دادگای دەستووریی کۆماری تورکیا (دەستەی ناوبژیوانی کۆتایی لە بڕیارە یاساییەکاندا) Türkiye Cumhuriyeti Anayasa Mahkemesi (AYM)
ئامادەكردنی: تورکیاناسی
دادگای دەستووریی کۆماری تورکیا، یەکێکە لە ئۆرگانە باڵاکانی دادوەریی ئەو وڵاتە و ڕۆڵێکی سەرەکیی لە پێکهاتەی یاسایی کۆماری تورکیادا هەیە. بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی سیستەمی یاسایی تورکیا دادەنرێت.
مێژووی دامەزراندنی ئەم دادگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٢، کاتێك لە ڕێگەی دەستووری نوێی کۆماری تورکیاوە پەسەندکرا و بە گوێرەی ماددەی ١٤٨ کە یاسایەکی بنەڕەتییە لە دەستووردا، ئەرک و دەسەڵاتەکانی دادگاکە دیاریکراوە. ئەرکی سەرەکیی دادگای دەستووری بریتییە لە لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لە سەر ئەو یاسایانەی کە گومانی نایاساییبوونیان لە سەرە، هاوکات بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە دەکات کە گوایە نادەستوورین و پابەندبوونیان بە بنەماکانی دەستوورەوە هەڵدەسەنگێنێت و بڕیاری کۆتاییان لە بارەوە دەدات.
گرنگترین دەسەڵاتی دادگای دەستووریی بریتییە لە وردبینیکردن لە دەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، هەروەها ئەم دادگایە ئەرکی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی تاکەکان دەگرێتە ئەستۆ و لەم چوارچێوەیەشدا داواکاریی تاکەکان لە بەرانبەر ڕێسا نادەستوورییەکاندا هەڵدەسەنگێنێت. سەرەڕای ئەوەش، سەرپەرشتیی چالاکییەکانی یاسادانان دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئایا دەسەڵاتی یاسادانان بە گوێرەی دەستوور یاساکان دەردەکات یاخود بە شێوازی دیکە! هەروەها دەسەڵاتی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی هەیە کە ئەگەری هەیە لە نێوان دەزگاکانی دادوەریدا سەرهەڵبدەن.
پێکهاتەی دادگای دەستووری شێوازێکی تا ڕادەیەك جیاوازی هەیە و لە سەرۆک و جێگری سەرۆک پێکدێت. سەرۆک وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دادگا کاردەکات و نوێنەرایەتیی دادگا دەکات، جێگری سەرۆکیش لە کاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکدا ئەرکەکانی ئەو جێبەجێدەکات، هەروەها ژمارەی ئەندامەکانیشی جێگیر نییە و لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستووردا دەگۆڕێت. لە ڕووی کارگێڕییشەوە ئەم دادگایە لە دوو هۆبەی سەرەکی پێکدێت و هەر هۆبەیەك بەرپرسیارە لە پێداچوونەوە بە هەندێک جۆری کەیسدا. “ڕاپۆرتدەر”ەکانیش کە بەشێکی گرنگی ئەم پێکهاتەیەن، بەدواداچوون و پشکنین بۆ کەیسەکان دەکەن و پاشان زانیاری دەدەنە ئەندامانی دادگا. هەروەها “سکرتێری گشتی” بەرپرسیارە لە دڵنیابوون لە کارکردنی ڕۆژانەی دادگا و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکان و ئەنجامدانی ئەرکە کارگێڕییەکانی دیکە.
دادگای دەستووری لە مێژووی دەستبەکاربوونیەوە تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دەرکردووە. لە دیارترینی ئەو بڕیارانەش؛ دۆسیەکانی تایبەت بە داخستنی پارتە سیاسییە کوردییەکانی وەکو “پارتی کرێکاریی گەل، پارتی ئازادی و یەکسانی، پارتی ئازادی و دیموکراتی، پارتی دیموکراتی، پارتی دیموکراتیی گەل، پارتی گەلی دیموکرات، پارتی کۆمەڵگەی ئازاد، پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی، پارتی ئاشتی و دیموکراتی” بوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٨٧دا بڕیاری “داخستنی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانی ئیسلامی”ی دەکرد، بە بیانووی ئەوەی کە دژی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی دەوڵەت کاردەکەن. پاشان لە ساڵی ٢٠١٦دا بڕیاری “پاراستنی زانیاریی کەسی”ی دەکرد، کە بە پێی ئەم بڕیارە بەکارهێنان و هاوبەشکردنی زانیاریی کەسی بەبێ مۆڵەت نادەستوورییە. هەروەها “بڕیاری بەربەستی هەڵبژاردن – ٢٠١٨” یەکێکی دیکەیە لە بڕیارە گرنگەکانی ئەم دادگایە، کاتێك لە ساڵی ٢٠١٨دا بڕیاریدا کە بەربەستی هەڵبژاردن لە تورکیا نادەستوورییە و بنەمای نوێنەرایەتیی دیموکراسی پێشێلدەکات.
جێگەی باسە، یەکێك لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی کە ئێستا دادگای دەستووری کاری لە سەر دەکات، بریتییە لە دۆسیەی پارێزەر “شەرەفەدین جان ئاتالای”. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣ بە هۆی خۆپیشاندانەکانی پارکی گێزی لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا، لە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢ بە تۆمەتی “پشتیوانی لە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆماری تورکیا” سزای ١٨ ساڵ زیندانیی بە سەردا سەپێنرا، بەڵام دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣دا لەلایەن پارتی کرێکارانی تورکیاوە کاندیدکرا و دەنگی پێویستی هێنا بۆ ئەندامیەتیی پەرلەمان، لە ٢٦ی ئایار پارێزەرانی ئاتالای داواکارییەکیان بۆ ئازادکردنی ناوبراو پێشکەش بە ئەنجومەنی دادوەری کرد، دوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی ئاتالای لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، پارێزەرانی ئەو پەرلەمانتارە داواکاری ئازادکردنیان ئاڕاستەی دادگای دەستووری کرد. لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دادگای دەستووری بە دەنگی ٩ ئەندام بەرانبەر ٤ ئەندام بڕیاریدا “پێشێلی مافی کەسی”ی جان ئاتالای کراوە، بەڵام ئەنجومەنی دادوەری بڕیارەکەی دادگای دەستووریی پەسەندنەکرد و بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو دادوەرانە بکرێت کە پشتیوانی بڕیارەکەی دادگای دەستووری بوون، هەر ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی “قەیرانی دادوەری” لە تورکیا و زۆرێک لە لایەنە سیاسی و دامەزراوە و ڕێکخراوە دادوەرییەکان کاردانەوەی توندیان بەرانبەر بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەری دەربڕی. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ماددەی ٨٣ی دەستووری تورکیا “ئەندامێکی پەرلەمان ئەگەر پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن تاوانێکی کرد، ناتوانرێت دەستبەسەربکرێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، دەستگیربکرێت یان دادگاییبکرێت، تەنها بە ڕەزامەندیی پەرلەمان نەبێت.” هەر بۆیە تاوەکو ئێستا ئەم بابەتە بە چارەسەرنەکراوی لە نێوان دادگای دەستووری و ئەنجومەنی دادوەریی تورکیادا ماوەتەوە.