ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئابووریی جیهانی
نووسەران:
فلیپ سلیزاک
هاوکار و بەڕێوەبەری کارگێڕیی گرووپی ڕاوێژکاریی بۆستن لە ئۆفیسی نیویۆرك، سەرۆکی ئابووریناسانی گرووپی ڕاوێژکاری بۆستن.
مارتن ڕیڤیس
ڕاوێژکاری گرووپی ڕاوێژکاریی بۆستن بۆ بەڕێوەبردن و ستراتیژ، سەرۆکی ئینستیتیوتی هەندەرسن.
پاوڵ ستراوز
بەڕێوەبەر و گەورە ئابووریناسی گرووپی ڕاوێژکاری بۆستن لە ئۆفیسی نیویۆرك.
وەرگێڕان: پێشەوا جەلال محەمەد
سەرچاوە: هارڤارد بیسنێز ڕیڤیو (Harvard Business Review)
لینكی بابەت: https://hbr.org/2020/03/what-coronavirus-could-mean-for-the-global-economy
لە کاتێکدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩ لە چین بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگوێ خرا، بازاڕی ئابووریی جیهانی کاردانەوەی توندی نیشان دا، بەتایبەت کاتێک ڤایرۆسەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا بڵاو بووەوە. ئەوەی زیاتر ترسەکەی زیاد کرد، ئەوە بوو کە ڤایرۆسەکە وەکوو نەخۆشییەکی جیهانی ناسێنرا.
هەر لەو کاتەوە کۆڤید١٩ کاریگەریی توندی لەسەر نرخی هەموو جۆرەکانی سامان کردووە، بە جۆرێک کە هەندێک ترسی ئەوەیان هەیە ئەمە ببێتە هۆی سستیی ئابووریی درێژخایەن لە ئابووریی جیهانیدا. لە گفتوگۆکانماندا، شارەزایانی ئابووری پرسیاری ئەوەیان لێ دەکرێت کە ئایا بەرز و نزمیی بازاڕ، بەڕاستی نیشانەی سستییە؟ کۆڤید١٩ تا چەند کاریگەریی خراپی دەبێت؟ سیناریۆکانی بووژانەوە و گەشەکردن چین؟ ئایا خاڵی کۆتایی هەیە بۆ کاریگەرییە بنچینەییەکانی ئەم قەیرانە؟
لە ڕاستیدا پێشبینی و پێوانەکان وەڵامی ئەم پرسیارانە نادەنەوە، لەم ساتە ئاڵۆزەدا جێگای پشتپێبەستن نین، کاتێک ماوەی بەردەوامیی ڤایرۆسەکە نازانرێت، پێشبینیی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی جێی گومانە. بە هەمان شێوە کاریگەریی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، وە کاردانەوەی کڕیار و بازرگانی نازانرێت. هیچ ژمارەیەکی دروست نییە، تا کاریگەریی ئابووریی کۆڤید١٩ بە ئێمە نیشان بدات.
لەجیاتیی ئەوە پێویستە تەماشای نیشانەکانی بازاڕ بکەین لە جۆرەکانی سەرمایەگوزاری، سستی و شێوازەکانی بووژانەوە، هەروەها مێژووی ترس و پەتاکان، بۆ ئەوەی ڕێگاکەمان ڕۆشن بکەینەوە.
بازاڕەکان چیمان پێ دەڵێن
ئەو ناجێگیرییە مەترسیدارەی هەفتەی ڕابردوو لە بازاڕەکانی دارایی جیهاندا، لەوانەیە دەرخەری ئەوە بێت کە ئابووریی جیهان لەسەر ڕێگای پاشەکشەیە. بەهای سامانی پارێزراو بە خێراییەکی زۆر بەرز بووەوە، بیمەی سەر بۆندە درێژخایەنەکانی حکومەتی ئەمەریکی نزیک بۆتەوە لە نزمترین ڕیکۆرد، بە ڕێژەی 1.16% دابەزیوە، ئەوە ئەو بڕە پارەیەیە کە وەبەرهێنەکان دەیانەوێت بیدەن بە حکومەتی ئەمەریکا وەکوو باجی داهات. لە ئەنجامدا مەترسییەکانی سستیی ئابووری زۆر بەرز بووەتەوە.
بەڵام هێشتا لە نزیکەوە تەماشاکردن، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ناکرێت سستیی ئابووری وەک ئەنجامی کۆتایی وەربگرین.
یەکەم: ئەگەر بەهای مەترسیی سامان وەربگرین لە کاتێکدا کاریگەرییکانی کۆڤید١٩ هاوچەشن نین، قەبارەی کڕین و فرۆشتنەکان بە شێوەیەکی زۆر کەم بەرز بۆتەوە، کە ئەمەش ئەوە دەردەخات بازاڕی سەرمایە هێشتا لە بارەی پارەی تەرخانکراو بۆ کێشەکە بەرچاوڕوون نییە. دوای بەرزبوونەوەیان، لەم دواییانە بەهای پشکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام پێویستە تێبینیی ئەوە بکرێ کە بە بەراورد بە مێژووی دووریان، هێشتا تا ڕادەیەک بەرزە. لە بەرامبەردا ههڵبهزوودابهزکردن دەرخەری گەورەترین ئاماژەیە، ئەویش ئەوەیە کە تێکڕای بەرزونزمیی کاغەزە داراییەکان بە شێوەیەک دەبێت کە لە 30 ساڵی ڕابردوودا بەخۆیەوە نەدیوە، جگە لە قەیرانە داراییەکان.
دووەم: لە کاتێکدا بازاڕە داراییەکان دەرخەرێکی گرنگی سستیی ئابوورییە (چونکە دەتوانن ببنە هۆکار)، مێژوو ئەوە نیشان دەدات بازاڕی داگرتنی نرخی پشکەکان و سستی؛ نابێت ئۆتۆماتیکی پێکەوە ببەسترێن. لە ڕاستیدا پێکەوەبەستنەکە نزیکەی دوو لەسەر سێی داگرتنی نرخی پشکەکانی بازاڕ لە ئەمەریکا دەگرێتەوە، بە مانایەکی تر: تەنها یەک لە سێ بازاڕ تووشی سستی نابێت. لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، حەوت نموونەی ترمان هەیە کە بازاڕی داگرتنی نرخی پشکەکان تووشی سستی نەهاتووە.
گومان لەوەدا نییە کە ئێستا کۆڤید١٩ بووەتە کێشەی گەورە بۆ بازاڕە داراییەکان، مەترسییەکانیش جددین، بەڵام جۆراوجۆریی هەیەتیی بەهاکان گرنگیی نادڵنیایی لە بارەی پەتاکەوە دەردەخات و مێژووش ئاگادارمان دەکاتەوە کە نابێت هێڵێکی ڕاست بکێشین لەنێوان فرۆشی بازاڕ و ئابووریی ڕاستەقینە.
سستیی ئابووری بە هۆی کۆڤید١٩ چۆن دەبێت؟
هەر چەند بارودۆخی بازاڕ لەوانەیە هەڵخەڵەتێنەر بێت، بەڵام مەترسیی سستیی ئابووری؛ ڕاستەقینەیە. لاوازیی ئابوورییە گەورەکان دەرکەوتووە، لەوانە: ئەمەریکا و ژمارەی وڵاتانێک کە تووشی زەحمەتی بوونەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شۆکە؛ ڕوو لە زیادبوونە. لە ڕاستیدا ئەگەرەکانی سستیی ئابووری، دەتوانرێت پۆلێن بکرێت بۆ سێ سیناریۆی جیاواز:
- سستیی ئابووریی ڕاستەقینە: کلاسیکییانە ئەمە تەقینەوەی سووڕی خەرجیی گشتییە، کە بە شێوەیەکە دەبێتە هۆی ئەگەری ئیفلیجیی ئابووری، بەڵام هەڵکشانی خێرای خواست لەسەر شتومەک بە هۆی جەنگ، کارەساتەکان یان هەر گرفتێکی تر، دەکرێت ببێتە هۆکاری کورتهێنان لە ئابووریدا. لەبەر ئەمەیە کە کاریگەریی کۆڤید١٩ لەسەر خانەخوێ، دەشێت مەترسیدار بێت.
- سیاسەتی سستیی ئابووری: کاتێک بانکەکانی ناوەندی ڕووی سیاسەتیان بەرەو ئاساییکردنەوەی ئابوورییە، دێن مەرجە داراییەکان توند دەکەن، بە مەبەستی ڕێگریکردنی تەشەنەکردنی سستیی ئابووری، بەڵام ئەم مەترسییە هەر دەمێنێتەوە. لە دەرەوەی ئەمەریکا ڕێژەی گەشەی ئابووری گەیشتۆتە ئەوپەری نزمی و تەنانەت لاوازی، ئەمە لە کاتێکدایە خەزێنەی فیدراڵی بە ڕێژەی 0.5% کورتهێنانی ڕاگەیاند. لە دەرەوەی سیاسەتی دراویش، وەزیرانی دارایی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە بەڵێنی پشتگیریی خەرجییان داوە.
- قەیرانی ئابووری: ناهاوسەنگیی دارایی هەنگاوبەهەنگاو و بەهێواشی دروست دەبێت، پێش ئەوەی ئیفلیجبوونی ئابووری دروست بکات. نیشانەکانی جیاوازن لە جیهاندا، بەڵام بارودۆخی هەستیاری ئابووریی ئەمەریکا و مەترسییەکانی قەیرانی دارایی؛ قورسە دیاری بکەین. هەندێک شیکەرەوە ئاماژە بە هەڵتۆقینی سەرمایەی هاوبەش دەکەن، چونکە لە کەمکردنەوەی پەستانی ئابووری گرنگ دەبینرێت. بەڵام هێشتا ئێمە لە کێشەداین لەگەڵ زیادکردنی نرخی سووەکانی(Subprime) سەردەمی سستیی ئابووریی پێشوو، ئەوە لە کاتێکدا سەرمایەی هاوبەش ناتوانێت ببێتە هۆی گەشەی ئابووری (بەڵام زیادکردنی سووی نرخەکان بووە هۆی گەشەی ئابووریی خانووبەرە)، وە ناشتوانێت قەرزەکانی سەر بودجە کەم بکاتەوە. هەردوو فاکتەرەکە دەتوانن مەترسییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام ناتوانن مەترسییەکان بەتەواوی بڕەوێننەوە. قورسە کاریگەریی کۆڤید١٩ لە ناجێگریی دارایی هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام نیگەرانییەکان لە بارەی زیادبوونی نرخەکان لە زیادبووندایە، بەتایبەت بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند.
بە تەماشاکردنی پولێنکردنەکە و مێژوو، هەندێ هەواڵی خۆش دەبینین لە بارەی پۆلێنی ئابووریی ڕاستەقینە. هەر چەندە سستیی ڕاستەقینە زیانی کەمترە لە سستیی سیاسەتی ئابووری و قەیرانی ئابووری، چونکە زیانەکانی توندن، بهڵام كورتخایهنن. سستیی سیاسەتی ئابووری بەپێچەوانەوە، بەندە لەسەر گەورەیی هەڵەکردن یان قورسییەکەی. قەیرانی ئابووری؛ زیانبەخشترین جۆرە، چونکە کێشەی بنچینهیی دروست دەکات کە ڕاستکردنەوەی کاتی زۆری دەوێت.
ڕێگای بووژانەوە چۆنە؟
ئایا ئابووریی وڵاتان دەتوانن خۆیان لا بدەن لە سستیی ئابووری یان نا؟ ڕێگای گەڕانەوە بۆ گەشەی ئابووری لەژێر کاریگەریی کۆڤید١٩، پشت دەبەستێت بە هەندێک پاڵنەر، بۆ نموونە پلەی دواخستنی خواست، ئایا ئەم شۆکە بەڕاستی کۆتایی دێت؟ ئایا زیانی بنچینەیی دەبێت؟ هۆشمەندانەیە کە سێ سیناریۆ بخەینە ڕوو، کە بە شێوەکانی “ڤی، یو، ئێل” دەناسرێن (بڕوانە گرافیكی ژمارە 1):
شێوە ڤی :(V-shaped)ئەم سیناریۆیە شۆکی ڕاستەقینەی ئابووری نیشان دەدات، بەرهەم دادەبەزێت، بەڵام گەشەی ئابووری لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە. لەم سیناریۆیەدا ڕێژەی گەشەی ساڵانە، توانای ساڕێژکردنەوەی شۆکەکەی هەیە. ئەمە سیناریۆیەکی گەشە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا و پێشمان وایە قایلکەرە و ئەگەری ڕوودانی زیاترە.
شێوە یو:(U-shaped) ئەم سیناریۆیە خوشکێکی ناشرینی سیناریۆی شێوە “ڤی”یە، لێرەدا شۆکەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام گەشەی ئابووری دەگەڕێتەوە سەر ڕێگای خۆی و هەندێک زیانی هەمیشەیی دەبێت. ئایا ئەمە دەکرێت ڕوو بدات؟ بەڵێ، بەدڵنیاییەوە، بەڵام پێویستە بەڵگەی زیاتر ببینین لە بارەی زیانەکانی ڤایرۆسەکە تا دڵنیا بین.
شێوە ئێڵ:(L-shaped) ئەم سیناریۆیە زۆر مەترسیدارە. بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین کە ئەمە ڕوو دەدات، دەبێت باوەڕ بکەین کە کۆڤید١٩ توانای زیانی بنچینەیی هەیە، بە مانایەکی تر: توانای زیانگەیاندنی هەیە بە دابینکردن، بازاڕی کار، سەرمایەی زانیاری، یان چالاکیی بەرهەمهێنان. ئەمە قورسە وێنا بکرێت، تەنانەت ئەگەر تێڕوانینی ڕەشبینانەشمان هەبێت.
گرافیكی ژمارە (1): سیناریۆكانی V, U, l
پێویستە جارێکی تر تەماشای مێژوو بکەینەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری کاریگەرییەکانی کۆڤید١٩. لە ڕاستیدا “H3N2” سیناریۆی شێوە “ڤی”ی شێوەی شۆکەکانی پێشتری بۆ دیاری کردووین، لەوانەش: پەتاکانی وەک سارس، ئەنفلۆنزای ١٩٦٨ لە هۆنگۆنگ، ئەنفلۆنزای H2N2 لە ١٩٥٨ (ئەنفلۆنزای ئاسیایی)، ئەنفلۆنزایی ئیسپانی لە ١٩١٨ .
گرافیكی ژمارە (2): پەتاكانی ڕابردوو
ئایا دەرئەنجامە ئابوورییەکانی کۆڤید١٩ کۆتاییان دێت؟
بۆ ئەوەی لەمە تێبگەین، پێویستە لەو ڕێگایانە بکۆڵینەوە کە قەیرانە تەندروستییەکان دەگوازێتەوە بۆ ئابووری.
ئەگەر پۆلێنکردنی سستییە ئابوورییەکان پێمان بڵێت لە کوێدا ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر ئابووری، ئەوا شێوەکانی گواستنەوەی قەیرانەکە پیمان دەڵێت چۆن ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵی خانەخوێکەی دەکات. ئەمە گرنگە، چونکە کاریگەریی جیاواز و چارەسەری جیاواز دەخاتە ڕوو. سێ ڕێگای گواستنەوە هەیە:
- لێدانی ناڕاستەوخۆی متمانە (کاریگەریی سامان): گواستنەوەی کلاسیکیی شۆکی دەرەکی بۆ ئابووریی ڕاستەقینە لە ڕێگەی بازاڕە داراییەکانەوەیە (بە شێوەیەکی فراوانتر مەرجە داراییەکان)، ئەمانە دەبنە بەشێک لە کێشەکە. کاتێک بازاڕەکان و داهاتی خێزانی کورت دەهێنن، ترس له قهیران و برسێتی زیاد دکات و بەکاربردن دادەبەزێت. ئەم کاریگەرییە دەکرێت بەهێز بێت، بەتایبەت لە ئابوورییە پێشکەتووەکانی وەک ئەمەریکا کە داهاتی خێزان بەرزە.
- لێدانی ڕاستەوخۆ لە متمانەی بەکاربەر: لە کاتێکدا چالاکیی بازاڕی دارایی و متمانەی بەکاربەر پەیوەنییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، داتاکان نیشانی دەدەن کە متمانەی بەکاربەر دەشێت کەم بکات، تەنانەت کاتێک چالاکیی بازاڕ زیاد بکات. وا پێدەچێت کۆڤید١٩ بە شێوەیەکی بەهێز کاریگەریی لەسەر متمانە هەبێت، وا لە بەکاربەران دەکات کە لە ماڵەوە بمێننەوە، هەستیار و بێزار بن لە خەرجکردن، وە لەوانەیە ڕەشبین بن بە داهاتوو.
- شۆکی بەرهەمێنان: ئەو دوو ڕێگایەی سەرەوە شۆکی خواستن بوون، بەڵام ڕێگایەکی تری گواستنەوەی مەترسی هەیە، ئەویش وەستانی بەرهەمە. کاتێك ڤایرۆسەکە بەرهەمهێنان دەوەستێنێ، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان پەک دەخات، کەلێنەکان دەبن بە کێشە، مۆڵەتوەرگرتن و ڕاگرتنی کارگەکان دەست پێ دەکات. ئەمە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە قەیرانەکە درێژخایەن بێت، ئەگەر ئەمەریکا وەک نموونە وەربگرین، ئەگەرێکی بەهێز نییە.
سستییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووداوی بازنەیین نەک بنچینەیی، بەڵام هێشتا هێڵەکان ناڕوونن. بۆ وێناکردن، قەیرانی دارایی جیهان “کە زۆر خراپ” بوو، قەیرانێکی خولی بوو لە ئەمەریکا، بەڵام بنچینە شۆڕ بووەوە. ئابووری گەڕایەوە سەر ڕێچکەی خۆی، بەڵام زیانەکانی هێشتا بەردەوامە.
کۆڤید١٩ دەتوانێت میراتی بنچینەیی خۆی دروست بکات؟ مێژوو پێمان دەڵێت ئابووریی جیهانی دوای قەیرانی وەکوو کۆڤید١٩ جیاواز دەبێت لە چەند ڕوویەکی گرنگەوە:
- میراتی مایکرۆ-ئیکۆنۆمی: قەیرانەکان لە ناویشیاندا پەتاکان، دەتوانن مۆدێلی جیاواز لە بازرگانیی تەکنەلۆجی بهێننە ئاراوە. سەرهەڵدانی سارس لە ٢٠٠٣، لەگەڵ خۆیدا بازاڕکردنی ئۆنلاینی لەناو بەکارهێنەرە چینییەکان هێنایە کایەوە، هەروەها بووە هۆی دەرکەوتنی زیاتری سایتی عەلی باباش. لە کاتێکدا خوێندنگاکان لە ژاپۆن و ئەمەریکا داخراون، بازاڕەکان بە هەمان شێوە، ئایا فێرکردن و پەروەردەی ئۆنلاین دەتوانێت بەربەستەکان بشکێنێت؟ لەوەش زیاتر، ئایا هەوڵە دیجیتاڵییەکان لە وهان بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە لە ڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە، نیشاندەری ئامێرێکی کاریگەری تەندروستیی گشتییە؟
- میراتی ماکرۆ-ئیکۆنۆمی: لە ئێستاوە وا پێدەچێت ڤایرۆسەکە پڕۆسەی بەلامەرکەزیکردنی زنجیرەی بەها جیهانییەکان خێرا بکات. ڤایرۆسەکە ڕەهەندی بایۆلۆجی بۆ هێزە سیاسی و دامەزراوەکان زیاد دەکات، وە مۆدێلی زنجیرە بەهای پێش ٢٠١٦ی گۆڕیوە بۆ بەش بەشی فرە ئاڕاستە.
- میراتی سیاسی: دەرهاویشتە سیاسییەکانی ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، لە جیهاندا کۆڤید١٩ سیستمە سیاسییەکانی خستە ژێر تاقیکردنەوەی ئەوەی چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر پارێزگاری لە هاوڵاتییانیان بکەن. ناوەندە لەرزۆکەکان لەوانەیە دەربکەون، گۆڕانکاریی سیاسی ڕەنگە ڕوو بدات، ئەوەش دەکەوێتە سەر ماوەی مانەوەی ڤایرۆسەکە و توندییەکەی. کۆڤید١٩ تەنانەت لەوانەیە گۆڕانکاری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا بکات. لە ئاستێکی ترەوە سەیر بکەین، قەیرانەکە دەتوانرێ وا بخوێنرێتەوە کە بانگەوازێکە بۆ هەماهەنگیی زیاتر یان بەپێچەوانەوە پاڵنەری دوو سەنتەرەکەی هێزی جیۆپۆلەتیکە تا زیاتر دوور بکەونە لە یەکتر.
سەرکردەکان لە بارەی قەیرانی ئابوورییەوە چی بکەن؟
تێگەیشتنە قووڵەکانی بازاڕی دارایی و لێکچوونی مێژووی شۆکەکان، ئەمانەمان بۆ دەخەنە ڕوو:
- پشت مەبەستن بە پێشبینییەکان، بازاڕەکانی دارایی لە ئێستادا ڕەنگدانەوەی نادڵنیاییەکی گەورەن، کۆمەڵێک سیناریۆی قایلکەر هەن و پێویستە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
- ڕێگە مەدەن گۆڕانکاریی بازاڕە داراییەکان، لە بارەی ئەو بازرگانییانەی لە دەستتان دا، بڕیاری ناڕوونتان پێ بدەن.
- سەرنج بخەنە سەر ئاماژەکانی متمانەی بەکارهێنەر، متمانەتان بە تواناکانتان هەبێت و بزانن چۆن زانیارییەکانتان زیاد دەکەن تا هەڵسەنگاندن بۆ تێگەیشتنەکانتان بکەن. کاریگەرییەکان چوونیەک نابن و دەرئەنجامەکانیش بۆ پیشەسازییەکەی ئێوە دیاریکراو دەبن.
- باشترین پلانتان هەبێت و پێشبینیی خراپترین ئەنجام بکەن. ئەوەتان لەبیر بێت بووژانەوەی شێوە ڤی؛ نزیکترین سیناریۆیە لە ڕووی بیرکردنەوە و ئەزموونەوە، بەڵام ئەم تێگەیشتنە واتان لێ نەکات بێباک بن.
- تەماشای قەیرانەکانی ڕابردوو بکەن، کۆڤید١٩ چ میراتێکی مایکرۆ-ئیکۆنۆمی و ماکرۆ-ئیکۆنۆمی دەبێت؟ چی هەلێک و ئالەنگارییەک لەگەڵ خۆی دەهێنێت؟
- بیر بکەنەوە چۆن جیهانی پاش قەیران دەبینن؟ دەتوانن ببن بە بەشێک لە وەرگری تەکنەلۆجیای نوێ، پڕۆسەی نوێ… هتد؟ لە کۆتاییدا دەتوانن سوود وەربگرن لە سەختییەکان بۆ کۆمپانیاکەتان، کڕیارەکانتان و کۆمەڵگەکەتان؟