• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 15, 2025

هاوڕێی یاخسەمەری مام جەلال دیدی تورکیا بۆ کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەو پرسی کورد ئاشکرادەکات

چاوپێکەوتن: تورکیاناسی

لە کاتێکدا دەیان دەزگای میدیایی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی لە بەرانبەر چرکاندنی وێنەیەک، کە کارەساتی جینۆسایدی گەلێکی بە جیهان ناساند، خەڵات و ڕیزلێنانیان پێبەخشیوە، کەچی لە وڵاتەکەی خۆیدا تەنانەت ڕێگەینەدراوە بە هەمان وێنە بەشداری “پێشانگەی پێشبڕکێی وێنەکانی جەنگ” بکات. لەلایەن گەل‌و هاوڵاتیانی هاوزمانیشیەوە وەک پێویست ناناسرێت.
ڕەمەزان ئۆزتورک (Ramazan Öztürk)؛ ئەو فۆتۆگرافەرەی لە ڕێگەی زوومی کامێراکەیەوە بە چرکاندنی وێنەیەکی عومەری خاوەر لە (١٨)ی ئاداری (١٩٨٨)، کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جیهان ناساند. نەک لە باشووری کوردستان، بەڵکو لە باکووری کوردستانیش ناوێکی ناسراو نییە، لە کاتێکدا لە ڕێگەی زوومی کامێراکەی ئەوەوە هەڵەبجە بە جیهان ناسێنرا.
چیرۆکی ئاشنابوونی ڕەمەزان ئۆزتورک وەک ڕۆژنامەوانێک، کە بە ڕەگەز کوردی ئامەدە، بەڵام هەڵگری ناسنامەی تورکیایە بە پرسی کورد لە باشووری کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ یەکهەم گەشتی یاسایی لە ئیستەنبوڵ بۆ بەغدادو پاشان گەشتی نایاسایی (قاچاغ)ی ناوبراو لە بەغدادەوە بۆ سلێمانی‌و لەوێشەوە بۆ یاخسەمەر. ئۆزتورک لە ساڵی (١٩٨٧) لەگەڵ مام جەلالدا وەک یەکەمین سەرکردەی کورد، لە یاخسەمەر ناسراوی پەیدادەکات.
بۆ جاری دووەم ناوبراو لە (١٨)ی ئاداری (١٩٨٨) دێتە هەڵەبجەو چەندین وێنەی ڕۆژنامەوانی لەو شارەدا دەگرێت. پاشان یەکێک لەو وێنانە (وێنەی عومەری خاوەر) لەلایەن زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکانی جیهانەوە بڵاودەکرێتەوەو دواجار هەر ئەو وێنەیە وەک سیمبولی هەڵەبجەو کارەساتی کیمیابارانی ئەو شارە دەمێنێتەوە.
لە یادی (٣٧)ی ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، بۆ ناساندنی زیاتری ڕەمەزان ئۆزتورک‌و تێگەیشتن لە هەڵوێستی سیاسی‌و ئەمنیی تورکیا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرانبەر بە پرسی کوردو کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، وەرزنامەی تورکیاناسی بەپێویستیزانیوە گفتوگۆ لەگەڵ ناوبراودا بکات.

تورکیاناسی: یاخسەمەر چیت بەبیردەهێنێتەوە؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: یاخسەمەر زۆر شت بەبیرمدەهێنێتەوە، ئەڵقەیەکی زنجیرەی خەبات‌و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی سەدام. ڕەوتی بەرخودانێکی بەکۆمەڵ بە هزرمدا دەهێنێتەوە، کە خەڵکێک بەبێ جیاوازیی ژن‌و پیاو، درێژەیانپێداوە. خەباتێک کە مام جەلال‌و هاوڕێکانی بە بڕواو متمانەیەکی تەواوەوە ئامادەبوون بۆ درێژەپێدانی بە هەر قوربانی‌و باجێک بێت.

تورکیاناسی: بۆ یەکەم جار وەک ڕۆژنامەوان کەی‌و چۆن هاتیتە عێراق‌و هەرێمی کوردستان؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٩٨٧) بە شێوەی ڕەسمی ڕۆیشتمە بەغداد، لەوێوە بە ڕێگەی قاچاغ ڕۆیشتمە سلێمانی‌و پاشان لە یاخسەمەر مام جەلالم ناسی.

تورکیاناسی: چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ مام جەلالدا دروستکرد؟ هەتا کەی بەردەوامبوو؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: دروستبوونی پەیوەندییەکەمان بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ ڕوداوی ڕفاندنی ئەندازیارێکی تورک لە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە لەلایەن پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، بەڵام ئەم پەیوەندییە لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی یەکێتی لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە دروستبوو. پاشان دوای ئەوەی بە ڕێگای قاچاغ لە بەغدادەوە ڕامکرد بۆ سلێمانی، بۆ یەکەم جار لە یاخسەمەر لەگەڵ مام جەلالدا ڕووبەڕوو یەکترمان بینی. لەو ڕۆژەوە هەتا ئەو کاتەی کۆچیدوایی کرد، بە گوێرەی دەرفەت یەکترمان دەبینی. چەندین جار چاوپێکەوتنم لەگەڵ مام جەلالدا بۆ دەزگا ڕۆژنامەوانییەکانی تورکیا کردووە، هەروەها کاری دیکەی ڕۆژنامەوانیم دەربارەی هەڵەبجەو ناوچەکانی دیکەش کردووە، دوو جاریش فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیومێنتاری)م بۆ کەناڵی یوتیوبی خاڵی شکانەوە (Kırılma Noktası)و کەناڵی (TRT) (ڕادیۆو تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا) دەربارەی هەڵەبجە بڵاوکردووەتەوە. جگە لەمانەیش، هەم لە سەردەمی سەدام‌و هەم دوای ڕوخانی ڕژێمیش، چەندین بابەتی ڕۆژنامەوانیم دەربارەی عێراق ئامادەو بڵاوکردووەتەوە. ئەو کاتەیشی سەرۆک کۆماری عێراق بوو، مام جەلال چەندین جار لە ماڵی خۆی میواندارییکردووم. هەر کاتێک یەکترمان ببینیایە، پێیدەگوتم “هاوڕێی قەدەری یاخسەمەرم”.

تورکیاناسی: یەکەم جار کەی‌و چۆن ئاگاداربوویت لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە؟ سەرەڕای ئەو دۆخە سەخت‌و مەترسیدارە، چۆن بڕیارتاندا بڕۆن بۆ هەڵەبجە؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: لە ڕێگەی کورتەهەواڵێکی ئاژانسێکی بیانییەوە زانیم، کە هەڵەبجە کیمیابارانکراوە. دەستبەجێ دەستمکرد بە پرسیارو لێکۆڵینەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاست‌و دروستیی هەواڵەکە، لەبەرئەوەی پێشتر سەردانی ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستانم کردبوو، بۆیە پێموابوو ئەگەر ڕوداوێکی وەک کیمیاباران ڕویدابێت، بە دڵنیاییەوە کارەساتێکی گەورە لەو ناوچەیەدا دێتەکایەوە. دوای ئەوەی پەیوەندیم بە ڕەفعەت محەمەد عەلی؛ نوێنەری ئەو کاتەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە لە تاران کرد، زانیاریی زیاترم دەربارەی کارەساتەکە دەستکەوت، بۆیە ئێوارەی (١٧)ی ئادار بەرەو ئێران کەوتمەڕێ.

تورکیاناسی: ئایا لەو کاتەدا دەوڵەتی تورکیا دەیزانی تۆ لەگەڵ هاوڕێکانتدا وەک ڕۆژنامەوان دەڕۆن بۆ هەڵەبجە؟ ئەگەر زانیویەتی، چۆن مۆڵەتیپێداون؟
ڕەمەزان ئۆزتەرک: ئەو کاتە پێویستینەدەکرد ڕۆژنامەوان مۆڵەت لە دەوڵەت وەربگرێت بۆ ئەوەی بڕوات بۆ وڵاتێکی دیکە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی. بەڵام (١٠) مانگ پێش ئەو کارەساتەو لە کاتی ڕوداوی ڕفاندنی ئەندازیارە تورکەکە، دەوڵەت هەوڵیدا ڕێگریملێبکات لە چوونم بۆ کوردستان‌و چاوپێکەوتن لەگەڵ مام جەلالدا. حکومەتی تورکیا هەوڵیدا ڕێگریملێبکات لە بەدەستهێنانی ڤیزە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەنقەرە. ئەمەیش پەیوەندیدار بوو بە تێڕوانینی دەوڵەتەوە بۆ پرسی کوردو هەروەها هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی ڕوداوی ڕفاندنی ئەندازیارە تورکەکەو ئاشکرانەبوونی ڕوداوەکەو داواکارییەکانی ئەو کاتەی یەکێتی لە تورکیا بۆ ڕایگشتیی ئەو وڵاتە. هەروەها لەو کاتەدا تورکیا لە شەڕو پێکداداندا بوو لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا، نەیدەویست ئاسانکاری بێتەکایەوە بۆ ئاگاداربوونی کوردانی ئەو چوار وڵاتەی تێیدا دەژیان لە هەواڵ و بارودۆخی یەکدی، لەبەرئەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕێگرینەدەکرا لە ڕۆیشتنی ڕۆژنامەوانان بۆ هەڵەبجە، بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆو ڕێگەی جۆراوجۆر هەوڵی ڕێگری‌و بێزارکردنمان دەدرا.

تورکیاناسی: ئایا ڕۆژنامەوانی دیکە لە تورکیاوە هاتووەتە هەڵەبجە بۆ ڕوماڵی کارەساتی کیمیابارانی ئەو شارە؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: بەڵێ، لە سەرەتای کارەساتەکەوە لەگەڵ مندا هەریەک لە فاروق ئۆلچوجو (Faruk Ölçücü)؛ پەیامنێر و فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەی گیونەش (Güneş Gazetesi) هاتینە هەڵەبجە. بە دوای ئێمەدا تیمێکی ڕۆژنامەوانیی (TRT) (ڕادیۆو تەلەفزیۆنی تورکیا)، کە پێکهاتبوو لە پەیامنێرو کامێرامان‌و یاریدەدەرێک، هاتن بۆ هەڵەبجە. جگە لەمانەیش، چەند تیمێکی ڕۆژنامەوانی لە ئەوروپاوە هاتن.

تورکیاناسی: حکومەت چۆن ڕێگەیدەدا بە ئێوە بابەتی ڕۆژنامەوانی دەربارەی هەڵەبجە بڵاوبکەنەوەو تەنانەت بیگەیەننە دەرەوەی وڵات؟ چونکە بە گشتی ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیا دژی نیشاندانی ستەملێکراوی کورد بوو، چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوەی وڵاتەکەی، ئەمەیش بۆ ئەوەی ڕێگریبکات لە خۆپیشاندان‌و سەرهەڵدانی ناوخۆیی‌و دروستبوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ کورد.
ڕەمەزان ئۆزتورک: دەوڵەت نەیدەتوانی بە ئاشکرا بڵێت، کە “هەواڵ و زانیاری دەربارەی هەڵەبجە بڵاومەکەنەوە”، بەڵام لە ژمارەیەک ڕۆژنامەدا لە ڕێگەی ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە نزیک بوون لە دەوڵەتەوە، ڕێگریدەکرا لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەست بە کوردو هەڵەبجەوە، واتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە کوردو هەڵەبجەوە، پەیوەست بوو بە تێڕوانینی بەرپرسانی دەزگا ڕۆژنامەوانییەکانەوە بۆ پرسی کورد. تەنانەت ڕۆژنامەی گیونەشیش وەک پێویست بایەخی بە کارەساتەکە نەداوە.

تورکیاناسی: وەک دەزانین یەکەم وێنەی عومەری خاوەر لەلایەن تۆوە گیراوە، بەڵام چەند ساڵێکە ئەحمەدی ناتقی، کە فۆتۆگرافەرێکی ئێرانییە، بانگەشەی ئەوە دەکات، کە یەکهەم وێنەی عومەری خاوەر لەلایەن ئەوەوە گیراوە، چی دەڵێیت لەو بارەیەوە؟ هەڵبەت ئەوەمان لەیادنەچێت، کە ڕەنگە بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە لە سەر ئێران، ناتقی نەیتوانیبێت وێنەکەی بگەیەنێت بە میدیای جیهانی.
ڕەمەزان ئۆزتورک: لە ڕاستیدا ئەم بانگەشەیە شایستەی ئەوە نییە، کە بایەخێکی ئەوتۆیشی پێبدرێت. (٣٧) ساڵ بە سەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا تێپەڕیوە، ئێستا کەسێک دەرکەوتووەو دەڵێت: “یەکەم وێنەی عومەری خاوەر من گرتوومە”. گرنگ نییە کێ یەکهەم جار ئەو وێنەیەی گرتووە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە وێنەی کێ بڵاوبووەتەوە بە جیهانداو ئەو کاریگەرییەی دروستکرد. بابەتی سەپاندنی سزاو گەمارۆ بە سەر ئێراندا بۆ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کێشە بووە. لە بریی قسەکردن لە سەر دیوی پشتەوەو لایەنە تاریکەکانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، دوای چەندین ساڵ کەسێک بێت‌و بڵێت: “یەکهەم جار من وێنەی عومری خاوەرم گرتووە”، ئەمە کێشەیە، پاشان ئەمەیش بکرێت بە بابەت‌و قسەی لە سەر بکرێت. ئەگەر بە ڕاستی ئەو وێنەیەی گرتبێت، ئایا نوسخەی بنەڕەتی (ڕەشوسپی)ی ئەو وێنەیە لە کوێیە؟ ئەوەی زیاتر من نیگەراندەکات، باسکردنی ئەم بابەتەیە لەلایەن میدیای کوردییەوە، تەنها دەتوانم بڵێم بە داخەوە.

تورکیاناسی: سەرەڕای ئەوەی لەلایەن چەندین دەزگای ڕۆژنامەوانیی جیهانی‌و دەوڵەتانەوە خەڵاتی ڕێزلێنانت پێبەخشراوە، بەڵام دەگوترێت دەوڵەتی تورکیاو کۆمەڵە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەو وڵاتە وەک پێویست ڕێزیان لە ماندووبوونەکانت نەناوە، ئایا ئەمە ڕاستە؟ لەبەرئەوەی تۆ کوردیت‌و هەڵەبجەیش شارێکی کوردستانە، بۆیە فەرامۆشکراویت؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: بەڵی، لە تورکیا هیچ خەڵات‌و ڕێزلێنانێکم پێنەبەخشراوە، کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی تورکیا، ڕێکخراوی فۆتۆگرافەرانی تورکیاو دامەزراوە میدیاییەکانی ئەم وڵاتەیش چاویان نوقاند لە ئاستی من. ئەمەیش دوو هۆکاری هەیە؛ یەکەمیان: هەر کاتێک لە تورکیادا پرسی کورد بێتەپێشەوە، تەنانەت لایەنە ناکۆکەکانیش لە نێوان خۆیاندا کۆک‌و تەبا دەبن دژی ئەم پرسە، بە تایبەت لەو سەردەمەدا ئەم تێڕوانینەی تورکەکان بۆ پرسی کورد زۆر توندتر بوو، لەبەرئەوە هەر وێنەو هەواڵ‌و بابەتێکی ڕۆژنامەوانی، کە باسی لە مافی کوردو خەباتی ئەم گەلە بکردایە، هەتا بکرایە، لەلایەن دەوڵەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پەردەپۆشدەکرا. پێنەدانی خەڵات‌و ڕێزلێنانیش بە من، ئەنجامێکی ئەم دۆخە بوو.

تورکیاناسی: بە گوێرەی بەدواداچوونەکان‌و توێژینەوە زانستییەکان، میدیای تورکیا لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێراندا زیاد لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بایەخی بە پێشڕەویی سوپای ئێران بۆ کەرکووک‌و ئەگەری “دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارە لەلایەن سوپای ئێرانەوە” داوە، هەتا چەند ئەم بۆچوونە بە دروست دەزانن؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: هەتا ئێستایش خەڵکانێک لە تورکیادا هەن، پێیانوایە کەرکووک خاکی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەو بانگەشەی گێڕانەوەی دەکەن بۆ تورکیا، تەنانەت لە ناو دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەتیشدا خەڵکانێک پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکەن. لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران‌و دروستبوونی مەترسی لە سەر کەرکووک، بەشێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیاو ڕایگشتی‌و شەقامی ئەم وڵاتەیش داوایاندەکرد تورکیا سنوری عێراق ببڕێت‌و بە ئاڕاستەی کەرکووک هەنگاوبنێت. مەبەستم لەوەیە بڵێم، کە ئەو هەڵوێستەی بایەخدانی زیاتر بە کەرکووک؛ ئەنجامی تێڕوانینی ئەو کاتەی دەوڵەت‌و شەقامی تورکیا بوو بۆ ئەو شارە.
تورکیاناسی: وەک دەزانن لە سەردەمی تورگوت ئۆزالدا؛ هەریەک لە مام جەلال‌و مەسعوود بارزانی بە پاسپۆرتی تورکیا؛ ئەوروپاو ئەمریکا گەڕان‌و لۆبییان بۆ کورد دەکرد. چۆن دەوڵەتی تورکیا لە لایەک ڕێگە لە کوردەکان دەگرێت بۆ ئازادی‌و سەربەخۆیی، لە لایەکی دیکەوە پاسپۆرت بە بارزانی‌و تاڵەبانی دەدات هەتا لۆبی بۆ کوردو کوردستان بکەن لە دەرەوەی وڵات؟
ڕەمەزان ئۆزتورک: تێڕوانینی تورگوت ئۆزال، کە ئەو کاتە سەرۆککۆماری تورکیا بوو، جیاواز بوو لە تێڕوانینی گشتیی دەوڵەت بۆ پرسی کورد. ئامانجی ئۆزال بریتی بوو لە دروستکردنی پردی پەیوەندی‌و دیالۆگ لەگەڵ کوردەکاندا، بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد، لە بریی دژایەتیکردنیان.

Send this to a friend