کتێبى: دوژمنسازى، یاخود چۆن بە ویژدانێکی ئاسوودەوە بکوژيت؟
ئامادەکردن: د.عابد خالد
ئەم کتێبە لە نووسینى بیرمەندى ستراتيژيناس و توێژەرى ئەكاديمى و ديبلۆماتى فەڕەنسى “پیەر کۆنیسا” (Pierre Conesa) یە، کە ساڵى ٢٠١١ لەلایەن دەزگاى “Robert Laffont” لە پاريس لەچاپ دراوە. دواتر لە ساڵى ٢٠١٥دا لەلایەن “نەبیل عەجمان” بۆ زمانى عەرەبى وەرگێڕدراوە، کە بە ناونیشانى “صنع العدو أو كيف تقتل بضمير مرتاح”، لە دووتوێى (٣١٨) لاپەڕەدا، لەلایەن دەزگاى “المركز العربي للأبحاث والدراسات” لە دەوحە بڵاو کراوەتەوە.
پيەر كۆنيسا كە پێشتر مامۆستاى مێژووى هاوچەرخ بووە لە زانكۆى پاريس و ماوەيەكى زۆريش لە لێژنەى كاروبارى ستراتيژیى وەزارەتى بەرگریى فەڕەنسا كاری كردووە، لەم كتێبەدا هەوڵ دەدات ئەوە ڕوون بكاتەوە كە بۆچى دەوڵەتانى هاوچەرخ و دەزگە هەواڵگرییەکانیان، سەنتەرەكانى توێژينەوە و پلاندانەرانى ستراتیژييان، سياسەت داڕێژەر و بڕياربەدەستانيان؛ هەموو سەرقاڵی “دوژمنسازى” ياخود “پیشەسازیی دروستكردنى دوژمن”ن.
نووسەر لە پێشەكيی كتێبەكەيدا ئەوە دەخاتە ڕوو كە مەبەستى لە نووسينى ئەم كتێبە، دیاریکردنی شێوازێكی قبووڵکراو یان قبووڵنەکراو بۆ کوشتن نییە، بەڵكوو مەبەستى شیکردنەوەی چۆنێتیی بەكارهێنانی پەیوەندیی دوژمنایەتى و چۆنێتیی هەڵايساندنى جەنگەكانە بۆ ئامانجى سياسى و ستراتيژى، چونكە “ئەفراندنى دوژمن” و “دوژمندارى” لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا بەر لە هەر شتێك؛ ئەركێكى کۆمەڵایەتی و سیاسییە، هەم ئامرازێكە بۆ دەركەوتنى سەركردەكان و خۆدەرخستنى سياسیيەكان، هەم فاکتەرێکیشە بۆ يەكخستنى گەل و نەتەوەكان لەپشت ئامانجە پاوانخوازييەكان و دەستخستنى زۆرترين هێز لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵاتدا. زياتر لەمەش، دوژمن و دوژمندارى هەميشە دەرچەيەك بووە بۆ خۆقوتاركردنى دەسەڵاتى سياسى لەو قەيران و ئاڵنگارييانەى لە ناوخۆى وڵاتدا دووچارى هاتووە. دواتر كۆنيسا، لە ڕێى پێكەوەگرێدانى هەردوو چەمکی جەنگ و دوژمن، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن جەنگاوەرێک (سەرباز) کەسێکی تر (دوژمن) دەکوژێت بەبێ ئەوەی هەست بە سەرزەنشتکردن بکات. ئەنجا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جەنگ مۆڵەتێکی شەرعییە بۆ کوشتنی ئەو کەسانەی کە زۆربەى جار نايانناسين و هەر ناشزانين كێن، تەنها لەبەر ئەوەى سيفەتى “دوژمن” دراوەتە پاڵيان، بەڵكوو تەنانەت لەوانەيە بزانين كێن و بيشيانناسين، وەک لە دۆخی شەڕی ناوخۆدا، بەڵام لەپڕ سيفەتى دوژمن دەخەينە پاڵيان و ڕێگە بە خۆمان دەدەين بيانکوژين.
كۆنيسا درێژەى بيروبۆچوونەكانى کتێبەکەى لە سێ بەشی سەرەکیدا دەخاتە ڕوو، كە هەر بەشێكی لە چەند تەوەرێك پێك هاتووە: لە “بەشى يەكەم”دا، بە ناونيشانی “دوژمن چییە؟”، نووسەر هەوڵ دەدات پێناسەی دوژمن بکات و پێویستیی دەوڵەت و گرووپەکان بە دوژمن لە سەردەمى هاوچەرخدا نیشان بدات، كە بە ڕاى ئەو لەم سەردەمەدا دوژمن بە بڕیاری سیاسی دروست دەكرێت و پيشەسازييەكە كە چەند هێز و لايەن ڕۆڵی تيا دەبينن. بۆيە دروستكردنى دوژمن و دوژمنسازى لە ڕێگەی سیستمێکی ستراتیژییەوە ئەنجام دەرێت، کە لە كاتى پێويست و سەروەختى قەيرانەكاندا ئەرکی ئامادەکردنى ڕای گشتی و قەناعەتپێكردنیەتى بەوەى کە هیچ چارەيەكى دى نییە جگە لە جەنگ. ئەم سیستمەش زۆربەى كات پێك هاتووە لە لەشكرگەلێك لەو میدیاكار و ڕۆشنبیرانەى زۆرترين كاريگەرييان لەسەر کۆمەڵگا هەيە، كە ئەرکيان ناساندنی دوژمن و ئامادەکردنی ڕای گشتييە بۆ قبووڵکردنی بیرۆکەی جەنگ. بۆيە کۆنیسا ئاماژە بەوە دەکات کە لە شۆڕشی فەڕەنساوە پيشەی دوژمنسازى تەنها ئەركى پادشا (دەسەڵاتی سیاسی) نییە، بەڵکوو پڕۆسەيەكە چەندين چينوتوێژ ڕۆڵى تيا دەبينن و بە چەندین قۆناغدا تێدەپەڕێت: هەر لە ئاستى ئایدۆلۆژیا، ستراتیژی، گوتار، دروستکردنی ڕاى گشتى، تا میکانیزمەکانی هەڵكشاندنى دۆخەكە بەرەو بەكارهێنانى توندوتیژیی كردارى و جەنگ. بە ڕاى كۆنيسا، دوژمنسازى و جەنگ پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ئایا دەوڵەت خاوەنى سيستمێكى سياسیى دیموکراتییە یان دیکتاتۆری. لەم پيشەيەدا دەوڵەتانی دیموکراتیک زۆر جیاواز نین لە وڵاتە ديكتاتۆرييەكان، بەڵكوو خودى دیموکراسى خۆی هەڵگری ئاشتی نییە، ئەگەرنا کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی و بەریتانی دروست نەدەبوو، وڵاتە يەكگرتووەكانى ئەمەریکاش لە چەندين جەنگى داگيركارى لە ئەمەريكاى لاتينى و ئاسيا و چەندين ناوچەى تر تێوە نەدەگلا.
لە “بەشی دووەم”دا، بە ناونيشانى “ڕووەکانی دوژمن: هەوڵێك بۆ پۆلێنکردن”، كۆنيسا هەوڵ دەدات جۆرەکانی دوژمن بخاتە ڕوو كە بۆ زياتر لە هەشت جۆر پۆلێنى دەكات، هەر چەندە بە بڕواى ئەو ناكۆتا جۆرى دوژمن هەيە، بەڵام تەنها بۆ مەبەستى توێژينەوە ئەو پۆلێنكردنەى كردووە، هيچ جۆرێكيش لەو جۆرانەى خراونەتە ڕوو؛ بەتەنها و بێ تێكەڵكردن لەگەڵ جۆرەكاني تر بوونى نييە. ئەو هەشت جۆرەش ئەمانەن: ١. دوژمنی نزیک: وەك لە ناکۆکییە سنوورییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێدا، ٢. دوژمنی جیهانی: وەک دۆخی شەڕی سارد و ڕکابەریی نێوان زلهێزەكان، ٣. دوژمنی هاوسۆز: وەك شەڕی ناوخۆ و براكوژى، ٤. دوژمنی بەربەری: وەك لە دۆخى داگیرکاريدا هەيە، ٥. دوژمنی پەنهان: وەك لە تیۆری پیلانگێڕى و لە كاتى كودەتاكاندا بەكار دەبرێت، ٦. دوژمنى چاكەخوازى: كە بە ناوى جەنگى خێر و باشە لە دژی شەڕ و خراپەيە، وەك لە ململانێ ئایینی و ئایدۆلۆژیيەکاندا، ٧. دوژمنی وێناكراو: وەك جەنگى دەستپێشخەرى و جەنگی دژ بە بڵاوکردنەوەی چەکی کۆکوژی و تیرۆریزم و پێكدادانى شارشتانييەكان، ٨. دوژمنی میدیايى: وەك شەڕى ڕاگەياندنەكان، كە زياتر لە سايەى بۆشایی ئايدۆلۆژی و ستراتیژیدا لەشكرگەلى میدیاكاران و ڕۆشنبيران پێشڕەویى دەكەن و بوق بۆ شەڕى كردارى لێدەدەن.
لە “بەشی سێیەم”دا، بە ناونیشانی “لێكهەڵوەشاندنەوەی دوژمن”، سەرەتا كۆنيسا دەپرسێت: “ئایا دەتوانین بەبێ دوژمن بژیین؟” هەر زووش خۆى وەڵام دەداتەوە كە “مادام دوژمن بە هەوڵ و ستراتیژی جیاواز دروست دەكرێت، دەشتوانرێت هەر بە هەوڵ و ستراتیژی جیاواز هەڵبوەشێنرێتەوە”. لەم چوارچێوەيەشدا چەند نموونە و ستراتیژێک لەنێو میتۆدەکانی چارەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ململانێکانی جیهاندا دەخاتە ڕوو، وەك هەوڵى ئاشتەوایی و داننان بە بەرپرسیارێتی لە ئەڵمانیا ساڵی ١٩٤٥، هەروەها وەك ڕێککەوتننامەکانی چارەسەری ناکۆکیيە سنوورييەکان، يان وەك ستراتيژەكانى جێبەجێکردنی دادپەروەری و “عەدالەتى ئينتيقالى” کە لاى كۆنيسا دوو جۆرن:
١. دادپەروەریی بونيادنانەوە: كە تيايدا تۆڵە لە ئەنجامدەرانی تاوانە بەکۆمەڵەكان دەسەنرێتەوە.
٢. دادپەروەریی قەرەبووكردنەوە: كە تيايدا قوربانیيانى تاوانە بەکۆمەڵەكان قەرەبوو دەكرێنەوە، بە ئامانجی بزواندنى دۆخەكە لە جەنگەوە بۆ ئاشتی.
هاوتەریب لەگەڵ ئەو ستراتيژانە، نووسەر ئاماژە بە ڕێچارەى تريش دەکات، وەك بڵاوكردنەوەى گوتاری ئاشتى و ڕەتکردنەوەی جەنگ و برەودان بە بەهاى لێكبوردن و كولتوورى ناتوندوتيژى.