ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری؛ مەرجەعێكی تەقلید كە بە ڕاگیراوی لە ماڵەوە كۆچی دوایی كرد
ئامادەكردن : د. یاسین عزەم
لە 6/1/ 1906، لەناوچەی “ئەمیرخز” ی شاری “تەبریز”، لە خانەوادەیەكی ئایینی لە دایكبووە. بنەماڵەكەی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، كە بنەچەیان دەچێتەوە سەر ئیمام “زەینول عابدین”، ئەوەش بەلای پەیڕەوانی شیعە مەزهەبەوە زۆر گرنگ و بەبایەخە و پێگەی كۆمەڵایەتی بەرز كردۆتەوە.
شەریعەتمەداری تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بووە، كە باوكی كۆچی دوایی كردووە، ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی لە پاڵ خوێندنی ئایینی، لەبازاڕیش كاربكات بۆ ئەوەی بتوانێت یارمەتی خانەوادەكەی بدات.
لە تەمەنی نۆزدە ساڵی دەچێتە شاری “قوم” بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئایینی و پەیوەندی دەكات بە خوێندنگەی ئایینی قوم، لەوێ دەبێتە خوێندكاری ئایەتوڵڵا حائیری یەزدی گەورە مەرجەعی شیعەكان لەو كاتەدا. سەرباری سەرقاڵی بە خوێندن وەك خوێندكار، هاوكات دەرسی بە كۆمەڵێك خوێندكاری خوێندنگەكە وتوەتەوە، لەناویاندا “ڕوحوڵڵا موسەوی خومەینی” یەكێك بووە لە خوێندكارەكانی.
لە ساڵی 1958 كۆمەڵەی “مكتب ئیسلام” دادەمەزرێنێت، دواتر ڕۆژنامەیەك بەناوی”مكتب ئیسلام، دەردەكەن، هەر خۆشی تێچووی ڕۆژنامەكە دەگرێتە ئەستۆ.
ئایەتوڵڵا بروجەردی سەرمەرجەعی باڵای شیعەكانی ئێران، لە 30/ئاداری 1961 كۆچی دوایی كرد، سێ كەسایەتی بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری شیعەكانی ئێران كە بریتین لە ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری و ئایەتوڵڵا مەرعەشی نەجەفی و ئایەتوڵڵا گولپایگانی دیاری دەكرێن.
ڕۆڵی لە ڕێگریكردن لە سێدارەدانی خومەینی
دوای ئەوەی لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوو شای ئێران بڕیاریدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە شێوازی بە ڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و بەشداری ژنان لەو كایە سیاسییەدا بكات، ئەو هەنگاوەی شای ئێران ناڕەزایەتی پیاوانی ئایینی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕوحوڵڵا خومەینی یەكێك بوو لەو كەسایەتییە ئایینایانەی كە بە شێوەیەكی زۆر توند و زبر هێرشی كردەسەر شای ئێران، ئەوەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی لە لایەن شای ئێرانەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەربكرێت. بە بیانووی ئەوەی كە خومەینی تۆمەتی بۆ كەسی یەكەمی وڵات دروستكردووە و ویستوویەتی ئاسایشی وڵات تێكبدات، گومانی ئەوە هەبوو كە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەربكریت، چونكە لە ئەنجامی وتەكانی خومەینی لەسەر مینبەر و دەستپێكی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكان، چەندین كەس گییانیان لەدەستدا.
بۆ ڕێگری كردن لە بڕیاری لە سێدارەدانی خومەینی، ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری دەستبەكار بوو، بڕیاریدا خۆی سەردانی تاران بكات و داوایان لە تەواوی پیاوانی ئایینی شارەكانی دیكەی ئێرانیش كرد كە بێن بۆ تاران، كۆبوونەوەی پیاوانی ئایینی لە مەزاری “شا عەبدول عەزیم” بۆ ماوەی دوو مانگ درێژەی كێشا تاوەكو توانیان دەسەڵاتدارانی ئێرانی قایل بكەن كە دەستهەڵگرن لە بڕیاری لە سێدارەدانی ئایەتوڵڵا خومەینی، كە هەر ئەو دەمە بڕیاری ئەوەی بۆ درا كە پلەی ئایینیەكەی بەرزبكرێتەوە، تاوەكو دادوەرەكان نەتوانن دادگایی بكەن، چونكە لە دەستووری ئێران ئەوە چەسپێندرابوو، كە پیاوانی ئایینی بە پلەی ئایەتوڵڵای گەورە(مرجع تقلید) دادگایی ناكرێن.
شەریعەتمەداری لە ساڵی 1964، بڕیاریدا دامەزراوەی” دار التبلیغ” دابمەزرێنێت، لەو دامەزراوەیەدا سەرباری كتێبخانە و وانەی ئایینی، بنكەی تەندروستی و خوێندی ئایینی خانمانیشی تێدا بوو، كە بنكەی لە چەند شارێكی جیاوازی ئێران هەبوو.
بەشداری لە چالاكییە سیاسییەكان، پێش سەركەوتنی شۆڕش
شەریعەتمەداری یەكێك بووە لەو پیاوە ئایینیانەی كە بەشدارییەكی كارای لە چالاكی سیاسی هەبووە، بەتایبەتی دوای ساڵی 1977 و فراوانبوونی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەكانی ئێران، چەندین جار بەیاننامەی تایبەت بەو دۆخەی كە لە ئێران هاتبووە ئاراوە دەركردووە. لە 7ی كانوونی دووەمی1978 و دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێك بەناوی” سرخ و سیا” لە ڕۆژنامەی “اطلاعات” دژ بە ئایەتوڵڵا خومەینی بوو، كە بوو بە هۆكاری خۆپیشاندانێكی گەورەی جەماوەی لە ئێران و لانی كەم نۆ كەس كوژران و چەندینی دیكەش برینداربوون، شەریعەتمەداری بەیاننامەیەكی توندی دەركرد و سەركۆنەی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرەكان و داوای كرد ئەوانەی هۆكاری كوشتنی خەڵك بوون پێویستە دادگایی بكرێن.
لە ڕاستیدا پێش سەفەری ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ “نۆفلی شاتۆ” لە فەرەنسا، زۆربەی دەزگاكانی هەواڵی ناوچەیی و جیهانیش چاوپێكەوتنیان لەگەڵ شەریعەتمەداری دەكرد، تەنانەت بە هۆكاری وتارەكانی شەریعەتمەداری لە قوم و تەبریز و تاران چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژ بە حكومەتی شاهەنشاهی ئەنجامدرا. دوای سەفەری ئایەتوڵڵا خومەنی بۆ نۆفلی شاتۆ، ئیتر دەزگاكانی هەواڵ كەوتنە چاوپێكەوتن و بڵاوكردنەوەی بیر و بۆچوونەكانی خومەینی ئەوەش وای كرد خومەینی ببێتە ڕەمزی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكانی ئێران
شەریعەتمەداری و ئێرانی دوای شۆڕش
دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی بڕیاردەدات بگەڕێتەوە بۆ خاكی ئێران لە ڕۆژی 1/نیسانی1979، دوای گەڕانەوەی بۆ خاكی ئێران، شەریعەتمەداری پەیامی بەخێرهاتنەوەی ئاڕاستە دەكات و لە بەرامبەریشدا ئایەتوڵڵا خومەینی بە شێوەیەكی زۆر بەرز پەیامەكەی دەنرخێنێت و جوابی دەداتەوە.
مانگێگ دوای سەركەوتنی شۆڕش لە ئێران حیزبی” جمهوری خلق مسلمانان ایران” دادەمەزرێت، دامەزرێنەرانی حیزبەكە بانگهێشتنامەیەك ئاڕاستەی شەریعەتمەداری دەكەن بۆ بەشداریكردن لە كردنەوەی حیزبەكەیان، بەڵام لە وەڵامی ئەواندا شەریعەتمەداری ڕایگەیاند “شكۆی مەرجەعیەت لە حیزب و كاری سیاسی گەورەترە”..
لە لایەكی دیكەشەوە ئایەتوڵڵا بەهەشتی و ڕەفسەنجانی و میرحسەینی موسەوی كە هەموویان لە نزیكانی ئایەتوڵڵا خومەینی بوون حیزبی “جمهوری اسلامی” یان دامەزراند.
شەریعەتمەداری و دەستووری نوێی ئێران
لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، سەرانی شۆرش بیریان لە نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ وڵات كردەوە، لە دەستوورە نوێیەكەدا حكومەتی شاهەنشاهی گۆڕا بۆ کۆماری ئیسلامی، دواتریش بڕیاریاندا لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێكی گشتییەوە دەستوورە نوێیەكە بچەسپێنن، پرسیاری سەرەكی بریتیبوو لەوەی كە ئایا بە کۆماری ئیسلامیی ڕازیت یان نا؟ حەفتەیەك پێش ڕاپرسییەكە، لە 25ی ئاداری/1979، شەریعەتمەداری ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو خۆی دەنگ بە کۆماری ئیسلامی دەدات، هاوكات ئومێدی خواست خەڵكی ئێرانیش بە بەڵی دەنگ بدەن.
سەرباری پشتگیری شەریعەتمەداری لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، بەڵام سەبارەت بەچەند بنەڕەتێك كە لە دەستووری نوێی ئێراندا چەسپێندرابوو، كێشە كەوتە نێوان شەریعەتمەداری و خومەینی، بەتایبەتی بنەڕەتی 110 كە تایبەت بوو بە ولایەتی فەقیه، ئەو پێی وابوو ولایەتی فەقیه دەبێت بەتەواوی بۆ خەڵك ڕوونبكرێتەوە و نابێت هەروا بەو جۆرە بە ناڕوونی بمێنێتەوە، لە ڕۆژنامە و گۆڤار و چاوپێكەوتنەكان چەندین جار جەختی لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی كردەوە.
شەریعەتمەداری داوای دەكرد دەستووری مەشروتەی ساڵی 1906، ببێتەوە بە دەستووری نوێی ئێران و تەنها دەسەڵاتی شاهەنشاهی بگۆڕدرێت بە کۆماری ئیسلامی. دوای چەسپاندی دەستوور شەریعەتمەداری لە بەیاننامەیەكدا بە ڕوونی دژایەتی خۆی بۆ بنەڕەتی 110 ی دەستوورەكە پیشاندا و وتی” بنەڕەتی110 بووەتە هۆكاری سەندنەوەی مافی بڕیاردان لە خەڵك، هاوكات چەند بنەڕەتێكی دیكەش لە دەستوورەكە هەیە مایەی كێشە و ململانێن، بەڵام ئەوەی مایەی گرنگیپێدانە گۆڕینی بنەڕەتی 110ی دەستوورە بە جۆرێك لەگەڵ دەسەڵاتی میللەتدا یەكبگرێتەوە”،
دوابەدوای هەڵوێستەكانی شەریعەتمەداری، چەند شار و شارۆچكەیەكی ئێران گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێت، دەسەڵاتداران ئەندامانی حیزبی جمهوری خەلقی مسوڵمانی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو ئاڵۆزیانە تۆمەتبار دەكەن، هەربۆیە چەند مەرجەعێك پەیام ئاڕاستەی شەریعەتمەداری دەكەن بۆ ئەوەی ڕۆڵبگێڕێت لە هێوركردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بەتایبەتی ئاڵۆزییەكانی شاری تەبریزی شوێنی لە دایكبوونی، لە وەڵامی ئەو پەیامانەدا، شەریعەتمەداری ڕایگەیاند “لە ڕاستیدا ئەوە حكومەت و دەسەڵاتدارانن ئاڵۆزی دەنێنەوە، بەڵام من وەك چۆن پێشتر ڕۆڵم گێڕاوە لە هێوركردنەوە بەردەوام دەبم بەو ئاڕاستەیە”.
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حیزبی جمهوری خەلقی مسوڵمانی ئێران، كە هەندێك لە مەرجەعەكانی نزیك لە ئایەتوڵڵا خومەینی داوایان لە شەریعەتمەداری كردبوو، ڕایگەیاند مانەوە یان هەڵوەشاندنەوەی حیزب لە دەستی سەرانی حیزب خۆیاندایە و ئەوە پەیوەندی بە منەوە نییە، سەبارەت بە تۆمەتباركردنی ئەندامانی حیزب بە سەهیۆنی و ئیمپریالیستی و دەستی دەرەكیش، وتی “ئەوەندەی من ئاگادرام ئەندامانی حیزبی خەلقی مسوڵمان لە ئێران زیاتر لە ملیۆنێك دەبن، هەربۆیە هیوادارم ئێمە لە ئێران ئەوەندە سەهیۆنی و ئیمپریالیستیمان نەبێت”. سەبارەت بە بارودۆخی ئەو ناوچانەی كە خۆپیشاندانی تێدا ئەنجامدرابوو، شەریعەتمەداری ڕایگەیاند “لەو ناوچانەی كە حكومەت دەستوەردانی نەكردووە، بارودۆخ ئارامە”، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ تۆمەتباركردنی سەرانی حكومەت بە ئاژاوەگێڕی لە ناوچەكانی دیكەدا.
تۆمەتباركردنی بە بەشداری لە كودەتایەكی شكستخواردوو
لە میانی دادگایی كردنیدا، سادقی قوتبزادە، دانینا بە ئاگاداربوونی شەریعەتمەداری لەو كودەتایەی كە بڕیاربوو ئەنجامبدرێت بۆ كۆتاییهێنان بە حكومەتی کۆماری ئیسلامیی، قوتبزادە لە دانپێدانانێكی ڤیدیۆییدا وتی لە ڕێگەی دوو كەسەوە چاوی بە شەریعەتمەداری كەوتووە، یەكیان حوجەتول ئیسلام مەهدەوی ئەوی دیكەش حوجەتول ئیسلام عەبدول ڕەزا حیجازی، بۆ ئەوەی ئاگاداری بكەن لە پلانی كودەتاكەیان، كە بە كودەتای نوژ، یان شاهروخی ناوزەندكرا.
بە وتەی قوتبزادە، شەریعتمەداری وتویەتی كە ئێوە بەكاری خۆتان هەستن و من پشتگیریتان دەكەم. دواتر شەریعەتمەداری ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و بەهەموو شێوەیەك ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە، ڕایگەیاند كە ئەو وتویەتی من لەگەڵ خوێنڕشتن نیم..
بەهۆكاری بەشداری لە كودەتا، حكومەت دەمودەست حیزبی جمهوری خەلقی مسوڵمانانی ئێران یاساغ دەكات و شەریعەتمەداریش لە ماڵەكەی خۆی دەستبەسەر دەكات و ڕێگەی پێنادات پەیوەندی بەدەرەوی خۆیەوە بكات.
لە یاداشتەكانی خۆیدا ئایەتوڵڵا مونتەزری باس لەوە دەكات “دوای ئەو ڕووداوانە ئەو زانیویەتی كە پێش ئەوەی قوتبزادە دانپێدانەكانی بڵاوبكرێتەوە لە لایەن كوڕە گەورەكەی ئایەتوڵڵا خومەینیی حاجی ئەحمەد لە زیندان سەردانی كراوە و پێیان وتوە، تۆ ئەو قسانە بكە و دواتر ئێمە داوا لە ئیمام دەكەین لێتخۆشبێت، لەو كارەشیان تەنها مەبەستیان لە تۆمەتباركردنی ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری بوو، لەگەڵ ئەوەشدا قوتبزادە لەسێدراەدرا”. سەرباری ئەو هەڵوێستەی مونتەزری، بەڵام شەریعەتمەداری خۆی دان بەوەدا دەنێت كە ئاگاداری پلانی كودەتاكە بووە، تەنها جیاوازییەك لەگەڵ دانپێدانەكانی قوتبزادە ئەوەیە كە شەریعەتمەداری دەڵێت ئەو پێی ڕاگەیاندوون كە پشتگیری لە خوێنڕشتن ناكەم، بەڵام قوتبزادە وتی كە شەریعەتمەداری ڕازی بووە بە پلانی كودەتاكە، تەنانەت هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن تۆمارێكی دەنگی ئامادەكراوی شەریعەتمەداری هەبووە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری سەركەوتنیان بڵاوی بكەنەوە بە خەڵكی ئێران بڵێن كە شەریعەتمەداری وەك مەرجەعێكی ئایینی لەپشت ئەو كارەوە بووە كە ئەوان كردوویانە و مەبەستی سەرەكیان ڕزگاركردنی ئێران بووە لەو دۆخە ناهەموارەی كەتێی كەوتبوو بە هۆكاری هاتنەسەركاری خومەینی و دارودەستەكەی.
شەریعەتمەداری لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە لە لایەن تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانەوە بڵاوكرایەوە، ئاماژە بە تۆمەتباركردنی خۆی دەكات و داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە دەكات و دەڵێت تۆبە دەكەم. دوای ئەو ڕووداوانە لە لایەن پیاوانی ئایینی قومەوە بە كۆی دەنگ بڕیاریاندا ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری لە مەرجەعیەت بخەن، ئەوەش لە مێژووی نوێی ئێران پیشهاتێكی دەگمەن بوو.
لە ڕۆژی 11ی ئایاری1982، ڕۆژنامەی كەیهان نووسیی بە دەستووری ئایەتوڵڵا خومەینی تەواوی ماڵ و موڵك و دارایی شەریعەتمەداری دەستی بەسەردا دەگیرێت، دامەزراوەی “دار التبلیغ” كە لە لایەن شەریعەتمەدارییەوە دامەزرابوو، دەستی بەسەردا گیرا. سەرباری ئەوەش، لەسەر ڕاسپاردەی ئایەتوڵڵا خومەینی، جگە لە خانەوادەكەی هیچ كەسێكی دیكە بۆی نەبوو سەردانی شەریعەتمەداری بكات.
نەخۆشكەوتن و ژیانئاوایی
دوای ئەوەی شەریعەتمەداری نەخۆشییەكەی زۆری بۆ هێنا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئیتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی درەنگ بوو، سەرباری ئەوەی شەریعەتمەداری لە مەرگ نزیكبوو، بەڵام ئایەتوڵڵا خومەینی ئامادە نەبوو ڕێگە بە پیاوانی ئاینی و لایەنگرانی شەریعەتمەداری بدات سەردانی بكەن لە نەخۆشخانە. ڕەزا صەدر، برای موسا صەدر سەرمەرجەعی شیعەكانی لوبنان، داوای لە خومەینی كرد ڕێگە بدات شەریعەتمەداری بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەرەوەی وڵات بكات، بەڵام لە وەڵامدا خومەینی پێی وتبوو ” لێی گەڕێ با بەو نەخۆشینەوە سەربنێتەوە”، ئایەتوڵڵا مونتەزیری وەك خۆی لە یاداشتەكانیدا باسی دەكات داوای كردبوو، كە ئیمام ڕێگە بە سەردانی شەریعەتمەداری بدات، بەڵام خومەینی ڕازی نەبوو. لە ڕۆژی 3ی نیسان/1986، لە نەخۆشخانە بە هۆكاری نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستات كۆچی دوایی كرد. دوای كۆچی دوایی شەریعەمەداری دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەیان نەدا بەشێوەیەكی ئاشكرا نوێژی مردووی لەسەر بكرێت و بە شێوەیەكی نهێنی و بە شەو لە گۆڕستانی ئەبو حسەینی قوم بەخاكیان سپارد. هەرچەندە ئەو خۆی وەسێتی كردبوو كە لە لایەن ئایەتوڵڵا ڕەزا صەدر نوێژی لەسەر بكرێت و لە گۆڕستانی حەرەمی قوم بەخاك بسپێردێت، بەڵام ئایەتوڵڵا خومەنی ڕێگەی نەداو پێش ئەوەی تەرمی شەریعەتمەداری بگاتە شاری قوم، ئایەتوڵڵا صەدر لە لایەن دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامیی زیندانی كرا.
نامەیەكی شەریعەتمەداری بڵاوكرایەوە، لە نامەكەیدا باس لەوە دەكات ئەو بێ تاوان بووە لەو تۆمەتانەی كە بۆی دروستكراوە، دەڵێت” ئەوانەی كە تۆمەتیان بۆ هەڵبەستم ڕێگەیان نەدا بەرگری لە خۆم بكەم، بە شێوەیەكی زۆر خەمناك هێرشیان كردە سەر ماڵەكەم، دواتر منیان لە خانوەكەی خۆم زیندانی كرد، هەموو دەسەڵاتێكیان لێزەوتكردم، هەموو پەیوەندییە تایبەتی و گشتییەكانی منیان دەستبەسەرداگرت. دوای نەخۆشكەوتنیشم ڕێگەیان نەدا پزیشكانی تایبەتمەند سەردانم بكەن، ڕێگەشیان نەدا سەردانی نەخۆشخانە بكەم بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام من ئارامم گرت و بەرگەی ئێش و ئازارەكانم گرت”.
سەرچاوەكان:
محمد کاظم شریعتمداری؛ اولین مرجع تقلیدی که به دستور خمینی از مرجعیت خلع و محکوم به حصر خانگی شد، لە چەناڵی شهر فرنگ لە یوتیوبة لینكی چەناڵhttps://www.youtube.com/watch?v=vbrGsCVIPNo لەبەرواری 25/كانوونی دووەمی 2024 بڵاوكراوەتەوە.
بعد از 38 سال قاتل آیت الله شریعتمداری پیدا شد، لە چەناڵی PAYAM JAVAN لە یوتیوب، لینكی چەناڵhttps://www.youtube.com/watch?v=HmDy_29j6JE، لە بەرواری 24/ كانوونی دووەمی 2024 بڵاوكراوەتەوە.
محمد کاظم شریعتمداری ؛ مرجع تقلیدی که خمینی را از اعـدام نجات داد ولی به دستور او کشته شد، لە چەناڵی تونل زمان لە یوتیوب، لینكی چەناڵ
https://www.youtube.com/watch?v=A4OEXbG45-0 لەبەرواری 18/تشرینی دووەمی 2023 بڵاوكراوەتوە.
- گذری بر زندگی علمی و سیاسی آقای سید کاظم شریعتمداری، https://historydocuments.ir/، لەبەروری 14 فروردين 1403، بڵاوكراوەتەوە.
- رشید الخیون،شريعتمداري ومحمد باقر الصدر.. القتل واحد، https://www.almesbar.net/، لە بەرواری 27/ابریل/2020، بڵاوكاروەتەوە.
- د. محمد سید الصیاد، الآخر في فلسفة الولي الفقيه.. قمع المرجعية وتأميم المذهب، لە ماڵپەڕی https://rasanah-iiis.org/، لە بەرواری 12/سبتمبر/2017 بڵاوكراوەتەوە.