كۆرۆنا لە ئێران؛ ترس لە هەڵکشانەوەی
ئەژی ئازاد ئەبوبەكر
كەمبوونەوەی رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە ئێران و چەقبەستنی لە دەوروبەری 10%-ی كۆی گشتی دانیشتوانی وڵات، ئەو هیوایەی لای خەڵك و بەرپرسانی ئەم وڵاتە دروست كرد كە لە ئایندەیەكی نزیكدا جاڕی زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەكەدا لێ بدەن، بەڵام پاش ئاساییكردنەوەی ژیان و كردنەوەی بازاڕە میللییەكان، زیاتر لە هەفتەیەكە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە جارێكی تر روو لە هەڵكشانە و بەپێی قسەی راوێژكاری تەندروستی ئێران، لە ئێستادا زیاتر لە 50 شاری ئێران لە هێڵی سووری توشبوون بە نەخۆشییەكەدان.
یەكەم حاڵەتی توشبوون بە كۆرۆنا بەشێوەیەكی فەرمی لە ئێران لە 19/2/2020 و لەشاری قوم راگەیەنرا، دواتر بەخێراییەكی زۆر پارێزگاكانی ئێرانی گرتەوە، بەجۆرێك كە لە مانگی یەكەمدا، ئێران بووە سێیەم وڵاتانی تووشبوو لە ئاستی جیهان لە دوای چین و ئیتالیا. بەهۆی پابەند نەبوونی خەڵكیش بە رێنماییەكان و تێكەڵی دەرەوە، خێرایی تووشبوون لە دوو هەفتەی یەكەمی دوای نەورۆز پەرەی سەند، لەمەشدا پەنجەی تۆمەت بۆ رۆشتنە دەرەوەی یەك ملیۆن خەڵكی تاران و 40 هەزار كەس لەشاری قوم لە رۆژی نەورۆزدا راكێشرا. لە دوای تێپەربوونی ئەم ماوەیە، جارێكیتر ئامارەی تووشبووان سەرەولێژ بوویەوە.
بەپێچەوانەی ئەو وڵاتانەی كە پەنا بۆ كەرەنتینەی خەڵك و راگرتنی چالاكی گشتیی دەبەن، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵیاندا لە رێگەی پاراستنی تەندروستی تاك، جێبەجێكردنی دوورەپەرێزی و مەودای كۆمەڵایەتی لە لایەن هاوڵاتییانەوە، رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە كەم بكرێتەوە، هۆكاری ئەمەش بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی رۆحانی توانای جێبەجێكردنی كەرەنتینە و داخستنی دامودەزگاكانی حكومەتی بۆ ماوەیەكی درێژخایەنی نییە، باوەڕێكی زاڵیش هەیە كە دەوڵەت بە نیازی گرتنەبەری چارەسەری “بەرگەگرتنی گشتی” ـە “Herd immunity”، بە شێویەك كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك-كە پێشبینی دەكرێت بگاتە 70%- ببنە هەڵگری ڤایرۆسەكە و پاشان خۆیان چاك ببنەوە و بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەكە دروست بكەن، تا ئەو كاتەی كە ڤاكسینی تایبەت دەدۆزرێتەوە، بەڵام شارەزایان پێیانوایە گرتنەبەری ئەم ڕێگاچارەیە رەنگە بە گیانلەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك كۆتایی پێ بێت.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، حكومەتی ئێران پلانی روونی خۆی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا رانەگەیاندووە، هۆكاری ئەمەش بۆ بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێران دەگەرێتەوە كە لە ئێستادا پشت بە داهاتی ناوخۆ دەبەستێت بەهۆی گەمارۆكانەوە، ئەمەش دەوڵەتی خستووەتە دۆخێكەوە كە نەتوانێت هاوشێوەی وڵاتانی تر، بەرەنگاری كۆرۆنا ببێتەوە. دەوڵەتی ئێرانی توانای كەرەنتیەكردنی نییە، كێشەی كەمی كیتەكانی تێستی كۆرۆنای هەیە، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆری توش بووەكانی بەشاراوەیی بمێننەوە و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە دووچاری گیانلەدەستدان ببنەوە، بەتایبەت كە كەرتی تەندروستی ئێران خۆی لەبنەڕەتدا خراپە، كادری تەندروستی كەمن، نەخۆشخانە و پێداویستی تایبەت دەستناكەون، هۆشیاری و زانیاری لەبارەی نەخۆشییەكە لای خەڵك كەمن.
سەرەڕای ئامارە دڵخۆشكەرەكان، بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەفتەی رابردوودا، جارێكی تر بەرپرسانی هەراسان كردووە؛ هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە كردنەوەی دووبارەی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و گوێنەدانی خەڵك بە رێنماییەكان، رێژەی تووشبووانی زیادكردووە، بەڕادەیەك كە لە هەفتەی رابردوودا، ژمارەی تووشبووان لە 802 كەس لە رۆژی شەممە بۆ 1680 لە رۆژی چوارشەممە زیادی كردووە. ئەم مەترسیانە بۆ پایتەختی ئێران زیاتر لە هەموو شوێنێكی ترە، چڕیی دانیشتوانی ئەم شارە و بەكارهێنانی میترۆ و پاس وەك ئامرازەكانی گواستنەوە لەلایەن زۆرینەی دانیشتوانەوە، وایكردووە كە كۆنتڕۆڵی كۆرۆنا لەم شارە بە یەكلایكەرەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا دابنرێت.
بەرپرسانی تەندروستی و پسپۆڕانی ئێران، هۆشداریی سەرهەڵدانەوەی شەپۆڵێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وەرزی پاییز دەدەن و بە شەپۆلی دووەم و سێیەمیی كۆرۆنا ناوی دەبەن. لەلای خۆشییەوە ناوەندی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران، رێژە و قەبارەی شەپۆلی دووەمی چاوەڕوانكراو پەیوەست دەكاتەوە بە ئەنجامەكانی شەپۆلی یەكەم و سیاسەتەكانی دەوڵەت و ئاستی پابەندبوونی خەڵك، كە دەشێت لە خراپترین حاڵەتدا، شەپۆلی دووەم ساڵێك بخایەنێت.