• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 22, 2024

خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات

 توێژەر: ئەحمەد محەمەدپوور

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: گەلاوێژ سۆفی

 

پوختە

کوردەکان وەک ئەندامانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت کە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە دابەشکراون بەسەر ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا، لە ڕۆژئاوا بەزۆری بە شەڕڤانی نایاب و شۆڕشگێڕی سیاسی دەناسرێن. لەنێو ئەو وێرانکارییانەی کە بە هۆی شەڕ و ململانێی سیاسییەوە دروستبووە، لە ڕووی ئابوورییەوە زۆربەی کوردەکان هەوڵیان بۆ مانەوەیە. ئەمەش بەتایبەتی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات کە لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا دەژین ڕاستە. ئەوان بینیویانە دەست بەسەر زەوییەکانیاندا گیراوە، سەرچاوەکانیان تاڵانکراوە و دەستڕاگەیشتنیان بە سەرمایە و جووڵەی پەروەردەیی زۆر سنووردار کراوە. هەروەها، کورد لەژێر سیاسەتی مەرگ (نەکرۆپۆلەتیک)ی فارسی-شیعی ئێراندا، لەڕووی کولتووری و ئابوورییەوە ژێردەستەی دەسەڵاتێکی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی بووە کە هێدی هێدی توانای مانەوەیانی لەڕووی ئابووری لەناوبردووە. ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە ئەدەبیاتی سەروەری و تووندوتیژی، بەدواداچوون دەکات بۆ پەیوەندی نێوان دۆخی ناسەقامگیریی و شوێنگیری و سیاسەتی مەرگ کە لە پراکتیکی کاری سنووربەزاندنی کورد، یان کۆڵبەریدا بەرجەستە بووە. من دەڵێم دەوڵەتی ئێران گوتاری سنووری ئەمنییەتی وەک چەکێک بۆ سەپاندنی دۆخی هەڵاواردنی هەمیشەیی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا جێگیردەکات، کورد بە پێگەی مەمرە و مەژی لەڕێگەی سەپاندنی پراکتیکی ناجێگیری کاری مەرگ مەحکوم دەکات. جگە لەوەش، ئەم لێکۆڵینەوەیە سنوور وەک ئەرشیفێک دەخاتە ڕوو کە تۆمارەکانی سیاسەتی مەرگی دەوڵەت تێیدا دانراون و دەپارێزرێن و ئاشکرادەکرێن لەژیانی کۆڵبەرەکاندا.

کلیلە وشە

داماڵینی ڕەسەنایەتی، ئێران، کۆڵبەری، سیاسەتی مەرگ، ڕۆژهەڵات، دۆخی هەڵاواردن.

  • میشێل فۆکۆ(١٩٧٨، ٩٥-٩٦)

لە کوێ دەسەڵات هەبێت، بەرخۆدانیش دەبێت .

-فرانتز فانۆن (١٩٦٣، ٤٤)

بۆ گەلێکی داگیرکراو، پێش هەموو شتێک، بەنرخترین و بەرجەستەترین شت خاکە: ئەو خاکەی کە نان و – لەسەرووی هەمووشیانەوە- شکۆمەندییان بۆ دەهێنێت .

-ئاشیل ئێمبێمە (٢٠٠٣، ١٢)

سەروەربوون واتە کۆنترۆڵکردنی مردنمان و پێناسەکردنی ژیان بە بەکارهێنان و پیشاندانی دەسەڵات

بەرایی

کورد بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژئاوا بە سەرباز/شەڕڤانی نایاب و شۆڕشگێڕی سیاسی ناسراوە. ئەوان ئەندامی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتن کە لەڕووی جێۆپۆلەتیکییەوە بەسەر وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا دابەشبوون. زۆربەی کوردەکان لەناو وێرانکاری و نائارامی سیاسیدا خەبات بۆ مانەوەی ئابووری دەکەن. ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو کوردانەی لەژێرسایەی دەوڵەتی ئیتنۆ-تیۆکراتی ئێراندا دەژین، ڕاستە (بڕوانە Mohammadpour & Soleimani, 2020). کوردەکان بەو بەشەی نیشتمانەکەیان (یان کوردستانی گەورە) کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئێراندایە دەڵێن ڕۆژهەڵات، یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان.١ دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران بۆ دەیان ساڵە ڕۆژهەڵات یان کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستووەتە ژێر سیاسەتی دوژمنکارانەی دژە پەرەپێدانەوە، کە شێوە نەریتییەکانی بژێوی وەک کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و سەرچاوە سروشتییەکانیانی لەناوبردووە. کوردەکان بەچاوی خۆیان بینیویانە کە چۆن خاکەکەیان و سەرچاوەکانیان تاڵاندەکرێت و دەستگەیشتنیان بە سەرمایە و بزاوتی پەروەردەیی بە تووندی سنووردار کراوە. جگە لەوە، کوردەکان لەژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی فارسی-شیعی ئێراندا لەڕووی کولتووری و ئابوورییەوە لەلایەن ڕژێمێکی داگیرکەری ناوخۆییەوە ژێردەستەکراون کە وردە وردە تواناکانیانی بۆ مانەوەیان لەڕووی ئابوورییەوە لاوازکردووە. لەم دۆخەدا، کوردانی ڕۆژهەڵات تەنها بژاردەی سنووردار دەبینن بۆ بەردەوامیدان بە ژیانیان. یەکێک لەو شێوازە باوانەش مانەوەیە لەڕێی کۆڵبەرییەوە، کە فۆرمێکی مەترسیداری کاری سنووربەزاندنە و بووەتە هۆی مردن و برینداربوونی نزیکەی ٢٠٠٠ کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە تەنها لە چەند ساڵی ڕابردوودا (بڕوانە خشتەی ١). هەروەک دواتر ڕووندەکرێتەوە، کە ژیان و مردن بەقووڵی پێکەوە ئاوێتە بوون بەجۆرێ هەموو نیشانەکانی نەکرۆپۆلەتیکی دەوڵەت لەسەر ژیان و خاکی   سنوورەکان ی ڕۆژهەڵات هەڵگرتووە. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە چۆن دەوڵەتی ئێران نیشتمانی دایکی کوردی کردووەتە چەکێک دژ بە بوونی کۆمەڵایەتی کورد (،بڕوانە De Leon, 2015). با زیاتر ڕوونی بکەینەوە، کەیسی کۆڵبەرە کوردەکان کە حکومەت لە سنووری عێراق-ئێراندا دەیانکاتە ئامانج، هاوتایە لەگەڵ ئەدەبیاتی جوگرافیایەکی وەک مەکسیکدا. توێژینەوەکانی جەیسن دی لیۆن لە سنووری ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکاو مەکسیک، بۆ نمونە، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەڕێی سیاسەتی  خۆپارێزی لەڕێگەی ڕێگریکردنەوە ، سنووری جوگرافیای سەختی بیابانی سۆنۆرانی وەک چەکێکی کوشندە دژی کۆچبەرانی نایاسایی بەکاردەهێنێت، بەمەبەست کۆچبەران ڕووبەڕووی مەترسی وشکبوونەوە و پلەی گەرمی بەرز و هێرشی ئاژەڵان و مەترسییەکانی دیکەی بیابان دەکاتەوە. لە سنووری ڕۆژهەڵاتیشدا، دەوڵەت لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی بایۆدیسپلین، کەڵک لە سنووری شاخاوی و ڕێگای مەترسیدار و مەترسییە سرووشتییەکانی دیکە وەردەگرێت بۆ دروستکردنی جوگرافیای مەرگ و وەک دەستەواژەسازی دی لیۆن بۆ گۆڕینی بە گۆڕی کراوەی سنوور. ئەم نووسینە بەدوای تێگەیشتنێکی ئیتنۆگرافی و ئیمیکی سەبارەت بە ئەزموونی ژیانی کۆڵبەرە کوردەکاندا دەگەڕێت و دەپرسێت کە کێ و بۆچی دەچێتە ناو ئەم کارەوە. لەوەش گرنگتر، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن جێبەجێکردنی جیاوازییە ئیتنۆ/ئایینی و زمانەوانییەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی کوشندە لەم کارە تاقەتپڕوکێنەدا دەردەکەوێت و خۆی حەشاردەدات.

لە زمانی کوردیدا، کۆڵبەر (کۆ: کۆڵبەران) ئاماژەیە بۆ کرێکارانی سنوور – چ پیر، گەنج، نێر یان مێ- کە کاڵا بە پشت هەڵدەگرن و لە سنووری نێوان ئێران و عێراق یان تورکیا دەپەڕنەوە. باری کۆڵبەرەکان لەوانەیە ئامێری ناوماڵ، جگەرە، تایە، یان پێداویستی خۆراک لەخۆبگرێت، کە بە کرێیەکی نزیکەی ٤٠ هەزار تومان بۆ هەر کیلۆگرامێک، واتە بەنزیکەیی یەک دۆلار. کێشی بارەکە بەگوێرەی تەمەن و توانای جەستەی و ڕەگەزی کۆڵبەر دەگۆڕێت و لە ٢٥ بۆ ١٠٠ کیلۆگرام دەبێت. ئەم کاڵایانە لەلایەن دەڵاڵە ناوخۆییەکان یان بازرگانانی غەیرە کوردەوە خاوەندارێتی دەکرێن کە لە نزیکەوە لەلایەن دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکانەوە بەتایبەت سوپای پاسدارانی ئیسلامی (IRGC)پاڵپشتی دەکرێن یان سوودمەند دەبن. لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەتی پاش ساڵی ٢٠٠٩، ژمارەی ئەو کوردانەی کە ناچارکراون بە کۆڵبەری بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوەدەکەن نزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کورد خەریکی ئەم کارەن، حکومەت ڕەتیدەکاتەوە ئەو کارە بە یاسایی بکات، زۆرجار بە  قاچاخچێتی   ناوی بردووە بۆ پاساودان بەو تووندوتیژییە بێ سنوورەی لە سنوورە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵات لە دژیان ئەنجامدەدرێت. سەرەڕا بە نایاسایی هەژمارکردنی، دەوڵەت کۆڵبەری بۆ قازانجی ئابووری خۆی دەقۆزێتەوە. ئەمە بەڕوونی لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠٢١ی حکومەتدا ئاماژەی پێکراوە و بەشیوەیەکی ئایرۆنی بە وێنەی کۆڵبەرەکان ڕازێنراوەتەوە کە بارەکانیان ڕادەکێشن، ستایشی بەشی بازرگانی ئەمساڵیان دەکەن کە ٢٤ ملیۆن دۆلارە (وێنەی ١).

کۆڵبەرەکان بەزۆری بە گرووپی دەیان بۆ سەدان کەسی گەشت دەکەن، بوێرانە لە ڕێڕەوی چیا هەڵخەڵەتێنەرەکان دەپەڕنەوە کە لەوانەیە بکەونە بۆسەی مین یان هێزەکانی دەوڵەت. گەشتێکی ئاسایی دەکرێت لەهەر شوێنێک لە ١٢ کاژێرەوە تا دوو ڕۆژ بخایەنێت. کۆڵبەری کە سەردەمانێک کارێکی کورتخایەن بوو و کاری کەسانی بێ بەهرە بوو، ئێستا بووەتە هێمای ژیانی کورد بەهۆی سیاسەتی دژە پەرەپێدانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە (لەمەودوا IRI)، دەرچووانی زانکۆ و کرێکارانی لێهاتوو، تەنانەت وەرزشوانانیش بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری و ژێرخانی وەبەرهێنان ناچارن ئەم کارە بکەن. چیرۆکی باقر ئەم دۆخە ڕوونتر دەکاتەوە  من لە دکتۆرای بیرکاری بە پلەی ١٢ وەرگیرام، بەڵام گۆزینش (بەشی هەڵبژاردن) منیان ڕەتکردەوە. بە بڕوانامەی ماستەرەوە چوومە هەر ئۆفیسێک گوتیان پێویستیان بە من نییە، باوکم پیر بووە و دەبێت هاوکاری خێزانەکەم بکەم. کۆڵبەریش تاکە شتێک بوو دەمتوانی ئەنجامی بدەم .

ڕەنگە کۆڵبەرەکان داهاتێكی زۆریان دەستنەکەوێت، بەڵام ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان. گەشتەکەیان بەگشتی کاژێر ٤ی بەیانی دەستپێدەکات و بریتییە لە ڕۆشتن بەناو کەندەڵانە مەترسیدارەکان و بەرگەگرتنی پلەی گەرمی تا ئاستی بەستن لە زستاندا و دیمەنی سامناکی سرووشت دەتوانێت ببێتە هۆی خلیسکان و کەوتنی کۆڵبەرەکان، لەئەنجامدا ڕووداوی دڵتەزێنی لێبکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوچەی شاخاوی و بەفر تاکە تەحددای ئەوان نییە، بەڵکو ئەوان بەردەوام لەلایەن پاسەوانی سنووری دەوڵەتەوە دەکرێنە ئامانج کاتێک هەوڵدەدەن سنوور ببڕن بۆ گەیاندنی کاڵاکانیان و لە ئەنجامدا زۆرێک لەو ڕێیەدا ژیانیان لەدەستدەدەن یان بریندار دەبن.

خشتەی١ ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەنێوان ساڵانی (٢٠١٢ تا ٢٠٢٣) ئەم هێڵکارییەبە سوود وەرگرتن لە زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢٣) دروستکراوە.

وێنە ١ نمایشی کۆڵبەران کە کاڵا لە ڕێڕەوە شاخاوییەکان دەگوازنەوە. لەوەرگیراوە

مرۆڤناسی سیاسەتی مەرگ

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە قۆناغی توێژینەوەیە سەبارەت بە سەروەری (بڕوانە Agamben, 1998; Chalfin, 2010; Norris, 2007)، تووندوتیژی (بڕوانە Das et al., 1997; Cox & Levine, 2009; Nordstrom, 2004)، و ئەدەبیاتی نوێ سەبارەت بە مەرگ لە فەزای کۆڵۆنیالی نوێدا (بڕوانە Robben, 2018). بنەمای ئەم مشتومڕانە بەشێوەیەکی فراوان پشت بە دووبارە ڕێکخستنەوەی تێڕوانینی کارل شمیت بۆ سەروەری یاسا دەبەستێت (Coleman & Grove, 2009; Cristi, 1998)، کە بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت   ئەو لایەنەی بڕیار لەسەر دۆخی ‌‌هەڵاورادن(استثناء) دەدات .. و بەگشتی سەروەری دروستدەکات و دڵنیایی دەدات … ئەو مافەی هەیە بڕیاری کۆتایی بدات  (Schmitt, 1985, 13). مرۆڤناسان چەمکی سەروەرییان وەک ئامرازێکی شیکاریی گوتار بەکارهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کولتوورە ڕەسەنەکان و ئارەزووەکانیان بۆ دیاریکردنی جارەنووسیان لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کەنەدا و ئەفریقا بەپشتبەستن بە ئەزموونی هاوبەشی کۆڵۆنیالیزمی ئەورووپی و میراتی سیاسییان کە بۆ دەوڵەتە جێگرەوەکانیان بەجێماوە (بڕوانە Bonilla, 2017; Kauanui, 2017; Sturm, 2017). ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانی پێگەی لێکۆڵینەوە لە فۆرمە کلاسیکییەکانی سیستەمی سیاسی و پێکهاتەکانی دەسەڵات بۆ فۆرمە نوێیەکانی هەژموون (بروانە Clements, 2016; Dobratz et al., 2019; Krzyzaniak, 2010; Nash, 2007; Neuman, 2008; Orum & Dale, 2009; Rush, 1992; Smith, 2011). زانایانی کۆمەڵایەتی پاش پەرەسەندنی مشتومڕی چەمکی مۆدێرن بۆ سەروەری، لەوەش گرنگتر دووبارە داڕشتنەوەی ئەو تێگەیشتنە هاوچەرخەی فۆکۆ و ئاگامبین، نەک هەر دەستیان کرد بە بە بیردۆزەکردنی میراتی کەلەپووری کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێ (Cavanagh & Veracini, 2017; Martier, 2017)بەڵکو لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە کە چۆن داگیرکەران خاکی دانیشتووانی ڕەسەنیان داگیرکردووە و جینۆسایدێکی تەواویان ئەنجامداوە (بروانە Weitz, 2003) و بەکارهێنانی تواندنەوەی زۆرەملێ، کردارێک کە وۆڵف (٢٠٠٦، ٢٧) بە  لۆژیکی لەناوبردن  ناوی دەبات، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو فۆرمە مۆدێرنانەی کۆڵۆنیالیزمیش دەکەن کە کۆمەڵگە کەمینە و پەراوێزخراوەکان لاواز و لەناودەبات.

زانایانی کۆمەڵایەتی کە کار لەسەر چەمکی سەروەری دەکەن، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆچوونەکانیان لەسەر سێ بابەت بنیات دەنێن: چەمکی فۆکۆ بۆ هێزی بایۆلۆجی، چەمکەکەی ئەگامبێن بۆ   دۆخی هەڵاواردن ، لە کۆتاییدا چەمکی مبێمبە بۆ نەکرۆپۆلەتیک، کە لە بنەڕەتدا دووبارە داڕشتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ چەمکی هێزی بایۆلۆجی فۆکۆ لەچوارچێوەیەکی ناڕۆژئاواییدا (بڕوانە Bonilla, 2017; Hansen and Stepputat, 2006). فۆکۆ (١٩٨٠) مشتومڕی هێزی بایۆلۆجی خۆی دەخاتە چوارچێوەیەکی مێژووییەوە، کە تێیدا بەدواداچوون بۆ نەسەبنامەیەکی کلاسیک یان هاوشێوەی دەسەڵات دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی  شتەکان، کات، جەستە و لە کۆتاییشدا خودی ژیان  کە لەلایەن دەسەڵاتی پێش مۆدێرنەوە بۆ سەرهەڵدانی هێزی بایۆلۆجی لە دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا بەکاردەهێنرێت. لەکاتێکدا فۆرمی دەسەڵاتی پێش مۆدێرنە لە پاشا یان سوڵتاندا دەردەکەوت و ئەو تاکە کەس بوو کە مافی ئەوەی هەبوو  ژیانی کەسێک ببات یان ڕێگە بدات بژی  (Foucault, 1978, 138)، شێوەی مۆدێرنی دەسەڵات نەک تەنها هەڕەشەی جێبەجێکردنی مەرگ دەکات، بەڵکو مافی ئەوەی هەیە  ژیان درێژ بکاتەوە یان تا ئاستی مردن ڕێگری لێبکات  (Foucault, 1978, 138). فۆکۆ هێزی بایۆلۆجی و هێزی دیسپلین وەک دوو فۆرمی پەیوەندیدار، بەڵام جیاواز لە دەسەڵات وەسفدەکات. لەکاتێکدا هێزی بایۆلۆجی وەک دەسەڵات بەسەر زیندە و ژیاندا پێناسەدەکات، دەسەڵاتی دیسپلین ئەو دەزگا و دامەزراوانە دەگرێتەوە کە لە ڕێیەوە دەسەڵاتی بایۆلۆجی پراکتیزە دەکات و کاری پێدەکات (بروانە Hoffman, 2011; Taylor, 2011). بەکارهێنانی سەروەری بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی زیندوو لەڕێگەی دامەزراوە دیسپلینییەکانەوە  لەسەر مردن و پێناسەکردنی ژیان وەک درێژبوونەوە و… دەرکەوتنی دەسەڵات  (بڕوانە Mbembe, 2003). بەو مانایە، هێزی بایۆلۆجی نەک هەر حکومەتداری و خۆبەڕێوەبەری لەخۆدەگرێت، بەڵکو لە ئاستی گوتاریدا، شێوازی بەرهەمهێنانی زانیاری دەربارەی ئەوی دیکە دادەڕێژێت و ئاسایی دەکاتەوە.

ئەگامبێن بەدرێژەدان بە چەمکی هێزی بایۆلۆجی فۆکۆ دەڵێت کە دەسەڵاتی سەروەر لەڕێگەی دەرکردنی فەرمانە سیاسییەکانەوە خۆی بەدامەزراوەیی و دووپات دەکاتەوە تا بزانێت کێ مافی وەرگرتنی نازناوی مرۆڤ و مافی مرۆڤی هەیە. دەسەڵاتی سەروەر ئەم ئامانجە بەدیدەهێنێت لەڕێگەی دەرکردنی ئەو هەڵاواردنە (استثناء)ی کە یاسا تێیدا هەڵپەسێردراوە، مومارەسەیەکی ئارەزوومەندانەیە و مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ هۆمۆساکەر، مرۆڤێک کە لە یاسای کۆن و ڕۆمانیدا لە مافەکانی خۆی بێبەشبووە (Agamben, 2005). بە بێبەشکردنی لە مافەکانی، هۆمۆساکەر لەژێر مەترسی کوشتنی بێ مەرجدایە لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت (بڕوانە Agamben, 1998). بەم جۆرە، هۆمۆساکەر  لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی کە بەتەواوی نکوڵی لێکردووە و تا ئەو ڕاددەیەی لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتنی بێ مەرج دەبێتەوە  (Agamben, 1998, 183). دۆخی هەڵاواردن، بۆ گامبێن، تەنیا پۆلێنێکی سیاسی نییە، بەڵکو دۆخێکی فەلسەفیشە. ئاماژەی سەرەتایی ئەو سەبارەت بە دۆخی هەڵاواردن هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بیرۆکەیەکی دیالێکتییەوە هەیە کە هەڵاواردنە گشتییەکە ئاشکرا دەکات. ئەگامبێن ئاماژە بەوە دەکات کە  هەڵاواردن جۆرێکە لە بێبەشکردن  (١٨)، کە لە ڕێگەی دابڕانێکی ڕەها لە یاسا ڕوو نادات، بەڵکو بەهاوبەشی لەگەڵیدا کاردەکات. من ئەم چەمکە بۆ توێژینەوە لە ژیانی کۆڵبەرەکان بەکاردەهێنم، هەر کۆڵبەرێک چەمکی هۆمۆساکەری ئاگامبێن دەهێنێتەوە یاد، چونکە حکومەت دەتوانێت کۆڵبەرێک بکوژێت یان بریندار بکات، دەسبەسەر و دەستگیری بکات، یان لەدەرەوەی یاسا بێسەروشوێنی بکات، بەڵام لەهەمانکاتدا بەپێی یاسا (بڕوانە Chirot and McCauley, 2006). لێرە زاراوەی  دامودەزگای دەوڵەت  لە باڵاترین دەسەڵاتی سەربازی/ئەمنییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە نزمترین پلە، لەوانە سەربازێکی سادە کە دەتوانێت بە ئاسانی ژیانی کۆڵبەرەکان بپارێزێت یان ببات (بڕوانە Hinton, 2002). کۆڵبەرێک بە ڕەوانبێژییەوە ئەمەی ڕوونکردەوە:

ئەوان دەتوانن لەهەر کاتێک و لەهەر شوێنێک بمانکوژن، بەڵام کوشتنمان لەسەر سنوور و لەکاتی کۆڵبەریدا ئاسانترە، چونکە هەر پاساوێک کە پێویستیانە هەیانە. ئەوان دەتوانن وەک ئاژەڵێک تەقەت لێبکەن لەڕووناکی ڕۆژدا و گرنگی پێنەدەن. نە زمان و نە ئایین و نە جل و بەرگی ئێمە وەک ئەوان نییە؛ هیچ کاممان لەوان ناچین، وەک ئەوەی خودایەکی جیاوازمان هەبێت. ئەگەر فارس یان تورک بیت، ئەوا دۆخەکە جیاوازە؛ ئەگەر شیعەش بی بەهەمان شێوە. لە چ عەجەمستانێک [ناوچەی غەیرە کورد/فارس] تاوانێکی لەوجۆرە ئەنجامدەدرێت، بکوژەکان ئەوەندە بە ئاسانی بتوانن خۆیان لە تاوانەکانیان ڕزگار ببن؟

مبێمبێ چەمکی هێزی بایۆلۆجی فۆکۆ و چەمکی ئاگامبێن بۆ دۆخی هەڵاواردن فراوان دەکات و دەڵێت کە دەسەڵاتی سەروەر مافی خۆی بۆ کوشتن و دروستکردنی  جیهانی-مەرگ  بەکاردەهێنێت کە تیایدا مرۆڤەکانی وەک مردوو دەژین. ئەو ڕەخنە لە فۆکۆ و ئاگامبێن دەگرێت کە یورۆسەنتەرن و شکستیان هێناوە لە تیگەیشتن لە جووڵەی ئاڵۆزی دەسەڵاتی سەروەری لە چوارچێوە نا ڕۆژئاواییەکاندا، کە تیایدا بایۆپۆلەتیکەکان بە زمان و ئایین و شوناس شێوەیان گرتووە (بڕوانە Soleimani and Mohammadpour, 2023). کاتێک ئەم ڕێبازە جێبەجیدەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی و ئایینی و جێندەری (Bailey & Mobley, 2018; Islekel, 2022)، سەرنج و بایەخێکی زۆری ڕاکێشاوە لە چوارچێوە نا ڕۆژئاواییەکانی وەک ئەمەریکای لاتین (بڕوانە Emerson, 2019) و فەلەستین (Mbembe, 2003). لەڕوانگەی مبێمبێوە (٢٠٠٣، ٢٧)، نیکرۆپۆلەتیک بەمانای ئەوە دێت کە  بتوانێت بڕیاربدات کێ گرنگە و کێ گرنگ نییە، کام گرووپ دەتوانرێت پشتگوێ بخرێن و کامیان نا . هەروەک لەم لێکۆڵیەنەوەیەدا  ئەوە نیشاندراوە، کۆڵبەری تەنها فۆرمێکی ناجێگیری کار نییە، بەڵکو دەرکەوتەی گوتارێکی ڕەگەزی زمانەوانییە کە سیاسەتی شوناس لە ئێراندا پێناسە و زیندوو دەکاتەوە (بڕوانە Mohammadpour, 2023b)، سیاسەتێک کە گەل/دانیشتووان بەسەر دوو پۆلدا دابەشدەکات کە جەستەی سەروەر و سووژەی ناسەروەرن وەک کوردەکان، کە ژیانیان وەک بێبایەخ و نادیدە دەبینرێت. بەڵگەش بۆ ئەمە، چەختکردنەوەی بەردەوامی کۆڵبەرەکانە لەچاوپێکەوتنەکانمدا کە دەیان گووت  ژیانی ئاژەڵێک لە ژیانی کوردەکان بەنرخترە لەچاوی ئەواندا . مبێمبێ سیاسەتی مەرگ بە کردەی بایۆ-مەرگ-دیسپلینی و دامەزراوەکانی وەک سنوور، زیندان، شەڕ و شەڕی پۆلیسی، کە مەرگ بەرهەمدەهێنن یان بەڕێوەی دەبەن، دەبەستێتەوە. مبێمبێ مەبەستیەتی بە دانانی نیکرۆ necro   لەشوێنی    bio  – واتە  سیاسەتی مەرگ  – ئاماژە بەو فەزا سیاسییە هاوچەرخە بکات کە تێیدا پێکهاتە لاواز و کەمینەکانی- وەک کورد – خزێنراونەتە ناو دۆخێکی ناجێگیر و جیهانی مەرگی وەک کۆڵبەرییەوە. ئەم بارودۆخانە وەک  تەکنۆلۆژیای لەناوبردن  کاردەکەن کە کاریگەری جەستەیی دیار یان  تووندوتیژی-مەرگ  یان زیاترە (Mbembe, 2003). مبێمبێ دەپرسێت چ شوێنێک بە ژیان و مردن و جەستەی مرۆڤ (بەتایبەت جەستەی بریندار یان کوژراو) دەدرێت؟ چۆن لە ڕێکخستنی دەسەڵاتدا تۆماردەکرێن؟  (١٢). بەپێچەوانەی بایۆپاوەرەوە، نیکرۆپاوەر واتە چۆنیەتیی ملکەچبوونی ژیان لەژێر دەسەڵاتی مەرگدا، بەجۆرێ وا لە مرۆڤ دەکات وەک مردوو بژی. جیهانی مەرگ  شێوەیەکی تایبەت و نوێی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا بارودۆخ بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیدا سەپێنراوە کە لەسەر پێگەی مەمرە و مەژی دایاندەنێت .ئەم گۆڕانکارییە بە ڕوونی نیشانەی یەکتربڕی ژیان و مردن و دەسەڵات و فەزایە لەسەردەمی مۆدێرنەدا. سیاسەتی مەرگ ئەوە نیشاندەدات کە چۆن دەوڵەتی ئێران مافی سەروەری خۆی بۆ کوشتنی کۆڵبەرەکان بەکاردەهێنێت – کە وەک دوژمن یان قاچاخچی یان هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبینرێن- لەڕێگەی داڕشتن و سەپاندنی تەکنۆلۆژیای ناسەقامگیرکەرەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەوڵەت چۆن کۆڵبەرەکان بچووک دەکاتەوە لەتۆزقاڵێک ژیاندا، ژیانێک کە دەتوانرێت بەبێ هیچ ئەنجام و دانپێدانانێک لەناوببرێت: وەک کۆڵبەرێک دەیگووت  ئەوان دەتوانن لە ڕووناکی ڕۆژدا تەقەت لێبکەن و کەسیش بێزار نەکات . بەم شێوەیە سیاسەتی مەرگ ئەو دامەزراوە و سیاسەتە مەرگسازانە ئاشکرا دەکات کە کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد لە ئێران و دەرەوەیدا هەیە.

هاوڕێ لەگەڵ مبێمبێ و ئاگامبین، من نیکرۆپۆلەتیکی کۆڵبەری بە  کاری مەرگ  پێناسە دەکەم (Mbembe, 2019, 67) کە سزای تاکەکەسی و بە کۆمەڵ بەسەر کورددا دەسپێنێت، ئەوەش نەک تەنها لە ڕێگەی دەسەڵاتی دیسپلینییەوە، وەک سەرکوتکردنی زمانەکەی و بێبەشکردنی لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەو تەکنیکانەی کە ملکەچی جیهانی مەرگیان دەکات کە ئەویش ژیانی ناسەقامگیری کۆڵبەرییە. نیکرۆپۆلەتیکی کۆڵبەری گرنگە، وەک مبێمبێ دەڵێت، واتای مردن وەک واتای ژیان (لەبایۆپۆلەتیکدا) لەڕێگەی توخمەکانی بەرجەستەبوونی جەستەوە دەردەکەوێت: جەستەی ئەو کەسەی کە دەکوژێت، ئەو کەسەی دەکرێتە ئامانج و دەکوژرێت، هەروەها ئەو شێوازەی تێیدا جێبەجێدەکرێت (بڕوانە Mbembe, 2003, 2017, 2019). کەواتە، بایۆپۆلەتیک ئێستا لەگەڵ نیکرۆپۆلەتیک تێکەڵ بووە، واتە دەوڵەت ژیانی کەسانی دیکە دەپارێزێت بەپاساوی مردنی هەندێکی تر (بڕوانە Haskaj. 2018; Quinan & Thiele, 2021). حکومەت لەڕێگەی سیاسەتی مەرگەوە سیستەمێکی پلەبەندی دامەزراندووە بە دروستکردن و ئاساییکردنەوەی پۆلێنی  سیاسی   وەک  کۆڵبەری کورد ،  کۆڵبەری کوردی ژن  و   جوداخوازانی کورد، [١٠] کە ئەو نۆرمانە دیاریدەکات کە گەرەنتی زاڵبوونی دەسەڵاتی مەرگ دەکەن (بروانە Rouse, 2021).

میتۆد

ئەم نووسینە درێژەپێدەری لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکانم و پەرەسەندنی تێوەگلانی منە لە سیاسەت و شووناسی کوردایەتی لە ئێران لە دەیەکانی ڕابردوودا و بە پشت بەستن بە چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ ١٣ کەسی کۆڵبەر نووسراوە کە ژیانیان بەهۆی ئەم کارە سەختەوە کاریگەری زۆری لەسەر بووە. داوام لە بەشداربووانی توێژینەوەکەم کرد کە مێژووی زارەکی خۆیانم  بۆ باس بکەن، شەش لەوان بەبەخشندەییەوە چیرۆکی زارەکی خۆیان نووسیەوە و خستیانە بەردەستم. چیرۆک و گێڕانەوەکانیانم لەڕێگەی وەرگێڕان و تێڕوانینی شیکاریی و ئەزموونی زیندووەوە کۆکردەوە. چاوپێکەوتنەکان سەرەتا بە زمانی کوردی ئەنجامدراون و تۆمارکراون، دواتر وەرگێڕڕاونەتە سەر زمانی ئینگلیزی. من تەنها چەند بەشێکی تایبەتم لە ئەنجامەکان وەرگێڕاوە. لەماوەی لێکۆڵینەوەکە و پاش لێکۆڵینەوەکەش، داتاکانم بەشێوەیەکی بابەتیی و گووتاری وەک بەشێک لە پرۆسەی دووبارە و بازنەیی شیکردووەتەوە. سەرچاوەیەکی دیکەی داتاکانم داتای هەنووکەییە سەبارەت بە کۆڵبەرەکان لەلایەن ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ٤ کۆڵبەرنیوز، ٥ دوو ڕێکخراوی ناحکومی کوردییەوە دابینکراون، کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەڵگەنامەکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوی ڕۆژانەی کۆڵبەرە کوردەکان لەڕێگەی پلاتفۆرمی میدیایی وەک فەیسبووک، ئینستەگرام، تیلیگرام و ئێکس. ڕاپۆرتەکانیان سەرچاوەی بەنرخ و باوەڕپێکراون بۆ توێژینەوەکەم. لەکۆتاییدا، هەروەها ئەو زانیارییانەم بەکارهێناوە کەلە ئینتەرنێتدا بەردەستن، بەتایبەتی لەو ڕۆژنامەنووسە کوردانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کۆڵبەران ئەنجامداوە.

کوردەکان، بێ دەوڵەتی و هاوڵاتیبوونی مەحاڵ

یەکتربڕی سەروەریی و سیاسەتی مەرگ بڕبڕەی پشتی گووتارەکەم پێکدەهێنن. کوردانی ڕۆژهەڵات خۆیان وەک کۆمەڵگەیەکی ناسەروەر و ئامانجی سەرەکی دامودەزگای سەرکوتکار و توێنەری دەوڵەتی مۆدێرن دەبینن. هەروەک محمود مەمدانی (١٩٩٦) دەڵێت، سیاسەت و کەلەپووری کۆڵۆنیالیزم دەتوانن هاوڵاتی ناسەروەر بەرهەم بهێنن، واتە ڕەعیەتەکان لە دەسەڵاتی سیاسی دووردەخرێنەوە و کەم دەکرێنەوە بۆ میوانی هەمیشەیی. دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحاڵبوونی هاوڵاتیبوونی بۆ پێکهاتە نافارسە شیعەکانی وەک کورد، عەرەب، بەلوچ و تورک و ئەوانی دیکە سەلماندووە. لەبەرئەوەی کوردەکان بە زمانی   دروست  قسە ناکەن و هیچ ئایینێکی دروستیان نییە، بەئاسانی بە   دوژمنی دەوڵەت  دادەنرێن و بەم شێوەیە دەبنە دیارترین و بەئامانجترین بابەتی ئایدۆلۆژیای یاسایی-بایۆ- نیکرۆ-سیاسی دەوڵەت.

لەئێراندا، کۆمەڵگەی سەروەر، فارسەکان، لە ڕێگەی ساختەکردن و پێکهێنانی شوناسێکی نەتەوەیی تاک و تایبەتەوە لەسەر بنەمای زمانی فارسی و ئایینی شیعە بنیاتناوە،   ئەوی دیکە ی ئیتنیکی خۆی پەراوێزخستووە (بڕوانە Cronin, 2003). هەروەک مرۆڤناس ستانلی تانگاراج (٢٠٢٢) نیشانیداوە، کرداری بە ئەویترکردنی ئیتنۆزمانەوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فۆرمێکی  ڕەگەزپەرستی  هێناوەتەبوون هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکییە ئەفریقییەکان و کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لەژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمدا ئەزموونیان کردووە. هەروەها، فاتمە گۆچەک (٢٠١٥)، مەحسوق کورت (٢٠٢١) و محەمەد ساڵح (٢٠٢١) لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە کە چۆن کارلێکی نەتەوەیی، زمان و نەژادی لە تورکیا جۆرێک لە ئیمپریالیزمی کولتووری ناوخۆیی دروستکردووە لەسەر بنەمای باڵادەستی تورکەکان و بە ئەویترکردنی ناتوورکەکان.

ئەم تێگەیشتنە درێژخایەنە بۆ گەل بەباشترین شێوە لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا (١٩٧٩)ڕەنگیداوەتەوە. کە بەشێوەیەک داڕێژراوە زەمینەیەکی یاسایی و دادوەری بۆ کۆمەڵگەی سەروەر دابین بکات تا بەشێوەیەکی سیستماتیک کورد لەدەسەڵاتی سیاسی و خۆشگوزەرانی ئابووریی دووربخاتەوە (بڕوانە ماددەکانی ١٥، ١٩، ١١٢). دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیمتیاز بە شیعە وەک ئایینی فەرمی و زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی  نەتەوە  دەدات. لەکاتێکدا ماددەی ١٩دیاریدەکات کە  خەڵکی ئێران بێ گوێدانە هۆز و نەتەوە، لە مافی یەکسانی بەهرەمەند دەبن … ڕەگەز و زمان و ڕەچاوکردنی دیکەی لەوجۆرە نابنە زەمینە بۆ ئیمتیازاتی تایبەت ، لەهەمانکاتدا لەماددەی ١٥دا ڕایدەگەیەنێت  زمان و ڕێنووسی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران زمانی فارسییە . لێرەوە، دەستوور سنووری نەژاد و نەتەوە و ئایین کاڵدەکاتەوە، سەروەری فارس-شیعە بە یاسایی دەکات و ئیمتیازاتی حوکمڕانی فارسی-شیعە ئاسایی دەکاتەوە و بەم کارەش سیستەمێکی پلەبەندی باڵادەستی فارس دروستدەکات (بڕوانە Mohammadpour, 2023a).

کوردی ڕۆژهەڵات وەک پێکهاتەیەکی پەراوێزخراوی ئیتنۆئایینی و خاوەن مێژوویەکی سەد ساڵەی خەباتی سیاسی بۆ مافەکانی، بەردەوام ڕووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوەی زۆرەملێ و سزادانی بەکۆمەڵ بووەتەوە؛ لەکاتێکدا نە ڕۆشنبیرانی فارس و نە توێژەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا (MENA) گرنگییان پێنەداوە. دەستووری کۆماری ئیسلامیی دەسەڵاتی تەواو بە حکومەت دەدات بۆ قەدەغە کردن و سزادان یان لەناوبردنی ئەوەی کە وەک کردەوەی دژە شۆڕش و دژە سیستم  زدە نظام  پێناسەی دەکات و هەڕەشە لە  یەکێتی نەتەوەیی  و خاکی دەکات. بە ئاساییکردنەوە و سەپاندنی فارسبوون وەک هاوواتای سەروەری کۆمەڵگە و  توانای مێژوویی  بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات و حکومەت، حکومەتی ئێران شەرعییەت دەدات بە تووندوتیژی لەدەرەوەی یاسا لەدژی نەژادو ئایینی دیکە (بڕوانەAsgharzadeh, 2007; Mohammadpour, 2023b). بەم شێوەیە، چوارچێوەی دەستووری خۆی ڕێگاخۆشکەرە بۆ تووندوتیژی دۆخی ئێستا و دەسەڵاتی دیسپلین لە ڕۆژهەڵات. هەرچەندە یاساکە وادەرناکەوێت جیاکاری لە دژی کورد کرابێت کە پلەیەکی نزمتریان داگیرکردبێت، بەڵام بەشێوەیەکی نادیار دووریاندەخاتەوە لە پلەو دامەزراوەی بەرزتر بەناچارکردنیان بەوەی لەگەڵ هێمای  فەرمی  شوناسی ئێرانیدا بگونجێن.

دەستوور ڕێگە بە مامەڵەی هەڕەمەکی دەدات لەگەڵ هاوڵاتیان لەسەر بنەمای پرەنسیپی  تەقەکردن بە ئارەزوو ، جەمکێکی سیاسی کە لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٩ی ڕابەری باڵاوە وەرگیراوە کە تێیدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد هەر هێزێکی پێویست بۆ تێکشکاندنی نەیارانی  سیستەمی پیرۆز  بەکاربهێنن (بڕوانە Soleimani and Mohammadpour, 2023). ئەم لێکدانەوە هەڕەمەکییە سەبارەت بە یاسا و بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی ئەویتری ئیتنی هەمان هەستی هاوبەشی گرامشی دروستکردووە کە شەرعییەت بە کوشتن دەدات و بە وتەی هنتۆن (٢٠٠٢) ڕێگە بە دەوڵەت دەدات ستراتیژی  نەهێشتنی جیاوازییەکان بپارێزێت. لێرەدا زاراوەی  دام و دەزگای دەوڵەت  گرنگە، لە باڵاترین دەسەڵاتی سەربازی/ئەمنییەوە تا دەگاتە نزمترین پلە وەک سەرباز. ئەمە لە وتەی کۆڵبەرێکەوە ڕووندەبێتەوە کە  لە ڕۆژهەڵات هەر سەربازێک وەک ژەنەراڵێک وایە، ژیانمان بەندە بە قسەی سەربازێکەوە .

کورد بەهۆی سەروەر نەبوونی لە هەر چوار وڵاتدا ڕووبەڕووی جۆرەها تووندوتیژی بوونەتەوە، لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەکانیانەوە تا دەگاتە پیشەی مەترسیدار و تووندوتیژی جەستەیی پەیوەست بەوەوە (بڕوانە Bozcali, 2020; Gunay, 2019). کورد کە بە کەڵک وەرگرتن لە زاراوەی نیشتمان بۆ ئاماژەدان بە زێدەکەی، لە مێژوودا بەرەنگاری سنوورە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە وەک سەپاندنی کۆڵۆنیالیزم کە بە زۆر وڵاتی دایکیان دابەشکراوە و شوناسیان وەک بیانی ئیتنی نیشانەکراوە (بڕوانە Simpson, 2014). تواندنەوەی زۆرەملێ و سەرکوتی دامەزراوەیی دوو ڕێوشوێنی دیسپلینی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیین کە دەوڵەتی ئێران دایڕشتووە و جێگیری کردووە لە ڕۆژهەڵات. ئاماژە کولتوورییەکانی کورد، لەوانە زمان و ئایین و نەریت، وادیارە هەڕەشەیەکی بنەڕەتین بۆسەر ڕژێمی ئێران، بەمەش کوردەکان دەبنە گومانلێکراو و ڕۆژهەڵاتیش دەبێتە ناوچەیەکی ئەمنی کە دەتوانرێت یاسا پشتگوێ بخرێت یان هەڵپەسێردرێت یان ڕێوشوێنی دەرەوەی دادگا جێگەی بگرێتەوە (Soleimani and Mohammadpour, 2020a, 2020b). بۆ نمونە دەوڵەت لە نزیکەوە چاودێری ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، فێستیڤاڵە کولتوورییەکان، بۆنە ئایینییەکان و نوێژی هەینی لە ڕۆژهەڵات دەکات. ناوچەی ئەمنی ڕۆژهەڵات بیانوویەکە بۆ زیادکردنی چاودێری و تووندوتیژی. ئەزموونی ڕۆژانەی کۆڵبەران لەگەڵ تووندوتیژی تەنها یەکێکە لە دەرکەوتەکانی گوتاری جیاکاری سیستماتیکی دەوڵەت و نیشانیدەدات کە دەوڵەتی سەروەری ئێران چۆن سنوورەکانی گەل بوون و هاوڵاتیبوون و مافەکانی مرۆڤ لە سنوورە ئیتنیکییەکانی خۆیدا پێناسە و سنووردار دەکات. ئەمە بەشێوەیەکی باوەڕپێکراو لە وتەکانی کۆڵبەرێکدا دەردەکەوێت:

دەوڵەت ئێمە ناکوژێت؛ بەڵکو لە ڕۆژی ڕووناکدا لە سێدارەمان دەدات.  ئەوەی لێرەدا دەیبینیت کۆمەڵکوژییە؛ ئەوان ئەوەندە دڕندەن کە کۆڵنادەن لە کوشتنی ئەسپەکانیشمان. چ گوناهێکمان کردووە جگە لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکانمان؟ ئێمە تەنها هەندێک برنج یان تایە هەڵدەگرین. ئەگەر ئەمانە نایاسایین بۆچی دەستگیرمان ناکەن و دادگاییمان ناکەن؟ بۆچی دەستبەسەر بارەکانماندا ناگرن و وەک مرۆڤ سزامان نادەن؟ بۆ کوشتن؟ بۆچی سوپای پاسدارانی شۆڕش هەموو شتێک قاچاخ دەکات؟ ئەم سنوورە بووە بە زەویی ڕاوکردن. کوشتنی کوردێک زۆر ئاسانترە لە کوشتنی ئاژەڵێک. نازانم بۆچی هەموومان ناکوژن .

ئەم وتەیە، کۆڵبەری وەک کارێکی نامرۆڤانە نیشاندەدات و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە گوتاری ناسیۆنالیستی ئێرانی لەسەر پاکتاوکردنی نەتەوە تا ئەو ڕاددەیە ڕۆشتووە کە خەڵک دابەشبکات بەسەر مرۆڤی فارس و ئاژەڵی نافاردسدا.

سیاسەتی دژە کورد کە ڕژێمی پێشوو، خێزانی پەهلەوی (١٩٤١-١٩٧٩) دایمەزراند بوو، بە سەرهەڵدانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی خراپتر بوو. دەوڵەتی پەهلەوەی بە کەڵک وەرگرتن لە مەعریفەی شوێنەوارناسی ڕۆژهەڵاتگەرایی، هەوڵیدا ئێرانێکی پاکنەژاد دروست بکات (Burton, 2021) و نەتەوە، زمان، کولتوور و  گەل بوون  و هەموو نەتەوەکانی یەکسان کرد بە ڕەگەزی ئاریا/فارس (Mohammdpour, 2022; Thangaraj, 2022; Vaziri, 1993, 67-69). هەردوو ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی و پەهلەوی بە سیاسیکردنی جیاوازییە کولتوورییەکانیان لە دڵی ئایدۆلۆژیاکەیان داناوە و پرۆژەیەکی دەوڵەتسازییان پێشخستووە کە سەنتەری سەپاندنی سیاسەتی یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان بووە (بڕوانە Matin-Asghari, 2018; Mohammadpour & Soleimani, 2019; Soleimani & Mohammadpour, 2019). هەروەک مرۆڤناس جۆناسان ڕۆزا (٢٠١٩) لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی کەلەپوری کۆڵۆنیالی کولتوورە لاتینییەکان، نیشانیداوە، ئەو ئایدۆلۆژیا زمانەوانییە نەژادییانەی کە پڕن لە ئارەزووی داگیرکاری، لە کۆتاییدا زمان وەردگێڕن و ئاسایی دەکەنەوە بۆ پۆلێنێکی نەژادی. لە دۆخی ئێراندا، ئەم ئایدۆلۆژیایە  لە یەک کاتدا فارسی کردووە بە ئیمتیازێکی نەژادی و زمانەوانی (بڕوانە Mohammadpour, 2023b).

سەرهەڵدانی شەڕی ئێران-عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) وەرچەرخانێکی دیکەی لە مێژووی دوور و درێژی تووندوتیژی و دژەپەرەسەندنی لەلایەن دەوڵەتەوە دژی ڕۆژهەڵات بەدیهێنا. لە گووتاری دەوڵەتدا بە  بەرگری پیرۆزی هەشت ساڵە  وەسفدەکرێت. بەشێکی گەورەی ئەم شەڕە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتدا ڕوویدا و ئەم ناوچەیەی کردە بەرەی سەربازیی و ناوچەی ئەمنی. لەماوەی شەڕدا ئابووری نەریتی ڕۆژهەڵات زیانێکی زۆری بەرکەوت بەهۆی بۆردومانی بەردەوام و چاندنی ملیۆنان مینی چێندراو و دروستکردنی ڕێگای سەربازی لەسەرانسەری کێڵگە و ناوچە نیشتەجێبووەکاندا. لەهەمانکاتدا، دامەزراندنی هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە لە ڕێکخراوە نیمچە سەربازییەکان بەناوی بەسیجی مەرزبان (یەکەکانی پاراستنی سنووری نیمچە سەربازیی) تۆوی ناکۆکی ناوخۆیی لەنێو گوندنشینەکان چاند و سەرچاوە سرووشتییەکان و ئابووری وێران کرد و هێزی کاری ناوخۆیی بەرەو دام و دەزگای سەربازی و ئەمنی برد. ئەمەش لەبەرامبەردا وای لە کوردەکان کرد لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە زیاتر پشت بە حکومەت و دامەرزراوەکانی ببەستن.

پاش کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران-عێراق، کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ڕۆژهەڵات زیانێکی زۆری بەرکەوت و دەرفەتی کار لە دەرەوەی دامەزراوەکانی حکومەت کەمی کرد. ئەمە بۆ کوردەکان بژاردەیەکی نیگەرانکەر بوو. هێزەکانی ئێران لەڕووی تەکنیکییەوە شەڕەکەیان بردەوە، بەڵام نیگەرانیە ئەمنییەکانی دەوڵەت بەردەوام بوون و بووەهۆی زیاتربوونی دەزگاکانی چاودێری و بە ئەمنیکردن، کە کوردیان بە پاساوی دڵسۆز نەبوون بۆ ئایدۆلۆژیای سیاسی دەوڵەت لەناوچەکەدا یان ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیای سیاسی دەوڵەت دووردەخستەوە یان لەهەندێ حاڵەتدا لەناودەبرد. ئەم سیاسەتانە بوونە هۆی هەژاری و پەراوێزخستنی زیاتری ڕۆژهەڵات، کە دانیشتووانەکەی ناچارکرد کۆچ بکەن بۆ شارە ناکوردەکان یان خەریکی کاری سنووری بن. پاش شەڕی ئێران و عێراق، زۆرێک لەو هێزە نیمچە سەربازییە کوردانەی کە جوڵێنرابوون یان خانەنشین کران یان لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ئابووری ناوچەکە هەرگیز نەبوژایەوە چونکە زۆربەی زەوییەکان یان گۆڕدران بۆ کێڵگەی مین یان بۆ مەبەستی سەربازی داگیرکران. پاش مردنی ئایەتوڵڵا خومەینی لە ١٩٨٩، ئایەتوڵڵا خامنەیی لە شوێنی ئەو وەک ڕابەری باڵا ناسێنرا و عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی بوو بە سەرۆککۆماری ئێران، بەم شێوەیە قۆناغی دووەمی کۆماری ئیسلامیی دەستی پێکرد. لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، کە بە  ئاوەدانکردنەوە و پراگماتیزم  ناسراوە، ڕەفسەنجانی سەرنجی لەسەر گەشەسەندنی ئابووری نەژادی ئایینی و نۆژەنکردنەوەی پاش جەنگ بوو. لەژێر چاودێری ئەودا کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی-سیاسی بەشێوەیەکی بەرچاو لەناوچوون. دوو هێزی سەرکوتکەری دەوڵەت، سوپای پاسدارانی شۆڕش و بەسیج، یان ڕێکخراوی کۆمەکی ستەملێکراوان کە لقێکی نیمچە سەربازی هەیە، بوونە بریکاری جێبەجێکاری بنیاتنانەوەی ئابووری و زاڵبوون بەسەر کەرتی ئابووری گشتی و تایبەتدا، و لەو کارەدا دەسەڵاتی خۆیان لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵات پتەوکرد، بەڵام سیاسەتی ڕژێم  بەرامبەر کورد وەک خۆی مایەوە. سوپای پاسداران و بەسیج بوونە هێزی فەرمانڕەوای ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا.

ڕۆژهەڵات و نیکرۆپۆلەتیکی دەوڵەت

سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە کورد، کە بە دامەرزراندنی دەوڵەتی پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٥ دەستی پێکرد، لەژێر حوکمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چڕتر بووەوە. دەوڵەت بە ناچارکردنی ڕۆژهەڵات بە دۆخێکی جیاکاری هەمیشەیی، سیاسەتی نێرکرۆپۆلەتیکی خۆی یان سیاسەتی مەرگی سەپاندووە. کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی نەکرۆپۆلەتیک لەڕێگەی پرۆسەی زاڵبوون و ڕەگەزپەرستی و تووندوتیژییەوە گرێدراون کە تایبەتمەندی هەردوو چەمکەکەیە. هەروەک دەردەکەوێت، ئامانجی نەکرۆپۆلەتیکی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی دەوڵەت ئەوەیە کە سارا ڕۆی (١٩٩٥، ٦) بە دژە پەرەپێدان ناوی بردووە: پرۆسەیەک کە بەهۆیەوە دەسەڵاتی هەژموونگەرا کۆمەڵێک ستراتیژی بەرپەرچدانەوە بەکاردەهێنێت بۆ  بەمەبەست ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئابووری ناوخۆیی و تێکشکاندن و لەناوبردنی توانای توخمە بەرهەمهێنەرەکان . دەوڵەت بەنیازە لە ڕێگەی سیاسەتی دژە پەرەپێدانی ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە سرووشتی و مرۆییەکانی ڕۆژهەڵات بسڕێتەوە. ئەم دۆخە ئابووری-سیاسییە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی نزیکەی ٢٠٠ هەزار کورد پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن.

دەتوانین سیاسەتی دژە پەرەپێدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵات دابەش بکەین بۆ چوار قۆناغ: ئەوەی لە ئەجێندای دەیەی یەکەمی حوکمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زاڵبوو، بە میلیتاریزەکردنی کەشی کوردستان بوو. بە ئەمنیکردنی ڕۆژهەڵات بە ڕاگەیاندنی شەڕی پێرۆز (جیهاد) لەلایەن خومەینیەوە لە ١٩ی ئابی ١٩٧٩ لە دژی کورد دەستی پێکرد و لە ئەنجامدا داگیرکردنی سەربازیی تەواوی شارەکانی کوردستانی لێکەوتەوە، کە تا ساڵی ١٩٨٢ بەردەوام بوو. پاش ئەوەی کە دەکرا پێی بوترێت  فەتحکردنی ڕۆژهەڵات ، دەوڵەت لە ڕێگەی هاندانی دارایی و سیاسییەوە دەستیکرد بە وەرگرتنی خەڵکی ناوچەکە بۆ فەوجە نیمچە سەربازییەکان بەناوی بەسیجی مەرزبان. لەماوەی شەڕی ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) هەزاران کورد لە دامەدەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی دەوڵەتدا جێگیرکران. بۆ جێبەجێکردنی جاشگەراییەکەی ٦، ڕژێم دەستیکرد بە سەرمایەگوزاری لە جیاوازییە کولتووری و زمانەوانییەکانی نێوان پێکهاتەی سۆرانی و هەورامی لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵات. بەم شێوەیە بەکارهێنانی خەڵکی زاراوەیەکی تایبەت لە زانیاری هەوڵگری و بارودۆخی ئیداری و بەکارهێنانی ئەم هاوکارییە لە ناوچەیەکی تردا تا بەشێوەیەکی جیاواز تۆوی ڕق و کینە و دوژمنایەتی لەنێو پێکهاتە کوردیەکان بچێنێت.

دەیەی دووەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شایەتی گۆڕانکارییەکی بەردەوام لە بە سەربازیکردنەوە بەرەو بە ئاسایشکردن بوو. لەکاتێکدا بەسەربازیکردن داگیرکاری جەستەیی فەزای کوردی لەخۆدەگرت، بە ئەمنیەتکردن بواری زیهنی کردە ئامانج بەگرێدانی کورد و کوردبوون بە هەڕەشە ئەمنییەکانەوە. بە ئاسایشکردن پەیوەندییەکی نزیکی بەسەرهەڵدانی دۆخی هەڵاواردنەوە هەیە لە ڕۆژهەڵات، کە لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراقدا سەریهەڵدا. ئیستثناگەرایی لە ئاستی ئۆرگانە دامەزراوەییەکان، دەسەڵاتی پێناسەکردنی حاڵەتە کتوپڕەکان و ڕێنمایی بۆ وەڵامدانەوە ئاسایشییەکانیان پێدەبەخشین. بنیاتنانی هەڕەشەی بوونگەرایی لەسەر یەکێتی نیشتمانی لە ناوەندی ئەم سیاسەتەدا وەستاوە، کە پێویستی بە بەکارهێنانی  ئامرازی نائاساییە  بۆ پاراستنی یەکپارچەیی وڵات و ڕێگە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات شەرعیەت بە هەڵپەساردنی یاسایی و دادوەریی بەبیانووی ئاسایشەوە بدات. ئەم پارادایمە بەردەوام فراوانبووەی ئاسایشی فەزای کوردستان، ڕێگە بە دەوڵەت دەدات هێرشی ڕۆژانەی خۆی بۆسەر کۆڵبەران ئەنجام بدات لەژێرناوی پاراستنی سنوورەکان و ئابووری نیشتمانی. وەک یەکێک لە کۆڵبەرەکان دەڵێت:  دەتوانن تەقەت لێبکەن تەنها لەبەرئەوەی سنوور دەبەزێنیت؛ ئەوان هەموو ڕۆژێک بەبارەکانمانەوە دەمانبینن، دەمانناسن و دەتوانن بمانگرن و بارەکانمان ببەن، بەڵام ڕێگەیان پێدراوە تەقە بکەن .

سیاسەتی ئەمنیەتگەرایی بەشێوەیەکی سیستماتیکی بەشێکی زۆری هێزی کاری ئابووریی کوردی لەناوبرد و ڕێگەی خۆشکرد بۆ لابردنی توانای ئیداری و ئابووری ناوخۆیی. گۆزینش (وەزارەتی هەڵبژاردن) اطلاعات (دەزگای هەواڵگری) دوو ئامرازی ئاسایشی سەرکوتکەرن کە وەک قۆڵی ئەمنی ڕژێم لەسەرانسەری وڵاتدا کاردەکەن، بە چوونە ناو بازنەی خوێندنی باڵا و کارکردن لە کەرتە ئیداریی و جێبەجێکارەکان بۆ دڵیابوونەوە لەوەی تەنیا کەسانی دڵسۆز و پابەند بە ڕژێمەوە دامەزراون. بەشی گۆزێنیش لقەکانی خۆی فراوانتر کرد لەناو هەموو ڕێکخراوە و دامودەزگاکاندا، لە قوتابخانەکانەوە بۆ شارەوانییەکان. ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ لوتکەی هەڵەکانی بەشەکە بوو بۆ سڕینەوەی خوێندکار و مامۆستای   ناشایستە .

داماڵینی ڕەسەنایەتی پرۆژەیەکی کۆڵۆنیالییە کە نەک تەنها بۆ تێکدانی کولتوور و زمان و شوناسی ڕەسەن داڕێژراوە (بڕوانە Grande, 2015; Tallbear, 2013; Yiftachel, 2006) بەڵکو بۆ بەرهەمهێنانی سوژەی کۆڵۆنیالی نوێیە کە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بەناوخۆیی دەکات و بەرگری لێدەکات (Negron-Muntaner, 2017; Uperesa, 2022, Wolfe, 2006). هەروەک مەحمود مەمدانی (٢٠٢٠) و ئێدوارد سەید دەڵێن، کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێ مەرج نییە پێویستی بە دانیشتووان هەبێت. بەڵکو دەتوانێت لەناو خەڵکی ناوچەکەدا کادر دروستبکات. لە ڕۆژهەڵات ئەم سیاسەتە نەک تەنها بووەتە هۆی زیادبوونی حکومەت لەشێوەی بەرپرس و کارمەنددا، بەڵکو ئەو  نوخبە و کادری لۆکاڵی ساختەی دروستکردووە کە ناوەندی پاکسازی هێزی کاری  توخمی نەخوازراو  بوون لە ڕۆژهەڵات. ئەم نوخبە ناوخۆییانە بوونە چینێکی بۆرژوازی ناوخۆیی کەبە نۆ-کیسە یان ملیاردێری یەک شەوە (بە تومان) ناسراون، کە بڕێکی زۆر سامانیان کۆکردۆتەوە لە ڕێگەی مامەڵە ئابووری و سیاسیەکان لەگەڵ دامودەزگا نیمچە مافیاکانی دەوڵەتدا بەتایبەتی  ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم پاکتاوکردنە پرۆفایلی کولتووری و پەروەردەیی ڕۆژهەڵاتی وێران کرد، بەتایبەتی لە ناوچە سوننە-کوردییەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان و باشووری کرماشان کە زۆرێک لە خوێندکارانیان پێش زانکۆ یان وەرگرتنیان لە زانکۆ لێ قەدەغەکراوە یان مافی دامەزراندنیان لێ زەوتکرا لە ناوەندە فەرمی و پەروەردەییەکان یان داواکاری قەرزیان بۆ دەستپێکی بازرگانی ڕەتکراوەتەوە. سیاسەتی داماڵینی ڕەسەنایەتی لەڕێگەی دامەزراندنی دانیشتووانی غەیرە کورد لە ڕۆژهەڵات جێبەجێ کراوە، دەست بە داماڵینی کورد لە فەزای کوردبوون کراوە (بڕوانە Soleimani and Mohammadpour, 2020b) و دانیشتووان ناچار کراون بەدوای کاردا بگەڕێن لە دەرەوەی ناوچە کوردنشینەکان یان پەنا بۆ کۆڵبەری ببەن وەک ئامرازێک بۆ بژێوی ژیان.

دەیەی سێیەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت وەک سەردەمێک سەیربکرێت کە ژێرخانی وەبەرهێنانی ڕۆژهەڵات بەمەبەست هەڵوەشێنراوەتەوە. ئەم پرۆسەیە بە داماڵینی دامەزراوەیی ناسراوە (بڕوانە Roy, 1995)، کە سنووردارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەو دامەزراوانەی لەخۆگرتبوو کە پشتگیری لە وەبەرهێنانی درێژخایەن و گەشەی ئابووری دەکرد. ئامانجی ئەوەبوو کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێران لاوازبکات و توانای گەشەپێدانی ناوخۆیی خۆی لێبسەنێتەوە. بۆ نمونە پارێزگای ئیلام خاوەنی گەورەترین کانگای قیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەکۆی ١٧ کانی قیر تەنیا ٧ کان چالاکن؛ ٢٧.٥%ی پیشەسازییەکانی ئیلام بەتەواوی ناچالاکن و ٣٠%یان بە نیوەی توانا کاردەکەن.٨ زۆرینەی دانیشتووانی ئیلام لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. جگە لەوەش پارێزگای کوردستان خاوەنی گەورەترین یەدەگی زێڕە لە ئێران کە ٧٠ ملیۆن تۆنە. لەهەمانکاتدا، کەرتی پیشەسازی و کانزاکان گەشەیان نەکردووە. بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگای کوردستان بەرزترین ڕێژەی بێکاری هەیە (١٣.٨%)، لەکاتێکدا پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە ڕۆژهەڵاتی ئێران کەمترین ڕێژەی بێکاری هەیە (٤.٩%). ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆڵبەرێک دەڵێت  بەشی ئێمە لەم زێڕە تەنها گوللەیە . بەگوێرەی لێدوانی ئەندامانی پەرلەمان لەشارەکانی سەردەشت و پیرانشار کە کۆڵبەری تێیدا باوە، ٩٠%ی پیشەسازییەکانی ئەوێ داخراون.١٠ بۆنمونە لەشاری سەردەشت ٢٠%ی دانیشتووان سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ترێن،١١ بەڵام بەرهەمەکانیان بەهۆی نەبوونی وەبەرهێنان لەژێرخانی ئەم شارەدا دەگوازرێنەوە بۆ شارە غەیرە کوردەکانی وەک ورمێ و تەبرێز. بەڵکو دەوڵەت لەژێر پەردەی  بەرەنگاربوونەوەی بێبەشکردن ،  دامەزراوەی خێرخوازی ی سەربازی دامەزراندووە. لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لە ئابووری ناوخۆییدا بکەن، ئەم ڕێکخراوانە هاوکاری ئابووری بچووک پێشکەش دەکەن لەبەرامبەر دڵسۆزی بۆ دەوڵەت، بەمەش پێگەی ڕژێم لەنێو کۆمەڵگە لاوازەکانی ڕۆژهەڵاتدا مسۆگەردەکەن. نمونەی ئەم جۆرە گرووپە چاودێریکەرانە جهاد سازندگی (جیهادی بیناسازی)، ستاد اجرایی، کمیتە امداد (کۆمیتەی هاوکاری)، بنیاد شیهد (دامەزراوەی شەهیدان) و بنیاد مستضعفان (دامەزراوەی ستەملێکراوان و کەمئەندامان).

دەیەی چوارەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیاسەتی لەناوبردن و تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات ناسراوە (بڕوانە Hassaniyan, 2021). هەرچەندە بێ پێشینە نییە، بەڵام ئەم ستراتیژی گواستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ناوچە ناکوردییەکان لەخۆدەگرێت. بۆ نمونە، بەنداوی داریان لە ڕۆژهەڵات کە لە ساڵی ٢٠١٨ تەواوبووە، ئاوی ڕووباری سیروان- کە لەڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت- دەگوازێتەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاستی ئێران بۆ ئاودێریی و خواردنەوە. لەم ساڵانەی دواییدا، دەوڵەت دەستیکردووە بە گواستنەوەی خاکی بە پیت و کانزا لە ڕووباری سەردەشتەوە. لەوەش زیاتر، قەبارەی بڕینەوەی دارستانەکان لە ناوچە کوردییەکان زۆر ترسناکە. لە هاوینی ٢٠١٠،  کە لەلایەن کۆمەڵەی ژینگەپارێزی کورد چیا بە هاوینی ڕەش ناسراوە، ٢١٠٠ ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی مەریوان و سەروئاباد تۆمارکراوە. ئەم هێرشە کارەساتبارانە بۆسەر ژینگە و سەرچاوەکان زیاتر ژێرخانی ئابووری ڕۆژهەڵاتی لاوازکراوی لاوازتر کردووە. ئەمەش لە وتەکانی کۆڵبەرێکدا ڕەنگدەداتەوە:

پێویست ناکات زۆر دوور بڕوانیت. ڕاستییەکە ڕوونە: ئەوان هەموو شتێکیان لە ئێمە بردووە، ژیانمان، ئاومان، خاک و تەنانەت بەردەکانیشمان، ئێمە لەهەموو لایەکەوە تاڵان دەکرێین تا عەجەمەکان (غەیرە کورد/فارس) بتوانن بە خۆشی بژین. هەر کۆڵبەرێک کە لە ماڵەکەی دەچێتە دەرەوە بۆ کۆڵبەری، دەبێت ئامادە بێت بۆ مردن. مردن بۆ ئێمە بووە بە نەریت. سەرسام دەبین ئەگەر ڕۆژێک واز لە کوشتنمان بهێنن. بۆچی؟ چونکە ئێمە کوردین و ئەوەش لەچاوی ئەواندا تاوانە. وەک ئاژەڵ مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن؛ ئەوان هەرگیز دۆستی ئێمە نەبوون و نابن.

ئەم وتانە وێناکردنی ئەوەیە کە ئان ئاگوست (٢٠١١، ٢٣٣) بە  داراییکردنی ژیان  ناوی دەبات، ئابوورییەکی بایۆلۆجی کوشندە کە  زیادەی بوارێکی ژیان دەبات بۆ باشترکردنی ژیان لە بوارێکی دیکەدا  لەڕژێمە کۆڵۆنیالییە ناوخۆییەکانی وەک ئێراندا کە دەوڵەت قازانج دەکات لە  دابەشکردنی نایەکسانی دەرفەتەکانی ژیان دا. دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات زیادەی ژیان تاڵاندەکات کە سەرچاوە سرووشتی و مرۆییەکانیش دەگرێتەوە. لەلایەک سەرچاوەی ئاو و خاک بۆ ناوچە غەیرە کوردەکان دەگوازێتەوە، وا لە خاکەکەی دەکات بۆ نیشتەجێبوون نەشێت؛ لەلایەکی دیکەوە، هێزی کاری خوێندەواری کورد دەکاتە کۆیلەی کۆڵبەری بۆ لەناوبردنی سەرمایەی مرۆیی ڕۆژهەڵات. قوباد کەرەمپور ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند کە ٥٠%ی کۆڵبەران خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان ماستەرن. هەروها دانی بەوەدا نا کە  کۆڵبەرێک کە بڕوانامەی ماستەری لە بیرکاریدا هەبووە، تەقەی لێکراوە و کوژراوە لە کاتێکدا تەلەفزیۆنێکی لەسەر پشتی هەڵگرتبوو[١٢] . ئەم هێرشە بەرفراوانە بۆ سەر سەرمایەی مرۆیی کورد بە ڕوونی لە وتەی کۆڵبەرێکدا دیارە کە وتی ئێمە کۆیلەی کارین تا فارسەکان چێژ لەژیانیان وەربگرن.

سەرهەڵدانی کۆڵبەری

لە سالانی ٢٠٠٩-٢٠١٠، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی ڕێوشوێنی بەسەربازیکردن و بە ئاسایشکردنی ڕۆژهەڵات، زیادبوونی بازاڕە کاتییە سنوورییەکانی   شارە سنوورییەکانی  مەریوان، سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد و بانەی بەخۆوە بینی کە دواتر بوونە ناوەندی سەرەکی کۆڵبەری. دەوڵەت ڕێگەی بە بازرگانانی ناوخۆیی دا کە کاڵا لە کوردستانی عێراقەوە هاوردە بکەن و بیگوازنەوە بۆ شارە غەیرە کوردەکان. دروستکردنی ئەم بازاڕە ناجێگیرانە بووەهۆی کەمبوونەوەی دانیشتووانی گوندەکان و هانی گوندنشینانی دا کێڵگەکانیان جێبهێڵن و بەدوای داهاتوویەکی باشتردا بگەڕێن لە شار. لەماوەی کەمتر لە دە ساڵدا، لە شاری بانە ژمارەی ناوەندە بازرگانییەکانی (لە ساڵی ٢٠٠٥) لە ٤ وە بۆ ٢٥٠ (لە ٢٠١٦) بەرزبووەوە، دەوڵەت بە پشتبەستنێکی بنچینەیی بەو بازاڕە ناجێگیرانە، ئابووری ناوخۆی زیاتر وێران کرد (بڕوانە Soleimani and Mohammadpour, 2020a, 2020b). لەگەڵ ئەوەشدا خواستی خوێندن و چوونە قوتابخانەی لە نێو گەنجاندا کەمکردەوە کە پێشتر وەک ڕێگەیەکی بەدەستهێنانی کاری حکومی بیریان لێدەکردەوە. وەک کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە دەڵێت   کوڕەکەم وازی لە خوێندن هێنا و پێی وتم هەرچەندە هەوڵی ئەوە بدات هەرگیز ناتوانێت کارێک لەم سیستەمەدا بەدەستبهێنێت . سیاسەتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێشتنەوەی کورد لە فەزای ئابووری سنوورداردا لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاددا (٢٠٠٥-٢٠١٣) وەک خۆی ماوەتەوە، کە درووشمەکەی  دادپەروەری و گەشەپێدان  و  ڕۆحانیش (٢٠١٣-٢٠٢١) بە درووشمی  وریایی و هیوا  دەسەڵاتی گرتە دەست.

لەم ساڵانەی دواییدا، پۆلێنە نوێیەکانی کۆڵبەری وەک  ژنانی کۆڵبەر  و  منداڵانی کۆڵبەر  ١٣ (وێنەی ٢) دەرکەوتن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سرووشتی تێکەڵاوی ئەم فۆرمەی ناسەقامگیری لە ڕەگەز و چین. داهێزرانی پێشوەختەی جەستە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک هەوکردنی جومگە و شکانی ئێسک و دیسکی مل و پشت بەتایبەتی لەنێو کۆڵبەرە مێینەکاندا باون. فاتمە ژنێکی ٦٠ ساڵە، پاش مردنی هاوسەرەکەی دەستی دایە کۆڵبەری و بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری و پشتیوانییەوە هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی نەبووە. ئەو دەڵێت هێشتا پاژنەی پێی ئاوساوە بەهۆی هەڵسوڕانیەوە ساڵی ڕابردوو لەڕێگای کۆڵبەری و بە ئەستەم بەرگەی ئازارەکەی دەگرێت. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢١ زیاتر لە دەیان منداڵی کۆڵبەر بە گوللە کوژراون یان بریندار کراون لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە.١٤ فەرهاد و ئازاد خوسرەوی (تەمەن ١٤ و ١٧ ساڵ) دوو برا کە کاری کۆڵبەرییان دەکرد، لە ١٢ کانونی دووەمی ٢٠١٩، دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بێسەر و شوێن بوون، بە مردوویی دۆزرانەوە. لە ١٤ ئەیلولی ٢٠٢٠، سێ منداڵی کۆڵبەر- زانکۆ ئەحمەدی (١٦ ساڵ)، سروش ماکاری (١٧ ساڵ)، و زانست حەسەن نەژاد (١٨ ساڵ)- لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە تەقەیان لێکرا و کوژران.١٥ ئەمین ڕەحمانی کۆڵبەرێکی دیکەی کەم تەمەن، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لەلایەن هێزەکانی سنووری ئێرانەوە لە شاری سەردەشت کوژرا.

وێنەی ٢ کۆمەڵێک منداڵی کۆڵبەر لە سنوور. ئەم وێنەیە لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە (وەرگیراوە لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە …

ڕۆژهەڵات وەک پێڕستی ڕێگاکانی گەیشتن بە مەرگ

دەوڵەتی ئێران فەزا-سنوور وەک چەکێکی کۆمەڵکوژ یان تەکنۆلۆژیای مەرگ بەکاردەهێنێت (بڕوانە De Leon, 2015; Mbembe, 2019)، کە تێیدا هەڵاواردن دەبێتە نۆرم و دەسەڵاتی سەروەربوونی هەمیشەیی خۆی لەسەر ئەو جەستانە دەتاشێت کە لە ڕووی یاساییەوە باس نەکراون و پۆلێن نەکراون و کەمکراونەتەوە (بڕوانە Aciksoz, 2020). بەم مانایە، سنوور هاوشێوەی بیرۆکەی ئاگامبێنە بۆ کەمپێک کە هەندێک ژیان/جەستەی تێدا بێت- بەهۆی جیاوازییە نەتەوەیی- زمانەوانییەکانەوە (بڕوانە Rosa, 2019; Thangaraj, 2022) و وەک ئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی حوکمڕانی گەلادا نەگونجێت- بە ئەمنی دەکرێن و هەربۆیە دەتوانرێت فڕێبدرێن و بسڕدرێنەوە.

بڵاوکردنەوەی ڕۆژانەی تووندوتیژی کوشندە لەلایەن دەوڵەتەوە، ڕۆژهەڵاتی کردووە بە جیهانی مەرگ کە نەخشەی ڕێگاکانی مەرگی تێدایە، لە تەقەکردنی ڕاستەوخۆوە بۆ مین و خنکان. لە دوایین نمونەدا، سوپای دەوڵەت لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٣دا، ٢٤٠ کۆڵبەری گەمارۆدا لەسەر سنووری تەتە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەبێ ئەوەی ئاو و خواردنیان پێبگات.[١٧] هەرچەندە تەقەی ڕاستەوخۆ زۆرترین هۆکاری ڕاپۆرتکراوی قوربانییەکانی کۆڵبەرییە (بڕوانە ڕاپۆرتەکان KHRN)، ئەشکەنجەدان و مردن لە پەناگە و ڕێگریکردن لە دانانی پرسە بۆ قوربانییەکان هەروەها بەشێکن لە ڕۆژانەی دۆخی جیاکاری لە ڕۆژهەڵات. ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠١٨ تەرمی شوانە ڕەسوڵی خەڵکی بانە کە بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوو، بە دەست و قاچ بەستراوی دۆزرایەوە. لەڕووداوێکی دیکەدا، تەرمی ئەبوبەکر مەولانیای خەڵکی ماکۆ دوای ٧٠ ڕۆژ لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان، ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە. لە کاتێکدا کە پێشتر هەواڵی بێسەروشوێن بوونی ڕاگەیەندرابوو.

ژمارەی کوژراوانی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران زۆر زۆرە. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٢٥٩ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراون یان بریندار بوون. دەورییەی سنوورەکان مۆڵەتیان پێدەدرێت بە ئارەزووی خۆیان تەقە لە کۆڵبەرەکان بکەن. بەزەحمەت ڕۆژێک تێپەڕێت بەبێ ئەوەی باس لە مردن، برینداربوون یان کەمئەندام بوونی کۆڵبەرێک نەکرێت بەهۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتەوە. ئەم تووندوتیژییەی دەرەوەی یاسا ڕۆژهەڵاتی کردووە بە ناوچەیەکی نیمچە جەنگ کە تێیدا ئازاردانی جەستەیی بەردەوام سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندی ژیانی ڕۆژانەیە (بڕوانە Aciksoz, 2020). هەندێکجار ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لەیەک ڕۆژدا دەکرێنە ئامانج دەگاتە زیاتر لە دە کەس. دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە هەڵگرتنی ناسنامەی کۆڵبەری یان وەستان بەفەرمانی دەورییەی دەوڵەت، کۆڵبەرەکان لە تەقەکردن ڕزگار ناکات. وەک کۆڵبەرێک وتی بەڕاستی  ئەوە کاری سەربازەکەیە کە ڕێگەمان پێبدات بڕۆین یان فیشەکێک بنێت بەسەرمانەوە، ئەوان دەتوانن هەموو شتێکمان لەگەڵ بکەن . کۆڵبەرەکان زۆر جار ئەندامە گرنگەکانی جەستەیان دەکرێتە ئامانج، واتە سەر یان سنگ. بۆ نمونە، لە ٣٠ تەموزی ٢٠٢٠ و ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ تەقە لە سەری وەزیر محەمەدی ١٨ ساڵ و و ڤاریان شەریفی ١٩ساڵ کرا. نمونەیەکی دیکە مردنی سەجاد دالای میلان، کۆڵبەرێکی خەڵکی چاڵدورانە کە لە مەودایەکی نزیکەوە تەقە لە سنگی کرا.٢٠ ئەم تەقەکردنە ئامانجدار و سیستماتیکانە، کردەی تووندوتیژیی هۆشیارانە و بە مەبەستن بۆ لە مرۆڤایەتی خستن و تێکشکاندنی ڕۆحی کورد و زەلیلکردنی شوناس و کەرامەتی مرۆڤایەتییان.

کەوتنەخوارەوە لە کەندەڵانەکانەوە دووەم هۆکاری مردن و برینداربوونی کۆڵبەرانە. کۆڵبەرەکان لە کەندەلانەکان دەکەونە خوارەوە نەک تەنها بەڕێکەوت یان ئاشنا نەبوونیان بە ناوچەکە. بەڵکو زۆرێکیان لە کاتی هەڵاتن، ڕاوەدوونان یان پاڵنانی هێزەکانی دەوڵەت دەکەونە خوارەوە. بۆ نمونە، حەمید وەیسی- لە شاخێکەوە کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا لە ناوچەی نەوسود لە پارێزگای کرماشان لە ١٢ی جۆزەردانی ٢٠٢١، ٢١ لەکاتی ڕاوەدونانی لەلایەن دەورییەی سنوورییەوە. ڕووداوگەلێک هەن کە کۆڵبەران بەشێوەیەکی دڕندانە لە کەندەڵانەکانەوە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە فڕێدەدرێنە خوارەوە. بۆ نمونە، لە نیسانی ٢٠١٨، محەمەد کەریم ڕەحمانی، کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی کامیاران، فڕیدرایە دۆڵێکەوە و کوژرا لەکاتێکدا هەوڵی دەدا ئەفسەرانی سنوور ڕازی بکات کە بارەکانی ئازاد بکەن.٢٢

بەگشتی، کۆڵبەرێکی ئاسایی بارەکەی بە تێکڕا ٧٠ کیلۆ دەبێت. وەک باسکرا کێشی بارەکە بە پێی تەمەن و ڕەگەز و توانای جەستەیی دەگۆڕێت، بەڵام بێ گوێدانە ئەوە، کۆڵبەرەکان باری زۆر قورستر لە توانای خۆیان هەڵدەگرن، بەو هیوایەی  کەمێک پارەی زیاتر بەدەست بهێنن تا بتوانن کیلۆ گۆشتێکی سوری زیاتر بۆ منداڵەکانیان بکڕن ، وەک کۆڵبەرێک باسی دەکات. ئەم بارە زیادانە دەتوانن زیانێکی جەستەیی بەو کۆڵبەرانە بگەیەنن کە بە تەمەنن، توانای جەستەییان لاوازە یان بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن. بۆ نموونە، ئەحمەد عەزیزپوور و ڕۆستەم ڕۆستەمی لە ساڵی ٢٠١٦ و حەمزە مەولودپوور لە ساڵی ٢٠١٧ لەکاتی کۆڵبەری بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لەدەستداوە.

خشتەی ٢ ژمارەی قوربانیانی مین لە ڕۆژهەڵات (٢٠١٨-٢٠٢٢).

مەترسییەکانی پەیوەست بە کێشی بارەکانەوە لەکاتی هەڵاتن یان بۆسە زیاد دەبن. هەروەها گرتنەبەری ڕێگەی نەناسراو و نامۆ و سەرکێشانە لە هەوڵی ڕزگاربوون لە ئەگەری هەبوونی بۆسە، مەترسی ڕوودا و یان برینداربوون زیاد دەکات. هەروەها پەڕینەوە لە ڕووبارەکان مەترسی تایبەتیان هەیە. ئاستی ئاوی ڕووبارەکان لە ڕۆژانی باراندا لەناکاو بەرزدەێتەوە و زۆر جار ناتوانرێت لێی بپەڕیتەوە. زۆرجار لە ناوەڕاستی ڕووبارەکەدا هێرش دەکرێتە سەر کۆڵبەرەکان؛ دوایین ڕووداوی لەو جۆرە لە ٢٠ شوباتی ٢٠٢١دا ڕوویدا، کە تێیدا دوو کۆڵبەری کورد لەکاتی بەزاندنی سنووری ئێران – عێراقدا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکرا.٢٣

لە زستاندا، بەهۆی خراپی کەش و هەواوە، هەر گەشتێک نزیکەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت، و ڕێژەی مردن و برینداربوونی کۆڵبەران لەم وەرزە سەخت و درێژەی ڕۆژهەڵاتدا زیاد دەکات. بارینی بەفر مەودای بینین کەم دەکاتەوە، وا لە کۆڵبەران دەکات با ئاسانی بکەونە بۆسەوە و ئەگەر تەقەیان لێبکرێت کەمتر توانای دەربازبوونیان دەبێت. بۆ ئەوەی نەکەونە بۆسەوە، زۆر جار کۆڵبەرەکان ڕیگەی نائاسایی دەگرنە بەر کە مەترسی هەرەسی بەفر و مەترسی دیکەی لێدەکەوێتەوە. لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، پێنج کۆڵبەر لە سنووری ئێران و تورکیا بوون بە ژێر هەرەسی بەفرەوە و پاش چەند ڕۆژێک گەڕان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە مردووی دۆزرانەوە.٢٤ لەهەندێک حاڵەتدا، کۆڵبەرەکان لە سەرمادا دەیبەستن و گیان لەدەستدەدەن. لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٠، ٢٣ کۆڵبەر لە چیا بەفراوییەکانی سەقز بێ سەر و شوێن بوون، دوانیان گیانیان لە دەستدا و ئەوانی دیکەش بە هەوڵی هاوبەشی خاچی سوور و خەڵکی ناوچەکە ڕزگار کران.

هەروەها ڕۆژهەڵات پڕ بووە لە ملیۆنان مینی چێندراو کە زۆربەیان لە کات و پاش شەڕی ئێران و عێراق چێندراون. ئەم مینە چێندراوانە بە درێژی ١١ کیلۆمەتر سنووری ئێران –عێراق دادەپۆشن کە بەشێکی زۆری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتدایە. پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی کورد بەهۆی تەقینی مینەوە گیانیان لەدەستداوە.٢٥ ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ تا نیسانی ٢٠٢٢، لانیکەم ٥٠ هاوڵاتی و کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کوژراو و بریندار و کەمئەندام بوون (خشتەی ٢). بۆ نمونە، لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، عەزیز ڕۆنما لە ئۆشناڤیە بەهۆی تەقینەوەی مین قاچی لەدەستدا و دواتر و پاش دوو ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.٢٦ لە ڕووداوێکی دیکەدا، ڕۆژی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، کۆڵبەرێک بەناوی عەباس ئیبراهیمی لەناوجەی هەورامانات بەهۆی مینەوە قاچێکی لەدەستدا.٢٧

لە ڕۆژهەڵات هێزەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی ڕۆتینی پێشێلی مافەکانی خەڵک دەکەن و دەستگیریان دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەن و لێیان دەدەن. ئەمە بەتایبەتی بۆ کۆڵبەرەکان ڕاستە. دۆسییەکەی یاسین فیکری، کۆڵبەرێکی گەنجی بانە، نمونەی ئەم هەڵسوکەوتە بەربەرییەیە. فیکری لە سەربازگە بەشێوەیەکی دڕندانە لێیدرا و ڤیدیۆی گیرا و فەرماندەی سەبازگەکە ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە.٢٨ هەروەها هێزەکانی دەوڵەت جۆرەکانی تری تووندوتیژی بەکاردەهێنن، وەک ناچارکردنی کۆڵبەرەکان بە پاککردنەوە و جل شۆردن لەبنکە سەربازییەکاندا، بۆ شکاندنی کەرامەت و شانازییان. سەربازێکی کورد لە بنکەیەکی سنووری پێی وتم کە زۆربەی کارەکانی وەک پاککردنەوە، جل شۆردن، سڕین یان تەنانەت دروستکردن یان چاککردنەوەی سیاجی سەربازگەکان، بە کۆڵبەرە دەستگیرکراوەکان ئەنجامدەدرێت. ئاماژەی بەوەشکرد،  کاتێک خزمەتگوزارییەکی دیاریکراو پێویست بێت، هەندێک کۆڵبەر دەستگیردەکرێن و دەهێنرێنە ئێرە بۆ ئەوەی کارەکە ئەنجامبدەن.  ئەم کۆڵبەرانە سووکایەتییان پێدەکرێت و ناوی سوک و ناشیرینیان لێدەنرێت. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆڵبەرەکان لەکاتی کارکردن تێهەڵدان و لێدان دەخۆن. هەروەها لە چاوپێکەوتنەکانمدا لەگەڵ کۆڵبەرەکان، باسیان لەوەکردوە کە هێزەکانی دەوڵەت زۆرجار وشەی ڕیسواکەر بەکاردەهێنن وەک  گەواد  و  بێ شەرەف ، گاڵتەیان بە بیروباوەرە ئایینیەکانیان و بێڕێزی کردن بە کەسایەتییە سوننیە ڕێزلێگیراوەکانیان وەک  عومەر  دەکرد.٢٩

هەروەها هێزەکانی دەوڵەت ئەو ئەسپ و هێسترانە دەکەنە ئامانج کە کۆڵبەرەکان هەندێک جار بۆ هەڵگرتنی کاڵاکان بەکاریاندەهێنن. سەمیرە حوسێنی (٢٠١٦)، ڕۆژنامەنووسی کورد لەنووسینێکی کورتدا بەناوی  ڕاکردن بەرەو مەرگ  باسی ئەم کوشتنەی ئەسپەکانی کردووە، کە نیشانیدەدات چۆن تەنانەت ئاژەڵەکانش لە تووندوتیژییە بەربڵاوەکانی دەوڵەت پارێزراو نین. کاتێک وێنە و ڤیدیۆی لاشەی دەیان ئەسپ کە لەسەر سنووری ئێران و عێراق  لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە، تووڕەیی ڕۆژهەڵاتیانی لێکەوتەوە. ڕاپۆرتێک ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی ٩٠ ئەسپ لە دارستانەکانی ئەمیرئابادی ئۆشناڤیە کوژراون. تەرمی ئەم ئەسپانە بەمەبەست لە سرووشت یان نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون جێهێڵراون.

دەرەنجام: دۆخی هەڵاواردن یان دەوڵەتی هەڵاوێردوو

ئەم توێژینەوەیە باس لە ڕۆڵی کۆڵبەری وەک جیهانێکی بچوکی ژیان و کاری نالەبار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ ڕۆژهەڵات تاوتوێ دەکات. جەوهەری ئارگومێنتەکە ئەوەیە کە کۆڵبەری سەرەڕای ڕەنگدانەوەی هەژاریی و نایەکسانی ئابووریی تێیدا، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی جێگیرکردنی نیکرۆپۆلەتیکی دەوڵەتە کە لە ڕێگەیەوە کورد بەهۆی جیاوازییە ئیتنۆ زمانیی وئایینییەکانییەوە بە شیاوی سڕینەوە دادەنرێت. وەک یەکێک لە کۆڵبەرەکان وتی،  ئەگەر بەرپرسانی دەوڵەت بیانویستایە، دەیانتوانی جارێک و بۆ هەمیشە کۆڵبەری کۆتایی پێبهێنن. ئەوان ئێمەیان کردە هێستر بۆ خزمەتکردنیان. لە تاران و ئەسفەهان هیچ خێزانێک نییە کە تەلەفزیۆن یان ئامێرەکانی تری ماڵەوەیان لەلایەن ئێمەوە نەهێنرابێت و خوێنمان بۆ نەبەخشیبێت . ئەو تووندوتیژیی و مەرگەی کە کۆڵبەرەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئاوێنەی ژیانی تەواوی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتە لە ئێران. لەهەمانکاتدا ئەزمونی کوردەکان لە ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی ناوچەکە و دەرەوەی ئێران بەشێوەیەکی فراوانتر دەخاتەڕوو.

دۆخی هەڵاواردن لە ژێر سایەی ڕژێمی تاک زمانی مەزهەبیدا بووەتە مەرجێکی هەمیشەیی و ئاسایی، ئەمەش پاساوێکە بۆ گشتگیرکردنی پارادایمی ئاسایشی بێ وێنە وەک تەکنیکێک بۆ جێبەجێکردنی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا. ئەم گشتگیرییە لە ناوچە سنوورییەکاندا دەگاتە لوتکە، کە تێیدا دەوڵەت بەناوی پاراستنی  نەتەوە وە سیاسەتی مەرگ و ناسەقامگیرییەوە ئەنجامدەدات. بەمەش فۆرمی تووندوتیژی دەرەوەی یاسای لەدژی ئەوی دیکەی ئیتنی سەپاندووە، هەربۆیە سنوور وەک شوێنێک دەردەکەوێت کە دۆخی جیاکاری نەک تەنها لە فەزا و کاتدا هەمیشەیی دەبێت، بەڵکو دەبێتە  دۆخی سرووشتی شتەکان .

کەیسی کۆڵبەری بەرەنگاربوونەوەی ڕێگای ئاساییە بۆ سنوورەکان وەک دەرکەوتێکی تۆبۆگرافی کە تییدا دەسەڵاتی سیاسی سنووردار کراوە. ئەم ڕوانگەیە شکستدەهێنێت لە بینینی سنوور وەک بەرهەمی زنجیرەیەک لە پێکهاتە، بایۆ-سیاسی-تۆپۆلۆژییەکان کە سوژە، جەستە و ژیان لەسەرانسەری هێڵە فەزایی و کاتییەکاندا ڕێکدەخەن و دایدەمەزرێننەوە. بەواتایەکی دیکە، لە حاڵەتی ڕۆژهەڵاتدا، سنوور ناتوانرێت تەنها وەک شوێنێکی جوگرافی لێکبدرێتەوە، بەڵکو وەک ئیبێمبێ دەڵێت،  جۆرێکە لە تەکنۆلۆژیای سەروەری کە بەکاردێت بۆ زیادکردنی لەناوبردنی تاکەکان و دروستکردنی جیهانی-مەرگ و بۆ مانای فۆرمی نوێ و ناوازەی کۆمەڵایەتی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان لەژێر هەلومەرجی دیاریکراوی ژیاندا دەبن  (Mbembe, 2003, 40).

ئەدەبیاتی ئەم دواییەی مرۆڤناسی لەسەر فەزا و شوێن زیاتر جەخت لەسەر ناماددی بوون یان هەموو شوێنێکی سنوور وەک یەکەیەکی هاوشێوەی کەمپی سەربازی دەکاتەوە (Mbembe, 2003; Davis et al., 2017; Rouse, 2021). ئەمەش دەنگدانەوەی کۆڵبەرییە بەو مانایەی کە نوێنەرایەتی فۆرمێکی دەسەڵاتی سەروەری دەکات کە لە دەرەوەی یاسا کاردەکات، جیاوازی هەستپێکراوی ناوە و دەرەوە، دۆست و دوژمن و یاسایی و نایاسایی کاڵ دەکاتەوە.

ئەم بارودۆخە تایبەتەی کە پێی دەوترێت سنووری ڕۆژهەڵات، زەمینەیەکی پارادایمی بۆ حکومەت دروستکردووە تا ڕێوشوێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ زیاتر بە ئاسایشکردن و بە سەربازیکردنی ناوچەکە. کۆڵبەری کە بەهۆی سیاسەتی دەوڵەت لە دژە پەرەسەندن و هەژاری سیستماتیکییەوە هاتۆتە ئاراوە، خۆی بەرهەمی ئەو کۆتە سیاسی-ئابوورییە بەمەبەست پاشەکشەگەرانەیە کە دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتدا سەپاندوویەتی. ڕژێم ڕۆژهەڵات وەک شوێنێکی بەرخۆدان دەبینێت کە تێیدا گوتاری یەکگرتووی دەوڵەتی نەتەوە لە مێژوودا شکستی هێناوە و هێشتاش بەردەوامە لە داڕمان. بۆیە دەوڵەتی ئێران کۆڵبەری وەک ئامرازێکی بەهێزی حکومەت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بەردەوام کورد بە سزادانی جەستەیی و تووندوتیژی و سزادانی سیستماتیک دەزگا سنووردارەکەی خۆیانی بیربخاتەوە، دڵنیایی بدات کە جەستەی کورد لەگەڵ ڕەگەزسازی سیاسی و گوتاری خوازراودا بگونجێت (بڕوانە Soleimani and Mohammadpour, 2023).

سنووری ڕۆژهەڵات ئەو شوێنەیە کە ژیان لەدەرەوەی یاسا بە ڕوونترین شێوە دیارە و لەلایەن دەوڵەتەوە ڕەوایەتی پێدەدرێت. تا ئەو ڕاددەیەی کە کۆڵبەرەکان لە هەموو پێگەی یاسایی و سیاسی و بەتەواوی کورتکراوەتەوە لەوەی کە ئەگامبێن (٢٠٠٥) پێی دەڵێت ژیانی ڕووت، خاکی سنوور نوێنەرایەتی یەکێک لە فەزا بایۆسیاسییە ڕەهاکان دەکات، ئەگەر زۆرترینیش نەبێت، کە تێیدا دەوڵەت و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕووبەڕووی ژیانی ڕووت دەبنەوە بەبێ هیچ نێوەندێک یان ئەنجامێک. ئەمەس لەسەربڕینی کۆڵبەرەکان لەلایەن دەورییەی سنوورەکانەوە دەردەکەوێت، کە هیچ دەرەنجامێکی یاسایی بۆی لە سیستەمی دەوڵەتدا بوونی نییە. سەرەڕای ئەم تووندوتیژییە، کۆڵبەرەکان شەڕی مانەوەیان وەک کردەوەیەکی بەرخۆدان و بریکاری هەست پێدەکەن. لەکاتێکدا بەرگەی ئەم مەترسییە دەگرن، دەنگدانەوەی پەیامێکە کە بوونیان بە ئاسانی ڕیشەکێش ناکرێت. هەروەک ئانزاڵدوا (١٩٨٧)، مبێمبێ (٢٠٠٣)، و دی لیۆن (٢٠١٥) پێشنیاری دەکەن، دەبێت سنوورەکان وەک گۆڕەپانێکی داینامیکی سەیربکرێن کە زنجیرەیەک ململانێی هاوکات تێیدا ڕوودەدات و شەڕکەرەکانی ئەم گۆڕەپانە گرووپە پەراوێزخراو و داگیرکراوەکانی وەک کوردەوە کە بەپشت بەستن بە شوناس و زمانە جیاوازەکانیانەوە لەناو ئەم جیهانی مەرگەدا دەکوژرێن.

ناتوانین لە دۆخی هەڵاواردنی ڕۆژهەڵات تێبگەین تەنیا لە چوارچێوەی فراوانتری شوناسی کورد لە ڕژێمە جیاکاری و بە ئەمنیکەرە هەمەجۆر و هاوکاتەریبەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا نەبێت (بڕوانە Gunay, 2019). ئەمەش وایکردووە کە بوونی کورد فەرامۆشبکرێت، چونکە وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش بۆ سەر ئەو دەوڵەتانە دەبینرێت کە لەمێژە نیشتمانی دایکی کوردیان داگیرکردووە. ئەمە لە دۆخی کۆڵبەرە کوردەکاندا ڕوون و ئاشکرایە کە بەگوێرەی چەمکی هۆمۆساکەری ئەگامبێن هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا دەتوانن بەبێ سزا بیانکوژن، برینداریان بکەن، دەستبەسەریان بکەن یان بێسەروشوێن بکرێن. هەروەک ئەگامبێن(٢٠٠٥-٢) دەڵێت:  ئەوەی تایبەتمەندی هەردوو ڕژێمی فاشستی و نازییە ئەوەیە کە ڕیگەیان بە دەستوورە هەنوکەییەکان داوە … بۆ مانەوە لەژیان بە گوێرەی پارادایمێک کە بە گشتی وەک  دەوڵەتی دووانە  پێناسەدەکرێت- واتە ئەوان لەگەڵ دەستووری ئاساییدا، پیکهاتەیەکی لاوەکییان دامەزراندووە کە زۆرجار بەشێوەیەکی یاسایی ڕێکنەخراوە و دەکرێت لەهەمانکاتدا و لەگەڵ ئەوی تردا بە هۆی دۆخی هەڵاواردنەوە بمێننەوە . هەرچەندە پارادایمێکی گشتی تووندوتیژی لە سەرانسەری وڵاتدا هەیە، بەڵام بەراورد ناکرێت بە ڕێژە و چڕی تووندوتیژی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات. نمونەیەکی ئەم دواییە سەرکوتکردنی دڕندانە لە (ڕۆژهەڵات و بەلوچستان) پاش ڕاپەڕینی بەربڵاوی ناسراو بە  ژن، ژیان، ئازادی  لە ساڵی ٢٠٢٢. دەوڵەت بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی قورس، هێرشیکی پێنج هەفتەیی بۆ سەر شارە گەورەکانی کوردستان وەک سنە، مەهاباد، سەردەشت و جوانڕۆ دەستپێکرد، لە ئەنجامدا ١٢٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، لە نێویاندا ١٤ منداڵ و ٧ ژن (بڕوانە Mohammadpour, 2023a).

هەروەها ژیانی سیاسی لە ڕۆژهەڵات لەلایەن دەزگا بریکارەکانی دەسەڵاتەوە سەرپەرشتی و بەڕێوەدەبرێن کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن. بەڵام ئەوان لەژێر چەتری فراوانتری دەسەڵاتی سەروەریدان. بڕی ئەو دەسەڵاتەی کە بە هەریەکێک لەم بریکارانە دەدرێت، سەرسوڕهێنەرە. لە ڕاستیدا ئەم بریکارانە چ وەک تاک یان دامەزراوە، دەسەڵاتی ڕەهایان دەبێت بۆ ڕاگرتنی یاسا یان ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە هەرێمەکەدا. بۆ نمونە، لە ئەیلولی ٢٠٢٠دا، هێزی فەوجە سنوورییەکانی سەردەشت فەرمانی چۆڵکردنی شەش گوندی دەرکرد کە بە  سنوور لە سنووری سووردا  هەڵکەوتوون. بە زۆر دانیشتووانەکەی ڕاگوێزران، لە کاتێکدا دەوڵەت ڕەتیکردەوە هیچ پشتیوانییەکی دارایی پێشکەش بکات بۆ ئاسانکردنی ڕاگواستنەکە. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەم بڕیارە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دراوە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە فەوجەکەی سنووری سەردەشت سەرەتا پلانێکی لەو شێوەیەی پێشنیار کردووە. پێدەچێت دەوڵەت گوندی زیاتر لەسەر سنوور چۆڵ بکات.

ئەم وتارە شوێنپێی نانسی شیپەر-هیوز (١٩٩٥) هەڵدەگرێت لە بواری مرۆڤناسی و مرۆڤناسان بۆ نیشاندانی  پابەندی سیاسی [و] تێوەگلانی ئەخلاقی  زیاتر لە کردارە فیکریی و زانستییەکاندا.  ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە  پرۆژەی مرۆڤناسی لەیەک کاتدا ئیتنۆگرافی و ئێپستیمۆلۆجی و سیاسییە و … مرۆڤناسان بەشێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندییان بە  پۆلیس  و  جەماوەر ەوە هەیە (٤١٥-١٦). لێکۆڵینەوە سەرەکییەکان سەبارەت بە ئێران یان بێدەنگ بوون – یان ئامادە نەبووە چارەسەری- دۆخی نالەباری کولتوورە غەیرە فارسەکان بکات. ئەمە بەتایبەتی بۆ توێژەر و چالاکوانانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات ڕاستە، کە لە بەرامبەر هێرشی ڕۆژانەی دەوڵەت بۆ سەر کۆڵبەرەکانی ڕۆژهەڵات و بازرگانانی سنوور (ناسراون بە سوختبر) لە بەلوچستان بێدەنگییان هەڵبژاردووە. لیندا سمیس (٢٠٠٧، ١) ئەم توێژینەوە کۆڵۆنیالیزمییە بەم شێوەیە وەسفدەکات: کە  خودی وشەی    توێژینەوە   لەوانەیە یەکێک بێت لە پیسترین وشەکانی فەرهەنگی جیهانی ڕەسەن  . لەزۆر بارودۆخدا کاتێک ناوی ئەم وشەیە دەهێنرێت، بێدەنگی بەدوای خۆیدا دێنێت و یادەوەری ناخۆش دێنێتە مێشک و خەندەیەک کە ئاماژەیە بۆ هۆشیاری و بێ متمانەیی لەسەر لێوەکان دروستدەکات. مرۆڤناسی وەک زانستێکی هەمەچەشنی مرۆڤ لەمێژە بەستەرێکی ونبووی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، بەتایبەتی لە حاڵەتی گەلانی خنکێنراو و کۆڵۆنیکراوی وەک کورد. کەیسی کۆڵبەرانی کورد بەشێوەیەکی بەرفراوان شایەتی ئەم ململانێ ئێپستیمۆلۆژی و سیاسییەیە لە بواری مرۆڤناسی و دەستێوەردانی سەربەستیخواز کە دەتوانێت ئەنجامی بدات بۆ دووبارە دۆزینەوەی ئەوەی نەبینراوە.

(1997; Cox & Levine, 2009; Nordstrom, 2004)\

Send this to a friend