کۆرۆنا لە مەککە؛ لێکەوتەکانی ئێستا و ئەگەرەکانی داهاتوو
یاسین تهها
كۆرۆنا بەپێی پەرەسەندنی بایۆلۆجییانەی خۆی بەردەوامە لە پەلاماردانی مرۆڤ لە سەرانسەری دنیا، زیانە دارایی و ئابوورییەكانی ئەم نەخۆشییەش، رۆژ لەدوای رۆژ بە ملیارەها و ترلیۆنەها دۆلار كەڵەكە و زیاتر دەبن، بەڵام لەعەرەبستانی سعودیە جگە لە زیانی دارایی، مەترسی لەسەر ناوبانگی بەڕێوەبردنی شاری مەككە دروستكردووە، كە یەكێكە لەپایە و شانازییەكانی سیستمی حوكمڕانی وڵات.
بەپێی پێوەرەكانی WHO، كۆرۆنا بەڵایەكی جیهانییە، ئەم ڤایرۆسە تەنانەت گەشتووە بە كۆشكی سپی، پنتاگۆن و بارەگای UN، بەڵام بڵاوبوونەوەی لە شارەكانی مەككە و مەدینە، جۆرێك لە مەترسی لای حوكمڕانانی سعودیە دروست كردووە، كە بەشكستخواردوو یان كەمتەرخەم لە ئاست بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكە بێنە بەرچاو، بەتایبەت ئەگەر تا رەمەزان و دەستپێكردنی وەرزی حەج، سنورێك بۆ نەخۆشییەكە دانەنێن.
ژمارەی دانیشتوانی مەككە دەگاتە دەورووبەری دوو ملیۆن كەس، شارەكەش دابەش بووە بەسەر هەژارنشین و دەوڵەمەند. بەپێی ئامارە تەندروستییە متمانەپێكراوەكانیش، تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ژمارەی توشبووانی مەككە بە كۆرۆنا، سەروو هەزار كەسی تێپەڕاندووە، بەشی هەرە زۆری حاڵەتەكانیش هی گەڕەكە هەژارنشینەكان بوون، كە زۆرێكیان لانە و پەناگەی كرێكار، خزمەتكار و خەڵكانی بیانین، بەتایبەت كرێكارە پاكستانی و هیندییەكان.
ئەگەر كۆرۆنا لە مەككە كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوە ناكرێت حەرەمەكان بەڕووی گەشتیاران و حاجیاندا بكرێتەوە، ئەم لێكەوتەیەش جگە لەوەی دەوروبەری 7 ملیار دۆلار زیان لە ئابووری سعودیە دەدات، دەبێتە پێشینەیەكیتری مێژویی وەستانی حەج لە كاروانی مێژووی ئیسلام، كە 40 جاریتر حەجی تێدا وەستاوە لە ماوەی 14 سەدە، بەڵام مەترسی ئەم جارەیان لەوەدایە، دەكرێت ببێتە هۆكارێك و پاساوێك بۆ ئەو دەوڵەتانەی لە دەسەڵاتدارانی سعودیە لالوتن و داوای بەنێودەوڵەتیكردنی بەڕێوەبردنی وەرزی حەج دەكەن؛ ئێران و قەتەر.
لەكۆتاییەكانی ئازاری رابردوو ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لە مەككە تەنها پێنج كەس بوون، كە لەكۆمپانیای بن لادن كاری فراوانكردنی حەرەمیان دەكرد، بەم هۆیەشەوە ھەشت هەزار كرێكاری دیکە كەرەنتینە كران.
لە ئێستادا مەراسیمی نوێژەكان و نوێژی هەینی لە هەردوو حەرەمی مەككە و مەدینە، تەنها لەلایەن ستاف و تیمێكی تایبەتەوە بەجێدەهێنرێن كە پێشنویژ، بانگبێژ ، كارمەند و پاسەوانەكانن، ئەوانیش ناوبەناو پشكنینی سەلامەتییان بۆ دەكرێت و ئەمەش وەهایكردووە، پەخشی نوێژەكانی حەرەمەکان بەردەوام بن.
بەپێچەوانەی مزگەوتەكانی دیکەی وڵاتەوە كە سەرجەمیان داخراون و لەبانگەكاندا بە “الصلاة في الرحال” ناهێڵن كەس روویان تێ بكات، وەک زۆرێکی دیکە لە وڵاتان.
رێگرییەكی گەورە لەبەردەم دەسەڵاتدارانی عەرەبستان بۆ كردنەوەی مەككە یان بیركردنەوە لەوەرزی حەج، گەشتیار و میوانە دەرەكییەكانن، چونكە شیكاری ئامارەكانی ناوخۆ ئەوەیان دەرخستووە؛ لە دەورووبەری پێنج هەزار توشبووی كۆرۆنا لەكۆی 30 ملیۆن دانیشتوان و نیشتەجێی وڵات، دەوروبەری 80%یان هاوڵاتی نیشتەجێكراو و بیانین، لەحاڵەتی كردنەوەی دەرگای حەجیشدا، ئەوە بیانییەكان و میوانەكانی وڵاتانی توشبوو چەند قات دەبن و رەنگە ببنە هۆی كارەساتی گەورە، هەر ئەمەش وایكرد، وەزارەتی حەجی سعودیە دەرگای گومان بكاتەوە لەسەر ئەنجامدانی فەرزی حەج بۆ ساڵی 2020، لەكاتێكدا لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە قورس، ئازاربەخش و رەنگە مەترسیداریش بێت بۆ دەسەڵاتێك كە چەندین ساڵە سەروەری گەورە و شانازییەكانی لەوەدا چڕ كردووەتەوە، كە “خادم الحرمین” ـە و بەباشی و رێكوپێكی سەرپەرشتی گەورەترین كۆبوونەوەی مسوڵمانانی دنیا دەكات.