات، ئەمەش بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ قۆستنەوەى ڕەفتارى لاوازى هەرێم و پابەندنەبوونى بە بەڵین و ڕێککەوتنەکانى پێشووەوە بۆ مەبەستى بانگەشەى پێشوەختەى هەڵبژاردن و مەرامى پۆپۆلیستى زۆرێک لە هێز و لایەنە عێراقییەکان. لە سایەى ئەم دوو هۆکارەشدا، دۆخى ئێستاى حکومەتى هەرێم لە گفتوگۆ و دانوستانەکانى ئەم دوو سێ مانگەى دواییدا لە دۆخى ڕمبازێنەکەى دۆنکیشۆت دەچێت بەرامبەر ئاشەبا وەهمییە پۆپۆلیستییە زەبەلاحەکانى گۆڕەپانى سیاسیى عێراق.

بەهەرحاڵ، ئەوەى گرنگە بپرسین کە: چارەسەر چییە؟ ڕەنگە بۆ وەڵامى ئەم پرسیارەش وەک هەمیشە پەنا بۆ ژماردنەوەى ئەو چارەسەرە ڕۆتینییانە ببەینەوە کە چەندین ساڵە بێ ئاکام دەیانخەینەوە ڕوو، وەک: گەڕانەوە بۆ ئەحکامەکانی دەستوور و دەستگرتن بە بنەماکانى شەراکەتى فیدراڵى لە بەڕێوەبردنى دەسەڵات و داهاتەکاندا، لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیى هەموو کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، پابەندبوونى جددیى هەردوو لایەن بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانی نێوانیان، بەدامەزراوەییکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لا و بەدوورگرتنى لە قۆستنەوەى بۆ مەرامى حیزبى و شەخسى، ئەمە وێراى چەندین چارەسەرى گشتى لەسەر ئاستى دۆخى ناوخۆى هەردوو لا وەک: وەڵامدانەوەی خێراى داخوازییەکانی هاوڵاتیان، ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و بەهاکانى ژیانى دیموکراسی، چەسپاندنى دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دەوڵەتی یاسا، ڕێزگرتن لە سەربەخۆیى دەسەڵاتى دادوەری و چەندین چارەسەرى دیکە، بەڵام خستنەڕووى ئەم چارەسەرانە بە تیۆرى چەندە ئاسانە، بە کردارى هەزاران هێندە سەخت و پڕ کێشمەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا ناکرێت چاو لە گرنگى و هەر چى زووە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو چارەسەرە تایبەت و گشتییانە دابخرێت، ئەگەرنا دەبێت بەوە ڕازی بین کە تونێلى ئاڵۆزیی پەیوندییەکان بۆ نادیار تووڵ بکێشێت، لەوەش خراپتر ناکرێت لێ بگەڕێین تا کۆتایى؛ ژیان و بژێویى ئابڕوومەندانەى خەڵکى هەرێم و عێراق ببێتە قوربانیى بەردەوامبوونى ماشێنى گەندەڵیى چەند لایەن و دەستە و تاقم و کەسێکى کەم.

گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانى چەندین ساڵى ڕابردووى خەڵکى ئەم وڵاتە و بونیادنانەوەى ژیانێکى پڕ شکۆ بۆیان، سڵ لە پەنابردن بۆ هیچ چارەسەرێکى دەستوورى و سیاسیى گونجاو نەکرێتەوە، بەتایبەت کە بزانین ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد و پشتیوانیکردنى یەکدى لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە، چەندین دەرفەتى گەورەى بۆ ئەنجامدانى چاکسازیى ناوخۆیى و ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی سەر قەوارەى هەرێم و سەروەریی عێراقى تێدایە.

_________________________________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە پێنج (5)ی کانوونی دووەمی2021

Send this to a friend