ستراتیجی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ڕێكەوتنە ئەتۆمی ( ٥+١ )
توێژەران: م. ی. فەرید دڵشاد محمد | م. ی. عوسمان عبداللە احمد
بەرایی
پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لەو پرسە سەرەکیانەی کە سەرچاوەی ناکۆکی و ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لەبەرئەوەی ئەمریکا هەوڵەکانی ئێران بۆ زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەی خۆی و دۆستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئیسرائیل دەزانێت. لە ساڵی ٢٠١٥دا و لەسەردەمی ئیدارەی (باراک ئۆبامادا) ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و گرووپی ٥+١ (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمانیا) واژۆ کرا. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا، (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی لە ڕێکەوتنەکەدا. هەرچەندە لەگەڵ هەڵبژاردنی (جۆ بایدن) وەک سەرۆکی ئەمریکا (٢٠٢١-٢٠٢٥)، بەڵێنیدا کە وڵاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێکەوتنەکە، لەو پێناوەشدا چەندین خولی دانوستاندن بەڕێوەچوو، بەڵام تاکو کۆتایهاتنی خولی سەرۆکایەتی بایدن ئەمریکا بڕیاری گەڕانەوەی بۆ نێو ڕێکەوتننامەکە نەداوە، لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٢٤)یشدا جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرایەوە. ئەم بابەتەدا هەوڵدەدات ستراتیژیەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەم و دووەمی سەرۆکایەتی ویلایەکگرتووەکانی ئەمریکادا ڕوونبکاتەوە.
باسی یەکەم/ ناوەڕۆكى ڕێكەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران و دەوڵەتانی ٥+١
لە نێوان ساڵانی (2007-2015) گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان ئێران و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەسەر کێشەی ئەتۆمی ئێران بەردەوام بوو، تاكو لە (14)ی تەمووزی (2015)دا ڕێکەوتنێک لە نێوان (ئێران و دەوڵەتانی 5+1)، كە پێكهاتبوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش (چین، فەڕەنسا، ڕووسیا، بەریتانیا، ئەمریكا+ ئەڵمانیا)، لە (ڤیەننا)ی پایتەختی نەمسا واژۆکرا. ئەم ڕێکەوتنە کە لەسەردەمی (باراك ئۆباما) سەرۆكی ئەمریكا (2009-2017) و (حەسەن ڕۆحانی) سەرۆك كۆماری پیشووی ئێران (2013-2021) ئەنجامدرا، تاکو ماوەیەک کاریگەری باشی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن هەبوو. ڕێكەوتنەکە لە دۆكیۆمێنتێكی (159) لاپەڕەیدا بڵاوكراوەتەوە، لە ناوەڕۆکدا کۆمەڵێک پابەندی بۆ هەردوولا دیاریکردووە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە :
آ- گرنگترین پابەندییەكان ئێران:(1)
یەكەم: پێویستە ئێران ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات و ئاسانكاری بكات بۆ چاودێریكردن و پشكنینی بنكە ئەتۆمییەكانى، ئاژانسەكە بڕیار دەدات ئێران پابەندی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە بووە یان پێشێلی كردووە.
دووەم: ئێران لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە و بۆ ماوەی (15) ساڵی داهاتوو؛ نابێت بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە (3.67%) تێپەڕێنێت، لەگەڵ ئەوەدا تەنها (300) كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لە بنكە ئەتۆمییەكاندا ڕێگەی پێدراوە، ئەو ئاستە نزمەش تەنها بۆ بواری ئاشتی بەكاردێت.
سێیەم: پێویستە ئێران ژمارەی (سێنتەرڤیوژ)ەكانی كەمبكاتەوە بۆ (5060) دانە، بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە ژمارەيان لەو ڕێژەیەی لە ڕێكەوتنەكە هاتووە زیاد بكات، واتە پێویستە بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ كەمیانبكاتەوە.
چوارەم: پێویستە لەسەر ئێران چالاكی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنكەی ئەتۆمی (ئاراك) بوەستێنێت و بنكەكە بۆ توێژینەوە لە بواری ئاشتی بەكار بهێنێت، هەروەها نابێت هیچ بنكەیەكی تر بۆ بەرهەمهێنانی (ئاوی قورس) بنیات بنێت.
ب- لەبەرامبەر پابەندبوونی ئێران بە بەندەكانی ڕێكەوتنەكە، چەند پابەندییەكیش بۆ ئەمریکا و دەوڵەتانی خۆرئاوا دیاریكراوە کە بریتین لە(2):
یەكەم: ئەمریكا و یەكێتی ئەورووپا سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران هەڵدەگرن، لە نێویاندا سەرجەم بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشى نێودەوڵەتی.
دووەم: ئێران (100) بلیۆن دۆلاری بلۆككراوی لە بانكە نێودەوڵەتییەكان بۆ دەگەڕێتەوە، دەتوانێت هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە، هەروەها سزاكانی سەر (بانكەكان، مامەڵەی دراو، قەرز، وەبەرهێنانی دەرەكی و كەرتی بازرگانی) ئێران لادەبرێن.
کەواتە لە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەوە ئەوە ڕووندەبێتەوە، کە توانراوە سنوور بۆ چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران دابنرێت، ئەوەش لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لە سەر ئێران. بەمەش زۆربەی دەوڵەتان پێشوازيیان لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە كرد، جگە لە ئیسرائیل کە لە زاری (بنیامین ناتانیاهۆ) سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند:” ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە هەڵەیەكی مێژووییە کە ئەو دەوڵەتانە ئەنجامیانداوە، لەسەروو هەموویانەوە ئەمریكا”.(3) ئەوەش لەبەرئەوەیە کە ئێران و ئیسرائیل ناکۆکی قووڵ و لەمێژینەیان پێکەوە هەیە، ئیسرائیل پێی وایە دەرئەنجامی ڕێکەوتنەکە و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، دەرفەتی بووژانەوە و بەهێزبوونی زیاتر بۆ ئێران دەرەخسێنێت، ئەوەش بە مەترسی و هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت.
هەرچەندە دوای ماوەیەك لە واژۆکردنی ڕێكەوتنەكە كۆشكی سپی ڕایگەیاند:”ڕێگەی سەربازیی كراوەیە لە بەردەمماندا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەی ئەتۆمی ئێران”، هەروەها (باراك ئۆباما) ئاماژەی بەوەكرد:” وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئێران بەهۆی پاڵپشتیكردنی تاران لە گرووپە تیرۆریستییەكان، پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و پەرەپێدانی بەردەوامی پڕۆگرامی مووشەكە دوورمەوداكانی”.(4) هەموو ئەوانەش مانای ئەوە بوون، كە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە بەمانای كۆتایيهاتنی کێشەی ئەتۆمی ئێران نایەت.
هەر بۆیە لەبەرامبەر ئەو لێدوانانەی کۆشکی سپی دای (عەلی خامنەیی) ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران داوای لە (حەسەن ڕۆحانی)کرد، کە متمانەی بە لایەنی بەرامبەر نەبێت و بە وردی چاودێری ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە بكەن.(5) ئەوەش مانای ئەوە بوو سەرەڕای ڕێکەوتنی نێوانیان بەڵام ئاستی متمانەی نێوان هەردوولا بەیەکتر لە ئاستێکی زۆر لاوازدا بووە. لەلایەکی دیکەوە دژایەتی پارتی كۆمارییەکانی ئەمریكا بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە و كۆتایهاتنی ویلایەتی (باراک ئۆباما) هێندەی دیكە درزی خستە ناو ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە، بە هاتنی (دۆناڵد ترەمپ) بۆ کۆشکی سەرۆكایەتی ئەمریكا (2017-2021) بەتەواوی پابەندنەبوونی ئەمریکای بە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئاشکراکرد(6). ئەوەش بەو مانایە دێت کە دیدی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران پێچەوانەی یەکتر بووە، چونکە کۆمارییەکان دژی ڕێکەوتنەکە بوون.
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێن، سەرەڕای ڕێكەوتنی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئێران لە بارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە، بەڵام ڕێكەوتنەکە نەیتوانی كێشەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران چارەسەربکات و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی بهێنێت. هەر لەبەرئەوەش ناكۆكییەكان بەردەوامی هەبوو پەیوەندییەکانیان گۆڕا و بەرەو ئاڵۆزی و لێدوانی توند دژ بەیەک ڕۆشت. یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی ئەمریکا، چونکە بە نەمانی (باراک ئۆباما) و هاتنی (دۆناڵد ترەمپ)، ئەمریکا تاک لایەنە بڕیاری کشانەوەی لە ڕێکەوتنەکەدا، ئەوەش بوو بە هۆکارێک بۆ پابەند نەبوون بە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە، لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە، بەو پێیەی (دۆناڵد ترەمپ) سەر بە پارتی کۆمارییەکان بوو هەڵوێستی جیاوازبوو لە دیموکراتەکان، هەر زوو دژایەتی خۆیان بۆ ڕێکەوتنەکە ئاشکراکرد.
باسی دووەم/ ستراتیژیەتی ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ) دەربارەی ڕێکەوتنەکە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا (٢٠١٧-٢٠٢١):
هەرچەندە ئەمریكا دەوڵەتێكی دامەزراوەییە، بەگۆڕینی سەرۆك و ئیدارەکەی، سیاسەتی ئەو دەوڵەتە گۆڕانكاری زۆری بەسەردا نایەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیستەمی ئەمریكا سەرۆكایەتییە؛ هەر سەرۆكێك کە دێتە کۆشکی سەرۆکایەتی، کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نمونە جیاوازییەكی زۆر لە سیاسەتی کارکردن لە نێوان (دۆناڵد ترەمپ) و (باراك ئۆباما)دا هەبوو، بەتایبەت بەرامبەر ئێران، بەشێك لە جیاوازییەكە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لە دید و تێڕوانینی هەردوو پارتە سەرەکیەکە (كۆماری و دیموكراتەكان)، (باراك ئۆباما) سەر بە پارتی دیموکراتەکانن، بەوە ناسراون نەرمترن لە سیاسەت و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەوەش پاڵنەرێکی بەهێز بوو کەوایکرد لەسەردەمی (باراک ئۆبامادا) ڕیککەوتن لەگەڵ ئێران بكرێت، بەڵام (دۆناڵد ترەمپ) لە پارتی کۆمارییەکانە، بە پێچەوانەی (باراک ئۆباما)ەوە، هەر زوو نیازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەى لەگەڵ ئێراندا ئاشکراکرد.(7)
لە سەرەتای كەمپینی بانگەشەی هەڵبژادنەكانەوە نیازی (دۆناڵد ترەمپ) لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە دەركەوت کاتێک ڕایگەیاند:” گەر ببمە سەرۆك ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە هەڵدەوەشێنمەوە” چونکە (دۆناڵد ترەمپ) ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەی “بەخراپترین ڕێكەوتن” وەسفكرد، پێی وابوو كێشەی ئەتۆمی دروستدەكات، هەروەها ڕەخنەی ئەوەی دەگرت (150) ملیار دۆلار بەهۆی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ ئێران، بەڵام ئێران بەردەوامە لە پاڵپشتی تیرۆر و نانەوەی ئاژاوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدان بە مووشەكی دوورمەودا، لەبەرئەوە ئێمە ڕێگری لێدەكەین چەكی ئەتۆم بەدەستبهێنێت. (8)
ئەوەش بەکرداری ڕوویدا كاتێك (دۆناڵد ترەمپ) بە فەڕمی لە (20/1/ 2017) بوو بە سەرۆك، لە مانگی ئایاری ساڵی ( 2018) تاك لایەنە لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە و ستراتیژیەتی “ئەوپەڕی گوشار” یان “زۆرترین فشار”ی جێبەجێکرد و دەستیكرد بە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە تاكو ساڵی (2025)ە، دوای ئەوە هیچ كۆت و بەندێك نامێنێت لە بەردەم ئێران بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆم، هەروەها ئێران بەردەوامە لەپەرەپێدانی موشەكی دوورمەودا، جگە لەوە (دۆناڵد ترەمپ) ئێرانی بە هاوكاری تیرۆر تۆمەتبارکرد، بەو پێیەی كە یارمەتی چەندین گرووپی تیرۆریستی وەك (حزبوڵای لوبنانی، قاعیدە و حەماس) لە ناوچەکەدا دەدات. یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی كشانەوەی (دۆناڵد ترەمپ) لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە پەیوەندی بە (ئیسرائیل)ەوە هەبوو، چونكە ئیسرائیل دژی ڕێکەوتنەکە بوو (دۆناڵد ترەمپ)یش مەبەستی بوو لە ڕێگەی كشانەوە لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە دڵنیایی بە ئیسرائیل ببەخشێت، ئەوەش وایکرد ئیسرائیل هەرزوو پێشوازی لەم كشانەوەیە بکات و بە هەنگاوێكی دروست و بوێرانە وەسفى بکات، هەروەک (بنیامین ناتانیاهۆ) كشانەوەكەى بە هەنگاوێك بۆ چاكسازی دانا، ئەگەر نەكرێت ئەوا ئێران دەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم.(9) جگە لەوە (دۆناڵد ترەمپ) بۆ دژایەتیكردنی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە لە كۆنگرێس پاڵپشتییەكی زۆری هەبوو(10). ئەو بڕیاری کشانەوەیە بوو بە سەرەتاییەک بۆ دوبارە سەرهەڵدانەوەی ململانێ نێوان ئەمریکا و ئێران و تاڕادەیەکیش هۆکارێک بوو بۆ سڕکردنی ڕێکەوتنامەکە.
لەبەرامبەر كشانەوەی ئەمریكا، ئێران لە (16/7/2018) دژی ئەمریکا سكاڵای لە (دادگای دادی نێودەوڵەتی) تۆماركرد، تۆمەتباریكرد بەوەی سزای ئابووری خستۆتەسەر وڵاتەكەی و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكانی كردووە. (محەمەد جەواد زەریف) وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران گەڕانەوەی سزاكانی بە تاك لایەنە وەسف كرد. (الجزيرة نت، 2018). (دادگای دادی نێودەوڵەتی) چاوخشاندنەوەی بە سكاڵاكەی ئێراندا كرد و لە (3/12/2018) فەرمانی دەركرد بەوەی پێویستە ئەمریكا سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران هەڵبگرێت، كە پەیوەندی بەو كاڵایانەوە هەیە كە كاریگەری دەكاتە سەر ژیانی مرۆڤەكان، وەك خۆراك و پێداویستییەكان، هەروەك دادگاكە فەرمانی كرد بە ئەمریكا کە گەمارۆی هاوكارییە مرۆییەكان و پاراستنی فڕۆكەوانی مەدەنی سەر ئێران هەڵبگرێت.(11)
ئەگەر چی بەكشانەوەی تەنها ئەمریكا، ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە کۆتایی نەهات، چونكە ئەو ڕێكەوتنە ڕێكەوتنی نێوان ئێران و (٥) ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش بوو، لەبەرئەوە ڕێكەوتنەكە ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەبوو، لەبەرئەوە سەرەڕای كشانەوەی ئەمریكا، وڵاتانی تری بەشداربوو پابەندبوونی خۆیان بە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە ڕاگەیاند. (فیدریكا مۆگرینی) وتەبێژی كاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا ڕایگەیاند:” نیگەرانین لە كشانەوەی ئەمریكا، بەڵام یەكێتی ئەورووپا پابەندە بە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە، ئەگەر ئێران بەردەوامی پێبدات” وڵاتانی (یەكێتی ئەورووپا) پێیان وابوو كشانەوەی ئەمریكا مەترسیدارە بۆ ئەوەی ئێران چەكی ئەتۆم بەدەستبهێنێت، لەم ڕووەوەوە هەوڵەكانی خۆیان بۆ مانەوەی ئەمریكا لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە خستەگەڕ.(12) ئەوەش مانای وایە بە پێچەوانەی سیاسەتی ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ)ەوە، یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ مانەوە و بەردەوامی ڕێکەوتنەکەیان بوون لەگەڵ ئێران.
لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە، ئێران بەردەوامبوو لە پڕۆگرامی ئەتۆمی خۆی، بۆ ئەو مەبەستە ئێران لە مانگی ئایاری ساڵی (2019) پڕۆسەی كەمكردنەوەی پابەندبوونی خۆی بە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە دەستپێكرد و بە پێشێلكردنی چەندین بەندی ڕێكەوتنەكە وەڵامی ئەمریکای دایەوە، بەتایبەت پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەیەكی بەرزتر نزیك لەو پلەیەیی كە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بەكاردێت. لەبەرامبەر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار یاخود زۆرترین فشار كە بەسەریدا سەپێنرابوو، ئێران هەوڵی زۆرترین بەرگری دەدا، تەنانەت وایلێهات لەسەر ئاستی هەرێمی ڕووبەڕووبوونەوەكانی ئەمریكا و ئێران گەیشتبووە لوتكە، بەتایبەت خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئەمریكا لە لایەن ئێران و كوشتنی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵی (2020) لە لایەن ئەمریكا، بەجۆرێک هەردوولا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی نزیكبوونەوە(13).
پشت بەست بەو زانیاریانەی لەسەرەوە خرایەڕوو، دەتوانین گرنگترین ستراتیژیەت و هەنگاوەکانی ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ) بەرامبەر ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی نێوان ئێران و دەوڵەتانی ٥+١ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لەم خاڵانەی خوارەوەدا پوخت بکەینەوە :
١- کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنامەکە: لە ساڵی 2018، ترەمپ بە فەرمی ئەمریکای لە ڕێکەوتننامەکە کشاندەوە و بە “خراپترین ڕێکەوتننامە” وەسفی کرد. ئەم کشانەوەیەش بەشێک بوو لە ستراتیژییەکی گشتی ترەمپ بۆ دروستکردنی “ئەوپەڕی فشار” بۆ سەر ئێران.
٢- جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی “ئەوپەڕی گوشار”: ئەمریکا سزای ئابووریی زۆری بەسەر ئێراندا سەپاند، بە تایبەت لە بواری نەوت و دارایی. ئەم سزایانە مەبەستی لاوازکردنی ئابووری ئێران و ناچارکردنی بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکەی بوو.
٣- ڕەخنەگرتن لە ڕێکەوتننامەکە: ترەمپ و تیمەکەی بەبەردەوامی ڕەخنەی زۆریان لە ڕێکەوتننامەکە دەگرت و بە خراپترین ڕێکەوتننامە ناویان دەهێنا، بەوەی کە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمیەکانی ئێران کاتییە و ڕێگە بە ئێران دەدات لە ماوەی درێژخایەندا تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
٤- هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئێران: ستراتیژییەکەی ترەمپ بە مەبەستی گۆڕینی ڕەفتاری ئێران بوو، نەک تەنها لە بواری ئەتۆمی، بەڵکو لە بواری ڕەفتارە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش. کە ئێران بووە مایەیی بێزارییەکی زۆر بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە ناوچەکەدا.
کەواتە (دۆناڵد ترەمپ) بەهۆی هەڵوێستی جیاوازی خۆی و پارتی کۆمارییەکان بەرامبەر بە ئێران، کە پێچەوانەی هەڵوێستی (باراک ئۆباما) و پارتی دیموکراتەکان بوون، بە هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، تاک لایەنە بڕیاری كشانەوەی لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەدا، ئەوەش دوبارە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی لەسەر پڕۆگرامە ئەتۆمیيەکەی ئێران قووڵترکردەوە و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی ئاڵۆزترکرد. ئەگەر چی دەوڵەتانی ئەورووپا بەتایبەت فەرەنسا و بەریتانیا لەلایەك، هەروەها چین و ڕووسیا لەلایەکی دیکەوە، دژی كشانەوەی ئەمریكا بوون، بەڵام (دۆناڵد ترەمپ) تاک لایەنە بڕیاری کشانەوەی دا، لەبەرامبەردا ئێرانيش دەستکردەوە بە پەرەپێدان بە پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەی و گوێنەدان بە ناوەڕۆکی ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە.
لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی خۆیدا هەڵوێستێکی توندی دژ بە ڕێکەوتنامەی ناوکی ئێران هەبوو، پەیڕەوی لە ستراتیژیەتی “ئەوپەڕی گوشار” بۆ سەر ئێران کرد، لەبەرئەوەی پێی وابوو ڕێکەوتنامەکە لاوازە و ڕێگە بە ئێران دەدات درێژە بە چالاکیە ئەتۆمییەکانی بدات، هەروەها باوەڕی وابوو کە ڕێکەوتنامەکە سنوردارکردنی پێویستی بۆ بەرنامە مووشەکیەکانی ئێران تێدا نییە. لەهەمانکایشدا، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانی بە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا دەزانی. بەو هۆیەوە لە ٨ی مایسی ٢٠١٨، بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لە ڕێکەوتنامەکە ڕاگەیاند و دوبارە سزای ئابووری توندی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئەم سیاسەتەی ترەمپ بەردەوام بوو تاکو کۆتایهاتنی ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی کە کانونی دووەمی ٢٠٢١بوو، لەو ڕێکەوتە بەدواوە ئیدارەی جۆ بایدن دەستبەکاربوو، بەهۆی ئەوەی ترەمپ نەیتوانی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠دا، بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
باسی سێیەم/ ستراتیژیەتی ئیدارەی (جۆ بایدن) دەربارەی ڕێکەوتنەکە (٢٠٢١-٢٠٢٥):
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١دا، جۆ بایدن بوو بە سەرۆکی ئەمریکا و قۆناغێکی نوێی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستیپێکرد. یەکێک لە چاوەڕوانییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو. جۆ بایدن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی خۆیدا بە ڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەی “گەڕانەوە”یە بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە، بەڵام بە کارێکی ئاسانیشی دانەنا. هەرچەندە دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن خواستی گەڕانەوەیان بۆ ڕێکەوتنەکە هەبوو، بەڵام ئەم خواستە بەدەر نەبوو لە ئاستەنگ و ڕێگری، بە تایبەت لەلایەن کۆمارییەکان و هاوپەیمانە ستراتییژیەکەی ئەمریکا کە ئیسرائیلە.
لە سەرەتادا، یەکێتی ئەورووپا پەیوەندی لەگەڵ ئێران بەست بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان. ئەمریکا خواستی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی زیاتری ڕێکەوتنەکە و کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر لەلایەن ئێرانەوە هەبوو، لەکاتێکدا ئێران خواستی لابردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەبوو، کە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا بەسەریدا سەپێنرابوو. ئەم دوو خواستە بوونە هۆی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١دا، دانوستانەکان لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا دەستیپێکردەوە. شەش خولی دانوستان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١دا و ململانێی موحافیزکاران و ڕیفۆرمخوازان، دانوستانەکان ڕاوەستێنران. دوای پێنج مانگ، خولی حەوتەمی دانوستانەکان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ دەستیپێکردەوە، بەڵام بەهۆی پێشمەرجەکانی ئێران (ئێران داوای لابردنی سزاکان و دەرهێنانی سوپای پاسدارانی لە لیستی تیرۆردا دەکرد وەک پیش مەرجی دانوستاندن) و فشاری ئیسرائیل بۆ سەر ئەمریکادا، دانوستانەکان بەبێ ڕێکەوتن کۆتایی هات ). لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا، خولی هەشتەمی دانوستانەکان دەستیپێکردەوە. ئێران داواکاری لابردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی کرد، لەکاتێکدا ئەمریکا داواکاری ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی مووشەکی دوورمەودا و پاڵپشتینەکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەی کرد. بەهۆی ئەم پێشمەرجانەوە، دانوستانەکان نەیتوانیان بە ئەنجام بگەن(14).
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هەبوو. جەنگەکە سەرنجی ئەمریکا و ئەورووپای لەسەر ڕێکەوتنامەکە و پرسی ئێران کەمکردەوە و وایکرد دانوستانەکان دوابخرێن. هەروەها خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ و سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، زیاتر ئاڵۆزییان بۆ دانوستانەکان دروستکرد(15).
لە ساڵی ٢٠٢٣دا، دانوستانەکان بەردەوام بوون، بەڵام بەهۆی هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، دانوستانەکان جارێکی دیکە ڕاوەستێنران. ئەمریکا و ئەورووپا زیاتر سەرنجیان لەسەر جەنگەکە بوو و پرسی ئێران لە پێشینەی کارەکانیان نەما.
کەواتە دەتوانین بڵێین لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا، هەوڵەکانی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بەهۆی چەندین هۆکار و ڕێگرییەوە نەیتوانی بە ئەنجام بگات، کە گرنگترینیان بریتیبوون لە:
یەکەم/ پێشمەرجەکانی ئێران و ئەمریکا، وەک داواکاری ئێران بۆ لابردنی سزاکان و دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا، و داواکاری ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی مووشەکی دوورمەودا و پاڵپشتنەکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، بوونە هۆی ڕێگری لە دانوستانەکان.(16)
دووەم/ هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، سەرنجی ئەمریکا و ئەورووپای لەسەر پرسی ئێران کەمکردەوە و وایکرد دانوستانەکان دوور بخرێنەوە.(17)
سێیەم/ خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ و سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، زیاتر ئاڵۆزییان بۆ دانوستانەکان دروستکرد(18).
چوارەم/ هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، جارێکی دیکە دانوستانەکانی ڕاگرت.(19)
پێنجەم/ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، وای لە ئیدارەی جۆ بایدن کرد کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە بکات و پەلە لە بڕیاری گەڕانەوە نەکات. (20)
کەواتە دەتوانین بڵێین لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا، ئەمریکا هەوڵیدا ستراتیژییەکی جیاواز بەکاربهێنێت، کە زیاتر لە” گفتوگۆ و دیپلۆماسی” پێکھاتبوو. ئەم ستراتیژییەش لەم خاڵانەدا خۆی دەبینییەوە:
١- گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە: بایدن لە کاتی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند کە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتننامەکە، بە مەرجێک ئێرانیش پابەندییەکانی بە ڕێکەوتننامەکە جێبەجێبکاتەوە. ئەمەش بەشێک بوو لە هەوڵەکانی بایدن بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ دیپلۆماسی نێودەوڵەتی.
٢- بەشداریکردن لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان دەربارەی ڕێکەوتنەکە: ئەمریکا لە سەردەمی بایدندا بەشداری کرد لە گفتوگۆی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران و دەوڵەتانی 5+1، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی هەردوولا بۆ ڕێکەوتننامەکە.
٣-کەمکردنەوەی فشارەکان: بایدن هەوڵیدا هەندێک لەو سزایانەی کە ترەمپ سەپاندبووی بەسەر ئێراندا کەمبکاتەوە.
٤- تەرکیز لەسەر سنووردارکردنی چالاکییەتی ئەتۆمی: ستراتیژییەکەی بایدن زیاتر بەئامانجی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو، بەڵام لەگەڵ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر وەک هێرشە موشەکییەکانی ئێران لە ناوچەکە.
سەرەڕای ئەوەی کە ئیدارەی جۆ بایدن هەوڵی زۆری بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە دا، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار وەک پێشمەرجەکانی ئێران، جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران، و جەنگی حەماس و ئیسرائیل، بوونە هۆی ڕێگری لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی نوێ. ئەم هۆکارانە وایان لە ئیدارەی جۆ بایدن کرد کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە بکات و پەلە لە بڕیاری گەڕانەوە نەکات، تاکو کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی جۆ بایدن و دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپ لە کانونی دووەمی ٢٠٢٥ دانوستاندنەکان هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە و ئەمریکا بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ڕێکەوتنامەکە نەدا.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین سیاسەتی هەریەکە لە ئیدارەی ترەمپ و بایدن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئەتۆمی ئێران ورێککەتنەمەی ئەتۆمی جیاوازبووە، بە شێوەیەک ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا کاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە و گرتنە بەری سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” یان “زۆرترین فشار” کردووە بۆ سەر ئێران. لەکاتێکدا بایدن ستراتیژیەتی “گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتننامەکە”ی پەیڕەوکردووە.
باسی چوارەم/ چارەنووسی ڕێکەوتننامە ئەتۆمیەکە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی (دۆناڵد ترەمپ)دا:
لە کانوونی دووەمی ساڵی (٢٠٢٥) جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو و خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دەستیپێکرد. ئەگەر چی تاکو ئێستا ماوەیەکی زۆر تێنەپەڕیوە بەسەر دەستبەکاربوونیدا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە 4ی شوبات فەرمانێکی واژۆکرد بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتی “زۆرترین فشاری ئابووری” بۆ سەر ئێران بە ئامانجی زیانگەیاندن بە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی و خاوکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی. پێش کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ یاداشتێکی سەرۆکایەتی واژۆکرد کە سیاسەتێک بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتێک کە ترەمپ لە یەکەم ئیدارەی خۆیدا سەپاندبووی. یاداشتەکەی ترەمپ فەرمانی بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کردووە، “زۆرترین فشاری ئابووری” بەسەر ئێراندا بسەپێنێت لە ڕێگەی سزا و میکانیزمی جێبەجێکردن بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە سزاکانی ئێستا پێشێل دەکەن(21).
ترەمپ داوا دەکات “ڕێکەوتنی ئاشتیی ئەتۆم” لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، دەشڵێت “دەمەوێت ئێران سەرکەوتوو بێت، بەڵام چەکی ئەتۆمی نەبێت.” ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، گوایە ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی ئێران ورد و خاش بکەن، گوتیشی “ئەمە، زێدەڕۆیی زۆری تێدا کراوە”(22) ئەمەش مانای وایە ترەمپ لەگەڵ ڕێکەوتنێکی نوێیە لەگەڵ ئێران؛ بەجۆرێک بەتەواوی ئێران دووربخاتەوە لە ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم. بۆ ئەمەش ترەمپ دەیەوێت درێژە بە ستراتیژیەتی “ئەوپەڕی گوشار” بۆ سەر ئێران بدات، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا پەیڕەوی دەکرد. بەو ئامانجەی ئێران ناچار بە دانیشتن بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا بکات. هەرچەندە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی “سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران” گوتی: “ئەمە تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردووە و ئەگەر دوبارەی بکەنەوە، دەبێتە شکستێکی دیکە. ئەگەر تەنیا پرسەکە ئەوەیە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوە شتێکە ئاسانە و نابێتە کێشەیەکی گەورە.ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئێرانیش ئامادەی دانوستانە، بەڵام هێشتا زووەو بۆ کارێکی لەو شێوەیە و پێویسی بە زەمینەسازی گونجاوە. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “نیویۆرک پۆست” ترەمپ ڕایگەیاندووە: “پێم خۆشە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران ببینم كە لە بارودۆخێكی نائەتۆمیدابێت، ئەوەم بەلاوە باشترە لە بۆردومانكردنیان بەشێوەیەكی جەهەنەمیانە، ئەوان نایانەوێت بمرن، کەسیش نایەوێت بمرێت. “(23)
ئەوەش ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ترەمپ لەم قۆناغەدا لەگەڵ هیرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران نییە و دەیەوێت لە ڕێگەی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ەوە ئێران ناچار بە “ڕێکەوتنێکی باش” بکات وەک ئیدارەکەی باسی دەکەن. هەروەک لەدواین چاوپێکەوتنیدا دۆناڵد ترەمپ دەڵێت “پێم باشە لەبری هێرشێکی سەربازی گەورەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ تاران بگەینە ڕێکەوتنێک کە لەو ڕێگەیەوە واشنتن بتوانێت چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات و لێکۆڵینەوە یان پشکنینیان بۆ بکات و دواتر لەناویان ببات”، ئەوەش بەو مانایە دێت لە ئەگەری ملنەدان بە داواکارییەکانی ئەمریکا دوور نییە ئیسرائیل هێرشی سەربازی بکاتە سەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئیران و ئەمریکاش پشتیوانی بکات. (24).
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین چارەنووسی ڕێکەوتنەکە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا لەبەردەم سێ سیناریۆدایە کەئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: درێژەدان بە سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” لە پێناو ڕێکەوتنێکی گشتگیر
لە ئێستا ئیدارەی ترەمپ پێیوایە بە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران، دەتوانن بگەنە “ڕێکەوتنێکی باش”. (مارکۆ ڕوبیۆ)، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕاشکاوی ڕایگەیاندووە، چالاککردنی میکانیزمی “ئەوپەڕی گوشار” دەتوانێت لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکادا بێت. لە تیمی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ چەندین بەرپرسی باڵا هەن کە نەیاری ئێرانن و بۆچوونی زۆر توندیان بەرامبەر بە ئێران و بەرنامە ئەتۆمیەکەی هەیە. بۆیە یەکێک لە ستراتییژیە سەرەکییەکانی ترەمپ و ئیدارەکەی، زیادکردنی گوشارە ئابووری و ئەمنییەکان دەبێت لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتی کرداریی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا. ئامانجی لەم سیاسەتەش بۆ ناچارکردنی ئێرانە بە ڕێکەوتنێکی نوێ و گشتگیر؛ کە ترەمپ و ئیدارەکەی بە”ڕێکەوتنێکی باش” بۆ ئەمریکا وەسفی دەکەن. بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە ئەگەرێکی بەهێزە ئەویش بەهۆی لاوازبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد و لاوازکردنی حیزبوڵڵا و حەماس، هەروەها بەردەوامی تەحەددای ئابووری ئێران و دابەزینی زیاتری بەهای تمەن، ئەم هۆکارانە وایان لە تاران کردووە چیتر کارتی فشاری بەهێزی بۆ یاریکردن بەدەستەوە نەمێنێت. هەروەها سووربوونی ترەمپ و ئیدارەکەی لە جێبەجێکردنی سزاکانی سەرئێران لەلایەک، ترسی هێرشی ئیسرائی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەکی دیکەوە، ناچارکردنی تاران بە ملدان بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا دەکاتە ئەمری واقع. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بێمتمانەی نیوان هەردوولا و نارەزایی گرووپی موحافیزکاران لە ناوخۆی ئێراندا بەتایبەت خودی (عەلی خامنەی) و فشارەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەمریکا، ڕێگری سەرەکین لەبەردەم بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە.(25)
دووەم: دەستپێکردنەوەی دیپلۆماسی نهێنی:
هەندێک لە شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە کە دیپلۆماسی نهێنی هێشتا لە چوارچێوەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە، بە تایبەت لە پرسی ئەتۆمی ئێراندا. ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ئیسرائیل زۆر هەستیارە بەرامبەر بە هەر جۆرە نزیکبونەوەیەکی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا، بۆیە دیپلۆماسی نهێنی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ خێراکردنی چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکان. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە سەردانەکەی ئەم دواییەی (محەمەد جەواد زەریف) بۆ داڤۆسی سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەم چوارچێوەیەدا بووە.(26)
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە جگە لە ئیسرائیل لە ئێران و ئەمریکاشدا کەسانی توندڕەو زۆرهەن کە ئەگەری ئەوەی هەیە ببنە کێشە و بەربەست لەبەردەم هەر گفتوگۆیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا. گەورەترین بەربەست لەبەردەم دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، قەیرانی قووڵی متمانەی نێوان هەردوو لایەنە؛ ئێران ئەزموونی باشی لە خولی یەکەمی ترەمپ نییە، چونکە نەک هەر لەو ڕێکەوتنە ئەتۆمییە کشایەوە کە لە سەردەمی ئۆبامادا ئەنجامدرا، بەڵکو لە ساڵی ٢٠١٩دا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی خستە لیستی تیرۆرەوە و فەرمانی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی دەرکرد.
سێیەم: ئەگەری هیرشی سەربازی سنوردار بۆ سەر ئێران
ملنەدانی ئێران بۆ گوشارەکانی ئیدارەی ترەمپ و شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئەگەر بەکاربخرێت، ئەوا گرتنەبەری هەنگاوی سەربازیی سنوردار لەلایەن ئیسرائیل بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا لەدژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیاتر بێت. چونکە ئامانجی ئەمریکا کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوی بەهەر ڕێگەیەک بێت، لەبەرئەوە دوور نییە ئیدارەی ترەمپ هێرشێکی سەربازی سنووردار بەکاربهێنێت بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئەگەر سزاکان نەتوانن ئامانجەکە بەدەستبهێنن. چونکە ترەمپ پێشتر بەر لەدەستبەکاربوونی وەک سەرۆک پاڵپشتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا چەند جارێک ئەوەی ڕایگەیاندووە کە ئەو ئەمەی ناوێت و لەگەڵ “ڕێکەتنێکی ئاشتی ئەتۆم”ە(27). هەرچەندە جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە ئاسان نییە، چونکە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەکرێت وەڵامدانەوەی بەرفراوانی لە تارانەوە بەدوادابێت، ڕووداوێکی لەم شێوەیە جگەلەوەی بازاڕەکانی وزەی جیهانی ناسەقامگیر دەکات، هێندەی دیکە ئاسایشی ناوچەکەش ئاڵۆزدەکات. بەڵام هێشتا لە ئەگەری دەستبەردار نەبوونی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم و گوێنەدان بە سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” ئەگەری ڕوودانی هێرشی سنوردار بۆسەر ئێران وەک ئەگەرێکی بەهێز دەهێڵێتەوە.
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین سیناریۆی یەکەم زیاتر ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام دەکرێت لەگەڵ سیناریۆی دووەم تێکەڵ بکرێت. واتە بەکارهێنانی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” لەگەڵ کردنەوەی کەناڵە دیپلۆماسییە نهێنییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لە نیوان هەردوولادا، ئەگەری ڕوودانی زیاترە. هەرچی سیناریۆی سێیەمە، ئەگەری ڕوودانی کەمترە، چونکە لەم قۆناغەدا هەردوولا خۆیان لە کارێکی لەو جۆرە بەدووردەگرن، بەو پێیەی هێرشی سەربازی؛ کاریگەریی و لێکەوتەی زۆری لەسەر هەردوولا و ناوچەکەش دەبێت.
ئەنجام:
پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا بەهۆی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە لە قۆناغێکی ئاڵۆزدایە، سیاسەتی ” ئەوپەڕی گوشار“ی ترەمپ و هەوڵە “دیپلۆماسییەکانی” بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕیککەوتننامەکە ئەتۆمیەکە، هەردووکیان نەیتوانی کێشەی نیوانیان چارەسەر بکەن. ترەمپ لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی خۆیدا بە فەرمی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکای لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە کشاندەوە و سزای ئابووریی توندی بەسەر ئێراندا سەپاند، هەروەها ستراتیژی “ئەوپەڕی گوشار”ی بەکارهێنا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. ئامانجی ئەم ستراتیژییەش ناچارکردنی ئێران بوو بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی، بەتایبەت لە بواری پڕۆگرامە ئەتۆمی و هێرشە مووشەکییەکانی لە ناوچەکە. لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکردووە، ئاماژەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر درێژەدان بە دوبارە جێبەجێکردنی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار ” بە ئامانجی ناچارکردنی ئێران بۆ ئەنجامدانی دانوستانێکی نوێ. لەئەگەری ملنەدانی ئێران بە فشارەکان و سوربوون لەسەر بەردەوامیدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دوور نییە ئێران ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی سنوردار بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ڕەزامەندی ئەمریکا بکاتەوە، بەوەش پەیوەندییەکانی نیوان ئەمریکا و ئێران دەچێتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە و چارەنووسی ڕێکەوتنامە ئەتۆمیەکەی نێوان ئێران و دەوڵەتانی ٥+١ تا ئاستی مردن و هەڵوەشاندنەوە دەبات.
لیستی سەرچاوەكان:
1–Iran deal – an historical day, Europa Union Website, 14/7/2015, Available: –
-2بێستون حسێن عارف ، كشانەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڕێکەوتنامەی ناوەكی ئێران: هۆكار و لێكەوتەكان، گۆڤاری لێكۆڵینەوەی سیاسی و ئەمنی، ژمارە(3)، سلێمانی، 2019،ل75.
3-نورة الحفيان، مسارات الموقف الامريكي من الملف النووي الإيراني، المعهد المصري للدراسات، تركيا، 2019، ص2.
4-الجزيرة نت، أوباما يواصل تسويق اتفاق نووي إيران، 22/7/2015، تأريخ الزيارة 25 /2/2021، متاح علي الرابط الاتي:
5-كوسرت خدر، المفاوضات الدولية حول البرنامج النووي الأيراني وأفاقها المستقبلية، مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، السليمانية، 2018،ص134.
6-كوسرت خدر، المفاوضات الدولية حول البرنامج النووي الأيراني وأفاقها المستقبلية، مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، السليمانية، 2018،ص135.
7-دەزگای ستاندەر، سروشتی پەیوەندیەكانی (ئەمریكا و توركیا و ئێران) كاریگەری بەسەر كوردستان، ناوەندی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، هەولێر، 2018،ل14-16.
8-منصور ابو كريم، ، اتجاهات السياسية الخارجية الأمريكية تجاه منطقة الشرق الأوسط في ظل حكم ترامب، مركز حرمون للدراسات المعاصرة، قطر، 2018،ص24-25.
9-مركز الفكر الاستراتیجی للدراسات، استراتیجیە ترامب تجاه إیران.. الدوافع والاتجاهات، تركیا، 2017،ص5.
10-بێستوون حسێن عارف،، ستراتیجی نوێی ئەمریكا بۆ ئیحتواكردنی ئێران لەرۆژهەڵاتی ناوەراست: لەئیدارەی ئۆباماوە بۆ ترەمپ، گۆڤاری جۆڕناڵ، ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان، سلێمانی، 2018،ل9.
11-وكالة انباء فارس، محكمة العدل الدولية ترفض طعون اميركا بشأن شكوي ايران ضدها، ، ايران، 3/12/2018، تأريخ الزيارة 27 /2/2021، متاح علي الرابط الاتي:
12-هالة حمود، سياسية الأمريكية تجاه الملف النووي الإيراني 2000-2019،مجلة مدارات إيرانية، العدد(04)، برلين، 2019،ص161-162.
13-حسن احمديان، ، مفاوضات فيينا واالتفاق النووي اإليراني: إلي أين؟ مركز الجزيرة للدر اسات، قطر.2022، ص2.
14-حسن احمديان، ، مفاوضات فيينا واالتفاق النووي اإليراني: إلي أين؟ مركز الجزيرة للدر اسات، قطر.2022، ص2.
15-حسن احمديان، ، مفاوضات فيينا واالتفاق النووي اإليراني: إلي أين؟ مركز الجزيرة للدر اسات، قطر.2022، ص3.
16-وحدة الدراسات الإيرانية، الاقتراب من يوم النهاية مصير الاتفاق النووي الإيراني وفق نصوصه، مركز الامارات للسياسات، الامارات، ،17/10/2023، تأريخ الزيارة 26 /12/2023، متاح علي الرابط الاتي:
17-Crisis Group. 2022. Is Restoring the Iran Nuclear Deal Still Possible? Crisis Group. 12. September.p6.
18-الجزيرة نت، هل تؤثر احتجاجات إيران علي موقف واشنطن من مفاوضات الاتفاق النووي؟، 24/11/2022، تأريخ الزيارة 4 /1/2023، متاح علي الرابط الاتي:
19-الشرق الأوسط،حرب غزة تغطي علي «تصعيد نووي» إيراني، 24/11/2023، تأريخ الزيارة 18 /1/2023، متاح علي الرابط الاتي:
20-الجزيرة نت ، هل أدت حرب غزة إلي تهميش الملف النووي الإيراني؟، 4/12/2023، تأريخ الزيارة 18 /1/2023، متاح علي الرابط الاتي:
21-RadioFardaTrump Signs Memo Reinstating ‘Maximum Pressure’ Campaign Against Iran, 5/2/2025, Available:
22-Maziar motamade, Where does Trump’s renewed ‘maximum pressure’ leave any Iran-US deal?, 6/2/2025, Available:
23-Mchael D. sheal, Trump Torpedoed the Iran Nuclear Deal. Now He’s Calling for Another One, 5/2/2025, Availble:
24-دەنگی ئەمریکا، ترەمپ: ئێران ترساوە و ئامادەیە دانوستان بکات، من پێم باشە لەبری هێرش، ڕێکەوتن بکەین،١١/٢/٢٠٢٥، بەردەستە لەم پیگەیەیی خوارەوە:
25-میدل ئیست نیوز، من الصحافة الإيرانية: ولاية ترامب الثانية وفصول المواجهة النووية بين إيران والولايات المتحدة، ٢٥/١/٢٠٢٥، متاح علی الرابط الاتي:
26-رمضان بورصة، إيران وأميركا في الولاية الثانية لترامب: عقوبات أم مسار جديد؟، الجزیرة، ٤/٢/٢٠٢٥، متاح علی الرابط الاتي:
27-سکای نیوز، هل تنهي إدارة ترامب الجديدة الحلم النووي الإيراني؟، ١٧/٢/٢٠٢٥، متاح علی الرابط الاتي: