• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 15, 2021

ئاڵنگارییەکانی بەردەم بایدن؛ ئۆتۆنۆمیی کوردی و فراوانخوازیی تورکی

نووسین: داستان جاسم

وەرگێران: پەرۆش محەمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (9)ی ئه‌یلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

توێژەرە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پەیمانگای گیگا و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی فریدریک-ئەلکساندەر لە ئێرانگن-نۆرنبێرگ و ئەندامی بەرنامەی دکتۆرای پەیمانگای گیگ. بەکالۆریۆسی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا لە زانکۆی شتوتگارت و ماستەری لە زانستە سیاسییەکان و ئاشورناسیدا لە زانکۆی هایدڵبێرگ بەدەست هێناوە.

سەرچاوە: گیگا فۆکەس German Institute for Global and Area Studies (GIGA)

بڵاوکراوەیەکی بەردەستە بۆ هەمووان لەلایەن دامەزراوەی ئەڵمانیا بۆ توێژینەوە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە. ئەم بڵاوکراوەیە زنجیرەییە و تایبەتە بە کێشەکانی ئەفەریقا، ئاسیا، ئەمەریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

تێبینی: لەبەر درێژی توێژینەوەكە و پەیوەستنەبوونی بە دۆسێی ئەم ژمارەیەی ئایندەناسییەوە، چەند بەشێكی ئەم توێژینەوەیە وەرنەگێڕدراوە.

 

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێ “شەڕە هەمیشەیی”ەکان کۆتایی پێ بهێنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناویاندا شەڕی دژی داعش هەیە لە عێراق و سووریا. هێزە کوردییەکان هاوپەیمانی گرنگی ڕاوەدوونانی داعش بوون لە زەمینەوە، کە ئەمەش بەدڵی تورکیا نەبوو. لە ئێستادا کە شەڕی سەبازی لە کۆتاییدایە، پرسیاری ئەوە هاتووەتە گۆڕێ کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا چۆن لە هاوپەیمانە کوردەکانی نزیک دەبێتەوە و مامەڵەی چۆن دەبێت لەگەڵ فراوانخوازییەکانی تورکیا لە ئایندەدا.

هەر چەندە لە ڕابردوودا ئەمەریکا و ئەورووپا ئاسانکارییان بۆ تورکیا کردووە، بەڵام فراوانخوازییەکانی؛ هەردووکیانی نیگەران کردووە: هەردوو لایان ڕێگەیان داوە سەرۆک ئەردۆگان پەل بهاوێ بۆ ناوچە کوردییەکان لە سووریا و عێراق بەبێ هیچ کاردانەوەیەکی سیاسی لە لایەنی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، لە ئێستادا تورکیا کە تاکلایەنە هەنگاو دەنێت و دەستەمۆ نییە. یەکێ لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکانی بایدنە لە ناوچەکەدا.

بایدن بانگەشە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە ناکۆتاکان دەکات، هەروەکوو چۆن ترەمپیش کردی، بەڵام بایدن دەزانێ کشاندنەوەی لەناکاوی هێزە ئەمەریکییەکان چارەسەر نییە، بەڵکوو دەبێ چوارچێوەیەکی گشتگیری دوای شەڕ بۆ سووریا دابنرێت کە تێیدا هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕۆڵی گرنگی تێدا ببینن. لەمپەری سەرەکیی بەردەم ئەم ڕێککەوتنە هەمەلایەنە، تورکیایە.

ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق نموونەیەکی مێژووییە کە نابێ دووبارە بکرێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٦-ەوە تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەبەردەوامی هاوڵاتیانی مەدەنیی کردووەتە ئامانج، هەر چەندە ئیدارە هەرێمییەکەی ئەوێ بە شێوەیەکی فەرمی هاریکاریی تورکیا دەکات. ئەو ڕێگاچارە کورتبینەی کە ئەمەریکا لەگەڵ کوردەکانی عێراقدا گرتیە بەر -کە بە مەرجێک ئۆتۆنۆمی پێدان وەکو هێزێکی هاوکاری تورکیا بن- هۆکاری ئەم کوشتارەیە.

جۆ بایدن و وەزیرەکانی دەرەوە و بەرگری؛ ئەنتۆنی بلینکن و لیۆلد ئۆستن، ئەزموونی زۆریان هەیە لە پرسی کورددا و تا ڕادەیەکیش دۆستی کوردن، بە ئەگەرێکی زۆر پاڵنەر دەبن بۆ ئەوەی ڕێككەوتن بکرێ لەنێوان ئەکتەرە کوردییەکان و تورکیادا لە کاتەکانی داهاتوودا.

 

لێکەوتە سیاسییەکان

بۆ ئەوەی سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ پرسی کورد بەدەست بێنێت، ئیدارەی بایدن دەبێت بەرنامە سیاسییەکانی بە شێوەیەک دابڕێژێت کە ڕێگری بکات لە بڕیارە تاکلایەنەکانی تورکیا و ئاسانکاری بکات بۆ گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان ئەنقەرە و سەرکردایەتیی پەکەکە بەتایبەتی، ئەمەش بە هەماهەنگیی هاوپەیمانەکانی لە یەکێتیی ئەورووپا. لەوەش زیاتر دانپێدانانی سیاسی بە کوردەکانی سووریادا، زۆر گرنگە بۆ هێشتنەوەی ئەوەی لە شەڕی دژی داعش بەدەست هێنراوە.

بێگومان هەستی “ماندووێتیی شەڕ” لە ئەمەریکادا باڵادەستە و هەردوو حیزبی سەرەکییش لایەنگری ئەوەن “شەڕە هەمیشەیی”ەکان کۆتاییان پێ بێت. سیاسییەکانی وەکوو جۆ بایدن، نانسی پیلۆسی و تەنانەت لیندسی گراهام؛ تووڕە بوون کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠١٩ بڕیاری دا بە کشاندنەوەی لەناکاوی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچانەی باکووری سووریا کە کوردەکان بەڕێوەی دەبەن و بەمەش ڕێگای خۆش کرد بۆ تورکیا هێرش بکاتە سەر ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بە ڕۆژئاوا ناسراوە.

یەکێ لەو سیاسییانەی بەڕوونی لێدوانی لە بارەی ئەم کارەی ترەمپەوە دا، جۆ بایدن بوو کە وتی “فەرماندەکانمان بەگشتی لە ئێستادا و ئەوانەی پێشووتریش هەموو شەرم دەکەن لەوەی لێرە ڕوو دەدات. تورکیا کێشە سەرەکییەکەیە لێرە و من گفتوگۆی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەردۆگان دەکەم و پێی دەڵێم کە دەبێ باجێکی قورس بدات بۆ ئەمەی کە کردوویەتی.” (بایدن، ٢٠١٩)

ئێستا کە جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمەریکایە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا خۆی و کابینەکەی بەو بەهێزییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگاندا دەکەن کە لە کاتی کامپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنیان دا! لە هەمووی گرنگتر، ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەبێ مامەڵە لەنێوان هاوپەیمانێکی ناتۆدا بکات کە پێشبینیی کارەکانی ناکرێت لە لایەک و لەولاشەوە تاکە هاوپەیمانی زەمینی لە سووریا کە کوردەکانە (یان هەسەدە). ئەمساڵ بە ئەگەرێکی زۆر بەریەککەوتنی زیاتر لە ململانێکانی باکووری سووریادا بەخۆوە دەبینێت و ئەوەی سەرۆکایەتیی بایدن پێویستیەتی سەبارەت بە تورکیا کە لەمپەرێکی گەورەیە؛ ستراتیژیەتێکی ڕوونە.

 

بۆچی ڕۆژئاوا لەگەڵ فراوانخوازیی تورکیادا هەڵدەکات

لە ئێستادا تورکیا لە کۆمەڵێک ململانێی سەربازیدا چالاکە لە ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی تریش. بۆ نموونە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ناگۆرنۆ-کەرەباخ، قوبرس، لیبیا و سووریا و بەتایبەتییش لەو ناوچانەی عێراق و سووریا کە کورد حوکمی دەکات؛ چالاکە لە ڕووی سەربازییەوە. لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا لە ٢٠٢٠، فشارێکی زۆری دروست کرد کە وڵاتانی یۆنان، قوبرس و فەڕەنسا بەتوندی دژی سیاسەتەکانی وەستانەوە. لەگەڵ گەشەکردنی فراوانخوازییەکانی تورکیادا، ئەمەریکا و ئەورووپاش بێدەنگن و نایانەوێ دژی ئەو تەماعانەی بوەستنەوە.

ئەم بێدەنگییەی ئێستا لە بارەی تورکیاوە، سێ لایەنی جیاوازی هەیە: یەکەم: یەکێتیی ئەورووپا ناتوانێ فشار بکات لە تورکیا، لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵێ لایەنەوە پەیوەستە پێوەی. لە لایەکەوە ئەڵمانیا هاوپەیمانی گرنگی تورکیایە و ڤیتۆی هەر بڕیارێ دەکات لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە بۆ ئەوەی سزای تورکیا بدەن. هەروەها ئەورووپا لە ٢٠١٦دا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی کۆچبەران بچنە یۆنانەوە. دووەم: هەرگیز فشارەکان بۆ سەر تورکیا توند نەبوون لەلایەن ڕۆژئاواوە، چونکە توکیا هاوپەیمانێکی هێندە گرنگە ناتوانن پەراوێزی بخەن، هەتا سێ کودەتای نێوان ساڵانی ١٩٦١ بۆ ١٩٨٠ ئەو گرنگییەی تورکیای کەم نەکردەوە. لەوە دەچێ ئەوە کێشە نەبێ چ ڕژێمێك تورکیا دەبات بەڕێوە ئەگەر پابەند بێت بە دۆستایەتییە جیۆستراتیژیەتەکەوە. سێیەم: هاوپەیمانیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا لە سەردەمی ترەمپدا دۆخێکی کەسیی وەرگرت و لەگەڵ ئەو هۆکارانەی سەرەوە  پرسی کارە ئابوورییەکانی ترەمپیش لەگەڵ ئەنقەرە ناکرێ نادیدە بگیرێت لە بوونی کاریگەریی لەسەر بڕیارە سیاسییەکان. ((Kirkpatrick and Lipton, 2019

بەردەوامبوونی ترەمپ لە ڕازیکردنی تورکیا، تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشت کە هەسەدەی تاکە هاوپەیمانی ئەمەریکای لە شەڕی دژی داعش جێ هێشت و هێرشەکانی تورکیا هەر چەند خولەکێک دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی ترەمپ دەستی پێ کرد. ئەم هێرشە بەرهەمی بێدەنگیی چەندان ساڵەی ئەمەریکا و ئەورووپایە لە ئاست تورکیا. ئەم بێدەنگییەش لەسەر بنەمای تێڕوانینی جیۆستراتیژیی درێژخایەنە و بەم دواییانەش پەیوەندیی ئابووریی کەسییش بەهێزتری کردووە. ئەم داگیرکارییەی تورکیا بوو بە هۆی کوژرانی ١٠٠٠ کەس و ئاوارەبوونی ٢٠٠،٠٠٠ کەس. ( (Balanche, 2020

لە دانپێدانانی سەربازییەوە بۆ دانپێدانانی سیاسی

بە شێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لە سووریا کۆتایی هاتووە و دەبێت چوارچێوەی دوای شەڕ لە سووریا بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی چارەسەر بکرێت. هەر چەندە تورکیا ڕەتی کردووەتەوە هەسەدە هیچ دانپێدانانێکی سیاسی، دیپلۆماتیی هەبێت و چەندان ساڵیشە ڕێگریی کردووە هەسەدە نوێنەری لە گفتوگۆ فرەلایەنەکاندا هەبێت، چونکە تۆمەتباری دەکات بە تیرۆریزم و پەیوەندیی بە پەکەکەوە، بەڵام هەندێ شیکردنەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن چارەسەر هەر لای هەسەدەیە. ئەو شیکردنەوانە ئاماژە بەوە دەکەن گەر هەسەدە خۆی لە پەکەکە دوور بخاتەوە، تورکیا ئارام دەبێتەوە. بەڵام ئەو ئامۆژگارییە فریودەرە و دوو شتی لەبەرچاو نەگرتووە کە دەیسەلمێنن ئەم ململانێیە تەنها لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا نییە، بەڵکوو دیوێکی باننەتەوەیی هەیە کە پێویستی بە چارەسەری گشتگیر هەیە.

یەکەم: ناتوانرێت هیچ شتێک بکرێت بۆ بەرگریکردن لە تۆمەتبارکردنی هەسەدە بە پەکەکەییبوون تا کاتێک تورکیا وەکوو چەکێکی سیاسی ئەمە بەکار بهێنێت. ئەم تۆمەتبارکردنە بووە بە بانگەشەیەکی لاستیکی بۆ تورکیا. لایەنە سیاسییەکەی ئەم بانگەشەیە نیشانی دەدات چەندێك پێویستە ئەم ململانێیە چارەسەر بکرێت. ئەو کاتەی گفتوگۆکانی ئاشتی هەبوو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٠١٣، تورکیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئامادەیە بۆ چارەسەری پرسی کورد بە شێوەیەکی سیاسی. هەردوو لا هاوڕا بوون لە بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی گەلان لە پەرلەماندا و پەکەکەش ڕازی بوو ئاگربەست ڕابگەیەنێت و هێزەکانی لە تورکیاوە بگەڕێنێتەوە بۆ قەندیل، بەڵام کاتێک ئەردۆگان و حیزبەکەی زۆرینەی پەرلەمانیان لەدەست دا بە هۆی بەشداریی هەدەپەوە لە هەڵبژاردندا حکومەتی تورکیا، نەک هەر گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کۆتایی پێ هێنا، بەڵكوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە شتی وەها هەر ڕووی نەداوە. بەشێکی زۆری لایەنگران و ئەندامپەرلەمانەکانی هەدەپە دەستگیر کران بە تۆمەتی پەیوەندییان بە پەکەکەوە. تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە پەکەکەوە هەر بەتەنها ئاراستەی هەسەدە نەکراوە، بەڵکوو ئامرازێکی سیاسییە بۆ چەندان دەیە بۆ داپڵۆسینی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن، کەمینە، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان بەکار دێت. هەر لەبەر ئەوە ئەمە تۆمەتێکی سیاسییە کە کەس ناتوانێ خۆی لێ قوتار بکات.

دووەم دیوی باننەتەوەیی، بوونی ململانێکە ئەو ڕاستییەیە کە هێزە سیاسییەکانی تر خۆیان لە پەکەکە دوور خستووەتەوە، بەڵام تەواو دڵی تورکیای ڕازی نەکردووە. پەرەسەندنەکانی باکووری عێراق ئەوە دەسەلمێنێ. کوردستانی عێراق بە ئەمری واقیع لە (١٩٩١)ەوە بووە بە هەرێمێکی خۆسەری لەدوای شەڕی دووەمی کەنداو. لە ١٩٩٢دا سەددام حسێنی سەرۆکی ئەوکاتی عێراق مۆڵەتی دا بە تورکیا کە بێتە ئاسمانی عێراقەوە بۆ شەڕی دژی پەکەکە. بەپێی ڕێککەوتنی ١٩٩٨ی واشنتۆن و ئەنکەرەی نێوان هەردوو حیزبی فەرمانڕەوا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەبوو هەردوو لا بەتایبەتی یارمەتیی تورکیا بدەن لە شەڕی دژی پەکەکە، لە دەرئەنجامدا ململانێی نێوان پەکەکە و تورکیا گوازرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندیی بەغداد و هەولێر. لەدوای (٢٠١٦)ەوە شەڕەکان گوازرانەوە بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی زۆربەی شەڕەکان لە باشووری تورکیا ڕوویان دەدا پێش ئەو کاتە (International Crisis Group, 2020). ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەڕ و زیانەکان لەدوای ڕێککەوتنی واشنتۆنەوە زیاتر بووە و کەمی نەکردووە، هەر چەندە ئایدیایەکی ڕێککەوتنەکە چارەکردنی پرسی پەکەکە بوو بە ڕێگای سەربازی. لە هەمووی گرنگتر، نەرمینواندن و جێبەجێکردنی خواستەکانی تورکیا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە تەنها گۆڕەپانی شەڕەکەی گواستووەتەوە و لە ٢٠٢١ ئەگەری زیادبوونی زیاترە. توێژینەوەکانی سایتی هەواڵی کوردستان تایمز ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچوونەکانی شەڕی پەکەکە بە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار لە بودجەی تورکیای ٢٠٢١دا پارەی بۆ تەرخان کراوە (کوردستان تایمز، ٢٠٢١).

بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێ چاودێران دەیڵێن، ململانێکە لە ئێستادا تەنها لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵکوو لەلایەن هاوڵاتیانی مەدەنییەوە لە باکووری عێراقدا بەگشتی وەکوو هەڕەشە دەبینرێت. ئامارەکانی عەرەب بارۆمیتەر ئاماژە بەوە دەکەن کە تەداخولەکانی تورکیا، لەلایەن خەڵکی لە باکووری عێراق وەکوو هەڕەشە دەبینرێت. زۆربەی خەڵکی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوونی تورکیا بە مەترسی و هەڕەشە دەبینن بۆ سەقامگیری. ئەوەی کە ئەم هەڕەشەیە بەتایبەتی ڕووی لە کوردە لەوەدا دەردەکەوێت کە خەڵکی ئەو ناوچانەی زۆرینەی عەرەبن، تەنها لە سەددا یەکیان تورکیا وەکوو هەڕەشە دەبینن.

بەکورتی: دەرئەنجامی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق دەریدەخات کە خۆبەدوورگرتن لە پەکەکە گرفتەکەی چارەسەر نەکردووە، هیچ هۆکارێک نییە کە باوەڕمان وا بێت ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە ئایندەی سووریادا. تورکیا زیاتر لە ٣٦ ساڵە سەرقاڵی شەڕی پەکەکەیە و پەکەکە هەر بەردەوامە لە ڕاکێشانی خەڵکی بۆ ناو ڕیزەکانی، لە ئێستاشدا بەربڵاوترین هێزی گەریلایی کوردە.

لەبەر ئەوە بۆ ئایندەی سووریا لەدوای شەڕ، بێمانایە پێمان وا بێت چارەسەر تەنها لای هەسەدەیە، بەپێچەوانەوە، ئاشتی هەمیشەیی لە باکووری سووریا پەیوەندیی بە ململانێ سەرانسەرییەکەی نێوان تورکیا و پەکەکەوە هەیە. هەرێمی کوردستانی عێراق وەکوو نموونەیەک نیشانی دەدات کە هەوڵەکانی پێشوو بە نێوانگیریی ئەمەریکا کە تێیدا فشار لە هێزە کوردییەکان کراوە خواستی تورکیا تێر بکەن، شکستی هێناوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئەرزی واقیعدا.

کابینەی نوێی بایدن

کابینەکەی بایدن لە (٢٠)ی مانگی (١)ەوە سوێندیان خوارد و کەوتنە سەر کار. جێی خۆیەتی سەیری بژاردەکانی بایدن بکەین بۆ هەندێ لە پۆست و پێگەکان. بە هەڵبژاردنی ئەنتۆنی بلینکن، لیۆڵد ئۆستن و برێت مەکگۆرگ؛ بایدن سێ سیاسەتداڕێژەری داناوە کە ئەزموون و کاری ڕابردوویان دەیسەلمێنێت سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت لە پەیوەند بە تورکیا و ڕۆڵی کوردەوە لە سووریادا.

بایدن دیپلۆماتێکی ٥٠ ساڵەی وەکوو بلینکنی بۆ وەزیری دەرەوە هەڵبژاردووە. لە ئیدارەی ئۆبامادا بلینکن یاریدەدەری یەکەمی سکرتێر و دواتریش ڕاوێژکاری ئەمنیی جێگر سەرۆک بووە و دواتریش بووە بە جێگری وەزیری دەرەوە. بلینکن شێوازی ڕاگرتنی دڵی تورکیا و بەکارهێنانی هێزە کوردییەکانی بۆ شەڕی داعش پێ باش بووە. بلینکن لە وتارێکیدا بۆ نیویۆرک تایمز لە ٢٠١٧-دا، ”بۆ شکاندنی داعش؛ کوردەکان پڕچەک بکەن”، (Blinken, 2017) دەڵێت -ئەڵبەت ئەوکات هێشتا داعش ڕەقەی بەدەستەوە بوو-: ”هەسەدە دەتوانێ بەسەر شەڕی سەختی ناوشاری داعشدا سەر بکەوێت، تەنها ئەو کاتەی کە پڕچەک بکرێت”. بلینکن ئامۆژگاریی ئیدارەی ترەمپی کرد کە ”هەر هاوکارییەک بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی بدەین، دەبێت تەنها بۆ ئەرکێکی دیاریکراو بێت، تەنها ئەوەندە بێت کە ئەرکەکەی پێ ئەنجام بدرێت، نەک ئەوەندە بێت بگات بە دەستی پەکەکە” (Blinken, 2017). بلینکن زۆر جار ئەوەی گوتووە کە سیاسەتی ملدان بە داواکارییەکان، تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ لە باکووری سووریا ئەهوەن دەکاتەوە.

هەڵبژاردەکەی بایدن بۆ وەزیری بەرگری کە لۆیڵد ئۆستنە، بەوە ناسراوە کە ڕەخنەگری سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما بووە و کەمتر باوەڕی بە دەستتێوەردانی ئەمەریکا هەبووە لە دەرەوەدا Perry, 2020)). ئەوەی دەزانرێت لە بارەی ئەم جەنەراڵە سەربازییەوە ئەوەیە کە سەرکردایەتیی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای کردووە لە ٢٠١١دا لە عێراق، هەر چەندە لەگەڵ شێوازی جێبەجێکردنەکەیدا نەبووە. ئۆستن داڕێژەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی داعش و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بایدن کردوویەتی بە وەزیری بەرگری Biden, 2020)). هەر لەو بوارەدا ئۆستن لە یەکەمین ئەو کەسە سەربازییانەی ئەمەریکایە کە پێکەوە کاری لەگەڵ هەسەدە کردووە، ئەویش کاتێک کە ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بووە لە ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٦. ئۆستن کە خۆی داڕێژەری ستراتیژیەتی دژی داعشە لە کاتێکدا بەرەوپێشچوونەکانی ئەم ڕێکخراوە دونیای شۆک کردبوو، باش دەزانێت دەستکەوتەکانی دژی ئەم ڕێکخراوە دەکرێت بەخێرایی لەدەست بچن. تێگەیشتنەکانی ئەو بۆ گرنگیی هێزە کوردییەکان لە تێکشکاندنی داعشدا لەوانەیە گرنگ بێت بۆ چاکسازی لە سیاسەتی ئەمەریکادا.

بژاردەیەکی دیکەی گرنگی بایدن؛ برێت ماکگۆرگە. ئەو کە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەوە ناسراوە دژی فراوانخوازییەکانی تورکیایە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ماکگۆرگ تەنانەت دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە لە کۆتایی ٢٠١٨دا، وەکوو دژایەتییەک بۆ بڕیاری یەکەمی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزە زەمینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (Harb and Ragip, 2021). هەڵبژاردنی مەکگۆرگ وەکوو بەرپرس لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا، پەیامێکی تێدایە بۆ تورکیا. کەم کەس هەیە لە دیپلۆماسیەتی ئەمەریکیدا هێندەی مەکگۆرگ پەیوەندیی هەبووبێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق و خۆسەریی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا. هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە؛ لەناو میدیای تورکیدا دەنگی دایەوە و هەندێ بە هاریکاریی پەکەکە تۆمەتباریان کرد وەکوو ئەوەی مەولوود چاوشئۆغلوو لە ٢٠١٧ کردی (Harb and Ragip, 2021).

بڵندترین دەنگی ڕەخنەگر لە ئیدارەی بایدندا ڕەنگە بایدن خۆی بێت. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز لە ٢٠٢٠، بایدن دووبارە دەیڵێتەوە کە دەبێ ئەردۆگان باجی هەڵەکانی بدات وەکوو ئەوەی لە ٢٠١٩دا وتی. بایدن بەتایبەتی قسەی لە بارەی مامەڵەی تورکیاوە کرد لەگەڵ کوردەکاندا نەک هەر لە خاکی دەرەوەدا، بەڵکوو کوردەکانی ناو تورکیا خۆشی. بایدن دەڵێت: ”دەمەوێ ئەوە ڕوون بێتەوە کە ئێمە شێوازێکمان هەبوو کە کوردەکان ویستیان ئاوێزانی پڕۆسەی سیاسی ببن لە تورکیادا لە ڕێگەی پەرلەمانەوە… ئەردۆگان دەبێ باجەکەی بدات، دەبێ باجەکەی بدات و بزانین ئێمە بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی چەک بەوان” (The Editorial Board of NYt, 2020). جیاواز لە بلینکن، بایدن چاوی لەسەر پەرەسەندنی سیاسەتە دژەدیموکراسییەکانە لە ناوخۆی تورکیادا لەدوای کودەتا شکستخواردووەکەی (٢٠١٦)ەوە و دەڵێت: ”ئەردۆگان شکستی هێناوە، لە ئەستەنبوڵ شکستی هێنا، لە پارتەکەی خۆی شکستی هێنا. کەواتە ئێمە ئێستا چی بکەین؟ ئێمە هەر ئاوا دانیشین و تەسلیم بین؟ كۆتا شتێک من بمکردایە ئەوە بوو لە مەسەلەی کوردەکاندا بەقسەی ئەردۆگان بکەم، ئەوە هەر قابیلی کردن نەبوو” (The Editorial Board of NYt, 2020).

 

ئایندەی سیاسەتەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا

هەرسێ بژاردەکەی بایدن پێشتر لە ئیدارەی ئۆبامادا خزمەتیان کردووە، لەبەر ئەوە پرسیارێکی گرنگ لە مانگەکانی داهاتوودا ئەوەیە ئایا ئیدارەکەی بایدن بەردەوامیدانە بە هەمان شێوازەکەی ئۆباما. ئۆباما بەوە ناسرابوو کە دەیویست ”شەڕە هەمیشەیی”یەکان کۆتایی پێ بێنێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە، بەڵام گفتۆگۆکە لەوانەیە جیاواز بێ لە ئێستادا. گفتۆگۆکە لە ئێستادا لەسەر ئەوەیە چۆن نەک هەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە بکشێتەوە، بەڵکوو بەجددی کێشەکان چارەسەر بکرێن و ململانێ نەمێنێت. بڕوای ئۆباما ئەوە بوو کە یان ئەوەتا بەزۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار بێت، یاخود پشتگیریی ئەو حکومەتانە بکرێت کە سەقامگیری دابین دەکەن. ئەو حساباتە ئیشی خۆی نەکرد بەتایبەتی لە مەسەلەی تورکیادا. فرەلایەنی هیچ کاریگەرییەکی نییە کاتێک ئەو پشت بە یەکتر بەستە لەنێوان وڵاتاندا ڕێگری دەکات لە وەستانەوە دژی ڕەوتی دژەدیموکراسی و فراوانخوازیی یەکێ لە وڵاتەکان، نموونەی تورکیا لە ئێستادا ڕوونە.

لە ٢٠١٩-ەوە زۆر بەکەمی ئەمەریکا دژایەتیی دەستتێوەردانەکانی تورکیای کردووە لە لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بۆ نموونە جووڵە تاکلایەن و لەناکاوەکانی، هێرشە ئەتنیکییەکانی دژی ناوچە کوردییەکان لە سووریا و عێراق. لە کۆتاییدا چارەسەری سووریای دوای داعش کە ئارامی و ئاشتیی سەقامگیر بۆ ناوچەکە بهێنێت، لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەستاوە و ئەمەش بەبێ دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و پەکەکە بەدەست نایەت. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە چەندان ساڵەی نێوان ئەم دووانە لە چەقی ململانێکانی کوردەکانە لە عێراق و سووریا لەگەڵ سەربازانی تورکیا.

بۆ ئەوەی جووڵەیەکی بەڕاستی کاریگەر هەبێت، دوو هەنگاو پێویستە بنرێت: یەکەم: گفتوگۆی ئاشتیی فرەلایەنەی فەرمی لەنێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا دەبێ دەست پێ بکات کە لە ئەمەریکا و ئەورووپا ئەنجام بدرێت. دووەم: نەخشەڕێگایەک بۆ خۆبەڕێوەبەریی کورد دابنرێت کە لەسەروو ئەو مشتومڕە ساختەیەی سەربەخۆیی و سەر بە ئەوی تر بێت و چاوی لە بنیادنانی دامەزراوە بێت لە هەرێمە کوردییەکانی عێراق و سووریا. ئەگەر بایدن دەیەوێت ئەمەریکا بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا دەستپێکردنی گفتۆگۆیەک لە بارەی چوارچێوەی سیاسیی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ ئەو گەڕانەوەیەی ئەمەریکا. ئەم گفتوگۆیە ناکرێت بەبێ گێڕانەوەی تورکیا بۆ پڕۆسەکە، ئەویش پڕۆسەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە. ئەگەر ئەم گفتوگۆیە سەری گرت و ستاتۆیەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بۆ کوردانی سووریا قسەی لە بارەوە کرا، ئەوکات ئەمەریکا دەتوانێ بەبەهێزی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە بوەستێتەوە.

سیاسەتێكی ڕوونی ئەمەریکا لە بارەی تورکیاوە وەها دەکات ئەورووپاش بەهێزتر و ڕێکتر لەگەڵ تورکیا مامەڵە بکات لە مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لیبیا و ئەرمینیا. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەورووپا و بەتایبەتی ئەڵمانیا پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا بکەن. لە  ئێستادا نە گفتوگۆی هاتنی تورکیا بۆ ناو یەکێتیی ئەورووپا لەئارادایە و نە مەسەلەی سزادانی تورکیا. ئەم چەقبەستنە سیاسییە ناکرێت ناکۆتا بەردەوام بێت، ئەمە هانی تورکیا دەدات سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی زیاتر تاقی بکاتەوە. لەسەروو ئەوەشەوە ئەڵمانیا دەبێت هەوڵ بدات دەسەڵاتی تورکیا لەناو ئەڵمانیادا کەم بکاتەوە، بەتایبەتی لە دژی ئەو دژبەرە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنانەی پەنایان بۆ ئەڵمانیا هێناوە. بەشێكی بێدەنگیی ئەڵمانیا پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئاگادارە لەم دەسەڵاتەی تورکیا. دەبێ تۆڕەکانی حکومەتی تورکی لەناو ئەڵمانیادا هەڵبوەشێنرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕەخنەگرانی تورکیا لە خاكی  ئەڵمانیادا سەلامەت بن و سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش نەچەمێتەوە لە ئاست داخوازییەکانی تورکیادا.

 

 

سەرچاوەکان

  1. Arab Barometer (2019), Survey Data on Iraq from AB Wave V (2018–2019), www.

arabbarometer.org/survey-data/ (28 December 2020).

  1. Balanche, Fabrice (2020), The Fragile Status Quo in Northeast Syria, www.washingtoninstitute.

org/policy-analysis/fragile-status-quo-northeast-syria (28 December

2020).

  1. Biden, Joe (2020), Why I Chose Lloyd Austin as Secretary of Defense, www.theatlantic.

com/ideas/archive/2020/12/secretary-defense/617330/ (2 January 2021).

  1. Biden, Joe (2019), Campaign 2020 Joe Biden in Davenport, Iowa, www.c-span.

org/video/?465286-1/joe-biden-campaigns-davenport-iowa (2 January 2021).

  1. Blinken, Antony J. (2017), To Defeat ISIS, Arm the Syrian Kurds, www.nytimes.

com/2017/01/31/opinion/to-defeat-isis-arm-the-syrian-kurds.html (15 December

2020).

  1. Crisis Group (2020), Turkey’s PKK Conflict: A Visual Explainer, www.crisisgroup.

org/content/turkeys-pkk-conflict-visual-explainer (15 December 2020).

  1. Harb, Ali, and Ragip Soylu (2021), Biden Appoints Staunch Turkey Critic Brett McGurk

to National Security Council, www.middleeasteye.net/news/biden-appointsstaunch-

turkey-critic-brett-mcgurk-national-security-council (9 January 2021).

  1. Khalifa, Dareen (2020), The SDF Seeks a Path Toward Durable Stability in North

East Syria, www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/eastern-mediterranean/

syria/sdf-seeks-path-toward-durable-stability-north-east-syria (30 November

2020).

  1. Kirkpatrick, David D., and Eric Lipton (2019), Behind Trump’s Dealings with Turkey:

Sons-in-Law Married to Power, www.nytimes.com/2019/11/12/us/politics/

trump-erdogan-family-turkey.html?auth=login-email&login=email (29 December

2020).

Kurdistan Times (2021),

(Documents: Ministry of Defence of Turkey announces “planning

for war between KRI and PKK” ), https://kurdistantimes.org/2021/01/24/%d8

%af%db%86%da%a9%db%8c%d9%88%d9%85%db%8e%d9%86%d8%aa-%d9%

88%db%95%d8%b2%d8%a7%d8%b1%db%95%d8%aa%db%8c-%d8%a8%db%9

5%d8%b1%da%af%d8%b1%db%8c%db%8c-%d8%aa%d9%88%d8%b1%da%a9%

db%8c%d8%a7-%d8%aa%db%95/ (24 January 2021).

  1. O’Donnell, Sean W., Matthew S. Klimow, and Ann Calvaresi Barr (2020), Operation

Inherent Resolve. Lead Inspector General Report to the United States Congress,

https://media.defense.gov/2020/Nov/03/2002528608/-1/-1/1/LEAD%20INSPECTOR%

20GENERAL%20FOR%20OPERATION%20INHERENT%20RESOLVE.

PDF (2 January 2021).

  1. Perry, Mark (2020), Lloyd Austin Isn’t Who You Think He Is, https://foreignpolicy.

com/2020/12/16/lloyd-austin-isnt-who-you-think-he-is/ (2 January 2021).

  1. Raleigh, Clionadh et al. (2010), Introducing ACLED – Armed Conflict Location and

Event Data, in: Journal of Peace Research, 47, 5, 651–660.

The Editorial Board of NYT (2020), Joe Biden. Former Vice President of the United

States, www.nytimes.com/interactive/2020/01/17/opinion/joe-biden-nytimesinterview.

html (2 January 2021).

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە نۆی (9) ئەیلولی 2021، ساڵی دووەم

Send this to a friend