• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 25, 2024

فراوانی: ئایندە باشترە لەوەی بیری لێ دەكەیتەوە

ئامادەكردن: ئایندەناسی

كتێبی “فراوانی: ئایندە باشترە لەوەی بیری لێ دەكەیتەوە” (Abundance: The Future Is Better Than You Think)، لە لایەن پیتەر دیاماندیس (Peter H Diamandis) و ستیڤن كۆتلێر (Steven Kotler) نووسراوە. چاپی یەكەمی ئەم كتێبە لە ساڵی 2012 و چاپی دووەمی بە دەستكارییەوە لە ساڵی 2022دا خراوەتە بەر دیدی خوێنەران.

پیتەر دیاماندیس؛ خاوەنكار، لێكۆڵەری ئایندەیی، تەكنەلۆژیكار، نووسەری پڕفرۆشی نیویۆرک تایمز و دامەزرێنەری زیاتر لە 25 كۆمپانیایە. بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماستەری لە دامەزراوەی تەكنەلۆژیای ماساچۆست و دكتۆرای لە پەیمانگای پزیشكیی هارڤارد بەدەست هێناوە. خاوەنی شەش كتێبە و ئەركی خۆی لە تواناداركردنی خاوەنكارەكان بۆ هێنانەكایەی ئایندەیەكی هیوابەخش، قایلكەر و فراوان بۆ مرۆڤایەتی دەبینێتەوە.

ستیڤن كۆتلێر؛ نووسەری پڕفرۆشی نیویۆرک تایمز، ڕۆژنامەنووس و یەكێک لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی گرووپی لێكۆڵینەوەكانی فلۆ (Flow)یە، هەروەها شارەزایەكی دیاری جیهانیی بواری كاركردی مرۆڤایەتییە. خاوەنی 14 كتێبە كە یانزەیان پڕفرۆشن و بە زیاتر لە 60 زمانی جیهانی وەرگێڕدراون.

نووسەرانی كتێبەكە بە پۆلێنكردنی گرنگترین پێداویستییەكانی مرۆڤ كە بریتین لە: ئاو، خواردەمەنی، چاودێرییە پزشكییەكان، پەروەردە و ئازادی، بە ڕەچاوكردنی گۆڕانكارییەكانی بواری تەكنەلۆژیا و داهێنانەكانی مرۆڤایەتی و بە ناساندنی دەیان داهێنەری وەک: ستیڤن هاوكینگ، دین كامێل، دەینل كانمەن، ئیلان ماسک، بیل جۆی، ستوارت بڕاند، جێف ئێسكال، ڕاتان تاتا و زۆرێكی تر، كە لە بوارە جیاوازەكاندا پێشكەوتنی گەورەیان هێناوەتە كایەوە، دەیانەوێت ئەو گریمانە بسەلمێنن كە مرۆڤ لە ئێستا و ئایندەدا، لە دۆخی زۆر باشتر و پێشكەوتووتر بەراورد بە ڕابردوو دەژیەت.

هەردوو نووسەر لە هەوڵی ئەوە دان كە وێنەیەكی جوان لە جیهانی ئێستا و داهاتوو بخەنە ڕوو، كە تێیدا بە هۆی پێشكەوتنە مۆدێرنە تەكنەلۆژییەكانەوە، پێداویستییە سەرەكییەكانی هەمووان، تەنانەت لە گۆشەگیرترین و هەژارترین ناوچەكانی جیهان؛ دابین بكرێت. ئەوان لە ڕێگەی دیدگاكانی تایبەت بە خۆیانەوە، ئەوەمان پیشان دەدەن كە ئایندە دەتوانێت گەشاوەتر و ڕووناكتر بێت لەوەی كە ئێمە وێنای دەكەین. بە هۆی پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكانی وەک ئینتەرنێت، مۆبایلی زیرەک، وزە نوێبووەكان (Renewable energy)، جیهان بە شێوەیەكی گەشەسەندوو بەیەكەوە لكێنراوە و لە ئەنجامدا دەستگەیشتن بە پەروەردە، چاودێرییە تەندروستییەكان و سەرچاوەكانی ئاسانتر و لەبەردەستترە. ڕۆبۆت و بەئۆتۆماتیكیكردن؛ هێزی مرۆیی بۆ هەوڵە داهێنەرەكانیان ئازادتر كردووە و زیرەكیی دەستكرد (AI) یارمەتیی مرۆڤایەتی بۆ چارەسەركردنی بەشێک لە ئاڵنگالیترین كێشەكانی دەدەن. ئەم پێشكەوتنانە وایان كردووە پێداویستییە سەرەكییەكانی هەمووان وەک خواردن، ئاو و وزە بە شێوەیەكی فراوان دابین بكرێت. بۆیە ئەم پێشكەوتنانە بەم مانایە دێت كە ئێمە لە لێواری سەردەمێکی نوێی فراوانداین و جگە لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانمان، دەتوانین ڕووبەڕووی کێشە زۆر گەورەکانی وەک هەژاری و نەخۆشی ببینەوە. بە واتایەكی تر: فراوانیی ئەم سەرچاوە بەدەستهاتووانەی بەرهەمی پێشكەوتنەكان، دەتوانێت بۆ بەدەستهێنانی ئایندەیەكی باشتر بۆ هەمووان بەكار بێت، بە مەرجێک ئامرازەكانی تەكنەلۆژیا بەردەستی هەمووان بێت.

لە ڕابردوودا ئەگەر كەسێک بیویستایە ئیشوكارێک دەست پێ بكات، پێویستی بە سەرچاوەیەكی دارایی بەرچاو هەبوو، بەڵام لەم ڕۆژگارەی ئێستادا بە هۆی پلاتفۆڕمەكانی وەک ئامازۆن و كیکستارتر (Kickstarter)، هەر كەسێک كە بیرۆكەیەكی باشی هەبێت دەتوانێت پارە كۆ بكاتەوە و بەرهەم و خزمەتگوزارییەكانی خۆی ڕەوانەی بازاڕە جیهانییەكان بكات. بە هۆی هێزی ئینتەرنێتەوە ئیشوكارەكانی ئێستا دەستیان دەگاتە بازاری جیهانی كە لە ملیاران كڕیار پێک هاتووە. لە ئەنجامدا خاوەنكارەكان ئەو هەلەیان بۆ ڕەخساوە كە بەبێ پێویستییان بە سەرمایەی زۆر، كاروباری خۆیان ڕێک بخەن. ئەمە تەنیا نموونەیەكە كە تێبگەین چۆن تەكنەلۆژیا ئەم دەرفەتەی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی جیهانێكی جیاواز بۆ هەمووان بهێنینە كایەوە. كاركردەكانی ئەم تەكنەلۆژیایە بێكۆتایی و بێسنوورە. هەر چەندێک ئەم تەكنەلۆژیایە كامڵتر و پەرەسەندووتر بە ڕێگەی خۆیدا بڕوات، توانای مرۆڤ بۆ بەدیهێنانی جیهانێک لە فراوانی و هەل زیاتر دەبێت. بە سوودوەرگرتن لە هێزی تەكنەلۆژیا و هاوكاریكردنی یەكتر، دەتوانین ئایندەیەكی ڕووناكتر و دادپەروەرانەتر دروست بكەین.

ئەم پێشكەوتنانە كە سەردەمێكی نوێی پەرەسەندووی فراوانی دروست كردووە، وای كردووە جگە لە لایەنی چاكە و خێری گشتی، لە ڕووی كەسییشەوە گۆڕانكارییەكی گەورە بێتە كایەوە و دەستگەیشتنی كەسەكان بە سەرچاوەكان؛ باشتركردنی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەی ئاسانتر كردووە. بۆ نموونە؛ خەڵک لە ئێستادا دەستیان دەگاتە بەرنامە فێركارییە ئۆنلاینەكان، كە سوودی پەرەپێدانی توانای كەسیی هەیە و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

نووسەران پێیان وایە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤی ئێستا لەگەڵ نەخۆشییەكان و چارەسەركردنیان، نموونەیەكی باشی پێشكەوتنی مرۆڤی ئێستا و دڵخۆشییە بۆ ئایندە. لە ڕابردوودا خەڵكانێكی زۆر بە هۆی نەخۆشییە گشتگیرەكانی وەک ئاوڵە و تاعوون لەنێو دەچوون، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی ڤاكسین و پێشكەوتنەكانی بواری پزیشكی، توانیومانە زۆرێک لە نەخۆشییەكان بنبڕ بكەین و سەرباری ئەمەش لە ئێستادا توانایی ئەوەمان هەیە كە بە خێرایی ڤاكسین بۆ نەخۆشییە نوێیەكان دابین بكەین، شتێک كە تاوەكوو چەندین ساڵی ڕابردوو ئەگەری نەبووە. ئێمە لە ئێستادا توانای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی و باشكردنی دۆخی تەندروستیی خەڵكمان لە ئاستێكی جیهانیدا هەیە. ئەم دەستكەوتە مایەی سەرنجدانە و دەریدەخات كە ئێمە چەندێک لە توانا تەكنەلۆژیاییەكاندا پێشكەوتنمان هەبووە. ئێمە لە ئێستادا دەتوانین زۆرێک لەو نەخۆشییانەی كە پێشتر بێ چارەسەر بوون؛ لەنێو ببەین، بە هۆی تەكنەلۆژیاوە زانیاریمان سەبارەت بە نەخۆشییەكان و چارەسەركردنیان باشتر بووە. لە بابەتی نەخۆشییە دەروونییەكان، زیرەكیی دەستكرد یارمەتیدەرێكی گەورەیە و بە هۆی دیاریكردن و پێشبینیی نەخۆشییەكانەوە زیاتر لە ڕابردوو لە چارەسەركردن نزیک بووینەتەوە و نەخۆشییە دەروونییەكان خێراتر و كاریگەرتر چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە. ئەمەش بەڵگەیەكی ترە بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بكەین كە دەتوانین ئایندەیەكی باشتر بۆ هەمووان بهێنینە كایەوە.

لە بواری خواردەمەنیدا، لە ڕابردوودا خواردمەنی كەمتر بووە، كشتوكاڵ ئاسان نەبووە و زەوییەكان بەرهەمیان كەمتر بووە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكانی بواری كشتوكاڵ وەک كشتاو (Hydroponics)، دەتوانین بەبێ پێویستی بە زەوییە فراوانەكان، تەنانەت لە ماڵەكانیشدا خواردن بەرهەم بهێنین. زیاتر لەمە، ئێستا ئێمە توانای دەستكاری و گۆڕینی جیناتی بەرهەمە خواردەمەنییەكانمان هەیە بۆ ئەوەی بە ئاوێكی كەمتر بتوانین بەرهەمەكانمان وەبەر بهێنین و بەرامبەر بە ئافات و نەخۆشییەكان بەرگە بگرن. لە ئەنجامدا ئەمڕۆ خواردنی پێویست بۆ هەموو مرۆڤەكانی سەر زەوی بەرهەم بهێنرێت و لە ئایندەدا تەنانەت زیاتر ببێت. ئەم بابەتە سەبارەت بە سەرچاوەكانی دیكەی وەكوو ئاوی پاکیش ڕاستە، كە بە هۆی پێشكەوتن لە تەكنەلۆژیای پاڵاوتننی ئاو لەبەردەستتر دەبێت.

لە كۆتاییدا دیاماندیس و كۆتلێر بەردەوام جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەكەنەوە كە ئایندە بە هۆی پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان و داهێنانەكانی مرۆڤایەتییەوە لەوە باشترە كە مرۆڤەكان بیری لی دەكەنەوە و جیهان بە بەرارود بە چەند دەیەی ڕابردوو شوێنێكی باشترە بۆ ژیان.

Send this to a friend