• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 25, 2024

سیاسەتی چین لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ژینگە و داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە

د. سەلام عەبدولقادر عەبدولڕەحمان

 

بەرایی

وێنای چین لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە عێراق بۆ نموونە، بریتییە لە دەوڵەتێکی پیشەسازی و کاڵا زۆر و فرەچەشنەکانی تا دێت زیاتر بازاڕەکان داگیر دەکات. چین دەناسرێتەوە بە لایەنە پیشەسازییەکەی و لایەنەکانی دیکەی وەکوو سیاسی و سەربازی کەمتر دەرکەوتنیان هەیە. ئەم بابەتەمان تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی ناوخۆی چین و سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەو وڵاتە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، تێیدا مافی کەمایەتییە موسوڵمانەکان و بابەتەکانی ژینگە، پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و داڕمانی ژینگە. ئارگیومێنتی بابەتەکەمان بریتییە لەوەی کە بەردەوامیی چین لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و مافی دانیشتووانە موسوڵمانەکەی و گوێنەدان بە مەترسییە ژینگەییەکان؛ کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر وێنای ئەو وڵاتە دەبێت لە داهاتوودا و پەیوەندییە بازرگانی و پەیوەندییەکانی دیکەی لەگەڵ وڵاتێکی وەکوو عێراق دەکەوێتە مەترسییەوە.

١. دەروازە

کۆماری میللیی چین (چین، بە کورتی) دووەم گەورەترین نەتەوەیە لە دوای هیندستان و دووەم گەورەئابوورییە لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە جیهان و لە سەر ڕێڕەوی بوون بە گەورەترین ئابووریی جیهانە. ئابووریی چین بە خێرایی گەشە دەکات  (لەگەڵ هەندێک پاشەکشێ بەم دواییانە وەکوو بڵاوبوونەوەی بێکاری، نزمبوونەوەی مووچە و خانەنشینی، خراپبوونی بارودۆخی کار و شکستهێنانی هەندێک سێکتەر) و کاڵا دروستکراوەکانی چین بە هەموو جیهاندا بڵاوە. چین پەرە بە ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە نەتەوەکانی جیهان داوە و کۆمپانیا گەورەکانی وەبەرهێنانی سەرمایە دەکەن لە دەرەوەی وڵات. چین دەیەوێت وا وێنا بکرێت لە جیهاندا کە دەوڵەتێکە ئاشتی و خۆشگوزەرانیی ئابووریی بۆ هەمووان دەوێت و وەکوو بێلایەنێک کار دەکات لە جەنگ و ململانێ سەربازییەکاندا لە نێوان وڵاتاندا، تەنها ئەمەش نا، بەڵکوو وەکوو نێوەندگیرێک ببینرێت لە نێو لایەنەکانی ململانێکان. هاوڵاتییانی چینی لە هەژاریدا دەژیان چەند دەیەیەک لەمەوبەر، بەڵام ئێستا لە ئەنجامی سیاسەتی درێژخایەن و بەهێزیی حکومەت، زۆرێک لە هاوڵاتییانی چین لە دەرەوەی سنووری هەژارین، پارە بۆ خۆیان پەیدا دەکەن و هەروەها بە کار و کارامەییەکانیان سوود بە جیهان دەگەیەنن. بەڵام وێنای چین تەڵخ بووە بە ڕیکۆدی خراپی ئەو وڵاتە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەت لە ناوچەی شینجانگ، تبت و هۆنگۆنگ١. مافی کەمئەندامان -کەمئەندامان ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە لە کار و خوێندن-، هەروەها ئەدای خراپی چین لە بواری ژینگەدا، بە تایبەتی چارەسەری پیسبوون و داخورانی خاک. پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و پشتگوێخستنی کێشە ژینگەییەکان لە لایەن چینەوە بە تەنها لە ناو چیندا قەتیس نەبووە، بەڵکوو درێژ بووەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی جیهان کە چین تێیدا کاریگەریی سیاسی و ئابووریی هەیە٢.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان و ڕاپۆرتی هەندێک دامودەزگای سەربەخۆی دەرەوەی چین ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی چین ڕێگرە لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکەکەی خۆی، هەر بەم هۆیەشەوە توانیویەتی لە دەسەڵات بمێنێتەوە. خەڵک لە چین لە ژێر چاودێریی بەردەوامی دەوڵەتدان، ناتوانن بە ئازادی ئایین و بیروباوەڕی خۆیان پەیڕەو بکەن، ناتوانن بە ئازادانە ڕاوبۆچوونەکانیان دەربڕن، پەیوەندی بکەن یان گرووپ دروست بکەن، خۆپیشاندان ساز بکەن و مافە سیاسییەکانیان پەیڕەو بکەن. ئەوان لەوە دەترسن کە ئەنجامدانی ئەم کارانە سەر دەکێشیت بۆ سزای توند و هیچ کەسیش نییە بەرگرییان لێ بکات.

سیاسەتی کۆڤیدی حکومەتی چین ساڵی (٢٠٢٠-٢٠٢١)، نموونەیەک بوو کە تا چەند حکومەت دەیەوێت خەڵکەکەی خۆی کۆنترۆڵ بکات، مافەکانیان زەوت بکات، جووڵە و ئازادییان سنووردار بکات. حکومەت ئامادە بوو سیاسەتە توندەکەی خۆی پەیڕەو بکات ئەگەرچی سەریشی بکێشایە بۆ لەدەستدانی گیانی هەزاران مرۆڤ و ئازاری جەستەیی و دەروونیی ژمارەیەکی زۆرتر. بە گوێرەی دەزگای چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ملیۆنان خەڵک ڕووبەڕووی ترس و برسێتی و مردن بوونەوە لە وڵاتی چین لە ئەنجامی کەرەنتینەی توند لە کاتی پەتای کۆڤید-٣١٩. بە مانایەکی تر: ئەو مردن و ناڕەحەتییانەی کە خەڵکی لەوانەیە لە پەتاکەوە تووشیان بووایە، زۆر کەمتر بوو لەو ناڕەحەتی و ئازارەی کە چەشتیان لە ئەنجامی ئەو ڕێوشوێنانەی کە حکومەتی چین گرتیە بەر بە بیانووی کۆنترۆڵکردنی پەتاکە. ڕێوشوێنەکانی کۆنتروڵکردنی کۆڤید لە چین بووە مایەی مردنی ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە خەڵک بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی ئەو مردنانەی کە بە هۆی خودی پەتاکەوە ڕووی دا٤.

دیارنەمانی بەرگریکاران و چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ؛ هێمایەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی مافەکانی مرۆڤ لە چین. ئاماژەیە کە حکومەتی چین ئامادە نییە کە تۆماری خۆی باش بکات، گوێ لە کێشە و گازەندەکانی خەڵک بگرێت. بێئومێدییەکی زۆرە بۆ خەڵک لە چین و دەرەوەی چین کە ساڵانێکی زۆرە بەرگریکاران و چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ، پارێزەران، مامۆستایانی زانکۆ، ڕۆژنامەنووسان… هتد؛ تووشی دەرکردن و دیارنەمان و بەندکردن بەبێ دادگایی بوونەتەوە. ئەم نووسینەی ئێمە ئەو ڕاستییە زەق دەکاتەوە کە مافەکانی مرۆڤ و هەروەها ژینگە لە وڵاتی چین بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و ئەوە پێشنیار دەکات کە پێشکەوتنی بەردەوام و دوورخایەن لە چین و پێگەی ئەو وڵاتە لە جیهاندا، ڕاستەوخۆ پەیوەندارە بە باشکردن و چاکسازی لەو بوارانەدا. هەروەها ئەم بابەتە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئاوڕنەدانەوەی پێوستی میدیای جیهانی لە بابەتەکانی مافی مرۆڤ و ژینگە لە چین وای کردووە کە ئەو وڵاتە، لە عێراق بۆ نموونە، تەنها بە لایەنی پیشەسازی و کاڵای زۆر و زەوەندە وێنا بکرێت و بناسرێتەوە.

٢. پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ

پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە چین دەکرێت بە دوو ئاست لێی تێبگەین؛ ئاستی یەکەم کەمتر مەترسیدارە و ئەمەیان دژی خەڵکە بە شێوەیەکی گشتی و ئاستەکەی دیکە زۆر مەترسیدار و توندە و دەگاتە سزای بەکۆمەڵ و هەندێک جار تاوان دژی مرۆڤایەتی، ئەمەیان لە دژی گرووپە کەمایەتی و ئایینییەکانە.

٢.١. خەڵک بە گشتی

خەڵک بە شێوەیەکی گشتی لە چین دەناڵێنن بە دەست چەوساندنەوەی جۆراوجۆرەوە، بەدەست پێشێلکردنی مافەکانیان کاتێک ویستوویانە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە لە ئاستی سیاسەتەکانی حکومەت، لە ئاستی بارودۆخی ئابووری وەکوو بێکاری و کەمیی کرێ و مووچە و خانەنشینی، بارودۆخی خراپی کار، یان جووتیاران کاتێک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لە سەر ئەوەی کە بە زۆر زەوییەکانیان داگیر کراوە لە لایەن ئەفسەرانی حکومییەوە، هەروەها ناڕەزایی لەسەر توندوتیژیی خێزانی… هتد. زۆرێک لە خەڵک دەستگیر کراون یان خراونەتە بەندیخانەوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەبێ دادگاییکردن و زۆرێکیان سزای توند دراون. بە گوێرەی قسەی چالاکەوانان، ساڵانە لە چین هەزاران کەس لەسێدارە دەدرێن٥.

ئازادیی دەربڕین، کۆڕ و کۆبوونەوەی ئاشتییانە زۆر سنووردار کراوە بۆ دانیشتووانی چین. ئەو سنووردارکردنە زۆر جار لە ژێر پاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای دژەتیرۆر و ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکرێت. کەسانێکی زۆر خزێنراونەتە بەندیخانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، لەبەر بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە لە دژی سیاسەتەکانی حکومەت٦. خەڵک دەستبەسەر کراون و بەند کراون بۆ ساڵانێکی زۆر، لەبەر ئەوەی کە ڤیدۆیان پۆست کردووە لە سۆشیالمیدیا کە داوای خۆپشاندانی ئاشتییانەیان کردووە٧.

ئەو یاسایانەی کە خەڵکی لە ژێریدا دەستگیر دەکرێن کێشەیەکی دیکەیە، هەروەکوو ئاماژەمان پێ کرد. یاساکان زۆر جار ناڕوونن و دەکرێت دەسەڵات بەکاریان بهێنێت بۆ قەدەغەکردن و ڕێگرتن لە هەموو جۆرە کار و چالاکی و جموجووڵێکی تەنانەت ئاشتییانەش. یاسای ئیداریی ئاسایشی گشتی ، دەیانەوێت دەستکاریی بکەن و هەموو کار و قسە و جلوبەرگێک قەدەغە بکەن کە زیانیان بۆ ڕۆحی نەتەوەیی چینی هەیە یان ئازاری هەستی چینییەکان دەدات . دەبینین یاساکە چەندە ناڕوون و لاستیکییە. داکۆکیکەرانی مافەکانی مرۆڤ، چالاکەوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیستەکان، توێژەران، پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان، بلۆگەران و چالاکەوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ ڕووبەڕووی ناڕەحەتیی زۆر بوونەتەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە، تیایاندا هەراسانکردن، گرتن و بەندکردن. تاکەکانی ناو ئەم توێژانە دادگایی کراون و بە مەترسی لەقەڵەم دراون بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و لە ژێر کۆمەڵێک یاسادا کە لە بەرژەوەندیی دەوڵەت لێک دراونەتەوە٦.

لەگەڵ ڕێوشوێنە توندەکان، خەڵکی لە وڵاتی چین دەرفەتی ئازادانەیان نییە بۆ زانیارییەکان، تەنها ئەو زانیارییانەیان دەست دەکەوێت کە پەسەند کراوە و فیلتەر کراوە لە لایەن دەسەڵاتەوە. ئینتەرنیت زۆر سنووردار کراوە. بەشێکی زۆر لە سۆشیالمیدیا و دەیان کەناڵ بلۆک کراون و زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوەکانی زانیاری سانسۆر کراون. گرووپ و تاک، تێیدا ڕابەرانی ئایینی و کۆمەڵگە، دەبێت ڕەزامەندیی فەرمی بەدەست بێنن بۆ ئەوەی بتوانن ڕێنمایی ئایینی بڵاو بکەنەوە، یان هەر چالاکییەک کە بیانەوێت ئۆنلاین بیکەن، بە پێچەوانەوە تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن. بە شێوەیەکی گشتی خەڵکی دەترسن لە توڵەسەندنەوەی حکومەت ئەگەر بیانەوێت ئەو زانیارییانەیان دەست بکەوێت کە دەسەڵات قەدەغەی کردووە٨، ٣.

حکومەت یەکەیەکی تایبەتی ئیداریی سایبەرسپەیسی هەیە بۆ بەدواداچوون و مامەڵەکردن لەگەڵ هەژمارەکانی سۆشیالمیدیا، پۆست، مێسیج و ماڵپەڕەکان کە وەکوو مەترسی بۆ سەر دەسەڵات ناسێنراون. لە ئابی ٢٠٢٣، ئەو یەکە تایبەتییە ئاشکرای کرد کە بەدواداچوونیان بۆ ١.٣٤ ملیار هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، ٢٢ ملیۆن مێسیجیان سڕیوەتەوە، ٣،٢٠٠ ماڵپەڕیان داخستووە٣.

بارودۆخی ناوچەی تبت دەرخەرێکی دیکەی سیاسەتی ئینتەرنێتی چینە. خەڵکێکی زۆر لە تبت دەگیرێن و دەخرێنە بەندیخانەوە و تووشی ئازار و ناڕەحەتیی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، لەبەر ئەوەی کە لە سەر مۆبایلەکانیان شتێکیان داناوە و هەڵگرتووە کە دەسەڵات پەسەندی نەکردووە یان زانیارییەکیان شەیر کردووە کە قەدەغە بووە٣.

پێشێلکارییەکی دیکەی مافەکانی مرۆڤ دژی ئەو کەسانەیە کە ڕوویان لە چین کردووە، بە زۆری ئەوانەی کە لە کۆریای باکوورەوە هەڵهاتوون، یان ئەوانەی کە چینیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە وڵاتێکی دیکە کردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، چین سەدان هەڵهاتووی کۆریای باکووری بە زۆر ناردووەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، سەرەڕای ناڕەزایی و ئاگادارکردنەوە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەوە کە ئەو کەسانە کاتێک بە زۆر دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان؛ ڕووبەڕووی لەناوبردن و سزای لەسێدارەدان دەبنەوە. هەروەها چین زۆری لەو وڵاتانە کردووە کە هاوڵاتییە هەڵهاتووەکانی خۆی بۆ بنێرنەوە و کاتێکیش نێردراونەتەوە؛ سزای زۆر قورسی بەسەردا سەپاندوون٩.

چین بە خێرایی شێوازی حوکمڕانیی خۆی گواستەوە بۆ هۆنکۆنگ دوای ڕادەستکردنی لە ساڵی ١٩٩٧ لە لایەن بەریتانیاوە. یەکەم شت کە کردیان؛ بریتی بوو لە داخستنی ڕۆژنامەکان و گرتنی سەرنووسەرەکانی لە ژێر یاسای ئاسایشی نیشتمانی و هەروەها هەموو ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەیان سەرکوت کرد کە لە دژی ئەم کارانە ئەنجام دران. یاساکە دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتەوە بەکار بێت بۆ گرتن و دادگاییکردنی خەڵک بە ناوی جوداخوازی و تۆمەتی دیکە٥، ٣.

هۆنکۆنگ ناوچەیەکی ئیدارەدراوی بەریتانی بوو هەتا ساڵی ١٩٩٧. لە ١٩٨٤دا هەردوو بەریتانیا و چین ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ڕادەستکردنەوەی هۆنکۆنگ بۆ چین، بەڵام بە گەرەنتیی پاراستنی بارودۆخە نیمچەئۆتۆنۆمییەکەی و هەروەها ئازادیی خەڵکەکەی. بەڵام یاسایەکی نوێی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی لە لایەن چینەوە؛ هەرێمەکەی خستە ژێر چاودێرییەکی توند و کۆتوبەندکردنی ئازادیی دەربڕین کە ئەمەش سەری کێشا بۆ سزادانی زۆرێک لە ڕۆشنبیران و چالاکەوانان کە دەوڵەت بە مەترسیی لەقەڵەم دەدان. ئەم کارانەی چین لە هۆنکۆنگ پێچەوانەی ڕێککەوتننامەکەی نێوان چین و بەریتانیا بوو١٠.

٢.٢. مافی کەمایەتییەکان

گرووپە دینی و تایفییەکان زیاتر قوربانیی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤن. کەمایەتییەکان، بە تایبەت موسوڵمانەکان، جیاکارییان بەرانبەر دەکرێت و زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتی چینەوە. هەرێمی موسوڵماننیشنی شینجانگ، کە نزیکەی ١٢ ملیۆن دانیشتووانی هەیە، نموونەیەکی ئەم چەوساندنەوەیە. زۆرێک لە چاودێرانی دەرەوە نیگەرانییان دەربڕیوە لەسەر مامەڵەی دەسەڵاتی چینی لەگەڵ خەڵکی ئەم ناوچەیە، مامەڵەیەکی هێندە خراپ کە دەگاتە ئاستی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی . ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی لۆرداتی بەریتانی، ساڵی ٢٠٢١ ئاماژە بە بڕیارێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکات کە وەسفی تاوانەکانی حکومەتی چین دەکات بەرانبەر موسوڵمانانی شینجانگ بە جینۆساید ١٠. سەدان هەزار لە ئەندامانی کەمایەتییەکان لە بەندیخانەکانن بەبێ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە٩.

پێشێلکاریی مافی کەمایەتییەکان شێوازی زۆرە و تێیدا بە زۆر دەرکردن و زەوتکردنی مافی کولتووری و مافی ئاخاوتن بە زمانی خۆ. بۆ نموونە؛ لە ناوچەی تبت ماڵ و ژیانی خەڵکەکەی دەڕووخێنرێت و تێک دەدرێت و گەشتیاران و ڕۆژنامەوانانی بیانی ڕێگەیان پێ نادرێت بڕۆنە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی تاوانەکانی دژی خەڵکی سڤیل ڕاپۆرت بکەن٣.

بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ زیاد لە ملیۆنێک ئەندامی گرووپە تایفی و دینییەکان لە شینجانگ خراونەتە بەندیخانەوە یان بە ڕاپێچی کامپەکانی کارکردن کراون بە شێوەیەکی سیستماتیکی و وەکوو هەوڵێک بۆ لەڕیشەدەرهێنانی ناسنامەی کولتووری و ئایینییان و کۆنترۆڵکردنی گەشونمایان . ژیان لە ناو ئەو کامپانە کارەساتە. خەڵکی کە دواتر لەو کامپانە هەڵهاتوون، باسی ئەشکەنجەی فراوان و دەستدرێژی و پەلاماری سێکسی و بە زۆر دەرمان دەرخوارددان و سووکایەتی و ئازاردانیان دەکەن. ژیان لە دەرەوەی ئەو کامپانە دووبارە کارەساتە، ڕووخاندن و داخستنی مزگەوتەکان و شوێنە ئایینییەکانی تر، ڕێگرتن لە گەنجان لە بەشداریی چالاکیی دینی و بە زۆر بەشداریپێکردن لە کۆرسی خوێندن (بەرنامە و خوێندنێک کە دەوڵەت پەسەندی کردووە). هەروەها کوشتن و ئەشکەنجەدان، ڕێگرتن لە پراکتیزە دینییەکان، بە زۆر کوفرپێکردن، جیاکردنەوەی منداڵان لە دایک و باوکیان بە مەبەستی شۆرینەوەی مێشکیان بە ئایدۆلۆژیای پارتی کۆمەنیستی چینی (پارتی حکومڕان)، هاوسەرگیریی بە زۆر، بە زۆر لەناوبردنی کۆرپەلە، سەپاندنی جلوبەرگی دیاریکراو، نەبوونی دەزگای سەربەخۆی دادوەری و هەر کەس یاساکانی پێشێل کرد (یاسا نادادپەروەر و زۆردارییەکان) ئەوا بێزار دەکرێت، چاودێری دەکرێت، پرسیاری لێ دەکرێت، دەگیرێت، لێی دەدرێت، دەئاخزێنرێتە کونجی بەندیخانە و دواتریش لەناو دەبرێت. ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتی بەستووە بە گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە زاری سکۆڵەران، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە و ئەو کەسانەشی کە توانیویانە لە کامپەکان هەڵبێن٨، ١١.

لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ کە تایبەت کرابوو بۆ پێداچوونەوە بە ڕیکۆدی مافەکانی مرۆڤی چەند وڵاتێک، بەریتانیا و ئەمەریکا نیگەرانیی توندی خۆیانیان دەربڕی لەسەر مافی کەمینەکان لە چین. بەریتانیا داوای لە چین کرد کە ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی کەمایەتییەکان ڕابگرێت و ڕێگە بدات بە ئازادیی ئایینی و بیروباوەڕ و ئازادیی گوزارشتی کولتووری بەبێ ترس لە چاودێری و ئەشکەنجە و کاری بە زۆر و توندوتیژیی سێکسی، هەروەها داوای کرد کە چین یاسای ئاسایشی نیشتمانی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە یاسایەکی توندە و بەکار دێت بۆ گرتن و سزادانی چالاکەوانانی دیموکراسی و مەدەنی. هەروەها ئەمەریکا لە لایەن خۆیەوە وتی کە پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە نادادپەروەرانە گیراون؛ ئازاد بکرێن و پڕۆسەی بە زۆر فێرکردن لەسەر بیروباوەڕی کۆمەنیستی ڕابگیرێت١.

لە ساڵی ٢٠٢١، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسی بارودۆخی هەرێمی شینجانگی کرد و وەسفی کرد بە یەکێک لە هەرە خراپترین بارودۆخەکانی مافی مرۆڤ لە سەردەمی ئێستادا . وتی کە بەڵگەکان ئاماژە دەکەن بە بوونی بەرنامەیەکی توند بۆ چەوساندنەوە تیایاندا، بە تاوان هەژمارکردنی دەربڕینە ئایینییەکان، کارپێکردنی بە زۆر، لەناوبردنی کۆرپەلە، جیاکردنەوەی منداڵان لە دایک و باوکیان و خستنە ژێر چاودێریی تەواوی دانیشتووان ١٠.

وەڵامی باڵوێزی چین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بریتی بوو لەوەی کە ڕەخنە و ڕاسپاردەکانی بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هۆی ئەوەوەیە کە ئەو دوو وڵاتە زانیاری و تێگەیشتنی ڕاستەقینەیان نییە لەسەر بارودۆخی چین. باڵوێزی چین وتی کە ئەو وڵاتانە بەلاڕێدا براون بە هۆی زانیاریی هەڵە و تێگەشتنی هەڵە١. حکومەتی چین لە بۆنەکانی دیکەشدا وەڵامی ڕەخنەگرانی وڵاتانی ڕۆژئاوای داوەتەوە بەوەی کە تەنها خەڵکی چین مافی قسەیان هەیە لەسەر بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە چین٥. زۆرێک لە وڵاتانی ناڕۆژئاوایی لەگەڵ هەڵوێستی چین هاوڕان کە دەڵێت چین پێشکەوتنی بەخۆوە دیوە لە بوارە جیاوازەکاندا، تیایدا بواری مافەکانی مرۆڤ١٢.

٣. داخورانی ژینگە

فراوانبوونی خێرای کەرتی پیشەسازی لە چین؛ کێشەی گەورەی بۆ ژینگە دروست کردووە، وەکوو پیسبوونی ئاووهەوا. چین لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە گازی ژەهراوی دەڕژێننە ناو هەواوە. گازە ژەهراوییەکانی چین لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتە ١٢ ملیۆن تەن کە ئەمەش لە سەددا ٣٣ی گازە ژەهراوییەکانی جیهان بوو کە لەو ساڵەدا ڕژێنرایە ناو هەواوە. چین بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە خەڵووز و نەوت و گاز وەکوو سەرچاوەی وزە. لە ڕاستیدا چین گەورەترین هاوردەی نەوت و غازە. چین ڕیکۆردێکی بەرزی هەیە لە پشتگوێخستنی سروشت و ژینگە، نەک تەنها لە ناو چین، بەڵکوو لەو جێگایانەی تری جیهان کە کۆمپانیا چینییەکان کاری لێ دەکەن. هاوردەی زەبەلاحی چین لە دار و ماددە خۆراکییەکان سەری کێشاوە بۆ ڕووتانەوەی زۆرێک لە دارستانەکانی جیهان. ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دۆکیۆمێنتی کردووە کە تێوەگلانی کۆمپانیای چینی لە دەرهێنانی کانزاکان سەری کێشاوە بۆ خراپبوونی زەویی کشتوکاڵی و لەناوبردنی سەرچاوە ئاوییەکان٣.

٣.١. پیسبوونی ئاو و هەوا

لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان باس لە وزەی پاک و کەمتر پیسبوونی ژینگە دەکەن، چین پەرە بە دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە خەڵووز دەدات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. کواڵتیی هەوای چین بەردەوام بەرەو خراپبوون دەڕوات، هەر لەو کاتەوەی کە ئابوورییەکەی دەستی بە گەشە کردووە لە ساڵانی حەفتاکانەوە. ئاستی پیسبوونی هەواکەی ٢٠ جار زیاترە لە ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی. لە سەددا ٤٨ی گازە ژەهراوییەکانی چین لە پیشەسازییەکانیەوە دێت، لە سەددا ٤٠ی لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە، لە سەددا ٨ی لە هۆکارەکانی هاتوچۆوە. پیشەسازییەکان، هۆکارەکانی هاتوچۆ، وێستگەکانی کارەبا و هەروەها ماڵەکان ساڵانە ملیۆنان تەن گازی ژەهراوی دەڕژێننە ناو هەواوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و دروستبوونی نەخۆشی لە ناو خەڵکیدا١٣.

کاتێک کە دەڵێین هەوا پیس بووە، مانای ئەوەیە کە گەردیلەی بچووکی ژەهراویی تێدایە و کاتێک خەڵک هەڵیدەمژێت؛ دەچێتە سییەکانیانەوە و بە درێژایی کات دەبێتە مایەی کۆمەڵە نەخۆشییەک وەکوو: جەڵدە، نەخۆشیی دڵ، شێرپەنجەی سی و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سی. بە گوێرەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەوای پیس لە چین ساڵانە زیاد لە ٢ ملیۆن کەس دەکوژێت١٤، ١٥.

پیسبوونی ئاو یەکێکی دیکەیە لە کێشە گەورە ژینگەییەکان لە چین. ئاوی ژێر زەوی زۆر پیس بووە بە هۆی ئاوەڕۆ و ماددە ژەهراوییەکان کە لە پیشەسازی و کێڵگەکاندا بەکار دێت -نزیکەی لە سەددا ٨٠ی کارگەکان لە چین لە نزیک ڕووبار و دەریاچەکانەوەن١٦. نزیکەی لە سەددا ٩٠ی ئاوی ژێر زەوی لە چین پیس بووە و گونجاو نییە بۆ خواردنەوە، هەروەها دەریاچەکان بە پلەیەکی زۆر ژەهراوی بوون-. شارەزایان ڕووباری یانگیزیان بە ڕووباری شێرپەنجە ناساندووە بە هۆی ئەو هەموو ژەهرەی کە تیایەتی. ئەم حاڵەتەش کێشەی ئاوی ماڵانی لە شار و گوندەکان دروست کردووە، زیاد لە نیوەی دانیشتووانی چین ئاوی خاوێنیان بەدەست ناگات. خەمڵێنراوە کە هەر ساڵێک زیاد لە سەد هەزار خەڵک لە چین دەمرن بە هۆی ئاوی پیسەوە. گیاندارانیش هەروەها بە ملیۆنانیان لێ دەمرێت بە هەمان هۆکار. بەشێکی زۆریان بۆ هەتاهەتایە لەناو چوون.

ئاو بەردەوام پیس دەکرێت و کەم دەکات. فاکتەرەکانی ئاووهەوا و مرۆڤ سەری کێشاوە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، وشکبوونی دەریاچەکان و ڕووبارەکان، پیسبوونی ڕووبارەکان کە ئەمیش دەبێتە هۆی ترشەباران. ترشەباران کاریگەریی لەسەر یەک لە سەر سێی خاکی چین دروست کردووە و کەمیی ئاو کاریگەریی لەسەر نیوەی شارەکانی چین دروست کردووە. بە گوێرەی هەندێک لێکۆڵینەوە، ساڵانە ملیۆنان خەڵک لە چین نەخۆش دەکەون و هەزارانیش دەمرن، تیایاندا مناڵان، بەو نەخۆشییانەی کە پەیوەندییان بە پیسبوونی ئاوەوە هەیە١٦.

شارە گەورەکانی چین بەدەست پیسبوونی ئاوەوە دەناڵێنن. ڕووبارەکان، ئاوی ژێر زەوی و سەرچاوەکانی دیکە تا ئاستێکی مەترسیدار پیس بوون. شارێکی وەکوو تیانجین کە لە سەر بەندەرێکی دەریاییە لە باکووری ئەو وڵاتە و زیاد لە ١٠ ملیۆن دانیشتووانی هەیە، تەنها لە سەددا پێنجی سەرچاوەکانی ئاوی بەکەڵکن و دەشێت بۆ خواردنەوە. پیسبوونی ئاو بە زۆری لە ئەنجامی کارگە و پیشەسازییەکانەوە دروست دەبێت و دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە چین زۆر ناچالاکن بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە. پێویست ناکات بڵێین کە ئاوەڕۆی ماڵان کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەڕژێتە ناو ڕووبار و دەریاچەکان، سەرچاوەیەکی دیکەی پیسبوونی ئاوە لە چین١٧.

٣.٢. پیسبوونی خاک و بەبیابانبوون

پیسبوونی خاک و بەبیابانبوون دوو کێشەی گەورەی دیکەی ژینگەیین لە وڵاتی چین و هەڕەشەن بۆ سەر پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی. پیسبوونی خاک و بەبیابانبوون ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی چالاکییەکانی مرۆڤە، جا پیشەسازی بێت یان کشتوکاڵی، یان ماددەی ڕەق و شلەی پیسی شار و لادێکان، لە کاتێکدا بەبیابانبوون لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانکاریی ئاووهەواوە دروست دەبێت. ڕاپرسییەکی حکومەت لە ٢٠١٤دا دەریخست کە نزیکەی یەک لە سەر پێنجی خاکی چین پیس بووە بە پلەی جیاواز بە هۆی پاشەڕۆ کیمیاییەکان و دەرهێنانی کانزاکان ١٨، ١٩. سەرچاوەکانی پیسبوونی خاک زۆرن و بە ئاسانی ناژمێردرێن.

هەر چەندە چین لە سەر نەخشە سەوز دیارە و وا دەردەکەوێت کە زۆربەی خاکەکەی بەپیت بێت، بەڵام کێشەی بەردەوامیی بەبیابانبوونی هەیە، لەدەستدانی زیاتر و زیاتری خاکە بەپیتەکەی و بەکەڵکنەمانی بۆ کشتوکاڵ. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، زیاد لە ٤٠٠ ملیۆن خەڵک لە چین کاریگەریی خراپی بەبیابانبوونیان لەسەرە. وا خەمڵێنراوە کە چین لە سەددا ٢٧ی خاکە کشتوکاڵییەکەی لەدەست داوە و بەشێکی کەمی ماوە بەکەڵکی کشتوکاڵ بێت١٣.

ئەو ناوچانەی کە زۆر کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بەبیابانبوونەوە، بریتین لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا. خەڵکی لەو ناوچانە ڕاهاتوون لەگەڵ دیمەنی خۆڵبارین و بای تۆزاوی و لماوی. تۆزەکە هەندێ کات دەگاتە پایتەختی ئەو وڵاتە، پەکین. ڕێژەی ناوچەی بەبیابانبوو لە ساڵی ٢٠١٩دا بریتی بوو لە ٢.٥٧ ملیۆن هێکتار، کە لە سەددا ٢٦.٨١ی خاكی ئەو وڵاتە دەکات٢٠.

گۆڕانی دۆخی کەشوهەوا، فاکتەرێکی دیکەی بەبیابانبوونە لە چین (گۆڕانی دۆخی کەشوهەوا بە هۆی چالاکیی پیشەسازیی مرۆڤەوەیە کە چین دەستێکی باڵای تێیدا هەیە)، بەڵام هۆکارە ڕاستەوخۆکانی تر بریتین لە زۆر لەوەڕاندنی ئاژەڵان و زۆر کێڵانی زەوی و زۆر بەکارهێنانی ئاو . تەنها لە سەددا ٣.٣٤ی دارستانەکانی چین بە سەلامەتی ماونەتەوە٢١.

٤. ئەنجام

وێنای چین لە جیهاندا لەکەدار بووە بە هۆی ئەدای خراپی ئەو وڵاتە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ژینگە. تارمایی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی خەڵکی چین و کاولکاریی ژینگە؛ تارمایی دروست کردووە لە سەر دیمەنەکەی دیکەی چین کە بریتییە لە پێشکەوتن و بەپیشەسازیبوونی خێرای ئەو وڵاتە و فراوانبوونی خێرای ئابوورییەکەی و هەروەها فراوانبوونی دیپلۆماسیەتی لە جیهاندا.

چین یەکێکە لەو شوێنانەی جیهان کە خەڵکەکەی لە ترسی بەردەوامدا دەژین و مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکرێن وەکوو مافی دەربڕین و کۆڕ و کۆبوونەوە، هەروەها لە ژێر چاودێریی بەردەوامدان، ملیۆنانیان لەسێدارە دراون، لە بەندیخانەکان توند کراون، ئەشکەنجە دەدرێن و لەناو دەبرێن تەنها لەبەر ئەوەی بە ئازادانە ڕاوبۆچوونی خۆیانیان دەربڕیوە یان پیادەی ئازادیی دەربڕینیان کردووە. پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ زیاتر لەو ناوچانە بەرجەستە بووە کە دانیشتووانەکەی کەمایەتیی ئایینی و نەژادی جیاوازن، بە تایبەت لە ناوچە موسوڵماننشینەکان. هەروەها هەڵسوکەوتی خراپی چین لە بواری پاراستنی ژینگەدا کێشەی مەترسیداری بۆ ئێستا و داهاتووی ئەو وڵاتە دروست کردووە. ئاو و هەوای چین بەردەوام خراپ و پیس دەبن کە ئیتر بۆ ژیانێکی تەندروست ناشێن و خاک و خۆڵی چین بەردەوام دادەخورێت و لە هەندێ ناوچەش دەبێتە بیابان.

حکومەتی چین ڕێگایەکی دووری بڕیوە لە ڕزگارکردنی سەدان ملیۆن خەڵکی ئەو وڵاتە لە هەژاری و هەروەها ژیانی بۆ سەدان ملیۆنی دیکە لە دەرەوەی چین باشتر کردووە لە ڕێگەی کاڵا پیشەسازییەکانی و وەبەرهێنانەکانیەوە. عێراق، بۆ نموونە، یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە سوودمەند بووە لە پیشەسازییەکانی چین، سەرەڕای خراپیی کواڵتیی بەشێکیان. دانیشتووانی عێراق کەمترین ئاگایان لە پێشێلکارییەکانی حکومەتی چین بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و مافی دانیشتووانە موسوڵمانەکەی هەیە. ئەم حاڵەتە بە لای عێراقییەکانەوە گرنگە. واتە لە بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی چین بۆ سەر مافی موسوڵمانە چینییەکان، ئەگەری بەهێز هەیە عێراقییەکان هەڵوێست لە بەرانبەر پیشەسازی و وەبەرهێنانەکانی چین وەربگرن و داهاتووی ئەو وڵاتە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بکەوێتە مەترسیی ڕاستەقینەوە. هەروەها پاراستنی ژینگە بە لای زۆرێک لە دانیشتووانی جیهانەوە گرنگە و بەردەوامیی چین لە پێشێلکارییەکانی ژینگە و نەپاراستنی، پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی چین لە سەر ئاستی جیهان دەخاتە مەترسییەوە. چین دەبێت کاری بە پەلە بکات بۆ باشکردنی ڕیکۆردی خۆی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان لە پیسبوون و بەهەدەرچوون. پێشکەوتنی ئابووری و خۆشگوزەرانی لە وڵاتی چین و مامەڵەی داهاتووی جیهان لەگەڵ ئەو وڵاتە، پەیوەستە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمایەتییەکان و موسوڵمانەکانی ئەو وڵاتە لە لایەن حکومەتەوە و هەروەها پاراستن و ڕێزگرتن لە ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان.

سەرچاوەکان

 

Send this to a friend