ئایندەى بزاڤە ئیسلامییەکان؛ جیهانیبوون یان بە نیشتمانیکردن
د. عابد خالد رسول
پێشەکى
هەوڵدان بۆ پێشبینیکردنی ئایندەى بزاڤە ئیسلامییەکان و شیکردنەوەى دۆخى ئێستایان، چ لەسەر ئاستى جیهانى، یان لەسەر ئاستى نیشتمانى ئەو وڵاتانەى کە زۆربەى دانیشتوانیان موسڵمانن، کارێکى دژوار و ئاڵۆزە، ئەمەش لە لایەک بە هۆى فرەیی دیدگاى فیکرى و هەمەچەشنی شێوازى کارى ئەو هێز و لایەن و گرووپانەى کە بە بزاڤە ئیسلامییەکان ناوزەد دەکرێن، لە لایەکی تر بە هۆى جیاوازى ئەو پێودانگ و هۆکارە سیاسى و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییانەى کە کاریگەریى بەرچاویان لە سەر ئامانج و شێوازى کارى ئەو بزاڤانە هەیە. ئەوەى کە زۆر جێى تێبینیمانە لەم نووسینەدا جیاوازى نێوان دیدگاى بزاڤە ئیسلامییەکان و کاریگەرى کردارییانە، کە هەمیشە وەک پرۆژەیەکى جیهانى دیدگاى خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام لە ئاستى کردارییاندا زۆربەى کات کاریگەرییان گیرۆدەى هاوکێشە نیشتمانی و ناوچەییەکانى ئەو وڵاتانەن کە تێیاندا کار دەکەن. هەوڵدان بۆ پێشبینیکردنى ئایندەى بزاڤە ئیسلامییەکان لەژێر ڕۆشنایی ئەم جیاوازییەدا لە نێوان دیدگاى جیهانیبوون و کاریگەرى نیشتمانیدا ئامانجى سەرەکى ئەم بابەتەیە، کە سەرەتا کار لەسەر ناساندنی بزاڤە ئیسلامییەکان و پۆلێنکردنیان دەکات، دواتر دیدگا و کاریگەرییان لەسەر ئاستى پرسە جیهانى و نیشتمانییەکان دەخاتەڕوو، ئینجا وێناى سیناریۆکانى ئایندەى ئەو بزاڤانە دەکات لەگەڵ شیکردنەوەى ئەو پێودانگانەى کە ئەو سیناریۆیانە ئاڕاستە دەکەن.
باسى یەکەم: ناساندنى بزاڤە ئیسلامییەکان و پۆلێنکردنیان
تەوەرى یەکەم: ناساندنى بزاڤە ئیسلامییەکان
لە ڕووی زانستییەوە، زاراوەی (بزاڤە ئیسلامییەکان) یەکێکە لەو زاراوانەی کە دیاریکردنی مەودای ناساندنی ئەستەمە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتگیری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمەش لە لایەک بە هۆی فرەڕەنگى ئەو بزاڤ و گرووپانەى کە بە ئیسلامى وەسف دەکرێت، لەلایەکی دى بە هۆى فرەڕایی و جیاوازى دیدگاى ئایدۆلۆژی ئەو توێژەرانەى کە لە مەیدانى ئیسلامناسى و بزاڤ و پرسەکانى لێکۆلینەوە دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە فەرهەنگى چەمکناسی ئەم بزاڤ و گرووپانە دووچارى جۆریک لە دۆخى هەڵاوسانى زاراوەکان و ناسەقامگیرییان بووە، بە شێوەیەک چەندین زاراوە بۆ ناونانى ئەو بزاڤ و گرووپانە بەکاردەهێنرێن، وەک: (فەندەمێنتالیزمى ئیسلامی، ئیسلامیزم، سەلەفیزم، ئیسلامی سیاسی، بزووتنەوە توندڕەوەکان، گرووپە تیرۆریستەکان…).
ئێمە لێرەدا بە مەبەستى بابەتیبوون و خۆ بەدوورگرتن لە زاراوەگەلێک کە بە مەغزاى ئایدۆلۆژی بارگاوین، پێمان باشە کە زاراوەی (بزاڤە ئیسلامییەکان) یان (بزووتنەوە ئیسلامییەکان – الحرکات الإسلامیة – Islamic Movements) بەکاربهێنین، بەتایبەت کە لە ڕووى ئەمانەتی زانستییەوە، ئەدەبیاتی ئەم بزاڤ و گرووپانە خۆیان و زۆرێک لە چالاکوانان و گەورە نووسەرانیشیان، وەک (یوسف قەرەزاوی)(١)، (محەممەد فەتحی عوسمان)(٢) و (ڕاشد غەنوشى)(٣) و (محەممەد حسێن فەزلوڵڵا)(٤) ئەم زاراوەیە بۆ ناونانى خۆیان بە پەسەند دەزانن. بە هەمان شێوە، هەندێک لەو بزاڤ و گرووپانە زاراوەی (ڕابوونى ئیسلامی – الصحوة الإسلامیة) بە باشتر دەزنن، لەو ڕوانگەیەوە کە هەوڵ بۆ دامەزراندنی (دەوڵەتی ئیسلامی) و کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی نوێ دەدەن و دەخوازن حکومەتێکی ئیسلامی وەها پێکبهێنن، کە ئایین بپارێزێت و چاودێری ڕاییکردنى کاروباری ئوممەتى ئیسلامى بکات. بەڵام لە بەرامبەردا هەندێکی تریان بەکارهێنانى زاراوەی (ڕابوونی ئیسلامی) بە گونجاو نازانن، گوایە ئیسلام نەخەوتووە و ئاگایی لە دەست نەداوە، لەبەر ئەوە ڕابوون تەنیا بۆ ئەو موسڵمانانەیە کە دووچارى چەقبەستن و دواکەوتن بوون و تواناى کۆشش و دەستپێشخەری و داهێنایان لە زانست و پیشەسازیدا نەماوە. هاوکات هەندێکی تریان ڕایان وایە، کە ڕابوونەکە تەنیا ڕووکەش بووە و زیاتر سەرنجی لەسەر باڵاپۆشى و سەرپۆش پێکردنى ژنان و جلوبەرگى کورت و کورتکردنەوەى سمێڵ و هێشتنەى ڕیشى درێژ بووە(٥).
لە ناو ئەو پێناسانەى بۆ (بزاڤە ئیسلامییەکان) کراون، برتیین لە: “ئەو بزووتنەوانەى کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا چالاکن و داوای پەیڕەوکردنی ئیسلام و شەریعەتەکەی لە ژیانی گشتی و تایبەتدا دەکەن…”(٦). هەروەها بریتین لە: “ئەو بزووتنەوانەى کە پێیان وایە ئیسلام تەنیا ئایین نییە، بەڵکو سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئابووریشە، کە بۆ بوونیادنانی کۆى دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەت گونجاوە…”(٧).
هەرچى نەیارانى بزاڤە ئیسلامییەکانە پێیان باشترە کە بە زاراوەکانى (ئیسلامی سیاسی – Political Islam) و (ئیسلامیزم – Islamism) ناو ببرێن، لەم ڕوانگەیەشەوە بەوە پێناسەیان دەکەن کە بریتین لەو: “بزووتنەوە سیاسییانەى کە هەوڵ دەدەن بە هەر جۆرێک بێت بە دەسەڵات بگەن و بە تەنیا حوکمڕانی بکەن و دەوڵەتێکی ئایینی تیۆکراتى بوونیاد بنێن و شەریعەتى ئیسلامی بەپێى دیدگای تاکڕەوانەى خۆیان جێبەجێ بکەن”. بەپێی ئەمەش، وڵاتانی وەک: (ئێران، سعودیە، ئەفغانستان – لە سایەی حوکمڕانى پێشوو و ئێستای تاڵیباندا، سوودان – لەماوەى حوکمڕانى عومەر بەشیردا، سۆماڵ) نموونەی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسین کە بانگەشەی حوکمڕانی شەریعەت، یان دەسەڵاتداری خوایی دەکەن.
بە ڕای زۆرێک لە توێژەرانی هاوچەرخ، ناونانی بزاڤە ئیسلامییەکان بە (ئیسلامی سیاسی) لە ئەنجامی جیاوازیکردن لە نێوان سێ ڕەوت، یان خوێندنەوەى بنەڕەتی بۆ دەق و بنەماکانى ئایینى ئیسلامەوە هاتووە کە هەرسێکیان لە وڵاتانی ئیسلامیدا بە پلەى جیاجیا باڵادەستن و بریتین لە: ئیسلامی فەرمی، ئیسلامی ميللی، ئیسلامی سیاسی، کە هەر یەکێکیان خەسڵەتگەلێی تایبەت بە خۆی هەیە، بەم شێوەیە(٨):
1-ئیسلامی فەرمی: کە وەک نەریتێکى باوى ناو میراتی ئیسلامی، پێداگرى لەسەر گوێڕایەڵی بۆ خەلیفە و قبوڵکردنی فەرمانڕەوایى سەردەم دوای زەفەربردنی بە دەسەڵات دەکات، گەرچى فەرمانڕەوایەکى لە ڕێ لادەریش بێت، فەرمانڕەوا (میر / سەرۆک / پاشا) سێبەری خوایە لەسەر زەوی، بانگەشەکردنیش بۆ تێزی شورا لەم ڕەوتەدا تەنیا بۆ ڕازانینە، نەک بۆ پابەندبوون.
2-ئیسلامی ميللی: کە لە سەر بنەمای ڕشتەیەکى تێکەڵ لە چەمکى بە میرات بەجێماوی ئایینی و کۆمەڵایەتی دامەزراوە، کە تێیدا خواوەند ڕۆڵی گەردوونى و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بەردەوامى هەیە لە ڕاییکردنی سات بە ساتى کاروبارەکانى بوون و ژیان و جیهاندا، لە ناویشیاندا چارەسەرکردنی گرفتەکانی موسڵمانان کە بە پەرستش و پاڕانەوە ڕووى تێدەکەن، ئەم ڕەوتە لە زۆر ڕووەوە هاوڕاى ڕەوتى ئیسلامى فەرمییە، بە تایبەت لە بابەتى تەسلیمبوون بە فەرمانڕەوایى سەردەم جا هەر چییەک بکات، ئەم ڕەوتە زیاتر لە سەردەمى داڕمانى ئیسلامدا برەوى سەندووە و چەندین قوتابخانەى فیقهی و فەلسەفی تیۆرسازییان بۆ کردووە.
3-ئیسلامی سیاسی: كە ڕاى وایە ئیسلام چارەسەرى بۆ هەموو گرفتەکانی وڵاتانى موسڵمانان پێیە، سەرچاوە خواییەکەشی بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دروستی بژاردەی ئیسلامی و هۆکارى ئەو گرفت و قەیرانانەی کە ئێستا وڵاتانی ئیسلامی دووچارى بوون دەگەڕێنێتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئیسلام و لەپێناو دەربازبوون لەو گرفت و قەیرانانەش داوای گەڕانەوە بۆ ئیسلام دەکات.
هەندێک ڕایان وایە دەستەواژەى (ئیسلامی سیاسی) زۆرجار بۆ ناونانی ئەو بزاڤانە بەکاردەهێنرێت کە لە بواری سیاسیدا چالاکن، بەو واتایەش گرووپە سۆفیگەرەکان ناگرێتەوە کە لە بواری سیاسیدا چالاک نین و زیاتر نزیکن لە ئیسلامى میللییەوە، هەروەها ئەو پارتە تەقلیدیانەش ناگرێتەوە کە پێشینەیەکی ئیسلامبوون، یان جۆرێک لە پابەندییان بۆ هەردوو ئیسلامى فەرمى و میللى هەیە، وەک پارتی سەربەخۆیی لە مەراکیش، یان پارتی ئوممە لە سودان، بەڵکو ئەم ڕایە پێیان وایە کە بەکارهێنانى ئیسلامى سیاسى بۆ ناونانى هەندێک ڕژێم و بزووتنەوە کە بە شێوەیەکی نەریتی شەریعەتى ئیسلامیان پەیڕەو کردووە، وەک شانشینی سعودیە، بەکارهێنانێکى نادروستە، لە کاتێکدا هەندێک لە بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم ڕژێمانەش بە هەمان دەستەواژە ناوزەد دەکرێن(٩).
تەوەرى دووەم: پۆلێنکردنى بزاڤە ئیسلامییەکان
زەحمەتە سەرجەم بزاڤە ئیسلامییەکان وەک یەک ڕەوت، یان تەوژم دیاری بکەین. چونکە گرووپ و بزووتنەوەى فرە ئامانج و ئاڕاستە لەخۆ دەگرن، هەندێکیان پەروەردەیی و بانگخوازیین، هەندێکی تریان چەکداری و موقاوەمەتگەران. لەبەر ئەمە توێژەران پۆلێنى جیاوازیان بۆ کردوون، بۆ نموونە (ئیبراهیم بەیۆمی) بزاڤە ئیسلامییەکانى بۆ چوار تەوژم پۆلێن کردووە: (١. شۆڕشگێڕییە توندوتیژەکان، ٢. ڕیفۆرمخوازەکان، ٣. ڕۆشنگەرا عەقڵانییەکان، ٤. وتاربێژانى فەرمی و مووچەخۆرانى وەزارەتەکانی ئەوقاف). بە هەمان شێوە (محەممەد عەمارە) بۆ چوار پۆل دابەشی کردوون: (١. ئەو خەڵکە گشتییەی دواى ئیسلام کەوتوون، ٢. ئەو ڕۆشنبیرانەى سەرقاڵى بایەخدانن بە هزرى ئیسلامى بێ ئەوەى سەر بە ڕێکخستنێکى دیاریکراو بن، ٣. ڕێکخستنە ئیسلامییە گەورەکان وەک ئیخوان موسلیمین لە میسر، ٤. کەرتى گەنجانى دیندارى بێزار و یاخى لە دۆخى خراپى وڵاتانى ئیسلامى). بەڵام (عەبدولستار ڕاوی) پۆلێنی کردوون بۆ پێنج ئاڕاستە: (١. تەقلیدییەکان: وەک ئیخوان موسلیمین. ٢. تائیفییەکان: وەک گرووپە پەیوەست و نزیکەکان لە ئێران؛ حزبى دەعوە، حزبوڵڵا، جوندلئیمام. ٣.جەماوەرییە ئایدۆلۆژیستییەکان: وەک حەماس لە فەلەستین، ئینقاز لە جەزائیر، جیهاد لە میسر). ٤. ڕەتکەرەوەکان: وەک گرووپى تەکفیر و هیجرە، گرووپی جیهاد، جوندوڵڵا). ٥.عەقڵانییەکان: بریتین لەو بیرمەندانەى کە لە شرۆڤە ئیسلامییەکاندا ڕێبازی ڕەخنەیی شیکارییان گرتووەتەبەر(١٠).
گەرچى ئەم پۆلێنکردنانە لە زۆر ڕووەوە گونجاون، بەڵام زۆربەی توێژەران بەرەو ئەوە چوون کە بزاڤە ئیسلامییەکان بەپێى ئەو شێوازەى لە کارى سیاسیدا پەیڕەوی دەکەن، بۆ دوو تەوژمى سەرەکی پۆلێن بکەن، کە بریتین لە:
1-تەوژمى میانڕەوەکان: ئەو بزاڤ و گرووپ و پارتانەن کە باوەڕیان بە گۆڕانکاری قۆناغ بە قۆناغ هەیە، لەڕێگەى گرتنەبەرى شێوازى کاری ئاشتیخوازانە لە ژیانی سیاسیدا و ڕەتکردنەوەی میکانیزمەکانى توندوتیژی بە ڕێژەی جیاواز. هەر لەبەر ئەوە ئەم بزاڤانە بەوە قایلن کە کاری سیاسی لە سایەی ڕژێمە سیاسییە بەرکارەکاندا ئەنجام بدەن، بۆیە دەبینین لە ڕابردوودا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکانیاندا کردووە، وەک بزووتنەوەی (النهضة) لە تونس و (مجتمع السلم) لە جەزائیر و (الاخوان المسلمين) لە میسر. بزاڤەکانى ئەم تەوژمە جەخت لەو بنەمایە دەکەن کە پێی دەوترێت (بووژاندنەوەی ڕیفۆرمخوازى – الاحيائية الاصلاحية)، گوایە دەخوازن لەسایەى ئەو کۆمەڵگانەى لە وڵاتەکانیاندا باوە و بەپێى دیدگاى ئەو جەعاتەى هەیە واتای نوێ بە ئیسلام ببەخشن، لەڕێگەى کاری بانگخوازی پەروەردەییەوە و پشت بەست بە (میتۆدى پلەبەندى) لە کاریاندا.
2-تەوژمى توندڕەوەکان: ئەو گرووپ و ڕێکخراوانەن کە گۆڕانکاری ڕیشەیى بە بژاردەی ستراتیژی دادەنێن. زۆربەى گرووپەکانى ئەم تەوژمە ڕژێمە دەسەڵاتدارە بەرکارەکانى وڵاتەکانیان تەكفیر دەکەن، بەڵکو هەندێکیان تەکفیرى بەشێک لە کۆمەڵگەش دەکەن. زۆرجار توندوتیژی وەک ڕێگەى سەرەکى بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکاردەهێنن، لەپێناو ڕووخاندنى ڕژێمە حوکمڕانەکان و بوونیادنانی دەوڵەتی ئیسلامی، وەک گرووپی ئەلقاعیدە و ڕێکخراوى (دەوڵەتی ئیسلامی) ناسراو بە (داعش).
ئاشکرایە کە خاڵی جیاوز لە نێوان ئەو دوو تەوژمەدا زۆرە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە کە یەکەمیان داوای سوودبینین لە ئەزموونی دیموکراسی ڕۆژئاوا دەکات و بە ئامڕازێک بۆ کەمکردنەوەی ستەمی ڕژێمەکانی ئێستا ئەژمارى دەکات، لەپێناو ئامادەکاری بۆ گەیشتنیان بە دەسەڵات بە شێوازی ناتوندوتیژى. لە بەرامبەردا ڕەوتی دووەم بنەماکانی دیموکراسی ڕۆژئاوا ڕەتدەکاتەوە و ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر هێماکانى و بە ئاشکرا دژایەتى ڕژێمە عەرەبی و ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا دەکات. گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان باوەڕیان وایە کە ناکرێت باوەڕبوون بە بنەماکانى ئیسلام پارچە پارچە بکرێت، بە شێوەیەک باوەڕ بە پارچەیەکى بهێنرێ و پارچەکەى دى پشتگوێ بخرێت، کەسێک بڵێت تەنیا پەرستش دەکەم و شتەکانی تر وەرناگرم کافرە، بۆیە لاى ئەوان هەر کەسێک پەیڕەوی کۆى ڕێبازى ئیسلام نەکات، کافرە. هەڵبەت ئەم پەرش و بڵاوییە لە ڕا و شێوازى کارکردنى بزاڤە ئیسلامییەکان بۆ ئاڵۆزى ژینگەی گشتی جیهان دەگەڕێتەوە، بە تایبەت لە وڵاتانی باشووردا، کە بە هۆى ستەمى ڕژێمە حوکمڕانەکانییان و ململانێ ناوخۆییەکانیانەوە، سەرەڕاى داگیرکاری و نادادپەروەریى وڵاتانى ڕۆژئاوا بەرامبەریان، دووچارى چەندین گرفت و قەیران بوون.
باسى دووەم: ديدگا و کاریگەرى بزاڤە ئیسلامییەکان لە پرسه جیهانی و نیشتمانيیەکاندا
تەوەرى یەکەم: ديدگاى بزاڤە ئیسلامییەکان لە سەر پرسه جیهانی و نیشتمانيیەکان
وێڕای جیاوازی دیدگای بزاڤە ئیسلامییەکان بەپێی جێگەى هەر یەکێکیان لە یەکێک لەو دوو تەوژمەى (میانڕەو، یان توندڕەو)دا و بەپێی واقیعی ئەو وڵاتەى کە تێیدا سەریهەڵداوە و لە سایەى گرفت و قەیرانەکانیدا کاری کردووە، هەروەها بەپێی ئەو قۆناغە مێژووییانەى گەشەکردنی کە پێیاندا تێپەڕیوە، وێڕای هەموو ئەمانە دەكرێت دیدگای بزاڤە ئیسلامییەکان بەگشتی لە دوو تەوەردا چڕ بکرێتەوە:
١- ئیسلام ئایینی حەقە: بەو واتایەی ئیسلام تاکە ئایینە کە خوا بۆ حوکمڕانی جیهان پەسەندی کردووە و بنەما و ئەحکامەکانی ڕێساى گشتگیرن بۆ ڕێکخستنى کۆى کاروباری خەڵک لە دنیا و قیامەتدا، ئیسلام بەپێی باوەڕی كۆى بزاڤە ئیسلامییەکان، باوەڕ و پەرستشە، نیشتمان و ناسنامەیە، دین و دەوڵەتە، ڕۆحانیەت و کردارە، قورئان و شمشێرە.
٢- ئیسلام چارەسەرە: بەو واتایەی ئیسلام چارەسەری بۆ هەموو ئەو گرفتە نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەى پێیە کە ئێستا هەن، بە تایبەت کە لە تێگەیشتنى زۆربەى بزاڤە ئیسلامییەکاندا دوورکەوتنەوە لە ئیسلام سەرچاوەى كۆى ئەو قەیرانانەيە كە گەلان و وڵاتە ئیسلامییەکان ئێستا دووچارى هاتوون، بۆيە لەپێناو دەربازبوون لەو قەیرانانە داوای سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ ئیسلام دەکەن.
لە ڕاستیدا ئەو دوو دیدگایەی سەرەوە وەڵامە بۆ ئەم دوو پرسە: ئایا سەرهەڵدانی بزاڤە ئیسلامییەکان و دیدگا و کارەکانیان بەرهەمى پڕۆژەیەکی شارستانی جددییە لەپێناو دەربازکردنى وڵات و کۆمەڵگە موسڵمانەکان لەو قەیران و گرفتانەى کە ئێستا دووچاریان هاتوون؟ یاخود تەنیا کاردانەوە و پەرەسەندنێکی کاتییە بەرامبەر بەو گۆڕانکاری و ئاڵنگارییانەى کە سەردەمی مۆدێرنە ڕووبەڕووى ئەم وڵات و کۆمەڵگانەى کردووەتەوە؟
وەڵامى ئەم دوو پرسە جێى لێکدانەوە و مشتومڕێکى دژوارە. ئاشکرایە کە بزاڤە ئیسلامییەکان پێیان وایە ئیسلام تەنيا ئایین نییە، بەڵکو سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێندە تۆکمەیە، کە بۆ چاکسازیکردنى كۆى گرفت و قەيرانە سیاسی و کۆمەڵایەتييەكان لە جیهانی ئیسلامی هاوچەرخدا شیاوە و هەر کۆمەڵگەیە و دەتوانێت بەو شێوازەی کە لە دەستی دێت جێبەجێى بکات. بەپێی ئەم لێکدانەوەیە بزاڤە ئیسلامییەکان لە هەناوى وڵاتانى جیهانی ئیسلامی خۆیەوە هاتوون و لە سایەى هەلومەرجی سەخت و پڕ قەیرانەکانیدا گەورە بوون. ئەم وڵاتانە دواى داڕمانيان لە شارستانییەتێکی جیهانی باڵاوە (شارستانییەتی ئیسلامی)، کە لە ڕووی زانستی و تەکنیکی و کولتوورییەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێشەنگى جیهان بوو، لەگەڵ داگیرکردن و تاڵانکردنیان لەلایەن کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاواییەوە، ئینجا دابەشبوونییان بە هۆى ناکۆکى و ململانێ تائیفی و ئەتنییەکانەوە و گرفتاربوونیان بە قەیرانەکانى هەژاری و نەزانی و نەخۆشییەوە. وێڕاى هەموو ئەم نەهامەتییانە، چەندین گۆڕانکاریی گەورە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە وڵاتانى جیهانی ئیسلامیدا ڕوویداوە، لەوانە ڕووخانی خیلافەتی عوسمانی، دروستکردنی بەناو دەوڵەتە نەتەوەییە عەلمانیەکان و سەربەخۆبوونییان لە کۆڵۆنیالیزم، سەرهەڵدانی چەندین بزاڤ و تەوژمى هزرى سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەومى و ئایینى و ڕۆشنبيرى لە سەر دەستی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیر و بیرمەند و تازەگەری هاوچەرخ، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، دۆزینەوەی سامانی زەبەلاحى نەوت و ئەو داهات و دەوڵەمەندییەى بۆ ڕژێمە حوکمڕانەکانى وەديهێنا، لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران. لە ناوەندی هەموو ئەم شەپۆلانە لە داڕمان و گۆڕانکارى و ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکان، گرووپ و بزاڤە ئیسلامیيەكان سەریانهەڵدا و پەرەیانسەند، بە شێوەیەک کە لە چەند دەیەیەى ڕابردوودا (لە کۆتایى سەدەى بیستەم و لە سەرەتاى سەدەى بیست و یەکەمدا، بوونە کاراکتەری زۆر کاریگەر، هەم لە ناو وڵاتانى جیهانی ئیسلامیدا و هەم لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوادا.
لەم چوارچێوەیەدا، بیرمەندی ئەمەریکی (گراهام فۆلەر) لە کتێبەکەیدا (ئایندەی ئیسلامی سیاسی) گاڵتە بەو بۆچوونە ڕووکەشە لە بیرکردنەوەی ڕۆژئاوادا دەکات، کە بزاڤە ئیسلامییەکان بە تیرۆر و کۆنەپەرستى و دوژمنایەتی لەگەڵ مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوا و دژایەتیکردنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی تۆمەتبار دەکات. ئەو پێی وایە (تیۆری پێکدادانی شارستانییەکان) دیدێکی بێ ویژدانانە و کرچ و کاڵە بۆ ئیسلام و ئامانج لێی پاککردنەوەى ڕۆژئاوایە لە تاوانبارى و بەرپرسیارێتی بەرامبەر قەیرانەکانی سیستمی جیهانی هاوچەرخ، لە کاتێکدا ئەم قەیرانانە دەستکردى ئیسلام نین، بەڵکو ڕۆژئاوا دەستى باڵاى لە نانەوەیاندا هەیە(١١).
بە ڕاى (فۆلەر)، بزاڤە ئیسلامییەکان توانیویانە بۆشایییەکی گەورە لە جیهانی ئیسلامیدا پڕبکەنەوە، کە لەپاڵ ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعێکی ئاڵۆز وەڵامی پێداویستییە هەنووکەییەکانیان داوەتەوە و چارەسەریان بۆ گرفت و قەیرانە سەختەکان خستووەتە ڕوو، ئەرک و بارێکی گەورەیان گرتووەتە ئەستۆ بە شێوەیەک کە لەچاوى گەل و نیشتمانیاندا بە ڕزگارکەر و فریادڕەسى داهاتوویان ببینرێن. هاوكات لە دوای شکستی زۆرێک لە هزر و بنەما بە ڕەچەڵەک ڕۆژئاواییەکانى وەک عەلمانیەت و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئیسلام بوو بە تاکە چارەسەر. لە گرنگترین ئەو کارانەى کە ئیسلامییەکان کردوویانە بریتییە لە ناساندنى گەلەکانیان بە شوناس و ناسنامەی خۆیان، کە شوناسێکى تێکەڵە لە نیشتمانچێتی و بە جیهانیبوون، لە ڕەسەنایەتی و هاوچەرخیبوون. لە ڕووی ڕۆشنبیریيەوە هەوڵیان بۆ نوێکردنەوەی ئیسلام لە نەریتە کۆن و بەسەرچووەکانی ڕابردوو داوە، هەر بۆ ئەمەش خۆیان وەک جێگرەوەی زانا ئایینییە تەقليدى و هزر بەستووەکان نمایش کردووە و بوونەتە نەیارى ئەوان و ئەو حکومەتە گەندەڵانەش کە بە فەتوا و وتارەکانیان پشتگیرییان کردوون. بزاڤە ئیسلامییەکان هەوڵیان داوە هزری هاوچەرخی ڕۆژئاوا و سیستمەکانی لە ڕوانگەیەکى ئیسلامییەوە دابڕێژنەوە و باوەڕیان بە بەرگریکردن لە بنەماکانى ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ هەبووە، بە تایبەت کە خۆیان بە یەکەم قوربانی نەبوونی ئەو بنەمایانە، یان لەدەستدانی زانیوە. ئەوان داوای ئازادی کردەيی سیاسی و پێکهێنانی پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردووە، داوای ماف و پێگەیان بۆ ژنان کردووە. کەواتە لە ڕوانگەى (فۆلەر)ەوە دەتوانرێت بوترێت کە بزاڤە ئیسلامییەکان دوژمنی هزری ڕۆژئاوا و سوودەکانى دیموکراسی نین، بەڵکو ڕەنگە ببنە پردێک بۆ هەموارکردنەوەی مۆدێلی دیموکراسی ڕۆژئاوا و زیاتر گونجاندنى بۆ بارودۆخی وڵاتانى جیهانی ئیسلامی.
هاوکات (فۆلەر) ڕەخنە لەو تۆمەتی بە تیرۆریست ناساندنە دەگرێت کە ڕۆژئاوا بە گشتی بە بزاڤە ئیسلامییەکانییەوە دەلکێنێت، کە بە تێڕوانینى ئەو جۆرێک لە زیادەڕەوى تێیدایە، چونکە تیرۆر و توندوتیژی تەنیا لەلایەن کەمینەیەک لە بزاڤە ئیسلامییەکانەوە پیادە دەکرێت و هیچ ڕەوا نییە بەسەر زۆرینەى بزاڤە ئیسلامییەکانی تردا گشتاندنی پێ بکرێت، بەڵکو ئەو پێی وایە کە زۆرێک لە ئیسلامییەکان بەرامبەر کردە تیرۆرییەکانى (١١ی سێپتەمبەر) توڕەبوون و ناڕەزاییان دژى ئەنجامدانى دەربڕیوە، لەبەرئەوەى ئەوان هەر لە بنەڕەتدا تەوژمى میانڕەون و بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی و خەڵکی بێ تاوان بە ڕەوا نازانن. بە ڕای (فۆلەر) تەنانەت گەر ڕۆژهەڵات موسڵمانیش نەبوایە، بەڵکو مەسیحی بوایە، ئەوا هەر ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئەو و ڕۆژئاوا دروست دەبوو، بە هۆى ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هەر دوو لایان. هەر بۆیە بەکارخستنى بیانووی تیرۆر بۆ داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، وێڕاى ئەوەى بووە هۆى زیادکردنی دوژمنایەتی دژی ئەمەریکا، هاوکات هۆکارێکیش بوو بۆ زیادکردنی تیرۆر، نەک لاوازکردنى(١٢).
لەهەمان چوارچێوەدا، بیرمەندی فەڕەنسی (فڕانسوا بورگا) لە کتێبەکەیدا (ئیسلامی سیاسی: دەنگی باشوور) ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە؛ ئەو تیرۆریزمەی لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژئاوا لە سەرەتای هەشتاکانەوە پەرەیسەندووە، تەنيا دەرەنجامی سروشتى توندی ئەو تەوژمە سیاسییە ئیسلامییانە نییە کە بە توندڕەو وەسف دەکرێن، بەقەدەر ئەوە دەرئەنجامی سروشتی ڕژێمە حوکمڕانییەکانى ئەو وڵاتانەشە کە بە هۆى چەندین بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری هاوبەشەوە هاوپەیمانی وڵاتە زلهێزەکانى ڕۆژئاوان، هەر ئەمەشە واى لەو ڕژێمانە کردووە کە بەشکردنى دەسەڵات لەگەڵ ئیسلامییەکان ڕەت بکەنەوە، وێراى هاوبەشییان لە چەندین بنەمای وەک ڕزگارکردنی نیشتمانەکەيان لە کۆڵۆنیالیزمێکی نوێ، کە بە پێچەوانەى ئەوەى ئیدیعای بۆ دەکات هیچ دیموکراسی بەلاوە گرنگ نییە، هاوکات ڕۆژئاواش ڕژێمە دیکتاتۆریيەکانی ئەم وڵاتانەى پێ باشترە لەو ئیسلامییە میانڕەوانەى کە چاکسازییان مەبەستە(١٣).
بەڕای (بورگا)، دەبێت ڕۆژئاوا ئەو لۆژیکەی خۆى بگۆڕێت کە ئیسلامییەکان وەک دوژمنێک کە بەهاکانی ڕەت دەکاتەوە دەبینێت، بەبێ ئەوەی لە هۆکاری یاخیبوونی ئیسلامییەکان لەو بەها دووفاق و دووڕوویيانەی ڕۆژئاوا بپرسێتەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییە ڕوپۆشکراوەکان بە خواستی کۆڵۆنیالیزمى و ئیمپریالیزمى داڕێژراون. ڕۆژئاوا لەو کاتەى کە بانگەشەى بۆ پشتیوانیکردنى لە دیموکراسی کردووە، هەرگیز دوودڵ نەبووە لە هاوپەیمانى بەستن لەگەڵ ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان لە زۆرێك لە وڵاتانى جيهانى ئیسلامی، لەپێناو دوورخستنەوەی ئیسلامییەکان لە بەشداریکردنی سیاسی لە حوکمدا. لەم بۆچوونەدا (بورگا) هاوڕاى بیرمەندی ئەمەریکی (نوام چۆمسکی)یە کە لەسەروبەندى شیکردنەوەیدا بۆ ڕووداوەکانى ١١ی سێپتەمبەر و واقیعی بەرکەوتنی ڕۆژئاوا بە تیرۆر پێى وایە کە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەو ڕووداوانەدا بەری ئەو سیاسەتە ناڕەوایەی خۆی چنييەوە کە چەندین دەیە لە جیهانی سێیەم بەگشتی و لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەتایبەتی گرتویەبەر، ئەو سیاسەتەی کە بووە هۆی کوشتنی چەندین قوربانی بێتاوانى وەک قوربانیانی هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر(١٤).
کەواتە، وەک چۆن ئیسلامییە میانڕەوەکانى وەک؛ (النهضة) لە تونس، (العدالة والتنمية) لە مەغریب و (مجتمع السلم) لە جەزائیر، کە داوای ئەنجامدانى چاکسازی و بەشداریکردنی سیاسی و تەبەنیکردنی دیموکراسی دەکەن، کوڕى شەرعى وڵاتانی ئیسلامین، هەرواش ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک (القاعدة) و (داعش) بەرهەمى ئەم وڵاتانەن، بەڵام توندڕەوییەکەى ئەمان دەرەنجامی خودی ئایینی ئیسلام نییە، بەڵکو وەک (بورگا و چۆمسکی) وای دەبینن دەرەنجامى کاردانەوەی سیاسییە دژى ئەو تیرۆری دەوڵەتەى کە ڕژێمە حوکمڕانەکانى وڵاتانی ئیسلامی دژی هاووڵاتییان و ئیسلامییەکانیان پیادەى دەکەن، هەروەها دەرەنجامى کاردانەوەیە دژی دووڕوویى پێوەر و بەهاکانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا، کە بە ڕوویەک ئیدیعای دیموکراسى دەکەن و بەڕوویەکی تر پشتگیری ڕژێمە دیکتاتۆرییە عەرەبی و ئیسلامییەکان دەکەن.
تەوەرى دووەم: کاریگەرى بزاڤە ئیسلامییەکان لە پرسه جیهانی و نیشتمانيیەکان
کاریگەری بزاڤە ئیسلامییەکان لە سەر پرسە جیهانی و نیشتمانییەکان پەیوەستە بەو هەوڵەى بۆ گەیشتن بە چەند ئامانجێکى ڕاگەیەنراو دەیدەن، کە گرنگترینیان بریتییە لە پڕۆژەی نوێکردنەوەی ئیسلام و گەڕاندنەوەی بۆ پێشەوایەتی شارستانییەت لە جیهاندا، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەى هەژموونى ڕۆژئاوا و بەها دووفاقییەکانی کە بە بڕواى ئەوان تەنیا لەسەر بناغەى بەرژەوەندییە ماددییەکان بوونیادنراوە. لەم چوارچێوەیەشدا کاریگەری بزاڤە ئیسلامییەکان و هەوڵەکانیان لەسەر ئاستى نیشتمانى و ناوچەیی وڵاتانى خۆیان و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە:
– یەکەمیان؛ پەیوەست بوو بە سەرهەڵدانى هزرى ئیخوان موسلیمین، لە ماوەی چارەکی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، کە پێداگری لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی کۆڵۆنیالیزم دەکرد.
– دووەمیان؛ هاوکات بووە لەگەڵ شەپۆلەکانی سەربەخۆبوونى وڵاتە ئیسلامییەکان لە کۆڵۆنیالیزم، بە درێژایی چارەکى دووەم و سێیەمى سەدەى ڕابردوو، لەم قۆناغەدا ڕەتکردنەوەى قۆرخکاری نوخبە ستەمکارە بەناو نیشتمانییەکانی دواى کۆڵۆنیالیزم لەو وڵاتانەدا چەکى هزر و خەباتى ئیسلامیەکان بوو.
– سێیەمیشیان؛ لە سەرەتاى ساڵانى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردووەوە دەست پێدەکات، لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی ئەوەى پێی دەوترا سیستمی نێودەوڵەتى نوێ کە بەپێ بەرژەوەندییە تاک جەمسەرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەڵاڵە کرابوو، ئەم قۆناغە تا ئێستا بەردەوامى هەیە.
هەوڵ و ئامانجى بزاڤە ئیسلامییەکان لە هەموو ئەم قۆناغانەدا لەگەڵ ئارەزووى نوخبە حوکمڕانە تاکڕەوەکانى ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوادا بەریەککەوتنى گەورەى هەبووە. سەرەڕای ڕەخنە و هەڵمەتە ئەمنییەکان لە دژی ئەم بزاڤانه لە هەرسێ قۆناغەکەدا، بەڵام زۆرێک لەم بزاڤانه بوونە هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە چەند وڵاتێکی ئیسلامیدا، بەڵکو ژمارەیەکیان توانیان بگەن بە دەسەڵات، بەتایبەت لە چەند وڵاتێک لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەپێش و لەپاش بەهاری عەرەبی، وەک تورکیا، میسر، تونس، مەغریب و فەلەستین.
لە هەموو ئەو هەوڵانەدا دەتوانین وەک توێژەری فەڕەنسی (ئۆلیڤیە ڕوا) کاریگەرى بزاڤە ئیسلامییەکان لە پرسه جیهانی و نیشتمانییەکاندا بە بەشدارییان لە بە جیهانیکردنی ئیسلام و ئینجا بە ڕۆژئاواییکردنیشدا پێوانە بکەین. دیاردەی پەڕینەوەى ئیسلام بۆ ڕۆژئاوا، کە (ڕوا) بە زاراوەى (بە جیهانیبوونی ئیسلام) ناوزەدى کردووە، کە هاوکات ناونیشانى یەکێک لە کتێبەکانێتى، پەڕینەوەیەکى نائاسایی نەبوو (لە ڕێگەی داگیرکردن، یان باوەڕهێنانى بەکۆمەڵ)، بەڵکو پەڕینەوەیەکى ئاسایی بووە لە ڕێگەی کۆچ و بارى خۆویستانەى ئەو موسڵمانانەوە کە لەپێناو گەڕان بەدوای کار، یان دۆخێکی بژێوى باشتردا ڕوویان لە ئەوروپا کردووە. لێرەدا بەبڕاى (ڕوا)؛ لە کاتێکدا کە بزاڤە ئیسلامییە میانڕەوەکان یارمەتیدەرى قووڵکردنەوەی ئایین و ئایینداری بوون لەنێو خەڵکى وڵاتانی خۆیاندا، تەنانەت لەنێو ڕەوەندەکانیشیاندا لە ڕۆژئاوا، بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان بەکردارى پاڵنەرى جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و بە عەلمانیکردنی ژیانی سیاسی بوون، چونکە ئەم بزووتنەوانە چی تر سەر بە هیچ جوگرافیایەکی تایبەت، یان وڵاتێکى دیاریکراو نین، بەڵکو جۆریک لە کاراکتەرى بە جیهانگیریکراون کە بە جیهاندا دێن و دەچن و کوێرانە توندوتیژی بێ ئامانج ئەنجام دەدەن، بەڵام لەناو خودی وڵاتە ئیسلامییەکاندا بزاڤە ئیسلامییە میانڕەوەکان لە پێشووتر نیشتمانیتر و دیموکراتیتر بوون و زیاتر لە جارانیش ئاوێزانى پرۆسەی سیاسی بوون. هەر بۆیە ڕێگریکردن لە دیموکراسی، بەڕاى (ڕوا)، هەمیشە لەلایەن بزاڤە ئیسلامییەکانەوە نەبووە، هێندەى ئەوە لەلایەن ئەو نوخبە عەلمانییە حوکمڕانانەوە بووە کە ڕۆژئاوا پشتیوانی کردوون(١٥).
جگە لەوە، زۆربەی بزاڤە ئیسلامییەکان ئێستا زیاتر لەوەى ئیسلامی بن، نەتەوەین. بۆ نموونە بزووتنەوەى (حەماس) و (جیهادی ئیسلامی) لە فەلەستین ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینییە، هەرچەندە ئەو دەوڵەتە، بە بڕوای ئەوان، دەبێت ئیسلامی بێت، بەڵام نەتەوەییبوونی دەوڵەتەکە لە ئیسلامیبوونى لەپێشترە. ئیستا زۆربەی حزبە ئیسلامییەکان ڕوویان لە ناسیۆنالیزم کردووە هەر لە جەزائیر و تونس و میسرەوە تا فەلەستین و سوریا و عێراق و یەمەن و تورکیا. بە گریمانەى (ڕوا)؛ تا ئەم حزب و بزووتنەوانە زیاتر ڕوو لە هەستى نیشتمانی بکەن، زیاتر دیموکراتی دەبن، واتا زیاتر پشتگیری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن و ئەنجاماکانیشی قبوڵ دەکەن. هەروەها زیاتر دوژمنایەتی ئیمپریالیزم دەکە، وەک باقی گرووپ و حزبە ناسیۆنالیزمەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زیاتر و زیاتر دوژمنایەتی ئیمپریالیزم دەکەن، لێرەوە ناسیۆنالیستە ئیسلامییەکان لە هەمان ئەو هێڵى بەرگرییەدا وەستاون کە ناسیۆنالیستە عەلمانیەکان لێى وەستاون(١٦).
کەواتە بەپێى تێروانینەکانى (ڕوا)، هەرچەندە ئایینى ئیسلام تادێت بەرەو بە جیهانیبوون دەچێت، بەڵام بزاڤە ئیسلامییەکان و نەخش و کاریگەرییان تا دێت زیاتر و زیاتر بەرەو ناوچەییبوون و دەرگیربوون لەگەڵ بابەتە نیشتمانى و نەتەوەییەكانی وڵاتەکانیان دەچن، بەڵام لێرەدا جیاوازی لە نێوان بزاڤە ئیسلامییەکان و جۆرێکى دى لە ئیسلامییەکان دەکات: یەکەمیان ئەو بزاڤانەن کە پێگەى کۆمەڵایەتی و پڕۆژەی سیاسی نیشتمانییان هەیە و زیاتر لە حزبە نەتەوەییەكانی وڵاتەکانیان نزیکن و ئەولەویاتەکانیان بووەتە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، لەبەرئەوەش خستنەڕووى بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لەلایانەوە وەک پێشتر ڕەواجى نەماوە، بۆیە چانسى گرتنى جێگایەک بۆخۆیان لەناو پرۆسەی سیاسی وڵاتەکانیاندا زیاترە، هەر وەک ئەگەرى بە دیموکراتییبوونیشیان زیاترە.
سەبارەت بە جۆری دووەمیان، کە (ڕوا) بە (ئوسوڵییە نوێیەکان) و (ڕادیکاڵە نوێیەکان) ناوزەدى کردوون(١٦)، ئەو گرووپە سیاسییە ئیسلامییانەن کە قووڵایی کۆمەڵایەتییان لە وڵاتێکى دیاریکراودا نییە و خاوەنى هیچ پرۆژەیەکی سیاسی نین، بەڵکو زیاتر وەک کاراکتەرى بە جیهانگیریکراوى نزیک لەو بزووتنەوە دژە ئیمپریالیستانە دەردەکەون کە تەنیا کاردانەوە و پێشنیاری جیهانییان هەیە، بۆ نموونە ڕێکخراوى ئەلقاعیدە، نوێنەرایەتی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی لە هیچ وڵاتێکى دیاریکراودا ناکات، بەڵکو زیاتر وەک بەرەیەک، یان هاوپەیمانییەک هەڵدەسوڕێت و هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە دژایەتی و لێدانی ئەمەریکا، تەنانەت گەر لە ماڵەکەی خۆیشیدا بێت، وەک لێدانی هەردوو تاوەرى بازرگانی لە نیویۆرک. ئەم جۆرە بزووتنەوانە دوورن لە پێشکەشکردنی هەر تێزێکى ئایینی، زیاتر لە بزووتنەوە چەپە دژ بە جیهانگیرییەکان نزیکن، پاشان شەڕەکەیان لە دژى ئیمپریالیزمە، کە ئەمەریکا نوێنەرایەتی دەکات، هەروەها لەدژى هێما جۆراوجۆرەکانییەتى، وەک هێما ئابوورییەکان (دوو تاوەرەکەى بازرگانی) و هێما سەربازییەکان (پێنتاگۆن)، نەک دژى هێما ئایینییە جیاوازەکان (وەک کەنیسەکان، یان تەنانەت ڤاتیکان کە هێمای مەسیحیین).
باسى سێیەم: سیناریۆ و پێودانگەکانى ئایندەى بزاڤە ئیسلامییەکان
تەوەرى یەکەم: سیناریۆکانى ئایندەى بزاڤە ئیسلامییەکان
بە ڕەچاوکردنى ئەو کاریگەرییەى تائیستا بزاڤە ئیسلامییەکان لە پرسە جیهانی و نیشتمانییەکاندا هەیانبووە و بە تێڕامان لەو خوێندنەوانەى کە بیرمەندان و توێژەران سەبارەت بەو بزاڤانە خستویانەتە ڕووە، دەتوانین ئایندەى بزاڤە ئیسلامییەکان بەم سیناریۆیانە وێنا بکەین:
– باڵادەستبوونى ئیسلامییەکان لە دەسەڵاتدا: بەشێوەیەک کە لە هەندێک وڵاتى ئیسلامیدا تا ڕادەیەکى زۆر پرۆسەى بڕیاردانى سیاسى لە دەسەت ئیسلامییەکاندا بێت، بەڵام ئەوەى پێشبینى دەکرێت لەم سیناریۆیەدا ئەوەیە کە دەشێت ئیسلامییەکان بۆماوەى کورتخایەن بتوانن چارەسەرى هەندێک لە گرفتە پەروەردەیى و خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکانى وەک تەندروستى و نیشتەجێبوون بکەن، بەڵام لە درێژخایەندا ناتوانن ئەو قەیرانە بوونیادییانە تێببپەڕێنن کە ڕژێمە حوکمڕانییە عەلمانى و ناسیۆنالیزمى و هەندێک جاریش سۆسیالیزمییەکانى پێش خۆیان دووچارى هاتبوون. بەڵگەى ئەمەش ژیانى سیاسى تورکیایە لە سایەى حوکمڕانى (پارتى داد و گەشەپێدان)دا، کاتێک دەبینین دواى بیست ساڵ لە حوکمڕانى ئیسلامییەکان هێشتا پرسى کورد لەم وڵاتەدا چارەسەرێکى گونجاوى بەپێى جیهانبینى ئیسلامى بۆ نەکراوە، بەڵکو لەم پرسەدا هەڵوێستى بڕیاربەدەستانى داد و گەشەپێدان زۆر جیاواز نەبووە لە عەقڵى ئەو نوخبە عەسکەرى و سیاسییە عەلمانی و نەتەوەیی و بەناو لیبراڵییەى کە بە درێژاییى هەشتا ساڵ (١٩٢٣ – ٢٠٠٣) پارێزەرى بنەما کەمالییەکانى تۆرانییەتى کۆمارى تورکیا بوون.
– بەشداریکردنى ئیسلامییەکان لە دەسەڵاتدا: کاتێک لە هەندێک وڵاتدا پارتێکى ئیسلامى (یان چەند پارتێک)، بە هاوبەشى لەگەڵ حزبى دەسەڵاتى پێشوو، یان حزبى نائیسلامیدا بچێتە ئەو هاوپەیمانییەوە کە حکومەت پێکدهێنێت، بەمەش ببێتە بەشێک لە دەزگاى دروستکردنى بڕیارى سیاسى لە وڵاتدا، بەڵام ئەوەى پێشبینى دەکرێت لەم سیناریۆیەدا ئەوەیە کە هاوبەشی پێکردنى ئەم پارتە ئیسلامییانە زیاتر بۆ ڕووکەشکردنى ڕژێمى حوکمڕانییە بە هەندێک ڕووکارى لیبڕاڵى و دیموکراسى، نەک سوودوەرگرتن لە دیدگا و جیهانبینییە ئیسلامییەکەیان بۆ چارەسەرکردنى گرفت و قەیرانەکانى پرۆسەى حوکمڕانى وڵات. بەڵگەى ئەمەش ژیانى سیاسى مەغریبە لە سایەى بەشداریکردنى سەرەکى (پارتى داد و گەشەپێدان) لە پێکهێنان و سەرکردایەتى حکومەتى ئەو وڵاتەدا هەر لە ٢٠١١ ەوە تا ئێستا، کە هەر خودى داننان بە هاوبەشی پێکردنى ئەم پارتە لە حکومەتدا لەژێر فشارى ئەو دۆخەدا بوو کە بەهارى عەرەبى لە وڵاتانى ناوچەکەدا خولقاندبووى. وێڕاى ئەوەى بەشدارى ئەم پارتە لە حکومەتدا ڕۆڵى بەرچاوى هەبووە لە زیادکردنى بوودجەى زۆرێک لە سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانى وەک (تەندروستى و پەروەردە و بیمەى کۆمەڵایەتى)، لەگەڵ ئەنجامدانى چەندین چاکسازى لە بوارى ئابووری و کۆمەڵایەتى، بەڵام هەمیشە زۆرێک لە سەرکردەکانى بەوە تۆمەتبارکراون کە لە بەرامبەر دەسەڵات و دەوڵەتدا ئاسنکارن.
– بوونى ئیسلامییەکان بە ئۆپۆزسیۆن: ئەم بژاردەیە تاڕادەیەکى زۆر بەندە بەوەوە کە تا چ ڕادەیەک ڕژێمى حوکمڕانى ڕێگە بە کارى سیاسی و بەشداریکردنى ئیسلامییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا دەدات، کە زۆربەى کات ئەم ڕێگەپێدان و کرانەوەیە بە ڕووى ئیسلامییەکاندا بە ناچارى بووە، بەڵام هەلێکى گونجاو بووە تا لە ڕێگایەوە ئیسلامییەکان فشار لەسەر دامەزراوەکانى حوکمڕانى و ناوەرۆکى بڕیار و سیاسەتە گشتییەکانیان دروست بکەن، هاوکات کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگەى مەدەنى دابنێن و ئاڕاستەى هەندێک لە ڕێکخراوەکانى بکەن، بەڵگەى ئەمەش پارتى (بەرەى کارى ئیسلامى- جبهة العمل الإسلامي)یە لە ئوردون کە لە ماوەى سى ساڵى ڕابردوودا، وەک باڵى سیاسى ئیخوان موسلیمین لەو وڵاتەدا، بەشدارى زۆربەى هەڵبژاردنەکانى کردووە و ڕۆڵێکى بەرچاوى لە پیادەکردنى ئۆپۆزسیۆنى پەرلەمانى بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نەیتوانیوە ببێتە بەدیلى پارتە پارێزگار و میانجیە نزیکەکان لە دەسەڵات، هەر وەک نەیتوانیوە بە هاوکارى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى دى فراکسیۆنێکى پەڕلەمانى هێندە کاریگەر پێکەوە بنێ کە ڕێگرى لە هەندێک ئەجێنداى سیاسەتى دەرەکى و ناوخۆیی حکومەت بکات، یان لانى کەم فشارى زیاتر بە ئاڕاستەى فراوانکردنى پرۆسەى بە دیموکراسیکردنى وڵات بکات.
– دوورەپەرێزى و دەستبەرداربوونى ئیسلامییەکان لە کارى سیاسى: بەتایبەت کە ئەگەرى گواستنەوەى دیموکراسى لە وڵاتەکانیاندا لاواز بێت و وڵامى ڕژێمە حوکمڕانەکان بەرامبەریان تەنیا سەرکوتکردن و بەکارهێنانى توندوتیژى بێت، لە ئەگەرى دۆخێکى وەهادا دەشێت زۆربەى بزاڤە ئیسلامییە میانڕەوەکان تەنیا ئیکتیفا بە کارى پەروەردەیى و بانگخوازى بکەن و خۆیان لە کارى سیاسى ئاشکرا بە دوور بگرن، بەڵام مەرج نییە هەموو ئیسلامییەکان تاسەر بەم بژاردەیە قایل بن، کە بەپێى ئەزموونى حوکمڕانى زۆربەی وڵاتانى جیهانى ئیسلامی لە ماوەى پێش بەهارى عەربیدا، بەشێک لەو بزاڤانە و ڕەگەز و سەرکردەکانیان پەنایان بۆ کارى نهێنى و ڕووبەڕووبەنەوەى چەکدارى لەگەڵ ڕژێمە حوکمڕانەکانى وڵاتەکانیان بردووە، ئەمەش زەمینەیەک بووە بۆ سەرهەڵدان و برەوسەندنى گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، کە ئایندەى بەردەوامبوونیان لە سایەى جەنگى جیهانى دژ بە تیرۆردا ئاڵۆز و ناڕوونە.
لە ڕاستیدا مەرج نییە هەمیشە ئەم سیناریۆیانەى سەرەوە، دەقاودەق بە هەمان ئەو شێوە سادەیە بێنەدى کە ئێمە لێرەدا خستومانەتەڕوو، بە تایبەت کە دەشێت هەر سیناریۆیەک بەشێوەى جیاواز بەپێى دۆخى جیاوازى وڵاتان و ژمارەى بزاڤ و پارتە ئیسلامییە کاراکان تێیدا قابیلى ڕوودان بێت، کە ڕەنگە لە جیاتى یەک پارت، دوو پارتى ئیسلامى یان زیاتر، پێکەوە لە دەسەڵاتدا باڵادەست بن، یان بەشێوەى هاوپەیمانى بەشدارى لە دەسەڵاتدا بکەن یان پێکەوە ببنە ئۆپۆزسیۆن، هەروەها ڕەنگە لە یەک وڵاتدا دوو لەم سیناریۆیانە، یان زیاتریان بە قۆناغى یەک لەدواى یەک ڕوو بدەن، بۆ ئەمەش مێژووى سیاسى بزاڤە ئیسلامییەکان لە وڵاتێکى وەک میسردا بەڵگەیەکى ڕوون و ئاشکرایە. بەهەرحاڵ پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کە ئەو سیناریۆیانەى سەرەوە بۆ ئەو بزاڤە ئیسلامییانە گونجاون کە بە تەوژمە میانڕەوەکان ئەژمار دەکرێن، بەڵام سەبارەت بە گرووپ و ڕێکخراوە ئیسلامییە توندڕەوەکان ئەوا دەکرێت زۆربەى کات ئایندەیان لە دوو سیناریۆى سەرەکیدا وێنا بکرێت:
– سیناریۆى زەوتکردنى دەسەڵات بە توندوتیژى و هێزى چەکدارى؛ دیارترین بەڵگە بۆ ئەمە بریتییە لە ئەزموونى حوکمڕانى تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ماوەى نێوان (١٩٩٦-٢٠٠١)م یان لە دواى گەڕانەوەى چەکدارییان بۆ حوکمڕانى ئەو وڵاتە لە (مانگى ئابى ٢٠٢١)ەوە. هەروەها ئەزموونى حوکمڕانى داعش لە بەشێک لە عێراق و سوریا لە ماوەى نێوان (٢٠١٤-٢٠١٧).
– سیناریۆى ئەنجامدانى کردەى تیرۆریستى و دروستکردنى هەڕەشە و فشارى ئەمنى؛ جا لەدژى ڕژێمە حوکمڕانەکانى ئەو وڵاتانە بێت کە لە سنوورى جوگرافیاندا کاران، یان لە دژى هێما و بەرژەوەندى وڵاتانى زلهێز و ڕۆژئاوا بێت، بەڵگەى ئەمەش ئەزموونى گرووپە تیرۆریستییەکانە لە ماوەى ڕابردوودا، هەر لە گرووپەکانى وەک (الجماعة الإسلامية و جماعة الجهاد الإسلامي) لە میسر لە ساڵانى شەستەکان و حەفتاکانى سەدەى ڕابردووەوە تا گرووپەکانى وەک ئەلقاعدە و بۆکۆحرام و داعش لە ئێستادا.
تەوەرى دووەم: پێودانگەکانى ئایندەى بزاڤە ئیسلامییەکان
بە گشتى ئەگەرى ڕوودانى هەریەک لەو سیناریۆیانەى کە لە تەوەرى پێشوودا خرانەڕوو، لەگەڵ ڕادەى توانستى بزاڤە ئیسلامییەکان لە پیادەکردنى دیدگا و کاریگەرییان لە هەر یەک لەو سیناریۆیانەدا بەندە بە چەندین پێودانگەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن(١٨):
– دەستێوەردان یان پشتیوانى دەرەکى: بە تایبەت لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانى گۆڕەپانى نێودەوڵەتییەوە، کە هەرچەندە لە سەردەمى جەنگى سارددا، ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پاڵنەرێکى بەهێزبوون بۆ کرانەوەى ڕژێمى حوکمڕانى ژماریەک لە وڵاتانى جیهانى ئیسلامى بە ڕووى بزاڤە ئیسلامییەکاندا لەپێناو بەرگرتن لە تەوژمە نەتەوەیى و شۆڕشگێڕییەکان و لاوازکردنى هێز و بزاڤە سۆسیالیستییەکان، بەڵام بەپێى ئەزموونەکانى سێ دەیەى ڕابردوو، وا پێشبینى دەکرێت زۆربەى کات لە داهاتوودا هەڵوێستیان لە دژى پارت و بزاڤە ئیسلامییەکان بێت و لە بەرژەوەندى ڕژێمە حوکمڕانەکان، یان هێزە نەیارەکانى ئیسلامییەکان بێت.
– ڕۆڵ و پێگەى سوپا لە سیستمى حوکمڕانى وڵات: بە تایبەت لەو وڵاتانەدا کە دەزگا سەربازییەکان کاریگەرى گەورەیان لەسەر پاراستنى پایەکانى دەوڵەت و ئاڕاستەکردنى بڕیارە سیاسییەکانی هەیە، هەر وەک ڕۆڵى سوپاى میسر لە ماوەى پێش بەهارى عەرەبی و لە کاتى ئەزموونى حوکمڕانى ئیخوانەکان (پارتى ئازادى و دادپەروەرى) لەو وڵاتەدا و لە پاش کۆتاییهێنان بەو ئەو ئەزموونەش.
– بوونى کۆت و بەندە دەستووری و سیاسییەکان: وەک چڕکردنەوەی دەسەڵات و هەژمووندارکردنى دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە سەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە و بەتاڵکردنەوەى دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەربەخۆیى و ڕێگریکردن لە میدیاى ئازاد و یاریکردن بە یاسا و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنەکان و کاریگەرى دانان لە سەر ئەنجامەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان لە ژیانی سیاسیدا.
– دۆخى بوونیادى کۆمەڵایەتى و ئابوورى وڵاتە ئیسلامییەکان: کە هێشتا لە سایەى نەریتە خێڵەکییەکاندا دەژى و بارگاوییە بە دابەشکارییە تائیفییەکان، بەشێوەیەک کە ڕێگرە لە بە دامەزراوەییکردنى کاری حزبى و ڕێکخراوەیى لەبەردەم زۆربەى بزاڤە ئیسلامى و نائیسلامییەکانیشدا. ئەمە وێڕاى دواکەوتوویی ژیانی ئابووری و گرفتاربوونى بە دەستوەردانى بەردەوامى دەوڵەت لە کایەکانیدا، کە ڕێگرە لە گەڵاڵەبوونى هۆشیاری پێویست بۆ دروستکردنی کێبڕکێی ئازاد لە نێوان دامەزراوە سەربەخۆکاندا.
– سروشتى کولتووری سیاسى باو لەو وڵاتانەدا: کە زۆربەى کات لەسەر بنەمای سەرکردەى کاریزمى و ئیلهامبەخش بوونیادنراوە، سەرکردەیەک کە خاوەنی حەقیقەتى ڕەهایە و ڕاوێژ و بەشداری دامەزراوەیی قبوڵ ناکات؛ هەروەها ئەو کولتوورەی کە لەسەر بنەمای باوەڕ نەبوون بە ئازادی و ڕێزنەگرتن لە ڕاى بەرامبەر و نەڕەخساندنى هەلى پێکەوەژیان لە نێوان ئاڕاستە جیاوازەکاندا بوونیادنراوە. کە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی حزبایەتى بە پلەى یەکەم و ئینجا فرەیی سیاسى و حزبیش، کە دواجار ڕێگرن لە دەرکەوتنى بزاڤە ئیسلامییەکان وەک حزبى کاریگەر و بە دامەزراوەیی بوو.
– پێکهاتەى ناوخۆیی بزاڤە ئیسلامییەکان خۆیان: کە کەمجار پابەندن بە بنەما دیموکراتییەکان لە ڕێکخستنى ئۆرگانەکانیان و دانانى سەرکردەکانیان لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی هزرى تاکڕەوى و بڕیاردانی تاکلایەنەى ڕابەرەکانیان، بەڵکو زۆربەی پارت و بزاڤە ئیسلامییەکان لەڕووى ڕێکخراوەییەوە شلۆق و ناتوندوتۆڵن و لەژێر هەژموونی تاکەکەسی هەندێک لە سەرکردەکانیاندان و هیچ کۆتوبەندێکى ڕوون بۆ دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی ڕابەر و سەرکردە و کەسى یەکەمیان لە ناوخۆی بزاڤەکەدا نییە، ئیدى زەحمەتە چاوەڕوانی ئەوە لەم جۆرە پارت و بزاڤانە بکرێت کە ببنە سەرچاوەى چاکسازیکردن و بوونیادنانى حوکمڕانییەکى دروست لە وڵاتدا.
کۆتایی: لەجیاتى ئەنجام
هەرچەندە زۆربەى بزاڤە ئیسلامییەکان لەو دیدگایەدا هاوڕان کە ئیسلام تاکە ئایینى حەق و چارەسەرى سەرەکییە بۆ زۆربەى گرفت و قەیرانەکانى وڵاتەکانیان، بەڵام هەموویان لە بوارى کارى سیاسییاندا هاوشێوە نین، کە زۆربەیان میانڕەو و ئەوانی تریان توندڕەون، هاوکات تواناى جێبەجێکردنى دیدگاکانیان لە پرسە نیشتمانییەکانى وڵاتانى جیهانى ئیسلامى و پرسە جیهانییەکاندا جیاوازە، بەپێى ئەمەش کاریگەرییان لە هەردوو ئاستەکەدا هاوشێوە نییە، هەر بۆیە لە کاتێکدا کە بزاڤە ئیسلامییە میانڕەوەکان زیاتر بەرەو تێکەڵبوون لەگەڵ پرسە نیشتمانى و ناوخۆییەکانى وڵاتەکانیان دەچن، گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان زیاتر لە ململانێ بەجیهانگیریکراوەکانەوە گلاون، بەڵام پێدەچێت لە هەموو بارەکاندا چی دىکە تێگەیشتنەکانى ئەم بزاڤانە لەگەڵ ئەو بە جیهانیبوونەدا یەکنەگرێتەوە کە لە ئێستادا ئیسلام وەک ئایین بە خۆیەوە دەیبینێت، ئیدى سیناریۆکانى ئایندەى ئەو بزاڤانە لە وڵاتەکانى خۆیاندا هەرچییەک بێت، حوکمڕانى یەکلایەنەى خۆیات بێت، یان هاوبەشی پێکردنیان بێت لە حوکمدا، قبوڵکردنى بژاردەى ئۆپۆزسیۆن بوون بێت، یان دوورەپەریزى بێت لە کارى سیاسى، زەوتکردنى دەسەڵات بە توندوتیژى و هێزى چەکدارى بێت، یان ئەنجامدانى کردەى تیرۆریستى و دروستکردنى هەڕەشە و فشارى ئەمنى بێت دژى ڕژێمە حوکمڕانەکانى وڵاتانی خۆیان، یان لە دژى هێما و بەرژەوەندى وڵاتانى زلهێز و ڕۆژئاوا. لەم دۆخەشدا دەشێت سیناریۆى (پۆست-ئیسلامیزم) بەو شێوەیەى کە ئەکادیمى و کۆمەڵناسى ئێرانى (ئاسیف بەیات) لە کتێبى (ژیان وەک سیاسەت: چۆن خەڵکی سادە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن)(١٩) خستویەتییە ڕوو، پێشبینیکراو بێت، کە تێیدا بەدەر لە بزاڤە ئیسلامیەکان و پارت و هێزە تەقلیدییەکان، گرووپ و خەڵکى نابزاڤى کۆمەڵایەتی گەورە وەک (ژنان و گەنجان و هەژارانى نیشتەجێبووى شارەکان)، بە پشتبەستن بە ڕەگەزە ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستانەییەکان لە گۆمەڵگا ئیسلامیەکان و لە خودى ئیسلامیشدا، کار بۆ گۆڕانکاریی و بەدیهێنانى بەهاکانى فرەیی و داپەروەرى و ئازادى و حوکمى زۆرینە و دابینکردنى مافەکان دەکەن. ئەم سیناریۆیەش بە واتاى پووکانەوەى تەواوەتى بزاڤە ئیسلامییەکان دێت لەسەر گۆڕەپانى سیاسەتى نیشتمانى و نێودەوڵەتى، یان لانی کەم بە واتاى کاڵبوونەوەى ڕۆڵ و کاریگەرییان دێت هاوشێوەى ئەو گرووپە مارکسى و کۆمۆنیستییانەى کە لە دوو سەدەى ڕابردوو لە زۆر لە هاوکێشە و ڕووداوە نیشتمانى و نێودەوڵەتییەکاندا خاوەن ڕۆڵى کاریگەربوون، بەڵام لە ئێستادا لە زۆر ناوچەى جیهاندا بە ئاستەم دەتوانن درێژە بە بوونێکى ڕەمزى و ڕووکەشى خۆیان بدەن. پێشبینیکرنى ئایندەیەکى هاوشێوە بۆ بزاڤە ئیسلامییەکانیش ڕەنگە بۆ نزیک مەودا زەحمەت دەرکەوێت، بەڵام بۆ دوور مەودا ئەستەم نییە.
——–
پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١) يوسف القرضاوي، أولويات الحركة الإسلامية في المرحلة القادمة، مكتبة وهبة، ١٩٩١، ص ٩.
(٢) محمد فتحي عثمان، التجربة السياسية للحركة الإسلامية المعاصرة، دار المستقبل، ١٩٩١، ص ٢١.
(٣) الشیخ ڕاشد الغنوشي، الحركة الاسلامية ومسألة التغيير، المركز المغاربي للبحوث والترجمة، ٢٠٠٠، ص ١١.
(٤) محمد حسين فضل الله، الحركة الاسلامية هموم وقضايا، دار الملاك، ط ٤، ٢٠٠١، ص ٥.
(٥) حسن محمد طوالبه، خطر الاسلام السياسي بين الحقيقة والافتعال (دراسة)، موقع الحوار المتمدن، العدد: ٣٥٥٧، ٢٥/١١/٢٠١١، على الرابط الآتي:
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=284855
(٦) عبد الوهاب الأفندي، الحركات الإسلامية: النشأة والمدلول وملابسات الواقع، فی: الحركات الإسلامية وأثرها في الاستقرار السياسي في العالم العربي، مركز الإمارات للدراسات والبحوث الاستراتيجية، أبو ظبي، ٢٠٠٢، ص ١٣.
(٧) د.فيصل محمد عبد الغفار، الربيع العربي، الجنادریە للنشر والتوزیع، ٢٠١٥، ص ١٣.
(٨) علي العبدالله، الإسلام السياسي والعنف، موقع الجمهوریة، ١٢ /١١/ ٢٠١٣، على الرابط الآتي:
https://aljumhuriya.net/ar/2013/11/12/22108/
(٩) عبد الوهاب الأفندي، المصدر السابق، ص ١٣.
(١٠) حسن محمد طوالبه، المصدر السابق.
(١١) غراهام إي-فوللر، مستقبل الإسلام السياسى، ت: محمد محمود التوبة، مکتبة العبیکان، ٢٠١٦، ص ص ٣٢ – ٥٠.
(١٢) المصدر نفسە، ص ص ٥١- ١٠٠.
(١٣) فرانسوا بورجا، الإسلام السياسي: صوت الجنوب، ترجمة لورين فوزى زكري، دار العالم الثالث للنشر، مكتبة الاسكندرية، 2001، ص ص 18-25.
(١٤) نعوم تشومسكي، الحادي عشر من أيلول: الارهاب والارهاب المضاد، ت: ڕيم منصور الأطرش، دار الفكر بدمشق، ص ص 29-43.
(١٥) أوليفيیه ڕوا، عولمة الإسلام، ت: لارا معلوف، دار الساقي، ط ٢، ٢٠١٦، ص ص ٩-٣٠ و ص ص ٥٧- ٨٣.
(١٦) المصدر نفسه، ص ص ٣١ – ٤٣.
(١٧) المصدر نفسه، ص ١٤١ و ص ١٩٥.
(١٨) مركز القدس للدراسات السياسية، الأحزاب الإسلامية والديمقراطية بين النظرية والممارسة، موقع المركز، ١٢ /١٢/ ٢٠٠٩، على الرابط الآتي:
https://alqudscenter.org/index.php?l=ar&pg=QUNUSVZJVElFUw==&sub=UmVwb3J0cyBhbmQgV29ya2luZyBQYXBlcnM=&id=734#
(١٩) آصف بیات، الحياة سياسة: كيف يغير بسطاء الناس الشرق الأوسط؟)، ت: أحمد زاید، المركز القومي للترجمة، القاهرة، ٢٠١٤، ص ص ٤٧٧- ٤٨٨.