• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 10, 2021

دوالیزمەیی گوتار و کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

نووسەران:

   – حەجر ئەردەستانی، خوێندکاری دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی تەربیەت مودەڕس

 – محەمەد ڕەزا تاجیک، ئەندامی لیژنەی زانستیی زانکۆی شەھید بەھەشتی

 – مەسعوود موسەوی شفائی، ئەندامی لیژنەی زانستیی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی تەربیەت مودەڕس

موحسین ئیسلامی، ئەندامی لیژنەی زانستیی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی تەربیەت مودەڕس

 

سەرچاوە:

وەرزنامەی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ساڵی بیست و سێیەم، ژمارەی سێیەم، پاییزی ١٣٩٩

تێبینی: لەبەر درێژیی توێژینەوەكە و ناپێویستی و پەیوەستنەبوونی بە دۆسێی ئەم ژمارەیەی ئایندەناسییەوە، چەند بەشێكی ئەم توێژینەوەیە وەرنەگێڕدراوە.

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

پوختە

ئەم لێکۆڵینەوەیە بە جەختكردنەوە لەسەر ئاماژەی (دال) ئاسایش، ئەوە دەردەخات کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوام ناكۆكی لەنێوان دوو گوتاری “دژەھەژموون” و “مامەڵەگەرا” لەسەر تێگەیشتنی ئەم ئاماژەیە لەئارادا بووە. ئەم ناكۆكییە دەتوانێت لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ببێتە ئاڕاستەیەكی یەکگرتووی چالاك بە دوو ڕەھەندی تەواوکەر یان ئاڕاستەیەكی دژیەک بە دوو ڕەھەندی پووچەڵکەرەوە. لە ڕوانگەی ئەم توێژینەوەیە، گەیشتن بە ئاڕاستەیەكی گەشەسەندووی دوو ڕەھەندی لە سیاسەتی دەرەوەدا، زیاتر لە ھەر شتێک، ڕەخساندنی زەمینەی گوتاری سیاسیی نوێ پێویستە، کە بە جەختكردنەوە لەسەر شوناس، ھەر دوو دیوی “دژەھەژموون” و “مامەڵەگەرا”، بەبێ ئەوەی کە دژیەک بێنە بەرچاو، بخاتە چوارچێوەیەكی نوێی زمانییەوە.

   كلیلەوشەكان: سیاسەتی دەرەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاسایش، گوتار، دژەھەژموون، مامەڵەگەرا

بەرایی

   ڕەوتی زاڵی لێکۆڵینەوە زانکۆییەکان، بوونی چەمکێکی تەواو و تۆکمە وەک ناونیشانی سیاسەتی دەرەوە گریمانە دەکەن. بەپێی ڕوانگەی باو، ئەوەی کە دەوڵەتێک بەرامبەر بە کۆمەڵێك دەوڵەت یان لەگەڵیاندا ئەنجامی دەدات، پێی دەڵێن سیاسەتی دەرەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە پسپۆڕان بە گومانێکی زۆرەوە لەم تێگەیشتنە زاڵە دەڕوانن. بەو شێوەیە کە لەم دەیانەی کۆتاییدا گومان کراوە لە پێکەوەگونجانی چەمکگەلێکی وەک دەسەڵاتداری و سەربەخۆیی دەوڵەت، ئەم تێڕوانینەش بێبایەخ و تەنانەت کرچوکاڵیش دێتە بەرچاو کە حکومەتێک بتوانێت بواری ھەنگاونانێکی دیاریکراو بۆ ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ جیھاندا بگرێتە بەر (ھیل، ١٣٨٧: ٢١). ئەم گومانانە، ڕێی بۆ تیۆرە نوێیەکان لە زانیاریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بواری شیکاریی سیاسەتی دەرەوە خۆش کردووە. ئەم تیۆرانە خاڵی دەستپێکی خۆیان بە ڕەخنە لە ڕەوتی سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە. یەکێک لە گرنگترین ڕەخنەکان ئەمەیە کە واقیعگەرایی، پڕۆسەی بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەوە یان بنەما ناوخۆییەکانی تری ھەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا لەبەرچاو ناگرێت. لە ئێرانیش بۆ ماوەیەکی زۆر پارادایمی زاڵ لە خوێندنەوە و شیکاریی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، واقیعگەرایی بووە.

   بەم پێیە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییش وەک دەوڵەتان و وڵاتانی تر، خاوەنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی مسۆگەر و کۆمەڵە خاڵێکی باشتری لە پێشەوە دیاریکراوە، کە داماڵراوە لە پێکھاتەی ھزری و پێودانگی لە پانتایی ستراتیژی نێودەوڵەتی و سەرقاڵی بەدواداچوونی دەبێت (دھقانی فیروز آبادی، ١٣٨٤: ٧). بەڵام خستنەڕووی ئەم پرسیارە کە ئایا دەتوانرێ بوونی دۆخێکی گشتیی چەمکی یەکپارچەیی لەژێر ناونیشانی “سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران” مسۆگەر بکرێ، دەگاتە کرانەوەیەک کە دەتوانرێ بەدیھێنەری دیدیکی وردتر بێت بۆ تێگەیشتنی ناسراو لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران. گومان لە تێڕوانین لە “سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران” بە ناونیشانی دۆخی گشتی و چەمکی یەکپارچەیی و لێکۆڵینەوە لە نیشانەی نیشاندەرە سەرەکییەکانی، دەریدەخات کە بە درێژایی ژیانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو گوتاری سەرەکی بوونی ھەبووە کە بەردەوام ھەوڵیان داوە ئەو واتایانەی خۆیان ویستوویانە؛ لەناو نیشاندەرەکاندا جێگیر بکەن و بەم شێوەیە تیشک بخەنە سەر خوێندنەوەی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا. ھەر چەندە ھەردوو گوتارەکە لە ھەوڵی سەرکەوتن و پێشکەوتن و سەرفرازیی ئێرانی ئیسلامیدان، بەڵام کەلێنی نێوانیان لە ھەندێ بابەتدا دەگاتە ئاستێک کە ئیمکانی دەستکەوتنی سیاسەتێکی دەرەوەیی یەکدەست لەناو دەبات، کە ھاوکات نوێنەری ھەردوو گوتارەکە بێت. دەتوانرێت لەسەر بنەمای شێوەی دیاریکراوی بەرجەستەیان، ناوی ئەم دوو گوتارە بنرێت “دژەھەژموون” و “مامەڵەگەرا”.

   لێکۆڵینەوەی مێژوویی دەریدەخات کە لەم ساڵانەی کۆتاییدا، لەگەڵ گۆڕانکاریی دەوڵەتەکاندا، یەکێک لەم دوو گوتارە بووەتە ناوەندی سیاسەتی دەرەوە. لەم وتارەدا، بە پاڵپشتیی چەمکی ئاسایش، لە گوتارە زاڵەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکۆڵینەوە. ئاسایش گرنگترین بەرژەوەندیی نەتەوەییە لە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتاندا. لەگەڵ گۆڕانی دەوڵەتەکان، ھیچ کات بنەمای ئاسایش وەلا نانرێت، بەڵام لە ھەر قۆناغێکدا لەوانەیە مەبەست و مانای جیاواز لەخۆ بگرێت. ئامانجی سەرەتایی وتارەکە ئەمەیە کە لە ڕێگەی شیکار و وردبینی لە تێگەیشتنێک کە ھەر گوتارێك لە نیشاندەری ئاسایش پێشکەشی دەکات، کەلێنی گوتاری لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربخات. دوای ناساندنی ئەم دوالیزمی گوتارە، لە  کاریگەرییەکەی بە ناونیشانی گۆڕاوی سەربەخۆ لە واقیعی سیاسەتی دەرەوە دەکۆڵێتەوە. پرسەکە لێرەدایە کە ئەم دوالیزمی گوتارە، دوو ڕێگە لە سیاسەتی دەرەوەدا پیشان دەدات: سیاسەتی دەرەوەیی لەکارکەوتوو کە گیرۆدەی لێکخشاندن و دژیەکی دەروونییە، یان سیاسەتی دەرەوەیی دوولایەنەیی زیرەکانە کە شایەنی نەرمینواندنە لە بارودۆخی ھەستیاری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.

 

دوو گوتاری مامەڵگەرا و دژەھەژموونەکان

   لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا، جیاوازیی ڕوانگەکان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی بیروباوەڕە جیاوەزەکاندا بوونی ھەبووە. لە ھەمان ئەو قۆناغانەشدا، قسە لەسەر بۆچوونە جیاوازەکانی سیاسەتی دەرەوە وەک سیاسەتی دەرگا کراوەکان یان سیاسەتی “ام القری”ی ئیسلامی دەخرایە ڕوو. بەڵام بەر لەوەی کە ھیچ کام لەم بۆچوونانە بتوانێت سەر بکەوێت و شێوەی گوتارێك وەربگرێت، شەڕی سەپێنراو (شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988)) دەستی پێ کرد و دەوڵەتی شۆڕشگێڕ كەوتە باری بەرگرییەوە. بەڵام بارودۆخی دیاریکراوی شەڕ و ئەولەویەتی كرداری بەرگریی پیرۆز، ئەویش لە قۆناغێکی درێژدا، بووە ھۆی ئەوەی کە گوتارێك بە ئاماژەی ناوەندیی بەرگریی پیرۆز دروست ببێت و سیاسەتی دەرەوەش بکەوێتە ژێر ھەمان گوتارەوە. بەڵام بە کۆتاییھاتنی شەڕ و لەناوبردنی شەڕی ناچاری و ھەڕەشەی دەرەوە، کۆمەڵە گوتارێکی جیاواز بە چواردەوری سیاسەتی دەرەوەدا و چۆنیەتیی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ دەوڵەتەکانی تردا دروست بوو و بە دەربڕینی “لاکلائو و موف”، ململانێی گوتارەكان دەرکەوت. بە هەڵسەنگاندنی مێژوویی گوتارەکانی دەوڵەتەکانی دوای شەڕ، ئەمە ڕوون دەبێتەوە کە دەتوانرێت گوتارەكانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی دوو گوتاری سەرەکیی مامەڵەگەرا و دژەھەژموون جیا بكرێنەوە. بە واتایەکی تر: دەشێت دەرهاویشتەی ھاوبەشی گوتارەكانی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتەکاتی پێنجەم تا ھەشتەم و یانزەیەم و دوانزەیەم، وەک گوتارێکی یەکگرتوو لەژێر ناونیشانی مامەڵەگەرا و دەرهاویشتەی دەوڵەتەکانی نۆیەم و دەیەم وەک گوتاری دژەھەژموون بخرێنە ڕوو. لەم بەشەدا، هەڵسەنگاندنی مێژوویی ئاماژەی چەمکی ئاسایش، ئەم دوالیزمی گوتارە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا دەردەخات.

 

ئاماژەی ئاسایش لە گوتاری مامەڵەگەرا

   لەگەڵ کۆتاییھاتنی شەڕی سەپێنراو، ئاماژەی ئاسایش لە واتای بەرگریكارانەی خۆی چووە دەرەوە و ئاماژەی نوێی وەرگرت. ساڵە دوورودرێژەکانی شەڕ، تێگەیشتنی زۆربەی شۆڕشگێڕەکانی لە بارەی زۆرێک لە ھێماکانی ئاسایشەوە ڕێک خستووە. لەو قۆناغەدا، پاراستنی ڕژێم و ھەوڵدان بۆ ئاسایشی بەرجەستەی وڵات ئەولەویەتێكی ئاشكرا بوو. هەر چەندە تیۆری “ام القری” بە ڕواڵەت یەکپارچەیی خاکی بە قازانجی سنوورەکانی جیھانی ئیسلام کاڵ دەکردەوە، بەڵام شەڕی سەپێنراو بە کردەوە ئەولەویەتی بە سنوورە نەتەوەییەکانی دەبەخشی. بەپێی تێۆری “ام القری”، ئەگەر لەنێوان بەرژەوەندییەکانی حکومەتی “ام القری” و ویلایەتی جیھانی ئیسلام ناتەباییەك ببینرێت، بەردەوام بەرژەوەندییەکانی گەل لەپێشترە، مەگەر زاتی “ام القری” کە پاراستنی لەسەر ھەموو گەل پێویستە (برزین، 1374: 39).

   ھەر چەندە بە تەواوبوونی شەڕ؛ ھەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران لەناو چوو، بەڵام بابەتەكانی تری هەرێمی وەک ھێرشی عێراق بۆ سەر کوێت و ئامادەیی ڕژێمی ئەمەریکا لە کەنداوی فارس، نیشانەكانی ھەڕەشەی سەربازیی بەھێز بوون بۆ سەر سنوورەکانی ئێران. فراوانخوازیی عێراق و كێشە سنوورییەكان و ناكۆكیی ئایدۆلۆژیای ئێران لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس، فاکتەری بارگرژی و ھەڕەشەی بنەڕەتی بوون بۆ سەر ئێران. لە لایەکی ترەوە وابەستەیی وڵاتانی تری ئەندامی ئەنجوومەنی هاوكاریی کەنداوی فارس بۆ ئەمەریکا، بوونی ئەم وڵاتەی بە بیانووی دابینکردنی بەرژەوەندیی نەوتی لە کەنداوی فارسدا بەھێزتر دەکرد.

   ھەروەھا ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لەم قۆناغەدا، بەدیھێنەری کۆمەڵێك ئالنگاری و ھەڕەشەی نوێ بوو بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئێران. ڕکابەریی توند بۆ دزەکردنە ناو حكومەتە کۆمارییەکانی ئاسیای ناوەندی و قەوقاز لەنێوان ئێران و ئەمەریکا و ڕووسیا دەستی پێ کرد. لەم وڵاتانەدا، بە ھۆی نزیکیی کولتوور و ئایینیان لەگەڵ ئێراندا، زەمینەی نفوزی ئێران لەئارادا بوو. ھەر ئەم فاکتەرە، ئامادەیی ئەمەریکای لەم وڵاتانەدا بۆ ڕاگرتنی ئێران تۆختر کردەوە (آقایی، ١٣٨٦: ٨-٦). ھەر چەندە ئەنجامی کۆتایی ڕکابەری لەم ناوچەیەدا؛ نفوزی سیاسی، ئاسایشی و ئابووریی ڕووسیا بووە (سریع القلم، ١٣٧٩: ٨٩). بەم پێیە، پاراستنی یەکپارچەیی خاک و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە سەربازییەکان بەردەوام بە بەشێکی گرنگ لە ئاماژەكانی ئاسایش لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەژمار دەکرێت، بەڵام دیوی نوێتری ئاماژەی ئاسایش لە دەوڵەتەکانی پێنجەم و شەشەم، ئاسایشی ئابووری بوو. پرسی نوێی وەک قەرەبووی زیانەکانی شەڕی سەپێنراو و پەرەپێدانی ئابووری، لە ئاماژە گرنگەکان بوون کە لە چوارچێوەی ئاسایشدا شێوەی بە گوتاری نوێ دەدا. بە کۆتاییھاتنی شەڕ، گرنگترین پێویستی؛ دەستپێکردنەوە و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئابووریی تێکشکاو و ئەو ناوچانە بوو کە شەڕی تیا بوو (قبادزادە، ١٣٨١: ٢٠٠).

   بەم پێیە، وردە وردە درووشمە نوێیەكانی وەک ڕەخساندنی ھەلی کار، گرژی وەلانان، پەرەپێدانی ئابووری، پشتیوانی لە وەبەرهێنانی دەرەکی و “ئاسایشی سەرمایە”؛ خرایە ڕوو (شادلو، ١٣٨١: ٢٠٧-٢٠٦) کە دەرخەری ئامانجی گۆڕانکاری بوو بۆ ئابووریی بەرنامەبۆداڕێژراوی دەوڵەتی قۆناغی شەڕ بوو. ئەم گوتارە نوێیە دەستەیەک لە پیاوانی ئایینی بە ڕابەرایەتیی سەرۆککۆماری ئەو کاتە لەگەڵ ئەو تەکنۆکراتانەی كە لە ڕۆژئاوا خوێندنیان تەواو كردبوو، بەھێزیان دەکرد (tahmed, 1995: 10). گوتاری ئابووری لەم قۆناغەدا ئەوەندە لە قۆناغی پێش خۆی جیاواز بوو، كە ناوی “كۆماری دووەم”یان لێ نا (یزدی، 1379: 241). وەسفی “بونیادنانەوە” كە دەوڵەتی پێنجەم و شەشەم (بە سەرۆكایەتیی هاشمی ڕەفسەنجانی) بۆ خۆی هەڵیبژارد، ئاماژەیەك بوو بۆ سیاسەتە نوێ و بەرنامەكانی هاوسەنگكردنی ئابووری بۆ دروستكردنی مەوادیەك لە ئابووریی دەوڵەتی و شێوازی دابەشكردنەكەی (نیلی، 1376: 5). بەتایبەتکردنی كەرتی ئابووری و کەمکردنەوەی دەستوەردانی دەوڵەت لە کاروبارەكانی پەیوەست بە لایەنی ئابووری، لابردنی سوبسید (ئەو یارمەتییانەی كە دەوڵەت لە شێوەی پارە بە خەڵك لەبریی كاڵا دەیدات)، بەردەوامیی یاسای دیاریکردنی سیستمی تاك نرخی دراو، ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی، گۆڕینی ستراتیژی پەرەپێدان، جێگرتنەوەی ھاوردە بۆ پەرەپێدانی ھەناردە؛ لە گرنگترین بەشەکانی ئەم سیاسەتە بوو (سمیعی، ١٣٨٦: ٤٨٦). ئامانجی کۆتایی ئەم بەرنامەیە، ڕاكێشانی بوو بۆ ناو سیستمی ئابووریی جیھانی. بەرنامەکانی یەکەم و دووەمی پەرەپێدان، بەم ئامانجە داڕێژران.

   ھەر چەندە گوتارەکانی دەوڵەتەکانی حەوتەم و ھەشتەم، جیاوازیی بنەڕەتیی لەگەڵ گوتارەکانی دەوڵەتی پێشوودا ھەبوو و گرنگیی بە ئاماژە نوێیەكانی وەك پەرەسەندنی سیاسی، سەروەریی خەڵك و ئازادیی ڕادەربڕین دەدا، بەڵام سەبارەت بە ئاماژەی ئاسایش، درێژەپێدەری گوتاری ڕابردوو بوو. پوختەی ئاماژەی ئاسایش لە گوتاری دەوڵەتەکانی حەوتەم و ھەشتەمدا، دەتوانرێت لە چوارچێوەی چوار بەرئاماژە (مدلول)ی بەیەکەوە بەستراودا ڕوون بکرێتەوە کە لە خشتەی (١)دا ھاتووە. لە گوتاری نوێدا، ڕەواییدانی سیاسی گرنگییەکی زۆری لە بەدەستھێنانی ئاسایشدا دۆزییەوە، لەم ڕووەوە کۆمەڵێك چەمکی نوێی وەک خەڵك سەروەریی ئایینی و کۆمەڵگای مەدەنی ھاتنە ناو ئاماژەی ئاسایشەوە (تاجیک، ١٣٨٣: ١٠٤). لە وەھا کۆمەڵگایەکدا، “جیاوازیی سەلیقه شتێکی سروشتییە” (خاتمی، ١٣٧٧، ٢٨ اردیبھشت)، لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای بەشداری و قبووڵکردنی یەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە بونیاد نراوە. لەم ڕووەوە، “سەروەریی خەڵك” دژ نییە لەگەڵ بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی و بە ڕامان لە “دەق” و “ڕوونووس”ی ڕەسەنی ئیسلامی، دەتوانرێت بگەین بە جۆرێک لە تیۆری خەڵک سالاری (دھقانی فیروزئابادی، ١٣٨٤: ١٣٨).

هێڵكاریی (١)

پوختەی ئاماژەی ئاسایش لە گوتاری دەوڵەتەكانی حەوتەم و ھەشتەم

   گوتاری دەوڵەتەکانی حەوتەم و ھەشتەم، بە جۆرێک لە کاردانەوە و ھاوکات تەواوکاری گوتاری پێشووتر بوو. بە کردەیی زۆرێك لەو بەشانەی کۆمەڵگا کە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگییان پێ نەدرابوو یان دوور خرابوونەوە، بەرگرییان لە گوتاری نوێ کرد. ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، خوێندکارانی زانکۆ و ھونەرمەندان؛ لە گرنگترین ئەو گروپانە بوون کە بە هۆی گوتاری کردارگەرای ئابووری؛ خۆیان لە پەراوێزدا دەبینییەوە. گوتاری نوێ بەشداریی سیاسیی ئەم گرووپانەی بە هۆكارێك بۆ ڕەواییدان و ھەروەھا بە پێویستی ئاسایشیشی دەزانی. ئەم گوتارە کە ھاوکات بوو لەگەڵ جۆرێک لە جووڵانەوی کۆمەڵایەتیی بەشداریخواز، شوناسە “پەراوێزخراو”ەكانی کۆمەڵگای بەفەڕمی ناساند (تاجیک، ١٣٨٣: ٩٨) و واتایەکی نوێی بە ئاماژەی ئاسایش بەخشی. گوتاری دەوڵەتەکانی حەوتەم و ھەشتەم ئەم نموونەی بەشدارییەی لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا خستە ڕوو. درووشمی “گفتوگۆی شارستانیەتەکان” چەمکێکی تازە بوو کە گرنگترین ڕووی مامەڵەی لەگەڵ سیستمی نێودەوڵەتی نیشان دا کە ئامانجی نەک تەنیا ئاسایشی نیشتمانیی وڵات، بەڵکوو جووڵەیەک بوو بە ئاڕاستەی ئاسایشی جیھانی (سلیمانی، ١٣٨٨: ٨٥). لە ڕاستیدا گفتوگۆی شارستانیەتەکان دریژەپێدانی ھەمان کولتووری سەروەریی خەڵك بوو (جھانبگلو ، ١٣٧٨: ٢).

   بە واتایەکی تر: گفتوگۆی شارستانیەتەکان بریتییە لە ھێنانەدیی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستێکی فراوانتر و بەربڵاوتردا بە ناوی سیستمی نێودەوڵەتی و لەم ڕووەوە یەکە سیاسییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی حیزبەکان، گرووپەکان و پێکھاتە سیاسییەکان لەناو یەکەیەکی سیاسیدا دەگێڕن. بەم پێیە، بەدیھێنانی گفتوگۆی شارستانیەتەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا پێویستی بە بەدیھێنانی سەروەریی خەڵك ھەیە لە ناوخۆی وڵات (دھقانی فیروزئابادی، ١٣٩١: ٢٢٩). بە وتەی سەرۆککۆماری ئەوکات (محەمەد خاتەمی): “کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک تەنیا خوازیاری سەقامگیریی سیستمی خەڵک سەروەرییە لە ناوخۆ، بەڵکوو بانگەواز و بانگھێشت دەکات بۆ جۆرێک لە دیموکراسیی نێودەوڵەتییش، ئەمە بە واتای وەلانان و ڕەتكردنەوەی هەژموونی نێودەوڵەتی و ڕیزبەندیی ھێزی دەسەڵاتی جیھانی و ڕەتکردنەوەی ھەر جۆرە دەسەڵاتخوازی دێت” (ڕسولی ثانی آبادی، ١٣٩٠: ٣٩). ھەڵبەت ئەم خواستی شەڕی دەسەڵاتە لە چوارچێوەیەکی تەواو ئاشتیخوازانە و هاوكارانە لەگەڵ سیستمی جیھانی دەخرێتە ڕوو و ڕێگەی بەدیھاتنی سیستمی نوێ لەسەر بنەمای گوتاری شارستانیەتەکان جگە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە نابێت كە لە ڕاستیدا “خاڵی پەیوەندیی دەوڵەت و نەتەوەی ئێمەیە لەگەڵ نەتەوەکان و دەوڵەتەکانی تر” (نادری، ٦٨: ١٣٩٤).

   ئاسایش لە گوتاری دەوڵەتەکانی شەشەم و حەوتەم، سەرەڕای ئەم  تایبەتمەندییە سیاسی و کولتوورییە نوێیە، لە ڕووی ئابوورییشەوە کەم تا زۆر شوێنکەوتەی گوتاری پێش خۆی بووە، لەوانە “پشتگیری و ھاندانی وەبەرهێنانی دەرەكی بۆ گەرەنتیی پاراستنی ئاسایشیان، سیاسەتی گشتیی ئابووریی ئێران” بوو (رضوی علیزادە، ١٣٨٠: ٢٥٥-٢٥٤). لە ڕاستیدا گرژی وەلانان و مامەڵەگەرایی سیاسی لەگەڵ سیستمی جیھانی، دەبێت بگاتە ئاستی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و پەرەپێدانی ئابووری. دەوڵەتی یانزەیەم، دوای دوو قۆناغ، دووبارە ڕێبازێکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران گرتە بەر کە بە جۆرێک دەکەوێتە ژێر گوتاری مامەڵەگەرا (هێڵكاریی ٢)، بەو جیاوازییەی کە پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ڕادەیەک گۆڕابوو.

هێڵكاریی (٢)

 نیشاندەری ئاسایش لە گوتاری مامەڵەگەرای دەوڵەتی یانزەیەم

لە گوتاری دەوڵەتی یانزەیەم، ئاماژەی ئاسایش بەئاشکرا بە پەرەپێدانی ئابووری پێناسە دەكرێت. سەرۆکی دەوڵەتی یانزەیەم (حەسەن ڕۆحانی) لە درووشمەکانیدا و ھەروەھا لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “ئاسایشی نیشتمانی و سیستمی ئابووریی ئێران”، حوکمڕانیی باش لە ئابووریدا بە گرنگترین فاکتەر دەزانێت لە ئاسایشی نیشتمانیدا. ئەم پەرەپێدانی ئابوورییە، وەک نموونەکانی تری گوتاری مامەڵەگەرا، بە ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەكی و جۆرێک تێھەڵکێشکردن لە سیستمی ئابووریی جیھانی بەدەست دێت. بەڵام پێگەی تایبەتیی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجامی دۆسیەی ناوەکی، بووە ھۆی ئەوەی کە ھەر جۆرە پەیوەندییەکی بونیادی ئابوورییانە لەگەڵ سیستمی جیھانی ببەسترێتەوە بە ڕێککەوتنی پرسی ناوەکی. بە واتایەکی تر: ئامانجی سەرەکیی بەرجام (ڕێككەوتنی وزەی ناوەكیی ئێران لەگەڵ وڵاتی 5+1) و دانوستان لەگەڵ ھێزە جیھانییەکان، بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی دۆخێك لە ئاکامی قەیرانی ناوەکی، ئێران لەلایەن ھێزە جیھانییەکانەوە بە فاکتەری ھەڕەشەکار بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناسێنرا (Pour Ahmadi and Mohseni, 2012: 143-158). سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی یانزەیەم لەسەر لەناوبردنی ئەم تێڕوانینە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ڕێککەوتنی ناوەکی و جێگیرکردنی دامەزرابوو. لە ڕاستیدا، لە گوتاری دەوڵەتی یانزەیەمدا، دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی پابەند کرابوو بە نەھێشتنی ئاڵۆزی و نەھێشتنی قەیرانی دروستبوو بە ھۆی بەرنامەی ناوەکیی ئێرانەوە.

   مامەڵە لەگەڵ سیستمی جیھانی لە ڕێگەی دروستکردنی متمانە، نەھێشتنی ئاڵۆزی و بەرزكردنەوەی ڕوخساری ئێران وەكوو وڵاتێکی ئاشتیخواز؛ لە مەبەستە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم دەوڵەتە بوو (رضایی، ٧: ١٣٩٢). ئەم چاككردنەوەیەی ڕوخسارە لە ڕێگەی “سەرنجدان لە عورف و نۆرمە نێودەوڵەتییەكان، بەدواداچوونی ئامانجەکان لە ڕێگەی قەناعەتپێکردنی ڕای گشتی و بەکۆمەڵكردنی وڵاتانی ھاودەنگ” و “دوورکەوتنەوە لە ڕێبازی ڕووبەڕووبوونەوە و دوژمنایەتی” بەرھەم دێت (روحانی، ١٣٩٠: ٩٤-٩٢).

 

ئاماژەی ئاسایش لە گوتاری دژەھەژمووندا

لەم قۆناغانەی دواییدا، گوتاری دژەھەژموون لە دەوڵەتەکانی نۆیەم و دەیەم ڕەنگی دایەوە. ئاسایشی نیشتمانی لەم گوتارەدا، نەک ھەر لە مامەڵەی ئابووری، کولتووری یان دیپلۆماسی لەگەڵ سیستمی جیھانی، بەڵکوو لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم سیستمە و قبووڵنەکردنیشیدایە. ئەم گوتارە بەئاشکرا بەرھەڵستیی زۆرێک لە پێوەرەکانی سیستمی نێودەوڵەتیی دەکرد و بەتایبەت پێکھاتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەخستە ژێر پرسیارەوە (احمدی نژاد، ١٣٨٦: ٥٥). لەم گوتارەدا پرسی سەرەکیی ئاسایش، زیادەخوازی و سەپاندنی دەسەڵاتی زلھێزەکانە بەسەر ڕێکخراوی نێودەوڵەتیدا. تاک جەمسەری و دەستوەردانە سەربازیی و سیاسییەكانی دەوڵەتە بەهێزەكان لە کاروبارە جیاوازەکانی جیھاندا، گەورەترین فاکتەری نەمانی ئاسایشە. لە دیدی سەرۆکی دەوڵەتەکانی نۆیەم و دەیەم (مەحمود ئەحمەدی نەژاد)، ئاشتەوایی و ئاسایشی بەردەوامی جیھانی بەبێ بوونی دادپەروەری و لایەنی مەعنەوی سەر ناگرێت. ئەو باوەڕی وایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و مەعنەویەت دروست نەبوون، بەم پێیە پێویستیان بە سەرلەنوێ بونیادنانەوە ھەیە، ئەم سەرلەنوێ بونیادنانەوەش پێویستی بە دەرکەوتنی ھێزە نوێیەکانە بەتایبەت لە هەناوی شارستانیەتی ئیسلامیدا.

   گوتاری دژەھەژموون لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە ڕاستیدا تایبەتمەندیی گوتاری سیستمی جیھانی بەبیر دەھێنێتەوە. ئەمەی کە سیستمی ئەمڕۆی نێودەوڵەتی لە بنەڕەتدا بەرھەمی پڕۆسەیەکی مێژووییە کە لەگەڵ کولتوور، دانراوەكان، یاسا و نۆرمە تایبەتەکانی ئەورووپاییەکان لە سەردەمی مۆدێرن دروست بووە و لە ڕەوتێکی مێژووییدا بەسەر ھەموو جیھاندا گشتێنراوە، یان بە واتایەکی تر: سەپێنراوە. لەم ڕوانگەیەوە، یەکانگیریی هەرێمی لە باشترین ڕێگەكانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستمی دەسەڵاتداریی تاکلایەنە و گەیشتن بە ئاشتەوایی و سەقامگیریی جیھانی (Takeyh, 2009: 251). ئەحمەدی نەژاد لە وتارەکەیدا لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ڕەگەزپەرستی ناسراو بە دورباني٢، لە ٢٠-ی ئەپریڵی ٢٠٠٩ لە جنێف، بە دزێو نیشاندانی پێکھاتەی دەسەڵاتی دەوڵەتەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێبەجێكارەكانیان، بە سیمبولی ڕەگەزپەرستیی ڕۆژئاوایی ناوی برد و شەرعیەتی ئەنجوومەنی ئاسایش و بڕیارنامەکانیان بەتایبەت دژ بە بەرنامەی ناوەکیی ئێران بەتەواوی خستە ژێر پرسیارەوە و خوازیاری ھەڵوەشانەوەی مافی ڤیتۆ بۆ پێنج ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و دانانی کورسیی ھەمیشەیی بۆ دەوڵەتە مسوڵمانەکان لەم ئەنجوومەنەدا بوو، بە مەبەستی ڕێكخستنی سیستمێکی جیھانیی دادپەروەرانەتر (احمدی نژاد، ٣١ فروردین، ١٣٨٨).

   دەوڵەتی نۆیەم و دەیەم لە ئەنجامی ئەم بەرداشتە لە سیستمی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەوەی بە ئاڕاستەی دروستکردنی یەکێتی و ھاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانێکدا برد کە سەبارەت بە سیستمی نێودەوڵەتی ھەڵوێستێکی نزیکتریان ھەبووە. ئامانج لەم کارە، بەرقەراریی جۆرێکی جیاواز بوو لە ھاوسەنگیی دوولایەنە بە مەبەستی ڕێگری لە کۆدەنگیی جیھانی دژ بە ئێران و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاکلایەنەگەرایی ئیمپریالیستیی ویلایەتە یەکگرتووەکان. ھاوپەیمانی و ھاوکاری لەگەڵ ڤەنزوێلا و ھەندێک لە وڵاتانی تری ئەمەریکای لاتین، بە ئاڕاستەی ئەم سیاسەتە بووە. ھەروەھا برەودان بە پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا و کۆریای باکوور، درێژەپێدەری ڕێبازی دژەھەژموون بوو. تەنانەت مەیلی ئەم دەوڵەتە بۆ ڕێکخراوی ھاوکاریی شانگھای، بە جۆرێک ھەوڵدانێك بوو بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی جێگرەوەی ئابووری بە مەبەستی بەرگریکردن بەرامبەر دەسەڵاتخوازیی ئەمەریکا لە کیشوەری ئاسیا (محمدی، ١٣٨٨: ٣٧). لە گوتارێکدا کە سیستمی ئێستای نێودەوڵەتی بە ھەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دادەنرێت، ڕەچاونەکردنی نۆرمە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژەیەكە بۆ جۆرێک لە خۆڕاگری بە ئاڕاستەی بەدەستھێنانی ئاسایش (کریمی فرد، ١٣٩٢: ١٥٧).

 

دوالیزمی گوتار و واقیعی سیاسەتی دەرەوە

   پێداچوونەوەی مێژوویی بە گوتارە باڵادەستەکان بەسەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە جەختکردنەوە لە بەرئاماژە جیاوازەکانی ئاماژەی ئاسایش، دەریدەخات کە دوای قۆناغی شەڕی سەپێنراو، جۆرێک دوالیزمی گوتار لە ناساندنی ئەم چەمکە لە بونیادی سیاسەتی دەرەوەدا ھەبووە. ھەڵبەت ئەم دوالیزمی گوتارە، تایبەت بە ئاماژەی ئاسایش نییە و ئێمە تەنیا وەک نموونە لەم ئاماژەیەمان کۆڵیوەتەوە. لە ڕاستیدا ھەموو چەمکە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە، ئەم دوالیزمی گوتارە لەخۆ دەگرن و بەدوایدا دەڕۆن. لە بنەڕەتدا شیکاریی گوتاری سیاسەتی دەرەوە؛ یارمەتیمان دەدات کە تێبگەین ئەم چەمکانەی کە بە ڕووکەش واتای دیار و زانراویان ھەیە، چۆن لە گوتارە جیاوازەکاندا بەرئاماژەی تەواو گۆڕدراو دەدۆزنەوە. “ئاسایشی نەتەوەیی” بێگومان یەکێکە لە درووشمە سەرەکییەکانی ھەر دەوڵەت و ھێزێکی سیاسی، بەڵام شیکاری گوتار پێمان دەڵێت شرۆڤە جیاوازەكانی ھەر گوتارێکی سیاسی چۆن واتا و ڕاستیی ئەم چەمکە دەگۆڕێت.

   ئەم دوو ئاڕاستەیە یان چەند ئاڕاستەیە لە ناساندنی چەمکەکانی بونیادی سیاسەتی دەرەوە، تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونە. لە بنەڕەتدا شەڕی گوتارەکان لە ناساندن و دووبارە ناساندنەوەی چەمکە سیاسییەکان، لە ھەر حکومەتێکدا کە خاوەنی ھەر جۆرە پێکھاتەیەکی جێگۆڕکێی نوخبە سیاسییەکان بێت، بوونی ھەیە. ئەم دوو ئاڕاستە یان چەند ئاڕاستەی گوتارە، لە پانتایی سیاسیی وڵاتانی تریشدا ناسراوە و ئەگەر بڕیار بێت ھیچ گۆڕانێک لە گوتاردا لە سیاسەتی دەرەوە ڕوو نەدات، لە بنەڕەتدا ھەڵبژاردنەکان و گۆڕینی دەوڵەت واتای نابێت. بەڵام تێبینییەکە ئەمەیە کە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم دوالیزمی گوتارە لە بوارە تایبەتەکاندا بە ئاڕاستەی جۆرێک لە دژبەیەکیی تەواو دەڕوات، بەتایبەت ئەو خاڵەی کە سەرچاوەی ئێمە بۆ گوتارە ناکۆکەكان بوو: واتە پەیوەندی لەگەڵ سیستمی جیھانی. دەتوانرێت پرسیار بکرێت: ئایا سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەرگری سیستمی جیھانییە یان بەرھەڵستیی دەکات؟ ئایا ستراتیژە درێژخایەنەكەی، ڕاکێشانی بۆ ناو ئابووریی جیھانی و سیستمی نێودەوڵەتییە یان بەرگری لە بەرامبەریدا و پێكهێنانی بەرەیەکە لە دژی؟ بێگومان ھەر یەک لەم دوو گوتارە، وەڵامی جیاوازی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە.

گرنگیی ئەم دوالیزمی گوتارە لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەمەدایە کە ھەریەک لەم گوتارانە تەنیا لە قۆناغی چوار ساڵەی دەوڵەتدا بەرجەستە نابن. ھەر چەند زاڵبوونی ھەر کامیان بەستراوەتەوە بە سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنەکان و بەدەستھێنانی پلە و پۆستە سەرەکییەکانی دەوڵەت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دووانە بەردەوام لەپاڵ یەکدا ئامادەن. جیاوازیی گوتار ھەندێ کات بە شێوەی ڕووبەڕووی حیزبەکان و گرووپەکان لە پەرلەمان و ھەندێ کات لە چوارچێوەی جیاوازیی بیروڕای ناوەندە جیاوازەکانی حکومەت یان سەربازی لەگەڵ دەوڵەتدا دەرکەوتووە. بەم پێیە، پێویستە ئەم دوالیزمییە وەک تایبەتمەندییەک لە کۆی گوتارە سیاسییە سەرەکییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا قبووڵ بکەین. بۆ شیکاریی وردتری کاریگەریی دوالیزمی گوتاری، باشترە بە گۆڕاوێکی سەربەخۆی بزانین کە بەرئاماژە سیاسییەکان چڕ دەکاتەوە و دەیکات بە واقیعی سیاسی لە زماندا. ھەروەھا، سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گۆڕاوێکی پەیوەست بزانین كە کاریگەرە بەم دوالیزمە. لەم کاتەدا دەتوانرێت بوترێت کە ئەم جیاوازیی گوتارە، بەتایبەت لە دیوە تەواو دژیەکییەكەی، دەتوانێت بە دوو شێوە خۆی لە سیاسەتی دەرەوە پیشان بدات:  دژیەكی یان دوو دیوی.

 

لێکدژی دەروونی لە سیاسەتی دەرەوە

دوالیزمی گوتار دەتوانێت بە شێوەی دژیەكی دەروونی دەربکەوێت و بە دۆخی لێكخشاندنی سیاسی یا كرداری خۆهەڵوەشاندنەوە کۆتایی بێت. ئەم دۆخە کاتێک دەبێتە واقع کە ھەر یەکێک لەم دوو گوتارە لە دیوە گۆڕدراوەكانی خۆیاندا لە بەرئاماژەیان بۆ ئاماژەی سەرەکییەکان، لە واقیعی سیاسیدا کاریگەری دادەنێن. ئەم جۆرە لە خۆدەرخستنی ململانێی گوتاری و کاریگەرییەکەی لەسەر واقیع، لەوانەیە بە دوو شێوە لە کارلێكەریی سیاسەتی دەرەوە کەم بکاتەوە: یەکەم: ئەوەیە کە دۆخی سەرچاوەگرتوو لە ململانێی گوتارەکان لە ناوەوە پڕۆسەی بڕیاردانی سیاسەتی دەرەوە ئاڵۆز بکات (بۆ نموونە دەوڵەت یان وەزارەتی دەرەوە لەژێر کاریگەریی فشاری پەرلەمانی گوتاری نەیاردا نەتوانێت بگاتە کۆدەنگی و لە کاتی گونجاودا ھەنگاوی پێویست بنێت) و دووەم: ئەوەیە کە بەدوای ئاڵوگۆڕی دەوڵەت، گوتاری ڕکابەر زاڵ ببێت و ھەنگاوەکانی دەوڵەتی پێشوو پووچەڵ بکاتەوە. نموونەی زۆر لەم بابەتانە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوونی ھەیە. کاریگەریی جیاوازی لە گوتاردا لە قۆناغێکدا بووە هۆی دەستەوسانی و خاوبوونەوەی لە بڕیاردان سەبارەت بە دانوستان لەسەر پرسی ناوەکی، دانوستانێك کە لە کۆتاییدا بە ڕێککەوتنێكی ناسراو بە بەرجام کۆتایی ھات. بابەتی زۆریش ھەبوون کە یەک دەوڵەت؛ ھەموو دەستکەوتە دیبلۆماسییەکانی دەوڵەتەکانی پێشوویان خستووەتە لاوە، وەک دۆخێک کە لەنێوان دەوڵەتی نۆیەم لەگەڵ ھەشتەم و دەوڵەتی یازدەھەم لەگەڵ دەیەمدا بینرا.

 

سیاسەتی دەرەوەی دوو دیوی

   دوالیزمی گوتاری لەوانەیە بە شێوەی سێنتێزی گوتاریی لێ بێت کە ھەردوو دۆخی ئاماژەكانی سیاسەتی دەرەوە بە شێوەی دوولایەنە لەخۆ دەگرێت. ئەم سێنتێزی گوتارە لە یەک کاتدا خاوەنی دوو ئاڕاستەی مامەڵەیی و دژەھەژموونە و وەک دوو تایبەتمەندیی تەواوکار دەبن. لەم حاڵەتەدا، سیاسەتی دەرەوە لە هەمان كاتدا كە دەتوانێت ئاڕاستەی دژەھەژموونی و خۆڕاگرییانەی خۆی لەبەرامبەر سیستمی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت، دەتوانێت لە دیپلۆماسی و پەیوەندیی مامەڵەگەرایانەش سوود وەربگرێت. ئەم بارودۆخە دەتوانێت بگاتە سیاسەتێکی دەرەوەی کارامە. دژایەتیكردنی سیستمی دەسەڵاتدار، بێگومان مامەڵەکردن ڕەت ناکاتەوە. مامەڵەکردن دەتوانێت بە پێچەوانەی ئاڕاستەی سیستمی دەسەڵاتدارەوە بێت. لە بنەڕەتدا ڕەتکردنەوەی مامەڵە، داماڵینی خوده لە چەکی دیپلۆماسی. لە لایەکی ترەوە، مامەڵە تا ئەو شوێنە واتای ھەیە کە سەربەخۆیی تەواو لە بڕیارداندا نەڕووشابێت. لە کاتێکدا کە دەوڵەتێک لەلایەن سیستمی دەسەڵاتدارەوە ناچار بکرێت بە ھەندێ بڕیاردان، بە کردەیی مامەڵەیەک ڕووی نەداوە. لەم گۆشەیەوە، مامەڵەش بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات مانای تەواوی نییە.

 

ئەگەرەكانی تێڕوانینێکی ھەمەلایەن

پرسیاری سەرەکیی بابەتەكەی ئێمە لێرەدایە کە چۆن دەتوانرێت کاریگەریی دوالیزمی گوتار لە حاڵەتی یەکەمەوە بگەیەنینە حاڵەتی دووەم. باسكردن لە تێڕوانینێکی ھەمەلایەنە و گۆڕینی دوو گوتاری دژ بە یەک بە دوو لایەنی تەواوکار لە گوتاری یەکگرتوودا قورس نییە، بەڵام خستنەڕووی ڕێگەچارەیەكی واقعی و کرداری بۆ تێکھەڵکێشکردنی ئەم دوو ئاڕاستە، بێ ئەندازە ئاڵۆزە. ئەم ئاڵۆزییە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە گوتارە دوولایەنەکانی سیاسەتی دەرەوە، لە جووڵەو و کاردانەوەکانی سیاسەتی جیھانیدا لاواز و بەھێز دەکرێن، ھەروەھا دەتوانرێت بگوترێت کە واقعی سیاسەتی نێودەوڵەتی ھەندێ کات ڕێخۆشكەر بووە بۆ ململانێی گوتارەكان لە ناوخۆدا. دوایین نموونەی دۆخێكی وا، چوونەدەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە برجامە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا گوتاری مامەڵەگەرای بە قازانجی گوتاری دژەھەژموون لاواز کرد. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم خاڵە بەو واتایە نییە کە مشتومڕی گوتاری ناوخۆیی ئەنجامی ناچاری سیاسەتی جیھانی بێت، بەڵکوو دۆخی دوو جەمسەری گوتاری، گرتنەبەری ڕوانینێكی ستراتیژیانەی درێژخایەن کە وریایی سیاسەتی نێودەوڵەتییشی لەبەرچاو گرتبێت؛ قورس کردووە.

   لە ڕوانگەی گوتارەوە، ئەم کارە تەنیا لە ڕێگەی دروستکردنی گوتارێكی نوێ دەکرێت. مەبەست لە دروستکردنی گوتاری نوێ، گۆڕانکاریی پێکھاتەیی لە بەرە سیاسییەكان یان دروستکردنی ھاوپەیمانیی سیاسی نییە، بەڵکوو جۆرێک سیستمی زمانەوانییە کە ئاماژەكان بە جۆرێک چڕ بکاتەوە کە ئیتر دژیەكی لە “مامەڵەگەرایی” و “دژەھەژموون” نەیەتە بەرچاو. بێگومان دروستکردنی گوتار لە زماندا ڕوو دەدات و ئەو کاتەیە کە گوتار دەتوانێت واقیعی سیاسی دروست بکات. بەم پێیە، ئەو کاتەی کە ئەم دژیەكییە لە دۆخەکەدا چارەسەر بکرێت؛ لە واقعیشدا چارەسەر دەكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دروستکردنی گوتاری نوێ، کارێکی قورس و ئاڵۆزە. لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار قسە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی “مامەڵەگەرای دژەھەژموون” بە ناونیشانی گوتاری دەیەی چوارەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خراوەتە ڕوو (متقی و آزرمی، ١٣٩٣).

 گوتارێک کە بتوانێت مامەڵەی سیاسی و ئابووری لەگەڵ جیھاندا بە شێوەیەک لەپاڵ خۆڕاگری و دژەھەژموون كۆ بکاتەوە كە نەك دژبەیەک، بەڵکوو ھاوئاڕاستە بێنە بەرچاو، دەتوانێت واقیعی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگۆڕێت. گوتارێکی وا دەبێت سەرەتا ئەم دوو جیاوازی و دوالیزمییە وەک دوو بابەتی فەرزكراو و دوو خواستی ھەمیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی قبووڵ بکات و ئەو کاتە بەرئاماژەكانی چەمکە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی بە شێوەیەک لە سیستمی زمانی نوێدا چڕ بکاتەوە کە نوێنەری ھەردوو لایەنەکە بێت. بەم پێیە، ھەنگاوی یەکەم قبووڵکردنی ئەم دوالیزمی گوتارەیە لە ڕووی مێژووییەوەیە. دواتر، دەبێت قبووڵ بکرێت کە ھەر یەک لە ئەم دوو گوتارە، دیوەكانی حەتمی لە زاتی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێك دەهێنن، نەك ئەوەی كە کاتی بن. لە ڕاستیدا داخوازییەكانی خەڵکیش لە ناوخۆی وڵات و بارودۆخی نێودەوڵەتیی حکومەتی ئێران، ھاوکات ئەم دوو گوتارەی ھێناوەتە ئاراوە. بە واتایەکی تر: ھەر یەکێک لەم دوو گوتارە، بۆ وەڵامدانەوەی پرسە نێودەوڵەتییەکان دروست بووە و ناتوانرێت ھیچ کامیان بە لادان لە زاتی کۆماری ئیسلامی دابنرێت.

   چەمکێک کە لەوانەیە بتوانێت بە ئاڕاستەی گوتارسازی؛ بنەڕەتی بێت، شوناسە. گوتارسازی بەتایبەت لە سیاسەتی دەرەوە، دەبێت لەخۆگری وێنەیەک لە خودی دەوڵەت بێت، كارەكتەرێكی نێودەوڵەتی بێت(Li, 2009) . بە واتایەکی تر: ئەم گوتارە تازەیە دەبێت “كێبوون”ی ئێمە لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، چ وەک بەشێک لە بەرەی خۆڕاگری دژ بە ڕژێمی دەسەڵاتدار و چ وەک وڵاتێکی ئاشتیخواز و لایەنگری هاوكاریكردن ڕوون بکاتەوە. شوناسسازی لە گوتاری سیاسەتی دەرەوەدا، نەک تەنیا بۆ گەیشتن بە سیاسەتی دەرەوەی ستراتیژیانە و درێژخایەن پێویستە، بەڵکوو لە ناوخۆشدا کاری پێ دەکرێت و لە یەکپارچەكردنی کۆمەڵایەتییشدا کاریگەرە. لە ڕاستیدا دوو گوتاری ئێستا لە سیاسەتی دەرەوەدا، لەسەر بنەمای دوو تێڕوانینە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی کە ھەڵبەت ھیچ کامیان ھەڵە نین. ھاوشێوەی گوتاری مامەڵەگەرا لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، دەتوانرێت لە ڕێگەی مامەڵە لەگەڵ كارەكتەرە نێودەوڵەتییەكاندا بگەینە ئەنجامی بردنەوە بۆ هەردوو لا (برد-برد). لە لایەکی ترەوە، لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە گوتاری دژەھەژموون، خۆڕاگری بەرامبەر بە باڵادەستیی جیهانی تەنیا ڕێگەیە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان. بەڵام ھیچ کام لەم دوو گوتارە جەخت ناکەنەوە لەسەر ئەوەی کە “ئێمە کێین” وەک كارەكتەرێك لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. لەوانەیە باشتر بێت گوتاری نوێ لەجیاتیی جەختکردنەوە لە بارودۆخی دیاری سیستمی نێودەوڵەتی، جەخت لەسەر “کێ”بوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بکات. لە ڕاستیدا، لەجیاتیی ئەوەی کە بە پێناسەی سیستمی نێودەوڵەتییەوە دەست پێ بکەین، پێویستە لە پێناسەی خۆمانەوە دەست پێ بکەین.

 لە کۆتاییدا، سەرچاوەی گوتاری سیاسیی نوێ، مەرج نییە سیاسەتمەداران و چالاكوانانی سیاسی بن، بەڵکوو میدیا و ڕاگەیاندنەکان، زانکۆکان و ھەر دامەزراوەیەك کە چالاکییەکەی پەیوەندیی بە زمان و ئاماژە و بەرئاماژەكان هەیە، دەتوانێت لە دروستکردنی گوتاری نوێدا ڕۆڵ بگێڕێت. وا دیارە ئەم گوتار سیاسییە نوێیە ناتوانێت بەپێی پێویستیی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی ڕێكەوت لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی یەك لەدوای یەك دروست ببێت، بەڵکوو پێویستی بە خۆتێوەردان و پڕۆژەی گوتارییە.

ئەنجام

لە سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیدا جیاوازیی تێڕوانینەکان لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و لە چوارچێوەی تیۆرییە جیاوازەکاندا بوونی ھەبووە، بەڵام بە ماوەیەكی کەم لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش، شەڕی سەپێنراو وەک ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و دیاری ئەمنی؛ بووە ھۆی ئەوەی کە بەرگریی پیرۆز ببێتە ئاماژەی ناوەندی سیاسەتی دەرەوەی ئێران کە یەکپارچەیی دەدا بە گوتاری سیاسی. بەڵام لێکدانەوەی گوتاری دەوڵەتەکانی دوای شەڕ، دەریدەخات کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ڕووی مامەڵە یان دژیەکی لەگەڵ سیستمی ئێستای نێودەوڵەتیدا، بە نۆرە کاریگەر بووە بە گوتارەکانی مامەڵەگەرا و دژەھەژموون. بە دەربڕینێکی سادە: لە ڕوانگەی مامەڵەگەرادا، ئاماژەی ئاسایش لە مامەڵە (ئابووری یان سیاسی بە پلەی جیاواز) لەگەڵ سیستمی ئێستای نێودەوڵەتی دەناسێنێت و ڕوانگەی دژەھەژموون، ڕژێمی باڵادەستی نێودەوڵەتی بەئاشکرا بە هۆكاری تێكدانی ئاسایش دەزانێت.

دوالیزم لە گوتاری سیاسەتی دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدا دەتوانێت ببێتە ھۆی پێگەیشتن و دوولایەنی لە سیاسەتی دەرەوە کە ھەردوو گوتارە دژیەكەكە لە گوتارێکی یەکگرتوودا تێکھەڵکێش بکرێن، گوتارێک کە نوێنەری ھەردوو دیوی مێژوویی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. ئەم گوتارە نوێیە، نەک لە ڕێگەی لەپاڵ یەک دانانی ئەو چەمکانەی كە بە ڕواڵەت دژیەکن، بەڵکوو لە ڕێگەی لەناوبردنی لێکدژی ئاماژەكان لە سیستمی نوێی زمانیدا دەکرێت. ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، گرتنەبەری سیاسەتی دەرەوەی یەکگرتووی ستراتیژانەی لەبەرامبەر سیستمی نێودەوڵەتیدا بە پێویست دەزانێت و ئەمەش پێویستی بە هێنانەكایەی گوتارێکی گشتگیرە کە ھاوکات ھەردوو لایەنی مامەڵەیی و خۆڕاگریی سیاسەتی دەرەوە لەخۆ بگرێت. ئەم گوتارە گشتگیرە، دەبێت “ئێمە کێین” لە سیستمی نێودەوڵەتی بۆ خۆمان و بۆ ئەوانی تر ڕوون بکاتەوە و پێناسەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خۆی لە سیاسەتی جیھاندا بكاتە خاڵی دەستپێك.

___________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

گۆڤاری ئایندەناسی ئایار 2021

Send this to a friend