(Copenhagen school) قوتابخانه‌ى كۆبنهاگن
( Copenhagen school) قوتابخانه‌ى كۆبنهاگن
كۆتايى شه‌ڕى سارد، وه‌رچه‌رخانێكى مێژوویى گه‌وره بوو له بوارى لێكۆڵينه‌وه‌ى ئاسايش. هه‌تا كۆتايى ساڵى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى بيست، وا سه‌يرى لێكۆڵينه‌وه‌ى ئاسايش ده‌كرا كه لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيژييه و وه‌كوو لايه‌نێكى سه‌ربازى وێنا ده‌كرا، به‌ڵام له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكان تێڕوانين بۆ چه‌مكى ئاسايش له‌سه‌ر ئاستى ئاسۆيى و ستوونى، گه‌شه‌كردنێكى گه‌وره‌ى له بوارى زانسته سياسيیه‌كان به‌خۆوه بينى، بۆيه لێكۆڵينه‌وه‌كان ته‌نها كورت نه‌كرابوونه‌وه له‌سه‌ر چه‌مكه كلاسيكیيهكانى وه‌كوو: (هێز، بهرژەوهندى، ده‌وڵه‌ت وه‌كوو تاكه كاراكتهرى ململانێ، سه‌رچاوه‌كانى ههڕەشه). ئه‌م هه‌نگاوه تێپه‌ڕاندنى تيۆرى ڕياليزمى بوو بۆ ئاسايش، بۆيه چووه چوارچێوه‌ى تيۆره‌ى ڕەخنهييهوه، وه‌كوو تێڕوانينێكى جێگره‌وه‌ى فراوان له ڕوانگه‌ى بنه‌ماى ئاسايشى تاك. ئه‌م چوارچێوه تيۆرييه، ده‌رئه‌نجامى كارى كۆمه‌ڵێك بيرمه‌ند بوو له‌م بواره‌دا كه ئامادهكاريیان كرد بۆ ڕاگه‌ياندنى دامه‌زراندنى ميتۆدى ڕەخنهیى بۆ ئاسايش له ئه‌ورووپا، به‌ڵام سه‌ره‌تاى كردارى بۆ فراوانبوونى چوارچێوه‌ى لێكۆڵينه‌وه‌ى ئاسايشى ڕەخنهیی، ئه‌و كاته بوو كه هه‌رسێ قوتابخانه‌ى “وێڵز” ئيبريستويس، قوتابخانه‌ى “پاريس”، قوتابخانه‌ى “كۆبنهاگن”؛ له‌م بواره‌دا لێكۆڵينه‌وه‌ى ئاسايشيان پێشكه‌ش كرد.
قوتابخانه‌ى كۆبنهاگن ئه‌و ناوه‌يه كه به‌كار ده‌هێنرێت بۆ دامه‌زراوه‌ى يان پهيمانگاى توێژينه‌وه‌كانى ئاشتى له دانيمارك، كه له ساڵى 1985 دامه‌زرا و له ساڵى 2004 داخرا. ئه‌م قوتابخانه‌يه زياتر له‌دواى به‌شداريكردنى بيرمه‌ند بارى بۆزان له ساڵى 1988، وه‌كوو به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژەى توێژينه‌وه له‌سه‌ر بابه‌تى ناسه‌ربازى بۆ ئاسايشى ئه‌ورووپا ناوبانگى ده‌ركرد. گرنگترين بيرمهندهكانى ئه‌م قوتابخانه‌يه جگه له بارى بۆزان، هه‌ريه‌ك له: (جاب دى وايلد، لين هانسن، ئۆل ويفهر، مورتن كيلستروپ، پيپر ليميتهر)ن، ئه‌م توێژەرانه له چوارچێوه‌ى ئه‌و پڕۆژە توێژينه‌وانه‌ى له بوارى ئاسايشدا پێشكه‌شيان كرد، چوارچێوهيەكى تازه‌يان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى ئاسايش خسته ڕوو كه جێگره‌وه‌ى تێڕوانينه كلاسيكيیهكان بوو بۆ چه‌مكى ئاسايش له چوارچێوه‌ى لێكۆڵينه‌وه‌ى ستراتيژيدا، كه ده‌توانرێت دابه‌ش بكرێت بۆ دوو ڕێبازى تيۆرى بۆ چه‌مكى ئاسايش: يه‌كه‌ميان: پڕۆژەيهك بوو به سه‌رپه‌رشتیى بارى بۆزان كه ناسراوه به “ئاسايشى كۆمهڵگەیى”. دووه‌ميان: ئۆلى وايفهر سه‌رپه‌رشتیى ده‌كرد له باره‌ى كرده‌ى په‌يوه‌ندى بۆ ئاسايش يان ناسراوه به ناوى “تيۆره‌ى بەئاسايشكردن”. ئاسايش به‌پێى ئه‌م قوتابخانه‌يه كرده‌يه‌كى گوتارييه، ته‌نها دۆخێكى بابه‌تى نييه، به‌ڵكوو ده‌رئه‌نجامه بۆ پڕۆسه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تیی دياريكراو كه خۆى له بونيادێكى كۆمه‌ڵايه‌تى بۆ پرسه ئاسايشيیهكان به‌رجه‌سته ده‌كات بهدياريكراوى (ده‌كرێت چى گره‌نتى و پارێزراو بكرێت، له كێ).