• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 25, 2021

هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات و کابینەى نوێی حکومەتەکەى ئیبراهیم ڕەئیسی

توێژەر: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:- وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (١) تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ ساڵی یەکەم.

دوابەدواى بەڕێوەچوونى سیانزەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانى ئێران و یەکلابوونەوەى ئاکامە چاوەڕوانکراوەکەى بە قازانجى بەرەى کۆنەپارێز، لەوەى بەربژێری سەرەکییان وەک ئیبراهیم ڕەئیسی بەتەنێ لە مەیداندا مایەوە و ئەوانى دی بوونە پشتیوانى ئەوەى ئایەتوڵڵا خامنەیی دەیخوازى کە سەرۆککۆمارێکی بەهێز بە دەنگێکى زۆر و بێڕکابەر هەڵبژێردرێت، تەنانەت بێمنەت لەوەى کە ڕێژەى دەنگدان وەک پێویستیش نەبوو، ئەمەش سەرەتاى قۆناغێکى نوێیە لە سەرلەنوێ باڵادەستیى کۆنەپارێزەکان و ئاماژەیەکە بۆ هێنانەپێشی کارەکتەرێکی بەهێز و ئەزمووندار کە لە قووڵایى دەزگا ئەمنییەکانەوە سەری دەرهێنا و دەکرێت بۆ ئەم قۆناغە بە پشتیوانییەکى بەهێزەوە وەک فیگەرێکى لێزان و بەهێز و ئامادە نیشان بدرێت و ئێرانی قۆناغی کۆنەپارێزەکانى تەسلیم بکرێت.

لەم نێوەندەدا پرسی کورد و وەک هەمیشە گرنگترین ئەو مژارانەیە کە تا ئێستا بێ چارەسەر ماوەتەوە، چ لە قۆناغی کاریگەریی دەسەڵاتى ڕیفۆرمخوازەکاندا یان باڵادەستى و هەژموونى کۆنەپارێزەکاندا، لەم سۆنگەیەشەوە هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە نوێنەرایەتیی بەشێکى ئوستاندە کوردییەکان دەکەن، لە بابەتى پەیوەست بە هەڵبژاردن و پێکهێنانى کابینە وزارییەکان ستراتیج  و دیدگاى خۆیان هەیە، لەم قۆناغەشدا گریمانە و ئەگەرەکانى بەردەم تێڕوانین و کارنامەى سیاسیی ئەم هێزانە و مامەڵەى حکومەتى نوێ لەگەڵ ئەم هێزانە؛ باسوخواسێکى جددین و شیاوى هەڵوێستەیە.

هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات و فۆبیاى هەڵبژاردن

دوای شۆڕشی پێکهاتەکانى ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و بەر لە جێگیربوونى کۆماری ئیسلامی، حکومەتى کاتى لە ئێراندا لەبەرامبەر نیشاندانى نیازی نوێی پیاوانى ئاینیی حەوزەى قوم لە دامەزراندنى سیستمێکى گونجاو، پرسی ڕیفراندۆمیان وەک پڕۆسەیەکى نیمچەدیموکراتیک هێنایە پێش، ئەم هەنگاوە دەرەتانێکی نوێ بوو بۆ کورد و هێزە سیاسییەکان تا دۆخى ناسەقامگیر تێپەڕێنن و ئاسۆی بەدیهاتنى خەونى خودموختاری لەنێو سیستمى نوێدا جێگیر بکەن، بەم پێیە لە سەرەتاوە هیچ کام لە هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات نەیاری دامەزراندنى کۆمارێکى دیموکراتیکی–پانئیسلامی نەبوون. کاتێکیش حکومەتى کاتى لە ڕۆژانى ٣٠–٣١ى ئازارى ١٩٧٩ ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى سەرتاسەریی ڕاگەیاند، لێرەوە گرفتە بنەڕەتییەکانى هێزە سیاسییەکان دەستی پێ کرد و لەبەرامبەر پڕۆسەیەکى وەها گرنگ هەڵوێستەیان وەرگرت، لەم قۆناغەشدا بە پاساوى نەبوونى ئەلتەرناتیڤ و ناڕوونیى نیازى ڕێبەرایەتیى شۆڕش چ لەبەرامبەر مەسەلەى خودموختاری لە چوارچێوەى ئێرانێکى ئازاددا، چ لە بابەتى موسوڵمانى ئەهلی سوننە، تەحریمى ڕیفراندۆمەکەیان کرد و بە “نا” وەڵامیان دایەوە، بەمەش بەشێک لە هێزەکان بۆ هەمیشە پوازێکیان لە پەیوەندییەکانى خۆیان لەگەڵ ڕێبەرایەتیى شۆڕش و بابەتى هەڵبژاردن لە ئێراندا دا.

لێرەدا دەکرێت گرنگترین بابەتێک یەک هەڵوێستیی تەواوى هێزەکان بێت، کە لە شکڵی بەرەیەکى کوردیی هاوبەشدا خۆیان دەنواند، بەرەیەک کە کۆمەڵە و چریکی فیدایی وەک دوو بزووتنەوەى چەپی ڕادیکاڵ و “حدک”یش وەک ناسیۆنالیستێکى کاریگەر بە فیکری چەپ و  شێخ عێزەدینى حوسێنى وەک ئایکۆنێکى ئسوڵیی ڕێبەر و دەمڕاست دەرکەوتن، هەر چەند لە ناوەرۆکدا تەواو و جیاواز و ناچوونیەک بوون، بەڵام ئەمە هیچی لەو بابەتە نەگۆڕی کە کورد لەو دەمەوە کەوتە سێبەری سیستم و هەڵبژاردن لە چوارچێوەى کۆمارى ئیسلامیدا، هەر چەندە ڕۆژنامەى ئیتڵاعات لە ژمارە (١٥٨١٨)ى ساڵی ١٩٧٩ لە زارى ڕێبەرایەتیى شۆڕشەوە؛ کوردی وەک پێکهاتەیەکى گرنگ بۆ تەواوکردنى پڕۆسەی هەڵبژاردن پێناسە کرد، بەڵام لەو ڕۆژەوە بەشێکى بەرچاو لە هێزە سیاسییەکان فۆبیاى هەڵبژاردن و گۆڕانکارییەکانى وەستاندوونى.

ئاشکرایە هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات هیچ کات خۆیان بە بەشێک لە پێکهاتەى سیستمى سیاسی لە ئێراندا نەزانیوە، وێڕای ئەزموونى دانوستانە سێ خولییەکە لە ماوەى  ١٧ى تشرینى دووەم ١٩٧٩ تا شوباتى ١٩٨٠ لەنێوان کۆمارى ئیسلامی و هێزە سیاسییەکاندا و تاقیکردنەوەى یەکەمین ئەزموونى چەکداری لە ڕۆژهەڵات و فەتواى جیهاد لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینى و سەرلەنوێ بونیادنانەوەى ناوکى دەوڵەت لەسەر بنەماى تیۆکراتی و سێنتراڵیزمى ناوەندگەرایی بەهێز و دەزگاى ڕۆحانیى شیعەگەرا وەک تاکە ئایدۆلۆجیاى جێگیر و نەگۆڕ؛ هێزە سیاسییەکانى خستە پەراوێزى بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان، بەمەش تا ئەمڕۆ هێزە سیاسییەکان کارێک بتوانن ئەنجامی بدەن ساردکردنەوەى خەڵکى خۆیان و تەحریمى هەڵبژاردن و ڕەخنەگرتنە لە ستراتیجی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتیى حکومەتە جیاوازەکانى ئێران، دەنا بەرنامەیەکى وردیان سەبارەت بە ئامادەیی خۆیان لەبەرامبەر هەلومەرجى تازەی کابینە وزارییەکاندا نییە، ڕەخنەکانیشیان لە بابەتى سیستمى تۆتالیتێر و بەمیلیتاریستکردنى ئێران و بێهەڵوێستیى ڕای نێودەوڵەتى لەبەرامبەر جینایەتەکانى حکومەت دەرهەق بە کورد و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و کەمئاوی و بێکاری دەسووڕێتەوە، بێ ئەوەى هاوڵاتیانى کورد لەسەر شێوازى داخوازییەکانیان لەبەرامبەر حکومەت و نوێنەری ئوستاند و شارەوانییەکان بار بهێنن کە جددیتر بن لەسەر داواکاری و مافەکانیان، بەپێچەوانەوە تا دەکرێت هەوڵی ڕاکێشان و بەئۆردووگانشینیی خەڵکەکەى دەکەن، ئەمەش وای کردووە کە کورد وەک پرس لەژێر چنگى ئەم هێزانەدا بە لاوازى بمێنێتەوە و لای کۆمارى ئیسلامی چیدی وەک دۆزی نەتەوەیی باس نەکرێت زیاتر لەوەى کێشەکانى کورد وەک پرسێکی ئەمنى نەک نەتەوەیی سەیر بکرێت و هێزەکانى دەرەوەى سیستمەکەى بە کوردیشەوە، وەک بەرهەڵستکاری ڕژێمەکەى سەیر بکات و بە سەرچاوەى هەڕەشە بۆ ئەزموونەکەى بزانێـت.

ئاڵنگارییەکانى پێکهێنانى حکومەت لەبەردەم هێزە کوردییەکان

تا ئەمڕۆ هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لەو بڕوایەدان کە هەڵبژاردن و پێکهێنانى کابینەى حکومەتەکان وەک میکانیزمێکى باوەرپێکراو ماناى ڕاستەقینەی خۆی نادات بەدەستەوە، بە پاساوى نەبوونى پێوەری دیموکراتیک و نیشتمانی، پڕۆسەکە وەک کایەیەکى دیموکراتی و دەسەڵاتى خەڵک و فۆرمێک بۆ دەنگى هاوڵاتیان و دەستاودەستیی دەسەڵات نایبینن، تا چارەنووسی خۆیانی پێ یەکلا بکەنەوە و نوێنەریان لەنێو پەرلەمان و حکومەتدا دەستنیشان بکەن، لەم ڕووەوە چەندین ئاڵنگاری لەبەردەم خۆیان و هەڵبژاردن و هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى وزاریدا دەبینن، بۆ وێنا بەهەمیشەیی لەو بڕوایەدان کە خودى ئایەتوڵڵا خومەینى هەرگیز لەگەڵ چەمکی دیموکراتیی گەلیدا نەبوو و بە بەرهەمى مانیفاکتۆری ڕۆژئاوا و زایۆنیزمى لەقەڵەم داوە، دواتریش یاساى بنەڕەتى وەک مەزنترین بەربەستى خۆیان بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانى کابینەى حکومەت دەبینن. یاساى بنەڕەتى کە لە ١١٠ ماددە پێک هاتووە، بەتایبەت کە تیۆری ویلایەتى فەقیهه وەک بناغەی سیستمەکە جێگیر کراوە. لە مادەى (٥)، ڕێبەرایەتیى شۆڕش زۆرینە دەسەڵاتەکانى لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە. هەروەها یەکێکی تر لەو کۆسپانە ئەنجوومەنى پاراستنى یاساى بنەڕەتییە، شوورای “نگهبان”، کە ئەنجامەکانى لەلایەن بەرپرسی دەزگاى دادوەرییەوە دادەنرێت و ئەمەى دووەمیشیان لەلایەن خودى ڕێبەرەوە دیاری دەکرێت، ئەمەش لە بڕواى هێزە سیاسییەکان بەتاڵکردنەوەى پێکهێنانى حکومەتە لە هەر جووڵەیەکى دیموکراتی. هەروەها بەربەستێکى تر مادەى (١٢)یە کە سەرچاوەى هەڵاواردنە و تێیدا پێشوەختە مافی خۆپاڵاوتنى لە نەتەوە جیاوازەکان و کەمایەتییە ئایینییەکان و ژنان بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى هەڵپەساردووە. بەپێی مادەى (٦٢) و (١١٤)ى یاساى بنەڕەتى، پێویستە سەرجەم کاندیدەکانى سەرۆککۆمار نێر بن و شیعەی دوازدە ئیمامى بن و بە فلتەرى خودى ڕێبەردا ڕەت بن، ئەمانەش ئەو واتایە دەگەیەنن هەڵبژاردن لە ترۆپکیدا ڕێگەی بە بەشداریى خەڵک و ئەم هێزە سیاسییانە لە کوردستاندا نەداوە چ وەک نەتەوەی جودا، چ وەک ئسوڵیەت و بۆچوونى مەزهەبی، ئەوەى کە هەیە مافی دەنگدانى خەڵکە بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنى شووراى گوند و شارەکان کە لەژێر چاودێریی تونددان.

لەم سۆنگەیەوە هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات گەیشتوونەتە ئەوەی کە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و  پێکهێنانى حکومەتى نوێ لەژێر فەرمانى خودى ڕێبەردا ڕێگەى مانۆڕ و بەشداریی سیاسییان نادات، چونکە تەنانەت خودى سەرۆککۆمار و زۆرینەى وەزیرەکان بە فیلتەرى ڕێبەردا ڕاگوزەر دەکەن، هەر بۆیە ئاستى هێز و کاریگەریى سەرۆککۆمار و کابینەکەى پەیوەستە بە ڕادەى پاڵپشتییەکانی خودى ڕێبەر نەک خەڵکەکەى، ئەمەش لە مادەکانى (٩) و (١٠)ى یاساى بنەڕەتیدا جەختی لێ کراوەتەوە، بۆ وێنا خاتەمى کە پتر لە ٢٠ ملیۆن دەنگی هێنا، لە کۆتاییەکانیدا ڕایگەیاند کە شتانێکى ئەوتۆی وەدەست نییە.

کابینە وزارییەکەى ئیبراهیم ڕەئیسی و هەڵوێستى هێزە سیاسییەکان

ڕەئیسی یەک لە گرنگترین فیگەرە سیاسییەکانى نێو باڵی کۆنەپارێزەکان بوو، وەک تاکە سیاسیی بێڕکابەر بەر لە چەند مانگى هەڵبژاردن؛ ئەنجامى سەرکەوتنەکەى دەست کەوتبوو. هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لە سەرەتاى کاندیدبوونى بە زمانى توند و دژبەرانە سەنگەریان گرت، وێڕای گرفتە بنچینەیی و هەمیشەییەکانیان لە بابەتى پەیوەست بە هەڵبژاردن و پێکهێنانى حکومەتەکان، خودى ڕەئیسی بە هەڕەشە و مەترسیی جددیتر دەبینن لەسەر ئایندەیان. هەر بۆیە لە سەرەتاى بانگەشەکانى هەڵبژاردن، هێزە سیاسییەکان بەچڕی کاریان لەسەر ئاستى دژایەتییەکە کرد و لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئاستى کەمتەرخەمیى بانگەشە و درووشمەکانى لەبەرامبەر بابەتە نەتەوەییەکانى وەک پرسی هەستیارى کورد نیشانى خەڵک بدەن.

شاراوە نییە دەسەڵاتى سیاسی لەنێو کۆمارى ئیسلامیدا بەسەر دوو ڕەوتدا پەرت بووە، ڕەوتى ڕیفۆرمخواز و کۆنەپارێزەکان کە بە میرات لە باڵی ڕاست و چەپی حیزبی کۆمارى ئێرانەوە ماونەتەوە، ململانێ و کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان لەنێوان ئەم دوو ڕەوتەدا یەکلا دەبێتەوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنانەی پەرلەمان و سەرۆککۆماری و ئەنجوومەنی شار و گوند  و ئەنجوومەنی شارەزایان لە ساڵی ٢٠٢٠، دەسەڵات بەتەواوی کەوتە ژێر ڕکێفی هێزە کۆنەپارێزەکان، ئەمەش مایەی ترسە لە تێڕوانینی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتدا، هەر چەندە لەنێو هەردوو ڕەوتى ئسوڵگەرا و ڕیفۆرمخوازەکاندا بەرنامەیەکى دیار و ئاشکرا بۆ ئاڕاستەکردنى کۆمەڵگەى کوردی نییە، لە کاتێکدا لە ڕووی کۆمەڵایەتى و سیاسی  و کولتووری و فەرهەنگییەوە دەکرێت بار بهێنرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە هێزە سیاسییەکان بەو پێیەی نوێنەرایەتیى بەشێک لە خەڵکى کوردن لەنێو ئوستاندەکاندا، لە هەندێک کاتدا ناتوانن بێلایەن بن و تەنها تەماشاکەر بن و زنجیری دۆگمایی و داخراویان پساندووە و هەوڵیان داوە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردن هەبێت، لەم ڕووەوە بە شێوەى ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیى بەرەى ڕیفۆرمخوازیان کردووە تا لەو ڕێگەیەوە ئومێد بە گۆڕانکاریی ڕێژەیی لە ستراتیجی کۆمارى ئیسلامی هەڵبگرن، تەنانەت لە یەکەمین خولی هەڵبژاردنى مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە ٢٤ى ڕەشەمەى ١٣٥٨، ناسراو بە مەجلیسی شوورای میللى، هێزێکى وەک حیزبی دیموکرات بەشداریی کرد و کاندیدەکانى دەنگى زۆرینەیان لە ئوستانەکانى مەهاباد هێنا، یاخود لە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى ساڵی ١٣٧٢ کە کێبڕکێی نێوان هاشمى ڕەفسەنجانى و ئەحمەد تەوەکەلی کەوتە گەڕی دووەم، “حدکا” بێ پەردە داواى لە لایەنگرانى کرد لەبەرامبەر تاوان و جینایەتەکانى ڕەفسەنجانی لە کوردستاندا دەنگ بدەن بۆ سەرخستنى تەوەکەلی و نوێنەری میانڕەوان.

بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنەکانى خولی شەشەمى مەجلیس و خولی یەكەمی شوورای شار و گوندەکان کە لە ماوەى ساڵێکدا بەڕێوە چوون، ژمارەیەک لە هێزە سیاسییەکان داوایان لە لایەنگرانیان کرد کەسانێکی شایستە و لێهاتوو هەن و دەکرێت دەنگیان پێ بدەن و بە پاساوى خزمەتکردن بە شار و گوندەکانى کوردستان کەڵکیان لێ وەربگیرێـت، تەنانەت پاش هەڵبژاردنەکانى مەجلیسی شەشەم نوێنەرە کوردەکان بۆ یەکەمین جار فراکسیۆنێکى هاوبەشیان بە ناوى نوێنەرانى کورد پێک هێنا، بەڵام دواى کۆتایىهاتنى ئەو خولەی مەجلیس لە لایەن شووراى “نگهبان”ەوە  شیاوێتییان ڕەت کرایەوە، ئەمەش وای کرد لە ماوەى ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەر خواستێک بۆ نزیکایەتیى نێوان خەڵک و حیزبە سیاسییەکان لە بابەتى پەیوەست بە هەڵبژاردن و پێکهێنانى کابینە وزارییەکان چاوەڕێی سۆز و هەستى ڕیفۆرمخوازەکان بن، چونکە لەلایەن کۆنەپارێزەکانەوە بەتەواوى ڕەت دەکرێنەوە.

هەڵبژاردنى ڕەئیسی بەو پێیەی نوێنەرایەتیى باڵی بەهێزى کۆنەپارێزەکان بوو، بەزوویى لەلایەن تەواوى هێزە سیاسییەکان لە بەیاننامەیەکى هاوبەشدا بە بەشداریى هەریەک لە کۆمەڵەى شۆڕشگێڕی کوردستانى ئێران، حیزبی دیموکراتى کوردستان و حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران دەنگدانیان بە ڕەئیسی و کۆنەپارێزەکان بایکۆت کرد، هەر چی “پژاک”یش بوو لە دەقی ڕاگەیەنراوێکدا بایکۆتى لایەنگرانى لە ناوخۆی ئێراندا ڕاگەیاند، تا کەمترین ئاستى دەنگدان لەنێو ئوستاندەکانى کوردستاندا تۆمار بکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا بێدارکردنەوەى خەڵکى کوردستان لەبەرامبەر مەترسیی کاریگەرییەکانى کابینە حکومییەکەى ڕەئیسی لە سۆنگەى ئەزموونى نێو دامودەزگا ئەمنى و جاسووسییەکانە و نزیکی ئایەتوڵڵا خامنەییە، هەروەها دیاریکردنى موحسین ئێژەیی وەک سەرۆکى داد و دانانى کارەکتەرێکى وەک حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پۆستى وەزیرى دەرەوەى ئێران کە خوێندکارى قاسم سولەیمانى بووە و شوێنهەڵگرى بەرنامە سیاسییەکەیەتى و کەسایەتییەکى ئوسوڵگەرا و پاڵپشتى بەهێزى ڕێبەری هەیە، بەم شێوەیەش تیمێکى تەواوى ئەمنی و سەربازیی توندئاژۆیان لە لوتکەى کابینەى حکومەتدا پێک هێناوە، لەو ڕوانگەیەی کە خەڵکی کوردستان و لایەنگرانى حیزب و هێزە سیاسییەکان هەستیارییەکى زۆریان لەبەرامبەر دەزگاى جاسووسی و ئەمنییەکان هەیە، هەر بۆیە لە سەرەتاى دەستبەکاربوونیەوە مەترسی و هەڕەشەکان لەسەر بارەگای هێز و لایەنە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵات و ئۆردووگاکانیان لە هەرێمى کوردستان زیاد بووە.

دەشێ هاتنەسەرکارى ڕەئیسی سەرەتاى دەستپێکردنى ئەو قۆناغە بێت کە باڵی کۆنەپارێزان سەرقاڵی لابردن و یەکلاکردنەوەى مەترسیی فایلە ئەمنییەکان بن لەسەر ئاسایشی ئێران و ڕەوتەکەیان، چونکە بە هاتنى ڕەئیسی، جووڵەى هێزە ئەمنی و سەربازییەکان زیاتر بوون و ئەفسەرە باڵاکانى سوپا لێدوان و دەرکەوتنیان زیاتر بووە، وەزارەتەکانى داد و ناوخۆ و دەرەوە زۆرترین لێدوانى فەرمییان هەبووە، گوتار و بڵاوکراوەى هەڕەشەئامێز زێدتر بوون و گومانى زۆری لەسەر سەقامگیریی هەرێمایەتی دروست کردووە، لە کوردستاندا پەڕەگرتنى جموجووڵە سەربازییەکان خێراتر بووە، تەنانەت لە مەراسیمى سوێندخواردنى ڕەئیسیدا بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى “ئەمینستى ئینتەرناشناڵ” منداڵێکى تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوى سەجاد سەنجەرى لە زیندانى دزێڵ ئاباد لە پارێزگاى کرماشان لەسێدارە درا و دەنگدانەوەیەکى بەهێزی لەلایەن ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتییەوە لێ کەوتەوە و بێگومان لەلایەن هێزە سیاسییەکانى کوردستانەوە بەتوندى سەرکۆنە کرا و وەک زەنگی مەترسیدار بۆ دەستپێکى قۆناغێکى نوێ لێک درایەوە.

فاکتەرێکی تری دژایەتیی هێزە کوردییەکان بۆ کابینەکەى ڕەئیسی ئەوەیە کە لە ناوچە کوردییەکان گوشارێکی ئەمنی و سەربازى  زۆر بەزەقی هەست پێ دەکرێت، تەنانەت سەرۆکپارێزگا کوردییەکان هەر ئەم بۆچوونەیان هەیە و کارێکی ئەوتۆ بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی سیاسی و  ئابووری ئەنجام نادرێت، چونکە دۆخى ئابووریی ناوچە کوردنشییەکان بە زۆر هۆکارى گشتى، بنچینەیی و ئەمنی پەراوێز خراوە و گەندەڵی و ڕانت و بێکاری و هەژاری و هەڵاوسان و نەبوونى دەرفەتى یەکسان وەک هۆکارگەلێکى بەردەوام خراپتربوونى چەند قاتەى بە هۆی کۆرۆنا و ئابڵوقەی ڕۆژئاوا؛ گوشارێکى زۆری بۆ خەڵکەکەى هێناوە.

بەم هۆیەوە کارنامەى حکومەتەکەى ڕەئیسی لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە لەبەرامبەر پرسە گرنگەکاندا داوەتە بەر ڕەخنە وەک بێکاری و کەمئاوی و کۆرۆنا و نەبوونى میکانزیمى چارەسەری خێرا و ئامادەیی حکومەتى نوێ بۆ ئەم گەرمە کێشانە کە بەرۆکى ئێران بەگشتى و کوردستانى بەتایبەتى گرتووە، هەروەها مەترسییەکانى شکستى دانوستانى ئێران و ڕۆژئاواش گرنگترین ئەو بابەتانە بوون کە هێزە سیاسییەکان لە بارەیەوە دەدوێن و پێشبینیی شکست و گلۆربوونەوەى لێ دەکەن.

هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لەنێوان هەڕەشەکانى کابینەکەى ڕەئیسی و هەرێمى کوردستاندا

هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وا نیشانیان دا کە گرەوەکانیان لەسەر ڕەئیسی و کابینەکەى لەدەورى ڕاستی دەگەڕێت، زۆری نەبرد و لە مەراسیمى سوێندخواردنەکەدا هەڕەشەکان بۆ سەر هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات وەک مژارێکى گرنگ هاتە باسوخواس. لە وادەى ئامادەبوونى شاندی باڵای حکومەتى هەرێم لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەدا پەیامێکى توندى ئاڕاستەى شاندەکە کرد، وەزیرى دەرەوەى ئێران داوای کرد هەر چی زووترە هێز و لایەنە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لە خاکى هەرێم دەربکرێن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەنجامى ئەو ڕێککەوتنەوەى کە لە بەغداد لەنێوان ئێران و تورکیا و عێراقدا مانگى حوزەیران گرێ دراوە، پرسی دەستوەردانى هەرێمی و ئۆپۆزسیۆنى هەر یەک لەو وڵاتانە ڕێککەوتنى لەسەر کراوە.

 لە کاتێکدا کە پرسی کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق گەرمتر بووە، بەرپرسانى هەرێمیش خوازیارى هەنگاوێکى لەو شێوەیە نین، ئەمەش دەرگاى بۆ ئێران کردووەتەوە کە بابەتى بوونى هێزەکانى ڕۆژهەڵات لە خاکى هەرێم یەکلا بکاتەوە، لە لایەکى ترەوە زیادبوونى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا لە سنوورەکانى هەرێم دژ بە پەکەکە و گوتارى وەزیرى دەرەوەى عێراق کە جۆرێک لە مەشروعیەتی دا بە تورکیا؛ ئەو مژارەى هێناوەتەوە بەر باس کە بوونى هێزەکانى ڕۆژهەڵاتیش پاساوێک بێت بۆ حکومەتەکەى ڕەئیسی تا فشار و دەستوەردانەکانى خێرا و زێدتر بکات.

لەم سۆنگەیەوە ڕەئیسی بە هاوکاریی گرووپە وەلائییە شیعییەکان و هێزە میلیشیاییەکان لە عێراق و لە ڕێگەى فالح فەیازى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی، بۆ جارێکى دى پەیامێکى هەڕەشەی نارد و داوای کرد کە هەرێمى کوردستان لە ململانێکانى نێوان تاران و واشنتندا پشتیوانیى ئەمەریکا نەکات و ڕێگر بێت لە کشانى سوپاى ئەو وڵاتە بۆ قووڵایى خاکى کوردستان و کردنەوەى بارەگاى سەربازی و ئەمنى و تەنانەت لە هەر چوار بنکە سەربازییەکانى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کە دەکەونە ناوچەکانى  (فڕۆکەخانە، هەریر، هەڵەبجە و هەولێر) هێزەکانیان بکشێننەوە، بەرپرسانى هەرێمی کوردستانیش گرەنتیى زامنکردنى ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و دوورخستنەوەى مەترسییەکانى حەشدی شەعبی لەسەر هەولێر مەرجى قایلبوونیانە بە کشانەوى هێزەکانى ئەمەریکا.

لە چوارچێوەى ئەم جووڵە نوێیەدا لە ١١ی ئابدا، فالح فەیاز لە دیدارێکى تایبەتدا لەگەڵ مەسعوود بارزانى کۆ بوونەوە و جەختیان لە دروستکردنى هەماهەنگیى سەربازى و ئەمنیى نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کردەوە، کە دەشێ هەنگاوى یەکەمى و کردەیی حکومەتەکەى ڕەئیسی بێت، هاوکات ئێران ئەو ئۆفەرەی دایە بارزانى ئەگەر هەرێمى کوردستان لەم ململانێ نوێیە نەچێتە پاڵ ئەمەریکا، ئەوا تاران هاوکار دەبێت بۆ هێورکردنەوەى دۆخى نێوان هەولێر و میلیشیا شیعییەکان و فشارەکانى بۆ سەر حکومەتى عێراق لەبەرامبەر ناردنى بەشەبودجەى هەرێم لە بەغداد دەست پێ دەکات، هەر بۆیە حکومەتەکەى ڕەئیسی و هاوپەیمانەکانى لە عێراق چاویان لەوەیە هەرێمى کوردستان بە ئۆفەرەکانیان ڕازی بێت و لە ئەمەریکا دوور بکەونەوە، هەرێمى کوردستانیش وەڵامێکى ئەرێنی هەبێت تا ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر ڕوو نەداتەوە و کوردستانیش لە پەلامارەکانى میلیشیا شیعییەکان بپارێزن.

بە قایلبوونى بەرپرسانى هەرێم بە داخوازییەکانى تاران، زەرەمەندى یەکەم هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتن کە بنکە و ئۆردووگاکانیان لە هەرێمى کوردستانە، چونکە بە کەمبوونەوەى کاریگەرییەکانى ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان، تاران دەستخاڵی دەبێت بۆ فشارخستنە سەر بارەگاى هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان و وەدەرنانیان، هاوشێوەى ڕێککەوتنى ستراتیجیی نێوان تاران و حکومەتەکەى مالیکی بۆ دوورخستنەوەى هێزەکانى موجاهیدنى خەڵک لە هاوینى ٢٠١٠دا لە کەمپی ئەشرەفەوە بۆ خاکی ئەلبانیا.

ئەم فشارانە گومانى هەنگاوى کردەییان لێدەكرێت و هەڕەشەکان بۆ سەر هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە سەرەتاى دەستبەکاربوونى کابینەکەى ڕەئیسیدا بوونە هەڕەشەی ئاشکرا، وەک ئەوەى لە ٦ی ئەیلوولدا وەزیری هێزەکانى وشکانیى ئێران هۆشداریی دا بە دوورکەوتنەوە لەدەوری بارەگاکانى هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات وەک ئاماژەیەک بۆ بۆردوومانکردنى بنکە و بارەگاکانیان. ڕۆژی دواتر و لە ٧ى ئەیلوولدا ڕۆژنامەى “وەتەن ئەمروز” لە ژمارەى ٣٢٩٧دا لە زارى محەمەد پاکیور فەرماندەى هێزە زەمینییەکان، ڕایگەیاند کە مووشەکەکانیان بە ڕووی هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات ئامادەیە کە زیاتر پەیامی لێدانى کردەیی تێدا بوو نەک بەتەنها هەڕەشە، هەر بۆیە لە ٩ى ئەیلوولدا هێزەکانى سوپاى پاسداران لە ڕێگەى (٦) فڕۆکەى بێفڕۆکەوان سنوورەکانى هەرێمى کوردستانیان بۆ ماوەى ٤ کاتژمێر بۆردوومان کرد، هەروەها ژمارەیەکى زۆر لە سوپا و پۆلیسی ناوخۆ لە شارەکانى بانە، مەریوان و پیرانشار بڵاوەیان پێ کراوە، لە بەرامبەریشدا کۆمیتەى ناوەندى کۆمەڵە، كە دەكاتە ڕێکخراوى کوردستانى حیزبی کۆمۆنیستى ئێران لە هەمان ڕۆژدا لە ڕاگەیەنراوێکى خێرادا وەڵامى هەڕەشەکانى دایەوە بەوەى ئامانجى کۆمارى ئیسلامی دەستدرێژییە بۆ سەر هەرێمى کوردستان هاوشێوەى تورکیا، زیاتر لەوەى مایەى مەترسی بن بۆ سەر هێزە بەرهەڵستکارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان،

لێرەدا وا دەردەکەوێت کە کابینە نوێیەکەى ڕەئیسی زیاتر لە هەر حکومەتێکى تر لە ماوەى ٢١ ساڵی ڕابردوو هێزەکانى ڕۆژهەڵات بە سەرچاوەى مەترسیی گەورە دەزانن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان، ئەم پرسەیان زیاتر لە هەر بابەتێکی تر ورووژاندووە و تەنانەت دژ بە ڕێککەوتنى “جنێڤ ١ و ٢”  وەستاونەتەوە کە هەر هێزێکی سیاسی بۆ ماوەیەک لە جموجووڵی سیاسی و چەکداری بکەوێت بەرامبەر بە هەر وڵاتێک، مافی داڵدەدانى لەلایەن وڵاتێکى ترەوە دەبێت و پێویستە وڵاتانى ئەندام لە کۆنگرەکە بپارێزرێت، کە بێگومان ئێران یەکێکە لە وڵاتە ئەندامەکان، هەر بۆیە ڕەئیسی ئامادەى شکاندنى ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە لەبەرامبەر دەرکردنى هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات.

لەم ڕووەوە حکومەتەکەى ڕەئیسی هەوڵی داوە بە سوودوەرگرن لە هەریەک لە پرسەکانى کشانەوەى ئەمەریکا لە عێراق و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و لاوازیى حکومەتى عێراق لە پاراستنى سنوور و سەروەریى خۆی، وەک هێزێکى کاریگەر و ئەڵتەرناتیڤی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا مانۆڕ بکەن و هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات وەک کلیلی ئەم هەنگاوە سەیر بکەن و زیاتر لەوە پاساوێک بن بۆ ئامادەیى ئێران و هێزە وەلائییەکانى بۆ قۆناغی دواى کشانەوى ئەمەریکا لە عێراق، چونکە بەو پێودانگە هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لە ماوەى ٢١ ساڵی ڕابردوودا شەڕ و جووڵەى چەکداریی ئەوتۆیان نەبووە و جگە لە کارى تەبلیغاتى؛ مەترسیی چەکداری و ئەمنییان دروست نەکردووە و کاریگەرییەکى ئەوتۆیان نەبووە، لە لایەکى ترەوە هەوڵەکانى ئەم کابینە نوێیە کۆتاییهێنانە بە هەنگاوەکانى کابینەکەى ڕۆحانى و هەوڵەکانى بەرەى ڕیفۆرمخوازان بۆ وتوێژ و دانوستانە نهێنییەکانیان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات لە وڵاتانى ئەورووپادا. ئەمانە و سەربارى ئەوەى بە درێژایی پتر لە ١٣٠٠کم لە سنووری نێوان ئێران–عێراق، هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەتەنها لە ١٩کم لە شێوەى شانە و گرووپی بچووک بە چەکى سووک نیشتەجێ بوون و هەرگیز مەترسییەکى ئەوتۆ نەبوون و نین.

لە ئێستادا هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەنێوان دووڕیانى بڕیارە سیاسی  و ستراتیجییەکانى هەرێمى کوردستاندایە و لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت چارەنووسیان لەدەست سەرکردایەتیى سیاسیی هەرێمى کوردستاندایە، بەڵام لە ناوەرۆکدا ڕوون و ئاشکرایە کە چ حکومەتى عێراق و چ هەرێمى کوردستان تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى ئێرانیان نییە بۆ پاراستنى سنوور و سیادەى خۆیان، لە لایەکى ترەوە هێزە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان تا ئەندازەیەک ڕێزیان لە پاراستنى شکۆ و سەروەری خاکى هەرێمى کوردستان و عێراق گرتووە و نەبوونەتە مایەى هەڕەشەیەکى ئەوتۆ یان هێرش و پەلاماردانیان بۆ سەر سنوورەکانى ئێران  و ڕۆژهەڵاتى کوردستان نەبووە لە خاکى هەرێمەوە، هەر بۆیە دەکرێت هەرێمى کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆڵ بگێڕێت لە کەمکردنەوەى فشارەکانى حکومەتەکەى ڕەئیسی لەسەر هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و چارەسەرى پرسەکە بە ڕێگەى دیالۆگ و گفتوگۆ ئەگەرێکى کراوە بێـت.

 

 

 

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (١) تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ ساڵی یەکەم.

 

 

Send this to a friend