یا شەڕ یا ئاشتی
بارام مەجیدخان
دیدگای “نە شەڕ نە ئاشتی” ساڵانێکە سێبەری خۆی بەسەر سیاسەتی ئێراندا کشاندووە. ئەم تێزە بۆ تێگەیشتن بوو لە پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا. لە ڕاستیدا دیدگای نە شەڕ نە ئاشتی لە سەردەمی قاجار و دواتر “محەممەد تەقی خان پسیان” بۆ پێناسەکردنی سیاسەت لە نێوان ئێران و ڕووسیا بۆ دەربازکردنی ئێران بەکاری هێنا، لە دۆخی سیاسی و نێودەوڵەتی قورس، کە لەمێژووی ئێراندا ڕوویانداوە. تێزی نە شەڕ نە ئاشتی لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشە ئەتۆمییەکانی ئێران لە بەڕێوەبردنی ئەو کەیسە کاری کردووە.
ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و هێرشی بەرەی مقاوەمە بۆ سەر ئیسرائیل، خاڵێکی وەرچەرخانی قورسبوو بۆ سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە و هەم بۆ هەلومەرجی ناوچەیی و جیهانی. ئەم دۆخە نوێێە بە تەرازووی سیاسەتی نە شەڕ نە ئاشتی پێوانە ناکرێت. بەڵکو ئێران لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا کەوتووەتە بەردەم دوڕیانێکی قورسی یان شەڕ یان ئاشتی. کاریگەری ئەم تێزە نوێیە بە شاراوەیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش هەستی پێدەکرێت. شەپۆلێکی نوێی لە ئێران بەسەرۆکایەتی مەسعود پزشکیان و بە تیۆرسازی محەمەد جەواد زەریف، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، جێ پێی خۆیان لە ناو چینی حوکمڕانی لە ئێران بەهێزتر دەکەن. دەربازکردنی ئێران لەم هەلومەرجە قورس و ئاڵۆزە بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ئێران وەک ئەولەوییەت هەژمار دەکرێت. چینی کۆنەپارێزی حوکمڕانی لە ئێران هێشتا خەونی شیعەگەرایی سیاسی بەری نەداون. ئەمەش وەک ناکۆکییەکی ناوخۆیی و شاراوە لە سیستەمی سیاسی ئێران لێکدەدرێتەوە! یا وەک دەرفەت بۆ دەربازبوون لە دۆخی شەڕێکی قورسی درێژ خایەن، کە هیچ لایەنێک بە تایبەت ئێران لێی سوودمەند نابێت.
گەڕانەوەی دوبارەی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا، نەک بۆ ئێران، بەڵکو لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی، چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەی لێدەکرێت. کۆتایی هێنان بە جەنگ ویستی ترامپە. ڕیگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم و دڵنیاکردنەوەی وڵاتانی جیهان سەبارەت بەو پرسە، گەشبینی جیهان و وڵاتانی ناوچەکەی بە داوی خۆیدا هێناوە. هەرچەندە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە وەرگرتنی هەڵوێستی پێشوەخت بۆ ترامپ کارێکی ئاسان نابێت. بەتایبەت ئێران کە لە هەمانکاتدا چاوەڕوانی کرانەوەیە لەگەڵ ئەمریکا، لە هەمانکاتدا تێزی “شەیتانی گەورە” هێشتا دروشمی بەشێکی زۆری حوکمڕانییە لە ئێران. لەگەڵ ئەوەی کە پزشکیانی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە، کە پێویستە ئیدارەی دۆسیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ڕاستەوخۆ، لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بەڕێوە بچێت، ئەم ڕاگەیاندنە وەک ئاماژە بۆ ئامادەیی ئێران بۆ وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا لێک دەدرێتەوە.
کێشەی بونیادیی ئێران لە ناوچەکە ئیسرائیلە. گوشارەکانی لە غەززە و باشووری لوبنان و شکاندنی ئێسکی بەرەی مقاوەمە ئەو گورزە کەمەر شکێنەیە، کە لە لایەن ئێرانەوە جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنە. گۆڕانکاری لە دیدگای ئێران سەبارەت بە ئەمریکا و نزیکبوونەوە لە پێناو بەربەست دانان لە بەردەم شەڕێکی درێژخایەن لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە بەرەکانی جەنگ هاتوەتە دی. ئیسرائیل بە ڕاوێژ لەگەڵ شارەزایان و پسپۆڕانی ئەمریکی وەک” ماکس مانوار ینج” کە شارەزای بواری پلان و نەخشەی ستراتیژییە، پێڕەوی لە شێوازی جەنگی نوێ دەکات. کە بە شەڕی چوارەم ناوزەدی دەکات. ئامانج لەم شێوازە لە شەڕ گورز وەشاندن نییە لە توانا سەربازییەکانی دوژمن، بەڵکو لێدان و خواردنی ڕووبەرێکی دیاریکراوی جوگرافیە لە دوژمن، بە شێوەیەکی بەردەوام و جێگیر، تا ئەو کاتەی کە تواناکانی دەوڵەت لە گەیاندنی فریاگوزاری بۆ ئەو ناوچانە پەک دەخات. دواجار دوژمن توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەدەست دەدات. ئەمە ئەو ستراتیجەیە کە ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان جێبەجێی دەکات. ئەمەش مەترسی گەورە دەخوڵقێنێت. هەرچەندە ئێران ئەزموونی هەشت ساڵ شەڕی لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام شێوازی شەڕی کلاسیکی لە مێژوودا بەجێماوە. ڕوودانی شەڕێکی لەو شێوەیە بۆ ئێران خەسارەتی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە ئێران خوازیاری نییە. هەموو هەوڵەکانی ئێرانی پزشکیان کرانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. بە تایبەت دۆسیەی ئەتۆمی کە دەتوانێت پێشگیری لە شەڕێکی درێژخایەن بکات و دڵنییایی بە جیهان بدات کە ئێران ئامانجی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە. کارتی ئاشتی(ئەمریکی-ئیسرائیلی) ئاگربەست لە لوبنان، بۆ ئیسرائیل دەرفەتە، کە نزیکبوونەوەیە لە دەوڵەتی ترامپ و کردنی ئاوە بەسەر ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆێ و بۆ ئێرانیش دەرفەتە بەوەی کە بە شێوەیەکی ئابڕومەندانە مل بە ئاشتی لە لوبنان بدات. ئەوەش وەک ڕێگەخۆشکردنە بۆ چارەسەری سیاسی بۆ کێشەکانی لە ناوچەکە و جیهان. ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ترامپ دوورن لە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتننامەی بەرجام کە لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ئیمزا کراوە. بەڵام ئەگەری ڕێکەوتنێکی نوێ لە گەڵ ئێران بە دوور نازانرێت. هەرچەندە ترامپ بە کەسێکی پڕ لە هەڵوێستی چاوەڕواننەکراو ناسراوە، دەبێت چاوەڕوانی داهاتوو بکەین و ئاڕاستەی ڕوداوەکان بە نیشانە وەربگرین.
ئێرانناسی جارێکی تر و بە نەفەسێکی درێژ پێ دەنێتە ساڵی چوارەمی خۆی و لەم ژمارەیەدا هەوڵدەدات لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ستراتیجییەکانی ئێران بخاتە بەردەم خوێنەرە شارەزا و پڕ ئەزموونەکانی خۆی. دڵ و دەروونیشمان کراوە دەبێت بەرامبەر ڕەخنە و پێشنیار و بابەتێک لە لایەن چاودێرانی کاروباری ئێران یا خود نووسەران و خوێنەرانی بەڕێز بگاتە دەستمان.