هەژموونی خۆڵبارین و ئایندەی ئاسمانی هەرێم
ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد
هەژموونی خۆڵبارین و ئایندەی ئاسمانی هەرێم
ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد
بەرایی
لەگەڵ ئەوەی مێژووی خۆڵبارین دێرینە، بەڵام چەند ساڵێکە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە دۆخی باو کەوتوونەتە بەر شەپۆلی تۆز و خۆڵبارین، ماوەی دوو ساڵیشە ئەم شەپۆلانە زیادیان کردووە و ئەمساڵیش شەپۆلەکان هەم ژمارە و هەم چڕییان زیاتر بووە. لەگەڵ ئەوەی لە 10 ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک هۆشداری لە بارەی ئەم شەپۆلانەوە دراوە کە ئێستا ئاسمانی هەرێم و عێراقیان تەنیووە، بەڵام توێژەران دەڵێن ڕێکاری پێویست نەگیراونەتەبەر و نەتوانراوە ڕێگری لە زیادبوونی بەبیابانبوون و لە کۆتاییشدا خۆڵبارین بکرێت، ئەمەش ئایندەی عێراق و ژینگە و تەندروستیی دانیشتووانەکەشی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە.
سەرچاوەکانی خۆڵبارین
زیاتر لە 95ی سەرچاوەکانی خۆڵبارین لە ئێستادا لە دەرەوەی عێراقدایە و وڵات بەدەست زیادبوونی بەبیابانبوونەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت لە خۆرئاوای وڵات. ڕۆژانە لە ڕێگای مانگی دەستکردەوە چاودێریی کەشوهەوا دەکەن و لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیشدا لە هەماهەنگیی بەردەوامدان. وەزیری ژینگە دەڵێت، دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی، مێرگ و دارستان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی؛ هاوکار دەبن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان. گەردەلوولە خۆڵاوییەکان لە ماوەی ڕابردوودا توندتر بوونەتەوە، ئەمەش لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەتایبەت کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای بەر کەوتوووە کە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی پشکە ئاوییەکان و کەمبوونەوەی دابارین. لێرەدا خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە بریتییە لەوەی زۆربەی گەردەلوولە خۆڵاوییەکان هەرێمین و سەرچاوەکەی لە دەرەوەیە، بەتایبەت ناوچەکانی دەیرەزوور کە ڕێژەی بەبیابانبوون تێیاندا زیادی کردووە، هەروەها بیابانەکانی سەر سنووری ئوردن، سعودیە و بیابانەکانی ئەفەریقا. گەردەلوولە خۆڵاوییەکان سنووربڕن و بایەکانیش لەگەڵ خۆیاندا دەیانگوازنەوە بۆ عێراق، بەم جۆرەش عێراق دەبێتە ناوەندی گەردەلوولەکان. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە خۆڵبارینەکانی ئەم جارە چڕوپڕن کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە و ژمارەیەکی زۆر تووشی تەنگەنەفەسی دەبن، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی ڕەبۆیان هەیە، ئەمە جگە لە کاریگەرییە ئابوورییەکان و کاریگەریی لەسەر گواستنەوەی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی. خۆڵبارین لە عێراق کاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوت هەیە و گرووپە تیرۆریستییەکانیش وەک هەلێک بەکاری دەهێنن بۆ هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان. جاسم فەلاحی؛ وەزیری ژینگەی عێراق بە گۆڤاری ئایندەناسیی وای وت.
خالید سڵێمان؛ ڕۆژنامەنووسی تایبەت لە بواری ژینگە و گۆڕانی کەش، دەربارەی سەرچاوەکان دەڵێت: سەرچاوەکانی خۆڵبارین بۆ عێراق بریتییە لە ناوچەکانی خۆرئاوای عێراق، لە پارێزگای ئەنبار بۆ شاری قائم، لەوێوە بۆ ئەوبەری سنوور واتە سنووری سووریا، لە دەیرەزوور و ناوچەکانی حەسەکە، لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ خۆرئاوای موسڵ و لەوێشەوە دەگەنە ھەرێمی کوردستان. ئەمانە سەرچاوە نێوخۆییەکانی خۆڵبارینن بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان. بێگومان سەرچاوەی دیکەش ھەیە، یەکێک لەو سەرچاوانەی کاریگەریی لەسەر خۆڵبارین لە عێراق ھەیە، بریتییە لە بیابانی گەورەی ئەفەریقا، کە لەو بیابانەوە خۆڵبارین ھەڵدەکات و بەرەو ناوچەکە دێت لەگەڵ تەوژمی بادا و عێراقیش یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی کە بەر ئەم خۆڵبارینە دەکەوێت. خودی ھەرێم سەرچاوەی خۆڵبارین نییە، چونکە خاکەکەی فشەڵ نەبووە و دابارینی وەرزییش ھەیە، ئەوەی ھەیە ڕۆژئاوای عێراق و باکووری خۆرئاوای سووریایە. خۆڵبارین سات و کاتی خۆی ھەیە و ھەموو کاتێک وەک یەک نییە، بۆ نموونە: لە مانگەکانی ئازار و نیسان و ئایار زۆر زۆرە، چونکە وەرزی گۆڕانە لە زستانەوە بۆ ھاوین کە تێیدا زەوی گەرم دەبێت، بەتایبەت کە زستانەکەی باران کەم بووبێت و زەوییەکە فشەڵ بێت، ئیتر لەم کاتەدا ھەر ھەوایەکی سارد لە ئەورووپاوە بەرەو ناوچەکە بێت، دەیکاتە خۆڵبارین.
ئەحمەد تەها عەلی؛ پسپۆڕی جوگرافیا و مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی گەرمیان، لە بارەی سەرچاوەکانی خۆڵبارین بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت: ناوچەکانی بادیەی شام، بادیەی جەزیرە، بیابانی ڕۆژئاوای عێراق، هەندێک لە ناوچەکانی باکووری خۆرهەڵاتی ئەردەن، باکووری سعودیە و کوێت؛ سەرچاوەی خۆڵبارینەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەزۆری خۆڵبارینەکانی هەرێم لە بادیەی شام، بادیەی جەزیرە و بانی ڕۆژئاواوە دێن، ئەم ناوچانە دەکەونە خۆرئاوای پارێزگای کەرکووک، سەڵاحەدین، موسڵ، ڕومادی، کەربەلا و نەجەف لە عێراق و ناوچەکانی دێرەزوور، حەسەکە و ڕەقە لە سووریا، ئەم ناوچانە وشک و نیمچەوشکن و بارانیان لە ٢٠٠ ملم کەمترە و ڕووپۆشی ڕووەکی نییە، جگە لە چەند دڕک و ڕووەکێکی بیابانی کە دەتوانن بەرگەی گەرمای بێئەندازەی بیابانەکان بگرن. لە ناوچەی بادیە، بنکی بەشێک لە لقە ئاوییەکانی دیجلە و فوڕات و دەریاچەکان کە وشکبوون هەیە، ئەمانە بە هۆی پێکهاتەی لیتەیی بنکەکانیانەوە لە خاکی شیتەڵ و شیبووەوەی لیتەیی و لمین پێک هاتوون کە دەنکۆڵەکانیان بچووک و سووکن و لە کاتی بوونی بای خێرا بەئاسانی دەگوازرێنەوە. جگە لەم ناوچانە، بیابانەکانی حەماد و نفوز هەیە کە خاکێکی بیابانیان هەیە و بەئاسانی تووشی ڕاماڵین و گواستنەوە دەبن.
عەلی لامی پسپۆڕی بواری ژینگە، خۆڵبارینی ئێستای عێراق بە کێشەیەکی گەورە ناو دەبات و دەربارەی سەرچاوەکانیش دەڵێت: سەرچاوەی ئەم خۆڵبارینانەی عێراق نێوخۆیی و ھەرێمین، بەڵام بە ھۆی وشکەساڵی لە دوو ساڵی ڕابردوودا و وازھێنان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ھۆی کەمبوونەوەی ئاو، خاکی وڵات وشک و فشەڵ بووە و ئەمەش سەرچاوە نێوخۆییەکانی خۆڵبارینی زۆر کردووە. لەگەڵ کەمترین جووڵەی باشدا، ئەم خاکە وشکە بەرز دەبێتەوە و دەچێتە ھەوا، ھەر بۆیە ئەوەی ئەمساڵ بەدیی دەکەین لە خۆڵبارین، ھیچ ساڵێکی پێشووتر نەماندیوە. ئەو سەرچاوانەی خۆڵبارین کە دوورن و لە دوورییەکی زۆر لە عێراقدان، پێشتریش ھەبوون، بەتایبەت لە مانگی ئایار کە بەشێکی دیاری لە ئەفەریقاوە دێن، بەڵام سەرچاوە زۆر و سەرەکییەکانی خۆڵبارین بۆ عێراق نێوخۆیی و ھەرێمییەکانن کە وشکەساڵی ڕووی تێ کردوون و کاریگەریی تێ کردوون، بۆ نموونە: لە کاتێکدا عێراق خاوەنی ١٢ ملیۆن دۆنمە، بەڵام بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ئەم ڕووبەرە بۆ سێ ملیۆن دۆنم دابەزیوە، واتە نزیکەی ٩ ملیۆن دۆنم زەویی کشتوكاڵی وشک بوون و بە نزیکەیی بوون بە ناوچەی سەرچاوەی خۆڵبارین، ھەر لەبەر ئەم ڕاستییانەش وتم کە کێشەکە لە تواناکانی حکومەت گەورەترن. ڕاستە دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی بۆ شارەکان و درەخت ڕواندن لە شارەکان گرنگن، بەڵام چارەسەری کێشەکە ناکەن، چونکە کێشەکە بریتییە لە کەمبوونەوەی خاکی کشتوكاڵی و زۆربوونی ئەو ناوچانەی کە سەرچاوەی خۆڵبارینن و بە ھۆی سروشتی خاکی ئەم ناوچانەش کە فشەڵن، بە کەمترین با بەرز دەبنەوە و ھەڵدەکەنە سەر ئەو ناوچانەی کە باکە ڕووی تێ دەکات.
پێکهاتەى خۆڵبارین و کاریگەریی لەسەر ژینگە
عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت؛ پسپۆڕی جوگرافیا، پێکهاتەى خۆڵ و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە شی دەکاتەوە و دەڵێت: بە پێى سەرچاوەکەى دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى دەنکۆڵەکانى خۆڵ (خاک) تیرەیان ٥٠٠ مایکرۆن یا کەمترە. بە پێى کاریگەری و ڕۆڵیان لە چڕیى خوڵبارین، تواناى مانەوەیان لە بەرگى هەواییدا و کاریگەرییان لەسەر ژینگە و تەندروستیى مرۆڤ؛ دەکرێتە چوار بەشەوە:
١. زۆر زبر: ئەم دەنکۆڵانە تیرەیان نزیکەى ٥٠٠ مایکرۆنە و لەبەر کێشیان تا چەند سەنتیمێک یا چەند مەترێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لە ماوەیەکى یەکجگار کورتتدا دادەبەزنەوە سەر زەوى. کاریگەرییان لەسەر چڕیى خۆڵبارین و تەندروستیى مرۆڤ زۆر کەمە یان هەر نییە.
٢. زبر: تێرەى ئەم دەنکۆڵانە لەنێوان (١٠-٥٠٠) مایکرۆنن و تا قەبارەیان نزیک بێت لە ١٠ مایکرۆنەوە، زیاتر لە بەرگەهەوادا دەمێننەوە، بەڵام مانەوەیان لە بەرگەهەوا تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە و دواتر دادەبەزنە سەر زەوى. کاریگەرییان لەسەر تەندروستیى مرۆڤ هەیە، بەڵام بە شێوەیەکى زۆر کەم.
٣. ورد: ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تیرەیان لەنێوان (٥,٢-١٠) مایکرۆنە، بۆ ماوەیەکى زۆر لە بەرگەهەوادا دەمێننەوە، کاریگەرییان زۆرە لەسەر تەندروستیى مرۆڤ، بەتایبەتى لەسەر کۆئەندامى هەناسەدان، تووشبوون بە هەستیاریى چاو و کۆئەندامى هەناسەدان.
٤. زۆر ورد: ئەو دەنکۆڵانە دەگرێتەوە کە تیرەیان کەمترە لە ٥,٢ مایکرۆن. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە بۆ ماوەیەکى زۆر دەمێننەوە بەهەڵواسراوى لە بەرگەهەودا و هەندێک جار بۆ ماوەى زیاتر لە ٣ ڕۆژ دەمێننەوە. کاریگەریى لەسەر تەندروستیى مرۆڤ زۆرە، یەکێکە لە پڕمەترسیدارترین جۆرەکانى دەنکۆڵە و بە هۆکارى سەرەکى دادەنرێت لە هۆکارەکانى تووشبوون بە نەخۆشییەکانى شێرپەنجەى کۆئەندامى هەناسەدان. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە زۆر بەئاسانى تێکەڵ بە سووڕى خوێن دەبن و زۆر جار ئەم دەنکۆڵانە بە هۆى کردارى گۆڕینەوەى ئایۆن (ion exchange)، میتاڵە قورسەکانیان پێوەیە، ئەمەش مەترسییەکانى خۆڵبارین بۆ سەر تەندروستیى کۆمەڵگا زیاتر دەکات. خوڵبارین کاریگەریى زۆریشی هەیە لەسەر هاوسەنگیى نێوان تیشکى خۆر و تیشکى زەوى. کوالێتیى هەواش بەتەواوەتى دەگۆڕێت، چونکە کاریگەریى زۆرى لەسەر ڕێژەى ئۆکسجین دەبێت. بە هۆى وردیى دەنکۆڵەکانى خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەنیشنەوە سەر گەڵاى دار و ڕووەک و بەروبوومە کێڵگەییەکان، دەبێتە هۆى داخستنى مولوولەى سەر گەڵاى دارەکان و پەکخستنى کردارى ڕۆشنەپێکهاتن و دواتر وەرینى گەڵاى دارەکان و کەمکردنەوەى بەرهەمى کشتوکاڵى لە بەروبوومە کێڵگەییەکان. لە لایەکى ترەوە دواى نیشتنەوەیان لەسەر زەوى یان خاک، دەبێتە هۆى تێکچوونى پێکهاتەى خاک لە ڕووى کیمیایى، فیزیایی و بایۆلۆجییەوە و ڕێژەى میتاڵە قورسەکان لە خاک زیاد کات. خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ زیادبوونى لێڵیى ئاو و زۆر جار بە پێى خەستیى خۆڵبارینەکە ڕێژەى ترشى و تفتى (pH)ى ئاو دەگۆڕێت و ڕێژەى میتاڵە قورسەکان لە ئاو زیاد دەکات، کە هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر زیندەوەرانى نێو سەرچاوەکانى ئاو دەبێت و تەنانەت کوالێتیى ئاوەکە دەگۆڕن.
میکانیزمەکانی گواستنەوەی تۆز و خۆڵ
ئەحمەد تەها عەلی بەم جۆرە میکانیزمەکانی گواستنەوەی تۆز و خۆڵ لە سەرچاوەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕوون دەکاتەوە: میکانیزمی گواستنەوەی خۆڵبارین بوونی نەوراییەکی نزمە لەسەر سەرچاوەکانی خۆڵبارین کە پێشتر ناومان برد، ئەم نەوراییە نزمە لە ئاستەکانی سەرووی کەشە و بە خێراییەکی بەرز دەسووڕێتەوە کە زیاترە لە ٥٠ مەتر لە چرکەیەکدا، هاوکات بوونی نزمەپەستانێکی قووڵ لەسەر زەوی یارمەتیی هەڵدان و گواستنەوەی تۆز و خۆڵ بۆ نێو ئەم سیستمە فەراهەم دەکات، پاش کەوتنەڕێی نزمەپەستانەکەی سەر زەوی و نەوراییەکەی ئاستی سەرەوە خۆڵ لە سەرچاوەکانی خۆڵبارینەوە بەرەو ناوچەکانی خۆرهەڵات دەگوازرێتەوە کە زۆر جار بەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران تاکوو ئەفغانستان دەڕوات، بەڵام کاریگەرییەکەی تا بێت کەمتر دەبێت، هەندێک جار لەلایەن سەرچاوەکانی خۆڵبارینی لۆکاڵییەوە هاوکاری دەکرێت و خۆڵ و دەنکۆڵەی زیاتر هەڵدەگرێت. واتە هەموو خۆڵبارینێک پێویستی بەم میکانیزمانە هەیە:
ا. بوونی بایەکی خێرا کە زیاتر بێت لە ٥٠ مەتر لە چرکەیەکدا کە دەتوانێت نیوملیۆن تەن خۆڵ هەڵبگرێت لە ماوەی ڕۆژێکدا.
ب. بوونی زەوییەکی شیبووەوەی لماوی یان لیتەیی ڕووتەن لە ڕووەکی سروشتی، کە زۆر جار زەویی بنکی دەریاچە و ڕووبارە وشکبووەکان یان خاکی بیابان، نیمچەبیابان و ناوچە کشتوکاڵییە بەبیابانبووەکان دەگرێتەوە.
ج. نەبوونی هیچ بەربەستێکی وەک شاخ و گردی بەرز لەبەردەم ئەو بایە خیرایەی کە هەڵدەکات و دەنکۆڵەکانی خۆڵ هەڵدەگرێت.
عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت هۆکاری دروستبوونی خۆڵبارین و میکانیزمی گواستنەوەکەی بەم جۆرە شی دەکاتەوە:
ئەم دیاردەیە بە هۆى ڕاماڵینی خاکەوە دروست دەبێت بە هێزى با و دواتر دەنکۆڵەکانى خاک بەرز دەبنەوە بۆ بەرگەهەوا و تا زیاتر لە دوو کیلۆمەتر لە ڕووى زەوییەوە. بۆ ڕوودانى ئەم دیاردەیە، بە شێوەیەکى سروشتى پێویستە خێرایى با زیاتر بێت لە ٢٥کم/کاتژمێر لە شوێنى سەرچاوەوە کە زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن، وەکوو بیابانى عەرەبى، بیابانى خۆرئاواى عێراق و هەندێک جاریش لە بیابانى ئەفەریقاوە. مەرجیش نییە خۆڵبارین تەنها لە بیابانەکانەوە سەرچاوە بگرێت، چونکە زۆر جار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیشەوە دروست دەبێت. ئەو زەوییانەى کە دەکەونە ناوچە وشک و نیمچەوشکەکانەوە، کە بە هۆى کەمیى ڕووپۆشى ڕووەکى، کەمبارانى و بەرزیى پلەکانى گەرمییەوە ماددەى ئۆرگانییان زۆر کەمە و خاکەکانیان لاوازە و بەتەواوەتى شی بووەتەوە. بۆیە ئەم تایبەتمەندییانە وا دەکەن خاکەکە بەئاسانى لەگەڵ هەڵکردنى ڕەشەبادا بچێتە بەرگەهەواوە و بگوازرێتەوە بۆ ناوچەى دیکە. ئەمە جگە لەوەی چالاکییە ناتەندروستەکانى مرۆڤ لەو جۆرە زەوییانە، وەکوو جووتکردن بە شێوەیەکى نازانستى، بەکارهێنانى ئۆتۆمبێل لەو زەوییانە و چالاکییە سەربازییەکان زیاتر بەشى سەرەوەى خاک شی دەکەنەوە و تووشى ڕاماڵێن دێت بە با. خۆڵبارین (عواصف غباریە – Dust Storm) تا ڕادەیەک دیاردەیەکى ئاسایى نییە ئەگەر زیاتر دووبارە ببێتەوە، چونکە هەر کات ڕوو بدات، واتای ئەوەیە ڕێژەى ئاو و ماددەى ئۆرگانى لەنێو خاکدا کەم بووەتەوە. پێشتر لە هەندێک ناوچەى دیاریکراو ڕووی داوە لە عێراق وەکوو (ئەنبار، موسڵ و سەماوە) کە نزیکن لە بیابانەکانەوە، بەڵام بەم چڕییەى ئێستا نەبووە، تەنانەت هەموو عێراقى نەگرتووەتەوە. لەدواى ساڵى (٢٠٠٠)ەوە ئەم دیاردەیە زیاتر لە عێراق چڕ بووەتەوە، ئەوەش بە هۆى کاریگەرییەکانى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و زیاتر دووبارەبوونەوەى وشکەساڵى کە ڕووبەڕووى ناوچەکە بووەتەوە. لە ئەنجامدا پلەى گەرمى و ڕێژەى بەهەڵمبوون بەرز بووەتەوە و ڕێژەى دابارین زۆر کەم بووەتەوە، بۆیە ڕێژەى شێ لە خاکدا نزیکە لە سفرەوە، ماددەى ئۆرگانى تووشى ئۆکساندن بووە و دەنکۆڵەکانى خاک لە جۆرى (گڵ – Clay) بەتەواوەتى شێواوە و تواناى دروستکردنى (تۆپەڵ – Aggregation)یان نەماوە. هەر خاکێکیش سیفەتى دروستکردنى تۆپەڵەى نەبێت، زۆر بەئاسانى تووشى ڕاماڵین بە ئاو و با دەبێت.
وشکەساڵی، سەرچاوە سەرەکییەکەی خۆڵبارین
ماوەی چەند ساڵێکە ڕێژەی دابارین لە عێراق، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێش رووی لە کەمی کردووە و هەندێک جار بۆ ماوەی چەند ساڵێک وشکەساڵی لەسەریەک دووبارە دەبێتەوە، بە پێی لێدوانی توێژەرانیش دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی لەو ناوچانەی سەرچاوەی خۆڵبارینن بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوون و چڕبوونەوەی خۆڵبارین لە عێراق و هەرێم.
لەو بارەیەوە خالید سڵێمان دەڵێت: وشکەساڵی ھۆکاری سەرەکیی خۆڵبارینە، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە سەرچاوە نێوخۆییەکانی خۆڵبارینن بۆ عێراق (خۆرئاوای عێراق و باکووری خۆرئاوای سووریا)، دوو وەرز زیاترە دابارینی وەرزی تێیاندا یان نییە یان زۆر کەمە، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی فشەڵبوونی توێژاڵی زەوی و لەناوبردنی پۆشاکی زەوی (vegetation). ئەم ناوچانە چەند ساڵێکە بوونەتە شوێنی جووڵە سەربازییەکان، بەتایبەت سنووری ئەنبار کە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا بوونەتە شوێنی چالاکی، جووڵە و پێکدادانی سەربازی، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە ڕووبەرێکی زۆری خاکەکەی سەوزایی لەدەست بدات و فشەڵ ببێت و ببێتە سەرچاوەی سەرەکیی خۆڵبارین.
ئەحمەد تەها عەلی زیادبوونی خۆڵبارین بە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی وشکەساڵی دادەنێت و دەڵێت: وشکەساڵییەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی (٢٠٢٠-٢٠٢١، ٢٠٢١-٢٠٢٢) کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی ئاو، ڕووپۆشی ڕووەکی، زیادبوونی بەبیابانبوون و وشکبوونی ڕووبار و دەریاچەکان هەبووە، وشکیی وەرزەکانی پاییز، زستان و بەهار دەبێتە هۆی زیادبوونی وشکیی خاک، کەمبوونەوەی ڕووەک، شیبوونەوەی لیتە و خاک و ئاسانکردنی پڕۆسەی ڕاماڵینی هەوایی لە سەرچاوەکانی خۆڵبارین. هەر بۆیە زۆر جار گەردەلوولەکانی خۆڵبارین زیاتر و بە پلەی یەکەم لە مانگەکانی ٤ و ٥ی ساڵدا ڕوو دەدەن، چونکە لەم دوو مانگەدا پلەکانی گەرمی بەرز دەبنەوە، ئەگەر خاکەکە ڕووتەن و وشک بێت، ئەوکات زووتر شی دەبێتەوە و لەلایەن بایەکانەوە دەگوازرێتەوە و هەڵدەگیرێت.
مەترسییە گەورەکان، بێپلانی و وشککردنی دیجلە و فوڕات
بە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامانەی لەنێوان عێراق و تورکیا هەن و پشکی هەردوو لا لە سەرچاوە ئاوییەکان دەپارێزن، لە چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا دەستی بە دروستکردنی دەیان پڕۆژە و بەنداو کرد لەسەر هەردوو ڕووبارەکە و ئێرانیش ئەو سەرچاوە ئاوییانەی گرتەوە کە دەڕژێنە هەرێمی کوردستانەوە. ئەحمەد تەها عەلی دەڵێت: گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فوڕات لەلایەن تورکیاوە، بەتایبەت کاریگەریی هەبووە لەسەر زیادبوونی دووبارەبوونەوەی گەردەلوولی خۆڵبارین. تورکیا لە ڕێگەی پڕۆژە ئاوییەکانی ئەلیسۆ و گاپەوە بەشێکی زۆری ئاوی ئەم دوو ڕووبارە دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر زەوییەکانی دەوروبەری ڕووباری دیجلە و فوڕات هەیە لەنێو سووریا و عێراق، چونکە زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆرئاوا و باشووری عێراق و خۆرهەڵات و ناوەڕاستی سووریا پشت بە ئاوی ئەم دوو ڕووبارە دەبەستن، بۆیە لە ماوەی دەستپێکردنی پڕۆژە و بەنداوەکانی گاپ و ئەلیسۆوە، وردەوردە ڕووبەری بەبیابانبوون لە عێراق و سووریا زیادی کردووە، تەنانەت بەشێک لە بنکی ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات بووەتە سەرچاوەی خۆڵبارین بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها وشکبوونی هۆرەکانی باشووری عێراق و بەشێک لە دەریاچەکان هۆکاری زیادبوونی خۆڵبارینن لە ناوچەکە، چونکە ئەو نیشتووانەی کە لە ڕێگای ڕووبارەکانەوە ڕادەماڵرێت، چەندین ساڵە لە بنکی دەریاچەکاندا کۆ کراوەتەوە، بە وشکبوونی دەریاچەکان دەبنە سەرچاوەی خۆڵبارین.
خالید سڵێمان چالاکیی کشتوکاڵی بێپلان، خراپ، نازانستی و ھەڕەمەکی وەک هۆکارەکانی خۆڵبارین باس دەکات و دەڵێت: بەرنەدانەوەی ئاوی پێویست لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات، بوونەتە ھۆی دەرکەوتنی ڕێژەیەکی زۆری خوێ لە دەوروبەرەکانی ڕووبارەکان، چونکە ڕووبەرێکی زۆری زەویی کشتوکاڵی لە دەوروبەرەکانی ھەردوو ڕووبارەکە لە ئاوی دیجلە و فوڕاتەوە ئاودێری دەکران، بەڵام ئێستا ئەوە کەم بووەتەوە، چونکە بە ھۆی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداوی زۆر لەلایەن ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانەوە، ڕێژەیەکی زۆر ئاو لەدەست دراوە، کە ئەم ھەنگاوە “سیاسەتێکی شەڕەنگێزانەی ئاو”ە بەرامبەر عێراق لەلایەن ھەردوو دەوڵەتەکەوە.
کەمیی سەوزایی وەک هۆکار
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕێکی زۆری سەوزایی لە هەرێم، عێراق و وڵاتانی دراوسێ لەناو چوون و لەناو بران، بە دروستکردنی ناوچە نوێیەکانی نیشتەجێبوونیش بەبێ پلان، هێندەی دیکە ناوچەکانی خستە بەردەم مەترسیی لەناوچوونی ڕووبەڕە سەوزییەکان. کەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزاییش لەو ناوچانەی سەرچاوەی خۆڵبارینن، لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ژمارەی خۆڵبارینەکان و چڕبوونەوەی شەپۆلەکانە.
خالید سڵێمان لە بارەی کاریگەریی کەمیی ڕووبەری سەوزایی لەسەر خۆڵبارین، ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لە سەرچاوە و ھۆکارەکانی خۆڵبارین نەبوونی ڕێژەی سەوزاییە، واتە پۆشاکی ڕووەکی، چونکە پۆشاکی ڕووەکی تاکە فاکتەری توندبوونەوەی زەوییە. کاتێک ئەم پۆشاکە ڕووەکەییە بە ھۆی دانەبارین، جووڵەی سەربازی، چالاکیی مرۆیی، ئاژەڵداری و کشتوکاڵی بێپلانەوە لەناو دەچێت، زەوی فشەڵ دەبێت و لەگەڵ بوونی ھەر بایەکدا خۆڵبارین دەست پێ دەکات.
سەوزکردن
کەمیی دابارین لەو ناوچانەی سەرچاوەی خۆڵبارینن، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی، وشکبوونەوە و فشەڵبوونی خاکەکەیان، بۆیە توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن سەوزکردن یەکێکە لە ڕێگا و میکانیزمەکانی کەمکردنەوەی خۆڵبارین لە ئایندەدا. لەو بارەیەوە ئەحمەد تەها عەلی دەڵێت: زیادکردنی سەوزایی و ڕووبەری دارستان لە نێوخۆی هەرێم، ڕەنگە کاریگەریی کەمی لەسەر خۆڵبارین هەبێت، چونکە گەردەلوولەکان زۆربەیان لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمەوە دێن، بەڵام دروستکردنی ڕووبەری سەوزایی، زیندووکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بووژانەوەی ڕووبار و دەریاچەکان، دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی لە ناوچە بیابانییەکان و نیمچەوشکەکانی عێراق و سووریا کە سەرچاوەی خۆڵبارینن، کاریگەریی باشی لەسەر کەمبوونەوەی خۆڵبارین دەبێت، چونکە ڕووەک و دارستان دەبێتە هۆی یەکگرتن و پتەوبوونی خاک، کەمبوونەوەی ڕاماڵینی هەوایی و ئاوی و دواجار کەمبوونەوەی تەپوتۆز و خۆڵبارین، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی چەند لایەنە و پلانی درێژمەودوا هەیە، ڕەنگە ئەنجامەکانی لە ماوەی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵ دەربکەوێت. لەگەڵ ئەمانەشدا زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و ڕواندنی دارودرەخت لەو ناوچانەی کە سەرچاوەی خۆڵبارینن، ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و زیندووکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان؛ چەند ڕێگاچارەیەکی کاریگەرن لەسەر پڕۆسەی بەبیابانبوون.
خالید سڵێمان سەوزکردن یان سەوزکردنەوە بە دوو ڕێگا دادەنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و دەڵێت: ھەندێک ناوچە بیابانن و پێویستیان بە سەوزکردن و پۆشاکی ڕووەکی نوێ ھەیە. سەوزکردنەوەش واتە سەوزکردنەوەی ئەو شوێنانەی پێشتر سەوز بوون و ئێستا سەوزاییان لەدەست داوە.
هەماهەنگیی هەرێمی
ئەمساڵ زۆربەی ئەو خۆڵبارینانەی ڕوویان داوە، جگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وڵاتانی دراوسێشی گرتووەتەوە و هەندێک جار یەک شەپۆل عێراق، ئێران، ئوردن، سووریا، سعودیە و کوێتیش دەگرێتەوە، هەر بۆیە لە ئێستادا هەوڵ و هەماهەنگیی هەرێمی لەئارادیە بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی خۆڵبارین و ڕووبەڕووبوونەوەی. ڕۆژی 25ی ئایاری 2022، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا و كوێت گفتوگۆی كرد و داوای لێ كردن پێكەوە كار بۆ كەمكردنەوەی خۆڵبارین و نەهێشتنی ئەو هۆكارانە بكەن كە دەبنە هۆی خۆڵبارین. وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە فوئاد حسێن؛ وەزیری دەرەوەی عێراق كردووە لەگەڵ حكومەتی سعودیە گفتوگۆ بكات، بەو پێیەی سعودیە بەشێكە لە سەرچاوەی خۆڵبارین و دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە كەمكردنەوەیدا ببینێت. بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیار دراوە لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی هەرێمی لە بارەی خۆڵبارینەوە ئەنجام بدرێت، تاکوو هەموو وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە هۆکار و دەرئەنجامەکانی خۆڵبارین کەم بکەنەوە.
میکانیزمەکانی کەمکردنەوەی خۆڵبارین
جاسم فەلاحی؛ وەزیری ژینگەی عێراق ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەیان و حکومەتی عێراق دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی خۆڵبارین و دەڵێت: وەزارەتی ژینگە چەند ساڵێکی زۆرە لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری پڕۆگرامەکانی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، عێراقیش پابەندیی خۆی بۆ ڕێککەوتننامەکان دووپات کردووەتەوە، بەتایبەت ڕێککەوتننامەی پاریس. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە هەوڵی بەردەوامدایە و بەوردی چاودێریی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق دەکرێت، کۆبوونەوەکانیش لەم بارەیەوە بەردەوامن و پلان و پڕۆگرامی تایبەتیش بۆ ئەم مەبەستانە دانراون و بێگومان کاتی پێویستیان دەوێت تاکوو جێبەجێ بکرێن. سەرۆکوەزیرانیش فەرمانی دەرکردووە بۆ دانانی ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی سەوز، فرەجۆریی ئابووری، وزەی نوێبووەوە و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و دارستانەکان، ئەمە جگە لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆمار بە ناوی “دەستپێشخەریی بووژاندنەوەی دۆڵی ڕافیدەین”. بێگومان گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، زۆربوونی ژمارەی گەردەلوولە خۆڵاوییەکان و ڕووبەری بیابانەکان و بەفیڕۆدانی زەوی، ئەنجامی ڕاستەوخۆی کەمیی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی پشکی عێراقە لە ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان. لە ئێستادا سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان و ئەمانەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەستپێشخەرییەکی خستووتە ڕوو بۆ ڕواندنی یەک ملیۆن درەخت. لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە، ئەوەش ئەوەیە کە دەبێت هەر هەوڵێک درا بەردەوامیی پێ بدرێت، بۆ نموونە ڕواندنی درەختێک گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر بەردەوامیدانە بە خزمەتکردنی ئەو درەختە تاکوو گەورە دەبێت. لە وەزارەتی ژینگە لەم بارەیەوە دەست بە هەڵمەتێکی فراوان کراوە، کار بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییانیش دەکەن بۆ پاراستنی ژینگە، زیادکردنی سەوزایی و قەدەغەکردنی هەر کارێک زیان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بگەیەنێت.
عەلی لامی جگە لەوەی بە پێویستی دەزانێت باری لەناکاو و نائاسایی ژینگە ڕابگەیەنرێت، بەم جۆرە چەند چارەسەرێکیش دەخاتە ڕوو: کێشەکە زۆر گەورەیە و پێویستی بە ڕێکار و چارەسەری تایبەت و ڕیزپەڕە. پێشی وایە کێشەکە لە تواناکانی حکومەت و دامەزراوەکانی گەورەترن، چونکە ھەم ڕووبەری عێراق گەورەیە و ھەم ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی وشکھەڵاتن بوونەتەوە، بوون بە سەرچاوەی خۆڵبارین، بۆیە پێویستە ھاوکاری لە کۆمپانیا بیانییە تایبەتمەندەکان وەربگیردرێت. ڕاستە سەوزکردن و دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی ھەیە، بەڵام دەبێت ھەر ناوچەیەک و بە پێی تایبەتمەندییەکانی چارەسەر بکرێن. وەک چۆن لە کاتی کۆرۆنادا عێراق بە ھەموو توانای خۆی دەستوەردانی کرد، دەبێت لەم بابەتەشدا بە ھەمان قورسییەوە دەستوەردان بکات، حاڵەتی باری نائاسایی ژینگەییش ڕابگەیەنرێت و ڕێکاری زۆر توند و جددی بگیردرێتە بەر.
عەلی لامی بۆ چارەسەرکردنی خۆڵبارین، هەڵگرتنی ئەم هەنگاوانە بە پێویست دادەنێت:
یەکەم: گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییە تایبەتمەندەکان بکرێت بۆ دیاریکردنی ئەو ناوچانەی سەرچاوەی خۆڵبارینن لە نێوخۆدا.
دووەم: پێشنیارکردنی چارەسەری تایبەت بە ھەر ناوچەیەک.
سێیەم: گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا گەورە خاوەن ئەزموونەکان بۆ جێبەجێکردنی چارەسەرەکان.
چوارەم: ھەماھەنگیکردنی ھەرێمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
ئەحمەد تەها عەلی چەند میکانیزم و ڕێگایەکی زانستی بۆ کەمکردنەوەی خۆڵبارین لە ئایندەدا باس دەکات و دەڵێت: ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، زیندووکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان؛ چەند ڕێگەچارەیەکی کاریگەرن لەسەر پڕۆسەی بەبیابانبوون، هەروەها بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ و زانستی بۆ سەوزکردنی ناوچە نیمچەوشک و وشکەکان، ئەوەش بە بردنی خاکی نوێ بۆ هەندێک لەو ناوچانە و تێکەڵکردنی لەگەڵ خاکی شیبووەوەی ئەو ناوچانەدا بۆ بەرزکردنەوەی پیتاندنی خاک و زیادبوونی ماددەی دوباڵ، یان بە تێکەڵکردنی خاکەکەی لەگەڵ خاکێکی بەردین و زیخندا کە دوای بارانبارین ببێتە هۆی یەکگرتنی خاکە بیابانییەکە. دەکرێت بۆریی ئاو و تونێلی ئاو لە کەنداوی عەرەبی و دەریای ناوەڕاست و دەریای سوورەوە لێبدرێت بۆ ڕاکێشانی ئاو لەو دەریایانەوە بۆ نێو زەوییە بیابانییەکان، ئەمەش پێویستی بە بودجە و پلان و کاری هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە، بەتایبەت هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لەنێوان وڵاتانی (تورکیا، عێراق، سووریا، کوێت، ئەردەن، سعودیە، ئێران). تورکیا بە هۆی دەوڵەمەندی بە سەرچاوەکانی ئاو، دەتوانێت ڕۆڵی باش ببینێت لە زیادکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم ناوچانە، بێگومان ئەم کارانەش پێویستی بە سەردانی دپلۆماس، پەیوەندیی سیاسی و فشاری ئابووری و نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان هەیە، دەکرێت کۆنفرانس و دانیشتنی گەورە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێک بخرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە و کەمکردنەوەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەش دوای دانانی پلان و ڕێکار و بودجەی پیویست بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان، بێگومان ئەمەش لە ماوەیەکی درێژخایەندا دەکرێت کە ڕەنگە ٥٠ ساڵی پێبچێت تاکوو دەرئەنجامە کاریگەرەکانی ببینین.
هاوکات خالید سڵێمان باس لە ڕێگا هەڵەکان دەکات و بەم جۆرەش چارەسەر دەخاتە ڕوو: بەکارھێنانی نەوت و ڕەشکردنەوەی بیابانەکان کە بەردەوام باس دەکرێت، یەکێکە لە چارەسەرە ھەرە سەرەتاییەکان، چونکە نەوتی ڕەشیش دوای ماوەیەک وشک دەبێت و لەگەڵ خاک و خۆڵدا تێکەڵ دەبێت و دەبێتەوە سەرچاوەی خۆڵبارین، ئەم جارە کێشەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لەبریی خۆڵی ئاسایی، خۆڵێکی تێکەڵ بە نەوتی ڕەش دادەبارێت و تێکەڵ بە ھەناسە و تەندروستیی ئێمە دەبێت. بۆیە ڕێگای سەرەکی بریتییە لە سەوزکردن، سەوزکردنەوە و داپۆشین بە ڕووەک. لە ئێستادا بۆچوونی نوێ ھەیە لە بارەی پۆشاکی ڕووەکی، ئەویش ئەوەیە ئەو ڕووەکانە بەکار بھێنرێن کە بەرگەی کەشوھەوای گەرمی بیابان دەگرن. ڕێگای دیکەش بریتییە لە کەمکردنەوەی جووڵە سەربازییەکان، جووڵەی مرۆیی، پییشەسازیی و ماڵداری، چونکە خاک و خۆڵی ئەم ناوچانە وەک بۆدرەیان لێ ھاتووە. بۆیە پێوستە سیاسەتێکی باش بۆ توندکردنەوەی خاکی ئەم ناوچانە پەیڕەو بکرێت.
عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت چەند ڕێگەچارەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆڵبارین لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو: تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی یان کەمکردنەوەى دیاردەى خۆڵبارین، تەکنیکەکان بە پێى شوێنى سەرچاوە یان شوێنى هەڵکردنى خۆڵبارینەکە دەگۆڕێت. لە ڕووبەرە بچووکەکان پێویستە ڕێژەى ماددەى ئۆرگانى لەنێو خاکدا زیاد بکرێت، ئەوەش لە ڕێگاى بەکارهێنانى پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە شێوەى زانستى، تێکەڵکردنى پاشماوەى ڕووەک و دارى هاڕاو یان فراوانکردنى ڕووپۆشى ڕووەکى و دروستکردنى پشتێنەى سەوز لە دەوروپشتى شارەکان. هەندێ ماددەى کیمیاییش بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەو ماددانە کاریگەرییان لەسەر ژینگە زۆر خراپە، بۆیە پێویست ناکات ئاماژەیان پێ بکرێت.
بۆ کۆنترۆڵکردنى دیاردەى خۆڵبارین لە بیابانەکانەوە، بە هۆى فراوانیى ڕووبەرەکەی، پێویستى بە هەماهەنگیى نێودەوڵەتى هەیە لەنێوان ئەو وڵاتانەى کە خۆڵبارین کاریگەریى دروست کردووە لەسەریان، وەکوو وڵاتانى کەنداو، عێراق، سووریا، ئێران و تورکیا. پێویستیشە بودجەى هاوبەشى بۆ تەرخان بکرێت، بە مەبەستى ئیستغلالکردنى ئەو بیابانانە بە شێوەى زانستى. پێویستە لە بیابانەکانى عێراق ئەم خاڵانە پەیڕەو بکرێن، بەتایبەتى لە ناوچەى بادیە (موسڵ)، بیابانەکانى ڕۆژئاوا (ئەنبار) و بیابانى سەماوە:
١. زۆر گرنگە لەو ناوچانەى خۆڵبارینى لێوە سەرچاوە دەگرێت (وەکوو بادیەى موسڵ، بیابانى ڕۆژئاوا لە ئەنبار و بیابانەکانى سەماوە)، تەکنیکى بارانی دەستکرد (پیتاندنى هەور) پەیڕەو بکرێت، بە مەبەستى زیادکردنى ڕێژەى شێ لە خاکدا و جێگیرکردنى و ئامادەکردنى کەشێکى گونجاو بۆ گەشەکردنى ڕووەکى سروشتى لەو ناوچانە.
٢. زیادکردنى ڕێژەى ماددەى ئۆرگانى لەنێو خاکى بیابانەکانى عێراق، وەک پاشماوەى ڕووەکى، ئاژەڵی و دارى هاڕدراو.
٣. دروستکردنى پشتێنەى سەوز بە درێژایى بیابانەکان و بە پێى پلانێکى تایبەت کە لە ماوەى (٥-١٠) ساڵ زیاتر نەبێت. پێویستە لەو ناوچانەى کە ئاماژەى پێ کرا، پشتێنەى سەوز بە پانتاییەکى زۆر دروست بکرێت و هەوڵ بدرێت بە شێوەى کەنتۆرى بێت بۆ کەمکردنەوەى جووڵەى ڕاماڵینى خاک.
٤. چاندنى ئەو جۆرە دارانەى کە پێویستى بە ڕێژەیەکى زۆر کەم لە ئاو هەیە و بەرگەى وشکى، پلەى گەرمیى بەرز و ماددەى پیس دەگرن، وەکوو (کالیپتۆ، سەفساف و ئەسل).
٥. ئاودێریکردنى ئەو پشتێنە سەوزە بە ئاوى زێراب (پاشەڕۆ) دواى فلتەرکردنى بە شێوەیەکى زانستیى سادە و بەکارهێنانى تەکنیکى ئاودێریى نوێ (دڵۆپاندن یا پرشاندن)، کە ڕێژەى بەفیڕۆدانى ئاو کەم دەکاتەوە. هەروەها دەتوانرێت بیر هەڵکەنرێت لەو بیابانانە و بە هەمان شێوە ئاوى ئەو بیرانە بە شێوەى زانستى بەکار بهێنرێت. ئەمەش پێویستى بە گواستنەوەى پاشەڕۆکانى هەندێک لە شارەکانە بۆ بیابانەکان بە سیستمى کەناڵى داخراو و دروستکردنى گۆماوى دەستکرد.
٦. دروستکردنى پشتێنەى سەوز بۆ هەموو شارەکان، بەتایبەتى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان و بە هەمان سیستمى ئاودێرى کە ئاماژى پێ کرا. دەبێت “ناوچەى گەرمیان و دەشتى هەولێر” لە پێشینەى پلانەکەدا بن، چونکە لە پێشترین ناوچەن کە مەترسیى بەبیابانبوونیان لەسەرە.
٧. پەیڕەوکردنى سیستمى چاندن بەبێ کێڵان (zero tillage) لە زەوییە کشتوکاڵییەکانى هەموو ناوچەکانى عێراق و کوردستان، کە وا دەکات ڕێژەى ڕاماڵینى خاک کەم ببێتەوە. ئەم تەکنیکە کارى سەرەکیى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوە و بەتایبەتى پێویستى بە چالاککردنى بەڕێوەبەرایەتیى ڕێنمایى کشتوکاڵى هەیە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
ڕێگەچارەی عێراق
لە ئێستادا عێراق بووە بە یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین خۆڵبارینی تێدا تۆمار دەکرێت، بەڵام هەم بەشێکی زۆری سەرچاوەی خۆڵبارینەکانی عێراق لە وڵاتانی دراوسێیە و هەم وڵاتانی دراوسێ ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە وشککردنی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە عێراقەوە، بۆیە توێژەران دەڵێن عێراق بەتەنها ناتوانێت ڕووبەڕووی خۆڵبارین ببێتەوە و دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ دراوسێکانیدا هەنگاو بنێت.
خالید سڵێمان پێی وایە خۆڵبارین تەنھا لە عێراق نییە و لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشدا ھەیە، کەشوھەوای عێراق و وڵاتانی کەنداو و دراوسێ ھەمان کەشە، بۆیە ئەگەر لە عێراق سیستمی ژینگەیی تێک بچێت و ڕۆژانە خۆڵبارین ھەبێت، ئەوا ئێران و تورکیا و ناوچەکانی دەوروبەریش دەگرێتەوە، بۆیە تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و توێژینەوەکانی ئەم بوارەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت لێتێگەیشتن، پڕۆژە و ڕێککەوتنی ھەرێمی ھەبێت لەنێوان ئەم وڵاتانەدا بۆ کەمکردنەوەی خۆڵبارین.
ئەحمەد تەها عەلییش دەڵێت: عێراق دەبێت لە نێوخۆ و دەرەوە لە ڕێگای پەیوەندیی دپلۆماسی، ئابووری و سیاسییەوە لەگەڵ تورکیا و ئێران هەماهەنگی دروست بکات بۆ بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان و زیادکردنی پشکی ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە و فوڕات و لقەکانی، هەروەها چونکە خۆڵبارین زیانی لەسەر ئابووریی ئێران و سووریاش هەیە، دەکرێت پێکەوە لۆبییەک لەسەر تورکیا پێک بهێنن بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بەبیابانبووەکان. هەروەها ساڵانە بودجەی پێویست تەرخان بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی، زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و زەوییە کشتوکاڵییەکان.
پلان و کەمیی دابارین
خالید سڵێمان کەمیی دابارین بە هۆکاری سەرەکیی خۆڵبارین ناو دەبات و بۆ ئەم مەبەستەش پلانی ستراتیژی بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: کەمیی دابارین یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی خۆڵبارین و زۆربەی توێژینەوەکانیش باس لە کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین دەکەن لەم ناوچەیەدا. بۆیە پێویستە خۆڵبارین وەک بابەتێکی جددی وەربگیردرێت. ئەمە دوو وەرزە دابارین زۆر کەمە لەو ناوچانەی ئێستا بوونەتە سەرچاوەی خۆڵبارین، بۆیە ئەگەر پلانی ستراتیژی و دوورمەودا نەگیرێتە بەر، ئەوا ھەندێک توێژینەوە باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی ساڵێکدا ٣٠٠ ڕۆژی خۆڵبارین یان خۆڵاوی دەبێت، چونکە ئێمە ھەم خۆڵبارینی چڕمان ھەیە، ھەم ڕۆژی خۆڵاوی کە مەودای بینین کەم دەبێتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستی، گواستنەوەی گشتی، کشتوکاڵ و پیشەسازی دەبێت. بۆیە ئەگەر لە ئێستادا ھەر بڕە پارەیەک لە ڕووبەڕوووبوونەوەی خۆڵبارین و ڕێگرتن لێی خەرج بکرێت، لە ئایندەدا بەدەست دێتەوە، ئەگەرنا دەبێت بڕە پارەیەکی زۆر لە دەرئەنجامەکانی خۆڵبارین خەرج بکرێت، بەتایبەت لە کەرتی تەندروستیدا.
ئایندەی هەرێم و عێراق، سیناریۆکان
لەگەڵ ئەوەی لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی ڕاپۆرتە زانستییەکانەوە هۆشداریی زۆر درا لە بارەی زیادبوونی ئەگەری خۆڵبارین و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، بەڵام توێژەران دەڵێن تا ئێستا هەنگاوی پێویست نەگیراونەتە بەر و نەشتوانراوە وڵاتانی دراوسێ قایل بکرێن مافەکانی عیراق پێشێل نەکەن. ئەحمەد تەها عەلی پێی وایە هیچ کام لە پێشبینییەکان مژدەی خۆشیان پێ نییە بۆ دانیشتووانی عێراق و هەرێم، چونکە لە ئایندە گەر بەم شێوازە باران کەم ببارێت و هیچ ڕێگەچارەیەکی گونجاو کە باسمان کرد نەگیرێتە بەر، دۆخەکە خراپتر دەبێت و ژمارەی گەردەلوولەکانی خۆڵبارین و ڕۆژانی خۆڵبارین زیاتر دەبێت. دەتوانم بڵێم بەشێک لە چارەسەرەکان لای سروشتە، ئەوەش لە ڕێگای دابارینی زۆر، زیادبوونی ڕووبەرە ئاوییەکان و سەوزبوونی ڕووەکی سروشتیی فراوان، بەڵام بەشێکی تری لای مرۆڤە کە پێشتر باسمان کرد. لە ئەگەری نەبوونی چارەسەر و ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون و خۆڵبارین، بێگومان ئەنجامەکان لە ئێستا خراپتر دەبێت و زیانێکی گەورە بەر کەرتی ئابووری دەکەوێت لە ڕێگای لەناوچوونی بەرهەم و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەوەش لە ئەنجامی فراوانبوونی ڕووبەری بەبیابانبوون لەسەر حسابی زەوییە کشتوکاڵییەکان. سیناریۆیەکی تر، دەبێتە هۆی چۆڵبوونی گوندەکان و کۆچی ناچاری لەو شوێنانەی کە زۆرتر دەکەونە بەر گەردەلوولەکانی خۆڵبارین و وشکەساڵی. دوور نییە بەشێکی زۆری دانیشتووانی خۆرئاوا، ناوەڕاست و باشووری عێراق موڵک و ماڵی خۆیان بفرۆشن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، کە ئەمەش لێکەوتەکانی بۆ سەر هەرێم زۆر خراپ دەبێت و کاریگەری لەسەر ئاسایشی هەرێم دروست دەکات. سیناریۆیەکی تر، زیادبوونی نەخۆشی و مردنی بەشێک لە دانیشتووانە لە ئەگەری بەردەوامبوونی خۆڵبارین، بەتایبەت بەتەمەنەکان و ئەوانەی کێشەی هەناسەدان و نەخۆشیی دڵ و درێژخایەنیان هەیە.
دوور نییە کۆچی بەلێشاو لە وڵاتان و پارێزگاکانی دەوروبەرەوە بۆ هەرێم و ناوچە سنوورییەکان دەست پێ بکات، بەتایبەت لەدوای نەبوونی هەلی کار، کەمبوونەوەی داهاتی تاک و کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، لەوانە دانیشتووانی خۆرهەڵاتی سووریا و دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین و کەرکووک.
خالید سڵێمانیش دەڵێت: حکومەتی عێراق کێشەی ژینگە و تێکچوونی سیستمی ژینگەیی بەھەند وەرنەگرتووە، تێکچوونی سیستمی ژینگەیی لە عێراق دوو ھۆکاری سەرەکیی ھەیە: یەکەمیان، گۆڕانکاریی کەشوھەوایە و دووەمیان چالاکیی مرۆییە، واتە لەبیرکردن و فەرامۆشکردنی ژینگە، کە بە ھۆی گەندەڵییەوە سەری ھەڵداوە. سەرۆکایەتیی کۆمار (پڕۆژەی بووژاندنەوەی دۆڵی میزۆپۆتامیا)، حکومەت، وەزارەتی ژینگە و چەند وەزارەتێکی دیکەش پلانیان خستووەتە ڕوو، بەڵام ھیچیان جێبەجێ نەکراون و تەنھا قسە بوون. لە کاتێکدا لە (٢٠١٣)وە ڕاپۆرتی ورد لە بارەی لەدەستدانی زەوییە کشتوکاكییەکان و خۆڵبارین خراوەتە ڕوو کە ڕەنگە لە ساڵانی ئایندەدا عێراق ٥٠٪ی خاکی کشتوکاڵی و بەپیت لەدەست بدات، کە وڵات دەخاتە نێو قەیرانی گەورەوە.
لە بارەی پشتێنەی سەوز کە زۆر باسی دەکرێت، چارەسەر نییە، چونکە درەخت ناتوانێت خۆڵبارین ھەڵبمژێت یان کەمی بکاتەوە، ڕاستە دەتوانێت دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وەربگرێت، بەڵام ناتوانێت خۆڵ ھەڵبگرێت، بۆیە دەبێت سەرچاوەکە چارەسەر بکرێت، واتە ئەو شوێنانەی دەبنە سەرچاوەی خۆڵبارین .
عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت بە پشتبەستن بە چەند ساڵی ڕابردوو و ئێستا، بەم جۆرە هەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی خۆڵبارین لە عێراق دەکات: ئەم خۆڵبارینەى کە ڕووبەڕووى ناوچەکە بووەتەوە هیچ ئاسایی نییە، بەڵکوو بە پێى هەموو پێوەرەکان، مەترسییەکى زۆر گەورەى لەسەر عێراق دروست کردووە. لە ١٥ ساڵى ئایندەدا عێراق زۆربەى سەرچاوەکانى ئاوى لەدەست دەدات، کشتوکاڵ و ئاسایشى خۆراک لە مەترسییەکى زۆر گەورەدا دەبێت و ژینگەى بەتەواوەتى تێک دەچێت، دیاردەى بەبیابانبوون فراوانتر دەبێت، خۆڵبارین زیاتر ڕوو دەدات و پانتاییەکى زیاتر دەگرێتەوە. بەڵگە لەسەر هەموو ئەم قسانە ئەوەیە کە ئێستا عێراق پێنجەم لاوازترین وڵاتە لە ڕووى ژینگەییەوە. تەنانەت حکومەتى ئەمەریکى و ڕێکخراوە ژینگەییەکانى جیهان ئەم ڕاستییەیان بە عێراق ڕاگەیاندووە و دەبێت چارسەرى گونجاوى بۆ بدۆزرێتەوە، ئەگەرنا ئەم وڵاتە بەرەو ئاقارێکى زۆر خراپ دەڕوات و چارەسەرکردنى گرفتەکانى ئەستەم دەبێت.
پڕۆفایلەكان:
- ئەحمەد تەها عەلی
ساڵی 1986 لە شاری كەلار لەدایك بووە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بابەتی جوگرافیا لە زانكۆی تاران و پسپۆڕی وردی ئاووهەواناسییە. لە ئێستادا مامۆستایە لە زانكۆی گەرمیان.
- عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت
ساڵی ١٩٨٠ لە شاری بەغدا لەدایك بووە و پسپۆڕى بواری جوگرافیایە (بەڕێوەبردنى ژینگە و سەرچاوەکانى ئاو). لە ئێستادا وەك مامۆستا لە زانکۆى گەرمیان كار دەكات.
- خالد سلێمان
ساڵی 1971 لە گەرمیان لەدایك بووە، ساڵی 1994 دەستی کردووە بە کاری ڕۆژنامەنووسی و لە ساڵی 2010-ەوە وەك ڕۆژنامەنووسی بواری ژینگەیی و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا بەردەوامە لە كاركردن. بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە كار لەسەر ژینگەی ڕۆژهەڵات و باكووری ئەفریقا دەكات و وەك پسپۆڕ و ڕاهێنەری ڕۆژنامەوانی، سەرپەرشتیاری زیاتر لە 50 ڕۆژنامەنووس دەكات لەم ناوچەیە.
- جاسم فەلاح
ساڵی 1963 لە شاری فەلوجەیە لەدایك بووە. ساڵی 1988 بروانامەی بەكالۆریۆسی لە پزیشكی و نەشتەرگەری گشتی لە زانكۆی موسڵ بەدەست هێناوە. لە ساڵی 2014 كراوەتە بریكاری هونەری وەزارەتی ژینگە و لە ئیستادا لە حكومەتی مستەفا كازمیدا وەزیری ژینگەیە، هەروەها بە نوێنەرایەتی ئاسیا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ ژینگە.
- عەلی ئەللامی
عەلی عەبدولزەهرە زەبون ئەللامی لە ساڵی 1959 لەدایك بووە. خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە پسپۆڕی ژینگە، سەرچاوە سروشتییەكان و ئاو. لە نێوان ساڵانی 2009-2015 ڕاوێژكاری وەزیری ژینگە و 2012-2014 بریكاری هونەری وەزارەتی ژینگە بووە و لە ئیستادا خانەنشین و ڕاوێژكاری كەرتی تایبەتە.
ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی