جیھانی پاش کۆرۆنا بەرەو کوێ؟
بۆچوونی بیرمەند و نووسەرانی رۆژئاوا
ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی ساڵی رابردوو، لە چینەوە سەریھەڵدا و ئێستاش بە زۆربەی وڵاتانی جیھان گەیشتووە.
زۆربەی بیرمەند و سیاسییە دیارەکانی جیھان، کۆکن لەسەر ئەوەی جیھانی پاش کۆرۆنا، جیھانێکی جیاواز و گۆڕاو دەبێت. بەشێوەیەکی گشتییش پێیان وایە، کۆرۆنا گۆڕانکاری بەسەر سیستەمی سیاسیی و ئابوریی جیھاندا دەھێنێت.
سیستەمێکی جیھانیی نوێ
ھێنری کێسنجەر بیرمەند و وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا باس لەو گۆڕانکارییانە دەکات کە کۆرۆنا بەسەر سیستەمی جیھانییدا دەیھێنێت.
کێسنجەر لە وتارێکدا بۆ رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، کۆرۆنا بۆ ھەمیشە سیستەمی جیھانیی دەگۆڕێت.
باس لەوەش دەکات، زیانەکانی کۆرۆنا بۆ سەر تەندروستیی جیھانیی کاتیی دەبن، بەڵام ئەو کاریگەریی و شڵەژانە سیاسیی و ئابورییەی دروستی دەکات، تاکو چەند نەوەیەکی داھاتوو بەردەوام دەبێت.
کێسنجەر دەربارەی دەرھاویشتەکانی کۆرۆنا دەنووسێت، سەرکردایەتیی وڵاتانی جیھان، لەسەر بنەمای سنوری نەتەوەیی و نیشتمانیی رووبەڕووی کۆرۆنا دەبنەوە، لەکاتێکدا دەرھاویشتەکانی تێکشکان و ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتیی کە ڤایرۆسەکە دروستی دەکات، ھیچ سنورێک ناناسێت.
ھێنری کێسنجەر ھۆشداری بە دەسەڵاتدارانی جیھان دەدات کە؛ سەرەڕای گەورەیی و خێراییەکەی، نابێت ھەوڵەکانی سەرکردە و حکومەتەکانی جیھان بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا، لە ئامادەکاریی بۆ چوونە نێو سیستەمی جیھانیی دوای کۆرۆنا دووریان بخاتەوە و بێئاگایان بکات.
کێسنجەر داوای ھەوڵێکی نێودەوڵەتیی یەکگرتوو دەکات و دەڵێت، ھیچ وڵاتێک و تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، ناتوانێت بە تەنھا بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ ببێت،. بۆیە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە درووستبووەکان بەھۆی کۆرۆناوە، پێویست بە دانانی ستراتیژ و بەرنامەیەکی ھاوبەش دەکات بۆ دروستکردنی ھەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
کێسنجەر داوا لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرھاویشتە ناوخۆیی و جیھانییەکانی کۆرۆنا، تەرکیز بخەنە سەر سێ بوار و رەھەند؛
یەکەم؛ برەودان بە توانای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە پەتاییەکان، لە رێگەی برەودان و پێشخستنی توێژینەوەی زانستییەوە.
دووەم؛ کێسنجەر داوا دەکات ھەوڵێکی جددی بدرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کۆرۆنا لە ئابوریی جیھانیی داوە.
لە سێیەم داواکاریشدا کێسنجەر دەڵێت، دەبێت ئیدارەی ئەمەریکا پارێزگاریی لە بنەماکانی سیستەمی لیبرالیزمی جیھانیی بکات.
لە کۆتایی وتارەکەیدا ھێنری کێسنجەر دوایین ھۆشیاریی خۆی بە ئەمریکا و جیھان دەدات و دەنووسێت، ئەرکی مێژووی کە لە ئێستا کەوتووەتە سەر شانی دەسەڵاتدارانی جیھان، بریتییە لە ئیدارەکردنی ئەم قەیرانە (دەرھاویشتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا) و بونیادنانی داھاتوو، شکستھێنانیشیان لەم ئەرکەدا، دەبێتە ھۆی سوتاندن و لەناوچوونی جیھان.
جیھانێکی کەمتر کراوە و کەمتر ئازاد
ستیڤن واڵت مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ھارڤارد پێی وایە، پەتای کۆرۆنا دەوڵەت بەھێز دەکات و برەو بە نیشتمانپەروەریش دەدات. حکومەتەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیھان رێکارە بەپەلەکانیان گرتووەتە بەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، بەڵام بەشێک لە حکومەتەکان دەستبەرداری دەسەڵاتە نوێیە بەکارھێنراوەکانیان نابن دوای کۆتایی ھاتنی قەیرانەکە و ڤایرۆسی کۆرۆنا.
باس لەوەش دەکات، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەسەڵات و ھەژموون لە رۆژئاواوە بۆ رۆژھەڵات دەگوازێتەوە. بەتایبەت کە دەبینرێت وڵاتانی رۆژھەڵاتی وەک کۆریای باشور و سەنگاپورە، لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا باشتر رووبەڕووی ئەم پەتایە بوونەتەوە و چینیش بەباشی مامەڵەی لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا کرد.
سەرەڕای کاریگەرییە زۆرەکانی کۆرۆنا، واڵت پێی وایە، کۆرۆنا نابێتە ھۆی گۆڕانی سیاسەتیی جیھانی سەردەست، بە بەڵگەی ئەوەی ئەو پەتایانەی پێشتر بەسەر مرۆڤایەتییدا ھاتوون، سنوری لەبەردەم ململانێی ھێزە جیھانییە گەورەکاندا دانەناوە و نەشبووەتە خاڵی سەرەتا بۆ ھاریکاریی نێودەوڵەتی.
دەشڵێت، شەڕی دژ بە کۆرۆنا دونیایەکی کەمتر کراوە، کەمتر ئازاد و کەمتر خۆشگوزەران دەھێنێتە ئاراوە، ئەمەش بەھۆی کوشندەیی ڤایرۆسەکە، پلانی نەگونجاو و بەرپرسانی کەمتوانا، کە مرۆڤایەتی بەرەو شوێنێک دەبەن مایەی نیگەرانیی و قەلەقییە.
کۆتایی جیھانگیریی
رۆبن نیبلیت سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (چاسام ھاوس) لە پەیمانگای پاشایەتی کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، لەبارەی جیھانی پاش کۆرۆنا دەڵێت، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی جیھانگیریی دەگرێت و لاوازی دەکات.
نیبلیت بۆچوونەکەی دەبەستێتەوە بە نیگەرانیی و قەلەقییەکانی ئەمریکاوە بە پێشکەوتنە ئابوریی و سەربازییەکابی چین لە پێش پەتای کۆرۆنا، کە ئەمەش وایکرد کۆدەنگییەکی سیاسیی لە ئەمریکا دروستببێت بۆ دوورخستنەوەی چین لە سود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەتووی وڵاتەکەیان.
باس لەوەش دەکات، پەتای کۆرۆنا وای لە حکومەت، کۆمپانیا و کۆمەڵگاکان کردووە، ناچار بن تواناکانیان زیاد بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ماوە درێژەدا لە دوورەپەرێزیی ئابوریی خۆیی کە بەھۆی ئەم پەتایەوە دروستبووە.
ئەم ھۆکارانە وا دەکەن، زەحمەت بێت دونیا بۆ بیرۆکەی جیھانگیری سەرەتای سەدەی ٢١ بگەڕێتەوە، کە پشت ئەستور بوو بە ئاڵوگۆڕی سودمەندانە.