• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 18, 2020

كۆرۆنا دەرگای گرتوخانه‌كانی واڵا كرد؛ زیندانییەكان لە نێوان یاسای بەركار و حوكمی كۆرۆنادا

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد فەتاح

دوای سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی چین و بڵاوبوونەوەی بە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا، بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی لە زیندانەکاندا، ھەندێک لە وڵاتان بڕیاری ئازادکردنی بەشێک لە ڕاگیراو و زیندانییەکانیان دا.

بەشێک لەو کەسانەی لە زیندانەکانی عێراق ئازاد کراون، ئەو کەسانەن بە مادەی تیرۆر یان چالاکیی سیاسیی دژ بە دەسەڵاتی وڵات دەستگیر کراون و سزا دراون، ئەو کەسانەی ھیچ ئومێدێکی ڕوون بۆ ئازادبوونیان نەبووە و تەنانەت ھەندێکیان چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزای مردن بوون بەسەریاندا.

لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانێکی گەورەی لە تەندروستیی مرۆڤایەتی و ئابووریی جیھان داوە،  لەگەڵ ئەوەی دەیان ھەزار کەس بە ھۆی ئەم ڤایرۆسەوە مردن و کۆرۆنا ژیانی لێ وەرگرتنەوە، بەڵام بووە ھۆی پێدانەوەی ھەلێکی دیکەی ژیان بە بەشێک لە زیندانییان، کە بەشێکیان نزیک بوون لەوەی کۆتایی بە ھیوای ئازادبوونیان بێت. ئەو کەسانەی تاکوو ڕۆژانی ڕابردوو بە بیانووی تیرۆر و دژبوون بە دەسەڵاتی وڵات دەخرانە کونجی زیندانەوە، ئێستا لەلایەن ھەمان ئەو دەوڵەتانەوە دەرگای زیندانەکانیان بۆ دەکرێتەوە و ئازاد دەکرێن.

ئێستا ئەوەی لە بەندە یاساییەکان، مادەکانی تیرۆر و مادەکانی تایبەت بە کار و چالاکیی سیاسی بەھێزترە، ڤایرۆسی کۆرۆنایە. ڤایرۆسێک وەک چۆن ھیچ سنوور و جوگرافیایەک ناناسێت، ئاواش ھیچ بەند و مادەیەکی یاسایی ناناسێت و دەرگای ئەو زیندانانە دەکاتەوە بە ھیچ ھێزێکی دیکە نەدەکرانەوە، ھیوا بۆ ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە، ھیچ بەند و مادەیەکی یاسایی نەیدەتوانی ھیوایان بۆ بگەڕێنێتەوە.

لێرەدا دۆخی چەند وڵاتێک باس دەکەین، کە پڕۆسەی ئازادکردنی زیندانییەکانیان دەست پێ کردووە. لێرەدا جۆری ئەو ڕێکارانە باس دەکەین کە لەم وڵاتانەدا گیراونەتە بەر و ئەو زیندانییانەی ئازاد دەکرێن و بەر لێبوردن دەکەون. ئەوەی پرسیاری گرنگە، ئایا ئازادکردنی ئەم زیندانییانە، دەبێتە ھۆی ھێنانەئارای ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێدانی ھەلێکی ژیان بە زیندانییان، یان مەترسی دەبن بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنی؟

ھەرێمی کوردستان

لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستانیشدا بڵاو بووەوە، بەڵام ھەرێم درەنگتر بیری لە ئازادکردنی زیندانییان کردەوە، ھۆکاری سەرەکییش ئەوە بوو ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو نەبووەوە و ڤایرۆسەکەش نەچووە ناو ھیچ زیندانێکی ھەرێمی کوردستانەوە.

سەرەتا ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی ھەرێمی کوردستان، لیژنه‌یه‌كی بۆ تاوتوێكردنی ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك حوكمدراو و ڕاگیراو پێک ھێنا. ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پێشنیازی مەسروور بارزانی؛ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌یه‌كی به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی بارودۆخی حوكمدراوان و بەندكراوان له‌ هه‌رێمی كوردستان پێك ھێنا، ئامانج لەم کارەش بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بوو بۆ ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك له‌و حوكمدراو و بەندكراوانەی لە زیندانەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەن. دوای ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ حوكم دراون و ئازادكردن ده‌یانگرێته‌وه‌، ناوه‌كانیان لەلایەن ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستانەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بەرز کرایەوە، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركردنی لێبوردنێكی تایبه‌ت بۆیان كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌. ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان له‌ نووسراوێكدا كه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی به‌رز کردەوه‌، ئاماری ئه‌و ڕاگیراوانه‌ی كه‌ ئازاد ده‌كرێن به ‌ده‌سته‌به‌ری و ئه‌و زیندانیانه‌شی كه‌ حوكم دراون و به‌ ئازادكردنی به‌مه‌رج ئازاد ده‌كرێن، بڵاو کردەوە. ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێم بڕیاری دا بە ناردنی ئاماری ئه‌و ڕاگیراوانه‌ی كه‌ ئازاد كراون به‌ ده‌سته‌به‌ری (كفاله‌)، له‌ سنووری هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، كه‌ركووك-گه‌رمیان) و هه‌روه‌ها ئاماری ئازادكردنی به‌مه‌رجی (الافراج الشرطی) ئه‌و زیندانییانه‌ی (محكوم) كه‌ له‌ چاكسازییه‌كانی پارێزگاكانی (هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك)ن بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، له‌ ڕۆژانی (30/3/2020 تاوه‌كوو 5/4/2020).

بەپێی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، كۆی گشتیی ئازادكردنی به‌مه‌رجی بەندكراوان له‌ هه‌ر چوار دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌رێم، 1474 كه‌سن. له‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر، 812 گیراو ئازاد كراون و له‌و ژماره‌یه‌ به‌ردانی به‌مه‌رج؛ 26 كه‌سه‌. له‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سلێمانی، 440 گیراو ئازاد كراون و له‌و ژماره‌یه‌ به‌ردانی به‌مه‌رج؛ 12 كه‌سه‌. له‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی دهۆك، ژماره‌ی ئازادكردنی گیراوه‌كان 170 كه‌سه‌ و 30 كه‌سیان به‌ردانی به‌مه‌رجه‌. له‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركووك-گه‌رمیان، 21 ڕاگیراو ئازاد كراون له‌گه‌ڵ یه‌ك نه‌وجه‌وان. ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێم باسی لەوەش کرد، پڕۆسه‌ی به‌ردانی ڕاگیراوان و ئازادكردنی به‌مه‌رج به‌رده‌وام ده‌بێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی سێشەممە رێككەوتی 14/4/2020، ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ڕایگەیاند، كە ژمارەیەک دەستبەسەرکراو بە لێبوردنێکی گشتیی ئازادکران. بەپێی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم، لە سنووری پارێزگای هەولێر، 159 دەستەبەر و سزادراو، لە پارێزگای سلێمانی 348 و لە پارێزگای دهۆکیش 319 کەس ئازادکراون. ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئازادکردنی بەمەرجی دەستبەسەرکراوان بەردەوام دەبێت.

ئایا ئازادکردنی ئەم زیندانییانە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی؟

دەربارەی ئەوەی ئایا ئازادکردنی ئەم زیندانییانە کە بەشێکیان بە مادەی تیرۆر گیراون و سزا دراون، یان بە ھۆی کوشتن و تاوانی ترسناکەوە حوکم دراون، دەبێتە ھۆی مەترسی بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و مەترسیی سیاسی و ئەمنی (دروستکردنەوە و بەھێزکردنەوەی تۆڕە تیرۆریستییەکان)، یان ھەنگاوێکی باشە بۆ پێدانی ھەلێکی ژیان پێیان؟ ئایا سیناریۆکانی دوای ئازادکردنیان چۆن دەبن؟

د.موراد حەکیم؛ مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەددین، لەم بارەیەوە دەڵێت سزا و زیندان فه‌لسه‌فه‌ی خۆیان هه‌یه‌، ده‌شێ جۆری سزاكان گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت، به‌شێك له‌ سزاكان بگۆڕێن بۆ پێبژاردن (غه‌رامه‌)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕوا وا بێت كه‌سێك تاوانی كردووه‌ و پێویسته‌ سزا بدرێت و ئێستا له‌ چاكسازییه‌، چۆن ده‌كرێ به‌ بڕیارێكی سه‌رووتری بێ دیراسه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئه‌و كه‌سه‌ له‌ تاوانه‌كه‌ی په‌شیمانه‌ یان نا، دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ یان نا،  چاك بووه‌ له‌ سایه‌ی چاكسازییه‌كان یان نه‌خێر، ئازاد بكرێن؟

دەربارەی ئەو کەسانەی لە چاکسازییەکانیشن، پێی وایە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ چاكسازییه‌كانن تاوانیان كردووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا تاوانه‌كانیان جیاوازن، هه‌یه‌ تاوانی گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه‌ وه‌ك كوشتن یان تیرۆر، ئازادكردنی ئه‌وانه‌ هیچ پاساوێكی نییه‌، به‌ڵام خه‌ڵكانێكی تێدایه‌ كه‌ هه‌ست ده‌كه‌ی ستەمی لێ كراوه‌، تاوانێكی سووكی ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام به‌ ماده‌یه‌ك سزا دراوه‌ كه‌ زۆر قورسه‌، بۆیه‌ دەبێت په‌رله‌مان به‌ یاساكانی سزاداندا بچێته‌وه‌. زۆربه‌ی یاساكان؛ یاسای كۆنی سه‌رده‌می به‌عسن، هه‌روه‌ها بارودۆخی ئێستا زۆر جیاوازه‌ و جۆری تاوانه‌كانیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، بۆیه‌ هه‌ست ده‌كرێ ناهاوسه‌نگی له‌نێوان تاوان و سزاكاندا هه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

لە بارەی ئەوەی ئایا ڕەھەندە باش و خراپەکانی ئازادکردنی ئەم زیندانییانە چین و باشترە حکومەتی ھەرێم لە ھەنگاوێکی وەھادا چی بکات و چۆن مامەڵە بکات؟ دکتۆر موراد حەکیم دەڵێت، ڕە‌هه‌ندی باش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی سزاكانیان سووكه،‌ یان به‌شی هه‌ره‌ زۆری ماوه‌كه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، یان ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌ست ده‌كرێت به‌ ماده‌یه‌كی قورستر له‌ تاوانه‌كانیان سزا دراون؛ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و ژیانی ئاسایی خۆیان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌. لایه‌نی خراپ ئه‌وه‌یه‌ كه:

یه‌كه‌م: كه‌سانێك ئازاد بكه‌یت كه‌ مه‌ترسین له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و به‌ ئه‌گه‌ری زۆر تاوان دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

دووه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داموده‌زگای چاودێری له‌ پۆلیس لاوازه‌، ناتوانرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو ده‌كرێت بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وەی تاوانبار‌ بۆ تاوان، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ بكرێت.

سێیه‌م: به‌شێك له‌ تاوانباران ئه‌وه‌ وه‌كوو په‌یامێك وه‌رده‌گرن، كه ‌وا هه‌ر چه‌ند تاوان بكه‌ن، هه‌ر دواجار به‌ مه‌رسۆمێك زۆر زووتر له‌ واده‌ی خۆیان ئازاد ده‌كرێن.

 د. موراد حەکیم، ڕەھەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی ئازادکردنی زیندانییان لە ھەرێمی کوردستان و جیھان دەخاتە ڕوو و دەڵێت: له‌ ڕاستیدا ڕە‌نگه‌ دروست نه‌بێت یه‌ك تێڕوانینی گشتگیر بۆ ڕەھەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی ئازادكردنی زیندانییان له‌ هه‌موو جیهاندا هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاساكان و سزاكان له‌ وڵاتان جیاوازن، بۆیه‌ ڕە‌نگه‌ به‌پێی وڵات ڕە‌هه‌نده‌ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەش بگۆڕێت.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان، دکتۆر موراد حەکیم له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ ئازادكردنه‌ی زیندانییان نییە، ئەو ئازادكردنی مه‌رجداری زیندانییانی پێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا باس ده‌كرێت و به‌ مه‌ڕسومێك ژماره‌یه‌كی زۆر زیندانی ئازاد ده‌كرێن، به‌ پێویستی نازانێت و پاساوه‌كان ڕە‌نگه‌ لاواز بن. ڕێوشوێنی ئازادكردنی مه‌رجدار دیاره‌، ده‌شێ ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ بگۆڕێن و میكانیزمی گونجاوتر دابنرێن، به‌ڵام له‌ ئێستادا مه‌ترسیی كۆرۆنا له‌سه‌ر زیندانه‌كان زۆر كه‌مه‌، هه‌روه‌ها ڕێژە‌ی زیندانییانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌مه‌. پێش چه‌ند ساڵێك به‌ مه‌ڕسومێك ژماره‌یه‌كی زۆر زیندانی ئازاد كران، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆریان دووباره‌ تاوانیان ئه‌نجام دایەوه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ سەر تاوان، ئه‌گه‌ر ئێستاش دیسان ئازاد بكرێنه‌وه‌، ئه‌وا ناڕاسته‌وخۆ پێیان ده‌وترێت ئه‌گه‌ر ئه‌و جاره‌ش دووباره‌ تاوان ئه‌نجام بده‌نه‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌ك دووباره‌ ئازاد ده‌كرێنه‌وه‌. ئایا ئه‌م جۆره‌ ئازادكردنه‌ ناڕاسته‌وخۆ هانی دووباره‌ تاوانكردن نادات؟

گۆڕانکاریی سیستمی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ دوای کۆرۆنا

بەشێک لە یاساناسان پێیان وایە سیستمی یاسایی و تەنانەت مافەکانی مرۆڤیش، دوای کۆرۆنا وەک پێش کۆرۆنا نابێت. دکتۆر محەمەد ڕەشید حەسەن؛ مامۆستا لە بەشی یاسا لە زانکۆی سلێمانی، پێی وایە كایەی یاسایی بەدەر نییە لە گۆڕانکارییەکانی دوای کۆرۆنا، چونكە سیستمی مافەكانی مرۆڤ و بنەما تازەكانی پڕۆسەی یاسادانان، وەكوو پێش سەردەمی كۆرۆنا نابێت، وەک مافە تەندروستییەكانی مرۆڤ، جیاكاری لەنێوان مرۆڤەكان، ڕەگەزپەرستی، یاسای نێودەوڵەتی، یاسا كارگێڕییەكان، یاسای كار و بابەتەكانی پەیوەست بە یاسای كۆچ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، كە هەموو ئەم بابەتانە و چەندین بابەتی یاسایی تر دەبن بە بابەتی مشتومڕی گەورە. بۆیە دەبێت لە ناوەندە ئەكادیمی و دادوەرییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، هەر كەس بەگوێرەی تایبەتمەندی و ڕشتەی خۆی ئاڕاستە دروستەكان بۆ دوای کۆرۆنا دیاری بكات.

دەربارەی گۆڕانکارییەکان، دکتۆر محەمەد ڕەشید حەسەن دەڵێت: یەکێک لەو بابەتانە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، مەودا و چوارچێوەی یاسای بنەماكانی دادبینیی تاوانكاری، پێویستییەكانی پێداچوونەوە، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ یاساكە، دیاریكردنی چەند بیرۆكەیەك كە توانستی یاساكە و جێبەجێكارانی یاساكە پتەوتر دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخێكی لەم جۆرەی كە ئێستا دروست بووە. ئەمەش ئەركی سەرەكیی دەسەڵاتی یاسادانانە، چونكە بەم شێوەیە زامنكردنی پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان دێتە ئاراوە و ڕێگر دەبێت لە هەموو ئەو قەیرانە یاساییانەی كە دەرکەوت لە دەستتێوەردانی دەسەڵاتەكانی تر لە دەسەڵاتی یاسادانان. دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەم یاسایەش پەیوەست نەبێت بە كات و دۆخێكی دیاریكراو كە دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بەڵكوو دەبێت دڵنیایی ھەبێت كە دۆخی لەم جۆرە و دەرئەنجامەكانی بەردەوام دەبێت و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەیە. دەبێت چارەسەرەكانیش كاتی نەبن كە لە بڕیارێكی ئازادكردن بە كەفالەت، یاسایەكی لێبوردنی گشتی یاخود بڕیارەكانی لێبوردنی تایبەتدا چڕ بكرێتەوە، بەڵكوو دەبێت جۆرێك لە جێگیری هەبێت لە مامەڵە یاساییەكاندا، چونكە مشتومڕێكی زۆر لەپاش خۆیان دروست دەكەن و دەرهاویشتە كۆمەڵایەتییەکانی یاساکانی لێبوردنی گشتی لە دوو دەیەی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان، شایەتیی ئەوە دەدەن.

کەموکوڕییەکانی ئازادکردنی تۆمەتباران و لێکۆڵینەوەی ئەلیکترۆنی

پڕۆسەی ئازادكردنی تۆمەتباری ڕاگیراو بە كەفالەت لەم دۆخەدا پڕۆسەیەكی ئاسان نییە، بەتایبەت كە یاساناسان دەزانن دادوەری لێكۆڵینەوە دەسەڵاتێكی تەقدیریی زۆری هەیە بەگشتی و ئەركی ئاسان نییە لەم بارەدا، كە دەبێت هاوسەنگییەكی ورد بكات لەنێوان بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی تۆمەتبارەكە، بەتایبەت ئەگەر دادوەر تۆمەتبارێك ئازاد بكات كە لە بنەچەدا دەبێت بە ڕاگیراوی بمێنێتەوە، واتە ئەو تاوانانەی كە سزاكەی لە سێ‌ ساڵ زیاتر بێت. ئەم هاوسەنگییەش پشت دەبەستێت بە چەند پرسیارێك، لەوانە: ئایا ئازادكردنی تۆمەتبار، زیان بە لێكۆڵینەوە ناگەیەنێت؟ ئایا مەترسی نییە لە ڕاكردنی تۆمەتبار، یاخود مەترسی نییە لە تێكچوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی؟

د. محەمەد ڕەشید؛ مامۆستا لە بەشی یاسای زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، لە بارەی وردەکاریی کەموکوڕییەکانەوە دەڵێت: ئەوەی گرنگە بوترێت دیسان: ئایا چۆن مافی تانەدان بۆ سكاڵاكار و وەكیلی سكاڵاكار فەراهەم ببێت، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری وەستاندنی كاتەكانی تانەلێدان لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە؟ پرسیارێكی تر ئەوەیە كە لە هەمان كاتدا چۆن دادگای تاوانەكان و دادگای تەمییز پڕۆسەی چاودێریكردن ئەنجام دەدەن؟ و چەندین پرسیاری تر كە ڕەهەندی پەیوەستی هەیە بە مافی كۆمەڵگا و مافی سكاڵاكار؟ كەواتە دەكرێت بوترێت كە ڕاگرتنی تۆمەتباران، كەلێنی گەورەی دەرخست لە سیستمی دادوەریدا. لەم دۆخەدا، بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاری زیادكردنی چەند بڕگەیەك دەكات بۆ یاسای بنەماكانی دادبینیی تاوانكاری، كە لە چوارچێوەیەكی یاساییدا و بە پێوەری ورد و چەند ئەڵتەرناتیڤێك بۆ ڕاگرتن، لەوانە: پابەندبوونی تۆمەتبار بە مانەوەی لە ماڵەوە، ئەویش بە بڕیارێكی دادوەری لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەی كە مەترسیدار نین یاخود پابەندكردنی تۆمەتبار بەوەی هەر كاتێك داوا كرا، بێتە بەردەم لێكۆڵەرەوەی دادی یان دادوەر، لەگەڵ ئەمانەشدا دەكرێت سەردانیكردنی شوێنەكان یاخود چەند شوێنێكی لێ قەدەغە بكرێت، هەروەها قەدەغەكردنی گەشتكردن لێی.

خاڵێکی دیکە د. محەمەد ڕەشید دەیخاتە ڕوو، بریتییە لە سوودوەرگرتن لە هەڵپەساردنی كاتیی سزا، کە بریتییە لەو حاڵەتەی تیایدا حوكمدراوێك هەیە بە سزایەكی بەندكردن یاخود زیندانیكردن سزا دراوە، دەكرێت هەڵپەساردن بكرێت بۆ سزاكەی، بو نموونە بۆ ماوەی سێ مانگ یاخود زیاتر لەژێر چاودێریی ورد بێت و پاش وردبوونەوە لە ئاكاری لەلایەن دادوەری جێبەجێكردنی سزا (ئەگەر ئەمەش بەهەند وەرگیرا).

هەموو ئەم ڕێوشوێنانە وەکوو “التدابیر الاحترازیة” هاتووە لە یاسای سزادانی عێراقیدا، بەڵام ئەم میكانیزمانە بەهەند وەرگیراون لەمەڕ مامەڵەكردن لەگەڵ تۆمەتباراندا لە چەندین وڵاتدا. لە هەمان كاتدا دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە كە پەنا ببرێتە بەر لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنی، كە ڕاگیراوان لە ڕێگەی پارێزەرەكانیانەوە داواكانی ئازادكردن بە كەفالەت پێشكەش بكەن.

دەرئەنجامەکانی یاسای لێبوردنی گشتی

یاسای لێبوردنی گشتی بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە و ھەندێک جاریش وەک ئامرازێکی سیاسی سەیر کراوە، بەشێک لە ڕەخنەکانیش پەیوەستن بە دەرئەنجامە خراپەکانی یاساکەوە، بەتایبەت دەرھاویشتە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی ئازادکردنی زیندانییان بەم یاسایە. دکتۆر محەمەد ڕەشید لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی و دەرئەنجامەکانی دەڵێت: دەرچوواندنی یاسای لێبوردنی گشتی، كارێكی ئاڵۆز و ئیشكالییە. یاساكانی لێبوردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماند كە ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە یاسادانەریش هەندێك جار دەسەڵاتە تەشریعییەكانی خراپ بەكار دەهێنێت و دەبێتە هۆی لەباربردنی ئامانجەكانی یاسای سزادان، بێئەرزشكردنی ئامانجەكانی سزا لە كۆمەڵگادا و لەناوبردنی ئامانجێكی گرنگی سزا، کە ئەویش بریتییە لە بەرپەرچدانەوەی یاخود وەكوو ئامرازێكی سیاسی بڕوانێتە پڕۆسەكە، چونكە وردبوونەوە لە چەندین بڕگەی ئەو یاسایانەی لێبوردنی گشتی، ڕاستییەك دەردەخات كە چەندین بڕگەی نادەستووری بووە، چەندین بڕگەشی یەك ناگرێتەوە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیی مافەكانی مرۆڤ، ئەمە جگە لە ئاكامە كۆمەڵایەتییەكانی ئەم بابەتە لە كوردستان.

دکتۆر محەمد ڕەشید باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دەکات سەبارەت بە لێبوردنی تایبەت و پێی وایە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پەیوەست بە لێبوردنی تایبەت، كە لە كاتی قەیرانی كۆرۆنادا لیژنەیەك پێك هێنرا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی حوكمدراوان، بە ئامانجی دەرچوواندنی مەڕسومی لێبوردنی تایبەت، كە ئەمەش دیسان چارەسەرێكی كاتییە و دەبێت لە چوارچێوەیەكی بەرتەسكدا نەبێت و پێوەری بابەتیی تێدا بەرجەستە بكرێت، وەكوو پابەندییە دەستوورییەكان. بەهەندوەرگرتنی باری تەندروستیی حوكمدراوان و تەمەنیان، لە هەمان كاتدا ئامرازێك نەبێ بۆ سوودلێوەرگرتنی سیاسی و دەبێت بە هیچ جۆرێك حوكمدراوانی تاوانەكانی كوشتنی بەئەنقەست نەگرێتەوە.

سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا لە ئێستا و دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا

یەکێک لە بابەتە نوێیەکان لە ھەندێک وڵاتی دیکە و پێشکەوتوو، بریتییە لە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا لەلایەن لێکۆڵەران. د. محەمەد ڕەشید لەو بارەیەوە دەڵێت: یەكێك لە پێویستییەكانی هەمواركردنەوەی یاسای بنەماكانی دادبینی تاوانكاری، بریتییە لە سوودوەرگرتن لە پێوەرە ئەلیكترۆنییەكان، چونكە ئەم بابەتە دەبێت ببێتە بەشێكی سەرەكیی فەلسەفەی دادبینی لە هەرێمدا و هەرێمی كوردستان ناتوانێت‌ خۆی لەم پێشهاتە گرنگە داببرێت. بۆ ئەم مەبەستەش یاسادانەرانی كوردستان دەتوانن دەقێك دابڕێژن، تیایدا دادوەری لێكۆڵینەوە یاخود لێكۆڵەرەوە بۆی هەبێت ئیفادەی تۆمەتبار -شایەت- و ڕای شارەزایان تۆمار بكات لە ڕێگەی میكانیزمی “ڤیدیۆفۆن”، یان هەر ئامرازێكی گەیاندنی تەكنەلۆژیی دیکە، لە كاتی بوونی بەربەستێك بۆ ئەم مەبەستە، دەكرێت پەنا ببرێتە بەر ئامرازە تەكنەلۆژییەكان بۆ گوێگرتن لە وتەكانیان، بە مەرجێك ڕەچاوی مافی لایەنەكانی تر بكرێت لەم كارەدا، بەتایبەت جێبەجێكردنی مادەی 123، دەكرێت بەم میكانیزمە بكرێت بە مەرجی ئامادەبوونی پارێزەر.

د. محەمەد پێی وایە لە ھەرێم لە دۆخی بوونی كۆرونا لە ڕووی یاساییەوە جۆرێك لە شپرزەیی هەبوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکەدا، كە ئەمەش وا دەخوازێت ھەرێم ئامادەتر و پشتئەستوورتر بێ بە بەها یاساییەكان لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی وەها دۆخێكدا.

عێراق

٣١ی ئازاری ٢٠٢٠، دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا کە تایبەتە بە دۆسیەکانی تیرۆر، بڕیاری ئازادکردنی ٥٠ زیندانیی دەرکرد، کە بەپێی مادەی چواری یاسای ڕیشەکێشکردنی تیرۆر دەستگیر کرابوون. ئەم بڕیارەی دادگای نەینەوا دوای ڕێنمایی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بوو بۆ ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییان، بە مەبەستی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لە ھەوڵدا بوون بۆ پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی، بەر لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە ناو زیندانەکانی عێراق.

٥ی نیسانی ٢٠٢٠، عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوایەکی ئاڕاستەی بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کرد، بە مەبەستی ڕەزامەندی پیشاندان بۆ دەرکردنی لێبوردنی تایبەت بۆ ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییان لە زیندانەکانی عێراقدا. سەرۆکوەزیران داوای کردووە ئەو کەسانەی نیوەی ماوەی زیندانیکردنیان تەواو کردووە، ئەو کەسانەی کەمتر لە ساڵێکیان ماوە لە زیندان یان بە کەمتر لە ساڵێک حوکم دراون، سوودمەند بن لەم بڕیارە و ئازاد بکرێن.

عادل عەبدولمەھدی داوای کردبوو بڕیارەکە ئەم کەسانە نەگرێتەوە: ئەو کەسانەی مافی تایبەتیان پێشێل کردووە (مەگەر خاوەن ماف لێی خۆش بێت)، ئەوانەی تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجام داوە، ئەوانەی تاوانبارن بە تیرۆر، ئەو کەسانەی ئاسایشی دەوڵەتیان لە ناوخۆ و دەرەوە خستووەتە مەترسییەوە، تاوانبارانی گەندەڵیی دارایی و ماددی، بازرگانانی مرۆڤ، فڕێنەرانی بەندکراو و زیندانییان، تاوانبارانی دەستدرێژیی سێکسی، ھاوڕەگەزبازی و زیناکردن لەگەڵ مەحرەم، تاوانبارانی پەیوەست بە ماددە ھۆشبەرەکان، سپیکردنەوەی پارە، فڕاندنی خەڵک، بردنی پارەی دەوڵەت، فرۆشتنی شوێنەوار و چەند تاوانێکی دیکە.

داواش کراوە ئەو کەسانەی سوودیان لە بڕیاری لێبوردنی ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٠٨ و ژمارە ٢٧ی ساڵی 2016 بینیوە، یان ھەر کەسێک بەر لێبوردنی تایبەت کەوتبێت لە پێشتر، لەم بڕیارە سوودمەند نەبێت.

ئێران

١٠ی ئازاری ٢٠٢٠، جاوید ڕەحمان؛ ڕێپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانیی خۆی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەربڕی و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد زیندانییانی سیاسی و ئەو زیندانییانەی خاوەن دوو ڕەگەزنامەن، بەبێ سنووردانان و بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن. بەپێی وتەكانی غولامحوسین ئیسماعیلی؛ وتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران، لە پێناو ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو زیندانەکاندا، بڕیاریان داوە بە ئازاکردنی كاتی بۆ نزیكەی 54 ھەزار بەندکراو و پڕۆسەی ئازادکردنی زیندانییەکانیش بەردەوام دەبێت. بەپێی دوایین ئاماری ئەم وەزارەتە، ژمارەی بەنكراوە ئازادكراوەكان گەیشتووە نزیكەی 100 هەزار كەس. هەڵبەت بەپێی ڕوونكردنەوەی وەزارەتی دادوەری، ئەم ئازادكردنە، بەندكراوە سیاسییەكان و ئەوانەی كە ئێران تۆمەتی “كرداری دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” خستووەتە پاڵیان، ناگرێتەوە.

 سەبارەت بەوەی ئەگەر ھەیە ئازادکردنی ئەم زیندانییانە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست بکەن، رەئیسی دەڵێت: تا ئەو ئاستەی کێشە بۆ ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیی وڵات دروست نەبێت، پڕۆسەی ئازادکردنی زیندانییان بەردەوامیی دەبێت.

تورکیا

پڕۆژەیاسایەک لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)یەوە ئامادە کرا بۆ گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، بۆ ئازادکردنی نزیکەی ٩٠ ھەزار زیندانی لە کۆی ٣٠٠ ھەزار زیندانی کە لە زیندانەکانی تورکیادان. گفتوگۆکان چەند ڕۆژێک لە پەرلەمان بەردەوام بوون، ئەویش بە ھۆی ناکۆکی لەنێوان ئاکپارتی، ھەدەپە و جەھەپەدا، لە بارەی ئەوەی کێن ئەوانەی ئازاد دەکرێن و سوود لە بڕیارەکە وەردەگرن. پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) و پارتی گەلی کۆماری، داوایان کرد ئازادکردنی زیندانییان ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە لەسەر کاری سیاسی یان بیروڕای ئازاد؛ زیندانی کراون و سزا دراون.

بەپێی پڕۆژەیاساکە، بکوژ، دەستدرێژیکارانی سێکسی، تاوانباری گەورە و زیندانی سیاسی، ئەوانەی تۆمەتی تیرۆریان دراوەتە پاڵ، بڕیاری ئازادکردن نایانگرێتەوە. لە بەرامبەردا ھۆخ ویلیامسۆن؛ بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی جیھان بۆ ئەورووپا و ناوەندی ئاسیا دەڵێت: دەبێت ئەو پلانەی حکومەتی تورکیا، زیندانییە سیاسییەکانیش بگرێتەوە کە تۆمەتی تیرۆریان خراوەتە پاڵ، چونکە ئەو زیندانییانە هەر لە سەرەتاوە نەدەبوو بخرێنە زیندان.

لە تورکیا کە ٣00 هەزار زیندانی ھەن و ١٥٠ ھەزار کارمەندیش چاودێریی ئەو زیندانییانە دەکەن، مەترسی ھەیە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تێیاندا کە ئاسان کۆنترۆڵ ناکرێت. بەگوێرەی دوا ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا کە لە کۆتایی ٢٠١٩-دا بڵاو کرایەوە، لە زیندانەکانی باکووری کوردستاندا ١٣٣٤ زیندانی نەخۆش بوونیان ھەیە، کە دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە و بە هۆی کار و چالاکیی سیاسییەوە دەستگیر کراون و ٨٠٠ منداڵیش لە زیندانەکانی باکووردان کە لەگەڵ دایکیاندا لە زینداندان. پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) داوای کردووە ئەو بەندکراوانەی باری تەندروستییان ناجێگیرە، ئازاد بکرێن.

کەنەدا

کەنەدا جیاواز لە وڵاتانی دیکە، کۆرۆنا گەیشتە زیندانەکان و دوای گیانلەدەستدانی چەند زیندانییەکیش، بڕیاری دا دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی ئازادکردنی بەشێک لە بەندکراوان بکات. کۆتایی مانگی ئازار، ماری لیز وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی گشتی، داوای کرد میکانیزمێك دابنرێت بۆ ئازادکردنی ژمارەیەك لە گیراوەکان کە مەترسییان لەناو کۆمەڵگەدا نییە.

ئەنجوومەنی بەرژەوەندیی گرتووخانەکان چەند ڕۆژێك پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو، یازدە زیندانی لە گرتووخانەی بۆرکارتێ، ھەشت زیندانیی ژن لە گرتووخانەی جۆلێت لە هەرێمی کوێبیك، زیندانییەک لە گراند ڤاڵی ژنان و زیندانییەکیش لە بێڤەر گریك لە هەرێمی ئۆنتاریو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

سیناریۆکان

یەکەم: بەشێکی زۆر لە زیندانییەکان، بەتایبەت ئەوانەی تاوانی قورسیان ئەنجام نەداوە و پێشینەیان نییە، سوود لە بڕیاری ئازادکردنیان دەبینن و ھەلێکی دیکەیان پێ دەدرێت تاکوو تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە، دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن و لەبریی ئەوەی لە زینداندا چاکسازییان تێدا بکرێت، خۆیان لە ژیانێکی ئازاددا و لەناو کۆمەڵگادا چاکسازی لە خۆیاندا بکەن و جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە سەر تاوانەکانیان.

دووەم: ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییان کە ھێشتا لەژێر پڕۆسەی چاکسازیی کۆمەڵایەتیدا بوون و پێویستیان بە کاتێکی زیاتر بووە تاکوو سوود لە چاکسازییەکان وەربگرن، ئەگەر ھەیە هەندێکیان دیسان بگەڕێنەوە بۆ سەر بەشێک لە تاوانەکانیان.

سێیەم: ئازادکردنی ئەو کەسانەی پێشینەی تاوانیان ھەبووە و ھیچ چاکسازییەکیان تێدا نەکراوە، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەمنییش دروست دەکەن.

چوارەم: بوونی ژمارەیەکی زۆر لە لێبوردنی گشتی، وەھا دەکەن ئەوانەی تاوانیان کردووە یان بەنیازن تاوانێک بکەن، ترسیان نەبێت و دڵنیا بن ڕۆژێک ئازاد دەکرێن.

پێنجەم: بوونی ناڕوونی لە بابەتی ئازادکردنی زیندانییان و ھەندێک جار بەسیاسیکردنی، وەھا دەکەن نادادپەروەری ھەبێت لە دیاریکردنی ئەو کەسانەی بڕیاری ئازادکردنیان دەدرێت، ئەمەش کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر تێڕوانینی زیندانییە ئازادنەکراوەکان و کەسوکاریان بۆ چەمکی دادپەروەریی دەوڵەت و دەزگاکانی.

شەشەم: ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی کراون و سزا دراون، ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ئەمنی، ئەگەری دروستکردنەوە و فراوانکردنەوەی تۆڕەکانیان بەھێز دەکات و دەبنەوە لانکەی سەرھەڵدانەوەی تۆڕەکانیان.

لە كۆتاییدا پێویستە بوترێت، ئازادکردنی زیندانییان بەبێ ڕەچاوکردنی ناسنامەی زیندانییان، لەسەر چی تۆمەتبار کراون، حوکم دراون و سزا دراون، بە چی میکانیزمێک ئازاد دەکرێن، دوای ئازادکردن چەند دەتوانرێت چاودێری بکرێن، بە چی پێوەرێک و لەسەر چی بنەمایەک و لێکۆڵینەوەیەک ئازاد دەکرێن، کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئەمنی.

ئازادکردنی زیندانییان، بەتایبەت ئەوانەی مافی تایبەتیان پێشێل کردووە، تاوانی مەترسیداریان کردووە، تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەنقەست؛ دەرئەنجامی کۆمەڵایەتیی مەترسیداری دەبێت و پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەشە تاوانیان بەرامبەر کراوە. یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە، سوود لە ئەزموونەکانی پێشووتر لە ئازادکردنی زیندانییان وەرنەگیراوە، کە بەشێکیان دەستیان بە تاوانکردن کردووەتەوە پاش ئەوەی ئازاد کراون.

پەلەکردن لە بڕیارەکەدا، ئەنجامنەدانی لێکۆڵینەوە و وەرنەگرتنی بۆچوونی شارەزایان، کاریگەریی خراپیان لەسەر بڕیارەکە دەبێت و دەرئەنجامەکانی کاریگەرییان لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێت. ئازادکردنی ئەو تۆمەتبارانەی بە تۆمەتی تیرۆر یان کوشتنی چەند کەسێک سزا دراون، مەترسیی جددی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئەمنی و سیاسیی وڵات دروست دەکەن.

سەرچاوەكان:

  1. Ali Kemal Akan, Ertuğrul Subaşı(10/4/2020), “İnfaz düzenlemesi teklifinin ilk 10 maddesi kabul edildi”, https://www.aa.com.tr/tr/politika/infaz-duzenlemesi-teklifinin-ilk-10-maddesi-kabul-edildi/1799346.
  2. Sabah(2020), ” Af yasası ve ceza infaz indirimi son dakika haberleri! Ceza infaz kanunu bugün meclise geliyor; kimler ceza infaz kanunundan yararlanacak?”, https://www.sabah.com.tr/yasam/2020/04/08/af-yasasi-ve-ceza-infaz-indirimi-son-dakika-haberi-ceza-infaz-kanunu-bugun-meclise-geliyor-kimler-ceza-infaz-kanunundan-yararlanacak“.
  3. Cbc(9/4/2020), ” More than 2,000 inmates released, 6 COVID-19 cases confirmed inside Ontario jails”, https://www.cbc.ca/news/canada/toronto/ontario-jails-coronavirus-1.5527677.
  4. Cbc(31/4/2020), ” Bill Blair asks prison, parole heads to consider releasing some inmates to stop spread of COVID-19″, https://www.cbc.ca/news/politics/prison-covid19-csc-release-1.5516065.
  5. تسنیم نیوز(30/12/1398)، “اسماعیلی: اعطای ۵۴ هزار مرخصی به زندانیان در هفته‌ اخیر”، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1398/12/13/2215735/.
  6. تسنیم نیوز(10/1/1399)، “موج دوم مرخصی زندانیان با دستور رئیسی از امروز آغاز شد+جزئیات”، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1399/01/10/2232942.
  7. ك.ن.ن(14/4/2020)، “ژمارەیەک دەستبەسەر لە هەرێمی کوردستان بە لێبوردنی گشتی ئازادکران”، https://www.knnc.net/Details.aspx?jimare=28832.

 

Send this to a friend