بندیوار، مۆته‌كه‌ی به‌رده‌م چاكسازی
بۆ بینینی بابه‌ته‌كه كلیك له‌م به‌سته‌ره بكه:- ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی
ئامادەكردن: بارام سوبحی
حیزبه حكومڕانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر و ئه‌و كاته‌ی له به‌غداوه لێشاوی پاره ڕووی كرده كوردستان، له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌ت؛ مووچه‌یان بۆ هه‌زاران كادیر و هه‌وادار و لایه‌نگری خۆیان به ناونیشانی جۆراوجۆر دابین كرد. له ئێستادا كه چیتر وه‌كوو جاران پاره له به‌غداوه نایه‌ت و نرخی نه‌وت ڕووی له داكشانه و كۆرۆناش داهاتی ناوخۆی به‌ره‌و نه‌مان بردووه و حكومه‌تیش ملیاران دۆلار قه‌رزاره، داوای بڕینی مووچه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێت كه پێیان ده‌وترێت “بندیوار”، تاوه‌كوو حكومه‌ت بتوانێت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی ڕاسته‌قینه دابین بكات.
به‌پێی ئاماری هه‌رێم، ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان؛ شه‌ش ملیۆن و سی و سێ هه‌زار و هه‌شت سه‌د و چوارده كه‌سه. له‌و ژماره‌یه، نزیكه‌ی دوو ملیۆن و چوار سه‌د و سیانزه هه‌زار و پێنج سه‌د و بیست و شه‌ش كه‌س ته‌مه‌نیان له هه‌ژده ساڵ كه‌متره، واته ڕێژەی 40%-ی دانیشتووان هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ته‌مه‌نی دامه‌زراندن، هه‌روه‌ها ژماره‌ی مووچه‌خۆرانیش یه‌ك ملیۆن و (255) هه‌زار و (273) كه‌سه.
له‌شكری مووچه‌خۆران و تۆماری بایۆمه‌تری
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دامه‌زراندنیه‌وه له ساڵی 1992 تا ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی (2003)، به داهاتی ناوخۆ؛ مووچه‌ی مووچه‌خۆران و خه‌رجیی پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كانی دابین ده‌كرد. به‌ڵام له ساڵی 2004 كه یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌دوای ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی پێك هات، عێراق بڕیاری دا 17%-ی كۆی بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت. له 2004 تا 2014، حكومه‌تی هه‌رێم به‌به‌رده‌وامی به‌شه‌بودجه‌ی خۆی له به‌غداد وه‌رده‌گرت، كه به شێوه‌یه‌كی گشتی مانگانه به تێكڕا ده‌گه‌یشته (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار.
له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا، حكومه‌ت بودجه‌ی ڕەوانهی پەرله‌مان ده‌كرد و به هه‌زاران كه‌سی دامه‌زراند. له ساڵی (2014)دا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی كرد به ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له ڕێگه‌ی بۆرییه‌وه. له پڕۆژەبودجهی (2014)دا، حكومه‌تی عێراق مه‌رجی ناردنی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی به‌سته‌وه به ڕاده‌ستكردنی (400 هه‌زار) به‌رمیلی ڕۆژانه‌وه، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم به‌و مه‌رجه قایل نه‌بوو، بۆیه عێراق بڕیاری بڕینی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی ده‌ركرد، له‌و كاته‌وه هه‌رێمی كوردستان كه‌وته ناو قه‌یرانێكی قووڵی داراییه‌وه و تا ئێستاش به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت. به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان، تاوه‌كوو ساڵی 2013، واته پێش بڕیاری ئابووریی سه‌ربه‌خۆ، داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كه به ته‌نكه‌ر فرۆشراوه، حه‌وت ملیار و (900) ملیۆن دۆلار بوو.
له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بووه یه‌كێك له دیارترین له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێم و زۆرترین ناڕەزایی جه‌ماوه‌ریی لێ كه‌وته‌وه. به مه‌به‌ستی خاوێنكردنه‌وه‌ی تۆماری مووچه‌خۆران و ئاماده‌كردنی داتایه‌كی ڕاست و دروست، ڕۆژی 3/2/2016 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بڕیاری ژماره (71)، فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاریی وه‌كوو لایه‌نی سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆسه‌ی بایۆمه‌تریی مووچه ڕاسپارد. پڕۆسه‌كه‌ش له مانگی ١٠-ی ساڵی 2016 ده‌ستی پێ كرد.
له‌دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی بایۆمه‌تری، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌می پڕۆسه‌كه بوو، ڕایگه‌یاند له پهیڕەوكردنی سیستمی بایۆمه‌تریدا، توانیمان زیاتر له په‌نجا هه‌زار مووچه‌خۆری بندیوار و وه‌همی بدۆزینه‌وه، جگه له سه‌د هه‌زار دوو مووچه و سێ مووچه.
عیزه‌ت سابیر كه لە خولی پێشووی پەرله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی بوو، ڕایگه‌یاند كە (55) هه‌زار مووچه‌خۆری وەهمی، ئاشكرا بوون كە بندیوارن و خۆیان له بایۆمه‌تری تۆمار نه‌كردووه، ئه‌و كه‌سانه په‌یوه‌ندییان به‌و ژمارانه‌وه نییه كه باس له دوو مووچه‌ییان ده‌كرێت. جگه له‌و (55) هه‌زار مووچه‌خۆره وه‌همی و بندیواره، (62) هه‌زار دوو مووچه‌یی و سێ مووچه‌یی له بایۆمه‌تری ئاشكرا بوون. له‌و (62) هه‌زار دوو مووچه‌ییه، (15) بۆ بیست هه‌زار كه‌سیان مووچه‌كانیان ده‌مێنێت، به‌تایبه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌وه‌ی تر مووچه‌كانیان ده‌بڕدرێت.
هیوا ئه‌فه‌ندی؛ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا و زانیاری له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند له سیستمی بایۆمه‌تری ئاشكرا بووه سه‌د هه‌زار كه‌س له كوردستان دوو مووچه‌یی و سێ مووچه‌ییان هه‌یه، ئه‌و سه‌د هه‌زار دوو مووچه‌یی و سێ مووچه‌ییه یان چوار مووچه‌ییه تێكه‌ڵه به یاسایی و نایاسایی، چونكه هه‌یه به‌پێی یاسا زیاتر له مووچه‌یه‌كی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكانێك هه‌یه به نایاسایی هه‌یه‌تی.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، ئه‌ندامانی ئه‌م خوله‌ی پەرله‌مانی كوردستان ژماره‌یه‌كی جیاوازتر له ژماره‌كانی قوباد تاڵه‌بانی ڕاده‌گه‌یه‌نن. له‌و باره‌یه‌وه دابان محه‌مه‌د؛ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی گۆڕان، ده‌ڵێت: “ژماره‌ی ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی زاراوه‌ی بندیواریان بۆ به‌كار ده‌هێنرێت، (350) هه‌زار كه‌س به‌ره‌و ژووره”. هه‌روه‌ها ئه‌ندامی پەرله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان؛ حه‌سیبه گه‌ردی، ده‌ڵێت: “(101) هه‌زار كه‌س زیاتر له یه‌ك مووچه وه‌رده‌گرن، (86000) كه‌س زیاتر له یه‌ك تا پێنج مووچه وه‌رده‌گرن و (55) هه‌زار بندیوار هه‌یه.”
چۆن بندیوار چاره‌سه‌ر بكرێت؟
عه‌تا قه‌ره‌داغیی نووسه‌ر له وتارێكدا، به‌م جۆره پێناسه‌ی بندیوار ده‌كات: زاره‌وه‌ی بندیوار له كوردستاندا بۆ ئه‌وانه به‌كار ده‌هێنرێت كه به‌بێ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ن، مووچه وه‌رده‌گرن. ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه له‌م جۆره‌ن، كه‌م نین. به‌شی زۆری ئه‌مانه یان كادیرانی حیزبه‌كانن، یان كه‌سوكاری به‌رپرسانی حیزبی و حكومین، یان ئه‌و كه‌سه كه‌سێتییه لاواز و بێعیزهتانهن بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بكه‌ن؛ مووچه‌ی بێ ماندووبوون و بێ كاركردن وه‌رده‌گرن. له ئه‌ورووپا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر سۆشیال ده‌ژین، به چاوی ڕێزه‌وه سه‌یر ناكرێن، كه‌چی ئه‌وانه‌ی له كوردستان بندیوارن، خۆیان به هاوڵاتیی پله یه‌ك ده‌زانن. زۆرێك له‌مانه مووچه‌كانیان له‌و كارمه‌ند و مامۆستا دڵسۆزانه زیاتره، كه به‌جددی كار و ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
له عێراق بۆ بندیواره‌كان وشه‌ی “فه‌زائی” به‌كار ده‌هێنرێت، واته بوونه‌وه‌ری گه‌ردوونی. ئه‌م وشه‌یه‌ش له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌كوو سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له ساڵی 2014-دا، له‌ناو جه‌ماوه‌ر و میدیاكان و تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بره‌وی سه‌ند، چونكه عه‌بادی ڕایگه‌یاند په‌نجا هه‌زار سه‌ربازی وه‌همی له وه‌زاره‌تی به‌رگری هه‌یه. له‌دوای ئه‌و وته‌یه‌ش، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پەرله‌مانی عێراق ناوی (75) هه‌زار كه‌سی وه‌همیی له تۆماره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا دۆزییه‌وه.
مه‌به‌ست له “فهزائییهكان”، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ن مووچه‌ی مانگانه وه‌رده‌گرن و دۆسیه‌ی فه‌رمییان هه‌یه، به‌ڵام له واقیعدا بوونیان نییه. سه‌رۆكی پارتی ئوممه‌ی عێراقی؛ میسال ئالوسی ده‌ڵێت: “شه‌ست هه‌زار كه‌س له دۆست و خزمانی پەرله‌مانتار و وه‌زیر و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت هەن؛ مووچه وه‌رده‌گرن و وه‌همین، به پاساوی ئه‌وه‌ی پاسه‌وانی كهسایهتییهكانن.”
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و داتایانه له كاتێكدایه به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی فه‌رمیی ڕێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، عێراق یه‌كێكه له گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهان. به جۆرێك له تۆماری ئه‌و ڕێكخراوه‌دا و له ساڵی 2018-دا، عێراق له پله‌كانی كۆتایی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بووه. له 2017-دا له‌نێو (180) ده‌وڵه‌تدا، عێراق پله‌ی 169-ی هه‌بووه. له 2007-دا، پله‌ی 178-ی له‌نێو گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهان گرتووه. هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی پەرله‌مانی عێراق له 2003-2018، به هۆی گه‌نده‌ڵیی حكومه‌ته‌وه؛ (320) ملیار دۆلار به‌هه‌ده‌ر دراوه.
حسێن ئه‌سه‌دی نووسه‌رێكی عێراقییه، له باره‌ی بوونی فه‌رمانبه‌رانی بندیوار ده‌ڵێت: “له دیارترین هۆكاره‌كانی دامه‌زراندن له عێراقدا؛ هۆكاری سیاسییه، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ به هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه گرێ دراوه، واته بۆ ده‌ستكه‌وتنی ده‌نگی زیاتره. كارێكی مه‌ترسیداره و ده‌چێته چوارچێوه‌ی قۆستنه‌وه‌ی پۆستی گشتی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی وه‌زیفه، ئه‌مه‌ش گه‌نده‌ڵییه و یاسا سزای بۆ داناوه، بگره ده‌چێته چوارچێوه‌ی كێبڕكێی نایاسایی و كڕینی ده‌نگه‌وه، به‌مه‌ش ده‌رفه‌تی به‌رده‌م ڕكابه‌ره‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه و ده‌رفه‌تی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه له‌به‌رده‌م پارته‌كاندا ناهێڵێت، بۆیه ده‌بینین زۆرینه‌ی پارته‌كان كێبڕكێ له‌سه‌ر پۆسته‌كان ده‌كه‌ن، چونكه دواتر ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنیان بۆ دهڕەخسێت و به‌و هۆیه‌وه پێگه‌یه‌كی به‌هێزتریان ده‌بێت.”
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی؛ ئه‌ندامی پەرله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی، هاوڕای بۆچوونی ئه‌و نووسه‌ره‌یه و ده‌ڵێت: “زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بندیوار هیی دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستانن و بۆ مه‌به‌ستی كاری حزبی و ده‌نگدان به‌كار ده‌هێنرێن.” له به‌رانبه‌ردا ڕێبوار بابكه‌یی؛ ئه‌ندامی پەرله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتگیری له بۆچوونه‌كه‌ی هه‌ڵه‌دنی ده‌كات و ده‌ڵێت: “(60%)ی بندیواره‌كان سه‌ر به یه‌كێتین، واته (40%)ی سه‌ر به پارتین.”
ئێستا كه حكومه‌ت دووچاری قه‌یران هاتووه و دابینكردنی مووچه؛ بارێكی گرانی خستووەته سه‌ر شانی، هه‌روه‌ها به هۆی سیستمی بایۆمه‌ترییه‌وه حكومه‌ت ناوی بندیواره‌كانی له‌به‌ر ده‌ستدایه، ده‌توانێت ئه‌و كه‌س و به‌رپرسانه‌ی كه ناوی وه‌همییان خستبووه لیستی مووچه‌وه؛ ڕەوانهی دادگا بكات، پاشان ئه‌و پارانه‌یان لێ وه‌ربگرێته‌وه كه به‌نایاسایی وه‌ریانگرتووه، دواتریش ده‌یتوانی ئه‌و سه‌د هه‌زار مووچه‌خۆره‌ی كه زیاتر له مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن، له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی یه‌ك مووچه‌دا سه‌رپشك بكات. ئه‌گه‌ر بێتوو حكومه‌تی هه‌رێم سه‌د هه‌زار مووچه ببڕێت كه دوو مووچه و مووچه‌ی بندیوار و خانه‌نشینی نایاسایی تێدایه، به‌و هۆیه‌وه نزیكه‌ی سه‌د ملیار دیناری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
پڕۆسه‌ی بندیوار و مووچه‌ی خانه‌نشینی ته‌نها له سلكی مه‌ده‌نیدا نییه، به‌ڵكوو له سلكی سه‌ربازییشدا هه‌یه، به جۆرێك سه‌د هه‌زار خانه‌نشینی سه‌ربازی به ناوی پێشمه‌رگه‌ی دێرینه‌وه مووچه وه‌رده‌گرن، كه زیاتر له هه‌شتا هه‌زاریان پێشمه‌رگه نه‌بوون و به‌نایاسایی ئه‌و مووچانه‌یان پێ ده‌درێت، حكومه‌ت ده‌توانێت مووچه‌ی ئه‌و هه‌شتا هه‌زار كه‌سه ببڕێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كام له‌و هه‌نگاوانه‌ی نه‌ناوه.
پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران
به‌گوێره‌ی پێوه‌ره جیهانییه‌كانی بودجه، نابێت ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی حكومی؛ ڕێژەی (1%)ی دانیشتووان تێپه‌ڕێنێت. هه‌ر بۆ نموونه؛ چین كه گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهانه له ڕووی ژماره‌ی دانیشتووانەوە، چونكه ژماره‌ی دانیشتووانی؛ یه‌ك ملیار و (393) ملیۆن كه‌سه، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی ته‌نها حه‌وت ملیۆن و (600) هه‌زاره، كه ده‌كاته (0.5%)ی دانیشتووان. هه‌روه‌ها له وڵاتێكی وه‌كوو هیندستان كه ژماره‌ی دانیشتووانی؛ یه‌ك ملیار و (353) ملیۆن كه‌سه، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی (21) ملیۆن و نیوه و ده‌كاته (1%)ی دانیشتووان.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا؛ ژماره‌ی دانیشتووانی زیاتر له (328) ملیۆنه، ته‌نها دوو ملیۆن فه‌رمانبه‌ری كه‌رتی گشتی هه‌یه كه ده‌كاته (0.6%)ی ژماره‌ی دانیشتووان. ژماره‌ی دانیشتووانی كه‌نه‌دا؛ (37) ملیۆن كه‌سه و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومی نزیكه‌ی (288) هه‌زاره، كه ده‌كاته ڕێژەی (0.7%)ی دانیشتووان.
له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ورووپا، ژماره‌ی دانیشتووانی فهڕەنسا (66) ملیۆن كه‌سه و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گشتی نیوملیۆنه، كه ده‌كاته (0.7%)ی دانیشتووان. ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌ڵمانیا؛ هه‌شتا و سێ ملیۆن كه‌سه و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی (451) هه‌زار كه‌سه، کە ده‌كاته (0.5%)ی دانیشتووان. هۆڵه‌ندا ژماره‌ی دانیشتووانی حه‌ڤده ملیۆن و (400) هه‌زار كه‌سه، ته‌نها (815) هه‌زاریان مووچه‌خۆری ده‌وڵه‌تن. واته له هه‌ر سه‌د كه‌سێك، ته‌نها شه‌ش كه‌س مووچه‌خۆری ده‌وڵه‌تن.
له عێراق كه ژماره‌ی دانیشتووان به سی و هه‌شت ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده ده‌كرێت، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی زیاتر له سێ ملیۆن كه‌سه كه ده‌كاته (9%)ی دانیشتووان. ئه‌گه‌ر ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێم پێنج ملیۆن كه‌س بێت و یه‌ك ملیۆن و (255) هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌بێت كه ده‌كاته (13%)ی دانیشتووانی هه‌رێم، ئه‌وا مووچه‌خۆرانی عێراق و هه‌رێم پێكه‌وه ده‌بێته (24%)ی دانیشتووان، واته عێراق نۆ هێنده و كوردستانیش سیازده هێنده‌ی ستانداردی جیهانی؛ مووچه‌خۆری هه‌یه.
نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس خالید ڕەزا كه چه‌ندین ساڵه له هۆڵه‌ندا ده‌ژی، ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێ چاكسازی بكات و نه‌ڕووخێ، ده‌بێ لێبڕاوانه ده‌ست بكات به چاكسازیی ڕاسته‌قینه. ده‌بێ میلاكات به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه ڕێك بخاته‌وه. له‌جیاتیی ئه‌م بهمووچهخۆركردنهی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی و دروستكردنی كۆمه‌ڵێكی بێبه‌رهه‌م، ده‌بوو پلانی گه‌شه‌كردنی ئابووری، بووژاندنه‌وه‌ی كشتوكاڵ بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی جێبه‌جێ بكرایه. له‌جیاتیی ئه‌و هه‌موو دامه‌زراندنه نایاساییانه، پلانی سیستمی سۆسیالی پێڕەو بكردایه. هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له كاتی بێكاری یان نه‌خۆشكه‌وتن و په‌ككه‌وتندا، لانی كه‌می ژیانی به یاسا بۆ دابین بكرایه.”
یاسای چاكسازی و قه‌یرانی قه‌رزه‌كان
ڕۆژی 10/7/2019، كاتێك مه‌سروور بارزانی له‌به‌رده‌م پەرله‌مانی كوردستاندا وه‌كوو سه‌رۆكی حكومه‌ت متمانه‌ی وه‌رگرت، له ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كارنامه‌ی كابینه‌كه‌یدا ئاماژەی به ئه‌نجامدانی چاكسازی كرد، پاشان ڕایگه‌یاند “حكومه‌تێكمان وه‌رگرتووه كه چه‌ندین ملیار دۆلار قه‌رزاره، به‌شی زۆری ئه‌م قهرزرانهش ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ”. له ڕۆژی 22/5/2020، ئاشكرای كرد بڕی قه‌رزه‌كان؛ بیست و حه‌وت ملیار دۆلاره، كه به‌شێكی زۆری قه‌رزی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمه له ئه‌ستۆی حكومه‌ت.
كابینه‌كه‌ی بارزانی له‌به‌رده‌م چه‌ندین ئاڵنگاریی سه‌ختدایه، له لایه‌ك به‌غدا وه‌كوو جاران بودجه نانێرێت، له لایه‌كی دیكه نرخی نه‌وت له داكشاندایه. بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناش، داهاتی ناوخۆی زۆر كه‌م كردۆته‌وه. ئه‌مه جگه له بیست و حه‌وت ملیار دۆلار قه‌رزی كابینه‌كانی پێشوو. بۆیه ئه‌گه‌ر چاكسازییه‌كی ڕیشه‌یی ئه‌نجام نه‌درێت، ئایندهی حكومه‌ت ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
له سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌و مه‌ترسییانه و پێویستیی ئه‌نجامدانی چاكسازی، ڕۆژی 11/12/2019، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم؛ پڕۆژەیاسای “چاكسازی له مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان – عێراق”دای په‌سه‌ند كرد. یاسای چاكسازی له 16/1/2020، به ده‌نگی 89 په‌رله‌مانتار په‌سه‌ند كرا، دواتر نێردرایه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له ڕۆژی 3/2/2020 په‌سه‌ندی كرد، پاشان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له مانگی چواری ئه‌مساڵدا ڕاسپارده‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه ده‌ركرد و ده‌بێت له مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵدا یاساكه جێبه‌جێ بكرێت.
ڕۆژنامه‌ی فه‌رمیی وه‌قائیعی كوردستان، ڕۆژی سێشه‌ممه 7/4/2020، ده‌قی پهیڕەوی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له مووچه، ده‌رماڵه، به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان – عێراق، ژماره دووی ساڵی 2020 بڵاو كرده‌وه. پهیڕەوهكه له هه‌شت به‌ش پێك هاتووه و به‌سه‌ر (25) مادەدا دابه‌ش بووه. به‌شی یه‌كه‌می پهیڕەوهكه باس له پێناسه‌كردنی دهستهواژەكان ده‌كات، به‌شی دووه‌م باس له ڕێكخستنه‌وه‌ی ماف و ئیمتیازاته‌كانی میراتگرانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی ده‌كات.
به‌شی سێیه‌م ئاماژە به نه‌هێشتنی سوودمه‌ندبوون له جارێك زیاتر له بودجه‌ی گشتی ده‌كات، به‌شی چواره‌م په‌یوه‌سته به بواری پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ و به‌شی پێنجه‌م ته‌رخان كراوه بۆ ده‌رماڵه‌كان. به‌شی شه‌شه‌م تایبه‌ته به ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌ژماركردنی خزمه‌ت، به‌شی حه‌وته‌م په‌یوه‌سته به بواری خانه‌نشینی. هه‌ر چی به‌شی هه‌شته‌م و كۆتاییه، باس له حوكمه‌كانی كۆتایی پهیڕەوهكه ده‌كات.
محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای كرد، مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ یاسای چاكسازی ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. وتیشی هه‌ر وه‌زاره‌تێك به‌گوێره‌ی ئه‌و مادانه یاساكه جێبه‌جێ ده‌كات، كه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕاسپارده‌ی به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ده‌ركردوون.
ژماره‌ی مووچه‌خۆران و سه‌رچاوه‌كانی داهات
ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان؛ یه‌ك ملیۆن و (255) هه‌زار و (273) كه‌سه، بۆ دابینكردنی مووچه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش، حكومه‌ت پێویستی به (890) ملیار دیناره. له‌و ژماره مووچه‌خۆره؛ (60%)، كه ده‌كاته (752) هه‌زار و (959) كه‌س فه‌رمانبه‌رن، به جۆرێك (430) هه‌زار و (231) فه‌رمانبه‌ری مه‌ده‌نی و (217) هه‌زار و (979) پۆلیس و ئاسایشن و (104) هه‌زار و (699) كه‌سیان له سلكی سه‌ربازیدان. به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی و ڕێژەی فه‌رمانبه‌ر له وه‌زاره‌ته‌كان، زیاتر له (22%)ی فه‌رمانبه‌رن له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و (19%)ی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و (18%)ی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و (6.5%) له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستین. له وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت؛ (49) جۆر ده‌رماڵه ده‌درێت، له (52%)ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌رماڵه‌یه و له (48%)ی مووچه‌ی بنهڕەتییه.
له هه‌رێمی كوردستاندا (40%)ی مووچه‌خۆران كه ده‌كاته (502) هه‌زار و (364) كه‌س، مووچه‌ی خانه‌نشینی و تۆڕی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌هیدانه وه‌رده‌گرن، به جۆرێك (246) هه‌زار و (269) كه‌سیان خانه‌نشینن، (159) هه‌زار و (158) كه‌س مووچه‌ی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و (96) هه‌زار و (937) كه‌س مووچه‌ی شه‌هیدانه وه‌رده‌گرن.
به‌پێی ڕاپۆرتێك كه حكومه‌تی هه‌رێم ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراقی كردووه، له ماوه‌ی ساڵانی 2014-2020، ته‌نها بڕی (13 ترلیۆن) دیناری له به‌غداد وه‌رگرتووه، داهاتی ناوخۆ له‌و شه‌ش ساڵه‌دا نزیكه‌ی هه‌شت ملیار دۆلار بووه. داهاتی فرۆشتنی نه‌وت به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، زیاتر له چل ملیار دۆلار بووه. هه‌ر له‌و شه‌ش ساڵه‌دا، حكومه‌ت بڕی ملیارێك و (500) ملیۆن دۆلار پاره‌ی وه‌كوو یارمه‌تی له ئه‌مەریكییه‌كان به ناوی پشتیوانی له هێزی پێشمه‌رگه وه‌رگرتووه. واته به‌تێكڕا داهاتی حكومه‌ت له شه‌ش ساڵی ڕابردوودا گه‌یشتووه‌ته شه‌ست ملیار دۆلار، ئه‌مه له كاتێكدایه حكومه‌ت له ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌دا؛ به‌نزیكه‌یی چل ملیار دۆلاری به پاره‌ی مووچه‌خۆران داوه.
له مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا به كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه و خانه‌نشینی پله باڵاكان به ڕێژەی (50%). به بڕینی ئه‌و ڕێژەیه، ته‌نها له خه‌رجیی مووچه‌ی په‌رله‌مانتارانی ئه‌م خوله، بڕی زیاتر له (448 ملیۆن) دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌ناو حكومه‌تیش كه (32) كه‌س مووچه‌ی پله‌ی وه‌زیری وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر مووچه‌كه‌یان به ڕێژەی (50%) كه‌م بكرێته‌وه، به كۆی گشتی بڕی (125 ملیۆن) دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر داهاته‌كانی حكومه‌ت. واته ته‌نها له كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كانی ئه‌م خوله‌دا، (573 ملیۆن) دینار بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه.
بڕیاره‌كه ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه به پله‌ی وه‌زیر و په‌رله‌مانتار خانه‌نشین كراون. له كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه تاوه‌كوو به‌ر له ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی ئێستای حكومه‌ت، (461) كه‌س به پله‌ی وه‌زیر و بریكاری وه‌زیر و ڕاوێژكار خانه‌نشین كراون، هه‌زار و (98) كه‌س به پله‌ی تایبه‌ت خانه‌نشین كراون كه (وه‌زیر، په‌رله‌مانتار، بریكاری وه‌زیر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، ڕاوێژكار) ده‌گرێته‌وه. كۆی مووچه‌ی ساڵێكی خانه‌نشینیی پله تایبه‌ته‌كان، شه‌ست ملیار و (900) ملیۆن دیناره. هه‌روه‌ها (506) كه‌س به پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانه‌نشین كراون. چل و چوار وه‌زیر و شه‌ست بریكاری وه‌زیر و (260) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و (75) ڕاوێژكار به پله‌ی تایبه‌ت خانه‌نشین كراون، كه ڕۆژێك له ڕۆژان له‌و پله وهزیفییهدا كاریان نه‌كردووه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاماره له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌وا بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژەی (50%)ی مووچه‌ی خانه‌نشینی پله باڵاكان، بڕی دوو ملیار و (500) ملیۆن دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. حكومه‌ت ده‌توانێت به هۆیه‌وه، به‌شێكی ئه‌و كورتهێنانه پڕ بكاته‌وه كه له خه‌رجیی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا بۆی دروست بووه.
چاره‌سه‌ر و پێشنیاره‌كان
بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی زۆریی ژماره‌ی مووچه‌خۆران و نه‌هێشتنی بندیوار، نووسه‌رێكی عێراقی پێشنیار ده‌كات چاكسازییه‌كی كارگێڕیی چڕ‌وپڕ به‌دوور له هه‌ژموونی حیزبه‌كان و بهرژەوهندییه تایبه‌ته‌كانیان ئه‌نجام بدرێت، تاوه‌كوو بتوانرێت هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیانی شایسته دابین بكرێت و هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی پارته‌كان له دامه‌زراندندا كه‌م بكرێته‌وه. جگه له‌وه‌ی تاوه‌كوو حكومه‌ت ده‌گاته ئاستی ستانداردی ڕێژەی فه‌رمانبه‌رانی حكومی، پێویسته حكومه‌ت هه‌لی كار له ده‌ره‌وه‌ی كه‌رتی حكومی دابین بكات و هانی كه‌رتی تایبه‌تی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و گه‌شتوگوزار و كه‌رته‌كانی دیكه بدات، به مه‌به‌ستی بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی ئابووری و ڕزگاركردنی بودجه له كورتهێنان و ئاڕاسته‌كردنی بودجه‌ی گشتی به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئابوورییه‌كی پێشكه‌وتوو.
له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه؛ ڕێگاچاره‌كان له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه “یاسای چاكسازی” به شێوه‌یه‌كی ورد و دادپه‌روه‌رانه جێبه‌جێ بكرێت و فراوان بكرێت، تاوه‌كوو سێكته‌ره‌كانی خزمه‌تی گشتی، دادوه‌ری و یاسادانانیش بگرێته‌وه. پاشان حكومه‌ت كار بكات بۆ ڕەخساندن و فراوانكردنی هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیان له‌بریی دامه‌زراندن، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی زیادكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنان و هاندانی پڕۆژەی بچووك بۆ هاوڵاتیان و دانانی سیستمێكی به‌هێزی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كارمه‌ندانی بواری كه‌رتی ناحكومی.
له ئێستادا سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی داهاتی عێراق و هه‌رێم؛ پشت به فرۆشتنی نه‌وت ده‌به‌ستێت، بۆیه توێژەران بۆ فره‌چه‌شنكردنی ئابووریی هه‌رێم و ده‌ربازكردنی له هه‌ژموونه مه‌ترسیداره‌كه‌ی نه‌وت، پێشنیار ده‌كه‌ن بواره‌كانی پیشه‌سازییه هه‌مه‌جۆره‌كانی وه‌كوو: خواردن، پێداویستیی ڕۆژانه، پترۆكیمیایی، گه‌شتوگوزار و چه‌ند بوارێكی كشتوكاڵی هان بدرێن و پشتگیری بكرێن، جگه له دامه‌زراندنی سیستمێكی بانكیی سه‌ربه‌خۆ و متمانه‌پێكراو، له پێناو هاندانی زیاتری گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و خولانه‌وه (سووڕی داهات) و به‌كارهێنانی سه‌رمایه‌ی نووستوو.
پێشنیارێكی دیكه؛ سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندنی باڵایه، به شێوه‌یه‌ك گرنگیی ته‌واو بدرێت به خوێندنی پیشه‌یی و به‌ستنه‌وه‌ی به گه‌شه‌پێدانی بازاڕی كار و دروستكردنی نه‌وه‌یه‌كی گه‌نج كه كارامه‌یی (skill) ته‌واوی هه‌بێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی سێكتهوه ئابوورییه جیاجیاكان و دروستكردنی هه‌لی كاری نوێ بۆیان ئاماده‌كراو بێت.
سەرچاوەكان:
– خالید ڕەزا (28/5/2020)، تیشکێک بۆ سەر ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم، http://drawmedia.net/page_detail.
– ئاراس وەلی (26/5/2020)، دەردەکورد، https://www.sharpress.net/op-detail.aspx?jimare=170937.
– عەتا قەرەداغى (11/12/206)، پەرلەمانى کوردستان دامەزراوەى بندیوار، https://www.sharpress.net/op-detail.aspx?jimare=75630.
– ئاوێنە (12/6/2020)، پەرلەمانتارێکى گۆڕان: لە هەرێمى کوردستان (350) هەزار بندیوار هەیە، https://www.awene.com/detail?article=25315.
– زارى کرمانجى (11/6/2019)، پەنجا و پێنج هەزار بندیوار هەن، https://www.zarikrmanji.com/Home/Details.
– ڕۆژ نیوز (28/2/2018)، قوباد تاڵەبانى: توانیومانە زیاتر لە پەنجا هەزار مووچەخۆرى بندیوار بدۆزینەوە،https://rojnews.news/.
– پەیسەر پرێس (28/8/2019)، بایۆمەترى ژێر بەڕەى نەخستە سەر بەڕە، https://www.peyserpress.com/detail/3263.
– درەو میدیا (27/5/2020)، ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێم، http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5991.
– درەو میدیا (13/5/2020)، حکومەت چاوێکى لە قاپى بەغدا و چاوێکى لە دەستى سەرمایەدارانە، http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5911
– درەو میدیا (21/5/2020)، حکومەت چۆن مووچەى مانگى داهاتوو دابین دەکات؟،http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5965.
– درەو میدیا (23/5/2020)، حکومەتێکى قەرزار، http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5968.
– کەى ئێن ئێن (7/2/2020)، یاساى چاکسازى لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو کرایەوە، https://www.knnc.net/Details.aspx?jimare=27003.
– ڕووداو (7/4/2020)، پەیڕەوى یاساى چاکسازى لە مووچە، دەرماڵە و خانەنشینى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0704202018 .
– کوردستان 24 (29/5/2020)، لیژنەى دارایى کاتى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى ئاشکرا دەکات، https://www.kurdistan24.net/so/news/fefc1bd4-3b3a-4b42-aae9-d21c0f97d112
– سبەى (24/4/2019)، بە بڕینى دوو مووچە و بندیوار سەد ملیار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=13773.
– ئیلاف (10/12/2014)، موظفون وهمیون فى اروقة الوزارات العراقیة، https://elaph.com/Web/News/2014/12/964617.html.
– حسین الاسدى (11/5/2020)، البطالة المقنعة تستنزف الاقتصاد العراقى، https://www.azzaman.com
– عادل عبدالزهرە شبیب (11/1/2020)، الفساد فی العراق ظاهرة اجتماعیة وسیاسیة و اقتصادیە خطیرە، https://www.iraqicp.com/index.php/sections/platform/30446-2020-01-11-19-57-56
– تۆڕى میدیایى خەڵک (13/3/2018)، 62 هەزار دوو موچەیى و سێ مووچەیى لە بایۆمەترى ئاشکرا بوون، https://archive2016.xelk.org/detailnews.aspx?jimare=54552&babet=important&relat=5355
– سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى (30/5/2020)، حکومەتى نوێى عێراق و قەیرانى ئابووریى هەرێمى کوردستان، لەمپەر و سیناریۆکان، https://www.centerfs.org/future-ranges-no-4-of-year-2020-ku/
ھەر کەس و دەزگایەکی میدیایی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە، پێویستە ئاماژە بە گۆڤاری ئایندەناسی بدات