جێگیرکردنی قەیران
هەردی مەهدی میکه
گەر «پیاهەڵدانی یەکتر» نەبێتە سیاسەتکردن، قسەڵۆک و تارمایی پۆپۆلیستی بخرێتەوە لاوە، چارەسەری ڕیشەیی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی هەنووکەیی، جگە لە پێکهێنانی «حکوومەتێکی زۆرینە» هیچی تر نییە، چونکە کولتووری سیاسی و بەرپرسیاریتی هەڵنەگرتن و قووڵیی تەماحی حزبەکان و ئیدارەدانی حکوومەت کاراترە. «کێکی حکوومەت» بەشی پێنج «هێز» ناکات، باشترین ڕێچارە ڕێککەوتنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پاکێجەی کە پێکەوە حکوومەتی بنکەفراوان و پەرلەمانی پێ پێک هات و هەردووکیانی ئیفلیج کرد و پێنج هێزی لە ڕووی مافەوە کردە خاوەنی حکوومەتێک و لە ڕووی ئەرکیشەوە هیچیان بەرپرسیارێتییەکەیان هەڵنەگرت.
باو وایە لانیکەم هەندێک لە پەرلەمانتار و سیاسییەکان لە تەنگانەدا ببنە چارەساز گەرچی لەسەر حسێبی جەماوەرەکەشیان بێت، نەک ببنە سەرچاوەی کێشە. باوی ئێرە وایە «سیاسییەکان» هێندە دەسەپاچە ماون، که بەداخەوە ئومێدبەستنەوە بەوانەوە خۆی «دەرکی ئومێدداخستنە»*، حزبەکان دۆزینەوەی ڕێچارە دەسپێرنە دراوسێکەیان، پێکیشەوە (بە کردەیی) درێژە بە دۆخێک دەدەن کە ئەرک و نائومێدییەکە بۆ هاونیشتیمانی دووهێند دەکەنەوە.
لە ئێستادا سێ وتەزای «کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوە بۆ پێش ١٢/١٠»، «گۆڕینی سێ سەرۆکایەتییەکە» و «پڕۆژە تەوافوقخوازەکان» کراونەتە دەسکەلا و ڕێچارە بۆ چارەسەر، کە جگە لە ڕاگرتنی دۆخی نالەبار و گەڕانەوە بۆ «هۆکانی سەرهەڵدانی کێشەکان» نەک «هەنگاوی ڕیشەیی»، هیچیان خۆیان لە وەسفی دەقیقی قەیرانەکان نادەن و بە دەوریدا دەخولێنەوە، سیاسییەکانیش لە بەبازاڕکردنی ئەم کێشانەدا بە «چارەی مێژوویی» و «ئاشتەوایی» و «چارەیی قەیرانی ئابووریی خزمەتگوزاری» دەیچوێنن، لە کاتێکدا:
١.کاراکردنەوەی پەرلەمان بە هەمان پەیکەربەندی پێش ١٢/١٠/٢٠١٥ گەڕانەوە بۆ سفر و کێشەکەیە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان ئەنجامی ئەمڕۆ، چونکە ڕیشەی تێکچوونی پەرلەمان لە کێشەی یاسای سەرۆکایەتی و پرسیاری «سەرۆکی هەرێمدایە»، کارایی پەرلەمان بە دەرکردنی پڕۆژە یاسا دەبێت، هەر پڕۆژەیاسایەکیش پێویستی بە واژۆی سەرۆکی هەرێمە و دەی لە بنچینەدا سەرۆکی پەرلەمان لەبەر ئەوە ڕێگری لێ کرا و دوور خرایەوە چونکە باوەڕی وایە سەرۆکی هەرێم «بەسەر چووە». کەواتە دیسانەوە دەکەوینەوە ناو جەدەلەکە، خۆ سازشکردنیش لەسەر دۆسیەکی وا، ئەوا سازش لەسەر ڕێککەوتنێکی نێوان حزبەکان هەڵبژێرێت یان بکشێتەوە، بۆ پاراستنی «گوتارە جەماوەرخوازەکەی» باشترە، تا بچێتەوە ناو یارییەک کە لە ڕووی «هێزەوە» پێشتر تاقی کردووهتەوە و تێیدا دۆڕاوە.
٢.»ڕێچارە»ی گۆڕینی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەش، لە واقیعدا ئەمە هەنگاوە جگە لە کارتێکی سیاسی شتێکی تر نییە، وا سێ مانگە چ ئەوەی دەسپێشخەرییەکەی کردووە هەنگاوێکی کردەیی بۆ نەناوە و کاندیدێکی تری نییە، چ نەیارەکانیش ڕوون دیارە کە نە بەدیلییان هەیە و نە کاندید و دەسەپاچە لەو پرسەدا ماون. جیا لەوەش دیسانەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پڕۆسەی تەوافوق کە لە بنچینەدا تەوافوق بۆ پینەکارییە نەک چارەسەر. حکوومەتی بنکەفراوانیش کە بهرهەمی تەوافوقە هەردەم حکوومەتێکی لاواز و موجامەلەباز و هەڵهاتووە لە بەرپرسیارێتی.
٣.دەمێنێتەوە پڕۆژەکانی حزبەکان و بەتایبەت ئەوەی یەکێتیی، چونکە لە ئێستادا جگە لە یەکێتیی (بە حوکمی مێژوو، هێز، ئابووری، پەیوەندی و شەراکەت و میراتگری موئەسەساتی ئەزموونی هەرێم) ناتوانرێت هەنگاوێک لە دەرەوەی ئەو و بێ ئەو بنرێت، نراشبێت شکستی هێناوە (وەک ١٧ی نیسانی گۆڕان و پ.د.ک).
ئەم پڕۆژانە لە ناوەڕۆکیانەوە، دەردەکەوێت جگە لە موماتەڵە و موجامەلەی هەموو هێزەکان، جورئەتێک و هەنگاوێکی زەمەنی، چارەسەری ڕیشەیی نەک پینەکاری، کردەیی و بوێرانەیان لێ ناخوێنرێتەوە.
پڕۆژەی ڕاستەقینە بۆ ئێستای هەرێم گەر هەموو لای ڕازی کرد، ئەوە پڕۆژە نییە و هەڵهاتووە لە چارەسەر، پڕۆژەیەک کاتی دیاریکراو و پلان و پلانی بەدیلی دوای کاتی دیاریکراو تیانەبوو، ئەوە دەبێتە کارتی سیاسەت و قسە بۆ میدیا، نەک بۆ کارکردن لە گۆڕان لە پرۆسەیەکی بنبەستوودا و جێگیرکردنەوەی قەیرانەکان.
______
* وەرگیراوە لە مەسرەعێکی هێمن موکریانییەوە.