• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 13, 2023

تەکنەلۆجیای گەیاندن شاری زیرەك؛ لە خەونەوە بۆ ڕاستی

سارا ئازاد ئەحمەد/ ماستەر لە ئەندازیاری سیستمەکانی کۆمپیوتەر – زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆژیا

دیاری عەبدولخالق حەسەن/ دکتۆرا لە ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و گەیاندن – زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی

بەرایی

بیرۆکەی شاری زیرەك(Smart City)  بە واتای ئەوە دێت کە تەکنەلۆجیا بڕبڕەی سەرەکیی گشت کردار و چالاکییەکانی شار بێت، ئەمەش بە بەستنەوەی سەرجەم ئامێرەکان بە هێڵی ئینتەرنێت کە خۆی لە زۆر بواردا دەبینێتەوە. ئەم بیرۆکەیە لە پێشوودا تووشی چەندین بەربەست و کەموکوڕی بووە، بە نموونەش سنوورداریی هێڵی ئینتەرنێت، بەڵام لە دوای نەوەی پێنجەم شاری زیرەک چیتر وەکوو تیۆری نامێنێتەوە و دەکرێت بە پراكتیك. “5G” کە بە نەوەی پێنجەمی بواری پەیوەندیکردن ناسراوە، هەر لەگەڵ دەرکەوتنی بووە جێگەی باسوخواسی وڵاتە زلهێزەکان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو توانا لەڕادەبەدەرەی کە لەم تەکنەلۆجیا نوێیەدا هەیە وەك ئاڵۆگۆڕی زانیاری بە کاتێکی زۆر خێرا کە کەمترە لە ٥٠ میلیچرکە، هەروەها توانای داگرتنی داتا و زانیاریی هەیە کە دەکاتە نزیکەی ٢٠ گێگابایت لە چرکەیەکدا. هەموو ئەم تایبەتمەندییانەی نەوەی پێنجەم هۆکارن بۆ ئەوەی کە خەونی شاری زیرەک بهێننە دی. بەڵام بە تەنها پایەی سەرەکی بنیاتنانی شارە زیرەکەکان نین، بەڵکوو پێویستیان بە هاوکاریی تەکنەلۆژییە سەردەمییەکانی دیکەی گەیاندن هەیە، وەك: مانگی دەستکرد، ڕیشاڵە تیشکییەکان (fiber optics) و تۆڕی فراوانی هەستەوەری زیرەك  (sensor network).

١. پڕۆژەی شاری ‌زیرەك، کورتەیەکی مێژوویی

شاری زیرەك (هۆشمەند) بە واتای بنیاتنانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی مۆدێرن دێت، کە تەکنەلۆژیا بناغەی سەرەکیی بێت و بە شێوەیەکی  فراوان و هەمەچەشن تێیدا بەکار بهێنرێت، ئەمانەش وەكوو ئامێری ئەلکترۆنی، هەستەوەری زیرەك (sensors)، سۆفتوێری پێشکەوتوو، نوێترین تەکنەلۆجیای گەیاندن و پەیوەندیکردن و زیرەکیی دەستکرد، هەموو ئەمانە بە مەبەستی فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا و ئاسانکاری لە کار و چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان1، بۆ نموونە: خوێندن لەڕێگای ئینتەرنێت، دابینکردنی سیستمی زانیاری لە دامودەزگا میرییەکان، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە نەخۆشخانەیەك لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەت، کۆنترۆڵکردنی سارد و گەرمی یاخود ڕووناکیی ماڵ لە ڕێگەی مۆبایل کاتێك خۆت لە دەرەوەیت، چاودێریکردنی ڕێگاوبانەکان لە ڕێگەی کامێرای تایبەت و سیستمی تایبەت بە هاتوچۆ، پارەدان بە شێوازی ئەلکترۆنی و زۆر بواری دیکە، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی چەمکی شاری هۆشمەنددا جێگەیان دەبێتەوە. لەگەڵ گەشەسەندنی تەکەنەلۆجیا بە گشتی و تۆڕی ئینتەرنێت و ئامێری پەیوەندیکردن، بیرۆکەی شارە هۆشمەندەکان قۆناغ بە قۆناغ هاوتەریب لەگەڵیدا گەشەی سەندووە[1].

گەڵاڵەبوونی بیرۆکەی شاری هۆشمەند دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ و  سەرەتای ١٩٧٠، کاتێك بۆ یەکەم جار لە وڵاتی ئەمەریکا سیستمی داتابەیس بەکار هێنرا لە پڕۆژەیەکدا، دواتر ئەم بیرۆکەیە گەشەی سەند بەم جۆرەی خوارەرەوە[2]:

ساڵی ١٩٧٤: لە لۆس ئەنجلس یەکەم پڕۆژەی مەزنی شیکاری داتای بەکار هێنا وەك سەرەتایەك بۆ شاری زیرەك.

ساڵی ١٩٩٤: لە ئەمستردام یەکەم پڕۆژەی شاری دیجیتاڵی دروست کرا کە ئامانج لێی بەکار‌هێنانی ئینتەرنێت بوو لە چەند سێکتەرێکی دیاریکراودا.

ساڵی ٢٠٠٥: ئەکادیمیای سیسکۆ (CISCO)ی ئەمەریکی بۆ بواری تۆڕەکانی ئینتەرنێت، نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکیی تەرخان کرد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرەوپێشخستنی بیرۆکەی شاری زیرەك.

ساڵی ٢٠٠٨: ڕێکخراوی “IBM”ی ئەمەریکی دەستی کرد بە ئەنجامدانی چەند تاقیکردنەوەیەك بۆ بەکارهێنانی هەستەوەری زیرەك بە مەبەستی زیاتر گەشەسەندنی  پڕۆژەی شاری هۆشمەند.

ساڵی ٢٠١٠: حکومەتی ژاپۆن یەکەمین شاری هۆشمەندی بە ناوی یۆکۆهاما خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

ساڵی ٢٠١١: ڕێکخراوی “IBM”ی ئەمەریکی ٢٤ شاری لە سەر ئاستی جیهان هەڵبژارد وەك براوەی خەڵاتی شاری زیرەك کە نزیکەی ٢٠٠ کار و چالاکیی ڕۆژانەی شارەکە بە ئینتەرنێتەوە بەسترابوونەوە. لە هەمان ساڵدا نزیکەی  ٦٠٠٠ کەس لە ٥٠ وڵاتی جیاوازەوە ئامادەی یەکەم كۆنگرەی نێودەوڵەتی بوون لە بەرشەلۆنەی ئیسپانیا کە تەوەری کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بە چۆنێتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری زیرەك.

ساڵی ٢٠١٢: لە دوای ئەنجامدانی كۆنگرە زانستییەکەی ئیسپانیا، شاری بەرشەلۆنە پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە تێیدا چەندین لایەنی وەك سیستمی هاتوچۆ، پارکینگی ئۆتۆمبێل، تەنانەت ڕووناکیی سەر شەقامەکانی ڕاستەوخۆ دەبەستەوە بە ئینتەرنێتەوە و لە ڕێگەی ناوەندێکی یەکەی زانیارییەوە کۆنترۆڵ دەکرا.

ساڵی ٢٠١٣: حکومەتی چین مەزنترین زنجیرەپڕۆژەی شاری هۆشمەندی ڕاگەیاند کە نزیکەی ٩٠ شار و شارۆچکەی لەخۆ دەگرت، تێیدا زۆرترین چالاکیی ڕۆژانەی شارەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە کۆنترۆڵ دەکرا. هاوتەریب لەگەڵ وڵاتی چین، سەرۆکی شارەوانیی لەندەنی پایتەختی وڵاتی بەریتانیا پێشنیازی پڕۆژەی لەندەنی زیرەکی کرد کە ستراتیژیەتی کارەکە بریتیبوو لە بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی ئەو شارە تاکوو ڕێژەی شارێکی تەواو هۆشـمەند وئاست بەرز.

ساڵی ٢٠١٤: وڵاتی چین زنجیرەی دووەمی پڕۆژەی شاری زیرەکی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەم جارە ڕێژەی شار و شارۆچکەکان زیاد کرا بۆ ١٠٣ شار. لە هەمان ساڵدا لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا ستراتیژیەتی شاری زیرەك خرایە بواری جێبەجێکردنەوە کە دەبێت تاکوو ساڵی ٢٠٢٥ زۆربەی سێکتەرەکانی ئەو شارە بەتەکنەلۆژی بکرێن.

ساڵی ٢٠١٥: وڵاتی چین پەرەی زیاتری بە پڕۆژەکەی دا بە زیادکردنی ٨٤ شاری دیکە، کە بەمەش کۆی گشتیی شارە پێکەوەبەستراوەکان بە سیستمی زیرەكی ئەو وڵاتە گەیشتنە ٢٧٧ شار. لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی چین، وڵاتی هیندستانی هاوسێی هەستی بە پێویستیی ئەو پڕۆژەیە کرد، بۆیە لە هەمان ساڵدا دەستی کرد بە پڕۆژەی هاوشێوە کە نزیکەی ١٠٠ شار و شارۆچکە تێیدا بەشدار بوون.

ساڵی ٢٠١٧: نەوەی پێنجەمی تۆڕی پەیوەندیکردن لە وڵاتی بەریتانیا تاقی کرایەوە، ئەمەش بە مەزنترین دەستکەوت دادەنرێت لە مێژووی شاری هەشمەنددا، چونکە تەواوی بەربەستەکانی پێشووتری تێکشاند کە دەبوونە هۆی دواکەوتن و بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە. هەروەها لە شاری هۆنکۆنگ یەکەم پڕۆژەی مەزنی شاری هۆشمەند تەواو کرا.

وێنەی ژمارە (١)

پڕۆژەی شاری زیرەکی نموونەیی[3]

ساڵی ٢٠١٨: چەندین وڵات دەستیان کرد بە کێبڕكێکردن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی شارە هۆشمەندەکانیان، لەوانە: لەندەن وەشانی نوێی زیاد کرد بۆ ئەو پڕۆژەیەی کە لە ٢٠١٣ دەستی پێ کردبوو، بە پشتبەستن بە نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت. لە هەمان ساڵدا سەنگاپوور خەڵاتی باشترین شاری هۆشمەندی بردەوە لە سەر ئاستی جیهان بەوەی کە زۆرترین ڕێژەی تەکنەلۆژیا بەکار دەهات لەو وڵاتەدا لە کاروباری ڕۆژانەی هاوڵاتییاندا.

ساڵی ٢٠١٩: لە نیویۆرکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هەمان شێوەی لەندەن، نەوەی پێنجەمی تۆڕی پەیوەندیکردن تاقی کرایەوە کە ئامانج لێی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزتر بوو بۆ پڕۆژەی شاری هۆشمەند. لە هەمان کاتدا کۆمپانیای فۆرد هەڵسا بە پشتگیریکردنی ئۆتۆمبێلی خودکار کە هەنگاوێکی نوێیە لە پڕۆژەی شاری زیرەك. هەروەها وڵاتانی “گرووپ-٢٠” لە کۆبوونەوەی ئەو ساڵەیدا پلانی بەرەوپێشچوونی شاری هۆشمەندی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

ساڵی ٢٠٢٠: وڵاتی ڤێتنام بودجەیەکی تایبەتی بە بڕی ٢.٥ بلیۆن دۆلاری ئەمەریکی تەرخان کرد بە مەبەستی پەرەپێدانی شاری هۆشمەند لە هانۆی پایتەختی ئەو وڵاتە.

٢. تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەم و کاریگەریی لە سەر شاری ‌هۆشمەند

پەیوەندیکردن لە ڕێگەی ئامێرە بێتەلەکانەوە لە ناوەڕاستی ساڵی هەشتاکان شۆڕشێکی تەکنەلۆژی بوو کە بووە هۆی وەچەرخانی ڕێڕەوی پێشەسازی لەو کاتەدا، وە سەری کێشا بۆ چەندین داهێنانی نوێ. هەر لەگەڵ سەرەتای دەرکەوتنیەوە، وڵاتانی زلهێز کێبڕکێیان بوو لە گەشەپێدانی. تاکوو لە ساڵی نەوەدەکان نەوەی دووەمی تۆڕی پەیوەندیکردن کەوتە کار، لە پاشاندا نەوەی سێیەم و چوارەم بە هەمان شێوە خرانە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە. هەر نەوەیەكیش بە چەند تایبەتمەندییەك دەناسرێتەوە کە جیاوازە لە نەوەی پێش خۆی، وەك زیادکرنی داتا (ئینتەرنێت) لە نەوەی سێیەم، بەرزکردنەوەی خێرایی ئینتەرنێت و کەمکردنەوی کاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی پەیوەندیکردن لە نەوەی چوارەم، بەڵام نەوەی پێنجەم جیاواز لە نەوەکانی پێش خۆی بووە جێگەی زۆرترین مشتومڕ لە سەر ئاستی جیهان بە هۆی ئەو توانا لەڕادەبەدەرەی کە هەیەتی لە خێرایی داگرتنی داتا و زانیاری، کەمترین کاتی پێویستە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندیکردن. لە هەمووی گرینگتر، بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد (Artificial Intelligence) لە ناواخنی ئەم تەکنەلۆژیایەدا[4].

وێنەی ژمارە (٢)

قۆناغی گەشەسەندنی سیستمی پەیوەندیکردن[5]

پێویستە لێرەدا ئەو ڕاستییە بوترێت کە بەبێ نەوەی پێنجەم، پڕۆژەی شاری زیرەك بە نیوەناچڵی دەمایەوە و نەدەبووە ڕاستی، چونکە بنیاتنانی شارێکی تەواو زیرەك کە سەرجەم چالاکییەکان خودکار بن و لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردنەوە پێکەوە گرێدرابن، کە ملیۆنان کەس لە چرکەیەکدا ئاڵۆگۆری زانیاری بکەن و کاروباری ڕۆژانەیان لە ڕێگای تۆڕی ئیتەرنێتەوە ڕاپەڕێنن؛ بە پشتبەستن بە نەوەکانی پێشووتر تەواو ئەستەمە، لەبەر ئەوەی توانایەکی سنوورداریان هەیە لە ڕووی قەبارەی ئاڵۆگۆڕی داتا و بەردەستبوونی زانیاری لە کاتی پێویستدا، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە بیرۆکەکە پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە لە چەند دەیەی ڕابردوودا[6].

لەگەڵ یەکەم تاقیکردنەوەی نەوەی پێنجەم، چیتر ئەو بەربەستانە لە بەدیهێنانی شارە هۆشمەندەکاندا نەمایەوە، چونکە ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە ڕێگە دەدات بەوەی کە سەدان ملیۆن بەشداربوو دەستیان بە خێراترین تۆڕی ئینتەرنێت بگات و ئاڵۆگۆڕی زانیاری بکەن بە کاتێکی زۆر خێرا کە کەمترە لە “٥٠ میلیچرکە”، هەروەها توانای داگرتنی داتا و زانیاریی هەبێت کە دەگاتە نزیکەی “٢٠ گێگابایت” لە چرکەیەکدا، بەم ڕێگایەش دەکرێت تەنها لە شوێنی خۆتەوە بە بەکارهێنانی مۆبایلەکەت گشت ئامێرە کارەبایی و ئەلکترۆنییەکان کۆنترۆڵ بکەیت، وەك: تەلەڤزیۆن، سیستمی کارەبا و ئاوخواردنەوە، بەفرگر و… هتد. سەرئەنجام پڕۆژە مەزنەکە بە هاوکاریی “5G” لە ئەستەمەوە بووە پراکتیك[7]. سەرەڕای هەموو خاڵە بەهێزەكانی نەوەی پێنجەم، بەڵام بەدەر نییە لە بوونی چەند خاڵی لاواز، لە خوارەوە ئاماژە ی پێ دەکەین.

خاڵە بەهێزەكان

  • توانایەکی بێوێنەی هەیە لە گەیاندن و گواستنەوەی زانیارییەکان، کە ئەمەش بنچینەییترین هۆکاری بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکەیە، چونکە لە ڕابردوودا گەورەترین بەربەست نەبوونی سیستمێکی خێرا بوو بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری.
  • شێوازی بیناکاریی سیستمی نەوەی پێنجەم بە جۆرێکە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە تاوەری بچووکی پەیوەندیکردن هەن کە لە گشت شوێنێك و نزیك لە یەکتر دادەنرێن، تاکوو گەرەنتیی ئەوە بکرێت کە شەپۆلی ڕادیۆیی ئەم تەکنەلۆژیایە دەگاتە هەر قوژبنێکی ئەو ناوچەیە، ئەمەش بە واتای پەیوەندیی بەردەوام و نەبڕاو دێت لەگەڵ ئینتەرنێت لە هەر شوێنێك بێت.
  • بەکارهێنەر دەتوانێت سوودمەند بێت لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بە بەرزترین کوالێتی و نرخێکی کەمتر لەچاو سیستمەکانی پێش خۆی.
  • ئاوێتەکردنی زیرەکیی دەستکرد لەگەڵ نەوەی پێنجەم یەکێکە لە دەستکەوتە مەزنەکان کە بووەتە ئامرازێك بۆ زیادکردنی چوستیی ئەم تەکنەلۆژیایە.

خاڵە لاوازەكان

  • نەوەی چوارەم لە زۆربەی وڵاتان بەردەستە و کاتێك بمانەوێت نەوەی پێنجەم دابمەزرێنین؛ پێویست دەکات کە گشت ئامێر و تاوەرەکانی تایبەت بە نەوەی چوارەم لا ببرێن، ئەمەش وەك بەهەدەردانی سامانی گشتی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. لە هەمان کاتدا کۆی گشتیی نرخی سیستمی نەوەی پێنجەم زۆر زیاترە بە بەراورد بە نەوەکانی پێش خۆی.
  • هەروەك ئاماژەی پێ کرا، نەوەی پێنجەم پێویستی بە ژمارەیەکی بێشومار لە تاوەری گەیاندن هەیە تاکوو بتوانێت شەپۆلی ڕادیۆیی بگەیەنێتە گشت شوێنێك، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لە سەر تێکدانی سیمای شارستانیی شوێنە گشتییەکان.
  • نەوەی پێنجەم شەپۆلی ڕادیۆیی بە لەرەلەری ئێجگار بەرز بەکار دەهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆکاری مشتومڕ لە ناو خەڵکی و تەنانەت زانایان بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێكیان بە مەترسیی دەزانن بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و بە هۆکاری تێکچوونی “DNA”ی خانەکانی دەزانن، بەڵام هێشتا لە ڕووی زانستییەوە نەسەلمێنراون. لە ئەگەری ڕاستبوونی ئەم تۆمەتەی دەدرێتە پاڵ نەوەی پێنجەم، زیانێکی زۆر بە مرۆڤ و زیندەوەران دەگەیەنێت.

٣. زیرەکیی دەستکرد لە نەوەی پێنجەم

جیاکەرەوەی سەرەکیی نەوەی پێنجەم لەگەڵ نەوەکانی پێش خۆی، بریتییە لە ئاوێتەکردنی زیرەکیی دەستکرد کە بە “Artificial Intelligence” ناسراوە، لەگەڵ ناواخنی ئەوە تەکنەلۆجیا نوێیە. بێگومان زیرەکیی دەستکرد لە هەمان کاتدا بە یەکێك لە پایەکانی پڕۆژەی شاری هۆشمەند پێناسە دەکرێت.

نەوەی پێنجەم سوود لە زیرەکیی دەستکرد دەبینێت بۆ پەرەپێدانی چوستیی سیستمەکە و باشترکردنی چەند کردارێکی تایبەت وەك: سیستمی “handover”، ڕێکخسنتەوەی وزەی ئامێرەکان و کەمکردنەوەی بەفێڕۆدانی وزە، دابەشکردنی خێرایی “bandwidth”ی جیاواز بۆ هەر بەشداربوویەك بە گوێرەی پێویست. بۆ نموونە؛ کاتێك کەسێك سەیری ڤیدیۆیەکی کواڵتیی بەرز دەکات، خێراییەکی زیاتری بۆ تەرخان دەکرێت وەك لە بەشداربوویەکی دیکە کە لەو کاتەدا کورتەنامە بەکار دەهێنێت، ئەمەش ڕێگری دەکات لە بەفیڕۆچوونی کەناڵی گواستنەوەی زانیاری. هەروەها زیرەکیی دەستکرد لە پارێزگاریی داتا و زانیارییەکانی نەوەی پێنجەم ڕۆڵی بەرچاوی هەیە، جگە لە چەندین بەکارهێنانی دیکە[8].

وێنەی ژمارە (٣)

پڕۆسەی ئاوێتەبوونی زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم[9]

دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە نەوەی پێنجەم بە داینەمۆی گەشەسەندی زیرەکیی دەستکرد دادەنرێت. هەروەك ئاشکرایە کە زیرەکیی دەستکرد کار لە سەر شیکاریی داتا و زانیاری دەکات، وە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات بە گوێرەی چەند پێوەرێکی دیاریکراو، لە پاشاندا چارەسەری گونجاو پێشنیاز دەکات. هەموو ئەم پڕۆسە ئاڵۆزانە پێویستیان بە کۆمپیوتەری خێرا و ئامێری تایبەت هەیە، بەڵام نەوەکانی پێشوو توانای گواستنەوە و چارەسەری ئەو قەبارە زۆرە لە زانیاری بە خێرایی پێویست نەبووە، ئەمەش وای کردووە گەشەسەندنی زیرەکیی دەستکرد تا ڕادەیەك نزیك بێتەوە لە چەقبەستوویی. نەوەی پێنجەم بووە فاکتەری پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد و هاتنەئارای بیرۆکەی “Connected Intelligent Edge” بە واتای شیکاری و چارەسەرکردنی داتا و زانیاری لە ناو ئەو سێرڤەرانەی کە تایبەتن بە نەوەی پێنجەم و نزیکن لەو ئامێرەی کە دەیەوێت شیکارییەکە بکات، چونکە خێرایی گواستنەوەی زانیاری لە تۆڕی نەوەی پێنجەم هاوکار دەبێت لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان ئامێری کۆمپیوتەر یان مۆبایل لەگەڵ سێرڤەرە تایبەتەکانی سیستمی نەوەی پێنجەم[10]. پێویستە سەرنج بخرێتە سەر ئەو ڕاستییەی کە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد چەند لێکەوتەیەکی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر مرۆڤایەتی، وەك ئەمانەی لای خوارەوە:

– لە هەندێك بارودۆخی تایبەتدا کە پێویست بێت ژیریی مرۆڤ بڕیار بدات بە لەبەرچاوگرتنی “هەست و سۆز” لە سەر چۆنێتیی ئەنجامدان و دیاریکردنی مێکانیزمی تایبەت بۆ کارپێکردنی تەکنەلۆژیاکە، ژیریی دەستکرد ئەو هەڵبژاردەیەی لە بەردەم مرۆڤدا نەهێشتووەتەوە، تەنها لە سەر بنچینەی ئەو زانیارییەی پێی دراوە یان ئەو میکانیزمەی بۆی دیاری کراوە کار دەکات، ئەمەش هەندێك جار لێکەوتەی کارەساتباری دەبێت.

– هاوکات بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی هەلی کارکردن، چونکە ئامێرێكی زیرەك دەبێتە جێگرەوەی مرۆڤ کە بە وردییەکی زیاتر و بێ ماندووبوون ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت.

– سەرەڕای ئەو هۆکارانەی سەرەوە، زیرەکیی دەستکرد پێویستی بە دابینکردنی داتا و زانیاریی زۆر هەیە تاکوو سیستمێکی ورد و کارا بەرهەم بهێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووەکەی و زیادبوونی نرخی ئامێرەکان.

 ٤. گرینگیی مانگە دەستکردەکان لە بنیاتنانی شارە زیرەکەکاندا

زۆرێك لە زاناکان لەو بڕوایەدان کە بە تەنها سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت و تۆڕی فراوانی پەیوەندیکردن ناکرێت وەک چەمکی شاری زیرەک بچەسپێنرێت ئەگەر سوود لە مانگە دەستکردەکان نەبینرێت، بۆیە لێرەدا پێویستە تیشك بخرێتە سەر گرنگی و بەکارهێنانی مانگی دەستکرد لە شاری زیرەکدا. هەروەك ئاشکرایە کە مانگی دەستکرد لە ڕێگەی مووشەکی تایبەتەوە ئاڕاستە دەکرێن بۆ بۆشایی ئاسمان تاوەکوو لە یەکێك لە خولگەکاندا جێگیر دەکرێن و لە پاشاندا بۆ مەبەستی تایبەتی سوودیان لێ دەبینرێت. ئەوەی لای زۆرێکمان ڕوونە کە مانگە دەستکردەکان بۆ پەخشکردنی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان، پەیوەندیکردن، شوێنهەڵگر (GPS) بەکار دەهێنرێن، جگە چەندین بەکارهێنانی دیکەیان کە دەبنە کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەرەوپێشچوونی شارە هۆشمەندەکان[11].

هەروەك لە وێنەی ژمارە (٤)دا ئاماژەی پێ کراوە، مانگی دەستکرد بەکار دەهێنرێت بۆ زانینی پێشوەختەی ڕووداوە سروشتییەکانی وەك گڕکان ، گەردەلوول یان لافاو، بەمەش خۆپارێزیی پێشوەختە دەگیرێتە بەر و مەترسییەکانی لە سەر شارەکە کەم دەکرێتەوە. هەروەها بۆ چاودێریی بەردەوامی شارەکە بەکار دێت تاکوو ڕێگری بکات لە دزیکردن، یان شوێنهەڵگرتنی ئۆتۆمبێلی گومانلەسەر و دیاریکردنی شوێنەکەی بە دروستی بۆ لایەنی پەیوەندیدار. هەروەها لە چاودێریی كشتوکاڵ و کەشوهەوا، یان سەرچاوە ئاوییەکان سوودی لێ وەردەگیرێت[12].

وێنەی ژمارە (٤)

بەکارهێنانی مانگی دەستکرد لە شارە هۆشمەندەکاندا15

وەك هەر جۆرێکی دیکەی تەکنەلۆژیای گەیاندن، مانگە دەستکردەکانیش بێبەش نین لە بوونی خاڵی باش و خراپ، لە خوارەوە بە وردتر باسیان لێوە دەکەین:

خاڵی بەهێز

  • لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند مانگێکی دەستکردەوە دەتوانرێت تەواوی گۆی زەوی بە شەپۆلی ڕادیۆیی دابپۆشرێت. هەروەها ئەو ناوچە شاخاوییە سەختانەی کە دانانی تاوەری پەیوەندیکردن تێیدا ئەستەمە، یان ئەو ئەو کەشتییانەی لە ناوەڕاستی دەریا و زەریاکانن؛ بە خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێتەوە ببەسترێنەوە.
  • جگە لە بواری پەیوەندیکردن و گەیاندن، دەکرێت سوودی لێ ببینرێت بۆ دیاریکردنی شوێن لە سەر ڕووی زەوی، بە تایبەت لە بواری سەربازی، دیاریکردنی ئاڕاستەی با و چڕیی هەورەکان و زانینی کەشوهەوا، هەروەها لە پەخشکردنی تەلەڤزیۆن و چەندین مەبەستی دیکە.
  • لە کاتی ڕوودانی کارەساتی سروشتی و نەخوازراو، دەبێتە تاکە شوێنگرەوەی ئامێرەکانی تایبەت بە پەیوەندیکردن.
  • بەکارنەهێنانی تاوەری پەیوەندیکردن هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی کارەبا و تێکنەچوونی سیمای شارەکان.

خاڵی خراپ

  • مانگە دەستکردەکان تێچوویەکی زۆرتریان پێویستە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی تەکنەلۆژیای گەیاندن، بە تایبەت پڕۆسەی ناردنەدەرەوەی بۆ بۆشایی ئاسمان و جێگیرکردنی لە خولگەکەیدا.
  • لەبەر ئەو مەودا زۆرەی کە هەیەتی لە ڕووی زەوییەوە، کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ گواستنەوەی داتا و زانیاری، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ هەندێك بواری تایبەت و ورد سوودی لێ وەرنەگیرێت.
  • لە هەلومەرجی کەشوهەوای سەخت و نالەباردا، وەك زریان و بەفربارین، شەپۆلە ڕادیۆییەکان تووشی چەند دیاردەیەکی فیزیایی دەبن وەك سەریەکچوون و لەناوچوونی شەپۆل کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری لاوازبوونی پەیوەندیکردن و تاکوو ڕادەی بچڕانی خزمەتگوزاری دەڕوات.
  • لە کاتی بوونی کێشەی تەکنیکی لە مانگە دەستکردەکاندا، چاککردنەوەیان ئەرکێکی ئێجگار قورس و زەحمەتە، چونکە وا پێویست دەکات کە ئەو مانگە دەستکردە بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر زەوی بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی، پاشان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێتەوە، ئەمەش یەکسانە بە تێچووی مانگێکی دەستکردی نوێ.

 ٥. بەکارهێنانی ڕیشاڵە تیشکییەکان (optical fibers) لە شارە زیرەکەکاندا

ڕیشاڵە تیشکییەکان کە لە شووشە یان پلاستیك دروست دەکرێن، بەکار دەهێنرێن وەك ناوەندێکی گواستنەوە لە سیستمی گەیاندندا. داتا و زانیاری بە شێوەی ڕووناکی تێیدا دەگوازرێتەوە، ئەمەش توانای گواستنەوەکەی یەکجار زیاد دەکات بە بەراورد بەو جۆرانەی دیکەی ناوەندی گواستنەوە کە شەپۆلی ڕادیۆ/کارۆموگناتیسی بەکار دەهێنن. ڕیشاڵی تیشکی لە شارە زیرەکەکاندا بۆ مەبەستی گواستنەوەی داتا و زانیاریی قەبارە زۆر گەورە بەکار دەهێنرێت، وەك کامێرای چاودێریی سەر شەقامەکان کە بە کواڵتییەکی زۆر بەرز ڤیدیۆ تۆمار دەکەن و ڕاستەخۆ دەگوازرێنەوە بۆ ناوەدنی زانیاریی تایبەت بە دەزگا میرییەکان. هەروەها گواستنەوەی زانیاری لە ڕێگەی کێبڵی فایبەرەوە بە تەواوی پارێزراون و زۆر ئەستەمە کە سیخوڕیی بە سەرەوە بکرێت، بۆیە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە سێرڤەر و داتا سەنتەرەکانەوە کە زانیاریی هەستیار و کەسیی تێدایە؛ بە ڕێگەی ڕیشاڵە تیشکییەکان دەکرێت[13]. سەرەڕای ئەو هەموو لایەنە ئەرێنییانەی ڕیشاڵە تیشکەکان، بەڵام دانان و ڕاکێشانی کێبڵی فایبەر تێچوویەکی زۆری دەوێت و پێویست بە هەڵکەندنی زەویی ئەو ناوچەیە دەکات کە ڕەنگە لە سەنتەری شارەکان ببێتە کێشە و لێکەوتەی خراپی هەبێت، هەروەها بۆ ناوچە بەرز و شاخاوییەکان تەواو ئەستەمە و ڕێگریی زۆری بۆ دێتە پێشەوە. لە کاتی پچڕان و پێکەوتنی زەبر بەر ڕیشاڵەکان، پڕۆسەی چاککردنەوە و پێکەوەلکاندنیان کارێکی تا ڕادەیەك ناڕەحەت و پڕ تێچووە.

٦. بەکارهێنانی تۆڕی هەستەوەری بێتەل (wireless sensor network) لە شارە زیرەکەکان

هەستەوەرەکان بە بنچینەی بنیاتنانی شارە زیرەکەکان دادەنرێت، کە ئامێری زۆر بچووکی ئەلکترۆنین بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری بەکار دەهێنرێن، وەك: پەستانی هەوا، پلەی گەرمی، ڕێژەی شێ، جووڵەی زیندەوەر و زۆر مەبەستی دیکە. بۆ زیادکردنی چوستی و کواڵتیی ئەو زانیارییەی کە لە هەستەوەرەکان وەردەگیرێن، پێویستە ژمارەیەکی زۆریان لێ بەکار بهێنرێت و لە شوێنی جیاواز دابنرێن، وە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای بێتەلەوە زانیارییەکان بنێرن بۆ یەکەی کۆکەرەوەی زانیاری لە نزیك لە خۆیان. دەکرێت سوود لە سیستمی نەوەی پێنجەم وەربگیرێت بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان و هەروەها لە سێرڤەرە تایبەتییەکانیەوە شیکاری بۆ داتاکان بکرێت بە بەکارهێنانی خوارزمییەکانی زیرەکیی دەستکرد[14]. بەڵام چەند ئاڵنگارییەك دێتە پێشەوە بۆ ئەم هەستەوەرە زیرەکانە، ئەویش ئەوەیە کە چۆن پارێزگارییان لێ بکرێت لە هێرشی ئەلکترۆنی، بەتایبەت تۆڕی بەیەكگەیاندنەکەی کە شێوازی بێتەل بەکار دەهێنرێت. هەروەها چۆن وا بکرێت داتا و زانیاریی زیاتر کۆ بکرێتەوە و ئاڵوگۆڕ بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو هەستەوەرە بچووکانە لە بنچینەدا بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی داتای کەم دروست کراون.

دەرئەنجام

بیرۆکەی پڕۆژەی شاری زیرەك لە حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە سەری هەڵداوە، بە چەند قۆناغێك گەشەی کردووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی پێشوو هاوتەریب لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن، ئەویش پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. تەکنەلۆژیای گەیاندن بە بڕبڕەی پشتی شاری زیرەك دادەنرێت، چونکە تەواوی چالاكی و خوارزمییە خودکارەکان و ئامێرە زیرەکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە سەرەتادا سنوورداریی خێرایی نەوەکانی پێشوو بەرهەڵستیی زۆری دروست کردبوو بۆ بنیاتنانی شارێکی تەواو زیرەك، لەگەڵ هاتنی نەوەی پێنجەم چیدیکە ئەو بەربەستانە بوونی نەما و شاری زیرەك لە خەونەوە بوو بە ڕاست، بەڵام بە تەنها ناتوانرێت پشت بە نەوەی پێنجەم ببەسترێت، بۆیە چەندین جۆری دیکە لە تەکنەلۆژیای گەیاندن هاوتەریب سوودی لێ دەبینرێت. لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەدا سەرنج خراوەتە سەر بەکارهێنانی مانگە دەستکردەکان، زیرەکیی دەستکرد، ڕیشاڵی تیشکی و هەستەوەری زیرەکیی بێتەل، وە لایەنی باش و خراپی هەریەکە لەم تەکنەلۆژیایانە خراونەتە ڕوو، پێشنیار دەکرێت کە لە داهاتوودا توێژەرانی دیکە لێکۆڵینەوەی ورد بکەن لە سەر ئەو ژێرخانە تەکنەلۆژییەی کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەستن کە تاکوو چەند دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی شاری زیرەك[15].

سەرچاوەكان

[1] Batty, M., Axhausen, K.W., Giannotti, F., Pozdnoukhov, A., Bazzani, A., Wachowicz, M., Ouzounis, G. and Portugali, Y., 2012. Smart cities of the future. The European Physical Journal Special Topics, 214(1), pp.481-518.

[2] https://www.verdict.co.uk/smart-cities-timeline/ , (28/02/2020), “History of smart cities: Timeline”, (accessed: 05/01/ 2023)

[3] https://www.thetechnologyera.com/smart-city-a-step-into-the-future/ (08/08/2021) “Smart City- A Step Into the Future ”(accessed 06/01/ 2023)

[4] Paudel, P. and Bhattarai, A., 2018. 5G telecommunication technology: history, overview, requirements and use case scenario in context of Nepal. In Conference: IT4D.

[5] Kalin, Mark, 2021. “The evolution from 1G to 5G”, https://mark-kalin.com/the-evolution-from-1g-to-5g, (accessed Jan. 07, 2023).

[6] Yang, C., Liang, P., Fu, L., Cui, G., Huang, F., Teng, F. and Bangash, Y.A., 2022. Using 5G in Smart Cities: A Systematic Mapping Study. Intelligent Systems with Applications, p.200065.

[7] Guevara, L. and Auat Cheein, F., 2020. The role of 5G technologies: Challenges in smart cities and intelligent transportation systems. Sustainability, 12(16), p.6469.

[8] Cayamcela, M.E.M. and Lim, W., 2018, October. Artificial intelligence in 5G technology: A survey. In 2018 International Conference on Information and Communication Technology Convergence (ICTC) (pp. 860-865). IEEE.

[9] Qualcomm, 2021.What’s the role of artificial intelligence in the future of 5G and beyond?”, https://www.qualcomm.com/news/onq/2021/09/whats-role-artificial-intelligence-future-5g-and-beyond, (accessed 07/01/2023).

[10] You, X., Zhang, C., Tan, X., Jin, S. and Wu, H., 2019. AI for 5G: research directions and paradigms. Science China Information Sciences, 62(2), pp.1-13.

[11] Gao, K. and Yuan, Y., 2022. Is the sky of smart city bluer? Evidence from satellite monitoring data. Journal of Environmental Management, 317, p.115483.

[12] Rutkovskaya, Katya, 2022. “How satellites help cities become smart cities”, https://www.groundstation.space/satellites-for-smart-cities/,  (accessed Jan. 07/01/2023).

[13] Hall, A.J. and Minto, C., 2019. Using fibre optic cables to deliver intelligent traffic management in smart cities. In International Conference on Smart Infrastructure and Construction 2019 (ICSIC) Driving data-informed decision-making (pp. 125-131). ICE Publishing.

[14] Khalifeh, A., Darabkh, K.A., Khasawneh, A.M., Alqaisieh, I., Salameh, M., AlAbdala, A., Alrubaye, S., Alassaf, A., Al-HajAli, S., Al-Wardat, R. and Bartolini, N., 2021. Wireless sensor networks for smart cities: Network design, implementation and performance evaluation. Electronics, 10(2), p.218.

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی شانزەیەم (16) ئازاری، 2023، ساڵی سێیەم

Send this to a friend