بە ئاسایشیکردنی هەموو هەنگاوەکانی ئێران
مەیسەم مورادی: توێژەر و خوێندکاری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ڕۆسکیلدە–دانیمارک
پوختە
هاتنەوەی دوبارەی دۆناڵد ترەمپ و دەستبەکاربوونی ئیدارە هێرشبەرەکەی، جیاوازتر لە ئیدارەکانی باراک ئۆباما و جۆ بایدن، هەر لە یەکەم ڕۆژی چوونە ژوورەوەیان بۆ کۆشکی سپی، هەڕەشە و فشارەکانیان بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. دوای دوو جار هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر و ئەگەری دوبارە بەرزبوونەوەی ئاستی بەریەککەوتنی ئەو دوو دەوڵەتە لە کاتێکدا کە دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی چوارساڵی یەکەمی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پرسیاری زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، کە داهاتووی ئێران و ئیسرائیل، دوای هاتنەوەی دۆناڵد ترەمپ بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات، ئایا شەڕ لە بەردەم دەرگای ئێرانە و دەرچوون لەو هەموو قەیرانەی کە بۆ ئێران دروستکراوە، کارێکی ئاسانە؟ دەبێت چاوەڕێ بین کە وەرزێکی نوێ لە ئاستی باڵای بەریەککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بێتە پێشەوە؟ ئەم وتارە وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی واقیعگەرایانە و بەئاسایشیکردن دەداتەوە و هەوڵ دەدات لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە باس لە قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران بکات، بەتایبەت دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئێران تێیدا تووشی پاشەکشەیەکی بێ وێنە بووە.
بەرایی
لە دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئاستی بەریەککەوتن و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی. دووجار هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەریەکتر و شکاندنی تابۆی بەکارهێنانی هێزی قورس لەپێش یەکتردا، شەڕ و بەریەککەوتنی ئەو دوو دەوڵەتەی لە سێبەر هێنایە دەرەوە بردیە ئاستی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی دەوڵەت-دەوڵەت. ئەم بەریەککەوتنانە لە کاتێکدا بوو، کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی زۆرجار باسیان لەوە کردبوو کە پرۆگرامی ئەتۆمی، مووشەکی و پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە دەتوانن ببن بە مەترسی بۆ مانەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل. لەم ئاڕاستەیەدا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی هەموو هەنگاوەکانی ئێران وەک مەترسی ئاسایشی بۆ سەر دەوڵەتەکەیان دەبینن، واتە بە ئاسایشیکردنی هەموو هەوڵێکی ئێران لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئاسایشی. پرسی بە ئاسایشیکردنی ئێران پرسێکی نوێیە، ئەم وتارە بە وردی ئەم بابەتە هەڵدەسەنگێنێت و چوارچێوەیەکی نوێی شیکاری بۆ سیاسەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، دەخاتە بەردەستی خوێنەران. بە ئاسایشیکردن بە واتای ئەوە نییە کە ئەو هەوڵانەی ئێران بە مەبەست بە ئاسایشیی بکرێت، یان جووڵەکانی ئێران مەترسیدار نەبن و بە مەبەست وەک مەترسی پیشان بدرێن، بێگومان هەموو ئەو هەوڵانەی ئێران لە چوارچێوەی سەربازی، سیاسی و ئاسایشیدا وەک مەترسییەکی بنەڕەتین بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و قەبارەی ئەو مەترسییانە جیاوازتر لە جاران (ئیدارەکانی باراک ئۆباما و جۆ بایدن)، لەئێستادا وەک خۆی و لە ئاستی گەورەیی خۆیاندا پیشان دەدرێن و چاوپۆشی لە هیچ هەوڵێکی مەترسیداری ئێران ناکرێت، بەئاسایشی کردنی هەوڵەکانی ئێران بەو واتەیە دێت کە پرسەکانی پەیوەست بە ئێران لە دەرەوەی هەڵ و دانیشتن و گفتوگۆی سیاسی چارەسەر دەکرێت، واتە De-politicizing بوونی پرسەکانی ئێران و Securitization کردنی هەموو پرسەکانی ئێران و چارەسەرکردنی ئەم پرسانە لە ڕێگەی هێزەوە دەبێت. بۆیە لە ئێستادا هەوڵەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر لە جاران لەو ئاڕاستەیەدایە کە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوترێت چیتر هەڵسووکەوتەکانی ئێران قبووڵکراو نییە، هەروەها بیری گشتی خەڵک ئامادە بکرێت بۆ هەرجۆرە هەڵسووکەوتێکی توند و هێرشبەرانە لە دژی ئێران و هەموو ئەو مەترسییانە بنبڕ بکرێن.
یەکەم هەنگاوی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران: گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا واژۆی لەسەر(Maximum Pressure) یان گەڕانەوەی فشار و گەمارۆی ئابووری یە قورسەکان بۆ سەر ئێران کرد(١). بەشێکی زۆری ئەو گەمارۆیانەی کە ترەمپ دەیەوێت بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، پەیوەندی بە هەناردەکردنی نەوت هەیە، پرۆگرامی ئەتۆمی و دەستێوەردان و گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەرکردنی فەرمانێکی لەم شێوەیە لەلایەن ترەمپەوە، ئاسۆی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێرانی لێڵ کردووە و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئێران بە ڕاشکاوی باسیان لەوە کردووە کە بەم جۆرەی ترەمپ گەمارۆ دەخاتە سەر ئێران، پرسی دانوستان زەحمەتە جێبەجێ بکرێت(٢). ئەوەی کە ترەمپ باسی کردووە، بە جۆرێک دەتوانرێت بەم شێوەیە پێناسە بکرێت کە ترەمپ دەیەوێت ئێران بخاتە دۆخێکەوە کە بێجگە لە ملکەچبوون بە ویستەکانی ئەمریکا، هیچ ڕێگەیەکی بۆ نەمێنێتەوە. لەم ئاڕاستەیەشدا ئەگەر ئێران مکوڕ بێت لەوەی کە دانیشتن لەسەر ئەو خاڵانەی کە دۆناڵد ترەمپ دیاری کردووە نەکات، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەگەرێکی کراوەیە و دەتوانێت لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا ڕووبدات. بە واتایەکی دیکە، دۆناڵد ترەمپ دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم ئێران: یان دانوستانێک کە ئەمریکا و ئیسرئیل دیزاینیان کردووە، یان هێرشی ئیسرائیل.
دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئێران لە زۆر بەرەدا ناچار بە پاشەکشە بوو. سوپای قودس، باڵی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران، بە ئاشکرا لە لوبنان بۆ سووریا، لە سووریا بۆ عێراق پاشەکشەی پێکراوە. لە ئێستاشدا فشارەکان ئەوەندە لەسەر گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق زۆرە، کە باس لەوە دەکرێت ئەگەر حەشدی شەعبی هەڵنەوەشێتەوە، ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو گرووپانە زۆر لەسەرە(٣). لاوازکردنی حەماس لە غەززە، خستنی حیزبوڵڵای لوبنان، پاشەکشەپێکردنی حوسییەکانی یەمەن و لە کۆتاییدا داڕمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، هەمووی لە چوارچێوەی پاشەکشەپێکردنی ئێران لە ناوچەکەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئەم پاشەکشەپێکردنەی ئێران، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لاوازکردنی سیستەمی بەرگری ئێران(٤)، ئەو وڵاتەی خستووەتە دۆخێکەوە کە چیتر ناتوانێت وەک جاران لە ناوچەکە خۆنواندن بکات. لەپاڵ ئەم هەموو لاوازکردنانەی ئێراندا، لە ئێستادا دۆناڵد ترەمپ دەستی خستووەتە سەر یەکێک لە دوا خاڵە بەهێزەکانی ئێران و هەوڵی لەناوبردنی ئەو باڵە ئێرانیش دەدات. پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە ئێستادا وەک تاکە کارتی فشاری ئێران دەبینرێت کە بیەوێت لە پرسی دانوستانەکاندا بەکاری بهێنێت، بەڵام ئەو دەنگۆیانەی کە لە کۆشکی سپییەوە دەبیسترێت، باس لەوە دەکات کە هەوڵێکی جددی هەیە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ نەهێشتنی ئەو کارتەی دەستی ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکاندا. یەکێک لە بژاردەکانی نەهێشتنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، هێرشی ڕاستەوخۆس بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام پێش ئەوەی کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ڕووبدات، ئەو ئاماژەیەش دەبینرێت کە ترەمپ بیەوێت وەک کۆتا چانس، بە ئێران بڵێت خۆتان وەرن و واژۆی لەناوبردنی پرۆگرامی ئەتۆمییەکەتان بکەن. جیا لەمە، ئەوە ئیسرائیل ئامادەیە هاوشێوەی پرۆگرامە ناوەکییەکانی سەدام حوسێن و بەشار ئەسەد، واژۆی خۆی لەسەر پرۆگرامی ناوەکییەکانی ئێوەش دابنێت و ئەوکات دەچنە دۆخێکەوە کە ڕەنگە کۆتاییەکەی ئەوە بێت کە چاوەڕوانی ناکەن. ئەم چانسەی کە ترەمپ خستوویەتییە بەردەم ئێران، دەتوانێت لەو چوارچێوەیەدا بێت کە یەکێتی دژی ئێرانی ناوەکیی (UANI) باسی کردووە و داوای ئەوەی کردووە کە بۆ ماوەی سێ مانگ(٥) گەمارۆ ئابوورییەکان بخرێنەوە سەر ئێران بۆ ئەوەی کە پاشەکشەیەکی گشتی بە ئێران بکرێت.
چوارچێوەی تیۆری:
قوتابخانەی کۆپنهاگن و تیۆری ”بە ئاسایشیکردن” و ”نیۆ–ڕیالیزم” وەک تیۆری سەرەکی ئەم وتارە
کاتێک باس لە تیۆری ”بە ئاسایشیکردن” دەکردرێت، سەرنجەکان دەگەڕێنەوە بۆ ”قوتانخانەی کۆپنهاگن” و بیرمەندانی ئەم قوتابخانە کە لەسەر چەمک و تیۆرییەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشەوە کاریان کردووە. لە پەیمانگای توێژینەوەی ئاشتی کۆپنهاگن لە ساڵی ١٩٨٥، قوتابخانەی کۆپنهاگن بونیادنرا. ئەم قوتابخانەیە بە تێکەڵکردنی تایبەتی تیۆرییەکانی واقیعگەرایی و بونیادگەرایی کۆمەڵایەتی، ئاڵنگاری بۆ تێڕوانینە نەریتییەکان دروستکرد. کەسایەتییەکانی وەک بۆزان، ویڤەر و دی وایڵد، بەلگەیان هێنایەوە کە ئاسایش چەمکێکی ”جێگیر” نییە–بەڵکو هەڵسووکەوتێکە (ئەکت)، کە لە ڕێگەی زمان و کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە فۆرم (شکڵ) دەگرێت(٦). بۆزان، ویڤەر و دی وایڵد لە کتێبەکەی خۆیاندا بە ناویSecurity: A New Framework For Analysis، باس لەوە دەکەن ”ئاسایش دەبارەی مانەوەیە”،(٧) کاتێک دەوڵەتێک باس لەوە دەکات کە ئاسایشی لە مەترسیدایە، بەواتای ئەوەیە کە ”مانەوەی” لە مەترسیدایە، هەر لەم ئاڕاستەیەدا، ئەو دەوڵەتە هەموو تواناکانی خۆی دەخاتە کار بۆ ئەوەی بتوانێت پێش بەو هەڕەشە بوونییەکان (Existential Threats)بگرێت. کەواتە ئاسایش پێوەندی بە ”سیاسەتی هێزە”وە هەیە (Power Politics). بیرمەندانی تیۆری بە ئاسایشیکردن، پێنج کەرت (Sector)-یان بۆ ئەم تیۆرییە دیاری کردووە: ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، سیاسی و ژینگەیی (٨). هەرچەندە لە ئێستادا پرسی ئاسایشی سایبێریش لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی ئاسایشیدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لێرەدا زیاتر مەبەست ئەوەیە کە چوارچێوەی تیۆرییەکە بەشێوەیەکی گشتی باسی بکرێت. بۆزان، ویڤەر و دی وایڵد، هەروەها لەسەر ئەو خاڵە پێداگری دەکەن کە ”بە ئاسایشیکردنی سەرکەوتوو لە سێ قۆناغ یان هەنگاو پێکهاتووە: هەڕەشە بوونییەکان، کرداری لەناکاو، و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یەکەکان بە ڕزگاربوون لە یاساکان”(٩). بە واتایەکی دیکە، بە ئاسایشیکردن لە ڕێگەی وشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە پێناسەیەک بە بابەتێک دەکرێت، هێزی وشە لە بابەتی بە ئاسایشکردندا لەوێدا خۆی دەردەخات کاتێک بۆزان، ویڤەر و دی وایڵد، دەڵێن ”بە وتنی وشەکان، شتێک ئەنجام دەدرێت”(١٠). ئەم تیۆرییە دەتوانێت چوارچێوەیەکی ڕوون بەم وتارە بدات بۆ شیکاری دۆخی ئێستای نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا. لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە قسەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و ئەمریکادا سەبارەت بە ئێران دەبینرێت، هەمان ڕوانگەی بە ئاسایشیکردنی ئێرانە وەک هەڕەشەی بوونەییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، کە لە درێژەی ئەم نووسینەدا بە وردی باسی دەکرێت.
تیۆری نیۆ-ڕیالیزم
ڕیالیستەکان پێیان وایە هێز دراوی سیاسەتی نێودەوڵەتییە. یەک لەو کۆڵەکە سەرەکییانەی باسەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، تیۆرییەکانی ڕیالیزمە. ئەم تیۆرییانە لە زۆر بەشی جیاواز پێکدێن، بەڵام سەرچاوەی هەموویان دەگەڕێتەوە بۆ تیۆری ڕیالیزمی کلاسیک کە لە کات و دوای شەڕی دووەمی جیهانی چوارچێوە زانستییەکەی لە لایەن بیرمەندانێک وەک E.H.Carrو Hans Morgenthau داڕێژرا و دواتر لە لایەن بیرمەندانێکی دیکەوە وەک Kendt Waltz و John Mearsheimer پەرەیان پێدرا و لە چوارچێوەی تیۆری نیۆ-ڕیالیزمدا تیۆریزە کراوە. بە کورتی، جان میرشایمێر لە باسی پەیوەست بە تیۆری نیۆ-ڕیالیزم یان (Structural Realism)، لە سیستەمی ئانارشی نێودەوڵەتیدا لەسەر چەند خاڵ پێداگری دەکات: یەکەم، دەوڵەت ئەکتەری سەرەکییە لە سیستەمی ئانارشی نێودەوڵەتیدا. دووەم، هەموو دەوڵەتێک تا ئاستێک توانای سەربازی هەیە. سێیەم، دەوڵەتەکان قەت ناتوانن دڵنیا بن لە مەبەستی یەکتر. چوارەم، مانەوە ئامانجی یەکەمی هەموو دەوڵەتێکە. پێنجەم، دەوڵەتەکان ئەکتەری عەقڵانین(Rational) (١١). کە واتە ئەم تیۆرییە بۆ تێگەیشتن لە جۆری هەڵسووکەوتی دەوڵەتەکان لە سیستەمی ئانارشی نێودەوڵەتیدا پێویستیە بۆ ئەم باسە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی زانستی دروست بکرێت لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئێران و ئیسرائیل هەمووکات هەوڵی ئەوە دەدەن هێزی خۆیان زیاتر بکەن و لە زۆر قۆناغیشدا بەریەک دەکەون. میکانیزمی گەرانەوە بۆ دۆخی پێشوو یان (Snapback Mechanism):
لەپاڵ ئەم فشارانەی ئەمریکا هەوڵی بۆ دەدات، ئەو ئەگەرەش کراوەیە کە “میکانیزمی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو” (Snapback Mechanism) کارا بکرێتەوە و هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی پێش ڕێکەوتن لەسەر پرۆگرامی ناوەکی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥، بگەڕێتەوە بۆ سەر ئێران. میکانیزمی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە حەوت بڕیارنامە پێشووەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئێران. بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی ٢٠١٥، یاسای ژمارە ٣٦ و ٣٧ی ڕێکەوتنی ئەتۆمی، ئەگەر هەر یەکێک لە ئەندامانی بەشدار لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران پابەندی هەموو خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە نەبێت، ئەوە پرسەکە لە ئەنجومەن و کۆمیسیۆنی ڕێکەوتنی پرۆگرامی ئەتۆمی تاوتوێ دەکرێت. بەڵام ئەگەر نەگەن بە دەرئەنجام، پرسەکە دەبرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێ لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بڕیار لەسەر درێژەپێدانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی دەدرێت. لە کۆتاییدا ئەگەر لە ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێکی لەم شێوەیە دەرنەکرێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو گەمارۆکانی حەوت بڕیارنامەی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێتەوە سەر ئێران. هەموو ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی پێدراوە، بۆیە لە ئەگەری گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، چین و ڕووسیا ناتوانن هیچ دەورێک ببینن و کارتی ڤێتۆی ئەو وڵاتانە هیچ یارمەتییەکی ئێران نادات. بە کورتی، میکانیزمی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی پێدراوە و ماوەی ١٠ ساڵ کاتی بۆ دیاری کراوە، واتە تا کۆتایی بەهاری ٢٠٢٥، ئەم بڕیارنامەیە دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگی چین و ڕووسیا کاری پێبکرێت. بەڵام لە دوای ئەو ڕێککەوتە، بۆ گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی پێشوو (لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی سڵی ٢٠٢٥) بۆ سەر ئێران، پێویستی بە دەنگی چین و ڕووسیا هەیە. لێرەدایە کە پێناچێت ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێگە بدەن چین و ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش فریای ئێران بکەون و پێش کۆتاییهاتنی ڕێکەوتی بڕیارنامەی ٢٢٣١، پێدەچێت هەوڵی کاراکردنی میکانیزمی گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو بدرێت. هەروەها هەموو گەمارۆ ئێسک شکێنەکان بگەڕێتەوە سەر ئێران و هەوڵی دۆناڵد ترەمپ بۆ واژۆکردنی گەمارۆ خستنەسەر ئێران، لە هەمان چوارچێوەدا بێت.
لە قەیرانی پرۆگرامی ناوەکییەوە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە؛ بە ئاسایشیکردنی هەموو هەڵسووکەوتەکانی ئێران
دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی باڵای ئیسرائیلی لە زۆربەی باسەکانیاندا جەختیان لەسەر خاڵێک کردووە کە لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، بە واتای ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی باڵانسی هێزی خۆیدا دەبێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە و هاوکات لەگەڵ باسکردن لەسەر پرۆژەی نەزمی نوێ(١٢)، دەرخەری ئەو بابەتەیە کە ئەو شێوە لە حوکمڕانییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی هەبووە، لە قازانجی ئیسرائیل نییە و دەبێت بە هەڵتەکاندنی بنچینەیی نەزمی نەریتی پێشووی ناوچەکە، باڵانسی هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قازانجی ئیسرائیل بشکێتەوە و چیتر هەڕەشەی ئاسایش بۆ ئیسرائیل دروست نەبێت. لێرەدایە کە دوبارە ئێران پەیوەست دەکرێتەوە بە باسەکەوە و هاوشان لەگەڵ پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەک و درۆنەکانی، پرسی هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران لە ئیسرائیل خۆی لە چوارچێوەی ئەم باسەدا بۆ جارێکی دیکە تیۆریزە دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی تیۆری نیۆ-ڕیالیزمەوە، دەوڵەتەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا هیچکات ناتوانن بڕوا بە یەکتر بکەن و لە “مەبەستی” یەکتر تێناگەن، بۆیە دەوڵەتەکان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە هێزی خۆیان زیاتر بکەن و لەم ئاڕاستەیەدا “مانەوەی خۆیان” مسۆگەرتر دەکەن. ئێرانییەکان لە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوودا زۆرجار هەڕەشەی ئەوەیان لە ئیسرائیل کردووە کە ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر ئەو وڵاتە و بۆ هەمیشە ئەو وڵاتە “دەسڕینەوە”. ئەم هەڕەشانەی ئێران لە ئیسرائیل لە دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بەشێوەی کردەیی جێبەجێ کرا و ئێران دوو جار بە مووشەک و درۆن هێرشی ڕاستەوخۆی لە ناوخاکی خۆیەوە کردە سەر ئیسرائیل، هەرچەند کە هێرشەکانی ئێران زیانی زۆری لێنەکەوتەوە و ئیسرائیل بە هێرشی پێچەوانە هەردوو جارەکە وەڵامی ئێرانی دایەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە، کە بەریەککەوتنی ئەو دوو دەوڵەتە لەوێدا کۆتایی پێهاتووە؛ هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر، ئاستی بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بردە ئاستی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی دەوڵەت-دەوڵەت، ئەمە بە واتای ئەوەیە کە ئەم دوو دەوڵەتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشینەیەی کە هەیانە و هێرشی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر یەکتر، چیتر قەت ناتوانن لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا هەڵسووکەوتێکی ئاسایی لەپێش یەکتردا بنوێنن.
تیۆرییەکانی ڕیالیزم و بەتایبەت نیۆ-ڕیالیزم ئەوە ڕووندەکاتەوە، دۆخی نێوان ئێران و ئیسرائیل ناتوانێت ئارامی بەخۆیەوە ببینێت و جۆری هەڵسووکەوتی ئەو دوو دەوڵەتە لەپێش یەکتردا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەو دوو دەوڵەتە هەست بە مەترسی “مانەوە” دەکەن و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بەسەر یەکتردا زاڵ بن. لە مێشکی دەوڵەتی ئیسرائیلدا ڕووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، هەوڵێکی ئێران بووە بۆ مەترسی دروستکردن بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم ئاڕاستەیەشدا دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەو هەڕەشە و هەوڵانەی ئێران، هاوشان لەگەڵ پرۆگرامی ئەتۆمییەکەیدا وەک مەترسییەکی گەورە دەبینێت و هەوڵی بنبڕکردنی هەموو ئەم مەترسییانە دەدات. بە واتایەکی دیکە، هەموو هەڵسووکەوتەکانی ئێران لە چاوی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بەئاسایشی کراون، واتە هەر جۆرە هەنگاوێکی ئێران لە بوارەکانی سەربازی، ئەتۆمی و پرسەکانی پەیوەندیدار بە گرووپەکانی ناو “محور مقاومت” وەک مەترسی ئاسایشی بۆ ئیسرائیل دەبینرێت و ڕێگە بە ئێران نادرێت چیتر وەک جاران لەو بوارانەدا هەنگاو بنێت، هەر لەم ئاڕاستەیەشدایە کە بنیامین نتانیاهۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتبووی کە ئێران لاواز کراوە و بە پاڵپشتی ئەمریکا، “هیچ گومانێکم نییە لەسەر ئەوەی دەتوانین و کارەکە تەواو دەکەین” (١٣). ئەم وتانەی نتانیاهۆ هاوشان لەگەڵ هەموو ئەو مەترسییانەی کە ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ ئیسرائیل دروستی کردووە، شایەتی ئەوە دەدات کە ئیسرائیل لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، لەو ئاڕاستەیەدا هەنگاوی هەڵناوە کە هەموو هەڵسووکەوتێکی ئێران وەک ”هەڕەشە بوونییەکان” بۆ سەر ئیسرائیل پێناسە بکەن و پێویستی بە ”کرداری لەناکاو” بێت بۆ پێشگرتن لەو هەڕەشانە.
بە ئاسایشیکردنی ئێران، واتە وەک خۆی نیشاندانی هەڕەشەکانی ئێران و جیاوازتر لە سیاسەتەکانی ئیدارەکانی باراک ئۆباما و جۆ بایدن، لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا هەموو هەنگاوەکانی ئێران وەک مەترسی گەورە دەبینرێن و واتە ڕەوایی دان بە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هەرجۆرە هەنگاوێکی کردەوەیی بۆ لاوازکردنی ئێران لە بوارەکانی سەربازی، ئابووری و ئاسایشی و سیاسی. جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوە و جێگری سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بۆ کاروباری ستراتیجی، لەسەر پرسی بە ئاسایشیکردنی ئێران، جارێک وتبووی ”ئێمە ]ئێران[ کەوتووینە ناو چاڵی بە ئاسایشیکردن”، واتە هەڵسووکەوتەکانی ئێران لە چوارچێوەیەکی مەترسیدار بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ئیسرائیل دەبینرێت کە لە هەرکاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە ئێران تووشی ڕووداوگەلێکی لەناوکاو، لەوانە هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر پرۆگرامی ئەتۆمی، مووشەکی و درۆنییەکانی بکات.
هەموو ئەم بابەتانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە چیتر ڕێگە بە ئێران نادرێت وەک پێشووتر لە ناوچەکەدا هەنگاو ببینێت و دەبێت چاوەڕوانی ئەوەی هەبێت کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا هاوشانی ئیسرائیل، بیانەوێت فشاری زیاتری ئابووری، سیاسی و ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست بکەن. نەبوونی سەقامگیری ئابووری لە ئێران و هەڵکشانی ڕۆژانەی نرخی هەڵاوسان، هاوشان لەگەڵ فشارە ئابووری و ئاسایشییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەتوانێت ناسەقامگیری زیاتر لە ناوخۆی ئێران دروست بکات و خەڵکێکی زیاتر پەیوەست بکات بە بەرەی ناڕازییەکانی دەسەڵاتی ئێران. لێرەدایە کە کێشەکانی ئێران دەکرێنە دوو بەشەوە؛ ناوخۆیی و دەرەکی، کە دەربازبوون لەم قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییانە کارێکی ئاسان نییە بۆ دەوڵەتی ئێران. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئێران بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت کە ببێت بە دەوڵەتێکی نا-کارکرد، واتە توانای ئەوەی نەبێت خۆی لە قەیرانەکان دەرباز بکات و ڕۆژانە قەیرانی نوێی لە ڕێگەی فشاری ئابووری و ئاسایشییەوە بۆ دروست بکرێت و ئەم قەیرانانە لەسەر یەکتر کەڵەکە بن.
دەرئەنجام
قۆناغی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، دەتوانرێت لە زۆر ڕوانگەوە باسی بکرێت، بەڵام یەکێک لە گرنگترینەکەیان ئەوە بوو کە تابۆی هێرشی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر شکێندرا و ئاستی بەریەککەوتنی ئەو دوو دەوڵەتەی لە سێبەر هێنایە دەرەوە و بردیە قۆناغی بەریەککەوتنی دەوڵەت-دەوڵەت. هەر لەم ئاڕاستەیەشدا ئیسرائیل بە پاڵپشتی بێ مەرجی ئەمریکا، توانی پاشەکشەیەکی گشتی بە ئێران و پرۆکسییەکانی بکات، بەڵام ئەم پاشەکشەپێکردنانە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ویستەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بێت و لەبەرئەوەی کە ئێران لە دۆخێکی لاوازی سیاسی، ئابووری و ئاسایشیدایە، پێدەچێت کە ئیسرائیل بیەوێت زیاتر فشار بۆ سەر ئێران دروست بکات و هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ناوچەکە بۆ ئیسرائیلی دروستکردووە، بگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران و ئەوکات لە ناوخۆی ئێران پێش بە مەترسییەکانی ئێران بگرێت، نەک لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل.
ئەوەی کە لەم نووسینەدا سەرنجی خرایە سەر، ئەوە بوو کە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، یەکێکە لە ویستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پاشەکشەپێکردنی ئێران، بەڵام هاوکات پرسگەلێک وەک دەستێوەردانە ناوچەییەکانی، مووشەک و درۆن و هەوڵ بۆ زیندووڕاگرتنی “محور مقاومت”، بابەتگەلێکن کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوایەوەن بۆ بنبڕکردنیان. لەم ئاڕاستەیەدا دەتوانرێت بگوترێت کە ئەگەر ڕێکەوتنێکیش لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بێتە ئاراوە، هێشتا بە واتای ئەوە نییە کە قەیرانەکان کۆتاییان پێهاتووە، بەڵکو دۆخی ئێستای ناوچەکە، جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو، ئەوە دەخوازێت بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، بەردەوامی بدەن بە گوشارەکانیان بۆ سەر ئێران، تا ئەوکاتەی ئێران تەسلیمی هەموو ویستەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێت، بە واتایەکی دیکە، هەموو جووڵە و هەڵسووکەوتەکانی ئێران وەک مەترسی ئاسایشی دەبینرێن و ئەمە بەتەنیا لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئەتۆمییدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو زۆربەی بابەتەکانی پێوەندیدار بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاستی جیهانی، وەک مەترسییەک بۆ سەقامگیری ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی و مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل دەبینرێت، بۆیە وڵاتێک وەک ئیسرائیل هەمووکات جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردووە کە ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی یان درێژە بە سیاسەتەکانی لە دژی ئیسرائیل لە ناوچەکە بدات، و بژراردەی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئێران، لەسەر مێزی سیاستەمەدارەکانی ئیسرائیلدایە، بۆیە دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە هەبێت کە ئیسرائیل لە چوارچێوەی سیاسەتی واقیعگەراییدا ، بیەوێت واژۆی خۆی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دابنێت و مێژووی عێراق و سووریا، ئەمجارە لە ئێران دوبارە بکاتەوە و هاوکات هەموو شادەمارەکانی “محور مقاومت” لە ناوچەکە، بە یارمەتی ئەمریکا، ببڕێت.
سەرچاوەکان
١: https://www.reuters.com/world/us/trump-set-reimpose-maximum-pressure-iran-official-says-2025-02-04/
٤: https://www.theguardian.com/world/2024/oct/27/israel-strikes-iran-air-defence-systems-energy-sites
٦: Titilayo Aishat Otukoya: The securitization theory: https://ijsra.net/sites/default/files/IJSRA-2024-0225.pdf
٧: Buzan, B., Weaver, O., & De Wilde, J. (2010). Security: A new framework for analysis. Lynne Rienner Publishers: P:21
٨: https://www.e-ir.info/pdf/72393
٩: : Buzan, B., Weaver, O., & De Wilde, J. (1998). Security: A new framework for analysis. Lynne Rienner Publishers: P:26
١٠: Buzan, B., Weaver, O., & De Wilde, J. (1998). Security: A new framework for analysis. Lynne Rienner Publishers: P:26
١١:John J. Mearsheimer: Structural Realism
١٢: https://sekokurd.org/?p=6519
١٣: https://hawlati.co/page_detail?smart-id=38009