• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 25, 2024

حکومەتی هاوپەیمانی (Coalition Government)

ئامادەكردن: د. عابد خالد

چەمکى ”حكومەت” (Government) جگە لەوەی كە هەندێ جار بۆ واتای ”دەوڵەت” بەكار دەهێنرێت، کاتێک هەردووکیان بە وشەى ”Polity” هاوواتا بکرێن، هاوکات لە ڕووی سیاسی و دەستوورییەوە بە چەندین واتای تر بەكار دەهێنرێت کە بە واتا هەرە فراوانەكەی ئاماژەیە بۆ ”ڕژێمی سیاسی” یان ”دەزگای حوکمڕانى” (جهاز الحكم) لە دەوڵەتدا، بەم واتایەش حكومەت هەرسێ‌ دامەزراوە سیاسییە سەرەكییەكە (واتە: دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی دادوەری) لەخۆ دەگرێت، هەروەها بە واتا ناوەندییەكەی: حكومەت ئاماژەیە بۆ ”دەسەڵاتی جێبەجێكردن” بە تەنها، ئەگەرچى دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆخۆى چەند دامەزراوە و یەكەیەكی تر لەخۆ دەگرێت (وەک: سەرۆكی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران، دامەزراوە كارگێڕییە باڵاكانی دەوڵەت). بەڵام بە واتا هەرە سنووردارەكەی: حكومەت تەنیا ئاماژەیە بۆ ”ئەنجوومەنى وەزیران: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەكان”، کە زۆربەی كات لەو وڵاتانەى كە ”سیستمی پەرلەمانی” پەیڕەو دەكەن بە زاراوەى ”کابینە” (Cabinet) ناوی دەهێنرێت، کە ئێمەش لەم بابەتەدا مەبەستمان لە حکومەت ئەم واتا سنووردارەیەتى، واتە ”ئەنجوومەنى وەزیران”، یاخود ”کابینەى حکومەت”.

هەر چى چەمکى ”هاوپەیمانی” (الإئتلاف – Caulation)یە، ئەوە ئاماژەیە بۆ واتاى پێکەوەبوونى دوو توخمى جیاواز یان زیاتر، لە پێناو بەدیهێنانى ئامانج یان بەرژەوەندییەکى هاوبەشدا. چەمکی هاوپەیمانی بە واتا سنووردارەکەى، لە ڕووی مێژوویی و سیاسی و سەربازییەوە، بەکار دێت بۆ ناساندنى دۆخى یەکگرتن یان پێکەوەبوونى نێوان لایەنە جیاوازەکان لە پێناو چەند ئامانجێکى دیاریکراودا، گەرچى لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هاوڕا و تەبا نەبن، ئەم دۆخەش کاتێک شیاوى هاتنەبوونە کە هەر لایەنێک لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەستبەردارى بەشێک لە بیروڕا و مەرامەکانى خۆى ببێت، تا بتوانن لە پێناوى هێنانەدیى ئامانجە هاوبەشەکەدا پێکەوە هەڵبکەن.

کەواتە لە سایەى لێکدانى واتاى سنووردارى هەردوو چەمکەکەى سەرەوە، دەکرێت واتاى چەمکى ”حکومەتی هاوپەیمانی” گەڵاڵە بکەین کە تیایدا مەبەستمان لە پێکهێنانى جۆرێک لە پێکهاتەى ”ئەنجوومەنى وەزیران” یان ”کابینە”یە، بە تایبەت لە سیستمە پەرلەمانییەکاندا. لەم چوارچێوەیەدا زۆربەى زانایانى سیاسەت و یاساى دەستوورى، بە گشتى جۆرە سەرەکییەکانى ”پێکهاتەى حکومەت” (تشكيلة الحكومة – Government Composition) پۆلێن دەکەن بۆ سێ جۆر کە بریتین لە: حکومەتى زۆرینە، حکومەتى کەمینە، حکومەتى هاوپەیمانى.

مەبەست لە ”حکومەتى زۆرینە” (حكومة الأغلبية – Majority Government)؛ ئەو حکومەتەیە کە حزبێک بە تەنها بێ بەشداریى هیچ حزب و لیستێکی تر ”کابینەى ئەنجوومەنى وەزیران” پێک بهێنێت، ئەمەش کاتێک دەبێت کە زۆرینەى ڕەهاى ئەندامانى پەرلەمان سەر بەو حزبەن. دیارە ئەم جۆرە لە حکومەت دەتوانێت لە ناو پەرلەماندا ئاستێکى باش لە پشتیوانى بۆ ئەو کار و پڕۆژەیاسایانە بەدەست بهێنێت کە پێشکەشى دەکات، بەمەش جۆرێک لە ئارامى و ڕەوایەتى بۆ مانەوەى لە حوکمدا مسۆگەر دەکات.

لە بەرامبەردا مەبەست لە ”حکومەتى کەمینە” (حكومة الأقلية – Minority Government)؛ ئەو حکومەتەیە کە حیزبێک بە تەنها ”کابینەى ئەنجوومەنى وەزیران” پێک بهێنێت، ئەگەرچى ژمارەى ئەو ئەندامپەرلەمانانەى کە سەر بەو حزبەن؛ لە زۆرینەى ڕەهاى ئەندامانى پەرلەمان کەمتر بن. هەر چەندە ئەم جۆرە لە حکومەت پێچەوانەى بنەماى یەکەمى دیموکراسییە کە مافی حومکردن بە زۆرینە دەدات، بەڵام لە دۆخە ناچاری و ڕاگوزەرەکاندا پەناى بۆ دەبرێت. لەم دۆخانەشدا دەبێت حزبى حوکمڕان بەردەوام لە هەوڵى مسۆگەرکردنى پشتیوانیى فراکسیۆنە جیاوەزەکانى لیست و حزبەکانی ترى ناو پەرلەمان بێت، تا بتوانێت ڕەوایەتى بە مانەوە و پڕۆژە و کارەکانى بدات، بەڵام ئەم پشتیوانی و مانەوە و بەردەوامبوونە زۆربەى جار کورتخایەنە و هەمیشە لە ڕۆخى نائارامى و ئەگەرى لەناوچووندا دەگوزەرێت.

لە نێوەندى ئەو دوو جۆرە پێکهاتەیەى سەرەوەدا، ”حکومەتى هاوپەیمانى” (الحکومە الإئتلافیة – Caulation Government)؛ ئەو حکومەتەیە کە چەند حزبێک (دوو یان زیاتر) بە هاوبەشى پێکى دەهێنێن، کاتێک هیچ حزبێک لەو حزبانە ژمارەى کورسییەکانى لە پەرلەماندا نەگاتە زۆرینەى ڕەهاى ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان. هەر چەندە ڕەنگە یەکێکیان زۆرینەى سادەى هەبێت، بەڵام بە هۆى کۆتوبەندە دەستوورى یان سیاسییەکانەوە ناتوانێت بە تەنها کابینەى ئەنجوومەنى وەزیران پێک بهێنێت. دیارە ئەم جۆرە لە حکومەت زۆربەى کات نائارام و کورتخایەنە، بەڵام کە پێکهێنانى حکومەتى زۆرینە ئەستەم بێت، بێگومان ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانى حکومەتى هاوپەیمانی لە نێوان چەند حزب و فراکسیۆنێکى پەرلەماندا دەرچەیەکى شیاوە بۆ دەربازبوون لە قەیرانى نەبوونى حکومەت.

دەکرێت پێکهێنانى حکومەتى هاوپەیمانى بە دوو فۆڕم؛ شێواز وەربگرێت، یەکەمیان فۆڕمى ”حکومەتى هاوپەیمانیى ئاسایی” (حكومة الإئتلاف العادي – Regular Coalition Government)ە، کاتێک ئەو حزبەى زۆرینەى سادەى هەیە لەگەڵ چەند حزبێکی تر هاوپەیمانى ببەستێت تا پێکەوە ئاستى زۆرینەى ڕەها (واتە: ٥٠ +١) تێبپەڕێنن. دووەمیان فۆڕمى حکومەتى ”هاوپەیمانیى بەرفراوان” (الحكومة الإئتلافية الموسعة – Broad Coalition Government)ە، کاتێک هەموو یان زۆربەى هەرە زۆرى حزب و فراکسیۆنەکانى ناو پەرلەمان لە پێکهێنانى ”کابینەى ئەنجوومەنى وەزیران”دا بەشدار بن. ئەم شێوە فۆڕمە لە حکومەت بە زۆرى لە پێناو زاڵبوون بەسەر دۆخى قەیراناویی ئەستەمدا پەناى بۆ دەبرێت، وەک جەنگ و هەڕەشەى دەرەکى، یان تەنگژەى ئابووریی دژوار، یان پشێوییەکی ناوخۆیى ئەوتۆ کە یەکێتی و سەربەخۆیی وڵات بخاتە مەترسییەوە، لەبەر ئەوەش بە ”حکومەتى فریادڕەسى نیشتمانى” (حكومة الإنقاذ الوطني) ناوزەد دەکرێت، هەروەها ناوەکانى ”حکومەتێکی ئاشتەوایی نیشتمانی” و ”حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی”ی بۆ بەکار دەهێنرێت. هەر چەندە ڕەنگە ئەم فۆڕمە لە پێکهێنانى حکومەت جۆرێک لە ئارامیى ڕواڵەتى مسۆگەر بکات، بەڵام حکومەتێکى لاواز بەرهەم دەهێنێت، ئەمە وێڕاى نەهێشتن و نەبوونی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا.

وەک پێشتر وتمان، پێکهێنانى حکومەتى هاوپەیمانی بە گشتى تایبەتە بە سیستمی پەرلەمانی، نەک سیستمی سەرۆکایەتی و سیستمی نیمچەسەرۆکایەتی، ئەمەش بۆ حەتمیەتى بەدەستهێنانى متمانەى زۆرینەی پەرلەمان بۆ بەرنامەى حکومەت دەگەڕێتەوە، بە پێچەوانەی سیستمی سەرۆکایەتی و نیمچەسەرۆکایەتی کە تیایاندا سەرۆکى دەوڵەت بەو دەسەڵاتە فراوانانەى پێى بەخشراوە، دەتوانێت زۆربەى بڕگەکانى بەرنامەی سیاسیی خۆى یان حزبەکەى بەئەنجام بگەیەنێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی زۆرینەی پەرلەمان بێت. هاوکات بە ڕاى هەندێک زانا، پێکهێنانى حکومەتى هاوپەیمانى بە فۆڕمە بەرفراوانەکەى، بنەمایەکە لە بنەماکانى بونیادنانى سیستمى دیموکراسیى تەوافقى.

زۆربەى زانایان و پسپۆڕانی زانستە سیاسییەکان لەسەر ئەو ڕایە کۆکن کە حکومەتی هاوپەیمانی پەیوەستە بە نائارامی سیاسییەوە، ئەمەش بە واتاى ململانێى چەکداری نییە، بەڵکوو زیاتر ئاماژەیە بۆ لێکترازانى ڕای گشتی و پەرشوبڵاویی مەیل و ئاڕاستە باوەکانى، بە جۆرێک کە هیچ حزب و لایەنێک ناتوانێت ڕەزامەندیى زۆرینەى ڕاى گشتى بەدەست بهێنێت و لە ئەنجامیشدا بە تەنیا حکومەت پێک بهێنێت. ئەو لێکترازان و پەرشوبڵاوییەش هەندێک جار ڕووکارى ناڕەزایی و تووڕەیی و بێئومێدبوونى جەماوەرە لە زۆربەى حزب و لایەن و ڕەوتە باوەکان.

هەندێک لە زانایان ڕایان وایە پەنابردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرئەنجامی شکستی سیاسییە، کە ڕێگر بووە لەوەى هیچ حزبێک و لایەنێک زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت. هەندێکى دى ڕایان وایە ئەمە دەرئەنجامى هەڵکەوتەى نەخشەی سیاسی و فرەیى سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بەڵام لاى هەندێکی دى دەشێت دەرئەنجامى سیستمى هەڵبژاردنى پەیڕەوکراو بێت.

لە کۆتاییدا وەک سروشتى هەموو جۆرێک لە هاوپەیمانى، وا دەخوازێت ئەو حزب و لایەنانەى دەیانەوێت دەستپێشخەریى پێکهێنانى حکومەتێکى هاوپەیمانى بکەن، یان ویستى بەشداربوونی تێیدا هەبێت، ڕووبەڕووى ئاڵنگاری زۆر دەبێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە کە دەبێت لە پێناو پێکهێنانی حکومەتەکە خۆى لەگەڵ هەڵوێست و بیرەڕا و بەرژەوەندى و بەرنامەى زیاد لە حزب و لایەنێکدا بگونجێنێت، کە ڕەنگە لەگەڵیاندا جیاواز یاخود تەواو ناکۆک بێت. بۆیە پێویست دەکات پڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتەکە (بە هاوپەیمانی) پلەیەکى بەرچاو لە نەرمینواندن و ئامادەیی سازشکردن و دەستبەرداربوون لە بەشێک لە ئیمتیازات و بەخشینى بە ئەوانى دى هەبێت، لە ئاکامدا دەشێت حزبى دەستپێشخەر یان بەشداربوو خۆی لە بەردەم تەنازولکردن لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی خۆیدا ببینێتەوە بە شێوەیەک کە بنکە جەماوەرییەکەى خۆی نیگەران و تووڕە بکات، بەمەش ببێتە قوربانیی دامەزراندنی هاوپەیمانییەک کە هەرگیز ناتوانێت گەرەنتیی بەردەوامبوونى بکات، کاتێک بزانین کە درەنگ گەیشتن بە بڕیارەکان و زەحمەت کۆکردنەوەى ڕایەکان لەسەر هێڵە گشتییەکانى سیاسەتى حکومەت و لەرزۆکیى پایەکانى هاوپەیمانیی نێوان لایەکانى، هەموویان هۆکارگەلێکى ڕێگرن لە بەردەم هەبوونى کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنى زۆربەى ئەجێنداکانى بەرنامەى حکومەتەکە، ئەمە لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر هەمان ئەو پێدراوانە نەبنە هۆکارى زوو داڕمانی خودى حکومەتە هاوپەیمانییەکە خۆى.

سەرچاوەکان

[1]. Lanny W. Martin and Randolph T. Stevenson, Government Formation in Parliamentary Democracies, American Journal of Political Science, Vol. 45, No. 1 (Jan., 2001).

  1. 2. Peter Holmes Collin, Dictionary of Politics and Government, Bloomsbury Publishing Plc, London,This edition, 2004.
  2. 3. Frank Bealey, Allan G. Johnson, The Blackwell Dictionary of Political Science: A User’s Guide to Its Terms, Blackwell Publishing Ltd., , Oxford, 1999.

٤. د. جابر سعيد عوض، النظم السياسية المقارنة، النظرية والتطبيق، مطبعة العشري، بدون تاريخ الطبع.

Send this to a friend