کۆرۆنا دەرگای زیندانەکان دەکاتەوە
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی جیھان، بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی لە زیندانەکاندا، ھەندێک لە وڵاتان، بڕیاری ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییەکانیان دا و بەشێکیشیان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئازادکردنی دەیان ھەزار زیندانیی.
بەشێک لەو کەسانەی لە زیندانەکانی عێراق و ئێراندا ئازادکراون، ئەو کەسانەن بە ماددەی تیرۆر یان چالاکی سیاسیی دژ بە دەسەڵاتی وڵات دەستگیرکراون و سزادراون.
لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانێکی گەورەی لە تەندروستی مرۆڤایەتیی و ئابوری جیھان داوە، بەڵام بووەتە ھۆی ئازادبوونی بەشێک لەو کەسانەی، چاوەڕێی پەتی سیدارە بوون یان حوکمی ھەتا ھەتاییان بەسەردا سەپێندرابوو.
لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئازادیی و ژیانی دەرەوەی لە ھەموان سەندەوە و ناچاری کردن بچنە ماڵەوە و دەرگا لەخۆیان دابخەن، بەڵام دەرگای بۆ سەدان ھەزار زیندانیی لە ھەموو جیھاندا کردەوە و ئازادی پێبەخشین.
ئێستا ئەوەی لە بەندە یاساییەکان، ماددەکانی تیرۆر و ماددەکانی تایبەت بە کار و چالاکی سیاسیی بەھێزترە، ڤایرۆسی کۆرۆنایە. ڤایرۆسێک وەک چۆن ھیچ سنور و جوگرافیایەک ناناسێت، ئاواش ھیچ بەند و ماددەیەکی یاسایی ناناسێت و دەرگای ئەو زیندانانە دەکاتەوە، بە ھیچ ھێزێکی دیکە نەدەکرانەوە، ھیوا بۆ ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە، ھیچ بەند و ماددەیەکی یاسایی نەیدەتوانی ھیوایان بۆ بگەڕێنێتەوە.
ھەرێمی کوردستان؛
لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستانیشدا بڵاوبووەتەوە، تاکو ئێستا ھیچ زیندانییەک ئازاد نەکراوە.
ئهنجومهنی دادوهری ههرێمی كوردستان، لهسهر پێشنیازی مەسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، لیژنهیهك به مهبهستی دیراسهكردنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان له ههرێمی كوردستان پێك دههێنێت. ئامانج لەم کارەش، دۆزینهوهی میكانیزمێكە، بۆ ئازادكردنی ژمارهیهك لهو حوكمدراو و گیراوانهی لە زیندانەکانی ھەرێمی کوردستاندان.
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم، دوای دهستنیشانكردنی ئهو كهسانهی كه حوكمدراون و ئازادكردن دهیانگرێتهوه، ناوهكانیان بۆ سهرۆكی ههرێمی كوردستان بەرز دهكرێتەوە، ئهویش به مهبهستی دهركردنی لێبوردنێكی تایبهت بۆیان كه له دهسهڵاتی سهرۆكی ههرێمی كوردستانه.
عێراق؛
٣١ی ئازاری ٢٠٢٠، دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا کە تایبەتە بە دۆسییەکانی تیرۆر، بڕیاری ئازادکردنی ٥٠ زیندانی دەرکرد، کە بەپێی ماددەی چواری یاسای ریشەکێشکردنی تیرۆر دەستگیرکرابوون.
ئەم بڕیارەی دادگای نەینەوا، دوای رێنمایی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بوو، بۆ ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییان، بەمەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق، لە ھەوڵدان بۆ پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی، بەرلەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە ناو زیندانەکانی عێراق.
ئێران؛
١٠ی ئازاری ٢٠٢٠، جاوید ڕەحمان ڕێپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانیی خۆی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەربڕی و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد، زیندانیانی سیاسی و ئەو زیندانیانەی خاوەن دوو ڕەگەزنامەن، بەبێ سنووردانان و بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن.
ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکی دادوەریی باڵای ئێران رایگەیاند، لەپێناو رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو زیندانەکاندا، بڕیاریانداوە بە ئازاکردنی ٨٥ ھەزار بەندکراو و پرۆسەی ئازادکردنی زیندانییەکانیش بەردەوامدەبێت.
سەبارەت بەوەی ئەگەر ھەیە ئازادکردنی ئەم زیندانییانە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروستبکەن، رەئیسی دەڵێت، تا ئەو ئاستەی کێشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی وڵات دروست نەبێت، پرۆسەی ئازادکردنی زیندانیان بەردەوامیی دەبێت.
تورکیا؛
لە ئێستادا پڕۆژە یاسایەک ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، بۆ ئازادکردنی نزیکەی ١٠٠ ھەزار زیندانی لە کۆی ٣٠٠ ھەزار زیندانی کە لە زیندانەکانی تورکیادان.
بەپێی پڕۆژە یاساکە، بکوژ، دەستدرێژیکارانی سێکسی، تاوانباری گەورە و زیندانی سیاسیی، ئەوانەی تۆمەتی تیرۆریان دراوەتە پاڵ، بڕیاری ئازادکردن نایانگرێتەوە.
لە بەرامبەردا ھۆخ ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی جیھان بۆ ئەوروپا و ناوەندی ئاسیا، دەڵێت، دەبێت ئەو پلانەی حکومەتی تورکیا، زیندانییە سیاسییەکانیش بگرێتەوە کە تۆمەتی تیرۆریان خراوەتەپاڵ، چونکە ئەو زیندانییانە هەر لە سەرەتاوە نەدەبوو بخرێنە زیندان.
لە تورکیا کە ٣٥٥ زیندانی ھەیە و ١٥٠ ھەزار کارمەندیش چاودێری ئەو ٣٠٠ ھەزار زیندانییە دەکەن، مەترسیی ھەیە کە کۆرۆنا تێیاندا سەرھەڵبدات و ئاسان کۆنترۆڵ نەکرێت.
بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا کە لە کۆتایی ٢٠١٩دا بڵاوکرایەوە، لە زیندانەکانی باکووری کوردستاندا، ١٣٣٤ زیندانی نەخۆش بوونیان ھەیە، کە دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە و بە هۆی کار و چالاکی سیاسیەوە دەستگیرکراون، ٨٠٠ منداڵیش لە زیندانەکانی باکوردان کە لەگەڵ دایکیاندا لە زینداندان.
پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) داوای کردووە، ئەو بەندکراوانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە ئازاد بکرێن.
کەنەدا؛
کەنەدا جیاواز لە وڵاتانی دیکە، دوای ئەوەی کۆرۆنا گەیشتە زیندانەکان و چەند کەسێکیش گیانیان لەدەستدا، بڕیاری دا دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی ئازادکردنی بەشێک لە بەندکراوان بکات.
کۆتایی ھەفتەی رابردوو، ماری لیز وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی گشتی داوای کرد، میکانیزمێك دابنرێت بۆ ئازادکردنی ژمارەیەك لە گیراوەکان، کە مەترسییان لەناو کۆمەڵگەدا نییە.
ئەنجوومەنی بەرژەوەندی گرتووخانەکان چەند رۆژێك پێش ئێستا رایگەیاندبوو، 11 زیندانی لە گرتووخانەی بۆرکارتێ، ھەشت زیندانی ژن لە گرتووخانەی جۆلێت لە هەرێمی کوێبیك، زیندانییەک لە گراند ڤاڵی ژنان و زیندانییەکیش لە بێڤەر گریك لە هەرێمی ئۆنتاریو، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
ئەو کەسانەی تاکو رۆژانی رابردوو، بە بیانووی تیرۆر و دژە دەوڵەتبوون دەخرانە کونجی زیندانەوە، ئێستا لەلایەن ھەمان ئەو دەوڵەتانەوە، دەرگای زیندانەکانیان بۆ دەکرێتەوە و ئازاد دەکرێن.
ئێستا زۆرینەی دانیشتوانی جیھان لە ماڵەوەدان و دەرگایان لە خۆیان داخستووە، سەدا ھەزار زیندانییش، دەرگای زیندانەکانیان بۆ دەکرێتەوە و بۆ ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە.
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئایا ئازادبوونی ئەم زیندانییانە کە بەشێکیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوون، دەبێتە ھۆی دروستبوونی قۆناغ و ھەلێکی نوێ تاکو دەست بە ژیانێکی ئاسایی بکەنەوە، یان ئازادبوونیان دەرفەتێک دەبێت بۆ دروستکردنەوەی لانکەی تیرۆر و دروستکردنەوەی تۆڕەکانیان لەناو لایەنگر و ھاوبیرەکانیاندا.