• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 5, 2025

سانسۆرکردنی نوسین‌و بەرهەمەکانی دوو نوسەری گەورەی کورد

(دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت‌و مەولانازادە ڕەفعەت)

بەشی دووەم

د. سامان مستەفا ڕەشید

١. کورتەیەک لە بارەی ژیان‌و چالاکیی سیاسی، ئەدەبی‌و چاپەمەنی عەبدوڵڵا جەودەتەوە (١٨٦٩-١٩٣٢)

عەبدوڵڵا جەودەتی پزیشکی چاو، بیریار، شاعیر، نوسەر، وەرگێڕو یەکێک لە پێشڕەوانی تەوژمی ڕۆژئاوایگەرایی لە کۆتا سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، لە ساڵی (١٨٦٩ز) لە عەرەبگیری سەر بە مەعمورەتولعەزیز (ئێلازیغ) لەدایکبووە(١). ناوبراو کوڕی خێزانێکی کوردە، کە بە کوڕەکانی عومەر (Ömeroğulları) ناسراون(٢). عومەر وەسفی ئەفەندی؛ باوکی عەبدوڵڵا جەودەت، لە بەتالیۆنی یەکهەمی دیاربەکر کاتب بووە(٣). خوێندنی سەرەتایی لە لای باوکی‌و مامی، کە پێشنوێژ بووە، وەرگرتووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی لە هۆزات‌و عەرەبگیر لە قوتابخانەی ڕوشدیەی سەربازیی مەعمورەتولعەزیز تۆمارکراوە‌و وەرگیراوە، لە (٨)ی حوزەیرانی (١٨٨٥ز) لەم قوتابخانەیە دەرچووەو چووەتە ئامادەیی پزیشکیی سەربازیی کولەلی لە ئەستەنبوڵ، دوای ئەوەی ماوەی سێ ساڵیش لەم قوتابخانە خوێندوویەتی، توانیویەتی بە سەرکەوتوویی تەواویبکات، دواتر چووەتە فێرگەی پزیشکیی سەربازیی شاهانە (Mekteb-i Tıbbiye-i Askeriye-yi Şahane)(٤).

لەم سەروبەندەدا، عەبدوڵڵا جەودەت بە کاریگەربوون بە چەند شاعیرێکی جیاواز دەست بە شیعرنوسین دەکات، هەتا شیعرێکی پەسن‌و پیاهەڵدان (نەعت شەریف) بە باڵای پێغەمبەر (د. خ)، دەنوسێت. لە سەرەتای دەستکردنی بە خوێندن لە فێرگەی پزیشکیی سەربازیی شاهانە لە ئەستەنبوڵ، عەبدوڵڵا جەودەت هێشتا کەسێکی وابەستە بووە بە ئایینی ئیسلامەوە، بە پێی گوزارشتی هاوڕێکانی، ناوبراو لە ناو هاوڕێکانیدا وەک قوتابییەک، کە ئەرکە ئایینییەکانی بەجێگەیاندووە، ناسراوە(٥).

ئەگەرچی عەبدوڵڵا جەودەت بە هۆی کاریگەربوونی بە پەروەردەی ئایینیی خێزانەکەی وەک کەسێکی پەیوەست بە ئایینی ئیسلامەوە دێتە ئەستەنبوڵ، بەڵام لەبەرئەوەی لە ماوەی خوێندنی ناوبراو لە فێرگەی پزیشکیی سەربازیی شاهانە لە (١٨٨٩-١٨٩٤ز)، بیری ماتریاڵیزمی زانستیی فەڕەنسی‌و ئەڵمانی، ماتریاڵیزمی بایلۆژی، بیری داروینیزم‌و پۆزەتیڤیزم زۆر زاڵبووە بە سەر کەشی فێرگەکەدا، لە کۆتاییدا ناوبراویش کەوتووەتەژێر کاریگەریی تەوژمی فیکریی ماتریاڵیزمی بایلۆژییەوە. ئەوەی وایکردووە ئەم گۆڕانە فیکرییە لە عەبدوڵڵا جەودەتدا ڕوبدات، ئیبراهیم تەمۆی هاوپۆلی بووە. ئیبراهیم تەمۆ یەکێک بووە لە هاوپۆلەکانی عەبدوڵڵا جەودەت لە فێرگەی پزیشکی‌و دامەزرێنەری کۆمەڵەی “ئیتیحادی ئیسلام”و “کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی” بووە، بە جۆرێک ئیبراهیم تەمۆ چەند پەرتووکێکی لە بارەی کیمیا، بایلۆژی‌و سایکۆلۆژی داوە بە عەبدوڵڵا جەودەت، کە لەلایەن ماتریاڵیستە ئەوروپییەکانی لە نموونەی ئیسنارد (Isnard)و بۆشنەر (Büchner) نوسراون(٦).

لە ئاکامدا، عەبدوڵڵا جەودەت کاریگەردەبێت بە بیری ماتریاڵیزمی بایلۆژی‌و لە ساڵی (١٨٩٠ز) بەشێکی پەرتووکی ماددەو هێز (Kraft und Stoff)ی زانای ئەڵمانی؛ لودویگ بۆشنەر، کە تێیدا بیری ماتریاڵیزمی بایلۆژی بە زمانێکی سادەی وەها، کە خەڵکی ئاسایی بتوانێت لێیتێبگات، خستبووەڕوو. لە ئەوروپا بووبووە جێگەی سەرنجی زۆرێک لە خەڵکی، بە ناوی (Fizyolociya-i Tefekkür) بۆ زمانی تورکی وەرگێڕدراوە(٧).

ئیدی لێرە بە دواوە، عەبدوڵڵا جەودەت زیاتر دەکەوێتەژێر کاریگەریی ئەم تەوژمە فیکرییەوە. یەکێکی تر لەو کتێبانەی کاریگەرییەکی زۆری لە سەر بیری ناوبراو داناوە، کتێبی (Spiritualisme et Matérialisme)ی نوسەر (Félix Isnard) بووە، کە دیارترین تایبەتمەندیی ئەم دانراوە بریتی بووە لەوەی کە ئایینی وەکو ئاستەنگێک لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە بینیوە. لەوەیش زیاتر، عەبدوڵڵا جەودەت کەوتووەتەژێر کاریگەریی هەریەکە لە (Karl Vogt, Ernest Haeckel ve Spencer). هەر لە ژێر کاریگەریی بیری ماتریالیزمی بایلۆژیدا، ناوبراو کتێبەکانی دەماغ (Dimâğ)، فیزیۆلۆجیاو پاراستنی تەندروستیی دەماغ (Fizyolociya ve Hıfz-ı Sıhhat-i Dimâğ)و توانا عەقڵییەکان (Melekât-ı Akliyye)ی بڵاوکردووەتەوە، ئەم پەرتووکانە تیشکیاندەخستەسەر بیری ماتریاڵیزمی بایلۆژی‌و ئەرکەکانی مێشک، کە لەو سەردەمەدا تەوژمێکی فیکریی باو بوون. عەبدوڵڵا جەودەت لە سەر هەمان بابەت لە هەریەکە لە گۆڤارەکانی (Maârif, Musavver Cihan ve Resimli Kitap)دا بابەتی نوسیوە(٨).

ئەو گۆڕانکارییانەی لە بیری ئایینیی عەبدوڵڵا جەودەتدا ڕویاندا لە فێرگەی پزیشکیی سەربازی، وایانکردووە گۆڕانکاریی گەورە لە بیرکردنەوەی سیاسییشیدا بێتەکایەوە. عەبدوڵڵا جەودەت لەگەڵ هەریەکە لە ئیبراهیم تەمۆ، ئیسحاق سکوتی، حوسەینیزادە عەلی‌و محەمەد ڕەشیددا لە ساڵی (١٨٨٩ز) کۆمەڵەیەکیان بە ناوی ئیتیحادی عوسمانیە (İttihad-ı Osmani Cemiyeti)وە لە دژی حکومەتی ئۆتۆکراتیی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دامەزراند. دوای چەند ساڵێکی کەم ئەم کۆمەڵەیە بوو بە کۆمەڵەی “ئیتیحادو تەرەقی”. کۆمەڵەکە سەرەتا هیچ بەرنامەیەکی سیاسیی نەبوو، بەڵکو ئامانجیان پەروەردەکردنی مسوڵمانان بوو بە بیرۆکەی لیبراڵی‌و کولتووری ڕۆژئاوایی. کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەکە لە ژوورەکەی عەبدوڵڵا جەودەتدا کراون. لەوەیش زیاتر، بەرنامەو مانیفێستی کۆمەڵەکە لەلایەن خودی عەبدوڵڵا جەودەتەوە نوسراوە، ئەمەیش دەکرێت بەڵگەیەکی ڕوون بێت لە سەر ڕۆڵ‌و پێگەی گرنگی عەبدوڵڵا جەودەت لە کۆمەڵەکەدا. هەر ئەمەیش وایکردووە ناوبراو بە هۆی ئەو چالاکییە سیاسییانەیەوە چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی فێرگەکەیەوە دەستبەسەرکراوەو خراوەتە زیندانەوە لە فێرگەکەدا، عەبدوڵڵا جەودەت لە ساڵی (١٨٩٤ز)دا ئەو فێرگەیەی تەواوکردووە. دواتر بووە بە پێشڕەوی بەرگریکاران لە ئازادی لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا(٩).

عەبدوڵڵا جەودەت، لە پاڵ چالاکییە فیکری‌و سیاسییەکانیدا، دەستبەرداری ئەدەبیاتیش نەبووبوو، لە بواری شیعرو ئەدەبیاتدا ئەسپی خۆی تاوداوەو چەندین بەرهەمی ئەدەبیی پێشکەشی کتێبخانەی عوسمانی کردووە. بە جۆرێک عەبدوڵڵا جەدەت، دوای ناسینی عەبدولحەق حامیدو بە هاندانی ناوبراو بۆ یەکهەمین جار لە ساڵی (١٨٩٠ز) شیعرەکانی لە کتێبێکی بچووکدا بە ناوی “هیچ”ەوە بڵاوکردووەتەوە، لە هەمان ساڵدا (تربە معصومیت)ی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی (١٨٩١ز) دیوانی (طلوعات)و (رمضان باغچلری)ی بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی (١٨٩٤ز) (معصومیت)ی بڵاوکردووەتەوە. عەبدوڵڵا جەودەت لەم بەرهەمانەیدا لە ژێر کاریگەریی هەریەکە لە نامیق کەمال، ڕەجایزادە ئەکرەم، عەبدولحەق حامیدو خالید زیادا بووە، هەروەها مەنەمەنلیزادە تاهیر ڕۆڵی لە تێگەیشتنی عەبدوڵڵا جەودەتدا بۆ ئەدەب هەبووە. لە سەر ئاستی ئەدەبیاتی جیهانییش عەبدوڵڵا جەودەت کاریگەر بووە بە هەریەکە لە ئەندریە چێنیر (Andre chenier)، موسێ (Musset)، لامارتین (Lamatine)و فرانچیوس چوپێ (François Coppee)، لە ئەدەبیاتی ئێرانییشدا کاریگەر بووە بە خەیام، لە ئەدەبی ئینگلیزییشدا کاریگەر بووە بە شکسپیرو بایرۆن(١٠).

عەبدوڵڵا جەودەت دوای تەواوکردنی فێرگەی پزیشکیی سەربازیی شاهانە لە ساڵی (١٨٩٤ز)، وەکو یاریدەدەری دکتۆر دیران عەجەمیان لە خەستەخانەی حەیدەرپاشا بە ناونیشانی یاریدەدەری پزیشکیی چاو دامەزرا. لە مانگی تشرینی دوهەمی ساڵی (١٨٩٤ز) بە ئەرکێکی کاتی‌و بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی کولێرا بۆ دیاربەکر نێردرا. لەوێدا لە پاڵ بەجێهێنانی ئەرکەکەی، کاری بۆ زیادکردنی ئەندامانی کۆمەڵەی ئیتیحادی عوسمانی کردووەو توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر ئەندام بۆ کۆمەڵەکە زیادبکات، لە ناویشیاندا زیا گۆگئاڵپ. هەر لەو ماوەیەدا کتێبی (Natur und Geist)ی بۆشنەری لە ژێر ناونیشانی (Goril) لە ساڵی (١٨٩٤ز) بڵاوکردووەتەوە(١١).

 لە کاتی گەڕانەوەی عەبدوڵڵا جەودەتدا بۆ ئەستەنبوڵ، باردۆخی سیاسیی ئەو شارە بە هۆی ڕوداوی ئەرمەنییەکانەوە زۆر گرژو ئاڵۆز بووە، دوای ئەو ڕوداوانە عەبدوڵڵا جەودەتیش دەستی بە نوسینی بڵاوکراوەو بەیاننامە کردووە. چالاکییەکانی ناوبراو لەم ماوەیەدا سەرنجی دەوڵەت بۆ خۆی ڕادەکێشێت‌و بە مەبەستی دوورخستنەوەی لە ئەستەنبوڵ بە پزیشکی بەتالیۆنی یەدەگی (ئادەپازاڕ) دادەمەزرێنرێت، بە هۆی نەچوونی بۆ سەر ئەو ئەرکەی‌و لێپێچینەوەکردن لەگەڵیدا لە سەر بەیاننامەکانی بە (ارباب فساد) تاوانباردەکرێت‌و لەگەڵ سیودوو هاوڕێیدا دەستبەسەردەکرێت(١٢).

عەبدوڵڵا جەودەت لە ساڵی (١٨٩٥ز) تەوقیفکراوە، پاشان لەگەڵ ژمارەیەک دەستبەسەری تردا بۆ تەرابلوسی غەرب (لیبیا) دوورخراوەتەوە. ناوبراو لە نەخۆشخانەی سەربازی لە تەرابلوسی غەرب بە دکتۆری چاو دامەزراوە. لە تەرابلوسی غەربیشدا وەک ئەندامی ئیتیحادو تەرەقی بەردەوامبووە لە کارکردن، عەبدوڵڵا جەودەت لە ساڵی (١٨٩٧ز) لە تەرابلوسی غەربەوە بۆ تونس‌و لەوێیشەوە بۆ فەڕەنسا هەڵهاتووە. لە جنێڤ لەگەڵ هەریەکە لە ئیسحاق سکوتی‌و تونەلی حیلمیدا پێکەوە گۆڤارێکیان بە ناوی عوسمانلی (Osmanlı) دەرکردووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ناوبراو لەو ماوەیەیشدا چەند بەرهەمێکی تری بڵاوکردووەتەوە، لە نموونەی (فنون‌و فلسفە – Fünun ve felsefe) لە (١٨٩٧ز)، بڕێک لە شیعرەکانی کۆکردووەتەوە بە ناوی (قهریات – Kahriyat)، کتێبی شیعری (ایکی امل – İki Emel) لە ساڵی (١٨٩٨ز)دا، لە ساڵی (١٨٩٦ز) (Guillaume Tell)ی لە شیعری شیلەری وەرگێڕاوە، لە ساڵی (١٨٩٧ز) کتێبی (Della Tiranni)ی ئەلفرێدی بە ناوی (استبداد)ەوە وەرگێڕاوە، لە ساڵی (١٨٩٨ز) مەنزومێکی شکسپیری بە ناوی ئۆدێ (Ode)وە وەرگێڕاوەو پاشان بڵاویکردووەتەوە(١٣). لەگەڵ ئەوانەیشدا، عەبدوڵڵا جەودەت نوسینەکانی بە ناوی “کوردێک”ەوە لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی وەک (قانون اساسی) کە لە میسر، (صدای ملت) کە لە ڕۆمانیاو ڕۆژنامەی (کردستان) کە لە جنێڤ‌و لەندەن دەردەچوون، بڵاودەکردەوە(١٤).

یەکێکی تر لە پڕۆژە ڕۆژنامەوانی‌و فیکرییەکانی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت بریتی بووە لە دەرکردنی گۆڤاری (اجتهاد) وەک گۆڤارێکی زانستی، سیاسی‌و ئەدەبی. یەكێک بووە لە درێژترین پڕۆژە ڕۆژنامەوانییەکانی، کە لە ئەیلوولی (١٩٠٤) هەتا کانوونی یەکهەمی (١٩٣٢) بەردەوامبووە. ئەم گۆڤارە بە کۆیگشتی لەو ماوەیەدا (٣٥٨) ژمارەی لێدەرکردووە، بە زمانەکانی تورکی‌و فەڕەنسی بابەتی تێدا بڵاوکراوەتەوە. لە سەرەتا گۆڤارێکی مانگانە بووە، دواتر بووە بە پازدە ڕۆژ جارێک. لە ژمارە پەنجاوە بووە بە هەفتانە، دیسانەوە لە ژمارە (١٧٦-٢٦٥) بووەتەوە بە پازدە ڕۆژ جارێک، واتە ماوەی بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە لە نێوان پازدە ڕۆژ جارێک بۆ هەفتانە لە گۆڕاندا بووە. ژمارە (١-٩) لە جنێڤ، دواتر (١٠-٢٣) لە قاهیرە، ژمارە (٢٤-٣٥٨) لە ئەستەنبوڵ چاپ‌و بڵاوکراوەتەوە(١٥).

Figure 1 بەرگی گۆڤاری (اجتهاد)

Figure 2 بەرگی گۆڤاری (اجتهاد)

٢. سانسۆرکردنی بڵاوکراوەو بەرهەمەکانی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت

دوای گەڕان‌و پشکنینی ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی، وادەردەکەوێت چەند دانراوو بەرهەمێکی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت سانسۆرکراوە، بە بڕیاری فەرمیی دەوڵەتی عوسمانی هێنانەناوەوەی بۆ ناو قەڵەمڕەویی دەوڵەتەکە قەدەغەو یاساغکراوە. دیارترین ئەو بەرهەمانەی بریتی بوون لە (اجتهاد، قهریات‌و تاریخ اسلامیت). هەوڵدەدەین لەبەر ڕۆشنایی زانیاریی ناو بەڵگەنامە فەرمییەکان، بە کورتی لە بارەی چۆنیەتیی سانسۆرکردنی ئەم بەرهەمانەوە بوەستین.

ا. قەدەغەکردنی نامیلکەی (اجتهاد) لە ساڵی (١٩٠٤ز)

        یەکێک لەو بەرهەمانەی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت کە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە سانسۆرکراوە، ئەو نامیلکەیە بووە، کە مانگی جارێک یەک نوسخەی بە تورکی‌و فەڕەنسی لە ژێر ناوی (اجتهاد)دا لە شاری جنێف لە سویسرا بڵاوکردووەتەوە.

 بە پێی نوسراوێکی فەرمیی وەزارەتی پۆستەو تەلەگرافی دەوڵەتی عوسمانی، کە بە واژۆی وەزیری تەلەگراف، بە ژمارە (٤٥٠) لە ڕێکەوتی (٢٩)ی ئەیلوولی (١٩٠٤ز) بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، تێیدا هاتووە، کە نامیلکەی (اجتهاد)، کە مانگی جارێک بە زمانی تورکی‌و فەڕەنسی لە جێنف لەلایەن دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەتەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەم جارە لە نوسخەی ژمارە یەکیدا دەرکەوتووە، لە چاپکراوە زیانبەخشەکانە، بۆیە وەزارەتی تەلەگراف گشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆستەی ئاگادارکردووەتەوە، کە ڕێگە بە پۆستکردنی نەدرێت (واتا نەهێڵرێت بێتەناو دەوڵەتی عوسمانییەوە)(١٦). شایەنی باسە، لە ڕێکەوتی یەکی تشرینی یەکهەمی (١٩٠٤ز) فەرمانی سوڵتانی بە نوسراوی ژمارە (٥٢٢٧)ی دائیرەی باش_کاتب‌و بە واژۆی تەحسین پاشای (سرکاتب حضرت شهریاری/ قەڵەمی تایبەتی سوڵتان) بۆ قەدەغەکردنی هێنانەناوەوەی نامیلکەی (اجتهاد)ی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت بۆ ناو مەملەکەتی عوسمانی دەرچووە(١٧).

دواتر لە ڕۆژی (٢)ی تشرینی یەکهەمی (١٩٠٤ز) لەلایەن دائیرەی کاروباری ناوخۆوە لە سەرۆکایەتیی حکومەت (سەدارەت)، بە پشتبەستن بە فەرمانی سوڵتانی، فەرمانی قەدەغەکردنی نامیلکەی (اجتهاد)ی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت بۆ هەریەکە لە “وەزارەتەکانی دەرەوە، مەعاریف‌و دائیرەی چاپکراوە ناوخۆییەکان‌و دائیرەی ڕسومات” گشتێنراوە، داوایلێکردوون لە بارەی فەرمانی قەدەغەکردنەکەوە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر(١٨).

Figure 3  فەرمانی سوڵتانی بۆ قەدەغەکردنی نامیلکەی (اجتهاد)ی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت، کە لە جنێف بە تورکی‌و فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە.

ب. قەدەغەکردنی هێنانەناوەوەی کتێبی (قهریات)ی عەبدوڵڵا جەودەت

قەهریات بریتی بووە لە کۆکراوەی ژمارەیەک لە شیعرەکانی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت، کە لە ساڵی (١٨٩٧ز) چاپ‌و بڵاویکردووەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی ناو نوسراوێکی فەرمی، کە واژۆی وەزیری ناوخۆی لە سەرە، بە ژمارە (٢٤) لە دائیرەی کاروباری ناوخۆی بابی عالییەوە لە ڕێکەوتی (٢٣)ی نیسانی (١٩٠٨ز) بۆ وەزارەتی مەعاریف نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە کتێبی قەهریات، کە گوایە نامیلکەیەکی هۆنراوە (مەنزوم)ی تورکیی کەسێکە بە ناوی عەبدوڵڵا جەودەت‌و لە ڕێگەی پۆستەوە لە میسرەوە هێنراوەتەناو دەوڵەتی عوسمانییەوە، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لە نوسخەیەکی کراوە، دەرکەوتووە، کە ئەم وڕێنەنامە (هذیاننامە)یە، بڕیاری قەدەغەکردنی یەکجارەکی‌و بردنی ئەو نامیلکە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی‌و بڵاوکردنەوەی تێیدا بە وەزارەتی تەلەگراف ڕاگەیەنراوە، داوا لە وەزارەتی مەعاریفیش کراوە، کە کاری پێویست لەو بارەیەوە بکەن(١٩). کەواتە بە پێی ئەم نوسراوە فەرمییە، هەم کتێبەکە بە (هذیاننامە) دراوەتەقەڵەم، هەمیش بە شێویەکی یەکجارەکی بردنی بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی‌و بڵاوکردنەوە تێیدا قەدەغەکراوە.

ج. قەدەغەکردنی کتێبی (تاریخ اسلامیت)، کە لەلایەن دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەتەوە وەرگێڕدراوە

ئەم پەرتووکە لە بنەڕەتدا، لەلایەن نوسەری دانیمارکیی دۆزی (Reinhardt Dozy)ی لە ژێر ناوی (Essai sur l’Histoire de l’Islamisme) لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا نوسراوە، بۆ یەکهەمین جار لەلایەن دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەتەوە بۆ زمانی عوسمانی وەرگێڕدراوەو لە ژێر ناونیشانی (Tarih-i İslamiyet) بە دوو بەرگ‌و لە ساڵی (١٩٠٨) لە چاپخانەی (اجتهاد) لە وڵاتی میسر چاپ‌و بڵاوکراوەتەوە. بە هۆی ئەوەی نوسەری ئەم کتێبە، بە شێوەیەکی توند ڕەخنەی لە پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) گرتووە، بڵاوکردنەوەی هەڵچوونێکی وەها گەورەی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی عوسمانیدا دروستکردووە، کە دکتۆر شوکرو هانیئۆغلۆ (Dr.Şükrü Hanioğlu) پێیوابێت، کە ئەو کاردانەوەیەی لە دژی کتێبی (تاریخ اسلامیت)دا نیشاندراوە، هەتا ئەو سەردەمە لە ناو ڕایگشتیی عوسمانیدا وێنەی نەبووە(٢٠).

ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئەم کتێبە فۆڕمێکی جددییان وەرگرتووە، لەلایەن کەسایەتی‌و دامەزراوەکانی دەوڵەتییەوە سکاڵا لە دژی ئەم کتێبە تۆمارکراوە. دەکرێت لەم بارەیەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەک بکەین؛ لە (٣٠)ی کانوونی دوهەمی (١٩٠٩ز) کەسایەتییەکی خەڵکی ئیزمیر بە ناوی “موفەتیشزادە ئیسماعیل فەخرەدین”، کە دەرچوو ڕێگەپێدراوی موعەلیمخانە بووە، سکاڵایەکی لە دژی کتێبەکە پێشکەشی دائیرەی مەشیخەتی عوسمانی کردووە. لە سکاڵانامەکەیدا هاتووە، کە کتێبی (تاریخ اسلام)، کە لە میسر بە زمانی عوسمانی بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا (لە دەوڵەتی عوسمانی) بە ئاشکرا دەفرۆشرێت، لە هەندێک شوێنی خوێندنەوەدا (قرائتخانە) دابەشدەکرێت‌و بە مەبەستی تێکدانی ئەخلاق‌و ئادابی ئایینیی گەنجانی سادە خوێندنەوەو بڵاوکردنەوەی گشتێنراوە. کتێبی ناوبراو پێچەوانەی شانوشکۆی پیرۆزی حەزرەتی محەمەد (درودی خودای لە سەر بێت) نوسراوەو چەندین ڕستەی پووچی وەهای تێدایە، کە دڵی مرۆڤی باوەڕدار ئازاردەدات، داواکارم بە کتێبە ئایینییەکان بەراوردبکرێت‌و لە بارەی ڕێگەپێدان یان ڕێگەپێنەدان بە بڵاوکردنەوەی، بڕیارێکی دیندارانە بدرێت(٢١).

دواتر لە (٩)ی ئاداری (١٩٠٩) بە نوسراوێکی فەرمی، بە ژمارە (٧٧)ی بەشی فتوای دائیرەی مەشیخەت، بە واژۆی شێخولئیسلام محەمەد زیائەدینەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە. لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە سەر بنەمای سکاڵاکەی ئیسماعیل فەخرەددین، دوای ئەوەی ئەو کتێبەی نوسەری دانیمارکیی دۆزی لە بارەی ژیانی پێغەمبەری پیرۆزەوە نوسیویەتی‌و لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە وەرگێڕدراوەو لە میسر چاپکراوەو لە ناو دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوکراوەتەوە، بۆ دەستەی لێکۆڵینەوە نێردراوە، دەرکەوتووە کتێبەکە ژمارەیەک درۆی هەڵبەستراوی لە بارەی ژیانی پێغەمبەرەوە تێدایە، ئەوەیشی کە وەرگێڕ جەسارەتی وەرگێڕانی بۆ عوسمانی کردووە، جێگەی داخە، داوایکردووە پەلەبکرێت لە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانی کتێبەکە(٢٢).

فەرمانی سوڵتانی بۆ قەدەغەکردنی نامیلکەی (اجتهاد)ی دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت، کە لە جنێف بە تورکی‌و فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە.

دواتر لە (٢٥)ی ئاداری (١٩٠٩) لە دائیرەی کاروباری ناوخۆ لە بابی عالی، بە ژمارە (١٣٥) نوسراو بۆ سەدارەتی عوزما (سەرۆکی حکومەت) کراوە. تێیدا ئاماژەکراوە بەوەی لە سەر بنەمای سکاڵای ئیسماعیل فەخرەدین‌و بەرمەبنای نوسراوی شێخولئیسلام لە بارەی ئەوەی ئەو کتێبەوە، درۆی هەڵبەستراوی تێدایە لە بارەی ژیانی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)ەوە، لەبەرئەوەی دەبێت بە هۆی هەڵچوون‌و کاریگەریی گەورەو خراپی دەبێت، بە تەواوەتی ڕێگەپێنەدراوە، ڕێگەنادرێت درۆ بە ناوی پێغەمبەری ئەکرەمەوە بکرێت، ئەرکی ئایینییە لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی کە بۆی دەرکەوتووە لە هەندێک گەڕەکی ئەستەنبوڵ لەو کتێبە فرۆشراوەو پێویستە دەستبەجێ کتێبی ناوبراو کۆبکرێتەوەو بڕیارێکی خێرا بدرێت، کە ڕێگەنەدرێت بهێنرێتەناو قەڵەمڕەویی عوسمانییەوە(٢٣). بە هەمان شێوە لە (١)ی نیسانی (١٩٠٩) وەزارەتی مەعاریفیش بە نوسراوێکی فەرمی، کە بە واژۆی وەزیری مەعاریف بۆ سەرۆکی حکومەتی ناردووە، داوای قەدەغەکردنی کتێبی ناوبراوی کردووە(٢٤).

بەو شێوەیە دوای چەندین سکاڵای جۆراوجۆر، کە لە دژی کتێبەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی حکومەت کران، سەرۆکایەتیی حکومەت لە (٤)ی نیسانی (١٩٠٩) بڕیاریداوە ئەو نوسخانەی کتێبەکە، کە بڵاوکراوەتەوە، کۆبکرێتەوەو دەستیبەسەردابگیرێت‌و ڕێگریبکرێت لە هێنانەناوەوەی کتێبەکە بۆ ناو سنووری دەوڵەتی عوسمانی(٢٥). جێگەی ئاماژەبۆکردنە، ساسنۆرکردنی ئەم کتێبە بە هۆی دژهاتنەوەی ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ بیروباوەڕی ئایینییەوە بووە.

٣. سانسۆرکردنی نوسین‌و هەوڵە ڕۆژنامەوانییەکانی سولەیمانیەلی مەولانازادە ڕەفعەت

ا. ژیان‌و بەرهەمەکانی مەولانازادە ڕەفعەت

ئەگەرچی مەولانازادە ڕەفعەت لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم‌و چارەکی یەکهەمی سەدەی بیستهەمدا ناوێکی دیارو ناسراوی ناو کایەی سیاسی‌و ڕۆشبنیریی دەوڵەتی عوسمانی بووە، بەڵام زانیاریی زۆر لە بارەی ژیانیەوە نازانرێت‌و بەشێک لە وێستگەکانی ژیانی تەمومژ دایپۆشیون‌و نادیارن. ئەوەی بە تەواوی زانراوە، مەولانازادە ڕەفعەتی کوڕی عەبدولڕەحمان ناجمی؛ خاوەنی یەکهەم کەتەلۆگی چاپکراوی کتێبخانەیە لە دەوڵەتی عوسمانیداو بە ڕەچەڵەک خەڵکی سلێمانییە(٢٦)، سەبارەت بە ساڵی لەدایکبوونی زانیاریی جیاواز هەیە، نوسەر عەلی برینجی، ساڵی (١٨٦٩ز)ی بە ساڵی لەدایکبوونی مەولانازادە ڕەفعەت داناوە، بە بەڵگەی ئەوەی کە لە نوسراوێکی ناوبراودا، کە لە ساڵی (١٩٠٩) نوسیویەتی، باسی لەوە کردووە تەمەنی چل ساڵ بووە. بە پێی ئەو زانیارییە بێت، لەدایکبوونی دەکات بە (١٨٦٩ز)(٢٧)، بەڵام دوای گەڕان بە ناو ئەرشیفدا، بەڵگەیەکمان دەستکەوت، کە بریتییە لە نوسراوێکی مەولانازادە ڕەفعەت، کە بۆ وەزارەتی ناوخۆی ناردووە لە ڕێکەوتی (١٢)ی تەمموزی (١٣٢٤)/ (٢٥)ی تەمموزی (١٩٠٨)، بە ناوو ئیمزای خۆیەوە، کە تێیدا داوای مۆڵەتی کردووە بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی چوار یان هەشت لاپەڕەیی سیاسی، زانستی، بازرگانی، بە ناوی ڕۆژنامەی (زەمان)ەوە. لە سەرەتای ئەو داواکارینامەیەدا بە ڕوونی باسی ئەوەی کردووە، ئەگەرچی مەولانزادە ڕەفعەت تەمەنی سی ساڵیی پڕکردووەتەوە، هەتا ئەو کاتە هیچ ڕەفتارێکی پێچەوانەی یاساکانی دەوڵەتی نەکردووە. ئەگەر ئەم بەڵگە فەرمییە لەبەرچاوبگرین، ئەوا ساڵی لەدایکبوونی مەولانازادە ڕەفعەت دەکات بە (١٨٧٨) نەک (١٨٦٩)، وەک ئەوەی عەلی برینجی نوسیویەتی(٢٨). سەبارەت بە شوێنی لەدایکبوونی مەولانازادە ڕەفعەت، لە بەڵگەنامەیەکدا ئاماژەی تێدایە بەوەی ناوبراو لە ئەستەنبوڵ‌و لە ناوچەی “کوچک چەکمەجە” لەدایکبووە(٢٩). سەبارەت بە خوێندن‌و دیراسەکردنی، مەولانازادە هەر لەو بەڵگەنامەیەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە دوازدە ساڵ لەوەوپێش، واتە لە ساڵی (١٨٩٦)، مەکتەبی حقوقی شاهانە (Mekteb-i hukuk-i şahane)ی تەواوکردووە(٣٠). ئەمەیش بە ڕوونی دەریدەخات، کە مەولانازادە دەرچووی قوتابخانەی حقوقی شاهانە بووە.

بە پێی زانیاریی ناو بەڵگەیەکی تری ئەرشیفی عوسمانی، مەولانازادە ڕەفعەت لەگەڵ “عەبدوڵڵا مەحفوز ئەفەندی”دا لە (٢٢)ی کانوونی یەکهەمی (١٨٩٦)، بە هۆی بە باشی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیانەوە لە تۆماری چاپکراوە بیانییەکان (مطبوعات اجنبیە قلمی)دا ڕوتبەی چوارەمیان پێبەخشراوە(٣١). دواتر بە مووچەی هەزار قروش لە موتەسەریفیەی بەیئوغلو دامەزراوە، لە دوای ئەم پۆستەیش دەکرێتە بەڕێوەبەری حەپسخانە لە سینوب، دواتر بە هۆی سکاڵای موتەسەریفی سینۆب لە دژی ناوبراو بە تۆمەتی ئەوەی کە سەرکەشانەو پێچەوانەی یاسا مامەڵەیکردووەو پێویستە دووربخرێتەوە، لە ئاکامی ئەو سکاڵایەدا لە (٢٢)ی ئابی (١٨٩٥) توشی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێت‌و دەستبەسەردەکرێت(٣٢). لە ساڵی (١٨٩٦) نوسەری تایبەتی والی قەستەمونی خالید بەگ بووە(٣٣). دوا بە دوای ئەم پۆستەی (١٢) ساڵ سزای زیندانی‌و دوورخستنەوەی بە سەردا دەسەپێنرێت. ئەگەرچی لە ڕوکەشدا هۆکاری دوورخستنەوەی بۆ مەنفا بۆ پشتگیریی مەولانازادە ڕەفعەت لە جۆن تورک (Jön Türk) لێکدراوەتەوە، بەڵام دەگوترێت هۆکاری ڕاستەقینەی سزادانی پشتگیری‌و پشتیوانیی ناوبراو بووە بۆ سوڵتان محەمەد ڕەشاد(٣٤).

مەولانازادە لە ماوەی ژیانیدا سێ جار توشی سزای دوورخستنەوەو ناردنی بۆ مەنفا بووەتەوە. یەکەمین وێستگەی دەستبەسەری‌و مەنفای مەولانازادە، شاری قەیسەری بووە، کە لەوێداو لە جێگەی مانەوەی زۆرەملێیی قەیسەریدا دەهێڵرێتەوە. ئەگەرچی بە تەواویی‌و دروستی نازانرێت کەی ئەم قۆناغە دەستیپێکردووە، بەڵام دەکرێت بە نزیکەیی بە ساڵی (١٨٩٦) بدرێتەقەڵەم. ئەگەرچی زانیاریی زۆر ورد نییە لە بارەی چۆنیەتیی ژیانیەوە لەم قۆناغەدا، بەڵام ئەوە ئاشکرایە مردنی خالید بەگ کاریگەریی خراپی لە سەر ژیانی ناوبراو هەبووە(٣٥). ئەوەی تێبینیدەکرێت لە بەڵگەنامەیەکی ئەرشیفدا، ژیانی مەولانازادە لەم قۆناغەدا زۆر سەخت‌و گرفتار بووە. بەڵگەیش لە سەر ئەم دۆخە خراپەی ناوبراو، ئەو تەلەگرافانەیە، کە ناردوونی بۆ دەوڵەت‌و تێیدا وێڕای جەختکردنەوە لە بێتاوانیی خۆی، سەختیی باری گوزەران‌و ناهەمواری‌و نادادوەریی مامەڵەکردنی لەگەڵیدا لە چەندین تەلەگرافدا خستووەتەبەردەست کاربەدەستانی باڵای دەوڵەت(٣٦). دواتر بە هۆی پشتگیری لە جۆن تورک‌و گومانی هەڵهاتنیان بۆ ڕوسیا، دووردەخرێتەوە بۆ شاری سەنعا لە یەمەن.

دوهەمین وێستگەی دوورخستنەوەی، دوای گەڕانەوەی بۆ ئەستەنبوڵ، ناوبراو وەک نەیارێکی سەرسەختی سوڵتان عەبدولحەمید، سەرەتا دەبێت بە لایەنگری ئیتیحادو تەرەقی، دواتر خۆی لە ڕێکخراوی فیداکارانی میللەت (Fidakaran-i Millet Cmeiyeti) دەبینێتەوە، کە ڕێکخراوێکی نیمچەسیاسی‌و کۆمەڵایەتی بووە، دەبێت بە بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی (Hukuku Umumiye)، کە ئۆرگانی کۆمەڵەکە بووە. دەچێتەناو دونیای چاپ‌و بڵاوکردنەوەوە. دواتر لە ساڵی (١٩٠٨) دەستدەکات بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی، دەستدەکات بە پشتگیریکردنی فیرقەی ئەحرار (Ahrar Firkası)و یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ئیتیحادو تەرەقی. ناوبراو کە ماوەی ساڵێک بوو لە مەنفای یەمەن گەڕابووەوە، ڕوداوەکانی (٣١)ی مارت (١٣ی نیسانی ١٩٠٩) دیسانەوە ناچار بە هەڵهاتنی دەکات‌و ئەم جارەیان بە ناچاری ئەستەنبوڵ بەرەو میسر بەجێدەهێڵێت، ئەمەیش دەبێت بە دەستپێکی وێستگەی دوهەمی دوورخستنەوەی مەولانازادە. بە هۆی نەخۆشکەوتنی لە میسرو لەسەر ڕاسپاردەی دکتۆرەکان بۆ چارەسەر، ناچار بە ڕۆیشتن بۆ ئەوروپا دەبێت، سەرەتا دەچێتە ئەسیناو دواتر ڕوودەکاتە پاریس. لەو کاتەی کە مەولانازادە لە پاریس بووە، لەلایەن دیوانی حەربیی عورفییەوە بە هۆی بەشداربوونی لە ڕوداوی (٣١)ی مارتدا، سزای دە ساڵ دوورخستنەوەی بە سەردا دەسەپێنرێت(٣٧).

سێهەمین جار کە بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە، دوای تەواوبوونی جەنگی ڕزگاری بووە (Kuruluş savaşı)، بە هۆکاری دەستتێکەڵکردن‌و هاوکاریی حکومەتی ئەستەنبوڵ‌و وڵاتانی نەیار بە بڕیاڕێکی حکومەتی جمهوریەتی تورکیا لیستێکی (١٥٠) کەسی ئامادەدەکرێت، کە بڕیاردەدرێت لە وڵات وەدەربنرێن‌و مافی هاوڵاتیبوونی تورکیایان لێبسەنرێتەوە، لەگەڵ بێبەشکردنیان لە هەموو مافێکی موڵکداری‌و میرات_گواستنەوە، مەولانازادەیش یەکێک دەبێت لەو کەسانەی کە بڕیارەکەیان بە سەردا جێبەجێدەکرێت(٣٨). بە جۆرێک ناوبراو لە بەشی ڕۆژنامەنووسانی لیستەکەدا دوهەمین کەس‌و لە کۆی لیستەکەدا لە ڕیزبەندیی ژمارە (٩٨)دا بە ناوی خاوەنی ڕۆژنامەی سەربەستی‌و ئەندامی (Hürriyet ve İtilâf) جێگەیگرتووە(٣٩).

مەولانازادە، کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە مەنفا بەسەربرد، دوای دوورخستنەوەی بۆ جاری سێهەم، دوا ساڵەکانی تەمەنی لە حەڵەب لە سوریا بەسەردەبات‌و هەر لەوێیش لە ساڵی (١٩٣٠) کۆچیدوایی دەکات(٤٠). مەولانازادە ڕەفعەت جیا لە کاری ڕۆژنامەوانی، خاوەنی چەندین کتێبی نوسراوەو چەند بەرهەمی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، لەوانەیش:

١. (Bilanço, Yahut vatan Uğrunda  çektiklerim): ئەم کتێبە پێکهاتووە لە (٦٢) لاپەڕەو لە (٢٨)ی شەوالی (١٣٢٨ک)، چاپ‌و بڵاوکراوەتەوە(٤١).

٢. (Yemen Hakkında Dahilye NazırıTalat Bey Efendiye Açık layiha):  ئەمەیش لائیحەیەکی (١٦) کراوەیە لە بارەی بارودۆخی یەمەنەوە بۆ وەزیری ناوخۆ (تەلعەت بەگ)، لە (١٨)ی کانوونی دوهەمی (١٣١٦ک)، لە قاهیرەوە نێردراوە(٤٢).

٣. (İnkılab-ı Osmaniyeden bir Yaprak yahut 31 Mart 1325 kıyamı): ئەم کتێبە لە چاپخانەی (اخبار) لە ساڵی (١٣٢٩ک)، لە میسر چاپکراوە، لە (١٧٥) لاپەڕە پێکهاتووە(٤٣).

٤. (Hakk-ı Vatan Yahut Tarik-i Mücahedede Hakikatler Ketmedilemez): ئەم کتێبە لە چاپخانەی سەربەستی‌و لە ساڵی (١٣٢٨ک)، لە ئەستەنبوڵ چاپکراوە، لە (١٠٩) لاپەڕەی قەبارەبچووک پێکهاتووە(٤٤).

٥. (Türkiye inkılâbının iç yüzü): ئەم کتێبە لە ساڵی (١٩٢٩ک)، لە چاپخانەی (وقت) لە حەلەب لە سەر ئەرکی خودی مەولانازادە چاپ‌و بڵاوکراوەتەوەو لە (١٤٥) لاپەڕە پێکهاتووە. کتێبەکە بە گشتی لە دوو بەش پێکهاتووە؛ لە بەشی یەکهەمدا باسی لە چۆنیەتیی چوونەناوەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بۆ ناو جەنگی یەکهەمی جیهانی‌و ڕوداوەکانی جەنگ بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکان دەکات. لە بەشی دوهەمدا باسی ڕوداوەکانی سەروبەندی ئاگربڕ‌و چۆنیەتیی هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەت‌و خەلافەت بە گوێرەی بەڵگەنامەکان کردووە(٤٥). ئەم کتێبە لەلایەن (Metin Hasırcı)ییەوە لاتینیزەکراوەو لە ساڵی (١٩٩٣) لە چاپخانەی (Pınar) لە دووتوێی (٣٥٥) لاپەڕەدا چاپ‌و بڵاوکراوەتەوە(٤٦).

٦. (Devlet-i Osmâniyye ve Siyonistler: Türkiye’yi yıkan Yahûdiler): ئەم کتێبە بە زمانی فەڕەنسی‌و تورکیی عوسمانی بە یەکەوە (پارالێل) نوسراوە، پێکهاتووە لە (١٦) لاپەڕەو لە چاپخانەی (Dobruca Juna) لە ١٩٢٣ چاپ‌و بڵاوکراوەتەوە(٤٧).

٧. یادەورییەکانی سەردەمی مەنفا (Sürgün hatıralarım): ئەم بەرهەمە پێکهاتووە لە نوسینەوەی یادەوەرییەکانی ناوبراو، کە تێیدا چەندین زانیاریی گرنگی لە بارەی ژیانی ئاوارەیی‌و سیاسیی خۆی‌و چۆنیەتیی دەرکردنی ڕۆژنامەی سەربەستییەوە خستووەتەڕوو. ئەم کتێبە لەلایەن (Mithet kutlar)ەوە ئامادەو بە تیپی لاتینی کراوەلە چاپی یەکهەمی لە ساڵی (٢٠٠٩) لەلایەن دەزگای چاپی (Yaşam/ Avesta)ەوە چاپ‌و بڵاوکراوەتەوەو لە (٩٥) لاپەڕە پێکهاتووە(٤٨).

٨. ڕۆژنامەی سەربەستی: ڕۆژنامەی سەربەستی یەکێکە لە پڕۆژە هزری‌و ڕۆژنامەوانییە گرنگەکانی مەولانازادە، کە زۆر جێگەی بایەخی بووە، بە جۆرێک وێڕای سەختیی باری گوزەران‌و ئاوارەیی‌و ئەم وڵات‌و ئەو وڵات کردنی، مەولانازادە ئامادەنەبوو دەست لەم پڕۆژەیەی هەڵبگرێت. چیرۆکی ڕۆژنامەی سەربەستی لە ئەستەنبوڵ دەستپێدەکات‌و دواتر لە پاریس‌و میسرو دیسانەوە لە ئەستەنبوڵ بەردەوامییپێدەدات. ڕۆژنامەی سەربەستی وەک لە ژێر ناوەکەیدا لە لاپەڕەی یەکهەمیدا ڕونکراوەتەوە: “ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی خزمەتکاری ئیدارەی مەشروتیەت‌و مافی هەموو عوسمانییەکانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەزو مەزهەب”. هەروەها وەک لەم ژمارەیەدا دەردەکەوێت، یەکهەمین ژمارەی لە (١٦)ی تشرینی دوهەمی (١٩٠٨) لە ئەستەنبوڵ دەرچووە(٤٩). مەولانازادە توانیویەتی لە ئەستەنبوڵ‌و پاریس‌و  میسر بە کۆیگشتی بەدەستخستنی هاوکاریی ماددیی جودا جودا، (٧٧٠) ژمارە لە ڕۆژنامەکە دەربکات، لە کۆی ئەو ژمارانە لە ژمارە (١٩٢-١٩٧) بە ناوی ڕۆژنامەی ئەهالییەوە دەرچووە. (٤٩٨) ژمارەی سەربەستی لە کتێبخانەی بایەزید لە ئەستەنبوڵ بەردەستە، چەند ژمارەیەکیشی لە کتێبخانەی ئەتاتورک لە ئەستەنبوڵ‌و لە کۆلێکشنی حەقی تارق ئوس (Hakkı Tarık Us) بە شێوەی ئونلاین بەردەستە (٥٠).

ب . سانسۆرکردنی ڕۆژنامەی سەربەستیی مەولانازادە ڕەفعەت

بیری ئازادیخوازی‌و وەستانەوە بە ڕووی دەسەڵاتی پاوانخوازو ستەمکاردا سێ جار مەولانازادە ڕەفعەتی دووچاری دوورخستنەوەو ژیانی تاراوگە کردووە. ئەو خاوەنی بیرێکی ئازادیخواز، عەقڵێکی ڕەخنەگرانە، قەڵەمێکی تیژو ڕۆحێکی سەرکەش‌و جەسوورو جەربەزە بووە، هەر ئەم خەسڵەتانەیشی وایلێکردووە سڵ لە ڕەخنەگرتن لە چەوتی‌و خوارییەکانی دەسەڵاتدارانی سەردەمەکەی نەکاتەوە، بە تایبەت دوای دەرکردنی ڕۆژنامەی سەربەستی، ئیدی ئەم ڕۆژنامەیە دەکاتە سەنگەرێکی ئازادیخوازو دژەستەمکاری، لێرەوە هێرشدەکاتەسەر پایە گرنگەکانی دەسەڵاتی پاوانخوازو ستەمکاریی سەردەمەکەی خۆی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە هەوڵەکانی ناوبراو لەم بوارەدا دەبێت بە هۆی بێزاری‌و تووڕەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، هەتا لە (٩)ی ئابی (١٩٠٩) دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بڕیاری قەدەغەکردن‌و سانسۆرکردنی یەکجاری بۆ ڕۆژنامەی سەربەستیی دەردەکات.

         هەروەک لە نوسراوێکی فەرمی دائیرەی باش_کاتبی دەوڵەتی عوسمانی، کە بە واژۆی قەڵەمی تایبەتی سوڵتان لە ڕێکەوتی (٩)ی شوباتی (١٩٠٩ز) دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، کە بابەتێک لە سەر شورای ئوممەت، کە وەختی خۆی لە میسر نوسراوە، دووبارە لە لاپەڕە یەکی ژمارەی ئەمڕۆ (٩ی شوباتی ١٩٠٩ز)ی ڕۆژنامەی سەربەستیدا بڵاوکراوەتەوە. لە کاتی باسی حەمیدییەکاندا باس لە وەزارەتی ناوخۆ کراوە، وەک لە ناوەڕۆکی نوسراوەکەدا دیارە، ئەو نوسینەی مەولانازادە ڕەفعەت بووە بە جێی ناڕەزایی‌و تووڕەکردنی سەرانی دەوڵەتی عوسمانی، بە جۆرێک لە نوسراوەکەی قەڵەمی تایبەتی سوڵتاندا هاتووە، “لە حاڵێکدا نوسینی ناوبراو لە دۆخ‌و سەردەمێکی تردا نوسراوە، ئەمڕۆ دووبارە گواستنەوەی وەکو خۆی‌و بڵاوکردنەوەو گشتاندنی سوکایەتییە بە مەقامی خیلافەت‌و سەڵتەنەت، تەواوی کاربەدەستان‌و پایەکانی دەوڵەتی عالیەی عوسمانی‌و لەوەیش زیاتر سوکایەتییە بە تەواوی میللەتی عوسمانی. لەبەرئەوەی میللەتی مەزنی عوسمانی کارێکی وەها، کە دەبێت بە هۆی لەکەدارکردنی نامووس‌و حەیسیەتی میللەت، لە هیچ کەسی قبوڵناکات”(٥١). بە ڕوونی دیارە، کە نوسینەکەی مەولانازادە زۆر توند بووە، بۆیە بەو جۆرە بووە بە هۆی تووڕەکردنی سوڵتان‌و کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی.

وادیارە مەولانازادە ڕەفعەت لە ڕەخنەگرتن‌و نوسینی توند لە دژی سوڵتانی عوسمانی نەوەستاوە، ئەوەتا لە نوسراوی ژمارە (٢٩٠)ی دائیرەی باش_کاتبی کۆشکی سوڵتان، کە بە واژۆی قەڵەمی تایبەتی سوڵتان لە (١)ی نیسانی (١٩٠٩ز) دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، کە سوڵتان بە داغ‌و کەسەرێکی زۆرەوە سەرگوتاری ژمارە (١٣٥)ی (١)ی نیسانی (١٩٠٩ز)ی ڕۆژنامەی سەربەستیی خوێندووەتەوەو بەو دەستدرێژییە ناڕەوایانەی گوتارەکە زۆر داغدارو کاریگەر بووە. لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە، کە ئەگەرچی سوڵتان لە پێناوی پاراستنی سەلامەتیی بەنرخترین چشتدا، کە دەوڵەت‌و نیشتیمانە، بە کەماڵی لەخۆبردوویی‌و پشوودرێژییەوە؛ بەرگەی ئەو دەستدرێژییانەی گرتووە، بەڵام لەبەرئەوەی پێگەو کەسێتیی سەرانی ئیدارەی دەوڵەت دووچاری دەستدرێژی بووەتەوە، بۆیە ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە ئایندەدا دەوڵەت‌و میللەت دووچاری دۆخێکی خراپی وەها دەکات، کە پێشبینینەکرێت. بەردەوامیی ئەم کێشمەکێشە دەبێت بە ڕێگرییەکی بەهێز لە بەردەم ئاسایش‌و ئارامیی دەوڵەت‌و میللەتدا، شوێنەوارە خراپە مەدەنی‌و سیاسییەکانی ئەم کارانە لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا، هەتا دوا ڕادە بووە بە هۆی نیگەرانکردنی سوڵتان‌و دڵگرانکردنی، بۆیە دوای خوێندنەوەو ئاگاداربوونی سوڵتان، ئەم ژمارەیەی ڕۆژنامەی سەربەستیی وەک خۆی هاوپێچکردووەو ناردوویەتی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت، هەتا هەنگاوی پێویستی لە بارەوە هەڵبگرن(٥٢).

ڕوداوەکانی ٣١ی مارت (١٣ نیسانی ١٩٠٩) دیسانەوە مەولانازادە ڕەفعەت ناچار بە هەڵهاتن دەکات‌و ئەم جارەیان بە ناچاری ئەستەنبوڵی بەرەو میسر بەجێهێشتووە، بە هۆی نەخۆشکەوتنی لە میسرو لە سەر ڕاسپاردەی دکتۆرەکان ناچاربووە بۆ چارەسەر بڕواتە ئەوروپا، سەرەتا دەچێتە ئەسیناو دواتر لەوێوە چووەتە پاریس. دیارە بە هۆی ئەو ڕوداوەوە ڕۆژنامەی سەربەستی لە ئەستەنبوڵ داخراوە، بەڵام ناوبراو سەرەڕای هەڵهاتن‌و نەخۆشی، لە پاریس کۆڵ لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی نادات، بە پێی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەیەکی بڵاونەکراوەی ئەرشیفی عوسمانی، کە نوسراوێکی ئیدارەی چاپەمەنییەکان لە بەشی وەزارەتی ناوخۆی بابی عالی بە ژمارە (٤٤١) لە ڕێکەوتی (٥)ی ئابی (١٩٠٩ز)، بە واژۆی بەڕێوەبەری چاپەمەنییەکانی ناوخۆ دەرچووە، تێیدا هاتووە، کە سەرەڕای داخستنی ڕۆژنامەی سەربەستی بە هۆی ڕوداوەکانی (٣١)ی مارتی (١٣٢٥)ی ڕۆمییەوە، ئەم جارە ناوبراو لە پاریس دەستی بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی کردووەتەوە، چەندین گوتاری ڕقاوی، کە لە توانایاندایە ببێت بە هۆی ژەهراویکردنی فیکری کەسانی سادەدڵ لە دژی حکومەتی ئێستای مەشرووتەی لەخۆگرتووەو دەرکەوتووە، کە لە ڕێگەی پۆستەی بیانییەکانەوە بۆ ژمارەیەک لە مەبعوس (ئەندام پەرلەمان)و کەسایەتی_گەلێکی تر نێردراوە(٥٣). لە نوسراوەکەدا هاتووە، کارێکی ئاساییە ڕێگە بە کەسانێک نەدرێت، کە لەلایەن دیوانی حەربیی عورفییەوە بە نائامادەگی سزادراون (مەبەست لێی مەولانازادە ڕەفعەت)ە، پەڕەی وەها ڕقاویی‌و غەرەزکارانە بڵاوبکەنەوە. هەروەها نوسراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بە پێی ماددەی سیوپێنجی یاسای چاپەمەنییەکان، قەدەغەکردنی ئەو ڕۆژنامە یان نامیلکانەی لە وڵاتانی بیانی یان لە ویلایەتی مومتازە دەردەکرێن، بە گوێرەی بڕیارێکی تایبەتی ئەنجومەنی وەکیلەکان (ئەنجومەنی وەزیران) دەبێت. تەنها نوسخەیەکیشی دەتوانرێت لە سەر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ سانسۆربکرێت. ئەو کەسانەی بە ئاگاییەوە ڕۆژنامە یان نامیلکەیەکی قەدەغەکراو دەفرۆشن، یان بڵاویدەکەنەوە، بە سزایەکی ماددی لە یەک لیرەوە هەتا پێنج لیرە سزادەدرێن(٥٤).

وادیارە نوسین‌و بابەتەکانی ڕۆژنامەی سەربەستی لە پاریس‌و ناردنەوەی ڕۆژنامەکە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی بووە بە هۆی بێزارکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت، ئەوەتا لە نوسراوێکی وەزارەتی زەبتییە، کە بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو پەڕانەی مەولانازادە ڕەفعەت لە پاریس بە ناوی ڕۆژنامەی سەربەستییەوە دەریدەکات‌و بە پۆستەدا بۆ چەند کەسایەتییەکی ئەستەنبوڵی دەنێرێتەوە، وەک هەواڵمان پێگەیشتووە، کە نوسراوەکانی (هذیاننامە)ن‌و زۆر چاونەترسانەیە‌و بۆ ویلایەتەکانیشی دەنێرێت، بۆیە داواکارین بۆ ڕێگریلێکردنی، هەموو پۆستەخانەکان ئاگاداربکرێنەوەو هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە هەڵبگیرێت(٥٥)، واتە لەم نوسراوەدا داوای قەدەغەکردن‌و سانسۆرکردنی ڕۆژنامەکە دەکرێت.

ڕۆژنامەی سەربەستی لە (٩)ی ئابی (١٩٠٩ز) لە سەر بنەمای نوسراوی ژمارە (١٩٨٣)ی وەزارەتی ناوخۆ، کە لە (٧)ی ئابی (١٩٠٩ز) پێشکەشی ئەنجومەنی وەکیلەکانی (مجلس وکلا) کردووە، دوای خوێندنەوەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (٩)ی ئابدا، بڕیاردراوە هێنانەناوەوەو بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی قەدەغەبکرێت. لە بڕیاری قەدەغەکردنەکەیشدا هاتووە، کە لەو نوسخانەی ڕۆژنامەی ناوبراو، کە نێردراونەتەناو سنووری دەوڵەتەوە، دەرکەوتووە، کە لە دژی حکومەتی ئێستای مەشرووتە چەندین گوتاری لەخۆگرتووە، کە دەتوانێت ببێت بە هۆی ژەهراویکردنی بیری کەسانی دڵساف لە دژی حکومەت، لەبەرئەوەی بە پێی ماددەی سیوپێنج لە یاسای چاپەمەنییەکان، ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەو دابەشکردنی ئەم جۆرە ڕۆژنامانە لە سەر بڕیاری ئەنجومەنی وەکیلەکان وەستاوە، بۆیە بە پێی ماددەی ناوبراو لە یاسای باسکراو، لە وەڵامی نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ لە بارەی چۆنیەتیی قەدەغەکردنی (هذیاننامە)ی ناوبراو بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی‌و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەو بارەیەوە بڕیاردراوە بە قەدەغەکردن‌و ئاگادارکردنەوەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، ڕسومات، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پۆستەو تەلەگراف‌و تەلەفۆن(٥٦). دواتر ئەم بڕیارەی قەدەغەکردنی هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی بۆ ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانی بە نوسراوێکی فەرمی بووە، کە لە فەرمانگەی کاروباری ناوخۆیی بابی عالییەوە بە ژمارە (٦٨٥)و بە واژۆی وەزیری ناوخۆ بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست لە بارەی بڕیارەکەوە زەبتییەی لێئاگادارکراوەتەوەو داوا لە زەبتییە کراوە لەو بارەیەوە هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ(٥٧).

Figure 5 بڕیاری ئەنجومەنی وەکیلەکان (ئەنجومەنی وەزیران)ی (٩)ی ئابی (١٩٠٩ز) لە بارەی قەدەغەکردنی ڕۆژنامەی سەربەستییەوە.

بەم جۆرە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی‌و بڵاوکردنەوەی لە ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانیدا قەدەغەکراوە. وادیارە بڕیارەکە خێرا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەیش بە بەڵگەی ئەوەی لە نوسراوێکی زەبتییە بە ژمارە (٥٣٩) لە ڕێکەوتی (١٠)ی ئابی (١٩٠٩)، واتە ڕۆژێک دوای دەرچوونی بڕیارەکە لە ئەنجومەنی وەزیران، نێردراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، تێیدا باس لەوە کراوە، کە فەرمانی ناوبراو بۆ قەدەغەکردنی ڕۆژنامەی سەربەستی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە(٥٨).

دوای دەرچوونی بڕیاری قەدەغەکردنەکە دامودەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی عوسمانی بە وردی دەکەونە شوێنپێهەڵگرتنی هەنگاوەکانی مەولانازادە ڕەفعەت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکە، لە نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی، کە لە یەکی ئەیلوول بۆ وەزارەتی ناوخۆی ناردووە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بۆیان دەرکەوتووە مەولانازادە لە ڕێگەی پاکەتی داخراوەوە لە ڕێگەی پۆستەوە ڕۆژنامەکەی ناردووەتەناو خاکی دەوڵەتی عوسمانی‌و دوای گومانکردن لە پاکەتەکان‌و پشکنین بۆیان دەرکەوتووەو ژمارەکانی ڕۆژنامەکە کۆکراونەتەوە(٥٩). لە نوسراوێکی والیی مەناستەریشدا ئاماژە بەوە دراوە، کە توانیویانە دەستبگرن بە سەر نۆ نوسخە لە ژمارە (١٥٧)ی ڕۆژنامەی سەربەستیدا، داوای زانیاریی کردووە لە بارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارانەی ڕۆژنامەکەدا(٦٠). ئایا پێویستدەکات لەناویببەن یان نا؟ لە نوسراوێکی وەکیلی والیی ئەدەنەیشدا، کە ڕێکەوتی (١٧)ی ئەیلوولی (١٩٠٩ز)ی لە سەرە، باس لەوە کراوە، کە مەولانازادە ڕۆژنامەی سەربەستیی لە ڕێگەی پۆستەوە بۆ قونسوڵەکان‌و سەرۆکی ڕۆحانییەکان‌و هەتا بۆ خودی ئەویش ناردووە، دوێنێ قونسوڵی ئینگلیز باسی لەوە کردووە، کە ڕۆژنامە نێردراوەکانی سوتاندووە، منیش هەر وایانلێدەکەم. ڕۆژنامەیەکی سەربەستییش لە کاتی ڕادەستکردنی بە پاپازی ڕۆم لە تەرسوس لەلایەن پۆلیسەوە دەستیبەسەرداگیراوە، ئەمەیش لە نوسراوێکی موتەسەڕیفیەتی مێرسیندا هاتووە، بۆیە وەک ڕامگەیاندووە، ئەم ڕۆژنامە تێکدەرو گوێی بێتاوان پڕکەرە بە ژەهری مەولانازادە ڕەفعەت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بۆ کێ نێردراوە، لێیوەربگیرێت. لەو باوەڕەدام پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بەو “توڕەهات”انەی ئەم نەیارە؛ هەنگاوی یەکلاییکەرەوە بگیرێتەبەر(٦١).

دیارە سەرەڕای هەوڵە چڕوپڕەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ سانسۆرکردن‌و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی، مەولانازادە ڕەفعەت کۆڵینەداوەو ڕێگاو میکانیزمی جیاوازی خستووەتەکار بۆ گەیاندنی ڕۆژنامەکەی بۆ ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانی‌و وەهایش دەردەکەوێت، سەرەڕای ئاستەنگییەکانی دەوڵەت لەو بوارەدا، ناوبراو سەرکەوتوو بووە لە دزەپێکردنی ڕۆژنامەکەی بۆ ناو ئەستەنبوڵی دڵی دەوڵەتی عوسمانی. لە نوسراوێکی هۆبەی سێهەمی فەرمانگەی ئەرکانی حەربیی عمومیەی عوسمانی، کە بە ژمارە (٤٠٠٨) لە ڕێکەوتی (٢١)ی تشرینی دوهەمی (١٩٠٩ز) بە واژۆی جێگری سەرۆکی ئەرکانی حەربیی عمومییە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی نێردراوە، لە نوسراوەکەدا هاتووە، کە ڕۆژی پێشوو، ڕۆژنامەی سەربەستی، کە لە پاریس دەردەچێت‌و هێنانەناوەوەی بۆ ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانی قەدەغەکراوە، لە بەندەری کەشتییەکانی کادی کۆی (قاضی کوی واپور اسکلەسی) ژمارەی ڕۆژنامەی سەربەستی، کە لە ناو پاکەتێکدا بووە، لەلایەن منداڵێکی ڕۆمەوە دراوە بە دایکی “بینباشی عیرفان بەگ”، کە مەئمورە لە دائیرەی ئەرکانی حەربیی عمومییە، لەلایەن ناوبراویشەوە ڕادەستی دائیرەی ئەرکان حەربیی عمومییە کراوە(٦٢). لە بەڵگەنامەیەکی تریشدا، کە نوسراوێکە لە ڕێکەوتی (٣٠)ی تشرینی دوهەمی (١٩٠٩ز) بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئەستەنبوڵ نێردراوە، باس لەوە کراوە سەرەڕای ئەوەی هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی بۆ ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانی قەدەغەکراوە، بەڵام لەلایەن کتێبفرۆشییەکانی بەی ئۆغڵووەوە (ناوچەیەک لە بەشە ئەوروپییەکەی شاری ئەستەنبوڵ) هەواڵییانپێدراوە، کە ڕۆژنامەکە هێنراوەتەناو ئەستەنبوڵەوەو بڵاوکراوەتەوە، نوسراوەکە داوایکردووە، لە سەر بنەمای ئەو هەواڵپێدانە پێویستە زابتەی ناوچەی بەی ئۆغلو لەم بارەیەوە زیاتر ئاگادارو وریا بن(٦٣). ئەوەی لەم دوو نوسراوەدا هاتووە، بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە سەرەڕای ڕێگری‌و یاساغکردنی ڕۆژنامەی سەربەستی لەلایەن دامودەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، بەڵام مەولانازادە توانیویەتی سەرکەوتوو بێت لە دزەپێکردنی ڕۆژنامەکەی بۆ ناو شاری ئەستەنبوڵ‌و سنووری دەوڵەتی عوسمانی.

دیارە سەرەڕای توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی ڕۆژنامەی سەربەستی، بەڵام مەولانازادە ڕەفعەت دیسانەوە لە ڕێگەی کتێبخانە فەڕەنسییەکان‌و باڵوێزخانەی ئێرانەوە، سەرکەوتوو بووە لە گەیاندنی ڕۆژنامە قەدەغەو سانسۆرکراوەکەی لە پاریسەوە بۆ ئەستەنبوڵ، لە نوسراوێکی نهێنیدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیەتی گشتیی عوسمانییەوە بە ژمارە (١٨٠٦)ی لە ڕێکەوتی (٤)ی کانوونی یەکهەمی (١٩٠٩ز) بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە سەرەڕای قەدەغەکردنی هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەی سەربەستی بۆ ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانی، تێبینیکراوە ڕۆژنامە زیانبەخشەکە لە ناو فێرخوازانی ئەو ئامادەییە شەوانەی کەوتبووە نزیک توربەی سوڵتان مەحموود، بڵاوکراوەتەوە. نوسراوەکە ئاماژەیشی بەوە کردووە، کە بڵاوکردنەوەو خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامەیە لە ناو ئەو فێرخوازانەی کە هێشتا هێزی هزری، ڕەخنەیی‌و هەڵسەنگاندنیان سنووردارە، دەبێت بە هۆی هێنانەکایەی چەند بیرکردنەوەیەکی بەدبینانە لە ناو ئەو فێرخوازانەدا. نوسراوەکە ئەوەیشی ڕونکردووەتەوە، کە هەواڵی باوەڕپێکراویان پێدراوە، کە ڕۆژنامەکە لە ڕێگەی کتێبخانە فەڕەنسییەکان‌و دەڵاڵەکانی باڵوێزخانەی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە(٦٤).

Figure 6  نوسراوی نهێنیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی لە بارەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی سەربەستییەوە لە ناو فێرخوازانی ئامادەیی لە ئەستەنبوڵ، لە (٤)ی کانوونی یەکهەمی (١٩٠٩)

سەرچاوەکان

  1. Refik Bürüngüz, Abdullah Cevdet and The Movement Thesis Submitted to The Institute of Social Sciences in Partial Fulfillment of the Requirements, for the degree of Master of Arts in History, Fatih University April 2005, p. 10.
  2. Yalin Alpay, A Glimpse into The First Racist Approach in The Ottoman Empire: The “Scientific” Racisim of Abdullah Cevdet, Thesis Submitted to The Institute for Graduate Studies in Social Sciences in Partial Fulfillment of the Requirements for The Degree of Master of Arts in History Boğaziçi University 2007, p.102.
  3. Şükrü Hanioğlu, Abdullah Cevdet, https://islamansiklopedisi.org.tr/abdullah-cevdet.
  4. Ramazan Üçar, Abdullah Cevdet’te Din ve Batılılaşma, Ankara Üniversitesi, Sosyal bilimler instütüsü, Felsefe ve Din bilimleri anabilim dalı(Din sosyolojisi), Yüksek lisan tezi, tez danışmanı prof.dr.Münir Köştaş, Ankara 1997, p. 76.
  5. Ramazan Üçar, a. g.t, s.70-71.
  6. Yalin Alpay, abid, 103.
  7. Şükrü Hanioğlu.
  8. Şükrü Hanioğlu, a. g. m.
  9. Yalin Alpay, abid, 104.
  10. Hilmi Ziya Ülken, Türkiye’de çağdaş düşünce tarihi, Türkiye İş bankası kültür yayınları ve Ülken yayınları 15 baskı, ,İstanbul 2019, 350-351.
  11. Şükrü Hanioğlu, a. g. m.
  12. m.
  13. Hilmi Ziya Ülken, a. g. e, s.352.
  14. İsmail Çebi Dr. Abdullah Cevdet’in Düşüncesinde Madde Anlayışı, İstanbul Üniversitesi, Sosyal Bilimler İnstütüsü, Felsefe Anabilim Dlı, Yüksek lisan tezi, tez Danışmanı, Prof. Dr. Teoman Duralı, İstanbul 2010, 45.
  15. Nazım H. Polat, İctihad, Abdullah Cevdet’in (ö. 1932) idaresi altında yayımlanan ilmî, siyasî ve edebî muhtevalı dergi. https://islamansiklopedisi.org.tr/ictihad–dergi .
  16. DH.MKT. 895. 5. 4.
  17. DH. MKT. 895. 5. 2.
  18. DH.MKT.895.5.5.
  19. MF. MKT. 1051. 33. 01.
  20. Hilmi Yavuz, Dozy, ‘İslam Tarihi’ ve Abdullah Cevdet,İslamın Zihin Tarihi, Timaş Yayınları 2009,https://www.academia.edu/104098339/Dozy_%C4%B0slam_Tarihi_ve_Abdullah_Cevdet_1 .
  21. BEO. 3529. 264617.05.
  22. BOA. BEO. 3529. 264617.04.
  23. BOA. BEO. 3529. 264617.02.
  24. BOA. BEO. 3529. 264617.01.
  25. ALİ Birinci, Tarihin Gölgesinde Meşahir-i Meçhulden birkaç zat, istanbul: Dergah yayınları, 2.baskı 2020, s.381؛ Rohat Alakom, Eski İstanbul Kürtleri, İstanbul: Avesta Yayınları, 1998, s.125.
  26. ALİ Birinci, Tarihin Gölgesinde Meşahir-i Meçhulden birkaç zat, 381.
  27. DH.MKT. 1273. 20. 01.
  28. DH. MKT.759.14.01.
  29. DH.MKT. 1273. 20. 01.
  30. DH.MKT. 2078. 14.01.
  31. Murat Issı, Hürriyet aşığı bir Osmanlı- Kürt aydını, Mevlanzade Rıf’at Bey, Toplumsal Tarih196 Nisan 2010, s.2.
  32. ALİ Birinci, Tarihin Gölgesinde Meşahir-i Meçhulden birkaç zat, 381.
  33. Metin Martı, Mevlanzâde Rıfat’ın Anıları, İstanbul: Arma Yayınları, 1999, ss. 95-96.
  34. Mustafa Coşkun, MEVLANZADE RIFAT BEY’İN GAZETECİLİK HAYATI VE SİYASİ FAALİYETLERİ, TEZ DANIŞMANI Doç. Dr. Fatih Mehmet SANCAKTAR, İSTANBUL – 2019, s.24.
  35. DH. TMK.M.156. 26. 3, 5,7,9.
  36. ALİ Birinci, Tarihin Gölgesinde Meşahir-i Meçhulden birkaç zat, 381-382.
  37. Ufuk Okay, Meşrütiyetten Cumhuriyete bir osmanlı aydını, Mevlanzade Rıfat, s.10-11.
  38. Cumhuriyetin İlâm dan Sonra Yurt Dışına Sürülen, Yüz Ellilikler, Yazan: Alb. Tahsin Ünal, s. 20. Taha Toros Arşivi, 516944.
  39. Mevlanzâde Rıfat, Sürgün Hatıralarım, s.
  40. Mevlanzâde Rıfat, Bilanço, Yahut vatan Uğrunda çektiklerim, 28. Şevval.1328.
  41. Mevlanzâde Rıfat, Yemen Hakkında Dahilye NazırıTalat Bey Efendiye Açık layiha, 18.kanun-i sani.1316. Kahire.
  42. Mevlanzâde Rıfat, inkılab-ı Osmaniyeden bir Yaprak yahut 31 Mart 1325 kıyamı, ahbar matbaası mısır 1329.
  43. Mevlanzâde Rıfat, Hakk-ı Vatan Yahut Tarik-i Mücahedede Hakikatler Ketmedilemez, serbesti Matbaas, 1328, istanbul.
  44. Mevlanzâde Rıfat, Türkiye inkılâbının iç yüzü, Halep : Vakit Matbaası, 1929.
  45. Mevlanzâde Rıfat, Türkiye inkılâbının iç yüzü, hazırlayan: Hasırcı, Metin, İstanbul : Pınar, 1993.
  46. Mevlânzâde Rıfat, Devlet-i Osmâniyye ve Siyonistler : Türkiye’yi yıkan Yahûdiler, Dobruca Juna Matbaası, 1923.
  47. Mevlanzâde Rıfat, Sürgün Hatıralarım, yayın Hazırlayan ve Transkripsiyon: Mithet Kutlar, Avesta/Yaşam, birinci baskı : 2009, İstanbul.
  48. [1] Serbesti, 3. Teşrinisani.1324. sayı.1. s.1.
  49. Musa Ali Armutcu, Serbesti Gazetesi ve Ahrar Fırkası, Yüksek Lisans tez, Tez Danışmanı Dr. Öğr. Ü. Gökhan Kaya, Sosyal Bilimler Enstitüsü Tarih Anabilim Dalı, Hitit Üniversitesi, Çorum 2020, s.22-28.
  50. İ.HUS. 173.23. 02.
  51. Y.PRK. BŞK. 79. 107. 01.
  52. DH.MKT.2892. 97. 3.
  53. DH.MKT.2892. 97. 3.
  54. DH. MKT. 2892. 97. 2.
  55. MV. 130.
  56. ZB. 25. 110. 01.
  57. DH. MKT. 2897. 23. 01.
  58. DH. MUİ. 11-3. 24. 02.
  59. DH. MUİ. 8-2. 20. 02.
  60. DH. MUİ. 12-2. 22. 02
  61. DH. EUM. THR. 93. 14. 4.
  62. DH. EUM. 14. 5. 01.
  63. DH. EUM. 41-1. 20. 2.

 

Send this to a friend