د. ئاراس عهبدولكهریم: کولتووری کوردی بایی ئەوەندە کاریگەریی هەیە کە ئەم کۆمەڵگەیە لە توندڕەوی بپارێزێت
سازدانی: سالار تاوگۆزی و ئیدریس سیوهیلی
توێژهر له بواری ئاییناسی (د. ئاراس عهبدولكهریم) له ڕوانگهی كۆمهڵناسیی ئایینهوه، باس له توندڕهویی ئایینی و جۆر و پاڵنهرهكانی و پهیوهندیی نێوان توندڕهوی و كولتوور و پهروهرده دهكات. ههروهها قسه لهسهر سیستمی پێوهری كۆمهڵایهتیی و جیهاد و شوناس لای گروپه توندڕهوهكان و گوتاری ئایینی دهكات. هاوكات چۆنیهتی كردنی ئایین به هۆكارێك بۆ ئاشتی و سەقامگیری كۆمەڵایەتیی لە هەرێمی كوردستان و جێكهوتهكانی ئایین له كۆمهڵگهی كوردستانیدا ڕوون دهكاتهوه.
ئایینناسی: توندڕەویی لە چەند ڕوانگەیەکەوە پێناسە کراوە، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی ئایینەوە مەبەست لە توندڕەوی چییە؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: وای بە باش دەبینم تەنیا لەسەر پێناسەی ئەم چەمکە ڕانەوەستین و زیاتر بە لێکدانەوەوە و بوونیادەکەیدا قووڵ بینەوە. چونکە شرۆڤەی کۆمەڵناسی هەمیشە جەخت لەسەر پرسی (چۆن؟، بۆچی؟) دەکات لە سەرهەڵدانی توندڕەوی لای تاک و گرووپەکان، هەروەها کارلێک و بوونیادی کۆمەڵایەتی چ کاریگەرییەکیان لەسەر دروستبوون و بڵاوبووەنوەی توندڕەوی هەیە. بۆ پێناسەکەش، دیارە پێناسەگەلێکی زۆر بۆ ئەم چەمکە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی ئایینەوە کراوە کە دەشێ بڵێین تەواوکەری یەکدین، یان پێکەوە وێنە گەورەکەمان دەخەنە بەر چاو. زۆر بە کورتی دەتوانین بڵێین لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی ئایینەوە، توندڕەوی تەنیا ئاکامێکی پەیوەست بە بیروباوەڕەوە نییە و بەس، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە لە ئاکامی کارلێکی فاکتەرە کولتووری، ئابووری و سیاسییەکانەوە سەرهەڵدەدات کە کاریگەریی لەسەر ڕەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەس یان گرووپی توندڕەو جێ دەهێڵێت.
لە نێو زانایانی کۆمەڵناسیدا ئیمیل دۆرکایم بە پێشەنگ دادەنرێت لەم بوارەدا کە توندڕەوی بەستۆتەوە بە دۆخی (ئەنۆمی) کە جۆرێکە لە تێکچوون لە کاتی ڕمانی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە ئاکامدا ڕەفتاری توندڕەوانەی لێ دەکەوێتەوە. پاشان ئەنتۆنی گیدنز توندڕەوی تایبەت دەکات بەو کۆمەڵگانە یان بەو گرووپانەوە کە هەموو چەشنە گۆڕانێک بە ئاڕاستەی نوێخوازی ڕەت دەکەنەوە. هێلبرت بلۆمێریش توندڕەوی دەگێڕێتەوە بۆ کارلێکی ڕەمزیی نێوان ئەو گرووپانەی کە وێنا و مانای شێواویان لەسەر ئەوانی دی هەیە. لای تید گۆریش چەمکی (مەحروومیی ڕێژەیی) دەستێکی باڵای هەیە لە سەرهەڵدانی توندڕەویدا، پاشان لای ئێرڤینگ گۆفمان دەکرێ لە میانەی خۆوێناکردنەوە لە توندڕەوی بگەین، واتە تێگەیشتن لەو ستراتیژە گوتارییەی کە شوناسێکی تایبەت و جیاواز بۆ گرووپێک دیاری دەکات. هەڵبەتە ئەمانە نموونەیەکی کەمی خوێندنەوە و بۆچوونی زانایانی کۆمەڵناسین لەسەر توندڕەوی و چەندینی دیکەی وەک ماکس فیبەر، رۆبەرت مێرتن، جەیمس د. داڤیز و واڵتەر ڕۆڵف و چەندانی دیکەی خاوەن تیۆر و بۆچوون لەسەر ئەم بوارە کاریان کردووە و نامەوێ درێژەی زیاتر بەم لایەنە بدەم.
ئەوەی گرنگە کۆی زانایانی کۆمەڵناسی دیاردەی توندڕەوی دەبەستنەوە بە عەقڵییەتی (ڕەها)یانە و شوناسی گرووپ و دابەشکردنی هەموو مانا و بەهاکان لە نێوان دوو بەرەدا: (بەرەی خود= سپی) و (بەرەی ئەوانی دی= ڕەش). بەڵگەنەویستە کە عەقڵیەتی ڕەها بە دیوێکدا بەرهەمی فیکری ڕەهایە و هاوکات بەرهەمهێنی جیهانبینی و وێناکردنی ڕەهایانەشە چ بۆ خود و چ بۆ ئەوانی دی و هەموو بەها و مانا و دەلالەتەکان. بۆیە فرەیی هیچ شوێنێکی لە جوگرافیای توندڕەویدا نییە. ئەوەی هەیە دوالیزمی (خێر و ڕەش)، (بەهەشت و دۆزەخ)، (دار السلام و دار الحرب)، (باوەڕدار و بێ باوەڕ) و (حەقیقەت و جەهالەت)ە، ئاستی باڵای توندڕەویی ئایینی ئەو شوێنەیە کە چەمکی (مەرجەعی حەقیقەت) تێیدا سەرهەڵدەدات، بەڵکو (تاکە مەرجەعی حەقیقەت)، چونکە بیرمان نەچێ توندڕەوی ئایینی دەشێ هاوباوەڕی ئایینی و هاومەزهەبی خۆیشی ڕەت بکاتەوە و ئەوانیش بە بەرەی جەهل بسپێرێت.
لە پشت توندڕەوی ئایینیەوە هەمیشە تارمایی (پیرۆزی = المقدس) هەژموونێکی فرە ڕەهەندی هەیە، هیچ بیرێکی توندڕەوی نییە پیرۆزییەک لە سەرەوە قوڕمیشی نەکردبێ. هاوکات چەمکی (ئێمە)، نەک من، ئامادەبوونێکی هەمیشەیی لە نێو گوتاری توندڕەویدا هەیە و تاکگەرایی نەک بوونی نییە و بەس، بەڵکو مەترسییەکە لەسەر بڕواداران کە بەرەو هەڵدێری بێ باوەڕی بیانبات. لێرەوە دەتوانین بڵێین بە بێ هەبوونی زەمینەی گرووپ (الجماعة)، توندڕەوی ناتوانێ بە پێوە ڕابوەستێ. ئەوەشمان لە یاد نەچێ کە وابەستبوون بە (دەق)ەوە لای توندڕەو وابەستبوونێکی ئاساییانەی دیندارێک نییە بە کتێبە پیرۆزەکەیەوە، هێندەی وابەستبوونێتی بە تەفسیر و لێکدانەوەیەکی دیاریکراوەوە، جیاواز لە تەفسیرەکانی دی کە بۆ هەمان دەق کراون، دیارە ئەمیان بە بارێکدا تەفسیرێکی ڕاستەوخۆی حەرفییە و لێکدانەوەیەکە بە زهنییەتی ڕەها، بە هەمان شێوەش بۆ فەرموودە و خوێندنەوەی مێژووی ئایینەکە و شوناسی هاوەڵان و کۆمەڵگەی باوەڕداران، لەمەی دواییشیانەوە ئەوەی ڕوو دەدات بەراوردکردنی مێژووی ئەو سەردەمە (زێڕینە)یە بە ئێستای ناجۆر و لەوێشەوە بەراوردکردنی کۆمەڵگەی باوەڕدارانی ئەو سەردەمەیە بە کۆمەڵگەکەی ئێستای خۆی، وەک سەید قوتب بە سەردەمی (جاهیلیی دووەم) ناوزەندی کردووە؛ بۆیە بە بڕوای من تاکی توندڕەو هەمیشە جۆرێک لە هەستی نامۆیی (إغتراب) هەیە بە سەردەمەکەی و کۆمەڵگەکەی، مەگەر لە نێو (جەماعەت)ی ئەهلی ئیماندا هەست بە ئارامی بکات.
هەموو ئەمانەش بە سووڕێکی پەروەردەیی تایبەتدا وردە وردە و قۆناغ بە قۆناغ لە زەین و قەناعەتی تاکەکاندا دەچێنرێن، هەر لە تەفسیر و لێکدانەوەی دەق و فەرموودەوە تا مێژووی ئایینەکە لە سەرگوزشتەی ژیانی پەیامبەر و هاوەڵان و باوەڕداران بە گشتی و ڕووداوە مێژووییەکان و …هتد.
ئایینناسی: سیستمی پێوەری كۆمەڵایەتیی لای گرووپە توندڕەوەكان چییە ؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: سیستمی پێوەری کۆمەڵایەتی لای گرووپی توندڕەوی ئایینی کۆمەڵێک بەها و پرەنسیپن کە ڕەفتاری تاکەکانیان دیاری دەکات، لەگەڵ دیاریکردنی ڕەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لە نێو خودی گرووپەکە و لەگەڵ ئەوانی دیدا. ئەم سیستمە شێوازی کارلێکی کۆمەڵایەتیی ئەو تاکانە و کاری کۆییان (جماعي) لە میانەی وێناکردنێکی ئایینی دیاریکراوەوە دیاری دەکات، کە ئامانجەکەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیە لەسەر بنەمای ئەو بیروباوەڕ و جیهانبینییەی کە بە تاکە حەقیقەتی ڕەهای دەزانن.
لە گرنگترین ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەو سیستمە پێوەرییەش:
١. شوناسی گرووپ (جەماعەت) و یەکانگیریی بەهێزی ناوخۆیی گرووپەکە. گرنگە گرووپی توندڕەو شوناسی تایبەت و جیاوازی خۆی هەبێت، ئەمە پەیوەستبوونی تاکەکان بە گرووپەوە بەهێز دەکات. زمان و شێوازی گوفتار و بەکارهێنانی چەمکی تایبەت (زیاتر ئایینی)، پۆشاک و سەروسیما زۆر جار بۆ دەربڕینی ئەو جیاوازی و تایبەتمەندییەی گرووپ بەکار دەبرێن.
٢. دابەشکردنی جیهان بەسەر دوو بەرەی (باوەڕداران) و (بێ باوەڕان)دا، لە وەڵامی پێشوودا قسەم لەسەر ئەم لایەنە کرد. ئەوە ماوە بڵێم لە نێو ئەو دابەشکردنەدا، هەمیشە وردە دابەشکردنی دیکە هەیە، بۆ نموونە چەمکی (منافق، فاسق) لە ئایینی ئیسلامدا لەو چەمکانەن کە پەیوەستن بە دابەشکردنی گرووپە باوەڕدارەکان خۆیانەوە، ئەمەش هەمیشە فیکری ئیسلامی بە درێژایی مێژوو تووشی قەیرانی گەورە کردووە، چونکە ئاڕاستەی توندڕەوی زیاتر بەرەو هەڵکشان بردووە تا سەرهەڵدانی چەمکی (الفرقة الناجیة) کە زادەی قەناعەتی ئەو گرووپانەیە کە هەموو گرووپەکانی دی هاوئایینی خۆیان بە لادەر دەبینن و خۆیان بە خاوەنی تاکە مەرجەعی حەقیقەتی پیرۆز دەبینن.
٣. پێوەرە ئایینییە تایبەتەکانی خۆیان بۆ مامەڵەکردن و کارلێک لەگەڵ ئەوانەی لە دەرەوەی گرووپەکەن: ئەمە تەنیا بە ئەنجامگەیاندنی فەرز و سوننەتە ئایینییەکان ناگەیەنێت، واتە تەنیا پۆڵێنکردنی تاک و گرووپەکانی دی نییە کە داخۆ باوەڕدارن یان کافر؛ بەڵکو تایبەتیش دەبێت بە تاک و گرووپە ئیماندارەکانەوە و پەل دەکێشێت بۆ سرووتە ئایینییەکان و شێوازی بەجێگەیاندنی فەرزەکان. لێرەدا چەمکی (بیدعە) یەکێکە لەو چەمکانەی لای توندڕەوەکان هەمیشە بازاڕێکی گەرمی هەیە و بۆ ڕەتکردنەوەی تاک و گرووپەکانی دی زۆر بەکاری دێنن. تەنانەت دیاریکردنی مزگەوت و ئیمام و گوتاربێژانیش لە نوێژەکانی مزگەوت و نوێژی هەینیدا.
٤. نەریتی گوێڕایەڵی و دیسپلین: گرووپی توندڕەو هەمیشە بە تەونێکی بەهێز لە دیسپلین تەنراوە و تاکەکانی پێوە گرێ دراون، هاوکات گوێڕایەڵیی هەر تاکێک بە شێوەیەکی ڕەها بۆ (ئەمر و نەهی)ی جەماعەت، مەرجێکی سەرەکییە. دیارە ئەمر و نەهییەکە لە ئاکامدا دەبێتە ئەمر و نەهیی تاکە کەسێک لە سەروو هەمووانەوە کە زۆر جار بە (ئەمیر) دەناسرێت، ئەمر و نەهییەک کە هەمیشە شەرعییەتێکی تەواوی ئایینی بەخۆی بەخشیوە و بگرە دەقاودەق یەکسان دەبێت بە ئەمر و نەهیی خودا، لێرەوە دەشێ لەوە تێبگەین کە لە نێو گرووپی توندڕەوی ئایینیدا هەمیشە (پیشەسازیی ڕەمزی ئایینیی) لە برەودا بووە.
٥. هاوکاری و خۆشەویستیی نێوخۆیی: ئەم بابەتە زەمینەی لەبار دەڕەخسێنێ بۆ پتەویی پەیوەندیی نێوخۆیی و وابەستبوونی تاکەکان بە یەکدی و جەماعەتەوە کە هەستێکی ئەرێنی لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی گرووپدا چێ دەکات، بە جۆرێک کە ببێتە ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵگە و تاکەکان هەست بکەن کە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەیان تەنیا گرووپەکەیە و بەس؛ هەر بۆیە بەرامبەر بەم هاوکاری و هەستی خۆشەویستییە، بۆ دەرەوەی گرووپ دەبێ تەواو پێچەوانەکەی ڕەفتار بکەن.
٦. ئامادەگیی گیانفیدایی: ئەم بابەتە لە نێو گرووپی توندڕەودا یەکێکە لە بەها سەرەکییەکان، ئامادەبوونی تاکەکان بۆ گیانفیداکردن لە پێناو ئامانجی گرووپەکەدا (کە هەمیشە ئامانجێکی پیرۆزە) باڵاترین پێوەری کۆمەڵایەتییە بۆ تاکەکان لە نێو ئەو سیستمەدا کە لای گرووپە توندڕەوەکان پێڕەو دەکرێت.
٧. توندوتیژی: لای گرووپی توندڕەو توندوتیژی بابەتێکی ڕێگە پێدراوە، بەڵکو زۆر جار دەبێتە واجبێکی شەرعی، ئەمەش لەو باوەڕەوە کە ئامانجەکەیان پیرۆزە و مەبەستێکی ئایینییە و لە پێناو ڕەزامەندیی خواوەنددایە کە (هەر دەبێ لە بەرژەوەندیی بەندەکانیدا بێت).
جگە لەو چەند خاڵە دیارە خاڵی دیکەش هەن، وەک شوێن و ڕۆڵی ئافرەت لە نێو ئەو گرووپانەدا کە تەواو جیاواز و تایبەتە و ناکرێ هیچ ڕۆڵێکی سەرکردایەتییان پێ بدرێت و زیاتر بە ئاڕاستەی ڕیکڵامکردن بۆ گرووپ لە نێو توێژی ئافرەتدا ڕۆڵ دەبینن.
ئایینناسی: بانگەشەی جیهاد وەك دەستەواژەیەكی كۆمەڵایەتیی و كولتووری چەند ڕۆڵی لە وەبەرهێنانی توندڕەویدا هەیە ؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: چەمکی (جیهاد) لە سیاقی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا زۆر جار مانا ئایینییەکەی تێدەپەڕێنێت، چونکە تێکەڵ بە بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگە دەبێت؛ بۆیە دەکرێ بەر لەوەی جیهاد وەک چەمکێکی ئایینیی پەتی بناسین، وەک دەلالەتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتیش تێیبگەین. بۆ نموونە: جیهاد وەک دەلالەتێک بۆ بەرگری لە ناسنامە، وەک ئامرازێک بۆ یەکانگیریی کۆمەڵایەتی، وەک چوارچێوەیەک بۆ بەدیهێنانی دادوەریی کۆمەڵایەتی، وەک ڕەمزێک بۆ هێزی ئایینی و ڕۆحی و جیهاد وەک بەهایەکی ئەخلاقی.
هەموو ئەو ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتییانە کە بە گشتی دەچنە نێو سیستمی بەهایی کۆمەڵگەوە، بۆ خۆیان لە دەرەوەی ئایین شەرعیەتی کولتووری و ئەخلاقی دەبەخشنە توندڕەوی تا ڕاددەی بەکارهێنانی توندوتیژی. لێرەوە دەبینین لای گرووپی توندڕەوی ئایینی شتێک لە مێژووی ئایینەکەیاندا نییە بە ناوی (غەزا)ی باوەڕداران، بەڵکو غەزا ڕەفتاری بێ باوەڕان بووە و ئەوەی باوەڕداران کردوویانە (جیهاد) بووە.
بە ڕاستی چەمکی جیهاد چەمکێکی زۆر هەستیارە و دەمەوێ کەمێک لەسەری بوەستین. لە دەقدا هەمیشە کە وشەی (جیهاد) هاتبێت، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لە پێناوی خودا دایە (في سبیل الله)، ئەمە پیرۆزییەکی ڕەها دەبەخشێتە چەمکەکە و هاوکات پێڕەوکەرانی، بۆیە جیهادکاران (المجاهدین) هەمیشە ناسناو و شوناسێکی پیرۆز بووە لای باوەڕداران. بۆیە کردەکەش لای باوەڕداران وەک شەڕکردن و پەلاماردان و کوشتن و تاڵانی لێی نەڕوانراوە، بەڵکو وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی، یان وەک لە ناونیشانی کتێبەکەی (محمد عبدالسلام فرج) کە ساڵی ١٩٨٢ لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی سادات لە سێدارە درا، هاتووە (الجهاد: الفریضة الغائبة)، لە ڕاستیدا بەر لەم کتێبە پشتبەستنێکی فیکری و فیقهی و عەقیدەیی بەو زەقی و یەکلاکردنەوەیە لە ئارادا نەبوو، پێشتر ڕەوتە جیهادییەکان بە پلەی یەکەم پشتیان بە هەندێک ئیجتیهادی سەرکردەکانیان و ڕای هەندێک سەرچاوەی فیقهی و تەفسیر دەبەست وەک فەتوای (ئیبن تەیمییە) لەبارەی تەتارەوە و کتێبی (الإیمان الکبیر والصارم المسلول)، تەفسیری (إبن کثیر) بۆ ئایەتی (أبحکم الجاهلیة یبغون) و بۆچوونەکانی لە (البدایة والنهایة)دا سەبارەت بە تەتارەکان و حوکمڕانییان. هەروەها تەفسیری (سید قطب) بۆ ئایەتەکانی تایبەت بە حوکمڕانی و سیاسەت وەک ئایەتی (إن الحکم إلا لله)
ئەگەرچی کتێبی (المصطلحات الأربعة)ی (أبو الأعلی المودودي)ی دامەزرێنەری (الجماعة الاسلامیة) لە ١٩٤١ لە پاکستانی ئێستا بە دایکی سەرچاوە و مەرجەعی فیکریی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دادەنرێت، بە تایبەت لێکدانەوەکانی بۆ هەر چوار چەمکی (الإله، الرب، العبادة، الدین)، کە (حسن البنا)ی دامەزرێنەری (الاخوان المسلمون) لە میسر زۆر سەرسام بووە پێی، هەروەها سەیدقوتب و لە کوردستانیش ئەو جۆرە لێکدانەوەیە لە هەندێک جێی کتێبی (پوختەیەک دەربارەی ئیسلام) و (ئیسلام و ڕێچکان)ی مامۆستا عەلی باپیردا ڕەنگیان داوەتەوە کە ساڵانی هەشتاکان چاپ کرابوون.
لە هەموو بارێکدا، مانەوەی ئەم چەمکە بەو زیندووییەی تا ئێستا، لای من نامۆبوونێکی گشتگیری فیکری توندڕەوییە بە سەرجەم سەردەم و شوێن و کۆمەڵگەکان. بیریشمان نەچێت زۆر جار ئەم چەمکە لە دەرەوەی توندڕەوانی ئایینی بەکارهێنراوە و وەبەرهێنانی سیاسی پێوە کراوە، بۆ نموونە لای سەدام حسەین لە جەنگەکانیدا، لای جەمال عەبدولناسر و ساداتیش.
سیحری ئەم چەمکە هەر لە توانای تەییارکردنی جەنگاوەراندا نییە و بەس، بەڵکو لە پیرۆزکردنی خودی شەڕ و کوشتار و تاڵانکردندایە، بە جۆرێک کە کوشتن و بەتاڵانبردنی ئافرەت، منداڵ و سامانی ئەوانی دی دەبنە ڕەفتارێکی پڕ لە بەها و جوانی و ڕەوشتبەرزی!
ئایینناسی: چ كات ئایین دەبێتە پاڵنەری توندڕەوی و دروستكردنی تاكی توندوتیژ؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: بە بڕوای من، هەموو ئایینێک دەشێ ببێتە پاڵنەری توندڕەوی و بەرهەمهێنانی تاکی توندوتیژ، ئەگەر:
-خۆی بە تاکە مەرجەعی حەقیقەت ناسی.
-پلەبەندیی بۆ ئایین و بیروباوەڕەکان دانا و خۆی لە ترۆپکدا ڕیزبەند کرد.
-خۆی بە ئەڵتەرناتیڤی هەموو ئایینەکانی دی بزانێت.
-هەموو ئایین و باوەڕەکانی دیکە، بە ڕەهایی بێت یان ڕێژەیی، بە لادەر، شێوێنراو، ناکامڵ و جێگەی گومان بزانێت.
-هەموو ڕەمزە ئایینییەکانی خۆی، ئەوانەی مرۆیین، بە پیرۆز بناسێ و لە سەروو هەموو ڕەخنە و گومانێکەوە بن.
-بە هەمان شێوەی خاڵی پێشوو، بۆ هەموو ڕووداوە مێژووییەکانی ئایینەکە.
-تاکە ڕێگەی گەیشتن بە خودا تەنیا لە خۆیدا ببینێت و هیچ ڕێگەیەکی دیکە بە شیاو نەزانێت کە بۆ هەمان ئامانج بێت.
-هەموو ئەحکامەکانی ئایینەکە بە ڕەهایی بۆ هەموو سەردەم و شوێنێک گونجاوە.
-هەموو حوکمە شەرعی و فیقهییەکانی ئایینەکە نەگۆڕن و هیچ گۆڕاوێکی زەمەنی و شوێن پاساو نین بۆ زیاد و کەمکردن لێیان.
-جیاوازیی ئەوانی دی وەک هەڵەیەک لەواندا ببینێت کە ڕاستکردنەوەی بریتییە لە گۆڕینی ئەوان لەسەر مۆدێلی خۆی.
-هەر هاوڕایی و هاوبەشییەک لە خاڵێکدا هەبێت لەگەڵ ئایینێکی دیکەدا، نایگێڕێتەوە بۆ دروستیی ئەو ئایینەی دیکەش، بەڵکو وەک بەڵگەیەک دەیبینێت بۆ ڕاستییەکەی خۆی و هیچی دی.
ئایینناسی: ئەگەر قسە لەسەر كۆمەڵگەی كوردی بكەین، جێكەوتەكانی ئایین بە تایبەت ئیسلام لە چیدا پایەی خۆی ڕەنگڕێژكردووە؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: ئایین لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا جێکەوتەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کولتوور و ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی وەک بوونیاد و سیستمی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کۆنترۆڵ و یەکانگیریی کۆمەڵایەتی و …هتد، هەروەها لەسەر دۆکتەراین و ئەو چوارچێوە فیکرییە کە شێوازی بیرکردنەوە و جیهانبینیی تاکەکانی کۆمەڵگە دیاری دەکات. دەشێ بەشێک لەو جێکەوتانە ئەرێنی بن و بەشێکیشیان نەرێنی. سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئێمە، کاریگەریی ئایینی ئیسلام بەدەر نییە لەوەی لەسەرەتادا گوتم. لێرەدا و سەبارەت بە بۆچوون و قەناعەتی خۆم دەبێ بەر لە ئێوە لەگەڵ خۆمدا ڕاشکاو و ڕاستگۆ بم؛ بۆیە بە ڕای من، وەک مێژووی ئایینی ئیسلام پێمان دەڵێ، ئەم ئایینە بە (فتوحات) چووبێتە هەر شوێنێکی دونیا، بۆ ئەوە نەچووە کە دواتر لیی بکشێتەوە، بەڵکو وەک هەر ئیمپراتۆرییەکی سەردەمەکەی بۆ مانەوەی هەمیشەیی بووە، لێرەوە کارێک کە هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی بووە، چەسپاندنی باوەڕی ئایینەکە و شەریعەتەکەی بووە لە نێو کۆمەڵگە تازە بەئیسلامبووەکاندا، لەگەڵ بە مۆدێلکردنی سیستمی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆی، واتە پێڕەوکردنی کولتووری خۆی لە نێو ئەو گەلانەدا، دیارە ئەمەش بە بێ هەوڵی سڕینەوەی ڕێژەییانە و قۆناغ بە قۆناغی کولتووری ئەو گەلانە نەبووە، بێگومان کولتووری ئەو گەلانەش هەوڵ و تەنانەت توانای خۆڕاگری و مانەوەیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی هەبووە. لێرەوە دێمە سەر مەبەستی سەرەکیم تا بڵێم، ئەگەر کولتوور و سیستمی بەهایی کۆمەڵگەکەمان توانای خۆڕاگری و مانەوەی ڕێژەیی نەبایە، ئێستا هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان دینداریی موسوڵمانانی کورد و عەرەبدا –بۆ نموونە- نەدەبوو. مەبەستم لە دینداریی میللییە، نەک گرووپگەرایی و ئیسلامی سیاسی کە ئەوانە کۆپیی هاوشێوەکانیانن لە هەر شوێنێکی دونیادا بن. بە گشتی دینداریی کوردی، نزیکە لە شێوازی سۆفیگەرانە، واتە پەیوەندییەکی ڕۆحیی تاکەکانە لەگەڵ خودا، ئەمەش بە گشتی شێوازی ئایینزای میترایی و زەردەشتییەکانە. لە نموونەی توانای بەرگریی ئەم کەلتوورە شوێن و پێگەی ژنە لای موسوڵمانی کورد بە شێوەیەکی جیاواز لای موسوڵمانی عەرەب بەڵکو جیاواز لای خودی نەگۆڕەکانی ئایینەکە کە ناکرێ پێگەی حوکمڕانی و ئەمیری بدرێتە ئافرەت، بەڵام ئێمە لە نێو کۆمەڵگەی کوردی موسوڵماندا (عادیلە خاتوون، خانزادی سۆران و مەستوورەی ئەردەڵان) مان هەن کە ئەمە بە پێی شەریعەتی ئیسلام ڕێگەپێدراو نییە. هاوکات ئەم دیندارییە ڕێگر نەبووە لە قبووڵکردنی ئایین و ئایینزای دیکەی جیاواز، نازانم پێشتر چەشنە ڕەفتارێکی ناجۆر دەرهەق بە ئایینزای دیکە لە لایەن کوردەوە هەبووە یان نا، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە دەزانین لەم کوردستانەی خۆماندا و لە لایەن کوردی موسوڵمانەوە ڕەفتاری وەک ئازاردان و سووکایەتیپێکردنی جووەکان لەم شوێن و ئەو شوێنی کوردستان و ئازاردان و تەنانەت کوشتن و هەوڵدان بۆ قڕکردنی ئێزدییان لە لایەن کوردەوە، بابەتی ئەرمەنەکانیش لەولاوە بوەستێت. پیویستیمان بەوەیە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەر لە موسوڵمانبوونی کورد تا بزانین ئایا پێشتر ڕەفتاری ئەوها شەڕانگێزانە و نامرۆییمان دەرهەق بە پێکهاتەی ئایینی دیکە لەسەر شوناسە ئایینییەکەیان کردووە، یان نا؟ تا بزانین ئەوە هۆکارەکەی باوەڕ و کولتووری ئایینی ئیسلام بووە یان نا.
بە گشتی سیستمی ئەخلاقیی ئایینەکان بە جۆرێک لێکدی نزیکن کە لە هێڵە گشتییەکانی پەیوەست بەم سیستمە لە سیاقی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هێڵێکی گشتی و سەرەکیی هاوبەشیان هەیە، بۆیە لە بابەتە مۆراڵییە مرۆییەکاندا، شتێکی ئەوتۆ لە سڕینەوە و جێگرتنەوە ڕوو نادات، بە دەگمەن نەبێت. ئەوەی وا دەکات سڕینەوە و جێگرتنەوەی لابراوەکان بە هی دیکەی نوێ بێتە ئاراوە، ئەو جیهانبینییەیە کە سەرکردە ئایینی و فەرمانڕەواکان پیادەی دەکەن. هاوکات بەو حوکمەی کە بە موسڵمانکردنی کورد واتە بەستنەوەی کۆمەڵگەکە بە ئوممەتی ئیسلامەوە، لێرەوە شوناسەکە بووە شوناسێکی تەواو ئایینی، یان لانیکەم نەتەوەیی-ئایینی، زیاد لە فاکتەرێکیش هەبوون کە ببنە بەهێزکردنی هەست و سۆزە ئایینییەکە لەسەر حیسابی هەستی نەتەوەیی لای کورد بە گشتی.
دوا خاڵ قسەی لەسەر بکەم، هەموو کاریگەرییەکی ئەم ئایینە گەر بە نێو تەفسیر و جیهانبینیی توندڕەویدا گوزەری کردبێت، لە شێواندنی کولتوور و بوونیادی کۆمەڵگە و سیستمی مۆراڵی و مرۆیی کورد زیاتر هیچی دیکەی نەکردووە و نایکات.
ئایینناسی: لە هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەكانی تریش، چەندین جۆری توندوتیژی لە ڕابردوو ئێستادا هەبووە و دەبینرێت، چ گوتارێكی ئایینی كاریگەری لەسەر ئەمە هەیە و سیماكانی چۆنن؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: بە گشتی گوتاری ئایینی کاتێک دەبێتە بەرهەمهێن و بڵاوکەرەوەی توندڕەوی کە تێێدا:
-دونیا و مرۆڤەکان بەسەر دوالیزمی (ئیمان و کوفر)دا دابەش بکات، لەو دوالیزمەشدا هەمیشە خود ئەهلی ئیمان و ئەوی دی کافر بێت.
-تێێدا هەموو شتێکی پەیوەست بە ئایینەکەی بە پیرۆز ڕابگیرێن، بە چەشنێک ئەو پیرۆزییە هاوەڵانی پەیامبەر، خەلیفەکان و ئیمامەکانی مەزهەبەکان و تەنانەت ئەهلی فەرموودەش بگرێتەوە و لە سەروو ڕەخنە و گومانەوە بن. بە هەمان شێوە بۆ مێژووی ئایینەکە و کۆمەڵگەی یەکەمین و ڕەمزە پێشینییەکانی ئایینەکە، وەک ئەوەی کۆمەڵگەی فریشتە و مێژوویەکی تەواو ئایدیالی بن.
-تێیدا پیشەسازیی بەرهەمهێنانی دوژمن، ناحەزانی ئایین بازاڕی گەرم بێت، وەک ئەوەی بەردەوام دەبیستین کە گوایە (ئیسلام لە مەترسی دایە)، ئەمە وێناکردنی دۆخێکی دەروونییە بۆ ئامادەبوون بۆ جەنگ و بەرەنگاری، یان بڵێین بۆ جیهاد!
-تێیدا تەفسیرێکی دەقاودەق حەرفی بۆ دەقی پیرۆز بکرێت، بە بێ ڕەچاوکردنی سیاقی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتووری.
-تێیدا بە شێوەیەکی مەبەستدار و (إنتقائي) پەنا بۆ دەق ببرێت بە جۆرێک ئەو دەقانە بهێنرێنە پێشەوە کە خزمەت بە ئامانجەکانی توندڕەوی بکات.
-تێیدا شوناسی ئایینەکە بکرێتە ئایدیۆلۆجیای کۆمەڵگە. بە جۆرێک شوێنێک بۆ هیچ باوەڕ و ئایینێک –تەنانەت وەک وردە کولتووریش- لە شوناسی کۆمەڵگەدا جێی نەبێتەوە. واتە کۆمەڵگەی تاک کولتوور.
-تێیدا پێوەری بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان بە ڕەهایی ببەسترێن بە ئایینێکەوە، لە دەرەوەی ئەو پێوەرە، هیچ پێوەرێکی دیکەی مرۆیی پشتی پێ نەبەسترێت لە سیستمی بەهایی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیدا.
-مومارەسەکردنی سیاسەت بە گوتارێکی ئایینی و دروشمی ئایینی، وەک (چارەسەر تەنیا ئیسلامە)ی ئیخوانەکانی میسر. سیاسەت کایەیەکە لە دەرەوەی پیرۆزی، هەر کات شوێنێکی یان کارەکتەر و کارێکی بە پیرۆز کرا، ئیدی پیرۆزیی ئایینی بێت یان نائایینی، دەبێتە ژینگەیەک بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی توندڕەوی.
-ڕەتکردنەوەی فرەیی، تۆلێرانس و پێکەوەژیان بە بێ هیچ پلەبەندییەک.
بێگومان دۆخی دیکەش هەن کە بشێ لە میانەیەوە گوتاری ئایینی بکاتە پاڵنەر و وەبەرهێنی توندڕەوی و تاکی توندڕەو. لای من ئەوانەی ئاماژەم پێ دان، بە فاکتەری سەرەکییان دەزانم سەبارەت بە مەبەستی پرسیارەکەتان.
ئایینناسی: ئایین و كولتوور لە كۆمەڵگەی كوردی چۆن بە یەكتر كاریگەر و ئاوێتەبوون و جێكەوتەیان لەسەر بوونیادی تاكی كورد جێهێشتووە؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: کولتوور بۆ خۆی لە کورتترین پێناسەدا بریتییە لە جۆری ژیان، ئایینیش ڕەگەزێکە لە ڕەگەزەکانی کولتوور، بۆیە دەبێ قسە لەسەر ئەوە بکەین کە ئایین چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆی گشتیی کولتوور و لەوێشەوە لەسەر بوونیادی تاکی کورد کردووە، پاشان کاریگەریی کولتوورە گشتییەکە لەسەر ئەم ئایینە. بێگومان ئایین کاریگەریی بەهێزی لەسەر جۆری ژیانی کۆمەڵگەکان و سەرجەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانیەوە هەیە.
ڕاستییەکی زەق ئەوەیە کە ئایین، هەر ئایینێک بگریت، لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی مرۆییدا، هەمیشە مەیل و ئاڕاستەیەکی پارێزگارانەی هەیە، ئەم پارێزگارییە ئیدی بە پاسای نەگۆڕە ئایینییەکان بێت یان ڕەسەنایەتی و هەر پاساوێکی دی، هەمیشە ڕێگر دەبێت لە بەردەم کرانەوە و گۆڕان و گەشەی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا، لە ڕاستیدا کەم نین ئەو کایە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەمان کە بە هۆکار و پاساوی ئایینی ڕێگربوون لە گەشە و پێشکەوتن و کرانەوەی کۆمەڵگەکەمان، کاتێکیش ئەم هێزە ئایینییە پاڵهێزی دیکەی وەک بیری پاشکەوتووخوازیی کۆمەڵایەتی دێتە پاڵ، ئیدی بابەتی کرانەوە دەبێتە بابەتێکی سەخت. شتێکی نائاسایی نییە کە ببینین کوردی موسڵمانی دیندار هەمیشە ترسی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کرانەوە هەبێت.
ناگەڕێمەوە سەر ئەو باسەی پێشوو لەسەر مانەوە و خۆڕاگریی کولتووری کوردی بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەڵام بەهێز لەپاش بەئیسلامکردنی. بۆیە دەڵێم لە ڕووی بابەتگەلی ئەخلاقیی وەک (چاکە و خراپە) و هاوواتاکانیانەوە، لەو بڕوایەدا نیم ئایینی ئیسلام هیچی بۆ کولتوورەکەمان زیاد کردبێت کە شایانی باس بێت، لەم ڕووەوە ڕاشکاوانەتر دەدوێم و ڕای من نەرێنییە سەبارەت بەو کاریگەرییە، بۆ نموونە جێگرتنەوەی پێوەری ئایینی ڕوونتر بڵێم دینداریی ئیسلامی وەک هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی، ئاستی مۆراڵیی تاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، میکانیزمێکی نالۆژیکی و نادروستە، ئێمە زۆرجار دەبیستین لە پەسەندکردنی کەسێکدا دەگوترێ “کەسێکی نوێژکەر و لە ئەهلی مزگەوتە” یان “حاجییە و زیارەتی ماڵی خودای کردووە” یان ‘فەرزەکان جێبەجێ دەکات” کە هیچ لەم بابەتانە کە لە بنەڕەتدا پەیوەستن بە شێوازی پەرستنی ئایینەکەوە کەم تا زۆر پەیوەندییان بە بەها ئەخلاقییەکانی وەک ڕاستگۆیی، خێرخوازی و مرۆڤدۆستییەوە نییە؛ واتە ئایین ئاڕاستەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە دیوی بنەما و پێوەرەکانی خۆیدا دەبات، تا ئەو ڕاددەیەی دەشێ ببێتە مەترسی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی کۆی کۆمەڵگە و جۆری ژیانی ئایینزای دیکەی وەک کریستیان، ئێزدی و کاکەیی و زەردەشتی و…هتد لەم کۆمەڵگەیەدا؛ من لەو بڕوایەدا نیم موسوڵمانێکی دیندار لەم کۆمەڵگەیەدا خۆی لە سەرووی ئایینزاکانی دیکەوە نەبینێت. بە دیوێکی دیدا کاریگەریی ئەم ئایینە لەسەر توێژی دیاریکراویش نەرێنییە، وەک ژن، ئەگەر ڕێگەی پێبدرێت، بە ڕاستی لە جیهانبینیی ئەم ئایینەدا بە گشتی ژن لە ئاستێکی نزم و وێنایەکی ناجۆردایە. ئەم دوو نموونەیە با بەس بن بۆ سەلماندنی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی ئایینەکە لەسەر کولتوورەکەمان کە بمانەوێ و نەمانەوێ کارێکی وای کردووە کە کولتووری ئێمە بۆ ئەم سەردەمە عەیبدار بێت.
لێرەوە تاکی کوردی موسڵمانی دیندار کە لەسەر ئەو پێوەرە ئایینییانە مانا دەبەخشێتە کەسەکان و جۆری ڕەفتاری لەگەڵیان دیاری دەکات، بڕوا ناکەم بستێک بە دیوی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستیدا بچێت، بەڵکو دەشێ تەنیا لەبەر ئەوەی منێک نوێژنەکەرم، با دراوسێشی بم، دەشێ حەز نەکات سڵاوم لێ بکات.
کە دەڵێین بوونیادی تاکی کوردی، لێرەوە دەبێ لە دیدگایەکی ئەنتۆلۆژییەوە بڕوانینە ئەم تاکە، ڕاستتر بڵێم ئەنتۆلۆژیی ئایینی. ئەم بوونیادە کەسایەتییەکەیەتی بە هەموو پاشخانە بوونگەراییەکەیەوە، بەشێکی زۆریش لەو پاشخانە، ئایینە، ئایینی پێش ئیسلام دەڵێم؛ ئێمە ئێستا قسە لەسەر تاکێک دەکەین کە خاوەنی پاشخانێکی ئایینی داگیرکراو و سڕراوە و پاشماوەی ئایینێک دەکەین، باسی ڕووداوگەلی غەزا و جیهاد و موجاهیدینی ئیسلام دەکەین، باسی پاشخانێک لە کوشتار و دیل و غەنیمە و کەنیزەک و …..هتد لەسەر دەستی ئایینێک کە ئێستا ئەم تاکە هەڵگرێتی. کەواتە باس لە کەسایەتییەکی شێوێنراو دەکەین، یان بڵێم نەسخکراو! تاکێک کە تەواو تیۆرییەکەی بۆردیۆی سەبارەت بە توندوتیژیی ڕەمزی لەسەر پێڕەو دەکرێت. لای من تاکی کوردی بە ڕاستی تاکێکی نامۆبووە یان نامۆکراوە بە ئایین، ئەو لە نێو ژینگەیەکی ئایینیدایە کە نامۆیە بە کولتوورەکەی، واتە ئایینێکی نامۆ بە کولتووری ئەو تاکە و ئەوێکی نامۆ بە کولتووری ئایینەکە. من نازانم ئەم هاوکێشە لاسەنگە چ جۆرە شیزۆفرینیایەکی وجودی بەرهەم دێنێت! لەو بڕوایەشدا نیم کە هیة کوردێکی موسوڵمانی دیندار هەست بەو نامۆییە بکات، ئەمە سیحری ئایینە و ئایین زۆر لەوە بەهێزترە کە پاشخانی وجودی و ڕووداوە مێژووییەکان و لۆژیکیان بتوانن بە چەشنێک جێی پێ لەق بکەن کە ببنە مەترسی بۆی.
دیوێکی دیکەی پرسیارەکەتان کاریگەریی کولتووری کوردییە لەسەر ئایینی ئیسلام، ئەوەی لەم لایەنەوە زۆر دیارە و شوێنەواری جێهێشتووە، بە پلەی یەکەم شێوازی دینداری و عەقیدەی سۆفیگەرایی، یان دروستتر بڵێم عیرفانیی کوردیی پێش ئیسلامە کە کورد بە تایبەت لە میانەی تەریقەتی نەقشبەندییەوە پیادەی کردووە.
بە گشتی کولتووری کوردی بایی ئەوەندە کاریگەریی لەسەر دینداریی ئیسلامی هەیە کە تا ڕاددەیەکی باش بتوانێ ئەم کۆمەڵگەیە لە پەتای توندڕەوی بپارێزێت، زیاتریش مەبەستم لە توندڕەویی تەریقەت و مەزهەبەکانە. توندڕەوییەکی ئایینی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەریهەڵدا بێت، ئەو توندڕەوییەیە کە زادەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بووە لە کوردستان، واتە توندڕەویی ئایینی لە کۆمەڵگەی کوردیدا توندڕەویی ئیسلامی سیاسییە نەک توندڕەویی کولتووری ئیسلامی، چونکە لە بنەڕەتدا کولتووری کوردی بەو چەشنە نەسڕدرابووە تا توانای بەرگری نەبووبێت، ئەوەی کە سڕدرابووەوە ئایینەکەی بوو نەک کۆی کولتوورەکەی.
ئایینناسی: ئەمڕۆ باشووری كوردستان، چەندین جۆر گوتاری ئایینی دەبینرێت، لێكەوتەكانی ئەم فرەگوتارییە لەسەر بوونیادی كۆمەڵگە و گەشەپێدانی توندڕەوی چییە؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: فرەگوتاریی ئایینی ئەگەر فرەیی نەبێت لە گوتاری توندڕەویی ئایینیدا، نابێتە مایەی مەترسی بۆ کۆمەڵگە، بەڵام کێشەی ئێمە لە بوونیاد و ئاڕاستەی گوتارەکاندایە کە توندڕەون، واتە ئەوەی ڕوو دەدات بەرکەوتنێکی ڕەق و زەقی چەند چەشنە گوتارێکی ئایینیی توندڕەون بە یەکدی. ئەم دۆخە بەر لە هەر شتێک وا دەکات دیاردەی بەرکەوتنی توندی گوتارەکان و دیاردەی خودی توندڕەوی وەک دۆخێکی ئاسایی و باو لیی بڕوانرێت، ئەمەش بە ڕای من نەک بوونیادی کۆمەڵگە دەشێوێنێت و بەس، بەڵکو کۆمەڵگە دەکاتە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و شێوێنراو، کۆمەڵگەیەک تێیدا دۆخی ناتەندروست بە دۆخێکی تەندروست بناسرێت، لێرەوە خودی دۆخەکە ڕەوایی کۆمەڵایەتی دەداتە توندڕەوی. هەمیشە و هەمیشە لە دۆخی ئاسایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیاندا، گوتار و بەرەی توندڕەوی لاواز دەبن و دۆخی هەڵچوون و بەرکەوتن و فەوزای کۆمەڵایەتیش بەهێزیان دەکات. لە ڕاستیدا بەرەی توندڕەوی هەمیشە پێویستی بەو بەرکەوتنە هەیە، تەنیا وەک فاکتەرێک نا بۆ بەهێزبوونی و بەس، بەڵکو لە میانەی ئەو بەرکەوتنە ڕەقانەوە زیاتر شەرعییەت دەداتە هەبوونی خۆی وەک پارێزەری ئایینەکە؛ تۆ دیقەت بدە ئەو گوتارانە، کامیان بگریت بە ناوی خودا و لە پێناوی خودا و بۆ خودا و ئایینەکەی دەجەنگێت، وەک جەنگاوەرێکی خودا و ئیسلام شمشێری گوتارەکەی ڕادەوەشێنێت، هاوکات بۆ نەسخکردن و بەتاڵکردنەوەی گرووپ، یان بڵێم ئەو فیرقانەی ترە کە وەکو خۆی (ناجیة) نین.
لە هەموو بارێکدا، لە دۆخی بەریەککەوتنی گوتارە توندڕەوە ئایینییەکاندا، ئەوەی باجەکە دەدات کۆمەڵگەیە. ئەوەی پێی بەهێز دەبێت بەرەی توندڕەوییە و ئەوەی دەبێتە قوربانی تۆلێرانس و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و مرۆڤە وەک بەها، نەک وەکو بەندە.
ئایینناسی: چۆن بتوانرێت ئایین بكرێتە هۆكارێك بۆ ئاشتی و سەقامگیری كۆمەڵایەتیی لە هەرێمی كوردستان؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: وەک چۆن پێشتر گوتم هەموو ئایینێک دەشێ ببێتە هۆکاری بەرهەمهێنانی توندڕەوی، بە هەمان شێوەش هەموو ئایینێک دەتوانێت ببێتە هۆکاری ناتوندڕەوی و تۆلێرانس و ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی. بە ڕاستی ئایینی ئیسلام بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆی و مێژووەکەیەوە، بەسەر هەردوو دیوی توندڕەوی و ناتوندڕەویدا کراوە بووە. تۆ بڕوانە لە فیکری ئیسلامیدا، ئێمە ئیبن تەیمییەمان هەیە، شافیعی، غەزالی و …… تا دەگاتە ئەبو ئەعلای مەودوودی و سەید قوتب، لەولاوە ئیبن عەرەبی و ئیبن ڕوشد و سەهرەوەردی و…… تا دەگاتە ئیمام محەمەد عەبدە و د. محمد شەحروور!
وەک چۆن لە نێو دەقدا هەمیشە مەساحەیەک هەیە بۆ تەراتێنی بیری توندڕەوی و لەوێوە شەرعییەت دەدەنە خۆیان، بە هەمان شێوەش مەساحەیەکی فراوانی تێدایە بۆ بیری لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی و ئاشتی و ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە، فەزایەک هەیە تێیدا دەکرێ پاساوەکانی توندڕەوی بەتاڵ بکرێنەوە، ئەمە لە نێو خودی دەق و لە نێو ماڵی ئیماندا. بە دیوێکی دیدا و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، گرنگە کاری جدی بکرێت لەسەر بەستنەوەی بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان بە پێوەری کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە، نەک ئایینیی پەتی. پاشان ژیاندنەوە و بەهێزکردنی دینداریی میللی خۆماڵی، دیندارییەک کە بە دیوی عیرفاندا ئاڕاستە دەبێت، ئەم دیندارییە لە نێو خۆیدا دونیایەکە لە مرۆڤدۆستی بە مانا فراوانەکەی، فەزایەکە بۆ لێبوردەیی. هاوکات بە ئایدیۆلۆژیکردنی دینداری کێشەیەکی زۆر قووڵ و هەستیارە کە دەبێ بەری پێ بگیرێت، ئەمە بەر لە کایەی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، کاری دەستەبژێری ڕۆشنبیرییە، کاری توێژەرانە، لەگەڵ ئەو دەستەبژێرە موسوڵمانە دیندارانەی کە دژی توندڕەوین.
لای من هەمیشە ئەوە جێی پرسیار بووە: بە درێژایی مێژوو چەندین هەوڵی جدیی لە لایەن فەیلەسووف، بیرمەندان و دەستەبژێرانی جیهانی ئیسلامییەوە هەبوون لە دژی بیر و ڕەفتاری توندڕەویی ئایینی، کەچی دەبینین بە ئێستاشەوە، پەتای توندڕەوی لە هەر شوێنێک لە دەرگاوە دەکرێتە دەرەوە، لە پەنجەرەوە خۆی دەکاتەوە بە ماڵدا؟! ئایا ئەمە پەیوەستە بە خودی زەین و مۆراڵی کۆمەڵگە موسوڵمانەکانەوە یان خودی ئایینەکە؟
لە هەموو بارێکدا، بابەتی ئەوەی بتوانرێ ئایینی ئیسلام بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی، ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی ڕۆڵ ببینێت، هیچ مەحاڵ نییە، بەڵام ئاسانیش نییە، چونکە کۆمەڵێک چەمک و تێگەیشتنی چەسپاو و نەگۆڕ لەم ئایینەدا هەیە کە بەرەی توندڕەوی پشتی پێ بەستوون، سەرجەمیان دەبنە خاڵی لاواز بۆ بەرەی دژ بە توندڕەوی، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لای من خاڵیکردنەوەی بەرەی توندڕەوی لە کوردستاندا زۆر ئاسانتر دەبینم لەوەی لە هەر کۆمەڵگەیەکی عەرەبی وەک میسر، عێراق و یەمەن و..هتدا بە ئاکام بگات، چونکە گەورەترین خاڵی بەهێزمان کولتوورەکەمان کە لە بنەڕەتدا کولتووری شمشێر و غەزا نییە، پاشخانی ئایینیمان عیرفانە و ئەوەش دەرگایەکی بەرینە بۆ چوونە نێو ماڵێکی بێ توندڕەوی و خاڵی لە توندوتیژیی ئایینی بۆ کۆمەڵگەکەمان.
ئایینناسی: زۆرجار گوێبیستی دەستەواژەی كۆمەڵگەی دیندار دەبین، چۆن بتوانین سیماكانی كۆمەڵگەی دیندار بناسینەوە؟ ئایا ئەمە گرێدراوە بە زۆربوونی شوێنەكانی پەرستن، یان سروشتی كۆمەڵگە لە ڕووی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و بەها باڵاكانی ئایین؟
د. ئاراس عهبدولكهریم: لای ماکس فیبەر دینداری تەنیا خۆی لە بیروباوەڕی کەسیدا نابینێتەوە، بەڵکو وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی دەیبینێت کە کاریگەری لەسەر کولتوور و سیاسەت و ئابووریش هەیە، ئەو لە میانەی کاری لەسەر پەیوەندیی نێوان پرۆتستانتی و سەرمایەداری، ڕوونی کردۆتەوە کە چۆن بەهای ئایینی کار لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەکات، دۆرکایمیش کۆمەڵگەی دیندار بەو کۆمەڵگەیە دەبینێت کە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی ویژدانی دەستەجەمعی پشتی پێ ببەستێت، ئایینە. لێرەوە دەگەینە ئەو ئاکامەی کە کۆمەڵگەی دیندار بە گشتی ئەو کۆمەڵگانە دەگرێتەوە کە تێیاندا پێوەری ئایینی لە سەنتەری ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەدایە، لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی لەم چەشنەش بوونی هەندێک دیاردە و دامەزراوەن، وەک دیاردەی پابەندبوونی بەهێز بە باوەڕە ئایینییەکە و ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتار و شێوەی ژیانی کۆمەڵگەکەدا، هەروەها بوونی دامەزراوەی ئایینیی بەهێز کە کاریگەریی لەسەر بڕیارە کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەکانیش هەبێت، پاشان ڕوانینیان بۆ بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان لە ڕوانگەیەکی ئایینییەوە (وەک خێر و چاکە).
دەبێ ئەوەش بڵێین کە مەرج نییە هەمیشە ڕەفتاری دینداری لە نێو زۆرینەی زۆری کۆمەڵگەیەکدا، بە مانای دینداریی کۆمەڵگەکە بێت، چونکە چەشنە پێڕەوکردنێکی ئەو سرووتی پەرستنانە هەیە جۆرێک لە بەهای کۆمەڵایەتی دیارییان دەکات، بۆ نموونە لەچک و باڵاپۆشیی ئافرەتان تەنیا لە مانگی ڕەمەزاندا، عومرەکردنی چەندبارە و …هتد.
کۆمەڵگەی دیندار لە هەموو بارێکدا کۆمەڵگەیەکی تاک کولتوور و تاک ڕەهەندانەش لە خۆی و ژیان و دونیا و ئەوانی دی دەڕوانێت، کۆمەڵگەیەکە لە بچووکترین بابەتەوە تا گەورەترینی کە پێویست بە هەڵسەنگاندن یان بڕیاردان بکات، دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی ئایینەکەی، ئیدی بنەمای شەرعی و فیقهی بن یان پێوەر و بەهای ئەخلاقی.