نەناساندنی پەکەکە وەک گرووپێکی تیرۆریستی لەلایەن بەغدادەوە ئاماژەیە بۆ شکستی تورکیا لە ڕووی دیبلۆماسییەوە”
سازدانی: تورکیاناسی
توێژەر و نوسەر د. مستەفا پێکۆز لە زانکۆی ستارسۆرگ (Starsourg) بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی سیاسەتدا بەدەستهێناوە. خاوەنی (١٠) کتێبی چاپکراوە بە زمانی تورکی. گوتارو توێژینەوەکانی بەردەوام لە سایتو ناوەندەکانی توێژینەوەی تورکیا بڵاودەکرێتەوە، ئێستا بەڕێوەبەری نوسینی ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییە جیهانییەکانە (Küresel StratejilerMerkezi) لە تورکیا.
تورکیاناسی: دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا لە حوزەیرانی (٢٠٢٣)، هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە زنجیرەیەک سەردانی یەکلەدواییەکی بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا، عێراقو چەند وڵاتێکی ئەوروپی ئەنجامدا، لە ڕوانگە سیاسییەکەیەوە ئەم سەردانانە چۆن دەخوێنرێتەوە؟
د. مستەفا پێکۆز: وەک دەزانرێت، لە (١٤)ی مایسی (٢٠٢٣) هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کرا، بە هۆی ئەوەی لە خولی یەکەمدا هیچ کاندیدێک (٥٠+١٪)ی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کەوتە خولی دووەمەوە، کە لە (٢٨)ی مایس کراو ڕەجەب تەیب ئەردۆگان (٥٢٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. ئەردۆگان وازی لە هەندێک هەنگاوی سیاسی هێناوە کە لە پێش هەڵبژاردن دیارییکردبوو بۆ ئەوەی بیکات، بۆ نموونە: سیاسەتی “هەڵئاوسان ئەنجامی زیادکردنی فایزە”ی وازلێهێنا، واتە دەستکرا بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سووی قەرزی بانکی، کە پێشوو بە ڕێنمایی ئەردۆگان بەردەوام کەمدەکرایەوە، بەم جۆرە گەڕایەوە بۆ ئەو سیاسەتە ئابوورییەی چەندین ساڵ وەک کولتوورێک لە تورکیادا پەیڕەوکراوە. مەهمەت شیمشەکیش، کە لەلایەن سەرمایەدارانی جیهانییەوە دەناسرێتو پشتیوانیدەکرێت، وەک وەزیری دارایی دانراوە، کە قسەی سەرەتاو کۆتایی لە لای خۆیەتی.
گۆڕانکاریی دووەمی ئەردۆگان لە وەزارەتی دەرەوەدا بوو، هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوە دانرا، کە چەندین ساڵ سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی (میت)ی کردووە. باس لە کۆمەڵێک سوودی هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوە دەکرا. بە هۆی ئەوەی چەندین ساڵ سەرۆکی میت بووە، دیوی پشتەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان ئاگادار بووەو هەتا ڕادەیەکیش وەک خاوەن قسە لە دەرکردنی بڕیارەکاندا دەناسرێت. ئەوەی دیارە، هاکان فیدان دەیەوێت لە سیاسەتی دەرەوەو پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکادا ستراتیژێکی گونجاو لەگەڵ ئامانجەکانی ڕێکخراوی ناتۆدا پەیڕەوبکات. بەم جۆرە، جیاواز لە خولی پێشوو، کە مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە بوو، فیدان دەیەوێت چالاکتر لە هاوکێشە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکاندا ڕۆڵبگێڕێت.
تورکیاناسی: کەواتە دەتوانێت ئەو کاریگەرییەی چاوەڕێدەکرێت، دروستیبکات؟
د. مستەفا پێکۆز: دەکرێت باس لە دژیەکییەک لە نێوان ئەو توانايانەی هاکان فیدان نیشانیداوەو ئەنجامەکانی بکەین. بۆ نموونە: زۆر قورسە بڵێین بەراورد بەو هەوڵە چڕوپڕەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا داویەتی، دەستکەوتێکی ئەرێنیی بەدەستهێنابێت. هەرچەندە لە سەرەتای جەنگی غەززەوە ئەنقەرە هەوڵیداوە ڕۆڵی چالاک ببینێت لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکەو ناوەندگیریدا، بەڵام هێشتا لە دەرەوەی هاوکێشەکەدا هێڵراوەتەوە. سەرەڕای بوونی ئەمریکا، میسر، قەتەر، عەرەبستانی سعودیەو تەنانەت هەندێک جار حەماسیش خراوەتەناو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانەوە، بەڵام هێشتا تورکیا نییە لەو هاوکێشەیەدا. نموونەی دووەم بریتییە لە هەوڵە بەردەوامو دوورودرێژو چڕەکانی ئەنقەرە لەگەڵ بەغداددا. هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوە، ئیبراهیم کاڵن؛ سەرۆکی میت، یاشار گیولەر؛ وەزیری بەرگری، واتە ئەو سێ کەسەی کە بڕیاربەدەستی تەواون بە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا، سەردانی بەغدادو هەولێریان کرد. چەقی گفتوگۆکانیش بریتی بوو لە ناساندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک “گرووپێکی تیرۆریستی”و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش. دواجار لە سەردانەکەی ئەردۆگانیشدا هەمان داواکاری جەختی لە سەر کرایەوە، بەڵام لەلایەن بەغدادەوە جگە لە ناوهێنانی پەکەکە وەک “ڕێکخراوێکی نایاسایی” بە شێوەیەکی لاستیکی هیچ هەنگاوێکی دڵخۆشکەر بۆ تورکیا نەنراوە. تەنانەت بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاند: بە پشتبەستن بە بەڵێننامەی ئاوارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی (١٩٥١)، ئامادەن بەرپرسانی پەکەکە وەک میوان لە وڵاتەکەیاندا قبوڵبکەن.
بە هەمان شێوە سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە سوریا، میسر، عەرەبستانی سعودی، لیبیاو تەنانەت یۆنانیش گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە، بەڵام ئەنجامی چاوەڕوانکراو بەدەستنەهات. لە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەدا، هەرچەندە هاکان فیدان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێتو هاوکیشەی نوێی سیاسی دروستدەکات، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە پێگەیەکی کاریگەر بۆ تورکیا لە ئاستی سیاسەتی هەرێمیو نێودەوڵەتیدا فەراهەمبکات.
تورکیاناسی: کەواتە دەرکەوتنی یاخود هێنانەپێشەوەی هاکان فیدان، بەدەر لە مەبەستەکانی دیکەی تورکیا، وەک ئامادەکارییەکی ناوبراوە بۆ کاندیدکردنی لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٨) بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن ئاکپارتییەوە؟
د. مستەفا پێکۆز: بەڵێ، هەتا ڕادەیەک باس لە کاندیدکردنی هاکان فیدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار لە (٢٠٢٨) دەکرێت، بەڵام ڕۆڵبینینی هاکان فیدان لە سیاسەتی دەرەوەدا بە تەنها ڕێگە بۆ ناوبراو ناکاتەوە بۆ کاندیدبوونو بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، پێش هەموو شتێک بژاردەی ئەردۆگان خۆی گرنگە، ئەوەتا هەر لە ئێستاوە لە ئاستی ناوخۆدا ئەردۆگان هەوڵی هەموارکردنەوەی دەستوور دەدات، ئەمەیش لە پێناوی ڕێگەداندا بە خۆی، بۆئەوەی بۆ جاری سێیەم بتوانێت خۆی کاندیدبکات بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام دەستووری ئێستا ڕێگە بە ئەردۆگان نادات بۆ جاری سێیەم خۆی کاندیدبکات، بۆیە لە دۆخی مانەوەی دەستوور بەم جۆرە پێویستە قسە لە سەر بژاردەکانی خودی ئەردۆگان، بژاردە جیاوازەکانی ناو ئاکپارتی، بڕیاری ئەردۆگان لە نێوان هەڵبژاردنی ئەندامانی خێزانەکەی یاخود کەسانی متمانەپێکراوی ناو ئاکپارتی، بە جۆرێک بتوانێت کۆنترۆڵیانبکاتو لە ژێر دەستی خۆی دەرنەچن. بۆ نموونە: دەکرێت بژاردەی ئەردۆگان سەلچوق بایراکتاری زاوای بێت، یاخود لە ناو ڕێکخستنەکانی ئاکپارتییەوە بڕیار لە سەر بژاردەکردنی کەسێک بدرێت. لە ناو ئەم هاوکێشە جیاوازو بەیەکداچووانەدا دەکرێت هاکان فیدان یەکێک بێت لە کاندیدەکان، بەڵام بە خوێندنەوەی هاوکێشەی ململانێی هێزە جیاوازو ڕکابەرکانی ناو ئاکپارتیو خێزانی ئەردۆگان، سەختە بگۆڕێت، هاکان فیدان یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان. بۆ نموونە: لە ڕوانگەی ڕێکخستنو پشتیوانیی جەمارییەوە سەرەڕای ئەوەی هاکان فیدان کوردە، هەتا ئێستا وەک وەزیری دەرەوە نەیتوانیوە قسەیەک لە سەر داواکارییە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکانی کوردەکان بکات، یاخود پەیوەندی لەگەڵ پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)دا دروستبکات.
تورکیاناسی: تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا دوو هەڵبژاردنی یەکلاییکەرەوەی بەخۆیەوەبینی. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆکایەتیی کۆماردا سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کۆمار، ئاکپارتیو خودی ئەردۆگان بەدیهات، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا هەم ئاکپارتیو هەم ئەردۆگان توشی شکستێکی گەورە بوون. لە بەرانبەردا بەرەی ئۆپۆزسیۆنو کوردەکانیش سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکرد، کەواتە سەرکەوتنێکی مەزنو شکستێکی گەورەی ئەردۆگان لە دوو هەڵبژاردندا لە ماوەی (١٠) مانگدا چۆن ڕاڤەبکەین؟
د. مستەفا پێکۆز: گۆڕانی بۆچوونو بژاردەی جەماوەر لە ماوەی (١٠) مانگدا جێی پرسیارو لێکۆڵینەوەیە. بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارەو بەدەستهێنانی وەڵامێکی دروست بۆی، پێویستە لە ڕوانگەی تێگەیشتن لە ئایندەی سیاسەت لە تورکیاوە لێیبڕوانین.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانو سەرۆکایەتیی کۆماردا هاوپەیمانیی کۆمار، کە لە ئاکپارتیو پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێکهاتبوو، بەبێ مەرجو سنوور سەرجەم دامەزراوەو کەرەستەکانی دەوڵەتیان بەکارهێنا. سەرەڕای بەردەوامیو قوڵبوونەوەی بەردەوامی قەیرانی دارایی، بەڵام لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەوڵەت زۆرترین ئاسانکاریی لە بواری ئابووریو باشکردنی ژیانی هاوڵاتیاندا بەدیهێنا، لە بەرزترین ئاستدا پڕوپاگەندەکرا. بۆ نموونە: پڕوپاگەندەی گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان کەمال کلیچدارئۆغڵو؛ کاندیدی هاوپەیمانیی میللەت بۆ پۆستی سەرۆککۆمارو موراد قەرەیڵان؛ یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، بە سەر تابلۆی ڕیکلامی شەقامە سەرەکییەکانەوە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ هەڵواسران، ئەو پڕوپاگەندەیە بوو بە ڕۆژەڤی میدیا زەبەلاحەکانی تورکیا بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ. دەنگۆی “مانەوەو ئایندەی تورکیا پەیوەستە بە سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کۆمارەوە” کاریگەریی زۆری لە سەر دەنگدەر هەبوو، بەڵام بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی هەنگاوی پێویست بنێت بۆ زامنکردنی متمانەی خەڵکی لە بەرانبەر لێشاوی بێشوماری پڕوپاگەندەی دەسەڵاتدا. بە تایبەت هەوڵەکانی مێراڵ ئاکشەنەر؛ سەرۆکی ئەوکاتەی پارتی باش، بۆ دابەشکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوو بوو. هەروەها لە یەک کاتدا کوردبوونو عەلەویبوونی کەمال کلیچدارئۆغڵو ئامرازێکی دیکەی پڕوپاگەندەی بەرەی نەیاری بوو. بە هۆی هەموو ئەم هۆکارانەوە هەم هاوپەیمانیی کۆمار لە پەرلەمان زۆرینەی بەدەستهێنا، هەم ئەردۆگان پۆستی سەرۆککۆماری بردەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤) هەموان دەیانزانی دۆخی ئابووری بە هۆی پەیڕەویکردنی لە سیاسەتی هەڵەی ئابوورییەوە چۆن تێکچووە، سەرەڕای مەترسییەکانی دوای چەندین ساڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئابووریی هەڵە، دواجار ئەردۆگان دەستبەرداری ئەو سیاسەتە ئابوورییە بووەو گەڕایەوە بۆ سیاسەتی ئابووریو سەرمایەداریی باوو مەهمەت شیمشەکی وەک تاکە دەسەڵاتداری ئابووریی تورکیا داناوە. شیمشەک بە کرداری سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتیی دراوی جێبەجێکردو خودی ئەردۆگانی ئاگادارکردووەتەوە کە لەم بوارەدا لە هیچ بڕیارێک پاشەکشەناکات، لە ماوەی دوو هەڵبژاردندا کە تەنها (١٠) مانگی خایاندووە، سیاسەتی ئابووری بە تایبەت دۆخی چینی خوارەوەی کۆمەڵگەی هەژاندووە. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو شەپۆلە دژەی لە هەڵبژاردنەکانی (١٤)ی مایسی (٢٠٢٣) چاوەڕێدەکرا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا خۆی نواند. وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣)دا سەرکەوتن بۆ ئەردۆگان بوو، لە (٢٠٢٤)دا شکستی بۆ مایەوە. لە هەردوو هەڵبژاردنەکەیشدا وەک پێویست لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لە ئاکپارتیو کاندیدەکانی نەکرا. لەبەرئەوەی تەواوی سەرکەوتنەکان لە ناوچەوانی یەک سەرکردەوە دەبینرا، کە ئەویش ئەردۆگان بوو، بۆیە پێویستە شکستی هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤)یش بخرێتەئەستۆی ئەو، بۆیە ناکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤) تەنها وەک شکستێک بۆ پارتی دەسەڵاتداری تورکیا ڕاڤەبکرێت، بەڵکو زیاد لەوە پێویستی ئەنجامدانی ڕیفۆرمی ڕیشەیی لە ناو ئاکپارتیدا نیشاندەدات.
تورکیاناسی: لەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکاندا ڕێژەی بەشداریی دەنگدەر بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە تایبەت لە شارەکانی باکووری کوردستان، ئێوە هۆکارەکەی بۆچی دەگێڕنەوە؟
د. مستەفا پێکۆز: بە بۆچوونی من هەتا ڕادەیەک دابەزینی ئاستی بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا کاریگەریی لە سەر ئەنجامەکەی نابێت، لەبەرئەوەی زۆر سەختە مەیلی ئەو دەگدەرانە دیاریبکرێت کە بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردووە. ئەمە دەکرێت جۆرێک لە پڕوپاگەندە یاخود پێشبینییەک بێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەڵسەنگاندێکی هەڵەیە. دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان باس لەوە دەکرێت گوایە بەشێک لە دەنگدەرانی ئاکپارتی وەک کاردانەوەیەک بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووەو ئەمەیش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی ئەو پارتە دادەنرێت، بەڵام من دژی ئەو ڕاڤەکردنەم. بە گشتی ڕێژەی بەشدارینەکردنی دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا (١٥٪)یە. ڕاستە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەکە زیادیکردووە، بەڵام ئەو هاوڵاتیانەی بایکۆتی سندوقەکانی دەنگدانیان کردووە، ناتوانین بزانین دەنگیان بە چ پارتێک دەدا، ئەگەر بەشدارییانبکردایە. جگە لەوەیش، ئاکپارتی لە پێناوی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی خۆی هەزاران دەنگدەری بە پاسو فڕۆکەی سەربازی لەو ناوچانەی دڵنیا بووە لە سەرکەوتنی خۆی، بە ڕێژەیەکی بەرچاو گواستووەتەوە بۆ ژمارەیەک پارێزگای وەک قارس، شرناخ، بەتلیس، بینگۆلو قەزای باکووری کوردستان، ئەمەیش کاریگەریی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبووە.
تورکیاناسی: دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، زۆرینەی چاودێران باس لەوە دەکەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بووە بە یەکەم پارتی تورکیاو پارتی ڕەفاهی نوێیش پلەی سێیەمی گرتووە، بەڵام ئەگەر دەنگی دەنگدەرانی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) وەک “دەنگی کاتی”، کە بۆ کاندیدەکانی جەهەپە ڕۆیشتووە، بخرێتەوەسەر حسابی دەمپارتی، ئەو کاتە ئاکپارتی لە پلەی یەکەمی پارتە سیاسییەکاندا دەمێنێتەوە، جەهەپە دووەمو دەمپارتی پلەی سێیەم وەردەگرێت. ئێوە چی دەڵێن؟
د. مستەفا پێکۆز: ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش وەک پێوەر وەرنەگرین، بە گوێرەی دواین ڕاپرسییەکانی پەیوەست بە پێوانی مەیلی دەگدەر، جەهەپە (٣٣-٣٥٪)، ئاکپارتی (٢٨-٣١٪)، دەمپارتی (٩-١١٪)و پارتی ڕەفاهی نوێ (٧-٨٪)ی دەنگە پێشبینیکراوەکان بەدەستدەهێنن. ئەو ئەندامو لایەنگرانەی دەمپارتییش، کە دەگوترێت دەنگیان بە کاندیدانی جەهەپە داوە، بۆیە ناونراون “دەنگی کاتی”، بە هۆی ئەوەوەیە کە دەنگدەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا زیاتر چاوی لە توانای کاندیدو پڕۆژەی خزمەتکردنی شارەکەیدایە. بەڵگەیش بۆ ئەمە، دەنگدەرانی دەمپارتییە لە ئەستەنبوڵو شارە گەورەکانی خۆرئاوای تورکیا، کە لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣) دەنگیان بە کاندیدی دەمپارتی داوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەنگیان بە کاندیدانی جەهەپە داوە.
تورکیاناسی: دوای تێپەڕینی نزیکەی سێ مانگ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، جگە لە چەند هەوڵێک، قەییوم لە شارەکانی باکووری کوردستان دانەنراوە، بە تایبەت سزادانی ئەحمەد تورک؛ سەرۆکی شارەوانیی ماردینم لە دۆسیەی کۆبانیدا بە (١٠) ساڵ زیندانی، بابەتی دانانی قەییوم دەکاتەوە؟
د. مستەفا پێکۆز: دانانی قەییوم لەلایەن ئاکپارتییەوە بە هیچ شێوەیەک یاسایی نەبووە، هەموان دەزانن بابەتێکی سیاسی بووە. پێشوویش دەزانرا لە پشت دانانی قەییومەوە سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد خۆی مەڵاسداوە، دەوڵەت هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای دوای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە هەوڵیدا لە وان ئیرادەی خەڵک پێشێلبکات، بەڵام بە هۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیی توند لە زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستانو لەگەڵ دەمپارتیدا کاردنەوەی ژمارەیەک پارتی سیاسی دژی بڕیارەکە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ناچاربوو ڕەزامەندیی پێدانی بەڵگەنامە بە عەبدوڵڵا زەیدانل کاندیدی براوەی هەڵبژاردنەکان لە وان بدات، کەواتە ئەم پڕۆسەیە هێشتا بەردەوامە، هەرچەندە سێ مانگ بە سەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیبێتو قەییوم دانەنرابێت، ئەمە واتای دەستبەرداربوونی دەوڵەت نییە لەو سیاسەتەی. سزادانی ئەحمەد تورک، کە یەکێکە لەو کەسانەی بەردەوام پشتیوانی لە دیموکراتیو دانوستانو ڕێککەوتن دەکات، بە (١٠) ساڵ زیندانی، بە تۆمەتی “ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی”، هەڵوێستی بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر کێشەی کورد دەردەخات. ئەوەیشمان لەبیرنەچێت، بڕیارەکەی دادگا بەرانبەر بە ئەحمەد تورک هێشتا قۆناغی دادگای تێهەڵچوونەوەو ئەنجومەنی دادوەریی ماوە.
تورکیاناسی: دوای دوو هەڵبژاردنەکەی ساڵی (٢٠٢٣)و (٢٠٢٤) گۆڕانکاریی گەورە لە ناو بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی تورکیادا کرا، هەم ڕێژەی دەنگو توانای سیاسیی پارتەکان گۆڕا، هەم ژمارەیەک گۆڕانکاری لە ئاستی باڵای بەشێک لە پارتە سیاسییەکاندا کرا، لەمەودوا پڕۆسەی سیاسی لە تورکیادا بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات؟
د. مستەفا پێکۆز: بێگومان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کاریگەریی خۆی لە سەر پارتە سیاسییەکان هەبووە، ئەگەر جەهەپە زۆرترین شکستی لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣) خواردبێت، ئەوا سەرکەوتووترین پارتی سیاسی بووە لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤)، ئەم دۆخە بۆ ئاکپارتی، بەڵام بە پێچەوانەی جەهەپە هەر ڕاستە. یەکتربینینی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆکی ئاکپارتیو سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ئۆزگیور ئۆزێلدا؛ سەرۆکی جەهەپە، پەیوەندیی بە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە هەیە، واتە پارتی دەسەڵاتدار ناچاربوو پڕۆسەی ئاساییکردنەوە (Normallrşme) دەستپێبکات. بە دڵنیاییەوە لە ئایندەدا هاوکیشەی سیاسی لە تورکیادا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردادێت. بۆ نموونە: دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پاییزی (٢٠٢٥) یاخود لە بەهاری (٢٠٢٦)دا ببێتە ڕۆژەڤی گەرمی تورکیاو بکرێت، لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی دەمپارتی لە شارە کوردییەکاندا لە ڕوانگەی باڵادەستیی هێزەوە زۆر گرنگە. بە تایبەت دوای ڕوداوەکانی (٢٠١٥)، کە بە “ڕوداوەکانی خەندەق” ناسراوە، لە ڕووی دەروونییەوە جۆرێک لە شکستو دۆڕاوی باڵی بە سەر دەروونی تاکی کورد لە تورکیادا کێشاوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە بۆ براوەییو سەرکەوتن گۆڕاوە. هەروەها ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕێگەیکردووەتەوە بۆ پڕۆسەی لێپێچینەوە لە ناو ئاکپارتیدا، بە تایبەت لە بابەتی بەردەوامی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەو وەک بەشێک لە بەرپرسانی ئاکپارتی ئاماژەیپێدەدەن، “گەڕانەوەی پارتەکەیان بۆ بنەماو پێوەرە بنەڕەتییەکانی دامەزراندنیو دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێی سیاسی لەگەڵ کوردەکان”دا دەبێتە هۆی خۆکۆکردنەوەی ئەو پارتە لە زۆر ڕوانگەوە. لەبیرماننەچێت، ئەو کاتەی ئاکپارتی پڕۆسەی ئاشتیی جێبەجێدەکرد، بە تەنها خۆی ڕێژەی دەنگەکانی گەیشتبووە (٤٩٪).
تورکیاناسی: بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەنگی پارتی ڕەفاهی نوێو فراوانبوونی ڕێکخستنەکانی بە واتای پەسەندکردنی ئەو پارتە لەلایەن خەڵکەوە وەک جێگرەوەی ئاکپارتی نییە؟ بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٨) پارتی ڕەفاهی نوێ وەک بەهێزترین پارتی میللی گیۆروشو ئیسلامییەکانی تورکیا نابێت؟
د. مستەفا پێکۆز: بەهێزبوونی پارتی ڕەفاهی نوێ دۆخێکی کاتی نییەو دەتوانین بڵێین: بەردەوامیشدەبێت، لە هەمان کاتدا کشانەوەی کەسایەتیو دەنگدەرو ئەندامو لایەنگرە ئیسلامییەکان لە ئاکپارتیو چوونەناو پارتی ڕەفاهی نوێ جێی سەرسوڕمان نابێت. پێویستە بپرسین: ئایا پارتی ڕەفاهی نوێ دەتوانێت لە یەک کاتدا باوەش بۆ ئیسلامیو پارێزکارو دیموکراتەکان بکاتەوە؟ لە ڕاستیدا گومانێکی زۆر لە سەر ئەم بابەتە هەیە، واتە هەموو ئەو کەسە ئیسلامیو پارێزکارانەی کە دڵیان لە ئاکپارتی ڕەنجاوە، بەڵام جێگرەوی ئەو پارتەیان نەدۆزیوەتەوەو بە ناچاری دەنگیانپێداوەتەوە، ئیدی لەمەودوا پارتی ڕەفاهی نوێ دەبێتە پارتە دڵخوازەکەی ئەو کەسانە.
تورکیاناسی: تورکیا لە لایەکەوە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دراوسێیدا ناکۆکیی هەیەو لە شەڕدایە، لە لایەکی دیکەیشەوە لە ناوخۆدا بە دەست ململانێی سیاسیی توندو قەیرانی ئابووریو هەڵئاوسانی خێراوە دەناڵێنێت، لە دۆخێکی لەم جۆرەدا بانگەشە بۆ هەمواری دەستوورو داڕشتنەوەی دەستوورێکی مەدەنی هەتا چەند عەقڵانییەو دەتوانرێت لە مەیداندا جێبەجێبکرێت؟
د. مستەفا پێکۆز: بەڵێ، هەر لە ژیانی ڕۆژانەوە دیارە کە تورکیا کەوتووەتەناو قەیرانێکی ئابووریی قووڵەوە. خۆی لە خۆیدا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخەی هاتووەتەئاراوە، بریتییە لە نەبوونی دەستوورێکی دیموکراتی لە تورکیادا. سەرەڕای چەندین هەموار تێیدا، بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە تا ئێستا تورکیا لە ڕێگەی دەستوورێکی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لەلایەن ئەو ژەنەڕاڵانەی کودەتای (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٠)یان کردووە، نوسراوەتەوە. لە هەمان کاتدا ئاڕاستەی تورکیا بەرەو ڕژێمی تاکڕەویو دوورکەوتنەوە لە سیستەمی فرەییو بەشداریی هەموان لە بڕیارەکاندا دەڕوات، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی هێزی بڕیار لە دەستی تاکەکەسێکدا مۆنۆپۆلبکرێتو ئەوانی دیکەیش پشتیوانی لەو تاکەکەسە وەربگرن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو خوستەکانی خۆیان، دواجار ئەم سیستەمەیش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە سیاسیو ئابوورییەی کە ئێستا تورکیا گیرۆدەیبووە. ئایا لە دۆخێکدا کە دەستوورێکی دیموکراتی نەبێتو دەوڵەت بە سیستەمی دیموکراتی بەڕێوەنەبرێت، دەتوانرێت قەیرانی ئابووری تێبپەڕێنرێت؟ وا دیار نییە کە تێبپەڕێنرێت.
تورکیاناسی: کەواتە ئەو گوتەیەی ئەردۆگان (پێویستمان بە دەستوورێکی مەدەنییە)، کە لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە جەختی لە سەر دەکاتەوە، هەتا چەند نزیکە لە ڕاستییەوە؟
د. مستەفا پێکۆز: نەک تەنها جەختکردنەوەی سەرۆککۆمار لە سەر پێویستی بە دەستوورێکی مەدەنی بۆ تورکیا، تەنانەت نوعمان کورتوڵموشی؛ سەرۆکی پەرلەمانیش، دوای هەڵبژاردنەکان بە ئامانجی هەمواری دەستوور زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای پارتە سیاسییەکان کردووەو بەردەوامیشە، لێرەدا ئەوەی گرنگە، بۆچی سەرۆککۆمار جەخت لە سەر دەستوورێکی مەدەنی دەکاتەوە؟ جگە لەوەیش، ئایا سنوورو مەودای دەستووری مەدەنی هەتا کوێیەو چۆنە؟ لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی دەستووری ئێستا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەلایەن خەڵکەوە پێویست بە دەنگی (٥٠+١٪) دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی ئێستا ئەردۆگان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا ناتوانێت ڕێژەی (٥٠+١٪)ی دەنگی هاوڵاتیان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا بەدەستبهێنێت، بۆیە زۆر جار لەگەڵ جەختکردنەوە لە سەر “پێویستیی دەستووری مەدەنی” ئاماژە بەوەیش دەدات کە “مەرجی (٥٠+١٪) بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار مایەی سەرسوڕمانە؟” بۆیە پڕۆژەپیشنیارێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا ئامادەدەکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕێژەیە، یاخود بە جۆرێک بێت کە ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، وەک براوە ئەژماربکرێت. پێویستە ئەوەیش بپرسین: ئایا ئەردۆگانو هاوپەیمانەکانی ئامادەن قسە لە سەر هەمواری چوار ماددەی سەرەتای دەستووری کارپێکراو بکەن، لەبەرئەوەی لە چوار ماددەی سەرەتای دەستووری ئێستادا هیچ مەودایەک بۆ ئازادیو دیموکراتی نەهێڵراوەتەوە، وەک لە ماددەی چوارەمی دەستووردا هاتووە، “سێ ماددەی سەرەتای ئەم دەستوورە ناگۆڕدرێت”. ئایا لە هەمواری دەستووردا خواستو داواکارییە کۆمەڵایەتی، کولتووریو سیاسییەکانی کورد چۆن پێشوازییلێدەکرێت؟ لەبەرئەوەی پێویستە سەرۆککۆمار مەبەستی لە “دەستووری مەدەنی” ڕوونبکاتەوە، ئایا هەتا چەند ئەو خواستانەی کوردو لایەنە نەیارو ئۆپۆزسیۆنەکانی تێدا جێدەبێتەوە؟
تورکیاناسی: دۆسیەی کۆبانی چۆن ڕاڤەدەکەن؟ هەرچەندە سزای قورس بە سەر سەڵاحەدین دەمیرتاشو فیگەن یوکسەداغو چەند بەرپرسێکی دیکەدا سەپێنرابێت. لە بەرانبەردا سزای سوک بە سەر ژمارەیەک بەرپرسی هەدەپەو بڕیاری بێتاوانی بۆ ژمارەیەک بەرپرسی دیکەیش دەرچوو، کەواتە ئەمە بەڵگە نییە لە سەر بەیاساییبوونی دۆسیەکە؟
د. مستەفا پێکۆز: دۆسیەی کۆبانی هەر لە سەرەتاوە بە بەهانەی سیاسی کراوەتەوەو هیچ دۆخێکی یاسایی نییە، ئەمەیش بە ڕوونی لە لێدوانێکی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیادا دەرکەوت، کاتێک گوتی: “لەبەرئەوەی تێڕوانینی ئەوروپا لەم بابەتانەدا سیاسییە، ئێمەیش وەک کاردانەوەیەک مامەڵەی سیاسی لەگەڵ ئەم داوایەو هاوشێوەکانیدا دەکەین.” زۆر بە ئاسانی دەتوانین بڵێین: لە دۆسیەی کۆبانیدا بڕیارەکان هیچ پاڵپشتێکی یاساییان نییە. هەرچەندە چەند کەسێک لەم دۆسیەیەدا بڕیاری بێتاوانییان لە سەر دەرچوو، بەڵام لە ڕاستیدا قسەکردن لە سەر یاساییبوونو نەبوونی ئەم دۆسیەیە تێنەگەیشتنە لە یاسا. بۆ نموونە: بە تۆمەتی “تێکدانی یەکێتیو یەکپارچەیی وڵات” سزای (٤٢) ساڵ زیندانی بە سەر سەڵاحەین دەمیرتاشدا سەپێنراوە، بەڵام دادگا پێمانناڵێت کە دەمیرتاش چۆن یەکپارچەیی وڵاتی تێکداوە.
ئەو ڕاپۆرتەی بۆ دۆسیەی کۆبانی ئامادەکرابوو، پێیوست بوو ئەو هەموو گوتارو لێدوانانەی ئەردۆگانو دەوڵەت باخچەلیشی بگرتایەتەوە، کە لە دژی کورد کردوویانەو هێما بووە بۆ دابەشکاریو پارچەکردنی خاکی وڵات. جگە لەوەیش، بڕیاری بێتاوانی بۆ هەندێک کەس کە لە کاتی خۆیدا لەگەڵ دەمیرتاشو هاوڕێکانی بڕیاربەدەستی هەدەپە بوونو زیندانیکردنی دەمیرتاش لە کوێی یاسادا جێیدەبێتەوە؟ دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپایش دانی بەوەدا ناوە کە لە دۆسیەی کۆبانیدا پایەی سیاسی بڕیاردەر بووە نەک پایەی یاسایی. لە سەر هەموو ئەو تۆمەتانەی کە بە هۆیەوە سزای (٤٢) ساڵ زیندانی بە سەر دەمیرتاشدا سەپێنراوە لە تورکیا، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری بێتاوانیی دەرکردووە، ئەمەیش بەڵگەیە لە سەر حسابنەکردن بۆ بڕیارەکانی داگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەلایەن تورکیاوە.
تورکیاناسی: هەتا چەند پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار)و دۆسیەی کوشتنی یاسین بورۆ، کە ئەندامی ئەو پارتە بووە، ڕۆڵیان هەبووە لە قورسکردنی سزاکان لە دۆسیەی کۆبانیدا؟
د. مستەفا پێکۆز: پێش هەموو شتێک لە ڕوداوەکانی (٦-٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٤)و خۆپیشاندانەکانی دیکەیشدا زۆرینەی کوژراو، بریندارو قوربانییەکان ئەندامو لایەنگری هەدەپە بوون، بە پێچەوانەیشەوە نە دەمیرتاشو نە هیچ کەسێکی دیکە بە هۆی دۆسیەی کوشتنی یاسین بورۆوە سزایان بە سەردا نەسەپێنراوە، هەرچەندە کوشتنی یاسین بورۆ گۆڕدرا بۆ دۆسیەی پڕوپاگەندەی ڕۆژانە. بە هۆی بڕیاری بێتاوانیی دەمیرتاشو هاوڕێکانی لە دۆسیەی کۆبانیدا نە ئەردۆگانو نە دەوڵەت_باخچەلی ئیدی ناتوانن بڵێن: دەمیرتاش بەرپرسە لە کوشتنی یاسین بورۆ.
تورکیاناسی: بە لەبەرچاوگرتنی دوایین پێشهاتەکان لە تورکیادا، کێشەی کوردو پڕۆسەی ئاشتی بە کوێ دەگات؟
د. مستەفا پێکۆز: هەتا کێشەی کورد چارەسەرنەکرێت، پڕۆسەی بەدیموکراتیکردنی تورکیا جێبەجێناکرێت. ئەم کێشەیەیش لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دیموکراتیانەو لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە. پێویستە دەوڵەت باش بزانێت، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان، جگە لە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد، هیچ چارەیەکی دیکەی نییە. پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو بەردەوامیی جەنگەکان زەمینەسازیدەکەن بۆ فراوانبوونی بەرەکانی جەنگ. بەبێ بینینی ئەم ڕاستییانە، دەوڵەت لە ڕێگەی “جەنگێکی ئاستیناوەندی”یەوە دژی پەکەکە، وا دیارە لە بەرنامەیدا نییە چارەسەری کێشەی کورد بکات. بۆئەوەی تورکیا ببێت بە هێزێکی ناوچەییو سیاسەتی خۆی بە ڕووی جیهاندا فراوانبکات، تەنها بە داننان بە بوونی کورددا وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی وڵاتو دەوڵەتەکەی دەتوانێت بەو ئامانجەی بگات. لەمڕۆدا پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان تورکیاو هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە. لە عێراق کێشەی کورد چارەسەربووەو تورکیایش پەسەندیکردووە، کەواتە هەمان چارەسەر بۆچی لە تورکیایش جێبەجێنەکرێت! ئەمە لە کاتێکدا دۆخی کۆمەڵایەتیو سیاسیو مێژوویی یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرێکی لەم جۆرە. بە ڕوانین لە مێژووی (٤٠) ساڵەی جەنگ لە تورکیا، ئاشکرایە کە بە جەنگو کوشتار ئەم کێشەیە یەکلایینەکراوەتەوە. بە هۆی جەختکردنەوەی تورکیا لە سەر چارەسەری کێشەکە بە جەنگو ئۆپراسیۆن، لە ئایندەدا شاهیدی کۆمەڵێک کێشەو قەیرانی سەختو ئاڵۆز دەبین، کە ڕووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە، لەبەرئەمە لە چوارچێوەی تورکیایەکی بەدیموکراتیبوودا، پێویست بە دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەکات، کە چارەسەری پرسی کورد بکات، لەمەیشدا تورکیا قازانجدەکات.
تورکیاناسی: دوای سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدادو هەولێر لە نیسانی ئەمساڵدا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراقو هەرێمی کوردستاندا بەرەو کوێ هەنگاودەنێت؟ بە تایبەت لە سێگۆشەی هاوکاریی ئەمنی، دۆسیەی ئاوو ڕێگەی گەشەپێداندا؟
د. مستەفا پێکۆز: بێگومان سەردانەکەی ئەردۆگان لە ڕوانگەی تورکیاوە زۆر زۆر گرنگ بوو، پێویستە بزانین پەیوەندییەکانی تورکیاو عێراق هەتا ئێستا پەیوەندییەکی ستراتیژیی پتەو نییە، لە ڕاستیدا پەیوەندییەکانی تارانو بەغداد، یاخود ڕیازو بەغداد بەهێزترن، بەراورد بە کاریگەریی سیاسەتی ئێران لە سەر عێراقو بەهێزبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراقو عەرەبستانی سعودی، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ بەغداددا بە جۆرێک نییە کە تورکیا بتوانێت کاریگەریی بە سەر بڕیارەکانی بەغدادەوە هەبێت. هەروەها تیڕوانینی تورکیا بۆ شارە گەورەکانی وەک موسڵو کەرکووک، کە بە شاری دەوڵەتی عوسمانیی دەزانێت، کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لە سەر ڕێککەوتنەکانی نێوان بەغدادو ئەنقەرە. دووەمیان پرسی ئاوە، کە مایەی مشتومڕی نێوان هەردوولایەو پێدەچێت لە ئایندەیشدا ببێتە هۆکارێکی پێکدادانەکان. پێموایە “پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان”، کە لەلایەن تورکیاوە زۆر دەهێنرێتەبەرباس، لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا کاریگەریو قورساییەکی وەهای نابێت. تورکیا لە بەرانبەر هەوڵەکانی کردنەدەرەوەی لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا، لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە کاردانەوە دژی دەوڵەتە ئەڵتەرناتیڤەکانی خۆی دەنوێنێت، بەڵام شانسی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە زۆر کەمە. تورکیا لە بەرانبەر هاوکاریکردنی عێراق لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا، بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکەی خستووەتەسەر مێزی گفتوگۆکان لە بەغدادو هەولێر، بەڵام پێناچێت ئەم هۆکارەیش کاریگەریی پێویست دروستبکات.
تورکیاناسی: سەرەڕای هەوڵە بێوچانەکانی تورکیا، تەنانەت ئەردۆگانیش نەیتوانی بەرپرسانی عێراق ڕازیبکات بەوەی لەلایەن بەغدادەوە پەکەکەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسرێت، کەواتە تورکیا بە تەنها خۆی دەتوانێت پەکەکە لەناوببات؟
د. مستەفا پێکۆز: عێراق پەکەکەی تەنها وەک گرووپێکی قەدەغەکراو ناساند، تەنانەت بەرپرسانی بەغداد، لە چوارچێوەی پەیماننامەی جنێفدا، ئامادەن بەرپرسانی پەکەکە وەک میوان لە وڵاتەکەیان قبوڵبکەنو سەلامەتیی گیانیان بپارێزن. لەم ڕوانگەیەوە سەرەڕای فشارەکانی تورکیا، نەناساندنی پەکەکە وەک گرووپێکی تیرۆریستی لەلایەن بەغدادەوە، ئاماژەیە بۆ شکستی ئەنقەرە لە ڕووی دیبلۆماسییەوە. ئەگەر عێراق پەکەکەی وەک تیرۆریست بناساندایە، ئەوا ڕەوایەتیی زیاتر بۆ ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی عێراق دەهاتەکایەوە. ناساندنی پەکەکە وەک تیرۆرست لەلایەن عێراقەوە، دەرفەتێکی زێڕین دەبێت بۆ جێگیربوونی تورکیا لە ڕووی سەربازییەوە لە باکووری عێراق بە یەکجاری. عێراقیش زۆر بە باشی ئەم دۆخە هەستپێدەکات.
جگە لە بەغداد، پێویستە تورکیا دەربارەی سنوورو ماوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی عێراقدا بە ڕوونی زانیاری بە تاران، ڕیازو واشنتۆن بدات. ئەوە ڕاستییەکە کە ڕێگە بە هیچ ئۆپراسیۆنێکی بێسنوورو بێمەرجی تورکیا نادرێت، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەیش دەیزانن.
دەکرێت پەکەکە لە ڕووی سەربازییەوە پاشەکشەبکات، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تەسکبکرێتەوە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە لەناوبچێت، بە پێچەوانەوە ڕەنگە لە هەندێک ناوچەی دیکەدا زۆر لەوە زیاتر بەهێزببێت کە پێشبینیدەکرێت.
تورکیاناسی: ماوەیەکی زۆرە تورکیا هەڕەشەی “تەواوکردنی پشتێنەی ئەمنی لە باکووری عێراق” دەکات، ئایا پارێزگای سلێمانی بەشێک دەبێت لە ئامانجەکانی تورکیا لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەی بانگەشەی بۆ دەکات؟
د. مستەفا پێکۆز: بە دڵنیاییەوە پێکدادانەکان هەتا دێت، فراوانترو توندتردەبنەوە، لە دۆخێکی لەم جۆرەدا بەشدارینەکردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئۆپراسیۆنەکانی تورکیادا دژی پەکەکە، لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە بۆشاییەکە کە پێویستە پڕبکرێتەوە. لە بەرانبەر هاوکێشەی ئەنقەرە – هەولێر، هاوکێشەی سلێمانی – تاران – واشنتۆن هەیە، هەر بۆیە هاکان فیدان؛ وەزیری درەوەی تورکیا، هەوڵدەدات فشارێکی زۆر لە سەر سلێمانی دروستبکات، بەڵام پێموانییە ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بۆ تورکیا لێبکەوێتەوە.
تورکیاناسی: دوای هەڵبژاردنی ئۆزگیور ئۆزێل وەک سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، هەڵوێستو گوتاری ئەو حیزبە بەرانبەر بە کوردو دەمپارتی بە ئەرێنی گۆڕانی بە سەردا هاتووە، ئایا ئەم گۆڕانکارییە ئەنجامی هاتنی ئۆزێلە بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە، یاخود گۆڕانی سیاسەتی حیزبەکەیە بەرانبەر بە کوردو دەمپارتی؟
د. مستەفا پێکۆز: بە دڵنیاییەوە هەڵوێستەکانی ئۆزگیور ئۆزێلو ئەکرەم ئیما ئۆغڵو؛ سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، لە کێشەی پێنەدانی ڕەزامەندی بە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراوی وانو دۆسیەی کۆبانی بەرانبەر بە کورد ئەرێنیو جێی بایەخ بوو، بەڵام لە ڕوانگەی ڕۆڵی مێژوویی جەهەپەوە سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد، هێشتا تێڕوانینێکی ڕوونی نییە. لە ئایندەدا هەڵوێستی جەهەپە لە پەرلەمانەوە سەبارەت بە چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی ئەو حیزبە لەگەڵ دەنگدەرانی کوردو دەمپارتیدا دەبێت، بەو پێیەی چارەسەری کێشەی کورد بەشێکە لە سیاسەتی دەوڵەت، کەواتە دەکرێت کلیلی چارەسەری ئەم کێشەیە لەم قۆناغەدا لە چوارچێوەی ویستی هاوبەشیی ئاکپارتیی دەسەڵاتدارو جەهەپەی دایکی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا بێت.
تورکیاناسی: دوای شکستهێنانی پڕۆسەی ئاشتی، لە لایەکەوە بەرپرسانی هەدەپە/ دەمپارتی دەستگیردەکرێن، لە لایەکی دیکەوە ڕێژەی دەنگەکانی هەدەپە/ دەمپارتی کەمدەبێتەوە، هەڵبژاردنەکانی مایسی (٢٠٢٣) باشترین بەڵگەیە، هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
د. مستەفا پێکۆز: کێشەی لەدەستدانی دەنگی هەدەپە/ دەمپارتی دۆخێکە کە پێویستی بە ڕاڤەکردنە لە چەندین لایەنەوە. بەشێکی پەیوەندیی بە هەڵەی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی کوردییەوە هەیە لە تورکیا. بۆ نموونە: شێوازی دیاریکردنی کاندیدەکانی، ئەو ڕێککەوتنانەی واژوویکردوون، جێی ڕەخنەی توندن. لە لایەکی دیکەوە فشارەکانی دەوڵەت، کە بە هۆی خۆپیشاندانەکانی (٦-٨)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٤)وە بۆ پشتیوانی لە کۆبانیو ڕوداوەکانی هەڵکەندنی خەندەق هەتا ئێستا بەردەوامە، هۆکار بووە بۆ دەستەمۆکردنو ترساندنی تاکی کورد. هەروەها دەستەواژەو پڕۆسەی بەتورکیاییبوون (Türkiyelileşme) وەک پێویست نەتوانرا بگەیەنرێت بە دەنگدەری هەدەپەو ڕاڤەبکرێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەمپارتی لە شارە کوردییەکاندا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا. ئەو گفتوگۆ ناوخۆییانەی لە ناو پارتەکەدا کراو دواتر لە سەر بنەمای سەرنجو پێشنیاری دەنگدەران، ئەو سیاسەتو بانگەشەی هەڵبژاردنەی پەیڕەوکرا، توانیی ئامانجی خۆی بپێکێت. سەرەڕای سیاسەتی دانانی قەییومو هەوڵەکان بۆ داخستی هەپەدە، بەڵام دەنگدەری کورد بە ڕاشکاوی پشتیوانیی خۆی بۆ دەمپارتی دووپاتکردەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، ئەگەر بەرپرسانی دەمپارتی هۆشداریو ئاگادارکردنەوەو سەرنجەکانی دەنگدەرانیان بەهەندوەرنەگرن، لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا توشی سزای گەل دەبن. ئەوەیشمان لەبیرنەچێت، ئاکپارتی ڕێژەیەکی بەرچاو دەنگدەری کوردی لەدەستداوە، ئەمەیش بە هۆی ڕێککەوتنی ئەو حیزبە لەگەڵ مەهەپەداو تەنانەت پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەتەوەپەرستانەی مەهەپەوە لەلایەن ئاکپارتییشەوە.
تورکیاناسی: هەم لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣)و هەم لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا جۆرێک لە ناتەباییو ڕکابەری لە نێوان باڵی سەڵاحەدین دەمیرتاشو باڵی هاوسەرۆکو مەکتەبی سیاسیی هەدەپە/ دەمپارتیدا هەستیپێکراوە، ئەم ڕکابەرییە لە کوێوە سەرچاوەدەگرێت؟
د. مستەفا پێکۆز: پێموانییە جیاوازییەک هەبێت لە نێوان دەمیرتاشو بەرپرسانی دەمپارتیدا لە سەر ستراتیژی گشتیی ئەو حیزبە، لەبەرئەوە ناکرێت وەک دوو گرووپ یان دوو باڵی ناو دەمپارتی وێنایانبکەین. دەمیرتاش یەکێکە لەو سەرکردانەی کە لەناو جەماوەرەوە پشتیوانییەکی باشی هەیە. ئەگەر لە بۆچوونو وتارەکانی دەمیرتاشدا جۆرێک لە ڕەخنە بە ئاڕاستەی هەدەپە/دەمپارتی یاخود جیاوازیی تێڕوانین هەبێت، ئەمە واتای ڕکابەریو پێکدادانی ناو ئەو حیزبە ناگەیەنێت.
لەبەرئەوەی دەمیرتاش لە زینداندایە، ناتوانێت سەرکردایەتیی حیزبێک بکات، بەڵام دەتوانێت سەرنجو ڕەخنەکانی خۆی بڵاوبکاتەوە. وازهێنانی ناوبراویش لە سیاسەتی ئەکتیڤ لە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی (٢٠٢٣) جۆرێک بوو لە دەستلەکارکێشانەوە، هەتا ببێت بە نموونە بۆ بەرپرسانی دیکەی هەدەپە، بۆئەوەی خۆیان بدەنەبەر ڕەخنەی خودیو شکست قبوڵبکەنو دەست لە پۆستەکانیان بکشێننەوە.
تورکیاناسی: لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەست بە زیادبوونی تەوژمی نەتەوەپەرستیو فاشیزم لە تورکیا دەکرێت، بە تایبەت لە ڕوداوەکانی پەیوەست بە ئامەدسپۆرەوە هەڵکشانی تەوژمی نەتەوەپەرستیی تورک دژ بە کورد دەبینرێت. وەک کاردانەوەیەک، هەڵکشانی نەتەوەپەرستیی کوردی لە تورکیا هەتا چەند ئەگەرێکی کراوەیە؟ لە دۆخێکی لەم جۆرەدا مەترسیی پێکددانی کۆمەڵایەتی دروستنابێت؟
د. مستەفا پێکۆز: پێش هەموو شتێک، سەرکەوتنی ئامەدسپۆر وەک یەکەمی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا، هێندەی سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا گرنگە. نەک تەنها لە ئامەدو باکووری کوردستان، بەڵکو لە دەرەوەی وڵاتیش کوردان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ئامەدسپۆر دەربڕی. بە داخەوە، لە هەر شوێنێکی تورکیاوە گوتاری فاشیزمیو نەتەوەپەرستی دژی ئامەدسپۆر بڵاوکرایەوە، بە تایبەت لە یاریی نێوان ئامەدسپۆرو بوڕساسپۆردا، هەڵواسینی وێنەی ئۆتۆمبێلی جۆری (Beyaz Toros)و کەسایەتییەکی وەک مەحموود یەڵدرم، کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو وەک فاعیلی مەجهول دەستی بە خوێنی سەدان کوردی باکووری کوردستان سووربووە، وەک هەڕەشەو مەترسییەکی گەورەو ئاشکرا بۆ سەر کورد ڕاڤەدەکرێت، تەنانەت پارتێکی وەک مەهەپە پشتیوانیی خۆی بۆ بوڕساسپۆرو هاندەرانی دەربڕی.
لەگەڵ ئەمانەیشدا، پێموانییە لە تورکیا پێکدادانی کۆمەڵایەتی یاخود شەڕی ناوخۆیی کوردو تورک بێتەکایەوە. لە نزیکەی (١٦) ملیۆن دانیشتووی ئەستەنبوڵ نزیکەی (٥) ملیۆن هاوڵاتیی کوردی تێدایە. ئەم دۆخە لە شارە گەورەکانی دیکەی تورکیایش هەر وایە. هەرچەندە بە هۆی سیاسەتی دەوڵەت یاخود ڕکابەریی پارتە سیاسییەکانەوە هەندێک جار پێکدادانی سنووردار دێتەئاراوە، بەڵام ئەم دۆخە سەرناکێشێت بۆ پێکدادانی کۆمەڵایەتی لە ئاستی فراواندا. تەنانەت ماوەی (٤٠) ساڵە جەنگ لە نێوان دەوڵەتی تورکیاو پەکەکەدا بەردەوامە، بەڵام هیچ کاتێک ئەم جەنگە سەرینەکێشاوە بۆ شەڕی ناوخۆ.