• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 15, 2024

بەڕێوەبردنی تەنگژەكان ڕووسیا لە نێوان گەمارۆكانی ڕۆژئاوا و ئاڵنگارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئامادەكردن و وەرگێڕان: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

ئەم خوێندنەوەیە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی ستراتیژی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت تیشك خستنە سەر ئەو هۆکارانەی کە لە سزا ئابوورییە سەپێنراوەكاندا دەركەوتوون و کاریگەرییان لە سەر ئەم ستراتیژە جێهێشتووە، لێرەدا باس لە گۆڕانکارییە ئابووریی و سیاسییەکانی ڕووسیا دەکەین، كە چۆن ئامانجەكانی لە ژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکارییانەدا دادەڕێژرێت، هەمان كات پێداچوونەوەیەك بە پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و وڵاتە گەورەکانی ناوچەکە دەكات.

دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ڕووسیا خۆی لە بەردەم داڕشتنی سیاسەتێکی نوێی دەرەکیدا بینییەوە، ئەویش لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا کە ئەمەریکا تێایدا باڵادەست بوو، بەم پێیە ڕووسیا ناچار بوو خۆی لەگەڵ واقیعێکی نوێدا بگونجێنێت کە بە هەژموونی ئەمەریکا و فشارە ئابوورییە ناوخۆییەکانی ڕسكابوو. هەر بۆیە ئاڕاستە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لەم سەردەمەدا لە سەر ئەم خاڵانە كۆ ببووەوە:

قۆناغی یەکەم: ئاڕاستەی یۆرۆئەتڵەسی

ڕووسیا سەرنجی لە سەر نزیكبوونەوە بوو لە ڕۆژئاوا، بە تایبەتی لەگەڵ گرووپی ناتۆ، چونكە ئەم دیدگایە باشترین ئامراز بوو بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی ئابووریی درێژخایەن، هەر بۆیە دانی بەوەدا نا کە بووەتە زلهێزێکی نێودەوڵەتی و لەم چوارچێوەیەشدا سیاسەتێکی نائایدیۆلۆژیی گرتە بەر کە لەگەڵ واقیعی نێودەوڵەتیی نوێدا یەک دەگرێتەوە. ڕووسیا خۆی لە پەرەسەندن لەگەڵ ئەمەریکا بەدوور گرت و سەرنجی خستە سەر هاوکاریی سەربازی و چەکداماڵینی یەکلایەنە، ئەم سەردەمە شایەتی هاوکاری لە بوارەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بوو وەک سەپاندنی سزا بەسەر یوگۆسلاڤیا.

قۆناغی دووەم: سیمای ئۆراسیایی

ڕووسیا سیمای ئۆراسیای خۆی و دیدگای نوێی بۆ خۆی وەک وڵاتێکی ئۆراسیایی دووپات کردەوە، ئەمەش وای کرد سیاسەتی خۆی بەرەو ئەم جیهانە ئاڕاستە بکات. ڕووسیا کارى کردووە بۆ بەرزکردنەوەى یەکگرتن لەگەڵ وڵاتانی نزیک لە دەرەوە و وڵاتانی ئۆراسیا، وەک: ئێران، تورکیا، چین، هیندستان و ئۆکراین، هەر بۆیە ڕووسیا بڕیاری دا بە شێوەیەکی تاکلایەنە ڕێککەوتننامەی سەربازی و چەك لە ئەورووپا ببەستێت، هاوکات جەختی لە سەر پێویستیی  كاراكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی کۆمۆنوێڵس و رێكخستنی سیاسەتێکی دۆستانە لەگەڵ ڕووسیادا دەكردەوە، پاشان لە ڕێگەی کاریگەری لە سەر کەرتی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی خاکەکەیەوە دەستی بە گوشارخستنە سەر وڵاتانی کۆمۆنوێڵس کرد. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییانە چوارچێوەیەکی گرنگیان بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی ڕووسیا لە قۆناغی دوای جەنگی سارددا پێک هێنا، بەو پێیەی یەکگرتن و فرەچەشنییەکەی لە کارلێککردن لەگەڵ دەوروبەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەرکەوت.

لەگەڵ ئەوەدا، سزا ئابوورییەکان چەكێكی كاریگەرن لە ململانێی مەزنەوڵاتاندا، ئەویش وەک پەرچەكردارێک لە بەرامبەر پێشێلكاریی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکاندا، یاخود فشار خستنەسەر ئەو حکومەتانەی کە سزاکانیان کردووەتە ئامانج بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە ئابوورییەكانیان، لە نموونەی: (وەستاندنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانیان، یان دانانی سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکان مافی مرۆڤ…، وێڕای ئەوە چەندین جۆری سزای ئابووری هەیە، لەوانە: سەپاندنی قەدەغەکردنی تەواوەتیی پەیوەندییە بازرگانییە دوولایەنەکان یان ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەندێک کاڵا، یان قەدەغەکردنی کڕینی چەک و یاساغكردنی فڕین، یاخود بلۆككردنی سەروەت و سامانی دارایی و کەمکردنەوەی یارمەتییە دەرەکییەکان… هتد). بەڵام سەرەڕای زیادبوون و فراوانبوونی شێوە و قەبارەی گەمارۆدانەكان، زۆرێک لەو وڵاتانەی كراونەتە ئامانج توانیویانە ڕێژەی گەشەسەندنێكی ئەرێنی بەدەست بهێنن، ئەمەش مشتومڕی لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دروست کردووە. شیکارییە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە تا چەند گەمارۆی ئابووری و ناکۆکیی بازرگانی و تەکنەلۆژی کاریگەرن لە دروستکردنی ئاڵنگارییە ئابووری و سیاسییەكان، بە تایبەت بۆ هێزێكی جەمسەری و ئاڵۆزی وەک ڕووسیا، بەو پێیەی توانییان ڕووبەڕووی بارودۆخی ئابووریی سەخت ببنەوە و ئەو بارە ناهەموارە بۆ گۆڕانێكی هەستپێكراو لە گەشە و بەرەوپێشچوون چنگ بخەن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئۆکراین، سزای پەرەسەندنیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە و کەرتە گرنگەکانی دارایی و بانکی، بازرگانی، وزە، گواستنەوە، تەکنەلۆژیا و بەرگرییان کردووەتە ئامانج، هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە یەدەگی دراو و دۆلار شێوێنرا و سامانی زۆرێک لە بازرگانان و دەوڵەمەندانی ڕووسیای بەست، هەروەها ئازادیی بەشێک لە بانک و کۆمپانیاکانی ڕووسی بۆ چوونە ناو بازاڕەکانی سەرمایەی سنووردار کرد، قەدەغەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ بانکە ناوەندییەکانی ڕووسیا و دەرکردنی هەندێک لە بانکەکانی ڕووسیا لە سیستمی جیهانیی SWIFT . بەم پێیە ڕووسیا بووەتە ئەو وڵاتەی کە زۆرترین زیانی بەردەم سزاکانی لە جیهاندا هەیە، هەر بۆیە پێشبینی دەکرا شەڕی ئۆکراین و دواتر سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر مۆسکۆدا فشارەكان گەلێک زیاتر بن، بەڵام لە دوای ئەو دابەزینە بەرچاوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا تۆمار کرا، ڕێژەی گەشەی ئابووریی ڕووسیا سەرلەنوێ بەرز بووەتەوە، کە لەم نەخشەیەی خوارەوەدا دەرکەوتووە.

خشتەی گەشەسەندنی ئابووری ڕووسیا لە قۆناغی سەپاندنی سزای ئابووریدا

لەم ژمارەیەدا ڕێژەی گەشەی ئابووریی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتە ٣.١%، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی ١.٢% کەم بووەتەوە، دواتر تا ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١.٣% خاو بووەوە، ئەمەش ڕەنگە بەو مانایە بێت کە ئەو گەشەکردنەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمار کراوە پاڵنەر بووە، جگە لەوەش لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤دا سندووقی دراوی نێودەوڵەتی چاوەڕوانییەکانی بۆ خێرایی گەشەی ئابووری لە ڕووسیا بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز کردەوە، واتە لە ١.١% لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ ٢.٦%. بەم پێیە گەشەی ئابووریی ڕووسیا بەم هۆکارانە ڕوون دەکرێتەوە:

  • فرەچەشنیی جێگرەوەكان: ئەو وڵاتانەی دەكەونە بەر سزا ئابوورییەكان، بەدوای ئەڵتەرناتیڤی نوێدا دەگەڕێن، بۆ وێنە ڕووسیا هەوڵی دا بەدوای شوێنی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هەناردەکردن جیا لە یەکێتیی ئەورووپا. هەناردەی مۆسکۆ بۆ وڵاتانی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٦٨% کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٨٤.٩ ملیار دۆلار، هاوردەکردنی بە ڕێژەی ١٢.٣% کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٧٨.٥ ملیار دۆلار، ئەمە بەراورد بە زیادبوونی هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی ئاسیا (بە تایبەت چین و هیندستان) لە هەمان ساڵدا بە ڕێژەی ٥.٦% بۆ ٣٠٦.٦ ملیار دۆلار، هەروەها هاوردەکردن بە ڕێژەی نزیکەی ٢٩.٢% بۆ ١٨٧.٥ ملیار دۆلار. ئەمەش وای کرد ڕووسیا بتوانێت زیادەی بازرگانیی خۆی بپارێزێت، کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتە ١٤٠ ملیار دۆلار. هەناردەکردن نزیکەی ٤٢٥.١ ملیار دۆلار و هاوردە نزیکەی ٢٨٥.١ ملیار دۆلار بووە.
  • گۆڕانکاری لە نەخشەی بازرگانیی وزەی ڕووسیا: لە بەر ڕۆشنایی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ پشتبەستن بە دراوە نیشتمانییەکان لە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی تردا، هەمان كات فرۆشتنی بەرهەمە وزەییەکان بە نرخێکی کەمتر لە نرخی جیهانیی خۆیان و داشکاندنی 30% لە سەر نەوت و غازی سروشتی بە بەراورد بە بازاڕی جیهانی، لە ئەنجامدا هەناردەی نەوتی ڕووسیا بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە 3.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2021 بۆ 0.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2023 دابەزیوە، بە بەراورد بە زیادبوونی هەناردەکردنی ڕووسیا بۆ چین و هیندستان لە 1.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و 0.1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2023 بۆ 2،3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و 1،9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2023دا، وەک لەم ژمارەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت:

 

خشتەی هەناردەكردنی نەوتی ڕووسیا لە قۆناغی سزادانی ئابووریدا

لەم بارەیەوە ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا، لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە پشکی ئەورووپا لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا بۆ نێوان ٤ بۆ ٥% دابەزیوە بە بەراورد بە ئاستی ئۆکراین پێش جەنگ کە ٤٠ بۆ ٥٠% بووە.

  • دەربازبوون لە سزاکان: وڵاتانی سزادراو هەمیشە بەدوای ڕێگەیەكی نافەرمین بۆ خۆدزینەوە یان دەربازبوون، ئەویش لە ڕێگەی پەنابردن بۆ تۆڕی کۆمپانیا و ناوەندە ساختەکانی دەرەوەی سنوورەكانی خۆیان، یاخود دروستکردنی کەناڵ و دامەزراوەی جێگرەوە بۆ مامەڵەی دارایی و ئابوورییەكان، لە نموونەی کردنەوەی هەژماری بانکیی ساختە لە پێناو دەستگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. لەم ڕووەوە مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی بەلەمێکی سێبەر لە تانکەر و کۆمپانیاکانی دڵنیایی دژەڕۆژئاوا بۆ دەربازبوون لە سزاکان.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕەپانێک بۆ ململانێی پۆتین لەگەڵ ئەمەریکادا

فرۆشتنی چەک و چالاکی و پەیوەندیی نیمچەسەربازیی ڕووسیا لە سەرانسەری ناوچەکەدا، بناغەی فراوانکردنی کاریگەری و پێشخستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دژ بە ڕۆژئاوایە، لە كاتێكدا ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام لە پەرەسەندندان، تەنانەت پێگەی داهاتووی ئەمەریکا وابەستەی ڕۆڵی ئایندەی ڕووسیایە لە ناوچەكەدا، بە تایبەت كە مۆسکۆ پەیوەندییە بەرگرییەکان بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت کێبڕکێی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.

پێش شەڕی ئۆكراین، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا دووەم پێناو و بازاڕی بایەخداری چەک بوون، لە كاتێكدا ڕووسیا وەک یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی چەکە لە جیهاندا و لە دوای ئەمەریکا لە پلەی دووەمدایە، بەڵام لە پاش شەڕی ئۆكراین، ڕووسیا لە ڕێگەی پەیوەندییە بەرگرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی بەرەوپێش دەبات، ئەویش لە ڕێگەی فرۆشتنی چەک و مەشقی سەربازیی هاوبەش و گەیشتن بە بنکە سەربازییەکان و بەکارهێنانی هێزی نیمچەسەربازی لە نموونەی گرووپی ڤاگنەر .

ئەو زانیارییانەی کە لە دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI)ەوە دەست کەوتوون، دەریدەخەن کە پشکی ڕووسیا لە هەناردەکردنی چەکی جیهانی پێش لەشکرکێشیی بۆ سەر ئۆکراین دابەزیوە. بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕەوتە ئەوەیە کە هیندستان کە گەورەترین کڕیاری چەکی ڕووسییە، هاوردەکردنی ئەو چەکانەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.

ڕووسیا بەردەوام بووە لە گرنگیدان بە فرۆشتنی چەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە جۆرێک لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١، دەزگای فیدراڵیی ڕووسیا بۆ هاوکاریی سەربازی-تەکنیکی، لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە هەناردەی سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا نزیکەی شەش ملیار دۆلار بووە، واتە لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ %ی کۆی هەناردەکردنی سەربازی، هەمان كات ڕووسیا كاراترین دابینکەری چەک بوو لە جەزائیر تا ساڵی ٢٠٢١، بە تایبەتی لە دابینکردنی چەند سیستمێكی پێشكەوتوو وەک فڕۆکەی جەنگی، لەنێویاندا سیخۆ/ ٥٧ .

دوای لەشکرکێشیی ئۆکراین، ڕاپۆرتەکان بە پشتبەستن بە بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو کە دابینکردنی چەکی ڕووسیا بە هۆی کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنەوە سنووردار بوو. لە ڕاستیدا بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتای داگیرکردنی ئۆکراین بە شێوەیەکی تایبەت نیگەرانیی خۆیان دەربڕی کە ڕووسیا ناتوانێت گرێبەستە هەبووەکان جێبەجێ بکات. دوای دوو ساڵ ئەم ترسانە پشتڕاست کرانەوە، دوای ئەوەی دامەزراوە سەربازییەکەی ڕووسیا شکستێکی چەقێنەری بە دەستی ئۆکراینییەکان وەرگرت، ئەمەش پیشەسازیی چەکی ڕووسیای ناچار کرد سەرنجی تەواوی خۆی بەرەو پاراستن و بنیاتنانەوەی هێزەکانی لە ئۆکراین بگۆڕێت.

كارابوونی جموجووڵی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیشتە ئاستێک ڤلادمێر پۆتین سەردانی فەرمیی هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات بكات و لەوێدا ڕایبگەیەنێت کە ئیمارات هاوبەشی سەرەکیی بازرگانیی ڕووسیایە لە جیهانی عەرەبیدا. بە پێی هەندێک ڕاپۆرت، بابەتەکانی گفتوگۆی ئەو کۆبوونەوانە بریتی بوون لە بازرگانیکردن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو. هەروەها لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە كە عەبدولفەتاح سیسی؛ سەرۆکی میسڕ، ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە ڕادەستکردنی نزیکەی ١٥٠ بزوێنەر. ئەم ڕاپۆرتە دوای ئەوە هات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا باس لە ڕێککەوتنێکی دیکەی نێوان ڕووسیا و میسڕ بۆ ناردنی ٤٠ هەزار مووشەک بۆ ڕووسیا كرا، ئەگەرچی ڕێککەوتنێک کە دوای گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر میسڕ کۆتایی هات.

خشتەی كاریگەرییەكانی ڕووسیا لە هەناردەكردنی چەك بۆ ڕژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەم وێنە گشتییە ئەوە پیشان دەدات، کە لە کاتێکدا ڕەنگە توانای ڕووسیا بۆ هەناردەکردنی چەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە درێژخایەندا سنووردار بێت، بەڵام مۆسکۆ هێشتا گرنگی بە ناوچەکە دەدات کە وەک ئەکتەرێکی گرنگ سەیری دەکات لە هاوسەنگکردنی کێبڕکێی زلهێزانی ناوچەكە، هەر بۆیە پێدەچێت فرۆشتنی چەک هێمایەک بێت لە سیاسەتی دەرەوەی مۆسکۆ لەم کێبڕکێیەدا، وەک لەم نەخشەیەدا هێمای بۆ كراوە.

فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی و گرووپی ڤاگنەر

ئامانجێکی ستراتیژی سەرەکیی ڕۆژئاوا بریتییە لە دوورخستنەوەی ڕووسیا لە دەریای ناوەڕاست، ئەم هەڵوێستە ڕێگە بە ڕووسیا دەدات کە فشاری دیپلۆماتی و ئابووری بخاتە سەر یەکێتیی ئەورووپا و هێزی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا نمایش بكات. هاوكات ئەگەر ڕووسیا پێگەی خۆی لە دەریای ناوەڕاست زیاتر بەهێز بکات، کاریگەریی لە سەر توانای شەڕی ئۆکراین دەبێت، بەڵام لە کاتێکدا ڕۆژئاوا ئامادە نییە یارمەتیی ئۆکراین بدات، ڕەنگە ڕووسەکان دەرفەتی زیاتر لە باکووری ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینن. بەم پێیە ڕووسیا نەک هەر بنکە هەمیشەییەکانی خۆی لە سووریا بە تایبەت لە تەرتووس و حمەیمیم دەپارێزێت، بەڵکوو بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بنکەیەکی دەریایی لە لیبیا، وەک ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕووسیا پلانەکانی بۆ بەدەستهێنانی مافی جێگیربوونە لە بنکەیەکی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا.

خشتەی هێزەكانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

پێناچێت ئەم پلانانە کۆتایی پێ هاتبێت، بەڵام دیارە مۆسکۆ کار دەکات بۆ فراوانکردنی کاریگەرییە سەربازییەکانی لە لیبیا. تۆبروک بەندەرێکی قووڵی ئاوە و توانا لۆجستییەکانی ڕووسیا زیاد دەکات، بە تایبەت کە بەندەری تارتۆس لە سەر ئاوە قووڵەکانە. هەروەها ڕووسیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە بنکەیەکی دەریایی لە سوودان لە سەر دەریای سوور، بە ئامانجی گەیشتن بە کەناڵی سوێس و زەریای هیندستان و نیمچەدوورگەی عەرەبی.

بەشێکی زۆری هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ فراوانکردنی کاریگەرییە سەربازییەکانی، لە لایەن کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانەوە سەرکردایەتی کراوە، وەک گرووپی ڤاگنەر. ئەم گرووپە ئامرازێکی بەسوود بووە بۆ کرێملین. بە فەرمی ناوەکەی گۆڕدرا دوای ئەوەی هاوپەیمانی پۆتین (یڤگنی پریگۆژین) سەرکردایەتیی یاخیبوونێکی شکستخواردووی کرد و دواتر لە مانگی ئابی 2023 لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکدا گیانی لەدەست دا. دواتر وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دەستی بەسەر زۆرێک لە گرێبەستە ئەمنییەکان و کانگاکانی نەوت و زێڕی گرووپەكەدا گرت، هەر بۆیە کرێملین پێویستی بە هێزێکی نیمچەسەربازی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی، جا چ وەک گرووپی ڤاگنەر ، یان بە هەر ناوێکی تر.

 

ڕێكارێكی ستراتیژیی دوورمەودای ڕووسیا

لە ئەگەری بەردەوامبوونی دابەزینی ئاستی بازرگانیی چەک لە ڕووسیا و ئەو سزایانەی کە بەسەر کۆمەڵگە سەربازی و پیشەسازییەکانیدا سەپێنراون، ئەگەرچی كاریگەریی لە سەر دابەزینی ئاستی توانا سەربازییەکانی ڕووسیا و فراوانبوونی زیانەکانی لە ئۆکرایندا دەكات، بەڵام نیگەرانییەكی ئەوتۆ لە بەرەوپێشچوونی كاریگەرییەكانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست ناكات، چونكە ڕووسیا بەردەوامە لە کێبڕکێ بۆ کاریگەری لە ناوچەکەدا بە بەرزکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە بەندەرەکانی ستراتیژی و بەکارهێنانی گرووپ و بریکارەکانی نیمچەسەربازی، ئەمانە ڕووسیا لە نەبوونی فشاری ڕۆژئاوا بۆ ڕاگرتنی ئەو چالاکییانە كارا دەكات. هەر چەندە شەڕی ئۆکراین نەک تەنها نوێنەرایەتیی سیاسەتی سەربازی و دەرەوە دەکات، هەمان كات بزوێنەری سەرەکیی گەشەی ئابوورییشە. بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی ڕووسیا دەریدەخات کە بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەیان ساڵدا خەرجیی سەربازی و بەرگریی لە خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بووە.

بەم شێوەیە کاتێک باس لە پەیوەندییە بەرگرییەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێت، پێویستە ڕۆژئاوا ئامانجە ستراتیژییەکانی پۆتین و کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکراین لەبەرچاو بگرن، بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەکانی. لەوەش گرنگتر، ئەگەر کۆنگرێسی ئەمەریکا بەردەوام بێت لە دوودڵی و دواخستنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراین، ڕەنگە بەم زووانە ڕووسیا تەرازووەکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بگۆڕێت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، پێگەی ئەمەریکا لە جیهاندا کەم دەبێتەوە، نەیارانی زیاتر بوێرتر دەكات.

ئێران، داینەمۆی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی ڕووسیا

مێژووی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی ڕووسیا و ئێران بۆ چەندین سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە هاوکاریی ئابووری و کولتووری شێوەی گرتبوو، تەنانەت ئێران بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا کە درێژ بووەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست. لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد ڕەزا شای پەهلەویدا، پەرەسەندنێكی فراوان لە هاوکاریی نێو بوارەکانی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیدا بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران بە قۆناغی جۆراوجۆردا هەڵبەزودابەزی كردووە. لە سەردەمی ڤلادیمێر پۆتیندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گەشەسەندنی ئەرێنییان بەخۆوە بینیوە و هەردوو وڵات لە چەندین بواردا هاوکارییان کردووە، بە تایبەت لە چوارچێوەی پەیوەندییە سەربازییەكاندا ئاڵوگۆڕی کارای شارەزایی سەربازی و تەکنەلۆژی لە نێویاندا هەبووە، تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕووسیا و ئێران ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازییان ڕاگەیاند کە بریتی بوو لە دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس ٣٠٠) ڕووسیی پێشکەوتوو. ئەم ڕێککەوتنە بەشدارییەکی مەزنی لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگریی ئێران و باشترکردنی هاوسەنگیی ستراتیژی لە ناوچەکەدا کرد. پاشان لە چوارچێوەی تەنگەژەكانی سووریادا، ڕووسیا و ئێران لە دیارترین لایەنگرانی حکومەتی سووریا بوون و چالاكانە بەشداریی شەڕی دژی گرووپە توندڕەوەکانیان کرد.

توانای ڕووسیا بۆ بنیاتنانی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی خاوەن مێژووی ڕکابەری و دوژمنایەتی، نیشانەی لێهاتوویی دیپلۆماتیی ڤلادمێر پۆتینە لە تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. لە کاتێکدا ئەم پەرەسەندنانە یارمەتیدەر بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا و ڕەخساندنی جۆرێک سەقامگیری و گێڕانەوەی هاوسەنگی، بەڵام مەترسییەکانی دەوروبەری کردەوەی هاوسەنگکردنی ڕووسیا لە ناوچەکەدا دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین زیاتر بوون و مۆسکۆ تا دێت وابەستەی پشتیوانیی تاران بووە بە تایبەت لە بواری سەربازیدا.

زیاتر لەوە، لە چوارچێوەی جموجووڵەكانی ڕووسیا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا، بە تایبەت ئێران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا جۆن کیربی ی بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا کە ڕووسیا ئاستێکی بێوێنە لە پشتیوانیی سەربازی و تەکنیکی پێشکەش بە ئێران دەکات کە خەریکە پەیوەندییەکانیان دەگۆڕێت ، ئەمە لە كاتێكدا دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری شەهد لە لایەن ئێرانەوە بەرەوپێشچوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هەر بۆیە جگە لە ئێران وڵاتێکی تر نەیتوانیوە بە ئاشكرا هاوكاریی ڕووسیا بكات لە کوشتنی هاوڵاتییانی ئۆكراینی. جیا لەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا بریکاری وەزیری بەرگریی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ی ڕاگەیاندووە ئێران ڕێکخستنەکانی گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەرەکانی سوخۆی سوو-٣٥ ی دروستکراوی ڕووسیا بۆ ئێران کۆتایی پێ هێناوە.

هەر چەندە ڕووسیا تا ئێستا ڕێککەوتنەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، توانای تاران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە هێرشبەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و هەمان كات مەترسییەکی گەورە لە سەر دەوڵەتانی کەنداو دروست دەکات و هاوسەنگیی سەربازی لە ناو ناوچەکەدا بە قازانجی ئێران دەگۆڕێت، ئەمەش وای کردووە دەوڵەتانی کەنداو پلانی ئەمنی خۆیان بگۆڕن. بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، پێشتر ڕەوتێکی هاوکاریی ستراتیژی سەری هەڵداوە، لەوانە لە ڕێگەی مانۆڕی دوولایەنەی ڕووسیا-ئێران و مانۆڕی فرەلایەنەی ڕووسیا، چینی و ئێرانی، بە شێوەیەک کە مێژووەکەی لانی کەم بۆ پێنج ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بە تایبەت كاتێک هەریەک لە ڕووسیا، چین و ئێران یەکەمین مانۆڕی سەربازیی سێقۆڵییان ئەنجام دا. فەریق غوڵامڕەزا تاهانی بە پرێس تیڤیی دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند ئەو مانۆڕانە نیشانەی ئەوەن کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم سێ وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێکی بەسوود ، هەر بۆیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێشکەوتنەکانی لە پەیماننامەی ڕووسیا و ئێران سەبارەت بە هاوبەشیی ستراتیژی هەمەلایەنە ڕاگەیاند.

لە ساڵی ٢٠٢٤دا، هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە دیوە، بە تایبەت دوای ئامادەکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ کە بە قۆناغەکانی کۆتاییدا تێدەپەڕێت و چاوەڕوان دەکرێت لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکەکانی دوو وڵاتدا واژۆ بکرێت. بڕیارە ئەم ڕێککەوتنە هەموو پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئێران بگرێتەوە، هاوکات سروشتێکی هەمەلایەنە و ستراتیژی هاوبەشی نێوان دوو وڵات دامەزراندووە. هەر بۆیە ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند ڕەشنووسی ئەم ڕێککەوتنە لە قۆناغی کۆتایی هەماهەنگیدایە. ئەو ڕێککەوتنەی کە بۆ واژۆکردن ئامادە کراوە، هەموو لایەنەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابووری و سەربازی و سیاسیدا بەرز بکاتەوە.

نوێکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠١ و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی نێودەوڵەتی دێت، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە بەشێک بێت لە هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاریی هاوبەش و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتییان، هەمان كات ڕێککەوتنێكی لەو چەشنە  دەتوانێت چەند خاڵێکی هاوکاری و لێکتێگەیشتن لەخۆ بگرێت، لەوانەیە:

یەكەم: هاوکاریی ئابووری: بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنانی هاوبەش لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکاندا، ئەمەش پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات بەهێز دەکات.

دووەم: هاوکاریی سەربازی: فراوانکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران لە بوارەکانی وەک ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆژیای سەربازی، ڕاهێنانی سەربازی و بەرزکردنەوەی تواناکانی سیستمی بەرگری.

سێیەم: هەماهەنگیی سیاسی: بەهێزکردنی هەماهەنگیی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات لە سەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، وەک قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

چوارەم: وزە: بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری وزەدا، جا چ لە بواری گەڕان و دەرهێنانی نەوت و گاز، یان پەرەپێدانی پڕۆژەی وزەی نوێبووەوە.

چوارەم: ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری: بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری لە نێوان هەردوو وڵات بە ڕێکخستنی بۆنەی ڕۆشنبیری و هونەری، هەروەها ئاڵوگۆڕی خوێندکار و پرۆژەی ئەکادیمی.

پێنجەم: هاوکاری لە بواری تەندروستی و زانست، بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بواری توێژینەوەی زانستی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە بواری پزیشکی و زانستیدا.

شەشەم: چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، هاوکاریکردن لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە ناوچەییەکان و داوای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا.

ڕەنگە کاریگەریی ئەم ڕێککەوتنە لە سەر پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئیسڕائیل ئاڵۆز بێت. بەو پێیەی هاوکارییە سەربازییەکانی ڕووسیا و ئێران گرژییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل زیاتر بکەن، بە تایبەتی ئەگەر نیگەرانیی ئەوە هەبێت کە تەکنەلۆژیای سەربازیی ڕووسیا لەگەڵ ئێران دژ بە ئیسڕائیل بەكار بهێنرێت، ئەگەرچی ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵێکی دیپلۆماتی بگێڕێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان و پاراستنی پەیوەندییەکانی ئێستا لەگەڵ هەمووان.

هەڵوێستی ڕووسیا سەبارەت بە قەیرانی سووریا لە نێوان یەکلاکردنەوە و پەرەسەندن

لە کاتی لێکۆڵینەوە لە هەڵوێستی ڕووسیا سەبارەت بە قەیرانی سووریا، بۆمان دەردەکەوێت کە نوێنەرایەتیی یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. گرنگیی ئەم تەنگەژەیە لە کاریگەرییەکانیدایە لە سەر هاوسەنگیی ناوچەکە و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕووسیا، بەو پێیەی ڕووسیا بایەخێكی زۆری داوە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچەکە.

ڕۆڵی ڕووسیا وەک ناوبژیوانێک لە یەکلاکردنەوەدا، یەکێکە لە لایەنە بەرجەستەکراوەکانی هەڵوێستی ڕووسیا، بە تایبەت كە هەوڵی دا ڕێگەچارەی دیپلۆماتی بەدەست بهێنێت بە بەشداریکردن لە دانوستانەکانی جنێڤ و ئاستانە، تاكوو سەقامگیریی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا گەرەنتی بکات. ئەم ڕۆڵە دیپلۆماتییە بە پێزانینی نێودەوڵەتی پێشوازیی لێ کرا، چونکە دەستپێشخەری و پێشنیارەکانی ڕووسیا بۆ چارەسەرکردن پێشکەش کرا. هەر بۆیە دەستتێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سووریادا تەنها پەرەسەندنی ئاستی سەربازی نەبوو، بەڵکوو کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر هاوسەنگیی هێز هەبوو. ڕووسیا پشتی بە پاڵپشتیی ڕژێمی سووریا بەست بۆ بەرزکردنەوەی نفووزی خۆی لە ناوچەکە و پتەوکردنی پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا، لە كاتێكدا کاریگەریی ئەم دەستێوەردانانە تەنها لە لایەنی سەربازیدا سنووردار نەبوو، بەڵکوو بۆ کاریگەریی سیاسی و دیپلۆماتی درێژ بووەوە.

لەم ڕوانگەیەوە هاوسەنگیی ڕووسیا لە نێوان بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا وەها لێك درایەوە كە سیاسەتی ڕووسیا بەرامبەر بە قەیرانی سووریا، هەوڵێک بۆ گەیشتن بە هاوسەنگییەکی جێگیر لە نێوان بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیدا نیشان دەدات. لە کاتێکدا کار دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە یەکلاییکردنەوەی سیاسی، بەڵام ئامادە بوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پەرە پێ بدات ئەگەر گرژییە ناوچەییەکان پەرە بسێنن. ئەم هاوسەنگییە ڕەنگدانەوەی ستراتیژی بەدیهێنانی دەستکەوتی دیپلۆماتی و ئابوورییە، هاوکات گرنگیدان بە پاراستنی نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا. لەم گۆشەنیگایانەوە ڕووسیا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە لە درێژەدان بە ڕۆڵی خۆی لە یەکلاییکردنەوەی سووریادا، لەوانەش کێبڕکێ لەگەڵ یاریزانانی دیکەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگا بە ڕووی دەرفەتی نوێشدا دەکاتەوە بۆ ڕووسیا، جا چ لە بەهێزکردنی سەربازییەکەیدا بێت، یان لە بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆی وەک نێوەندگیرییەکی دیپلۆماتی.

کێبڕکێی ئەمەریکی -ڕووسی لە ژێر ڕۆشنایی قەیرانی سووریادا، ئامانج و دەرکەوتەکان

لە چوارچێوەی قەیرانی سووریادا، ڕوونە کە کێبڕکێیەکی توند لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیادا هەیە. توێژەران پێیان وایە ئەوەی لە سووریا و هەندێک وڵاتی عەرەبیدا ڕوو دەدات، دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکەیە لە ژێر كاریگەریی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ كە بە پڕۆژەی سایکس پیکۆی نوێ ناسراوە. بە پێی دیدگای ئەمەریکا، ئامانجی دابەشکردنی ناوچەکەیە لە سەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفی؛ بەسەر میرنشین و دەوڵەتە جەنگاوەرییەکان. ئەم پڕۆژەیە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئاسایشی ئیسڕائیل و پارچەپارچەکردنی ناسنامەی عەرەبی.

پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ کە بۆ ماوەیەک بە هۆی نەبوونی مەرجی گونجاوەوە ڕاگیرابوو، لە چوارچێوەی ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناسراوە، بە تایبەتی دوای دەستپێکردنی ڕووداوەکانی سووریا لە لایەن ئەمەریکاوە کارا کرایەوە. ئامانجی دابەشکردنی سووریایە بۆ چوار قەوارە یان دەوڵەتی بچووک، هەر بۆیە ئەمەریکا بەشدارییەکی بەرفراوان دەکات لە پاڵپشتیکردنی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا، دەسەڵاتدارانی سووریا پەراوێز دەخات و هەوڵ دەدات گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی ڕژێمی سووریادا بەدەست بهێنێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل و بێلایەنکردنی ئێران و تێکدانی نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا. لێرەشەوە ڕکابەریی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕێگریکردنە لە دەستگەیشتنی گرووپە تیرۆریستییەكان، هەروەها ڕەنگدانەوەی ململانێی سیاسی و ئابووریی نێوان ئەو دوو زلهێزە. لەم چوارچێوەیەشدا ئەمەریکا خواستی ئەوەی هەیە کە ناوچەکە لەقاڵب بداتەوە و بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئاڕاستەی بکات، لە کاتێکدا ڕووسیا؛ سووریا بە بەشێک لە نفووزی ناوچەیی خۆی دەزانێت و هەوڵ دەدات سەقامگیریی ڕژێمی سووریا بپارێزێت. بە شێوەیەکی گشتی قەیرانی سووریا وەک شانۆیەکی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەردەکەوێت، هەر لایەنێک هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ستراتیژی و دیاریکردنی ناوچەکانی نفووزی خۆی لەم ناوچە ناجێگیرەدا دەدات.

ئایندەی ستراتیژی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

تێگەیشتن لە داهاتووی ستراتیژی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە شیکردنەوەی وردی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بەردەوامەکان هەیە، بە تایبەت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گۆڕەپانی ئاڵنگاریی ئەمنی و ئابووری دەمێنێتەوە. لە داهاتوودا ڕەنگە ڕووسیا سەرنجی لە سەر بەرزکردنەوەی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت و وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هاوبەشدا بكات، لە هەمان کاتدا ڕەنگە ڕووسیا وەک ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردن لە چارەسەری سیاسی بۆ ململانێکانی ناوچەکە.

لە ئاستی ئەمنیدا، ڕەنگە ڕۆڵی ڕووسیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی ناوچەکە زیاتر بێت، بە تایبەت كە ڕووسیا چاوی لە بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی بەرگری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەشی ناوچەکەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانا و کاریگەرییەکانی. ئەمە لە كاتێكدا لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە، ڕووسیا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی سەقامگیری و کاریگەریی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە نموونەی ئەم ئاڵنگارییانە بریتین لە:

یەكەم: هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکان: بە واتای هاوسەنگی لە نێوان پەیوەندییەکان لەگەڵ یاریزانە جیاوازەکانی ناوچەکە، لەوانەش وڵاتانی عەرەبی، ئیسڕائیل، تورکیا، بەبێ ئەوەی تێوە گلێنین لە ململانێ ناوچەییەکان.

دووەم: مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکان: چۆنیەتیی کارلێککردن لەگەڵ گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی پێکهاتەکانی حوکمڕانی لە هەندێک وڵاتی عەرەبیدا، بە گرنگیدان بە پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە.

سێیەم: ڕاگرتنی هاوسەنگیی ناوچەیی: چۆنیەتیی بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بەرامبەر کێبڕکێی ناوچەیی، بە تایبەتی لەگەڵ زلهێزە گەورەکانی تری ناوچەیی.

چوارەم: ئاڵنگاریی ئەمنیی ناوچەیی: چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییە بەردەوامەكان، لەوانەش توندڕەویی ئایینی و تیرۆر.

پێنجەم: کاریگەریی ئابووری: چۆنێتیی بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکان و گەیشتن بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی لە بەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی بازاڕەکانی وزەی جیهانی، ئامانجە ستراتیژی و ئەمنییەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاستدا بەرجەستە دەکرێن و پێگە ستراتیژییەکان لە دەریادا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی هەنگاوەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە دوای قەیرانی ئۆکراین.

ڕووسەکان مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی هاوسەنگیی هێزی نێودەوڵەتی دەکەن، لەگەڵ زیادبوونی تواناکانی ڕووسیا، هەروەها تواناکانی ئەمەریکا بەرەو دابەزین دەچن، ئەمەش وا دەکات سیستمی نێودەوڵەتی چاوی لە فرەلایەنی بێت. گەشەسەندنی خێرای ڕووسیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوە دەردەخات کە بووەتە هێزێکی کاریگەر لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و قەیرانی ئۆکراین دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتنی ئاشکرا کردووە.

زیاتر لەوە، ئامانجی ڕووسیا کەمکردنەوەی هەڕەشەکانە لە سەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی، ئەمەش وای لێ دەکات هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دابمەزرێنێت، ئەمەش بەشدارە لە گەیشتن بە سەقامگیریی ناوخۆیی بۆ ڕووسیا و پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەرەوپێش دەبات. بە تایبەت كە ڕووسیا سەرنجی لە سەر شکستە سەربازییەکانی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە كاتێكدا بۆ گەیشتن بە ئاسایشی ناوچەکە ڕووسیا بەرەو دووپاتکردنەوەی بوونی خۆی لە ناوچەکەدا هەنگاو دەنێت. پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و بەکارهێنانیان وەک کارتی فشار دژ ئەمەریکا دەزانێت. هەمان كات ئامانجی ڕووسیا ماندووکردنی توانا ستراتیژییەکانی ئەمەریکایە لە ڕێگەی تێوەگلانی لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی بە قۆستنەوەی شکستە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک دۆخی عێراق. لەم دەرفەتەدا هەوڵ دەدەن دەستکەوت و کاریگەریی خۆیان لە ناوچەکەدا زیاد بکەن، لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنیان بۆ وڵاتانی هاوپەیمان، وەک ئێران و سووریا و بەرەوپێشبردنی نزیکبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.

ڕووسیا پێی وایە لە ڕێگەی کارلێکی بەهێزەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت کاریگەریی نێودەوڵەتیی خۆی بنیات بنێتەوە، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە کە لە لایەن زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمەریکاوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. قەیرانی ئۆکراین دەریدەخات کە ڕووسیا لە هەوڵی وەرگرتنەوەی نفووزی نێودەوڵەتیی خۆیدایە و ڕەتی دەکاتەوە لە سێبەری زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا بێت. هەروەها ئامانجی ڕووسیا بریتییە لە دووبارە پێناسەکردنەوەی دیمەنی نێودەوڵەتی و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بەو پێیەی ڕووسیا هەڵوێستێکی هاوئاهەنگی لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکەدا دەگرێتە بەر. هەمان كات هەوڵ دەدات پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی جیهانیی کاریگەر بەدەست بهێنێت و هەوڵ دەدات بە بەشداریی چالاکانەی خۆی سیستمی نێودەوڵەتی پێناسە بکاتەوە. هەر بۆیە ڕووسەکان بە گەیشتن بە هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، پێیان وایە کە دەتوانن کاریگەریی خۆیان بەرز بکەنەوە و دەستکەوتی ستراتیژی لە درێژخایەندا بەدەست بهێنن. هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی؛ ئامرازێکە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایشی ناوچەکە و گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بە تایبەتی لە بەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.

لە چوارچێوەی گەیشتن بە ئامانجەکانیدا، ڕووسیا هەوڵ دەدات هاوپەیمانی و هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک بهێنێت، لەوانەش وڵاتانی گرنگی ستراتیژی وەک ئێران و سووریا. ئەم هاوبەشییانە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لە بواری ئاسایش و وزە و بازرگانیدا دامەزراوە، بەم پێیە ڕێبازی ڕووسیا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڕاستەیەکی ستراتیژیی فرەڕەهەندە، بەو پێیەی ڕووسەکان هەوڵی گەیشتن بە ئامانجە ئابووری و سەربازی و سیاسییەکانیان دەدەن لەم ناوچەیەدا. ئەم ئامانجانە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە جیهانییەکان و ئاڵنگاریی نوێدا دێن کە ڕووبەڕووی سیستمی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، لە كاتێكدا ئەم ئامانجانە وەک بەشێک لە ستراتیژێکی بەرفراوانتر دەردەکەون کە کرێملین بۆ پێناسەکردنی ڕۆڵی ڕووسیا لە داڕشتنی داهاتووی ڕێكخستنی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی پێگەی جیهانیی ئەو وڵاتە دەیگرێتەبەر.

ڕۆڵی ڕووسیا لە چارەسەرکردنی ململانێی فەڵەستین و ئیسڕائیل، دەرفەت و ئاڵنگارییەكان

لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژیی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل بۆ ئاستێکی بێوێنە، قسەکردن لە سەر پێویستیی دەستتێوەردانی بەکۆمەڵ و کردەوەی هاوبەش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبێت و پێشنیار کراوە بۆ ئەم مەبەستە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ببەسترێت. فیدراسیۆنی ڕووسیا پاڵپشتێکی بەهێزی ئەم ڕێبازەیە، هەمیشە جەخت لە سەر گرنگیی گرتنەبەری ڕێبازێکی فرەلایەنە بۆ ئاستەنگەکانی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە. مێژوو نیشان دەدات کە هەوڵەکان بۆ قۆرخکردنی ڕۆڵی نێوەندگیری سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا لە چارەسەرکردنی ململانێکان، بەڵکوو بووە هۆی توندبوونەوەیان.

ئەرکی سەرەکی لە ئێستادا ئەوەیە کە بە خێرایی شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە بوەستێنرێت، دڵنیا بن لە پاراستنی خەڵکی سڤیل، دڵنیا بن لەوەی کە هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان بگاتە ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و ئازادکردنی بارمتەکان، بە پێچەوانەوە هەڕەشەکانی توندڕەوی و زیادبوونی چالاکیی تیرۆریستی دەمێننەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە فیدراسیۆنی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستپێشخەرییەکی بۆ بەستنی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد و بە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا. ئەم بڕیارە پشتگیریی لە بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەکۆمەڵ لە مۆسکۆ بۆ تاوتوێکردنی نیشتەجێبوونی عەرەبی و ئیسڕائیل پشتڕاست کردەوە. ئەزموونی هاوکاری کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی مەدریددا بەدەست هاتووە کە لە ئۆکتۆبەری ١٩٩١ دەستی پێ کردووە، دەتوانرێت بقۆزرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە ناوچەییدا.

فیدراسیۆنی ڕووسیا وەک یاریزانێکی دیاری دیپلۆماتی لە هەوڵەکانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین سەرلەنوێ سەر هەڵدەداتەوە، بەو پێیەی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئامانج لێی وەستاندنی شەڕی غەززە و بەدیهێنانی ئاگربەستی نێوان لایەنە ناکۆكەكان بوو. لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەدا داوای ئازادکردنی بارمتەکان کراوە، ئاسانکاری بۆ هاتنی هاوکارییە مرۆییەکان، ئەم پێشنیازە لە چوارچێوەی پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسڕائیل و پەرەسەندنی توندی ململانێکان هاتە ئاراوە، ئەمەش وا دەکات هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوە پێویست بێت.

لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە دیپلۆماتکارانی ڕووسیا هەوڵیان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بۆ ڕاگرتنی شەڕو پێکدادانەکان، هەمان كات بەدیهێنانی چارەسەرێکی خێرا بۆ قەیرانی مرۆیی لە غەززە، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایش نەیتوانی ئەم ڕەشنووسی بڕیارنامەیەی ڕووسیا پەسەند بکات، دوای ئەوەی نەیتوانی کەمترین ژمارەی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت کە ژمارەیان نۆ دەنگ بوو لە ئەنجوومەنی ١٥ ئەندامدا. جگە لەوەش، بزووتنەوەی حەماس هەڵوێستی ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیای بەرز نرخاند، کە ڕەتکردنەوەی دەستدرێژی و گەمارۆدانی سەر غەززەی دەربڕی، هەروەها پێشوازیی لە هەوڵەکانی ڕووسیا کرد بۆ ڕاگرتنی دوژمنایەتییەکان، جەختی لە سەر گرنگیی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و گرنگیدان بە گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە کردەوە.

ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی ڕووسیایە بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا، هەروەها بەرجەستەی پابەندبوونی خۆیەتی بە بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ململانێکانی ناوچەکە و گەیشتن بە سەقامگیری و کاریگەرییەکانی دەستپێشخەرییەکەی ڕووسیا و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئیسڕائیل و فەڵەستین. هەر بۆیە دوای خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکەی ڕووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاگربەست لە ململانێی ئیسڕائیل و فەڵەستین، جیهان بەهیوای تێگەیشتن لە کاردانەوەی ئەم دەستپێشخەرییە و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکانە. ڕۆڵی ڕووسیا لەم چوارچێوەیەدا جێی بایەخە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم ناوچەکە و شکستی سیاسەتە كلاسیكییەكانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، بەم پێیە کاریگەرییەکانی دەستپێشخەرییەکە و وەستاندنی توندوتیژی و بەدەستهێنانی ئاگربەست دەبێتە هۆی:

یەكەم: گەیشتن بە وەستانی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکان: بە واتای پاراستنی خەڵکی سڤیل و کەمکردنەوەی گیانلەدەستدان، کە بە پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەهرەمەندە.

دووەم: گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان: دەستپێشخەرییەکە بەشدارە لە کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاری و فریاگوزاری بەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی لە غەززە، بەمەش بارودۆخە دڵتەزێنە مرۆییەکان کەم دەبێتەوە.

سێیەم: دروستکردنی دەرفەت بۆ گفتوگۆ: هەروەها دەستپێشخەرییەکە هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی دروستکردنی هەلومەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلییەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە تاوتوێکردنی پرسەکانی دۆخی کۆتایی. لێرەدا ڕێگاکانی چارەسەرکردن دەبنە هۆیەک بۆ:

    یەكەم: پاڵنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکەی ڕووسیا بکات و فشار بکات بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ.

دووەم: دانوستان بۆ چارەسەری هەمیشەیی: پێویستە لایەنە ناکۆکەکان بە جددی بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری هەمیشەیی ململانێکان، بە بەشداریی وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سێیەم: هاندانی نزیکبوونەوەی سیاسی: ڕووسیا دەتوانێت هانی نزیکبوونەوەی سیاسیی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلییەکان بدات و گفتوگۆی بنیاتنەر بەرەوپێش ببات، بۆ ئەوەی زیاتر پەرەسەندن نەبێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵ و دەرفەتەکانی بەردەم ڕووسیا بریتین لە:

یەكەم: نێوەندگیریی دیپلۆماتی: ڕووسیا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە نێوەندگیری لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە گەیشتن بە خاڵی یەکلاكەرەوە.

دووەم: بەکارهێنانی کاریگەریی ئابووری: ڕووسیا توانای ئەوەی هەیە هاندەرە ئابوورییەکان پێشکەش بە لایەنە بەرژەوەندخوازەکان بکات، ئەمەش چانسی چارەسەری بەردەوام زیاتر دەکات.

سێیەم: جەختکردنەوە لە سەر دادپەروەری: ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە دووپاتکردنەوەی مافەکانی فەڵەستینییەکان و پێشخستنی چەمکی دادپەروەری و یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنە.

دەرەنجام

یەكەم: خوێندنەوە بۆ ستراتیژی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2024، لە سەر بنەمای تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانی ناوچەکە دامەزراوە. توێژینەوەکە ئاماژە بە پەرەسەندنی ستراتیژی ڕووسیا دەکات لە ئاڕاستەیەکی یۆرۆئەتڵەسییەوە بۆ جەختکردنەوە لە سەر ناسنامەی ئۆراسیا، لەگەڵ جەختکردنەوە لە سەر یەکگرتن و هەمەچەشنی لە وەڵامدانەوەیدا بۆ گۆڕانی ئاڵنگارییەكان.

دووەم: دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ڕووسیا ناچار بوو سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەگەڵ باڵادەستیی ئەمەریکادا بگونجێنێت. گرنگیدان بە یەکگرتنی ئابووری و هاوپەیمانییە ناوچەییەکان، تیشک دەخاتە سەر وەڵامێک بۆ فشارە نێودەوڵەتییەکان و ئاستەنگە ناوخۆییەکان.

سێیەم: لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیدان بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا و چین، گرنگیی پەیوەندییە ناوچەییەکان لە داڕشتنی ستراتیژی ڕووسیا لە ناوچەکەدا ڕوون دەبێتەوە.

چوارەم: ڕووسیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پشتی بە گرتنەبەری چەندین ڕێبازی ستراتیژی بەستووە، لە پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانەوە تا دەستتێوەردانی سەربازی، کە ئەمەش هێز و توانای خۆی نیشان دەدات لە گونجاندنی ستراتیژییەکانی بە پێی گۆڕانی بارودۆخەکان، هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ گرتنەبەری ڕێگەی گونجاو بۆ پاراستنی خۆی  و بەرژەوەندییەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ناوچەکەدا.

پێنجەم: شیکردنەوەی ستراتیژی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەریی فاکتەرە ئابووری و وزەییەکان دەردەخات، هەروەها گرنگیی ئابوورییەکی گەورە و سامانی سروشتیی مەزن لە ڕێنماییکردنی کارلێکی ڕووسیا لەگەڵ ناوچەکەدا نیشان دەدات، بە تایبەتی سەبارەت بە پیشەسازیی هەناردەکردنی نەوت. هاوکاریی ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی ئۆراسیاش، ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ئابووری و گەڕان بەدوای یەکگرتن لە بوارەکانی وزە و ئابووریدا دەردەخات.

سەرچاوەكان

1-    بسنت جمال (باحثة متخصصة في الاقتصاد الدولي)، إدارة البدائل، كيف ينمو اقتصادا روسيا والصين إيجابيا بالرغم من عقوبات الغرب؟ المسقبل للأبحاث و الدراسات المتقدمة، 29 آیار 2024، https://shorturl.at/HL

2-    دیمیتری بریجع: قراءة في الإستراتيجية الروسية للشرق الأوسط لعام 2024، CAES مركز الدراسات العربیة الأوراسیة، 24 يناير 2024، https://shorturl.at/HL

  • آنا بورشچێڤسکایا: كيف أصبح الشرق الأوسط ساحة لصراع بوتين على السلطة مع الولايات المتحدة، المعهد الواشنطن، 8 آذار 2024، https://shorturl.at/S

 

Send this to a friend