سیستمی هەڵبژاردن و هاوکێشەکانی دەسەڵات لە هه‌رێمی كوردستان شێواز و سیناریۆ ئایندەییەکانی
د. هۆگر ئیبراهیم حه‌كیم/ پسپۆڕ له سیستمه سیاسییه‌كان
بەرایی
لەدواى پڕۆسەی ئازادیی عێراق و ناچاركردنی عێراقییه‌كان به هه‌ڵبژاردن، هه‌رێمی كوردستانیش پێویست بوو بێته‌وه سه‌ر ڕێچكه ڕاسته‌كه. له‌دوای ئه‌مه‌وه پێی ناوه‌ته قۆناغێكی نوێوه. هه‌ڵبژاردنه یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بوونه مایه‌ی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن كه تاكه شانازیی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه لێره‌دا. به هۆی گۆڕانی هاوكێشه‌كانی هێز و سه‌نگی لایه‌نه سیاسییه‌كان، شێوازه كلاسیكییه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن ناچار به گۆڕانكاری كرا، به‌تایبه‌ت له ڕووی لیستی هه‌ڵبژاردنه‌وه. كه‌واته ئه‌وه‌ی له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی شه‌قام و گه‌شه‌سه‌ندنی عه‌قڵیه‌تی یاسادانان و هۆشیاربوونه‌وه‌ی هاوڵاتی گۆڕاوه، سیستمی هه‌ڵبژاردنه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له گۆڕینی سیستمه‌كه‌دا گرنگتره، پرسیارێكی جه‌وهه‌رییه: ئایا سیستمه‌كانی هه‌ڵبژاردن سه‌ره‌ڕای گۆڕانیان توانیویانه هاوكێشه‌كانی ده‌سه‌ڵات بگۆڕن له هه‌رێمی كوردستان؟
هەڵبژاردن یەكێكە لە ڕێگا دیموكراسییەكان كە زۆربەی وڵاتانی جیهان پیادەی دەكەن، چونكه دوا بژاردەی دیموكراسییە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە سیاسییەكانی وڵات بەتایبەتی لە بواری فەرمانڕەواییدا. هەڵبژاردنیش چوارچێوەیەكی نێودەوڵەتیی هەیە وەك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەسەر كراوە، هەر بۆیەش زۆربەی هەڵبژاردنەكان كە وڵاتان پەنای بۆ دەبەن بۆ ڕەوایەتیدان بە هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكان، دەبێت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بێت. بە شێوەیەكی ڕەها ناتوانرێت بگوترێت هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی بێ خەوش و بێ گەردە، بەڵكوو دەكرێت تێبینیی لەسەر هەبێت، لە لایەكی تریشەوە شێوازەكانی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بنەمایەكی تری ناوخۆی وڵاتانی جیهانە كە ئایا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بێت وەك گەل ڕاستەوخۆ دەنگ بە سەرۆكی وڵات یان سیستمی سیاسیی وڵات بدات، یان بەناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرانەوە دەنگ بدات وەك هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمان، بۆ ئەم مەبەستە دەكرێت لە شێوازی بازنەیی داخراو یاخود كراوەیی بێت.
ئەگەر سەیری هەموو قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی هه‌رێمی بکەین، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکوو پڕۆسەی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ش، دەبینین بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵبژاردن بوونی هەبووە، تەنانەت لە سەردەمی دوو ئیدارهییشدا لە هه‌رێمی كوردستان ئەو پڕۆسەیە به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بوونی هەبووە. دواتر لەدوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق و یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ولێر و ئیداره‌ی سلێمانی، هه‌ڵبژاردن بووه به‌شێك له سیستمه سیاسییه‌كان. بەڵام ئەوەی شوێنی تێڕامان بووە ئەوەیە هەموو هەڵبژاردنەکان جگە لە نمایشێکی سیاسی؛ هیچی تر نەبوون، بە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکان پڕۆسەیەکی شکڵی بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵاتەوە نەبووە. هەر کاتێکیش هەڵبژاردن پەیوەندیی بە دەسەڵات و هاوکێشەکانیەوە نەبێت، ماناکەى خۆی لەدەست دەدا. بۆیە دەبینین هەڵبژاردنەکانی هه‌رێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان نەکردووە، به جۆرێك له سه‌رەتای دامه‌زراندنه‌وه تا ئێستا هاوكێشه‌ی نه‌گۆڕ له هه‌ڵبژاردنه‌كان لایه‌نی ده‌سه‌ڵات بووه. تەنانەت لەسەر ئاستی خۆجێ و ئاستی شارەوانییە بچووکەکانیش هەست بە بوونی پێگەى هەڵبژاردن نەکراوە، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدران.
ئامانجی سه‌ره‌كیی ئەم توێژینەوەیە شیكاركردنێكی زانستی و ئەكادیمییە سەبارەت بە كاریگەریی ئەو سیستمە هەڵبژاردنەی كە له هه‌رێمی كوردستان كاری پێ كراوه و ئه‌وه‌شی نیازی بۆ داڕێژراوه، لەسەر سەنگی هێزە سیاسییەكان له لایه‌ك، هه‌روه‌ها هاوكێشه‌كانی ده‌سه‌ڵات له لایه‌كی دیكه‌وه. بۆیه ئامانجمانه تیشك بخه‌ینه سه‌ر سیستمی هەڵبژاردنی خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له ڕووی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و چۆنیه‌تیی كاركردن، دواتریش ده‌رخستنی چه‌ند داتایه‌كی تایبه‌ت به‌و شێوازانه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خستنه‌ڕووی سه‌نگ و كورسیی په‌رله‌مانی لایه‌نه به‌شداره‌كان. ئەوەی ئەم لێره‌دا مه‌به‌سته، بریتییە له شیكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاری له هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان به هۆی سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌وه.
كه‌واته پرسیاری ئه‌وه‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا چۆن سیستمی هه‌ڵبژاردنی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سه‌نگی هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و هاوكێشه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێت؟ له‌پاڵ ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌كییه‌دا، چه‌ند پرسیارێكی لاوه‌كییش دێته به‌رده‌ممان:
- ئایا سیستمه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بۆ هه‌ر خولێكی په‌رله‌مانی دیاری ده‌كرێ؟
- ئایا سیستمی په‌یڕه‌وكراو له هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌كرێ سه‌نگ و ژماره‌ی كورسیی لایه‌نه‌كان بگۆڕێت؟
- تا ئێستا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ند شێواز به‌كار هاتووه؟
- كاریگه‌ریی هه‌ریه‌كێك له‌و شێوازانه چییه له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسی و پێگه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كان؟
هه‌ڵبژاردن و هاوكێشه‌كانی ده‌سه‌ڵات
سیستمە سیاسییەکان گەیشتووینەتە قۆناغێک کە چیتر هەڵبژاردن بەتەنیا ئامرازێک و میکانیزمێک نییە بۆ دەرخستنی سروشتی دیموکراسییەکەی، بەڵکوو هەڵبژاردن ئەو کاتە مانا وەردەگرێت ئەگەر ببەسترێتەوە بە ئەکتەرە نێوخۆییەکانی دەوڵەت، بەتایبەت ئەوانەی بەشداری لەو پڕۆسەیەدا دەکەن. هەڵبژاردن لە هەمان کاتدا بووەتە ئامرازێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێیەی کە لەنێوان ئەکتەرە سیاسییەکاندا لەسەر خواستیان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات دروست دەبێت. کاتێک کۆمەڵێک دەستە و تاقمی جیاواز هەبن و هەموویان بانگەشە بکەن بۆ ئەوەی شایستەترینن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، لەو کاتەدا دەسەڵات دەبێتە چەقی ململانێی ناوخۆیی دەوڵەت. بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێ ناتەندروسته، هەڵبژاردن باشترین ئامرازە. هەر کاتێک هەڵبژاردن نەیتوانی ئەم ئامانجەی خۆی بپێکێت، یەکێک لە سەرەکیترین پایەکانى خۆی لەدەست دەدات.
هەڵبژاردن وەک یەکێک لەو ئامرازانە ناسراوە کە هاوڵاتییان بە هۆیەوە بە پێی ئاستێکی دیاریکراو گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگەدا دەکەن. بە مانایەکی دیکە: هەڵبژاردن پڕۆسەیەکە کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەپشت پەردە شاراوەکان دێنێتە پێش پەردە و خەڵک بە چاوی خۆی ئەو پڕۆسەیە دەبینێت. بە پێی خواستی جەماوەر، هەر هێزێکی سیاسی چانسی بەشداربوونی دەبێت لە دەسەڵات بۆ ئەوەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە کاروباری حوکمڕانیدا بکات. کەواتە هەڵبژاردن بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتەوە، چونکە ئامانجی سەرەتا و کۆتایی هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن پەیوەستە بە خواستی هاوڵاتییان بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵات و ئەکتەرەکانی ناو دەستەی حوکمڕانی.
هەڵبژاردن وەک پڕۆسەیەکی سیاسی، ڕێگە دەگرێ لەوەی حکومەتەکان بە شێوەیەکی ناسروشتی بگۆڕدرێن. بەو مانایەی هەڵبژاردن گرەنتییەکە بۆ ئەوەی توندوتیژی لەو پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتەدا ڕوو نەدات، هەروەها بەربەستێکیشە لەبەردەم کودەتاى سەربازی و شۆڕشی چەکداریی توندوتیژ، چونکە شۆڕش و کودەتای سەربازی لە دۆخێک‌دا دروست دەبێت کە یان هەڵبژاردن نییە، یانیش هەڵبژاردنەکان ڕاستەقینە نین و ئامانجی تەواوی خۆیان ناپێکن. بە شێوەیەکی گشتی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی سیستمە هاوچەرخەکاندا لە چەند ڕەگەزێک پێک هاتووە، لەوانە:[1]
- ڕەگەزی یەکەم، دەنگدەر: ئەو کەسەیە کە مافی بەشداریکردنی هەیە لەو پڕۆسەیەدا، ئەمەش چەند مەرج و تایبەتمەندییەکی هەیە کە بە پێی جیاوازیی وڵاتان ئەو مەرجانە دەگۆڕێت. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەنگدەر دەبێ لە ڕووی عەقڵییەوە توانای هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی هەبێت.
- ڕەگەزی دووەم، پاڵێوراو: ئەو کەسەی خۆی بە شایستە دەزانێت کە بەشدار بێت لە کاروباری حوکمڕانی و ببێتە نوێنەری خەڵک بۆ ڕاپەراندنی کارە گشتییەکانی کۆمەڵگە. چەقی ململانێی ناوخۆیی، لەو خواستەی ئەم ڕەگەزەوە دەست پێ دەکات.
- ڕەگەزی سێیەم، دەنگدان: ئەمەشیان پڕۆسەی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیە کە خەڵک متمانەیان پێ دەکات، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەرکە گشتییەکان لەئەستۆ بگرن. لێرەدا ئیرادەی هاوڵاتی کۆتایی دێت و ئەرکی ڕەگەزی تەواو دەبێت. لە چوارچێوەی ئەم ڕەگەزەدا، خواستی کۆمەڵگە بۆ چۆنێتیی یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەسەڵات ڕوون دەبێتەوە.
- ڕەگەزی چوارەم، دەستاودەستکردنی دەسەڵات: بەبێ ئەم ڕەگەزە؛ هەڵبژاردن نابێتە پڕۆسەیەکی سیاسیی تەندروست، چونکە ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن نەگاتە ئەم قۆناغە، لەبریی ئەوەی ململانێی دەسەڵات چارەسەر بکات، کێشە و ناکۆکییەکان قووڵتر دەكاته‌وه.
ڕێكاره سەرەتاییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن
ڕێوشوێنە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن بە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی سەركەوتن و پاكی و بێگەردیی هەر هەڵبژاردنێك دەژمێردرێت، بۆیە لەم خاڵانەدا چەند لایەنێكی گرنگی ئەو ڕێوشوێنانە دەخەینە ڕوو[2]:
یەكەم؛ لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن: پڕۆسەی هەڵبژاردن پێویستی بە دەزگا یان لێژنەیەك هەیە كە ئامادەكردن، بەڕێوەبردن، سەرپەرشتیكردن و بەدواداچوونی پڕۆسەكە لەئەستۆ بگرێت، چونكە یاسای هەڵبژاردن هەر چەند نموونەیی و دادوەرانە بێت، بەتەنیا و هەر لەخۆوە ناتوانێت گەرەنتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی چاك و بێگەرد بكات، بۆیە دیاریكردنی لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕێكارێكی سەرەكییە.
دووەم؛ ئامادەكردنی تۆماری ناوی دەنگدەران: بریتییە لەو لیستانەی كە ناوی سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەی تێدا تۆمار كراوە كە مەرجەكانی دەنگدەریان تێدایە و مافی دەنگدانیان هەیە، یاسای هەڵبژاردن بڕیار لەسەر بوونی ئەو تۆمارانە دەدات و بۆ هیچ هاوڵاتییەك نییە بەشداریی دەنگدان بكات ئەگەر ناوی لەو لیستانەدا تۆمار نەكرابێت.
سێیەم؛ دیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن: لەم پڕۆسەیەدا سنووری بازنەكانی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت، بە مانای ئەوەی دەوڵەت دابەش دەكرێت بەسەر چەند یەكەیەكی جوگرافیی دیاریكراودا بە ڕەچاوكردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەر ناوچەیەك. بەڵام گەورەیی و بچووكیی بازنەكان بە پێی سیستم و شێوازی هەڵبژاردنی پەیڕەوكراو لەو وڵاتەدا دەگۆڕدرێت. بۆ نموونە؛ لە پەیڕەوكردنی شێوازی هەڵبژاردنی دەنگدان بە تاكدا بازنەكان بچووك دەبن، بەڵام لە پەیڕەوكردنی شێوازی هەڵبژاردنی دەنگدان بە لیستدا بازنەكان گەورە دەبن.
چوارەم؛ ڕۆشنبیركردنی دەنگدەران: بریتییە لە هەر چالاكییەك كە لە ماوەی هەڵبژاردندا لایەنی بەڕێوەبەری هەڵبژاردن پێی هەڵدەستێت بە مەبەستی هاندانی دەنگدەران بۆ بەشداریكردنیان لە پڕۆسەكە بە مەبەستی پتەوكردنی دیموكراتیەت، بۆیە ڕۆشنبیركردنی دەنگدەران لە بارەی هەڵبژاردن تەنها ئەو كاتە نابێت كە هەڵبژاردن دێتە پێش، بەڵكوو یەكێكە لە ئەركە بەردەوامەكانی لایەنی بەڕێوەبەری هەڵبژاردن[3].
سیستمەكانی هەڵبژاردن
ئاشكرایە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا دەنگدەران دەنگ دەدەن بە پاڵێوراوان، جا لە ڕێگای دەنگدان بە تاكەكەسی (دەنگدان بە تاك) بێت یان دەنگدان بە چەند كەسێك لە یەك كاتدا (دەنگدان بە لیست) بێت، بەڵام چۆن پاڵێوراوی سەركەوتوو دیاری دەكرێت و چۆن كورسییەكانی نوێنەرایەتی لەنێوان سەركەوتووەكاندا دابەش دەكرێت؟ ئەو ئەركە گرنگە دەكەوێتە ئەستۆی سیستمی هەڵبژاردن، واتە سیستمی هەڵبژاردن هەڵدەستێت بە دیاریكردنی ئەو پاڵێوراوانەی سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش سێ سیستمی سەرەكی هەیە كە بریتین لە (سیستمی زۆرینە، سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی، سیستمە تێكەڵاوەكان) كە بەم شێوەی خوارەوە باسیان دەكەین[4]:
یه‌كه‌م: سیستمی زۆرینە
بە پێی سیستمی زۆرینە لە ناوچەیەكی دیاریكراوی هەڵبژاردندا ئەگەر پاڵێوراوێك یان لیستێك لە پاڵێوراوەكانی دیكە زیاتر دەنگیان بەدەست هێنا، ئەوا ئەو پاڵێوراوە یان ئەو لیستە بە سەركەوتوو دەژمێردرێت و كورسی یان كورسییەكانی نوێنەرایەتیی تەرخانكراو بۆ ئەو ناوچەیە وەدەست دەهێنێت. ئەم سیستمە دەكرێت بە شێوازی “سیستمی زۆرینەی سادە” و “سیستمی زۆرینەی ڕەها” جێبەجێ بكرێت بەم شێوەی خوارەوە[5]:
سیستمی زۆرینەی سادە؛ مەبەست ئەوەیە ئەو پاڵێوراو یان پاڵێوراوانەی زۆرینەی دەنگەكان وەدەست دێنن؛ ململانێی هەڵبژاردنەكە دەبەنەوە و بە یەك قۆناغ بەڕێوە دەچێت. شایانی باسە ئەم سیستمە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا و كۆنگرێسی ئەمەریكا كاری پێ دەكرێت.[6]
سیستمی زۆرینەی ڕەها؛ لە شێوازی زۆرینەی ڕەها بۆ سەركەوتنی هەر پاڵێوراوێك یان پاڵێوراوان لە ململانێی هەڵبژاردنەكان پێویستە زیاتر لە نیوەی دەنگەكان وەدەست بهێنێت یان زیاتر لە (50%)ی دەنگەكانی پێ بڕێت، واتە (50 + 1)ی دەنگەكان. لە كاتێكدا هیچ كام لە پاڵێوراوان نەیانتوانی ئەم ڕێژەیە لە دەنگەكان بەدەست بهێنن، هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە و ئەو پاڵێوراوە سەركەوتوو دەبێت كە زۆرینەی دەنگەكان وەدەست بهێنێت.
دووه‌م؛ سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی
سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بەوە پێناسە دەكرێت كە هەر پارت و لایەنێك هێندەی ڕێژەی دەنگەكانی كە وەدەستی هێناوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا كورسیی نوێنەرایەتی وەردەگرێت، واتە هێندەی هێزی خۆی نوێنەرایەتیی دەبێت لە پەرلەماندا[7].
بۆیە سیفاتە جیاكەرەوەكانی سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بریتین لەوەی كە لە بازنەی فرەكورسیدا پیادە دەكرێن. واتە نابێت بازنەی هەڵبژاردنەكە لە یەك كورسی پێك هاتبێت و زیاتر پشت بە لیستی فرەپاڵێوراو دەبەستێت و حاڵەتی باو ئەوەیە كە نابێت كۆی ژمارەی پاڵێوراوەكانی ناو هەر لیستێك لە كۆی كورسییەكانی هەڵبژاردنەكە زیاتر بێت. هەروەها دەنگدان تیایدا بە یەك خول تەواو دەبێت و خولی دووەمی نییە و هەر پارتێك بە شێوەیەكی نزیكەیی بە ئەندازەی ڕێژەی دەنگەكانی؛ كورسیی بەر دەكەوێت[8].
سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی تەنها لەگەڵ شێوازی هەڵبژاردنی لیستدا دەگونجێت و بۆ هەڵبژاردنی شێوازی تاكەكەس نابێت، چونكە بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیستمە “ڕێژەیی”ە پێویستە چەند كورسییەكی نوێنەرایەتی تەرخان كرابێت لەو ناوچەی هەڵبژاردنەكەی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەوانیش كورسییەكانی بە پێی ڕێژەی دەنگە وەدەستهاتووی هەر لیستێك دابەش دەكرێن بەسەر لیستە ڕكابەرەكاندا، بەڵام لە شێوازی هەڵبژاردنی تاكەكەسیدا تەنها یەك كورسی بۆ ناوچەی هەڵبژاردنەكە تەرخان دەكرێت و ناكرێت ئەو كورسییەش لەنێوان ڕكابەرەكاندا دابەش بكرێت، بۆیە ئەم شێوازە لەگەڵ سیستمی زۆرینەدا ناگونجێت.
سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بە شێوەی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی تەواو “ڕەها” یان ڕێژەیی نیمچەیی (نزیكەیی) جێبەجێ دەكرێت، بەم شێوەی خوارەوە[9]:
یەكەم: سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی تەواو (ڕەها)
دووەم: سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی نیمچەیی (نزیكەیی)
سێیه‌م؛ سیستمە تێكەڵەكان
سیستمە تێكەڵەكان جۆرێكی تایبەتی سیستمی هەڵبژاردن نین كە خەسڵەتیان لە سیستمەكانی پێشوو جیاواز بێت، بەڵكوو ئەو سیستمانە تێكەڵەیەك لە خەسڵەتی هەردوو سیستمی “ڕێژەیی و زۆرینە” پێك دێنن، هەندێك دەوڵەت بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە لایەنە ئەرێنییەكانی هەردوو سیستمی “ڕێژەیی و زۆرینە” و بە مەبەستی بەدوورگرتن لە لایەنە نەرێنییەكان؛ هەوڵیان داوە ئەم سیستمە نوێیە پێك بهێنن[10].
لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا، دەوڵەت بۆ چەندین بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەكرێت، لە هەڵبژاردنی بەشێك لە نوێنەران پشت بە سیستمی نوێنەرانی ڕێژەیی و هەڵبژاردنی بەشێكی تریش پشت بە هەڵبژاردنی زۆرینە دەبەسترێت. سیستمی هەڵبژاردنی تێكەڵاو دوو فۆرمی جیاواز لە یەكتریان هەیە كە ئەوانیش بریتین لە “سیستمی هاوتەریب” و “سیستمی هاوڕێژەیی ئەندامێتیی تێكەڵاو”[11]:
سیستمی هاوتەریب؛ لەم سیستمەدا هەردوو سیستمی زۆرینە و سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بە شێوەیەكی جیا لە یەكتر بەكار دەهێنرێت بەبێ ئەوەی كاریگەرییان لەسەر ئەنجامەكانی یەكتر هەبێت. لە سیستمی هاوتەریبدا كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرایەتی بەسەر دوو بەشدا دابەش دەكرێن؛ لە بەشێكیاندا وڵات دەكرێت بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن، تاك نوێنەرایەتیی یەك كورسی یان چەند كورسییەكی هەڵبژاردن دەكات، لەم بازنەیەدا تەنها سیستمەكانی زۆرینە پەیڕەو دەكرێت، بەشەكەی تر، كورسییەكانی لە ڕێگای یەك بازنەی هەڵبژاردنەوە یان چەند بازنەیەكەوە بە سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی هەڵدەبژێردرێت.
سیستمی هاوڕێژەیی ئەندامێتیی تێكەڵاو؛ به سیستمی هاوڕێژەیی ئەندامێتیی تێكەڵاو ناسراوە، لێره‌دا سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی قەڕەبووی ئەو دەنگانە دەكاتەوە كە لە ڕێگای یەكێك لە سیستمەكانی فرەیی یان زۆرینەیی كە زۆر جار سیستمی براوەی یەكەمە نەیتوانیوە لە بازنەكانی هەڵبژاردندا كورسی بەدەست بهێنێت.
هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه‌ی گۆڕانكارییه‌كاندا
هه‌رێمی كوردستان ته‌مه‌نی فهڕمیبوونی پێی ناوه‌ته ده‌یه‌ی چواره‌م؛ هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه له‌نێو به‌ره‌ی كوردستانی ئیراده‌یه‌كی سیاسی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێته ده‌ستپێكی پڕۆسه‌ی سیاسی. هه‌ر چه‌نده به‌شێك له هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون كورده‌كان په‌له نه‌كه‌ن له په‌نابردن بۆ هه‌ڵبژاردن، چونكه هه‌ڵبژاردن گه‌ر نه‌بێته مایه‌ی سه‌قامگیریی سیاسی و كۆتاییهێنان به كێشه‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێته سه‌ره‌تا و بناغه‌یه‌كی ناته‌ندروست بۆ سیستمێكی سیاسی كه پڕۆسه‌یه‌كی سیاسیی ناسه‌قامگیری ده‌بێت. دوای تێپه‌ڕینی سی ساڵ، ئاماژه‌كانی دروستی ئه‌و ئه‌رگومێنته به‌ڕوونی ده‌بینرێت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان، سه‌ركردایه‌تیی كوردی ویستی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیان نیشان دا، نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن داڕێژرا[12]. پاڵنه‌ری شاراوه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌م قۆناغه‌دا داڕشتنی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو له‌نێوان پارته سیاسییه‌كانی نێو به‌ره‌ی كوردستانی، چونكه هیچ یه‌كێك له‌م پارته سیاسییانە پێگه جه‌ماوه‌رییه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی نه‌ده‌زانی. ئه‌م ئامانجه شاراوه‌یه، سه‌رنجی له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردن و سیستمی هه‌ڵبژاردن لا دا. نه‌بوونی وردی له داڕشتنی سیستمی هه‌ڵبژاردندا، ده‌شێ ده‌رگای پشێوی به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا بكاته‌وه، بۆیه یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بووه به‌ردی بناغه‌ی گه‌وره‌ترین شه‌ڕی ناوخۆیی له‌نێوان دوو پارتی باڵاده‌سته‌وه. لێكه‌وته‌كانی ئه‌م شه‌ڕه به‌سه‌ر كۆی وێستگه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕوونی هه‌ستی پێ ده‌كرێت.
وێستگه‌ی یه‌كه‌م؛ ترس له هه‌ڵبژاردن و ئاكامه‌كانی، ته‌مه‌نی خولی یه‌كه‌می به شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست درێژ كرده‌وه. ماوه‌ی دوازده ساڵی ته‌مه‌نی خولی یه‌كه‌م؛ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی به‌سه‌ر پڕۆسەی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا هێنا، هاوكێشه‌ی هێزی به چه‌ندین شێوه گۆڕی. ڕێکكه‌وتنی واشنتۆنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، جگه له‌وه‌ی له بۆشایی نەبوونی هه‌ڵبژاردندا دروست بوو، له هه‌مان كاتدا بووه مۆته‌كه‌یه‌ك بۆ سه‌ر سیستمی هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان. دواتر له ڕۆژی 30-ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2005، خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام درا كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتی بوو كه دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام له كوردستان و عێراق ئه‌نجام درا[13]. هاوڵاتیی هه‌رێمی كوردستان له یه‌ك كاتدا ده‌نگی به سێ ئه‌نجوومه‌ن ده‌دا (ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان)، ڕاسته ئه‌مه بازدانێكی نه‌وعی بوو له مێژووی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوڵاتی خرایه به‌رده‌م سێ سیستمی جیاوازی هه‌ڵبژاردنه‌وه، ئه‌مه‌ش ڕۆشنبیرییه‌كی ناته‌ندروستی بۆ سیستمی هه‌ڵبژاردن دروست كرد.
وێستگه‌ی دووه‌م؛ له هه‌ڵبژاردنی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا، 13 لیستی جیاواز به‌شدارییان له ململانێكاندا كرد كه به سیستمی “نوێنه‌رایه‌تیی ڕێژه‌یی” به‌ڕێوه چوو، تیایدا 1753919 كه‌س له دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له كورد، توركمان، كلدان، ئاشووری، موسوڵمان، مه‌سیحی و ئێزیدی به‌شدارییان تێدا كرد. هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له‌م هه‌ڵبژاردنەدا زیادكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بوو له 105 كورسییه‌وه بۆ 111 كورسی. لێره‌وه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ له هاوكێشه‌ی هێز له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كرد، به شێوه‌یه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به یه‌ك لیست به‌شدار بوون (لیستی نیشتمانیی دیموكراتی كوردستان) كه زۆرینه‌ی ڕه‌های په‌رله‌مانی كوردستانیان گرته ده‌ست (89%ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا) كه 104 كورسیی په‌رله‌مانیان له‌ده‌ست بوو.
وێستگه‌ی سێیه‌م؛ ناكۆكییه سیاسییه‌كان و گۆڕانی هاوكێشه‌ی هێز هاتنه ئاراوه، له ناوخۆی پارته سیاسییه‌كان كێشه‌ی سیاسی دروست بوو، ئه‌م ناكۆكییه گوازرایه‌وه بۆ ناكۆكی له‌نێوان پارته سیاسییه‌كان. دواتر هه‌موو ناكۆكییه‌كان له پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمدا چڕ كرانه‌وه، كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له عێراق ئاماده‌یی خۆی نیشان دا بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان. له 25/7/2009 دا، دووباره هاوڵاتییان چوونه‌وه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان، له یه‌ك كاتدا ده‌نگیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌دا كه بۆ یه‌كه‌م جار بوو سه‌رۆكی هه‌رێم بخرێته ده‌نگدانی گشتییه‌وه. له هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا، 24 لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنیان كرد، بۆ كێبركێ له‌سه‌ر 111 كورسی و تیایدا 11 لیست توانییان ڕێژه‌ی یاسایی به‌ده‌ست بێنن و بێنه ناو په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنە له‌وانی تر جیا ده‌كاته‌وه؛ گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی بوو له هاوكێشه‌ی هێز، بۆ یه‌كه‌مین جار یه‌ك له‌سه‌ر چواری په‌رله‌مانی كوردستان بووه ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه به‌شێكی نوێ بوو له پێكهاتەی سیستمی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان. له هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا 24 لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنیان كرد، بۆ كێبركێ له‌سه‌ر 111 كورسی و تیایدا 11 لیست توانییان ڕێژه‌ی یاسایی به‌ده‌ست بێنن و بێنه ناو په‌رله‌مان[14]. له‌م قۆناغه‌شدا جگه له گۆڕانی ڕوخساری ئۆپۆزسیۆن، گۆڕینی سیستمی لیستی داخراو بۆ سیستمی لیستی كراوه، دیارترین گۆڕانكاری بوو له سیستمی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستاندا. ئه‌م گۆڕانكارییه له هاوكێشه‌ی هێز، پڕۆسه‌ی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان خسته قۆناغی چاره‌نووسسازه‌وه، زۆرترین ناكۆكی و ناسه‌قامگیرییه‌كانی له‌م قۆناغه هێنایه پێشه‌وه. بوونی ئۆپۆزسیۆن به‌و قهبارهیە، به‌تایبه‌تییش كە له هه‌ناوی پارتێكی حوكمڕانه‌وه هاتبووه ده‌رێ، هاوكێشه سیاسییه‌كانی به‌یه‌كجاری گۆڕی.
گۆڕینی سیستمی هه‌ڵبژاردن له لیستی داخراوه‌وه بۆ لیستی كراوه، له‌گه‌ڵیدا گۆڕانكاری له شێوازی هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان هاته ئاراوه، به‌ڵام شۆكی ئۆپۆزسیۆنی نوێ ئه‌مەی نه‌خسته سه‌ر فه‌زای گشتییه‌وه. لێكه‌وته‌كانی ئه‌م گۆڕینه دواتر له‌سه‌ر پێكهاتەی كاری حیزبیی پارته‌كان به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت، به شێوه‌یه‌ك له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی زیاتر؛ پارته سیاسییه‌كان پهبلیكفیگهرهكانیان هێنایه نێو لیسته‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ كۆ بكه‌نه‌وه. له‌وێوه قۆناغێكی نوێ له ژیانی سیاسیی پارته سیاسییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات به ئاڕاسته‌ی دروستكردنی كه‌سایه‌تیی سیاسیی پۆپۆلیست. كه‌واته سیستمی هه‌ڵبژاردن ته‌نها هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌نگی هێزه‌كانی نه‌گۆڕی، به‌ڵكوو ده‌ستكاریی هاوكێشه نێوخۆییه‌كانی نێو پارته سیاسییه‌كانیشی كرد.
وێستگه‌ی چواره‌م؛ دواتر ڕۆژی 21/9/2013، پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان به سیستمی نیمچه‌كراوه به‌ڕێوه چوو، تیایدا (31) لیست به‌شداریی پڕۆسه‌كه‌یان كرد و سه‌ره‌نجام (17) لیست توانییان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن. دووباره سیستمی هه‌ڵبژاردن له لیستی كراوه‌وه ده‌ستكاری كرا بۆ لیستی نیمچه‌كراوه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پارته سیاسییه‌كان گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه پێویسته له‌پاڵ كورسیی په‌رله‌مانی، پێویسته سه‌نگی هێزه سیاسییه‌كانیش ده‌ربكه‌وێت. له‌م گۆڕانكارییه‌دا، سه‌نگی هێزه سیاسییه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات، به‌تایبه‌ت كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ڕووی ژماره‌ی كورسییه‌وه بووه هێزی سێیه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕێگر بوو له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ببێته فاكته‌ری سه‌ره‌كی له گۆڕینی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات، پێكهێنانی حكومه‌تی بنكه‌فراوان بوو، هیچ هێزێك ئاماده نه‌بوو ببێته ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی برده قۆناغێكی ناجێگیره‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه وا بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له سیستمی سیاسی‌دا دروست كرد. هه‌ر چه‌نده لایه‌نگرانی له سه‌ره‌تادا زۆر پشتگیریی ستراتیژیه‌تی حكومه‌تی بنكه‌فراوانیان ده‌كرد، به‌ڵام کابینەی هه‌شته‌می حکومەتی ھەرێم کە بە “کابینەی بنکەفراوان” ناسراوە، لەبەر ئەوەی ھەر پێنج حیزبە سەرەکییەکەی کوردستان تیایدا بەشدار بوون، ئەم ماوەیە ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی حوکمڕانی بووەتەوە کە ئەمەش نەمانی متمانەیە لەنێو پێکھێنەرەکاندا.
ئامانج له حكومه‌تی بنكه‌فراوان؛ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه سیاسییه چه‌قبه‌ستووه‌كانی هه‌رێم بوو، بۆیه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له ناساندنی كابینه حكومییه‌كه ناوی ئه‌م كابینه‌ی كرده “حکومەتی کۆدەنگیی نیشتمانی”. هه‌روه‌ها له ناساندنی خۆیاندا هاتووه، کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی یەکبوونی نیشتمانییە. هەموو حیزبە سیاسییە سەرەکییەکان هاوپەیمانیەتییەکی بنکەفراوانیان پێک هێناوە، کە ڕەنگدانەوەی فرەیی سیاسیی هەرێمی کوردستانە بۆ مەبەستی نوێنەرایەتیکردن و خزمەتکردنی هاوڵاتییان[15].
ئه‌م هاوكێشه نوێیه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانی ماوه‌یه‌كی زۆر خۆی بگرێت و ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی جه‌وهه‌ری بوویه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌نێوان سێ هێزی یه‌كه‌می به‌شدار له ده‌سه‌ڵات. گرنگترین لێكه‌وته‌كانی، په‌كخستنی په‌رله‌مان و خولقاندنی قه‌یرانێكی سیاسیی ئاڵۆز بوو. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه و ئاماده‌سازی بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردن، دووباره په‌رله‌مان كارا كرایه‌وه و له ڕێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن سیستمێكی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن دانرا[16].
وێستگه‌ی پێنجه‌م: له سێپته‌مبه‌ری 2018، هه‌ڵبژاردن بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرا، به هه‌مان سیستمی پێشوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستكاریی شێوازی هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان و گۆڕینیان بۆ ژماره‌ی كورسی. بە پێی ڕاگەنراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، 3085461 هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 1845979 هاوڵاتی بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانیان کردووە کە ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتییان دەکاتە 59٪. لەو هەڵبژاردنە 29 لیست بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و لە ئەنجامدا، 16 لیست توانییان کورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به پێی یاسایه‌ك ئه‌نجام درا كه له ساڵی 2013 دا هه‌موار كراوه‌ته‌وه (یاسای ژماره 15ی ساڵی 2013)[17] كه ئه‌مه حه‌وته‌م هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن بوو. به پێی یاساكه، هه‌ڵبژاردن به پێی سیستمی لیستی كراوه‌ی سنووردار به‌ڕێوه چوو[18].
ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌نگی هێزه سیاسییه‌كانی به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گۆڕی، به جۆرێك كه نزیك بوو له دروستبوونی لاسه‌نگی په‌رله‌مانی. هێزی دووه‌م و سێیه‌م به‌راورد به هێزی یه‌كه‌م، جیاوازییه‌كی زۆریان هه‌بوو. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا، هێزی سیاسیی دیكه هاتنه نێو پڕۆسه‌ی سیاسییه‌وه. ئه‌م گۆڕانی سه‌نگی هێزه، بیانوویه‌كی باشی دایه ده‌ست هێزی یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به شێوازی حكومه‌تی بنكه‌فراوان بهێنێت. بۆیه ده‌بینین له‌م كابینه‌یه‌دا ده‌رگا به ڕووی هه‌موواندا واڵا نه‌كرا، به‌ڵكوو سێ هێز بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ براوه‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌خشه‌ی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان كێشا. ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ دروستبوونی دوو به‌ره، كه گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه بۆ پڕۆسه‌ی دیموكراسی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ته‌ندروست بنیات بنرێ.
به‌ر له‌وه‌ی بێینه سه‌ر ناكۆكییه‌كان له وێستگه‌ی ئێستادا، پرسیارێكی جه‌وهه‌ری دێته به‌رده‌ممان: ئایا سیستمه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌م وێستگانه‌ی سه‌ره‌وه باسمان كرد، توانیویانه هاوكێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات دیاری بكه‌ن؟ یان پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته كه وا هاوكێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات ڕه‌نگڕێژی سیستمی هه‌ڵبژاردنی كردووه؟
گه‌ر به‌وردی له هه‌موو قۆناغه‌كان بڕوانین، ده‌بینین هه‌میشه هه‌ڵبژاردنه‌كان دوای ناكۆكییه‌كان هاتوونه‌ته پێشه‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه وا پرسه سیاسییه هه‌ڵواسراوه‌كان به‌ر له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر كراون و ڕێگه بۆ هه‌ڵبژاردن خۆش كراوه. ئینجا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ڕێككه‌وتنه، سیستمی هه‌ڵبژاردن داڕێژراوه‌ته‌وه. به مانایه‌كی دیكه: ده‌توانین بڵێین سیستمه‌كانی هه‌ڵبژاردن له وێستگه جیاوازه‌كانی هه‌ڵبژاردن، بۆ شه‌رعیه‌تدانه به‌و گۆڕانكارییانه‌ی له هاوكێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات هاتوونه‌ته ئاراوه. له هه‌موو گۆڕانكارییه‌كانی سیستمی هه‌ڵبژاردن، ئه‌م ڕاستییه به‌دی كراوه. بۆ نموونه دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره، هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات به یه‌ك لادا چووبوو. بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌م هاوكێشه‌یه، سیستمی هه‌ڵبژاردن له‌خزمه‌ت هێزی گه‌وره داڕێژرا، بۆیه بینیمان لیستی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی زۆرینه‌ی ڕه‌های ده‌نگه‌كانیان هێنا. هه‌روه‌ها دواتر كه هێز و گرووپی دیكه بوونه واقعێكی نوێ له پڕۆسه‌ی سیاسی، سیستمی هه‌ڵبژاردن به شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری كرا كه شوێن بكاته‌وه بۆ ده‌ركه‌وتنی ئه‌و هێزه نوێیانه. دواجاریش كاتێك فرهحیزبییهكی ناته‌ندروست هاته پێشه‌وه، سیستمی هه‌ڵبژاردن بۆ ڕێكخستنی ئه‌م په‌رشوبڵاوییه و دروستنه‌بوونی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی گه‌وره به شێوه‌یه‌ك داڕێژرا كه هێز و گرووپه تازه‌كان ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن. دواجاریش دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به هۆی سه‌قامگیریی ناوخۆی حزبییه‌وه توانیبووی كۆنترۆڵی جومگه‌كانی حوكمڕانی بكات، هه‌روه‌ها یه‌كێتی بۆ خستنی كێبركێكاره لۆكاڵییه‌كه‌ی (بزووتنه‌وه‌ی گۆران)، پێویستیی گۆڕانی سیستمی هه‌ڵبژاردنی هێنایه پێشه‌وه، له ئاكامدا شه‌رعیه‌تێكی یاسایی بۆ ئه‌و واقیعه نوێیه دروست بوو. به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌م واقیعه، ئه‌گه‌ره نوێیەكانی به‌لاڕێدابردنی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خسته دۆخێكی گومانه‌وه.
تێڕوانینه‌كان بۆ وێستگه‌ی نوێی سیستمی هه‌ڵبژاردن
ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردن؛ ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، به شێوه‌یه‌ك تاوه‌كوو ئێستا له ڕێگه‌ی شه‌ش یاسای په‌رله‌مانی و دوو بڕیاری په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژاردن دوا خراوه و په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی خۆی درێژ كردووەته‌وه. به مانایه‌كی دیكه: په‌رله‌مانی كوردستان به‌م درێژكردنه‌وه‌ی خولی پێنجه‌م، 4585 ڕۆژ ته‌مه‌نی خۆی درێژ كردووەته‌وه كه ده‌كاته زیاتر له 12 ساڵ، زۆرترین درێژكردنه‌وه‌ش له خولی یه‌كه‌مدا بووه.
درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌م جاره به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیداره به ناكۆكیی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر سیستمی هه‌ڵبژاردن. هه‌موو هێزه‌كان ترسیان له سیستمی هه‌ڵبژاردن هه‌یه، بۆیه ده‌یانه‌وێ له ڕێگه‌ی سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌وه دۆخی خوازراوی خۆیان بكه‌نه واقعێكی نوێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه، ئه‌وه‌یه دۆخی خوازراوی پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واو جیاوازه له‌گه‌ڵ دۆخی خوازراوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. تاوه‌كوو ئه‌م دوو هێزه نه‌گه‌نه ڕێكکه‌وتن، ئاماژه‌كانی سیستمی نوێی هه‌ڵبژاردن به‌ناڕوونی ده‌مێننه‌وه. بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م وێستگه نوێیه، له دوو ڕوانگه‌وه سه‌یری گفتوگۆكانی تایبه‌ت به سیستمی نوێی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: له ڕوانگه‌ی چه‌قی ناكۆكییه‌كان
ناكۆكیی نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی نوێ به‌گشتی، سیستمی هه‌ڵبژاردن به‌تایبه‌تی، له چه‌ند خاڵێكدا كۆ كراوه‌ته‌وه:
- بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن
دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه تێیدا كار به سیستمی فره‌بازنه‌یی كرا، هه‌روه‌ها له هه‌ژماركردنی ده‌نگدا پشت به تاك ده‌نگ به‌سترا، هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌ت سوودمه‌ندانی ئه‌م شێوازه، بانگه‌شه بۆ ئه‌م سیستمه ده‌كه‌ن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هێزه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بوون:
- لایه‌نگرانی یه‌ك بازنه‌یی، كه پێیان وایه بۆ دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان كه فره‌حیزب و فره‌پێكهاته‌یه، باشترین سیستم یه‌ك بازنه‌ییه، چونكه به‌م شێوه‌یه هه‌م پێكهاته‌كان زامنی كورسی ده‌كه‌ن و هه‌میش پارته سیاسییه بچووكه‌كان. ئه‌رگومێنتی ئه‌م لایه‌نه به‌هێز كراوه به‌وه‌ی كه كاتێك له عێراق سیستمی یه‌ك بازنه‌یی هه‌بوو، كورد زیاتر له 70 كورسیی په‌رله‌مانی هه‌بوو[19]. پارتی دیموكراتی كوردستان ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌م ڕه‌وته ده‌كات.
- لایه‌نگرانی فره‌بازنه‌یی، پێیان وایه كه بۆ پاراستنی دادپه‌روه‌ریی هه‌ڵبژاردن، هه‌رێمی كوردستان دابه‌شی چه‌ند بازنه‌یه‌ك بكرێت و ڕێگه بگیرێت له دروستبوونی پارتی سیاسیی بێ كاریگه‌ر له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان. ئه‌رگومێنتی ئه‌م لایه‌نه به‌هێز كراوه به‌وه‌ی سیستمی فره‌بازنه‌یی ڕێگه ده‌گرێت له دروستبوونی تاك لایه‌نی له هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌م ڕه‌وته ده‌كات.
له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌وه‌ی ناڕوونه له هه‌ردوو داواكارییهكەدا؛ شێوازی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه، به‌و واتایه‌ی ڕوون نییه كه چ پێوه‌رێك بكرێته بنه‌ما بۆ ئه‌و دابهشكردنەی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن. بوونی پارتی و یه‌كێتی له دوو به‌ره‌ی جیاوازی ئه‌م ناكۆكییەدا، ئایندهی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئاڵۆز كردووه.
- تۆماری ده‌نگده‌ران
ئه‌مه گه‌وره‌ترین كێشه‌ی به‌رده‌م هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بووه، هه‌روه‌ك چۆن ده‌روازه‌یه‌كیش بووه بۆ ساخته‌كاری. به‌و مانایه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ی كۆنترۆڵی دامه‌زراوه‌ی به‌ڕێوەبردنی هه‌ڵبژاردنی كردووه، تۆماری ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و لایه‌نه نه‌خشێنراوه. به‌شێكی هێزه سیاسییه‌كان، شكست و له‌ده‌ستدانی ده‌نگه‌كانیان خسته ئه‌ستۆی تۆماری ده‌نگده‌ران. ئه‌وه‌ی جێگەی سه‌رسوڕمانه، هه‌موو هێزه‌كان له ڕواڵه‌تدا داوای پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆماره ده‌كه‌ن و كه‌سیش دژایه‌تیی خۆی بۆ ئه‌م خواسته ڕانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام هیچ ڕوون نییه كه ئه‌م پاككردنه‌وه‌ی تۆماری دهنگدهرانە به كێ ده‌سپێردرێت. گه‌ر كاره‌كه به كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق بسپێردرێت، ئه‌وا دوو هێزه دهسهڵاتداردهكهی هه‌رێم براوه‌ی یه‌كه‌م بوون به‌م تۆماره‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگایه‌وه ئاماده كرابوو. بۆیه پێشبینی ناكرێت ئاسان ڕێکكه‌وتن بكرێت له‌سه‌ر شێوازی پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران.
- شێوازی هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان
له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه په‌یوه‌سته به بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، به‌ڵام تهكنیكکارانی پارته سیاسییه‌كان ئه‌مه‌شیان كردووەته خاڵی ناكۆكی. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ناكۆكییه‌ش هه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌وه‌ی له هه‌ژماركردنی كورسیدا، ده‌نگی هیچ كاندیدێك بۆ پارته‌كه‌ی ناچێت و یه‌ك ده‌نگ یان كاندید په‌یڕه‌و ده‌كرێت. ئه‌م سیستمه له به‌رژه‌وه‌ندیی پارته سیاسییه فراوانهكانە، كه ڕێكخستنی حزبییان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان پێ ده‌دات كه ده‌نگده‌رانیان ئاڕاسته بكه‌ن. بۆ نموونه؛ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌مترین ده‌نگی به‌فیڕۆیان هه‌بوو. سه‌ره‌ڕای بوونی ناكۆكی له‌نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیدگایه‌كی ڕوون نییه بۆ ده‌رخستنی ئیراده‌ی ده‌ستكاریكردن.
- كورسیی كۆتاكان
ئه‌مه گه‌وره‌ترین خاڵی ناكۆكییه له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا. ناكۆكییه‌كان سه‌باره‌ت به كورسیی كۆتاكان، پارت و لایه‌نه‌كانی دابه‌شی سه‌ر دوو به‌ره كردووه:
- ئه‌وانه‌ی به‌ته‌واوی دژی ئه‌وه‌ن كه كۆتاكان به چه‌ند سه‌د ده‌نگێك بگه‌نه په‌رله‌مان و هاوكێشه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستكاری بكه‌ن، چونكه پێیان وایه ئه‌م كۆتایانه به شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست له ململانێ سیاسییه‌كاندا به‌كار هێنراون، بۆیه داواكارن گه‌ر نه‌شتوانرا ئه‌م كورسییانه ڕه‌ت بكرێنه‌وه، به لایه‌نی كه‌مه‌وه میكانیزمێكی دیكه دیاری بكرێت بۆ كورسیی كۆتاكان.
- ئه‌وانه‌ی پێداگرن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی كورسیی كۆتاكان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا. لایه‌نگرانی ئه‌و بۆچوونه پێیان وایه بۆ پاراستنی ڕوخساری پێكه‌وه‌ژیان له هه‌رێمی كوردستان، پێویسته مافی ئه‌و پێكهاتانه پارێزراو بێت. ئه‌رگومێنتی ئه‌و لایه‌نه له‌سه‌ر ئه‌وه بنیات نراوه كه وا پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان زامنی پێكه‌وه‌ژیانن و پێویسته پارێزگاری له‌م به‌هایه بكرێت.
- لایه‌نی به‌ڕێوەبه‌ری هه‌ڵبژاردن
جۆرێك له ناكۆكی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌ڕێوه ببات و به چ شێوه‌یه‌كیش به‌ڕێوه‌ی ببات، چونكه به‌شێك له لایه‌نه‌كان پێیان وایه پێكهاته‌ی ئێستای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی گونجاو نییه بۆ ئه‌و قۆناغه و پێویسته گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی دیموكرات و یه‌كێتیی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ئه‌ندامیان هه‌یه له ده‌سته‌ی كۆمسیاران، بۆیه تا ئێستا پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی جددی له‌م بوارەدا دروست نه‌بووه.
دووه‌م: ئاسته‌نگه‌كانی هه‌مواركردنی سیستم و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن
له‌سه‌ر بنه‌مانی خاڵه ناكۆكییه جه‌وهه‌رییه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، ده‌توانین بڵێین هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و به‌رقه‌راركردنی سیستمێكی نوێ بووه‌ته پێویستییه‌كی حه‌تمی. كه‌واته ده‌بێ پرسیار له ئاسته‌نگه سیاسی و ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه بكه‌ین. ده‌توانین ئاسته‌نگه‌كان له چه‌ند خاڵدا كورت بكه‌ینه‌وه:
- بوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له دوو به‌ره‌ی جیاوازی ناكۆكییه‌كان، به‌تایبه‌ت كه هه‌ردوو هێز زۆنی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و پۆسته هه‌ستیاره‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه درێژه‌پێدانی ئه‌م دۆخه به ئاسایی ده‌بینن، پێیان وایه هیچ مه‌ترسییه‌كیان له‌سه‌ر نییه. كه‌واته ئه‌م دوو هێزه تا قه‌ناعه‌تی ته‌واویان بۆ دروست نه‌بێ كه گۆڕانكارییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانه، هیچ په‌له‌یه‌كیان نییه. به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م بێباكییه درزی گه‌وره له‌نێوان شه‌قام و هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا دروست ده‌كات، كه دواتر ده‌رچوون لێی ئاسان نابێت.
- له پاكێجی ناكۆكی و گۆڕانكارییه‌كان، پرسی پێكهاته‌كان و كورسییه كۆتاكان هه‌یه كه ئه‌مه ڕەههندێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه، به‌ئاسانی ئه‌م گۆڕانكارییه تێناپه‌ڕێت. جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ش له پاكێجه‌كانی دیكه؛ نیشانەی ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنه، به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به فشاری هێزه هه‌رێمایه‌تییه‌كان هه‌یه.
- بایكۆت و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌شێك له فراكسیۆن و په‌رله‌مانتاران (به‌یاننامه‌ی فراكسیۆنه‌كان)، ئه‌مه كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكیی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان دروست كردووه، بۆیه سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له دوایه‌مین دانیشتن‌دا دانی نه‌نا به بایكۆتی فراكسیۆنه‌كاندا. ئه‌ندامی ئه‌م فراكسیۆنانه له لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كاندا ئه‌ندامن، هه‌روه‌ها له ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتن، تێپه‌ڕاندنی ئه‌م یاسایه بێ ئه‌م فراكسیۆنانه؛ ده‌رگا له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كی دیكه ده‌كاته‌وه. بۆیه ڕه‌نگه سێ لایه‌نی پاڵپشت له درێژكردنه‌وه‌ی خولی په‌رله‌مان، پێویستیان به كورسیی كۆتاكان بێت بۆ ئه‌م كاره، له‌م ئه‌گه‌ره‌شدا ئه‌رگومێنتی دووان له‌م هێزانه شكست ده‌هێنێ بۆ گۆڕینی كورسیی كۆتاكان.
سیناریۆكانی ئایندهی پرسی سیستمی هه‌ڵبژاردن
هه‌موو كێشه و ئاریشه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به هۆی نه‌بوونی سه‌قامگیریی سیاسی له په‌یوه‌ندیی نێوان پارته سیاسییه‌كاندا، به‌لاڕێدا ده‌برێن، به شێوه‌یه‌ك كه وا كێشه‌ی بچووك تێكه‌ڵ به پرسی ئیراده‌ی سیاسی ده‌كرێت و ڕۆژ دوای ڕۆژ قووڵتر ده‌بنه‌وه. ئه‌مه بۆ پرسێكی ساده، به‌ڵام بۆ پرسێكی چاره‌نووسسازی وه‌كوو سیستمی هه‌ڵبژاردن، كه فاكته‌ری سه‌ره‌كیی نه‌خشاندنی هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌نگی هێزه سیاسییه‌كانه، ناكۆكییه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه. به‌رمه‌بنای ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له سه‌ره‌وه تیشكمان خسته سه‌ری، ئه‌م پرسه له‌به‌رده‌م چه‌ند سیناریۆیهكدایه كه هه‌ریه‌كێ له‌م سیناریۆیانه چه‌ندین ئه‌گه‌ر له‌خۆی ده‌گرێت.
سیناریۆی یه‌كه‌م: نزیكمه‌ودا
به هۆی ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی قهیرانهكهداین، بۆیه ئه‌م سیناریۆیه زۆر ڕوونه، به‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كان بۆ پێداگری له تێڕوانینی خۆیان؛ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده نین ده‌ستبه‌رداری دیدگای خۆیان بن، ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌ی سیاسی و كارگێڕی و یاسایی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. لێكهوتهكان ده‌كرێت له چه‌ند خاڵێكدا كورت بكه‌ینه‌وه:
- لێكترازانی نیشتمانی: بینیمان ئێستا هیچ دوو پارتێكی سیاسی نییه له‌سه‌ر خاڵێكی هاوبه‌ش كۆك بن و بیكه‌نه ئه‌جێندای سیاسیی خۆیان، ئه‌مه قووڵایی ململانێ له‌نێوان پارته سیاسییه‌كاندا دروست ده‌كات.
- بۆشایی یاسایی: وه‌ك ده‌ركه‌وت كه به‌شێك له فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان كشانه‌وه یانیش بایكۆتیان ڕاگه‌یاند، ئه‌مه بۆشاییه‌كی یاسایی گه‌وره به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
- لێكەوتهی كارگێڕی: به‌تایبه‌ت كاتێك دوو حیزبی سه‌ره‌كیی حوكمڕان له هه‌رێمی كوردستاندا له ناكۆكیدا بن، ڕۆژانه ده‌بینین كه لێدوانی بهرپرسەكانیان به ئاڕاسته‌ی په‌كخستنی دامه‌زراوه حكومییه‌كانه. بایكۆتكردنی حكومی به قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره، قه‌یرانی كارگێڕیی گه‌وره‌ی به‌دوادا دێت.
سیناریۆی دووه‌م: مامناوه‌ند
ئه‌زموونی قه‌یرانه سیاسییه‌كانی هه‌رێم هاوكێشه‌یه‌كی نه‌گۆڕی دروست كردووه، ئه‌ویش دوای به‌سه‌رچوونی ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌دا، به‌ره‌ی دووقۆڵی و سێقۆڵی دروست ده‌بێت، ئه‌میش دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان ده‌خرێنه قاڵبی ترس و به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه. ئه‌م به‌ره دووقۆڵییانه له لایه‌ك كێشه‌كه قووڵ دهكاتەوه، له لایه‌ك ئاسۆیهكیشه بۆ چاره‌سه‌ری، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به هۆی ڕێككه‌وتنی سیاسییه‌وه پارته چه‌كداره‌كان بكه‌ونه یه‌ك به‌ره‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م سیناریۆیه‌دا شوێنی هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردنه، پێگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه. هه‌ر چه‌نده وا ده‌رده‌كه‌وت كه دۆڕاوی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی بوو، به‌ڵام له‌م پرسه‌ی ئێستادا كارتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكۆكییه‌كان بگه‌یەننه دوا ئاست. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌رده‌م سێڕیانێكی مه‌ترسیداردا ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی پارتی دیموكراتی بگرێت ئه‌وا پێگه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی له مه‌ترسیی ئاسایشیدا ده‌بێت له سلێمانی. ئه‌گه‌ریش به‌ره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی بگرێت، ئه‌وه پێگه سیاسی و حكومییه‌كه‌ی له مه‌ترسیدا ده‌بێت له كابینه‌كه‌ی پارتیدا. ئه‌گه‌ری سێیه‌میش ئه‌وه‌یه خۆی سه‌رپه‌رشتیی به‌ره‌ی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی بكات و سه‌رجه‌م پارته‌كانی دیكه كۆ بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ گۆڕان ئاسان نییه، به هۆی ئه‌وه‌ی متمانه‌ی ئۆپۆزسیۆنبوونی له‌ده‌ست داوه.
سیناریۆی سێیه‌م: دوورمه‌ودا
كاتێك له قۆناغی دووه‌مدا نەتوانرا پرسه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، له هه‌مان كاتیش‌دا ماوه‌ی درێژكراوه‌ی په‌رله‌مانیش كۆتایی بێت، ئه‌وا پارته سیاسییه‌كان ده‌كه‌ونه به‌رده‌م حه‌تمیه‌تی بڕیاردان[20]. به‌ڵام ئه‌مه بۆ پارته سیاسییه باڵاده‌سته‌كان زۆر ئه‌سته‌مه و چه‌ندین ئه‌گه‌ری لێ ده‌بێته‌وه:
- ئه‌گه‌ری یه‌كه‌م: دوو ئیداره‌یی و نزیككردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له كۆتایی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی نێوان دوو پارتی باڵاده‌ست بكه‌وێته قۆناغی چه‌قبه‌ستوویی. له ئێستادا هه‌ست به جۆرێك له ئاماده‌كاری ده‌كرێت له هه‌ردوو زۆندا بۆ ئه‌م ئه‌گه‌ره.
- ئه‌گه‌ری دووه‌م: به فشاری شه‌قام و فشاری هێزه هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، حیزبه حوكمڕانه‌كان بگه‌نه ئه‌نجامێكی مامناوه‌ند و هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش دووباره پێویستی به درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت.
- ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و ئیراده‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تێدا جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌مه كه‌مێك ئه‌سته‌مه، به‌ڵام كارێكی نه‌كرده نییه (مستحیل).
ئاسۆی چاره‌سه‌ری
چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه پێویستی بە تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش هه‌یه له‌نێوان هێزه ناكۆكه‌كان، دروستبوونی ئه‌م تێگه‌یشتنه هاوبه‌شە گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی پڕۆسه‌ی سیاسییه له هه‌رێمی كوردستاندا. ماوه‌ی چوار ساڵه كه‌م جار هه‌بووه ئه‌م تێگه‌یشتنه هاوبه‌شه دروست بووه، به‌تایبه‌تییش كه ئێستا جۆرێك له بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه سه‌باره‌ت به زیندووكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی، تا لێكدانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی دوو ئیداره‌یی له‌سه‌ر مێزی ڕاوێژ و گفتوگۆ بێت، دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی سیستمی هه‌ڵبژاردن ئه‌سته‌متر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ونه، ئه‌جێندای پارته سیاسییه‌كانی جگه له پارتی و یه‌كێتییه سه‌باره‌ت به پرسی دوو ئیدارەیی. به‌و مانایه‌ی دیدگایان ڕوون نییه بۆ ئه‌م پرسه، هه‌ر چه‌نده هه‌ندێ ئاماژه هه‌یه كه سیستمی حیزبی له هه‌ردوو زۆنه‌كه چۆن ده‌بێت. كه‌واته خاڵی ده‌ستپێكی ده‌رچوون له‌م چه‌قبه‌ستووییه؛ بوونی ڕێككه‌وتنی نوێیه له‌نێوان پارته سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستانی دوای كۆنگره و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی نوێ.
به تێڕامان له خاڵه ناكۆكییه‌كان، ده‌كرێ بیر له چاره‌سه‌رییه‌كان بكرێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك هه‌موو هێزه‌كان به یه‌ك ئاست هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌كتر بهاوێژن. بۆیه ده‌كرێ بیر له‌م چاره‌سه‌رییانه بكرێته‌وه:
- سه‌باره‌ت به بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ده‌شێ هه‌موو داواكارییه‌كان له یه‌ك سیستمدا جێ بكرێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك كار به هه‌ردوو شێوازی یه‌ك بازنه‌یی و فره‌بازنه‌یی بكرێت له یه‌ك كاتدا. به مانایه‌كی دیكه: ده‌كرێ كورسییه‌كانی په‌رله‌مان (جگه له كورسیی كۆتاكان) دابه‌شی سه‌ر هه‌ردوو شێواز بكرێت، به‌م شێوه‌یه:
- 60 كورسی له ڕێگه‌ی فره‌بازنه‌ییه‌وه پڕ بكرێنه‌وه، به شێوه‌ی سیستمی لیستی كراوه‌ی تاك كاندید، كه ده‌نگی كاندیده‌كه ته‌نها بۆ خۆی بێت. له شێوازی هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانیش، ده‌شێت هه‌مان سیستمی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌كار بهێنرێت.
- 40 كورسیی په‌رله‌مانی تایبه‌ت بكرێت به پارته سیاسییه‌كان، كه به شێوازی لیستی داخراو به‌ڕێوه بچێت و ده‌نگه‌كه بۆ پارته سیاسییه‌كه بێت. شێوازی هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانیش پشت ببه‌ستێ به تێكڕای ده‌نگی به‌ده‌ستهاتووی لیستێك، دابه‌شی سه‌ر كۆی ده‌نگه به‌ده‌ستهاتووه‌كانی بازنه‌ی نیشتمانی بكرێت.
له‌م شێوازه‌دا ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر هه‌مان فۆرمی هه‌ڵبژاردن، هه‌م ده‌نگ به پارتی سیاسی ده‌دات و هه‌میش ده‌نگ به كاندید ده‌دات، هه‌ردوو ده‌نگه‌كه‌شی به‌جیا بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت. لێره‌دا هه‌م ده‌رفه‌ت بۆ كاندید دروست ده‌بێت، هه‌میش ده‌رفه‌ت بۆ پارته سیاسییه‌كان دروست ده‌بێت، له هه‌مان كاتیش‌دا كه‌سانی شیاو و پسپۆڕ به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی ده‌گه‌نه په‌رله‌مان و كوالێتیی كاری په‌رله‌مان به‌رز ده‌بێته‌وه.
- سه‌باره‌ت به تۆماری ده‌نگده‌ران، لیژنه‌یه‌كی باڵا له تهكنیكکارانی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان دروست بكرێت، كاری سه‌ره‌كیی ئه‌م لیژنه‌یه به‌راوردكردنی ئه‌و تۆماری ده‌نگده‌رانه‌یه كه كۆمسیۆنی باڵای هه‌رێم ئاماده‌ی كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و تۆماره‌ی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراقەوە ئاماده كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بدۆزرێته‌وه بۆ پاككردنه‌وه‌ی تۆماره‌كه. ده‌كرێ زانكۆكان ڕابسپێردرێن كه سیمینار و كۆنفڕانسی تایبه‌ت له‌م ڕوانگه‌یه ڕێك بخه‌ن به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری پارته سیاسییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی ته‌كنیكی ئه‌م كاره‌یان به‌رز بكرێته‌وه.
- سه‌باره‌ت به لایه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ر، پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ستراكچه‌رێكی نوێ بۆ ده‌سته‌ی كۆمسیاران ڕێك بكه‌ون، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا كۆمپانیا جیهانییه‌كان ڕابسپێردرێن له‌ژێر چاودێریی لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نه‌خشه‌ڕێگەی ته‌كنیكی پڕۆسه‌كه دابڕێژن.
- هه‌ر چی په‌یوه‌ندیداره به كورسیی كۆتاكان، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌و بژارده‌ی كه ده‌ستكاری نه‌كرێن، به‌ڵام بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی گومانی هه‌ندێ له هێزه‌كان، ده‌كرێ له ڕێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانه‌وه ئه‌م كورسییه كۆتایانه بخرێنه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هاوكێشه سیاسییه‌كانه‌وه.
سەرچاوە و پەراوێزەكان
[1] JØRGEN ELKLIT and ANDREW REYNOLDS (2005), A Framework for the Systematic Study of Election Quality, Democratization, Vol.12, No.2, April 2005, pp.147–162
[2] چواس حه‌سه‌ن (2007)، سیستمه‌كانی هه‌ڵبژاردن و پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و بێگه‌رد، چاپخانه‌ی موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، ل16-23.
[3] عبدو سعد و اخرون (2015)، النظم الانتخابية، منشورات العلى الحوقية، بيروت، ص220.
[4] منذر الشاوي (2001)، الاقتراع السياسي، منشورات العدالة، بغداد 2001، ص ص66-67.
[5] محەمەد خورشید تۆفیق، سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تێگه‌یشتنی هه‌ڵبژاردن، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، ل33.
[6] محمود عاطف البنا (2001)، الوسيط في النظم السياسية، دار النشر للجامعات، القاهرة، ص ص400-401.
[7] چواس حه‌سه‌ن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل39.
[8] سەفین جەلال فەتحوڵا (2017)، جوگرافیای هه‌ڵبژاردن، چاپخانه‌ی چوارچرا، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، ل58.
[9] چواس حه‌سه‌ن، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل40-41.
[10] سرهنك حميد البرزنجي (2002)، انتخابات اقليم كوردستان العراق، مؤسسة موكرياني للطبع و النشر، اربيل، ص178.
[11] سه‌فین جەلال فەتحوڵا، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل66-67.
[12] مه‌سعوود مسته‌فا بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی پێنجه‌م، 2022.
[13] په‌رله‌مانی كوردستان (2022)، “خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان”، https://www.parliament.krd/about-parliament/parliament-terms/
[14] په‌رله‌مانی كوردستان (2022)، “خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان” ، https://www.parliament.krd/about-parliament/parliament-terms/
[15] حكومەتی هەرێمی كوردستان (2022)، ” پێکهاتەی حکومەت”، http://previous.cabinet.gov.krd/p/page.aspx?l=13&s=030000&r=477&p=503&t=0&h=1
[16] ئه‌نیستیوتی په‌ی بۆ پهروەرده و گه‌شه‌پێدان (2019)، سندووقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی، هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ كاره‌كانی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ڕاپۆرتی سێزده‌م، هه‌ولێر، ل51.
[17] تا ئێستا حه‌وت جار ئه‌م یاسایه هه‌موار كراوه‌ته‌وه، هه‌مواری یه‌كه‌م له ساڵی 1994دا بوو كه هاوتایه له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆ. هه‌مواری دووه‌م له ساڵی 1998دا كرا دوای واژووكردنی ڕێكکه‌وتنامه‌ی واشنتۆن. هه‌مواری سێیه‌م له ساڵی 2004دا كرا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی یه‌كیان گرته‌وه. هه‌مواری چواره‌م له ساڵی 2009دا كرا، كه سه‌ره‌تای بوونی ناكۆكی بوو له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم. هه‌مواری پێنجه‌م له هه‌مان ساڵدا ئه‌نجام درا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو پارته حوكمڕانه‌كه ناكۆكییه‌كانیان گه‌یشتبووه لوتكه. هه‌مواری له هه‌مان ساڵدا كرا، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانه له‌م ساڵه‌دا كه گۆڕانێكی نه‌وعی له سیستمی سیاسی‌دا ڕووی دا. هه‌مواركردنه‌وه‌ی حه‌وته‌میش له ساڵی 2013دا كرا، دوای ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆری كرد بۆ گۆڕینی یاسایه‌كه.
[18] ماده‌ی سێیه‌م، یاسای ژماره 15ی ساڵی 2013، هه‌مواری حه‌وته‌می یاسای ژماره 1ی ساڵی 1992.
[19] یاسین مه‌حموود چۆمانی (2/1/2022)، “ئایا هه‌مواركردنەوەی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پێویستە؟”، https://www.basnews.com/so/babat/732107.
[20] بینیمان له سه‌روبه‌ندی قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمدا، پارته سیاسییه‌كان كه‌وتنه دۆخێكی له‌م شێوه‌یه، ئه‌نجامه‌كه‌ی لێكترازانی سیاسیی گه‌وره و په‌كخستنی په‌رله‌مان و له‌شكركێشیی نێوخۆیی بوو، ته‌نانه‌ت هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش نه‌یانتوانی چاره‌سه‌ری پرسه‌كه بكه‌ن.
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم