ئاڵنگاریی چین بۆ هەیمەنەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وەرگێڕان و ئامادەكردن لە ئینگلیزییەوە: پەرۆش محەمەد
ڕاگەیاندنی ڕێگای ئاوریشمی لە ٢٠١٣ لە لایەن چینەوە ئاماژە بوو بۆ گۆڕانێک لە ڕۆڵی ئەم وڵاتەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە پێکەوەبەستنی چین لەگەڵ وڵاتانی ئۆراسیا و ناوچەکانی زەریای هیندی، ڕێگای ئاوریشمی گەورەترین دەسپێخەریی وڵاتی چینە لە دوای بوونی ئەو وڵاتە بە هێزێکی جیهانیی خاوەن بەرژەوەندی. لە بەر ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگە بۆ ڕێگای ئاوریشمی، نزیکبوونەوەی چین لە ناوچەکە تاوەکوو دێت بە هەڵپەتر و ئاڵۆزتر دەبێ لە لایەنی ئابووری، دیبلۆماسی و بە ڕادەیەکی کەمتر ئەمنییەوە. ئەمە لەم دوو ڕاپۆرتە حکومییەی چیندا زیاتر ڕەنگی داوەتەوە، “ڕوانین و کردار لە بارەی بونیادنانی پێکەوەییانەی ڕێگای ئاوریشمی ئابووری و دەریایی سەدەی ٢١” لەگەڵ “کارنامەی سیاسیی چین لە بارەی عەرەبەوە”.
“ڕوانین و کردار” شتێکی کەم لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەڵێت بە دیاریکراوی، بەڵام پێنج کاری لەپێشینەی هاریکاری بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەشدران لە ڕێگای ئاوریشمی دەخاتە ڕوو: هاریکاریی سیاسی، بەیەکەوەبەستنی دەزگاکان، ئاڵۆگۆڕی بێبەربەست، تێکەڵبوونی دارایی لەگەڵ گرێبەستی خەڵک بۆ خەڵک. نەبوونی هاریکاریی ئەمنی و سەربازی لە “ڕوانین و کردار”دا، پاڵپشتی ئەو گوتارەی چین دەکات کە ڕێگای ئاوریشمی دەسپێشخەرییەکی پەرەپێدانە تاوەکوو بەشێک بێت لە ستراتیژیەتێكی جیۆپۆلەتیکی. هاوئاهەنگ لەگەڵ شێوازی پێشووتری چین، ئەم هاریکارییە لەپێشینەییانە نەخشەڕێگایەک دابین دەکات بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی داهاتوودا.
“کارنامەی سیاسیی چین لە بارەی عەرەب”ەوە لە کاتێکدا بڵاو کرایەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم سەردانی جی پینگ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوارچێوەی ڕوانینی چین دیاری دەکات بۆ ناوچەکە کە تێیدا “چین ئارەزوو دەکات هاوکار بێت لە برەودان بە پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان، بەرژەوەندی و تواناکانی هەردوو لا بخاتە کارەوە و برەویش بدات بە توانای هاریکاریی نێودەوڵەتی لە بەرهەمهێناندا و باشترکردنی ئەم هاریکارییە”. خاڵی گرنگی ئەمەش “شێوازی هاریکاریی ١ + ٢ + ٣”یە کە “١” ئاماژەیە بۆ وزە وەکوو بەرژەوەندییەکی بنچینەیی، “٢” ئاماژەیە بۆ بونیادنانی ژێرخان و ژمارە “٣”ش ئاماژەیە بۆ وزەی ناوکی، مانگە دەستکردەکان و سەرچاوەی نوێی وزە. هەر چەندە هەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا ڕەخنەی ئەوەی لێ گیرا وردەکاریی تێدا نییە، بەڵام پەڕاوەکە ئاماژەی بە شێوازی بەرخورد و مامەڵەی چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تێدایە.
وزە لە چەقدا
چین هێشتا وەکوو کڕیارێکی گەورەی نەوت و غازی سروشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٪٤٠ی هاوردەی نەوتی چین پێک دەهێنێت و هەروەها دابینکارێكی سەرەکیی غازی سروشتیی شلی وڵاتەکەیە. چین ئەگەری زۆرە هەر پشت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستێت لە ساڵانی داهاتوودا بۆ وزە، چونکە وڵاتەکە مەزەندەی ئەوە دەکرێت بەکارهێنانی وزەی زیاتر ببێت و بە کەمیش بەرهەمی وزەی ناوخۆیی زیاد بکات.
لەمەدا فرەیی بۆ چین گرنگە. چین بۆ ماوەیەکی زۆر شێوازێكی هاوسەنگی لەگەڵ هاوردەکانی لە وڵاتانی کەنداو هەبوو. لە بەر ئەوەی وڵاتانی کەنداو پەیوەندییان بە ئەمەریکاوە بەهێزە، چین خەمی ئەوەیەتی ئەمەریکا فشار لەو وڵاتانە بکات لێشاوی نەوتەکەیان بۆ چین ڕابگرن. ئەم خەمە، گرنگیی ئێران دەردەخات، چونکە چین پێی وایە ئەمیان بەرگەی فشارەکانی ئەمەریکا دەگرێت. لە هەمان کاتدا گەڕێکی دیکەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران پەیوەستیی چین بە وڵاتانی عەرەبییەوە توندتر دەکاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بڕی نەوتی هاوردەی چین لە سعودیە (٩٢١،٨١١) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، ئەم ڕێژە بەرز بوویەوە بۆ (١،٨٠٢،٧٨٨) بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠١٩دا. چین بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە خەمی ئەم پەیوەستییەدایە بە یەک سەرچاوەی وزەوە.
بۆ چین خەمێكی تر ڕۆڵی سەرەکیی ئەمەریکایە لە پاراستنی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی کەشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆر گرنگن بۆ هاوردەی نەوتی چین. ئەم لاوازییە ئەو کاتە زیاتر دەرکەوت کە چین و ئەمەریکا شەڕی بازرگانییان دەست پێ کرد. لە کاتێکدا ئەم دژبەرە ستراتیژییەی چین دەتوانێت هەڕەشە بێت لە سەر ئاسایشی وزەی چین، بەو جۆرە چین پاڵنەرێکی دیکەی هەیە بۆ ئەوەی هێزە دەریاییەکانی لە زەریای هیندی فراوانتر بکات، ئەم پڕۆسەش خۆبەخۆ دەبێتە هۆی ئامادەییەکی گەورەتری ئەمنیی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بونیادنان، بازرگانی و وەبەرهێنان
شانشینەکانی کەنداو سەرچاوەیەکی سەرەکیی گرێبەستەکانی بونیادنانەوەی ژێرخانن بۆ کۆمپانیا چینییەکان، بۆ نموونە ئەوەی یاریگای لوسەیلی قەتەر -کە یاریگای سەرەکیی جامی جیهانیی فیفا بوو بۆ ٢٠٢٢-، هەروەها پاڵاوگەی یانوبی سعودیە و هێڵی شەمەندەفەری خێرای نێوان جەدە و مەککە و مەدینە. بەرنامەی گەشەپێدانی وڵاتانی كەنداو کە خۆیان لە پڕۆژەی ژێرخانیی گەورەدا دەبیننەوە، دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ هاریکاریی زیاتر. کۆمپانیا چینییەکان چالاک بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە زۆرییش سەرنجیان لە سەر ئەو پڕۆژانە بووە کە ئامانجی ڕێگای ئاوریشمی دەپێکن کە پێکەوەبەستنە. بەندەر و ناوچەی پیشەسازی خاڵی سەرەکیی ئەم هاریکارییانە بوون، چونکە ئەمانە زنجیرەیەکی ئابووری دروست دەکەن کە چین بە كەنداو، دەریای عەرەبی، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستنەوە. چین لە هاوینی ٢٠١٨دا ئەم پێکەوەگرێدانی بەندەرانەی بە “شێوازی دوو چەرخە و دوو باڵ” وەسف کرد و ناوی لێ نا: “پارکی پیشەسازی” و پێشبینیی ئەوەی کرد کە ئەدگارێكی گەورەی ئامادەیی ئابووریی چین بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەندەری خەلیفەی ئیماراتی عەرەبی، بەندەری دوقمی عومان، بەندەری جیزانی سعودیە، بەندەری بور سەعیدی میسر لەگەڵ بەندەری عەین سوخنای جیبوتی؛ هەموو پێکەوە بەشێکن لەم پڕۆژەیە. هەروەها کۆمپانیا چینییەکان مەزەندە دەکرێ ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕن لە پڕۆژەکانی بونیادنانەوە لە عێراق، سووریا و یەمەن.
لە هەمان کاتدا بازرگانیی چین لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا بە خێرایی زیادی کردووە و وڵاتەکەی کردووە بە هاوبەشێکی بازرگانیی گەورەی ناوچەکە. بە پێی دەیتاکانی بانکی جیهانی، قەبارەی بازرگانیی نێوان چین و وڵاتانی کەنداو کەمتر لە ١٩٧ بلیۆن دۆلار بووە لە ٢٠١٧دا. لە (٢٠١٦)ەوە چین بووە بە گەورەترین سەرچاوەی وەبەرهێنانی بیانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو پڕۆژانەی کە بەرنامەکانی پەرەپێدانی ناوخۆی چین بە ڕێگای ئاوریشمییەوە دەبەستنەوە، گرنگیی زیاتریان پێ دراوە لە پەیوەندییە دوولایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وزە و بۆشایی ئاسمان
ژمارەی “٣” لە “کارنامەی سیاسیی چین بۆ وڵاتە عەرەبییەکان”، بە تایبەتی جێگای سەرنجە. وزەی ناوەکی بە گشتی وەکوو خاڵی بەهێزی ڕۆژئاوا تەماشا کراوە، بەڵام گرێبەستی کۆریای باشوور لەگەڵ ئیمارات بۆ بونیادنانی وێستگەی ئەتۆمیی بەرەکە نیشانی دەدات کە ئەم بوارەش بووە بە جێگای ململانێی زیاتر. کۆمپانیا چینییەکانیش هەوڵ دەدەن پەل بهاون بۆ ئەم بازاڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سعودیە ڕەنگە کڕیارێکی باش بێت، چونکە ماوەیەکی درێژە لە وێستگەی ناوەکیی کۆڵیوەتەوە وەکوو سەرچاوەیەک بۆ وزەی ناوخۆ. وەکوو هەنگاوێکی سەرەتا بۆ ناو بازاڕەکە، گرووپی کۆمپانیاکانی ئەندازیاریی ناوەکیی چین یاداشتێكی لێکتێگەشتنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی سعودیدا مۆر کردووە بۆ سازگارکردنی ئاوی دەریا بە بەکارهێنانی ڕیاکتەری ناوەکیی بە گاز ساردەوەکراو.
وەکوو بەشێک لە “ڕێگای ئاوریشمی دیجیتاڵی”، مانگە دەستکردەکان کارێکی دیکەی لەپێشینەن بۆ چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سیستمی مانگی دەستکردی “Beidou”ی چینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکار دێت، چونکە بەرنامەی هەیە بۆ بوارەکانی پەیوەندیی تەلەفۆنی، ئاسایشی دەریایی و کشتوکاڵ. کۆمپانیاکانی تەلەفۆن لە بەحرەین، کوەیت، سعودیە و ئیمارات هەموو لەگەڵ “Huawei”ی ڕێک کەوتوون بۆ بونیادنانی هێڵی ئینتەرنێتی “5G”.
کۆمپانیا چینییەکان هەروەها لە پڕۆژەکانی وزەی خۆر، با و ئاویشدا کارا بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە بە تایبەتی بۆ میرنشینەکانی کەنداو ڕاستە، کە پڕۆژەکانی پەرەپێدان و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزەیان کردووە بە کاری لەپێشینە وەکوو پڕۆژەی ڕوئیای سعودیە بۆ ٢٠٣٠.
دیبلۆماسیەتی هەرەوەزیی چین
چین پلانی “١ + ٢ + ٣”ی هاریکاریی ئابووریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ستراتیژی هەرەوەزیی دیبلۆماسی تەواو کردووە. نزیکەی هەموو ئەو ستراتیژیەتە دیبلۆماسییانەی چین لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا مۆری کردووە، لە دەیەی ڕابردوودا ڕووی داوە (تەنها ئەوەی میسڕ نەبێت لە ١٩٩٩دا مۆر کراوە). چین هەرەوەزیی دیپلۆماسیی گشتگیری لەگەڵ جەزائیر، میسڕ، ئێران، سعودیە و ئیمارات دامەزراندووە، هەروەها هەرەوەزیی ستراتیژی لەگەڵ جیبووتی، عێراق، ئوردن، کوەیت، مەغریب، عوممان، قەتەر و تورکیا بونیاد ناوە. هاوتا لەگەڵ فراوانبوونی ڕێگای ئاوریشمی، ئەم تەوژمە لە چالاکیی دیپلۆماسی نیشانی دەدات کە سەرکردەکانی چین زیاتر و زیاتر ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست گرنگ دەبینن بۆ ئامانجە ستراتیژی و سیاسییەکانیان.
ئەوەی کە چین ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکەی لە ئەستۆدا نییە بەراورد بە ئەمریکا، دەکرێت ئەو بۆچوونە دروست بکات کە چین لایەنگیری لە ململانێ هەرێمییەکان ناکات و بۆ خواستی هیچ لایەک بەرەیەک هەڵنابژێرێت. بەڵام ئەم ڕوانینە سروشتی هەرەمیی هەرەوەزییەکانی چین نادیدە دەگرێت بەوەی كە چین ئەو پەیوەندییانە لە پێشینە دادەنێت کە هەرەوەزیی ستراتیژی و گشتگیرن. ئەم ڕوانینە دیسانەوە ئەوە نابینێت کە چین سەقامگیریی لاپەسەندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانێک کە لە ناوچەکەدا پێکەوە گرێ دراون، خزمەتی زیاتر بە چین دەکەن تاوەکوو چەند وڵاتێکی دابڕاوی گۆشەگیر. بەم پێیە کاتێک جی پینگ سەردانی ئیماراتی کرد لە ٢٠١٨دا بۆ ئەوەی پەیوەندیی چین لەگەڵ ئەو وڵاتە بەرز بکاتەوە بۆ بەرزترین ئاست، ئەو نیشانی دا کە ئەوە کۆڵەکەیەکی گرنگی کارنامەی سیاسیی چینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە پێچەوانەی ئەمەوە، کاتێک حەمدان ئال سانی ئەمیری قەتەر سەردانی بەیژینی کرد لە ٢٠١٩، چین پەیوەندییەکەی بەرز نەکردەوە بەڵکوو ڕایگەیاند کە دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارکردن لەو وڵاتەدا لەو چوارچێوەییەی دامەزراوە لە هەرەوەزیی ستراتیژی لە ٢٠١٤دا. ئەمە نیشانی دا کە چین؛ قەتەر کەمتر گرنگ دەبینێت تاوەکوو ئیمارات.
لە کاتێکدا تێکەڵبوونی چین لە بوارەکانی ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامە لە گەشەکردن، لەوە دەچێت کە هاریکاریی ئەمنییش بەم زووانە بەدوایدا بێت -جووڵەی بچووک بەم ئاڕاستەیەش هەبووە. هێزی دەریایی سوپای ڕزگاریی گەلی چین وەکوو بەشێک لە هەڵمەتی نێودەوڵەتیی دژ بە چەتەکانی دەریا لە بەندەری عەدەن سەردانی دوورگە عەرەبییەکانی کردووە، کە ئەمەش دەرفەتێکی داوە بە ئەفسەرە دەریاییەکانی چین پەیوەندی لەگەڵ هاوتا عەرەبییەکانیان دروست بکەن. چین ماوەیەکی زۆرە وەکوو بەشێک لە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (٢٠٠٦)ەوە لە لوبنانە. هەروەها گرێبەستی تایبەتی کۆمپیانیاکانی بواری ئەمنیەت لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کردووە وەکوو بەشێک لە وەڵامی چین بۆ ئەو وڵاتانەی کێشەی ئەمنیی قووڵتریان هەیە لە چەشنی عێراق.
فرۆشی چەکی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کردەوە لەم ساڵانەی دواییدا، هەر چەندە بەراورد بە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەر کەمە. زۆربەی کڕین و فرۆشتنەکانی چین لەو بوارانەدایە کە ئەمەریکا بە هۆی چاودێریی کۆنگرێسەوە ناتوانێت بیانکات، وەکوو بوارەکانی درۆنی سەربازی و مووشەکی بالیستی. کۆمپانیا چینییەکان دەتوانن سیستمی تەواو و خزمەتگوزارییەکانی دابین بکەن بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ شتێک. هەر چەندە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەزیان لێیە لە ئەمەریکای بکڕن بە هۆی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکەیەوە. لە لایەکی دیکەوە بڕیاری چین بەوەی درۆن بە وڵاتانی عێراق، ئوردن و سعودیە و ئیمارات بفرۆشێت، ئاماژەیە بەوەی کە چین پاڵپشتیی مانەوەی ئەم وڵاتانە دەکات کە بوون بە ئەمری واقیع. چین سیستمی پێشکەوتووی نەفرۆشتووە بە هێزی نادەوڵەتی یان دەوڵەتی ڕەجعیی وەکوو ئێران (لە کاتێکدا زیادبوونی درۆنی سەربازی خەمێکی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم بابەتە بە یارمەتی و بێیارمەتیی چین هەر بەردەوام دەبێت).
بەرەوپێشچوونێکی دیکەی گرنگی ئەمنی؛ دامەزراندنی بنکەی پشتیوانیی هێزی سەربازیی گەلی چینە لە جیبۆتی کە یەکەمین دامەزراوەی لەم جۆرەی چینە لە دەرەوە. ئەم جووڵەیە لادانێک بوو لەو سیاسەتە درێژمەودایەی چین کە بنکەی سەربازیی لە وڵاتانی تر دانەدەمەزراند. بەو پێیەی بەرژەوەندیی دامودەزگا و هاوڵاتییانی چین لە دەرەوەی وڵات گەشەی گەورەیان کردووە، چین دەبوو نیشانی بدات کە دەتوانێت ئەم بەرژەوەندییانە بپارێزێت و پێویستی بە پشتبەستن بە چەتری ئەمنیی ئەمەریکا نییە. بەشێکی گرنگی وەبەرهێنانەکانی چین لە بەندەر و پارکە پیشەسازییەکان لە ئێستادا بازرگانین، بەڵام ڕەنگە لە کۆتاییدا ئامانجی سەربازییان هەبێت. وڵاتانی خانەخوێی ئەم بەندەر و پارکانە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێگە بەمە نەدەن، چونکە لەوە دەترسن ببێتە هۆی لاوازکردنی هاریکاریی ئەمنییان لەگەڵ ئەمەریکا کە پشتیان پێ بەستووە. هەر چەندە بە هەمان شێوەی بنکەکەی جیبۆتی، چین توانای دەریایی بەندەری گواداری پاکستانیشی گەشە پێ داوە لە ناوچەکەدا.
ئەم تایبەتمەندییانەی مامەڵەکردنی ئابووری، دیپلۆماسی و ئەمنیی چین لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بەشێکن لە ستراتیژیەتێکی قووڵتر، فراوانتر و پێشکەوتووتر وەک ئەوەی لە یەکەم بینیندا دەردەکەوێت. چین شێوازی کاری گۆڕیوە و سەرکردەکانی ناوچەکەش بە ئەرێنی وەڵامیان داوەتەوە.
بۆچی شێوازی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت؟
ئەو ڕێکخستە نێودەوڵەتییە تاکهێزییەی لە کۆتایی جەنگی سارددا دەرکەوت، بە تەواوی شێوەی دا بە شێوازی نزیکبوونەوەی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەریکا هێزی زاڵی سەربازی بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابانەوە لە ١٩٩٠دا. لە کاتێکدا ئەمەریکا چوارچێوەیەکی ئاسایشی ناوچەیی بونیاد نابوو لە خزمەتی ئەو واقیعەی کە خۆی بەدڵی بوو، وڵاتانی تر یان دەبوو لەو چوارچێوەیەدا ئیش بکەن یان ئاڵنگاری ببنەوە. چین ئامادەیی خۆی لەو ناوچەیەدا دروست کرد بە خۆلادان –بە هێواشی مامەڵەی ئابووریی خۆی لەگەڵ ناوچەکەدا زیاد کرد، پەیوەندیی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا دامەزراند و کەسی گۆشەگیر نەکرد و لە هەمان کاتدا خۆی بەدوور گرت لە سیاسەتێک کە ئاڵنگاریی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ببێتەوە لە ناوچەکەدا.
ئەم شێوازی کارە تێڕوانینێکی بەربڵاوی لە بارەی چینەوە وەکوو هێزێکی بەرژەوەندیخواز دروست کردووە، کە سوود لە چەترە ئەمنییەکەی ئەمەریکا وەردەگرێت بۆ گەشەدان بە پڕۆژە ئابوورییەکانی بەبێ ئەوەی هیچ کەرەستەیەکی گشتی دابین بکات بۆ ئاسایشەکە. لە کاتێکدا تەلاری ڕێگا ئاوریشمییەکە شێوەی خۆی دەگرێت، ئەم جۆرە تێڕوانینە چیتر سەختە بەردەوام بێت. پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی چین لە ناوچەکەدا تەواوکاری دەکەن بۆ بەرنامەکانی گەشەپێدان لە ناو چین خۆیدا. ئەم وەربەهێنان، بازرگانی و هاوکارییانەی چین لە کاتێکدا دێن کە ڕۆژئاوا بەدەست شەکەتی خۆیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەناڵێنێت. چین چیتر نەک هەر بەلاشخۆر نییە، بەڵکوو کەرەستەگەلێکی گشتی دابین دەکات کە بەشدار دەبن لە گەشەپێدان و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەمانە گرنگتر، تێڕوانینی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە. زۆر سەرکردەی ناوچەکە پێیان وا بوو کە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بوو بۆ گەڕانەوەی بەهێزی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە -گەڕانەوەیەک کە هاوکاری وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل دەبێت و سنوور دادەنێت بۆ وڵاتانی دژی ڕێخستنی ناوچەکەش لە چەشنی ئێران و پاشکەوتەکانی.
بۆچی چین بەدوای ڕۆڵێکی زیاترەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
لە دەسپێشخەریکردن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران، چین دوو مەبەستی هەیە: یەکەم، بۆ ئەوەی ڕۆڵی چین وەکوو هێزێکی گەورە و بەرپرسیار نیشان بدات و هەروەها بۆ ئەوەش کە پلانەکەی جی پینگ بەدەست بهێنێت کە “کۆمەڵگایەکی خاوەن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی”یە. دووەم، بۆ ئەوەی توانای چین بۆ ئەمەریکا نمایش بکات و نیشانی بدات کە ئەمەریکا بە هیچ ڕێگەیەک ناتوانێت گەشەکردنی چین خاو بکاتەوە.
لە گۆشەنیگای چینەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا دەجووڵێت. نزیکەی پێنج ساڵێک لەمەوبەر، جی پینگ هەوڵی دا نێوەندگیریی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیش بکات و پەڕەیەکی چوار خاڵی بۆ کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین خستە ڕوو. بەیژین لە چوار بۆنەدا سیمیناری بۆ سیاسەتمەدار و سکۆلارەکانی هەردوو لایەنی فەڵەستینی و ئیسرائیلی ساز کردووە.
بەم دواییانە پەیوەندییەکانی نێوان چین لەگەڵ ئێران و وڵاتانی عەرەبی زۆر بووە. ساڵی ڕابردوو، جی پینگ وڵاتانی هاریکاری کەنداوی بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک لە چین کرد. دوای ئەوە، جی پینگ سەردانی سعودیەی کرد و یەکەم لوتکەی چین-عەرەبیی ساز کرد. لەو کاتەوە جێگری سەرۆکی چین؛ هو چونهوا سەردانی ئێرانی کردووە و سەرۆکی ئێرانیش سەردانی بەیژینی کردووە لە ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ. دەگوترێت لە سەردانەکەی ڕەئیسیدا، چینییەکان ڕاوێژیان پێ کردووە لە سەر نێوەندگیرییان لە نێوان ئێران و سعودیە و ئەویش ڕازی بووە. لێرەدا دەبینرێت کە چین کاریگەریی گەورەی لە سەر ئێران هەیە.
لەمەوە گەر لە گۆشەنیگایەکی فراوانترەوە سەیر بکرێت، جی پینگ قووڵتر لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گلاوە. لە هەمان کاتدا ئەمە نیشانی دەدات کە چین نیوەندگیرێكی گونجاوتر و بەتواناترە لە بارەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، چونکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دۆستایەتیی هەیە. هەر چەندە پێشتر لە کۆبوونەوەکانی عێراق و عومان ئیش بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان ئێران و سعودیە کراوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە شتەکە لە چین کۆتایی بێت ئەوەیە کە چین کاریگەریی زیاترە لە سەر ئێران بەراورد بە وڵاتانی تر. بۆ نموونە؛ چین لە میانەی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئیمارات، باسی سێ دوورگەی کێشەلەسەری کرد لە کەنداودا کە ئەمەش ئێرانی تووڕە کرد. بەڵام سەرۆکی ئێران هەر سەردانەکەی بۆ چین بە زوویی کرد و ئەمەش نیشانی دەدات ئێران ناتوانێت کاریگەریی چین فەرامۆش بکات، هەتا دوای هەڵەیەکی ڕوون و دیاریش.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، چین ئەگەری هەیە ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە داهاتوودا، بەڵام ئەمە قورستر دەبێت بەراورد بە نێوندگیریی ئێران و سعودیە. کرۆکی کێشەی ئەتۆمیی ئێران ئەو ناکۆکییەیە لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا هەیە. پەیوەندیی ئێستای نێوان ئەمەریکا و چین باش نییە، بەم هۆکارە شتەکە ئەستەمە بۆ چین کە پەیامەکانی ئێران و ئەمەریکا بگەیەنێت بە یەکتری. ئەگەر چین بیەوێت ئەم دەستپێشخەرییە بکات، دەبێت پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا باشتر بکات.
ئەوە ڕوونە کە چین ڕۆڵێكی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێت بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگای کاریگەرییەکەیەوە لە سەر ئێران، بەڵام شتەکە یەکلایی نییە کە ئایا ئێران بە پێی ڕوانینی چین ڕەفتار دەکات! ئەمە پەیوەستە بە گەلێ هۆکارەوە: توانای ئێران، پەیوەندیی نێوان حکومەتی ئێران و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ڕازیبوونی ئێران بەو پاداشتانەی چین پێی دەدات، بۆچوونی ئەمەریکا و ئیسرائیل… هتد. زۆر لەم هۆکارانە ئەستەمە چین بتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.
لەم ڕوانگەیەوە بە تایبەتی، داهاتووی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە گەش دیار نییە. تا چەند ئەم ڕێککەوتنە درێژە دەخایەنێت، ئەوە پەیوەندیی بە بۆچوونی ئێرانەوە هەیە. بۆ ئەوەی ئەم بەرەوپێشچوونە دیبلۆماسییە بە ڕاستی بەردەوام بێت، ئێران دەبێت: بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی؛ سعودیە نەورووژێنێ، پشتگیریی هێرشەکانی حوسییەکان و میلیشیا شیعەکانی عێراق نەکات، سعودیە تاوانبار نەکات بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران، جیاکاری نەکات لە دژی عەرەبەکانی ئێران و ئیدانەی هاوکاریی سعودیە لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل نەکات. تەنها ئەو کاتە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە بە ڕاستی پێشڤەچوون بەخۆیەوە دەبینێت.
ئایا ئێرانییەکان، بە تایبەتی سوپای پاسداران، دەیانەوێت بە ڕاستی ئاشتی بکەن؟ سعودیە و ئێران پێشتر سێجاری دیکە پەیوەندیی دیبلۆماسییان بڕیوە و کێشەکە لە بنچینەدا لە ناکۆکیی دینی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستراتیژییەوە دێت. ئەمە کێشەیە نییە کە بە نێوانگیرییەکی چەند مانگی چارەسەر بکرێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، حکومەتی چین هەندێ فشار دەخاتە سەر سعودیە و ئێران بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، بەڵام ڕەنگە فشارەکە زیاتر لە سەر ئێران بێت. ئەگەر کێشە لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێت لە داهاتوودا، کە ئەمەش وا دەکات تاران و ڕیاز لۆمەی یەکتر بکەن، ئەوە پەیوەندیی نێوان چین و ئێرانیش دەکەوێتە مەترسییەوە.
چین بۆ ئەوەی وەکوو وڵاتێکی گەورە ببینرێت، دەبێت ڕۆڵێکی گەورەتری هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. گەر چین بەشداری لە ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات، ئەوکات دانپێدانانی نێودەوڵەتی زیاتر وەردەگرێت. لە بەر ئەوەی چین دەتوانێت فشاری زیاتر لە تاران بکات، دەستکەوتە دیبلۆماسییەکەی چین گەورەتر دەبێت ئەگەر ئێران سیاسەتە دوژمنکارییەکەی بەرانبەر ئیسرائیل ڕابگرێت.
بێگومان فاکتەرێکی دیکە لەم پێشڤەچوونە دیبلۆماسییانەدا هەیە: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت بە خێرایی سەر بگرێت، چونکە هەرسێ وڵاتەکە ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە: ورووژاندنی ئەمەریکا یان هیچ نەبێت سەرنجی واشنتن بۆ خۆیان ڕابکێشن. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەمەریکا ڕۆڵی چین لە جیهاندا بە شێوەیەکی بابەتی تەماشا بکات نەک تەنها بە سەرسوڕمان، گومان و نیگەرانییەوە. ڕاستە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان هەیە لە نێوان چین و ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام هاریکارییش شتێكی مومکینە. بۆ نموونە؛ لە بارەی کێشەی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەردوو لا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە. لە داهاتوودا دەگونجێت ئەمەریکا و چین پێکەوە هانی ئێران، سعودیە، ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی بەشدار لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدەن کە ڕێککەوتنێکی ئاسایشیی فراوانتر دروست بکەن. ئەمەش بەو مانایە دێت کە مامەڵە سێکوچکەییەکەی ئێران، چین و سعودیە گەورەتر دەبێت.
ئەگەر ئەمەریکا ئەو دەرفەتە لەکیس بدات و لە بریی ئەوە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ وەستاندنی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پڕۆسە دیبلۆماسییە بەردەوام دەبێت بەڵام ئەمەریکاییەکان بەجێ دەمێنن. لە بەر ئەم هۆکارە، سیاسییەکانی واشنتن دەبێت نیگەرانییەکانیان لە بارەی چینەوە بکەن بە پاڵنەر بۆ هاریکاری: باشترە ئیش لەگەڵ چیندا بکرێت تاوەکوو ئەوەی لە گەمەکە دەربکرێت.
ڕێگای ئاوریشمی و عێراق
ڕێگای ئاوریشمی کە لە ٢٠١٣ لە لایەن جی پینگەوە ڕاگەیەنرا، بە گەورەترین بەرنامەی وەبەرهێنان لە ژێرخاندا دادەنرێت. ئەم بەرنامە دەیەوێت پێکەوەبەسترانی جیهان زیاتر بکات لە ئاسیا و ئەفەریقا و ئەورووپادا لە ڕێگای ئاوی و وشکانییەوە بە هۆکاری بازرگانی، هاریکاری و گەشەی ئابووری. عێراق دەکەوێتە یەکتربڕێکەوە لە ناو ڕێگای ئاوریشمی و ڕێگای ئاوریشمیی ئاویی سەدەی بیست و یەک. ئەم دوو ڕێگایە هەردوو گرنگن بۆ دەستگەیشتنی چین بە ئەورووپای ڕۆژهەڵات. یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتنی نێوان عێراق و چین لە ٢٠١٥دا ئەوە دەخاتە ڕوو “هەدوو لا تێگەیشتنیان هەیە بۆ هاوکاری لە بنیادنانی پشتێنی ئابووریی ڕێگا ئاوریشمییەکە و ڕێگا ئاوریشمییە دەریاییەکەی سەدەی ٢١” لە عێراقدا. پشتێن و ڕێگا ئاوریشمییەکە چەند هێڵێکی هەیە کە بە ناو عێراقدا تێدەپەڕێت و چین بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە. هێڵێک لە چین دەست پێ دەکات، بە ئاسیای ناوەڕاست و ئێراندا دەڕوات و لە ڕۆژئاواوە دێتە عێراقەوە. بەندەری فاو کە لە بەسڕەیە و دەکەوێتە کەنداوی فارسییەوە، عێراق دەبەستێتەوە بە هێڵەکانی پشتێن و ڕێگای ئاوریشمییەوە. لە ٢٠٢١دا ئیشکردن لە بەندەری فاودا دەستی پێ کرد و یەکێ لە تونێلەکان کە ناوی تونێلی حەریرە، لە بەندەری باشووری بەسڕەدا دەستی پێ کرد. گرێبەستی ئەم تونێلە ٢.٧ بلیۆن دۆلارە و دراوە بە کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشوور بۆ ئەوەی دروستی بکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی بەغدادە بۆ ئەوەی ئیشکردنی کۆمپانیا بیانییەکان فرەجۆر بکات لە عێراقدا.
لە بابەتی سەربازیدا هیچ هاریکارییەک نەبووە لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ لە نێوان عێراق و چیندا. کۆتاییەکانی ٢٠١٥، عێراق و چین گرێبەستێکی هاریکاریی سەربازییان واژوو کرد کە هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەیی عێراق بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەی پشتێن و ڕێگای ئاوریشمی لە هەمان ساڵدا. عێراق چەکی لە جۆری درۆنی جەنگیی “CH-B4” و مووشەکی ئاڕاستەکراوی “FT-9” ی کڕی، کە لە شەڕی دژی داعشدا بەکار هێنران. هەروەها گفتوگۆش هەبووە لە نێوان بەرپرسانی هەردوو لادا بۆ ئەوەی عێراق سیستمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی شەڕکەر لە چین بکڕێت. کۆمپانیا سەربازییە چینییەکان یارمەتیی عێراق دەدەن لە پەرەدان بە درۆن، چەک، مووشەک و پەیوەندیی سەربازیدا. عێراق قەبارەی کڕینی کەلوپەلە سەربازییەکانی لە چین لە (١٩٨٠)کاندا لە ئێستا زیاتر بووە.
لە (٢٠١٥)ەوە بەرپرسە عێراقی و چینییەکان لە چەندین بۆنەدا یەکیان بینیوە. لە ئایاری ٢٠١٨دا، عێراق و چین چوارچێوەیەکی هاریکاریی بازرگانییان ئیمزا کرد. وەبەرهێنانی چین لە عێراق بە هێواشی گەشەی کردووە. لە ٢٠١٨دا قەبارەی ئەم وەبەرهێنانە گەیشتە ٢٠ بلیۆن دۆلار، بە شێوەیەکی سەرەکییش لە سێکتەری نەوتدا بووە ئەم وەبەرهێنانە.
لێکتێگەیشتنەکەی ٢٠١٥، بەشێکی لە لایەن عادل عەبدولمەهدییەوە لە سێپتەمبەری ٢٠١٩دا و لە سەردانێکیدا بۆ چین کارا کرا. عەبدولمەهدی هەشت گرێبەستی ئابووری و دارایی لەگەڵ چین ئیمزا کرد، لە نێویاندا گرێبەستێکی بازرگانیی گشتگیر و بەرنامەیەک بوو کە ناسرابوو بە نەوت لە بەرانبەر بنیادنانەوە بۆ ٢٠ ساڵ. ئەم گرێبەستانە پێک هاتبوو لە کۆمەڵێ پاڵپشتیی دارایی هاوبەشی چین و عێراق بۆ پڕۆژەی بنیادنانەوە (وەکوو: بەنداو، بەندەر، هێڵی قیتار، فڕۆکەخانە و قوتابخانە)، ئەم پڕۆژانە دەبوو کۆمپانیا چینییەکان لە عێراق بیکەن. ئەم بەرنامانە بواری دەدا بەوەی کۆمپانیا چینییەکان لە بەرانبەر ١٠٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كار بكەن، ئەمەش نزیکەی لە ٪١٠ی ئەو نەوتەیە عێراق بۆ چینی هەناردە دەکات. عەبدولمەهدی ئەوەی ڕاگەیاند کە کۆمپانیا چینییەکان قۆرخی ئیشەکان نەکەن و کۆمپانیا چینییەکان هاریکاریی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەكەن. لە ٢٠١٩دا بەرپرسانی عێراق گفتوگۆیان لە بارەی پەیوەندیکردنی عێراق بە بانکی چینی (AIIB) كرد و لە ئابی ٢٠٢١دا عێراق داواکاریی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بەم بانکەوە بکات و لە کۆتا مانگی هەمان ساڵدا داواکەی قبووڵ کرا. ئەم کەناڵە ڕێگا دەکاتەوە بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژە چینییەکان لە عێراقدا.
لێکتێگەیشتنەکەی ٢٠١٥ لە بارەی ڕێگای ئاوریشمییەوە لە لایەن بەرپرسە عێراقییەکانەوە ئیشی پێ نەکرا بە هۆی شەڕی داعش، خۆپیشاندانەکانی دژی گەندەڵی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم قبووڵکردنی یاداشتەکە لە لایەن پەرلەمانەوە بە هۆی نەبوونی شەفافییەتەوە. لە ئایاری ٢٠٢١دا، مستەفا کازمی بوو بە سەرۆکوەزیران و تۆمەتی میدیاکارە عێراقییەکان و چالاکوانانی پشتیوانیی پڕۆژەکەی ڕەت کردەوە کە گوایە عێراق پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی پەراوێز خستووە. هەر چەندە ئەم کابینەیە ویستی ئەو پەیامە بنێرێت کە پڕۆژەکانی عێراق لە لایەن چینەوە قۆرخ نەکراون، بەڵام هەندێ پڕۆژەی چین پەرەیان پێ درا. لە ٢٠٢١دا، گرێبەستەکانی بنیادنانی چینی گەیشتن بە ١٠،٥ بلیۆن دۆلار، کە ئەمەش بە گەورەترین کاری بنیادنانی چین لە دەرەوەی وڵات دادەنرا. ئەمساڵ لە نێو وڵاتانی ڕێگا و پشتێنی ئاوریشمیدا عێراق زۆرترین وەبەرهێنانی تێدا کراوە لە بوارەکانی نەوت و گازدا لە لایەن چینەوە. لە ٢٠٢٢دا، وەکوو بەشێک لە بەرنامەی نەوت لە هەمبەر بنیادنانەوە، هەندێ لە پڕۆژە ژێرخانییەکان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاداییدان، لە نێویاندا بنیادنانی ١٠٠٠ قوتابخانە لە لایەن “Powerchina” و “Sinotec”، نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریە لە لایەن کۆمپانیای بنیادنانی ئەندازیاریی دەوڵەتی چینەوە، دروستکردنی ٩٠،٠٠٠ خانوو لە ناوچەی سەدری بەغدا، دروستکردنی ١٠٠٠ نەخۆشخانە و وێستگەی کارەبای بەسڕە لە لایەن “Powerchina”ەوە. هەر چەندە چالاکوانانی پشتیوانیی ڕێگای ئاوریشمی دەڵێن کە ئەو پڕۆژانەی سەرەوە هیچیان پڕۆژەی گرنگی ڕێگای ئاوریشمی نین و عێراق تەنها بە قسە دەڵێت لەگەڵ ڕێگای ئاوریشمیدایە و بەغدا نایەوێت بەشێک بێت لەو پڕۆژەیە. چالاکوانانی پشتیوانیی پڕۆژەی ئاوریشمی دەیانەوێت عێراق ئەو یاداشتی لێکتێگەشتنە بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی گرێبەستی ستراتیژی و پڕۆژەی زەبەلاحی ئاوریشمی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم چالاکوانانە کاتێک دروستکردنی بەنداوی فاو درا بە کۆمپانیایەکی کۆری، ناڕازی بوون و خۆپیشاندانیان کرد.
جیاواز لەمە، هەندێ چالاکوانی دژ بە ڕێگای ئاوریشمی و هەندێ دەزگای ڕاگەیاندن پڕۆژە و کۆمپاناکانی چین لە عێراق ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن چین پڕۆژەکان بەکار دەهێنێت بۆ سوودی خۆی و کۆمپانیا چینییەکانیش دەرفەتی کار بۆ خەڵکی وڵاتەکە دابین ناکەن. ناڕەزایەتیی ئەمانە سەری کێشا بۆ خۆپیشاندانەکانی زیقار لە ٢٠٢٢دا. زیاد لەوەش، هەندێ گرووپی چەکداریی بچووکیش کەس و کۆمپانیا چینییەکان بەئامانج دەگرن و هەڕەشەیان لێ دەکەن. ئەم جووڵانە گرفتی بۆ هەندێ لە پڕۆژە چینییەکان دروست کرد. پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی لە عێراق ڕەهەندێکی دیکەی گرنگ بۆ پەیوەندییە دوولایەنەکانی چین-عێراق لە دوای ٢٠٠٣ زیاد دەکەن. جیاوازیی سەرەکیی پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی و ئەوانی تر ئەوەیە کە پەیوەندییەکان فراوانتر بوون و لە سێکتەرەکانی نەوت و بازرگانی زیاتر ڕۆیشتوون و پەلیان کێشاوە بۆ نزیکەی هەموو سێکتەرەکانی ژێرخان، لۆجستی، تەندروستی و تەنانەت وزەی نوێوەبوو. هەر چەندە ڕێگای ئاوریشمی ڕێگەخۆشکەرە بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڵام پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەبێ لەمپەر نین. ئەم بەربەستانە هەندێ لەو ئەکتەرە عێراقییانە دەگرێتەوە کە گومانیان لە بەشداریی چین لە عێراقدا هەیە، ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە پڕۆژە چینییەکان دەرفەتی کاری کەم دەڕەخسێنن بۆ عێراقییەکان و شتێکی کەم پێشکەش دەکەن بۆ سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا.
پەیوەندییەکانی چین و عێراق لە (٢٠٠٣)ەوە گەشەیان کردووە، لەو کاتەوەی بازرگانی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا زیادی کرد. بۆ نموونە؛ عێراق نەوتی بە بڕی ٥١،٤ ملیۆن دۆلار هەناردەی چین دەکرد و کاڵا و شمەکی بە بڕی ١٠٥ ملیۆن دۆلار لەو وڵاتەوە هاوردە دەکرد. لە ٢٠١١دا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین گەیشتە 9،6 بلیۆن دۆلار و نرخی کاڵا و شمەکی هاوردەی چینیش بۆ عێراق گەیشتە ٣،٨ بلیۆن دۆلار. لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەی دواییدا ئەم بڕە دوو ئەوەندە بووە. لە دوای (٢٠٠٣)ەوە بڕی چین لە بازرگانی لەگەڵ عێراقدا وردە وردە گەشەی کرد، لە ٢٠٠٤دا ڕێژەی هەناردەی عێراق بۆ چین ٪١،٧ بووە، لە ٢٠٢٠دا ئەم بڕە زیادی کرد بۆ ٪٢٩،١. زیادکردنی بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتبەستنی عێراق و چین، هەردوو لا بە نەوت و داهاتەکەی، ئەم پەیوەستییە ئابوورییەی هەردوو لا نیشان دەدات.
سەرچاوەکان
- Zana Gul (5/12/2022), “The new era in the continuum of China and Iraq”s relationship”,https://journals.sagepub.com/doi/10.1177/20578911221140690?icid=int.sj-abstract.citing-articles.1.
- Mu Chunshan (17/3/2023(, “Why China Is Looking for a Bigger Role in the Middle East”, https://thediplomat.com/2023/03/why-china-is-looking-for-a-bigger-role-in-the-middle-east/?utm_source=pocket_reader.
- Camille Lons (project editor) Jonathan Fulton, Degang Sun, Naser Al-Tamimi (21/10/2019),“https://ecfr.eu/publication/china_great_game_middle_east/?utm_source=pocket_saves.