پەتا لە نێوان زانستی فیقهـ و زانستی پزیشكیدا
جەمال حسێن
یەكێك لە كۆنترین پیشەكان، پزیشكی و زانستەكەیەتی بە واتا تەقلیدی و كۆنەكەی. لەناو هەمو شارستانیەت و گەلێكدا پزیشكی هەم وەك پیشە و هەم وەك جۆرێك لە ئەزموون و وشیاری بە جۆرێك لە جۆرەكان بوونی هەبووە. كە بە پلەی یەكەم بریتی بووە لە كەڵەبوونی زانیاری لە ڕێگای ئەزموون و فێربوون لەڕێی چاودێریكردنی نەخۆش و كاریگەری چارەسەرییەكان. لەم بوارەدا لە لێكۆڵینەوەكاندا كاتێك دەوترێت زانستی پزیشكی (هیندی، چینی، بابلی، فیرعەونی، یان یۆنانی)، مەبەست پێی ئەزموونی پزیشكی ئەو شارستانیەتانەیە. كە بێگومان گەشاوەترین و فراوانترینیان پزیشكی یۆنانی بووە، بەشێكی ئەوەش بۆ سروشتی عەقڵیەتی یۆنانی دەگەڕێتەوە كە توانای ڕەخنەگرتنی خۆی و پێداچوونەوە و خۆدۆڵەمەندكردنی هەیە. بەشێكی تریشی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە پزیشكی یۆنانی زۆر ڕەگەزی ئەزموونی گەلانی تریشی كۆكردبووەوە. پزیشكی یۆنانی پزیشكی سەردەمی تێكەڵی فەلسەفە و جادو و ئەفسانەیە بە پزیشكی، بۆیە زۆر ڕەگەزی نا (زانست)ی تێدایە بەپێی واتای ئێستای زانست. بەڵام خاڵی پۆزەتیڤی ئەم زانستە لەسەر دەستی یۆنانییەكان موقەدەس نەبوونی سەرچاوەی پزیشكییە.
ئەمەش هۆی سەرەكی بوە بۆ ئەوەی یۆنانییەكان بۆیان هەبێ گومان لەچارەسەركردنەكان بكەن و سەرەنجام ئەم بوارە پێش بخەن. ئەم پزیشكییە كە لە سەدەی پێنجی پێش زایین گەیشتە ئاستێكی باڵا. ئەوەش بە جیابوونەوەی پزیشكی وەكو بوارێكی فەلسەفی و عەقلانی لە ئەفسانە و بیروباوەڕە ئایینییەكان. لە دوای یۆنانییەكانەوە ڕۆمانییەكان بوونە میراتگرەوەی زانستی پزیشكی یۆنانی و پێشخستنی، لەسەر دەستی ئەمان ئەم زانستە وەك بەشێك لە فەلسەفە (سروشتناسی) دۆڵەمەندتر كرا و گالینۆس ڕەمزی ئەم قۆناغەیە. دوای ئەوەش ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە كاریگەری ئایینی مەسیحی ناوەندەكانی خوێندنی فەلسەفە و لاهوتی داخست، پزیشك و ڕۆشنبیرەكانیان ڕوویان كردە چەند ناوەندێكی تر، كەگرنگترینیان (جوند نیسابور)ە لە باشووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا. كە چەند سەدەیەك پێش ئیسلام و تا سەردەمی عەباسییەكانیش ببوە ناوەندی هەرەگرنگی زانستە كۆنەكان و پزیشكی بەتایبەتی بەزمانەكانی یۆنانی و سریانی و فارسی و عیبری و هیندی. بۆیە لە كولتووری ئیسلامی و عەرەبیدا كە وتراوە حەكیم، هەم مەبەست پزیشك بووە و هەم فەیلەسوف. پێش هاتنی ئیسلام یەكەمین كەس كە لەو ناوەندەوە زانستی پزیشكی خوێندووە و گەڕاوەتەوە بۆ نیوەدوورگەی عەرەبی، كەسێك بووە بە ناوی (حارسی كوری كیندە). ئەم كەسایەتییە ماوەیەكی كەم پێش هاتنی ئیسلام گەڕاوەتەوە بۆ نیوەدوورگەی عەرەبی و لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامیدا (د. خ) بێ ئەوەی موسڵمان ببێ مردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ڕێگری نەكردووە لەوەی كە موسڵمانان بۆ چارەسەركردن و نەخۆشی پرسی پێبكەن و پەنای بۆ ببەن. لەم بارەیەوە چیرۆكی نەخۆشكەوتنی (سەعدی كوری ئەبی وەقاص) لە هەموویان بەناوبانگترە، كاتێكش نەخۆش كەوت و پێغەمبەر (د. خ) داوای كرد ببیبەنە لای حاس بۆ چارەسەركردن. لەم چیرۆكەدا كە زۆربەی سەرچاوە كۆنە ئیسلامییەكان گێڕاویانەتەوە لانی كەم دوو ئاماژەی زۆر گرنگ بوونیان هەیە. بێ باوەڕی ئەم كەسە ڕێگری نەكردووە لەوەی پێغەمبەر (د. خ) دان بە زانستەكەیدا بنێ. سەرباری ئەوەی خودی زانستە پزیشكییەكەی ناوبراویش هی كافر و بیانییەكان بووە. لە لایەكی ترەوە ئەم كارە دانپێدانانە بەوەی كە پێغەمبەر (د. خ) پرسی چارەسەركردنی جەستەیی بەكاری خۆی نەزانیوە و بە كردەیەكی دنیایی سەیری كردووە. لەم ڕوانگەیەشەوەیە وەكو لە كۆتاییدا دەبینین ئیبن خەلدون باوەڕی بە ئایینیبوون و پیرۆزی ئەو پزیشكییە نەبووە كە لەناو كولتووری فیقهیدا بە (الطب النبوی) ناسراوە.
بەگشتی زانستی پزیشكی لەناو شارستانیەتی ئیسلامی بە دوو ئاڕاستەی سەرەكیدا ڕۆیشتووە: یەكیان بەرەنجامی وەرگێڕان و بڵاوبوونەوەی زانستی بیانییە، بەتایبەت پزیشكی یۆنانی و لە سەردەمی دەركەوتنی خیلافەتی عەباسییەوە تا قۆناغی دووەمی ئەم دەسەڵاتدارییە. دووەمیش ئەوەیە كە لە دوای ئەم سەردەمەوە و وەك پەرچەكردارێكی پیاوانی ئایینی بەرامبەر زانستی یۆنانی بەگشتی یۆنانی، زاراوەی پزیشكی پێغەمبەرایەتییان بەرهەم هێناوە. وەكو جۆرێك لە پزیشكی جێگرەوە بۆ پزیشكێك كە سەرچاوەكەی بیانی بووە. لێرەوە هەوڵدەدەین لە گۆشەنیگای هەڵوێست لە پەتای تاعوون لەسەر هەردووك فۆڕمی پزیشكی لەناو كۆمەڵگای ئیسلامیدا بوەستین و چەند سەرەقەڵەمێكی گشتی بخەینە ڕوو، بەو هیوای لە دەرفەتێكی تردا بۆ پەتای كۆرۆنا و شێوەی مامەڵەكردن و پەرچەكردار و تەفسیری ئەم پەتایە بگەڕێینەوە لە سەردەمی تازەدا، لەنێوان عەقڵیەتێك كە زانستییە، لەگەڵ دانەیەكی تر كە تەنها لە چوارچێوەیەكی فیقهی كۆنەوە نەبێ ناتوانێ لە دیاردە و نەخۆشییەكان بڕوانێ. چونكە كۆرۆنا لە سەردەمی تازە و پەتاكان لە سەردەمی كۆندا، چەند ڕووداوی تەندروستی بوون، ئەوەندەش ڕووداوی كولتوورین و لەگەڵ خۆیان لێكەوتەی كۆمەڵایەتییان جێدێڵن.
تاعوون لە مێژووی ئیسلامیدا
تاعوون، یان پەتای نەخۆشی كوشندە، یەكێك بووە لەو مەترسییانەی كە بەردەوام مرۆڤایەتی لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووەتەوە. هەندێك جار ئەم پەتایانە گۆڕانكاری سیاسی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە و هەندێك دەوڵەت و دەسەڵاتی داوە بەعەرزدا و دەرفەتی سەركەوتنیشی بۆ هەندێكی تر ڕەخساندووە. لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە تاعوون هەبووە نەخشەی كۆمەڵایەتی و ئەندازەیی كۆمەڵایەتی ناو كۆمەڵگاكانی گۆڕیوە و بازێكی بەو كۆمەڵگایانە داوە و كەلێنێك و بۆشاییەكی كۆمەڵایەتی دروست كردووە كە تا ئێستا پڕ نەبووەتەوە. وەكو پەتای تاعوونی سەدەكانی ناوەڕاست كە لە كۆمەڵگا ئیسلامییەكاندا بە (نەخۆشییە مەزنەكە) ناسراوە و لە ئەوروپاش بە (مەرگی ڕەش). هەمو پەتایەكیش تاعوون بووبێ، یان نا، جگە لەو كوشتار و وێرانكارییانەی دروستی كردووە، بە دوای خۆیدا قات و قڕی و نەبوونییەكی كوشندەشی بەرهەم هێناوە. بۆیە ترس لە تاعوون تەنها ترسێكی بایۆلۆژی نەبووە، بەڵكو ترسێكی كۆمەڵایەتیش بووە. پەتاكان تەنها ڕووداوی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابووری نەبوون، بەڵكو لەوەش زیاتر بۆ داهاتووی دوور بوونەتە ڕووداوی كولتووری و كاریگەری فكریان جێهێشتووە، لەناویشیاندا تاعوون. بۆیە هەیە پێی وایە تاعوونی مەرگی ڕەش لەئەوروپا پرۆسەی ڕیفۆرمی ئایینی مەسیحی و ڕێنسانسیشی هەم هێنایە پێشەوە و هەمیش زەمینەی دروستبوونی بۆ ڕەخساندن. چونكە وەكو بەشێك لە لێكۆڵیاران دەڵێن ئەم پەتایە (باوەڕی خەڵكی بە پیاوانی ئایینی لەق كرد و بەپێچەوانەشەوە باوەڕی بە خوا بەهێزتر كرد). واتە مرۆڤایەتی لەم تاعوونەوە تێگەیشت كە دەسەڵاتی خوایی وابەستە نییە بە كەنیسە و پیاوی ئایینییەوە، دەكەوێتە سەروو ئەمەوە. ئەوەش دوای ئەوەی هیچ لە چارەسەرییەكانی قەشەكان نەیتوانی بەر بەم پەتایە بگرێ و بەپێچەوانەشەوە هیچ كەنیسەیەك لێی پارێزراو نەبوو. تا ئەوەی نوخبەیەك دەركەوتن و وتیان ئەوەی زانست دەتوانێت بیكات، ئایین و لاهوت لە توانایدا نییە. كە ئەوەش لێدان بوو لە كولتووری ئایینی مەسیحی و كەنیسە، بێ ئەوەی لێدان بێت لە خودی ئینجیل و باوەڕبوون بە خوا. لە جیهانی ئیسلامیشدا وەكو بەشێك لە جیهانە گەورەكە تاعوونەكان سەرچاوەی گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورە بوون، هەرچەندە كەمترین كاریگەری كولتووریان بە دوای خۆیاندا دروست كردووە بەراورد بە جیهانی مەسیحی!! كە دەشێ بەشێكی سەرەكی ئەم بێ كاریگەرییە كولتووریە بۆ هەژموونی عەقڵیەتی فیقهی بووە لەناو كۆمەڵگاكان و نەبوونی كولتووری ڕەسەنی زانستی پزیشكی. لەڕووی مێژوییەوە یەكەمین پەتای تاعوون كە لەناو موسڵمانان بڵاوبووەتەوە، ئەوەی مێژونوسانی موسڵمان تۆماریان كردووە ئەوەیە كە لە سەردەمی خیلافەتی عومەری كوڕی خەتاب و ساڵی هەژدەی كۆچی بۆ یەكەمین جار تاعوونێك لە شام و لە سوپای موسڵماناندا بڵاوبووەوە. ئەو سوپایەی لەبەرەكانی پێشەوەی غەزا و بەرگریدا بوو. ئەوەش بە تاعوونی (عەمواس) ناسراوە. بەو هۆیەی گوایە یەكەمین جار لەو گوندەوە دەركەوتووە كە لە فەڵەستین و نزیك شاری قودسە.
پەتاكان تەنها ڕووداوی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابووری نەبوون، بەڵكو لەوەش زیاتر بۆ داهاتووی دوور بوونەتە ڕووداوی كولتووری و كاریگەری فیكریان جێهێشتووە
لەم تاعوونەدا ژمارەیەكی زۆر ئەسحابە مردن و زیانی زۆری بە موسڵمانان گەیاندووە. تا ئەوەی بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و بەشێك لە موسڵمانان ئەم سەنگەرەیان چۆڵ كرد، كە لە ئەدەبیاتی ئیسلامی بە (الرباط) ناسراوە و بەهایەكی ئایینی پیرۆزی هەیە. كاتێكیش خەلیفەی موسڵمانان (عومەری كوری خەتاب) نزیك بووەوە لەوەی بچێتە ئەم ناوچەیە، پێیان ڕاگەیاند كە تاعوون بڵاوبووەتەوەوە و زۆر كەس مردووە، هەیانە ڕادەكا و سەنگەر چۆڵ دەكات و هەشیانە لە شوێنی خۆی ماوەتەوە. بۆ گفتوگۆكردن و گەیشتن بە بڕیارێكی پەسەند بە لای هەموانەوە، عومەر زۆرینەی ئەسحابەكانی بانگ كرد لە هەردووك پێكهاتەی موهاجرین و ئەنسارەكان. سەرەنجام بە هۆی نەبوونی پاشخانی ڕووداوی لەم جۆرە، نەگەیشتنە كۆدەنگی لەسەر بڕیارێك. هەیان بوو پێی دەوت چۆن هاتووی ئاوا بگەڕێوە و هەشیان بوو ڕای وابوو كە نابێت بوەستێت و دەبێت بەردەوام بێ لە ڕۆیشتن بۆ ناو سەنگەرەكانی پێشەوە، كە تاعوونی تێدا بڵاوبووەتەوە. تا ئەوەی عومەر بریاریدا بگەڕێتەوە، كە ئەوەش لای كەسانێك بووە مایەی ڕەخنەگرتن. چونكە پاشگەزبوونەوە لە ئەركێكی ئایینی، پێویستی بە بەڵگەیەكی ئایینی هەیە. بۆ بەیانییەكەی یەكێك لەئەسحابەكان هات و وتی من لەبارەی ئەم پرسەوە فەرموودەیەكی پێغەمبەرم پێیە كە وتویەتی: ئەگەر بیستتان لە ناوچەیەك تاعوون بڵاوبووەتەوە نزیكی مەبنەوە، ئەگەر لەناوچەیەكیش بوون و تێیدا بڵاوبووەوە، ئەوا لە دەستی ڕامەكەن. بە هۆی ئەم فەرموودەیەوە عومەری خەلیفە دەرچەیەكی ئایینی دەستكەوت و بە هۆیەوە نەچوونی بۆ ناوچەی پەتاكە بە گوێڕایەڵی پێغەمبەر ئەژمار كرا و بەپێچەوانەشەوە ڕێگەگرتن لەوەی سوپای موسڵمانان ناوچەی پەتاكە جێبێڵن و سەنگەرەكان چۆڵ بكەن، لە بڕیارێكی سیاسی و سەربازییەوە بووە بڕیارێكی پیرۆزی ئایینی. ئەوانەشی بەهۆی ئەم پەتایەوە دەمردن، بە شەهیدی سەنگەر ئەژمار كران، لێرەوە بەشەهید ناساندنی مردووی دەستی تاعوون لە ڕووداوێكی تەندروستی و بایۆلۆجییەوە گۆڕا بۆ چەمكێكی ئایینی و سیاسی. ئەوەش وەكو هاندانێكی بێ وێنە بۆ مانەوە لەسەنگەرەكان و بەردەوامیدان بە غەزا. ئەم تاعوونە كە یەكەمین ئەزموونی پەتایە كە ڕووی لە موسڵمانان كردووە، تەنها لە سەرەتای دەركەوتنیدا موسڵمانانی بەسەر بەرەی جیاجیادا دابەش نەكردووە، بەڵكو لە بەردەوامی خۆشیدا بووە سەرەتای ئەزموونێكی تر. بۆ نموونە دوای ئەوەی (ئەبوعوبەیدەی جەراح) و (مەعازی كوری جەبەل)ی ئەسحابە و والی شام، یەك لەدوای یەك بەو پەتایە مردن، (عەمری كوری عاص) بووە والی. عەمر كە شارەزایی لە كولتووری سریانی هەبوو بە هۆی كوڕەكەیەوە (عەبدوڵڵا) كە ئەویش ئەسحابەیەكی خوێندەوار بوو. بەپێچەوانەی ئەزموونی ئەوانی تر خۆی ڕادەستی قەدەری خوایی پەتاكە نەكرد، كاتێكیش بووە والی شام داوای لە خەڵكی كرد كە ئاگر بكەنەوە و بەرەو شوێنە بەرزەكان كۆچ بكەن و لە یەكتری دووربكەونەوە. كە بێگومان سەرچاوەی ئەم ڕۆشنبیرییە خۆپارێزییە یۆنانی و بیانییە، بەو پێیەی پێشتر موسڵمانان خاوەنی هیچ پێشینەیەك نەبوون لە بەرەنگاری پەتای تاعووندا. دواتر چەندین جار پەتای تاعوون ڕوی لە كۆمەڵگا ئیسلامییەكان كردووە تا سەدەی سێی كۆچی. كە لە هیچ یەكێك لەو سەردەمانە (بەتایبەت ئەمەوی) هیچ بەرهەمێكی تایبەت بەم پەتایانە نەنووسراوە، نە لەڕووی مێژوییەوە نە لەڕووی ئایینی، یان پزیشكییەوە.
لەجیهانی ئیسلامیشدا وەكو بەشێك لە جیهانە گەورەكە تاعوونەكان سەرچاوەی گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورە بوون
زانستی پزیشكی لە كولتووری ئیسلامیدا
سەرەتای دەركەوتنی ئەدەبیاتی نوسین لەبارەی تاعوونەوە، بۆ سەردەمی زێڕینی نووسین و وەرگێڕان خۆی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خیلافەتی عەباسی یەكەم. ئەو كاتەی دوای دامەزراندنی شاری بەغدا و دەوڵەتی عەباسی بە پشتیوانی ئێرانییەكان و ئەبو موسلیمی خوراسانی بەتایبەتی، بە هاندانی بنەماڵەی بەرمەكییەكان خیلافەتی عەباسی ڕووی كردە وەرگێڕان و بایەخدان بە كتێب و بڵاوكردنەوەیان. لەم چوارچێوەیە و سەرەتا دەسەڵاتداران بایەخی زۆریان بە دوو جۆر لە زانستی تازە و ئەدەبیاتەكەی دا: یەكیان زانستی پزیشكییە وەك سەرچاوەیك بۆ چارەسەكردن و پاراستنی جەستەی خۆیان. دووەمیش زانستی فەلەكناسییە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسییان، بەو پێیەی ئەمان باوەڕیان وابوو لە ڕێگای فەلەكناسییەوە دەتوانن ئەو پیلان و مەترسییانە ئاشكرا بكەن پێش ڕوودانیان كە پاشماوەی ئەمەویەكان و نەیارانی تری دەسەڵاتی تازەی عەباسی كاری بۆ دەكەن. وەكو چۆن لە ڕێی پزیشكی ڕێگای پاراستنی جەستەییە. لە چوارچێوەی بایەخی دەسەڵاتداران بەم زانستە، پزیشك و شارەزایانی ئەم بوارەیان لە كۆشكی خیلافەت لە بەغدا كۆكردەوە، لە هەرنەتەوە و ئایینێك بوون (كە بە زۆری مەسیحی سریانی و ئێرانی بوون). یەكەمین نەخۆشخانەش بە پشت بەستن بە پزیشكە ئێرانییەكان دروست كرا و ناونرا (بیمارستان)، بۆیە تا سەدەی نۆزدەش لەناو كولتووری ئیسلامی عەرەبیدا نەخۆشخانەكان بەو ناوە فارسییەوە ناسراون. چیرۆكی نەخۆشكەوتنی ئەبو جەعفەری مەنسوور، خەلیفەی دووەمی عەباسی و دامەزرێنەری ڕاستەقینەی دەسەڵاتی عەباسی و چاكبوونەوەی لەسەر دەستی پزیشكی ئێرانی (یەختشوع)، ڕووداوێكی كولتووری و سەرەتایەكی گرنگی دەركەوتنی پزیشكی یۆنانی و بیانییە بەشێوەیەكی ڕەسمی لەناو كۆمەڵگای ئیسلامی. چونكە لەدوای ئەم ڕووداوەوە بە بڕیاری خەلیفە یەختشوعی مەسیحی و ئێرانی و سریانی لە بەغدا دەمێنێتەوە تا سەرپەرشتی یەكەمین بیمارستان و وەرگێڕانی ئەدەبیاتی پزیشكی (جوندنیسابور) بكات. كە ناوەندی پاشماوەی حیكمەتی یۆنانی و گەلانی تریش بوو. لە هەمان كاتدا ئەم پزیشكە و خێزانەكەی و قوتابییەكانی، دەبنە دەستپێكی دەركەوتنی پزیشكی وەكو زانستێك و بوارێكی فراوان بۆ وەرگێڕانی بەرهەمە پزیشكییەكان. هەر لەو سەردەمەوە كە سەدەی سێی كۆچییە، نووسین و وەرگێڕان لە بواری تاعوون لە ڕووی پزیشكییەوە دەستی پێ كردووە. لە سەرچاوە كۆنەكاندا هاتووە كە كۆنترین كەسایەتی كە هانی خەلیفە و دەسەڵاتدارانی عەباسی دەدا بۆ وەرگێڕان و بایەخدان بە بەرهەمە پزیشكییەكانی میللەت و نەتەوە ناموسڵمانەكان، واتە (كندی) فەیلەسوف لە سەدەی سێیەمەوە لە بواری تاعوونناسی لەڕووی پزیشكییەوە زۆرترین كتێبی نووسیوە كە لانی كەم سێ نامەیە، كە هیچیان نەگەیشتوون بە ئەمڕۆ. وەرگێڕە گەورەكانی ئەو سەردەمەش كە مەسیحی بوون، خۆیان پزیشك بوون وەكو یوحەننای كوری ماسەویهی كە باوكیشی پزیشكێكی ناسراوی جوندنیسابور بووە، كە ئەمەیان سەرباری ئەوەی پزیشكی خەلیفە بووە، لە هەمان كاتدا لە سەردەمی هارونە ڕەشید كرایە بەرپرسی وەرگێڕانی ئەو كتێبە پزیشكیانەی موسڵمانان لە داگیركردنی وڵاتی ڕۆم دەستیان بەسەردا گرتبوون. ئەم كەسە جگە لە وەرگێڕانی چەندین بەرهەمی بواری پزیشكی، خۆشی چەند نامە و كتێبێكی نووسی و سەرپەرشتی پێگەیاندنی چەندین پزیشكیشی كردووە. لەوانە (حونەینی كوری ئیسحاق)ی وەرگێڕ و پزیشكی هەرەناسراوی ئەو سەردەمە، كە زۆرترین بەرهەمی پزیشكی لە یۆنانی و سریانییەوە كردووە بە عەرەبی و سەرباری وەرگێڕانەكانی لەم بوارە (بەتایبەت بەرهەمەكانی گالینۆس)، لە هەمان كاتیشدا خۆی دەیان نامە و بەرهەمی پزیشكی نووسیوە. كە تەنها لەكتێبی (رسالە حنین بن اسحاق الی علی بن یحی فی ذكر ما ترجم من كتب جالینوس)، كە نامەیەكە و حونەین نووسیویەتی، سەد و بیست كتێبی گالینۆس لە بواری پزیشكی باس دەكات كە وەرگێڕدراون بۆ سریانی و عەرەبی. بە هەمان شێوە كوڕەكەی ئیسحاقی كوری حونەین و پێش ئەوانیش بنەماڵەی (یەختشوع)، سەرچاوەی ڕاستەقینەی زانستی پزیشكی ئیسلامین. لەهەمان سەدە (قسطا بن لوقا)ی مەسیحی كە پزیشكێكی كاریگەر و دیارە لەناو ژینگەی ڕۆشنبیری ئیسلامی، جگە لە بەشدارییە گەورەكانی لەم بوارە، ئەویش بەرهەمێكی تایبەتی نووسیوە لەبارەی پەتاكان و چۆنێتی خۆپارێزی. بە هۆی زاڵبوونی مەسیحییە سریانییەكانیش بەسەر زانستی پزیشكی لەو كاتەدا، (زانستی پزیشكی) و (مەسیحی بوون) وەكو دوو ڕاستی پەیوەندیدار بە یەكترییەوە سەیر دەكران. ئەوەش بە هۆی زمانزانی و پێشخانی زانستییان لە ناوەندەكانی خوێندنی ئەدەبیاتی یۆنانی. بۆیە زۆرینەی ئەوانەی لەو بورادا ئیشیان كردووە، مەسیحی، یان جولەكە بوون. لەم بارەوە جاحیز لە (البخلاء) چیرۆكی كەسێك دەگێڕێتەوە بەناوی (اسد بن جانی)، ئەو كەسە شارەزای بواری پزیشكی بووە، لە سەردەمێكدا كە پەتا و نەخۆشی زۆر بووە. لە هەمان كاتدا ئەو كەسە خاوەنی هیچ نەبووە و دۆخی دارایی زۆرخراپ بووە، بۆیە لێیان پرسیوە حاڵت بۆ ئاوایە؟ لە وەڵامدا ئەویش وتویەتی سێ هۆ هەیە: یەكەمیان ئەوەیە من موسڵمانم و خەڵكیش بەگشتی و دەسەڵاتدارانیش بەتایبەتی پێیان وایە “موسڵمانان لە پزیشكیدا سەركەوتوو نابن”. دووەمیش ئەوەیە “من ناوم ئەسەدە، دەبو ناوم سلیبا و جبرائیل و یوحەنا بوایە.” سێیەمیش ئەوەیە “من زمانم عەرەبییە، دەبوو زمانم زمانی ئەهلی جوندنیسابور بوایە.”(1) هەر لەو سەردەمەش (ئیبن ئەبی دونیا)ی فەقیهـ و زاهیدی ناسراویش نامیلكەیەكی لەبارەی تاعوونەوە نووسیوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی فەوتاوە دیارنییە ناوەرۆكەكەی چۆنە، ئایا پزیشكییە، یان نا. هەرچەندە بە گەڕانەوە بۆ بەرهەمەكانی تری ئەم كەسایەتییە و سروشتی ڕۆشنبیرییەكەی، كە سەر بە قوتابخانەی ئەهلی نەقڵە، دەتوانین بە متانەوە بڵێین پێناچێت ئەو ئەم بەرهەمەی تایبەت بێت بە تاعوون لە چوارچێوەی زانستی پزیشكی. هەر لەو سەدەیەدا كەسایەتییەكی پزیشكی ئێرانی دەركەوت، كە زۆر كەم ناوی لە ناو لێكۆڵینەوەكانی ئەو بوارە دێت، ئەویش (ابن ربن الطبری)یە، كە ساڵی 260 كۆچی مردووە. كە یەكێكە لەو پزیشكانەی سەرەتای نووسینی بەرهەمی پزیشكییە لەناو زمانی عەرەبی، بە هۆی ئەوەی ئەم كوری باوكێكی پزیشك بووە و زمانەكانی هیندی و یۆنانی و فارسی و عیبری و عەرەبی زانیوە، بۆیە تاكە كتێبی كە گەیشتووە بەم سەردەمەی ئێستا بە سەرچاوەی بەرهەمە پزیشكییەكانی دوای خۆشی دەناسرێت. لەباسی ئەم كتێبە و بایەخەكەشیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو چەندین ساڵ خەریكی كۆكردنەوەی زانستی پزیشكی بووە لە ناو پزیشكاندا. بۆیە كارەكەی خۆی بەوە دەچوێنێت وەكو ئەوە وایە كەسێك “گەوهەری پەرش و بڵاو كۆبكاتەوە و زنجیرێكی ڕێكوپێكی لێ دروست بكات.”(2) بەم كارەش ئەو هاوكاری ئەوانەی كردووە كە بە دوای گەوهەرەكانەوەن. سەرچاوەی یەكەمی ئەویش لەم زانستە ئەبیقراتی یۆنانی و گالینۆسی ڕۆمانی و حونەینی كوری ئیسحاق و یوحەنای پزیشكەكانی سەردەمی دەسەڵاتی عەباسین. لەم كتێبەشدا لە بواری تاعوونناسی، ئەو هەمان باوەڕە ئەبیقراتییەكان دووبارە دەكاتەوە، كە تا كۆتایی سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپاش باوەڕی سەرەكی و باو بووە لەبارەی هۆی تاعوونەوە، واتە ئەوەی هۆی تاعوون پیسبوونی هەوایە.(3) لە سەدەی چواریشدا ئەبیبەكری ڕازی پزیشكی فەیلەسوفی هەرەناسراوی موسڵمان زۆرترین بەرهەمی نووسیوە لە بواری پەتاكان، كە بەشی زۆری ئەم بەرهەمانەی گەیشتوون بە ئەمرۆ، بەڵام هێشتا دەستنووسن و چاپ نەكراون. ئەم سەردەمەی دەسەڵاتی عەباسییەكان، كە قۆناغی گەورەی دەستپێكردن و گەشەكردنی زانستی پزیشكییە وەكو هەر هەموو زانستەكانی تریش، دوای كۆتاییهاتنیشی و دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی عەباسییەكان كە هەڵگەڕانەوەیە لە فەلسەفە و كەلام و زانستە بیانییەكان، بەڵام زانستی پزیشكی هێشتا پێگە و بایەخی خۆی بە تەواوەتی لە دەست نەدابوو. بۆ نموونە ئەحمەدی كوری حەنبەلی سەرلەشكری فەرموودەناسەكان و نەیاری گەورەی كەلام و فەلسەفە و بەشری حافی سۆفیش، پزیشكی تایبەتییان هەبووە بە ناوی (عبدالرحمان الطبیب) و لە كاتی نەخۆشی چارەسەری كردوون. هەر لەو سەردەمەدا ڕازی كتێبە گەورەكەی لە بواری پزیشكی نووسی بە ناونیشانی (الحاوی فی الطب) كە بیست و سێ بەرگ و چوار هەزار لاپەڕەی گەیشتووە بە مرۆ، كە خۆی زیاتر بووە لە هەشتا بەرگ و تایبەت بووە بە نەخۆشی و پەتا و نیشانە و چارەسەر و هەموو ئەو نەخۆشیانەی تووشی مرۆڤ دەبن و چارەسەرەكانیان. ڕازی لەم بەرهەمەدا زانستی پزیشكی بە هەردووك ئاڕاستەی ئەبیقراتی و گالینۆسی كۆكردەوە لە بۆتەی یەك بەرهەمی فراوانی بێ وێنە، كە دەشڵێن بێ وێنە مەبەستمان پێش خۆی وێنەی نەبووە و لە دوای خۆشی دووبارە نەكراوەتەوە. بۆیە ئەم بەرهەمە یەكەمین گەورە سەرچاوەی زانستی پزیشكییە و سەرچاوەیەكی سەرەكی ئەم زانستە بووە بۆ سەدەكانی دوای خۆی. هەر ئەم بەرهەمە لە ساڵی 1279ەوە كراوە بە لاتینی و تا سەدەی حەڤدەی زایینی پێنج جار چاپكراوەتەوە. ئەم سەرچاوەیەش بە تەنیشت چەند سەرچاوەیەكی تری پزیشكی ڕازی، بوونەتە سەرچاوەی سەرەكی زانستی پزیشكی ئەوروپی لە سەدەكانی ناوەڕاست وەكو پول كراوس ساغی كردووەتەوە.(4) ڕازی نزیكەی سەد و پەنجا كتێبی لە بواری پزیشكیدا نووسیوە و بەو هۆیەشەوە بە گالینۆسی موسڵمانان ناوبانگی دەركردووە. جگە لە نووسین و بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری زانستی (بە پێوانەكانی ئەو سەردەمە)ی پزیشكی، كارێكی تری گرنگی ڕازی كە كردویەتی جیاكردنەوەی كاری پزیشكی بووە لە فرت و فێڵ و جادوگەری. لە هەمان كاتدا بەستنەوەی كاری پزیشكی بە ڕەوشت و بەها مرۆییەكانەوە. هەربۆیە ڕازی جگە لە نووسین لە بواری زانستی پزیشكی، لە هەمان كاتدا یەكەمین كەسیشە بایەخیشی بە ڕەوشتی پزیشكی داوە، بۆیە لە كتێبێكی تری لەبارەی ڕەوشتی پزیشكەوە وتویەتی “دز و جەردە و چەتەكان لەوانە باشترن پروپاگەندەی پزیشكی دەكەن و پزیشكیش نین، چونكە ئەمان پارە دەدزن و ئەوانی تر تەندروستی و ژیانی كەسەكان.”(5)
ئیبن سینا خاوەنی چەندین داهێنانی پزیشكییە و هەرزووش بەرهەمەكانی لەلایەن ئەوروپییەكانەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی لاتینی
تایبەتمەندییەكی تری گەورەی ڕازی، كە لە سەردەستی ئەو گەشەی كرد و دواتر بوو بە نەریتێكی زۆرێك لە پزیشكە موسڵمانە گەورەكان، بریتی بوو لە بوونی دیدێكی ڕەخنەیی بۆ تێڕوانین و نەخۆشی و چارەسەرییە پزیشكییەكانی پێش خۆی. لەم بارەشدا بێگومان گرنگترین بەرهەمی ناسراوی ئەو كتێبی (الشكوك علی جالینوس)ە، سەرباری ئەوەی ئەو بە چاوێكی ڕێز و مامۆستایەكی گەورەی بواری پزیشك و فەلسەفە سەیری گالینۆسی دەكرد. بەڵام ئەو كە خاوەنی ڕۆشنبیرییەكی یۆنانی بوو، باوەڕی پتەوی بەوە هەبوو “پیشەی پزیشكی و فەلسەفە تەسلیم بوون هەڵناگرێ.”(6) هەرچەندە پێش ئەویش ئەم نەریتە لەناو كۆڕی پزیشك و فەیلەسوفانی موسڵمان برەوی هەبوو، بەتایبەت لە دوای جابری كوڕی حەیانەوە و پێش ئەویش لەناو قوتابخانەی ئەسكەندەریەی یۆنانی زۆر پێش هاتنی ئیسلام گومان و دیدی ڕەخنەیی بۆ باوەڕە پزیشكییەكانی گالینۆس دەستی پێكردبوو. بەڵام لە ڕازییەوە بە تەواوەتی ئەم نەریتە گرنگ و زانستییە چەسپا و هەر لەویشەوە ئەم گفتوگۆیە بڵاوبووەوە، كە بۆچوونەكانی گالینۆس موقەدەس نین و دەشێت كەموكوڕیان تێدا بێت. بۆیە ئەم كتێبەی گالینۆس پزیشكە موسڵمانەكانی كرد بە دوو بەرە: یەكەم ئەوانەی لایەنگری ڕاكانی گالینۆسیان دەكرد و وەڵامی ڕازیان دایەوە، ئەوانەی هاوڕای ڕازی بوون و بە هەمان شێوە ئەم بوارەیان دۆڵەمەندتر كرد، ئیبن ڕوشد دیارترینیانە. ئەمەش هەنگاوێكی گەورە بوو بۆ گەشەكردنی ڕۆشنبیری پزیشكی و نزیكبوونەوە لە تێگەیشتێكی دروست بۆ پەتا و تاعوون. هەر لە هەمان سەدە ئیبن سینا كە فەیلەسوفێكی پزیشكە، بەرهەمە تایبەتەكەی بە زانستی پزیشكی دەركەوت (القانون فی الطب)، كە تایبەتە بە زانستی پزیشكی لە هەردووك ئاستی تیۆری و پراكتیكی وەكو خۆی لە پێشەكیدا وتویەتی. ئەم بەرهەمە بە هۆی پێگەی ئیبن سینا خۆی و فراوانی و قووڵی بەرهەمەكە و بوونی چەندین شەرحی هەمەجۆر بۆی، لە قۆناغەكانی دواتر بۆ ماوەیەكی زۆر زانستی پزیشكی بەم بەرهەمەدا گوزەری دەكرد و بەویش دەپێورا. جیاوازی سەرەكی ئەم كتێبەی ئیبن سیناش بە كتێبەكانی تری پێش خۆی، ئەوەیە نووسەرەكەی فەیلەسوفێكی شارەزا و ناسراویشە. ئەوە جگە لە چەندین بەرهەمی تری پزیشك و نامەیەكی تایبەت لەبارەی پەتاكانەوە، كە لەم نامەیەشدا پێناسەی تاعوونی كردووە بەوەی “بۆگەنبوونی هەوایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەڵمی پیس، یان پاك تێكەڵ بە هەوا دەبێت و دەمێنێتەوە و با بڵاوەی پێ نەكردووە تا تێكدەچێت.”(7) ئەم پێناسەكردنەش كە لە بنچینەدا یۆنانییە و بۆ گالینۆس دەگەڕێتەوە، باوەڕی باوی ناو كۆڕی پزیشكانی ئیسلامی بووە تا سەردەمی دەركەوتنی میكرۆسكۆب و زانستی بەكتریا و میكرۆب لەخۆرئاوا. پزیشكەكان زانیویانە پەتا لە ڕێی هەوا و هەناسەوە بڵاودەبێتەوە، بەڵام هێشتا نەیانزانیوە كە لەناو ئەم هەوایەدا بوونەوەرگەلێكی زیانبەخش بوونیان هەیە كە بە چاو نابینرێن، بۆیە نزیكترین وەڵام ئەوە بووە بڵێن دەرەنجامی بۆگەنبوونی هەوایە، بە هۆی نەبوونی جوڵەوە. كە ئەم بۆچوونە پزیشكییەش بنچینەیەكی فەلسەفی یۆنانی هەیە. بەم هۆیەوە ئیبن سینا خاوەنی چەندین داهێنانی پزیشكییە و هەرزووش بەرهەمەكانی لەلایەن ئەوروپییەكانەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەرزمانی لاتینی و زیاتر لە پێنج سەدە سەرچاوەیەكی سەرەكی زانستی پزیشكی ئەوروپی بووە. یەكێك لەو پزیشكانەی تر كە هاوسەردەمی ئیبن سینا ژیاوە و داهێنانی زۆری كردووە لە بوارەكەی خۆی، پزیشكێكی موسڵمانە بە ناوی (أبو القاسم خلف بن عباس الزهراوی) كە ساڵی (404) كۆچی مردووە. كتێبە بەناوبانگەكەشی بە ناوی (التصریف لمن عجز عن التألیف) لەسێ بەش پێكهاتووە و تایبەتە بە سێ بابەتی سەرەكی (پزیشكی، دەرمانخانە، نەشتەرگەری). بە هەمان شێوە بە هۆی گرنگی ئەم كتێبەوە لە ناوەڕاستی سەدەی شانزە لە چوارچێوەی بایەخی ڕۆژئاوا بە زانست و وەرگێڕانی ئەدەبیاتی پزیشكی كراوە بە ئینگلیزی، بەڵام تا ئێستا لە جیهانی ئیسلامی بەدەستنووسی ماوەتەوە بەم هۆیەوە (د. یوسف زێدان) لە كتێبی (كولتووری نەزانراو) بەشێكی تەرخانكردووە بۆ ناساندنی ئەم كتێبە و گرنگترین بیرۆكەكانی، كە ئەم كتێبەش ساڵی 1994 نوسراوە. تا ساڵی 2006 لەلایەن (الدكتور محمد یاسر زكوری) تەنها بەشی سێیەمی كە تایبەتە بە نەشتەرگەری ساغكرایەوە و لەژێر ناونیشانی (كتاب الزهراوی فی الطب لعلم الجراحە) چاپ و بڵاو كراوەتەوە. كە تایبەتە بە نەشتەرگەری و ئامێرەكانی، دەشێت تایبەتمەندی سەرەكی ئەم بەرهەمەش بۆ بوونی وێنەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە، كە بەكارهاتووە بۆ ناساندنی ئامێرە پزیشكییەكانی كاتی نەشتەرگەری و ناوەكان و جۆرەكانیان. لەوەش سەرنجڕاكێشتر (لانی كەم بۆ من) ئەوەیە كە لەم دەستنووسەدا جگە لەوەی باسی چۆنێتی نەشتەرگەری و پێویستی تەعقیمكردنی ئامێرەكانی بڕین دەكات، باسی چەندین جۆری نەشتەرگەری كردووە كە تا ئێستاش بە هەمان شێواز بەڕێوە دەچن. هەر لەوانەوە كە بۆ چارەسەرە تا دەگاتە نەشتەرگەری جوانكاری، بگرە لە باسی شێرپەنجەدا ئەو بە ڕوونی لەم دەستنووسەدا باسی ئەوە دەكات كە ئەگەر لە سەرەتادا پێی بزانرێت (وەكو شێرپەنجەی مەمك) ئەوا دەكرێت لەڕێی نەشتەرگەرییەوە چارەسەر بكرێت و بەری پێ بگیرێت. كە ئەم ڕێگایە بۆ چەندین سەدە بۆ ئەم نەخۆشییە كاری پێكراوە بە ئێستاشەوە.(8) لە هەمان سەردەم و كاتدا، كەسایەتییەكی تری پزیشك دەركەوت، بەناوی (عەلی عەباسی مەجوسی) كە گوایە دەوروبەری 400 كۆچی مردووە. تایبەتمەندی ئەم پزیشكە كە بە هۆی شارەزاییە زۆرەكەی و پزیشكی دەسەڵاتداران بووە، ئەوە بووە بەردەوام بە چاوێكی ڕەخنەییەوە لە بەرهەمە پزیشكییەكانی پێشتری دەڕوانی، بە كتێبەكەی ڕازیشەوە واتە (الحاوی). ئەوەی جێی بایەخی زیاترە ئەوەیە كە نووسەر بەشێكی تەرخان كردووە بۆ قسەكردن لەبارەی پەتاكان و هۆی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەیان و چۆنێتی خۆپارێزی لێیان. یەكێكی تر لەو بەرهەمانەی كاریگەری زۆری هەبووە بە سەر پێشكەوتنی زانستی پزیشكی، بەتایبەت لە خۆرئاوای مەسیحی، كتێبەكەی ئیبن ڕوشدی فەیلەسوفە بە ناونیشانی (الكلیات فی الطب). گرنگی ئەم بەرهەمە ئەوەیە كە نووسەر بە چاوێكی ڕەخنەیی سەیری كەلەپووری پزیشكی پێش خۆی كردووە، نەك تەنها كۆی بكاتەوە و بینووسێتەوە. بۆیە ئەو بۆچونانەی ئەو باوەڕی پێی نەبووە نەینوسیوەتەوە و بایەخی پێی نەداوە وەكو لە یەكەم پەرەگرافی پێشەكی ئەم نووسینەیدا باسی دەكات. بە لای ئەوەوە هەموو ئەو ڕاستییانەی لەگالینۆسەوە خراونەتەڕوو لە بواری پزیشكی و زۆرینەی هەرەزۆری پزیشكەكانیش دووبارەیان كردووەتەوە، قابیلی ئەوەیە جارێكی تر بە دیدێكی ڕەخنەییانە شی بكرێتەوە و لە ڕێی بەڵگەكانییەوە هەڵبەسەنگێنرێت. بۆیە دەشێت وەك (جابری) دەڵێ ئەم بەرهەمەی ئیبن ڕوشد وەكو “پرۆژەیەك بۆ بەرزركردنەوەی پزیشكی بۆ ئاستی زانست؟ وێنا بكرێت”.(9) بە ڕەچاوكردنی زیادەڕۆییەكان جابری لە ستایشی ئیبن ڕوشد كە پێی دەناسرێتەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر ئەم قسەیە زیادەڕۆییشی تێدا بێت، بەڵام هیچ لەو ڕاستییە كەم ناكاتەوە كە ئەم كتێبە سەرچاوەیەكی گرنگی گەشەكردنی زانستی پزیشكی بووە لەناو كۆمەڵگای ئیسلامی ئەوكات و سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپاش. هەربۆیە ئەم كتێبە لە سەدەی چواردەشەوە كراوە بە لاتینی. (ئیبن هوبەلی بەغدادی) لە 616 كۆچی مردووە، یەكێكی ترە لەو كەسایەتییانەی هەوڵی داوە لە ڕێی كۆكردنەوە و نووسینەوەی بابەتەكانی پەیوەست بە زانستی پزیشكی (نەخۆشی، چارەسەر، دەرمان) لە چوار بەرگدا لەژێر ناوی (كتاب المختارات في الطب) خزمەتێكی ئەو بوارە زانستییە بكات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ئەم كردویەتی تەنها كۆكردنەوە و نووسینەوەی جارێكی تری ئەوەی نووسراو بووە لەم بوارە، بەتایبەت كتێبی القانونی ئیبن سینا كە بە ڕادەیەك كاریگەری بە سەر ئەو بەرهەمەوە هەیە، كە زۆرجاران تەنها كۆپی كردووە.
دوای زاڵبوونی گوتاری فەرموودەناسی لە قۆناغی دووەمی خیلافەتی عەباسییەوە، شەرعناسەكان بەگشتی هەموو ئەو زانستانەیان رەتدەكردەوە كە سەرچاوەكەی بیانی و دەرەكی بوون
پزیشكی ئایینی لە كولتووری ئیسلامیدا
دوای زاڵبوونی گوتاری فەرموودەناسی لە قۆناغی دووەمی خیلافەتی عەباسییەوە، شەرعناسەكان بەگشتی هەموو ئەو زانستانەیان ڕەتدەكردەوە كەسەرچاوەكەی بیانی و دەرەكی بوو. بەتایبەت ئەوانەی بۆ (یۆنانییە بتپەرستەكان) دەگەڕایەوە. لەم چوارچێوەیە زانستی پزیشكی یۆنانیش، كە بەشێكی دانەبڕاویش بوو لە فەلسەفەی یۆنانی، ڕەتكرایەوە. لەبری ئەوە جۆرێك لە چارەسەریان پێشنیار كردووە، كە گونجاو و تەبا بووە لەگەڵ بیروباوەڕە ئایینییەكانیان. كە لە قۆناغەكانی دواتردا ناویان لەو پزیشكییە بەدیلە ناوە (الطب النبوی). واتە پزیشكییەك كە سەرچاوەكەی وەحی خوایی بێت و ڕەسەن (اصیل) بێت. بەشێك لە لێكۆڵیاران پێیان وایە كە سەرەتای دەركەوتنی ئەم زاراوەیە لەناو مێژووی ئیسلامیدا بۆ سەرەتای سەدەی سێی كۆچی دەگەڕێتەوە، لەوانە (دكتۆر حەسەن شەمسی) لە نووسینێكیدا بە ناوی (قبسات من الطب النبوی العلاجی). كە ئەو پێیوایە كۆنترین بەرهەمی سەربەخۆ لەم بوارە بۆ (عەلی ڕەزا موسای كازم)ی ئیمامی هەشتەمی شیعەكان دەگەڕێتەوە، كە خاوەنی نووسینێكە بە ناونیشانی (الرسالە الذهبیە فی الطب النبوی). لە كاتێكدا بە گەڕانەوە بۆ ئەم بەرهەمەی ئەو ئیمامە، بە ڕوونی ئەوە دەردەكەوێت كە ناوەرۆكی ئەم كتێبە بە هیچ شێوەیەك ناچێتەوە سەر پزیشكی پێغەمبەرایەتی بەو شێوەی لە ناوەندی فیقهی ئیسلامیدا پێناسە كراوە. كە پزیشكییەكە سەرچاوەكەی وەحی و دەقە ئایینییەكانە. بگرە بە پێچەوانەوە ئەم كتێبە كە نامیلكەیەكی بچوكە و بۆ یەكەمجار ساڵی 1982 لە تاران چاپكراوەتەوە لەژێر ناوی (الرسالە الذهبیە)، تەنها بریتییە لە گێڕانەوەی ئەزموونی كەسی و پشت بەستن بە ئەزموونی نەخۆشی و دەرمان و چارەسەكردنەكان لای ئەم ئیمامە. گوایە ئیمامی هەشتەم لەسەر داوای خەلیفە مەئمونی خوێندەوار و ئەهلی كەلام ئەزموونی كەسی خۆی نووسیوەتەوە تا سوودی لێوەربگیرێت بۆ خۆپارێزی لەنەخۆشییەكان. سەرباری ئەوەش لە ناوەرۆكی كتێبەكەدا بە هیچ شێوەیەك زاراوەی (الطب النبوی) بەكارنەهاتووە و بگرە لەو چاپەشی كە لەبەردەستدایە ناونیشانەكەی بەم شێوەیەیە (الرسالە الذهبیە المعروفە ب (طب الامام رضا)! ئەوەی زاراوەی (الطب النبوی) بۆ ئەم كتێبە زیاد كردووە، كەسێكە بەناوی (محمد علی البار) كە لە ساڵی 1990 جارێكی تر ئەم كتێبەی لە سعودیە چاپكردووەتەوە. لە پێشەكیشدا دەڵێت ئەمە یەكەمین كتێبە كە موسڵمانێكی عەرەب نووسیبی لە بواری پزیشكی و لە هەمان كاتدا یەكەمین كتێبیشە لە بواری پزیشكی پێغەمبەرایەتی.(10) بێ ئەوەی هیچ لەم دوو (یەكەمینە) بسەلمێنێ، چونكە یەكەم ناوەرۆكی ئەم كتێبە پزیشكی نییە نەك بە واتا هاوچەرخەكەی، بەڵكو بەو واتایەی كە لەو سەردەمەشدا بوونی هەبووە، واتە سەردەمی مەئمون كە چەندین پزیشكی ناسراو بوونیان هەبووە و بەشێكی زۆر لە زانستی پزیشكیش وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی. دووەم ناوەرۆكی ئەم كتێبە تەنها لە بواری خۆپارێزییە، نەك چارەسەر، یان پێناسە و ناساندنی نەخۆشی. سێیەم زۆر و كەم نووسەر پشتی بە دەقی پیرۆزی قورئان، یان فەرموودە نەبەستووە بۆ ئەو كارەی، بەڵكو تەنها گێڕانەوەی ئەزموونی كەسی خۆیەتی، لەگەڵ ئەزموونی باب و باپیرانی. چوارەمیش (كە لە هەمووی گرنگترە) لە زۆربەی شوێنەكان كاریگەری ڕۆشنبیری پزیشكیی یۆنانی بە سەریەوە زاڵە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە باسی چوار ڕەگەزە سەرەكییەكەی پێكهێنەری جەستەی مرۆڤ دەكات (گەرمی، ساردی، وشكی، تەڕی) و كاریگەری چوار وەرزەكە بە سەر تەندروستییەوە. كە ئەمە ڕەگەزێكی سەرەكی (زانستی) پزیشكی یۆنانییە. لە دوای ئەمەوە كەسایەتییەكی تر كە ناوی دێت بەوەی دووەم كەسە زاراوەی پزیشكی پێغەمبەرایەتی بەكارهێناوە، كەسێكە بەناوی (عبدالملك بن حبیب الاندلسی)یە، كە فەقیهێكی مالكی ڕۆژئاوای عەرەبییە و ئەویش لەسەدەی سێی كۆچیدا ژیاوە. بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە بە گەڕانەوە بۆ كتێبەكەی، دەردەكەوێت كە نە لەڕووی ناوەرۆكەوە تایبەتە بە پزیشكی پێغەمبەرایەتی و نە ناونیشانە ڕاستەقینەكەشی ئەوەی هەڵگرتووە، بەڵكو ئەویش لە ناوەرۆكدا قسەكردنە لەبارەی خۆپارێزی و تەندروستی لە گۆشەنیگای ئەزموونەوە، بەڵام لەبری ئەوەی ئەزموونی كەسی و بنەماڵەیی بێت وەك كتێبەكەی پێشتر، گێڕانەوەی ئەزموونی كۆمەڵایەتی و كۆی كۆمەڵگایە. بۆیە ڕاستترین ناونیشان بشێت بۆ ئەم كتێبە ئەوەیە بوترێت (پزیشكی عەرەبی)، چونكە گێڕانەوەی ئەزموونی عەرەبی دەشتەكی و ڕۆژئاواییە لە ئەندەلوس لەم بوارە. جگە لەوەش بە هەمان شێوە ئەو كتێبەشیان نەك بێ كاریگەر نەبووە لە ڕۆشنبیری پزیشكی یۆنانی، بەڵكو ئەویش دیسان بە ڕوونی كاریگەرییەكانی پێوە دیارە. تێبینیەكی گرنگتر لەوانەش كە پێویستە بوترێت لەبارەی ئەم كتێبەوە پەیوەندی بە پزیشكی پێغەمبەرایەتی ئەوەیە: ئەگەر پزیشكی پێغەمبەرایەتی بە پلەی یەكەم و بەشە هەرەگەورەكەی پشت بەستن بێت بەو فەرمودانەی لە پێغەمبەرەوە دەگێڕدرێتەوە، ئەوا ئەم (حەبیب) ناوە بۆ ئەم بوارە نەشیاوە. چونكە ئەو كەسێكە لەناو كۆڕی فەرموودەناسان بە كەسێكی ناڕاست و بگرە درۆزن ئەژماركراوە لە گێڕانەوەی فەرموودەدا، ئەی چۆن دەتوانێت كتێبەكەی بە سەرچاوەی ئەو بوارە ئەژمار بكرێ؟! هەربۆیە ئەو فەرموودانەی لە ناوەرۆكی ئەم كتێبەدا گێڕدراونەتەوە، جێی متمانە نین و زۆرینەیان بە درۆی هەڵبەستراو بە ناوی پێغەمبەرەوە ناسێنراون، ئەوەی لە زانستی فەرموودەناسیدا پێی دەوترێت (حدیث موضوع). كتێبی سێیەم كەناوی دەبرێ وەكو سەرچاوەی سەرەكی دەركەوتنی پزیشكی پێغەمبەرایەتی، كتێبی (ابن الدینوری) ناسراو بە(ابن السنی)یە لە نیوەی دووەمی سەدەی چواری كۆچی، بەناونیشانی (مختصر الطب النبوی). ئەمیش لە ڕاستیدا هەڵگری دوو تێبینییە: یەكەمیان لەم نووسینەدا كە تائێستا دەستنووسە، زاراوەی پزیشكی پێغەمبەرایەتی بەكارنەهێنراوە، بۆیە دەشێت ئەم ناونیشانە بۆ سەردەمانی دواتر بگەڕێتەوە. چونكە دەستنووسی بەردەست بۆ كۆتاییەكانی سەدەی پێنجەم دەگەڕێتەوە، بە دیاریكراویش بۆ ساڵی (494)ی كۆچی. دووەم لەڕووی ناوەرۆكیشەوە تەنها ڕیزكردنی ژمارەیەك فەرموودەیە كە پەیوەندیان بە تەندروستی مرۆڤەوە هەیە بێ هیچ شەرح و لێكدانەوەیەك. ئەم بەرهەمە (وەكو زۆربەی بەرهەمەكانی تری هاوشێوە) زۆر فەرموودەی تێدایە كە بە پێوانەكانی خودی فەموودەناسی لاوازو ناڕاستن.(11) بۆیە ڕەنگە ڕای ڕاست ئەوە بێت كە یەكەمین كەس كتێبی تایبەتی نووسیبێت لەم بوارە و بەرهەمەكەشی گەیشتبێت بەدەستی ئێمە، كتێبەكەی سەنعانیە بەناونیشانی (الطب النبوی). لە نیوەی یەكەمی سەدەی پێنجی كۆچی، واتە سەردەمی دوای تەكفیركردن و تەحریمكردنی ئەدەبیاتی یۆنانی و هاتنی گەورەترین خەلیفەی نەیار بە فەلسەفە و كەلام و زانستە بیانییەكان، واتە (القادر بالله) لە سەرەتای ئەم سەدەیە. ئەم كتێبەش لە ناوەرۆكدا شەرح و لێكدانەوەی كتێبەكەی (ئیبن سونی)یە وەكو چۆن خۆی لە سەرەتادا ئاماژەی بۆ دەكات.(12) هەر لەو سەردەمانە كتێبێكی تر خراوەتە پاڵ كەسایەتییەكی سەدەی حەوتی كۆچی، بەناوی موفق الدین البغدادی، كە لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتی كۆچی مردووە. ئەم بەرهەمە بەناونیشانی ( الطب من الكتاب والسنە)یە و ساڵی 1986 لەلایەن (دار المعرفە) چاپكراوە و تا ئێستا چەندین جاری تر چاپكراوەتەوە. بەڵام بە ڕوونی دیارە كە ئەم كتێبە بۆ سەردەمانی دوای ئیبن تەیمیە و و ئیبن قەیم دەگەڕێتەوە لە نیوەی دووەمی سەدەی هەشت، چونكە لەزۆر شوێن و بۆنەدا وتەكانی ئیبن تەیمیە دەگێڕێتەوە و قسەكانی ئەو بەكاردێنێت، لە كاتێكدا 32 ساڵ پێش ئەوەی ئیبن تەیمیە لەدایك ببێت، ئەم نووسەرە مردوە!! جگە لەوەش لە ناوەرۆكدا ئەوەندەی پشت بەستنە بە ئەزموونی میللی، ئەوەندە گەڕانەوە نییە بۆ دەقە ئایینییەكان، بۆیە دەشێت ئەم كتێبەش وەكو پزیشكی میللی سەیر بكرێت، نەك پێغەمبەرایەتی. بە لای هەندێك لێكۆڵینەوەوە سەرچاوەی ئەم هەڵەیەش ئەوەیە كە ئەو كەسەی ئەم كتێبەی ساغكردووەتەوە كتێبەكەی (الذهبی) نەخوێندووەتەوە لەبارەی پزیشكی پێغەمبەرایەتی. چونكە ئەوكات دەیزانی كە ئەم كتێبەی بە ناوی بەغدادی بڵاوی كردووەتەوە، هەمان كتێبە كە بە ناوی زەهەبی بڵاو بووەتەوە لە نیوەی یەكەمی سەدەی هەشتی كۆچی. لەوەش سەیرتر ئەوەیە كە ئەوەی بە ناوی زەهەبیشەوە بڵاوبووەتەوە، بەپێی زۆربەی لێكۆڵینەوە هاوچەرخەكان ئەویش هی ئەم نییە، سەرباری ئەوەی لە كۆتایی سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا دەیان جار بە ناوی ئەمەوە چاپ و بڵاوكراوەتەوە! دەشێت ڕای ڕاست بۆ سەرەتای ڕاستەقینەی دەركەوتنی پزیشكی پێغەمبەرایەتی چ وەك زاراوە و چ وەك ناوەرۆك، بۆ ئیبن قەیمی قوتابی ئیبن تەیمیە دەگەڕێتەوە لەنیوەی یەكەمی سەدەی هەشتی كۆچی. پێش كتێبە بەناوبانگەكەی ئیبن قەیم لە بواری پزیشكی پێغەمبەرایەتی، چەند ناو و بەرهەمێكی تر بوونیان هەیە لە نێوان سەدەی پێنج و شەش و حەوت، بەڵام هیچ بەرهەمێك بە ئەندازەی كتێبەكەی ئیبن قەیم ڕۆڵی نەبووە لە چەسپاندنی ئەم زاراوەیە و ئەم جۆرە نووسینانە. كتێبەكەی (ابن القیم الجوزیە) بەناونیشانی (الطب النبوی) وەك وتمان بەناوبانگترین بەرهەمی بواری پزیشكی پێغەمبەرایەتییە. هەروەها ناسراوترین بەرهەمی بواری خۆیەتی و سەرچاوەی سەرەكی ئەم بوارەشە لەناو كۆڕی فەقێكان. ئەویش بە دوو هۆی سەرەكی: یەكیان نووسەرەكەی كە شەرعناس و فەقیهـ و ئوسوڵی حەنبەلی ناو كولتووری ئیسلامییە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تری ناسراوە، وەك (زاد المعاد) و ( اعلام الموقعین) و چەند بەرهەمێكی تر. كە هەر خودی ئەم كتێبەشی بەشێكە لەبەرهەمی یەكەمی. دووەم: لەڕووی ناوەرۆكەوە بە شێوەیەكی فیقهی و ئایینی تۆكمە نووسراوە و هەوڵی داوە كۆی ئەو فەموودانەی بەشێوەی پەرت و بڵاو لە بواری پزیشكیدایە كۆبكاتەوە و ڕاوبۆچوونی پێشینان لەبارەیەوە بخاتەڕوو. جگە لەوەش نووسەر ئاگاداری زۆری هەبووە لە زانستی پزیشكی نائایینی لەناو کولتووری ئیسلامی و سوودی لەمەش بینیوە. ئیبن تەیمیەی شێخی ئیبن قەیم لە هیچ شوێنێك زاراوەی پزیشكی نەبەوی، یان شەرعی، یان ئایینی بەكارنەهێناوە، بگرە لە زۆر شوێن لەناو نووسینەكانی ئاماژەی ئەوە دەدۆزینەوە كە ئەو بڕوای بەو زاراوە و زانستە نەبووە و بگرە بەپێچەوانەوە، ئەو زانستی پزیشكی بە زانستێكی نائایینی ئەژمار كردووە. بۆ نموونە لەو شوێنەی بەراوردی زانستەكانی ئوممەتی محەممەد بەراورد دەكات بە زانستەكانی ئەهلی كتاب، دەڵێت “ئوممەتی محەممەد لە هەموو ئوممەتەكان زیرەكترن لە هەموو زانستەكاندا، هەتا ئەو زانستانەشی كە نە ئایینین و نە پەیوەندیشیان بە ڕۆژی دواییەوە هەیە، وەكو زانستی پزیشكی و ماتماتیك.”(13)
دەركەوتنی پزیشكی پێغەمبەرایەتی چ وەك زاراوە و چ وەك ناوەرۆك، بۆ ئیبن قەیمی قوتابی ئیبن تەیمیە دەگەڕێتەوە لە نیوەی یەكەمی سەدەی هەشتی كۆچی
بگرە ئەو پێی وایە پزیشكە یۆنانییەكان، سەرباری ئەوەی لە خواناسیدا بڕوایان بە فرەخوایی هەبووە، بەڵام لەڕووی پزیشكییەوە كەسانی زۆر شارەزا بوون. تا ئەوەی بە لای ئەمەوە (ڕازی پزیشك) كە كەسێكی كافر و بێ دین بووە، بەڵام “شارەزاترین كەسە لە پزیشكیدا”(14) بۆیە پزیشكی بێ دین، مەرج نییە كەسێكی نەشارەزا بێت لە بوارەكەی خۆی وەكو پێشتر دەڵێت. ئەوجار دەڵێت سەرباری ئەوەی ئەوانەی لەو زانستانەدا شارەزان لەئوممەتی محەممەد خەڵكانی خراپ و هیچ و پووچن، ئەوەش ئاماژەیە كەئەو مەبەستی بە زانستی پزیشكی ڕازی و ئیبن سینا و ئەوانی ترە. دەبێ ئەوەش بڵێین دەركەوتنی ئیبن قەیم و پزیشكە پێغەمبەرایەتییەكەی، دوای كەوتنی خیلافەتی عەباسی و هاتنی مەغۆلەكانە، كە سەردەمێكی تاریكی كۆمەڵگای ئیسلامی و گەڕانەوەی توندە بۆ بە ئایینی كردنی هەموو ئەو بوارانەی كە ڕەنگە پێشتر بەو خەستیەش بە ئایینی نەكرابن. هەرچەند موسڵمانان لەو سەردەمەش لە هەوڵەكانیان لە بواری پزیشكی نەكەوتن، بۆ نموونە ئیبن نەفیس سەرۆكی بیمارستانی مەنسوری لە قاهیرە كتێبی (الشامل فی الصناعە الطبیە)ی بە هەشتا بەرگ نووسی، كە خۆی بەنیاز بووە بە سێ سەد بەرگ تەواوی بكات. بەڵام مەرگ بواری پێنەدا. بە هۆی فەوتان و تێداچوونیشی تەنها دوو بەرگی گەیشتووە بە ئێستا. ئەم بەرهەمەش تایبەتە بە دەرمان و چارەسەرە ڕووەكییەكان بەتایبەتی. ئیبن خەلدون كە ساڵی (808 كۆچی مردووە)، دەشێت خاوەنی مەنتقیترین بۆچوونی ئەم بوارە بێت. ئەو لە بەشی بیست و پێنج كە تایبەتە بە زانستی پزیشكی، دوای ئەوەی بە كورتی باسی دەركەوتنی ئەم زانستە دەكات لەناو شارستانیەتی ئیسلامی لە ڕێگای وەرگێڕانی ئەدەبیاتی یۆنانییەوە، ئەوەش بە هۆی پێویستی شار و قەرەباڵغییەكان بەم زانستە، دوای ئەوەی دەڵێت، دەشتەكییەكان (البدو) پێویستیان بەم زانستە نییە، بە هۆی كەمی نەخۆشی تێیاندا. ئەوجار دەڵێت، پزیشكی دەشتەكییەكانی عەرەب پشتی بە ئەزموونی كەسانی بەتەمەنی پێشتر بەستووە كە پشتاوپشت گێڕاویانەتەوە و كەڵەكەیان كردووە. دوای ئەوەی دەڵێت، “ئەو پزیشكییەش كە لە شەرع (الطب النبوی)دا دەگوازرێتەوە لەو جۆرەیە و هیچ پەیوەندی بەوەحیەوە نییە، بەڵكو ئەوە شتێكە لەناو عەرەبدا ئاسایی بووە.” لەوەش گرنگتر و ڕوونتر دەڵێت، كە ئەم جۆرە پزیشكییە كە لە ژیاننامە و باس و خواسەكانی پێغەمبەردا هاتووە وەك شتی “عادەتە و سروشتی، نەك لەو ڕووەوە كە ئەوە بەو شێوە كارە شەرعی بێ. چونكە پێغەمبەر (د.خ) بۆ ئەوە نێردراوە تا فێری شەریعەتمان بكات، بۆ ئەوە نەنێردراوە تا پزیشكی، یان هەر عادەتێكی ترمان پێ بناسێنێت. لە موتوربەكردنی خورماكەش ئەوە ڕوویدا كە ڕوویدا (انتم اعلم بأمور دنیاكم). “(15)
تاعوون لە پەتایەكی تەندروستییەوە بۆ لەعنەتێكی خوایی
هەر لە سەردەەمی ئیبن قەیم كە سەدەی هەشتی كۆچییە و سەردەمی كەوتنی خیلافەتی عەباسییە، دوای چەند ساڵێك لە بڵاوبوونەوەی تاعوون، بەناوبانگترین كتێبی فیقهیش كە لەبارەی تاعوونەوە لە ڕوانگەی پزیشكی پێغەمبەرایەتییەوە نوسراوە، كتێبەكەی (ابن حجر العسقلانیە) لە سەدەی هەشتی كۆچی بەناوی (بذل الماعون فی فضل الطاعون) كە چەندین جار شەرحی بۆكراوە و كورت كراوەتەوە. بەناوبانگترینیان كورت كردنەوەكەی (جلال الدین السیوطی)یە لەسەدەی یانزەی كۆچی بەناوی (ما رواه الواعون فی أخبار الطاعون). ئەم كتێبەی ئیبن حەجەر (كە خۆی دوو كچی بە پەتای تاعوونی ناوەڕاستی سەدەی هەشتی كۆچی مردووە.) لەبەر چەند هۆكارێك سەرچاوەیەكی هەرەگرنگی گرووپی فەقیهەكان بووە بەرامبەر گرووپی پزیشكەكان و بۆچوونەكانیان لەبارەی تاعوونەوە. یەكەمیان: نووسەرەكەی كەسایەتییەكی فەقیهـ و فەرموودەناسی گەورەی شافعی ناو کولتووری ئیسلامییەوە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تری فیقهییە، كە ناسراوترینیان شەرحەكەیەتی بۆ (صحیح البخاری) بەناوی (فتح الباری). دووەم: لەڕووی ناوەرۆكەوە ئەم بەرهەمە زۆر بەدوور و درێژی و لە هەموو لایەنێكی فیقهییەوە بابەتی تاعوونی تاوتوێ كردووە. هەرچی فەقیهەكانە بڕوایان وابوو كە تاعوون نوقورچ و دەرزییەكی جنۆكەكانە. ئەوەش بەپشت بەستن بە فەموودەیەك كە تێیدا لەبارەی تاعوونەوە وتراوە (نوقورچێكە تووشی ئوممەتەكەم دەبێت لەلایەن جنۆكە دوژمنەكانییەوە.) ئەم باوەڕەش وای لە فەقیهەكان كردبوو بە چەكی پزیشكەكان قسەكە بكەن كە عەقڵ و ئەزموون بووە بۆ دژایەتی كردنی خودی باوەڕی پزیشكەكان، كە سەرچاوەی تاعوونیان دەبەستەوە بە گۆڕانكاری سروشتییەوە. بۆیە دەیانوت: ئەگەر سەرچاوەی تاعوون فاسد بوونی هەوا بێت، ئەوا دەبێت لە یەك كاتدا هەموو كەس و ئاژەڵێك بگرێتەوە لە هەموو شوێنێك. وەكو چۆن پزیشكەكانیش بە چەكی فەقیهەكان وەڵامیان دەدانەوە كە نەقڵە، دەیانوت ئەگەر سەرچاوەی تاعوون جنۆكەكان بن، ئەوا نابێت لە مانگی ڕەمەزان بتوانن زیان بە موسڵمانان بگەیەنن. چونكە بەپێی دەقی فەرموودە لەم مانگەدا شەیتانەكان دەبەسترێنەوە و ناتوانن زیان بە موسڵمانان بگەیەنن. هەرلەم ڕوانگەیەوە پزیشكانی موسڵمان بەپێچەوانەی فەقیهەكانەوە بڕوایان وابووە كە تاعوون پەتایەكە مرۆڤی ساغ لە كەسی نەخۆش دەیگرێتەوە لە ڕێی هەناسەوە. لە كاتێكدا فەقیهەكان وەكو (ئیبن حەجەر بۆ نموونە) بە توندی دژی ئەم باوەڕە بووە و پێی وابووە ئەمە لادانە لە تێگەیشتن لەو فەرموودەیەی كە تێیدا هاتووە نەخۆشی گرتنەوە بوونی نییە (لاعدوی)، هەتا ئەگەر بێت و خاوەنی ئەم ڕەئیە فەقیهـ و شەرعناسێكی موسڵمانیش بێ. لەم بارەیەوە لە قازی تاجەدین دەگێڕێتەوە كە وتویەتی “ئەگەر دوو پزیشكی شارەزای موسڵمانی ڕاستگۆ دانیان بەوەدا نا كەتێكەڵبوون زیانی هەیە (واتە تێكەڵبوون بە كەسێك كە تاعوونی هەبێت)، ئەوا دووركەوتنەوە لە تێكەڵبوون ڕەوایە.”(16) بنچینەی ئەم باوەڕە پتەوەی ئیبن حەجەریش بە نەگواستنەوەی نەخۆشی (كە باوەڕێكی بەهێزی فەرموودەناسانە)، هۆی بوونی فەرموودەی ڕاستە لەڕووی سەنەدەوە. كە وەكو ئەحمەد ئەمین وتویەتی فەرموودەناسان بە هۆی سەرقاڵبوونی زۆریان بە بەدواداچوونی سەنەدی فەرموودەكان، كە ڕەخنەیەكی دەرەكییە، بیریان نەبووە بە چاوێكی ڕەخنەیی ناوخۆیی سەیری دەقی فەرموودەكان بكەن، واتە هەڵسەنگاندنی ڕاستی و ناڕاستی فەرموودە لە ڕێی مەتنەوە. بەم هۆیەوە (وەكو ئەو دەڵێت) زۆرینەی ئەو فەرموودانەی لە بواری پزیشكیدا وتراون، دەكرا بەشێوەی ئەزموونكردنەوە یەكلا بكرێنەوە(17) سەرباری ئەوەش وەكو نەریتێكی فیقهی ئەمانە ویستویانە بەڵگەی تری عەقڵانی بۆ سەلماندنی ئەو باوەڕانە بەكاربێنن، كە لە بنچینەدا و لە ئاستە ڕووكەشییەكەی واتاكەی، عەقڵانی نەبوون. بۆیە لە وەڵامداوەی ئەوانەی بەڵگە دێننەوە بۆ بوونی نەخۆشی گوازراوە، ئیبن حەجەر دەڵێت “دان پێدانانی كەس لەم بوارەدا پەسەند نییە، چونكە هەست (الحس) ئەوە ڕەتدەكاتەوە.” ئەوجار باسی ئەوە دەكات كە لە وڵاتی میسر و شام چەندین جار تاعوون دووبارە بووەتەوە، زۆر لەوانەی تووشبوون لەناو ماڵانن و كەس و كاریان تێكەڵیان دەبن و هەیانە تووشی پەتاكە بووە، هەشە تووش نەبووە، كەواتە گرتنەوەی پەتا ڕاست نییە”(18) بەكورتی بەلای ئەمەوە: نەخۆشی بە سروشتی خۆی ناگوازرێتەوە و نەخۆشی گرتنەوە ڕاست نییە.(19) لەم بوارەدا یەكێك لە پزیشكە موسڵمانە ناسراوەكان كە (ئیبن خطیب 776 كۆچی مردووە) لە وەڵامی بۆچوونێكی ئاوادا ئەو كەسانەی بە خەواریج ناو بردووە. وەك ئاماژەیەك بۆ كەسانی توندڕەو و ئەوانەی لە ناوەرۆكی دەقەكان نەگەیشتوون و شوێن واتا ڕووكەشییەكانی ئایین كەوتون. لە وەڵامی ئەوانەی دەڵێن بۆچی كەسانێك هەن تێكەڵ بە كەسی توش بوو بە نەخۆشی تاعوون دەبن، بەڵام نەخۆشییەكە ناگرنەوە؟ دەڵێت، ئەوە پەیوەندی بە ئامادەباشی كەسەكەوە هەیە بۆ تووشبوون و دووربوون لە تووشبوون بەپەتاكە،(20) بۆیە ئەو زاراوەی (استعداد) ئامادەباشی بەكاردێنێت بۆ تەفسیری گرتنەوەی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی پەتا. نموونەكەشی لە دنیای هەستپێكراو و ئەزموونكردنەوە ئامادەباشی فتیلی تەڕ بەنەوت بۆ ئاگرگرتن، ئەگەر بەراورد بكرێت بە فتیلێكی تری وشك. لەوەڵامی ئەوانەش كە دەڵێن شەرع وتویەتی گرتنەوە نییە، دەڵێت ئەزموون و بەڵگە ئەوەی ساغ كردووەتەوە، كە گرتنەوە هەیە(21). ئەوجار بە ڕوونی دەڵێت، ئەوە سەلماوە كە ئەم پەتایە لەچەندین شوێن و بە هۆی چەندین شتەوە بڵاوبووەتەوە و خەڵكی تر گرتویەتییەوە. بەپێچەوانەشەوە ئەو شوێنانەی دابڕاون و دووربوون لەو پەتایە. لە بەرامبەردا ئەو وەكو كەسێكی موسڵمان كە لە ئەنجامی وردبوونەوە و ئەزموونی پزیشكی خۆیەوە گەیشتووە بەو باوەڕەی كە نەخۆشی گرتنەوە بوونی هەیە و لە كاتی پەتادا دەبێت كەسەكان خۆیان بپارێزن، كە ئەوەش ناكۆكە بە واتای ڕووكەشیانەی بەشێك لەو دەقە ئایینییانەی كەسانی وەكو ئیبن حەجەر پشتی پێ دەبەستن بۆ ڕتكردنەوەی ئەم ڕاستییە پزیشكییە، دەگاتە ئەوەی ئەو بڵێت ” قسەكردن لەبارەی بوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرتنەوەی و پێچەوانەكەی لەڕووی شەرعیەوە ئەركی ئەم هونەرە نییە.” بۆیە ئەو بەشێوەیەكی ڕیزپەڕ و ڕاگوزەر ئەو دەقانە باس دەكا و دەخاتەڕوو. چونكە هونەری ئەو پزیشكییە، پزیشكیش ئەوەی سەلماندووە كە تاعوون نەخۆشییەكی گوازراوەیە و ئەوانەشی بە بەڵگەی ئایینی دەڵێن ناگوازرێتەوە، “پێداگری لەسەر ئەم جۆرە بەڵگاندنە بێ ڕەوشتییەوە خۆبەگەورەزانینە بەرامبەر خوا و بەكەم سەیركردنی ڕوحی موسڵمانانە.”(22) بەم هۆیەوە وەكو خۆی دەڵێت، هەندێك لەوانەی فەتوای ئەوەیان داوە پەتا گرتنەوە نییە، دوای ئەوەی ئەم فەتوایە بووەتە هۆی مردنی ژمارەیەك موسڵمان، پەشیمان بوونەتەوە. ئەم گفتوگۆیە كە سروشتێكی ناڕاستەوخۆی هەیە، بە تەواوەتی پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی پەتای تاعوونەوە هەیە لەناو كۆمەڵگای ئیسلامی و ناكۆكی هەڵوێستی پزیشكەكان كە پشتی بە ئەزموون دەبەست، لەگەڵ موفتییەكان كە پشتی بە تێگەیشتن لە دەقەكان دەبەست. سەرەتای ئەم پەتایە لەچینەوە دەستیپێكردووە لە دەورەبەری 734 وەكو (ئیبن خەتیب) دەڵێت، ئەوەش بەپشت بەستن بە شاهیدی چەندین كەس كە لە چین گەڕاونەتەوە و بە چاوی خۆیان ئەو ڕاستییەیان بینیوە. ئەم وەڵامدانەوەیەی ئیبن خەتیب، گەرچی سەرەتاییە و هی سەردەمێكە كە هێشتا زانست و تاقیگە لە دایك نەبووە بۆ یەكلاكردنەوەی، بەڵام گفتوگۆیەكە بێ ئەنداز لەسەر ڕێڕەوێكی ڕاست و عەقلانییە. هەرچەندە ئەم بۆچونانەی ئەو كە پشتی بەپاشخانی پزیشكی یۆنانی بەستووە لەناو كولتووری ئیسلامیدا، لە بەرامبەر تۆپەكانی فیقهی و فەتوای شەرعناسەكان خۆی نەگرتووە و تەنها لە ئاستی نووسین و بوارێكی بچوكدا ماوەتەوە. خۆ ئەگەر هاتبا و ئەم تێگەیشتنانە لەڕووی كولتوورییەوە پشتیوانی كرابا، ئەوا بێگومان دەبووە هۆی پاراستنی گیانی هەزاران كەس و گۆڕانكارییەكی فیكریش دەبوو. بۆیە پەتای تاعوون كاتێك دەگاتە كۆمەڵگا موسڵمانەكان، هەرچەندە هیچ ئامارێكی زانستی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ بەرهەمە مێژوییەكان بووە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان كەس و بۆ چەند دەیەیەكیش كاریگەرییە قورسەكانی بەسەر كۆمەڵگاكان مابووەوە. سەرەتا پەتای تاعوون لە ساڵی 749 لە ئەندەلوس و مەغریب بڵاوبووەوە، كەسانێكی زۆری كوشت. پەتایەك ساڵی 742 لە قاهیرەوە بڵاوبووەوە كە بە شەشەم پەتای تاعوون دادەنرێت لەناو شارستانیەتی ئیسلامی و پانزە ساڵی خایاند، بە هەزاران كەسی كوشت، گوایە بەس لە قاهیرە نۆسەد هەزار كەسی كوشتووە. بە هۆی كارەستباری ئەم پەتایەوە، مێژوونووسان ناوی جیاجیان لێناوە، وەكو پەتای گشتی (الوباء العام، الطاعون الاسود، المرض الوافد، المرض العالم…). ئیبن بەتوتە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە سوریایە لە حەلەب، لەوێوە تا دیمەشق و غەزە و قاهیرە كارەساتی ئەو پەتایە دەگێرێتە. لەم بارەیەوە چەندین چیرۆكی تراژیدی و ترسناكی ئەم پەتایە دەگێڕێتەوە. بۆ نموونە دەگێڕێتەوە لە مزگەوتێك لە دیمەشق بە ناوی (مزگەوتی پێكان) كە بەردێكی تێدایە و گوایە شوێن پێی موسای بە سەرەوەیەوە، بۆیە پیرۆزە لای هەرسێك ئاییندارانی موسڵمان و مەسیحی و جولەكە. بەم هۆیە دەگێڕێتەوە كە موسڵمانان بە ئەمیر و خەڵكی ڕەش و ڕووتەوە بە پێخواسی و بەوپەڕی پەشۆكاوییەوە و بەدەم گریان و بە دوعا و قورئان بەدەستەوە، جولەكەش بە تەورات و مەسیحیش بە ئینجیلەكانیانەوە كۆببوونەوە لەم مزگەوتە و لەخوا دەپاڕانەوە كە ڕزگاریان بكات لەو بەڵایە، بەم هۆیەشەوە (وەكو ئیبن بەتوتە دەڵێت) خوا بە بەخشندەیی خۆی پەتاكەی لەسەر سوکكردن و ڕۆژانە تەنها دوو هەزار و چوار سەد كەسی لێ دەكوشتن(23). كاتێكیش دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرە، دەڵێت پەتاكە كۆتایی هاتبوو، بەڵام پێیان وتم ڕۆژانە بیست و یەك هەزار كەسی كوشتووە، بەو هۆیە هەموو ئەو كەسانەی دەمناسین كە بۆ جاری دووەم چوومەوە قاهیرە مردبوون. زۆر شاعیر و ئەدیبی موسڵمان لەبارەی ئەم كارەساتەوە نووسیویانە، كە رەنگە بەناوبانگترینیان (النبأ عن الوباء)ی (زین الدین عمر ابن الوردی)بێت، كە خۆشی بە هەمان پەتا ساڵی 749 مردووە. ئەم كتێبە تایبەتە بە پەتاكە لە شاری حەلەب. ئەم پەتایە لە ڕێی بازرگانی و هاتوچۆوە لەڕێی ئیتاڵیاوە بە ئەوروپادا بڵاوبووەتەوە و ناونراوە بە تاعوونی ڕەش، بە هۆی ترسناكی و زۆری ژمارەی كوژراوەكانی كە چارەكی هەموو دانیشتوانی ئەوروپای كوشتووە، كە دەكاتە بیست و پێنج ملیۆن كەس. یەكێك لەو ئەدیب و شاعیرانەی ئەم پەتایەیان بینیوە و دواجاریش هەر بەو پەتایە مردووە، كەسایەتییەكە بە ناوی (ابن الوردی)، نامەیەكی نووسیوە بەناوی (رسالو النبأ عن الوباء)، كە لە ناو دیوانەكەی چاپ كراوە(24). هەرچی ئیبن خەلدونە لە وێناكردنی ئەو كارەسات و تراژیدیایەی ئەم پەتایە دروستی كردووە، وتویەتی ئەم پەتایە: كە ئوممەتەكانی بچوك کردەوە و نەوەكانی لەناوبرد و زۆر دیوی جوانی ئاوەدانی (عیمران)ی نەهێشت و لەناوی برد، لە كاتی پیربوونی دەوڵەتەكان هات و گەیشتنی بەوپەڕی خۆی، سێبەرەكەی كەم كردەوە و تیژییەكەی كول كردەوە و دەسەڵاتەكەی لاواز كرد و بەرەو تێداچوون و لەناوبردن بردی و پارەی پێ نەهێشت و ئاوەدانی زەوی نەما بە نەمانی مرۆڤەكان و كارگە و ئاوەدانییەكان وێران بوون و ڕێگا و شوێنەوارەكان فەوتان و ماڵ و حاڵەكان چۆڵ بوون و دەوڵەت و خێڵەكان لاواز بوون….”(25) موسڵمانان لە مێژوودا و بە كاریگەری ئەم ڕەوتە فیقهییەی بەردەوام بە شێوەیەكی نازانستی و بە جۆرێكی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ پەتاكان كردووە. كە لەبری ئەوەی بەر بە پەتاكان بگرن، بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتر و زیانگەیاندنی زیاتر بە موسڵمانان. بۆ نموونە سیوتی شەرعناس بە هەمان میتۆدی ئیبن حەجەر و لە سەدەی یانزەی كۆچی، بە هۆی كاریگەری پەتای تاعوون بە سەر دەروونی موسڵمانان لەكتێبی (الرحمە فی الطب و الحكمە)، بەشێك لەبارەی چارەسەری تاعوون فێری موسڵمانان دەكات لە ڕێی نوشتە و نزا و پاڕانەوە.(26)
پەتای تاعوون كاتێك دەگاتە كۆمەڵگا موسڵمانەكان، هەرچەندە هیچ ئامارێكی زانستی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ بەرهەمە مێژووییەكان بووە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان كەس و بۆ چەند دەیەیەكیش كاریگەرییە قورسەكانی لە سەر كۆمەڵگاكان مابووەوە
تا ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی مەمالیكەكان لە میسر عادەتێك بڵاوبووەوە بۆ خۆپارێزی لەپەتاو تاعوون، ئەویش كۆبوونەوەیە بۆ خوێندنەوەی سەحیحی بوخاری، ئەم عادەتە لەناو عوسمانییەكانیشدا بوونی هەبووە. ئەو كاتە هەندێك پیاوی ئایینی باوەڕیان وابوو كە خوێندنەوەی بوخاری دەبێتە هۆی نەمانی پەتا و بەڵاكان. لە سەدەی نۆزدەشدا موفتی سەڵتەنەتی عوسمانی (كمال باشا) (رسالە اراحە الارواح فی دفع عاهە الاشباح) دەنووسێت، كە پڕیەتی لە تەلیسم و نوشتە بۆ خۆپاراستن لە پەتای تاعوون. بێگومان تا ئەمڕۆش كەسانێك هەن پێیان وایە لەڕووی ئایینییەوە نابێت موسڵمانان بڕوایان بە گرتنەوەی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی هەبێت، هەرچەندە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە و لەگەڵ دەركەوتنی زانستی نوێی پزیشكی و میكرۆسكۆب ئەوە یەكلا بووەوە كە پەتاكان ئەوانەن لە ڕێی بوونەوەری نەبینراوەوە بڵاو دەبنەوە. ڕەنگە یەكەمین فەقیهیش بە پشت بەستن بەم زانستە نوێیە پشتیوانی پزیشكە موسڵمانەكانی كردبێت لەسەردەمی تازەدا، ڕەشید ڕەزا بووبێت لە گۆڤاری مەناری ژمارە پێنجی ساڵی 1902، لە گۆشەی (هەواڵ و بۆچوون)دا، لەوێدا ڕەشید ڕەزا لەژێر تایتڵی (پەتا و عەدوا) وتویەتی كە بە هۆی میكرۆسكۆبەوە ئەوە ساغ بووەتەوە ڕشانەوەی كەسی توش بوو بە كۆلێرا مادەیەكی ژەهراوی تێدایە و بەو هۆیەشەوە ئەم پەتایە بڵاودەبێتەوە. بەڵام ئەو مادەیە بە چاو نابینرێت، بۆیە بۆ خۆپاراستن پێویستە خۆمان لە كەسی تووشبوو بەدوور بگرین. لە كۆتاییشدا دەڵێت “ئینكاری كردنی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە بە ناوی ئایینەوە چ واتایەكی دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی هیچ لە ئایین و دنیا نازانن؟”(27) كاتێكیش كوتان (تلقیح) وەكو بەرهەمێكی زانستی دێتە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوو بۆ پاراستنی منداڵان لەچەندین نەخۆشی و خۆپارێزی، بەشێكی زۆر لە موفتییەكانی قوتابخانەی پزیشكی ئایینی بەرەنگاریان دەبنەوە و تەحریمی دەكەن. وەكو موفتی مالكییەكان لە میسر لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدە. بیانووەكەش ئەوە بووە كە هیچ شتێك ڕێگە لە قەزاوقەدەری خوا ناگرێت و شتێك نییە بە ناوی خۆپارێزی لە قەزای خوا. هەر لە چوارچێوەی خۆپارێزی و چارەسەر لەڕێی نوشتە و نزار و دوعاوە، چەندین بەرهەمی تر لەناو مێژووی پزیشكی ئایینیدا بوونیان هەیە، كە زۆرینەی هەرە زۆریان هێشتا دەستنووسن و چاپ نەكراونەتەوە(28). بێ ئەوەی ئەوە واتای ئەوە بێت كە ئەم عەقڵیەتە كارا نییە و لە ئێستاشدا لەوپەڕی ئەكتیڤی خۆیدا نییە. نموونەی زیندووی ئەم جۆرە عەقڵیەتەش شێوەی مامەڵەكردن و سەیركردنی پەتای كۆرۆنایە لە چەند ساڵی ڕابردوو، كە بەشێكی زۆر لە فەتوا و لێكدانەوە بەناو ئایینییەكان، ناكۆك بوون بە لێكدانەوە زانستی و ڕاستەكان لە دەركەوتنی ئەم پەتایەوە و ناونانی ڤایرۆسەكە بە سەربازی خوا، تا بەستنەوەی بە بڵاوبوونەوەی تاوان و پێشنیاركردنی چارەسەری كۆمیدی. كارەساتەكەش بەردەوام ئەوە بووە كە لەگەڵ تێپەڕینی ئەم پەتایانە، پەتایەك كە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و چاوەڕێی دەرفەتێكی ترە بۆ خۆنمایشكردنەوە، عەقڵیەت و كولتوورەكەیە.
سەرچاوە و پەراوێز
1 – البخلاء، عمرو بن بحر بن محبوب الكناني بالولاء، الليثي، أبو عثمان، الشهير بالجاحظ (المتوفى: 255هـ)، الناشر: دار ومكتبة الهلال، بيروت، الطبعة: الثانية، 1419 هـ، ل 139.
2 – فردوس الحكمة في الطب، ابي الحسن علي بن سهل بن ڕبن الطبري، اعتنى بنسخه وتصحيحه، الدكتور محمد زبير الصديقي، مدير الشعبة العربية بجامعة لكنو، طبع في مطبعة “آفتاب” ببرلين، سنة 1928، ل 3.
3 – هەمان سەرچاوە، ل 330.
4 – اخلاق الطبيب، ابي بكر محمد بن زكريا الرازي، تحقيق، دكتور عبداللطيف محمد العبد، مكتبة دار التراث، القاهرة، الطبعة الاولى، 1977، ل 81.
5 – السيرة الفلسفية، محمد بن زكريا الرازي، بتصحيح و مقدمة ثول كراوس و ترجمة عباس اقبال، باانضمام شرح احوال واثار وافكار از دكتر مهدي محقق، از انتشارات كمسيون ملي يونسكو در ايران ، 1343، ل 32.
6 -كتاب الشكوك للرازي، على كتاب فاضل الاطباء جالينوس في الكتب التي نسب اليه، تحقيق، د. مصطفى لبيب عبدالغني، القاهرة، دار الكتب والوثائق القومية، 2005، ل 40.
7 – من مؤلفات ابن سينا الطبية، كتاب دفع المضار الكلية عن الابدان النسانية، ابن سينا، دراسة وتحقيق، الدكتور محمد زهيرالبابا، منشورات، جامعة حلب، معهد التراث العلمي العربي، 1984ل 30.
8 – التراث المجهول، ل63 بؤ 68.
9 – الكليات في الطب، مع معجم المصطلحات الطبية، ابن ڕشد، مدخل و مقدمة، محمد عابد الجابري، مركز الدراسات الوحدة العربية، الطبعة الاولى، بيروت، 1999، ل 57.
10 – امام علي الرضا ورسالته في الطب النبوي، محمد علي البار، دار المناهل للطباعة والنشر والتوزيع، بيروت، لبنان، 1990، ل8 .
11- دەستنووسي (مختصر الطب النبوي) https://www.alukah.net/manu/files/manuscript_5565/makhtot.pdf)
12 – . الطب النبوي، المؤلف: أبو نعيم أحمد بن عبد الله بن أحمد بن إسحاق بن موسى بن مهران الأصبهاني (المتوفى: 430هـ)، المحقق: مصطفى خضر دونمز التركي، الناشر: دار ابن حزم، الطبعة: الأولى، 2006.
13 – الجواب الصحيح لمن بدل دين المسيح، ابن تيمية الحراني الحنبلي الدمشقي (المتوفى: 728هـ)، تحقيق: علي بن حسن – عبد العزيز بن إبراهيم – حمدان بن محمد، الناشر: دار العاصمة، السعودية، الطبعة: الثانية، 1419هـ / 1999م، بةرطي شةش، ل 22.
14 – منهاج السنة النبوية في نقض كلام الشيعة القدرية، المؤلف: ابن تيمية الحراني الحنبلي الدمشقي (المتوفى: 728هـ)، المحقق: محمد ڕشاد سالم، الناشر: جامعة الإمام محمد بن سعود الإسلامية، الطبعة: الأولى، 1406 هـ – 1986 م، بةرطي دوو، ل 572.
15 -تاريخ ابن خلدون، ابن خلدون أبو زيد، ولي الدين الحضرمي الإشبيلي (المتوفى: 808هـ) ، المحقق: خليل شحادة، الناشر: دار الفكر، بيروت، الطبعة: الثانية، 1408 هـ – 1988 م، ل 651
16 – بذل الماعون في فضل الطاعون، ابن حجر العسقلاني، 852 ه، تحقيق، احمد عصام عبدالقادر الكاتب، دار العاصمة، السعودية، الرياض، ل 341.
17 – هەمان سەرچاوە، ل 342 .
18 – ضحى الاسلام، احمد امين، مؤسسة الهنداوي للنشر والتعليم، ل 482 – 483.
19 – بذل الماعون، ل 343 – 344.
20- مقنعة السائل عن المرض الهائل، ابن خطيب السلماني الغرناطي 776 مردوة، منشورات، دار الامان، الرباط، الطبعة الاولى، 20015، ل 71.
21 – هەمان سەرچاوە، ل 72 .
22 – هەمان سەرچاوە، ل 75. كتێبێك تر لەبارەی ئەم پەتای تاعوونەوە كە تا ئێستا دەستنووسە و چاپنەكراوە، (تحصیل المرض القاصد فی تفصیل المرض الوافد)ە لە نووسینی بن خاتمە كە جگە لەوەی هاوڕێی ئیبن خەتیب بووە، كاریگەری زۆریشی بەسەریەوە هەبووە. بەتایبەت لە بڕوابوون بە گرتنەوە و بڵاوبوونەوەی پەتای تاعوون لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر. هەرچەندە ئەم كتێبە هێشتا دەستنووسە، بەڵام ئەم كاریگەرییە چەند لێكۆڵەرێك ئاماژەیان بۆ كردووە ئەوانەی دەستنووسەكەیان دەستكەوتووە، هەروەها ئیبن خەتیبیش خۆی لە چەند شوێنێك لە كتێبەكەی ئاماژەی بۆ ئەو كاریگەرییە كردووە. یەكێك لەحیكایەتەكانی نێوان ئیبن خەتیب و ئیبن خاتمە ئەوەیە كاتێك ئیبن خەتیب بریاری دا ئەندەلوس جێبێڵێت بەرەو مەغریب و لەوێشەوە بەرەو حەج، ئیبن خاتمە نامەیەكی پڕهەست و سۆزی بۆ نارد بە مەبەستی پەشیمانكردنەوەی، چونكە ترسی ئیبن خاتمە ئەوە بوو نەیبینێتەوە. بە نامەكەشەوە دیارە كە ئەم دوو كەسایەتییە ڕێزی زۆری یەكتریان گرتووە و هاوڕێی نزیك بوون.
23 – رحلة ابن بطوطة، أبو عبد الله، ابن بطوطة (المتوفى: 779هـ)، الناشر: أكاديمية المملكة المغربية، الرباط، عام النشر: 1417 هـ، بەرگی یەک، ل 326.
24 – ديوان ابن الوردي، زين الدين ابوحفص عمر بن مظفر بن عمر الوردي الشافعي، 749، تحقيق، الدكتوور، عبدالحميد هنداوي، دار الافاق العربية، القاهرة، الطبعة الاولى، 2006، ل 86 – 91.
25 – تاريخ ابن خلدون، بةرطي يةك، ل 43.
26 – كتاب الرحمة في الطب و الحكمة، جلال الدين السيوطي، مطبعة دارالكتب العربية الكبرى، ل 91 – 93.
27 – رشيد رضا، مجلة المنار، المجلد (5)، ساڵی 1902، ل 400
28 – بۆ نموونە: دەستنووسی: خلاصە مایحصل علیه الساعون فی ادویە دفع الوباء والطاعون، محمد بن فتح الله البیلونی شافعیە، كە لە سەدەی دەی كۆچی ژیاوە، لەم كتێبە بە هۆی ناونیشانەكەیەوە وەكو بەرهەمێكی پزیشكی و خۆپارێزی و چارەسەری تاعوون و پەتا ناودەبرێ، بەڵام لەكاتی خوێندنەوەی دەردەكەوێ كەئەم كتێبە تەنها خۆپارێزی و چارەسەركردنە لەرێی هەندێك دووعا و تەلیسم و نوشتەوە.
دەستنووسی: (رسالە فی ضبط اهل النقل فی خبر الفصل فی حق الطاعون و والوباء)، زین الدین نجم الدین: نامەیەكی كورتە لەبارەی چەند فەرموودەیەك لەبارەی تاعوون و پەتاوە، وەكو نەچوونە شوێنی تاعوون و ڕانەكردن لێی و هەروەها شەهیدبونی مردوو بەتاعوون.
دەستنووسی : (وصف الدواء فی كشف آفات الوباء)، عبدالرحمن بن محمد الانطاكی الحنفی البسطامی، كتێبی دوعا و نوشتە و تەلیسمە بۆ خۆپارێزێ.