گۆڕانکاری و دابەشبوون لای ڕەوت و گرووپە ئیسلامییەکان
ئامادەكردنی: ئایینناسی
ههر له سەرەتای هاتنی ئیسلامەوە چەندین ڕەوت و قوتابخانەی سیاسی و فیکری سەریان هەڵداوه، ههندێكجار به شێوهیهكی ئاسایی پێكهوه ههڵیانكردووه و ههندێكجاریش ململانێ و بهریهكهوتنی توندی لێكهوتووەتهوه، تهوهری ئهمجارهی وهرزنامهی ئایینناسی قسهكردنه لهسهر هۆکاری سەرهەڵدانی ئهو گرووپ و ڕهوته ئایینیانه، یان هۆكاری ئەو گۆڕانکارییانه چین کە لای گرووپە ئایینییەکان و بە دیاریكراویش گرووپە ئیسلامییەکان ڕوودهدهن؟ لە ئێستادا ململانێ و ڕکابەری لە نێوان بەشێک لەو ڕەوتە ئایینییانەی کە بوونیان هەیە به ئاشكرا دهبینرێت، كوردستانیش وهكو كۆمهڵگهیهكی موسڵمان بهدهر نییه لهم ململانێ و ڕكابهرییه كه بهم دواییه به ئاشكرا له نێوان سهلهفی و ئهشعهرییهكاندا بهدی دهكرێت، ئهمانه و چهندین پرسیاری دیكه دهكرێنه بابهتی گفتوگۆی ئایینناسی به میوانداری توێژهران، یاسین تهها، خوێندكاری دكتۆرا له مێژووی ئایین و مهزههبهكان له كوردستان، حهسهن یاسین، توێژهر و شارهزای بواری ئیسلامی سیاسی.
سهرههڵدانی گرووپەكان لە مێژووی ئیسلامدا
سهرهتا یاسین تهها لهبارهی هۆكاری سهرههڵدانی ناكۆكی و ململانێی نێوان ڕهوت و گرووپه ئایینییهكان له سیاقه مێژووییهكهیدا دهڵێت: ئەوەی لە ئیسلامدا هەیە، به تایبهت ئهوهی پێی دەوترێت چاخی یەکەم، یان سەردەمی زێڕین بە گوزارشته ئیسلامییەکەی، هەموو ئەو شتانەی كە دەربارەی دین هاتوون بریتین لە شتە گشتییەكان، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ کۆمەڵگەی هاوەڵان، یان کۆمەڵگەی پێغەمبەر (د.خ) هەموو ئەو موشتومڕە کەلامیانەی ئێستا هەیە، بوونی نەبووە، بۆ نموونە ئێستا ئێمە دەبینین ئەوە گرووپی جەهەمییە، ئەوە ئەشعەرییە، ئەوە ئیبازییە، ئەوەی واقیفەیە، گرووپمان ههیه وەستاوە و حوكم لەسەر هیچ نادات، ئەم جۆره مشتومڕانە نەبوون، هەموو ئەو شتانەی كە هەیە بریتییە لە كۆی ئیسلام، لە هەموو کۆمەڵگەی هاوەڵان نابینیت كەس قسەی لەسەر سیفاتی خوا كردبێت، ئەمە ئیشكالێكە، وەكو خودی خۆی بۆ باس نەكراوە، ئەمە بووە بە بههانهیهك بەدەست هەندیك كە دەڵێن مادەم باس نەكراوە، باسكردنی زیادەیە، ئەمانە زیاتر ئەوانەن كە دەقگەران، ئەوەی كە پێی دەوترێت قوتابخانهی سەلەفی و حەنبەلی، بۆیە لە هیچ كۆمەڵگەیەكی سەحابەدا كێشە نەبووە، بۆ نموونە خوا جیهەت و شوێنی لە كوێیە، یان دابەزینی چۆنە، یان ڕوئیەی چۆنە، یان سیفاتی دەست و قاچ و ئەو شتانەی چۆنە، ئەوانەی كە بە ئایەتەكاندا هاتوون، ئەو سیفاتانەی كە هەن هاوەڵان چۆن تێیگەیشتوون، لەبەر ئەوە ئەوانەشی كە تەئویل دەكەن، بڕوایان بە تەئویلكردن و دۆزینەوەی مانا هەیە بۆی، یەکێک لەوانە (عیزی كوڕی عەبدولسەلام) باس لەوە دەکات کە هاوەڵانیش لە دڵی خۆیاندا تەئویلیان کردووە، بەڵام بۆ خەڵكیان باس نەکردووە، دەچنە ژیر باری ئەوەی كە ئەم خەڵکە گشتییە ئەم شتانەی نەكردووە، ئەم گرووپانە دروست نەبووبوون، یان ئەو شتەی کە پێی دەوترێت مشتومڕی كەلامی، یەکەمجار كە فیرقە دروست بوو لە ئیسلامدا لە مەسەلەی (قەدەر)ەوە دروست بووە، ئایا مروڤ موجبیرە، یان موسەیەرە؟ یەکەم کەسەکان کە قسەیان تێدا کردووه پێیانوتراوە قەدەرییەکان و لە فهرموودهدا ناویان هاتووە، فڵان و فڵان ئەوانە قەدەرییەن، قەدەرییەکانی ئومەتی ئیسلامن، بەڵام لە دواییدا کە فتوحات سهرههڵدهدات، دەچنە کۆمەڵگەی تازەوە، دێنە عێراقەوە، دەچنە شام و وڵاتی فارس، لەگەڵ فەلسەفە و دیدگا و بۆچوونی جیاواز بەریەك دەکەون، لەوێ ئەو بابەتانە خراونەتە ڕوو، بابەتی فەلسەفە و بابەتی عیلمی كەلام و مەسەلەی پرسیار و لێكدانهوهی هەموو شتێک دێتە پێشەوە، لەبەرئەوە لێرەدا ئەو دەقانەی كە هەبوون، دهتوانین بڵێین ئەو خواست و داخوازیانهیان پڕ نەکردەوە كە لەو شوێنانەدا بوون، بۆ نموونە لە هیندستان، وڵاتی فارس، بە تایبەت لە عێراق، کە گەورەترین قوتابخانەی ڕەئی لێ بوو، لە كوفە و لە بەغدا و لە شوینەكانی تر تێیدا درووستبووە، دوایی مشتومڕ و وەرگێڕانی فەلسەفەی یۆنانی بە فەرمانی خەلیفەکانی عەباسی، كۆمەڵێک پرسیار دروست کرد، پرسیارەکان دەربارەی ماهیەتی سیفاتی خوا، زانست، پێشخستنی عەقڵ و نەقڵ، ئەمانە بوونە سەرچاوە بۆ جیابوونەوەی چەندین گرووپ و دروستبوونی کۆمەڵیک گرووپی جیاواز، ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەكانی بەریەکكەوتنی شارستانییە، هۆكارێکی تریشی ئەوەیە لە كۆی تێگهیشتن ئهگهر بگەڕێیتەوە بۆ هەموو کۆمەڵگەی هاوەڵان و پێغەمبەر (د. خ.) هیچ وردبوونەوەیەك لەوانە نابینیت، ئەو پرسیارانە بە کراوەیی جێهێڵراون، ئیتر ئەمەش خۆی بووە کەرەستەیەك، ئایا جێهێڵراون بۆ ئەوەی خەڵکی تر دوایی تێڕامانیان تێدا بکات، یان جێهێڵراون لەبەرئەوەی پێویست نەبوون، ئهمه دوو هۆكاری سەرەكییە بۆ دروستبوونی فیرقەكان.
ململانێی سهلهفی و ئهشعهری
لهبارهی ململانێ و بەریەككەوتنی سهلهفی و ئهشعهری، یاسین تهها ئاماژه بهوه دهكات كه ڕیشهیهكی قوڵی مێژوویی هەیە و لە سەردەمەكانی پێشوودا زۆر تووندتر بووە، ئەمە کێشەیەکی بێ چارەسەریشە، بریتییە لە دوو میتۆدی جیاوازی بیرکردنەوە، ئەم دوو میتۆدە لە بازنەی ئیسلامدا دەسوڕینەوە، بەڵام هاوتەریب بە تەنیشت یەكدا دەڕۆن، ئەگەر بەریەکیش نەکەون لە هیچ شوێنێكدا یەكناگرنەوە، بریتییە لەوە تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە دەربارەی زۆر لە ئایەتەکانی قورئان، زۆر لە دەقەکانی فەرموودە، لەبەرئەوە میتۆدی بیرکردنەوە و تێڕوانینیان بۆ ئەو ئایەتانە جیاوازە، بەریەکكەوتن ڕوویداوە، ماوەێەکی زۆر ئەشعەریەكان لە بەغدا هەژموونیان هەبووە، ڕێبەرەكەی ئەبو حەسەنی ئەشعەری بوو. ماوەیەك دەرفەتێكی زێڕینی مێژووییان لە بەغدا بۆ ڕەخساوە، کە قوتابخانەی نیزامییە بەپێی مەنهەجی ئەشعەری كراوەتەوە، مەنهەجی ئەشعەری چییە؟ بریتییە لە مەنهەجێكی وەسەت لە نێوان ئەو كەسانەی بە تەواوی نكوڵی دەكەن لە سیفاتی خوا و ئەو کەسانەی زۆر ڕۆدەچن لە سەلماندنی وەکو ئەوەی کە هەیە، ئەمان هاتوون ڕێگایەكی ناوەندیان هەڵبژاردووە، حەوت سیفاتیان لە سیفاتەكانی خوا سەلماندووە، كە سیفەتی: (العلم، الارادة، الحیاة، السمع، البصر، … تاد)، دەڵێن خوا بەبی ئەوانە ناتوانێت خوایی بكات. سیفەتی زاتی پێ دەوترێت، ئەو سیفەتانەی كە خەبەرین، ئەوان ناویان ناوە (حادث)، دەڵین هەر شتێک بۆ نموونە جوڵە، دەست، قاچ، تووڕەبوون، پێكەنین، ئەو سیفەتانەی لە قورئاندان، ئەگەر خوا ئەمە بكات ئەوە سیفەتێكی حادیسە، گۆڕاوە، موتەغەیرە، خوا زۆر قەدیمە، زۆر سیفەتی قەدیمی هەیە، (كان الله ولا شئ قبله) خوا هەبوو، هیچ شتێک نەبووە لە پێش ئەوەوە، ئەگەر ئەمانەی هەبێ مانای وایە خواش تازە ئەم شتانەی پەیدا كردووە، لەبەرئەوە خوا زۆر پاكترە لەوەی ئەم سیفەتانەی هەبێ، بۆیە هیچی ناسەلمێنن، دووەم: پێیانوایە كە عەقڵ ڕۆڵێکی هەیە لە قبوڵكردنی دەقدا، سەلەفییەكان ئەوە ناسەلمێنن، كە ئیمامی ڕازی ئەوەی تەئسیل كردووە، كە بەڵێ لە هەر كاتێكدا عەقڵ و نەقڵ دژ وەستانەوە عەقڵ پێش دەخەین، ئەمە بە لای ئەوانەوە ڕهتكراوهیه، لە هەر كوێ دەق هات، ئیتر ئیجتیهاد نییە، تا دەقەکە هەبێت عەقڵ ئیش ناکات، بۆیە یەک ناگرنەوە.
لە دەرفەتە مێژووییەکاندا ئەوان دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساوە لە نیزامییەی بەغدا، هەر کەس ئەشعەری نەبوایە وانهی نەحو-یشیان پێ نەدەدا، هەموو مامۆستاکان مەرج بوو ئەشعەری، شافیعی و سۆفیش بن، قۆناغێك لە قۆناغهكان ئەم ڕهوته زاڵ بووە، ئەم قوتابخانهی نیزامییە لقی لە دە شاری گەورەی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا كراوەتەوە، خەڵك زۆر هاتوون لە كوردستان، بەسر، مەغری، لە هەر كویوە هاتوون، چوون بۆ نیزامییە، لەوێ مامۆستاكان ئەشعەری بوون، نیزامولمولك پارە و وەقفێكی بێشومار، خزمەتگوزارییەكی زۆری بۆ دابین كردوون، ئەمان دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە نوێنەرایەتی ئەهلی سوننە بكەن، ئەوەی پێی دەوترێت ئەهلی سوننە، لەگەڵ حەنبەلییەكاندا ئەوانەی كە سەلەفی بوون زۆر چوونەتە شەڕەوە، تەنانەت لە دەقی مێژووییدا هەیە، جاری وا هەبووە جومعە نەکراوە لە بەغدا لەبەر شەڕی ئەوان، لە ڕێوایەتدا هەیە كەسێك كوژراوە، خەیات بووە، بێلایهن بووە لە شەڕەكەدا، بۆ نموونە قۆناغ هەبووە ئەشعەرییەكان كەمپینیان كردووە، نامەیان ناردووە بۆ نیزامولمولك، كە حەنبەلییەکان كۆتایی پێ بهێنێت و هەڵیانوەشێنێتەوە. ئەو وتویەتی ناكرێ ئەمە، خۆ بە دەستی ئێمە نییە، لایەنگرێكی زۆری هەیە، لە دڵی خەڵكیدا چەسپیوە، ئەوە ئەحمەدی کوڕی حەنبەلە، یەكێكە لە چوار پایەی فیقهـ، ئەویش هەوڵیداوە لە ناوەڕاستدا بوەستێت. دواتر پهرهی سهندووه بۆ ناو كولتوور، ئەگەر هەر یەكێك لەمانە بگەڕێنەوە بۆ كولتووری خۆیان، بەریەککەوتنێکی زۆر دەبینی، بۆ نموونە ئیبن عەساکیر یەكێكە لەو مێژوونووسانەی ئەوەی داناوە کە پێی دەڵێن چینهكانی ئهشعهرییهكان، بە شان و باڵی زانا ئەشعەرییەکانی هەڵداوە، كەسێکی حەنبەلی هاتووە کتێبێكی داناوە پێچهوانهی کتێبەکەی ئیبن عەساکیرە، ئەویش چووە پۆلێنی ئەو زانایانهی کردووە بڕوایان بە ئەشعەری نییە، ئەوان پێیان وابوو هەموو جیهانی ئیسلامیی ئەشعەرییە، ئەوە فڵان و ئەوە نەوەوی، ئیبن حەجەر و هەموو ئەوانەی کە عەللامەن، كۆڵەكەن لە فیقهـ و لە ئوسول، جوەینییە، شیرازیە، غەزالیە، ڕازییە، ئەبوبەكری شاشییە، هەموو ئەوانەی كاتی خۆی بەناوبانگ بوون ئەشعەری بوون، هاتووە بۆ نموونە وتویەتی ئێمە نمایندهی هەموو سوننە دەكەین، ئەو هاتووە كتێبێكی داناوە، یان لیستێكی كردووە کە ئەمانە ئەشعەری نەبوون و دژی ئەشعەری بوون، بۆیە كولتوورهكهیان زۆر دژ بەیەكە، ئەمە ئهگهری ههیه لە هەر ساتهوهختێكدا بهریهكکهوتنیان نوێ ببێتهوه، ههر چهنده ماوەیەكە ئەوە لە بیری خەڵك چووەتەوە، لەم ماوەیەی دواییدا چەند ساڵە كۆنترۆڵی گوتاری ئایینی بە مانای سۆشیال میدیا و میدیا و گوتار تا ڕادەیەكی زۆر بە دەست سەلەفییەکانە، لەم ماوەی دواییدا هەندێك مامۆستای ئایینی لە هەولێر و لە ناوچهی خەلیفان و ئەوانە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو كولتووره، هەر دەقەیەك بگەڕێیتەوە پڕیهتی لە بەریەکكەوتن، پڕیەتی لە یەكتر تەكفیركردنیش.
بۆچی ململانێی ئەشعەری و سەلەفی له كوردستان و لهم كاتهدا؟
یاسین تهها، دهشلێت: ئەگەر لێكۆلینهوه بكەیت و بگەڕێیتەوە، ئەم شەڕە لە کوردستان دەکرێت، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمەدا بە گەرمی لە ناوەندی عەرەبیشدا هەیە، بۆ نموونە چەند کەسێک هەن، لەوانە (حسن السقاف)، یان ئەزهەرییەکان، ڕۆژانە وانه و پۆستی فەیسبووک و ڕوونکردنەوەیان ههیه، یان عەلی جومعە موفتی پێشووی میسر، ئەزهەر بە گشتی هەموویان ئەشعەرین، ئەوان زۆر گرنگی پێ دەدەن، بە تایبەت لەم مانگەی دواییدا ساردییەكی زۆر لە نێوان سعودیە و میسردا دروست بووە، تەنانەت لە نێوان سیسی و محەممەد بن سەلمانیشدا، چونكە پشتیوانی ناكات، سێ بۆ چوار ساڵیشە سعودیە هیچ پشتیوانییهكی میسری نەكردووە و پێیوایە وەبەرهێنان تێیدا هیچ ئەنجامی نییە، بۆیە بەردەوام لە نێوان ئەزهەر و حیجاز كە ناتوانی بڵێیت قوتابخانەیه، هەوڵدەدەن (قوتابخانهی سەلەفی) دایبمهزرێن و گەورەی بکەن، بەڵام بەراورد بە ئەزهەر زۆر تازەیە، ژێرخانیشی لاوازە، چونكە دوای ئەحمەدی كوڕی حەنبەل و بەربەهاری و ئەبووبەکری خەلال و گەورە سەلەفییەكانی تر، ئێمە سیمبولێکی تری سەلەفیمان نییە تا سەردەمی ئیبن تەیمیە، كە لە (728ك) كۆچی دوایی كردووە، كەلێنێکی گەورە لەو نێوانەدا هەیە، لە سەردەمی ئیبن تەیمیەشەوە، جهمسهرێكی سەلەفی، یاخود چالاکییەکی سەلەفی وامان نییە تا دەرکەوتنی محەممەد عەبدولوەهاب، بەڵام ئەشعەرییەکان وا نین، بۆ نموونە بە درێژایی مێژوو لە هەموو سەدە و سەردەمێكدا هەبوون، ئەگەر بەرەو مەغریب بچی ئەوە هەر هەموو ئەشعەرییە، ئیبن عەرەبی ئەندەلووسی و جووەین كە ئیمامی حەرەمەین بووە، غەزالی كە جهمسهرێكی زۆر گەورە بووە لە بەغدا، لە مێژوودا باس دەكرێت كە لە وەزیریش پێگە و ناوبانگی زیاتر بووە لە بەغدا، بۆ نموونە قوشەیری، واعیزێكی سوفی زۆر گەورە و بەناوبانگ بووە، بەیهەقی كە موحەدیسێكی زۆر گەورەیە، هەتا دەڵین مەزهەبی شافیعی فەزڵی بە سەر هەموو زاناكاندا هەیە بەسەر بەیهەقیدا نەبێت، بە پێچەوانەوە بۆ نموونە لە وەعز، سۆفیگەری، فەرموودە، هەموو زانستی ئوسوڵ، هیچ زانایهكی ئوسوڵی نابینی سەلەفی بێت، هەموویان ئەشعەریی بوون، ژێرخانێکی بەهێزیان هەیە، بەڵام سەلەفییەکان دابڕانی زۆریان هەیە، بۆیە نەیانتوانیوە پڕی بکەنەوە، هەروەها یەکێك لەو کێشانەی کە هەیانە مەسەلەی گوتاره (خطاب)، نە سۆفی و نە سەلەفیی ناتوانن شەرحی مەزهەبی خۆیان بکەن بەبێ ئەوەی هێرش نەكەنە سەر بەرامبەر، بۆ نموونە كاتێک هەر دوو لا قسە دەكەن، ئاوان، بیروباوەڕە بۆگەنەکانیان، عەقیدە مونحەریفەکانیان، خورافەتەكانیان. ئەمانیش بە هەماشێوە لە پەرچەکرداردا ئەوانە بێ دینن، خەواریجن، كافرن و … تاد.
لەبەر ئەوە چارەسەری ئەمە قورسە و ئاسان نییە، چارەسەرەکەی لەوەیە ڕاهێنان بكرێت لەسەر ئەوەی تۆ هەر بیر و بۆچوونێکت هەیە دەتوانی پهسهندی بکەی، گفتوگۆی بۆچوونی خۆت بكەی بەبێ ئەوەی بڵێی ئەوە (زالە)، ئەو (موزیلە)، ئەوە گومڕایە ئەوە بۆگەنە.
پێموایه ئهگهر گوێ لە هەر وتارێكی ئهم دوانه بگریت، ناتوانن یەك خولەک شەرح بكەن، یاخود ڕوونكردنەوە بدەن بەبێ ئەوەی هێرشی زۆر خراپ بكەنە سەر یەكتر، تۆمەتی زۆر خراپ بۆ یەكتر هەڵدەبەستن، لەبەر ئەوە تا بەم شێوازه و بەم جۆه قسە بكەن هەروا بەریەك دەكەون، بێگومان سیاسەت بە دووریش نییە لەوە، ئیتر نازانم ڕێکەوتە، یان ههرچییەكی تر، سەری ئەوان لە هەولێرە، سەلەفییەکان لە سلێمانین، لە جیهانی عەرەبیدا ئەشعەرییەکان لە میسرن، سەلەفییەکان لە سعودییەن، ئیخوانەکان لە قەتەر و تورکیان. بەدڵنیاییەوە بڵاوبوونەوە و گەرمبوونی ململانێكەش كاتی خۆی بە هۆکاری سیاسی بووە، لەبەرئەوەی سەلجوقییەكان تەبەنی ئەشعەرییەكانیان كردووە، چونكە سەلجوقییەكان لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون، هەموو كهسه دیارهكانی ئەشعەرییەكانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامین، زۆر بە دەگمەن بەغدایی ئەسڵیان تێدایە، گەورەترین پایەی ئەشعەرییەکان ئەبوئیسحاقی شیرازییە، كە مامۆستای یەكەمە، خەڵکی شیرازە، دواتر وەرە خوارەوە ڕازی، قوشەیری، بەیهەقی، نەیسابووری، هەموو ئەوانە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامین، لەبەرئەوە كاتی خۆشی سەلجوقییەکان تێکەڵییان هەبووە كە پهسهندی ئەوانەیان کردووە، بە پاڵپشتی ئەوان ناوبانگیان پەیدا کردووە، مینبەرەکانی دەوڵەت و پشتیوانی دەوڵەتیان بەكارهێناوە بۆ خۆبەهێزکردن، بۆ بڵاوکردنەوەی كتێبهكانیان، لە ئێستاشدا ئەزهەر خۆی دامهزراوهیهكی گەورەیە، تا ئێستاش بە هەزارەها خەڵك لە وڵاتانی دنیاوە ڕووی تێدەكەن، لەبەر ئەوە زۆر بە گەرمی پهسهندی ئەوە دەكەن، هەر دەقەیەك بەو میتۆدە قسە بكەن بەڵێ بەریەك دەكەون.
توندڕهوتر لهههناوی توندڕەودا
لە مێژووی هاوچەرخدا، بە دیاریكراویش دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، کۆمەڵێک گرووپی ئیسلامی سیاسی بانگخوازی سەریانهەڵدا، بەڵام دواتر ئەم گرووپانە، یان لە هەناوی ئەم گرووپانە گرووپی چەکداری و توندڕەو سەریانهەڵدا، یاخود هەمیشە لە ناو خودی گرووپە توندڕەوەکاندا گرووپی توندڕەوتر سەرهەڵدەدات، بۆ نموونە لە منداڵدانی قاعیدەدا، داعش سەرهەڵدەدات، لەوانەیە لە داعش گرووپێكی لەو توندڕەوتر سەرهەڵبدات.
کاتێک سەرنج لەو ئەزموونانە دەدەین، لە کوردستاندا هەندێک واقیعی تریشمان هەیە، بۆ نموونە لە هەناوی بزووتنەوەوە ئەنسارولئیسلام سەری هەڵداوە، بەڵام دواتر لە قۆناغێکی تردا هێزێکی چەکدار جیهادی وەکو کۆمەڵی ئیسلامی ئەو کات، وهرچهرخانێكی بە سەردا دێت و چەك دادەنێت و بەشداری پرۆسەی سیاسی دەکات و پیادهی هەموو کارە مەدەنییەکان دەكات، کە حزبێکی سیاسی دەیکات، تا دواتر گەیشتووە بەوەی وشەی ئیسلامیشیان لە حزبەکەیان کردووەتەوە، لهبارهی ئهم گۆڕانکارییانەوه حهسهن یاسین توێژهر دهڵێت: سەرەتای دروستبوونی گرووپ و ڕێكخراوی ئیسلامی سیاسی کە دەتوانن بڵێین ئیخوان موسلیمین دایکی هەموویانە، لە سەرەتادا حەسەن بەنا دروستی کردووە ڕێكخراوێکی سیاسی نهبووە، بۆ ماوەی دە ساڵ ڕێکخراوێکی بانگخوازی بووە، دواتر لە ساڵی 1938دا دەبێت بە حزبێکی سیاسی، كە دەشبێت بە حزبێكی سیاسیی هەر لە سهرهتاوه تا ئێستاش ئیخوان وەک حزبێکی میانڕەو وەسفی خۆیان کردووە، بەڵام ئەگەر بە وێستگەکانی ئیخواندا بچینەوە، هەر لە ناو ئیخواندا ڕێكخستنی تایبەت دروست بووە، کە چەكدار بوون، دەستیان وەشاندووە، سەرۆك وەزیرانییان کوشتووە، کەواتە لە ناو ئەو حزبە میانڕەوەشدا دیسان هەر گرووپی چەکداری بوونی هەبووە، بە بۆچوونی من کێشەی سهرهكی تێکەڵکردنی سیاسەت و دین لە قاڵبی حزبێکدا ئەمەی لێ دروست دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو بیر و باوەڕە دینییە دێنی تەوزیفی دەکەی بۆ ئامانجێکی سیاسی و توندڕەوی لێ دروست دەبێتەوە، كە توندرەوی لێ دروست بوو، توندڕەوی هەر ماوەیەك لە فیكردا بەردەوام دەبێت، دوایی دەبێت بە كردار. حەسەن بەنا خۆشی بوو بە قوربانی وەكو پهچهكردارێكی ئەو کۆمەڵە چەکدارییە، پاشان لە هەناوی ئیخواندا کە سەید قوتب هەڵدەکەوێت و بیر و باوەڕەکانی سەید قوتب بهتایبەتی لە (معالم فی الطریق)دا كە مەلا کرێکار بەناوی (مەشخەڵی ڕێ) کردوویەتی بە کوردی، لەوێ سەید قوتب تەکفیری دەوڵەت و کۆمەڵگە دەکات و قوتبیزم دروست دەبێت، لایانگرانی سەید قوتب، کە دروشمەکەیان و ئامانجی سەرەکیان ئەوەیە لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەبێت ئەم دینە بچەسپێت و جارێکی تر کۆمەڵگە بکرێتەوە بە موسڵمان، ئەمە لە ناو هەناوی بزوتنەوەیەکدا دروست دەبێتەوە کە خۆی بە میانڕەو دادەنێت، ئەگەرچی باڵی چەکداریشی هەبووە وەکو پێشتر باسمان کرد. بەڵام ئەمە درێژەی دەبێ، پەلوپۆ دەهاوێت بۆ وڵاتانی تریش، بۆ نموونە لە کوردستانی عێراقدا بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق هەر لە سەرەتاوە وەکو حزبێكی چەکدار دروست بووە، وەکو حزبێکی میانڕەو دروست نەبووە.
ههروهها ئاماژه بهوهش دهكات كه ئیخوان لە عێراقدا هەڵدەوەشێتەوە، لە کوردستان بە تەواوی هەڵناوەشێنەوە، بەردەوام دەبن لەسەر ئەڵقە ڕۆشنبیرییەكانیان، لەسەر كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینار لە نێوان خۆیاندا، لەناو خۆیاندا بڵاوکراوە و چالاکییان هەبووە، ئەگەر چی ڕەنگە چاپکراو نەبووبێت، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن کە لە هەناوی بزووتنەوە لەخۆڕا هێزێکی وەکو ئەنسارولئیسلام دورست نابێت، بەڵکو پێشینەی هەیە، پێشینەی ئەوەیە کە گرووپی تەوحیدییەکان لە هەولێر دروست دەبن، حەماس، هێزی دووی سۆران، مەركەزی دراسات، وابزانم یەكەمجار مەركەزەكە لە سۆران دروست بووە، چونكە مەكتەبی عەسكەریان لەوێ بوو، لەوێ فێرگەیان كردووەتەوە و هەموو ئەوانە پێشینەیەك بوون بۆ ئەوەی ئەنسارولئیسلام دروست بێت، ئینجا دوای ئەو شەڕەش کە لە نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی دروست بوو، بێگومان لە هەلومەرجی شەڕیدا ئەو کاردانەوانە توندتر و ڕەقتر و توندوتیژتر دەبن، بۆیە هەموو ئەو گرووپانە لە ئەنجامدا یەکیان گرت و ئەو هەوڵەش کە لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی درابوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕاپەڕین و بزووتنەوەی ئیسلامی یەکبگرن و بزووتنەوەی یەکبوون دروست بێت، كە بە ناکامی دروست بوو، کۆنگرەکەش سەری نەگرت، هەڵوەشانەوە و بوونەوە چەند پارچەیەک، هەموو ئەوانە وای کرد کە لە هەناوی ئەوانە هێزی دووی سۆران ئەوانەی تر كۆبكاتەوە و لە 1/9/2001دا (جند الاسلام) ڕابگەیەنێت.
سهبارهت به هۆكاری ئهو گۆرانكارییانه له جیهانی ئیسلامی كه ههندێکجار له ههناوی هێزێكی توندهڕهوهوه توندڕهوتر دروست دهبێ، حهسهن یاسین دهڵێت: وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا، لە ئەنجامی فیکری توندڕەویدا كە ماوهیهكی زۆر درێژە دەکێشێت، فكری توندڕەوی دەبێت بە کردار، كە دەبێت بە كردار بەرامبەر بە كێ؟ سهرنج بدە (جوندولئیسلام) لە ساتهوهختی یەکەمدا جیهادی ڕاگهیاندووه، لە بەیاننامەکەیدا دژی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا، داوای ڕووخاندنی دەکات بە هێزی چەکداری، ئەمە لە ئەنجامی چییە؟ بێگومان لە ئەنجامی ئەو فكرە توندڕەوییە كە لە نێوان ئەو كادیرانەی بزووتنەوەی ئیسلامیدا دهستاودهستی كردووه، دەبێت كرداری توندڕەوانەی لێدروست ببێت كە توندوتیژییە، لەناو بزووتنەوەشدا بەو شێوەیە جێگەی نەدەبووەوە، بزووتنەوەی یەکبوونیش، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئەنسارولئیسلام دروست ببێ.
لهبارهی ئەزموونی قاعیدەشهوه، كه له ههناویدا چەندین گرووپی توندڕەوتر سەریانهەڵداوە، حهسهن یاسین جهخت لهوه دهكاتهوه كه قاعیدە و داعش سیمایەكی زۆر سەرەکی جیایان دەکاتەوە، قاعیدە بڕوای بە جوگرافیایەكی دیاریکراو نییە، کە حوکمی تێدا بکات، بەڵام داعش وانییە، قاعیدە ڕێکخراوێکە بۆ بە جیهانیبوون ئیش دەکات، بەڵام داعش لە پانتاییەکی جوگرافییەوە دەیەوێت بەرەو فراوانتر بڕوات، بۆیە داعش كە ناوچەیەكیان دەستكەوت خیلافەتیان تێدا ڕاگهیاند، بەڵام قاعیدە لە ئەفغانستانیش بوون، بەڵام لێگەڕابوون تاڵیبان خۆیان حوکم بکەن، بەیعەتیشان بەو دابوو، بۆیە جیاوازییەکە لەوەدایە، ئەمان ڕووبەرێکی دیاریکراویان نەگرتبووە خۆیان، بەڵام داعش ڕووبەرێکی دیاریکراوی گرتە خۆی، بۆیە داعش کە بە هێزی چەکداری بەرەوڕووی بوونەوە، ڕووخاندیان، بەڵام وەکو فیکر و ئینتیما، وەكو لایەنە ڕێكخراوهییهكهش هەر ماون، خەڵکیشیان هەیە و ئێستاش مەترسییەكانیان هەر بەردەوامە. لایەنێکی دیکەی داعش ئەگەر دیقەت بدەی، لە عێراق و لە سووریا چالاکی و بەرفراوانی هەبوو، بەڵام داعش زیاتر ئینتیمای عێراقیبوونی هەبوو، ئهگهر سهرنج بدەن، زۆربەی هەرە زۆری سهركردهکانیان عێراقین، بەڵام قاعیدە غهیره عێراقی بوون.
كۆمەڵی ئیسلامی و یهكگرتوو
لهبارهی وهرچهخان و گۆڕانكاری لهناو كۆمهڵی ئیسلامی و یهكگرتوودا، حهسهن یاسین دهلێت: من پێم وا نییە کۆمەڵی ئیسلامی لە دهرهنجامی ناوخۆییان لە هێزێکی چەکدارییەوە گۆڕا بن بۆ هێزێک کە لە ناو پرۆسەی سیاسیدا بن و بووبن بە هێزێکی بێ چەک، سەرەتا كۆمهڵ پاش ئەوەی لەگەڵ لێدانی ئەنسارولئیسلام ئەوانیش لێیاندرا، ئەمە ناچاری کردن بگوازرێنهوه بۆ ناوچەی ڕانیە و لە چەک دابماڵرێن، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوان پێشووتر نەدەهاتنە ناو پرۆسەی سیاسیی، ماوەیەکی باش لە نێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی و لە نێوان ئەنسارولئیسلام شەڕ و پێکدادان هەبوو، كۆمەڵ کەوتبوونە نێوانیانهوه، ئهوان لە ناوچەکانی کۆمەڵەوە بە دڵی خۆیان دەهاتن لە ناوچهی یەکێتی دەستیان لە هێزی یەكێتی دەوەشاند و بەوێدا دەگەڕانەوە، بەڵام کۆمەڵ ڕێگەی نەدەدا یەکێتی لە ناوچهی نفوز و حوکمڕانی کۆمەڵەوە بچێت لە ئەنسارولئیسلام بدات، تەنانەت ئەوە بووە هۆی ئەوەی ئێران بکەوێتە بەینیانەوە و لە سلێمانی پاڵاس یەك زنجیرە کۆبوونەوەی بێ ئاکام لە بەینی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکێتی نیشتمانی كوردستان کرا، بە مەبەستی ئەوەی باوهڕ بە کۆمەڵ بهینن کە بێلایەن بێت، یان بوار بدات یەكێتی لەوێوە لە ئەنسارولئیسلام بدات و سەریشی نەگرت. بۆیه دواتر کۆمەڵ لە چەک داماڵران و بوون بە هێزێکی بێ چەک، ههڵبهته ئهوه وهرچهخانێكی زۆر باش و ئیجابی بوو، بەشداری پڕۆسەی سیاسییان کردووە، لە هەڵبژاردنەکان بەشدارییان کردووە، بوون بە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.
بهڵام لە ناو یەکگرتووی ئیسلامیدا ڕەوتێک هەبوو کە لەگەڵ ئەوە بوون پاشگری ئیسلامی لە یەكگرتووی ئیسلامی بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا سەری نەگرتووە، لە ناو یەکگرتووشدا گۆرانكاری زۆر ڕوویداوە، ئەگەر بیرتان بێت یەكەمجار یەكگرتووی ئیسلامی لە کوردستان بوو، دواتر بوو بە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، كە ئەم دووانه جیاوازی زۆرە لە ڕووی ئینتیماوە، کە دەڵێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان واتە حزبێك هەیە ناوی یەکگرتووە بۆ کوردستانە، بەڵام کە دەڵێی لە کوردستان، واتە فراوانتر دەڕوات، جا لە ناو یەکگرتووشدا ئەم گۆڕانكارییه ڕوویان داوە، گۆڕانکاری بووە، بەڵام هێشتا وەکو کۆمەڵ نەگەشتوونەتە ئەوەى ڕوونتر بگەنە ئەو باوهڕهی پێویستیان بە پاشگری ئیسلامی نەبێت.
سهلهفیهت باڵادهسته
سهبارهت به باڵادهستی گوتاری سهلهفی سهرهڕای پێشكهوتنهكانی جیهان، یاسین تهها دهڵێت: سەلەفی ناونیشانێكی بەرفراوانە بۆ کۆمەڵێک گرووپ، هەندێک لێكۆڵنیهوه هەیە، پۆلێنی تازەیە بۆ سهلهفیهت كه حەوت بەشن، سەلەفی تەقلیدی هەیە لە سعوودیە، کە سەلەفی بن باز و عوسەیمین، سەلەفییەك هەیە هی مەدخەلییەكانە و ئەوەی پێی دەوترێت محەممەد جامی لە ساڵی 1991 سەریهەڵداوە و زۆر نزیکە لە سوڵتانەوە، جۆرێکی تر هەیە لە سەلەفی وەک ئەوانەی کوەیت و جەماعەتی ئەنسار سوننەتی محەممەدی لە میسر و لەم دواییەدا حزبی نوور خەریک بوو بچێتە ئەو چوارچێوهیهوه، لە دەرەوەی ئەم سێ جۆرە، سەلەفی جیهادی نەزەری هەیە وەک محەمەد مەقدیسی و ئەبوحەمزەی میسری، سەلەفی جیهادی عەمەلی هەیە، تەیارێکی تر هەیە سەلەفییەكانی ناو ئیخوانە، وەک محەممەد سرور. لەبەر ئەوانە هەمیشە ناتوانی به دیاریكراوی بڵێی سەلەفی وایە، لەبەرئەوە تۆ كام جۆرە سەلەفیانەت مەبەستە، هەر لە کوردستان دوو جۆرە سەلەفیمان هەیە، هەیانە زۆر ناچێتە پێش، زۆر بڕوای بە كاری ڕیكخراوەیی و كاری میدیایی و ڕێكخستن و ئەوانە نییە، هەشە زۆر دەچێتە پێش، لەبەرئەوە دەبێت دیاری بكەیت كام جۆرە سەلەفیەت مەبەستە، خاڵێكی تر ئەوەیە حزبە ئیسلامییەكان لە زۆر شوێن لە ئەزموونی سیاسیدا و لە ئەزموونی حوكمڕانیشدا تاقیكراونەتەوە، زیاتر كەموكوڕیی و هەڵەكانیان دیارە، بەڵام سەلەفییەكان لەبەرئەوەی لە كوردستان بەشداری ئەزموونی سیاسییان نەكردووە، ڕۆڵی ئۆپۆزسیون دەبینن و هەمیشە دەتوانن بە دەنگی دلێر قسە بكەن، ئەوان ئەندام پەرلەمانیان نییە سەنگەری گواستبێتەوە، وەكو هەر ڕەوتیكی تری سیاسی كە ئەمە لە ناو هەموو حزبەكاندا هەیە، حزبە ئیسلامییەکان لەو ماوهیەی لە پەرلەمانی عێراق و كوردستان بەشداریان كردووە، ڕەخنە و سەرنجی زۆر لەسەر کار و کردەوەیان هەیە، زۆرێكیان هەر وازیان لە حزبەكانیان هێناوە، ئەمە جۆرێك لە ساردبوونەوە لە بنكەی ئیسلامییەکاندا دروست دەكات، بەڵام سەلەفییەكان ئەوەیان نییە، لە هەموو دونیا ئەم ماوهیه لە ناو ئەوروپاش گەڕانەوە بۆ ئوسوڵگەرایی و بۆ ڕەگوڕیشەیی زياتر بووە، تەنانەت لە ئیسرائیلیش.
خاڵێكی تر گوتاری سەلەفی زووتر دەگات بە خەڵكی دیندار، واته زووتر دەتوانێت بیگهیهنێت، بۆ نموونە ئەشعەرییەكان دەڵێن سیفات نە ئەوەیە و نە ئەمە نییە، ئەگەر بێیت گوتاری یەكگرتوو بۆ نموونە وەربگری، گوتارێكی دهستهبژێرییه و وا نییە بگاتە ئاستی جەماوەری، ئەو ئەزموونە سیاسییەشی كە هەیانە ڕۆژانە لە میدیاكاندا شت دەبینین، ڕەخنە دەبینین، سەلەفییەكان ئەوەیان نییە، ئاسانتر دەتوانن لەگەڵ خەڵكدا قسە بكەن، هەروەها ئینتیما بۆ سەلەفی هیچ لێكەوتەیەكی سیاسی نییە، دووچاری لێپێچینەوە نابیتەوە، لەبەرئەوە ڕهوتێك نییە كە تموحی سیاسی هەبێت، ڕهوتێك نییە بەشداری سیاسی هەبووبێت.
ژینگه كاریگهری ههیه
لهبارهی كاریگهری ژینگهی كۆمهڵایهتی و سیاسی لهسهر گۆڕانكاری لهناو ڕهوته ئیسلامییهكاندا، حهسهن یاسین ئاماژه بهوه دهكات كه مامۆستا عەلی باپیر لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی لە كوردستانی عێراقدا كە یەكەم هەڵبژاردن كرا، ئەو كاتە نامیلكەیەكی هەبوو (كوردستان لە نێوان ئیمان و پەرلەماندا)، ئەو كاتە لایەنگری چوونە پەرلەمان نەبوو، دوایی مامۆستا عەلی باپیر خۆی بوو بە ئەندامی پەرلەمان لە عێراقدا، بەردەوامیش بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە، بە دڵنیاییەوە ژینگه كاریگەری دەبێت، كە بووی بە حزبی هەڵبژاردن و حزبی دەنگدان، ئەگەر پێشووتر حزبی دهستهبژێر بوو بێت، لەمەودوا ناتوانێت حزبی دهستهبژێر بێت، كەواتە دەبێت ببێت بە حزبی جەماوەر، كە بوو بە حزبی جەماوەر كەواتە ئەو ژینگەیە كاریگەری هەیە لەوەی بەشێك لەو بیروباوەڕانەی كە پێشووتر هەیبووە لە خۆی دابماڵێ و لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا خۆی بگونجێنێت.
دهشڵێت: لهو ژینگەیەی كە هەژاری و ناعەدالەتییەكی گەورە هەیە، توندڕەوی زیاتر تێدا پهرهدهستێنێت، ئهگهر سهرنج بدهیت حزبێكی وهكو یەكگرتووی ئیسلامی كە هێڵه ئیخوانییەكەی گرت، حزبێكی شارییە، حزبێكە بە لای ئەوەدا نەچووە هەوڵ بدات گرووپی چەكداری دروست بكات، بەڵام بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق هەر لە سەرەتاوە وەكو گرووپێكی چەكداری دروست بووە و لە سەرەتاشەوە كەمتر سیمایەكی حزبێكی شاری پێوە دیار بووە.
لهبارهی هۆكاری دارایی لهسهر باڵادهستی گوتاری سهلهفییهكان، یاسین تهها ڕهتیدهكاتهوه ئهم هۆكاره كاریگهری ههبێت و دهڵێت: ئەگەر كوردستان بە تهوهر وەربگرین، لە دوای نەوەدەكانەوە وەزارەتەكانی ئەوقاف و یەكێتی زانایان و مینبەری مزگەوتەكان و حوجرەكان لهسهر ئهشعهرییهكان مهحسوبن، ئەگەر سەیر بكهین نزیكهی هەشتا و پێنج كەناڵ لە كوردستاندا هەیە، یەك كەناڵی سەلەفییەكانە، هەشتا و چواری تر، كۆمەڵ پەیام، سپێدە، كەناڵی بانگەواز، میحراب، خۆ ئەوانیش كەناڵی تریان هەیە، بۆ نموونە ئیسلامییەكان لە كوردستان زانكۆ، كۆلێج، وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەری ناحیەیاه وەرگرتووە، بەڵام سەلەفییەكان هیچیان نییە، هەرگیز لە لیستێكدا نایبینی سەلەفییەك خانەنشین بووبێت، یان دامهزراو بووبێت، جگە لەوانەی كە كارمەندن، گەورەترین پۆست كە سەلەفی وەریگرتبێت مەلای مزگەوتە، بەڵام ئیسلامییەكان ئەو فرسەتانەیان وەرگرت، بەڵام هەمیشە دەڵێن دهسهڵات پشتيوانی ئەوان دەكات، لە كاتێكدا ماوە هەبووە ئەمان خۆیان بەشێك بوون لە دهسهڵات، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت و پەرلەماندا بوون، بەراورد بكە، ئهگهر ئهوان كەناڵێكیان ههبووبێت، ئهمان دوو كەناڵیان ههبوو، لە هەموو مەڵبەندێک ئیزگەیەك هەیە، ئەوان ئەوانەیان نییە، پشتیوانییهكه چییە، خۆ ئەمان ڕابیتەشیان بەدەست بووە، خۆ جەمعیەی سەلامی خێریشیان بەدەست بووە، لە ڕووی خێرخوازییەوە توانیویانە زیاتر لە سەلەفییەكان خۆیان بە خەڵك بناسێنن. سۆفییەكانیش ئەم قسەیە دەكەن، ئێستا یەكێتی زانایان بە دەست كێوەیە؟ ئینجا سەلەفی و سۆفی لە مەسەلەی نزیكبوونەوە لە دەسەڵات هیچ فەرقێكیان نییە. هەموو ئیسلامی سوننی ئیقلیمی، ئەگەر حزبە حەرەكییەكانی لێدەركەیت هیچیان ئیشكالیان لەوە نییە تۆ لەگەڵ دهسهڵات بژیت، بەڵام ئەوەندە هەیە سەلەفییەكان بوێرترن لەوەی زیاتر ئەم قسەیە بكەن و ناویان لێناوە وەلی ئەمر و باسی دەكەن كە بە دڵی دەسەڵاتە، دەسەڵات ئەوەشی پێ خۆشە، بەڵام سۆفییەكان و ئەشعەرییەكان بە مومارەسە لە ناو دهسهڵاتدان، سەلەفییەكان چارەكێكی ئەمەشیان وەرنەگرتووە، بەڵام ئیتر بەردەوام ئەو قسەیە دەكرا، ئێمە وەكو لێكۆڵەر پشت بە داتا دەبەستین، ئەگەر بێین جەردەكان حساب بكەین، هیچ كاتێک سەلەفییەكان چارەكی ئیسلامییەكان، چارەكی سۆفییەكان لە دهسهڵات سوودمهند نەبوون.