گۆڕانکارى لە ئەولەویەتەکانى ستراتیژى سیاسەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران
نووسین: فەرشاد ڕومی
بەشی زانستە سیاسییەكان، زانكۆی شەهید چەمەڕان، ئەهواز، ئێران
وەرگێڕان: ئەرخەوان سەیفور ئەسکەندەر
سەرچاوە: وەرزنامەی سیاسەت، خولی 53، ژمارە 1، بەهاری 2022
پوختە
لەگەڵ سەرکەوتنى کۆمارى ئیسلامى، تێگەیشتنى بڕیاردەرەکانى سیاسەتى دەرەوەى ئێران سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گۆڕا و نەفیى دەسەڵاتى بێگانەکان بە نیشاندەرى سەرەکى لە تۆمارەکانى سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا گۆڕدرا. شێوەى تێڕوانینى حکومەت بۆ سیستمى نێودەوڵەتى لە بنەما سەنتەرىیەكانی “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، کۆمارى ئیسلامى”دا خۆى نواند. ئەم توێژینەوەیە بە سوودوەرگرتن لە ڕوانگە و چوارچێوەى تیۆرى واقیعگەرایانى نوێ (ڕیالیزمى نوێ) بەدواى وەڵامى دوو پرسیارى توێژینەوەیى خوارەوەیە: ١. چ فاکتەرگەلێک بووە هۆى گۆڕینى تێڕوانینى کۆمارى ئیسلامى لە بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”وە، بۆ ستراتیژى “تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات”؟ ٢. چۆن ئەم فاکتەرانە کاریگەرییان لە سەر ستراتیژى سیاسەتى دەرەوەى ئێران هەبووە؟ لە گریمانەى توێژینەوەکەدا وا بەڵگە دەهێنرێتەوە کە هەلومەرجى خودهاوكاری نوێ (خودیاری نوین) کە لەگەڵ گۆڕینى پێکهاتەى سیستمى نێودەوڵەتیى دواى ڕووخانى یەکێتیى سۆڤیەت سەرى هەڵدا، بووە هۆى ئەوەى کە ئێران بەرە بەرە پیاچوونەوە بە ستراتیژى سیاسەتى دەرەوەیدا بکات و لە جیاتیى سیاسەتی نەهێشتنى پەیوەندى لەگەڵ هێزە جیهانییەکان دامەزراو لە سەر بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”، گۆڕا بۆ ستراتیژى “هاوپەیمانى یا یەکێتى لەگەڵ ڕۆژهەڵات”. توێژینەوەكە بە ڕێبازی چۆنێتى و بە سوودوەرگرتن لە میتۆدى شیکاریى ڕووداوەکان و بەڵگە مێژووییەکانى دواى شۆڕش کە لە شیكاری توێژەرانی سیاسەتى دەرەوەى ئێران و تیۆروانانى پەیوەندییەکانى نێودەوڵەتى ڕوون کراونەتەوە، کاریگەریى گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان لە سیستمى نێودەوڵەتى لە سەر ئاستى پابەندیى ئێران بە بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”، لە سیاسەتى دەرەوەدا لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا لێیان دەکۆڵرێتەوە، بە تایبەت جەخت لە سەر سێ سیاسەتى (شۆڕشگێڕى هاوسەنگ، نەتەوەگەرایى پشتیوانى لە موسوڵمانان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکان، پراگماتیزم و “تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات” بە کۆتاییهاتنى سیستمى دووجەمسەرى جیهانى) دەکاتەوە. توێژینەوەکە دەریدەخات کە لە دیپلۆماسى و سیاسەتى دەرەوەدا پێویستە سوود لە تایبەتمەندییە ڕێژەییەکانى هەموو وڵاتان و هێزە جیهانییەکان وەربگیرێت، هەروەها لە ئابووریى جیهانییشدا جەخت لەم بنەمایە دەکرێتەوە. بێگومان هەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەتى ڕۆژهەڵاتى ئێران؛ مەرجى دروستکردنى پەیوەندیى هاوسەنگ لەگەڵ ڕۆژئاوادایە، ئەگەرنا هەڕەشەى ئاسایشى دەبێت کە دروستکردنى وابەستەیی یەکلایەنەیە لەگەڵ هاوبەشە ڕۆژهەڵاتییەکان و کۆتاییەکەى هەڵبژاردنى سنووردار لە پەیوەندییە دەرەکییەکانى ئێراندا دەبێت. لەم ڕووەوە ئێران پێویستە هاوکاریى هەموو دەوڵەتە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەکان لە سەر بنەماى ڕێزگرتنى دوو لایەنە و بەرژەوەندیى هاوبەش بکات.
زاراوە سەرەکییەکان: ئێران، ستراتیژى دەرەوە، “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”، تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات، بەرژەوەندیى نیشتمانی
١. سیستمى نێودەوڵەتیى دووجەمسەرى، سەرەتایەک لە سەر پێکهێنانى بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”
لە سیستمى نێودەوڵەتیى دووجەمسەریدا ناکۆکى و ململانێ لە نێوان ئەمەریکا و سۆڤیەتدا هەبوو و سیاسەتى دەرەکیى دەوڵەتەکانی تر لە ژێر کاریگەریى پێکهاتەى دوو جەمسەریدا بوو. لەم سیستمەدا هاوکارییەکان لە نێوان دەوڵەتەکانى ڕۆئاواى ئاسیا و هەروەها لە نێوان دەوڵەتەکانى ناوچەکە لەگەڵ یەکێک لە زلهێزەکاندا دەبوو. ئێرانیش هاوشێوەى وڵاتانى ترى ڕۆژئاواى ئاسیا، چووە ناو هاوپەیمانییە ناوچەییەکان. لە لایەکەوە جەندرمە و هاوپەیمانیى ئەمەریکا لە کەنداوى فارس بوو و لە لایەکی ترەوە لە پۆلێنبەندیى ناوچەییدا بە بەشێک لە ڕژێمە کۆنەپارێزەکان (کۆنسێرڤاتیڤ) دادەنرا. بە کەوتنى فەرمانڕەوایى پەهلەوى، هێشتا سیستمى دوو جەمسەرى حوکمى بەسەر سیاسەتى نێودەوڵەتیدا دەکرد، بەڵام کۆمارى ئیسلامى سیاسەتى دەرەوەى خۆى لە سەر بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” بونیاد نا و هەوڵى دا سەربەخۆیى خۆى لە هێزە جیهانییەکان و پابەندنەبوون پێیانەوە بەوانی تر پیشان بدات (رومى، ١٣٩٩ الف: ١٤٧). لە درێژەى باسەکەدا، دەپەرژێینە سەر ڕوونکردنەوەى بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” لە سیاسەتى دەرەوەى ئێران لە سێ قۆناغى مێژووییدا. تێۆرى ڕیالیزمى نوێ کاریگەریى گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان لە سیستمى نێودەوڵەتی لە سەر ئەندازەى پابەندبوون بە بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا ڕوون دەکاتەوە.
١. ١. حکومەتى کاتى، شۆڕشگێڕیی هاوسەنگ لە سیاسەتى دەرەوەدا
دواى سەرکەوتنى شۆڕشى ئیسلامى بۆ لیبراڵە نەتەوەپەرستەکان کە حکومەتى کاتییان گرتە دەست، درووشمى نە ڕۆژهەڵات نە ڕۆژئاوا، واتایەکى “سەرتاسەر نیشتمانی و بەرگریکارانە”ى هەبوو و مەبەست لێى بەدەستهێنانى سەربەخۆیى هەمەلایەنە لە بەرامبەر بێگانەکان و زلهێزەکان و وابەستەنەبوون بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە هەموو بوارەکانى سیاسى، ئابوورى و سەربازى و ئایدیۆلۆژیدا بوو. بە بۆچوونى مەهدی بازرگان سەربەخۆیى سیاسیى ئێران بە ناکۆکى دژى ئەمەریکا و سۆڤیەت نا، بەڵکوو بە پێکەوەژیانى ئاشتییانە هاوڕێ لەگەڵ ڕێزگرتنى دوولایەنە و پەیوەندیى بێلایەنانە لەگەڵیاندا بەدەست دێت. لە ڕاستیدا لێکدانەوەى بازرگان بۆ درووشمى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” لەگەڵ ستراتیژى پابەندنەبوون (بێلایەنی – عدم تعهد) گونجاو بوو کە لە قۆناغى دەسەڵاتداریى محەمەد موسەدق کە بە ناونیشانى «هاوسەنگیى نەرێنى» (موازنە منفی) واتە بەدەستهێنانى سەربەخۆیى لە ڕێگەى کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى بەریتانیا و ڕووسیا باسى لێوە دەکرا. کەواتە ئاڕاستەکردنى سیاسەتى دەرەوەى ئێران دواى شۆڕش لە یەکێتى و هاوپەیمانى لەگەڵ ڕۆژئاوا لە ڕژێمى شاهەنشاهیدا، بە “پابەندنەبوون” لە دەوڵەتى مەهدی بازرگاندا گۆڕدرا (دهقانى فیروزآبادى، ١٣٩٢: ٣٣٠-٣٤٠).
بە شێوەیەکى گشتى ئەولەویەتى سەرەکیى حکومەتى کاتى؛ کۆتاییپێهێنان بە یەکێتیى ڕژێمى شا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات لە سەر بنەماى “یەکسانى” بوو. بە واتایەکى تر: حکومەتى کاتى لە هەوڵى پچڕانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمەریکا نەبوو، بەڵکوو حکومەتى کاتى بووە هۆى زیندووکردنەوەى پەیوەندییەکان بە پێوەرە نوێیەکان (رمضانى، ١٣٩٥: ٦٠). لەم ڕووەوە پراگماتیکى حکومەتى کاتى بووە هۆى ئەوەى کە لەگەڵ بەدەستهێنانى ستراتیژى پابەندنەبوون، تەنیا هەندێک لە داخوازییەکان و چاوەڕوانییەکانى باڵى ئایینى حکومەت لە ناوەندى سیاسەتى دەرەوەدا بەدى بێت، بەڵام خواستى حکومەتى کاتى بە ئاڕاستەى ڕۆژئاوا و دوودڵى لە بەردەوامیى پەیوەندیى نزیک لەگەڵ یەکێتیى سۆڤیەت؛ بەدیهاتنى ئەم ئاڕاستەکردنەى ڕووبەڕووى کۆمەڵێ قەیران کردەوە. ئەم دەستکەوتە نەگونجاوە لەگەڵ گرووپە سیاسییەکانی تر، لە پاڵ ئەو قەیرانانەى لە بەردەم حکومەتى کاتیدا بووبووە هۆى ئەوەى کە بە هەڵکردنى یەکەم باى شۆڕش و داگیرکردنى سەفارەتى ئەمەریکا؛ ئەم بناغەیە بڕووخێت و تەمەنى ٢٧٥ ڕۆژەى حکومەتى کاتى کۆتایى پێ بێت (میرفخرایی، ١٣٩٣: ٨٠).
١. ٢. شۆڕشگێڕە ئایینییەکان، گەڕانەوە بۆ بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”
سیاسەتى دەرەوەى شۆڕشگێرە ئایینییەکان کە لە کاردانەوەى سیاسەتى هەموارکردنى حکومەتى کاتى دروست بووبوو، وەرچەرخا بۆ بووژانەوە و گەڕانەوە بۆ بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”. ئەوان تێگەیشتنێکى ئامانجخوازانە و شۆڕشگێڕانەیان هەبوو کە پەیڕەوى لە بنەما ئایینییەکانى ڕەتکردنەوەى دەسەڵاتى بێگانە و یاساى ڕەتکردنەوەى دەسەڵاتی كافران (نفی سبیل) دەکرد و تیایدا سەربەخۆیى سیاسى لە ئەولەویەتدا بوو. شۆڕشگێڕە ئایینییەکان بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”یان بە ڕەتکردنەوەى پەیوەندییەکان و نزیکبوونەوە لە دوو بەرەى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ڕاڤە دەکرد و جەختیان لە لایەنەکانى دژەلووتبەرزى و دژەئیمپریالیزم دەکرەوە. لە ڕاستیدا ئامانجى شۆڕشگێڕەکان لە درووشمى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”، سەرەڕاى پێداگرى لە سەر وابەستەنەبوون بە دوو زلهێزى قۆناغى شەڕى سارد، ڕووبەڕووبوونەوەشیان بوو. شۆڕشگێڕە ئایینییەکان باوەریان وا بوو “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، کۆمارى ئیسلامى”، بە پێچەوانەوەى ئاڕاستەى پابەندنەبوون؛ ڕێبازێکى بەرگریکارانە و کاردانەوەیى نییە، بەڵکوو بە ڕێگەیەکى هێرشبەرانە و گەرموگوڕ لە بەرامبەر ستەمکارى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەجەنگێت (نوازنى، ١٣٨٤: ٦٥-٧٠). هەر ئەم تێڕوانینە بۆ بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” بوو کە بەشە ئایینییەکەى سیستمەکەى هان دەدا تا بانگەشەى ئەوە بکات بەدەستهێنانى سیاسەتێکى دەرەکیى سەربەخۆ، دەبێتە دامەزرێنەرى تەوژمى سێیەم لە سیستمى نێودەوڵەتیدا کە دووجەمسەریبوونى جیهان تێک بشکێنێت و کۆمارى ئیسلامى وەک جەمسەرى سێیەم دەناسێنن.
بە گشتى، ساڵەکانى سەرەتاى کۆمارى ئیسلامى؛ سیاسەتى دەرەکیى کۆمارى ئیسلامى تا ڕادەیەکى زۆر بێ گوێپێدانە نەریت و ڕۆتینى پێکهاتەى سیستمى نێودەوڵەتى کارى دەکرد و بە پێچەوانەى تیۆرى والتز، سیستمى دووجەمسەرى لە شێوەپێدان و دیاریکردنى سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا ڕۆڵێکى وەهاى نەبوو. کۆمارى ئیسلامى بۆ بەرەوپێشبردنى سیاسەتى دەرەوە سوودى لە ئامرازە ناسراوەکان لە پەیوەندیى نێودەوڵەتیدا وەک ستراتیژى یەکێتى و هاوپەیمانى لەگەڵ زلهێزێک لە بەرامبەر زلهێزێکی تر کە لە سەر بنچینەى تیۆرى ڕیالیزمى نوێ پێویستییەکى پێکهاتەیى بوو، وەرنەگرت. ئێران کەوتە دژایەتیکردنى حکومەتەکانى پەراوێزى کەنداوى فارس وەک مجێورانی ئیسلامی ئەمەریکایى. دوژمنایەتیى ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە بیروبۆچوونى لێپرسراوانى سیاسەتى دەرەوەى ئێران، بووە هۆى ئەوەى کە ئێران بەبێ سوودوەرگرتن لە دەرفەتە باوەکان لە سیستمى جیهانیى دووجەمسەریدا ڕووى کردە سیاسەتى ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکە (حاجى یوسفى، ١٣٨١: ١٠٢٣).
گرتنەبەری ڕێبازى ئوممەتگەرای هەناردەکردنى شۆڕش و پشتیوانیى موسوڵمانەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، هاوکات هێنانەكایەی بەدگومانى بەرامبەر زلهێزەکاندا، بووە هۆى ترس و دڵەڕاوکێ لاى دەوڵەتە کۆنەپارێزەکان و نادیموکراتییەکانى ناوچەکە و هۆکارەکانى فشارى بۆ سەر ئێران فەراهەم کرد. لە شەڕى هەشت ساڵەى ئێران و عێراقدا، ڕابەرەکانى ئێران تێگەیشتن کە ناتوانن هاوکات لە هەموو ناوەندەکاندا بکەونە شەڕ لەگەڵ سیستمى نادادپەروەرانەى جیهانى. لە کۆتاییدا ئەم سیاسەتە کە لە سەر بنەماى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوو زلهێز، بەبێ پشتگیریى دەوڵەتەکانى تر بوو، دەستکەوتێکى بەرچاوى نەبوو و بە هۆى هێز و تواناییە کەمەکانى ئێران؛ ئەم وڵاتە نەیتوانى ڕێکخستنى خواستراوى خۆى لە ناوچەکە لە ڕێگەى شەڕەوە بەدەست بهێنێت (احتشامى، ١٣٧٨: ٧٥).
١. ٣. هەڵوەشاندنەوەى سیستمى دوو جەمسەرى و گۆڕانکاریى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”
بە توانەوەى یەکێتیى سۆڤیەت لە ١٩٩١، پێکهاتەى دوو جەمسەرى هەڵوەشایەوە و دابەشکردنى دەسەڵات لە سیستمى نێودەوڵەتیدا گۆڕدرا. لە تێڕوانینى ڕیالیزمییەکاندا گۆڕانى جەمسەربەندى لە سەر ڕەفتارى یەکە سیاسییەکان و شێوەى هەڵسوکەوتى ئەوان، کاریگەرییەکى ئەوتۆى هەبوو. هەروەها کە بینیمان بە هەڵوەشانەوەى سیستمى دووجەمسەریى زۆرێک لەو وڵاتانەى کە پێشتر پەیوەندییان بە بەرەى ڕۆژهەڵاتەوە هەبوو، بژاردەیەکیان نەبوو بێجگە لە پەسەندکردنى دیموکراسیى لیبڕالیى ڕۆژئاوایى. لە هەمان کاتدا هەلومەرجى وڵاتێکى وەک ئێران کە خۆى خستبووە حاڵەتى ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ لەگەڵ زلهێزى سەرکەوتوو لە شەڕى سارددا؛ قورستر بوو، لە بەر ئەوە کۆمارى ئیسلامى لە سەر بنەماى ئایدیۆلۆژى و ئامانجەکانى خۆى بەردەوامیى سیستمى تاک جەمسەریى پێ خوازراو و پەسەند نەبوو.
لە قۆناغێکدا کە سیستمى دوو جەمسەرى زاڵ بوو، کۆمارى ئیسلامى بە پێچەوانەى چاوەڕوانییەکەى و پێشبینیى ڕیالیزمییە نوێیەکان کەوتە دوورکەوتنەوە لە سیستمى نێودەوڵەتى و ڕووى کردە بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”. بە کۆتاییهاتنى سیستمى دوو جەمسەرى، سیاسەتى دەرەوەى ئێران تووشى گۆڕان بوو. هەلومەرجە نوێیەکان کە لە دواى دەرکەوتنى پێکهاتنى تاک جەمسەرى دەرکەوت، پێویستى کرد کۆمارى ئیسلامى لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا ڕێگەى نوێ هەڵبژێرێت و لە جیاتیى ستراتیژى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”؛ پەنا بباتە بەر ئاڕاستەى یەکێتى و هاوپەیمانى. لە ڕاستیدا ئێران بە ناچارى خۆى دایە دەست کۆتوبەندەکانى ڕێکخستنى نێودەوڵەتى. هەر چەندە دژایەتیکردنى لەگەڵ هەژموونەکە درێژەى کێشا و ئێران هەوڵى دا بۆ بەرەوپێشبردنى ئامانجەکان و مەبەستە سیاسییە دەرەکییەکانى خۆى بکەوێتە هاوکاریکردنى دەوڵەتە دژەکانى سیستمى تاک جەمسەرەکانى وەک ڕووسیا. ئیدانەکردنى داگیرکردنى کوەیت لە لایەن عێراقەوە لە ١٩٩١ و هەروەها دەکرێ سیاسەتى پراگماتیکیى ئێران لە بەرامبەر وڵاتە تازەسەربەخۆکان لە دەسەڵاتى سۆڤیەت، بە ئاماژەگەلێک لە گۆڕانکاریى سیاسەتى دەرەوەى ئێران لە بەر ڕۆشنایى هەلومەرجە گۆڕاوەکانى سیستمى نێودەوڵەتیدا دابنرێت (احتشامى، ١٣٨٧: ٦٥-٦٦).
لە لایەکى ترەوە، یەکێک لە دەرئەنجامەکانى گۆڕانى سیستمى دووجەمسەرى لە ڕۆژئاواى ئاسیا ئەوە بوو کە زۆرێک لە هاوپەیمانەکانى پێشووى سۆڤیەت بۆ پاراستنى مانەوە و دابینکردنى ئاسایشیان پەنایان بۆ ئەمەریکا برد، بەڵام بە هۆى نەبوونى ڕکابەرى ستراتیژى بۆ تاک جەمسەر، دەبوو وڵاتە بچووکەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەوڵى زۆریان بدایە تا تاک جەمسەر و هاوپەیمانیى ستراتیژى پشتگیرییان بکات. ئەم پێویستییە بووە هۆى ئەوەى کە یاساى یارییەکە و هاوپەیمانییەکان و یەکێتییەکان لە ناوچەکە بڕۆنە قۆناغێکى نوێوە. بۆ نموونە؛ دواى کۆتاییهاتنى سیستمى دوو جەمسەرى، وردە وردە هەوڵە هاوبەشەکان جێگەى دژایەتى و شەڕ لە چارەسەرى دوژمنایەتیى نێوان عەرەبەکان و ئیسڕائیلدا بگرێتەوە (حاجى یوسفى، ١٣٨١: ١٠٢٠)، تا ئەو شوێنەى کە ئەمڕۆ هەندێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان لەگەڵ ڕژێمى سەهیۆنى دژى ئێران بوونەتە هاوپەیمان.
هەر لەم سیستمە تاک جەمسەرییەدایە کە لەگەڵ خستنەڕووى دۆسیەى چالاکییە ئاشتیخوازەکانى ئەتۆمیى ئێران لە کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکاندا، قەیرانێکى نوێ لە پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئێراندا سەر هەڵدەدات. تۆمەتبارکردنى ئێران بە هەوڵدان بۆ دروستکردنى چەکى ئەتۆمى و گۆڕینى دۆسیەى ئێران لە بابەتێکى تەکنیکی و یاساییەوە بۆ قەیرانێکى ئاسایشى و ڕۆشتن بۆ ئەنجوومەنى ئاسایش، ئەوە دەردەخات کە هێزە جیهانییەکان جارێکى تر ئامادەى فشار خستنە سەرن بۆ کۆمارى ئیسلامى بۆ پەسەندکردنى یاسا فەرمانڕەواکان لە سیستمى نێودەوڵەتیدا. بەم شێوەیە کۆمارى ئیسلامیى ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک تاک جەمسەرى فەرمانڕەوا لە سیستمى نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووى یەکتر بوونەوە. لە ڕاستیدا دەتوانرێ پرسى ناوەکیى ئێران بە گرنگترین ناکۆکییەکانى پێکهاتەى سیستمى نێودەوڵەتى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیدا ناو ببرێ (بصیرى و شیخ حسینى، ١٣٩١: ١٧٥).
دەرهاویشتەی ئەم فشار و سنووردارکردنانە ئەوە بوو کە ئێران تا ڕادەیەک خۆى دایە دەست پابەندبوونەکانى پێکهاتەى سیستمى نێودەوڵەتى و بە ناچارى بە ئاڕاستەى پێداچوونەوە بە بەشێک لە سیاسەتى دەرەوەى خۆیدا بڕواتەوە و بە سیاسەتى ناسراو کە پێویستیى پێکهاتەى نوێى سیستمى نێودەوڵەتى بوو، بە وریاییەوە نزیک بێتەوە. بەو واتایەى کە ئێران بە ستراتیژى باوى یەکێتى و هاوسەنگى بە یارمەتیى ڕووسیا و چین بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتى هەژموون خۆى نزیک کردەوە. کۆمارى ئیسلامى دەبوو ستراتیژێک بەدەست بهێنێت کە بتوانێت هاوبەشیى ستراتیژى لەگەڵ مۆسکۆ و پەکیندا هەبێت. ئێران پێویستى بە هاوکارى و پشتیوانیى ڕووسیا هەبوو تا بتوانێت خۆى نەداتە دەست یاساى نوێى سیستمى نێودەوڵەتى، واتە شوێنکەوتەى تاک جەمسەرى. بە هەمان شێوە کە ڕیالیزمییەکانى پێکهاتەیی باوەڕیان وایە کە هەلومەرجەکانى خودهاوكاری نوێى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى ناچار کرد تا لە هەڵسوکەوتى دەرەوەى خۆیدا گۆڕانکارى بکات و لە جیاتیى ستراتیژى دامەزراو لە سەر بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”؛ ڕوو بکاتە سیاسەتى هاوپەیمانى یان یەکێتى، لەم ڕووەوە هاوکاریى ئێران لەگەڵ ڕووسیا و چین و گرتنەبەرى سیاسەتى تێڕوانین لە ڕۆژهەڵات بە هۆى ڕووخانى سۆڤیەت و کۆتایى سیستمى دوو جەمسەرییەوە بوو. هەروەها هەڵوێستى بێلایەنانەى ئێران لە بەرامبەر هێرشى ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان و عێراقیش بە سەركەوتنی ئەمەریکا لە ڕۆژئاواى ئاسیادا لێک دەدرێتەوە.
بە شێوەیەکى گشتى لە بەدواداچوونى ڕەوتى گۆڕانکاریى چەمکى بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”، دەەتوانرێ سوود لە ڕێبازى ڕیالیزمى نوێ بۆ شیکردنەوەى سیاسەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران وەربگیرێ، بەڵام نابێت چاوەڕێ بکرێ هەموو کارایى سیستمێکى سیاسیى ئایینى لە ناوەندى سیاسەتى دەرەوەدا ڕوون بکرێتەوە (دهقانى فیروزآبادى، ١٣٩١: ٤٩-٥٠). بە گشتى، بە هەڵوەشانەوەى سیستمى دوو جەمسەریى ستراتیژى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”، ڕووبەڕووى قەیرانى واتایى بوویەوە و پێویستى بە بونیادنانەوەى تیۆرى و کارایى سیاسەتى دەرەوە هەبوو. لەم ڕووەوە، لەمەودوا بینەرى ڕۆڵگێڕانى چالاکترى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە سیستمى نێودەوڵەتیداین. لەم ڕێبازە نوێیەدا کۆمارى ئیسلامى بە ئاڕاستەى سیاسەتى پووچەڵکردنەوەى هەڕەشەکانى ڕۆژئاوا، وردە وردە بە لاى دەسەڵاتە کاریگەرەکاندا کە بە جۆرێک لە بەرامبەر دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکاندا بوون و دژى سیستمى تاک جەمسەرى بوون؛ دەڕوات.
٢. تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات، پەڕینەوە بۆ لاى ستراتیژى نوێ
دواى هەڵوەشانەوەى یەکێتیى سۆڤیەت و هەوڵدانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەقامگیریى سیستمى نوێى جیهانى، کۆمارى ئیسلامى لە سەر بنەماى پێودان و ڕێوشوێنى بیروباوەڕى خۆى نەیدەتوانى هاوڕاى میکانیزم و یاساى ڕێکخستنى نوێى نێودەوڵەتى بێت. بەقەیرانکردنى ئەم سیستمە نوێیە بەسترابوو بە پێکهاتنى هاوپەیمانییەکى بەهێز و هەر ئەم پرسە ئێرانى ڕاکێشا بۆ هاوکارى لەگەڵ کۆمەڵە دەوڵەتێک کە زۆربەیان لە قۆناغى سیستمى دووجەمسەرى لە بەرەى ڕۆژهەڵاتدا بوون و ئێستا دژى هەژموونى ئەمەریکا و سیستمى تاک جەمسەرین. بەم شێوەیە بوو کە ئاواتى پێکهاتنى جیهانێکى چەند جەمسەرى بە میکانیزمێکى دادپەروەرانە؛ کۆمارى ئیسلامیى بە ئاڕاستەى ڕۆژهەڵات برد (Hunter, 2010: 117). بە تێپەڕبوونى کات و چڕبوونەوەى دوژمنایەتیى ئەمەریکا و هاوەڵانى دژى ئێران، لایەنگریى بۆ ڕۆژهەڵات لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا گۆڕى بۆ ئەولەویەتێکى ستراتیژى و سیستمى سیاسیى ئێران هەوڵى دا بە نزیکبوونەوە لە دەوڵەتەکانى وەک ڕووسیا و چین لە بەرامبەر بارودۆخى ئێستاى سیستمى نێودەوڵەتى کە تایبەتمەندیى ئاشکراى زاڵبوونى ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانە؛ بوەستێتەوە و ئامانجەکان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانى بهێنێتە دى. بەم شێوەیە بوو کە سەرکردەکانى کۆمارى ئیسلامى بە ئامانجى بەرگرى لە ئاسایش و ناسنامەى سیاسیى خۆیان و کەمکردنەوەى سنوورەکان و پووچەڵکردنەوەى کارە ستەمکارانەکانى ئەمەریکا لە ناوچەکە، لە جیاتیى بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا”؛ ستراتیژى “تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات”یان هەڵبژارد بۆ دوورکەوتنەوە لە پەراوێزخستن. لە ڕوانگەى ئەوانەوە، تێڕوانین لە ڕۆژهەڵات ڕووکردنە ئەو وڵاتانەیە کە لە ژێر دەسەڵاتى ڕۆژئاوادا نین و خەیاڵى خاوى فەرمانڕەوایى ئێرانیان نییە. لایەنگرانى ئەم ستراتیژە، ناوچەى “ڕۆژهەڵات” بە ناوەندێکى سەروو جوگرافى و متمانەپێکراو لە بەرامبەر ڕۆژئاوا وەسف دەکەن. بەم تێڕوانینەوە تەنانەت پەیوەندییەکانى ئێران لەگەڵ دەوڵەتە چەپگەراکانى ناوچەى ئەمەریکاى لاتینیش لە چوارچێوەى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵاتدا دەگونجێت (رومى، ١٣٩٩ الف: ٣١١).
زۆنى ستراتیژى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا لە سەر چەند کۆڵەکەیەکى وەک چین، ڕووسیا و هیندستان وەستاوە. ئەوان بە درێژایى ئەم ساڵانەى دواى پڕۆسەى دەسەڵات گرتنەدەست و بەرزکردنەوەى پلەوپایەى خۆیان؛ بە خێرایى بڕیوە. لایەنگرانى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات باوەڕیان وایە کۆمارى ئیسلامى پێویستە ڕێبازێکى ماوەدرێژ لە بەرامبەر وڵاتە گەورەکانى ڕۆژهەڵاتدا بەدەست بهێنێت و بە ئاڕاستەى سوودوەرگرتنى باشتر لە تواناکانى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتدا هەنگاو بنێت و ئاسایش و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانى بەرەوپێش ببات (صیادى و سنایی، ١٣٩٦: ٨٥). لە ڕوانگەى ئەوانەوە، ئەو وڵاتانەى خراونەتە قاڵبى ستراتیژى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات لە ئاڵوگۆڕ لەگەڵ ئێران بە پێچەوانەى دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان حەزیان بە تێکەڵکردنى بابەتەکانى ئابوورى، سیاسى و کولتوورى نییە و ئەمە هەلێکى زێڕینە بۆ بەدەستهێنانى بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئێران.
کەواتە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژهەڵات بۆ دروستکردنى هاوسەنگى لە بەرامبەر ڕۆژئاوا لە هزرى ستراتیژى کۆمارى ئیسلامیدا پێگەیەکى گرنگى هەیە و لە دەوڵەتە جیاوازەکاندا خۆى ئاشکرا و دەرخستووە. بۆ نموونە؛ لە دروستکردنى دەوڵەتدا بە هۆى قورساییە دیارەکانەوە لە پەیوەندى لەگەڵ ڕۆژئاوادا و پێویستیى وڵات بە هاوکاریى نێودەوڵەتى بۆ بونیادنانەوەى ئەو کاولکارییانەى بە هۆى شەڕى سەپێنراوەوە ڕووى داوە، دروستکردنى پەیوەندیى نزیک لەگەڵ ڕووسیا، هیندستان و چین لە دەستوورى کاردا جێى کرایەوە (دانرا). دەوڵەتى هاشمى پەیوەندییەکى دۆستانەى لەگەڵ میراتگرى هاوپەیمانیى یەکێتیى سۆڤیەت واتە فیدراسیۆنى ڕووسیا دروست کرد و پێگەى ڕووسیا لە سیاسەتى دەرەوەى ئێران بە شێوەیەکى بەرفراوان گەشەى کرد. لە ڕاستیدا ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەرەنجامەکانى ئابووریى ژێر کۆنترۆڵى ڕۆژئاوا، وازى لە ململانێی مێژوویى خۆى لەگەڵ ڕووسیا هێنا و ئەوەى لە سیاسەتى خۆیدا واتە تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات لە پاڵ چین، هیندستان و… جێى کردەوە. پێویستیى دەستکەوتى تەکنەلۆژیاى ئەتۆمى، پێویستى بە ئامراز و کەلوپەلى پێشکەوتووى شەڕ بۆ باشترکردنى دەسەڵاتى سیستمى ئێران دواى هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ سەددام و کەمکردنەوەى ئەو فشارانەى بە هۆى سزاکانەوە دروست بووبوون و سنووردارکردنەکانى لە لایەن ئەمەریکاوە لەو نێوەندەدا؛ بووە هۆى ئەوەى کە ئێران بۆ مانەوە و ئاسایشى خۆى لە سیستمى نوێى نێودەوڵەتیدا لە ڕووسیا نزیک بووەوە (ثقفى عامرى و احدى، ١٣٨٦: ٧٥-٧٦).
دەوڵەتى سەید محەمەدى خاتەمییش لەگەڵ ئەوەى کە هەوڵى هێوەرکردنەوەى لەگەڵ ڕۆژئاوا و دەوڵەتانى ئەورووپاى لە ئەولەویەتى سیاسەتى دەرەوەى خۆیدا دانابوو، مەیل و هەوادارییشى بە ئاڕاستەى ڕۆژهەڵات هەبوو. لە دەوڵەتدا کۆمەڵە چاکسازییەک بە جەخت لە سەر کارى هاوبەشى کولتوورى لە پەیوەندییە چاکەکان لەگەڵ وڵاتانى ئاسیاى ناوەڕاست و قەوقازدا کرا و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا درێژەى کێشا (آدمى، ١٣٨٩: ٩٨). ئەگەر لە سەرەتاى شۆڕشى ئیسلامى تا کۆتایى دەوڵەتى خاتەمى لایەنگرى بۆ ڕۆژهەڵات ستراتیژێکى تر بوو لە ستراتیژە مەزنەکانى حکومەت، بە سەرکەوتنى ئەحمەدى نەژاد لە هەڵبژاردنەکانى ١٣٨٤دا سیاسەتى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات لە بندیوارییەوە هاتە دەرەوە و لە سیاسەتى دەرەوەدا بۆ ڕێبازێکى ستراتیژى گۆڕا. بە پێچەوانەى حكومەتی خاتەمى کە بەدواى بونیادنانەوەى پەیوەندییەکانى ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا بوو، حكومەتی ئەحمەدى نەژاد، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکایان بە مەترسییەک بۆ کۆمارى ئیسلامى دادەنا. کەواتە تەنانەت گۆڕینى هەڵسوکەوتى ئێران، چاوەڕوانیى چاکسازیى هەڵسوکەوتى ڕۆژئاوا و دروستکردنى پەیوەندیى دادپەروەرانە بە بابەتێکى بێسوود دادەنرا. دەرەنجامى وەها بیرکردنەوەیەک و زیادکردنى فشارەکانى ڕۆژئاوا لە بەر دۆسیەى ئەتۆمیى ئێران، بارودۆخى ڕۆحى و دەروونى بۆ زیادکردنى هەوادارى بۆ ڕۆژهەڵات لە پەیوەندییەکانى دەرەوەى دەوڵەتى ئەحمەدى نەژادى فەراهەم کرد (حاجى یوسفى، ١٣٩١: ٤٠٨). لە قۆناغى ئەحمەدى نەژاددا ڕووبەڕووبوونەوەى ئێران لەگەڵ ئەورووپا و ئەمەریکا گەیشتە بەرزترین ئاستى خۆى، بە شێوەیەک کە بە کۆدەنگیى نێودەوڵەتى دژى ئێران؛ سیستمکێکى ڕێکخراو و چەند لایەنە لە سزاکان دژى وڵاتەکەمان پێک هات. دەرەنجامى دەستبەجێى ئەم بارودۆخە، لایەنگریى زیاترى ئیران بۆ ڕۆژهەڵات و ڕووسیا و بەرزکردنەوەى پێگەى مۆسکۆ لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا بوو (رومى، ١٣٩٩ الف: ٢٣٩).
بە دەستبەکاربوونى حەسەن ڕوحانى و دوابەدواى دانوستانە چڕوپڕەکان لە ٢٣ى تیری ١٣٩٤، ڕێککەوتنى ناوەکى لە نێوان ئێران و هێزە جیهانییەکاندا هاتە بەرهەم. وا گومان دەکرا دەوڵەتى ئێران دواى «برجام[1]» و بە ئامانجى هێنانەكایەی هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا بە ئاڕاستەى ڕۆژئاوا هەنگاو بنێت و لە ئەنجامدا ئاستى متمانە و دزەکردنى دەوڵەتە ڕۆژهەڵاتییەکان لە ناو دەزگاى سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا دابەزێت. بەهەرحاڵ، ڕووداوەکانى ئەم دواییە دەریخست لەگەڵ «برجام»يش گرنگیى ئەم دەوڵەتانە لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا کەمى نەکردووە و تەنانەت پێگەى ئەوان بە بەراورد بە پێش ڕێککەوتنى ئەتۆمى بەرز بوویەوە تا ئەو شوێنەى کە هەندێک لە دەسەڵاتدارانى ئێرانى قسەوباسیان لە یەکێتیى ستراتیژیى نێوان تاران و مۆسکۆ لە بەرامبەر ئەمەریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکاندا دەکرد (دهقانى فیروزآبادى و مرادى، ١٣٩٤: ٨٣-٨٥). لە ڕاستیدا لەم قۆناغەدا پێگەى ڕووسیا لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا لە ژێر کاریگەریى پێکهاتەى سیستمى نێودەوڵەتى و بناغە تیۆرییەکانى سیاسەتوانانى کۆمارى ئیسلامى نەک هەر دانەبەزى، بەڵکوو هاوسۆزى و هاوڕێیەتى لەگەڵ مۆسکۆ لە دەوڵەتى ڕوحانیدا ئاشکراتر لە دەوڵەتى ئەحمەدى نەژاد بوو. زیاد لەوەش، ستراتیژە خێراکانى وەک ڕێککەوتنى ئەتۆمى و هەوڵدان بۆ پاراستنى و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانى وەک قەیرانى سووریا و دژایەتیى هاوبەش بە بڵاوکردنەوەى لە لایەن ناتۆوە بۆ ڕۆژهەڵات؛ فاکتەرەکانى پێشوو زیادیان کرد و یارمەتیى جێگیرکردنى پێگەى مۆسکۆیان لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا دا (رومى، ١٣٩٩ ب: ٦٠٣).
چین یەکێکى ترە لە یاریزانە سەرەکییەکان لە ستراتیژى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات، کە بە هەلێک و پشتیوانێکى ستراتیژى ئاسیایى لە پەیوەندییەکانى ئێران لەگەڵ دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکاندا هەژمار دەکرا. جیهانبینیى ئێران؛ لەخۆگرتووى دژەڕۆژئاوایەکى بەهێز و هەروەها چڕکراوە لە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانە. بۆ زۆرێک لە دەسەڵاتدارانى ئێرانى، ڕێکخستنى ئێستا؛ “جیهانى دواى ڕۆژئاوا”یە کە تیایدا نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا ئیتر هیچیان لەوی تریان باشتر و لەپێشتر نییە، بەڵکوو چین لە سەنتەرەکەیدایە و ئێران دەتوانێت سوودى لێ وەربگرێت. جیهانى دواى ڕۆژئاوا چەمکێکە کە پەیوەندیى بە نێودەوڵەتیبوونى ئاسیا و گۆڕانکاریى خێراى ناوەندى سەنگى ئابووریى جیهانەوە بە ئاڕاستەى ڕۆژهەڵات هەیە. دەسەڵاتدارانى تاران سەرهەڵدانى چین وەک هێزێکى نوێى جیهانى و وەک ڕێگایەکى قەوبڕ بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیى دواى دەیەها ڕیکۆرد و گەمارۆ دەزانن. ئەوان هەروەها چین بە هەلێکى مێژوویى بۆ جیاکردنەوەى ئابووریى سیاسیى خۆیان لە ڕۆژئاوا لە ژێر دەسەڵاتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەزانن (Ehteshami&Bahgat, 2019: 14-19). لە ڕاستیدا ئێران سەرهەڵدانى چین وەک زلهێزێک بە گۆڕانکارییەکى باش لە جیۆپۆلەتیک و جیۆئیکۆنۆمیکى جیهانیدا دادەنێت. ئێران لە ڕووى مێژووییەوە، ئاسیا وەک هەلومەرجێکى ئاساییتر لە پانتایى نێودەوڵەتیدا لێک دەداتەوە. ئەم وڵاتە خۆى بە ناوچەیەكی سروشتى و ناوەندی نێوان ناوچەکان و رێڕەوە جیاوازەكانی جیۆئیکۆنۆمیک لە جوگرافیاى نوێى ڕێگەی ئاوریشمدا دەزانێت. هەموو ئەمانە ڕێگە بە ئێران دەدات کە کۆتایى بە پەراوێزخستنى جیۆپۆلەتیکى و ئابووریى خۆى بهێنێت لە ڕێکخستنى جیهانى نوێدا کە چین باڵادەستترە تیایدا (Forough, 2020: 22).
هەروەها هەردوو وڵات سەبارەت بە ئیمپریالیزمى ڕۆژئاوایى و ئەوەى کە پێى دەڵێن “ڕێکخستنى هەژموونى ئەمەریکا”؛ دوژمنایەتى و بێمتمانەییەکى یەكسانیان هەیە. حکومەتى چین دژی هەنگاوە ئابوورييە تاکلایەنەكانى ئەمەریکا دژى ئێران و بەکارهێنانى بژاردەى سەربازی بۆ چارەسەرى ناکۆکییە ئەتۆمییەکانى ئێران بووە. هاوکات پەکین لەگەڵ ئێران پڕچەک بە بۆمبى ئەتۆم و دژایەتیى هەر جۆرە هەنگاونانێکى دەسەڵاتدارانى تاران کە ڕەوتى ئازادیى نەوت لە تۆنگەى هۆرمۆز یان «باب المندب» بخاتە مەترسییەوە دەکات و هاوکات بۆ بەرگرى لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى خۆى لە ئێران؛ ڕاوێژ بە دەوڵەتى ئەمەریکا دەکات (Therme, 2019). بەهەرحاڵ، بە زیادبوونى قەیرانى ناوەکى و ڕووکارى دیپلۆماسیى ئەحمەدى نەژاد لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا و پەراوێزخستنى ناوچەیی، بە پراکتیکى ئێران لە ڕووى ئابوورییەوە لەگەڵ چین لە سەر یەک هێڵن. ئەزموونە دوولایەنەکانى نێوان ئێران و چین لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارەوە لە ساڵى ١٩٩٩ بۆ ٢٩ میلیارد دۆلار لە ٢٠٠٩دا زیادى کرد. لە کۆتاییەکانى دەیەى ٢٠٠٠دا چین بۆ یەکەم جار بووە هاوبەشى بازرگانیى سەرەکیى ئێران. دوابەدواى سەفەرى سەرۆککۆمارى چین بۆ تاران لە سەرەتاکانى ٢٠١٦دا، سەبارەت بە ڕێککەوتنامەى دوولایەنەى درێژخایەنى ٢٥ ساڵى دانوستان کرا و لە کۆتاییدا لە ٢٠٢١دا واژوو کرا. لەگەڵ بوونى تێبینییە سەرەتاییەکانى دەوڵەتى ڕوحانى سەبارەت بە چین، لە کۆتاییدا دەوڵەتەکەى ئەو بوو کە بەڵێننامەى “هاوبەشى ستراتیژى گشتگیر”یان لەگەڵ چین واژوو کرد. لە ڕاستیدا هاتنەدەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە «برجام» لە ٢٠١٨دا، تارانى ناچار کرد بە هەوڵدان بۆ دروستکردنى هاوسەنگى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ چین و ڕۆژئاوا کۆتایى پێ بهێنێت (Ehteshami, 2022: 21-22). لەگەڵ ئەمەشدا دەسەڵاتداران، توێژەران و میدیاکانى چین تا ئێستا زۆر کەم بە فەرمى ڕاى خۆیان سەبارەت بە ڕێبازى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵاتى ئێران دەربڕیوە. چینییەکان هەمیشە نیگەرانن کە ڕێبازى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵاتى ئێران هەنگاوێکى بەرژەوەندیخوازانەى سیاسییە. بە ڕاى شارەزایانى چین، تەنانەت ئەگەر ڕێبازى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵاتى ئێران ستراتیژێکى درێژخایەن نەبێت، تا ئەو کاتەى کە دەستکەوتە ئابوورییەکانى ئەم پەیوەندییە لە سەر تێچوونەکانى پەکین زیاد بکات، پێویستە بە قووڵى درێژە بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران بدات (Fan, 2022: 52-54)، ئەگەرنا بە سەرنجدان تەنیا بۆ ئابوورى لە سیاسەتى دەرەوەى چین لە ناوچەى ڕۆژئاواى ئاسیا، پێویستە چاوەڕێى ڕەفتارێکى تر لە پەکین بکەین.
سەبارەت بە پەیوەندیى لەگەڵ هیندستان، ئێران لەگەڵ هەبوونى بەرژەوەندییە بەرفراوانە هاوبەشەکانى لە ئەفغانستان و جێبەجێکردنى پڕۆژەى بەندەرى چابەهار، هەرگیز نەیتوانیوە لەگەڵ ئەو وڵاتە یەکێتییەکى بەهێز دروست بکات. گرنگترین ڕێگرییەکان کە هاوبەشیى تاران و نیوودێهلی سنووردار کردووە، دەسەڵاتى ویلایەتە یەکگرتووەکان و نزیکیى هیندستان لە عەرەبستانى سعودیە و ئیسڕائیلە. ئەگەرچى هیندستان ئێران بە مەترسى نازانێت و ئەو قسەیەى ئەمەریکا کە ئێران بەشێکە لە تەوەرى ئاژاوەگێڕى[2] ڕەت دەکاتەوە، پەیوەندییە دوژمنکارانەکانى ئێران و ئەمەریکا هێشتاش ڕێگرێکى گرنگە لە پەیوەندییە دوولایەنەکاندا. هەڵبەتە پشتبەست بە بنەماى هەمیشەیى پەیڕەوى بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، هیندستانیش سوودى لە کارتى ئێران وەرگرتووە لە دانوستانەکانى لەگەڵ واشنتن (Therme, 2019). بۆ نموونە؛ هیندستان لە جێبەجێکردنى سزا نێودەوڵەتییەکاندا هاوکاریى ویلایەتە یەکگرتووەکانى کردووە. لە دانیشتنى ئەنجوومەنى باڵاى نێودەوڵەتیی ئەتۆمى دژى کۆمارى ئیسلامى لە سێپتەمبەرى ٢٠٠٥ و فێبریوەریى ٢٠٠٦دا دەنگى «بەڵێ»ى دا بە ڕەوانەکردنى دۆسیەى ئێران بۆ ئەنجوومەنى ئاسایش. پێویستە بەدواى هۆکارى ئەم کارە لە ئارەزووى هیندستان بۆ بەدەستهێنانى تەکنەلۆژیاى ناوەکیى ناسەربازی لە ڕێگەى ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بگەڕێین کە هاوکات بوو لەگەڵ ناکۆکییەکانى نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان. بە بوونى حەزى هیندستان بۆ دابینکردنى وزەى خۆى لە ئێران؛ ئەم وڵاتە ڕووبەڕووى فشارە سیاسییەکانى واشنتن بوویەوە لە چوارچێوەى سزاکانى دژى ئێران لە ژێر یاساى «ایسا[3]»دا، بە شێوەیەک کە هیندستان تا نیوەى ٢٠١٩ هاوردەى نەوتى لە ئێرانەوە بە تەواوى ڕاگرت (Kumaraswamy, 2020: 25). بە زانینى هەڵوێستى هیندستان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لايەک و كۆمارى ئيسلامیى ئێران لە لايەكى ترەوە، پێويستە ئەم بنەمايە لەبەرچاو بگرین کە هەر چەندە هیندستان دەتوانێت هاوبەشێکى گونجاو بێت بۆ دابینکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و تێبینییە ستراتیژییەکان، بەڵام لە هەلومەرجى ڕووبەڕووبوونەوەى ئێران و ئەمەریکا؛ وەک هاوپەیمانێکى سیاسیى تاران کار ناکات (سلطانى نژاد، ١٣٩٥: ١٣٧).
بە گشتى کۆمارى ئیسلامیى ئێران بە تایبەت دواى هاتنەدەرەوەى ترامپ لە ڕێککەوتنى ئەتۆمى بۆ ڕێگرتن لە داخرانى ئابوورى و گرەنتیکردنى مانەوەى خۆى، بە شێوەیەکى بەرفراوان پشتى بە هاوبەشەکانى لە ئاسیا و ڕووسیا بەست. ئەم ڕێبازە دەرخەرى پچڕانى تەواوەتیى ستراتیژى پێشووى ئێران لە سەر بنەماى سەرەکیى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” بوو. هەر چەندە بەدواداچوونى سیاسەتێکى دەرەکیى سەربەخۆ هێشتا وەک ئاڵنگارییەکى سەرەکیى ناسنامەى شۆڕشى ئێران گرنگیى هەیە و تاران بۆ سەلماندنى سەربەخۆیى لە سیاسەتى دەرەکیدا، بەردەوام هەڵوێستى توندى ئایدیۆلۆژیى دژەئەمەریکا بەکار دەهێنێت (International Institute for Strategic Studies, 2018).
لە بەرامبەردا، ستراتیژى “تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات” هەلێک بۆ دەسەڵاتە تازەدەرکەوتووەکان[4] بۆ بەرنامە ئابوورييەكانى خۆى لە ڕێگەى ئێرانەوە دەخاتە ڕوو. بە واتایەکى تر: ئەم ستراتیژەى ئێران بە ئاڕاستەى چاوەڕوانییە ستراتیژییەکانى ڕووسیا، چین و هیندستان کارى کردووە. ئەم سێ وڵاتە بە پێچەوانەى ئێرانەوە هەوڵیان داوە لە نێوان بەرژەوەندییە جیۆئیکۆنۆمیکییەکانی خۆيان لەگەڵ جیهانى ڕۆژئاوا لە لایەک و ئێران لە لایەکى ترەوە هاوسەنگى دروست بکەن (Sarasawat, 2018). بۆ نموونە؛ ئەولەویەتى سەرەکیى ڕووسیا لە هاوکارى لەگەڵ ئێراندا، سەقامگیریى ناوچەیی لە پانتایى یەکێتیى سۆڤیەت و هەروەها لە سووریاشدايە. چینیش تێڕوانینەکانى لە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکانى خۆى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکخستنى ئێران لە بەرنامەى گەورەى پشتێنەیەک و شەقامێک[5] چڕ کردووەتەوە. لە کۆتاییدا هەرسێ وڵات بەردەوام وەک ئامرازێک بۆ قسەکردن لە پەیوەندییە دوولایەنەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا سوودیان لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئێراندا وەرگرتووە (International Institute for Strategic Studies, 2018). ڕوونە کە جەوهەر و ماهیەتى پانتایى سیاسەتى زاڵ بەسەر سیستمى نێودەوڵەتیدا، دانیشتن لەگەڵ دەسەڵاتداران و کەمتەرخەمى لە بەرامبەر ماف و دادپەروەریدایە.
- ئاڵنگارییەكانی سیاسەتى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات
سیاسەتى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات؛ شوێنکەوتەى ڕاى گشتى، سیاسەتى جیهانى و ئەو هەلومەرجانە بووە کە ئێران کەوتووەتە ناوى. لە سەرەتاى شۆڕشدا حکومەتى نوێ بەدواى تێکدانى سیستمى نێودەوڵەتیى ئێستاوە بوو، بەڵام لەگەڵ هێرشى سەددام لە دەیەى ١٩٨٠دا، ئێران ڕووبەڕووى هەندێک سنووردارى بوویەوە کە مانەوەى سیستمەکەى خستە مەترسییەوە و سیاسەتوانان بە ناچارى خۆیان لەگەڵ سنووردارکردنەکانى پێکهاتەکە گونجاند. لە دەیەى 1990، كۆمارى ئيسلامى خواستى لێکنزیکبوونەوەى لە سیستمى نێودەوڵەتیدا هەبوو. بەم شێوەیە هەوڵە سەرنەکەوتووەکانى بۆ هێورکردنەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا لە دەوڵەتەکانى هاشمى و خاتەمى و هەروەها فشارە ئابوورییەکانى دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بۆ سەر ئێران، تارانى ناچار بە هاوکاریى ستراتیژى لەگەڵ ڕکابەرەکانى ئەمەریکا کرد (Heiran-Nia, 2022). ئەم ئەزموونانەى ڕابردوو دەرخەرى ئەوەن کە ئێران نەیتوانیوە لە بەدەستهێنانى یەکانگیریى ستراتیژى لە ڕۆژهەڵاتدا سەر بکەوێت. وا دەردەکەوێ لە فاکتەرە گرنگەکانى نەبوونى سەربەخۆیى دەسەڵاتە کاریگەرەکان لە ناوچەى ڕۆژهەڵات لەم ڕێبازە نوێیەى ئێران؛ ئەوە بووە کە ئەم دەوڵەتانە ململانێى ناسنامە و ئایدیۆلۆژیایان لەگەڵ ڕۆژئاوا نەبووە و بە هۆکارى جیاواز (زۆربەى ئابوورى) لە ڕووبەڕووبوونەوەى ڕاستەوخۆى ئەمەریکا دوور کەوتوونەوتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ڕێبازى تێڕوانینى پوخت بۆ ڕۆژهەڵات لە سیاسەتى ئێران ڕووبەڕووى کۆمەڵە قەیرانێکە کە لە کۆتاییدا بە شێوەیەکى کورت ئاماژەیان پێ دەکەین:
ئ. ستراتیژى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات کاتێک لە لایەن ئێرانەوە کراوە کە هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندییە کولتوورییەکانى نێوان ڕۆژهەڵات[6] و ڕۆژئاوا لە بەرزترین ئاستدا بووە. ئەم بیرکردنەوەیە کە دەتوانرێ سوود لە تواناکانى دەوڵەتەکانى چین و هیندستان وەربگیرێت نەک بە ئامانجى هاوسەنگى و پووچەڵکردنەوەى فشارەکانى ڕۆژئاوا، بەڵکوو بە ئامانجى ڕووبەڕووبوونەوە، دەرخەرى ئەو تێڕوانینە ناواقعیى و خەیاڵپڵاوانەیە. هەر چەندە ئێران لە ڕوانگەى جیۆپۆلەتیک و جیۆئیکۆنۆمیک پێگەیەکى نایابى هەیە و بە یارمەتیى ئەوە کۆمارى ئیسلامى بەدواى سوودوەرگرتنە لە تواناکانى ڕۆژهەڵات، بەڵام ڕکابەرە ناوچەییەکانى ئێرانیش تواناى پێویستیان بۆ ڕاکێشان و هاوکاریى دەوڵەتەکانى ڕۆژهەڵات هەیە و ناکرێت ڕۆڵى ئەوان بۆ سەیرکەرێکى ناچالاک دابەزێنین (ارغوانى، ١٣٩٤: ٣٠). بۆ نموونە؛ تورکیا لە هاوبەشە گرنگە ئابوورى و سیاسییەکانى ڕووسیایە، کۆمپانیا ڕووسییەکان ڕۆڵێکى کاریگەریان لە پیشەسازیى نەوت لە عێراقدا هەیە، مۆسکۆ پەیوەندییەکى ئاڵۆز، بەڵام بونیادنەرانەی لەگەڵ ئیسڕائیل هەیە. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەى کەنداوى فارس، بە تایبەتى دواى ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا و سعودیە سەبارەت بە بەڕێوەبردنى بازاڕى نەوت، پێکهێنانى ئـۆپێک پڵاس[7]، سەدەیەکى نوێ دەستى پێ کردووە. لە لایەکى ترەوە، ڕووسیا لە ڕۆژئاواى ئاسیا بەدواى ئامانجگەلێکى جۆراوجۆرى ئاسایشى، سیاسى و ئابوورییەوەیە زیاد لەوەى لە پەیوەندییەکى دوولایەنە لەگەڵ یاریزانێکى تایبەتدا بێت. ستراتیژى ڕووسیا لەم ناوچەیە لە سەرەتاوە لە سەر دروستکردنى هەماهەنگى و پەیوەندى لەگەڵ هەموو دەوڵەتەکاندا دامەزرابوو. بە هەمان شێوە کە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دەوڵەتێکى وەک ئێران کە بەرژەوەندییەکانى دژە لەگەڵ ئەمەریکا؛ بۆ مۆسکۆ گرنگە، بوونى پەیوەندیى نزیک لەگەڵ دەسەڵاتدارانى کۆنەپارێز و دۆستانى ئەمەریکا وەک ئالى سعود و ئیسڕائیلیش لە دەستوورى کارى ڕووسیادا بووە (Кожанов, 2016: 62-79). زياد لەوەش، ڕووسیا وەک هێزێکى جیهانى لە پرسە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ئاسایشى نێودەوڵەتیدا وەک پەیماننامەى ڕێگرى لە بڵاوبوونەوەى چەکە ناوەکییەکان؛ بەرژەوەندیى هاوبەشى لەگەڵ دەوڵەتانى ڕۆژئاوادا هەیە و بێجگە لە یەک ئاڕاستەیى لە بژاردە ماوە دیاریکراوەکاندا، نابێت هیچ چاوەڕوانییەکمان لە پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئەم دەوڵەتەدا هەبێت.
چینیش بۆ تێکنەچوونى ئاڕاستەى گەشەى ئابووریى، سیاسەتى دەرەوەى ئابووریى سەنتەرى خۆى بە باشتر لە ڕکابەرێتییە ئاسایشى و سیاسییەکان دەزانێت. ئێران نەک تەنیا لە ناوچەى جیۆپۆلەتیکى چیندا نییە، بەڵکوو چینییەکان بەرفراوانترین پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانى ناوچەکەدا هەیە و سیاسەتى پەراوێزخستنى ئێران لەم ساڵانەى دواییدا بە ئاڕاستەى بەرژەوەندییەکانى ئەوان بووە. لە ئەولەویەتە سەرەکییەکان و ئامانجە سیاسییەکانى دەرەوەى ئێران لەگەڵ ئەولەویەتە سیاسییەکانى دەرەوەى چین، هاوئاهەنگیى ستراتیژى نییە. ڕوونە کە پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات لە بۆشایی سیاسیدا ڕوو نادات و زۆرێک لە ڕکابەرە ناوچەییەکانى ئێران پەیوەندیى ئابوورى و کولتووریى بەرفراوانیان لەگەڵ چین هەیە و دابینکارى وزەى ئەو وڵاتەن و چینییەکانیش سەرمایەگوزارى فراوانیان لە ژێرخانەکانى ئەواندا هەیە. لەم ڕووەوە پەکین حەز ناکات تووشى قەیرانەکانى ڕۆژئاواى ئاسیا ببێت و هەر هەنگاوێک لە لاى تارانەوە کە ئاسایش و سەقامگیریى ناوچەکە تێک بدات، کاریگەریى نەرێنیى لە سەر پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات دەبێت (Ehteshami & Bahgat, 2019: 27-33).
نابێت هاوبەشیى چین، ڕووسیا و هیندستان لەگەڵ ئێران و دژایەتیى فشارە ئابوورى و سیاسییەکانى ئەمەریکا لە دژى ئێران بە هۆى خواستى ئەوان بۆ پێکهێنانى بەرەى دژەڕۆژئاوایى بزانرێت، بەڵکوو لە پاڵ ئامانجە ئابوورییەکان، دەرخستنى ئیرادەى ئەم وڵاتانە بۆ سەربەخۆ پیشاندانى خۆیان لە پانتایى نێودەوڵەتیدا و کێشە دروستکردن بۆ سیاسەتە تاکلایەنەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى دەتوانێت هۆکارێکى کەم تێچوو و تەنانەت سوودمەند بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجە بێت (Therme, 2019).
ب. ڕووکردنە تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات زیاد لەوەى بناغەیەک بێت بۆ دروستکردنى هەماهەنگى لە پەیوەندییەکانى ئێراندا، پشتبەستن بە هێزێکى ترە بۆ ڕزگاربوون لە مەترسییەکانى فشارەکانى هێزە ڕۆژئاواییەکان. ئەم متمانە و پشتبەستنە بە ڕۆژهەڵات لە سیاسەتى دەرەوەى ئێراندا بە هۆى گوێپێنەدانە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و تێگەیشتنى ناڕاستە لە هەلومەرجە دروستبووەکان و بووەتە هۆى ئەوەى کە سنوورى دروستکردنى هەماهەنگى لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نەمێنێت. بێگومان ڕەتکردنەوەى دەسەڵات چەمکێکى گشتییە و ناتوانرێ لە قۆناغێکدا کە وابەستەیى دوولایەنەى ئاڵۆز لە نێوان هەموو وڵاتاندا هەیە، ڕەتکردنەوەى دەسەڵات لەگەڵ نموونەیەکى تایبەت مەبەست بێت. لەو کاتەدا چین، هیندستان، ژاپۆن، مالیزىا و زۆرێک لە وڵاتانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى ئێران کە پەیوەندیى بەرفراوانیان لەگەڵ دەوڵەتانى ڕۆژئاوادا هەیە، بە ژێردەسەڵات و پەیوەست بە ئەوانەوە هەژمار دەکرێن (رومى، ١٣٩٩ الف: ٣١٧-٣١٨).
ج. لە کۆتاییدا ئەگەر ئامانج لە پەیوەندییەکان لەگەڵ چین، هیندستان و ڕووسیا ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەمەریکا و ڕزگاربوونە لە فشارەکانى دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان، بێگومان ئەم سیاسەتە لە ماوەیەکى درێژدا ناکارامە دەبێت و وەڵامدەرەوەى ئامانجە نیشتمانییەكانی ئێران نابێت. بە بنەماى جەختکردنەوە لە بەدەستهێنانى سیاسەتى ڕۆژهەڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ واقیعەکانى پانتایى کۆمارى ئیسلامیى ئێراندا گونجاو نییە. شوێنگەى هەستیار و جیۆپۆلەتیکیى ئێران کە ئەوى لە ڕێڕەوى «كریدور» و پەیوەندیى باکوور و باشوور و خاڵى بەیەکگەیاندنى ئاسیا و ئەورووپادا داناوە و هەروەها نزیكی لە یەدەگە نەوتی و گازییە گەورەکان بووەتە هۆى ئەوەى کە ئەم وڵاتە گرنگییەکى تایبەتى لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت. هەر چەندە بوونى شوێنگەى جیۆپۆلەتیک بە ئاڕاستەى دابینکردنى بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەتوانێت ڕۆڵێکى بونیادنەرانەى هەبێت، بەڵام ئەم شوێنگە جیۆپۆلەتیکە، سنوورداربوون و پابەندبوونییش بەسەر وڵاتەکەدا دەسەپێنێت بە لەبەرچاونەگرتنى، تەنانەت دەتوانێت بەهاکەى گۆڕینى حکومەتێک بێت لە لایەن هێزە جیهانییەکانەوە (میرفخرایى، ١٣٩٣: ٧٣). هەروەها کە لە ڕابردوودا شوێنگەى نایابى جوگرافیایى ئێران لە سیستمى نێودەوڵەتیدا زیاد لەوەى کە بۆ ئێران بووبێتە هۆى دروستکردنى هێز بۆى، زۆربەى کات بووەتە مەترسى بۆى.
٧. ئەنجام
لە چوارچێوەى تیۆرى واقیعگەرایى نوێدا، لایەنگرى بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” و ستراتیژى “تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات” لە سیاسەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێراندا شوێنکەوتەى بارودۆخ و پێگەى ڕێژەیى دەسەڵاتى ئێران لە سیستمى نێودەوڵەتیدا؛ ئاژاوەگێڕى و هاوسەنگیى هێزى ناوچەییە. لەم تیۆرەدا گوێ بە تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانى بڕیاردەرەکان و گرووپە نێونەتەوەییەکان نەدراوە و جەخت لە چۆنێتیى کاردانەوەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ لەمپەڕەکانى سیستمدار لە ئاستى نێودەوڵەتى و ناوچەییدا دەکاتەوە. پێکهاتەى سیستمى نێودەوڵەتى و هێزە گەورەکانى سەربەخۆیى، کارى ئێران و دەرفەتى سوودوەرگرتن لە تواناییەکانى لە سیستمى جیهانیدا ئاڕاستە پێ دەدات. سیستمى چەند جەمسەرى، سەرپشککردنى زیاتر بۆ یاریزانە ناوچەییەکانى وەک ئێران فەراهەم دەکات. بەم هۆیەوە کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە پێش ڕووخانى سۆڤیەت و کۆتاییهاتنى سیستمى دوو جەمسەرى لە ١٩٩١، ئازادییەکى زیاترى هەبوو بۆ پابەندى بە بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” تا دواى ئەو ساڵانەى کە ویلایەتە یەکگرتووەکان گۆڕا بۆ هێزى هەژموونى سیستمى نێودەوڵەتى.
ڕاڤەکردنى ڕادیکاڵى بنەماى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” لە دەیەى سەرەتاى شۆڕشدا هەندێکى ناچار کرد تا بانگەشەى ئەوە بکەن لەگەڵ سەربەخۆیى لە سیاسەتى دەرەوەدا، دوو جەمسەریى سیستمى جیهانى تێک دەشکێنێت و کۆمارى ئیسلامى زەمینەسازى ڕەوتى سێیەم لە سیستمى نێودەوڵەتیدا دەبێت. لە کاتێکدا خستنەڕووى گوتارێکى نەرێنى لە ڕێبازى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” بووە هۆى ئەوەى کە نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا پەیوەندیى بونیادنەرانەیان لەگەڵ ئێراندا نەبێت. دواى ڕووخانى سیستمى دوو جەمسەرییش، ئەزموون دەریخست کە تێڕوانینى ڕەهایانە بۆ ڕۆژهەڵات پرسێکى تێکشکاو بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانى ئێرانە. ئەگەر ڕۆژهەڵات وەک جێگرەوەى ڕۆژئاوا دابنێین، لە ماوەیەکى کەمدا لە بوارى بازرگانیدا وەڵامدەرەوەى پێویستییە ناوخۆییە ئێران دەبێت، بەڵام لە بابەتى پەرەپێدان و پێویستیى سەرمایەگوزارى و تەکنەلۆژیاى نوێ و چارەسەرى قەیرانە سیاسی و ئاسایشییەکان بە تەنهایی وەڵامدەرەوە نییە، چونکە زیاترین سزاکان و ململانێکانى ئێران چ لە پانتایى جیۆپۆلەتیک و چ لە پانتایى ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا لەگەڵ دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانى ئەوانە کە تەنها بە لێکنزیکبوونەوە لە ڕۆژهەڵات چارەسەر نابێت، هەروەها کە ڕووسیا و چین چەندەها جار لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان پەیڕەویی لە سزا نێودەوڵەتییەکان کردووە لە دژى ئێران. لەم ڕووەوە ئەگەر ئێران ئەم سیاسەتە بۆ دروستکردنى بەرەیەک لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا دابنێت، لە کرداردا لە ماوەیەکى درێژدا ناگاتە ئامانجەکانى خۆى، لە بەر ئەوەى کە بەرژەوەندیى ئەم وڵاتانە وا پێویست دەکات لەگەڵ هیچ وڵاتێک لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا هاوکاریى ستراتیژییان نەبێت. کەواتە هەر چەندە ڕۆژهەڵات لە سیستمى نێودەوڵەتیدا کاریگەرییەکى ڕوو بە گەشەکردنى هەبووە، بەڵام پرسە ناستراتیژییەکان وڵاتە تازەگەشەسەندووەکانى ڕۆژهەڵات بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا ئاڕاستە ناکات (متقى و کرمى، ١٣٩٧). هەروەها کە لەم ساڵانەى دواییدا زۆرێک لە کۆمپانیا چینى، هیندى و…؛ لە ترسى سزادانى وەزارەتى خەزێنەدارى ئەمەریکا لە سزا یەکلایەنەکانى ئەم وڵاتە بۆ سەر ئێران پەیڕەوییان کردووە.
بەهەرحاڵ، ئەگەر دوورکەوتنەوە لە ئامانجخوازی لە دونیاى سیاسەتدا ناچاری بێت، بەڵام نابێت لە شیکردنەوەى ئاشکرا و بێبەزەییانەى ڕاستییەکاندا لاوازى بنوێنین. سیاسەتى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات لە ڕوانگەى ڕووبەڕووبووەنەوە لەگەڵ هەڕەشەکان و ڕەفتارە دوژمنکارانەکانى ڕۆژئاوا و هەروەها سوودوەرگرتن لە سیاسەتى ناوخۆیى و ڕیزبوون لە بەرامبەر ڕۆژئاواگەرایان لەوانەیە سوودبەخش بێت، بەڵام لە درێژەماوەدا بۆ وڵاتێک بە تایبەتمەندیى سروشتی، مرۆيى و ئابووریىەكەی وەكو ئێران، لایەنگریى تەواو بۆ بەرەیەک ناتوانێت دابینکەرى پێویستییەکان و ئامانجە نیشتمانییەكەى ئێران بێت. هاوکات یەک ئاڕاستەیی ئاشکرا لەگەڵ هێزەکانى بێجگە لە ڕۆژئاوا دەرئەنجامى ناوخۆییشى دەبێت و لە بەر ئەوەى کە لە دروستکردنى هەماهەنگى و کەمکردنەوەى گرژى لە سیاسەتى دەرەوەدا و لە ئەنجامی ئەوەدا لە چارەسەرى قەیرانە ئابوورییەکانى وڵاتدا کاریگەر نەبووە بە لاوازکردنى چینى ناوەند -وەک ماتۆڕى گوێزەرەوەى کۆمەڵگا- و بووەتە هۆى گۆڕینیان بۆ چینى هەژار و دەستکورت. دەستکەوتى ئەم پێکهاتەیە کۆمەڵگایەکى دوو جەمسەرى پێکهاتوو لە دوو چینى دەوڵەمەند و هەژارە کە دەتوانێت گیرۆدەى گێژاوى پەشێویى کۆمەڵایەتى بێت. کەواتە لە جیهانى ئێستادا کە ئابوورى، سیاسەت و ئاسایش تێک ئاڵاوە، گەشەسەندن بەبێ پەیوەندیى ژیرانە و بونیادنەرانە لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئەگەری نییە. لەم ڕووەوە پەیوەندیى پایەدار لەگەڵ هەموو دەوڵەتە پێشکەوتووەکان دەبێت بەشێکى گرنگ لە ئەولەویەتەکانى سیاسەتى دەرەوەى ئێران بێت. فراوانکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا و چین بە پاراستنى سەربەخۆیى و دوورکەوتنەوە لە هەموو پەیوەستییەک، دژى سیاسەتى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” نییە، بە هەمان شێوە کە هەبوونى پەیوەندى لەگەڵ ڕۆژئاوا بە مەرجى هاتنەدیى بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و دوورکەوتنەوە لە وابەستەیى، لەگەڵ سیاسەتى “نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا” گونجاوە. لایەنە سیاسییەکانى ناوخۆیش لە جیاتیى دروستنەکردنى پەیوەندى لەگەڵ ئەم بەرە و ئەو بەرە، پێویستە جەخت لە پەیوەستنەبوون بە بێگانەکان بکەنەوە و سەرنجى ئەم پرسە بدەن کە تەنانەت ئەگەر ستراتیژى “تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵات” بە هەنگاوێکى بەرژەوەندیخوازانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فشارەکان و سزاکانى ڕۆژئاوا نەزانیین، گەشەکردنى ڕەگداکوتاوی وڵات لە سیستمى نێودەوڵەتیى ئێستادا لە گرەوى باشترکردنى پەیوەندییەکانى ئێران لەگەڵ هەموو هێزە جیهانییەکان لە چوارچێوەى بەرژەوەندیى نیشتمانیدایە.
ڕاگەیەنراوى نەبوونى ناکۆکیى بەرژەوەندییەکان
نووسەرەکان ڕایدەگەیەنن کە ناکۆکیى بەرژەوەندییەکان بوونى نییە و هەموو پرسە ئەخلاقییەکانى توێژینەوە کە دوورکەوتنەوە لە دزى ئەدەبى، بڵاوکردنەوە یان ناردنى یەک جارى وتار، دووبارەکردنەوەى توێژینەوەى کەسانى تر، دروستکردنى دەیتا و ساختەکردنى دەیتا، دروستکردنى سەرچاوە و ساختەکردنى سەرچاوە، ڕەزامەندیى بێئاگایانە بابەت و توێژینەوە لە سەر کراو، ڕەفتارى خراپ و… هتد؛ بە شێوەیەکى تەواو ڕەچاو کراوە.
سەرچاوەكان
- Adami، (2012، Spring) “Rahbor-e negāh b shargh dar siyāsat-e khārejī ye jomhouri-e eslāmī-ʼi Īrān (The Strategy toward East in the Foreign Policy of the Islamic Republic of Iran)،” Fasl’nāmeh-ye motāleāt-e siyāsī (Political Studies Quarterly) 2، 7: 97-126، Available at: http://ensani.ir/file/download/article/20120426161859-5099-44.pdf (Accessed 14 March 2022) [in Persian]
- Arghavani Pirsalami، (2016، March) Ravābet-e Īrān va chin dardoreh-ye Ahmadinezhad: siyāst-e negāh b shargh va tasirāt-e sākhtār (Iran-china Relations under Ahmadinejad: The Look to East Policy and Structural Implications)،” Fasl’nāmeh-ye motālë’āt ravābet-e bein’ol melal (International Relations Studies Quarterly) 8، 32: 9-41، Available at: https://jpq.ut.ac.ir/article_88358_0a9618c55468fdec36e6043b18 ca619.pdf (Accessed 4 June 2022). [in Persian]
- Barzegar، Kayhan; and Ali Adami. (2010، December) “Tahlili tārikhi dar siyāsat-e khārejī-ʼi jomhurī-ʼi eslāmī-ʼi Īrān: bā takid bar negāhb shargh va sāzemān-e hamkāri’hā-ye shānghāi (A Strategic Analysis of the Foreign Policy of the Islamic Republic of Iran، with an Emphasis on‘Look to the East’ and the Shanghai Cooperation Organization)،” Motāleāt-e siyāsi (Political Studies) 3، 9: 1-29. Available at: https://jourm.azadshahr.iau.ir/article_535373_6ad118286664e758e24448dfcf50188a.pdf (Accessed 23 July 2022). [in Persian]
- Basiri، Mohammadali; and Mokhtar Sheikh Husseini. (2012، Summer) Investigating Islamic Revolution of Iran based on Agency-Structure in the International Relations Theories،” Motāleāt-e enghelāb-e eslāmī (Journal of Islamic Revolution Studies) 9، 29: 161-188. Available at: http://enghelab.maaref.ac.ir/article-1-1331-fa.html (Accessed18 March 2022).
- Dehghani Firouzabadi، Seyyed Jalal. (2013) Siyāsat-e khārejī-ye jomhouri-e eslāmī-ʼi Īrān (Foreign Policy of the Islamic Republic of Iran). Tehran: Samt، 5th ed. [in Persian]
- ——— (2012، May) “No’vāgheh’garāi va siyāsat-e khārejī-ye jomhouri-e eslāmī-ʼi Īrān (Neorealism and Foreign Policy of the Islamic Republic of Iran)،” Fasl’nāmeh-ye siyāsat-e khārejī (Journal of Foreign Policy) 23، 1: 31-54. Available at: http://fp.ipisjournals.ir/ article_ 9333_ 2ab7796b82 27facebfc0facec5c693eb.pdf (Accessed 3 June 2022).
- Dehghani Firouzabadi، Seyyed Jalal; and Manocher Moradi. (2015، March) Āmrika va jomhouri-e eslāmī-ʼi Īrān va fedrāsiun-e rosiyeh (The United States and Iran-Russia Relations)،” Fasl’nāmeh-ʼi āsiyā-ʼi markazī va ghafghāz (Central Asia and the Caucasus Studies) 21، 89: 65-91. Politics Quarterly، Journal of the Faculty of Law and Political Science، 53 (1) 2023، Available at: http://ca.ipisjournals.ir/article_19758_642d43470c158 pdf (Accessed 23 June 2022). [in Persian]
- Ehteshami، (1999) Siyāsat-e khārejī-ye Īrān dar dorān-e sāzandegi (After Khomeini: The Iranian Second Republic)، trans. Ibrahim Mottaghi and Zohreh Postinchi. Tehran: Islamic Revolution Document Center. [in Persian]
- ——. (2022، February) “Asianisation of Asia: Chinese-Iranian Relations in Perspective،” Asian Affairs DOI: 10.1080/03068374.2022.2029037>
- Ehteshami، Anoushiravan; and Bahgat Gawdat. (2019) “Iran’s Asianisation Strategy،” in Annalisa Perteghella، Iran Looking East. An Alternative to the EU. Milan: Ledizioni Ledi Publishing. Available at: https://www.ispionline.it/sites/default/files/pubblicazioni/ispi_iran_looking_web.pdf#page=11 (Accessed 12 August 2022).
- Ekhtiyari، Reza; and Mahbobeh Salehi. (2018، Summer) “Payāmad’hā-ye siyāsi-eghtesadi-ye toseʿ-ye ravābet-e Īrān va chin dar chār’chob-e negāh b Shargh (Political-Economic Consequences of the Development of Iran-China Relations in the Framework of ‘Look to the East’)،” Motāleāt-e siyāsi (Political Studies) 10، 40: 102-63. Available at: https://jourm.azadshahr.iau.ir/article_663613_a612bc0003bfe4eafe96ff 763f 5bb065.pdf (Accessed 30 July 2022). [in Persian]
- Fan، (2022، February) “China–Iran Relations from the Perspective of Tehran’s Look East Approach،” Asian Affairs 53، 1: 51-67، DOI: 10.1080/03068374.2022.2029053>.
- Forough، (2020) “Iran and China: Ideational Nexus Across the Geography of the BRI،” in Azadeh Zamirirad، ed. Forced to Go East? Iran’s Foreign Policy Outlook and the Role of Russia، China، and India. Berlin: Stiftung Wissenschaft. Available at:https://www.swpberlin.org/publications/products/arbeitspapiere/Working_Paper_FG06_01 2020__Forced_to_Go_East_Zamirirad.pdf#page=38 (Accessed 6 September 2021.
- Haji Yousefi، Amir Mohammad. (2012) Chashm’andāz-e siyāsat-e khārejī ye Īrān: ta’āmol yā taghābol? (Perspective of Iran’s Foreign Policy: Interaction or Confrontation?)” in Mojtaba Maghsoodi and Gholamreza Haddad، Iran، Politics and Future Studies. Tehran: Markaz-e nashr-e dāneshgāhi. [in Persian]
- ——— (2003، Winter) “Nazarieh-ye waltz va siyāsat-e khārejī-ye Īrān: motāleʿh moghāyes’ī dorān-e jang-e sard va pasā’jang-e sard (Waltz’s Theory and Iran’s Foreign Policy: A Comparative Study of the Cold War and Post-Cold War Eras)،” Fasl’nāmeh-ye siyāsat-e khārejī (Journal of Foreign Policy) 16، 4: 1005-1030. Available at: http://ensani.ir/ file/download/article/20101206194 804-453.pdf (Accessed 18 March 2022). [in Persian]
- Hajilo، Mohammad Hossein. (2017، Spring) “Shekenandegi-ye hamkāri dar fazāye hezhemonik va negāh b shargh dar siyāsat-e khārejī-ʼi jomhurī-ʼi eslāmī-ʼi Īrān (The Fragility of Cooperation in the Hegemonic Space and ‘Look to the East’ in the Islamic Republic of Iran’s Foreign Policy)،” Rahyāft-e enghelāb-e Īslāmi (Islamic Revolution Approach) 11، 38: 88-69. Available at: https://www.rahyaftjournal.ir/ 160
- Heiran-Nia، (2022، May) “How Iran’s Interpretation of the World Order Affects its Foreign Policy،” Atlantic Council (atlanticcouncil.org). Available at:https://www.atlanticcouncil.org/ blogs/iransource/how-irans-interpretation-of-the-world-order-affectsits-foreign-policy (Accessed 30 July 2022).
- Hunter، Shirin T. (2010) Iran’s Foreign Policy in the Post –Soviet Era. Westport، CT and London، UK: Praeger. International Institute for Strategic Studies (IISS). (2018، November) “Iran’s Eastern Strategy،” Strategic Comments 8، 9: 9-24. Available at: https://www.iiss.org/publications/strategic-comments/2018/irans eastern-strategy (Accessed 30 July 2022).
- Кожанов، Николай (Kozhanov، Nikolai). (2016، May/June) “Перспективы российско-иранского регионального сотрудничества (Prospects for Russian-Iranian Regional Cooperation)،” Журнал ” Россия в глобальной политике. май/июнь (Journal of Russia in Global Affairs) 16، 3: 62-79. Available at: https://globalaffairs.ru/articles/brak-poraschetu/ (Accessed 9 July 2022). [in Russian]
- Kumaraswamy، Peter R. (2020) “Indo-Iranian Relations and the Role of External Actors،” in Azadeh Zamirirad، Forced to Go East? Iran’s Foreign Policy Outlook and the Role of Russia، China، and India. Berlin: Stiftung Wissenschaft. Available at: https://www.swpberlin.org/publications/products/arbeitspapiere/Working_Paper_FG06_01 2020__Forced_to _Go_East_Zamirirad.pdf#page=38 (Accessed 7 September 2021).
- Mirfakhrayi، Seeyd Hasan. (2014، Spring) “Siyāsat-e khārejī-ye dolat-e movaghat: az adam-e ta’ahod tā asl-e na sharghi، na gharbi (Provisional Government’s Foreign Policy: From Non–Alignment to ‘Neither West، Nor East’ Principle)،” Fasl’nāmeh-ye pajohesh’ha-ye rāhbordi-ye siyāsat (Strategic Policy Research Quarterly) 3б، 8: 61-81. Available at: https://qpss.atu.ac.ir/article_151_709557f0cf09d141e0ab2d3966582d05.pdf (Accessed 5 May 2022). [in Persian].
- Mottaghi، Ebrahim; and Jahangir Karmi. (2018، July 24) “Miz-e gerd: negāhb shargh (A Roundtable: The Look to the East Policy)،” Tasnim News Available at: https://www.tasnimnews.com/fa/news/1397/ 05/02/1783312 (Accessed 5 June 2022). [in Persian]
- Nawazani، (2005) “Tabini bar na sharghi، na gharbi (An Explanation of Neither East، nor West)،” Zamāneh Magazine 42-41: 7065. Available at: https://ensani.ir/fa/article/11657 (Accessed 30 July 2022). [in Persian] Ramezani، Ruhollah. (2015) Chār’chobi tahlili barā-ye barresi-ye siyāsat-e khārejī-ye jomhouri-e eslāmī-ʼi Īrān (An Analytical Framework for Evaluating the Foreign Policy of the Islamic Republic of Iran). Tehran: Ney، 9th ed. [in Persian]
- Roomi، (2020a) Vākāvi-ye siyāsat-e khārejī-ye jomhouri-e eslāmī-ʼi Īrān (Analyzing Foreign Policy of the Islamic Republic of Iran). Tehran: Narvan Danesh. [in Persian] Politics Quarterly، Journal of the Faculty of Law and Political Science، 53 (1) 2023 .
- ———. (2020b) Bāz’shenāsi-ye jāyegāh-e russieh dar siyāsat-e khārejī-ʼi jomhurī-ʼi eslāmī-ʼi Īrān (Identification of Russia’s Position in Foreign Policy of the Islamic Republic of Iran)،” Fasl’nāmeh-ye siyāsat Politics Quarterl.
- Saghafi Ameri، Nasser; and Afsaneh Ahadi. (2007) Īrān va siyāsat-e negāhb shargh (Iran and the Look to the East Policy). Tehran: Center for Strategic Research. [in Persian] Sajjadpour، Mohammad Kazem. (2004) Siyāsat-e khārejī-ye Īrān: chand goftār dar arseh’hā-ye nazari va amali (Iran’s Foreign Policy، Some Topics in Theoretical and Practical Area). Tehran: Institute for Political and International Studies. [in Persian]
- Saraswat، (2018، October) “Iran’s Look to the East Policy: Reconciling Foreign Policy Independence and Economic Integration،” Indian Council of World Affairs (icwa.in). Available at: https://www.icwa.in/show_content.php?lang=1&level=3&ls_id=4823&lid=2826 (Accessed 7 April 2022).
- Sayadi، Hadi; and Ardeshir Sanaei. (2017، December) (Geopolitical Factors Influencing The Change in Iran’s Foreign Policy Outlook from the West to the East with an Emphasis on Russia between 1991 and 2001)،” Fasl’nāmeh-ye motālë’āt ravābet-e bein’ol-melal (International Relations Studies Quarterly) 10، 39: 83-117. Available at: https://prb.ctb.iau.ir/article_535773_449c90c8ed187b5779c5eef7ac88d pdf?lang=en (Accessed 23 June 2022). [in Persian]
- Shafii، Nozar; and Zahra Sadeghi. (2010) “Gozineh’hā-ye Īrān dar ravābet-e khāreji bar asās-e siyāsat-e negāh b Shargh (Iran’s Options in Foreign Relations on the Basis of ‘Look East’ Policy)،” Rāhbord-e yās (Yas Strategy) 22: 337-309، Available at: https://ensani.ir/file/download/ article/20120504170519-9018-26.pdf (Accessed 30 July 2022).
- Soltaninejad، (2016، June) “Ravābet-e Īrān va hend: tahlili bar yek moshārekat-e strātegic-e nātamām (Iran and India: An Analysis of the Unfulfilled Strategic Partnership)،” Fasl’nāmeh-ye ravābet-e khārejī (Foreign Relations Quarterly Journal) 8، 2: 115-141، <DOI: 20.1001.1.20085419.1395.8.2.5.1>. [
- Therme، Clément. (2019، February 8) “Iran’s “Neither East، Nor West” Slogan Today،” Istituto per gli Studi di Politica Internazionale (ispionline.it). Available at: https://www.ispionline.it/it/pubblicazione/ irans-neither-east nor-west-slogan-today-22234 ،Accessed 7 July
[1] برجام: برنامە راهبردى جامع اقدام مشترى (Joint Comprehensive Plan of Action)، ڕێککەوتنى سەرتاسەریى کۆتایى ناوەکیى ڤیەننا یان ڕێککەوتنى ناوەکیى ئێران.
[2] Axis of Evil
[3] Iran Sanction Act (ISA)
[4] New (Emerging)Powers
[5] The Belt and Road Initiative (BRI)
[6] وەبیر دەهێنێتەوە کە پەیوەندییەکانى نێوان ڕۆژئاوا و ڕوسیا وەک یەکێک لە وڵاتە باسکراوەکان لە سیاسەتى تێڕوانین بۆ ڕۆژهەڵاتى ئێران لە ئێستادا لەسەر شەڕى ئۆکراین لە گرژیدایە.
[7] OPEC Plus