لە نێوان بانگەواز و سیاسەتدا
د. ئومێد ڕەفیق
پەیوەندى بانگەواز و سیاسەت بابەتێکە گفتوگۆى جیاوازی بە درێژاى هزرى سیاسى ئیسلامى دروست کردووە، بۆیە بەر ئەنجامى ئەم گفتوگۆیە هزرى ئیسلامى دابەش کردوە بەسەر دوو ڕەوتى سیاسی جیاوازدا، ڕەوتێک بەرگرى لەوە دەکات کە ئایینى ئیسلام ئایینێکى گشتگیرە و سیاسەت بەشێکە لە چالاکییەکانى کۆمەڵگە و بەشێکى دابڕاو نییە لە کارى بانگەواز، بەڵکو دوانەیەکى لە یەکتر دانەبڕاون.
ڕەوتێکى تر بەرگرى لە جیاکردنەوەى بانگەواز و سیاسەت دەکەن و پێیان وایە بانگەواز ڕەهەندێکى ڕۆحى و پەروەردەیى هەیە، کار لەسەر قوڵکردنەوەى مانا ڕۆحى و پەروەردەییەکان دەكات بۆ بە بەدیهێنانى کۆمەڵگەیەکى باشتر.
ئەگەر بەراوردى کۆمەڵگەى کوردى، وەکو نموونەیەکى کۆمەڵگەى ئیسلامى بکرێـت، بانگەوازى ئیسلامى بەشێک بووە لە ئەرکە ڕۆحى و پەروەردەییەکان لە ڕێگەى مزگەوت و حوجرە و خوێندنگە ئیسلامییەکانەوە ئەرکى پێگەیاندنى دەیان زاناى ئایینى بینیوە، کە لە بوارى بانگەواز و ڕێنمایى ئایینیدا ڕۆڵیان گێڕاوە لە پێگەیاندنى شاعیران و خوێندەواران و تەریقەتەکانى ئیسلامى لە کوردستان.
ئەم مۆدێلە لە کوردستان بە درێژایى سەدەکانى ڕابردوو هەتاوەکو ئێستاش زیاتر لە ڕەوتەکەى تر بەرگرى لێ دەکرێت و کارى کردووە، بەڵام لە دواى ئەوەى کە ڕەوتى ئیسلامى بە تایبەتى فیکرى (ئیخوان موسلمین) دێتە کوردستان، وەکو ڕەوتێکى سیاسی، بابەتى بانگەواز تێکەڵ بە سیاسەت دەکرێـت، بەڵام مشتومڕ و گفتوگۆکان نە لەسەر ئاستى ڕەوتە سیاسییە ئیسلامییەکان کۆتایى هاتووە، نە لەسەر ئاستى میللى، لە ناوخودى ڕەوتە سیاسییە ئیسلامییەکان چ وەکو کەسایەتى ئیسلامى، چى وەکو بەرنامەى سیاسى ئەم بابەتە لە کۆنگرەى حزبەکان بووەتە هۆی دابەشکردنى کادیرانى حزبە ئیسلامییەکان بەسەر دوو ڕەوتى جیاوازدا.