لە نێوان خوێندنى مزگەوت و خوێندنى مۆدێرندا
پ.د.ئاراس محەممەد ساڵح
لەگەڵ هاتنى موسڵمانەکان بۆ کوردستان، وەک پێویستییەکى ئایینى ئیسلام مزگەوت بنیاتنراوە و لەناو مزگەوتەکانیشدا پرۆسەى خوێندنى سەرچاوەکانى ئایینى نوێ دەستی پێکردووە، چونکە بەبێ فێربوونى بنەما و فەرمانەکانى ئیسلام ناتوانرێت ئاییندارى بکرێت، هەرئەوەش پاڵنەرى یەکەمى دەستپێکى خوێندن بووە لە مێژووى ئیسلامیدا.
لە کوردستاندا لەگەڵ فێربوونى ئایینى نوێدا فێربوونى زمانى عەرەبی پێویستییەکى سەرەکى بووە، چونکە کوردیش یەکێک بووە لەو میللەتە (عەجەم)انەى عەرەب نەبووە و ئاگادارى زمان و بنەما سەرەکییەکانى ئەو زمانە بووە، هەربۆیە لەناو پرۆگرامى خوێندنى مزگەوتدا بەشى زمانى عەرەبی بە هەرسێ لقى (النحو والصرف والبلاغة) پشکى شێرى بەرکەوتووە.
سەرەتا کێ بوون ئەوانەى لە هاتوونەتە کوردستان و بناغەى یەکەم خوێندنگەو سەرەتاکانى خوێندنى ئەلف و باى عەرەبی و ئیسلامیان داناوە؟ نازانین، یەکەم مزگەوت و یەکەم خوێندنگەى ئایینى لە کوردستاندا کامەبووەو لە چ ناوچەیەکدا بووە؟ ئەمەش هەتا ئێستا هیچ سەرە داوێکى مێژوویی حاشاهەڵنەگرمان لەبەردەستدا نیە، بەڵام بە کۆمەڵێک پێوەر لەبەرئەوەى لە ساڵى ١٨ کۆچیدا هەرێمى شارەزوور لە دواى جەلەولا فەتحکراوە، واتە هەرێمى شارەزوور یەکێک لەو ناوچانەى کوردستان کە زوو فەتحکراوە، نازناوى زاناى شارەزوورى هەرزوو بڵاوبووەتەوە، ئەمانە ئەو بۆچوونە بەهێز دەکات کە یەکەم مزگەوت و خوێندنگەى ئیسلامى لە شارەزوورو لە خورماڵى ئێستادا بووبێت.
خوێندنگەو زانایانى شارەزوورى و دینەوەرى و ئامادى و ئەربیلى و شنۆیی و زۆر شوێنى تر هەر زوو ناوبانگیان بڵاوبووەتەوە بە جیهانى ئیسلامیدا، ئەوەى جێگەى مشتومڕ نیە لەسەرەتاکانى هاتنى موسڵمانەکانەوە لە کوردستاندا دەیان زاناى گەورە دەرکەوتوون و بەهۆى ئەوانەى خوێندنگەو مەدرەسەکانیان زیاتر ناوبانگیان بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، مێژوونووسى کورد د.کەمال مەزهەر ئەحمەد دەڵێت: خوێندن و خوێندوارى بەهۆى ئیسلامەوەو هاتووەتە کوردستان، وەک پێویستییەکى ئایینى نوێ گرنگى بە خوێندەوارى دراوە.
بەدرێژایی مێژووی خوێندن لە مزگەوتەکانى کوردستاندا کۆمەڵێک پاڵنەرى بەهێز هەبووە وایکردووە پرۆسەکە بەردەوامبێت و بەرهەمى زۆربێت، ئەمەش بەپێی پێوەرو ئاست و تیگەیشتنى ئەو ڕۆژگارەى پێدا تێپەڕیوە، دەتوانین لە چەند خاڵێکدا ئەو پاڵنەرانە کۆلکەینەوە، ئەوانیش:
١/ خۆشەویستى بۆ زانست و فێربوون: خوشەویستى بۆ زانست و پاڵنەرى ئیمانى و چاوەڕێی پاداشتى لاى خوا، وایکردووە لە مامۆستاو فەقێ هەست بە ماندووبوون نەکەن و زۆر خۆنەویستانە خزمەتى زانست و مزگەوت و خەڵکى بکەن.
٢/ بێبەرامبەر لە ڕیی خودا: مامۆستا مزگەوت بەدرێژایی تەمەنى لەسەر چۆک دانیشتووەو تەدریسى کردووەو سەدان فەقێی فێرى خوێندەوارى کردووە، بەدرێژایی ئەو تەمەنە بە ژیانێکى سادە ڕازیبووەو چاوەڕێی پاداشت و کرێی لە کەس نەکردووەو منەتى کەسى هەڵنەگرتووە، تەنها مەبەستى ڕەزامەندى خواو پاداشتى قیامەت بووە.
٣/ ڕازیبوون لە ژیانى کولەمەرگى: مامۆستاى ئایینى و فەقێی کاتێک چوونەتە ناوپرۆسەى خوێندنەوەو چاوەڕێی بژێوى و پۆست و موچە نەبوون، ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ دامەزراندن و ژیانێکى باشتر نەیانخوێندووە، تەنها پاڵنەرى ئیمانى و پاداشتى خوایی مەبەستیان بووە.
٤/ گەشتو گەڕان و خۆنەویستى: فەقێی زانستە ئیسلامیەکان لە تەمەنێکى مناڵیەوە کۆڵى پێچاوەتەوەو شابەشارو گوند بە گوندى وڵاتەکەى گەڕاوە، هەندێجار چەند ساڵێک نەگەڕاوەتەوە لاى باوک و دایکى، زۆر خۆنەویستانە درێژەى بە خوێندنداوە.
٥/ هەڵبژاردنى مامۆستا لەلایەن فەقێکانەوە: فەقێکان سەربەستى تەواویان هەبووە لە هەڵبژادرنى مامۆستادا، فەقێ گەڕاوە بەدواى باشترین مامۆستاى ماددە جیاوازەکاندا، هەرکاتێک ناوبانگى مامۆستایەکى بەتواناى بیستبێت داواى مۆڵەتى لە مامۆستاکەى کردووەو ئەویش ڕیگەیداوەو ڕۆیشتووە بۆ لاى ئەو مامۆستاى خۆى مەبەستى بووە.
٦/ وتنەوەى موستەعید سوختە: کاتێک فەقێ قۆناغى سوختەى تەواو کردووە، بووەتە مامۆستاى سوختەکانى دواى خۆى، ئەمەش پراکتیزەکردنى ئەو زانستانە بووە کە خوێندوویەتى، ئیتر چاوەڕێی نەکردووە دواى تەواوکردنى خوێندن ببێتە مامۆستا، ئەم هەنگاوەش وایکردووە فەقێی موستەعید زانستەکانى بیرنەچێتەوەو ڕۆژانە تەدریسى کردووەو باشتر لە مادەکاندا ڕۆچووە.
٧/ ڕۆچوون لە زمان و بەلاغەى عەرەبیدا: خوێندنى مادەکانى زمانى عەرەبی لە نێوان مامۆستاو قوتابیدا بەشێوەى دووبەدوو، شێوازێکى گرنگ بووە بۆ تێگەیشتنى بابەتەکانى زمانى عەرەبی و فێربوونى بە ئاستێکى بەرز، قوڵبوونەوە لە زمانى عەرەبیدا لاى مەلاى کورد گەیشتوەتە ئاستى چێژوەرگرتن لە بابەتەکە، هەربۆیە ساڵانێکى زۆر سەرقاڵى دراسەى ئەو زمانە بووەو لێی بێزار نەبووە.
٨/ زانستە عەقڵى و نەقڵیەکان: کۆگیرى لە نێوان زانستە نەقڵیەکان (قورئان و سونەت) و بابەتە عەقڵییەکان، ئەو بابەتانەى بەرهەمى عەقڵى مرۆڤ بوون، وایکردووە فەقێ و مەلاى کورد و کرانەوەو دنیابینى زیاترى هەبێت.
٩/ خوێندنى زمانى عەرەبی و فارسى و تورکى: گرنگیدان بە زمانەکانى فارسى و تورکى هەنگاوێکى باشبووە بۆ تێکەڵابوونى فەقێی کورد بە فەرهەنگ و ئەدەبی ئەو گەلانە، بە تایبەت زمانى فارسى و تێکەڵاوبوونى مەلاى کورد لەگەڵ ئەدەبی فارسیدا پاڵنەرێکى زۆر باشبووە کە مەلاى کورد ڕوو بکەنە شیعرو ئەدەب.
١٠/ لایەنى ڕۆحى و عیرفانى: گرنگیدانى خوێندنگە ئایینیەکان بە بابەتە عیرفانى و ڕۆحیەکان خاڵیکى بەهێز بووە کە بۆشایی گیانى و دەروونى و وشکى ڕوونەکاتە ڕەوشى ئایینى و ئاییندارى.
لەگەڵ بوونى دەیان خاڵى بەهێزى پرۆسەى خوێندنى ئایینى لە کوردستاندا، بێگومان هەندێ خاڵى لاوازیشى هەبووە، ئەمانەش وایکردووە لە سەردەمى نوێدا تووشى پاشەکشە ببێتەوە، لە گرنگترین خاڵە لاوازەکانى:
١/ گرنگى نەدان بە سەرچاوەکانى ئیسلام قورئان و سونەتى پێغەمبەر(د.خ): ئەوەى تێبینى دەکرێت لەناو پرۆگرامى حوجرەدا گرنگى بە تەجوید تەفسیر نەدراوە، هەروەها بەهیچ جۆرێک فەرمودەو زانستەکانى فەرمودە نەخوێنراوە، هەرئەمەشە هۆى لاوازى گوتارى ئایینى مەلاکان، هەرکاتێک گوتاردەدەن لەبرى پەنابردن بۆ ئایەت و فەرمودە دەیان چیرۆکى دروستکراو بێ مانا دەگێڕنەوە.
٢/ پشتگوێ خستنى زانستە مرۆییەکان: نەخوێندن و مێژوو و جوگرافیاو بابەتە مرۆییەکانى تر وایکردووە مەلاى کورد بێئاگابێت لە مێژووى میللەتەکەى و جوگرافیاى وڵاتەکەى، ئەگەر بەدرێژایی ١٤٠٠ چەند مەلایەکى کەم شتێکى کەمیان نووسیبێت ئەوە هیچ لەم ڕاستیە کەمناکاتەوە، لەماوەى ئەو چواردە سەدەدا هیچ مەلایەکى کورد یاداشتى خۆى تۆمارنەکردووە، ئەمەش کاریگەرى ئەو پرۆگرامەو خوێندنە بووە کە تەواویکردووە.
٣/ گرنگى نەدان بە زمان و کەلتورى کوردى: یەکێکى تر لەو ڕەخنانەى ڕووبەڕووى مێژووى خوێندنى مزگەوت دەبێتەوەو پشتگوێخستنى زمانى کوردیە، بۆچى مەلاى کورد گرنگى بە زمانى فارسیداوە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانى قورئان نەبووە، ئەى بۆچى لاى بەلاى زمانى کوردیدا نەکردووەتەوە؟.
٤/ دابڕان لە واقیعى کۆمەڵایەتى: مەلاى کورد زانستەکانى کەلام و هەندێ بابەتى فەلسەفى خوێندووە کە پێویستى ئەو ڕۆژگارە نەبووە، فەقێی کاتێک خوێندنى تەواوکردووە بووەتە مەلاى گوندێک یان شارۆچکەیەک، کە کۆمەڵگەیەکى کشتوکاڵى نەخوێندەواربوون، بە هەموو تەمەنى پێویستى بەو زانستانە نەبووە.
٥/ نەگۆڕان و خۆنوێنەکردنەوە: گەورترین نهێنى پاشەکشەى خوێندنى مزگەوت ئەوەبووە نەیتوانیوە خۆى نوێ بکاتەوەو لەگەڵ پێشهاتەکانى سەردەمدا بڕواتە پێشەوە، ئەمەیش وایکردووە لەگەڵ دەرکەوتنى خوێندنى مۆدێرندا لاوازى خوێندنى ئایینى دەربکەوێت و پاشەکشە بکات.
لەدواى ئەوەى لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەدا لە زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانى ژێر دەستى دەوڵەتى عوسمانى مەکتەبی ڕوشدیەى سەربازى و مەدەنى کراوەتەوە، خەڵکێکى زۆر ڕوویان لەو مەکتەبانە کردووە، بەهۆى کاریگەرى خوێندن و پرۆگرامى ئەو مەکتەبە نوێیانەوە هەرزوو دەستەى ڕوناکبیرى جیاواز دەرکەوتوون.
لە کوردستانیش بەهۆى دەرچووانى ئەو مەکتەبانەوە دەستەى ڕوناکبیران دەرکەوتووە، سەرەتا لە ئەستەنبوڵ و دواتر کە دەوڵەتى عوسمانى ڕوخاوە گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان، لە نمونەى ئەوانە هەریەکە لە محەمەد ئەمین زەکى بەگ و پیرەمێرد و ڕەفیق حیلمى و مستەفا پاشاى یاموڵکى و ژمارەیەکى تر.
هەر ئەم ڕوناکبیرانە بزاڤى ڕۆشنبیرى و ڕۆژنامەنووسی و بیرى نوێیان هێنایە کوردستان، لەکاتى دامەزراندنى دامودەزگا حکومیەکاندا بوونە بەرپرسى ئەو دەزگایانە، ئەو پرسیارەى لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە: بۆچى دەرچووانى خوێندنى مزگەوت نەیاتنوانى پێشڕەوى بزاڤى ڕۆشنبیرى و پێشکەوتنەکانى سەردەمى نوێ بکەن؟.
ڕەنگە کەسانێک بڵێن: ئەى ئەوەنیە خوێندنى حوجرە حاجى قادرى کۆیی و پیرەمێرد و ژمارەیەکى کەسى ترى وەک ئەوانەى دروستکردووە!. ڕاستە ئەمانە سەرەتاى خوێندنیان لە مزگەوتدا بووە، بەڵام کاتێک چوونەتە ئەستەنبوڵ و لەگەڵ جیهانى نوێدا تێکەڵاوبوون، گۆڕانى گەورە لەدیدوبۆچوونیاندا ڕویداوە، ئەوانیش بەرهەمى پێشهاتە نوێیەکانى ئەو ڕۆژگارى شارى ئەستەنبوڵن.
ئەوەى جێگەى مشتومڕ نیە ئەوەیە خوێندنى مزگەوت و نەیتوانى خۆى نوێ بکاتەوەو لەگەڵ سەردەمدا بڕواتە پێشەوەو بابەتە پێویستەکانى ڕۆژ بخاتە ناو پرۆگرامى خوێندنەوە، بەو هۆیەوە لەبەرامبەر خوێندنى نوێدا لاواز بووە، ئەوەى تێبینى دەکرێت هەتا ئێستاش خوێندنى حوجرەکان نەیتوانیوە خۆى نوێ بکاتەوەو ڕۆشنبیرى و سیاسی گەورە دروست بکات، بەشێوەیەک لە ئاستى سەردەمەکەى خۆیدابێت.
لە گرنگترین خاڵە بەهێزەکانى خوێندنى نوێ:
١/ خوێندن بۆ هەمووان بووە: خوێندن و قوتابخانەى مۆدێرن ژمارەیەکى زۆر قوتابی ڕووى تێکردووە، ئەگەر خوێندنى ئایینى لە گوندێکدا یان چەند گوندێکدا یەک کەس بووبێتە فەقێ، ئەوا لە خوێندنى نوێدا هەمووان وەک ئیجبارى چوونەتە قوتابخانە، ئەم شێوە گشتییە زووتر کۆمەڵ دەگۆڕێت و کاریگەرى بەرچاوى دەبێت لەسەر خەڵکى.
٢/ هەمەچەشنى میتۆدى خوێندن: ئەگەر لە خوێندنى حوجرەدا تەنها بابەتە ئایینیەکان و زمانى عەرەبی خوێندرابێت، بە پێچەوانەوە لە خوێدنى نوێدا هەموو لقەکانى زانستە نوێیەکان خوێندراوە، ئەمەش کاریگەرى زۆرى دەبێت لەسەر ڕەوتى پێشکەوتنى ژیان.
٣/ لە خوێندنى نوێدا زۆرى و بۆرى تێدایە، هەزاران خوێندکار ڕوو دەکەنە قوتابخانە نوێیەکان بێگوێدانە ئاستى تێگەیشتن و تواناى وەرگرتنیان، هەروەها هەرکەسێک بڕوانامەى هەبوو دەکرێتە مامۆستا لێوەشاوەبێت یان نا، بەڵام لە خوێندنى و حوجرەدا ئەوەى لێوەشاوە نەبێت نەدەبێت فەقێ نەدەبێتە مامۆستا.
٤/ خوێندنى نوێ بەردەوام لە خۆنوێکردنەوەدایە لە ڕووى مەنهەج و شێوازى خوێندنەوە، بەڵام خوێندنى ئایینى تواناى خونوێکردنەوەى کەمە.
٥/ قوتابخانە نوێیەکان هەردوو ڕەگەزى کوڕو کچ وەردەگرێت، بەڵام خوێندنى حوجرە زیاتر قۆرخکراوە بۆ کوڕان و هەڵکردنى لەگەڵ پێشهاتەکان و وەڵامدانەوەى پێویستییەکانى ژیانى ڕۆژانەدا بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردندایە.
سەرچاوەکان/
١/ عەبدولكەریمی مودەڕیس، مەلا، بنەماڵەی زانیاران، چاپی یەكەم 1404ك1984ز، چاپخانەی شەفیق- بەغداد.
2/ د.کەمال مەزهەر ئەحمەد، میژوو، کورد و میژوو، کورتە باسێکى زانستى مێژوو، چاپی یەکەم ١٩٨٣ بەغداد.
3/ محەمەد قزڵجەیی، ناساندنێكی مزگەوتەكانی سلێمانیو خوێندنگە ئایینییەكانی، وەرگێڕانی: د.ئاراس محمد صالح، چاپی یەكەم 2013ز، چاپخانەی شڤان- سلێمانی.
4/ محەمەد عەلی قەرەداغی، دیفاعێك لە خوێندن لە حوجرەكانی كوردستاندا، چاپی یەكەم 1430 كۆچی 2009ز.