جەنگی دراماکان ململانێی تورکی-عەرەبی لە کەرتی سینەمادا
ئەحمەد قادر عەلی
خوێندکاری دکتۆرا لە بەشی ڕادیۆ و سینەما و تەلەڤزیۆن لە زانکۆی گازی – ئەنقەرە
بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
پوختە
ڕۆژبەڕۆژ کاریگەریی دراماکان وەک بەرنامەی هاوبەشی بینەران لەسەر وەرگران لە زیادبووندایە، لەم چوارچێوەیەشدا دراماکان بە سیاسی کراون و وەک ڕەگەزێکی سەرەکیی “هێزی نەرم” بەکار دەهێنرێن. دراما تورکییەکان لە ئێستادا وەک شەپۆلێکی نوێی هەرێمی و جیهانی لە بڵاوبوونەوەی بەردەوام و خێرادایە و تا دێت بینەری زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لە جیهانی عەرەبیدا کە بە درێژایی چەندین ساڵ لەژێر قەڵەمڕەوی تورکەکاندا بووە. ململانێی هەرسێ وڵاتی عەرەبیی عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و میسڕ لەگەڵ تورکیادا پەلی کێشاوە بۆ کەرتی دراما و تا دێت ململانێکە گەرمتر دەبێت. ئەو سێ وڵاتە عەرەبییەی کە ناویان هاتووە، بە هۆی کاریگەرییە سیاسی و کولتووری و ئایدۆلۆژییەکانی درامای تورکییەوە لەسەر هاوڵاتیانیان، بایەخێکی گرنگ بە بەرهەمهێنانی دراما دەدەن.
بەرایی
تەلەڤزیۆن یاخود بە واتایەکی گشتی میدیا، لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیای گەیاندندا ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینێت لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا. تاکەکان وایان لێ هاتووە بەبێ پرس و لێکۆڵینەوە و چوونە بنجوبناوانی پەیامە میدیایی و تەلەڤزیۆنییەکان، بە خێراترین و ئاسانترین شێوە پەیامەکان وەردەگرن و بڕوای پێ دەکەن. لەگەڵ زیادبوونی بینەری دراما تەلەڤزیۆنییەکان لە جیهاندا، ڕۆژبەڕۆژ ڕادەی کاریگەریی ئەو درامایانە لەسەر ڕای گشتی و تاکەکان لە هەڵکشاندایە و مایەی گفتوگۆ و ڕاڤەکردنی جیاوازە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و میسڕدا تا دێت ئاڵۆز و خراپتر دەبێت. لەگەڵ هەموو هەوڵەکانی ناوبژیوانی و ئاشتەوایی نێوانیان، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ هێوربوونەوەی ئەو گرژییانە بەدی ناکرێت. پێشبڕکێی کەرتی درامای تورکی و عەرەبی لە لایەک زیاتر کاریگەر دەبێت بە ئاڵۆزیی پەیوەندییەکان، لە هەمان کاتدا هۆکارێکیشە بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەردوو لا، بەتایبەتییش لەم چەند ساڵەدا زیادبوونی درامای نەتەوەیی و مێژوویی تورکیا و بڵاوبوونەوەی بە جیهان و وڵاتانی عەرەبیدا و لە بەرامبەریشدا هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕێگری لە پەخشکردنی ئەو درامایانە و تەنانەت بەرهەمهێنانی “درامای بەرامبەرکێ/درامای پێچەوانە”؛ ململانێکانی بردووەتە قۆناغێکی توندترەوە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە درامای تورکی لە ئاستی جیهانیدا لە بڵاوبوونەوەیەکی بەردەوامدایە، ئەم درامایانەش کاریگەریی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیی قووڵ بەسەر بینەرانەوە بەجێ دەهێڵن. تورکیا، بەتایبەتی لەدوای بەهاری عەرەبییەوە، لە ڕێگەی درامای “هەستانەوەی ئێرتوغروڵ” (Diriliş Ertuğrul )ەوە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێگەی شاشەی تەلەڤزیۆنەوە دەگێڕێتەوە، هەر چەندە ئەو درامایانە بۆ ناوخۆی وڵاتەکە بەرهەم دەهێنرێن، لەگەڵ ئەوەشدا خواستێکی زۆریان لە ئاستی جیهانی و وڵاتانی عەرەبیدا لەسەرە.
هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و میسڕ، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییە کولتوورییەکانی ئەو دراما تورکییانە، لە هەوڵی بەرهەمهێنانی “درامای بەرامبەرکێ/درامای پێچەوانە”دان. لەم توێژینەوەیەدا لەپاش باسکردنی کاریگەرییەکانی دراما بەگشتی و بەتایبەتییش لەسەر دانیشووانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تیشکێک خراوەتە سەر کاریگەریی دراما تورکییەکان لە جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە پاشاندا دوای باسکردنی ئەو ڕەخنانەی لە جیهانی عەرەبیدا لەسەر دراما تورکییەکان هەیە، شیکاری بۆ ململانێکانی تورکیا و ئەو سێ وڵاتە عەرەبییەی کە پێشتر ناویان هات؛ کراوە. پاشان لەگەڵ خستنەڕووی هەڵسەنگاندن بۆ دراماکانی هەردوو لا، چاوەڕوانی و پێشبینییەکان لەژێر سێبەری پەیوەندییەکانی هەردوو لادا بۆ کەرتی دراما خراوەتە ڕوو.
کاریگەریی دراما
کاریگەریی پەیامە تەلەڤزیۆنییەکان لەسەر وەرگر بە جۆرێکە کە بینەر ناتوانێت یەک ڕۆژ بەبێ تەلەڤزیۆن بەسەر ببات[1]، دراماکانیش بە گرنگترین بەرنامەی تەلەڤزیۆنی دەژمێردرێن. لەبەر ئەوەی دراماکان تەنیا بە ئامانجی کاتبەسەربردن و بازرگانی بەرهەم ناهێنرێن، لە هەمان کاتدا ئامانجی ئابووری، کولتووری، سیاسی و پڕوپاگەندەیی لە پشتەوەیە[2]، بەتایبەتییش لە دراماکاندا هەم پەیامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بڵاو دەکرێنەوە و هەر یەکێک لەو هێما و ئامراز و نیشانانەی لە دراماکاندا نیشان دەدرێن؛ خاوەنی ڕەهەندی کولتوور و سیاسین[3].
لە تابلۆی خوارەوەدا گرنگترین ئەو درامایانەی کە زۆرترین بینەریان هەبووە و بەرزترین پلەیان لە ڕیزبەندیی سایتی “IMDB” گرتووە، خراوەتە ڕوو[4]:
سەرچاوە: www.imdb.com
تاوەکوو ئێستا نزیکەی ١٥٠ درامای تورکی هەناردەی دەرەوەی تورکیا کراوە و بە زمانە جیاوازەکان دۆبلاژ و پەخش کراوە و لە ١٤٩ وڵاتەوە بینەری هەیە. لە جیهاندا ٧٠٠ ملیۆن کەس تەماشای درامای تورکی دەکەن. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ داهاتی دراما تورکییەکان گەیشتە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار و لەدوای درامای ئەمەریکی لە ڕیزبەندیی دووەمدایە، حکومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت بۆ ساڵی ٢٠٢٣ داهاتی دراماکانی بگەیەنێتە یەک ملیار دۆلار و ڕیزبەندیی یەکەمی وڵاتانی جیهان لە هەناردەکردنی درامادا بگرێت[5].
بەپێی توێژینەوەیەکی بڵاوکراوەی دەزگای “Prensario” کە لە بواری بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی تەلەڤزیۆنیدا لە ئەمەریکای لاتین توێژینەوە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕیزبەندیی دراما تورکییەکان بەپێی ڕێژەی ئەو وڵاتانەی کە دراماکانیان کڕیوە و پەخش کردووە، بەم جۆرەی خوارەوە بووە[6]:
سەرچاوە: www.milliyet.com.tr
ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە بە هۆی بەڕێوەبردنی نیشتمانی عەرەبی لەلایەن تورکەکانەوە دروست ببوو، لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دابەشکردنی میراتەکەی و لەو چوارچێوەیەشدا دروستکردنی کۆماری تورکیای نوێ و دروستبوونی چەندین دەوڵەتی عەرەبی بە درێژایی ٨٠ ساڵی سەدەی بیستەم، ئەو پەیوەندییە لاواز ببوو و گەیشتبووە ڕادەی پچڕانی یەکجاری. بەڵام بە هۆی سیاسەتی کرانەوەی تورکیا بە ڕووی جیهان و وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت جیهانی عەرەبی و “سفرکردنەوەی کێشەکان” لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان ((Adalet ve Kslkınma Partisi (AKP) کە لە سەرەتای سەدەی ٢١ هاتە سەر دەسەڵات، پەیوەندییەكان جارێکی تر گەشایەوە[7]. لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوبوونەوەی درامای تورکی بە جیهانی عەرەبیدا بە هۆی نزیکیی جوگرافی و ئایینی و مێژوویی، دەکرێت وەک شتێکی ئاسایی ببینرێت[8].
هەندێک لە نووسەرانی عەرەب دراما تورکییەکان وەک “هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسڕ” دەبینن و پێیان وایە بڵاوبوونەوەی ئەو درامایانە “هێرشێکی دیکەی خۆرئاوایە” یاخود “کابووسی نیشتمانی عەرەبە”. بەتایبەتی ناوەرۆک و شێوازی بەرهەمهێنانی دراماکان، مایەی ڕەخنەی توندە لە وڵاتانی عەرەبیدا. بە شێوەیەکی گشتی ئەو دراما تورکییانەی کە لەلایەن بینەری عەرەبەوە بە ئەرێنی تەماشا کراوە، بووەتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت هاوڵاتییانیدا. بە هۆی ئەوەی بەراورد بە دراما ئەورووپی و ئەمەریکییەکان، گرتەی نەشیاو و بەدئەخلاقی لە دراما تورکییەکاندا کەمترە و لە لایەکی تریشەوە بینەر لە ڕێگەی دراماکانەوە کەمێک لەناو ژینگەی جەنجاڵی کارکردندا دێتە دەرەوە، بۆیە درامای تورکی لای بینەری عەرەب خۆشەویست و سەرنجڕاکێشە.
لەم ساڵانەی کۆتاییدا و بەدیاریکراوی لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە، لە تورکیادا بەدەر لە درامای کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی، بایەخێکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی درامای مێژوویی دەدرێت کە خاوەن ڕەهەندێکی سیاسی و ئایدۆلۆژین، بەتایبەتییش ئەو درامایانەی لەسەر مێژووی دروستکردنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و ئیمپڕاتۆریەتی سەلجووقی ڕەواجی باشیان پەیدا کردووە و لە تەلەڤزیۆنی فەڕمی دەوڵەتەوە (TRT) پەخش دەکرێت و لەلایەن دەوڵەتیشەوە پشتیوانی دەکرێت[9]، بەتایبەتی كە سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان شوێنی وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی درامای “هەستانەوەی ئێرتوغروڵ” (Diriliş Ertuğrul)ی بەسەر كردەوە[10] كە ئەوەش ڕادەی بایەخدانی حکومەتی تورکیا بە کەرتی دراما مێژوویی و سیاسییەکان دەردەخات. هەروەها بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، ١٣ درامای درێژ و سەدان فیلمی بەڵگەنامەیی لەسەر مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی پەخش کراوە[11]، وەک ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی پاکستان “عیمران خان” لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: پێویستە دراما تورکییەکان بۆ جیهانی ئیسلامی وەک ئەلتەرناتیڤی هۆڵیود و بۆڵیود بەکار بهێنرێت[12]. درامای “هەستانەوەی ئێرتوغروڵ” (Diriliş Ertuğrul) و “هەستانەوەی عوسمان” (Diriliş Osman) کە بەتەواوی خاوەن ڕەهەندی سیاسی و ئایدۆلۆژییە، ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و تا ئێستا هەناردەی ٧١ وڵاتی جیهان کراوە کە یەکێک لەو وڵاتانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە[13].
تورکیا لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەستی کردووە بە هەناردەی دراماکانی و لە ئێستادا لەدوای ئەمەریکا لە پلەی دووەمی ڕیزبەندیی وڵاتانی هەناردەکەری درامادایە. نکوڵی لەوە ناکرێت کە کلیلی ئەم دەرگایەی بە ڕووی تورکیادا کراوەتەوە؛ تەلەڤزیۆنە عەرەبییەکان و بینەرانیانە، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر و بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، لەلایەن بەشێک لە حکومەتە عەرەبییەکانەوە هەوڵی ڕێگری لە پەخشکردنی درامای تورکی دەدرێت.
ڕەخنەکانی بینەری عەرەب لە دراما تورکییەکان
بەگشتی لە چەند بوارێکدا درامای تورکی بووەتە مایەی ڕەخنەی بینەری عەرەب، هەر چەندە ئەم ڕەخنانە نەبووەتە مایەی چاندنی ڕەگی دوژمنکاری لە ناخی تاکی عەرەبدا. لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی هەریەک لە عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و میسڕ، ئەو ڕەخنانەیان بە هەل زانیوە و دەستیان کردووە بە قەدەغەکردن و ڕێگری لە پەخشکردنی دراما تورکییەکان، بەتایبەت بە هۆی ئەوەی لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە دراما تورکییەکان وەک مەترسییەک بۆ سەر ئایین و ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە شرۆڤە کراوە، بووەتە مایەی ڕەخنەلێگرتنی جددیی شەقامی عەرەبی[14].
لە عەرەبستانی سعودی، شێخ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵا لە ڕێگەی فەتواوە داوای قەدەغەکردنی دراما تورکییەکانی کردووە، لە عێراقیش پیاوانی ئایینی داوای قەدەغەکردنی پەخشی دراما تورکییەکانیان کردووە، ڕۆژنامەنووسێکی یەمەنییش دراما تورکییەکانی بە “ژەهر بە تامی هەنگوین” وەسف کردووە. لە لایەکی ترەوە ئارەزووی ڕۆمانسیەت لەلای ئافرەتی عەرەب لە ڕێگەی دراما تورکییەکانەوە سەری هەڵداوە کە ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ کەوتنەوەی توندوتیژیی خێزانی و جیابوونەوە و چەندین کێشەی کۆمەڵایەتیی دیکە، تەنانەت هەندێک نووسەری عەرەب زیاد لە پێویست لە بابەتەکەدا ڕۆچوون و باس لە بەتورکیبوونی کولتووری عەرەبی دەکەن[15].
لەگەڵ ئەوەی کەرتی سینەما و درامای میسڕی بە ڕادەیەکی باش باڵی کێشابوو بەسەر جیهانی عەرەبیدا و خاوەن پێگە و بینەری تایبەتی خۆی بوو، بەڵام لەگەڵ دۆبلاژ و پەخشکردنی دراما تورکییەکاندا پێگەی درامای میسڕی لەق بووە و لاواز بووە، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە لە کەرتی سینەما و درامای میسڕیدا، بەم هۆیەشەوە هەندێک لە تەلەڤزیۆنە میسڕییەکان بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی دراما تورکییەکانیان داوە[16].
لە لایەکی ترەوە وڵاتانی عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و میسڕ کە دژی بڵاوکردنەوەی دراما تورکییەکان وەستاونەتەوە، باس لەوە دەکەن کە لە دراما تورکییەکاندا نەتەوەپەرستیی تورکی چڕ کراوەتەوە و نەتەوەکانی دیکە بە هاوڵاتیی پلە دوو و ژێردەستەی تورکەکان نیشان دەدرێن. هێما و ئاماژەکانی لە دراماکانی وەک (Söz, Diriliş Ertuğrul, Nöbet, Sakarya Fırat)دا هەستی پێ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەر چەند لەلایەن دەسەڵاتدارێتیی ئەو وڵاتانەوە باس لەوە بکرێت کە دراما تورکییەکان هۆکارن بۆ تێکچوونی ئەخلاقی گشتیی کۆمەڵگە و بەو هۆکارە قەدەغە کراون؛ زۆر ناچێتە ئەقڵەوە، بەڵگەش بۆ ئەوە دراما میسڕییەکانی خۆیان تا چەند لەگەڵ بنەماکانی ئایین و شەریعەتی ئیسلامدا یەک دەگرێتەوە؛ مایەی پرسیار و تێڕامانە و تەنانەت خودی میسڕییەکانیش باس لەوە دەکەن کە درامای میسڕی لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە زۆر لە دراما تورکییەکان خراپترە[17]. جگە لەوەش، بە درێژایی چەندین ساڵ پەخشکردنی درامای بەڕازیلی و مەکسیکی لەگەڵ ئەوەی بەتەواوی لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان داماڵرابوون، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە قەدەغە نەکرابوون، هەروەها دراما تورکییەکانیش تا ئەو کاتەی بابەتەکانی لە چوارچێوەی عەشق و خۆشەویستیدا بوو، تا ڕادەیەکی زۆر هۆکار بووە بۆ لادانە سێکسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان لە کۆمەڵگەدا و سەرەڕای ڕەخنە و ئاگادارکردنەوە بەردەوامەکانی شارەزایان و پیاوانی ئایینی لە دەوڵەتانی عەرەبیدا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئەو ڕەخنانە بەهەند وەرنەگیراون، بەڵام کە کار گەیشتووەتە سەر بابەتی مێژوویی و سیاسی و گرژبوونی پەیوەندییەکانی هەردوو لا، ئیدی دەسەڵاتدارانی عەرەبی و بەتایبەت ئەو سێ وڵاتەی باس کران، هەر جۆرە ڕەخنە و بیانوویەک بە هەل دەزانن بۆ قەدەغەکردنی دراما تورکییەکان.
کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی عەرەب لەدوای بڵاوکردنەوەی دراما مێژووییەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی درامای جۆراوجۆر لەو بوارەدا دەستی پێ کرد و هەوڵەکانی قەدەغەکاری زیاد لە هۆکار و ڕەهەندی ئایینی زیاتر، خاوەن ڕەهەندێکی سیاسی و ئایدۆلۆژییە.
پێش درامای تورکی، دراما ئەمەریکی و مەکسیکی و ئەورووپییەکان بە جیهانی عەرەبیدا بڵاو بوونەتەوە، تەنانەت سینەما و درامای میسڕی بە ئیلهاموەرگرتن لە درامای ئەمەریکای لاتین دەست بە بەرهەمهێنانی کراوە و بە هۆکارێکی سەرەکیی داڕووخانی پێگە و سەنگی خێزانیش دانراوە لە کۆمەڵگەی میسڕی و عەرەبیدا. درامای “مخرج ٧” کە لەلایەن کەناڵی “MBC”ی عەرەبییەوە بەرهەم هێنراوە و پەخش کراوە، لەگەڵ ئەوەی بابەتی سەرەکیی دراماکە ژیانی ئافرەتانە، بەڵام هاوسەرگیریی ناشەرعی و نهێنی، هاوڕەگەزبازی، ڕاکردنی کچان لە ماڵ و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی سەربەست و دوور لە خێزان؛ ئەو بابەتانەن کە لە دراماکەدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕێگەی خۆش کردووە بۆ تێکچوونی ئەخلاقی گشتیی کۆمەڵگە[18].
گرژییەکانی تورکیا لەگەڵ سعودیە، ئیمارات و میسڕ و کاریگەریی لەسەر کەرتی دراما
ئەو ئاڵۆزییەی کە بە هۆی بەهاری عەرەبییەوە لە میسڕ و سووریا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی سەری هەڵدا، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ کرانەوەی دەرگایەکی دیکە بە ڕووی درامای تورکیدا[19]، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کەرتی بەرهەمهێنانی سینەما و فیلم و دراما لە میسڕ و سووریادا تووشی داڕووخانی زیاتر هات. بەهاری عەرەبی، هەڵوێستی توندی تورکیا لەسەر هەڵگەڕانەوە سەربازییەکەی عەبدولفەتاح سیسی لە میسڕ لە حوزەیرانی ٢٠١٣، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ، قەیرانی گەمارۆی قەتەر و پشتیوانیی تورکیا بۆ قەتەر، تەداخولاتەکانی تورکیا بۆ باکووری سووریا و لیبیا و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و باکووری ئەفەریقا لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سەربازییەوە؛ بوو بە هۆی گرژکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەریەک لە عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و میسڕ.
هەر چەندە هەندێک جار باس لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لەنێوان تورکیا و ئەو وڵاتە عەرەبییانەدا نەبینراوە کە هێمایەک بێت بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لە مەودایەکی نزیکدا.
بەپێی بۆچوونی هەندێک نووسەری عەرەب، دراما تورکییەکان وەک ڕەگەزێکی گرنگ و سەرەکیی “هێزی نەرم”ی تورکیا بەکار دەهێنرێت و تورکیا لەو ڕێگەیەوە هەوڵی دووبارە گێڕانەوەی دەسەڵاتدارێتیی عوسمانی بۆ ناوچەکە و زیادبوون و فراوانکردنی ڕۆڵی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقادا دەدات[20].
لە ساڵی ٢٠١٣، کەناڵی “MBC”ی عەرەبستانی سعودی پەخشکردنی دراما تورکییەکانی ڕاگرت[21]. لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا و تەنها سێ مانگ پاش هەڵگەڕانەوە سەربازییەکەی عەبدولفەتاح سیسی لە میسڕ، گرووپی پەخش و بڵاوکردنەوەی “حەیات”ی میسڕی دەستبەرداری پەخشکردنی دراما تورکییەکان بوو[22].
لە ساڵی ٢٠١٣، وەک ئەلتەرناتیڤی دراما تورکییەکان، لە میسڕ درامای “ادم و جمیلە” بەرهەم هێنرا، بە دەربڕینی میسڕییەکان خۆیان “درامای میسڕی بە تامی تورکی”. کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی عەرەب لەبەرامبەر شەپۆلی درامای تورکی لە سووریاشدا دەرکەوت، ئەو کۆمپانیایانەی کە دراما تورکییەکانیان بۆ زمانی عەرەبی دۆبلاژ دەکرد، دەستبەرداری ئەو کارە بوون و جارێکی دیکە دەستیان کردووەتەوە بە دۆبلاژ و پەخشی دراما مەکسیکی و ئەمەریکییەکان[23]، ئەمەش دەرەنجامی ئەو سیاسەتە بوو کە تورکیا لەبەرامبەر سووریا گرتیە بەر هەتا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری سووریا. لەمانەش زیاتر، لە میسڕ فەتوای حەرامیی تەماشاکردنی درامای تورکیی “هەستانەوەی ئێرتوغروڵ” (Diriliş Ertuğrul) دەرکرا[24].
لە لایەکی دیکەوە ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٩ بە بودجەی ٤٠ ملیۆن دۆلار درامای پادشایانی ئاگر (ممالک النار)ی بەرهەم هێنا و لەلایەن کەناڵی “MBC”ی سعودییەوە پەخش کرا[25]، ئەم درامایە وەک بەرهەمێکی هاوبەشی ئیمارات و عەرەبستانی سعودی و میسڕ دەرکەوت کە بەتەواوی دەوڵەتی عوسمانی بە داگیرکەر وێنا دەکات. دراماکە وەک بەشێک لە “هێزی نەرم”ی ئەو سێ وڵاتە لەبەرامبەر “هێزی نەرم”ی تورکیا و شەپۆلی درامای تورکی و کاریگەرییەکانی لەسەر بینەری عەرەب لێک دەدرێتەوە، چونکە ئەو مەترسییە لەلای دەسەڵاتدارانی عەرەب سەری هەڵداوە کە دراما تورکییەکان و بەتایبەتییش ئەو دراما مێژووییانەی لەسەر دەوڵەتی عوسمانی بڵاو دەکرێنەوە، کاریگەریی کردووەتە سەر بینەری عەرەب و دەسەڵاتدارێتیی ئێستای تورکیای وەک میراتگری “دەوڵەتی عوسمانیی ئیسلامیی یەکگرتوو کە هەموو نەتەوەکان لە سایەیدا بە ئارامی و سەربەست ژیاون”؛ نیشان داوە. پوختەی دراماکە (Trailer) کە پێش پەخشکردنی دراماکە وەک ڕیکلامێک بۆ ناسناندنی دراماکە بە بینەر لە یوتیوب بڵاو کراوەتەوە، بە دەستەواژەی “بە خوێن ئیمپڕاتۆریەتیان بەڕێوە دەبرد، ئەمەش لەکەیەکە تا ئێستاش بە ناوچاوانیانەوەیە” دەست پێ دەکات[26]. واتە دراماکە وەک پڕوپاگەندەیەک هەوڵ دەدات بە بینەری عەرەب بڵێت ئەو ئیمپڕاتۆریەتەی تۆ دڵت پێی خۆشە و شانازیی پێوە دەکەیت، بە زەبری ئاگر و ئاسن و لەسەر حسابی خوێنی بابوباپیرانت مەملەکەتەکەتی بەڕێوە بردووە، لێرەشەوە دەیەوێت تۆوی ڕق و کینە لەناو کۆمەڵگەی عەرەبیدا دژی تورکیا بچێنێت و ئەو هەستە لای خەڵکی عەرەب دروست بکات کە دەسەڵاتدارانی تورکیای ئێستا نەوەی ئەو کەسانەن کە بە خوێن و ئاگر بوون بە سەرداری بابوباپیرانی عەرەب. واتە ئامانجی سەرەکیی دراماکە کەمکردنەوەی کاریگەریی دراما تورکییەکانە کە ڕوویەکی گەش و جوانی تورکیا و دەوڵەتی عوسمانییان دروست کردووە، بەوەی ڕوویەکی قێزەون بۆ تورکیا و مێژووەکەی لەبەر چاوی بینەری عەرەب دروست بکات.
کەناڵی “MBC DRAMA” لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبوک لە ڕێکەوتی ٢١ی مارتی ٢٠١٩ کە خۆی بە بینەران ناساندووە، باس لەوە دەکات کەناڵەکەیان “درامای وڵاتانی میسڕ، سووریا، وڵاتانی کەنداو، مەکسیک و هیندستان” پەخش دەکات، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە دراما تورکییەکان ناکات کە بە درێژایی چەندین ساڵ لەو کەناڵەوە بە دۆبلاژی عەرەبی پەخش کراون، ئەمەش ڕادەی ململانێکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و کاریگەریی لەسەر میدیا و درامای عەرەبی نیشان دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی “العرب الجدید”، عەرەبستانی سعودی و ئیمارات لە ڕێگەی دراماکانی “حارت الیهود، ام هارون و مخرج ٧” کە هەموویان لە کەناڵی “MBC DRAMA”ەوە پەخش کراون، هەوڵ دەدەن کاریگەریی درامای تورکی و خودی تورکیا لەسەر کۆمەڵگەی عەرەبی کەم بکەنەوە و لە بەرامبەردا بە جوان نیشاندانی یەهودیەت و وێنای ئیسرائیل وەک کۆمەڵگە و دەوڵەتێکی دوژمنی عەرەب بگۆڕن بۆ دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە پێویستە مامەڵەی ئاسایی لەگەڵدا بکرێت[27]. بابەتی سەرەکیی ئەم سێ درامایەی کە بریتییە لە گێڕانەوەی ژیانی چەند خێزان و قەبیلەیەکی ئیسرائیلی کە لە ڕابردوودا “چەند بە پاکی ژیاون”، ئەمەش وەک هەوڵێکی سەرەتایی و ڕێگەخۆشکردن بۆ پڕۆسەی ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام دەبێت بزانین ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە لەسەر حسابی گرژکردنی زیاتری پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ تورکیا.
لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی عەرەب هۆکاری بەدئەخلاقیی کۆمەڵگە بە هۆی دراما تورکییەکانەوە وەک کارتێکی سیاسی بەکار دەهێنن. لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی چەندین ساڵ پیاوانی ئایینی، زانایان، کۆمەڵناس و دەروونناسانان لە وڵاتانی عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و میسڕ و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی عەرەبییش هاواریان کرد لەدەست خراپی دراما تورکییەکان، هیچ کەس گوێی بۆ نەگرتن، بەڵام کاتێک پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ تورکیا ئاڵۆزیی تێ کەوت، بە بەهانەی “پاراستنی ئایین و بەها باڵاکانی کۆمەڵگە” هەوڵەکانی ڕێگری لە پەخشکردنی دراما تورکییەکان دەستی پێ کرد. تەنانەت زانکۆی ئەزهەر لە میسڕ ناچار کرا کە بە بەهانەی “ڕێخۆشکەرە بۆ بەدئەخلاقیی کۆمەڵگە”، فتوای حەرامیی درامای “هەستانەوەی ئێرتوغروڵ” (Diriliş Ertuğrul) دەربکات[28]، لە کاتێکدا لەو درامایەدا هیچ گرتەیەکی هاندان بۆ کاری سێكسیی تێدا نییە، تەنانەت ئەو ئافرەت و کچە گەنجانەی کە لە دراماکەدا ڕۆڵ دەبینن؛ بە سەرپۆشەوە دەردەکەون.
لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی عەرەب لە کۆتاییەکانی دەیەی یەکەمی سەدەی ٢١دا، لە چوارچێوەی سیاسەتێكی تایبەتدا پشتیوانییان لە درامای توركی کرد و لە پێناوی کرانەوەی زیاتری جیهانی عەرەبی بە ڕووی دونیادا و وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەعەلمانیکردنی کۆمەڵگەی عەرەبی، ڕێگەیان بە بڵاوکردنەوەی دراما تورکییەکان دا. بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی عەرەبی کە پارێزگار و ئیسلامییەکانن، لەژێر کاریگەریی دەقەکانی ئایینی ئیسلامدا ئامادە نەبوون تەماشای دراما میسڕی و سوورییەکان و دراما دۆبلاژکراوە مەکسیکییەکان بکەن، بەڵام بە بەهانەی ئەوەی کە دراما تورکییەکان هەر چەندەش باس لە عەشق و خۆشەویستی بکەن و تەنانەت بینەر بۆ لادانی سێکسی هان بدەن، مادام لەلایەن تورکیاوە بەرهەم هێنراوە و ئەویش بە وڵاتیکی ئیسلامی و دۆستی عەرەبەکان دادەنرا لە ساڵانی (٢٠٠٢-٢٠١٢)، ئەوا تەماشاکردنی بە کارێکی ئاسایی لێک درایەوە.
دراما “بە شێوەیەکی کاتی بینەر لە جەنجاڵیی ژیانی ڕۆژانە بەرەو جیهانێکی خەیاڵی دەبات و لە ماندووێتی و پەستانی کاری ڕۆژانە کەمێک ئاسوودەیی پێ دەبەخشێت”[29]. لەسەر ئەم بنەمایە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی دراما تورکییەکانەوە، ئەو کاتەی کە بابەتی سەرەکیی دراما تورکییەکان بریتی بوو لە عەشق و خۆشەویستی و ژیانێکی شاهانە لە ڤێللایەکی کەنار دەریا و گەرووی ئەستەنبوڵ، دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتییش سعودیە و ئیمارات، بە مەبەستی سەرقاڵکردنی هاوڵاتیی عەرەب بەو درامایانە و دوورخستنەوەیان لە بایەخدان بە بابەتە سیاسییەکان و بەخشینی ئاسوودەییەکی کەم و کاتی بە دەروونی ماندوویان و کەمکردنەوەی ناڕەحەتی و سەرقاڵییەکانی ڕۆژانەیان، نەک ڕێگەپێدان بەڵکوو دەسەڵاتداران خۆیان بەشێک بوون لە هەڵمەتی پشتیوانیی پەخشکردنی دراما تورکییەکان و ڕەواجپێدانی. بەڵام کاتێک ناوەرۆکی درام تورکییە پەخشکراوەکان بەگشتی بریتی بوو لە بابەتی مێژوویی و سیاسی و ئایدۆلۆژی، ئیدی دەسەڵاتدارانی عەرەب کەوتنە هەوڵی ڕاگرتنی پەخشی ئەوە درامایانە و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی دراماگەلێک بۆ بەرەنگاریی ئەو دراما تورکییانە.
لە لایەکی دیکەوە دراما تورکییەکان وێنای تورکیای وەک وڵاتێکی دواکەوتوو لە مێشکی عەرەبەکاندا گۆڕی و تەنانەت وێنەیەکی زۆر گەورەتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ وڵاتانی عەرەبی دروست کرد. سەرەتا لە ڕێگەی درامای خۆشەویستییەوە وێنای تورکیا وەک وڵاتێکی جوانی شارستانی پێشکەوتوو بە عەرەبەکان نیشان درا، پاشان لە ڕێگەی چەند درامایەکی پۆلیسی و ئەمنیی وەک دۆڵی گورگەکان (KURTLAR VADİSİ) کە بە ١٢ وەرز و لە ماوەی ١٢ ساڵ پەخش کرا، دۆخی ناوخۆیی تورکیا و بەهێزیی دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەکانی تورکیا و هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ شێواندنی ئاسایشی تورکیا؛ نمایش کرا. لە قۆناغی دواتردا، لە ڕێگەی دراماگەلێکی وەک بەڵێن (SÖZ) و نۆبەت (NÖBET) ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لە دەرەوەی تورکیاوە بەتایبەت لەسەر سنوورەکانەوە دروست کراوە لەسەر تورکیا و هەوڵەکانی تورکیا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵانە، خرایە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان و دەزگا سیخوڕی و سەربازی و ئەمنییەکانی تورکیا وەک هێزێکی بێڕکابەر کە دەتوانێ هەر مەترسییەکی سەر تورکیا پووچەڵ بکاتەوە؛ نیشان دران. لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، لە ڕێگای دراماکانی هەستانەوەی ئێرتوغروڵ (Diriliş Ertuğrul)، هەستانەوەی عوسمان (Diriliş Osman)، بەخەبەربوونی سەلچوک (Uyanış Selçk)، تورکیا دەستی کردووە بە هەڵدانەوەی “مێژووی پڕ سەروەریی خۆی” لە ڕێگەی نمایشكردنی دامەزراندن و بەهێزبوونی دەوڵەتەکانی عوسمانی و سەلجوقی. پێشبینی دەکرێت لە ئایندەدا وەک ململانێی فیلمە خەیاڵییەکانی ئەمەریکا و بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ پەلهاویشتنەکانی تورکیا بەرەو وڵاتانی دراوسێ و جیهان، دراماگەلێک بەرهەم بهێنرێت کە ناوەرۆکەکەی باس لە “کۆماری گەورەی تورکیا” یاخود “کۆماری گەورەی ئیسلام” یان “خەلافەتی نوێی ئیسلامی” بکات. هەموو ئەم درامایانە وێنای تورکیای لە مێشکی بینەر بەگشتی و بەتایبەت بینەری عەرەبدا بە شێوەیەکی ئەرێنی گۆڕیوە و بووەتە هۆی چاوکرانەوەی هاوڵاتیی عەرەب بەوەی ڕەخنە ئاراستەی دەسەڵاتدارانیان بکەن لەسەر دابیننەکردنی ژیانێکی خۆش بۆ هاوڵاتیان و نەبوونی ئازادیی تاکەکەسی و ڕادەربڕین و بەردەوامیی تاکڕەوی لە وڵاتەکانیاندا، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە وەک مەترسییەک بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکانیان لێک دەدرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی عەرەب و شارەزایانی بواری نەتەوەیی لە جیهانی عەرەبیدا لە لایەک باس لە هەستانەوە و زیندووبوونەوەی گیانی نەتەوەپەرستی لە کۆمەڵگەی عەرەبی و دەسەڵاتدارانی عەرەب دەکەن و لە لایەکی تریشەوە تێبینیی ئەوەیان کردووە کە لە دراما مێژوویی و پۆلیسییە تورکییەکاندا بابەتی نەتەوەپەرستی و تورکچێتی زەق کراوەتەوە و نەتەوەی تورک وەک سەردەست و نەتەوەکانی دیکە وەک ژێردەست و خزمەتکار وێنا کراوە. دەکرێت هۆکارێکی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییەش لە سیاسەتی گشتیی تورکیادا بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (Adalet ve Kalkınma Partsis)ی دەسەڵاتدار لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (Halklar Demokratik Partisi) و هەڵپەساردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز و ڕێککەوتنی کۆمار (Cumhur İttifakı) لەنێوان پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا، کە وای کردووە بابەتی نەتەوەپەرستیی تورکی لە سەرجەم بوارەکاندا زیاتر جەختی لەسەر بکرێتەوە، ئەمەش جارێکی تر کاریگەریی سیاسەت لەسەر دراما و پێچەوانەکەی و پەیوەندیی بەهێزی ئەم دوو بوارە و گرنگیی دراما وەک ڕەگەزێکی گرنگی “هێزی نەرم” دەردەخات.
ڕۆژنامەی “البلد”ی میسڕی باسی لەوە کردووە کە چەندێک ژمارەی ئەو کەسانەی کە پشتیوانی لە هەڵمەتی بایکۆتی دراما تورکییەکان دەکەن لە زیادبووندا بێت لە ئاستی بینەراندا، بە هەمان ڕاژە ژمارەی ئەو کەسانەی دژایەتیی ئەو بایکۆتە دەکەن لە زیادبووندایە. سەرباری بایکۆتی دراما تورکییەکانیش، بە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دراما تورکییەکان، کەناڵێکی وەک “CBC” كە لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری پەخشنەکردنی دراما تورکییەکان بوو لە ڕابردوودا، دووبارە بەناچاری بڕیاری داوە دەست بکاتەوە بە پەخشی دراما تورکییەکان[30].
بەگشتی دەسەڵاتدارانی ئەو سێ وڵاتە عەرەبییە لە سێ ئاستدا لە هەوڵدان بۆ بەربەرەکانێی درامای تورکی:
- ڕێگری لە پەخشکردنی دراما تورکییەکان لە تەلەڤزیۆنە عەرەبییەکانەوە.
- بەرهەمهێنانی درامای عەرەبی لەسەر هەمان شێواز و چۆنێتیی دراما تورکییەکان و بە هەمان ناوەرۆکەوە، بە جۆرێک لەگەڵ تایبەتمەندی و داواکارییەکانی بینەر و کۆمەڵگەی عەرەبیی مۆدێرندا بگونجێت، ئەمەش زیاتر لە درامای عەشق و خۆشەویستی و بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی دەبینێتەوە کە لە میدیای عەرەبیدا بە “دراما عەرەبییەکان بە تامی تورکی” وەسف کراوە، بۆ نموونە: بەرهەمهێنانی درامای “ادم و جمیلە” لە میسڕ لە ساڵی ٢٠١٣، هەروەها درامای “هوی بغداد” لە عێراق کە لەبەر ئەوەی لەسەر شێوازی درامای تورکی و بە ڕۆڵگێڕانی سەرەکیی کچێکی بە ڕەگەز عێراقی تونسی لە ڕێگەی چیرۆکی عەشقی کچ و کوڕێکەوە باسی بەغدادی پایتەختی عێراق دەکات، لە میدیای عەرەبیدا بە “هوی بغداد بنکهه ترکیە تونس”[31] وەسف کراوە.
- هەڵمەتی “درامای بەرامبەرکێ” یاخود “درامای پێچەوانە”، واتە ئەو درامایانەی کە باس لە بابەتێکی مێژوویی پەیوەندیدار بە تورکیا یاخود وڵاتێکی دیکە دەکەن، بە مەبەستی گۆڕینی مەیلی بینەری عەرەبی لە تەماشاکردنی درامای تورکییەوە بۆ ئەو درامایانە کە باس لە بابەتێکی بەدەر لە تورکیا دەکەن، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان باس لە تورکیا دەکەن کە بەناشیرینی حکومەت و نەتەوەی تورک و مێژووەکەیان وێنا دەکات، نموونەی ئەمەش درامای “پادشایانی ئاگر” (ممالک النار)ە.
توانای ڕکابەریی دراما تورکی و عەرەبی
دراما تورکییەکان بوون بە سەرچاوەیەکی زۆر باش بۆ داهاتی گشتیی تورکیا و ژمارەیەکی زۆر هەلی کاریان لەو وڵاتەدا ڕەخساندووە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە ئەو درامایانە خواستیان لەسەرە و هەندێکیشیان بە نرخی خەیاڵی دەفرۆشرێن، بەڵام کەرتی سینەما و درامای وڵاتانی عەرەبی لە ئێستادا بە درامای میسڕی و سوورییشەوە داتەپیوە و نەک ناتوانێت داهاتێک بۆ بودجەی گشتیی وڵات فەراهەم بکات و هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکوو بووە بە بارێک بەسەر بودجەوە و دەبێت دەوڵەت خەرجییەکەی دابین بکات.
لە لایەکی ترەوە هیچ فیلم و درامایەکی عەرەبی لە پێگەی سینەمایی نێتفلیکس (NETFLİX)ی ئەمەریکی نابینرێت کە لە نزیکەی ١٩٠ وڵاتدا زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن بینەر و بەشداربووی هەیە، بەڵام چەندین فیلم و درامای تورکی بە دراما مێژوویی و سیاسییەکانیشەوە لەسەر شاشەی سەرەکیی پێگەکەدا بەرچاو دەکەوێت و بەشی تایبەتیش لە پێگەکەدا بۆ فیلم و درامای تورکی جیا کراوەتەوە[32].
پێویستە ئەوەمان بیر نەچێت کە بۆ ئەوەی کەرتی دراما بەرەوپێش بچێت، پێویستە لە بوارەکانی دیکەشدا بەرەوپێشچوون بەدی بێت، بۆ ئەمەش پێویستە ئەو وڵاتە خاوەن مێژوو و کولتوور و شارستانیەتێک بێت کە بتوانێت چیرۆکی دراماکانی لەو شارستانیەت و مێژووەوە دەستەبەر بکات، لە هەمان کاتدا خاوەن دەرهێنەر و سیناریست و عەقڵێکی وەها بێت کە ئەو کولتوورە و ڕابردووەکەی بکات بە فیلم، هەروەها لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا خاوەن پێگەیەکی دیپلۆماسیی بەهێز و فراوان و هێزێکی سەربازیی وەها بێت کە بتوانێت لەنێو ململانێ هەرێمی و نێودەڵەتییەکاندا خاوەن قسە بێت. لەم چوارچێوەیەدا دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەت عەرەبستانی سعودی و ئیمارات، بە پشتیوانیی ئەمەریکا نەبێت لە زۆربەی بوارەکاندا بەرگەی یەک شاڵاوی ئێرانی دراوسێیان ناگرن و لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا ناویان لە سەرەتای کۆتاییەکانیشدا نانووسرێت، بۆیە زۆر قورسە بتوانن ڕکابەری لەگەڵ هێزێکی وەک تورکیادا بکەن کە خاوەن ستراتیژیەتێکی قووڵی دیپلۆماسی و سەربازییە و شانازی بە ڕابردووی دەوڵەتانی عوسمانی و سەلجوقییەوە دەکات و لە هەندێک پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا خەریکی قۆڵبادان و زۆرانبازییە لەگەڵ هێزە زەبەلاحەکانی وەک ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا، ڕووسیا و چین. لەبەر ئەم هۆکارانە، هەریەک لەو سێ وڵاتە بەتایبەت عەرەبستانی سعودی و ئیمارات، لە چوارچێوەی بەکارهێنانی “هێزی نەرم”دا ڕۆیشتوونەتە ناو پێشبڕکێیەکەوە کە هەر لە سەرەتاوە دۆڕاون.
لە لایەکی دیکەوە دراما تورکییەکان لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا بۆ ناوخۆی وڵاتەکە خۆی و تەنها بە ئاراستەی بینەری تورکیا بەرهەم دەهێنرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی بەرچاو بە دراما مێژوویی و سیاسییەکانیشەوە هەناردەی دەرەوەی تورکیا دەکرێن و بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاژ و پەخش دەکرێن و هەم لە ئاستی بینەردا هەمیش لە ئاستی بەرپرسی پایەبەرزی وڵاتاندا پێشوازییەکی گەرمیان لێ دەکرێت و پشتیوانی دەکرێن، هەر لە ئەمەریکای باشوورەوە تاوەکوو ئەفەریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و تاوەکوو باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و ڕووسیا. بەڵام دراما عەرەبییەکان تەنها لە ئاستی ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبیدا قەتیس ماون و نەک بۆ وڵاتانی جیهان، بەڵکوو تەنانەت نەتوانراوە بۆ بینەری تورکیش بە دۆبلاژی تورکی پەخش بکرێن کە لەدوای بینەری عەرەب؛ بینەری تورک دەبێت ئامانجی بەرهەمهێنەرانی ئەو درامایانە بێت. بۆ نموونە درامای پادشایانی ئاگر (ممالک النار) چەندێک پەیامی تێدا بێت بۆ بینەری عەرەب و پێی بڵێت دەوڵەتی عوسمانی بەو جۆرە ستەمی لە بابوباپیرانی عەرەب کردووە، دەبێت زیاد لەوە ئەو پەیامە بە تورکەکان بدات کە “بابوباپیرانی ئێوە بەم جۆرە ستەمیان لە بابوباپیرانی ئێمە کردووە، ئەمەش لەکەیەکە هێشتا بە ناوچاوانتانەوەیە و ئەمڕۆ یان سبەی دەبێت باجەکەی بدەن”. لە هەمان کاتدا مانای ئەوەیە تا ئێستا ئەم وڵاتە عەرەبییانە بەتایبەت لە بواری سینەما و درامادا، تەنانەت نەیانتوانیوە نە لە ئاستی هەرێمی و نە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بکەونە ڕکابەریی درامای تورکی، نەک ئەوەی کە بتوانن پێشبڕکێکەی لێ ببەنەوە. لەبەر ئەوە دەتوانرێت بوترێت ئەو پەیامەی کە لە درامای عەربیدا دەنێردرێت، بەتایبەتی لە بابەتی ڕکابەریی تورکیادا، تەنها لە چوارچێوەی نیمچەدوورگەی عەرەبیدا قەتیس ماوە، هەڵبەت لەم ڕێژەیەش ئیسلامییە دۆستەکانی تورکیا بەدەرە.
جگە لەوەش، بەشێکی ڕکابەرییەکە لە ڕێگەی قەدەغەکردنی پەخشی دراما تورکییەکان لەو وڵاتە عەرەبییانەدا بەرجەستە دەکرێت، کە ئەمەش مانای ئازایەتی و سەرکەوتن نییە بۆ کەرتی درامای عەرەبی.
ڕکابەریی ئەو دوو بەرەیە لە ڕێگەی دراماوە بەدەر لە ڕوانگە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکەی، پێویستە لە ڕوانگەی گەشتیاری و ئابوورییشەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، لەبەر ئەوەی نیشاندانی هەر شوێن و کەرەستە و کەلوپەلێک جگە لەوەی ڕیکلامێکی ناڕاستەوخۆی زۆر کاریگەرە بۆ ئەو شوێن و بەرهەمە کە هەندێک جار کاریگەرییەکەی لە ڕیکلامی ڕاستەوخۆ زیاترە، لە هەمان کاتدا هەڵگری چەندین پەیامی ناڕاستەوخۆی سیاسی، ئایدۆلۆژی و کولتوورییە، لەم ڕوانگەیەوە شوێن لە دراما عەرەبییەکاندا هێندەی ئەو شوێنانە سەرنجی بینەر ڕاناکێشێ کە لە دراما تورکییەکاندا دەردەکەون. ئەگەر هۆکارێکی ئەمە بگەڕێتەوە بۆ سروشتی جوان و دڵگیری تورکیا، بەڵام یەکپارچە بەبیابانبوونی نیشتمانی عەرەبی، لە لایەکی ترەوە هۆکاری ئەمە بوونی ئەزموون و شارەزاییە لەلای دەرهێنەرە تورکەکان لە هەڵبژاردنی شوێنی وێنەگرتنی دراماکاندا.
لە لایەکی دیکەوە ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی لە دراما عەرەبییەکاندا نیشان دەدرێن، بەتایبەت لەو درامایانەی کە بابەتەکەیان عەشق و ژیانی ئاسایی کۆمەڵایەتییە و باس لەم سەردەمە دەکەن، هاوردەی وڵاتانی دیکە و لە نێویشیاندا تورکیان. کەواتە ئەم درامایانە جارێکی دیکە بە ناڕاستەخۆ ڕیکلام بۆ بەرهەمی کۆمپانیای تورکی و وڵاتانی دیکە دەکەن. بەپێچەوانەشەوە، لەبریی ئەوەی ئەم درامایانە ببنە هۆکاری ڕیکلامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ بەرهەمی وڵاتەکانی خۆیان، چ بۆ بینەری ناوخۆ و چ بۆ بینەری دەرەوە، کەچی بوون بە ڕیکلامکارێکی بێبەرامبەر کە تەنانەت ناتوانن مافی سپۆنسەریی دراماکانیشیان وەربگرن، واتە دەبوو لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەی کە بەرهەمەکانیان لەو دراما عەرەبییانەدا بەکار دەهێنرێن سپۆنسەر بکرێن، بەمەش بودجەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئەو درامایانە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە دابین دەکرا و خەرجییەکەی لەسەر شانی دەوڵەت نەدەما، بەڵام نەتوانراوە تەنانەت ئەوەش بەدەست بهێنرێت.
لێرەوە تێدەگەین کە لە ئێستادا درامای عەرەبی نەک ئەو توانایەی نییە ببێت بە ڕکابەری درامای تورکی، بەڵکوو ئەو دراما عەرەبییانە بوون بە بەشێک لە ڕیکلامی ناڕاستەوخۆ بۆ کۆمپانیا و بەرهەمە تورکییەکان.
لە ڕوانگەی ناوەرۆکەوە، لە دراما تورکییەکاندا باس لە مێژووی ئیسلام و سەروەرییەکانی دەوڵەتانی عوسمانی و سەلجوقی و ئایدۆلۆژیای تورکی و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی تورکی دەکرێت، ناوەرۆکی بەشێک لە دراما عەرەبییەکان تەنها بریتییە لە کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو دراما تورکییانە و نەیانتوانیوە ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەی کە لە سایەی ئیسلامدا بۆ عەرەبەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبدا بەدەست هات، لە ڕێگەی چاوی کامێرا و سیناریۆی بەهێز و درامای سەرنجڕاکێشەوە بۆ بینەری عەرەب و تورک و جیهانی بخەنە سەر شاشەکان بە جۆرێک بە سوودی خۆیاندا بشکێتەوە.
چاوەڕوانییەکان
لە دۆخی ئاڵۆزی پەیوەندییەکاندا
هەر چەندە لێرە و لەوێ باس لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەو سێ وڵاتە بەتایبەت لەگەڵ سعودیە و میسڕ بکرێت، ئەوەی دەبینرێت هەنگاوگەلێکی زۆر هێواشە و تەنها شتێکی ڕووکەشە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا بە مەبەستی ڕازیکردن و دامرکاندنەوەی کەفوکوڵی ڕای گشتیی ناوخۆیی وڵات، ئەو هەنگاوانە دەنێن و لە ستراتیژدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بەئاسانی بەدی نایەت.
ئاڵۆزتربوون و قووڵتربوونی کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا، بەتایبەت بابەتی نەتەوایەتی و ململانێی نەتەوایەتیی تورک و کورد ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندایە، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر دووبارە گەشەسەندنەوەی نەتەوەپەرستیی تورک و لە هەمان کاتدا “ڕێککەوتنی کۆمار” لەنێوان پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا وای کردووە بابەتی نەتەوەپەرستیی تورکی زیاتر لەناو میدیای تورکی و سینەما و درامای تورکیدا پەرە بسێنێت، بەتایبەت لە ئێستادا لە کەرتی درامای تورکیدا بە پشتیوانیی پارتی دەسەڵاتدار هەڵمەتێکی بەرفراوانی بەرهەمهێنانی درامای مێژوویی لەسەر ئەو دەوڵەتە تورکییانەی کە بە درێژایی مێژوو لەم ناوچەیەدا دەسەڵاتدار بوون؛ دەستی پێ کردووە، پارتی نەتەوەپەرستی تورکیاش (MHP) بابەتەکەی زیاتر تۆخ کردووەتەوە و بە هەلێکی دەزانێت کە نەتەوەپەرستیی تورکی زیاتر گەشە پێ بدات و ڕەگداکوتاوتری بکات لە کۆمەڵگەی تورکیدا.
هەر چەندە ئەو درامایانە بە ئاراستەی بینەری تورکی و بۆ ناوخۆی تورکیا بەرهەم دەهێنرێن، لەگەڵ ئەوەشدا خواستێکی زۆری لەلایەن بینەری وڵاتانی دیکەوە لەسەرە بە بینەری عەرەبیشەوە. لە لایەکی دیکەوە بەو پێیەی زۆرێک لە مسوڵمانانی جیهان و ئەو حکومەتانەی ئیسلامین یاخود مەیلێکی ئیسلامییان هەیە، بەدەر لە هەندێک وڵاتی عەرەبیی وەک میسڕ و عەرەبستانی سعودی و ئیمارات، تورکیا وەک برا گەورەی جیهانی ئیسلامی دەبینن و ئومێدیان بە تورکیایە کە جارێکی دیکە “خەلافەتی ئیسلامی” بۆ مسوڵمانان زیندوو بکاتەوە، ئەمەش وای کردووە وڵاتانی وەک میسڕ و سعودیە و ئیمارات بکەونە خۆیان و زیاتر نەتەوەپەرستیی عەرەبی ڕەنگ بداتەوە لە ناخیاندا و بکەونە ڕکابەریی تورکیا.
لە لایەکی دیکەوە ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەو وڵاتە عەرەبییانە ئاڵۆزتر ببێت، ئەوا بژاردە و بابەتی دیکەی زۆر گرنگ و هەستیار هەن کە دەرهێنەران و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دراما لە وڵاتانی عەرەبیدا بە پشتیوانیی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان دەتوانن دەستی بۆ ببەن و بیکەن بە بابەتی دراماکانیان، بۆ نموونە بابەتی کورد لە تورکیا و پەکەکە و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و هەرێمی کوردستان، لە لایەکی دیکەوە بابەتی لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن کە لە جیهان و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ڕکابەریی تورکیا دەکەن بە لایەنگرانی “خزمەت” ناسراون و بەڵام لە تورکیادا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵا گولەن (Fethullah Gülen Terör Örgütü FETÖ) ناسێنراون. لێرەدا وەک چۆن تورکیا چەندین فیلم و زنجیرەدرامای لەسەر ئەم بابەتانە كە لە بەرژەوەندیی تورکیا دان، بەرهەم هێناوە و لە ناوخۆی تورکیا پەخش کراوە و بەشێکیشیان دۆبلاژی عەرەبی و چەندین زمانی دیکە کراون و پەخش کراون، بە هەمان شێوە دەستبردنی وڵاتانی ڕکابەری تورکیا بۆ ئەم بابەتانە و داڕشتنی سیناریۆ بە جۆرێک لە دژی تورکیا بێت؛ ئەگەرێکی کراوەیە. بەڵگەش بۆ ئەمە، لە بواری سیاسی و سەربازی و ئابووریدا دەستبردنە بۆ ئەو ئەگەرە و جێبەجێکردنی، وەک دەزانرێت میسڕ هاوکارییەکی باشی جەماعەتی خزمەتی کردووە لەو ڕوانەوە دژی تورکیا، عەرەبستانی سعودی و ئیماراتیش لە هاوکاریی سەربازی و سیاسی و ئابووریدا بۆ پەکەکە و پەیەدە پێشبڕکێیانە.
بۆیە لە ئێستادا ئەگەری بەهێز وەک لە بواری سیاسیدا دەردەکەوێت، لە بواری ڕاگەیاندن و سینەما و درامایشدا هەمان ڕکابەری بەردەوامی دەبێت و دەکرێت توندتریش ببێت.
لە دۆخی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکاندا
ئەگەر لە ئایندەدا -با دووریش بێت- پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتە عەرەبییانە ئاسایی ببێتەوە، ئەوا تورکیا ڕاناوەستێت لە بەرهەمهێنان و پەخشی دراما مێژووییەکانی، چونکە لە لایەک خۆی بە میراتگری دەوڵەتی عوسمانی و هەموو دەوڵەتە تورکییەکانی دیکە دەزانێت، بۆیە بە مافێکی ڕەوا و بگرە شانازییشی دەزانێت کە تەواوی مێژوو و شانازییەکانی ئەو دەوڵەتانە لە ڕێگەی دراماوە نیشانی سەرەتا بینەری تورک و پاشان بینەری جیهانی بدات.
لە لایەکی دیکەوە تورکیا ئەو درامایانە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی بەرهەم دەهێنێت، ئەوە تەلەڤزیۆنە عەرەبی و تەلەڤزیۆنی وڵاتانی دیکەن کە پارەش دەدەن بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەرە تورکەکان مۆڵەتیان بدەن کە ئەو درامایانە دۆبلاژ و پەخش بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بزانین کە بینەری عەرەبیش لەناو دراما مێژووییەکاندا تەنها سەرنجی بۆ سەر ئەو درامایانە دەڕوات کە باس لە دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانی دەکەن، ئیدی درامای دیکە زۆر سەرنجی ڕاناکێشێت.
لەبەرامبەر ئەمەدا، وڵاتانی عەرەبی لە لایەک بە هۆی کاریگەری و کۆتوبەندەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا و ئیسرائیل، لە لایەکی دیکەش بە هۆی ئەوەی کە خودی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە عەرەبییانە ویستیان نییە بۆ بەرهەمهێنانی دراماگەلێک کە مێژووی عەرەب لە سەردەمی مسوڵمانان و شانازییەکانیان بگێڕێتەوە، بەدەر لەوەش دەتوانرێت بگوترێت “عەرەب شتێکی دیکەی نییە مایەی شانازی و سەرنجڕاکێشان بێت”، بۆیە ناتوانن بەباشی ڕکابەریی درامای تورکی بکەن.
جگە لەمانەش، لە دۆخی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەو وڵاتە عەرەبییانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوخۆیی تورکیا و پەیوەندییەکانی تورک و کورد لە تورکیا و داکشانەوەی شەپۆلی نەتەوەپەرستیی تورکی، ئەم جارە تورکیا دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی دراما لەسەر مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام و خەلافەتی ئیسلامی و پێشڕەویی سوپای مسوڵمانان و فەتحی وڵاتان لەلایەن ئەو سوپایەوە، لەم دۆخەشدا بە هەر جۆرێک بێت دواجار گرتەی خەیاڵی و نەتەوەپەرستیی تورکی تێکەڵ بە ڕووداوەکان دەکرێت بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی تورکیا بێت، لێرەشدا دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ناتوانن بەئاشکرا ڕەخنە لەو درامایانە بگرن و دژایەتیی بکەن، چونکە لە چاوی بینەردا لە چوارچێوە گشتییەکەدا ئەو درامایانە باس لە سەردەمی زێڕینی ئیسلام دەکات و نایانەوێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، بەڵام گرتە خەیاڵییەکان پاش چەندین ساڵ چی لە لاهەست (لا شعور)ی بینەردا دەچەسپێنێت، قورسە پێشبینیکردنی!
دەرئەنجام
عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و میسڕ، دوای گرژبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا لە بواری سیاسیدا، لە ڕێگەی میدیا و دراماوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕکابەری و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی درامای تورکی لەسەر بینەری عەرەبی و وڵاتەکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا لەم ململانێیەدا هەر چەندە ئەم وڵاتە عەرەبییانە، بەتایبەت عەرەبستانی سعودی و ئیمارات، خاوەن ئابووری و بودجەیەکی زەبەلاح بن، بە هۆی پەیوەستییان بە جیهانی دەرەوە لە زۆربەی بوارەکاندا و میدیا و کەرتی دراماش بەشێکن لەو بوارانە، لە هەمان کاتدا نەبوونی سەرمایەی مرۆیی پێویست لە سیناریست و دەرهێنەر و ئەکتەر، هەروەها بوارنەدان بە دەرهێنەران بۆ ئیشکردن لەسەر مێژووی وڵاتانی عەرەبی لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا، ئەو وڵاتە عەرەبییانە ناتوانن لە ئاستی پێویستدا ڕکابەریی تورکیا لە بواری درامادا بکەن.
لە لایەکی دیکەوە دەرکەوتنی کەرەستە و بەرهەمی بیانی لەناو دراما عەرەبییەکاندا، وا دەکات ئەو درامایانە ببن بە ڕیکلامێکی بێبەرامبەری ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو بەرهەمانە کە لە نێویاندا بەرهەمی تورکییش هەیە. کەواتە ئەو هەڵمەتەی کە بۆ ڕکابەریی دراما و تەنانەت بەرهەمی تورکی دەستی پێ کردووە، لەلایەن ئەو وڵاتە عەرەبییانەوە بەشێکی خۆی بۆ خۆی بووە بە ڕیکلام بۆ بەرهەمی تورکی. لێرەشەوە دەردەکەوێت درامای عەرەبی توانای هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی خۆی نییە، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش لەگەڵ لاوازیی دراماکاندا نەتوانایی و لاوازیی وڵاتانی عەرەبییە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا. لە هەمان کاتدا درامای عەرەبی بە پێچەوانەی درامای تورکی، لەبریی ئەوەی داهاتێک بۆ وڵاتەکەی کۆ بکاتەوە، بووەتە بارێکی ئابووری بەسەر بودجەی وڵاتەوە.
لەبەر ئەوەی بەدەر لە درامای عەشق و خۆشەویستی و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکی بابەتی درامای تورکی بریتییە لە مێژووی هاوبەشی مسوڵمانان و تورک، واتە دەوڵەتی عوسمانی، بووەتە هۆی ئەوەی ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی بینەری ئەو درامایانە لە هەڵکشاندا بێت. بەپێچەوانەوە، ئەو درامایانەی لەلایەن سعودیە، ئیمارات و میسڕەوە بەرهەم هێنراون، لەبەر ئەوەی ڕەنگدانەوەی مێژووی عەرەب و ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەو کۆمەڵگەیە نین، نەک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەڵکوو لە ئاستی جیهانی عەرەبی و تەنانەت وڵاتەکانی خۆیشیاندا نەیانتوانیوە لە ئاستی پێویستدا سەرنجی بینەر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
______________________________________________
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.
سەرچاوەکان:
[1] Dilek AKŞEN, Arap coğrafyasında Türk dizileri ve izlenme nedenleri, Yayınlanmamış Yüksek lisans tezi, Çanakkale Onsekiz Mart Üniversitesi, Sosyal Bilimler Enstitüsü, Uluslararası İlişkiler Anabilim Dalı, Ortadoğu Araştırmaları, 2016, s.11
[2] هەمان سەرچاوە، لا١٩.
[3] İnna TATAR, Yerli Televizyon Dizilerinde Yabancı Uyruklu Kadınların Temsili, yayınlanmamış yüksek Lisans Tezi, Ankara Üniversitesi, 2013, s.11.
[4] Top 100 Most Watched TV Shows of All Time
[5] ABD’den Sonra İkinci: Türkiye, 146 Ülkeye 150’den Fazla Televizyon Dizisi İhraç Etti. https://onedio.com/haber/abd-den-sonra-ikinci-turkiye-150-den-fazla-televizyon-dizisi-ihrac-etti-889330 11.11.2019
[6] En Çok Satan 10 Yerli Dizi https://www.milliyet.com.tr/cadde/sina-kologlu/en-cok-satan-10-yerli-dizi-2762545 18.10.2018
[7] Prof. Dr. Ahmet UYSAL, Devrim öncesi ve sonrasında Mısır’da Türkiye imajı, Stratejik Düşünce Enstitüsü yayınları, Ankara, 2016, s.156.
[8] AKŞEN هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا٢٧.
[9] Dr. Ahmet UYSAL, The Turkish Soap Operas in the Middle East (Ortadoğu’da Türk Dizileri)” Culture and Politics in the New Middle East by Y. AKTAY, P. EL-SHARKAWY), Ankara: SDE Yayınları, 2012, s.2
[10] Cumhurbaşkanı Erdoğan Diriliş Ertuğrul dizisinin setinde https://www.haberturk.com/gundem/haber/1088075-cumhurbaskani-erdogan-dirilis-ertugrul-dizisinin-setinde 07.06.2015
[11] عوسمانییەکان دەگەڕێنەوەhttp://www.politikmedia.net giriş tarihi 02.06.2020
[12] Gençlerimize İslam Tarihi ve Değerlerini Öğretmekte Faydalı Olacaktır, https://www.aa.com.tr/tr/dunya/genclerimize-islam-tarihi-ve-degerlerini-ogretmekte-faydali-olacaktir/1818783 26.04.2020
[13] “Diriliş Ertuğrul” dijital mecralarda son 3 ayda 21 milyonu aşkın seyirciye ulaştı https://www.aa.com.tr/tr/kultur-sanat/dirilis-ertugrul-dijital-mecralarda-son-3-ayda-21-milyonu-askin-seyirciye-ulasti/1840363 14.05.2020
[14] UYSAL, هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا١٥٦
[15] هەمان سەرچاوە، لا١٥٧-١٥٨
[16] Ayşe ÇİPAN, Between Acceptance and Resistence: A Case Study of Turkish Soap Operas In Egypt, Unpublished Master Thesis, Istanbul Şehir University\ School of Social Sciences, 2014, s.8
[17] هەمان سەرچاوە، لا٣٠
[18] “مخرج 7 ” عشرون حلقة خلقت جدلاً بين مؤيد ومعارض.. فلمن الغلبة؟! https://www.sayidaty.net/node 21.05.2020
[19] Uysal, سەرچاوەی پێشوو، ٢٠١٦، لا١٥٧
[20] Uysal, سەرچاوەی پێشوو، ٢٠١٢، لا٩
[21] أنباء عن توقف عرض المسلسلات التركية على “MBC”
https://www.enabbaladi.net/archives/210875#ixzz6Oiu62SMl 04.03.2018
[22] Uysal, سەرچاوەی پێشوو، ٢٠١٦، لا١٥٨
[23] الحب في ‘ادم وجميلة’ بنكهة تركية https://middle-east-online.com 23.04.2013
[24] “فتوى سياسية”.. دار الإفتاء المصرية تحذر من مشاهدة المسلسلات التركية https://www.dailysabah.com/arabic/tv-movies/2020/02/09
[25] “ممالك النار” الامارات تشوه تاريخ تركيا https://www.aljazeera.net/news/arts/2019/11/18
[26] بتكليفة 40 مليون دولار … تفاصيل عرض “مملكة النار”
https://akhbarelyom.com/news/newdetails/ 12.11.2019
[27] “حارة اليهود” أم أنها “حارة التطبيع”؟ https://www.alaraby.co.uk/miscellaneous/2015/6/30
[28] Uysal, سەرچاوەی پێشوو، ٢٠١٦، لا١٥٨
[29] ÇİPAN, سەرچاوەی پێشوو، لا٨
[30] UYSAL, هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا١٥٧
[31] ” هوی بغداد بنکهه ترکیە تونسیە ” https://middle-east-online.com/%D9%87%D9%88%D9%89-%D8%A8%D8%BA%D8%AF%D8%A7%D8%AF-%D8%A8%D9%86%D9%83%D9%87%D8%A9-%D8%AA%D9%88%D9%86%D8%B3%D9%8A%D8%A9-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9 , 23.03.2021
[32] Yerli Filmler ve Diziler https://www.netflix.com/tr/browse/genre/871341 08.06.2020