• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 13, 2021

هەڕەشەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە

هاوکار ڕەفیق ڕەحمان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (10)ی تشرینی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ١٩٩٠-دا، هیچ حاڵەتێکی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکانی تێدا نەبووە، ئەم دۆخە تاوەكو ساڵی ٢٠٠٣ بەم شێوەیە بووە، بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمێکی بەکارهێنەرەوە بووەتە وێستگەیەکی ترانزێت و ئامار و داتاكانی پەیوەست بە بازرگانی كردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەڵكشانی بەردەوام دان و لە ئەگەری نەدۆزینەویە چارەسەرێكی ڕیشەیی، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەبنە مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی گشتیی هەرێمی كوردستان. لەم توێژینەوەیەدا بە سوود وەرگرتن لە ئامارە فەڕمییەكانی دەزگا پەیوەندیدارەكان، باس لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان كراوە و هەوڵدراوە میکانیزیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی بخرێنە ڕوو.

 

ماددەی هۆشبەر چییە؟

وەرگێڕدراوی وشەی “Narcotic”ی ئیغریقییە و بە واتای “بێهۆشکردن” یان “لەهۆشخۆچوون” دێت، ئەمەش واتای ئەوەیە هۆشی مرۆڤ دەبرێت و لە حاڵەتی سروشتی خۆی دادەبڕن، لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی ئالوودەبوون و ژەهراویبوونی کۆئەندامی دەمار(١). ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی (دەم، دەرزی و کوتان، بۆنکردن، کێشان و هەڵمژین، خستنەژێر زمان و کۆم) بەکار دەهێنرێن(2). جۆرەکانی دەشێت سروشتی بن، لە شێوەی گەڵا و گوڵ و ڕەگی دار، یان نیمچەدەستکرد بن و لە جۆرە سروشتییەکانەوە وەربگیردرێن، یان لە تاقیگەدا بە شێوەی حەپ و دەرزی ئامادە دەکرێن، کە بریتین لە (تلیاک، مۆرفین، کۆدایین، هیرۆیین، حەشیش، کراک، شیشە، پیسیدین، میسادۆن، بێنزۆدیازپین، ئەمفیتامینەکان، کۆکاین، ئیفیدرین، بەنگ، فینسیکیدین، هایدرۆکلۆریک، داتورە، کوکا، خات یان فات، کراتم، ناس، متادون، ، پاپاورین، پتادین)(3).

 

ڕەوشی تەشەنەی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ماددەی هۆشبەر (UNODC) لە ساڵی 2009دا، 35 ملیۆن کەس لە جیهاندا وەک ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر تۆمار کراون(4). بەپێی هەمان سەرچاوە، ڕێژەکە لە ٢٠١٥دا بۆ (٢٥٠) ملیۆن بەرز بووەتەوە و لە ساڵی 2018دا؛ 269 ملیۆن کەس وەک ئاڵوودەبووی ماددەی هۆشبەر تۆمار کراون. هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە مێرمنداڵان و گەنجان زۆرینەی بەکارهێنەران پێک دەهێنن. ئەو وڵاتانەش کە ڕێژەی بێکاری و شەڕیان تێدایە، خێراتر ماددەی هۆشبەری تێدا بڵاو دەبێتەوە(5).

لە ڕێكەوتی ٢٤/٦/٢٠٢١، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری نوێی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە (٢٧٥) ملیۆن بەکارهێنەر لە جیهاندا بوونیان هەیە کە ئەمەش نزیکەی ٦%ی ڕێژەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی پێک دەهێنێت. لەم ژمارەیە، ٣٦ ملیۆنیان بەدەست خراپیی بارودۆخی مێشکیانەوە دەناڵێنن. بەرهەمهێنانی کۆکاین و ئەفیون لە هەڵکشاندایە. مردنی ڕاستەوخۆ بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گەیشتووە بە ٦٠٪ . هەروەها بە ڕێژەی ٤٠%ی بەکارهێنەرانی مێرمنداڵ بۆ لیستەکە زیاد بوو(6). بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ بە (٣٦٠) ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت و لە ساڵی 2021 بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان بە نزیکەی  (٣٢٥) ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت(7).

ماددەکانی دیکە: ٦٠ ملیار دۆلار ماریوانە: ٧٥ ملیۆن دۆلار کۆکاین: ١٣٠ ملیار هێرۆیین: ١١٠ ملیار بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە ٢٠٢٠دا

Worldomete, (3/1/2021), https://bit.ly/3nDzI7N

مەترسیی دەوڵەتانی مانگی ئاڵتوونی و سێگۆشەی ئاڵتوونی  

دەوڵەتانی مانگی ئاڵتوونی کە مەبەست لێی سێ دەوڵەتی (ئەفغانستان، پاکستان و ئێرانە)، کە سێ گەورەترین دەوڵەتی بەرهەمهێن و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، بەم شێوەیە ناویان لێ نراوە مانگی ئاڵتوونی. لە پاکستان سێ ملیۆن کەس ئالوودەن، ساڵانە حەوت بۆ دە هەزار هێکتار زەوی بۆ چاندنی تریاک (خاشخاش) بەکار دێت. ئەفغانستانیش سێیەکی تلیاکی جیهان بە ڕێژەی (٨٠٪) و هیرۆیین بە ڕێژەی (٩٢٪) بەرهەم دەهێنێت. لە ئێرانیشدا نزیکەی چوار ملیۆن ئالوودەبوو هەن، ڕۆژانە دە کەس بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لەدەست دەدەن و ٧٠  کەسی دیکەش دەبنە بەکاربەر. ئێران ناوچەی ترانزێتی ماددەی هۆشبەرە، ڕۆژانە پێنج بۆ شەش تەن ماددەی هۆشبەر ساغ دەکاتەوە، هاوسنووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ مەترسییەکی گەورەیە. دەوڵەتانی سێگۆشەی ئاڵتوونیش  پێک دێن لە سێ دەوڵەتی دیکەی بەرهەمهێنی ماددەی هۆشبەر، ئەوانیش بریتین لە (بۆرما (میانمار)، تایلەند و لاوس) کە توانای کۆنترۆڵکردنی بازاڕی هێرۆیینی ئەورووپایان هەیە .(8)

جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان

بەردەوام جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان ڕوو لە زیادبوونن، بە دەیان شێوەی جیاواز، بە تێکەڵکردن و گۆڕانیان لە تاقیگەدا لە ڕووی چەندایتییەوە لە زیادبووندان. لە ساڵی ٢٠١٢، (٢٦٠) جۆری ماددەی هۆشبەر هەبووە، ئەم ڕێژەیە لە ٢٠١٨دا بۆ (٤٨٣) جۆر زیادی کردووە. ئەگەر زۆر بەوردی هەموو جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دیاری بکەین، ئەوا جۆرەکانی لە ئێستادا (١٠٠٠)یش تێپەڕ دەکەن(9).

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ماددە هۆشبەرەکان بەم شێوەیە پۆلێن دەکات:(10)

١. ئەوانەی دەبنە هۆی خەیاڵاویبوون (وڕێنە)

٢. ماددە هۆشبەرە سروشتییەکان

٣. ماددە هۆشبەرە کیمیاییەکان

٤. ماددە هۆشبەرە لاوازکەرەکان (ئازارشکێن و خەوهێنەرەکان)

٥. ماددە هۆشبەرە ئارامبەخشەکان

٦. ماددە هەڵمژینەکان

٧. ماددە ورووژێنەرەکان

٨. کحوول، تووتن و قاوە

جۆری ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان مەترسیدارترین جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەربڵاون، لە باوترین و مەترسیدارترینیان ماددەی هۆشبەری “کریستاڵ”ە، بە زمانی بازاڕی “شیشە”ی پێ دەگوترێت، ئەم ماددەیە ڕاستەوخۆ لە ماوەی سێ خولەکدا کاریگەرییەکەی دەگات بە مێشک، بە میکرۆبی پووکانەوەی خانەکانی مێشک ناسراوە. ئەم جۆرە ماددانەش لە هەرێمی کوردستان هەن: تریاک، هێرۆیین، کریستاڵ، ماریگوانا، بەنگ، جامایکا، حەشیش. بە شێوەیەکی گشتی  و بەربڵاو لە هەرێمی کوردستان ١٧ جۆری باوی ماددەی هۆشبەر هەیە(١١).

ھۆکارەکانی بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان:   

  • -باوەڕبەخۆنەبوون و خۆبەکەمزانین.
  • -ھاوڕێی خراپ و لادەر، باری ئابووریی خراپ و کەمدەرامەتی.
  • -خراپیی پەروەردەی خێزان و بەکارهێنانی توندوتیژی.
  • -کەمیی ئاستی زانیاری و هۆشیاری.
  • -بێکاری و بێپلانیی حکومەت بۆ گەنجان(12).
  • -لاوازیی پێگەیاندنی خێزانی و پێشتگوێخستنی پەروەردەی منداڵ.
  • -لێکترازانی شیرازەی خێزان و جیابوونەوەی ژن و مێرد لە یەکتری، یان فرەژنی.
  • -ڕۆڵی نەرێنیی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن (کلیپ، فیلم و درامای نەگونجاو).
  • -لاوازیی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش، نەمانی متمانە بە دەسەڵاتی دادوەری.
  • -خەمساردیی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەدا.
  • -ناسەقامگیریی سیاسی و بەردەوامی و قەیران.
  • -نەبوونی هەماهەنگیی هاوبەشی پارێزگاکان لە بەرەنگاربوونەوەدا.
  • -لاوازیی خاڵە گومرگی و بازگەکانی سەرسنوور.
  • -خراپیی دۆخی کافتریاکان و ئاساییبوونەوەی بەکارهێنانی نێرگەلە و خواردنەوەی کحوول(13).

دەشێت بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو جیهاندا ئەمانە هۆکارەکانی زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بن، لە هەرێمی کوردستانیش ئەمانە ڕۆڵی کارایان هەیە، بەتایبەتی قەیرانی دارایی و نەبوونی ئاستی هۆشیاری و بەربڵاویی بێکاری، بەڵام لەپاڵ ئەم هۆکارانەشدا دەشێت ئەم چەند خاڵەش ڕۆڵیان لە خراپبوونی دۆخەکەدا هەبێت:

  • -نەبوونی دیسپلین و بەرەنگاربوونەوەیەکی توند.
  • -خەمساردیی لایەنی پەیوەندیدار و لاوازیی ڕۆڵی دادوەری.
  • -هاوسنووریمان لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و شلوشێواویی سنوورەکان.
  • -نەبوونی ناوەندی چارەسەریکردنی ئالوودەبووان.
  • -ڕۆڵی لاوازی حکومەت، پارێزگار و ڕێکخراوەکان.
  • -نەبوونی هۆشیاریی گشتی دەربارەی کاریگەریی خراپی ماددە هۆشبەرەکان(14).

لە ساڵی ٢٠١٧-دا ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان باسی لەوە کرد کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە دە هەزار هاونیشتمانی ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن، لە ساڵی ٢٠٢١-دا لێدوانی نوێیان ئەوە بوو کە نزیکە لە ٥٠ هەزار. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم داتایە بە تێگەیشتی ئیمە یەکجار کەمە، هەر چەندە داتایەکی ورد بەردەست نییە و ئەوەی لە لایەنی پەیوەندیداریشەوە بڵاو دەکرێتەوە؛ کۆی داتاکان نییە. هەروەها  هەتا ئێستا لە کوردستان داتایەکی ورد نییە بۆ دەرخستنی سەرجەم بەکارهێنەران، بەڵام بە هەوڵی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕێكەوتی 27/1/2019 هەتاوەكوو ئێستا، کە هەڵمەتی هۆشیاری گەیەنراوە بە نزیکەی ٦٠٠٠ هەزار كەس لە توێژە جیاوازەكانی هەرێمی کوردستان (لە مامۆستای ئایینی، مامۆستا، خوێندکار، توێژەر و دایک  و باوکان) زانیارییان ڕاستەوخۆ پێ گەیشتووە، هەروەها یاسای ژمارە ٥٠-ی ساڵی ٢٠١٧ لە پەرلەمانی عێراق، بۆ هەرێمی کوردستان پێشنیار کراوە و لە پەرلەمانی کوردستانیش بە کەمێک دەستکارییەوە پەسەند کرا.  بۆ نموونە: لەدوای بینینی زیاتر لە ٣٠ بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەكانمان لە نزیکەوە، پرسیاری ئەوەیان لێ كراوە ئایا چەند کەسی دیکە دەناسن کە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان بن، زۆربەیان دەڵێن ٣٠ بۆ ٤٠ هەتا ٥٠ کەسی تر. هەروەها دەپرسم دەتوانی بڕی چەند ماددەی هۆشبەر لە ئێستا پەیدا بکەیت، زۆربەیان دەڵێن لە یەک گرام هەتا دە کیلۆ. ئەم بەدواداچوونە مەیدانییە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠٠ هەزار بەکارهێنەر هەیە(15).

داتا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان

داتاکانی ساڵانی (٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠ و شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢١)، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی (هەولێر، دهۆک، سۆران و ئاکرێ)، واتە بەبێ سنووری پارێزگای سلێمانی:

ساڵ
تۆمەتباری دەستگیرکراو
سزادراو
بڕی ماددەی دەستبەسەرداگیراو
٢٠١٨
941 کەس
76 کەس
415 كیلۆگرام
٢٠١٩
٩١٦ كەس
نەزانراو
115 کیلۆگرام
٢٠٢٠
۱۱۱۳ كەس
۹۱٦ كەس
٧٤٠, ٥٥٥  کیلۆگرام
شەش مانگی ٢٠٢١
۸۸۱ كەس
۳۱٥ كەس
۲۱٤،۳۹۳ کیلۆگرام

ئاماری بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان

 لەنێوان ساڵانی ٢٠١٨ هەتا شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢١

هەروەها لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2019-دا،  لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 284 کەس لە بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر گیراون. 32 ژن لەنێو گیراوەکاندان و زۆربەی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە؛ هێرۆیین، کریستاڵ و پاشان تریاک بووە. ئەوەی جێگەی مەترسی و هەڵوەستەلەسەرکردنە، دۆخی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و ئەو پارێزگا و قەزایانەن كە نزیکن لە ئێرانەوە، وەک ئیدارەی ڕاپەڕین، پارێزگای سلێمانی و قەزای سۆران. یاخود ئەو قەزا و ناوچانەی بێکاریی زۆری تێدایە، وەک شارەزوور و دەربەندیخان. لە نوێترین هەواڵی تایبەت بەم دۆخە، لە ڕێكەوتی ۱۲/۱٠/۲٠۲۱، لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە دەڤەری سۆران توانرا دەست بگیرێت بەسەر بڕی  دە کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری  هێرۆیین(16).

 

دۆخی پارێزگای هەولێر و سلێمانی لە ڕابردوو  و ئێستادا

ئەگەر تەنیا داتای ژمارەی بەکار‌هێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی ٢٠٠٨ وەربگرین، ئەوانەی ڕەوانەی “یەکەی دەروونیی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری” کراوان، بە هۆی ئالوودەبوونی دەرمانەوە، ٦٤ کەس (٤٦ نێر و ١٨ مێ) بوون(١٧). هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر (پیاوان)، هەتا ساڵی ٢٠٠٩،  ٣٢ بۆ ٣٣ کەس بە هۆی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کراون، هەروەها نزیکەی ١٢ بۆ ١٥ کەس بە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون(١٨).

لەگەڵ ئەمەشدا، لە ئێستادا لەناو زیندانی چاکسازیی گەورانی هەولێر زیاتر لە (١٠٠٠) کەس بە هۆکاری بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون. لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ئەگەر تەنیا یەک کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە هەولێردا نەبووبێت، ئەوا لە ئێستادا بە دەیان کیلۆ بە یەک جار دەستی بەسەردا دەگیردرێت، زۆر جار دەگاتە ٥٠ کیلۆگرام. بەپێی دوایین زانیارییەكان، لە ڕێكەوتی ۲۳/٥/۲٠۲۱، لە شاری هەولێر لە چالاکییەکدا بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بڕی  ۱۸٤  قاڵب ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆیین کە بڕەکەی (٩٢) کیلۆیە(١٩).  پرسیارەکە ئەمەیە، دەبێت چەند (٩٢) کیلۆیی قوتاری بێت و بڕوات؟ دەبێت ساڵانە چەند تەن ماددەی هۆشبەر  بەهێمنی بە کوردستاندا تێپەڕ بێت یان ساغ بکرێتەوە؟ لە پارێزگای سلێمانییش دۆخی ماددەی هۆشبەر لە ئاستێکی مەترسیداردایە، ئەگەر ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر بە کیلۆگرام نامۆ بووایە، ئەوا لە ئێستادا لە یەک چالاکیدا ١٠ کیلۆگرام و ٢٠ کیلۆگرام دەستی بەسەردا دەگیردرێت. لە ڕێکەوتی 21/1/2021، باندێکی ماددەی هۆشبەر و بڕی ١٣ کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە(٢٠).

هەروەها  لە  ڕێكەوتی ١/١/٢٠٢٠ تاوەکوو ١/١٢/٢٠٢٠، ئاسایشی سلێمانی 257 پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو کەسانە کردووەتەوە کە بەکارهێنەرن و بارزگانییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردووە، 262 کەس زیندانی کراون، بەشێک لەوانە ڕەوانەی دادگا کراون. لەو ڕێژەیەش، ١٦ کەسیان لە ڕەگەزی مێ بوون. هەر ١٠ ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم داتا فەرمییانە و لە ٢١/١/٢٠٢١، ئاسایشی سلێمانی باندێكی مەترسیدار دەستگیر دەكات. بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند كە ڕێژەکە زۆرە و ناتوانن لە ئێستادا ئاشکرایان بکەن، هەر لەم ئۆپەراسیۆنەدا بڕی ١٣ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە(٢١).

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە پێش پڕۆسەی ئازادیی عێراق، دۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ماددەی هۆشبەرەوە زۆر پاك بووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2003 کەمتر لە دە کەس بەم هۆکارە زیندانی کرابوون و تەنیا حەوت کەس بە تاوانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای سلێمانی زیندانی کرابوون. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەم ڕێژەیە دەبێتە ٨٠ کەس، کە ٥٩ كەسیان بەکارهێنەر و ٢١ی دیكەیان بازرگانن. لەدوای کرانەوەی سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران، ئەمە بووە گەورەترین هۆکار بۆ تەشەنەسەندنی ماددەی هۆشبەر. لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڕێژەی دەستگیرکراوان دەگاتە ٨١ کەس (٢٧ بازرگان و ٥٤ بەکار‌هێنەر)(٢٢). واتە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٨، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٣٢٦ کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کروان، بەڵام ئێستا لە سێ مانگدا ئەو ڕێژەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر دەکرێت، کە ئەم هەڵکشانەش هیچ ئاسایی نییە.

بەڕێوەبەری ڕێكخراوی هارتلاند ئەلاینسی نێودەوڵەتی لە عێراق كە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەڵێت: “لە سێ هەزار و 152 سزادراوی هەرێمی كوردستان، 428 كەسیان لەسەر ماددە هۆشبەرەكان سزا دراون و 10%ی تووشبووان لەخوار تەمەنی 18 ساڵن(٢٣)“. عەمید جەلال بەگ؛ بەڕێوەبەری پێشووی بەڕێوبەرایەتیی ‏نەهێشتی ماددە ‏هۆشبەرەكان لە ‏‏‏ئاسایشی سلێمانی، لە بەرنامەیەکدا دەڵێت كە 80%ی بەندكراوانی كوردستان لەسەر ماددەی ‏هۆشبەر ‏گیراون و لە نێویاندا سزادراو هەیە كە پێنج بۆ شەش جار دەستگیر كراوەتەوە. هەروەها نموونەی كەسانێك هەبووە لەسەر سەرپێچیی هاتوچۆ گیراون، بەڵام دواتر ‏بوونەتە ‏بەكارهێنەر. بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی پێشووی ئاسایشی سلێمانی، بازرگانیكردن بە ‏ماددە هۆشبەرەكان بەردەوام لە زیادبووندایە، بۆ بەڵگەی قسەكەشی وتی: 52 ملیۆن حەپی ترامادۆڵمان بە جارێك گرتووە، هەروەها دەڵێت تەنیا لە یەک ساڵدا یەک تەن ماددەی هۆشبەر (کریستاڵ) دەستی بەسەردا گیراوە. هەروەها لە قوتابخانەکانیشدا ماددەی هۆشبەر گیراوە، هەوڵ دراوە ئەم ماددانە ببرێتە ناو زانکۆ و پەیمانگاکانیش. تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا، زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار کەس گیراوە(٢٤).

قەبارەیەکی فراوان لە بازرگانیی حەپ لە  هەرێمی کوردستان

بەپێی ئەو دەرئەنجامە مەیدانییانەی پێی گەیشتووین، ناوچە سنوورییەکانی شارباژێڕ حەپی هۆشبەری لێ هەناردە دەکرێت بۆ ئێران، هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی ئیدارەی ڕاپەڕینیش بە هەمان شێوە. دۆخی شاری کەرکووکیش كە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦/١٠/٢٠٢١ ناسەقامگیر بووە، بازرگانیی حەپ و ماددەی هۆشبەر بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەپێی لێدوانەکانی بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٧دا ٥٢ ملیۆن حەپی ترامادۆڵی ٢٠٠ میلیگرامی لە یەک چالاکیدا دەستی بەسەردا گیراوە(٢٥).

هەروەها حەپەكانی تر وەك (ئەکتیفیت، یونایتد، ئیفدرین، یونۆکلۆید، مۆرفین)، لە کوردستانەوە بازرگانییان پێوە دەکرێت و دەنێردرێنە سنووری ئێران و لەوێشەوە لەگەڵ ئەسید (تێزاب) و چەندین ماددەی دیکەی کیمیایی تێکەڵ دەکرێن و ماددەی دیکەی هۆشبەریان  لێ دروست دەکرێت و دیسانەوە بۆ کوردستان دەگەڕێنەوە، یەکێک لە ماددەکان کریستاڵە. قەبارەی بازرگانییەکە فراوانە، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٧دا لە یەک ئۆپەراسیۆندا ٨٩٠ كارتۆن کە دەکاتە ٢٠ ملیۆن دەنك لە جۆری (ترامادۆڵ ٢٠٠ میلیگرام و ئیفدرین و مۆڵفین) کە بەهاکەی نزیكەی ١٠ ملیۆن دۆلار دەبێت، لە سنووری پێنجوێن و شارباژێڕ دەستی بەسەردا گیراوە(٢٦).

بەپێی ئەو ئامارانەی ساڵانە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بڵاوی دەکاتەوە، باوترین جۆری حەپە هۆشبەرەکان ئەمانەن: (ترامادۆڵ، سۆمادریل، پرازولام، میتادۆن، ئەکتیفیت، یونایتد، کلۆنازپام، ئیفدرین، یونۆکلۆید، مۆرفین، سۆمادرین، دیزاپام، ئارتین، ئیفدرین). لێرەدا بڕی ئەو حەپانە دەخەینە ڕوو کە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گیراوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، دهۆک، سۆران و ئاکرێ، واتە بەبێ سنووری پارێزگای سلێمانی:

ساڵ بڕی حەپی هۆشبەر
٢٠١٨ 17 هەزار و 281 شیت
٢٠١٩ نۆ هەزار و 215 شیت
٢٠٢٠ ٦ هەزار شیت
٦ مانگی سەرەتای ٢٠٢١ ٤٠ هەزار و ٩٣٧ شیت

سەرچاوە: ڕاگەیەنراوی فەرمیی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ساڵەكانی ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠ و ڕاگەیەنراوی شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢١.

ڕێژەی حەپی هۆشبەر لە ساڵی ٢٠٢١ زیاترە لە سێ ساڵی ڕابردوو. لە شاری هەولێر لە ڕێكەوتی 3/8/2021، دەستیان گرتووە بەسەر 23 هەزار و 32 شیت حەپی جۆراوجۆر لەگەڵ 7 هەزار و 190 دەرزیی جۆراوجۆر کە زۆرینەیان هۆشبەر بوون(٢٧). بەپێی بڵاوکراوەیەکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێکەوتی 5/7/2020، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کراوە کە 265 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (تلياك، هێرۆیین و شيشه) و بڕی ٤٩٠ شیت حەپی هۆشبەری جۆری ترامادۆڵ و چوار دەمانچە و یەك كڵاشینکۆف، تەرازوویەکی دیجیتاڵ و چەند کەلوپەلێکی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری پێ بووە. لە ڕاستیدا ئەو زانیارییانەی دەربارەی حەپە هۆشبەرەکان هەن؛ پێناچێت ورد بن، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە نووسەری ئەم بابەتە لە ناوچە سنوورییەکان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ئەنجامی داوە، ڕێژەی حەپەی هۆشبەر زۆر زیاترە لەو ئامار و داتایانەی كە لایەنە فەرمییەكان بڵاویان كردووەتەوە.

هەرێمی کوردستان و عێراق وەک ناوچەی ترانزێتی ماددە هۆشبەرەکان

لایەنی پەیوەندیدار چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندووە کە بە چەندین شێوازی جیاواز بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان هەوڵیان داوە كە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر بە پۆستە ماددەی هۆشبەر بۆ ئەورووپا بنێرن، هەروەها چەندین جار باس لەوە کراوە کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ماددەی هۆشبەر دەنێردرێت بۆ شارەکانی خوارووی عێراق و دەوڵەتە عەرەبییەکان. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ماددەی هۆشبەر (UNODC) لە ساڵانی 2008 بۆ 2020 بڵاوی کردووەتەوە، ئەفغانستان وەک وڵاتی سەرەکیی چاندنی ماددە هۆشبەرەکان و هەناردەکردنی؛ ناو هێنراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بارەی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بەرەو ئێران ڕەوانە دەکرێن، لە ئێرانەوە بەرەو تورکیا و عێراق دەنێردرێن، عێراق دەبێتە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، تورکیاش دەبێتە ڕێڕەوی گواستنەوە بۆ ئەورووپا(٢٨).

تەنانەت لایەنی پەیوەندداری عێراقی و کوردستانیش ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە، ماددە هۆشبەرەکان لە ئێرانەوە لە ڕێگەی شارەکانی بەسڕە و میسان و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان داخڵی عێراق دەکرێن، لە عێراقیشەوە بۆ وڵاتانی کوێت و سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداوی عەرەبی دەنێردرێن، کارلێکەرە عەقڵییەکانیش لە سنووری سووریاوە هاوردەی عێراق دەکرێن. عێراق پێشتر تەنها ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بوو، بەڵام ئێستا بازاڕە بۆ ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و توێژی گەنجان و مێرمنداڵان لە عێراق بوونەتە قوربانیی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر(٢٩).

مەترسیی بەدەرکەوتنی مافیای ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی مافیای ماددە هۆشبەرەکان؛ کۆنترۆڵکردنی حکومەت و سیاسەتی وڵاتە، ئەمەش دەبێتە قۆناغی مەترسیدار و بەرپاکردنی جەنگ لەنێوان حکومەت و مافیاکان. ئامانجی مافیاکان ئەوەیە وڵات لە بەکارهێنەرەوە بگۆڕن بۆ بەرهەمهێن(٣٠). دۆخی ئێستای ئەفغانستان باشترین نموونەیە کە لە دەست دەرچووە، هەر چەندە  تاڵیبان لە ئێستادا بە شێوەی زۆرەملێ دەیەوێ سنوورێک بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دابنێت، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەمە هەوڵێكی بێئەنجامە. هاوکات  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێناو سنورودانان بۆ بەرهەمهێنانی تریاک، لەنێوان ساڵانی 2002-2017، زیاتر له 8 ملیارد و 600 ملیۆن دۆلاری لە ئەفغانستاندا بۆ كۆتاییهێنان به‌ كێڵگه‌كانی گوڵی خه‌شخاش و وشككردنیان و پێدانی پاره‌ وه‌ك قه‌ره‌بوو به‌ گوندنشینان خەرج کردووە، به‌ڵام له‌دوای ساڵی (2017)ە‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هاوكارییه‌ی وه‌ستاندووه‌، چونكه‌ دڵنیا بووه‌ كه‌ به‌رهه‌مهێنانی گوڵی خه‌شخاش به‌و كۆنترۆڵ ناكرێت(٣١).

مافیاکانی ماددەی هۆشبەر لە مەکسیک جەنگ بەرپا دەکەن، تەنیا ساڵی ٢٠٠٨ هەتا مانگی ٤ی ٢٠٠٩، زیاتر لە ٧ هەزار کەس بە هۆی جەنگی مافیاکانەوە کوژراون، لە میانماریشدا بەئاشكرا خەڵکی لەلایەن مافیاکانەوە دەکوژرێن و ساڵانە  پێکدانانی نێوان حکومەت و مافیاکان ژیانی ئەو وڵاتەی تاڵ کردووە،  میانمار دووەم گەورەترین بەرهەمێنی تریاکی جیهانە، کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتە لەوێش بووە بە خەون، لە میانمار، لاوس و تایلەند، تەنیا لە ٢٠٠٣دا؛ ٢٠٠٠ کەس بەدەست مافیاکان کوژراون. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش هیچ لە هاوسێیەتیی مەکسیک دڵخۆش نییە و بە سەرچاوەی نەگبەتیی دادەنێت، چونکە لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێرۆیین بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە زیادبووندایە و دەیان تاقمی مافیاش دروست بوون. کۆڵۆمبیاش کە گەورەترین بەرهەمهێنی کۆکاینە لە جیهاندا، مافیاکان لە شانۆی سیاسیی ئەو وڵاتەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە(٣٢).

سەرچاوە: لێدوانی بەڕێوەبەری بەرێوبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی لە ٢٠/٦/٢٠٢١ و بڵاوبوونەوەی وێنەکان لە پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی. هەروەها لێدوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان سەبارەی بە کێڵگەی دووەم لەنزیك پارێزگای دهۆك.

وێنەی لای ڕاست، کیڵگەی چاندنی ماددەی هۆشبەرە لەنزیک سلێمانی، کەڵەوانان، وێنەی لای چەپ چاندنی ماددەی هۆشبەرە لەناو خانووی پلاستیكیدا لە  پارێزگای هەولێر لە گوندی تیسانی سه‌ر به‌ ناوچەی باجد کەندال.

مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان

بەپێی جۆری ماددە هۆشبەرەکان، کاریگەرییەکانیش لەسەر دەروون و جەستە  و عەقڵی بەکارهێنەر جیاوازن، ئەوانەی سروشتی نین و تەواو کیمیایین یان نیمچەکیمیایین، کاریگەرییان زۆر زیاترە لەو ماددانەی سروشتین، ئەو ماددانەی بە دەرزی بەکار دەهێنرێن، کاریگەرییان زیاترە لە جۆرەکانی دیکە، لێرەدا باوترین جۆرەکان دەخەینە ڕوو کە لە هەرێمی کوردستان باون و لەگەڵ کاریگەرییەکانیان:

کاریگەریی بەکارهێنانی هێرۆیین(٣٣):

  • -نەمانی خەوی شەو، زیاد لێدانی دڵ و دوودڵیی زۆر.
  • -بێمەیلی بۆ خۆراک و دابەزینی کێش.
  • -پووکانەوەی گورچیلە و كێشە لە میزكردن.
  • -خوران و گۆڕانی ڕەنگی پێست.
  • -داڕووخانی کەسایەتیی مرۆڤ .
  • -زامدارکردنی جەستە و بیرکردنەوە لە خۆکوژی.
  • -قەبزی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ و تەنگەنەفەسی.
  • -قەپاتبوونی بۆرییەکانی دڵ و هەوكردنی جگەر.

 

کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی حەشیش(٣٤):

  • -دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە دەنگ، ڕەنگ و تێگەیشتندا.
  • -تووشبوونی حەساسیەت و هەڵامەتی بەردەوام.
  • -بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە.
  • -لەرزینی دەست، ئارەقەکردنەوەی زۆر.
  • -ئارەزووی زۆر خەوتن، لەدەستدانی کێشی جەستە.
  • -سوورهەڵگەڕانی چاو و کردەی توندوتیژی.
  • -حەزکردن بە گۆشەگیری و تەنیایی.
  • -لەدەستدانی کوالێتیی مێشک و توانای پەیبردن.
  • -هاوسەنگیی لەش تێک دەدات و زاکیرە دەشێوێنێت.
  • -قسەی هەڵیتوپەڵیت و بەرزبوونەوەی دەنگ.
  • -نەخۆشیی تەنگەنەفەسی و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە.
  • -لەناوبردنی خانەکانی مێشک، هەوكردنی ناو سییەکان.
  • -خەمۆکی، بێتاقەتی و نائارامی.
  • -هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی.
  • -ڕەفتاری شێتانە، خەوزڕان.

کاریگەریی بەکارهێنانی کریستاڵ(٣٥):

  • -کەس ناناسێتەوە، بەرپرسیارێتیی خێزانی لاواز دەکات.
  • -بە ئاستێکی بەرز کەسەکە قەلەق دەکات و تووشی وەهم دەبێت.
  • -خەوی دەزڕێت و بە چەند شەوێک ناخەوێت.
  • -ترسی دروستکراو دەکەوێتە دڵیەوە و بە هەڵە لە مەبەستی بەرانبەر تێدەگات.
  • -ئەو کاتەی لەژێر کاریگەریی ئەم ماددەیەدایە، بە ڕێژەیەکی زۆر قسە دەکات.
  • -یادەوەری لەدەست دەدات و خانەی مێشک وێران دەبێت.
  • -هاندانی کوشتن و ئەنجامدانی کردەی توندوتیژی.

دەتوانین ئەم کۆمەڵە نیشانەیەش بخەینەڕوو بۆ بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان:

  • -وابەستەبوونی دەروونی و جەستەیی و هزری. پشتکردنە خێزان و خانەوادە.
  • -بە شەو ناخەوێت و لە ناوەڕاستی ڕۆژدا ئالوودەی خەو دەبێت.
  • -وشکبوونەوەی خانەکانی مێشک. خەوزڕان، لەرزین.
  • -حەزنەکردن بە خواردن و سکچوون، ڕشانەوە.
  • -تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی.
  • -درزکەوتنە لێوەکانەوە و گۆڕانی ڕەنگی پێستیان.
  • -گۆڕانی ژێر چاویان بۆ ڕەنگی ڕەشی کاڵ یان مەیلەوقاوەیی.
  • -لەدەستدانی توانای کارکردن.
  • -قسەپێبرین و قسەزۆرکردن لە هەندێک کاتدا.
  • -جووڵەی بێ ئاگایانە و زۆر بە چاوەکان و سەرسوڕاندنی زۆر بەملا و ئەولادا.
  • -بێهێزی و تەمبەڵی، کۆکەی زۆر(٣٦).
  • -گرنگینەدان بە جلوبەرگ و جگەرەکێشانی زۆر.
  • -بێجگە لە لێکەوتە جەستەییە و دەروونییەکانی تر.
  • -زیادبوونی دزیکردن، ڕووداوی هاتوچۆ.
  • -زۆربوونی تاوانی سێکسی و پەکخستنی هاوسەرگیری.
  • -لە دوورمەودادا پەککەوتنی توانای سێکسی و لاوازیی جەستەیی.
  • -هەڵچوون و هەوڵدانی خۆکوشتن(٣٧).

نووسەری ئەم بابەتە لەگەڵ زیاتر لە ٣٠ کەس لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان بە شێوەی ڕووبەڕوو و تەلەفۆن قسەی کردووە و بەوردی ئەم نیشانانەیان تیایاندا بینیوە:

  • -نەبوونی متمانە و بڕوابەخۆبوون و زاڵبوونی هەستی خۆبەکەمزانین بە ئاستێکی زۆر بەرز.
  • -ڕوانگەیەکی خراپ بۆ کەسە نزیکەکانیان، وەک خێزان، خزم و هاوڕێ.
  • -دوودڵیی زۆر و وەهمی دروستکراو لە ناخیاندا.
  • -ڕاڕایی و ناڕوونی لە بڕیاردان و قسەکردندا.
  • -جووڵە و هەڵسوكەوتی نامۆ بە شێوەی خێرا و دووبارەبووەوە.
  • -هەموو کات کەسێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەڵەی خۆیانی بخەنە سەرشان.
  • -جگەرەکێشان و چای خواردنەوەی زۆر.
  • -خۆخوراندنی زۆر و زۆر دەستهێنان بە ڕوخساردا.
  • -هەتا دڵنیا نەبێتەوە دەنگی تۆمار ناکەیت؛ قسەت بۆ ناکات.
  • -کەسیان نەدیوە کە کێشەی ڕزین، یان کەوتن و پووکانەوەی ددانەکانی نەبێت.
  • -بەڕوونی لە هەموویاندا کێشەی دەروونیی قووڵ هەیە.
  • -شوێنەواری بریندارکردن و خۆسووتاندن بە جەستەیانەوە دیارە.
  • -زۆر بەباشی هان دەدرێن بۆ کردەی هەڵە و توندوتیژی.

ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان(٣٨)

  1. ڕاسپاردەی تایبەت بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت)
  • -فشاری جددی دروست بكرێت و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەم بابەتە بکات.
  • -داوای هاوكاری نێودەوڵەتی و ڕاوێژ بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەیەکی خێرا و جددی.
  • -هەڵمەتی ساڵانەی سەرتاسەری بە ناوی حکومەتەوە ئەنجام بدرێت.
  • -ساڵانە بڕە پارەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوە بە پلان خەرج بکرێت.
  • -ناوەندێکی بەدواداچوونی سەر بە حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوە دابمەزرێت.
  • -کەسی تایبەت لەم بوارەدا پێبگەیەنرێت و پشتگیری بکرێن لە ناوخۆ یان دەرەوە.
  • -ئەگەر لادانێک هەبوو لە سزادانی بازرگانەکان، ڕاستەوخۆ سەرۆکی حکومەت بێتە سەر خەت و چاوپۆشی لە کەس نەکات.
  • -هانی ئەوە بدات کە پەیوەندیی نێوان پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوە زیاتر بکرێت.
  1. ڕاسپاردەی تایبەت بۆ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)
  • -پەرلەمان ساڵانە چاودێریی جێبەجێکردنی یاسا نوێکە بکات.
  • -پەرلەمان واتە چاودێر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری، دەبێت لەم کەیسەدا چالاکانەتر بە ڕۆڵی لێپرسینەوە و چاودێریکردن هەڵبستێت.
  • -ئەندامپەرلەمانەکان بە ڕۆڵی خۆیان هەڵبستن و هەست بە ئەم مەترسییە بکەن و زیاتر کار لەسەر بابەتە جەوهەرییەکان بکرێت.
  1. ڕاسپاردەی تایبەت بۆ دەسەڵاتی دادوەری (دادگاکان)
  • -لە هەرێمی کوردستان دادگاکان نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، پێوستە زۆر بەخێرایی متمانە بۆ دەسەڵاتی دادوەری بگەڕێتەوە و یاساکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن. بابەتی بەرتیل، مەحسوبیەت، خزمخمێنە و دەستوەردانی حیزب لەم بابەتە بچێتە دەرەوە.
  • -بەئاشکرا سزادانی بازرگانەکان و جێبەجێکردنی سزاکانیان بەبێ دواخستن و بەلاڕێدابردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەکانیان.
  • -دەسەڵاتی دادوەری و سەرجەم دادگاکان و داواکاری گشتی پێداگر بێت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٥٠-ی ساڵی ٢٠١٧-ی پەرلەمانی عێراق، بە ناوی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2020)ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق پەسەند کرد، ماوەتەوە ئەوەی بەوردی کاری پێ بکرێت(٣٩).
  • ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە ئەم یاسایە دروستکردنی ناوەندی چارەسەر بۆ بەکارهێنەر و ئالوودەبووان لە خۆی دەگرێت، هەروەها زیاتر ڕێکاری چارەسەرکردن پێشنیار دەکات تا زیندان و سزادان، بەڵام لەگەڵ بازرگانەکان توندە و بڕی غەرامەیەکی زۆر و سزای توند تا ئاستی لەسێدارەدان پێشنیار دەکات(٤٠-٤١).
  1. ڕاسپاردە خێزانییەکان
  • -گرنگیدان بە پڕۆسەی پەروەردەی خێزانی و هۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان لەم بابەتە.
  • -دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و بەکارهێنانی نادروست لە پەروەردەکردندا.
  • -پشتگیریکردنی خێزان لە کەسی تووشبوو لە ماڵدا، پشتێنەکردن و بیرندارنەکردنی کەسایەتییەکەی.
  • -هەتا دەتوانن ڕێگە بگرن لە چوونی منداڵەکانیان بۆ کافتریان، بەتایبەت شەوان.
  1. ڕاسپاردەی تایبەت بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی
  • -هەلی کاری زیاتر دەستەبەر بکرێت، کەرتی تایبەت ناچار بکرێت بە وەرگرتنی دەستی کاری ناوخۆ.
  • -هاوکات ناوەندەکانی دۆزینەوەی کار زیاتر بکرێت و هانی ئەو کەسانە بدرێت کە پڕۆژەی بچووکیان هەیە.
  • -بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە، چاودێریی دۆخی زیندانیان بکەن.
  1. ڕاسپاردە بۆ وەزارەتی تەندروستی
  • -چاودێریی ورد بخانە سەر دەرمانە کارتێکەرە عەقڵییەکان، بەتایبەت لە قەزا و ناحیەکاندا.
  • -سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بەوردی چاودێریی ڕەچەتەی دەرمانخانەکان بکەن.
  • -سەنتەری تایبەت بە ئالوودەبووان بکاتەوە، بە مەبەستی چارەسەری بەکارهێنەر و ئالوودەبووان ئەگەر بە شێوەی سنوورداریش بێت.
  • -وەزارەتی تەندروستی بەرپرسیارێتیی زۆری دەکەوێتە سەرشان، بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١)ی (٢٠٢٠)ی پەرلەمانی کوردستان.
  • -ئاگاداری ئەو پزیشکانە بێت کە پسپۆڕییان دوورە لە چارەسەرکردنی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشىبەر و چارەسەر دەنووسن.
  • -پزیشک و ستافی تایبەت بنێرێتە دەرەوە، بۆ وەرگرتنی ئەزموونی چارەسەری بەکارهێنەران و ئالوودەبووان.
  1. ڕاسپاردە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەکانی پارێزگاکانی کوردستان
  • -لەم بوارەدا خولی تایبەت و پێشكەوتوو بۆ کارمەندەکانیان بکەنەوە.
  • -تەکنەلۆژیای نوێ بەردەست بخەن.
  • -سوود لەو بەکارهێنەرانە وەربگرن کە وازیان هێناوە.
  • -ئەو کەسانەی زانیاری دەدەن، خەڵاتی تایبەت بکرێن.
  • -هۆشیاریی گشتی بڵاو بکەنەوە و هانی خەڵک بدەن هاوکاریان بن.
  • -لەناو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کاری جددی لە ڕێگەی میکانزمی بەدەستهێنانی زانیاری و هەواڵگری بکرێت.
  1. ڕاسپاردە بۆ وەزارەتی ناوخۆ
  • -جددی و کارا بێت لە جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی (١)ی ساڵی (٢٠٢٠).
  • -چاودێریکردنی یانە شەوانەکان.
  • -چاودێریکردنی ئەو کەسانەی لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان.
  • -چاودێریکردنی وردی کافتریاکان و ڕێگەنەدان بە کەسی خوار (١٨)ساڵ بۆ چوون ئەم شوێنانە. چاودێریکردنی کەلوپەل و تووتنی بەکارهاتوو لە کافتریاکان.
  • -ئاگاداربوونی ئەو بینا و خانووە بەتاڵ و تەواونەکراوانەی لە پارێزگا، قەزا و ناحیەکاندا هەن.
  • -توندکردنی زیاتری خاڵە سنوورییەکان و دانانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ.
  • -ڕێگریکردن لە هاتنی بەلێشاوی پەنابەر و کۆمپانیای وەهمی و کرێکار، لەبەر ئەوەی زۆر جار ئەوانە دەکرێن بە ئامرازێك بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
  • -بەهێزکردنی خاڵەکانی پشکنین و یەکەکانی گومرگ و بازگەکانی سەرسنوور.
  1. ڕاسپاردەی تایبەت بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
  • -مامۆستایانی ئایینی لە ڕەوشی ماددە هۆشبەرەكان ئاگادار بكرێنەوە و ئەم بابەتانە لە مینبەرەکانەوە باس بكرێن.
  • -داتا و زانیارییان پێ بدرێت و ساڵانە هەڵمەتی سەرتاسەری لە مینبەرەکانەوە بەجێ بگەیەنرێت.
  1. ڕاسپاردە بۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا
  • -ساڵانە لەلایەن ستافی تایبەتەوە لە سەرجەم خوێندنگاکان سیمنار، سیمپیۆزیم، پانێل یان هەر كۆڕێكی تر ساز بكرێت.
  • -هەروەها توێژەر و مامۆستا و بەڕێوەبەرەکان لەم بابەتە ئاگادار بکرێنەوە.
  • -ئەم پرسە بکرێتە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن و ساڵانە پێشکەش بکرێت.
  • -ئەنجامدانی توێژێنەوەی مەیدانی بۆ زانینی هۆکارەکانی زیادبوون و لێکەوتەکانی.
  • -زۆربەی ئەو بەکارهێنەرانەی بەرچاوم کەوتوون لە قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆ خوێندکار بوون و گرووپەکەشیان بەردەوام لە فراوانبووندابووە.
  1. ڕاسپاردە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
  • -هاندانی چالاکوانانی ئەم بوارە و ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی چالاکیی هۆشیاری.
  • -گرنگیدان بە هۆشیارکردنەوەی قەزا و ناحیەکان.
  • -فشارکردن لە میدیاکان بۆ ئەنجامدانی بەرنامە و ڕاپۆرتی هۆشیاری.
  • -قەدەغەکردنی ئەو فیلم و کلیپانەی کە باس لە ماددەی هۆشبەر یان ئەلکحوول دەکەن، نموونەی بەکارهێنەر هەیە کە لەژێر کاریگەریی ئەو فیلمانەدا ماددەی هۆشبەری لا شیرین بووە.
  1. ڕاسپاردەی تایبەت بۆ بەڕێوەبەراییەتییەکانی چاکسازیی گەورانی پارێزگاکان
  • -لە زیندانەکاندا خول و چالاکیی تایبەت بەم بابەتە بۆ ئەو کەسانە بکرێتەوە کە لەسەر ماددەی هۆشبەر سزا دراون.
  • -سزای ئەو کەسانە کەم بکرێتەوە کە ئاماژەی ئەوەیان تێدایە جارێکی دیکە بۆ ئەم بابەت ناگەڕێنەوە و بڕوای ئەوەیان لا دروست بووە کە بەتەواوی لەم بابەتە دوور بکەونەوە.
  • -لەناو گرتووخانەكاندا زۆر بەوردی چارەسەری دەروونی و تەندروستیی بەکار‌هێنەران بکرێت و ئازاری دەروونییان نەدرێت.
  • -وردتر بن لە جیاکردنەوەی کەیسەکان لە یەکتری، تووشبوونی کەسێک بە ماددەی هۆشبەر لە زینداندا کە لەسەر پێشێلکردنی یاساکانی هاتوچۆ گیرابێت، ئەمە کارەساتە (ئەمە لە کوردستان ڕووی داوە).
  • -دزەپێکردن و بازرگانیپێکردنی ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکاندا بنەبڕ بکرێت و کاری جددیتری بۆ بکرێت.
  • -توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکرێت لەسەر ڕۆڵی زیندان لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
  • -فێڵەکانی دزەکردن و هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ زیندانەکان ئاشکرا بکرێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی نیەتی ئەم کارەیان هەیە؛ ترس بیانگرێت.

کۆمەڵێک ڕاسپاردەی دیکەی گشتی

  • -بەدڵناییەوە بەکارهێنەران تاوانبارن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشن، پێوستە وەک نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
  • -لەبریی ئەو بڕە پارەیەی کە ڕۆژانە بۆ زیندانییان خەرج دەکرێت، کە بڕەکەی (١٠ بۆ ١٢) دۆلارە بۆ هەر زیندانییەک، ئەوا پێوستە بەکار بهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی لە دەرەوەی زیندان. هەروەها ئەو سندووقەی پارەی پێبژاردنی تێدا کۆ دەکرێتەوە، کە لە بەکارهێنەر و بازرگانەکان وەردەگیرێت، بخرێتەوە خزمەتی چارەسەری بەکارهێنەران.
  • -ئازایانە دەست بگیردرێت بەسەر موڵک و ماڵی بازرگانەکان و ئەو بڕە پێبژاردنەی لە یاسا نوێکەدا هەیە؛ وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
  • -خستنەڕووی مەترسیی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە زمانێکی ڕوون و سەلمێنراو، لە ڕووی دەروونی، تەندرووستی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، دارایی، جەستەیی.
  • -ئەو کەسانەی وازیان لە ماددەی هۆشبەر هێناوە، وەک پاڵەوان بناسرێن و لە میدیاوە هانی گەنجان بدەن بۆ وازهێنان.

ئەنجام

بەپێی ئەو ئامارە فەرمی و نافەرمییانەی كە لەبەردەستن و هەروەها بە بەراوردی داتاكانی چەند ساڵی كۆتایی، ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی مەترسیداردایە و پێوستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار زۆر بەوردی کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی جددی و سنووردارکردنی ئەم بابەتە بکات، چونکە بەردەوام هەڵکشانی داتاکان ئاماژەیەکی مەترسیدارە. هەروەها هەوڵێكی جددی بۆ كاركردن بە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2020)ی تایبەت بە  بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێت و ناوەندی چارەسەری ئالوودەبووان لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان تەنیا ئەركی لایەنێكی دیاریكراو وەك ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تایبەت بە ئاسایش نییە، بەڵكوو بەشێكی زۆر لە وەزارەتەكانی حكومی و هەروەها دامەزراوە ئەهلییەكان پێویست دەكات كە بەرنامەیەكی تایبەت بە هۆشیاركردنەوە و  ئاگاداركردنەوەی خەڵك دابڕێژن، ئەمە جیا لەوەی كە لە كۆمەڵگە و بەتایبەتی خێزان هۆشیاریی پێوست بگەیەنرێت و هاوكات دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیا بە ئەركی سەرشانی خۆیان سەبارەت بەم بابەتە هەڵسن، كۆی ئەم هەنگاوانە و لەگەڵیدا باشكردنی دۆخی گشتیی ئابووری وڵات و دابینكردنی هەلی كار و كەمكردنی جیاوازیی چینایەتی و گەڕانەوەی هیوا بۆ كۆمەڵگە، دەشێت مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان كەمتر بكات، هەڵبەت ئەمە پێوستی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە هەیە پێش ئەوەی كە دۆخەكە لەدەست دەربچێت.

سەرچاوەکان

(١) What are drugs?,(17 July 2019) Australian Government on health, https://bit.ly/3b3wXqk.

(2) Misha Ketchell, (January 7, 2015),  Many people use drugs – but here’s why most don’t become addict,  https://theconversation.com/many-people-use-drugs-but-heres-why-most-dont-become-addicts-35504

 

(3) Traci Carl (November 3, 2009). “Progress in Mexico drug war is drenched in blood”. Associated Press. Retrieved May 4, 2010.

(4) UNODC World Drug Report 2009, https://bitly.is/3Bb23a2

(5) ڕاوچی حەسەن، وێبسایتی ڕووداو، (25/01/2021)، لە سلێمانی چوار بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران، https://bit.ly/3mdr9B7

(6) UNODC , (24 Jun 2021)UNODC World Drug Report 2021, https://reliefweb.int/report/world/unodc-world-drug-report-2021-enar

(7) Worldomete, (3/1/2021), https://bit.ly/3nDzI7N

(8) Kallol Bhattacherjee  and Suhasini Haidar  , India and Iran discuss ways to fight drug trafficking from Afghanistan, (OCTOBER 13, 2021), https://bit.ly/3B2nBFX

(9) أخطر أنواع المخدرات فى العالم و الشرق الاوسط، (٢٦/٥/٢٠١٦)،  https://bit.ly/3b3jrD4

 (10)منظمة الصحة العالمية لشرق المتوسط، (٢٠/٦/٢٠١٩)،https://bit.ly/3prVBZY

(11) سامیا حەسەن، (26/6/2020)، زیاتر لە 10 هەزار بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان هەن، https://bit.ly/3vFEPb8

 (12) سعد الكندي، (22 فبراير/2018) انتشار ظاهرة المخدرات في العراق، https://bit.ly/3nojwaf

 (13)لوقمان سیوەلی، سێبەر تلیاک، چاپخانەی بینایی، سلێمانی، ٢٠١١، ل٣٢-٣٣.

 (14)ئاکۆ ئاڵی، (7/11/2020‌)، ماددە هۆشبەره‌كان هەڕەشە لە عێراق ‌و هەرێمى كوردستان دەکات، https://bit.ly/3vDDeT6

 (15)ئەمە تێگەیشتن و  هەڵسەنگاندنی (ڕێکخراوی “NLP”  بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری – لقی سلێمانی)، کە لە (٢٧/٧/٢٠١٩)ەوە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەمان لە کوردستان دەست پێ کردووە.

(16) پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان (۱۲/۱٠/۲٠۲۱)، https://bit.ly/3BglHkR

(١٧) ڕێبوار سیوەیلی، وەرگرتوو لە کارمەندێک لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، لە ٧/٤/٢٠٠٩.

(١٨) داتای وەرگیراو لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر/پیاوان، لە ڕێکەوتی ١٦/١٠/٢٠٢٠.

(١٩) ئەم داتایە وەرگیراوە لە پەیجی فەرمیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشىەرەکانی هەێمی کوردستان.

(٢٠) گۆڤەند مستەفا، (21/1/2021)، ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە 13 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا دەگرێت، https://bit.ly/3py86mV

(٢١) ئاسایشی سلێمانی باندێكی مەترسیدار دەستگیر دەكات و ڕاگەیەنراوێك بڵاو دەكاتەوە، (21/1/2021)، https://bit.ly/2ZoiJhm

 (٢٢) ئەم ئامارە بە هاوکاریی فەرمانگەی چاکسازیی گەورانی سلێمانی، لە (٩/١٠/٢٠٢٠)دا وەرمانگرتووە.

(٢٣) بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج، (21/2/2019)، مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و کوردستان، https://bit.ly/2XHYZVl
(٢٤) بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج، لە کەناڵی ڕووداو، لە ڕێکەوتی ٢٠/٦/٢٠٢١، https://bit.ly/3b3yzjS

(٢٥) هەمان سەرچاوە.

(٢٦) هاوکار ڕەفیق، (١/١٧/٢٠١٧)، تیرۆری ڕەش، کیمابارانکردنێکی لەسەرخۆ، https://bit.ly/3jzVrfk

(٢٧) ئیدریس جەبار، (3/8/2021)، ژمارەیەك بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر كران.

 (٢٨)UNODC, World Drug Report 2009 FOR 2020, https://bit.ly/3mc9QjE

(٢٩) بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ، بە ناونیشانی ماددە هۆشبەرەکان، شەڕی داهاتووی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە کەناڵی ڕووداو، ٤/١/٢٠٢١.

(٣٠) کۆمەڵێک نووسەر، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، و: ئارام مەحموود، سلێمانی، ٢٠١٨، ل٦٥.

(٣١) لوقمان غه‌فوور، ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانی ئه‌م كاره‌ بكات، با بزانین تاڵیبان چۆن بنبڕی ده‌كات، (2021/10/20)، https://bit.ly/2ZkXKw9

(٣٢) کۆمەڵێک نووسەر، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، سەرچاوەی پێشوو.

(٣٣) مستشفى الأمل للطب النفسى، تأثير الهيروين على المدمن(٥/١٠/٢٠١٨)، https://bit.ly/3GiKyZb

(٣٤) مستشفى الأمل للطب النفسى، ما هي الأعراض الانسحابية للحشيش وكيف يمكن التخلص منها؟(٢١/٤/٢٠١٧)، https://bit.ly/3Cfenrc

(٣٥) مستشفى الأمل للطب النفسى، اعراض ادمان الكريستال ميث – علاج ادمان الكريستال ميث، https://bit.ly/2ZgQYae

(٣٦) مايو كلينك، إدمان المخدرات (اضطراب تعاطي المواد المخدرة)، (26/10/2017)، https://mayocl.in/3GnyxSr

(٣٧) لوقمان سیوەیلی، سەرچاوەی پێشوو، ل٣٠٧-٣١٤.

(٣٨) ئەم ڕاسپاردانەی خراوەتە ڕوو، بەشێکی لە توێژینەوەکەی “لوقمان سیوەیلی” وەرگیراون، کە پێشتر بەتەواوی ئاماژەمان پێی دا، خاڵەکانی دیکە تایبەتن بە ڕێکخراوی “NLP” بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری، لقی سلێمانی، وەک بەشێک لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

(٣٩) یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٠)، بە هەوڵی ئێمە لە ڕێکخراوی “NLP” بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری و کۆمەڵێک دڵسۆزی دیکە لە پەرلەمانی کوردستان جووڵێنرا و کاری لەسەر کرا.

(٤٠) قانون المخدرات والمؤثرات العقلية، (٨/ایار/٢٠١٧)، مجلس النواب العراقي، رقم (50)، سنة (2017): https://bit.ly/3b45tkf ؛ یاسای ژمارە (1)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان (پەرلەمانی کوردستان)، (٨/٩/٢٠٢٠)،https://bit.ly/3bkgm1L.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ده‌ (10) تشرینی دووەمی 2021

Send this to a friend